بەردنووسێکی بزربووی سەر چیای "تەرەغە"ی بۆکان لە ئینگلیزییەوە: ئەنوەر سوڵتانی
بەردنووسێکی
بزربووی سەر چیای "تەرەغە"ی بۆکان
لە ئینگلیزییەوە: ئەنوەر سوڵتانی
I would like to thank both
Professors Mirjo Salvini and Maryam Dara for their kind consent over my
translation of this research and waiving their copyrights over it ; translator
وەرگێڕی کوردی ئەم وتارە بە پێویستی دەزانێت
سپاسی زۆری هەردوو پڕۆفیسۆر ماریۆ سالڤینی و مەریەم دارا بکات بۆ مۆڵەت پێدانی
میهرەبانانەیان بۆ تەرجەمەی ئەم لێکۆڵینەوەیە و هەڵگرتنی مافی کۆپی ڕایتس لەسەری.
وەرگێڕاوی کوردیی
وتارەش پێشکەش دەکەم بە مامۆستای شوێنەوارناس عەبدولڕەقیب یووسف
ئەم وتارە سەبارەت بە بەردنووسێک
نووسراوە کە بە خەتی بزماری و زمانی ئورارتوویی لە بەرزاییەکانی چیای تەرەغەی
بۆکان هەڵکەنراوە؛ لەم ساڵانەی دواییدا گرووپێکی شاخەوان لە
ساڵی ١٩٩٧ بە کامێرای تەلەفونی مۆبایل فیلمیان لێ هەڵگرتووە. دواتر پسپۆرێکی
ئیدارەی "میراث فرهنگی"ی ئێران لە وتاری ساڵی ٢٠٠٨ی خۆیدا هەواڵی فەوتان
و بزربوونی بەردنووسەکەی ڕاگەیاندووە.[1] لە ئەنجامدا، فیلمی ئەو گرووپە شاخەوانە بووەتە تاقە
سەرچاوە و نیشانەی بەجێماوی ئەو شوێنەوارە مێژووییە. سێ پسپۆری خەتی بزماریی دەقی۳ تۆمارکراوی ناو فیلمەکەیان تەرجەمەی ئینگلیزی و فارسی
کردووە.[2]
وتارەکە بە ئینگلیزی نووسراوە و
گۆڤارێکی ئەنجوومەنی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک و قەفقاز لە یەرەڤانی
ئەرمەنستان بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی
ئۆکسفۆردی بریتانیا لە ساڵی ١٩١٨ دا بڵاویان کردووەتەوە، منیش
ڕاستەوخۆ کردوومەتە کوردی.
نووسەرانی وتار، پرۆفیسۆرێکی ئیتالی و پسپۆرێکی
ئێرانین، کە لە ساڵی ٢٠١٩ دا چوونەتە شوێنەکە و بە یارمەتی شاخەوانێک و دوو کەسی
دیکەی خەڵکی ناوچە، شوێنی بزربوونی بەردنووسەکەیان بەچاو بینیوە، ئینجا لە هەمان
ساڵدا ئەم وتارەیان نووسیوە و بڵاویان کردووەتەوە.
بەردنووسەکە لە چەند لایەنەوە خاوەنی
گرنگییە:
یەکەم، بەڵگەیەکی ژیاری مرۆڤ بە گشتییە
و دەتوانێ گۆشەیەکی تاریکی مێژووی شارسانیەت لە جیهان و ناوچەکەدا ڕوون بکاتەوە.
دووەم، دەوروبەری ٢٩٠٠ ساڵ پێش ئێستا
نووسراوە و مێژووی بەبەڵگەی شارسانیەتی ناوچەکە بۆ دەوروبەری سێ هەزارساڵ پێش
ئێستا دەگەڕێنێتەوە؛
سێیەم، بە زمانی ئورارتوویی نووسراوە کە
بۆ گەلی ئەرمەنی- وەک وەچەی ئورارتووییە کۆنەکان، جێگەی گرنگایەتی تایبەتە؛
چوارەم، بۆ پسپۆرانی مێژووی
"ماننا" و هەردوو گەلی کورد و ئازەربایجانییش کە بنەچەکیان دەگەڕێتەوە
سەر ئەوان، گرنگایەتی زۆری هەیە، هەرچەند وەک خەت و زمانی باپیرانی ئەوان نەنووسرابێت؛
پێنجەم، بە گوێرەی نووسەران، تاقە
شوێنەوارێکی نووسراوی ئورارتووییە کە تا ئێستا لە باشووری گۆلی ورمێ دۆزرابێتەوە و
ئەوە بۆ مێژووی سەرجەم ناوچەکە، بە بێ جیاوازیی ئێتنیکی، بایەخدارە. لەبەر ئەوەی
لەو سەردەمانەدا باشووری گۆلی ورمێ و ناوچەی کوردستان و ئازەربایجان و... بەدەست
مانناکانەوە بووە، کە لەگەڵ ئورارتوو و ئاشووریاندا شەڕی بەردەوامیان بووە؛ شوێنایەتی
بەردنووسەکە دەریدەخات کە یەک لە شاهانی ئورارتوو واتە "ئیشپوینی"، لەو
قۆناغە تایبەتەی مێژوودا توانیویەتی لە خوارەوەی گۆلی ورمێ، بەسەر مانناکاندا زاڵ
بێت و مۆری خۆی لەسەر چیاکانیان بدات.
فیلمێک کە بووەتە بنەمای خوێندنەوەی
بەردنووسە بزربووەکە، بە کامێرای تەلەفونی مۆبایل هەڵگیراوە و ئەو کەسەی وا
هەڵیگرتووە، خزمەتێکی کەم وێنەی بە مێژووی ناوچەکە کردووە، بەڵام کەسەکە شاخەوان
بووە نەک فیلمهەڵگری پیشەیی، بۆیە لە باری تەکنیکی هونەرییەوە ناتەواوی لە
کارەکەیدا دەبینرێ و لە ئەنجامدا بەشێکی بەرچاو لە نووسراوەکە ناخوێنرێتەوە.[3]
وەک ئاکامێکی ئەو بارودۆخە، نووسەرانی
وتار، تاوانی کاری چەپەڵی شکاندن و فەوتاندنی بەردنووسەکەیان داوەتە پاڵ
"تاڵانچییە تازەکان" کە "وێرانکارانی مێژووی هاوبەشن"
و تووک و نفرینیان کردوون، بۆ ئەوەی گەنجینەیەکی بەنرخی ئەوتۆیان لە دەست مرۆڤایەتی دەرهێناوە.
تەرەغە و دەوروبەری ئێستا شوینی ژیانی
کوردە. ئەرکی گەورەی سەرشانی هەموومان پاراستنی مێژووی کۆن و تازەمانە. گەلی بێ
مێژوو، گیایەکی بێ ڕیشەیە، ئەوانەی وا مێژووەکەمان بنکۆڵ دەکەن و ڕیشەی پێوەندی
شارستانیەتمان لەگەڵ ڕابوردوو دەردێنن، لەبەرانبەر مێژوو و ئەخلاقدا تاوانبارن، دەبێ
دەستی چەپەڵیان لە ژیانی فەرهەنگیمان دوور بخرێتەوە. هەرکام لە ئێمە دەبێ
سەربازێکی پارێزەری شوێنەوارە دێرینەکانی وڵاتەکەمان بین، نەک هاودەست و هاوکاری
قاچاخچییە نێونەتەوەییەکان. ئەوە ئەرکێکی مرۆڤایەتیشە، کورد بەشێکی دابڕاو لە
جیهان نییە، مێژووی ئێمەش بەشێکە لە مێژووی مرۆڤایەتی. بەو پێیە، لە بەرانبەر
جیهانیشدا بەرپرسین. ئەو ئاکارە چەپەڵە و کردەوەی قیزەوەنی قاچاخچییەتی بە
شوێنەواری ژێرخاکی، دەبێ بوەستێنرێ و ناوی قاچاخچییان لەقاو بدرێن، جا سەر بە هەر
نەتەوەیەک بن جیاوازییەکی نییە.
ئێمە بۆ کەمتەرخەمی لە ئەرکی پاراستن و
چاوەدێری میراتە بەجێماوەکانی فەرهەنگی ڕابوردوودا دەبێ خۆمان بە بەرپرس بزانین و
هەرگیز نابێ بە چاوێکی ناسیۆنالیستی، یان ئایینی سەیری دۆزەکە بکەین؛ زوربەی زۆری
ئەو ئاسەوارە کۆنانە بەرهەمی دەستی باووباپیرانی میللەتانی دیکەی ناوچە بۆ نموونە،
ئەرمەنی و ئاشوورین و دەیان نەتەوەی جۆراوجۆر لە ماوەی ئەو هەزاران ساڵەدا چاویان
پێیان کەوتووە و پاراستوویانن، جا ئەگەر ئێستا چارەنووس لەبەر دەستی ئێمەی داناون،
ئەوە بۆ پاراستن و گەیاندنیانە بە دەستی نەوەی دواڕۆژ، نەک فەوتاندن و بە قاچاخچی
فرۆشتنیان! ئورارتو لە سەردەمی جێگەی ئاماژەی ئەم بەردنووسەدا، دووەم دەسەڵات و
دەوڵەتی مەزنی ناوچەکە دوای ئاشوور بووە و شکاندن، یان دزینی بەڵگەیەکی وا
بایەخدار ناتوانێت ئەو مێژووە پرشنگدارە بگۆڕێت، یان مێژووی گەلێکی دیکە دەوڵەمەند
بکات!
ئەوەی خوارەوە وەرگێڕاوی سەرجەم وتارەکەیە
و هەموو ئەو وێنانەش کە لە کۆتایی وتارەکەدا دانراون، کراونەتە پاشکۆی دەقە
کوردییەکە. بەداخەوە کۆپیی لینکی فیلمی بنەمای کارەکە هاوپێچی وتارە ئینگلیزییەکە نەکراوە
کە وەرگێڕی کوردییش ڕایبگوێزێتە ئێرە، بەڵام وێنەکان لەبەر هەمان ئەو فیلمە هەڵگیراون
کە باسی لێوەکرا، واتە کەم و زۆر هەمان شتن.
ڕوونکردنەوەی چەند خاڵ
لە دەقە ئینگلیزییەکەدا کەڵک لە هەندێک
نیشانەی تایبەتی زمانەوانی وەرگیراوە کە واهەیە لە وەرگێڕانە کوردییەکە دەقاودەق
نەبن، خوێنەری شارەزای بوارەکە دەبێ بۆ وردبوونەوە بچێتە سەر دەقی بنەما، کە ئەوە لینکەکەیەتی:
https://www.academia.edu/42181622/An_Urartian_rock_inscription_on_Mt_Taragheh_in_Iranian_Azerbaijan
نە دەقی ئینگلیزی و نە وەرگێرانە
کوردییەکە دوایین قسە سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو بەردنووسە ناکەن و هیوای ئەوە هەیە
کە دواتر پسپۆرانی وەک ڕێزدار ڕەسووڵ بەشاش کەنزەق و خەڵکانی ئاگاداری دیکەی ئەم
بوارە، زیاتری لەسەر بنووسن و زۆریش دوای نەخەن. بۆ ئەوەی چاوی ئەویندارانی
تامەزرۆی مێژوو زووتر بەو زانیارییانە ڕوون ببێتەوە. هەروەها هیوادارم خەڵکانی
ئاگاداری مەسەلەکە، چۆنیەتی تاوانی قیزەوەنی شکاندنی بەردنووسەکە و ناوی تاوانبارە
داخ لەدڵەکان ئاشکرا بکەن. بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە خزمەتێکی زۆرە بە پارێزگاری لە
گەنجینەی نەتەوایەتی و مێژووییەکەمان و دەتوانێ بەرگر بێت لە دووپات بوونەوەی
تاوانەکە- هەرکەسانێک کردبێتیان.
ئەم فیلمە گرووپی شاخەوانی بۆکان بە بەرپرسیاریی
ڕێزدار سمایل فەرامەرزی فیلمەکەیان هەڵگرتووەتەوە.
سپاسی ئەو دۆستە خۆشەویستانەی خۆم دەکەم
کە هەرکام بە شێوەیەک بوونە هۆی وەرگێڕان و ئامادەکردنی ئەم وتارە.
بەشوێن ئەم وتارەدا وتارێکم سەبارەت بە
بەردنووسی گوندی "قەڵایچی" (ئیزیرتو)ش نووسیوە و ناردوومە بۆ
بڵاوکردنەوە. بەردنووسەکەی قەڵایچی، لە سەرچاوە ئێرانییەکاندا بە ناوی "کتیبە
بۆکان"ەوە ناسراوە.
لە کۆتاییدا، وەرگێڕ سپاسی زۆری هەردوو
مامۆستایانی نووسەری وتارەکە، پڕۆفیسۆر میریۆ سالڤینی و دوکتۆر مەریەم دارا، دەکات کە بە دڵفراوانییەوە مۆڵەتی وەرگێرانی
کوردی و چاپی بەرهەمەکەی خۆیان بە وەرگێڕ دا و مافی کۆپی ڕایتسی وتارەکەیان لەسەر
هەڵگرت. هەروەها ڕێز و ئیحترامی خۆی پێشکەشیان دەکات بۆ سەردانی چیای تەرەغەی
بۆکان و نووسینی ئەم وتارە ڕوونکەرەوەیە.
سپاسی تایبەتیش بۆ ڕێزدار سمایل
فەرامەرزی و گرووپی شاخەوانێک کە فیلمی بەردنووسەکەیان هەڵگرت و هەموو نەفرەتم بۆ
ئەو دز و دوژمنانەی وا بەردنووسەکەیان شکاند.
ئەنوەر سوڵتانی
١٠/١١/٢٠٢٠
_____________________________
بەردنووسێکی ئورارتوویی لە چیای تەرەغە
لە ئازەربایجانی ئێران
میریۆ سالڤینی و مەریەم دارا[4]
پوختەی بابەت: نووسراوێکی ئورارتوویی نوێ لە سەر
تاشەبەردێک لە چیای "تەرەغە"، نزیک گوندی "عیلماباد"ی
ڕۆژئاوای بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراوەتەوە. بەڵگەی بەردەستمان چۆنیەتییەکی
گەلێک ناتەواوی هەیە، بەڵام نووسەران [ی وتارەکە] هەوڵیان داوە ڕەمز و ڕازی
فیلمێکی کۆن یەکاڵا بکەنەوە بۆ ئەوەی لەت وکوتەکانی دەقە بزمارییەکە بخەنەوە سەر
یەک، کە بۆ سەرەتاکانی مێژووی ئورارتوویی دەگەڕێتەوە. ناوی ئیشپوینی شا[5]
و مینوا[6]ی
کوڕی، سەردەمێکی بەرەو دوایین چارەکی سەدەی ٩ی پێش زایین پێشان دەدەن. ئەوە
کۆنترین دەقی ئورارتووییە کە لە پارێزگەی ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێراندا
دۆزرابێتەوە.
زانیاری: مێژووی ئورارتوویی، دەقە بزمارییەکان، ئێران، پارێزگەی
ئازەربایجانی ڕۆژئاوای، نووسراوی سەر تاشەبەرد، تاڵانچییان.
ناساندن
تیمێکی شاخەوان لە ساڵی ١٩٩٧ لە کاتی شاخەوانیی سەر چیای تەرەغەدا (کە بەرزاییەکەی٢٢٥٠
مەترە لە ڕووپەڕی دەریاوە) و کەوتووەتە دەوروبەری ٦ کیلۆمەتری باکووری گوندی
تەرەغە و ٢.٦ کیلۆمەتری گوندی عیلماباد (وێنەی ژمارە ١)، نووسراوێکیان بە خەتی
بزماریی لەسەر تاشەبەردێکی نزیک بە لووتکەی چیاکە دۆزییەوە. عیلماباد کەوتووەتە
دەوروبەری ٢٥ کیلۆمەتریی بەری ڕۆژئاوای بۆکان و ٣٢ کیلۆمەتریی قەڵایچی، لە پارێزگەی
ئازەربایجانی ڕۆژئاوایی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران. شاخەوانەکان توانییان بەهۆی
تەلەفونە مۆبایلەکەیانەوە ڤیدیۆیەک لە نووسراوەکە هەڵگرنەوە، بەڵام ئاکامەکەی
کەیفییەتێکی خراپی هەبوو (وێنەی ٢). بە گوێرەی قسەی "ئیسماعیل فەرامەرزی"،[7]
نووسراوەکە کەوتبووە نزیک لووتکەی چیاکە و وێرانەی مەتەرێزێکیش لە نزیک نووسراوەکە
بەرچاو دەکەوت.
[بڵاوکراوەی] "میراث خبر"[8]
لە ساڵی ٢٠٠٦ دا هەواڵی "دزران"ی ئەو نووسراوەیەی ڕاگەیاند. "یووسف
حەسەنزادە" هاوڕێ لەگەڵ هەواڵی بێسەروشوێن بوونەکەی، ڕاپۆرتێکیشی سەبارەت بە نووسەکانی
بڵاو کردەوە.[9] بەو شێوەیە، سەرەتا بەڵگەیەکی
بەفیلمکراو(ی ٣٧ خولەکی) بەرهەم هات، ئینجا "ڕەسووڵ بەششاش کەنزەق"[10]
توانی هەندێک وشەی نووسراوەکە لەو فیلمە ساغ بکاتەوە، بەڵام هەرگیز ئەنجامەکەی
بڵاونەکردەوە. ئەو وای خستە بەرچاو کە بۆی هەیە نووسراوەکە دەقێکی دوانەی
ئاشووریشی هەبووبێت و ئەوەی دەست نیشان کرد کە ناوی خالدی[11]
و ئیشپوینی[12] تێدا ناسیوەتەوە.
نووسراوەکە بۆ توێژینەوە ئورارتووییەکان گەلێک گرنگە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا
هیچ نووسراوێکی ئورارتوویی لە باشووری گۆلی ورمێ[13]
نەدۆزراوەتەوە. نووسراوەکە دەوروبەری ٨٠ سانتیمەتر تا ٦٠ سانتیمەتر پان بووە و دە
دێڕ دەقی بزماریی ئورارتوویی لەخۆ گرتووە. وێنەکانی دەوروبەری تاشەبەردە نووسراوەکە،
هەموو پیشاندەری کوتران و ورکەی بەجێماوی تێکشکانی نیشانەکانی سەرەتا و کۆتایی
دێڕەکانن (وێنەی ٣).
تەرەغە – نووسینەوەی پیت بەپیتی
بەردنووسەکە
دۆخی خراپی بەڵگەی بەردەست، سەرەڕای
هەوڵێکی زۆر بۆ خوێندنەوەی، تەنیا مۆڵەتی ڕاگواستنی هەندێک بەشیمان پێ دەدات. ئێمە
لێرەدا دەتوانین هەندێک وێنەی وەرگیراو لە ڤیدیۆکە پیشان بدەین. هاوڕێ لەگەڵ
نووسینەوەی ئەو نیشانانەی وا دەبینرێن و دەستنیشانکردنی دێڕی پەیوەندیداری ناو
دەقەکە. ئێمە زیاد لە دە دێڕ هیچی دیکەی تێدا ناناسینەوە.
وێنەی ٤. سەرەتای دێڕی ١ تا ٤.
دێڕی ٣. ] مان کور بی- ا- ئی[
وێنەی ٥. سەرەتای دێڕی ١ تا ٥.
دێڕی ١. ]-نی- نی
دێڕی ٢. م یش- پو-[
دێڕی ٣. مان شو مان کورب[ی-
دێڕی ٤. ئو؟(-)ئو[،]خ-پو؟-تا[
وێنەی ٦. بەرەو کۆتایی دێڕەکانی ١ تا ٣
دێڕی ١. ]- دی- نی- نی ئوش-گ[ی-
دێڕی ٢. م]د⌉ سار،(؟)-دو-ری⌉-[
دێڕی ٣. ]-ا-نی[ی
وێنەی ٧.
دێڕی ١. ] ⌉ئوش-گی⌈-[
کۆتایی دێڕی ٢. د]ئو
وێنەی ٨.
دێڕی ١. ]-شی-نی دخال-دی[-
دێڕی ٢. ]ئی-نی-نی م⌉د⌈ [
دێڕی ٣. ] ⌉ئەی⌈-ئی ممی-نوو- ⌉ئەی⌈-[
وێنەی ٩.
دێڕی ١. ]-دی-نی-نی ئوش-گ[ی-
دێڕی ٢. م⌈دسار -⌈دوو-ری⌉-[
دێڕی ٣. ]-ا-ن[ی
وێنەی ١٠.
دێڕی ١، کۆتایی. ]ئوش-گی-نی
دێڕی ٢، کۆتایی.]- ⌉دوو-ری]-ئی-حێ
دێڕی ٣، بەرەو کۆتایی. –پ]وو-ئو-]ی-نی-حێ
وێنەی ١١.
دێڕی ٥، ]خ پوو؟-تا[
دێڕی ٦، ] میش؟؟ ا-گ]و؟-بی؟
دێڕی ٧، ] خ ما-نی مێش[-
وێنەی ١٢
دێڕی ٤، ] ئوش-تا-خ[
دێڕی ٥، ]-لی ا خ خ[
دێڕی ٦، ]-لو-⌉بی؟⌈ خ خ
دێڕی ٧، ]-ئێ ممی-ن[یو]- ⌉ئا⌈-[
وێنەی ١٣.
دێڕی ٧، ]ما نی می[ش-
دێڕی ٨، ]-نی شی-د[ا-
دێڕی ٩، ] خ ای ر[ی
وێنەی ١٤.
دێڕی ٤. –ت[ا-⌉بی؟⌈ خ
دێڕی ٥، ] ا خ خ [
دێڕی ٦، -ل]و-⌉بی؟⌈خ خ خ [
دێڕی ٧، ] ممی-[نو-ا
[
وێنەی ١٥.
دێڕی ٣، بەرەو کۆتایی، -پ]و-وو-⌉ی-نی⌈-ح[ئێ]
کۆتاییەکانی دێڕی ٤ تا ٧ ئێستا
ناخوێنرێتەوە.
نوسخەی ئەسڵی لە ڕێگەی یەکخستنەوەی لەت وکوتی جۆربەجۆری ڤیدیۆ ئەسڵییەکە
پێکهات (وێنەی ١٦).[14]
درێژایی دێڕەکان وێدەچێ ڕێک وپێک نەبێت، هەربۆیەش سازدانەوەی نیشانەکان لە
سەرەتا و کۆتایی هەر دێڕێکدا جێگەی دڵنیایی نییە. ئەو مەسەلەیە لە بەردنووسی
دیکەشدا بەرچاو دەکەوێت، بەتایبەت لە ناوچە دوورەدەستەکاندا، بۆ نموونە لە "ئووجاسەر-
ئیلانداغ"[15] (سی تی یوو ئەی ٣-٨)ی شا
ئیپشوینی و مینوا، هەروەها لە "ئۆرتاکەنت"[16] (سی تی یوو ئەی
٨-٧)ی "ئارگشتی ١".[17]
کەوانە چوارگۆشەکان بۆچوونی گشتی سەبارەت بە پانتایی کەلەبەری نێوان وشەکان
پیشاندەدەن (وێنەی ١٦).
1. [Dḫal-di-ni]-ni uš-ma-ši-ni Dḫal-di-ni-ni ⌈uš-gi-ni⌉ (17 signs)
2. [ ? ] miš-pu-ú-i-ni-ni mD⌈sar5 ?-du-ri-e-ḫé⌉ (14 signs + X ?)غ۳
3. [ ? ] MAN ŠÚ MAN KURbi-a-e mmì-nu-a-n[i miš-pu]-ú[-i-ni-e-ḫé] (20 signs?)
4. ]ú?(-)ú-ḫi?-ni x x ni ⌈uš-ta⌉-x[
5. ]-pu-ta-li šu-ri-li a x x[
6. M]EŠ? a-⌈gu-bi⌉? ⌈ba⌉-ad-gu-lu-⌈bi⌉ x x [
7. ]x ma?-ni miš-pu-ú-i-ni-e mmì-nu-a(-)[
8. ]x-ni ši-"a?-li šú-ri x[
9. ]x a i ri du? te x x[
10. ] ⌈D⌉ḫal-di-ni[(-)
(١) "بەهۆی (سپاس بۆ) پارێزگاریکردنی [خودای خاڵدی]، بەهۆی (سپاس بۆ)
یارمەتی (؟)ی خودای خاڵدی
(٢) ] (ئێمە)، کە ئیشپوینی، کوڕی ساردوری (ن)
(٣) ؟ ] شای گەردوون، شای وڵاتی بیا (و) مینوا [کوڕی ئیشپوینی]
(٤) ] X X X X X X
(٥) ] X X ناوچەکانی /
وڵاتانی (شوری+لی) X
(٦) ] من ڕێبەرایەتیم کرد؟، من دەستم بە سەردا گرت X
(٧) ]X بۆ ئیشپینی و مینوا
(٨) ] X X X X چەک
(٩) ] X X X
(١٠) ] خودای خاڵدی[
دێڕی ١: ڕوونووس
کردنی پیت بەپیتی [ی دێڕەکە] بەم شێوەیەیە: خاڵدی+ح+نی+نی ئوشماشی+نی خاڵدی+ی =
نی+نی ئوشگی+نی، کە بە مەزندە دەبێتە: "بەهۆی خاڵدییەوە بەهۆی پارێزگاریکردن بەهۆی
خاڵدییەوە بەهۆی –یارمەتی (؟)"
دێڕی ٢: ناوی
ئیشپوینی دۆخی "ناو"ێکی هەیە بۆ کرداری تێپەڕ، کە حاڵەتی بکەریی ناڕێک
وپێکیشی پێدەگوترێت، و بەوپێیە بە دڵنیایی ناوی مینوا، کە لەگەڵ ناوی باوکیدا دێت،
تەنانەت ئەگەر پاشگریش بێت نەپارێزراوە[؟]. ئەوە تایبەتمەندی عینوانی شاهانەیە، کە
بە عادەت لە سەرەتای نووسراوەکاندا نابینرێت. عەینی شتە بۆعیبارەتە تێنەپەڕەکان و
لە دەقی ئیشپوینی و مینوادا ئەو حاڵەتە لە [بەردنووسی] یاشیلالیچ[18]
(سی تی یوو ١، ئەی ٣-٢) و کێلەشین[19]
(سی تی یو ١، ئەی ٣-١١)یشدا بینراوە، بەڵام ئەوە دۆزە سەرەکییەکە نییە.
دوایین نیشانەی دێڕی ٢ بریتییە لە –حێ، کۆتایی پاشگری شاهانە، وەک لە دەقی سی تی
یو ١، ئەی ٣-٦ دا هاتووە، و دێڕی سێهەمی ئاوایە: ئوش-تا-بی میش-پو-ئوو-ی-نی-نی م دسار
–دو-ری-ێ-حێ ممی –نو-ا-نی میش-پو-ئوو-ی-نی-حێ.
دێڕی ٣: وەک لە [بەردنووسی] کێلەشینیشدا وەهایە، تەنیا
ئیشپوینی ناوونیشانی شاهانەکانی هەیە. ناوونیشانی "مان شوو" یەکەم جار بۆ
"ساردوری"ی یەکەم[20]
هاتووە، کە باوکی ئیشپوینی بووە (سی تی یوو ئەی ٣-١١). لە هەندێک دەقی ئیشپوینیشدا،
کە بریتین لە نووسراوی دوو زمانەی کێلەشین (سی تی یو ئەی ٣-١١ Rev.
١٦) و لە ئاڵقە بڕۆنزییەکانی "یوخاری ئەنزەف"[21]
(سی تی یو ٤ بی ٢-٧)دا هاتووە و ناوونیشانی مان کورنا-ی-ری
بەشوێنیدا دێت.
ئێمە لە نووسراوەی بەردەستدا، لەجیاتی مان کورنا-ی-ری،
ناوونیشانی مان کوربیا-ا-ئێ، بە واتای "شاهی
وڵاتی بیا" دەبینین. ئەوە لە هەردوو ڕوانگەی وشەناسی و زمانەوانییەوە
گرنگترین توخمە. بیا-ئێ بیچمێکی ڕوونی ئیزافە/مڵکییە، ئیجازەمان پێدەدات ناوی شوێنی
بیا تاک بخەینەوە، کە بنەمای ناوی خۆجێیی "بیاینیلی"یە و نرخی شیکردنەوە
زمانەوانی و وشەناسییەکەی پشتڕاست دەکاتەوە: کوربیا=ا=ئێ=لی،
"(وڵاتانی) بیا"[22]،
لێرە لە دەسپێکی دێڕەکەدا ئیتر وێناچێت شوێنێک بۆ ناونیشانێکی دیکەی شا، وەک "مان
دان-نو"ی ناو دەقەکانی باسکراو، مابێتەوە.
دێڕی ٤: هیچ وشەیەکی ناسراوی تێدا نابینین.
دێڕی ٥: ]-پو-تا-لی واهەیە بیچمێکی کرداری لە پێوەندی ناوی
شوری=لی دا بێت بە واتای "وڵاتانی"، بە بێ ڕوونکەرەوەی ک و ر. بڕوانە سی
تی یو، ئەی ٣-٦ دێڕی ٥، کە تێیدا کورشو-ری-لی بۆ
خاک یان وڵاتانی فەتحکراو بەکار هێنراوە. ئەوە سروشتی سوپایی دەقەکە دەردەخات.
لێرەدا،
بوونی نیشانی شو (لابات ٣٥٤)، لەجیاتی "شوورە"ی زۆر گشتیتر، پێوەندییەکی
زیاتر لەگەڵ خەتی بزماریی ساردوری یەکەم، و توخمێکی نوێ لە تەنیشت عینوانی مان شوو
بە واتای "شاهی گەردوون" زیاد دەکات.
بیچمی
دوو نیشانەی "–لی" کۆنە
دێڕی ٦: لە سەرەتادا واهەیە ]مێش؟؟ ا-گ[ئو؟-بی؟]
بێت. ئەگەر خوێندنەوەی "مێش" بێ هەڵە بێت، هاوشێوەی ئەو فۆرمەیە وا
بەهۆی "ساردوری"ی یەکەم، نەک ئیشپوینی و مینواوە پشتڕاست دەبێتەوە،
بەڵام ڕوون نییە ئایا لەوێدا شوێن هەبێت بۆ ئەو دوو نیشانەیە. خوێندنەوەی گونجاوی
ئاگو=بی، واتای "من ڕێبەرایەتیم کرد/ من لامبرد" دەداتەوە و شێوەی وشەکە
گومانی ئەوە دەخاتە بەردەم کە "کراو"(مەفعول)یکی تاک بێت. لەوەش زیاتر،
شێوەی وشەی دواتر، بە پاشگری –بی یەوە، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە نووسراوەکە تەنیا
بە ناوی 'ئیشپوینی'یەوە بێت.
بەراوردی بکە لەگەڵ ئەوەی وا لە
دەقی "میهرقاپیسی"[24]
دا هەیە (سی تی یو ١، ئەی ٣ تا ١) دێڕی ١ تا ٣ (دوو "کراو"،
بەڵام کردارێکی تاک)، هەروەها لەگەڵ شێوازی ناو دێڕی ٣٢ تا ٣٥، کە لەوێدا
کردارەکان شێوازی "کۆ"یان هەیە.
شێوازی کرداری تێپەڕی بەدگولو-بی بە
واتای "من دەستم بەسەرداگرت؟"[25]
لەگەڵ بکەری شوری=لی لە دێڕی ٥ دا یەک دەگرێتەوە و گومانی هەندێک کردەوەی سوپایی
لە ناوچەی تەرەغە پێکدەهێنێت، بەڵام بەداخەوە [لە دەقەکەدا] هیچ ناوێکی شوێن،
پارێزراو نەماوەتەوە.
دێڕی ٧: ناوی ئیشپوینی و مینوا واهەیە بەشێک بن لە فۆرمی
دۆعاکردن.
دێڕی ٨: شوو-ری بە واتای نێزە و چەکە.[26]
دێڕی ١٠: ناوی خاڵدی لە –شێ دا، [لەباری ڕێزمانەوە] "کراو"ێکی
کرداری تێپەڕە نەک تێپەڕ و تێنەپەڕ پێکەوە. کەوابوو ناتوانێ بەشێک بێت لە شێوازی
ئاسایی تووک و نفرین کردن و کۆتاییش بە نووسراوەکە دەهێنێت.
لە کۆتاییدا، ئەم بەردنووسە، ئێستا ون بووبێت، یان تێکشکێنرابێت،
بە یارمەتی فیلمێکی کۆن بە چۆنیەتییەکی لاوازەوە، نیوەپارێزراوە، بەڵام هەرچۆنێک
بێت، ئاکامەکەی سەرنجدانێکی گەلێک بەنرخە. کۆنترین بەردنووسی ئیشپوینی و مینوا
کەوتووەتە ناوچەی ماننا لە دوورترین شوێنی پایتەختی ئورارتوو["تووشپا"ی
مێژوویی و "وان"ی ئێستا]. بەداخەوە هیچ "ناوی شوێنێ"ێک لە
دەقەکەدا ناخوێنرێتەوە. ئەوەش ئەگەرێک پێکدەهێنێت کە دەشێت شانۆیەکی نەبینراوی نوێمان
بە کارتێکەریی نادیارەوە بۆ بکاتەوە.
ئێمە
پێش هەمووشت دەبێ ئەو ڕاستییە بگرینە بەرچاو کە هەموو تەتەڵەکانی ئیشپوینی (لەسەر
بەرد، تاشەبەرد، یان شتومەکی بڕۆنزی) و بەتایبەت لەشکرکێشانە سوپاییەکانی، هاوڕێ
لەگەڵ ناوی "مینوا"ی کوڕیدا تۆمار کراون.
ژمارە و بەربڵاویی ئەو بەردنووسە
یادگارییانە، گومانی ئەوە دروست دەکەن کە شا ئیشپوینی هەر لە تەمەنی منداڵیی
کوڕەکەوە کردبێتیە هاوبەشی کارە بوێرانەکانی خۆی. ئەوەش لە ڕۆژهەڵاتی نزیکدا
دۆخێکی نەناسراوە. سەمەرە ئەوەیە ئەگەر ئێمە سەرنجی هەموو ئەو دەقانە بدەین کە لە
ماوەی حوکماتی ئیشپوینیدا نووسراون، تەنیا ژمارەیەکی کەمیان هەن کە ناوی ئیشپوینی
بە تەنیایی دەربخەن. ئاماژەی ئێمە بە تایبەت بەو دەقانەیە وا کەوتوونەتە نزیک وان[27]،
وەک "کالەجیک"[28]
(سی تی یو ١، ئەی ٢-١)، "ئەشاغی ئەنزەف"[29]
(سی تی یو ١، ئەی ٢-٦ی ئەی، بی، سی، ئەی ٢-٧ی ئەی، بی؛ ئەی ٢-٨) یان لە "خەزینە
پیری قاپیسی"[30]
(سی تی یو ١، ئەی ٢-٥).
ئێستا ڕوون بۆتەوە کە مینوا لە تەمەنی پێگەیشتوویی خۆیدا،
بەناوی باوکییەوە بەردنووسەکەی "زڤستان"[31]ی
نووسیوە (سی تی یو ١ ئەی ٢-٢ئەی-جی).[32]
لە ئەنجامیشدا ئەم بەردنووسە دەبێ مێژووەکەی بۆ دوای ستیل[33]
ەکەی "قەرە گویندوز"[34]
بگەڕێنرێتەوە (سی تی یو ١، ئەی ٣-٩)،[35]
واتە دوای لەشکرکێشانەکەی بۆ سەر "مێشتا"[36]
(حەسەنلوو)[37] و خاکی ئەوێ. ئەم دۆزینەوەیە
ئەنجامی مێژوویی لێ دەکەوێتەوە و شایانی لێکۆڵینەوەی زیاترە.
دوای نووسین
لە ٤ی مانگی تشرینی دووەمی [ساڵی ١٩١٩]، دوای "کۆنفەرانسی سەردەمی
ئاسن لە شاری سنە"[38]،
نووسەرانی ئەم وتارە چووین بۆ پشکنینی شوێنی بەردنووسەکە. لە شاری بۆکانەوە
دەستمان پێ کرد. بە ڕابەرایەتی شاخەوان "ئیسماعیل فەرامەرزی" گەیشتینە
لووتکەی چیای تەرەغە (دەوروبەری ٢٥٠ مەترێک لە سەر زەوییەوە: وێنەی ژمارە ١٧) و
پشتڕاستی ئەو ڕاپۆرتەمان کردەوە کە لە سەرەوەتر ڕاگەیەنرا. شایەدییەکانی بەڕێز
فەرامەرزی و دوو ڕابەری خۆجێ یی، هەروەها ئەو وێنانەی وا توانیمان هەڵیانبگرین
(وێنەی ژمارە ١٨ تا ٢٠)، بە ڕوونی شوێن[ی بەردنووسەکە]یان لەسەر ئەو چیایە پیشان
دەدا و دەریاندەخست کەسانێکی نەناسراو، کە گومان دەکرێت تاڵانچی بووبێتن،
ئەو بەشەیان، کە زۆروکەم بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین شوێنی بەردنووسەکەی
ئیشپوینی و مینوا بووە، هەڵکەندووە و شکاندوویانە. ڕەنگی جیاوازی تاشەبەردەکە و هەبوونی
نیشانەی کوترانەوە (مەخمەڵینەکان؟[39])،
وەک ئەوانەی وا لە ڤیدیۆکەدا بینراون، دەریدەخەن کە ئەوە شوێنی بەردنووسەکە بووە. باشە،
لەت و کوتەکانی براونەتە کوێ؟
ئێمە دەتوانین چی بڵێین؟ لەبەر ئەوەی کردەوەی تاوانبارانەی تاڵانچییان مۆڵەتی
ئەوەمان پێ نادات کە لە ناو کێشەکانی دیکەشیدا، لای کەم دێڕە کۆتاییەکانی دەقەکە
بخوێنینەوە؛ هەست دەکەین کە دەبێ بە شێوازی تووک و لەعنەت کردنی ئاسایی
ئورارتووییەکان لەو کەسانەی وا لە داهاتوودا نووسراوەکانی شا دەشێوێنن، کۆتایی بە
قسەکانمان بهێنین:
a-lu-še i-ni DUB-te tú-li-i-e a-lu-še pi-tú-li-i-e ....... tú-ri-ni-ni Dḫal-di-še DIM-še
DUTU-ni-⌈še⌉ DINGIRMEŠ-še ma-a-ni DUTU-ni pi-i-ni
واتە،
"با خودای خاڵدی، خودای تۆفان، خودای هەتاو، هەرکەسێک ئەم بەردنووسە
دەشکێنێت، هەرکەسێک دەیشێوێنێت..... (لەبەر شەوق)ی هەتاو لەناو بەرێت".
ئێمەش
هەمان دروشم دژ بە تاڵانچییە تازەکان، وێرانگەرانی میراتی مێژوویی هاوبەش، بەرز
دەکەینەوە!
Mirjo Salvini
Former Institute of Studies on Aegean and
Near East Civilizations,
National Research Council, Roma, Italy.
Maryam Dara
Linguistics, Inscriptions and
Texts Research Center of RICHT
Tehran, Islamic Republic of Iran
سەرچاوەکان
حەسەنزادە، یووسف. ٢٠٠٨، "بەردنووسی
تازەدۆزراوەی ئورارتویی بۆکان دزراوە"، باستان پژوهی ژمارە ٢-٤: لاپەڕە
١٢٩-١٣٠.
Labat,
R. 1948. Manuel d"épigraphie
akkadienne. Paris.
Malbran-Labat, F., R. Labat 1976. Manuel d"épigraphie akkadienne
(Signes, Syllabaire, Idéogrammes). Paris.
Pecorella, P.E., M. Salvini (eds) 1984. Tra lo Zagros e l"Urmia. Ricerche
storiche ed archeologiche nell"Azerbaigian
Iraniano. InGr 78. Roma.
Salvini, M. 1984a. La storia della regione in epoca urartea, in
Pecorella, Salvini 1984: 9-51.
Salvini, M. 1984b. La stele di Karagündüz, in Pecorella, Salvini
1984: 57-62.
Salvini, M. 2008. Corpus dei testi urartei, vol. I. Le iscrizioni su pietra e
roccia: I Testi. DocAs VIII/1. Roma.
Salvini, M. 2012. Corpus dei testi urartei, vol. IV. Iscrizioni su bronzi,
argilla e altri supporti, nuove iscrizioni su
pietra paleografia generale. DocAs VIII/4. Roma.
Salvini, M. 2018. Corpus dei testi urartei, vol. V. Revisione delle epigrafi e
nuovi testi su pietra e roccia (CTU A),
dizionario urarteo schizzo, grammaticale della lingua urartea. Paris.
کورتکراوەکان
سی تی یو ٤ و ٥ = بڕوانە سالڤینی ٢٠٠٨؛ ٢٠١٢؛ ٢٠١٨
لابات = بڕوانە لابات ١٩٤٨ و ماڵبرانت لابات، لابات ١٩٧٦.
وتارەکە لەبەر ئەم سەرچاوەیەی خوارەوە کراوەتە کوردی:
ئارامەزد
ARAMAZD
گۆڤاری ئەرمەنیی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک
بەرگی ١٣، ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٩ لاپەڕە ٦٩ تا ٨١
ئەنجوومەنی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک و قەفقاز، یریڤان
ئۆکسفۆرد ٢٠١٩
ئەنجوومەنی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک و قەفقاز بە هاوکاری ئەنستیتوتی
کەوناراناسی و قەومناسی (ئەکادێمیای نەتەوایەتی زانستی ئەرمەنستان)
ئێدیتۆر: ئارام کۆسیان
یارمەتیدەری ئێدیتۆر: ئارسن بوبۆخیان، ئەرڤاند گرێکیان و ئارمێن پێتڕۆسیان
ISSN 978-1-78969-484-0
ISBN 978-1-78969-485-7 (ePdf)
©
Association for Near Eastern and Caucasian Studies, Yerevan 2019. All rights
reserved
هەموو ئەو وێنانەی وا لە کۆتایی دەقە ئینگلیزییەکەدا
هاتوون،لە لاپەڕەکانی خوارەوەی وەرگێڕاوە کوردییەکەدا دەبینرێن:
وێنەی ژمارە ١، شوێنایەتی بەردنووسەکەی
تەرەغە
وێنەی ژمارە ٢، گەورەترین وێنەی هەڵگیراو لەبەر
ڤیدیۆکە
وێنەی ژمارە ٣، دەستەچەپ، بەشی لای چەپ و
ناوەندی دێڕی ١ تا ٨. وێنەی ژمارە ٤، دەستەڕاست،
سەرەتای دێڕی ١ تا ٤.
وێنەی ژمارە ٥، دەستەچەپ، سەرەتای دێڕی ١ تا
٥. وێنەی ژمارە ٦، دەستەڕاست، بەرەو کۆتایی
دێڕی ١ تا ٣.
وێنەی ژمارە ٧ دەستە چەپ، کۆتایی دێڕی ١ تا
٢.
وێنەی دەستەڕاست، ژمارە ٨ (بڕوانە ڕوونکردنەوەی خوارەوە)
وێنەی ژمارە ٩، دەستەچەپ،
وێنەی ژمارە ١٠، دەستە ڕاست.
[هەرسێ وێنەی] ژمارە ٨ و ٩ و ١٠ دێڕی ١ تا ٣ [ی بەردنووسەکە پیشاندەدەن].
وێنەی ژمارە ١١-١٢ و ١٤، دێڕی ٤ تا ٧
وێنەی ژمارە ١٣، دەستەچەپ، دێڕی ٧ تا ٩.
وینەی ژمارە ١٥، دەستەڕاست، دێڕی ٣ بەرەو کۆتاییەکەی.
وێنەی ژمارە ١٦، نوسخەیەکی لەبەر نووسراوە،
کە لەسەر بنەمای وێنەی لەتوکوتەکان پێکهێنراوە.
وێنەی ژمارە ١٧، چیای تەرەغە
وێنەی ژمارە ١٨، نزیک ترۆپکی چیاکە.
ئەو کەسە، ئاماژە بە شوێنێک دەکات کە بەردنووسەکە لەوێ بووە.
وێنەی ژمارە ١٩، دەستە چەپ، چۆنیەتی
بۆشاییەکە لەسەر تاشەبەردەکە پێشان دەدات.
وێنەی ژمارە ٢٠، تاشەبەردەکە و مەخمەڵینە(گلسنگ)ی لای خوارەوەی شوێنە تێکشکاوەکە.
_____________________
ئەم وتارە لە ژمارە ٢٨٧-٢٨٨ ی گۆڤاری ڕامان چاپی
سلێمانی، ئوکتۆبری ٢٠٢١ دا بڵاوبۆتەوە.
[1] حەسەنزادە، یۆسف. ٢٠٠٨، "بەردنووسی
تازەدۆزراوەی ئورارتوویی بۆکان دزراوە"، باستان پژوهی ژمارە ٢-٤: لاپەڕە
١٢٩-١٣٠.
[2] [زۆرجاران
ڕاگەیاندنی هەواڵی شوێنەوارە مێژووییەکان قاچاخچیی نووستوو وەخەبەر دێنێ و دەبێتە
هۆکار بۆ دزین و تاڵان و بڕۆی شوێنەوارەکە. هەربۆیەش دەبێ لە ڕاگەیاندنی هەواڵی
شوێنەوارە مێژووییەکاندا بیر لە هەموو لایەنێکی کارەکە بکرێتەوە. ئەو بەردنووسە
بەنرخەش دەبێ لە ماوەی ١١ ساڵی نێوان ساڵی ١٩٩٧ ی فیلمەکە و ٢٠٠٨ ی ڕاگەیاندنی
هەواڵی نەمانەکەیدا دەستی چەپەڵی تاوانبارانی پێگەیشتبێ. وەرگێڕ]
[4] An Urartian Rock Inscription on Mt. Taragheh in
Iranian Azerbaijan by Mirjo Salvini and Maryam Dara.
[5] King Ispuini
[6] Minua
[7] وتووێژی
مانگی جوونی ٢٠١٩
[8] [بڵاوکراوەیەکی ڕێکخراوی "میراث فرهنگی"
ئێرانە لە تاران بڵاو دەبێتەوە: https://miras.news/. بەداخەوە ئەرشیڤی
بڵاوکراوەکە، هیچ تۆئاماژەیەکی بۆ ژمارەکانی ساڵی ٢٠٠٨ (١٣٨٥)ی خۆی لەسەر ئینترنێت
دانەناوە، دەنا دەبوایە ئەو وتارە گرنگەشم لێرە بهێنایەتەوە. وەرگێڕ]
[9] نووسەران
[ی وتار] پێیان خۆشە سپاسی پڕۆفیسۆر"ستێفان کرۆڵ"، "یووسف
حەسەنزادە"، "ئیسماعیل فەرامەرزی" و "ئۆغوز ئاراس" بکەن
بۆ زانیاری و یارمەتی بەنرخیان لە پێناو دۆزینەوەی فیلم و وێنەکان. زانیارییەکانی
پرۆفیسۆر کرۆڵ بریتین لەوانەی خوارەوە: "تەرەغە - ناوی گوندەکەیە، نزیکەی ٦ کیلۆمەتر
لە بەردنووسەکەوە دوورە- ئەو شاخەی وا بەردنووسەکەی لێ دۆزراوەتەوە ناوی "بەرەغانە"
Baraghaneh یە [ئەو ناوەم بۆ ساغ نەبووەوە، بە ئەگەری زۆر بۆی هەیە هەمان
"تەرەغە" بێت(؟) وەرگێر]. ئێمە ناوی "تەرەغە" پشتڕاست دەکەینەوە و [دەڵێین]
خەڵکی خۆجێیی بینیویانە (بڕوانە خوارەوەتر). ئێمە هەروەها سپاسی دوکتۆر "یەرڤاند
گرێکیان" دەکەین بۆهەندێک بیرۆکەی بەکەڵک. حەسەنزادە ٢٠٠٨: پەڕەی ١٢٩. سەیر
کردنی بەڵگەکان وای دەردەخات کە لە ڕاستیدا وێچوو نییە نووسراوەکە دزرابێت؛ واهەیە
زیانی پێگەیەنرابێت یان شێوێنرابێت.
[10] Rasoul Bashash Kanzagh [بە
گوێرەی زانیاریی من، پسپۆڕێکی ئێرانیی خەتی بزمارییە. وەرگێڕ].
[11] Haldi [لە دەقەکەدا بە پیتی
/ح/ نووسراوە بەڵام لە زۆر دەقی کوردی و فارسی و عەرەبیدا وەک خاڵدی دەنووسن.
وەرگێڕ]
[12] Ishpuini
[13] [باشووری
گۆلی ورمێ و موکریانی ئێستا، لەو سەردەمانەدا بەگشتی لەژێر دەسەڵاتی مانناییەکاندا
بووە بەڵام شاهانی ئورارتوش وەک ئاشوورییەکان گەلێک جارهێرشیان کردووەتە سەری.
وەرگێڕ]
[14] شێوانی
کۆپییەکە بەستراوەتەوە بە وێنەکانی بەردەست و لەسەر بنەمای تۆمارە ڤیدیۆییەکەدایە.
[15] Ojasar-Illandagh
[16] Ortakent
[17] Argishti 1
[18] Yashilalich
[19] Kelishin
[20] Sarduri I
[21] Yukari Anzaf
[22] بڕوانە سی تی یو ٥: ٤٣٢.
[23] [عەینی وشە
بزمارییەکەی ناو دەقە ئینگلیزییەکە، ڕاستەوخۆ ڕاگوێزراوەتە ئێرەش. وەرگێڕ].
[24] Meher Kapisi
[25] سی تی یو ٥: ٤١٤.
[26] سی تی یو ٥: ٤١٥.
[27] Van
[28] Kalecik
[29] Ashaghi Anzaf
[30] Hazine Piri Kapisi
[31] Zevistan, [لێرەدا ناوی شوێنە. لە
نزیک شار و گۆلی وان لە باکووری کوردستان دوو گوند بە ناوی زڤستانی سەروو و خواروو
هەن. وەرگێڕ].
[32] بڕوانە
ئەو سەرنجەی وا لە سی تی یو ٤ پەڕەی ٣١٢ و سی تی یو ٥ لە لاپەڕە ٤٥ لە ژێر عینوانی
دەقی ئەی ٢-٢ دا دراوە.
[33] [ستوون یان کێلی نووسراو. ئێرانییەکان وەک "ئیستێل"
حونجەی دەکەن. وەرگێڕ]
[34] Karaguduz
[35] سالڤینی
١٩٨٤ب:لاپەڕە ٥٧-٦٢
[36] Mishta
[37] سالڤینی
١٩٨٤ئەلف:لاپەڕە ١٩-٢٠
[38] Iron Age Conference in Sanandaj
[39] Lichens
No comments:
Post a Comment