Wednesday, September 9, 2020

ئەو وتارەی نەمر دەیڤید گڕەیبر کە لە جەنگەی گەمارۆی کۆبانێ دا کاردانەوەی گەورەی هەبوو لە سەر ڕای گشتی لە ئوڕووپا و ئەمریکا

بۆچی دنیا لا لە شوڕشگێرە کوردەکان لە سووریا ناکاتەوە؟
دەیڤید گڕەیبر

چوارشەمە ٨-ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤
وەرگێڕ: حەسەن قازی

ڕاست لە چەقی ناوچەی شەڕی سووریا دا  ئەزموونێکی دێمۆکراتیک خەریکە بە دەست داعش پێشیل بکرێ. ئەوەی کە جیهانی دەورو بەر ئاگای لەوە نییە شوورەییە یە.

لە ساڵی١٩٣٧، باوکم دڵخوازانە لە شەڕی بریگادی نێونەتەوەیی دا بەشداری کرد بۆ بەرگری لە جمهووری ئێسپانیا. کودەتایەکی سەرنەگرتووی فاشیستی لە سایەی ڕاپەڕینی کرێکاران بۆ ماوەیەکی کاتی پێشی گیرا،بە پێشەنگی ئانارشیستان و سۆسیالیستان، و لە زۆر جێی ئیسپانیا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ڕاستە قینەی بە دوو داهات و گەیشتە ئەوەی گشت شارەکان بکەونە ژێر بەڕێوەبەری ڕاستەوخۆی دێمۆکڕاتیک، سنعات هەموو کڕێکار کۆنتڕۆڵیان بکا، و هەر وەها ڕاهێزاندنی ڕادیکاڵی ژنان.

شۆڕشگێڕە ئیسپانیاییەکان هیواداربوون وێنای کۆمەڵێکی ئازاد سازکەن کە هەموو پاشماوەی جیهان بکرێ بە دووی وان دا بچێ و هەمان شت بکا. بە پێچەوانە. دەسەڵاتدارانی جیهان  سیاسەتی " دەست تێوەرنەدان" یان وەبەر گرت و گەمارۆیەکی سەختیان لە سەر جمهووری دانا، تەنانەت دوایە هیتلێر و مۆسۆلینی، کە بە ڕواڵەت واژۆکارانی بێ لایەنی  بوون دەستیان کرد بە ناردنی سەرباز و چەک بۆ ئەوە وەفریای لایەنی فاشیست بێن. ئاکامی ئەوە بە ساڵان شەڕی ناوخۆ بوو کە بە دامرکاندی شۆڕش و یەکێک لە کوشتارە خوێناوییەکانی سەدەی خوێناوی تەواو بوو.
ئەمن قەت بە بیریشم دا  ڕانەبردووە، کە لە زەمانی ژیانی من دا، دیسان شاهیدی دووپاتە بوونەوە کوشتارێکی ئاوا بم. بە ڕواڵەت، هیچ ڕووداوێکی مێژووی لە ڕاستییدا قەت دوو جار ناقەومێ. بە هەزاران جیاوازی هەیە لە نێوان  ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٦ لە ئێسپانیا ڕوویدا و ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوا دەقەومێ، کە ئەمڕۆ بریتییە لە سێ ئوستانی باکووریی سووریا کە زۆربەی دانیشتوانیان کوردن. بەڵام هێندێک وەیەکچوونی زۆر سەڕنجڕاکێشیش هەن،کە ئەوەش جێگای داخە ، من وەک کەسێک کە لە بنەماڵەیەک دا گەورە بووم کە ڕێبازی سیاسییان لە زۆر ڕووەوە شۆڕشی ئێسپانیا دیاری کرد، بە ئەرکی خۆمی بزانم بڵێم: ئێمە نابێ بڵێین ئەو شۆڕشەش هەمان چارەنووسی هەبێ.
هەرێمی خۆسەری ڕۆژئاوا، وەکوو ئەوەی کە ئەمڕۆ هەیە، یەک لەو چەند خاڵە ڕوونانەن – هەتا بڵیی زۆر ڕوون- کە لە ژێر تڕاژێدی شۆڕشی سووریا  پەیدا بوون، بە دەرپەڕاندنی مەئموورانی ڕێژیمی ئەسەد لە ساڵی ٢٠١١، و سەرەڕای دوژمنایەتی لەلایەن تەقریبەن هەموو دراوسێیەکانییەوە ، ڕۆژئاوا نەک هەر ئەوەی کە سەربەخۆیی خۆی پاراستووە، بەڵکوو ئەزموونێکی دێمۆکڕاتیکی چاوڕاکێشیشە.ئەنجومەنی کۆمەڵانی خەڵک ساز کراون وەک بەرزترین دەزگای بڕیار دان، ئەندامانی شووراکان هەڵبژێردراون بە پێی پارسەنگی وردی ئێتنیکی ( بۆ وێنە، لە هەر شارەدارییەک دا سێ لە کاربەدەستانی هەرە پایە بەرزی  دەبێ  لە کوردێک، عەڕەبێک و سوریانییەک یان ئەرمەنییەکی مەسیحی پێک بێ، و بەلانی کەمەوە یەکێک لەو سێ کەسە دەبێ ژن بێ). شووڕای ژنان و لاوان هەن، و وەک کارتێکەرییەکی سەڕنجڕاکێشی ئێسپانیا موهێرێ لیبرێس ( ژنانی ئازاد)ی چەکدار، ئەڕتەشێکی فێمێنیست. میلیشیای " ئێ ژێ ئا ستار" یەکێتیی ژنانی ئازاد" هەیە، وشەی ستار لێرەدا ئاماژەیە بە ئیلاهەی مێزۆپۆتامیا ئیشتار)، ئەو ئەڕتەشە بەشێکی زۆر لە عەمەلیاتی شەڕ بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی بەڕێوە بردووە.
چون دەکرێ شتێکی ئاوا ڕووبدا و هێشتاش تەقریبەن بە تەواوی لای لێ نەکرێتەوە لە لایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، تەنانەت، تا ڕادەیەکی زۆر، لەلایەن هێزە چەپە نێونەتەوەییەکانەوە؟ وا وێدەچێ، بە شێوەی سەرەکی لەبەر ئەوەبێ کە پارتیی شۆرشگێڕی ڕۆژئاوا ( پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک)، هاوکاری هەیە لەگەڵ پارتیی کرێکارانی کوردستان لە تورکیا (پ.ک.ک)، بزووتنەوەیەکی پارتیزانیی مارکسیست  کە لە ساڵانی ١٩٧٠کانەوە لە شەڕێکی دوورودڕێژ دا بووە بە دژی دەوڵەتی تورک. ناتۆ، ئەمریکا و یەکێتی ئوڕووپا بە ڕەسمی ئەوانیان بە " تیڕۆریست" راگەیاندووە. لەهەمان کاتدا، چەپەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر وەک ستالینیست  بەرپەرچیان دەدەنەوە.
بەڵام، لە ڕاستییدا،پ.ک.ک خۆی چیدیکە وە ڕابردووی کۆنی ناچێ، پارتییەکی لێنینیستی کە لە سەرەوە بەرەو خوار کارەکانی بەڕێوە بچێ کە لە زەمانێک وابوو. ئاڵوگۆڕیی ناوخۆیی خۆی، و گۆڕانی ڕووناکبیری دامەزرێنەرەکەی عەبدوڵا ئوێجاڵان، کە لە ساڵی ١٩٩٩ وە، لە دوڕگەیەکی تورک دا زیندانی کراوە، گەیشتووەتە ئەوەی کە بەتەواوی ئامانجەکان و تاکتیکەکانی بگۆڕێ.

پ.ک.ک ڕایگەیاندووە تەنانەت چیدیکە بە دوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی دا نییە، لە جیاتیان، تا ڕادەیەک بە ئیلهام وەرگرتن لە ڕوانگەی ژینگە پارێزی کۆمەڵایەتی و ئانارشیست ماری بوکچین دیدی " شارەدارێتی ئازاد"ی وەخۆ کردووە، بانگەوازی کوردەکان دەکا بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی ئازاد، خۆسەر لە سەر بنەمای پرێنسیپەکانی دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ،کە دوایە ئەوانە لە دەرەوەی سنووران بەیەک دەگەنەوە- کە هیوا ئەوەیە سنوورەکان بە تێپەڕینی زەمان هەتا دێ زیاتر کەمڕەنگ بنەوە و مانایان نەمێنێ. بەو شێوەیەو، ئەوان پێشنیاریان کرد. خەباتی کورد دەتوانێ ببێ بە مۆدێلێک بۆ بزووتنەوەیەکی جیهانی بەرەو دێمۆکڕاسییەکی ڕاستەقینە، ئابوورییەکی هەرەوەزی، وهەلوەشاندنی بەرەبەرەی دەوڵەت-نەتەوە.

پ.ک.ک لە ساڵی ٢٠٠٥ وە بە ئیلهام وەرگرتن لە  ستراتێژی سەرهەڵداوانی زاپاتا لە جیاپاس، ئاگر بەسێکی یەک لایەنەی لەگەڵ دەوڵەتی تورک ڕاگەیاند  و دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی حەولەکانیان لە سەر بەرەوپێشبردنی ستروکتووری دێمۆکراتیک لەو خاک و ناوچانەی دە ژێر کۆنتڕۆلیان دا بوون. هێندێکان ڕادەی جیدی بوونی ئەو حەولانەیان بردووەتە ژێر پرسیار،بێ گومان تاکوتەرای سەرەرۆ هەر ماونەتەوە. بەڵام ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوویداوە، کە تێیدا شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرفەتێکی دا بە ڕادیکاڵەکان کە ئەو ئەزموونانە لە خاک و کەوشەنێکی بەیەکەوە بەستراو دا جێ بەجێ بکەن، دەری دەخا ئەوە هەرچییەکی بێ ویترین ڕازاندنەوە نییە. شووڕاکان، ئەنجومەنەکان و میلیشیای گەلیی ڕێک خراون. ملکوماڵی ڕێژیم لەبەر دەست ئەو دەستگا هەرەوەزیانە نراون  کە لە لایەن کرێکارانەوە هەڵدەسووڕێن – و گشت ئەمانە سەرەرای هێرشە بەردەوامەکانی هێزە ڕاست ئاژۆ تیژپەڕەکانی داعش، ئەوئاکامە بە تەواوی لەگەڵ ناساندن و تەعریفی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەگونجێ. بە لانی کەمەوە لە ڕۆژئاوا، ئەو تێکۆشانانە هەستیان پێ کراوە و پێیان زاندراوە: بە تایبەتی دوای ئەوەی پ.ک.ک و هێزەکانی ڕۆژئاوا بە سەرکەوتووییەوە ڕێیان دەرکردە ناو خاکی داگیرکراو بەدەست دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق و شەڕیان بە دژی کرد و بە هەزاران ئاوارەی ئێزیدیان ڕزگار کرد کە لە چیای شەنگال گیریان خورادبوو دوای ئەوەی کە پێشمەرگەی ناوچەیی مەیدانیان بەجێ هێشت. ئەو کردەوانە لە هەرێم دا بە بەربڵاوی پێشوازییان لێ کرا، بەڵام سەرنجڕاکێشە  کە لە چاپەمەنی ئوڕووپا و ئەمریکای باکووری دا تەقریبەن هیچ لای لێ نەکراوە.


ئێستا، داعش ، بە تانکی ئەمریکایی و ئەوتۆپە قورسانەی کە لە ئەرتەشی عێراقی ئەستاند گەڕاوەتەوە، بۆ تۆڵە سەندنەوە لە هەمان زۆر لەو میلیشیا شۆڕشگێڕانە لە کۆبانێ، و ئامانجی خۆیان ڕاگەیاندووە بۆ کوشتوبڕ و بە کۆیلە کردن – بەڵێ، بە ڕاستیش بە کۆیلە کردنی – هەموو دانیشتوانی مەدەنی. لە هەمان کاتدا، ئەڕتەشی تورک لە سەر سنوور ڕاوەستاوە و پێشی ئەوەی گرتووە هێزی یارمەتیدەر و گوللە بگاتە دەست بەرگریکاران، و بە ڕواڵەت فڕۆکە ئەمریکاییەکان هاڕەیەکیان دی بە ئاسمانەوە وجارجار هێندێک بۆمبارانی سەمبۆلیک و دەرزیلەیی دەکەن، هەر بۆ ئەوەی بتوانن بڵێن کەهیچ ناکەن لە ئاست گرووپێک کە ئیدیعا دەکەن لەگەڵی لەشەڕدان لە کاتێکدا کە ئەو گرووپە بەرگریکارانی یەک لە ئەزمونە هەرە دێمۆکڕاتیکەکانی جیهان تێک دەشکێنێ.  

ئەگەر ئەمڕۆ هاوتەریبێک هەبێ بۆ فاڵانژیستە بە ڕواڵەت بە ئیمان و مرۆڤکووژەکانی فڕانکۆ، گەلۆ ئەوە داعش نییە؟ و ئەگەر هاوتەریبێکیش هەبێ بۆ مووهێرێ لیبێرێس ( ژنانی ئازاد) ی ئیسپانیا ، ئەوانە کێ دەتوانن بن جگە لەو ژنە بوێرانەی کە لە سەنگەرەکانی کۆبانێ دا خۆڕاگری دەکەن؟ ئایا دنیا – و ئەم جار بە شێوەی شووڕەییەتر لە هەمێشە، چەپی ناونەتەوەیی – بە ڕاستیش دەیانەوێ هاوکار بن بۆ ڕێگەدان بە ئەوەی مێژوو خۆی دووپاتە کاتەوە؟

وێنەی  یەکەم :  Photograph: Denis Balibouse/Reuters



 

No comments: