Monday, October 11, 2021

شووێنیزمی زمانی، کارلێکەری زمانان لە سەر یەکتر، گؤڕانی دەنگ، هەڤپەیڤین لەگەڵ پرۆفسۆر جەعفەر شێخولئیسلامی



شووێنیزمی زمانی، کارلێکەری زمانان لە سەر یەکتر، گؤڕانی دەنگ
هەڤپەیڤین لەگەڵ پرۆفسۆر جەعفەر شێخولئیسلامی، پێنخشەمە ٢٩-ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠
بینەرانی خۆشەویست. بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. وەک دەبینن ڕاوێژی ئەمجارەمان سەعاتێک هاتووەتە دوایە یانی لەوەی دواوە سەعات حەوت بڵاو دەبێتەوە. لە بەرنامەی ئەمجارەماندا دیسان لەگەڵ بەڕێز دوکتور جەعفەری شیخولئیسلامی پرۆفسۆری هاوکار لە بەشی زمانناسی و لێکۆڵینەوەکانی زمان لە زانکۆی کارلتن لە شاری ئۆتاوا لە کانادا قسە دەکەین.
حەسەن قازی: بەڕێز شێخولئیسلامی زۆر زۆر بەخێر بێی بۆ بەرنامەکەمان.
پرۆفسۆر شێخولئیسلامی: زۆر زۆر سپاس مامۆستا حەسەن، سپاست دەکەم بۆ میوانداریتان
قازی: پێم خۆشبوو لەو بەرنامەیە دا زیاتر لە سەر چەمکی شۆوێنیزمی زمانی ڕابوەستین. دیارە شۆوێنیزم وەک دیاردەیەک جۆراوجۆرە و لە ئەساسدا لە ناوی سەربازێکی فەڕانسەیی ڕا داکەوتووە کە لە زەمانی ناپلیۆن دا ویستوویەتی هەموو ژیانی خۆی، هەموو شتی خۆی بە چاوبەستراوی تەرخان بکا  بۆ بواری نیشتمانپەرەستی بە شێوەیەکی ئیفڕاتی و لەو دەمییەوە ئەو زاراوەیە داکەوتووە و هاتووە دە بواری زمانەوانیشەوە، زمانناسیشەوە. بەڵام بەداخەوە لە بەر ئەوەی لە ئەدەبیات و لە وتوێژی ئەو بابەتە لە زمانی کوردیدا تەنێ وەک دەزانی نەمر پرۆفسۆر ئەمیری حەسەنپوور ئەو مەسەلەی هێنا گۆڕێ سەبارەت بەو شێوەی کە هێندێک لە ئاخێوانی شێوەزارێکی کوردی بە نیسبەت شێوەزاری دیکە دەریان دەبڕی و ئەو بابەتەی لەم کتێبە دا کە لێرە دا دەیبینین.



[ کتێبی سەدەیێک خەبات لە پێناوی زمانی کوردیدا؛ تیۆری،سیاسەت و ئیدەئۆلۆژی.بنکەی ژین، سلێمانی ٢٠١٥] بە دوورو درێژ ئەو دیاردەیەی شی کردووەتەوە، بەڵام لە بەر ئەوەی ڕەنگە نووسینەکانی مامۆستا ئەمیر بە بەربڵاوی نەگەێشتبێتە دەستی خوێنەرەوەی کورد، لەو بارەیەوە دەکرێ هێندێک سووئی تەفاهوم، خراپ تێگەیشتن هەبێ. ئەمن پێم خۆشە لەم بەرنامەیە دا ئێمە بەشێوەیەکی هەمە لایەنە لە سەر ئەو مەسەلەیە ڕابوەستین جا فەرموو دەست پێ بکەین بزانین لە سەرەتا ڕا ئەو چەمکە چۆن دەست پێ دەکا و پێوەندی چییە بە ئیدێئۆلۆژی زمانییەوە؟
شێخولئیسلامی: زۆر سپاس کاک حەسەن گیان، پێشینەیەکی زۆر ڕێک و پێک بوو، کارەکەی منت ئاسان کردەوە. شووێنیزم بە گشتی بریتی یە لەو بیر و باوەڕەی کە دەڵێ ئەو شتەی من هەمە جا ئەوە ناسنامەی نەتەوەیی بێ، وڵات بێ، خاک بێ، جنسییەت بێ، زمان بێ لەهەموو بوارێکدا  باشترە لە ئەویتر. واتە چەشنێک خۆ پێناسە کردنە بە نرخی نەفی کردن و سەرکوتکردنی ئەویتر. ئەمەش بۆ خۆی چەشنێک ئیدێئۆلۆژی زمانییە. ئیدێئۆلۆژییە زمانییەکان بریتین لەو دەستە بیروباوەڕە هاوبەش و باوانەی، جا ئەو دوو وشەیە زۆرگرینگن، هاوبەش چونکە ئێمە باسی ئیدۆئۆلۆژی تاکە کەس ناکەین. ئیدەئۆلۆژی ئەو کاتە گرینگ دەبێ کە دەستەیەک لە خەڵک، چینێک جا ئی باڵادەست یا ئی خوارەوە یان با بڵێین گرووپێکی ئێتنیکی  بەیەکەوە هەیانە. پاشانیش باو زۆر گرینگە، بەو واتایە کە ئەو باوەڕە سروشتی بووە واتە ئیتر کەس ناتخاتە ژێر پرسیار شتەکە هەر وا بووە و هەر واش دەبێ تەنانەت ئەو خەڵکە ئەگەر شتێکی تریان پێ بڵێی زۆریان پێ سەیر دەبێ کە بڵێی دنیا وا نییە جۆرێکی ترە. ئاوا دەزانین کە ئەوە بووە بە ئیدەئۆلۆژی. شتێکی کە پرسیاری لێ ناکرێ ئیتر. ئیدێئۆلۆژییە زمانییەکان بە ڕاستی زۆر زۆر گرینگن چ سەبارەت بە  پلە و پایەی زمان قسە بکەن بۆ وێنە زمانێک ڕەسمی بێ یا نەبێ. چ سەبارەت بە پێکهاتەی زمانەکان قسە بکەن. بۆ وێنە ئاوا بڵێن کە ئینگلیسی ڕێزمانێکی ڕێک وپێکتری هەیە لە فەڕانسەیی بۆ وێنە. ئەمە ئیدێئۆلۆژییەکی زمانییە، چونکە هیچ زانستێکی  زمانناسی ئەمە ناتوانێ ئیسبات بکا، ناتوانێ ئەمە بسەلمێنێ، شتی وا نییە. ئەمە لەو ئیدەئۆلۆژییە زمانییە و بەرچاوتەنگی زمانییە وە دێ. یا بۆ وێنە ئەگەر بڵێین لە فڵان شوێن  نابێ ئەو زمانە کەلکی لێ وەربگیرێ چونکە پێشتر کەلکی لێ وەرنەگیراوە و لە دەستی نایە و دەرەقەتی ئەو بوارە نایە. ئەمە بۆخۆی شووێنیزمی زمانییە. چونکە بۆمان دەرکەوتووە هەر زمانێک کە دەرەتانی بۆ بڕەخسێ دەتوانێ لە هەر بوارێک دا کارا بێ. ئیدێئۆلۆژییە زمانییەکان ئەگەر ڕێگام بدەی ئەوەش بڵێین  بە ڕاستی گرینگن. بۆچی گرینگن لەبەر ئەوەی کە ئیذەئۆلۆژییە زمانییەکان بۆ وێنە زمانێک ڕەسمی بێ و نەبێ، دەلیل هێنانەوە، بەڵگە هێنانەوە بۆ ئەوە بەس سەبارەت بە زمان نییە بەلکوو سەبارەت بەو خەڵکەشە کە بەو زمانە قسە دەکەن. لەبەر ئەوە دەبینی ئەو ئیدەئۆلۆژییە زمانییە بە شێوەیەکی ڕەنگە بڵێین ڕووکەشانە دەردەبڕدرێ کارتێکەری دەبێ لە سەر دەزگای کۆمەڵایەتی گرینگی وەکوو پەروەردە، خوێندن، دادگە بۆ وێنە یەکێک ئەگەر چووە دادگایەک بەڵام لە زمانی  قازییەکە یا لە زمانی محامییەکە یا بە گشتی زمانی دادگا تێ نەگەیشت بە ڕاستی ناتوانین بڵێین ئەو کەسە بە شێوەیەکی عادڵانە محاکەمە کراوە. یان ئەو مافەی خۆی پێ دراوە. لەبەر ئەمە ئێمە چۆن باسی زمانەکان دەکەین، چۆن پێناسەیان دەکەین، چۆن پلەو پایەیان بۆ دیاری دەکەین یان لە مێشکماندا چۆن بیریان لێ دەکەینەوە ئەمانە زۆر زۆر گرینگن لەبەر ئەوەی کە دەتوانێ هەموو تان و پۆکانی دیکەی کۆمەڵگا بگرێتەوە، ئەگەر یەک شت لێرە زیاد بکەم مامۆستا حەسەن. ڕابرت کووپر یەکێک لە مامۆستایانی پێشەنگی پلانداڕێژی و سیاسەتی زمانی ڕستەیەکی زۆر بە هێزی هەیە کە بەڕاستی پێویستە لەبەر چاومان بێ. دەڵێ: زمان گرینگە نەک بۆ ئەوەی کە یەکەم دەزگای کۆمەڵایەتی یە کە ئێمە چاومان پێی دەکرێتەوە قسەی پێ دەکەین و عادەتی پێ دەگرین، کە بە ڕاستی دەمانکاتە ئینسان، جیاوازییەکی گەورەی ئێمە لەگەڵ حەیوان ئەوەیە کە ئێمە ئەو زمانەمان هەیە. دەڵێ زمان لەبەر ئەوە گرینگ نییە، ئەوە گرینگە  بەڵام بە ڕاستی زمان زۆرتریش لە بەر ئەوە گرینگە هەموو دەزگاکانی دیکەی کۆمەڵایەتی، هەموو سیستمەکانی دیکەی کۆمەڵایەتی چ کولتووری و چ سیاسی لە سەر زمان دادەمەزرێن. بەبێ زمان ئێمە ناتوانین سیستمە کۆمەڵاتییەکانی دیکەمان  هەبێ و هەڵیان سووڕێنین.
قازی: بەڕێز شێخولئیسلامی دیارە وەکوو لە سەرەتاوە باسمان کرد شووێنیزمی زمانی لایەنی جۆر بەجۆری هەیە و لایەنێکی ڕەنگە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پێوەندی پەیدا بکاتەوە بە مەسەلەی ئیدێئۆلۆژی ئەویش ئەوەیە ئەو گەلانەی کە جیرانی یەکتری بوون ئەگەر تەماشای زمانەکانیان بکەی دەبینی شتی وای تێدایە کە لایەنێک گاڵتە بەلایەنەکەی دیکە دەکا یان بە چاوێکی سووک تەماشای دەکا. ڕەنگە ئەوە لە ناوچەی ئێمەش وای دەبنێ ئەگەر کوردی لەبەر چاو بگرین لە موقابیل عەڕەبیدا، یان عەڕەبی دیارە ئەمن عەرەبییەکەی زۆر باش نازانم بەڵام بۆ وێنە فارسی یا هەر وەها تورکی یا ئازەربایجانی و ئەوانە نموونەی ئاوا هەیە. نووسینێک هەیە ئی بەڕێزێک بە ناوی هۆوارد ڕیچلر کە زۆر بە دوور و درێژی باسی ئەوەی کردووە کە بۆ نموونە ڕیشەی وشەی ' سفلیس '  لە کوێ ڕا دێ دەڵێ لە سەدەی شازدەهەم ڕا داهاتووە و ئەگەر تەماشای ئەو زمانە ئوڕووپاییانە فەڕانسەیی، ئینگلیسی، ئەڵمانی یان پورتوگاڵی بکەی یەکیان پێی دەڵێ نەخۆشی فەڕانسەیی، یان لکاندن بەیەکی دی بەڵام دواتر ناوی سفلیسی لێ نراوە و دیارە ئەوە لە ئەفسانەیەکەوە داکەوتووە لە شێعرێکی ئیتالیایی دا کە شوانێک بووە ناوی ئەوە بووە، دوایە ئەوە بووەتە شتێکی جیهانی بەو شێوەیە. جا من پێم خۆش بوو جەنابت باسی ئەو لایەنانەی شووێنیزمی زمانی بکەی.
شێخولئیسلامی: بەڵێ، بیروڕاکانمان، ئیدێئۆلۆژییەکانمان  سەبارەت بە زمان وەکی عەرزم کردی هەموو تان و پۆیەکانی دیکەی ژیان دەگرێتەوە، پێوەندیمان لەگەڵ خەڵکانی دەور و بەر و جیرانمان، چۆن بیریان لێ دەکەینەوە لە ڕوانگەی ئێمەوە چۆنن و چۆن نین . بۆ وێنە وا بزانم زۆربەمان بیستوومانە  ئەوەی کە لە فارسیدا لە کۆن دا دەیانکوت " فارسی شکر است " دوایە ئەوانیدیکە شتێکی ترن، واتە ئەوانەی کە فارسی نین. لە نێو خۆشماندا هێندێک لە دۆستان کە بە ڕاستی زۆر تووڕە دەبن بە شۆوێنیزمی فارسی، شووێنیزمی زمانیی فارسی کە بۆ وێنە دەڵێ کوردی زاراوەیەک یان لەهجەیەکەی فارسییە یان بۆ وێنە زمانێکی پێشکەوتوو نییە، بە هەر حاڵ ئیدەئۆلۆژییەک کە مەبەستی  ئەمەیە ئەو مافی زمانی و مافی خوێندن بە زمانی دایکی و ئەوە پەراوێز بخا ئەو دۆستانەی کە بەوە زۆر تووڕە دەبن هێندێک جار لە باتی ئەوەی کە بێن بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بەحس بکەن، بابەتە لێک بکەنەوە، بەڵگە پێشکەش بکەن  کە بڵێن وا نییە، کە بڵێن کوردی زمانێکە ئەگەر دەرفەتی پێ بدرێ ئەویش دەتوانی وەکوو فارسی و  وەکوو عەڕەبی و وەکوو تورکی هەموو شتێکی پێ بکرێ و بیلفێعل لە باشووری کوردستان زۆر شتی پێ دەکرێ هەر ئێستا. بەڵام دێن بۆ وێنە دێن دەڵێن فارسی هەر زمان نییە، لە ڕاستیدا فارسی لەهجەیەکی کوردییە، کوردی زۆر کۆنترە. یەعنی  شتی وا دەڵێن کە نە دەتوانێ بەڵگەی بۆ بێنێتەوە، نە بەڵگەیەکی بە دەستەوەیە، بە تایبەت زۆربەی ئەو کوردانەی کە وا دەڵێن بۆ وێنە کوردیی ناوەندی کە بۆ خۆتان دەزانن بەڵگەی نووسراو ئێمە کۆنتر لە دووسەد و دووسەد و شتێک ساڵمان نییە بە داخەوە. کە وا بوو چۆن ئەتۆ ئەوە دەسەلمێنی کە ئەو زمانەی پێی نووسراوە کۆنترە  لە فیردەوسی یان حافز یان خەییام. یەعنی ئەوە شوۆێنیزمی زمانییە کە ئەتۆ لە باتی ئەوەی کە بێنی، لە جیاتی ئەوە کە بێنی ڕەوایەتیی خۆت بە شێوەیەکی زانستی رێک و پێک بسەلمێنی بەڵام ئاوا بسەلمێنی کە ئەویتر نەفی بکەیەوە تەنانەت بەشێوەیەکی سووکایەتی پێ کردن. دیارە ئەمن لەوە تێدەگەم لە کوێوە دێ چونکە لەو لاوە سووکایەتی زۆر دەکرێ خەڵکیش تووڕە دەبێ ئەو ڕەدولفێعلەی هەیە. لە هەر شوێنێک ئەوەی کە پێی دەڵێن language contact ئیستیکاکی زمانی، هاتوچۆی زمانی، خۆلێدانی زمانی هەبێ ئەو شتانە دەبن چونکە دژایەتی ئێتنیکی ساز دەبێ، دڵ پیسی لە یەکتر ساز دەبێ بە هەر حاڵ لە شوێنی وا کە  گرووپە ئێتنیکییەکان، نەتەوەکان لە یەکتر نزیکن لە ڕابردوو دا شەڕیان بووە، پێک هەڵچوونیان بووە، ئەمانەش بیرەوەری ناخۆشی هێشتووەتەوە، مێژوویەکی تاڵیان لە نێواندا هەیە جا زۆر جار ئەو مێژووە تاڵانە، ئەو بۆچوونە نێگەتیڤانە  لە بواری زماندا خۆ دەردەخەن بە داخەوە.
قازی: بەڕێز شێخولئیسلامی دیارە لە ڕیوایەتی کوردیدا، دیارە بە مەعنای ئەوە نییە کە ئیسباتەن شتی وا بووە یان نا باسی ئەوە دەکرێ لە سەردەمایەک کە کێشەیەک هەبووە لە نێوان حەڕەکەتی سمایل ئاغای سمکۆ لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی ئێران وپاش تێکهەڵچوون هێندێک بە ئەسیر گیراون بۆ ئەوەی لێکیان کەنەوە بزانن ئەوانە لە ڕووی زمانییەوە  دەتوانن وەکوو کوردێک دەنگی /ڵ/ جوان تەلەفووز بکەن یان نا گوتوویانە بڵێن "پڵاو". وەک گوتم ئەوە ئیسبات ناکرێ بەڵام حەکایەتێکی وا هەیە من لە سەرچاوەیەک دا دیتم کە لە زمانی دیکەش دا نموونەی ئاوا هەبووە دەکرێ لەو بارەیەوە هێندێک زیاتر بدوێی؟
شێخولئیسلامی: بەڵێ. لە زمانناسی کۆمەڵایەتیدا کاتێک باسی ئیدەئۆلۆژییە زمانییەکان دەکەین یەكێک لەو ئیدەئۆلۆژییە زمانییانە ئەوەیە کە ئێمە بێین خەڵکێک پێناسە بکەین  یان ناسنامەیان پێ بدەین لە سەر بناغەی شێوە گوتنێک بۆ وێنە فڵان دەنگ دەتوانن بڵێن، فڵان دەنگ ناتوانن بڵێن ، ئەگەر نەیانتوانی ئەوە خەڵکی ئەو ناوچەیە نین، ئەگەر توانییان ئەوە سەر بەو عەشیرەتەن، سەر بەو خەڵکەن. ئەمە بە ڕواڵەت لە وانەیە  ئێمە بڵێین ئەوە زۆر رێی تێدەچێ وا بێ بەڵام دەبێ لە بیرمان نەچێ کە لە وانەیە  ئەمە بە نرخی مەرگ و ژیانی خەڵک تەواو بێ. یەعنی زۆر زۆر دەتوانێ جیدی بێ. چیرۆکێک هەیە لە تەوڕات دا یان ئەوەی کە ئینگلیسی پێی دەڵێ old testament ، لە ئینگلیزیدا لە زمانناسی کۆمەڵایەتیدا موستەلەحی، زاراوەیsheblev  هەیە، شبڵڤ چییە عەشیرەتێک یان خەڵکانێک کە دەگەڵ یەکی تر بە شەڕ دێن، با شتەکە زۆر ئاڵۆز نەکەین  لە نێوەکان گەڕێین، یەکیان ئەویتر شکست دەدا. ئەوی بەرەوە دەچێتە سەر چۆمی  ئۆردۆن لەوێ ڕادەوەستێ کە شکست خواردووەکان بێن خەریکن لە چۆم بپەڕنەوە ڕا بکەن، بەڵام لێرە خەڵکێکی زۆر تێکەڵ بووە، تێکەڵ پێکەڵە  ڕوون نییە کێ کێیە  ئەو خەڵکەش هەموو یەکتر ناناسێتەوە هەر کەس کە دەیەوێ بپەڕێتەوە خەریکە ڕا دەکا ڕای دەگرن  دەڵێن بڵێ شبڵڤ، دەڵێ سەر بە کام عەشیرەتی دەڵێ فڵان دەڵێ ئەگەر وا بێ بڵێ شبڵڤ  ئەگە بتوانێ /ش/ یەکە بڵێ  نەڵێ سبڵڤ، چونکە ئەویتر نەیدەتوانی دەنگی /ش/ بڵێ  دەیگوت سبڵڤ، ئەگەر گوتبای سبڵڤ بە داخەوە هەر لەوێ دەیان کوشت و ئەگەر توانبای بڵێ شبڵڤ ڕزگای دەبوو. ئەمە وەکی عەرزم کرد لە تەوڕات دا هەیە  و ئەمە چیرۆکێکە لە زمانی عیبری دا هەیە بەڵام هاتووەتە ناو زمانناسی کۆمەڵایەتی کاتێک کە دەمانەوێ بڵێین  خەڵکێک نابێ بە فڵان دەنگەوە تایبەت تەعریف بکرێ، پێناسە بکرێ بەو دەنگە تایبەتە یان بەو وشە تایبەتە کە خەڵکێکی دەتوانی پێ پێناسە بکەی پێی دەڵێن شبڵڤ. بەڵام سەیرە ئەوەی کە جەنابیشت باست کرد لە وانەیە لە شتێکی ئاواوە هاتبێ.
قازی: تەقریبەن عەینی شتە. بەڵام ڕەنگە لە باری مێژووییەوە ئەوەندە کۆن نەبێ. ئەو قسانە دەمانگەیێنێتە بۆچوونی ئاوا لە نێو شێوەزارە کوردییەکان یان ئەو شێوەزارانەی کە لە کوردستاندا دەکار دەکرێن. وەک دەزانی لە ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ لەو بارەیەوە موناقەشەیەکی زۆر کرا لە باشووری کوردستان بە تایبەتی کە ئەوە لە دەرەوەی وڵاتیش ڕەنگی داوە. بەڕێزیشت یەک لەو زانایانە بووی کە لەو دیبەیتە دا، لەو گەنگەشەیە دا بەشدارییەکی چالاکانەت هەبوو. هەر چۆنێک بێ ئەو مەسەلەی پێوەچاران و دروست بوونی زەمینەیەکی ئاوا کە ئەو شێوەزارە جیاوازانە بتوانن لە جیاوازیدا یەکتری قەبووڵ بکەن و بتوانن یەکەتی دە جیاوازی دا ببینن  ئایا ئەوە پێویستی بە چ هەیە؟ پێویستی بە لە سەر نووسینی  زیاتر هەیە؟ پێویستی بەوە هەیە کە شەمێکی زمانی گشتی دروست ببێ یا دەبێ لەو بارانەوە چ بکرێ؟
شێخولئیسلامی: بە ڕای من هەتا زیاتر قسە بکەین کەممان کردووە، من بڕوام بە دایالۆگە، بڕوام بەوەیە کە تەنیا ڕێگای دۆزینەوەی نەک هەر ئەمە، ئەو باسە بەڵکوو زۆربەی هەرە زۆری ڕاستییەکان قسە کردنە. چونکە ڕاستی ئەوەیە ئەگەر ڕاستەقینەیەک هەبێ ئێمە بە تەما بین بیدۆزینەوە لای هەموومانە. لای کەسێک و دوو کەس نییە، لای من نییە، لای جەنابیشتە، لای بینەرانی خۆشەویستیشە بە تایبەت ئەوانەی کە بە خۆیان دەڵێن شارەزای بوارەکەن. کە وابوو هەتا قسە کردن زۆرتر بێ کەمترە، بەڵام بەشێکی زۆریشی ئەم جۆرە باسانە دەبێ بچێتە لایەنی پەروەردە. لە هێندێک وڵات بۆ وێنە تا ئێستاش ئێمە گلەیی دەکەین لە حکوومەتەکان، بەڵام ڕاستە قینە ئەوەیە ئەو شۆوینیزمی زمانی زۆر جار  لە ناو کۆمەڵگە دا بە گشتی هەیە. شۆوێنیزمی زمانی بۆ وێنە سەبارەت  بە زمانە کەمینەکان بەس لە پێتەخت نییە، لە مەشهەد هەیە، لە شیراز هەیە، لە ئیسفەهان هەیە. بۆ؟ لەبەر ئەوەی کە منداڵی ئێرانی جا بە هەموویەوە، بە کوردەوە، بە بەلووچەوە، بە فارسەوە، بە ئازەرییەوە  لە فێرگە هیچ فێر نابێ سەبارەت بەو شتانە. ئەوە بۆ وێنە پرۆفسۆر سەعید پەیوەندی هەیە لە فەڕانسە  دە ساڵان چاوی لە کتێبە دەرسییەکانی ئێران کردووە بۆی دەرکەوتووە کە ڕادەیەکی زۆر زۆر کەم، ئەگەر شتێک هەبێ، ڕادەیەکی زۆر زۆر کەم  لەو کتێبانە دا سەبارەت بە زمانی  خەڵکەکانی ئێران هەیە، سەبارەت بە کلتووری وان هەیە زۆر زۆر کەم. دەی کاتێک ئەمە بوو دیارە ئەو خەڵکە چۆن بیر دەکاتەوە. وە زۆریش ئەو ئیدەئۆلۆژییە زمانییانە لێرەوە سەرچاوە دەگرن. لەبەر ئەوە بە ڕای من ئەو جۆرە شتانە دەبێ بچێتە پەروەردە چ لە شوێنێکی وەکوو ڕۆژهەڵات، چ لە باشوور، تەنانەت لە باشوور. ئێستا کە باسی باشوورت کرد لەوێ ئەو باسە هاتووە بە ڕاستی ئێستاش من بۆخۆم لەوێ بووم ئیتر، لەوێ ژیاوم و قسەم لەگەڵ خەڵکیش کردووە ئێستاش پێمان خۆش بێ و پێمان ناخۆش بێ لە ناوچەی بادینان تا ڕادەیەکی زۆر سلێمانی وەکوو شوێنێک کە  زمانی " پاراو " و با لە نێو دوو واوی سەرەوژێری باوێم چونکە ئەمن بڕوام بە شتی وا نییە زمانی پەتی و پاراو و ئەوە قسە دەکەن. یانی وەکوو ئیدێئۆلۆژییەک جێ کەوتووە. وا بێ یان نا ئەوە شتێکی ترە باسی بکەین بەڵام وەکوو  ئیدێئۆلۆژییەک جێ کەوتووە تەنانەت  لە بادینان من بیستوومە خەڵک وا دەڵێن.   بەڵام  لەو لای تر پێیان وایە کە بادینی پێی نەنووسراوە، بادینی دواکەتوویە، بادینی  هێشتا نەبووەتە زمانێکی " پاراو"، زمانێکی " کوردیی کوردی"، زۆر لە ژێر تەئسیری عەڕەبی دایە و  دەست نادا بۆ فێرگە و بۆ زانکۆ بەڵام  ئێستا ئەوە دەبینین دەستی داوە پێشی دەخوێندرێ. ئێمە زیاتر پێویستە ئەو باسانە بکەینەوە  بۆ ئەوەی بڕوا بکەین هەر شێوەزارێک مافی خۆی هەیە کە هەبێ. نەک لەبەر ئەوەی کە ئێمە بێین، چووزانم دەسەڵاتێک دروست بکەین یان من وەکوو دەسەڵاتێک قسە بکەم ماف  بدەم بە خەڵک نا، شتێکی سروشتی یە. ئەو شێوەزارانە کە هەن ئەوەن کە هەن خەڵكێک قسەیان پێ دەکا بۆ وەی کە خۆیان بناسێنن، خەڵكیک قسەیان پێ دەکا بۆ وەی کە ڕؤژانە  بژی، نان پەیدا بکا، پێوەندی بگرن، عاشق بن، بگرین، خەبات بکەن. هەموو شتێک بەو شێوەزارە دەکەن کە وا بوو ئەو شێوەزارە  مافی خۆیانە بەشێکە لە کولتووری ئەو خەڵکە. هەرچی بێ، بەڵام بە داخەوە ئەوەی کە جەنابت گوتت شەممی زمانی  یان تێگەیشتن لە پێچ و پەناکانی زمان  ئەوەندە کەمە لە لای ئێمە بە تایبەت کە بۆ وێنە پێکەنین بە شێوەزارێک  لە زۆر شوێنان شتێکی ئاساییە. یان ئەوەی کە یەکێک زۆر بە جیدی سەرکۆنە بکرێ کە بۆچی ئاوا دەنووسی، ئاوا نانووسی؟  نموونەیەکتان عەرز دەکەم ئەوە هەر شۆوێنیزمی زمانی  لە دوو نەتەوەی جیاواز دا سەبارەت بە یەک نییە یان دوو دەستەی ئێتنیکی جیاواز. لە نێوخۆشماندا ئەوە هەیە.  دوو دانە، جا سپاست دەکەم لە بیرم نەچێ یارمەتیم بدەی. یەکیان ئەوەی کە لە نێو ڕۆژهەڵات و باشوور دا هەیە، ئەمن هەر ناچمە سۆراغی، لێیگەڕێ کورمانجی و سۆرانی. بەڵام هەر لە نێو خۆی کوردیی ناوەندیدا، کوردیی ناوەڕاستدا، ڕۆژهەڵات و باشوور  لەوێ کێشەیەک هەیە کە من بە ڕاستی بە شۆوێنیزمی زمانی دەزانم. پاشان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتیش، لە نێو کوردی ناوەڕاست، کوردیی ناوەندی، سۆرانیدا ئەوە هەیە. با ئەمەی دووهەمت عەرز بکەم. ئەمەی دووهەم لە شێوەزاتی موکریدا  ئێمە ناڵێین گییان یان گێرە  یان گیشە، بەڵکوو دەڵێین گێرە، گیشە، گیان، گیانەکەم  جا ئێستا هێندێک گەنج هەن  بە کوردی نەیان خویندووە ، تەواوی ژیانی خۆی وشەی " گیان"ی نەدیوە چۆن دەنووسرێ، نەی دیوە بەس بیستوویەتی. لە منداڵییەوە بیستوویەتی لە دایک و بابی  خۆی بیستوویەتی، لە گەڕەک بیستوویەتی  دەبینی دێتە سەر فەیس  بووک من شتێک دەنووسم  حەز دەکا سڵاوێک بکا دەنووسێ: "مامە جیان چۆنی"؟ مامە جیان. هەن من ئەوانەم بۆ بەڵگە تۆمار کردووە. زۆرببوورن ئەوانەی ئەو شتانەیان کردووە دیارە ئەگەر لێکۆڵینەوەش چاپ بکەم نە ئێستا ناوی کەس دێنم نە ئەو کات. چونکە بە ڕای من لێکۆڵینەوەی ئاکادێمی نابێ  لە ناودابێ لە ناوی خەڵک. ئێمە باسی  ئیدێئۆلۆژی دەکەین ئیدەئۆلۆژی زۆر گەورەترە لەوە.  زۆر کەسیش ئێمە وەکوو تاکەکان، ئێمە قوربانی ئەو ئیدەئۆلۆژییانەین ئێمە دروستمان نەکردوون، مێژووی زۆر کۆنتریان هەیە. تکا دەکەم کەس هەستی ناخۆشی نەبێ  ئەگەر ئەوەشیان کردووە بەڵام  بۆ وێنە هی ناوچەکانی تر لە بۆکان بەو لاوە با بڵێین  بە هەر حاڵ شارەکانی تر کە غەیرە موکرین  پێدەکەنن بە مە . یان بۆ وێنە من هەمە نووسیویەتی " ئەم  موکرییانە کەی فێری کوردیی نووسین دەبن". بە ڕاستی حەز دەکەم ئەوە بڵێم  ئەوەی کە وای نووسیوە زمانەکەی خۆی زۆر باش دەزانێ  بە بێ شک ئەو " گیان" ی گوێ لێ نەبووە  /گ/ ئەو  /ج/ ی گوێ لێ بووە  و هەمان /ج/ ی فارسی و /ج/ی ئینگلیزی. کە دەڵێین گیان،/ج/ جۆرج  یان جان، جانم (جانم). /گ/ ،/ج/ یەک دەنگە هێندێک لە دۆستان، زمانناسەکان پێیان وایە جیاوازییەکی بڕێک پچووک هەیە بەڵام ئەو /ج/ یەکە نییە بەڵام بۆچی  کوردە موکرییەکە بە /ج/ ێیەکە دەینووسێ چونکە  پیتی دیکەی نییە پێی بنووسێ. یان بو وێنە /گ/ێی ئینگلیسی چۆن دەربڕێ؟ ناچارە بە /ج/ ێیەکە دەریببڕێ چونکە لە ڕاستید لە ئینگلیسیدا ئەمە /ج/ ێیە. بەڵام / ج/ ێیەک لە وشەی جۆرج دا ئەوەی کە پێی دەڵێن palatalized  واتە دەنگی مەڵاشوویی. بۆ دەنگێکی تریش ئەمە هەیە. دەنگەکەی تر بریتی یە لە /ک/. بۆ وێنە  موکری ناڵێ (کێو)، (کێف) کە لە ناوچەی ئەردەڵان هەیە. یا ' کێ لەوێ یە'؟  کێ ئەوەی کرد؟ /ک/ بە جۆرێکی تایبەتی دەردەبڕێ.  نەک وەک ئەو /ک/ ێیەی لە ئەردەڵانی دا هەیە. لێرەش ئەم / ك/ ێیە چییە هەمان / ک/ ێی ئینگلیزی یە. کە بە ch دەنووسرێ لە وشەی church  دا. ئەوە بۆ کەسێکی کە خوێندەواری کوردی بزانێ زۆر پێی غەریبە. چۆن شتیکی وا دەبێ /ک/ێ بە/ch/ بڵێن؟  بەڵام ڕاستەقینە ئەمەیە. ئەوانەی بڕواشم پێ ناکەن با بچنە ناو ئازمایشگایەک، lab ئەوەی کە دەنگ تۆمار دەکا فرێکانسەکان ببینن. ڕەنگە جیاوازییەکی زۆر زۆر کەمی بێ بەڵام بەوە گاڵتە دەکەن. بە ڕای من ئەمە چەشنێک شۆوێنیزمی زمانییە. کاک حەسەن پرسیارەکە بکە، هەڵبڕینەکە بکە، ئەو شتەی کە لە بیرم چووە دەگەینە باشووری ڕۆژهەڵات.
قازی: پرسیارەکەی من لە سەرەتا ڕا ئەوە بوو بەڕێزت لەو قسانەیدا کە ئێستا کردت باسی ئەوەت کرد کە لە ڕاستیدا هیچ کەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترش ئەگەر ئاوای تەماشا بکەین. پێوەندی کوردیی سۆرانی ئەوەی کە
نووسراوە جارێ لێرەدا ناچینە سەر لەهجەکانی بڵێین  باشووریتر، بەڵام لە نێوان سۆرانی ڕۆژهەڵات یانی موکریانی زیاتر و ئەو کوردییەی کە لە باشووری کوردستان دەکار دەکرێ. بە بۆچوونی من تەعەسوب لەو بەستێنە دا بەجێ نییە چونکە ئێمە دەزانین لە زەمانی ئینتیدابی بریتانیاوە لە باشووری کوردستان بە زمانی کوردیی سۆرانی نووسراوە، بەو زمانە کتێب بڵاو بووەتەوە، و ئێستا کوردیی سۆرانی لە ئاستی زانکۆکاندا دەخوێندرێ، لە مەنتەقەی بادینان، لە دهۆک  ئیستا وەک دەزانی  کورمانجی لەوێ پێش دەکەوێ. ئەوە فەرقی هەیە لەگەڵ بەشێکی دیکەی کوردستان. ئێستا ئەم کوردییەی کە جەنابت فێری بووی، ئەو کوردییەی کە ئەمن ئێستا قسەی پێ دەکەم ، تا ڕادەیەک دەتوانم پێی بنووسم  دەکرێ ببەسترێتەوە بە هێندێک حەولدانی شەخسی و فەردی. چونکە ئیمکاناتی ئاوا لە ئاستی کۆمەڵدا نەبووە. ئەمن زۆر چاکم  وەبیر دێ ئەو دەمی کە مامۆستا هێمن لە ساڵانی ١٣٤٠-ی هەتاوی لە سابڵاغێ بوو و شێعری دەنووسی  یا لە بۆنەیەک دا شێعرێکی دەخوێندەوە  بە دەستخەت بڵاو دەبووەوە خەڵک لە ڕووی ئەوە دەیان نووسییەوە. یانی لە ڕاستیدا کوردی فیڕ بوون دەستپێشخەری شەخسی بوو. دیارە لەو  ساڵانەی دواییدا، یانی دوای ڕووخانی رێژیمی شا و دەرەتانی ئەوەی کە بە حەولی فەردی هێندێک پۆلی خوێندنی کوردی دابندرێ، هێندێک جیاوازی هەیە  جا لە بەر ئەوە ئەو شێوە بەراورد کردنە یانی  ئەوەی کە ئەو وشە فارسییە، ئەمە عەڕەبییە لە جێگای خۆیدا نییە. یانی زۆر تەبیعییە کە زمانی کوردی لە عێڕاق و کوردستانی عێڕاق زیاتر پێش کەوتبێ.
شێخولئیسلامی: منیش پێم وایە بەڵآم  جێگای نیگەرانی ئەمەیە کە ئەو دەربڕینانە هێندێک جار لە لایەن کەسانێکەوە دێنە ئاراوە کە ئێمە، ئەمن بەش بە حاڵی خۆم چاوەڕوانی زیاترم لێیان هەبوو کە بە ڕاستی لە پێچ و پەناکانی زمان تێ بگەن. لەوە تێ بگەن کە زمان دەگۆڕدرێ، هیچ زمانێک نییە لەو دنیایە دا  کە لە جیلێکەوە بۆ جیلێکی تر لە بەرەیەکەوە بۆ بەرەیەکی تر ئاڵوگۆڕی بە سەر دا نەیە. جا ئینگلیسی بێ، فەڕانسی بی، ئەڵمانی بێ ، فارسی بێ هەر زمانێک بێ. زمان ئاڵوگۆڕی بە سەر دا دێ ، بە تایبەت، بە تایبەت زمانێک کە خاوەن دەوڵەت نەبێ  و بە شێوەیەکی تۆکمەی ستاندارد بوونی  پێشکەوتوو کۆد نەکرا بێ ، فیکسد نەکرا بێ. بۆ وێنە زمانێکی وەکوو عەڕەبی لە قورئان دا  وەک شتێک فیکسد کراوە یانی ئەگەر  ئاڵوگۆڕێک بێ مەرجەعێک هەیە دەڵێن لە قورئان لە فڵان شوێندا ئاوا نووسراوە. کوردی ئەمەی نییە، زۆر زمانی دنیا ئەمەیان نییە. مەرجەعێکی وا، سەرچاوەیەکی وا کە وا بوو پەیتا پەیتا لە گۆڕان دان، گۆڕانی زمانیش لە سروشتیترین تایبەتمەندییەکانی زمانە.  هێندێک لەو دۆستانە دەڵێن بۆ وێنە لە باشوور ئێمە دەزانین بۆ وێنە " فڕۆکەخانەی هەولێری نێو دەوڵەتی"  کوردی نییە. قسەکە زۆر ڕاستە. و لە وشەی عەڕەبی زۆر کەلک وەردەگرن، قسەکە زۆر ڕاستە یانی زۆربەی ئەو شتانەی دەیڵێن وایە بەڵام نابێ ئەمە بە نیشانەی کەم و کەسری چاو لێ بکرێ. من لە ڕاستیدا زۆرتر بەوە تێک دەچم کە بۆ وێنە تێکستێک دەبینم کە خاڵبەندی باشی بۆ نەکراوە. کە لە لاپەڕەیەک دا تێکهەڵچڕاژان  بە یەکەوە نووسراوە لە لاپەڕەیەکی دیکە کردوویەتییە دوو وشە . ئەوانە بەڕای من جێگای نیگەرانیترن، نیشانەی نەخوێندەوارین. نەک ئەوەی کە زمانێک وشەی عەڕەبی تێدا، وشەی فارسی تێدایە. ئەمە زۆر زۆر زۆرسروشتییە  زمان هەر ئاوایە. دۆستانی ڕۆژهەڵات شتێک لە بیر دەکەن کارتێکەری تورکی لە سەر کورمانجی  لە باکوور، کارتێکەری عەڕەبی لە سەر کوردی  لە باشوور زۆر ئاسانتر دەبیندرێ، زۆر زەقترە هەتا ئەوەی کە کارتێکەری فارسی لە سەر کوردی لە ڕؤژهەڵات بۆ؟



قازی: چونکە کوردی و فارسی نزیکن.
شێخولئیسلامی
: لەبەر ئەوەی  کە ئەو دوو زمانە زۆر لە یەک نزیکن. جارێ بۆ زۆر وشان ناتوانی، هیچ بەڵگەیەکت بە دەستەوە نییە کە بیسەلمێنی فارسییە یا کوردییە. هیچکەس ناتوانێ ئەوەی بکا نە فارسەکە دەتوانێ ئەوەی بکا نە کوردەکە. وشەیان یەکە، ڕاستەقینەیە، ئامۆزان. عەڕەبی و تورکی جیاوازییان لەگەڵ کوردی زۆرە لە بواری فۆنۆلۆژییەوە،  لە بواری مۆرفۆلۆژییەوە، ساختاری وشەوە، لەبواری سێنتاکسەوە ڕێزمان کە وشەکان چۆن ڕیز دەکرێن کەی کردار دێ و کەی بەرکار دێ و کەی ڕاناو دێ. لە وانە دا زۆر لەیەک جیاوازن. فارسی لە زۆرێک لەوانە دا جیاوازی کەمە لەگەڵ کوردی. لەبەر ئەوە هەستی پێ ناکەی. دەنا ئێستا من و جەنابت کە بۆ وێنە سی ساڵ چل ساڵە لە دەرەوەی وڵاتین  ئێستا من و جەنابت دەزانین ئەو کوردییەی لە گەنجی مەهابادی  گوێمان لێ دەبێ، لە گەنجی سنەیی گوێمان لێ دەبێ  زۆر گؤڕاوە. یەعنی بە ڕاستی دەبێ لە یەکی وەک من پرسی  چەندە فارساوی بووە لە بواری وشەوە، لە بواری ئیدیۆمەوە، لە بواری ڕێزمانەوە. بۆ وێنە تەنانەت لە لایەن ئەو کەسانەوە کە زۆر باشن لە زماندا، هەم فارسییەکی زۆر باش دەزانن، هەم کوردییەکی زۆر باش دەزانن لە نەکاو دەبینی دەنووسێ ' پێکهاتەکانی کۆمەڵایەتی'  بە سەدان جار دەتوانی بیبینی لە تێکستی زۆر جیدی دا  کەچی دەبێ بنووسێ " پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان " بۆ؟  لەبەر ئەوەی دەبێ بگەڕێیەوە سەر ئەوەی کە کورد چۆن قسە دەکا. کورد ناڵێ ' دارەکانی بووز '  دەڵێ " دارە بووزەکان ". ناڵێ ' دارەکانی بی' دەڵێ " دارە بییەکان". دارە بییەکانت دی، دارە بییەکان لق و پۆپیان ئەمساڵ زۆر جۆانە. ' ماڵە جوانەکان '، ئێمە ناڵێین  " ماڵەکانی جوان"، ماڵە بەرزەکان. ئەمانە  هەمیشە لە ژیانی ئاساییدا دەڵێین. ئەو کەسانەش بۆ خۆیان  لەمانە دا هەڵە ناکەن  بەڵام کە دەچن بۆ تێکستی ئاکادێمی، بۆ تێکستی جیدیتر  لەوێدا تووشی هەڵە دەبن بۆ؟ لەبەر ئەوەی کە مێشکیشیان بەو زمانەی باڵا دەست ڕاهاتووە. بە لایانەوە زۆر ئاساییە. لەوانەیە ئەگەر پێیان بڵێی دەبێ بنووسن
 " پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان" پێی هەڵبەزنەوە زۆریان پێ سەیر بێ. لێرەشدا شۆوێنیزمی زمانی هەیە. ئەوەی کە بە ڕاستی من پێم وا نییە، یا بۆ وێنە هێندێک لە دۆستان تەنانەت، ئەوە من دیسان بە نووسین هەمە ئەوانەم تۆمار کردووە. دەڵێ : " کوردی لە ڕۆژهەڵات زۆر پاراوتر ماوە و پارێزراوتر ماوە ". یانی بە ڕاستی ئەمن لەوە تێ ناگەم، لە باشوور کوردی نیزیکەی حەفتا هەشتا ساڵە  پێی دەخوێندرێ، پێی دەنووسرێ، کۆڕی زانیاری لەوێ هەبووە، بە سەدان ڕۆمان تا ئێستا چاپ بووە، شێرکۆ بێکەس لەوێ بووە با ناوی کەس نەهێنم، بەهەر حاڵ زۆر سەیرە ئیدیعای وا کردن. ئەوەی کە بڵێی  بۆ وێنە هێندێک لە مامۆستایانی خۆشیان لای باشوور گلەیی دەکەن لە نووسیندا زمانەکە بە جیدی وەرناگیرێ، هەڵەی تایپ زۆرە، هەڵەی چاپ زۆرە. ئەمانە لە جێی خۆیەتی، بەڵام ئێوە چاو لێ بکەن هەر لە سەر دەمی کۆڕۆنا دا، ببوورن باسی ئەو شتە ناخۆشە دەکەم بە هەر حاڵ هەموومان لێی بێزارین، بەڵام هەر لە سەردەمی کۆڕۆنا دا ئەمن هێندێک داتام کۆ کردووەتەوە چون  ماوەیەک باسێک ساز بوو لە سەر فەیس بووک و سۆشیاڵ مێدیا  بڵێین ماسک یان دەمامک، بڵێین  قەرەنتینە، یان کۆرەنتینە یان هەڵاواردن
قازی: یا  " دەمبێن"  بۆ ماسک.
شێخولئیسلامی: بەڵێ دەمبێن، دەمامک، ئەمانە بەس لە باشوور ڕوو دەدەن و بە ڕاستی کاری زۆر باشیش دەکەن. هێندێک جار هەیە  ئەمن بۆخۆم بۆ وێنە گلەییم هەبووە بۆ چی ناڵێی فڵان شت خوڕایی یە، بۆ دەڵێی  بێ بەرانبەر تەرجومە عەڕەبییەکەی دەکەی.  بەڵام بە هەر حاڵ لێرە ڕەنگە منیش هەڵە بم نابێ وا بڵێم  بە هەر حاڵ لەوێ ڕەنگە ئەو کەسەی کرد بی  نەیزانیبێ وشەی خۆڕایی هەیە، کردوویەتی و تازەش وەک " بەروار" ەکەی مامۆستا زەبیحی  پێوەی ڕۆیشتووە و خەڵک عادەتی کردووە و تەواو بوو. زمانیش هەر ئاوا دروست دەبێ.
قازی: مامۆستا دیارە ئەمن پێشتریش پرسیارم کرد بەڵام با دیسان پرسیارەکە دووبارە بکەمەوە ئەویش ئەوەیە کە پێت وایە شەممی زمانی چۆن بەهێز دەکرێ؟ یانی لە نەبوونی خوێندنێکی سیستماتیکدا، دیارە لە باشوور ئیمکان هەیە لە پەروەردە دا زمانەکە بە کار دێ ، لە باکوور و ڕۆژئاواش ئێستا وەزعەکە تا ڕادەیەک گۆڕانی بەسەر دا هاتووە و لە ڕۆژهەڵاتیش بە ڕەسمی کوردی لە پەروەردە دا نییە. لە نەبوونی ئەوە دا ئیندیڤیدی کورد، فەردی کورد، تاکی کورد چۆن دەتوانێ شەممی زمانییەکەی بەهێز کا و ڕێزی جیاوازی لە بەر چاو بێ. ڕێز لە لەهجەیەکی دیکە بگرێ کە لەهجەی خۆی نییە و پێویستە حورمەتی بگرێ.
شێخولئیسلامی: دەبێ لە هەموو بوارەکاندا بە بڕوای من  ئەوە وەکوو شتێکی سروشتی چاو لێ بکەین و ئەوەی کە ئینگلیسی پێی دەڵێ celebrate یانی جێژن بگرین کە جیاوازیمان تێدا هەیە، جیاوازییەکان ڕێزیان لێ بگرین وەکوو واقع قبوولیان بکەین. نە تەنیا قبووڵیان بکەین بەڵکوو لێیان تێ بگەین. چونکە ئەگەر ئێمە تێگەیشتین جیاوازی زمانی شتێکی سروشتی یە  ئەو دەم پێ ناکەنین بە شێوەزاری شارێکی دیکە. ئەو دەم زمان ناکەینە گورزێک بۆ ئەوەی کە  گرفتێکی دیکەمان هەیە دەگەڵ ئەو شارە، دەگەڵ ئەو خەڵکە. بەڵام دێنین لە ڕێگای زمانەوە دەری دەبڕین. چۆن دەتوانین لە هەموو بوارێکدا ئەوە بکەین. بە ڕای من دە نێو خۆماندا، لە ژیانی بنەماڵەییماندا  دەتوانین ئەو کارە بکەین، دەتوانین ئەوە پەرە پێبدەین کە هەموو شێوەزارەکان دەبێ ڕێزی خۆیان هەبێ ، هەموو شێوەزارێک بۆ خەڵکی خۆی جێگای ڕێزە. دەبێ بۆ وێنە لە ڕۆمان نووسیندا، من ئێستاش تێناگەم بە ڕاستی چۆن هێندێک کەس  ڕۆمان نووسی کورد دەبینی کاراکتێری هەیە، بۆ خۆی دەڵێ لە ڕۆمانەکە دا دەڵێ فڵانکەس گەنجێکی هەولێری بوو کەچی کە قسە دەکا بە کوردیی ستانداردی سلێمانی قسە دەکا. ئاخر باشە چۆن شتی وا دەبێ لەوە ناسروشتیتر هەیە؟ بۆیە بە ڕاستی من زۆر بێ تاقەتم  کە بۆ وێنە ڕۆمانێکی کوردی، چیرۆکێکی کوردی دەخوێنمەوە. لەبەر ئەوەی هەموو شت فیدای ئەو  " زمانە ستانداردە" کراوە کە نازانم بۆ؟ ئەو زمانە ستانداردە جێی خۆی کردووەتەوە. ئەو زمانی ئێستا ئێن ئار تی پێی دەنووسێ، ئەو زمانەی تێلێڤیزۆنەکەی ئێوە بەشی کوردیی ناوەندییەکەی پێی دەنووسێ، ئەو زمانەی کە ڕووداو پێی دەنووسێ، کوردستان ٢٤ پێی دەنووسێ تەواوی کوردیی ناوەندی لێی تێ دەگا. ڕەنگە گلەییان هەبێ لێرەو لەوێ، بڵێن فڵانی لە وشەی داتاشراو زۆر کەلک وەردەگرێ یان  بڵێن فڵانی وشەی عەڕەبی زۆرە یان خاڵبەندییان تەواو نییە، بەڵام  ڕاستە قینە ئەوەیە ئەو زمانە، ئەو شێوەزارە ستاندارد بووە، با چی دیکە، تەخەیول و خەیاڵ و ڕۆمان و هونەر و  تەنانەت پێوەندییە شەخسی و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان فیدای ئەو زمانە نەکەین بۆ خۆی دامەزراوە، زۆر تەواوە، دەتوانین زیاتر ڕێزی زمانی  ستاندارد بگرین ، زۆرتر خۆمانی پێوە ماندوو بکەین. من بەش بە حاڵی خۆم  پێم خۆشە وا بیر بکەمەوە یەکێک لەو کەسانەم کە خۆمی پێوە ماندوو دەکەم. هەر بۆیە ئەم کوردییەی کە ئەمن ئێستا قسەی پێ دەکەم  زۆرتر زمانی ستانداردی کوردیی ناوەندی یە نەک کوردیی مەهابادی کە لەگەڵی گەورە بووم. هەموومان ئەو کارەمان پێ دەکرێ بەڵام لە عەینی حاڵیشدا  دەبێ زیاتر بکۆڵینەوە لە شێوەزارەکان نەک ئەوەی پێمان وابێ ئەگەر لێکۆلەرێک هات لە جیاوازی نێو زمانی کوردی کۆڵییەوە پێمان وا بێ ئەو کەسە جاسووسە، پێمان وا بێ ئەو کەسە دژی بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد خەریکە لێکۆڵین دەکا نا. دەبێ ئینسافی هەبێ.
قازی: ببوورە جەنابت  ئێشارەیەکی کورتت کرد بە مەسەلەی گۆڕانی دەنگ. دەزانین وەک باستان کرد گؤڕانی دەنگ لایەنێکی تەبیعی یە لە زماندا. چەند نموونەیەکت باس کرد. پێم خۆش بوو ئەوەندەی کە کاتمان ماوە بۆ ئەوەی تەرخان بکەی لە ڕووی تیورییەوە گۆڕان لە فۆنۆلۆژیدا چۆن لێک دەدرێتەوە؟
شێخولئیسلامی: گۆڕانی فۆنۆلۆژی و گۆڕانی دەنگ بە گشتی . کاک حەسەن وتارێکمان هەیە لەگەڵ بەڕێزێکی دیکە ڕەنگە کۆپییەکم بۆ نارد بی. ئەوە دێتە دەرێ، ئەو وتارە بە گشتی لە سەر جۆراوجۆری  و ئاڵوگۆڕی زمانییە. لە تەواوی کوردستان، دیارە ئێمە جەختمان، ورد بوونەوە و تێ ڕامانەکەمان  لە سەر وشەیە، وشە کوردییەکان  لە هەموو شێوەزارەکاندا، بەڵام دیارە کە باسی ئەوە دەکەین، ئەز قەزا یەکێک لە وشەکان کە چەندە جیاوازە چیا و کەژ و کۆ و کێو و کێ و و کێف و .. وشەی " کێو" ە هێندە جیاوازە لە تەواوی کوردستاندا باسی ئەوە دەکەین کە بۆچی ئاوایە. بە گشتی ئاڵوگۆڕی زمانی دەکرێ دوو هۆی سەرەکی هەبێ یەکیان  پێی دەڵێین زمانی، ناوخۆیی زمان  کە بە ڕاستی هێندێک جار زۆر زەحمەتە بزانین  تا ئێستاش نەمان زانیوە بۆ ئەوانە دەگۆڕدرێن، بەڵام دەزانین ئەوە تەبیعەتی ئەو زمانەیە، لە شوێنێک دا لە وانەیە وەکی چامسکی دەڵێ یەکێک گۆڕیویەتی بە هەر هۆیەک بووە ئەو یەکە دەچێتە یەکی تر ئاوا  بڵاو دەبێتەوە لە  کۆمەڵگەیەکدا. بەڵام لایەنەکەی دیکەی ئەوپەڕ زمانییە. دەتوانێ لایەنی سیاسی  هەبێ بۆ وێنە ئەوەی کە ئێستا باسمان کرد باسی شبلێڤ، لە هێندێک جێگا  ئەوەی کە شبلێڤ یان دەنگێک  یان وشەیەک دەتوانێ پێناسەی خەڵکێک بکا خەڵکێک ئەو دەنگەی لە ناوخۆی لا بردووە وردە وردە زمانیان گۆڕاوە لە ترسان عادەتیان کردووە بۆ وێنە ئەو وشانەی بە دەنگی /ش/ دەست پێ دەکەن بیکەن بە /س/. دەتوانێ ئەو لایەنەی هەبێ، لایەنی سیاسی هەبێ. هێندێک جار دەتوانێ لایەنی بە تایبەتی لە کوردستان خەڵکێکی زۆر ئاڵوگۆڕیان پێ کراوە، جێیان پێ گۆڕدراوە، ئەوەی کە پێی دەڵێن جێ گۆڕینی بە زۆرە ملی. گواستنەوەی بە زۆرە ملی کە بۆ وێنە لە سەردەمی سەدام حوسێن دا  بە سەدان گوند گوێزرانەوە بۆ سێنتری جیاواز جیاواز بۆ وێنە لە ناوچەی دیانا و ئەوە. ئەمانە هەمووی زمان دەگۆڕن. بۆ وێنە ئێستا دەچی بۆ شوێنێک زۆرت پێ سەیرە لە هەموو ئەو ناوچە لە نەکاو دەبینی  دەڵێن منداڵ، منال یا مندار، بەڵام لە نەکاو دەگەیەتە لای مەسیف دەبێتە بچوک. باشە خۆ ئەوە بادینان نییە ئەو بچوکە لێرە چ دەکا؟ دەبێ بزانی گوازتنەوە وشت لەو ناوچەیە ڕووی داوە پاشان دەستەیەک لە خەڵکی کورد کە بە ئەسڵ خەڵکی ناوچەی بادینان بوون یان بە شێوەزاری وێ قسە دەکەن  ئێستا لەوێ دەژین. یانی ئەمانە زۆر زۆر گرینگە تەواو مێژووی ئەو ناوچەیە بزانی، تاریخی ئەو ناوچەیە بزانی، کولتووری ئەو ناوچەیە بزانی ئەوەت بۆ ڕوون دەبێتەوە. چونکە زۆرجار ئاڵوگۆڕە زمانییەکان جا چ فۆنۆلۆژی بێ، دەنگ بێ  و چ مۆرفۆلۆژی بێ و چ سێنتاکس بێ  و چ واتا بێ بە تایبەتی واتا
semantics ئەمانە ڕیشەیان لە کولتوور دا هەیە، لە تابوو دا هەیە بۆ وێنە.
قازی: باشە ئەگەر ئێمە هەر لە سەر دەنگ ڕاوەستین ئەو دەنگانە کە باست کرد ئەو دەنگی /ک/ و / چ/  و /گ/ و ئەوانە بێ ئەوەی کە نرخیان  لە سەر دانێین و وەک بە فارسی دەڵێن ئەرزشیابیان بکەین  ئەوە پێت وانییە ئەگەر موکریان لە بەر چاو بگرین، ئەو گۆڕانە لە ژێر تاوی زمانی فارسیدا بێ، بە تایبەتی لە شار دا؟
شێخولئیسلامی: ئی /ک/ و /گ/  لەوانەیە بەڵام دڵنیا نیم. بەڵام هیچ شكم نییە کە گۆڕانی /و/ بۆ / ڤ/  لە ژێر تەئسیری فارسی دایە. چونکە بەڵگەی زۆر بەهێزمان هەیە ئێستاش من لە خۆشک و برا گەورەکانی خۆم هەر نایبیسم. لەو گەنجە تازانەی دەبیسی کە بە فارسی  پەروەردە کراون. لایەنێکی ئەمەیە کە بە ڕاستی ڕاهاتوون  بە دەست خۆیان نییە. بە ڕاستی دەڵێ: " ڤا مەکە "، " ڤەرە" یەعنی ڕاهاتوون چونکە دە فارسیدا وایە. ڕاستە  دەنگەکە لە فارسی دا بە واو " و " دەنووسرێ بەڵام بە /ڤ/ تەلەفوز دەکرێ. بە ڕاستی ڕاهاتوون خەتای خۆیان نییە. هەندێکیان ڕەنگە لەبەر پڕێستیژی زمانی بێ. ئەمەش بە دوور نییە. ئێمە دەزانین وەکوو زمانناسی کۆمەڵایەتی ئەو شتانە هەیە، هەندێک جار خەڵک وەکوو زمانی باڵا دەست قسە دەکا لەبەر ئەوەی کە دەزانێ پڕێستیژی تێدایە، لە بەر ئەوەی پێی خۆشە کە خەڵکی دیکە وا بزانێ  کە ئەوە خوێندەوارە کە بۆ وێنە زانکۆی تەواو کردووە بە دەست خۆی نییە و زمانەکەی گۆڕاوە، ئەمە هەیە.  کە وابوو بۆ  "و" w بۆ v وەرە بووە بە ڤەرە  ئەوەش لە ژێر تەئسیری فارسی یە. بەڵام ئەویدیکە /ج/ و /گ/ و بە تایبەت  /ج/ و /چ/  بۆخۆتان دەزانن وا بزانم گۆیا ئەمە لە ژێر تەئسیری تورکی ئازەربایجانی دایە. چونکە زمانی تورکی ئازەربایجانی /چ/ و  /ج/ ی هەیە بەڵام  ئەمەش لێرە ئیشکالێک هەیە، قسەکە زۆر ڕێی تێدەچێ بەتایبەت ئی ناوچەی موکریان  کە /چ/ و /ج/ ی هەیە. بۆ وێنە  ' چاک نابی'  ناڵێ " جاکک نابی' چونکە لە ئەردەڵان دەڵێ  " چاوەکەم' ، ئەو دەڵێ " چاوەکەم " / چ/ یەکە دادەگرێتەوە وەکوو ئازەربایجانی هەیەتی، بەڵام بۆ هەولێریش هەیەتی؟  خۆ هەولێر لە ئازەربایجان دوورە، تەنانەت سلێمانیش ناڵێ " چاوەکەم"  هەر چەند هەولێر و ناوچەی پشدەر و ئەوە /چ/ یەکە بڕێک زەقتر دەبێتەوە  بەرەو ئازەربایجانی دەچێ. بەڵام خۆ هەولێر و پشدر جیرانی ئازەربایجان نین وەکوو مەهاباد و نەغەدە. هێندێکیان وەکی دیسان عەرزم کردی بە ڕاستیش تا ئێستا زۆر لایەنی زمانی هەیە بە تایبەت ئاڵوگۆڕی زمانی کە نازانین چییە.  دەتوانین زۆر خۆشە کە باسی دەکەین، دەتوانین هەوڵ بدەین شەرحیان بدەین، لێکیان بکەینەوە بەڵام هێندێکیش هەیە بە قەولی زمانناسێکی کۆمەڵایەتی دەڵێ  وەک ئەوەیە بڵێی " هەتا دوساڵ لەمەوبەر من پانتۆڵم دەبەر دەکرد ئەوەندە فش بوو ئێستا بۆ  بە لەشیانەوە نووساوە"؟  مۆدێلە، بەڵام ئەو مۆدێلە بۆ گۆڕاوە ؟ بە ڕاستی هێندێک جار شەرح نادرێ. هێندێک جار ناتوانی بڵێی بۆ؟ گۆڕاوە. بەڵام هێندێک جاریش هەیە دەکرێ بە تایبەت ئەوانی  کە لایەنی جوغرافی و کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و گواستنەوە و تابوویان هەیە. تابووش زۆر زۆر گرینگە. ئێستا کاک حەسەن ئێمە لەو وتارە دا باسی وشەی "کەر" دەکەین. بۆ وێنە کەر پاشگرێکی  زۆر کارایە نانکەر، دەوەکەر، کارەکەر، زۆر وشەمان هەیە لە کوردستان بەو پاشگرە تەواو دەبێ بەڵام وشەکە کە هاتووەتە نێو زمانی ئەدەبی وردە وردە بووەتە  "کار" یان "گەر" لە بەر ئەوەی کە حەیوانێک نێوی ئەو شتەیە. ئەتۆ خەریکی شتێک لە دەست دەدەی لە بەر تابوو.
قازی: زۆر باشە بەڕێز شێخولئسلامی، بەداخەوە لێرە دا وەختمان تەواو دەبێ . هیوادارم دیسان لە خزمەت بەڕێزت دا بین و لە سەر لایەنەکانی دیکەی زمان کە لە ڕاستیدا  بوارێکی زۆر زۆر بەربڵاو و زۆریش گرینگە قسە بکەین زۆر سپاس بۆ ئەمجار. کاتێکی خۆشت هەبێ.
شێخولئیسلامی: زۆر زۆر سپاس بۆ میوانداریتان.، سەرچاوم.
قازی: سپاس بۆ ئێوەش. بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە بەرنامەی ئەمجارەشمان بە کۆتا دێنین تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەم هەڤپەیڤینە لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزیۆنی ستێرک  لە ئێوارەی پێنجشەمە ٢٩-ی ئۆپتۆبری ٢٠٢٠ بە بە ڕێگای سکایپ و بە شێوەیەکی زیندوو بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ویدێئۆی بەرنامەکە دەکرێ سەری ماڵپەڕی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵی فەیس بووک و هەر وەها مەکۆی ڕاوێژ لە یووتووب بدەن!





 

No comments: