Wednesday, September 16, 2020

یەکەم نامەی کاک سادق لە پاریسەوە


یەکەم  نامەی کاک سادق لە پاریسەوە

لە دوو  ساڵی  ڕابردوو لە سڵڕۆژی کووژرانی هاوڕێی شەهید دوکتور سادق شەڕفەکەندی  دوو نامەیم بڵاو کردەوە. ئەوە ئەمساڵیش یەکەم نامەی بڵاو دەکەمەوە کە دوای ماوەیەکی کورتی کە بۆ خوێندنی دوکتورا هاتبووە پاریس بۆ نووسیبووم. دوو نامەکانی دیکە درێترن و دوای ئەم تاریخە نووسراون.


نامەکەی بەکوردی:

دۆستی ئازیز

لە دوای ماوەی درێژ وێڕای سڵاو، هیوادارم ڕۆژوەکان بە کاوت بێ و ڕۆژگار بە پێی داوخواز.
ماوەیەکە لە پاریسم و لە سەرتاوە دەمویست پێوەندیتان لەگەڵ بگرم بەداخەوە ناونیشانی ئێوەم نەبوو
 ( و ئێستاش نازانم کە ئەم ناونیشانەی کە لە ئێرانەوە بۆیان ناردووم لە ڕاستیدا ناونیشانی ئێوەیە یان نا!)
بە هەرحاڵ بە هیوای خەبەری خۆش و عەرزی سڵاوێک – هیوادارم جار جار لوتفێک بکەی و چەند وشەیەک بنووسی. دیارە هەر کارێکی هەت بێ کە بتوانم لێرە دا بۆت ڕاپەڕێنم بەوپەڕی مەیلەوە لە خزمەت دام. ئەگەر سەفەرێکیشت کرد بۆ ئەم لایانە هەڵبەت ئینشائەڵا دیدارێک تازە دەکەینەوە.
ئادرێسی ڕێزدار ئەمیر ساوجبولاغچی شم نییە ئەگەر خەبەرت لێی هەیە و دەیبینی مەمنوون دەبم سڵاوی من بە بەڕێزیان بگەیێنی.
بە تایبەتی تکا دەکەم سڵاوی من بە ڕێزدار حەسەن جیداری بگەیێنە و پێیان بڵێ کە حەتمەن نامەم بۆ بنووسێ و بەکورتی دڵم بۆ دیداری لێ دەدا و جارێ ئەگەر ناونیشانێکی بەڕیزیشیانم هەبێ  هەرچۆنێک بێ نامەنووسین لە بێ خەبەری موتڵەق زۆر باشترە.
هەر وەک گوتم لەبەر ئەوەی لە گەیشتنی ئەو نامەیە دڵنیا نیم جارێ هەر بەو چەند وشەیە بۆ کرانەوەی دەرگای پێوەندی بەس دەکەم دەنا خۆت دەزانی ئەمن ئەوی دەیڵم نای لێ مەوە.

دڵسۆزتان: محەمەدسادق شەڕەفکەندی

٨-ی دیسامبری ١٩٧٢

ناونیشان
...............
ماڵم لە دەوروبەری نزیک پاریسە وهەر بۆیەش لە ناونیشانەکە دا باسی پاریس نەکراوە

 

تێبینی: مەبەست لە ئەمیر ساوچبولاغچی برای دۆستێکی نزیکی شەخسی کاک سادق، بەڕێز سمایلی ئاغامەجیدە. حەسەن جیداری تێکۆشەڕیکی خەڵکی تەورێزە کە سەردەمایەک لەگەڵ کاک سادق لە شوێنێک بەیەکەوە کاریان کردبوو و هەر دووکیان مامۆستا بوون. دیارە دواتر کاک سادق لە سەفەری لەندەن  دا چاوی بە ڕێزدار جیداری کەوت و دوای ساڵەهای ساڵ دیداریان تازەکردەوە. لەو سەردەمی دا هەر کەس ڕێی کەوتبێتە لەندەن و لە حاڵ و فەزای ئۆزیسیۆنی دژی ڕێژیمی شا دا بووبێ بێ ئەملاو ئەولا جیداری دەناسێ.
بە ساڵان دواتر ئەو کات کە نەمر شەڕەفکەندی بۆ کردنەوەی دەفتەری حدکا هاتبووە پاریس بە یەکێک لەو دۆستانەی دا کە لەلەندەنەوە هاتبووە پاریس سڵاو دەنێرێ بۆ جیداری و ئەمەی خوارەوە دوانی نێوان ئەو برادەرە و بەڕێز جیداری یە کە ڕەنگە لە وەرگێڕانی کوردی دا ئەو تام و بۆیەی نەمێنێ. جێی ئاماژەیە ئەو سەروبەندی جیداری بە توندی دژی حیزبی توودە و ڕێبازی سۆڤیەت بوو لە ئاستی جیهانی دا و لە ڕیزی کۆنفێدراسیۆن دا هەمیشە دژایەتی حیزبی توودەی دەکرد:
م.ش: هاوڕێ جیداری ئەو ڕۆژانە لە پاریس بووم. دوکتور شەڕەفکەندی م دی زۆر سڵاوی دەگەیاندی.
جیداری: مەبەستت سادق شەڕەفکەندی یە؟
م.ش:بەڵێ
جیداری: ئەرێ هیچ کاری سیاسی دەکا؟
م.ش: بەڵێ چۆن، ئێستا جێگری سکرتێری گشتی حدکایە!
جیداری: ههااااااااا،ئەگەر وایە ڕێویزیۆنستە، لەگەڵ ڕێبازی حیزبی توودەیە. من سڵاوی وا قبووڵ ناکەم. چ سڵاوێک  چ عەلەیکێک؟

....
م. ش گێڕایەوە دەیگوت دوای ئەوەی کە گرووپی ٧ نەفەری لە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕات دەر کران. رٶژێک دیسان تووشی ڕێزدار جیداری بوومەوە، یەکدا بەدوو وا دەکا:
جیداری: تکایە تکایە سڵاوی گەرمم بە هاوڕێ سادق شەڕەفکەندی بگەیێنە، واقیعەن حیزبی دێمۆکڕات حیزبێکی شۆڕشگێڕە...



ئەو نەقڵەم بۆی لە بۆنەی شەهادەتی کاک سادق و هاوڕێیانی دا گێڕاوە چونکە دەزانم بە بیستنی قا قا پێ دەکەنی، بە پێکەنینی تایبەتی خۆی. لە وەبیرهێناوەی ئەمساڵ دا بڵێم ساڵی ٢٠١٨ کاتێک یەک نامەکانیم بڵاو کردەوە نەمر تەیفوور بەتحایی پەسندی کرد بوو. سەیرە تەیفوور چەند ڕۆژ بەر لە ساڵڕۆژی شەهادەتی کاک سادق سەری نایەوە. یادی هەر دووکیان و شەهیدانی سوور خەڵات نووری دێهکۆردی، فەتاح عەبدولی و هومایون ئەردەڵانیش هەرمان بێ.  





 

No comments: