Tuesday, August 11, 2020

وتوێژی بەرنامەی ڕاڤەی تێلێڤیزیۆنی ئاریان لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی، دووشەمە ١٠-ی ئووتی ٢٠٢٠ بارودۆخی دوایی ئێران

وتوێژی بەرنامەی ڕاڤەی تێلێڤیزیۆنی ئاریان لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی

دووشەمە ١٠-ی ئووتی ٢٠٢٠

بارودۆخی دوایی ئێران

هیوا گوڵ محەمەدی  پێشکێشکاری بەرنامەی ڕاڤە: بینەران و بیسەرانی هێژا و خۆشەویست، ئێستا پرۆفێسۆر عەبباسی وەلی کۆمەڵناسی سیاسیم لەگەڵد دایە لە ڕێگای سکایپەوە. کاک دوکتور عەبباسی وەلی ئەو کاتەت باش!

وەلی: ئەم کاتەت باش فەرموو

گوڵ محەمەدی: وەک لە کۆتایی دۆسییەکە دا هات گەلۆ ئێران لە کوێی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دایە. ئایا دەتوانێ بە قەردادی ٢٥ ساڵە لەگەڵ چین و ٢٠ ساڵە لەگەڵ ڕووسیا خۆی لەو قەیرانەی کە ئێستا تێی کەوتووە نەجات بدات؟

وەلی: نا، دە درێژ خایەندا ناتوانێ. بەڵام لە فەترەیەکی کورت دا هەتا تەکلیفی سیاسەتی ئەمریکایە  روون دەبێتەوە ئێران دەتوانی بەلانی کەمەوە دە نێو خۆی دا بڕێک سەقام بگرێ. ئێمە نازانین ئەو قەراردادانە ناوەرۆکیان دەقیقەن چییە و ئێران چ دەدا و چی وەگیر دەکەوێ. ئەو ١٨ لاپەڕەی کە لە قەراردادی ئێران و چین وەدەست کەوتووە نیشان دەدا کە ئێران تا ڕادەیەکی زۆر بە چین دەبەسترێتەوە و چین بەو شێوەیەی کە ئەو ١٨ لاپەڕەیە بە ئێمە دەڵێ بەرعۆدەییەکی ئەساسی بەو شێوەیە  بە ئێرانێ نادا و بەشی زۆری ئەو قەراردادە لە ڕاستیدا قەرادادێکی حیمایەتی یە یانی ئێرانێ دێنێتە ژێر چەتری خۆی، چەتری حیمایەت و پشتیوانی خۆی. ئەوە شتێکە کە لە هەلومەرجی ئێستا دا ئەو جورەی کە عەدەمی ئەمنییەتی هەیە، نەبوونی ئەمنییەتی سیاسی و نیزامی هەیە، ئەوەی زۆر پێویستە و وا وەبەرچاو دا دێ ‌حازرە بە هەر جۆرێک بێ ئەو ئیمتیازانە بدا. هەڵبەت ئێمە ناوەرۆکی ئابووری، نیزامی ، سیاسی و فەرهەنگی ئەو قەراردادانە بە شێوەیەکی ڕوون و بەرفرەوان نازانین و دەبێ سەبر بکەین کە بزانین  چی لێ دێتەوە. بەڵام ئەوەیکە زەمینەی بۆ ئەو قەراردادە کردووەتەوە ناکۆکی ئەساسی لە سیاسەتی ئێرانێ دەگەڵ ئەمریکایە دایە. ئەمڕیکا ئەلئانەکە ئەو جۆرەی کە لە دۆسییەکەی ئێوەش دا ئاماژەی پێ کرا، ئەمریکا سیاسەتەکەی  لەمەڕ ئێرانێ دا سەرکەوتوو نەبووە، ئەوەش لەبەر ئەوەی ئەمریکا سیاسەتێکی ڕوون و چالاکی نەبووە و زۆرتر سیاسەتێکی تاجرانەی هەبووە واتە هەرچی گەمارۆی زیاتر بێ، ئێران چۆک دادەدا و دواجار قەبووڵ دەکاکە بێتە دەوری مێزی موزاکەرات. ئەو سیاسەتە  کاری نەکردووە، ئێران لە ڕووی سیاسەتەوە  چۆکی دانەداوە، لە ڕووی ئیقتیسادی ئابوورییەوە و لە نەزەر کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە وەزعی زۆر نالەبار و ناجوورە، زۆر زۆر لەتمە و زەربەی وێ کەوتووە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە ئەو جوورەی کە ئەمریکا دەیەویست چۆکی دانەداوە. و ئەو فەسڵەی کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئێران لە شانۆی نێونەتەوەیی دا بە دوای هاوپەیمان دا بگەڕێ، ئەوانەش چین و ڕووسیان.
ڕووسیا سەبارەت بە ئێرانێ، سیاسەتەکەی هەمیشە سیاسەتێک بووە کە قەت تەعەهود و بەڵێنێکی ئەساسی نەداوە بە ئێرانێ. لە ڕاستیدا ئێمە ناتوانین ڕووسیای بە شەریکی ستراتێژیکی ئێرانێ لەبەرچاو بگرین. لە سووریا ئەوە دیتراوە، لە جێگای دیکەش ئەوە دیتراوە. لە خودی ئێرانیش لە موقابیل ئەمریکایە دا ڕووسیا واقیعەن حازر نییە ئەمریکای قوربانی ئێرانێ بکا، بەڵام ڕووسیا دەتوانێ ئەو کارتانەی کە ئەلئان بە دەستەوەیەتی لەبەر  لاوازی سیاسەتی ئەمریکایە. دەتوانێ بەوانە گەمە بکا و هەتا وەختێکی کە وەزعی سیاسەتی ئەمریکایە دەو هەشتا و چەند ڕۆژەی دا روون دەبێتەوە، ئەو کارتانە بەکارێ بێنێ.
بەڵام چین، وەزعێکی دیکەی هەیە. چین دە شانۆیەکی نێونەتەوەیی دا دەگەڵ ئەمریکا تووشی کێشە بووە، ئەمریکا گەمارۆی لە سەر داناوە، فشاری بۆ هێناوە. مەسەلەی کۆڕۆنای هەموو نیسبەت دەدا بە چینێ. چین تاوانبار دەکا بە دزی تێکنۆلۆژیک، چین تاوانبار دەکا بە تەوسەعەخوازیی ئیمپراتۆری؛ ئەوانە هەمووی لە جێگای خۆی، موشکیلاتی ئەساسی کە لە سیاسەتی خۆی دەگەڵ چینێ پەیدای کردووە، ئەو مەیدانەی داوە بە ئێرانێ کە ئێران دەتوانێ لەو مەیدانەی دا بەلانی کەمەوە تا وەختێکی ئەو ناکۆکیانە لە نێوان سیاسەتی  ئەمریکا و چینێ دا هەیە ئێران کەلکی لێ وەربگرێ. بەڵام مەسەلەی ئەساسی کە لێرە دا ئەو دەرفەتەی داوە بە ئێرانێ کە بیکا ئەوەیە کە سیاسەتی ئەمریکایە پڕ بووە لە هەڵە، سیاسەتێک بووە کە ڕوون نەبووە، سیاسەتێک بووە کە فکری ستراتێژیکی لە بەر چاو نەبووە، و ئەوە شتانەش نابێ چاوەڕوان بکەی لە کەسێکی وەکوو تڕامپ کە لە ڕاستیدا بیزنسمەنێکە کە تەنێ فیکری ئەوڕۆ و ئەلئان و بەرژەوەندی خۆی و بەرژەوەندی کورت خایەنی خۆی دەکا.  ئەوانە نابێ لە ترامپی چاوەڕوان بکرێ.تڕامپ ئەو سیاسەتەی بەڕێوەبردووە،شکستەکەشی ئەساسەن ئی خۆیەتی. ئەگەر گەمارۆ دە زەمانی ئۆبامای دا کاری کرد، ئۆباما ئەو شعوورە سیاسییەی هەبوو کە دوور ببینێ و هات پێش ئەوەی کە ئەو گەمارۆیانە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە سەر ئێرانێ دابمەزرێنی هێنای ئیتیلافێکی ناونەتەوەیی گەورەی دروست کرد بە دژی ئێرانێ ئەو مەسەلەی بردە نەتەوە یەکگرتووەکان لەوێ بڕیارنامەی بە دژی ئێرانێ دەر کرد، ئێرانی واقیعەن زۆر ئیزۆلە کرد بە فشارێکی یەکجار زۆری هێنا سەری، جوورێک بوو کە هەم چین ، هەم ڕووسیا لەو سیاسەتەی ئۆبامای پشتیوانیان کرد و ئێران هیچ چارەی نەما وچۆکی دادا و چووە بەرجامێ. بەڵام، تڕامپ ئەو کارەی نەکرد، تڕامپ سیاسەتەکەی هەڵە بوو، دەگەڵ ئوڕووپایە موشکیلەی پەیدا کرد، دەگەڵ ناتۆی موشکیلەی پەیدا کرد، دەگەڵ چینێ موشکیلەی پەیدا کرد، دەگەڵ هەر کەسێکی کە دەگەڵ سیاسەتەکەی کورت خایەن و بێ هەدەفی ستڕاتێژیکی درێژ خایەن دەگەڵ تڕامپی موشکیلەی هەبوو دەگەڵی نەسازا و ئیمکانی ئەو جوورە ئیتیلافەی نەهاتە پێشی. نەتیجەش کە ئەلئان دەبینین ئەوانە دەیانەوێ ئەو گەمارۆی تەسلیحاتی لە سەر ئێرانێ درێژ بکەنەوە، ئیحتیمالی وەی ئەگەر ببێ زۆر زۆر زۆر کەمە مومکینە ئەمریکا بتوانێ دەگەڵ ڕووسیای بەوەی کە بتوانێ ئیمتیازاتێکی ئەساسی بدا بە ڕووسیای بۆ وێنە لە سەر ئۆکراین، لە سەر کریمەی، لە سەر چەند جێگای دی، تەنانەت مومکینە لە مەڕ سووریای. ترامپ سووریای بۆ ڕووسیا و ئێرانێ بە جێ هێشت. ئەلئانیش ناتوانێ پێشی بگرێ بەڵام ئەو ئیمتیازە دەتوانێ بداتە، ڕووسیا مومکینە ڕەئی مومتەنیع بدا یان تەنانەت ڕەئی بە پشتیوانی لە ئەمریکایە بدا بەڵام چین ئەو کارەی ناکا. ئیحتیمالی وەی کە ئەمریکا تەنانەت بتوانێ ئەو بڕیارنامەی گەمارۆ لە سەر نەدانی چەک بە ئێرانێ تازە بکاتەوە بۆ پێنج ساڵی دیکە، سێ ساڵی دیکە، دوو ساڵی دیکە بە باوەڕی من ئیمکانی نییە، سەرەڕای وەی کە دەوڵەتەکانی کەنداوی، عەڕەبستانی سعوودی  ویستوویانە، ئیسرائیلیش دەیەوێ، بەڵام ئوڕووپا ئەوەی ناوێ، چین موخالەفەت دەکا و دەوڵەتەکانی دیکەی دنیای سێهەمیش لەو وەزعەی کەلک وەردەگرن دەزانن تڕامپ وەزعی فەشەلە، هەشتاو چەند ڕۆژی ماوە، ئیمکانی وەی کە بیباتەوە زۆر کەمە و ڕۆژ بە ڕۆژیش کەمتر دەبێ  و دەشزانن ئەگەر بایدن بیباتەوە میحوەری سیاسەتی ئەمریکایە بە شێوەیەکی زۆر گشتی دەگۆڕدرێ.

گوڵ محەمەدی: باشە لە لایەک وەختێک ترامپ سوای هاتنە سەر دەسەڵات،  لە ٢٠١٨ یەک لایەنە بەرجامی هەڵوەشاندەوە، هەر وەک ئێوەش ئاماژەتان پێ کرد بگەڕێتەوە بۆ هاوپەیمانەکانیان، چونکە لەوێدا کۆمیتەیەک بوو تەنیا ئەمریکا و ئێران نەبوون چەند وڵاتی دیکەش  بەشدار بوون لە بەرجام دا، ترامپ هیچ گرینگی بەوان نەدا، یەکسەر ڕێکەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە. لە لایەکی دیکەوە کە ئێستا کەمتر لە ٩٠ ڕۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا. تڕامپ لە کوتوپڕێک دا دەڵێ ئەگەر من بیبەمەوە بێ قەیدو شەرت دیرێکت لەگەڵ ئێران دەکەومە وتوێژەوە، ئایا ئەمانە شانس نادەن بە ئێران کە زیاتر بتوانێ یاری بکا لە ناوچەکە دا؟

Add caption

وەلی: ئاخر تڕامپ هیچی لە دەستی دا نییە ئەلئان. تڕامپ یەک شتی دە دەست دایە ئەویش ئەوەیە کە ئیحتیمالەن حەڕەکەتێکی نیزامی زۆر مەحدوود، سنووردار بکا. مەسەلەن لە چەند پێگەی سپای پاسداران بدا و ئەو جوورە شتانە، بە غەیری وەی تڕامپ لە مەڕ ئێرانێ کارتی بەرەوەی پێ نەماوە، هیچی پێ نەماوە. ئەو کارتانەی بە سیاسەتەکانی خۆی سووتاند. و سیاسەتەکانیشی بە هیچجۆر بنەمایان نەبوو. تڕامپ سیاسەتمەدار نییە. هەر کەسێکی کە لە سیاسەتی بزانێ و لە سیاسەتی ئەمریکایەی لەو سەد ساڵە دا کۆڵیبێتەوە، موتاڵای کردبێ و هەڵی سەنگاندبێ دەزانێ کە تڕامپ سیاسەتی نییە، دەزانی تەنانەت لە سەر  سووریای دا دیتتان چی کرد، بە تەلەفۆنێک تەواو پلانی ستراتێژێکی پێنتاگۆن ، وەزاڕەتی بەرگری ئەمریکای تێک دا. وە لە دوایە بە زۆری مەجبووریان کرد هێزەکان بگەڕێنێتەوە ئەلئانیش وەزعی سووریای تەواو نامەعلوومە و هیچکەسیش نازانێ، بۆخۆشی نازانێ بۆچی ئەو کارەی کرد. هیچ نەفع و بەرژەوەندیشی بۆ ئەمریکایە نەبوو. سومعەی ئەمریکایە لە ناو لایەنگران و پشتیوانەکانی ئەمریکایە دا خراپ کرد. تڕامپ ئەو کارانە دەکا و تڕامپ لە نەزەر شعووری سیاسی و فکری ستراتێژیکی سیاسی زۆر زۆر زۆر لە خوارێیە. واقیعەن ناتوانێ ئەو دەرکەی کە دەبێ سیاسەتمەدارێک سەبارەت بە سیاسەت هەیبێ، کەسێک کە قودرەتێکی دنیایی وەکوو ئەمریکایەیە دەبێ بزانێ کە بەکارهێنانی ئەو قودرەتەی  دەبێ سیاسەتێکی چالاکی لە پشت بێ، وەختێکی سیاسەتێکی چالاکی لە پشتە بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتەی دەبێ مەسئوولییەتیشی لە سەر بێ،سیاسەتەکانی تڕامپی کامیلەن بەبێ مەسئوولییەتە. ڕۆژێک  دێ دەڵێ کوردان وان و وان  زۆر باشن و نازانم چی، ڕۆژێکی دی دێ دەڵێ لەوە زیاتر ناتوانن بکەن ئەوان دەبوو بۆخۆیان بەرگری لەخۆیان بکەن، ئەلئانەکە ئەگەر ناتوانن ئەوە موشکیلی من نییە، تەوەجوهێ دەکەی. ئەوە بەو مانایەیە کە کابڕایەکە دەسەڵاتێکی زۆری دە دەستی دایە، بەڵام لە جێدا مانای مەسئوولییەتی سیاسی، مەسئوولییەتی فەرهەنگی، مەسئوولییەتی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی دەرک ناکا.

گوڵ محەمەدی: باشە دوکتور، ئێستا ڕێژیمی ئێران لە بەحسەکانیشمان دا هات کە لە بواری کۆمەڵایەتی، لە بواری ئابووری، و هەر وەها لە بواری بەڕێوە بردن و سەربازیشەوە لە تەنگانەیەک دایە. تەقینەوەکانی لوبنانیش دەتوانێ کاریگەرییەک لە سەر سیاسەتی رێژیم لە ناوچەکە دا بکات. ئەمڕۆ حکوومەتی لوبنان بە شێوەیەکی چاوەڕوان کراو دوای تەقینەوەی ئەنباری نیترۆنەکە لە بەیڕووت هەڵوەشاوەتەوە، خەڵک هێشتا ناڕازین. ئەمجارە خەڵکی بەیڕووت بە ئاشکرا دژی ئێران دروشم دەدەن. ئایا ئەو تەقینەوەیە لە لوبنان دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە دەستی ئێران هێدی هێدی لە ناوچەکە کورت بکرێتەوە؟ یان لانی کەم لە لوبنانەوە دەست پێ بکا بە کورت بوونەوەی دەستی ئێران؟

 وەلی: هەدەفی ئەو ستڕاتێژییەش هەر ئەوەیە. یانی بە جورێکی دەبێ ئێرانی یانی ئەگەر ئێران لە لوبنانێ  نفووزەکەی، تەئسیرەکەی، باندۆری ئێرانێ لە لوبنانێ لا ببەن، حیزبوڵا ناتوانێ بمێنێتەوە تەوجوهێ دەکەی. ئەوە زۆر گرینگە و، هەموو شتێک لە لوبنانێ دەکرێ، بەڵام هەتا حیزبوڵا لەوێ هێزی سەرەکی و ئەو جۆرەی کە دەڵێن  دوازدە هەزار مووشەکی هەیە و ئەو جوورەی کە دەڵێن پووڵ و پارەیەکی زۆری لە قاچاغ و تەجاڕەتی  ڕەش و ئەو جوورە شتانە هەیە ، خوب دەتوانێ لەوێ بەردەوام بێ. بە باوەڕی من ئەو وەزعەی کە هاتووەتە پێشێ لە لوبنانێ حاڵەتێکی زۆر ئیدەئالە کە بتوانن لەو وەزعەی کەلک وەربگرن و تەکلیفی ئێرانێ و لە نەتیجە دا تەکلیفی حیزبوڵاش لەوێ مەعلووم بکەن. ئێران ئەوەی کە پێی دەڵێن قووڵایی ستڕاتێژیکی خۆی. قووڵای ستڕاتێژیکی ئێرانێ لەو بابەتەوە تەعریفێکی زۆر بەرفرەوانی هەیە، بەڵام ئەوەی کە گرینگە، لە ئێرانێ دا ئەلئان چون خامەنەیی بۆخۆی، دەفتەری وی و ماڵباتی وی ئەوەی کە پێی دەڵێن بەیتی ڕەهبەری ئەوانە سیاسەتی ئەساسی ئێرانێ لە ژوورەوە و دەرەوەی ئێرانێ تەعیین دەکەن، ئەوانە دەزانن کە لە ژوورەوەی ئێرانێ سیاسەتی وانە لە هەر لایەکییەوە بیبینی شکستی خواردووە تەوەجوهێ دەکەی. یانی واقیعەن گەمارۆکان تەئسیری عەجایبیان هەبووە، بە دوای ویش دا کۆرۆنا هاتووە وەزعەکەی نیشان دەدا. نیشان دەدا کە حکوومەتی ئێڕانێ بە ڕواڵەت هەموو ئەهڕومەکانی دەسەڵاتی دە دەست دایە بەڵام ناتوانێ نەزم دروست بکا، ناتوانێ  ئەو سیستمەی بگێڕێ. بەڵام ئەوانە لە سیاسەت دانانی ئێرانێ دا بە پێچەوانەت سیاسەت دانانێکی عەقڵانی یە، لە سیاسەت دانانی عەقڵانی دا هەمیشە سیاسەتی دەرەوە دەبێ تابیعی سیاسەتی ژوورەوە بێ. لە ئێرانێ دا سیاسەتی دەرەوە سەرکییە و سیاسەتی ژوورەوە هیچ ئەهەمییەتی پێ نادەن. لەو بابەتەوە ئەوەی کە پێی دەڵێن قووڵایی ستڕاتێژیکی ئێرانێ، بەرتەسک و بەر تەسک و بەرتەسک  بکەنەوە، ئێران بگەڕێتەوە سەر جێگای خۆی ئەو دەمی زۆر زەحمەتە لە هەلومەرجی قەیرانی کۆڕۆنا و ئەو مەسەلەی گەمارۆ و تەنانەت ئەگەر بایدنیش بێ، ئەگەر بایدنیش بێ دە یەک ڕۆژ دا ناتوانێ گەمارۆکان هەڵگرێ. بایدنیش بێ ئەو مەسەلە هەتا مانگی ژانوییەی بەردەوامە تەوجوهێ دەکەی . بایدنیش ناتوانێ لە سەر بنەمای هەلومەرجی بەرجامی بچێتەوە سەر بەرجامی چون ئەوانیش دەزانن پاش وەی کە بەرجام ئیمزا کرا، ئێران چی کرد لە مەنتەقەی دا بە مووشەک و مووشەک باران و سووریا و عێڕاق و ئەوانە. ئەوانیش ئەوانەیان ناوێ تەوەجوهێ دەکەی. بایدنیش ئیحتیاجی بە کۆمەگی لابی جوولەکان لە ئەمریکایە هەیە، بایدنیش ئیحتیاجی بە کۆمەگی ئوڕووپایە هەیە. بەڵام بە باوەڕی من بایدن موشکیلەکانی دەگەڵ چینێ  زووتر جێ بەجێ دەکا، دەگەڵ ڕووسیای مەسەلە زۆر ئاڵۆز دەبێ. بەڵام قسە ئەوەیە کە ئێران  بژارەکانی زۆر کەمە. ئێران یەک مەجهوولی ئەساسی هەیە. ئەو مەجهوولی ئەساسییەش بە باوەڕی من تاحەدێکی زۆر خەتای خودی وەزعی سیاسەتەکەی ئێرانێ یە. ئەویش ئەوەیە کە ئێران وەزعەکەی ڕێژیمی ئاوایە، سیاسەتی دەرەوەی ئاوایە بەڵام ئێران لە ژوورەوە واقیعەن  ئۆپۆزیسیۆنێکی مونسەجیمی سازماندراوی نییە. ئەمریکاییان وئوڕووپاییانیش حازر نین بە تەجروبەی  کە لە عێڕاقێ هەیان بوو  ئیهتیمام بدەن بە ئۆپۆزیسیۆنێک، پشتیوانی لێ بکەن کە لە ژوورەوەی وڵاتی دا بنەمای نییە. بۆیەشە هەتا ئێستا ئەمریکا هیچ وەختێکی بە ڕاشکاوی لە هیچ بەشێکی کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانێ دەزانن، بە ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێرانێ دەزانن پشتیوانی نەکردووە. گۆیا دەلێن بڕایان هووک  لەو سێ چوار مانگەی پێشتر دا لەگەڵ بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی واریدی موزاکەرە ببوو بەڵام  ئەویش بە دزی بووە بەپێچەوانەی ئەوەی کە  بو وێنە لە سووریای هەیە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە عێڕاقێ بوو و ئەوانە کە بە ڕاشکاوی ئەمریکاییان دەگەڵ  ئۆپۆزیسیۆنی دانیشتوون و دەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی قسەیان کردووە، لەمەڕ ئێرانێ ئەو کارەیان نەکردووە. ئەوە مەجهوولی ئەساسی سیاسەتی ئێرانێ یە. بۆ ئەوەی کە حکوومەتێک بڕووخێ دوو شەرت لازمە. یەک ئەوەیە کە حکوومەتەکە نەتوانێ حکوومەت بکا، کە لە ئێرانی دا دەقیقەن وایە، واقیعەن ناتوانێ حکوومەت بکا. یەکیش ئەوەیە کە نەیەڵن حکوومەت بکا. ئەو هێزەی کە دەبێ نەیەڵێ حکوومەتی ئێرانێ حکوومەت بکا نییە، وجوودی نییە. جا بۆیە وەزعەکە ئاوا ئاڵۆزە و ئەو کەسەش کە موسیبەت و بەدبەختی و نەهامەتی لەوە وەزعەی دەبینێ خەڵکی ئێرانێ یە،

گوڵ محەمەدی: پڕۆفێسۆر عەبباسی وەلی کۆمەڵناسی سیاسی زۆر خۆشحاڵ بووین کە ئەمشەو لەبەرنامەی ڕاڤە لەگەڵمان بووی لە ئاریان تیڤی.

وەلی: زۆر خۆشحاڵ بووم، دیسان سڵاوم هەیە لە خزمەت ئێوە و بینەرانتان.     




 

No comments: