وتوێژی ڕادیۆ دیالۆگ لەگەڵ بەڕێز پرۆفێسۆر عەبباس وەلی بابەت: ناسیۆنالیسم و پرسە ستڕاتێژیەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان
وتووێژی ڕادیۆ دیالۆگ لەگەڵ بەڕێز پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی
بابەت:
ناسیۆنالیسم و پرسە ستڕاتێژیەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان
١-ی ئووتی ٢٠٢٠
محەمەد خاکی:
بینەران و بیسەرانی ڕادیۆ دیالۆگ سڵاوتان عەرز ئەکەم. بۆ بەرنامەیەکی تر
هاتووینەتەوە خزمەتتان. چاوپێکەوتنی ئەوجارەمان لەگەڵ بەڕێز پرۆفێسۆر عەبباسی وەلی
یە. پرۆفێسۆر عەبباسی وەلی پێویست ناکا بە موعەرفی کردن، ساڵهای ساڵە لە عەرسەی
تیوری و نەزەری و ئەوانە کار ئەکات، مامۆستای زانکۆ بووە لە وڵاتانی جۆراوجۆر. کاک
پرۆفێسۆر عەبباسی وەلی سڵاوت عەرز ئەکەم و زۆر سپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.
عەبباس وەلی:
ئەمنیش سڵاوم هەیە دە خزمەتی ئێوە دا، دە خزمەتی بینەران و بیسەرانتان، زۆر
مەمنوون کە منتان بانگهێشتن کردووە و ئەو دەرفەتەتان داوە کە قسان بکەین.
خاکی: کاک پرۆفێسۆر
عەبباسی وەلی ئەگەر ئیجازە بفەرموون بەرنامەکە لە دوو بەشا یە. بەشی هەوەڵی لە سەر
مەساییلی تیۆری و نەرزەرییە، بەشی دووەمیش دێینە سەر ئەو پرسیارە کۆنکرێت و
موشەخەسە سیاسیانە لە ڕابیتە لەگەڵ ناوچەکەدا کە ئێمەی تێدا هەین. ئەگەر ئەکرێ
تەسویرێکی گشتیمان لە مەسەلەی ناسیۆنالیزم
پێ بەی. ئەم ڕۆژانە مەسەلەی ناسیۆنالیزم لە هەموو لایەک زۆر باسی لێ ئەکرێ. دەلیل
و هۆکانی چییە؟
وەلی: دەلیل و
هۆکاری ئەوەیە کە تەعادولی هێز و قوا لە شانۆی جیهانی و لە ئاستی نەتەوەییدا
گۆڕاوە، وەزعەکە هێشتا تەسپیت نەبووە، هێندێک گەل و نەتەوەی بندەست هەن کە حقووقی
خۆیان نییە و ناسێنەکەیان چوارچێوەیەکی حقووقی و سیاسی هێشتا پەیدا نەکردووە.
ئەوان خەبات دەکەن کە ئەو وەزعەی بگۆڕن و چوارچێوەیەکی سیاسی – حقووقی بدەن
بە پێناسەی نەتەوەیی خۆیان و بتوانن دەو
چوارچێوەیەی دا بژین و درێژە بە ژیانی
خۆیان بدەن. ئەوە ناسیۆنالیزمێکە کە هەمیشە بە پێی ناساندنی کلاسیک ئەوەیە کە میللەت، ئەو جۆرە ناساندنی
سابجێکتیو و ئابجێکتیوی زۆرە. ئابجێکتیو دەڵێ گەلێک لە وڵاتێکی دەژی، بەشێوەیەکی تاریخی لەوێ بووە، زمانێک و فەرهەنگێک و ئێتنیسیتەیەکی
تایبەتییە لەوێ دەژی دەیەوێ دەوڵەتێکی بۆ خۆی بەرقەرار کا یانی سنوورەکانی فەرهەنگی
دەگەڵ سنوورە سیاسییەکانی نەتەوەی یەک بگرێ، ئەوە ناساندنێکە، ئەوە ناساندنی ئابجێکتیو
ە، بۆ وێنە مارکسیستان ئەو ناساندنەیان هێناوەتە
گۆڕێ. بەشێکی دیکەی نامارکسیستیش کە پێرۆییان کردووە لەو ناساندنە هەر وا دەڵێن.
بەشێکی دیکە دەڵێن نا نەتەوە هەستێکی سابجێکتیوە، هەستێکە کە دە نێو جەماعەتێک دا
هەیە کە پێکەوە یەکگرتووییەکی ئیحساسی و عاتیفی، یەکگرتووییەکی خەیاڵییان هەیە کە
ئەو یەکگرتوویییە بەرەو ئەوە دەڕوا لە چوارچێوەیەکی حقووقی و سیاسی دا خۆی تەسپیت
و تەعریف بکا. لێرەشدا چوارجێوە سیاسی و حقووقییەکەی هەر هەیە، بەڵام ناساندنی نەتەوە چ بە شێوەی ئابجێکتیو و چ بە
شێوەی سابجێکتیو لێرە فەرق دەکا، ئەوەش
دەگەڕێتەوە سەر ئەو مەسەلەی کە ئامانجی ناسیۆنالیسم چ ئێمە نەتەوەی بە دیاردەیەکی
سابجێکتیو بزانین و چ بە دیاردەیەکی ئابجێکتیوی بزانین ئامانجی نەتەوەی ئەوەیە کە بە دەوڵەتی خۆی بگا،
بتوانێ سنوورەکانی فەرهەنگی خۆی دەگەڵ سنوورەکانی سیاسی و جوغرافیایی خۆی بکاتە
یەک و دە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەی دا خۆی بناسێنێ. ئەوە ناسیۆنالیزمێکە هەمیشە لە
ڕووی مێژوویی یەوە پێیان گوتووە ناسیۆنالیزمی پۆزیتیڤ یانی ناسیۆنالیزمێک بووە کە
وەدوای حقووقی دێمۆکڕاتیک کەوتووە. ئەو حقووقە دێمۆکڕاتیکە هەر ئەو جوورەیە کە
مارکس دەڵێ، دەڵی ئەوە ئۆتۆریتەی پشت بە قانوون بەستووە کە لە ناوەرۆکی گەل دا
هەیە، دێمۆکڕاتیکە. ئەگەر بەو شێوەیەی بێ ئەو ناسیۆنالیزمی پۆزیتیڤە ڕەهەندی
دێمۆکڕاتیکی هەیە بەڵام ناسیۆنالیزمی دیکەش هەیە وەکوو ئەو ناسیونالیزمانەی کە
ئەلئان لە ئوڕووپایە هەستاونەوە، ناسیۆنالیزمی دەستی ڕاستی، توندئاژۆی،
ڕەگەرپەرستانە و دەسەڵاتخواز بە سەر گەلەکان و نەتەوەکانی دیکە دا، و هەر وەها
ناسیۆنالیزمێکی exclusionary ،
ئەوەی کە کەس غەیری خۆی قەبووڵ ناکا، هەموو کەس ڕەد دەکاتەوە، ئەوەیە کە بەدژی
تەواوی ناسێنەکانی دی ڕادەوەستی، ئەوە
ناسیۆنالیزمێکی دیکەیە، ناسیۆنالیزمێکی دەستی ڕاستییە، کە وا وەبەر چاو دێ ئێستا
لە ئوڕووپایە، لە بەر تایبەتمەندییەکان هەلومەرج و دۆخی ئوڕووپایە، بە تایبەتی پاش ڕووخانی جەماهیری شووڕەوی، نزیکەی بیست و پێنجساڵ، سی ساڵ لەوەی پێش ئەوە بەرەو
گەشە کردن بووە. نابێ ئێمە ئەو دوانە بەیەکەوە تێکەڵ بکەین. ناسیۆنالیزمێکی کە بە
دوای سەقام دان و جێگیر کردنی ئۆتۆریتەی قانوونی کە لە ناوەرۆکی ناساندنی گەل دا
هەیە و لە قانوونی بنچینەیی دا ئەو ناساندنە وەکوو دوکتورینی دێمۆکڕاتیکی مافی
دیاری کردنی چارەنووس و مافی حاکمییەت لە
قانوونی بنچینەیی دا دەناسێندرێ لەگەڵ وەی زۆر جیاوازە. بە ئاسایی ئێمە دەبینین کە
لە هێندێک ئەدەبییاتی چەپی دا لەبەر ئاگادار نەبوونیان لەو ناسیۆنالیمە و ئەو
وەزعانە ئەوانە لەگەڵ یەک تێکەڵ دەکەن و بەشێوەیەکی گشتی بە ناسیۆنالیزم هەڵ
دەکاڵێن. ناسیۆنالیزمی دێمۆکڕاتیک بەو شێوەی کە من پێشتر باسم کرد زۆری فەرق هەیە
لەگەڵ ئەو ناسیۆنالیزمی سەرەڕۆیانە و ڕەگەزپەرستانە کە دواتر باسم کرد، ئەوەی کە لە
ناو ڕاست ئاژۆیەکاندا هەیە، لە سیاسەت و کاری دەستی ڕاستی دا هەیە.
خاکی: کاک دوکتور
عەبباس ئەو ناسیۆنالیزمە دێمۆکڕاتیکەی کە باستان کرد نموونەت هەیە بۆ ئەوەی لە کوێ
بووە و ئەوانە؟ چ خسووسیاتێکی هەیە؟
وەلی: بە باوەڕی من
ئەلئان ناسیۆنالیزمی کوردی، ناسیۆنالیزمی فەلەستینی ئەوانە هەر دووکیان ناوەرۆکی
دێمۆکڕاتیکیان هەیە. هەڵبەت ئەمن لەگەڵ ئەو تەفسیرە زۆر تیژپەڕە ئێتنیکییانەی کە
لەوانە دەکرێ نیم بەڵام لە ئەسڵ دا، بە باوەڕی من هەم ناسیۆنالیزمی کوردی، هەم
ناسیۆنالیزمی فەلەستینی ناسیۆنالیزمی دوو
نەتەوەی بێدەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هەر دووکیان ناوەرۆکی دێمۆکڕاتیکیان
هەیە. هەر دووکیان دەیانەوێ ئەسڵێکی دێمۆکڕاتیک دابمەزرێنن هەر ئەو جوورەی کە گوتم
دەیانەوێ ئۆتۆریتەی گەلی خۆیان دەچوارچێوەیەکی حقووقی- سیاسی دا دابمەزرێنن. بە
باوەڕی من ئەوە ناسیۆنالیزمێکی پۆزیتیڤە لەو ڕووەوە، دینامیکە، دێمۆکڕاتیکە،
ئەگەرچی وەک گوتم ئەمن لەگەڵ تەفسیری ئیسلامی لە ناسیۆنالیزمی فەلەستینێ نیم .
ئەمن دەگەڵ تەفسیری ئیسلامی – ئێنیکی زۆر تیژپەڕ کە بوونی خۆی دە ڕەدی بوونەکانی
دیکە دا دەبینێ نیم. ئەمن ئەوەی دە چوارچێوەیەکی دێمۆکڕاتیک دا ئەگەر ببینین ئەمن ئەوەی
بە ناسیۆنالیزمێکی شیاوی قبووڵی
دێمۆکڕاتیک دەزانم.
خاکی: کاک دوکیور
عەبباس هاتینە سەر مەسەلەی کوردستان، پێم خۆشە میقدارێک لە سەر ئەو مەسەلەی ناسیۆنالیزم لە کوردستان مەکس کەین. ئێوە چۆنی
ئەبینن، چ موشەخەساتێکی هەیە، چ ئاڵوگۆڕی بە سەر دا هاتووە و چ دوورنمایەکی
هەیە"
وەلی: ئاڵوگۆڕەکەی
بە تەواوی موشەخەسە، لەبەر وەزعێکی ژێئۆ – پۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پاش شەڕی
ئەوەڵی جیهانی ئێمە میللەتێکمان هەیە کە ئەو میللەتە لە چوار بەشی جیاواز لە ژێر
حاکمییەتی چوار حکوومەتی جیاواز دا دەژی و
ئەوە بۆ خۆی تایبەتمەندییەکی زۆر گرینگ دەدا بە ناسیۆنالیزمی کوردی، دیارە ئەوە
ناسێنەیەکی هەیە کە ئەم ناسێنەیە هەم
دەروون مەرزی و هەم فەرا مەرزی یە ( نێوسنووری و دەرەوەی سنووریی)، ئەوە
شتێکی گرینگە و هەم ئەوەیە کە دیارە گشتی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئایا ئێمە باسی
ناسیۆنالیزم دە یەک پارچە دا دەکەین، ئایا باسی ناسیۆنالیزم دە چوار پارچەدا
دەکەین، ئایا ئێمە ناسیۆنالیزمی وەک خەبات بۆ دروست کردنی دەوڵەت دە چوارچێوەی ئەو
سەد ساڵەی دواییدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بووە گەڵۆ ئێمە ئەوە بە شتێکی واقعی
مومکین دەزانین. بەعزێک وایان نەزانیوە بەرەو خودموختاری ڕۆیشتوون، بەعزێکیش
ئەلئان دەبینین لە بەشێک لە کوردستانێ لە
جێدا بەو ئاکامە گەیشتوون کە خودی دروست کردنی دەوڵەت دووپاتە کردنەوەی
هەڵەیەکی مێژوویی یە و دەبێ بەرەو ئەوە
بڕۆن کە جوورێک حاکمییەتی گەلی دابمەزرێنن کە نیازی بە چوارچێوەی دەوڵەت نەبێ.
ئەمن ئەوانە لێرە تەنیا دەناسێنم نەزەری خۆم لە سەر ئەو بۆچوونانە ناڵێم. خراپ
حاڵی بوونێک نەیەتە گۆڕێ، ئەمن داورەی لە سەر هیچ کام لەوانە ناکەم تەنێ وڵامی
پرسیارەکەی ئێوە دەدەمەوە. لێرە دا جا ئایا ئەوەی لە بەشی باکوور و ڕۆژئاوای
کوردستان دێتە گۆڕێ ئایا ئەو پڕۆژە وەدی دێ، واقعییەت پەیدا دەکا، ئایا ئیمکاناتی
هەیە؟ ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە. ئایا مەسەلەی خودموختاری کە دروشمی حیزبی دێمۆکڕات
بوو، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و دروشمێک بووە لە باشووری کوردستان بۆ چەندین دە
ساڵان و ئەلئان ئەوە هاتووەتە ناو چوارچێوەی فێدێڕاڵی، ئایا ئەوانە گیرو گرفتیان
چییە، ئەوانە مەسەلەی دیکەن. بەڵام ئەمن ئەو جوورەی کە دەڵێم ناسیۆنالیزم وەکوو
سیاسەتێکی، وەکوو ئیدێئۆلۆژییەکی بەستراوەتەوە بەو هەلومەرج و بەو دۆخەی کە تێیدا
دەژی و دەبێ ئەوانە لەبەر چاو بگیرێ. دیارە لایەنی ئاواش هەن هەم لە باشووری،، هەم
لە باکووری، هەم لە ڕۆژهەڵاتی هەن کە باسی تاریخێکی کۆنی کۆلۆنیالیستی دە چوار
چێوەی ئێران، تورکیا، عێڕاق و سووریای دا دەکەن و لە سەر بنەمای ئەو دەربڕینە
بەرەو ئەوە دەڕۆن کە دەبێ خەباتێکی ئازادیبەخش ببێ و گەلی کوردی لەو کۆلۆنیالیزمەی
ئازاد بکرێ و ئارمانجی بەرزی دوایی ئەو خەباتەش دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی یە.
ئەوەش بۆچوونێکە، ئەوەش پشتیوانی خۆی هەیە، لایەنگری خۆی هەیە.
بەڵام ئەگەر ئێمە بێین و هەر یەک لەوانە لەبەر چاو بگرین و تەماشای هەلومەرجەکان و
ئیمکانات، بنەمای تێۆریک و تەفسیرەکانی تیوریکی ئەوانە بکەین، ئەوانە هەر یەک
تایبەتمەندی خۆیان هەیە ئەگەر بتانەوێ باسیان دەکەین بەڵام، جارێ ئەمن هەر ولامی
پرسیارەکەی ئێوە دەدەمەوە و بۆ خۆم تەفسیری لە سەر ناکەم.
خاکی: کاک دوکتور
عەبباس ئێستا کە ئیشاڕەتان بەو مەسەلە کرد،هێندێک لە هاوکارانی ئێوە لە دنیای ئاکادێمیک دا باسی ئیستیعماری داخڵی و
باسی ئاپارتاید و ئەوانە دەکەن بۆ جامیعەیەک وەک مەسەلەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم تیوریە، بۆ ئەم نەزەرییە چییە؟
وەلی: مەسەلەی
کۆلۆنیالیزمی داخڵی، ئیستیعماری داخڵی لە مێژە هاتووەتە گۆڕێ، ئەوە لە پێوەندی
لەگەڵ کوردستانێ دا تازەیی هەیە. بەڵام ئەوە زۆر لە مێژە هاتووەتە گۆڕێ. بە نەزەری
من بۆچوونی هەرە مونسەجیم سەبارەت بەو بۆچوونە لە نووسینەکانی هێکتۆر دایە. هێکتۆر
ئەو تیورییەی لە سەر سکاتلەندی دابەزاندووە و هێکتۆر ئەوەی لە پێوەندی نێوان
ئینگلیستان و سکاتلەند دا دیتووە. ئەو لە پێشدا internal colonialism ی هێناوەتە گۆڕێ بە شێوەیەکی مونسەجیم. لە دوایە ئەو
تیورییە زۆر لە سەر ئەفریقای جنووبی بەکار هێندراوە، لە کانادایە بەکار هێندراوە.
ئەوانە بە هیچ جۆرە تازە نین. یانی کەسێکی کە دەکاری تیوری سیاسەت و کۆمەڵناسی و ئەوانە دا بێ
دەزانێ ئەو نەزەرانە هیچیان تازەییان نییە. ئەو بۆچوونەی هێکتۆریش ئەو کەسەی کە
وەری گرتووە و بنەمایەکی تیوری باشی داوەتێ، تام نەیرن مارکسیستی سکاتلەندی یە لە کتێبێکدا بە ناوی The break-up of Britain
، لەو کتێبەدا نەیرن ئەگەرچی زۆر ڕەخنە لە هێکتۆر دەگرێ بەڵام ئەو تیورییەی
سەبارەت بە سکاتلەندێ بەکار هێناوە. لە ئەفریقای جنووبی ش بەکار هێندراوە، تەنانەت
بە شێوەیەک لەمەڕ ئیسرائیلیش بەکار هێندراوە. ئیسرائیل و پێوەندییەکانی لەگەڵ
کۆمەڵگەی فەلەستینی. بۆیە ئەوەی دەڵێم ئەوە شتێک نییە تازە کەشف کرا بێ، لە مێژە
هەیە. و هەتا بشڵێی ڕەخنەی لە سەر هەیە بەتایبەتی لەمەڕ کانادا، لە مەڕ ئەفریقای
جنووبی و ئەوانە. بەڵام باسی کۆلۆنیالیزمی دەوڵەوتی ئێرانێ ئەمن پارادۆکسێک لە
قسەی ئەوانە دا دەبینم. ئەمن شتێکم دەخوێندەوە کە لەوێدا زۆر نامێهرەبانیان
سەبارەت بە منیش کردووە. لەوێدا برادەرێک لەلایەکەوە ئیراد لە من دەگرێ کە دەڵێ ئەمن
ئێران بە کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو لە نەزەر سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەوە دەزانم و
دەڵێ عەبباس موشکیلەی ئەوەیە کە ئێرانچێتی دەکا، لەلایەکی دیکەوە بۆخۆی وەختێک
باسی کۆلۆنیالیزم دەکا دەڵێ نەتەوەی کورد و کوردستان بە سەدەیان کۆلۆنی ئێرانێ
بووە. ئەمن لەو برادەرەی دەپرسم کە ئەگەر دەوڵەتێکی یەکگرتوو نەبووە کە کۆردستان
بکا بە کۆلۆنی چۆن ئەو کوردستانە بە سەدان
ساڵ کۆلۆنی بووە؟ ئەو پاردۆکسەی دەگەڵ خۆت
جێ بەجێ کە، دوایە ئیراد لە من بگرە. ئەتۆ ئەگەر ئەو ئیرادەی لە من دەگری ،
حەواڵەی بکەینەوە بە خۆت مەسەلەی کۆلۆنیالیزمەکەت تووشی کێشەی دەبێ. دەگەڕێتەوە
سەر ئەوەی کە دەوڵەتی مەرکەزی لەلایەن ڕەزا شاوە دامەزرێندراوە. پێش وی چێ؟ ئەوە
یەک، دووەم ئەوەیە ئەمن نایمەوە سەر ئەو ئیرادەی کە لە منی دەگرن. بێینە سەر ئەوەی
بۆ وێنە باسی سیاسەتێکی هێژێمۆنیکی کۆلۆنیالیستی دەکەن. بە باوەڕی من لە کەسێکی هەلومەرجی
ئەمڕۆی کوردستان دا، بە تایبەتی ئەو حیزبەی کە ئەو برادەرە چەپڵەڕێزانی بۆ دەکا،
دەو هەلومەرجەی دا باسی سیاسەتی هێژێمۆنیکی کوردی بکا بە باوەڕی من لە دنیایەکی دیکە
دا دەژی. ئەو برادەرە دەبێ حەولی ئەوەی بدا چۆن ئەو حیزبەی لەو قوژبنەی کە ٣٥ ساڵە تێیدا گیری
کردۆ دەری هێنێ، واریدی کۆمەڵگەی کوردستانی بکاتەوە، سیاسەتێکی تایبەتی دابنێ و
بزانێ لە هەلومەرجی ئێستا دا دەبێ ئێمە چ بکەین ئەوە موهیمە. گرینگ ئەوەیە ئێمە
نابی تەسەور بکەین لە سەر بنەمای ئەو تەسەورە هەڵەیە کە ئەگەر ئێمە بێین باس لە
سیاسەتی هێژێمۆنیک بکەین، هێژێمۆنی دەتوانین دامەزرێنین. ئەتۆ ئەلئانەکە ئەو وڵاتە
دە دەست حکوومەتی جمهووری ئیسلامی دایە کە بە قەولی خۆت هێژێمۆنی فارس لەوێ
دامەزراوە، ئەتۆ لە پێشدا برای عەزیزی من
دەبێ بێی سیاسەتێکی کاونتر هێژێمۆنی دابنێی، سیاسەتێک بێ کە ئەو هێژێمۆنییەی
هەڵوەشێنێتەوە و ئەگەرئەتۆ فکر دەکەیەوە سیاسەتی کاونتر هێژێمۆنیک بە پێچەوانەی
سیاسەتی هێژێمۆنیکە، یانی ئەتۆ ئەگەر سیاسەتی هێژێمۆنی کوردی بە شێوەیەکی واروونە
و پێچەوانە دابمەزرێنییەوە دەبێتە کاونتر هێژێمۆنییەکی دەوڵەتی ئەوە خەونە، ئەوە
بێ ئیتیلاعی لە تیوری یە. ئەو برادەرە بەمن دەڵێ ئەمن لایەنگری ئێرانی یەکگرتووم.
ئەمن لە ساڵی ١٩٩٣ ئەوەڵین کتێبی مونسەجیمی کۆمەڵناسی مێژوویی ئێرانێم دەبەینی
کورد و فارس و عەرەب و تورک دا نووسیوە، ئەگەر سەرەتای ئەو کتێبەی بخوێننەوە لە
سەرەتای ئەو کتێبەیدا دەڵێ یەکەی شێکردنەوەی من واتە unit of analysis ی من چەمکی پێوەندە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنانە.
ئەمن لەو برادەری دەپرسم یەکگرتوویی پێوەندە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنان لەکوێ
دایە، چییە؟ کەسێکی کە شیکردنەوە تەواوی مێژووی پێش سەرمایەداری ئێرانێ لە سەر
بنەمای ئەو چەمکە بێ، چۆن دەتوانێ باوەڕی بە یەکگرتوویی حکوومەتێکی ئاوا هەبێ.
دەڵێن کە ئێران کۆلۆنی دەوڵەتی فارسە، هەڵبەت لە بەر ئەوەی ئەوان دەڵێن ئەو
دەوڵەتەش یەکگرتوویی نەبووە، سیاسەتی کۆلۆنیاڵەکەشی حەتمەن یەکگرتوویی نەبووە.
ئەمن نازانم وەزعی بەیانی سیاسەتی کوردی و ئەو چوارچێوەی سیاسەتی کوردی لە چوار سەد ساڵ، پێنسەد ساڵی ڕابردوو لە جەنگی
چاڵدێران بەم لایەوە دەپێوەندی لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی دا کە بە قەولی ئەوانە
یەکگرتوویی نەبووە، کە ئەمنیش باوەڕم هەیە نەی بووە، بەڵام، ئەمن لەو سیاسەتە
دەربرێنێکی کۆلۆنیالیستی لێ دەرناخەم. سەبەبیشی ئەوەیە بێمەوە سەر مەسەلە تیورییەکەی.
ئەمن لە جێدا ئەو مەسەلەی کۆلۆنیالیستییان کە زیندوو کردووەتەوە، هێناویانە دە
چوارچێوەیەکی مۆدێرنتری پۆست کۆلۆنیاڵ دا دایامەزراندووە. جارێک دوو ساڵ لەوەی پێش
لە شیکاگۆ ئەو پرسیارەیان لە من کرد. لەوێ جەنابی دوکتور سوڵەیمانیش حازر بوو.
ئەمن گوتم ئەمن تیوری پۆست کۆلۆنیاڵ بە تیوری نازانم، ئەمن ئەوەم بە تیوری قبووڵ
نییە، نە بنەمای تیۆریکی یەکگرتووی هەیە. ئەمن ئەوەی بە مەجمووعەیەک لە دیسکۆرس
یانی وتاری تیوریک دەزانم کە لێک بەستراوەتەوە. ئەوەی کە لەوێ هێنامە گۆڕێ
مەسەلەیەکی ئەساسی یە، لێرەش دێم ئەوەی دەڵێم کە ئەوە ئینسیجامی تیوریکی نییە.
ئەمن ڕێز و ئیحتڕامم هەیە بۆ کاک کەماڵی سولەیمانی. بەڵام لە فەیس بووکی دا دیومە
دەڵێ، یەکێک لە قارەمانەکانی کە دەیهێنێتە گۆڕێ بۆ وێنە دەڵێ گاندی وای کرد و
فڵان. یەکێک لە قارەمانەکانی ئەوانەش بۆ وێنە ئێدوارد سەعیدە، با ئەوەی بڵێم هەر
ئەو ئاخرانە خەڵک زۆر شادییان دەکرد کە لە بریستۆڵ، لە جێگای دیکە پەیکەری
کۆلۆنیالیستەکانیان هێنا خوارێ. بەڵام پازدە ساڵ بیست ساڵ بەر لە ئێستا لە زانکۆی
ئاکرا لە غەنای ئەفریقا خوێندکاران مانیان گرت، نەیانهێشت پەیکەری گاندی لەوێ
دابنێن. لە هیچ زانکۆیەکی ئوڕووپایی
پەیکەری گاندی دانەندراوە. لەبەر ئەوەی کە گاندی ڕەگەزپەرستێکی پیس بوو. گاندی
هەتا ئەو جێگایەی کە بە دژی دەوڵەتی ئینگلیسی خەباتی دەکرد ئەوە خەباتێکی دژی
کۆلۆنیالیستی بوو، بەڵام بۆچوونی لە مەڕ ئینسانە ڕەش پێستە ئەفریقاییەکان موسیبەت
بوو. بۆیە لە ئەفریقایە نەیانهێشت پەیکەری گاندی دانێن. ئەمن ئەو قسەی دەکەم
مەبەستم هەیە لە سەر وەی، کارم بە گاندی نییە، مەبەستی تیوریکم هەیە لە سەر وەی.
گاندی لە تەواوی ئەو مودەتەی دا یەک دانە مەقالەی موستەدەلی لە سەر سیستمی
کاست کە تەنانەت لە سیستمی چینایەتی زۆر
پیسترە نەنووسی. بێینەوە سەر مۆدێرنیتەی،
هەموو کوردێک دەزانێ وەک لە جەنابی ئێدوارد سەعیدیان پرسی هەڵوێستی لە سەر هەڵەبجە
چییە، عەلەنەن قەتڵی عامی هەڵەبجەی ئینکار کرد. کوتی شتی وا نەبووە، کوتی ئەوە
تەبلیغاتە، تەبلیغاتی ئەمریکاییان و ئینگلیسییانە. بۆچی ئەمن گاندی و ئێداوارد
سەعید بە نموونە دێنمەوە، هەم گاندی و هەم ئێدوارد سەعید زمانیان زۆر درێژە وەختێک
هێرش دەکەنە سەر کۆلۆنیالیزم، بەڵام وەختێک لە بەرانبەر نەتەوەیەک دا قەرار دەگرن
کە نیسبەت بەوان حەقی هەیە، حەقی دەوێ. چون هیندییان لە ئەفریقای جنووبی هەمیشە بەشێک لە ستروکتووری ئیقتیدار بوون،
هەمیشە، گاندیش بەشێک لەوان بووە. و ئێدوارد سەعیدیش وەکوو ناسیۆنالیستێکی عەڕەب
لە بەرانبەر کوردستان دا هەمیشە قسە لە ئیقتیدار دەکا. بنەمای تیوری دژ بە
کۆلۆنیالیزم ناسیۆنالیزمە. ئەو ناسیۆنالیزمە تا ئەو جێگایەی کە ڕەخنە لە
کۆلۆنیالیزم دەگرێ و ئانتی کۆلۆنیالیستە قسەی هەیە بیکا، کاتێک لە بەرانبەر
نەتەوەیەکی بندەستی دیکە دا کە حەقی خۆی لەوانە دەوێ، زمانی نییە کە هیچ بەڵکوو
نکووڵیشی لێ دەکا. یانی عەینی ئەو کارەی کە
دەوڵەتی ئێران، دەوڵەتی تورکیا، دەوڵەتی سووریا، دەوڵەتی عێڕاقی پێشوو
نیسبەت بە کوردان دەیانکرد ئێدوارد سەعیدیش دەیکا. ئەمن تەواوی ئەو کەسانەی کە
خۆیان بە ئانتی کۆلۆنیاڵ دەزانن بێن بە من بڵێن
کە بنەمای یەکەی تیوریکییەی ئەو وتارانە چن؟ لە کوێ
ڕاهاتوون، باشە؟ برادەرێک دەنووسێ ئانتی کۆلۆنیالیزم ئەلئان لەو قوناغەی
تێپەڕ بووە و ئێستا دەتوانین چەمکی شارومەندی دامەزرێنین. ئەمن ناڵێم کە ئێمە
ناتوانین چەمکی شارومەندی دامەزرێنین بەڵام چەمکی شارومەندی دامەزراندن کاری تیوری
کۆلۆنیالیزم نییە. نە لە دەستی دێ، نە ئەو تواناییە تیوریکەی هەیە. ئەو برادەر کە
ئاوا دەنووسێ نازانێ کە چەمکی شارومەندی پارادۆکسێکی گەورەی دە ناوەرۆکی دایە. هەر
کەسێکی لە سەر ئەو چەمکەی کار بکا دەبێ وڵامی ئەو پارادۆکسەی بداتەوە. چەمکی
شارومەندی چەمکێکی تیوری لێبێراڵە، بەڵام ئەوە لە سەر بنەمایەی دێمۆکڕاتیک
داندراوەتەوە و ئەو تیوری دێمۆکڕاتیک کوتم لێرە لە ئۆتۆریتەی بەرسازندەی خەڵکی ئەو
دێمۆکڕاسییەی بێ ئەو دێمۆکڕاسییە وەختێک ئەو چەمکەی تێدا دادەمەزرێندرێتەوە تەقازی
دێمۆکڕاتیک لە چەمکێکی تیوری لێبێڕاڵ دەکا . تیوری لیبێڕاڵ وڵامی بۆ ئەو داوخوازە
دێمۆکڕاتیکە نییە. دە ئەسڵدا ئەگەر بچینەوە سەر چەمکی شارومەندی چەمکی شارومەندی،
چەمکێک نییەکە بۆ ئازادیی فەردی داندرابێ، ئەوە چەمکێکی ئەمنییەتییە بەو
مەعنایەی وەختێکی کە خەسڵەت و تایبەتمەندی
دەسەڵاتی دە تیوری دا گۆڕدراوە، هەر ئەو جوورەی کە بۆ وێنە فۆکۆ دەڵێ دەوڵەت ئیدی
تەنێ ئیهتیمام بەوەی نادا کە سنوورەکانی
خۆی بپارێزێ بەڵکوو ئیهتیمام بەوەی دەدا کە ئەو جەماوەرەی کە دە داخڵی ئەو سنوورانە دا دەژین کار لە سەر وانە
بکا، زەرفییەتی کاریی وانە بەکار بێنێ کە هەڵبەت بۆ سەرمایەدارییە و دوایە ئەوانە
لە ژێر سیستمێکی ئەساسی کۆنتڕۆڵ دا کە لە سەر بنەمای ماتریکسێکی عەقڵانی تازە، خیرەدێکی
سیاسی تازە داندراوە وە ئەو خیرەدە سیاسییە calculus ێکی ئەمنییەتی
تازەی دەوێ ئەوەی دابنێ. چەمکی شارومەندی لە نەزەر دەوڵەتەوە چەمکێکە کە
ناسێنەیەکی یەکگرتوو دەدا بە جەماوەری کە ئەو ناسێنە یەکگرتووە ناسێنەیەکی
دەوڵەتییە کە لە سەر وانە داندراوە و ئەو ناسێنەیە دەبێتە ئەساسی موحاسەباتی سیاسی
، ئابووری و ئەمنی و لەشساخی ئەو دەوڵەتەی.
بەو شێوەی ئەو جەماوەرەی کۆنتڕۆڵ دەکا، بەڵام جەماوەر ئەو دێمۆکڕاسییەیە کە لە
ناوەرۆکی دێمۆسی دا هەیە. ئەو constituent Power ی کە هەیە قەبووڵ ناکا دەیەوێ ئەو چەمکە لە سەر بنەمایەکی
دێمۆکڕاتیک دابمەزرێندرێتەوە. موشکیلی بنەڕەتی چەمکی شارومەندی ئەوەیە کە ئێمە چۆن
بتوانین لە چەمکێکی کە بنەمای ئەمنییەتی لیبێڕاڵی هەیە، دە دەستی حکوومەتێ دایە،
دە چوارجێوەیەکی سیاسی کە لە دەستی حکوومەتێ دایە بتوانین لێرە لەو تێنشنەی، لەو
ناکۆکییەی کە لێرە لە ناوەرۆکی ئەو چەمکەی دایە بە قازانجی خۆمان کەلک وەربگرین.
ئەگەر ئێمە بمانەوێ ئەو کارەی بکەین چەند ڕێگامان لە پێشە. یەکێک لەو ڕێگایانە
ئەوەیە کە ئێمە دەبێ بڵێین نابێ فەرقێک هەبێ لە نێوان ناسێنەی میللی کە لە قانوونی
بنچینەیی دا دەوڵەت دەیناسێنێ، بۆ وێنە لە قانوونی بنچینەیی ئێران دا دەڵێن ئێرانی
زمانی فارسی یە و مەزهەبی شیعەی ئیسنا عەشەڕیی یە و ئەوانە . لە دوایە بێین بڵێین
کە ئەوە ناساندنی ئێمەیە لە ئێرانی بوونە بەڵام شارومەندان ئێوە لەهەموو
بابەتێکەوە پێکەوە یەکسانن. وا نابێ، یانی ئەو دوانە بەیەکەوە نابێ. ئەگەر ئێمە
واقیعەن دێمۆکڕاسیمان هەبێ دەبێ چەمکی میللی کە لە قانوونی بنچینەیی دا دەیناسێنن
لە هەر کوێیەک بێ، لە کوردستانیش وایە کە ئەگەر بڵێین بۆ وێنە کوردستانی ئایەندە
کە ئەرمەنی تێدایە، ئازەری تێدایە و ئەوانە، دەبێ ئەو ناساندنەی کە لە چەمکی
میللەت دەکرێ لەگەڵ ئەو ناساندنەی لە چەمکی شارومەندی دەکرێ دەبێ یەک بێ و نابێ
ماهییەتەکانی چەمکی میللەتی لە سەر شارومەندی دامەزرێنن بە پێچەوانە دەبێ ئەو
ئازادییە و ئەو بەرابەرییەی کە ئێمە دەیدەین بە چەمکی شارومەندی ئەوەی لە سەر
چەمکی میللەت دابەزێنین. ئاکامەکەی ئەوە دەبێ کە ئێمە میللەتێکمان دەبێ کە
ناسێنەکەی لەگەڵ ناسێنەی شارومەندی یەکە. ئەمن لە ساڵی ١٩٩٨- ١٩٩٩ لە وتاری "
کورد و ئەوانیدی " دا ئەوەم زۆر بە بەرفرەوانی شی کردووەتەوە. ئێستاش کە دێین
باسی چەمکی شارومەندی دەکەین ئێمە تەنیا دەڵێن دەبێ یەکسانی تێدا بێ، ئەوە ئاوا لە
خۆوە نابێ ئەمن هەمیشە گوتوومە هەر
ئیسلاحاتێک ئەگەر لە ئێرانێ دا بکرێ، لە عێڕاقێ دا بکرێ، لە تورکیای دا بکرێ، کە
بتوانن ئەو چەمکەی بەشێوەیەک دامەزرێنن دەبێ ئەو جیاوازیانەی لە نێوان ناساندنی
ناسێنەی دەسەڵاتی سیاسی کە لە ڕاستیدا ناسێنەی میللی یانی ناسێنەی دەسەڵاتی سیاسی،
ئەو جەماعەتە دەبێ ئەوەی بزانن، دروستە کە ئێمە دوکتورینی سەروەری گەلمان هەیە،
بەڵام ئەو کەسەی کە چەمکی سەروەری گەلی دانا واتە ژان ژاک ڕۆسۆ، ئەگەر ئەوانە
زەحمەت بدەن بە خۆیان بچن کتێبەکەی بخوێننەوە. لەوێدا دەبینن کە لەوێدا ڕۆسۆ داخ و
جەخاری خۆی دەردەبڕێ و دەڵێ دروستە کە ئەمن دەڵێم گەل دێ دەوڵەتی نەتەوەیی
دادەمەزرێنێ بەڵام دە کردەوە دا هیچکات وا نییە، دە کردەوە دا جێگای cause و effect یانی
عیلەت و مەعلوول دەگٶڕدرێ، دە کردەوە دا ئەوە دەوڵەتە کە نەتەوەی دا دەمەزرێنێ.
ئەوە دەقیقەن ئەو قسەیە ڕۆسۆ لە "
قەراردادی کۆمەڵایەتی " دا دەیڵێ. باشە ئەمن بە ساڵانی دوور لەوەی پێش
وەختێکی ئەوەم دەگوت دەیانگوت عەبباسی وەلی دەڵێ کورد نەتەوە نییە. ئەمن نەمدەگوت
کورد نەتەوە نییە، ئەلئانیش ناڵێم کورد نەتەوە نییە. لە ڕووی کولتووری و
مێژووییەوە نکووڵی لێ ناکرێ کورد نەتەوەیە، بەڵام کورد لە ڕووی سیاسییەوە بۆ ئەوەی
ببێتە سابجێکتی حقووقی بەرابەری ئەوە بوونی نییە. ئەوە هەتا ئەو چوارچێوە نەیەتە
پێشێ بوونی نییە. یان مومکینە ئەو کەسانەی
وەکوو دەڵێن لایەنگری خودموختارین یان ئەوانەی کە بۆ وێنە لە باکووری لایەنگری
پ.ک.ک ن و لە ڕۆژئاوای لایەنگری پ.ک.ک ن و بۆ وێنە دەڵێن لە چوارچێوەیەکی دەرەوەی دەوڵەت دا ئێمە ئەوەی
دامەزرێنین، کارمان بە حکوومەت و دەوڵەت نییە . ئەمن دەڵێم نا، ئەتۆ ئەگەر واقیعەن
بتەوێ مەوجوودییەتی سیاسی بدەی بە نەتەوەی دەبێ ئەو چوارچێوە قانوونییەی هەبێ،
ئەگەر نەیبێ بڵێین دە هەلومەرجی هەنووکەیی دا نابێ، دەبێ ڕێگایەکی دیکەی بۆ
ببینییەوە. موخالەفەتی من دەوەی دایە
لەگەڵ هەر تیورییەکی ببەوێ سیاسەتی ئەوڕۆی
کوردان، بێنێ ئەوەی ببستێتەوە لە تێورییەکی کە لە ئایەندە دا وەدی دێ، ئەمن ئەوەی
بە مێتافیزیک دەزانم.
خاکی: بۆچی؟
وەلی: لەبەر وەی سیاسەتی
ئەوڕۆ دەبێ لە هەلومەرج و تایبەتمەندییەکانی ئەوڕۆ دا حەل و فەسڵ بکرێ. دەبێ
تێوریسیەن ئەو تواناییەی هەبێ کە دە چوارچێوەی هەلومەرجەکانی ئەوڕۆ دا قسە بکا،
تێۆریزە بکا، نەک ئەوەی پەنجا ساڵی دیکە، هەشتا ساڵی دیکە،بیست ساڵی دیکە ئەو
تایبەتمەندییانە ببن. ئەمن لە بەر وەی چون ئانتی کۆلۆنیالم هەتا ئەو
ئازادییەی لە ژێر باری کۆلیالی نوێ نەبێ
ئەمن هیچ پڕۆژەیەکی دیکە، هیچ سیاسەتێکی دیکە قبووڵ ناکەم، ئەمن ئەوەی بە
میتافیزیکێکی ئەحمەقانە دەزانم.
خاکی: باشە کاک
عەبباس بمبوورە مەگەر هەموو تیۆرییەکان وا نەبوون؟ لە مارکسیزمەوە بگرە تا
شێوەکانی تر؟
وەلی: کاک محەمەد
ئەمن بیست و پێنج ساڵ، سی ساڵان خۆم بە مارکسیست زانی تەوجوهێ دەکەی. و لە سەر
مارکسیزم کاریشم کرد و تێزی دوکتورا و ماستریشم هەر بە پێی مارکسیزم نووسراوە و
شایەدیش بڕێک لە تیوری مارکسیزم بزانم. بەڵام ئەمن لەو کەسانە بووم، دەگەڵ ئەو
کەسانەش کارم دەکرد، ئەمن لە هەمان کاتدا کە خۆم بە مارکسیست دەزانی و
ئەلئانیش لە هێندێک ڕووەوە لە ڕوانگەی
تیورییەوە تەعەلوقی خاترم هەر ماوە. یانی بەشێک لە چەمکەکانی مارکسیزمی دەبێتە هۆی
پێک هێنانی توانایی شیکردنەوە و شرۆڤە کردنی زۆر بەهێز. ئینسان ناتوانێ بڵێ ئەوە
هەموو خلاس بووە ڕۆیشتووە. نا. ئەمن هەر ئەودەمیش کە خۆم بە مارکسیست دەزانی، تەنێ
ئەمن نەبووم کەسانی دیکەش لەو بارەیەوە هەبوون، ئەمن هیچوەختێکی نەمدەتوانی لە
ڕووی مەنتقی و لە نەزەر تیوری کۆمۆنیزمی قبووڵ بکەم. ئەمن کۆمۆنیزمم هەمیشە بە
شتێکی مێتافیزیکی زانیوە. جا تۆ بڵێ مارکسیزمەکەی من هەڵە بووە یان هەڵە نەبووە
ئەوە بابەتێکی دیکەیە. ئەمن گوتم ئەم بیست و پێنج ساڵان، سی ساڵان خۆم بە مارکسیست
زانیوە و ئەگەر تەماشای تێزێکەشم بکرێ کە لەوێ ئاوا ناسراوە کە ئەوە نووسراوێکە بە
پێی تیوری مارکسیستی. بەڵام ئەمن واقیعەن
باوەڕم بەوەی نەبووە کە کۆمۆنیزم لە ڕووی
تیورییە هەڵسووڕێ. ئەمن دەتوانم ئیدیعا بکەم
تەواوی ئەو شتانەی کە مارکس و ئێنگێلس و لێنین کە بە ئینگلیسی هەیە شایەد
٩٥ لە سەدی ئەوانەم خوێندووتەوە. لەهیچ کام لەوانەدا ئەمن تەعبیرێک و تەفسیرێکی قایمم بۆ بەیانی کۆمۆنیزمی نەدیوە. ئەگەر دە
مارکسیزمی دا باسی کۆمۆنیزم کراوە، ئەگەر تایبەتمەندییەکانی کۆمۆنیزمی باس کراوە
ئەوانە ئاکام دەرخستن لە ڕەوت و ئاڕاستە و تاندانسەکانی کاپیتالیزمی بووە. ئەوە
تەعبیر و تەفسیری کاپیتالیزمی بووە، هیچ وەخت مارکس نە شێوەی بەرهەمهێنانی
سۆسیالیستی و نە شێوەی بەرهەمهێنانی کۆمۆنیستی
تیوریزە نەکردووە. نییە، هەرکەسێکی بێ بە من بڵێ کە دە نووسراوەکانی مارکس و ئێنگێلس و لێنین و
مائۆ و هەر جۆرە کۆمۆنیستێک بێ کە ئەو تەفسیرە لەو شێوە بەرهەمهێنانە هەیە بە منی نیشان بدا ئەمن زۆر مەمنوون دەبم.
خاکی: کاک عەبباش
ئەگەر ئیجازە بفەرمووی ئەو بەحسە زۆر بەحسێکی خۆشە ئێمە بە تایبەتی دەێینەوە سەر
ئەو بەحسە بۆ بەرنامەی دیکە، گەرەکمە ئەوەت عەرز کەم، ئەوە پرسم ئەم نەقدەت لەو
تیوریانە بە جێگەی خۆی شتە ئیسپاتییەکەتان
چییە، پێتان وایە چ تیورییەک، چ نەزەرییەک جواو ئەداتەوە بەو شەرایەتە
موشەخەسە؟
وەلی: ئەمن پێم وایە
ئەلئانەکە لەو شەرایتی موشەخەسی ئێستا دا. بە باوەری من کەسانێک کە تیوری دەزانن،
کار لە سەر تیوری دەکەن کە من ڕێز و ئیحتیڕامم بۆ هەموویان هەیە سەرەڕای ئەوەی کە
مومکینە جیاوازیمان زۆر بێ. بە باوەڕی من ئێمە وەزیفەمانە نەک ئەوەی بە پێ خۆشبوونی خۆمان بێ، وەزیفەی ئێمە
ئەوەیە کە دەست لەو شتە مێتافیزیکییانە هەڵبگرین. وەزیفەی ئێمە ئەوەیە کە ئەلئان
ببینین. ئەلئان چۆن سیاسەتێکی کاونتر هێژێمۆنیک یانی زیدی هێژێمۆنی دابمەزرێنین کە
بتوانین قەدەم بە قەدەم بچینە پێشێ جێ بە
جێی بکەین. ئەمن ناتوانم، یانی شعوور و
عەقڵی من بە من ئیجازە نادا ئەمن خۆم لە تیورییەکی ببەستمەوە کە ئیمکاناتی
وەدیهاتنی لە ئایەندەیەکی دوور دایە، بەڵام دەڵێن ئەگەر ئەو نەبێ ئەمن هیچ شتێکی
دیکەم قبووڵ نییە. حەموو ئەوانە بە دژی کورد دەزانم، بە ئێرانچی دەزانم. کاکە بە قەولی
قەدیمیان ئەمن ئەو قسانە بە توڕەهات دەزانم. ئەمن ئەرکی ڕۆشنبیری کورد – لەو وشەی
ڕۆشنبیریش ئەمن زۆر بێزارم - ، ئەرکی تاکی کورد
بەوەی دەزانم لە فکری وەی دابێ بزانێ وەزعی ئەو وڵاتەی چۆنە. ئەتۆ ئەگەر
ئەلئان بچی لە سنەی یان لە مەهابادێ بڵێی
ئەمن تیۆریسیەنی ئانتی کۆلۆنیاڵ م و دەمەوێ
تیورییەکی دژ بە کۆلۆنیالیستی لە ئێستاوە بۆ وڵات دا بنێم خەڵک چت پێ دەڵێ. دەڵێم ئەلئانەکە
بە من بڵێ سبحەینێ چی لێ دێ. بە من بڵێ کە ئێمە دەبێ چ بکەین. دێرە دا کە وەزعی سیاسی
حکوومەت کە ئاوا دەکووژێ وێران دەکا، هیچیشی نەماوە حکوومەت . ئێمە دەڵێین حکوومەت
وەرشکست بووە و فڵان، بەڵام ئاجێندا و ڕۆژەڤی سیاسەت ئەمڕۆیە. عەلاقەی من بە
ڕابردووش هەر لەبەر ئەوەیە کە بتوانێ واقیعەن شتێک بە ئێمە بڵێ، کە لەو بارەیەشەوە
ئەمن کەمێک دڕدۆنگم چونکە ئێمە هەمیشە ڕابردووی لە سەر بنەمای زانستی ئێستا
دەخوێنینەوە. ڕابردوو هەمیشە بە پێی زانستی ئێستا دەخوێندرێتەوە. ڕابردوو لە سەر
بنەمای زانستی ڕابردوو ناخوێندرێتەوە چونک ئێمە لەوێ نەبووین. ئەلئان ئێمە ڕابردوو
لە سەر بنەمای زانستی ئێستا دەخوێنینەوە. ئەوەی کە موهیمە دە سیاسەتێ دا ئەو لێکبەستنەوەیەیە
. لەوەش ئەمن بێزارم ئەو کێشی شەخسییەت دروست کردنەی کە ئەلئانەکە بۆ وێنە لە چەند مەقالەی ئەو ژمارەی " تیشک "
دا دیتم، دێ دەڵێ فەلسەفەی سیاسی کاکە. باوەڕ کە ئەمن تەواوی ئەو شتانەی کە ئەو
کەسە نووسیویەتی ئەمن بە ئەندازەی یەک
سانتیمیتریش فەلسەفی سیاسی دەوەیدا نابینم. بۆچی دێن دەڵێن فڵانکەس فەیلەسووفی
سیاسی یە. ئەوە لە سەر ئینسانی زۆر گەورەش دا هەبووە، بۆ وێنە لێنین . لێنین
ستراتێژیستێکی گەورەی دەسەڵات بوو، ئەو نبووغەی کە ئەو هەیبووە لە سەر وەی کە چۆن پێوەندییەکانی قوردەت و
دەسەڵات ببینێتەوە و چۆن لێکی بداتەوە و چۆن بتوانێ لەوانە پێوەندییەکانی دەسەڵات
و سیاسەتەکانی زیدی دەسەڵات دەربێنێ، نبووغی تایبەتی هەبوو. بەڵام لێنین فەیلەسووف
نەبوو، فەلسەفەی سیاسی نەبوو، لێنین هەر وەختێک هات لە سەر فەلسەفەی نووسی تێکی دا.
و ئەو کارانەش کە لە سەر فەلسەفە نووسیوێتی ئاستیان زۆر زۆر نزمە. لەچاو
نووسینەکانی فەیلەسووفە گەورەکانی مارکسیست دا کاری منداڵانەن. لە ئاستی نووسینی
خوێندکارێکی زانکۆ دایە. بەڵام ئەو ستراتێژیستێکی قودرەتە. باشە ئەتۆ کەسایەتییەکت
هەبووە وەکوو دوکتور قاسملووی، رێبەرێکی سیاسی بووە لە ئاستی ئەو کەسانەی کە
باوەریان پێیەتی ڕێگای سیاسەتی نیشان دەدا، و شیکردنەوەی دەکرد. بەڵام ئەتۆ ئەگەر
بێی و بڵیی ئەو فەیلەسووفی سیاسییە ئەتۆ چۆن جوابی جەوانانی کورد دەدەیەوە کە
ئەوان دەزانن فەلسەفەی سیاسی چییە، ئەو جەوانانەی ئەلئان لە ئێرانێ دەخوێنن. ئەوان
دەزانن فەلسەفەی سیاسی چییە. چ جوابی جەوانانی کورد دەدەیەوە کە تۆ بۆ وێنە گاندیان بۆ دەکەیە سەمبول، یان ئێدوارد
سەعید دەبێتە سەمبول.
خاکی: کاک دوکتور
ببوورە ئەمن جارێکی تر ئەو پرسیارەم تیکرار ئەکەمەوە، ئەگەر جەنابتان لە ئێوە پرسن
چ کەردەن؟ کام تیوری بە نەزەرتان واقیعبینانەترە لەگەڵ هەلومەرجی ئێستا ئەوە یەک،
بڕێکیش ئەگەر ئەتوانن ئەو مێتافیزیکە لە سیاسەتا، ئەو خەیاڵپەردازییە یا ئەو
وەعدەی دوور و غەیری موتەحەقیقە هەیە ئەوەمان بۆ شی بکەنەوە مەمنوون دەبم.
وەلی: ئەمن هیچ
وەختێکی باوەڕم بەوەی نییە کە کەسێکی
تەحلیلی سیاسی دەکا خۆی دە چوارچێوەی
تیورییەک دا بەرتەنگ بکا، هەرچەند ئەو تیورییە مونسەجیمیش بێ. بە باوەڕی من دەبێ
واقعییاتی سیاسی ببینین و حەول بدەین لە هەر کوێیەکی شتێک بە کارمان هات بۆ ئەو
تەحلیلەی بەکاری بێنین. ئەمن باوەڕم بەوەی نییە کە ئیمامزادەیەک هەیە کە جوابی لێ وەربگیرێ. ئەمن ئەوەش کە دەڵێم
مومکینە هێندێک کەس بڵێ ئەو قسانەی بوخاراتی مەعدەیە. ئەوەی ئەمن دەیڵێم ئاکامی
پەنجا ساڵ کارە ئەوەی دەێڵێم. نییە واقیعەن، باوەڕم بەوەی نییە. بە باوەڕی من
ئەوانەی کە ئەلئانەکە وەدەزانن کە لە نووسراوەکانی عەندوڵا ئوێجاڵانی دا تەواوی
حەقیقەتی کوردستانێ حەل و فەسڵ دەکا
هەڵەیەکی زۆر گەورە دەکەن. ئەمن هەر ئەو جۆرەش کە نووسیومە ئەو تیوریانە مومکینە
ئامانجیان باش بێ بەڵام لە ڕووی تیوریکەوە هەڵەی گەورەیان تێدایە. هەڵەیەکە کە بە
شێوەیەکی دیکە ئەو تیوریانەی کۆلۆنیالیستیش دەیکەن، وەکوو ئەو برادەرەی کە ئیرادی
لە من گرتووە، ئەمن پرسیم کە ئەوە کێیە گوتیان نایناسین، گوتیان ئەوە نێوی
خوازراوە، ئەمن تەعەجوب دەکەم ئەگەر یەکێک لە دەرەوەی وڵات بێ بۆ دەبێ نێوی
خوازراو بۆخۆی دابنێ؟ بەو نەتیجەی گەیشتووم کە ئەوە حیزبییە بەڵام نایەوێ بە ناوی
حیزبەکەی بنووسێ. کارم بەوەی نییە، بەڵام مەسەلەکەی کە دەیهێنمە گۆڕێ ئەوەیە کە
ئەو باسی فوکۆی دەکا، فڵان و ئەوانە، بەڵام نازانێ یەکێک لە پرێنسیپە
بنەڕەتییەکانی کە ئەو کاتەی فۆکوو باسی پێوندی دەسەڵات لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن دەکا دەڵێ
دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، یان ئەمن و ئەویتر،
پێوەندییەکی ناوکۆییمان هەیە، پێوەندیی دەرەوەیمان نییە. بەڵام ئەو برادەرە
ئەوەی نازانێ. ئەمن ئەوەم سەبارەت بە تیوری جەنابی ئوێجاڵانیش دا گوتووە کە
کوردستانی ئۆتۆنۆم دەگەڵ دەوڵەتی حاکمی تورکیا یا ڕۆژهەڵاتی پێوەندییەکی
دەرەوەییان نییە، ئەوانە پێوەندیی ناوکۆییان هەیە. ئەگەر پێوەندی ناوکۆیی لە نێوان
دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دا هەبێ، ئەگەر پێوەندییەکانی ئەوانە دە موقابیل یەکتری دا
نەبێ. بەڵکوو دە یەکتر دابن واتە هەر
گۆڕانێک کە لە دەسەڵات دا بکرێ دەىی کاردانەوەی لە سەر ئۆپۆزیسیۆنیش هەبێ ،
ئۆپۆزیسیۆنیش لە بەرانبەر دەسەڵات دا دەبێ خۆی بگۆڕێ، ئایا ئەگەر ئەوە وابێ ئایا
ئێمە دەتوانین بێین باسی سیاسەتێکی بکەین کە بۆ بیست ساڵی دیکە، بۆ سی ساڵی دیکە،
بۆ پەنجا ساڵی دیکە داندراوە. ئەمن لەو باوەڕە دام کەسێک کە ئەلئانەکە وەزعی سیاسی کوردستانێ
شرۆڤە دەکا دەبێ لە حەموو کەسێکی زۆرتر لەوەی بگەڕێ کە بزانێ حەڕەکەتەکان،
سیاسەتەکان، بۆچوونەکان، گۆڕانکارییەکانی دەسەڵاتی لە ئێرانێ چییە. چون ئێمە لەگەڵ
ئەو دەسەڵاتەی حاڵەتی ناوکۆییمان هەیە، دەگەڵی تێکەڵین. ئێمە لە وەی جیاواز نین.
ئەو دەسەڵاتە لە کۆمەڵگەی کوردی دا پێگەی هەیە. کورد کولییەتێکی یەکپارچە نییە کە
تۆ بێی سیاسەتێکی یەکپارچەی کوردایەتی بەو شێوەیە لە سەر دابنێی. کورد کولیتەێکە
وەکوو هەر کۆمەوڵگەیەکی دیکە بەشێکی دەگەڵ حکوومەتە، بەشێک لەوانە بەرژەوەندییەکان
دە حکوومەتێ دا دەپارێزدرێ. ئەو کەسانەی کە کۆڵبەران دەنێرن لە شاخ و داخان
دەکووژرێن بە دەستی پاسداران، ئەوە مەنافعی تیجاری کوردیشی تێدایە. ئەو کۆڵبەرانە
چییان بە دەستە؟ کۆمەڵەکە لێوارەیی نییە، کۆمەڵەکە لە هەناوی ئێرانێ دایە. دەسەڵات
و ئۆپۆزیسیۆن حاڵەتی
interiority (ناوکۆیی) یان هەیە، کەسێکی کە ئەوەی بکا
تەنانەت لە مارکسیزم دا، لە ئەوانەی بە شێوەی دوو ئاپۆزیتی دیالێکتیک لە بەرانبەر
یەک دا دەنا ئاخرەکەکەی دەهاتن باسی سەنتێزیان دەکرد، ئاخری کار ئەوانەیان تێکەڵ
دەکردەوە. بەڵام ئەو جۆرەی کە فۆکۆ دەڵێ و ئەو برادەرەی ئێمە ئیشاڕەیەکی پێ دەکا،
کە ئیستیفادەی لێ ناکا یان تێی ناگا ئەوەیە کە دەسەڵات/ ئۆپۆزیسیۆن، کۆمەلی ژێر
دەست/ کۆمەڵی سەردەست حاڵەتی interiority یان هەیە، نەهەموو کەسێک لە مەهابادێ، لە سنەی
، لە مەریوانێ، لە بۆکانێ ، سەقز و بانە و سەردەشت ، نەغەدە و شنۆیە یانی ئەو
کوردە یەکپارچەیە نین کە ئەوان دەڵێن. دەگەڕێمەوە سەر وەی، کوردییەت، کورد بوون،
ئەمن کورد بوون بە ئێنتنیسێتە نازانم. ئەمن کورد بوون بە هەڵوێستی سیاسی، بە
بەرژەوەندی سیاسی، بە بۆچوون بۆ سیاسەتێ دەزانم. ئیینیسیتە بۆ من بەرساختە،
ئێنیسیتە وەکوو ناسیۆنالیزمی بەرساختێکی سیاسییە، نە لە ئەوەڵەوە بووە و نە لە ئاخریش
دەبێ و حەموو ڕۆژێش دەگۆڕدرێ. با عەرزت
بکەم ئەمن خوێندکارم هەبووە، خوێندکاری تورکم هەبوو، جەوانێکی بیست و شەش، بیست و
حەوت ساڵە چووە لە کۆبانی کووژراوە لە ڕووی ئێتنیکیشەوە تورک بوو. لە بەرانبەر
ئەوە دا ئێمە کوردی ئێتنیکمان بووە هەر لەو زەمانی دا کە داعش ئەو مەترسییەی مان و
نەمانە لە سەر کوردستانی بوو، دەو زەمانیدا
نەوتی بە داعشی دەفرۆشت. ئەوە چ بە ئێمە دەڵێ لە سەر ئێتنیسیتەی؟ سیاسەت لە
سەر ئێنیسیتەی داناندرێ، ئێئیتنیسیتە بۆخۆی سازکراوێکی سیاسی یە. ئەگەر ئێمە باسی
ناسیۆنالیزمێ دەکەین، ناسیۆنالیزم پێویستە وەکوو هەر ئیدێئۆلۆژییەکی دیکە دەبێ
سووژەیەکی هەبێ. بەیاناتی ئیدێئۆلۆژی ناسیۆنالیزم بەیاناتی بەرژەوەندییەکان و ویستەکانی ئەو سووژەیە یە. سووژەی
ناسیۆنالیزمی کوردی میللەتی کوردە، سووژەی ناسیۆنالیزمی کوردی عەشیرەی کورد نییە،
ئێتنیسیتەی کورد نییە. هەزار ساڵانیش ئەوانە تاریخی بۆ دروست کەن بێن، بیبەن، ئەمن
بە بۆچوونی خۆم ئەمن کەسێکی وەک سمایل
ئاغای سمکۆ بە ناسیۆنالیزمی کورد نازانم.
ئەمن هەمیشە گوتوومە، هەزاران جنێویشیان پێ داوم، دیسانیش دووبارەی دەکەمەوە
کەسێکی کە لە بەر بەرژەوەندی عەشیرەیی خۆی دووجاران شاری کوردی تاڵان بکا، کە
لەبەر وەی شارەکانی عەشیرەیی بە چی دەژیان بە تاڵان دەژیان. ئەمن ئەوەی بە چ
تەعبیرێکی بە ناسیۆنالیزم دانێم. ئەمن دەڵێم باشە ئەتۆ ئەگەر ئەو سیاسەتەی ئانتی
کۆلۆنیالەی دادەنێی، کۆمەڵەگەی کوردی لە ڕۆژهەڵات بە شتێکی یەکپارچە دەبینی. دەڵێن
لە وەختێکی مارکس چەمکی چین و چینایەتی هێنا نێو سیاسەت، لە وەختێکی فڕۆید چەمکی
ناخودئاگاهی لە سایکۆئانالیزەوە هێنا بۆ سیاسەت، لە وەختێکی کە نیچە چەمکی
جینیالۆجی ( ڕەچەڵەک ناسی) هێنا دە سیاسەتەوە ئێمە ناتوانین باسی هیچ شتێکی
یەکگرتوو بکەین. هیچ شتێک دە ناوەرۆکی خۆیدا یەکگرتوو نییە. دەبێ ئەوانە لەبەر چاو
بگرین، کاتێک ئەوانە لە بەر چاو دەگرین، دەبێ بڵێین باشە ئەوە چ تەئسیرێکی لە سەر
سیاسەتێ دادەنێ. ئێمە دەبێ هەست بە مەسئوولییەت بکەین لە ئەمریکایە، لە ئینگلیسی
دانیشتووین تیوری دەهۆنینەوە، دەبێ بزانین لە ئێرانێ وەزع چۆنە، ئێمە دەبێ بزانین
ئەو کۆڵبەرانە کە دەکووژرێن چ سەرچاوەی تەجاڕەتی کوردی لە پشت سەرە. ئایا ئەو
سەرچاوە تەجارەتی کوردییە ناتوانێ نیوەی یان یەک لە دەی قازانجەکانی خۆی بدا بە
خانەوادەی ئەو کۆڵبەرانە؟ هەتا بکرێ دەتوانین بڵێین حکوومەتی ئیسلامی زاڵم و
ئینسانکوژ و فاشیست و ئەو جۆرە شتانەیە، ئەم لایەش ببینە. ئەمن بۆیە دەڵێم ناتوانم
ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتی وەکوو دوو شت دە موقابیلی یەکتری دا ببینم. ئەمن ئۆپۆزیسیۆن
و دەسەڵاتی دە مەیدانی سیاسەت دا دەبینم کە بە هەزارو یەک داو پێوەندییان بەیەکەوە
هەیە. ئامانجی ئێستای ستڕاتێژی کوردی دەبێ ئەوە بێ کە ئەو پێوەندیانە بپسێنێ.
ئەگەر بتەوێ ئەو پێوەندییانە بپسێنی دەبێ لە پێشدا لە کۆمەڵگەی خۆت ڕا دەست پێ
بکەی و لە پشت تەقدیس کردنی ئێتنیسیتی و زمانی کوردی و ئەوانە بە هیچ کوێیەکی
ناگەین ئێمە. یانی سیاسەت جێگەی ئەوە نییە، ئەوە موقەدەسە، و ئەوە کوردە و
ئەویدیکە وایە. مەسەلەکە لە سەر ئەوەیە کە ئێمە بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن دەتوانین
ئەو داوی پێوەندییانە بپسێنین، کە ئێمە ئامانجی ئەو کەسانەی کە کاری تیوریک دەکەن
ئەوەیە کە سیاسەتێکی دژ بە هێژێمۆنیک دابنێن. جارێ سیاسەتی هێژێمۆنییەکە پێشکێشیان
بێ. ئەگەر ئەو کەسانە فکر دەکەنەوە کە سیاسەتی کاونتر هێژێمۆنیک بە پێچەوانەی
سیاسەتی هێژێمۆنیکە هەڵەیەکی زۆر گەورە دەکەن. کەسێکی ئاوا لە بنەڕەت ڕا لە گڕامشی
تێ نەگەیشتووە. ئەمن وەختێک باسی ناسیۆنالیزم دەکەم دەڵێم ناسیۆنالیزم سووژەیە و
سووژەی ئەو ناسیۆنالیزمە نەتەوەی کوردە. نەتەوەی کوردیش نەتەوەیەکی یەکپارچە نییە،
ئێمە دەبێ بێین سیاسەتێکی ساز بکەین بەلانی کەمەوە لەم بڕگەیە، لەو
چوارچێوەسیاسییە دا ناسێنە بدا بەو سووژەیە. ئەمن بیست و پێنج ساڵ، سی ساڵ لەوە
پێش باسی دیسکۆرسی یەکگرتوویم کردووە. ئەو برادەرە تازە باسی دەکا بە بێ ئەوەی کە
بڵێ ئەو بەشەرە سی ساڵ ، بیست و پێنج ساڵ لەوە پێش ئەو مەسەلەی هێناوەتە گۆڕێ.
ئەمن کارم بەوەی نییە بە من یان هەر کەسی دیکە قسەی ناخۆش بڵێن ئەوانە موهیم نییە،
زەمانێکی ئەمن قسەم دەکرد دەیان گوت کوردێ نازانێ. ئەلئان ئەو برادەرە ئاڵای
هەڵکردووە دەڵێ عەبباس کوردستانی ناناسێ . برای من ئەمن دوو کتێبم لە سەر
کوردستانی ڕۆژهەڵات نووسیوە. یەکیان لە ساڵی ١٩٠٥وە تا ساڵی ١٩٤٧ ڕووخانی کۆماری
کوردستانە، یەکیشیان لە ساڵی ١٩٤٧ یەوە تا ساڵی ١٩٧٩ی شۆڕشی ئێران وەبەر دەگرێ. بە
من دەڵێ هەر باسی موکریان دەکا. حەقیقەتەکەی ئەوەیە کە دەو دەورەی دا سیاسەتی
کوردی ئەوەی کە وەبەر چاو دەهات لە سەری دەگوترا و دەنووسرا هەر ئەوە بو. ئەمن
ئەگەر کۆماری کوردستانیان لە سنە یان لە مەریوانێ دانابایە بە بێ هیچ دڵەڕاوکەیەک
لە سەر سەنەندەج و مەریوانم دەنووسی. بەڵام لەوێ دانەندرا. باشە ئەمن کارم بەوانە
نییە، ئەوانە ئەسڵەن گرینگ نین بەڵام
مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە هێشتا هیچ کارێکمان نەکردووە ئەو جەبهەگرتنە و ئەو
ناڕەحەتییە و ئەو بەد و بیراهە چییە، بڵێ کاکە ئەو کابرایە بیست و پێنج ساڵ لەوەی
پێش ئەو قسەی کردووە. ئەگەر ئەمن نازانم ئەوە شتێکی دیکەیە بەڵام هەست بە
مەسئوولییەت بکە، بڵێ ئەو تیورییەی کە من باسی دەکەم چ قازانجێکی بۆ کۆمەڵگەی من
هەیە؟
خاکی: کاک دوکتور
عەبباس ئەگەر ئیجازە بفەرمووی ئیسراحەتێکی کورت دەکەین بۆ بەشی دووهەم دێینەوە سەر ئەو پرسیارانەی کە بۆمان
هاتە بە تەوری موشەخەس لە ڕابیتە لەگەڵ تورکیا و ئێران و ئەو شوێنانەی کە کوردی
تیایە.
وەلی: باشە
خاکی: بینەران و
بیسەرانی بەڕێز، بەشی ئەوەلی ئەو چاوپێکەوتنە لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباسی وەلی کۆتایی
هات . ئیسڕاحەتێکی چەند دەقیقەیی دەکەین و دێینەوە خزمەتتان.
٠٠٠٠٠٠٠
خاکی: بینەران و بیسەرانی بەڕێزی ڕادیۆ دیالۆگ جارێکی دیکە هاتینەوە خزمەتیان بۆ
ئیدامەی قسە و باسەکانمان لەگەڵ بەڕێز پرۆفێسۆر عەبباسی وەلی. کاک دوکتور عەبباس
جارێکی تر سپاس، ئەکرێ پێش لەوەی بچمە ناو بەشی دووەمی باسەکان میقدارێک باسی ئەوە
بکەی ئەو کاونتر هێژێمۆنی و ئەو مێتافیزیکە کە بە نەزەری من شتێکی گرێهی و گرنگە،
ئەکرێ لوتف بکەن و کەمێ باسی کەن.
وەلی: هێژێمۆنی کە
گڕامشی بەکاری دێنێ چەمکێکە بۆ ئەوەی فەرق دابنێ بە قەولی وی لە نێوان سوڵتە کە
تەنێ بە هێز و زەخت دادەمەزرێ دەگەڵ هێژێمۆنی کە لە لایەن پڕۆسەکان و پڕاکتیزەکان
و بنیاتەکانی ئیدێئۆلۆژی و فەرهەنگی و ئەو
جوورە جێیانە کار دەکا. ئەوە بە پێچەوانەی ئەوەی ئەو برادەرەمان لەوێ دەڵێ
پڕۆبلێماتیک، موشکیلی گڕامشی ئەوە نییە کە وڵامی بەعزە مەسائیلێکی سەرمایەداری
بداتەوە. گڕامشی دوو پرسیاران دەهێنێتە گۆڕێ، دوو پرسیاران لە خۆی دەکا، کە ئەو
پرسیارانەش لە زیندانێ وەکوو ڕێبەری حیزبی کۆمۆنیستی ئیتالیایێ کە دە زیندانێ دایە بەڵام فاشیزم نازانێ کە ئەوە سەرۆکی حیزبی
کۆمۆمنیستە. دوو پرسیاران لەگەڵ خۆی دێنێتە گۆڕێ، ئەو پرسیارانە دەیەوێ وڵام
بداتەوە، بەڵام ئەو پرسیارانە لێک بەستراونەتەوە. ئەوەڵین پرسیاری کە لە خۆی دەکا
دەڵێ ئێمە بۆچی شکستمان خوارد؟، دووەمین پرسیاریش ئەوەیە کە دەڵێ بۆچی فاشیزم سەر
کەوت؟ دیقەت بکە، ئەگەر دەڵێ ئێمە بۆچی شکستمان خوارد وەک ئەوە وایە بڵێ بۆ چی فاشیزم سەرکەوت، بەڵام
ئەو دوو پرسیارانە لەیەک جوێ دەکاتەوە. دەڵێ بۆچی ئێمە شکستمان خوارد یانی
هۆیەکانی شکستی ئێمە بە کردەوە هۆی سەرکەوتنی فاشیزمیش هەم هەیە، هەم نییە،
مەسائیلی دیکەشی تێدایە. ئەو دێ دەڵێ کە کۆنسێپت یان چەمک و یان بڵێین تیوری
دەوڵەت لە مارکسیزم دا زۆر بەرتەسکە، دەوڵەت بە ناساندنی لێنین داودەزگاکان و
بنیاتەکانی دەسەڵاتن، گڕامشی دەڵێ لە پشت سەری ئەوانە هەزاران سەنگەر هەیە ،
ئەوانە ڕاستەوخۆ بە دەسەڵات نەبستراونەتەوە بەڵام وەک دەسەڵاتیش کار دەکەن. ئەو
دەڵێ نابێ دەوڵەت دەگەڵ سوڵتە بە یەکسان دابندرێ. دەوڵەت دەبێ سوڵتە بێ بە عەلاوەی
کۆمەڵگەی مەدەنی. ئەو بۆ جاری یەکەم کۆمەڵگەی مەدەنی دێنێتە نێو گەنگەشە و باسی
سیاسی. ئەوە پێشترییش لەوێ بووە، بەڵام پاش وەی کە مارکس ئەوەلین کتێبی نووسی ڕەخنەی لە فەلسەفەی
حقووقی هێگێلی گرت مەسەلەی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕەد کردەوە بە شێوەیەکی پەراوێزی باسی
مەسەلەی چینەکانی کرد، لە مارکسیزمی دا وەختێکی مەسەلەی چینەکان هاتووەتە ژوورێ
مەسەلەی کۆمەڵگەی مەدەنی وەلانراوە و فت کراوە لە مارکسیزم دا. گڕامشی ویستی ئەوەی بگەڕێنێتەوە، ئەوەی
گەڕاندەوە گوتی ئەگەر ئێمە مەسەلەی دەوڵەتێ یانی دەسەڵات مساوییە دەبێتە فۆرس،
یانی هێز و زەخت و ئەوانە بە عەلاوەی کانسێنت یانی ئیجماع. چون فاشیزم لە
ئەڵمانیش، لە ئیتالیایەش بە ئیجماع هاتە سەر کار. بۆچی چینی کریکار ئەمڕۆ لە ژێر
ئاڵای سوور دا بوو، چوار ڕۆژی دی چووە ژێر ئاڵای فاشیزمی بۆچی؟ ئەوە هەر هەمان
چینی کرێکارە. لەو پێوەندییە دا بوو کە مەسەلەی هێژێمۆنی هاتە گۆڕێ. کە فاشیستان
هێژێمۆنییان دروست کرد، ئێمە ئەو
هێژێمۆنییەمان نەبوو. لە نەزەر گڕامشییەوە هێژێمۆنی شتێکی ڕاوستاو و سابیت نییە.
بنەماکانی هێژێمۆنی لە کۆمەڵگەی مەدەنی دایە. ئەگەر ئەو برادەرانەی ئێمە دەیانەوێ
واقیعەن هێژێمۆنی دروست کەن، ئەوە نییە لەدەرەوی وڵاتی باسی بکەن بەڵکوو دەبێ باسی ئەوە بکەن چۆن لە ناو کۆمەڵگەی مەدەنی ئێرانێ دا دەبێ داوودەزگا دروست کرێ. جا گڕامشی
لەوبارەیەوە دەڵێ هێزێکی کە دەیەوێ ببێتە هێژێمۆنیک، هێزێکە کە دەبێتە ڕێبەرایەتی
هەبێ. یانی بتوانێ کۆمەڵ ڕێبەری بکا. لە بەر وەی ئەو هێزە دەبێ لە پێشدا ئەو
بوارەی، رێبەرایەتی فەرهەنگی خۆی لە کۆمەڵ دا دامەزرێنێ، پاش وەی باسی رێبەرایەتی
سیاسی بکا. جا لە بلۆکی قودرەت دا هێز یەکسان نییە، لە بلۆکی قودرەت دا هێزی
هێژێمۆنیک ئەو هێزەیە کە دەتوانێ هێزەکانی دیکە قانیع بکا لە رووی ئیدێئۆلۆژیکەوە
کە وەدوای بکەون و هێژێمۆنی وی قبووڵ بکەن. ئەو دەڵێ هەر هێزێکی هێژێمۆنیک کاونتر
هێژێمۆنیشی هەیە بەڵام کاونتر هێژێمۆنی بۆ
وەی نانێ کە ئێمە چۆن هێژێمۆنی کوردی دامەزرێنین. بۆ ئەوەی هێزی هێزێمۆنی کوردی
دابمەزرێنین لە پێشدا دەبێ ئەو بەندانەی کە ئێمەی لە هێژێمۆنی فارس و دەوڵەتی
فارسی بەستووەتەوە ئەوانە بپسێنین. کاتێک ئەوانەمان پساند ئێمە دەبێ دە فکری وەی
دابین کە دە کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی دا ئەو ناوچە ستراتێژییە فەرهەنگی غەیری سیاسییانە . کۆمەڵایەتی،
فەرهەنگی هەرچییەک بێ دەبێ ئەوانە بگیرێن. کاتێک ئەوانە گیران ئەو دەمی دەبێ ئێمە
ئیدیعای ڕەهبەریی سیاسی بکەین. بە بێ ئەوانە رێبەریی سیاسی ناکرێ. ئەوە قسەی گڕامشی
یە، دروست یان هەڵە ئەوە قسەی وییە. ئێمە وەختێکی ئەو کارەمان کرد دە فکری دروست
کردنی بلۆکێکی قودرەت دا دەبین، بەڵام ئێمە ناتوانین بلۆکی قودرەت ساز بکەین هەتا
بلۆکی قودرەتی دەوڵەتی ئەلئان کە ئەو دوو بەندییەی کە تێیدا ساز بووە نەی
ڕووخێنین. ئێستا ئێمە دەبێ دە فکری ئەوەیدا دەبێ ببین ئەو شقاقەی کە لە سەد
جێگایان دە بلۆکی قودرەتی دەوڵەتی کەوتووە، دەوڵەت هێژێمۆنی نەماوە، چونکە
هێزێمۆنی زۆر بەستراوەتە بۆ زاڵبوونی ئیدێئۆلۆژیک، بەستراوەتەوە بە مەشرووعییەت.
گڕامشیش قەت باسی مەشڕووعییەتی نەکردووە. هیچ تیوریسەنێکی مارکسیست پێش دە ساڵی ١٩٥٠ کان و دە ساڵی ١٩٦٠ و ئەوانە باسی
مەشڕووعییەتیان نەکردووە، ئەوەیان بە چەمکێکی بورژوایی زانیوە. هابرماس ئەوەی
زیندوو کردووەتەوە. ئەو مەشڕووعییەتە هەرچییەک بێ ئەلئان ڕووخاوە، لە ڕووی فەرهەنگی
دەوڵەت کۆنتڕۆڵی لە دەست داوە. ئەلئانەکە ئێمە دەبێ ئەو جێگایانەی کە دەوڵەت چۆلی
کردووە، بەتاڵی کردووە ئەوانە بگرین. ئەگەر ئەوانەی کە باسی سیاسەتی هێژێمۆنیک
دەکەن، دەبێ ئێستا بێن بۆ وێنە باس لەوەی بکەن کە ئەلئان کە دەوڵەت ناتوانێ
مودیرییەتی مەسەلەی کۆرۆنای بکا، لە تەواوی کوردستانێ ئەو ئەنجومەنانەی کۆمەک
دروست بوون، ئەو ئەنجومەنە یارمەتیدەرانە جۆرێک دێمۆکڕاسی موشارەکەتییان تێدایە،
نە دێمۆکڕاسی نوێنەرایەتیکردن. دێمۆکڕاسی بنەڕەتی موشارەکەتییان تێدایە، ئەگەر
ئێمە بتوانین باش فکر بکەینەوە ئەوەیە کە ئێمە چۆن دەتوانین لەو ئەنجومەنانە، لەو
شووڕایانەی کە لەو شارانە و لەو دێهاتانە پێک هاتوون کە بۆخۆیان مەسەلەی کۆڕۆنا
مودیرییەت دەکەن، چۆن ئێمە دەتوانین لەوانە کەلک وەربگرین کارێکی بکەین بۆ ئەوەی ئەوانە پاش کۆڕۆناش بمێنن یان تەنانەت
لە جەنگەی کۆرۆنای دا چۆن دەکرێ لەوانە کەلک وەربگیرێ. ئەمن ئەوەی بە سیاسەت
دەزانم. سیاسەتی من لە سەر عەرزی یە، لە حەوای نییە. ئەمن ئەوەی بە سیاسەت دەزانم
کە چۆن لە دێهاتێک کاتێک مەئمووری دەوڵەت نەماوە، خەڵک بە کۆڕۆنای دەمرێ ئەوانە
هاتوون بۆخۆیان ئەنجومەنیان دروست کردووە پارەیان وەخڕ کردووە. دەرمانی دەکڕن،
هایجینی دەکڕن. ئەو شارەی ئیدارە دەکەن، خواردنی لە شاری دەکرن، دێنن دەیبەن لەبەر
دەرگای دادەنێن. ئەوە شتێکی موشارەکەتی لەوێ پێک هاتووە. ئەوە شتێکی ئیدەئالە.
دەبێ لەوەی کەلک وەربگیرێ. دەبێ کوردەکان شووڕاکانی شاری بگرن، ناوەندە
فەرهەنگییەکان بگرن، ئەنجومەنەکانی فەرهەنگی بگرن، ئەنجومەنەکانی دیکە بگرن.
ئەوانەیە کە دەبێتە بنەمای هێژێمۆنی، بنەمای هێژێمۆنی بە جنێو دان ساز نابێ. دەبێ
لە پێشدا ئەو بواری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دە دەستی کوردەکان دا بێ کە تەنانەت ئەگەر
سەرۆکەکانیشیان گرتن، تەنانەت ئەگەر حکوومەت هات و ئەوانەی تێک دا. لەبەینی برد
بەڵانم ناچار دەبێ لە جیات ئەوەی ئی خۆی
دانێ، ئی خۆشی کارێ ناکا چون ئێمە کاری لەگەڵ ناکەین، فەشەل دەبێ. ئێستا ئەو
پرسیارەی لە خۆمان بکەین لە دەرەوەی مەڵبەندی کوردستانێ بۆچی ئەلئان دەو حاڵەتە
ناخۆش و دەو وەزعەی دا حکوومەت زەختی خستووەتە سەر ئەنجومەنی ئیمام عەلی؟
ئەنجومەنی ئیمام عەلی دەقیقەن یەکێک لەو جێگایانەی موشارەکەتی یە. مومکین هەزار
فرت و فێڵ و حیسابیشی لە دەورەی بێ، بەڵام حکوومەت ئەو هەستەی هەیە دەزانێ ئێستا چ
ئەهەمییەتی هەیە. ئەلئان حکوومەت لە کوردستانی مەجبوور بووە بکشێتەوە، مەجبوور
بووە، بە خواستی خۆی نەکشاوەتەوە. لەو لایەوە ئێعدامەکانی زۆرتر کردوون.
مودیرییەتی پێ ناکرێ، ئیدێئۆلۆژییەکەی هیچ کات لە کوردستانی بەو شێویەی زاڵ
نەبووە. ئیدێئۆلۆژی شیعەگەری هیچ کات لە کوردستانێ برەوی نەبووە. ئەو مەسەلەش کە
ئەلئان مەجبوور بووە بکشێتەوە، ئێعدامەکان و نازانم بگیر و ببەندەکانی زۆر کردووە،
لەو بەینەی دا فەزایەک کراوەتەوە و ئەو فەزایە دەبێ تیوریزە بکرێ. تیوریزە کردنی وەی ئەهەمییەتی دە میلیۆن جار
زۆرترە لەوەی کە ئەمن لەگەڵ نووسەرێکی ئەحمەقی فارس دەرگیر بم و شەڕە جنێوێ بکەم،
یا بێم بە ئێتنیسیتەی کوردی هەڵبڵێم. کیشی شەخسییەت و هاڵەی تەقەدوس لە دەوری فڵان
کەسایەتی دروست بکەم. ئەگەر ئەمن گوتم لێنین ستراتێژیستێکی قودرەت بوو. لێنین
ئەگەر ئەلئان لە کوردستانێ بایە لە سەر ئەو شتانە کاری دەکرد. لە سەر ئەوەی کاری
دەکرد کە ئەو هەڵوێستەی قودرەتی چۆن بگرێ، چون سەنگەری فەرهەنگی بخاتە دەستی خۆی،
چۆن شووڕای فڵان کارگە دابین بکا، فڵان ئیدارە دەبێ چۆن هەڵسوورێ. هەمیشە شەوێش کە
دەنووست ئەگەر لە بیرتان بێ دەینووسی چ کەردەن؟ ئەوەتا لە کتێبەکانیدا، لە نووسراوەکانیدا
هەیە. گەلۆ ڕێگای ئاسن کار دەکا؟ بانکی مەرکەزی هەڵدەسووڕێ و فڵان جێگا ئاوایە.
دەیگوت باشە ئەمشەویش دەتوانین ئێمە
بنووین بڵێین قودرەتەکەمان دە دەست دایە. بەڵام سبحەینێ مەعلووم نییە. مەسەلەکە
ئاوایە ئەمن وەختێکی ئەوەی دەڵێم لێرە ئێحساساتی دەبم، ناڕەحەت دەبم کاتێک دەبینم
ئەو ئەنێرژییە ئاوا بە فێڕۆ دەڕوا. ئێمە تازە جەماعەتێکی خوێندکارمان لێ پەیدا
بووە، جەماعەتی زانامان لێ پەیدا بووە. بەشێکیان زۆر دڵسۆزن، ئینسانی زۆر پاکن،
زۆر خۆشم دەوێن بەڵام ئەلئان وەختی وەی نییە. وەزیفەی کەسێکی کە سیاسەت دەکا
ئەوەیە کە بەردەنگەکەی دەبێ دەسەڵات بێ، ئەلئانەکە چ وەختی وەیە ، کەسێکی کە وەزعی
ڕۆژهەڵاتی ببینێ، وەزعی ڕۆژئاوای ببینێ، وەزعی پێوەندی حکوومەتی کوردستانێ دەگەڵ
بەغدایە ببینێ، وەزعی تورکیای ببینێ، وەزعی کوردەکان ببینێ ئەلئان چ وەختی کیشی
شەخسییەت دروست کردن و پێ هەڵکوتن بە فڵان شەخسییەتی یە؟ ئەو چ ئێنێرژییەک دەبا.
خاکی: زۆر چاکە کاک دوکتور، زۆر سپاس بۆ ئەو تەوزیحانە.
ئەگەر هەدووکمان بچینە سەر ئەو پرسیارانەی کە بۆمان هاتووە و ئەوانە. من پێم خۆشە
لە تورکیاوە دەست پێ بکەم. جەنابتان شارەزاییەکی زۆرتان لە وەزعی تورکیاش هەیە جیا
لە تیوری سیاسی و ئەو کارە ئاکادێمیکەی کە کردووتانە. ئەم وەزعییەتی تورکیا و کورد
لە باکوور و ئەمانە بەرەوکوێ ئەڕوات؟ چۆنی هەڵئەسەنگێنی؟
وەلی: بە باوەڕی من
ئەگەر لە سەر بنەمای ئەو شتانەی کە من دەیخوێنمەوە و ئەو کەسانەی کە زاناییان هەیە
لە سەر سیاسەتی تورکیای دەیان بینم قسان دەکەین ئیحتیمالی ئەوەی کە ئەو حکوومەتە
بتوانێ لە سەر ئەو خەتەی بەردەوام بێ
چوارساڵی دیکە کەمە. لە لایەکی دیکەوە ئەو حکوومەتە ئیمکانی وەی نییە ئەو
موحاسەباتەی دەیکا ناتوانی قەرار بدا کە هەڵبژاردنێکی زووتر لە ساڵی ٢٠٢٣ ی هەبێ.
چون دەزانێ شکست دەخوا. لە لایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی شکست نەخوا دەبێ مەسەلەی ئابووری جێ بەجێ ببێ. مەسەلەی
ئابووریش دە پێشدا بۆی جێ بەجێ نەدەکرا ئەلئان بەو وەعەی کۆڕۆناش بۆی جێ بەجێ
ناکرێ. لە سەر دووڕێیانەک ماوەتەوە. دوو ڕێیانەکە ئەوەیە یان دەروا بەرەو سندووقی
جیهانی دراو، پارەیان لێ وەردەگرێ کە ئەوان ئەو پارەیەی ئەگەر بدەن کۆنتڕۆلیان
دەوێ بە سەر سیاسەتی ئابووری دا. ئەو دەمی جەنابی ئەردۆغان ئەو دەسەڵاتەی نابێ کە
بە ئیشتیای خۆی سیاسەتەکەی ئەمبەر ئەبەر بکا. لە لایەکی دیکەشەوە ئەوەیە کە هەر لە
سەر ئەو وەزعەی بەردەوام بێ کە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێ. ئەو خراب بوونەش لەبەر
ئەوەیە کە بنەمای ئیتیلافی ناسیۆنالیستی کە لەگەڵ حیزبی تیژپەڕی حەڕەکەتی میللی
کردوویەتی ڕۆژ بە ڕۆژ بۆشتر و خاڵی تر دەبێ. لەبەر وەیە کە بە باوەڕی من جەنابی
ئەردۆغان و حکوومەتەکەی دەستیان کردووە بە دروست کردنی جوورێک قووڵایی ستراتێژیک
بۆ خۆیان. کە دەچێتە ڕۆژهەڵاتی مدیترانە و لیبی و سووریا و ئەلئان دەست لە عێڕاقێ
وەرد دەدا، دەست لە ئازەربایجانێ وەر دەدا و ئەوانە، ئەوەشت عەرز بکەم کە ئەو
سیاسەتانەی قووڵایی ستڕاتێژیک بە بێ پارەی قەتەری ئیمکانی نییە و هەڵناسووڕێ.
مەسەلەی ئەوەش کە دەستی ئەردۆغانی لە سەر پارەی قەتەرێ ئازاد کردووە سیاسەتی زۆر
هەڵەی عەڕەبستانی سعوودی و ئەوانە بوو قەتەریان ئیزۆلە کرد. قەتەر دوو شتی هەبوو،
دوو ئیمکانی هەبوو یەکیان تورکیا بوو، یەکیان ئێران. ئێران لە بەر ئەمریکایە نەی
دەتوانی، تورکیا تەنیا ڕێگایەک بوو کە حیمایەیتی کرد و بۆ ئە حیمایەتەش کە دەیکا
دەستی ئازاد بوو لە سەر پووڵی قەتەری. بەڵام، ئەمن نەزرم ئەوەیە کە هەڵبژاردن لە
تورکیای زووتر دەبێ، ئەردۆغان ئەو مەسەلەی ئایا سووفیای کردووە بە مزگەوت، لەبەر
وەیە هەست دەکا ئەو ڕژانەی کە لەبنەمای سیاسەتی ناسیۆنالیستی تورک دا هەیە
ئیحتیاجی بەوەی هەیە کە ئەوە بیراز بکرێتەوە، بەڵام ئەوە کاتی و تێپەڕە و بەو
شێوەیەی هەڵناسووڕێ. زۆرتر لە یەک میلیۆن نەفەر لە حیزبی ئاغای ئەردۆغان دەرچوون،
ئەوە ئامارە. ئەمن فکر دەکەم ئیحتیمالێکی زۆر ئەوەیە کە بەرەو ئەو هەڵبژاردنەی کە
دێ ئەردۆغان دیسان مەجبوور بێ لە کارتی کوردی کەلک وەربگرێ. یانی لێرەش دەستی
ئاواڵە نییە، ئیتیلافی دەگەڵ مەهەبەی. ئەگەر ڕووداوێکی لەپڕ و چاوەڕوان
نەکراو نەیەتە پێشێ ئیحتیمالی زۆرە کە
ئەوە دەورەی ئاخری ئەردۆغانی بێ. دەڵێم ئەگەر شتێکی چاوەڕوان نەکراو نەیەتە پێشێ،
بەڵام لێرە دا مەسەلەی کوردیش هەیە، ئەمن فکر دەکەم لە پاش کودەتای ٢٠١٦ی، بە
تایبەتی پاش هەڵبژاردنی ٢٠١٥یەوە بەشی زۆری سیاسەتی کوردی کشاوەتەوە شاخی. بەشی
شارییەکەی لاوازتر بووە. ئەمن پێم وا باشە کە دەو فەترەی دا سیاسەتی شاری کوردی بە
باوەڕی من دەبێ گەشە پێ بدرێ، لە هەمان کاتدا ئەمن فکر دەکەم تەنێ ئەردۆغان نییە
لەو وەزعەی دایە، ئەمن فکر دەکەم سەرۆکایەتی کوردیش دەبێ فکرێک لە
گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ لە وەزعی خۆیدا
بکا، خەڵک ماندوو بوون لە تورکیای، بە تایبەتی پاش شەڕەکانی خەندەک لە ٢٠١٥ و ٢٠١٦ی لە کوردستانێ. وێران بوونی شارەکانی
کوردی، دێهاتی کوردی. ئەمن بۆخۆم لە گەڵ خەڵک لە بەلەدییەی دیاربەکرێ قسەم کردووە
کە گوتوویانە ئەوەی بە سی ساڵان دروستمان کرد بە سێ مانگان لە بەین چوو. ئەو
سیاسەتە دەبێ بگۆڕدرێ، پێویستی بە گۆڕانکاری ڕادیکاڵ هەیە. لە رێبەرایەتی کوردی،
لە ستراتێژی کوردی لە کوردستانێ دا و لە باکووری دا زۆر پێویستە. هەم لە بابەتی
تیوریکەوە کە عەرزم کردی ، دەبێ قبووڵ بکەن ئەو تیوریانەی کە ئەوان وەک ئایەی
قورئان بە خەڵکی دەدەن، وەکوو شتێکی موقەدەس بە خەڵکی دەدەن ئەوانە هەڵەیان هەیە.
هەر ئەو هەڵانەش سەبەبی موشکیلەی گەورە بۆ کوردی تورکیای بووە. دەبێ لەگەڵ ئەو
هەڵانە ڕووبەڕوو بن. ئەو هەڵانە دەبێ ساخ بکەنەوە کە بتوانن واقیعەن کاتێک کە
ئەردۆغان ستراتێژی گۆڕی لەگەڵی ڕووبەڕوو ببنەوە. لەلایەیەکی دیکە ئۆپۆزیسیۆنی غەیرە
کوردیش هەیە لە تورکیای دا. ئایا ئەو ئۆپۆزیسیۆنە دەتوانێ لە بەرەیەکی دێمۆکڕاتیک
دا کە باسی دەکەن یەک بگرێتەوە بە دژی
ئەردۆغانی یان نا؟ لێرەش یەکێک لە مەسەلە
بنەڕەتییەکانی کە مومکینە ئەو بەرەیە نەتوانێ خۆی بگرێ مەسەلەی کوردە. بۆ وێنە ئەگەر جەهەپە
بییەوێ لەگەڵ " ئیی پارتی " ، لەگەڵ حیزبی عەلی باباجان، حیزبی داودئۆغڵووی ئیتیلاف بکەن دەبێ یەک سیاسەتی
یەکگرتوویان لە سەر مەسەلەی کوردی هەبێ. بەشێکی ئەو سیاسەتە یەکگرتوویە دەگەڕێتەوە
سەر ئەوەی کە ئەوانە تا چەند ئەندازە ئینعیتاف لە ئاست ئەو ئامانجەی کە شکست دانی
ئەردۆغانە لە خۆیان نیشان دەدەن و بەشێکیشی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە تا چ ئەندازە
کوردەکان جەبهەی خۆیان تەعدیل دەکەن، دەگۆڕن کە ئەوانە بتوانن لەوەی کەلک وەربگرن.
جا بۆیە ئێستا باڵانسەکە دەو حاڵەتەی دا ماوەتەوە بەڵام، ڕۆژ بەڕۆژ، کە ئەو وەزعە
بەردەوام دەبێ، لەو باڵانسەی دا وەزعی ئەردۆغانی پیستر دەبێ. هەر ئەوەندە ئەمن
ئەلئان دەتوانم باس بکەم.
خاکی: ئەی لە سووریا
و لە ڕۆژئاوا، خوێندنەوەت بۆ ئەوێ چۆنە؟
وەلی: بە باوەڕی من
ئەلئان زۆر زەحمەتە بڵێین هەر ئەوە نییە کە بۆ ئێرانێ ئەو سەد ڕۆژە موهیمە، ئەو
سەد ڕۆژە لەوێش موهیمە. بەشێکی زۆر لەو مەنتەقەی دا واقیعەن با بڵێم یانی ئەردۆغان
توانیویەتی ئەو کارانە بکا، لە سووریای ئەو کارانە بکا، لە لیبی ئەو کارانە بکا،
حەتتا لە داخڵی تورکیای ئەو کارانە بکا بەشێک لە بەر ئەوەیە کە ئەمریکا وەکوو
زلهێز، وەکوو سووپرپاورێکی جیهانی مەسئوولییەتەکانی قودرەتی خۆی قبووڵ نەکردووە.
سیاسەتێکی نەبووە کە دەپێوەندی لەگەڵ مەسئوولییەتەکانی ئەو قودرەتەی دابێ. ئەو
کارەی کە لە سووریا کردی ئەوە بێ سیاسەتی تەواو بوو، ئەگەر وەزاڕەتی دیفاعی
ئەمریکایە دەگەڵ وەزاڕەتی دەرەوەی ئەمرێکا لە بەرانبەر تڕامپ دا یەکتریان نەگرتبایە و پێیان نەگوتبایە نا، ڕۆژئاوا لە
دەست چوو بوو. لەو بارەیەوە ئەگەر دەڵێن
ڕێژیمی ئێرانێ حازرە ئێرانێ بفرۆشێ، حازرە هەموو کارێکی بکا تەنێ بۆ ئەوەی هەبوونی
خۆی بپارێزێ، تا ڕادەیەکی زۆر ئەو قسەیە لە سەر حکوومەتی تڕامپیش دروستە. حازرە
هەموو جۆرە کاکە و برالەی سیاسی بکا بە بێ ئەوەی گوێ بداتە ئەوەی کە مومکینە
سبحەینێ چ بێ. یا کێ دەفرۆشرێ و کێ دەکڕدرێ ئەو کارەی دەکا. بە باوەڕی من ئەو
نەوەد و چەند ڕۆژە زۆر موهیمە و ئەگەر دێمۆکڕاتەکان بێنە سەر کار، ئەو جۆرەی کە
گوتویانە سیاسەتێکی مەسئوولانە لە ڕۆژئاوای لە بەرانبەر ئەسەدی دا، لە بەرانبەر
ئەردۆغان و ڕووسیا و ئێرانێ دا بگرنە پێش ئەو دەمی ئیحتیمالی ئەوەی هەیە کە
ڕۆژئاوا بۆ ماوەیەکی زۆرتر بمێنێ. واقیعەن مەسەلەکە ئاوایە. ئەگەر تڕامپ، سووپر
پاورێک مەسئوولییەتی قودرەتی خۆی هەبایە، ئەردۆغان نەیدەتوانی ئەو کارانە بکا
جورئەتی نەدەبوو ئەو کارانە بکا. بەڵام کاتێک کە بۆ وێنە دەبینێ ئەمریکا ئاوایە،
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتی نییە، تەشەتوتی فکری هەیە، ڕۆژ بە ڕۆژە، ئەو شتێکی
دەلێ، ئەویدی شتێکی دیکە دەڵێ حەموویان کە قەرارێک دەدەن ترامپ سبەینێ دێ جریوەیەک
دەنووسێ، تەلەفوونێکی دەکا تێکی دەدا. لەو
حاڵەتەی دا ڕێبەریی سیاسی لە ناوچەی دا نییە. ئەمریکا ئەو سەرۆکایەتی یەی لە
ئەستۆی خۆی داڕنیوە. کاتێک سوپر پاورێک ئەو کارەی دەکا بۆشاییەک دێتە پێشێ، ئەو
بۆشاییە ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتی ناوچەییان هەیە پڕی دەکەنەوە. جا ئەو حکوومەتەی
کە پاش تڕامپی دیتە سەرکار ئەوەڵین شتی ئەوەیە کە لە عێڕاق، لە سووریای،لە
تورکیای، لە ئازەربایجان و ئەرمەنستانێ، لە ئێران و ئەفغانستانێ واقیعەن سەرۆکایەتی بە
دەست بگرێتەوە، بەو قسەیە ڕەنگە زۆر کەس بە من بڵێن ئەمن لایەنگری لە دەسەڵاتی
ئەمریکایە دەکەم. نا، ئەمن لایەنگری لە دەسەڵاتی ئەمریکایە ناکەم بەڵام ئەمن دوڵێم
لەو بۆشاییە و ئەو وەزعەی کە هاتووەتە پێشێ، وەختێک هێزی دێمۆکڕاتیکی ئەوتۆ نەبێ
بیگرێتەوە دەکەوێتە دەستی دیکتاتۆران. و ئەلئانیش کەوتووەتە دەستی دیکتاتۆران. بە
باوەڕی من ئەو کارەی ئەلئان لە ئەفغانستانێ دەیکا بێ مەسئوولییەتییەکی تەواوە.
ئیمکانی نییە تالەبان بێن لەوێ حکوومەتێکی ساز بکەن ڕێز لە دێمۆکڕاسی بگرێ. ئێمکانی
نییە تالەبان شەراکەت لە قودرەتێ دا بکەن. ترامپ تەنیا و تەنیا لەبەر وەی ئەو کارە
دەکا کە لە هەڵبژاردن دا بڵێ ئەمن هێزم لە عێڕاقێ هێنا دەرێ، هێزم لە سووریای هێنا
دەرێ، ئەفغانستانم جێ بە جێ کرد، دەنا ئەلئان وەزعی ئەفغانستانی هەر بە موویەکی
بەندە، واقیعەن لە وەزعێکی زۆر زۆر خراپ دایە . وەزعی ئێرانێش هەر ئاوایە. هەر
ئەلئانیش کە وەزعی ئێرانێ ئاوا ئەسەفناکە، ئەلئانیش ئەگەر خامەنەیی دەست درێژ کا و
فەڕزن بڵێ وەرە قسان بکەین تڕامپ فەورەن
دەیکا. نەک هەر دەیپارێزێ ئیمتازەکانیشی حەموو دەداتێ. بێ سیاسەتی تەواو، بۆچی
مەنتەقە ئاوا شێواوە لە بەر ئەوەی کە ئەمریکا نە وەکوو سوپر پاورێک عەمەلی کردووە،
نە مەسئوولییەتی قودرەتی دەسەڵاتی وەئەستۆ گرتووە.
خاکی: یانی فاکتۆری
تر نییە کاک دوکتور عەبباس فەقەت مەسەلەکە ئەمریکایە؟ فاکتورهای تر نییە چ داخڵی چ
ئی دەرەوە؟
وەلی: ئوڕووپا ئەو
وەزعەی نییە. با، دەبوو ئەگەر لە تەواوی ئەو وڵاتانە هێزی دێمۆکڕاتیکی قەوی هەبایە
کە ئەو بۆشاییەیان پڕ کردباوە ئەودەمی
دەبوو پێشوازی لەو کارەی ئەمریکایە بکەی. بڵێین ئەمریکا کشاوەتەوە، هێزە
دێمۆکڕاتیکەکان جێیان گرتووەتەوە، بەڵام تەمەشای عێڕاقێ کە، تەمەشای لوبنانێ کە،
تەمەشای سووریای بکە، تەنیا جێگای بە باوەری من هەیە لە عێڕاق و سووریای ئەوەیە کە
ئەگەر بێتوو هێزە کوردییەکان بتوانن خۆیان سەقامگیر بکەن، ئەویش دەگەڕێتەوە سەر
ئەوەی کە واقیعەن پووتین و ئەردۆغان تا چ ئەندازەیەکی معامەلەی بکەن کە ئەمریکا
ئەو معامەلەیەی قبووڵ بکا. پووتینیش بۆ مەسەلەی کوردی هیچ شتێکی واقیعەن نییە،
ئەسڵەن نییەتی. جا بۆیە ئەمن وەزعەکەی لە مەنتەقەی ئەو جوورە دەبینم، دەڵێم لەو
نەوەد و چەند ڕۆژەی دا لە وەزعێکی زۆر حەساس داین و پاشان دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە
واقیعەن ئەو مەنتەقە چ تەعادولێکی قوای لە سەر دادەمەزرێنن. ئەو مەسەلەی کە تڕامپ
دەیەویست تەعادولێکی قوای ساز بکا لە سەر تەوەرەی عەڕەبستانی سعوودی و ئیسرائیل و
فت کردنی ئێران و ئەوانە، ئەوە کاری نەکرد، ئەوە نەی گرت. ئەلئانیش بزانە موتڵەقەن باسی ئاشتی فەلەستین و بەرنامەی گەورەی
فەلەستین و ئەوانە ناکەن خڵاس بوو. دەبێ لە سەر بنەمایەکی تازە ئەو کارەی بکەن بە
باوەڕی من دەبێ بزانین لەو نەود و چەند ڕۆژەی دا وەزع چی لێ دێ، چ معامەلاتێک
دەگەڵ ئێرانێ دەکرێ، چ معامەلاتیک دەگەڵ ڕووسیای لە تورکیای، لە سووریای دەکرێ،
وەزعی عێڕاقێ چی لێ دێتەوە. وەزعی یەمەن و ئەوانە. بەستراوتەوە بەوەی کە تا چەندە
سیاسەتێکی چالاک لە مەنتەقەی دا بەرقەرار دەبێ، نە ئەو سیاسەتەی ئێستا.
خاکی: کاک دوکتور عەبباس من پرسیارەکەم ئاوا مەتڕەح ئەکەم بیلئەخەرە ئەم وەزعییەتە عموومی یە دیارە ئەوانە دیارە قودرەتهایەکی گەورە چ لە سەتحی دنیا و چ لە سەتحی مەنتەقە هەن، ئەگەر لە کوردستان لە هەر چوار بەشەکەی تەماشای کەی وەسڵە بەم تەغییر و تەحەولاتەی سەرەوە یا خۆیان لە ناو خۆیانا هیچ ئەگەرێک هەیە بتوانن کارێک بکەن لە گۆشەیەکەوە؟ یانی هیچ تەوانێک هەیە یان واقیعەن هەر گرێ دراوە بە کایەی ئەمانەوە، بە معامەلاتی سیاسی ئەمانەوە؟
وەلی: ئاخر تەوان
ئەوەیە کە تۆ سیاسەتی چۆن دەخوێنییەوە و چۆن کەلکی لێ وەردەگری. بە باوەڕی من
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر عێڕاقێ. لە عێڕاقێ دو جاران حکوومەتی کوردی بە باوەڕی من
وەزعەکەی باش نەخوێندووەتەوە و لە هەلومەرج کەلکی وەرنەگرتووە. و ئەلئانەکە ئەو
هەلومەرجە دیسان دێتە پێشێ. دەبێ مرۆ ئەو وەزعەی دەرک بکا. زۆریان ئیراد لە من گرت
چون من بە ڕاشکاوی بیروڕای خۆم دەربڕی و گوتم ئێستا وەختی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی
نییە. شکست دەخوا. بۆچی من ئەوەم گوت، وەختێک ژەنەڕاڵێک دەچێتە شەڕێ، ئەوەل کاری
کە دەکا ئەوەیە بزانێ لایەکانی ڕاست و چەپی ئەمنییەتیان هەیە، دوژمن کە لە
پێشەوەتە، سەرەوە چۆنە؟ و لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە پشت سەری، عەقەبەی چۆنە؟
ژەنەڕاکەی ئێمە چووە شەڕێ، جیناحی ڕاستی ئێران بوو، ئی چەپی تورکیا بوو، ئەمریکاش
کە نامەیان نووسیبوو گوتبوویان مەیکە ، عەقەبەکەشی ئاواڵە بوو، دیتمان عەقەبەکەی
ئاواڵە بوو، باشە سیاسەتێکی ئاوا شکست ناخوا؟ ٢٥-ی سێپتامبر، ١٦-ی ئۆکتۆبری بە
سەردا هات، ١٦-ی ئۆکتۆبر عەقەبەی ژەنەڕالەکەی بوو، یانی حکوومەتێکی یەکگرتوو
نەبوو، وایە؟ دەقیقەن ئەو جوورەیە، حکوومەتێکی یەکگرتوو نەبوو، ئەو بەشەی حکوومەت
کە دەگەڵ نەبوو کشاوە، بە شەوێک ئێمە ٦٠ لە سەدی خاکمان لە دەست دا، ٦٥ لە سەدی
داهاتمان لە دەست دا. لە کوردستان کێ ئەوەی ناوێ، بە بێ وەی وەختێکی کە داعش هێرشی
کرد، ئێمە ئەگەر ئامادەیی نیزامیمان هەبایە لەو چەند ساڵانە دا و ئەوە هاتە پێشێ،
ئەو دەمی باشترین وەخت بوو، بە ئاسایی دەوڵەتان دە شەڕ دا پەیدا دەبن نە لە
ئاشتی دا. ئەو دەمی باشترین وەخت بوو، یا
وەختێکی کە سەدام ڕووخا، ئەو دەمی باشترین وەخت بوو. بەڵام سێپتامبری ٢٠١٧
خراپترین وەخت بوو بۆ ئەو کارەی، تەنانەت ئەوە شیعەکانی لە عێڕاقێ یەکگرتوو
کردەوە، سونییەکانی ئیزۆلەتر کرد،وەزعی کوردی تێک دا، بۆیە دەنا ئەمن لەگەڵ ئەسڵی
مەسەلەکەی موخالەفەتم نییە ئەمن دەگەڵ سیاسەتەکەی نەبووم،ئەمن ئەو دەمی گوتم ئەوە
پڕۆژەیەکی باشە بەڵام وەختەکە زۆر خراپە. خانمێک لە ستۆکهۆڵمێ گوتبووی ئەدی کەنگێ
وەختەکەی باشە؟ خۆ من دوکتور نیم تەبابەتێ بکەم ئەتۆ شرۆڤەکاری سیاسی بزانە کەنگی
باشە. ئەو کەسانەی کە بڕیار دەدەن بۆ سەربەخۆیی ئەوان دەبێ بزانن. ئەمن چۆن دەچمە
شەڕی وەختێک کە هیچ کام لە جیناحەکانم دە کۆنتڕۆڵی خۆمدا نەبێ، تەنانەت لایەنی
پشتەوەشم کە گرینگترین لای منە، دە وەختێکی دا کە عەقەبە سکیور نەبێ ئەمن ناتوانم
پاشەکشەی بکەم. ئەگەر ژەنەڕالێک جیگای پاشەکشەی نەبێ چۆن دەتوانێ فکری ئەوەی بکاتەوە کە لە شەڕ دا
سەردەکەوێ. ئێمە وەکوو تاریقمان کرد کە چووە وێ، هەموو کەشتییەکانمان سووتاند و
چوو دە دوڕگەکەوە و گوتی هیچ ڕێگا نییە، تەنێ دەبێ بەرەو ئێسپانیا بڕۆین. بەڵام خۆ
ئێمە نەمان دەویست شەڕ بکەین ئەگەر قبووڵیان نەکرد. ئێمە پاشەکشەمان کرد،
پاشەکشەمان کرد عەقەبەکەش زانی ئێمە وەزعمان وایە کەرکووکیش لە دەست چوو، شەنگالیش
لە دەست چوو، مەخمووریش لە دەست چوو و نازانم فڵان و ئەوانە.
خاکی: کاک دوکتور
عەبباس تەسویرێکی تاریکە، ئەڵبەتە واقعبینانەیە، ئایا هیچ ڕۆشناییەک لە باری
نەزەری، لە باری تیوری و لە باری عەمەلی و پڕاتیکەوە هەیە، ئەیبینیت هیچ ڕێگەیەک
هەیە، چاو ڕۆشنییەک هەیە لەم وەزعییەتە
بوحراناوییا، یان واقیعەن هەر ئەو وەزعە تاریکەیە کە تەرسیمتان کرد؟
وەلی: بە باوەڕی من
لە باشووری ئێستاش حکوومەت دەتوانێ بگەڕێتەوە سیاسەتێکی دروست دابنێ کە بە کەلکی
خەڵکی بێ، ئەو گەندەڵییەی بەرتەنگ بکەن، دەیانتوانی لە ماوەی بیست و چەند ساڵان دا
بەلانی کەمەوە هێزێکی نیزامی یەکگرتوو دروست کەن. لە بیست و چەند ساڵان دا
حکوومەتێکی یەکگرتوو دروست بکەن. بە لانی کەمەوە ئەگەر ئەو کارانە بکەن ئەوە
هەنگاوێک بەرەو پێشە، ئاکامی باشی دەبێ. بەڵام ئەمن فکر دەکەم ئەوە بەستراوەتەوە
بەوەی کە وەزعی ئێرانێ بە گشتی چی لێ دێ. ئەگەر وەزعی ئێرانێ بە باوەڕی من
بەشێوەیەکی پۆپزیتیڤ جێ بە جێ بکرێ، ئەمن ئایەندەی ڕۆژهەڵاتی ڕووناک دەبینم. ئێمە چ پێمان خۆش بێ چ پێمان خۆش نەبێ سیاسەتی
کوردی لە ڕۆژهەڵاتی لە کولی سیاسەتی ئێرانێ بەستراوەتەوە. سەربەخۆیی عەمەلی،
سەربەخۆیی تیوریک و سەربەخۆیی دیسکۆرسی نییە. مەسەلەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی لە
سیاسەتی ئێرانێ بەستراوەتەوە. پێمان خۆش بێ ئەوەیە، پێمان ناخۆش بێ ئەوەیە. ئەو interiority
کە من باسم کرد هەرچییەکی لە
ناوندی بکرێ تەئسیری لە سنە و مەهاباد و مەریوان و ئەوانە هەیە. جا بۆیە سیاسەتێکی
چالاکی کوردی بە باوەڕی من ئەوەیە کە حزووری گەورە، بەهێزی خۆی لە شارە
کوردییەکاندا هەبێ، لە لادێی کوردی دا هەبێ و لەوەش دەرچێ زۆریش گرینگ ئەوەیە کە
حزوورێکی چالاکی دەبێ لە مەرکەزێ هەبێ. ئێمە ئەگەر حزوورمان دە چوارچێوەی سیاسەتی
ئێرانێ دا نەبێ، دە چوارچێوەی سیاسەتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانێ دا نەبێ، ئێمە ناتوانین
بە هیچ جێگایەکی بگەین. ئێمە ١٢ میلیۆنین
لە ٨٥ میلیۆنی. حەموو سەرچاوەکانیش دە دەست ئەوان دایە. دڵنیا بە خەڵکی ئیسفەهان و
شیراز و مەشهەد و ڕەشت و کرمان و ئەوانە دەتوانن بە دەیان ساڵ دانیشن گوێ بدەنە موسیقا
و نازانم تار و مەشڕووبی خۆیان بخۆنەوە و قۆرمە سەبزی خۆیان بخۆن بۆمبیش بە سەر
کوردستانێ دا بدرێ. یانی ئێمە دەبێ ئەوەی بزانین
و بزانین کە وەزنی ئێمە، ئەوەڵەن دەبێ ئەوەی بزانین کە سیاسەتی ئێمە لە
سیاسەتی ئێرانێ جیاواز نییە، دەگەڵی تێکەڵە. ئەوە یەک، دووەمیش ئەوەیە کە دەبێ بە
شێوەیەکی واقعبینانە وەزنی سیاسەتی خۆمان، وەزنی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و
ئەوانەی خۆمان دە چوارچێوەی گشتی سیاسەتی کۆمەڵگای ئێرانێ دا ببینین ئێمە.
هەلومەرجێک مومکینە بێتە پێشێ وەکوو ڕوخانی حکوومەتی سەدامی ئەوە ئیمکانی دا بە
حکوومەتی کوردی کە زۆر زیاتر لە وەزنی سیاسی خۆی، وەزنی واقعی سیاسی خۆی قورسایی
پەید بکا. ئەگەر لەو وەزنەی کەلک وەرگیرا یان وەرنەگیرا کارم بەوەی نییە. بەڵام
ئێمەش مومکینە دە هەلومەرجێکی ئاوا دا واقیع بین دە گۆڕانکاری ئێرانێ دا.
وەزنێکمان هەبێ زۆرتر لەو وەزنە واقعییەی کە هەمانە. بەڵام بەلانی کەمەوە ئێمە
دەبێ ئەو دەرفەت و دەرەتان و هەلومەرجەی ئامادە بکەین کە وڵامی پێداویستییەکانی
کێشی واقیعی خۆمان بێ. ئەمن موخالیفی ئەو کەسەم کە دەڵێ ئەلئانەکە لە قۆناغی کۆلۆنیالیستی
دا نەتەوەی بندەست دەبێ بەرەو سڕینەوە و نازانم مەشڕووعیەت ، نە تەنیا هەر
سڕینەوەی ناسێنە و مەشڕووعیەتی نەتەوەی سەردەست بێ بەڵکوو دەبێ لە ناویشی بەرێ.
ئەمن ئەوەی بە سیاسەت نازانم. ئەمن بە دوای final solution ی دانیم. ئەمن نامەوێ کەس لە ناو بەرم،
مەشڕووعییەتیش بۆ خۆی دەڕووخێ. ئەمن دەمەوێ بۆ حقووقی خۆم لە چوارچێوەی هەلومەرجێک
دا کە هەیە خەبات بکەم. ئەگەر ئەو خەباتە نیازی بە تەعامول و سازش هەیە ئەمن
دەیکەم. سیاسەت بە بێ سازان نابێ، سیاسەت بە بێ تەعامول نابێ. ئەو ئانتۆنیۆ گرامشی
یەی کە ئاماژەمان پێ کرد دەڵێ چی؟ سیاست unstable equilibrium of
compromise ە. واتە سیاست یانی تەعادولی بی سباتی سازان.
ئەمن باوەڕم بە سیاسەتی چالاک هەیە، باوەرم بەوەی هەیە کە شتێکی بۆ نەتەوەکەمان،
بۆ خەڵکەکەمان بەدەست بێنین بەڵام ئەمن باوەڕم بە final solution نییە، ئەمن نامەوێ ناسێنەی کەس بستڕمەوە. هیتلێریش
دەیەویست ناسێنەی جوولەکان بستڕێتەوە یانی لە ناویان بەرێ. ئەمن ئەوەی نە بە
سیاسەت دەزانم و ئەوە لە جێدا قبووڵ ناکرێ. ئەمن گوتم ئەمن ناسیۆنالیزمی کوردی لە
سەر بنەمای ئێتنیکەکەی ناناسێنم، ئەمن ناسیۆنالیزمی کوردی لە باری ویستەکان و
داخوازەکانی دێمۆکڕاتیکی کە لە ناوەرۆکی دەسەڵاتی سازندەی گەلی کورد دێتە دەرێ
دەناسێنم نەک لە سەر بنەمای ئێتنیسیتە. ئێتنیسیتە بۆ من هیچ شتێک نییە. ئەگەر
میللەت سازکراوەیەکی (برخاست) سیاسییە کە
بە باوەڕی من وایە، ئێنیسیتەش دە چوار چێوەی میللەتێ دا ئەگەر مانا پەیدا دەکا
سازکراوەیەکی سیاسی یە. ئەوە سیاسەتەکەیە کە دەڵێ ئەو ئێتنیسیتەیە پێشکەوتوو یان پێشکەوتوو نییە. هیچ ئێتنیسیتەیەک
لە ناوەرۆکی خۆیدا و بە سەری خۆی، بە
شێوەیەکی زاتی نە خراپە و نە پێشکەوتووە. ئەمن باوەڕم بەوەیە.
خاکی: کاک دوکتور
عەبباس، یەک دنیا مەمنوون. من پرسیارێکم نییە، ئەگەر شتێک ماوە، نەتان فەرمووە و
ئەوانە ئەوە لە خزمەت داین. شتێک هەیە ئەمن نەمپرسیبێ بە گرینگی بزانن؟
وەلی: نا، زۆر
مەمنوون، زۆر سپاس، دیارە قسە زۆرترە لە سەر ئەو شتانە بکرێ، بەڵام هیوادارم
ئیمکانێک بۆ دیالۆگ هەبێ بە بێ ئەوەی کە بێ حورمەتی تێدا بێ. ئێمە دەبێ حورمەتی
زمانی بگرین، تێڕۆری شەخسییەت نەکەین. تێڕۆری وشەکان نەکەین. تێڕۆری وشە لە تێڕۆری
شەخسییەت خراپترە. هەر ئەوەندە، دیالۆگمان هەبێ، وەزعمان زۆر خراپە.، زۆر زۆر
خراپە.
وەلی: سپاسی ئێوە، بینەران و بیسەران دەکەم. زۆر مەمنوون
No comments:
Post a Comment