Monday, October 11, 2021

پڕۆژەی ئەتڵەسی زمانانی ناو ئێران، جۆراجۆری وشەیی،هەڤپەیڤین لەگەڵ پرۆفێسۆر جەعفەر شێخولئیسلامی


پڕۆژەی ئەتڵەسی زمانانی ناو ئێران، جۆراجۆری وشەیی
هەڤپەیڤین لەگەڵ پرۆفێسۆر جەعفەر شێخولئیسلامی بە ڕێگای سکایپ جومعە ٢٨-ی ئووتی ٢٠٢٠

بینەرانی خۆشەویست بە خێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ!
لە ڕاوێژی ئەمجارە دا لەگەڵ مامۆستا دوکتور جەعەفەری شێخولیئسلامی  پڕۆفێسۆری هاوکار و مامۆستای زمانناسی  و لێکۆڵینەوەی زمانی لە زانکۆی کارلتن لە کانادا قسە دەکەین.
مامۆستا گیان زۆر زۆر بەخێر بێی بۆ بەرنامەی ڕاوێژ.
دوکتور جەعفەر شێخولئیسلامی: زۆر زۆر سپاس، سڵاوتان لێ بێ لە ئێوە و لە بینەرانی بەڕێز!
قازی: بێش ئەوەی بچینە سەر بابەتەکەمان دیارە ئێمە لەم بەرنامەیە دا لە سەر بابەتێکی کەمتر باسکراو لە چوارچێوەی زمانی، لە پێوەندی لەگەڵ زمانی کوردیدا باس دەکەین بەڵام پێش ئەوەی بچینە سەر ئەو بابەتە تایبەتییە چونکە بیستم جەنابت لەو دواییانە دا لە زانکۆی تۆرۆنتۆ زنجیرە دەرسێکت هەبووە سەبارەت بە زمانی کوردی پێم خۆش بوو ئەگەر بکرێ بە کورتی سەبارەت بەو خولە  باس بکەی؛ بڵێین بەو خولەی کە لە ڕێگای ئینترنێتەوە بە شێوەی زیندوو، نەک لەوێ بی بڵاو کراوەتەوە. وەک من زانیومە زۆر چاک دەنگی داوەتەوە و لە زانکۆ تۆرۆنتۆ زۆر پێشوازی لێ کراوە. فەرموو!
شێخولئیسلامی: ئەمە بەڵێ گرینگ بوو. من ساڵی ڕابردوو ساڵی پشوودانم بوو، ئەوەی کە پێی دەڵێن پشوودانی ئاکادێمی، ئێمە هەر شەش ساڵ کە خزمەت دەکەین ساڵێک پشوودانمان هەیە بۆ ئەوەی کە خۆمان بە ڕۆژ بکەینەوە وشتی تازە بکەین و بچین سەفەر بکەین، زانکۆی تازە ببینین. زۆر حەزم دەکرد دیسان بگەڕێمەوە کوردستان چونکە ٢٠١٢ و ١٣ کە دیسان ئەو دەرفەتەم هەبوو لەوێ بووم، نۆ مانگ، زۆر تەجروبەیەکی بە کەلک بوو دیسان حەزم دەکرد بچمەوە وێ بەڵام ئەو وەزعەی کە هاتبووە پێشێ و پاشان دەنگۆی کۆرۆنا هەبوو وازم لێ هێنا بەڵام دەرفەتێک هەڵ کەوت کە زانکۆی تۆرۆنتۆ زانیبوویان کە پشوودانم هەیە  بانگیان کردم دیارە بە نێوبژیکەری و بە یارمەتی مامۆستایەکی زۆر بەڕێز لەوێ کە بچم کۆرسێک پێشکەش بکەم  لە سەر زمان و ئەدەبی کوردی. هەڵبەت ئەوان کوتیان هەر بە پێوەندی بە کوردەوە هەبێ. من خۆم شتێکم هەڵبژارد بە ناوی:" پێشەکییەک بۆ زمان و وێژەی کوردی". چەند قوتابییەکی خۆیان بەشدار بوون چونکە زۆر درەنگ بەداخەوە هەموو کاروبارەکەی جێ بە جێ بوو، پاشان بڕیار بوو من بۆخۆم لەوێ بم سێ مانگ میوانیان بم بەڵام ئیتر کە کۆرۆنا هاتە پێشەوە ئەمە نەکرا ناچار بووم هەر لە شارەکەی خۆم، هەر لە ئۆتاوا بمێنمەوە. ئەمە بووە هۆی ئەمە کورسەکە لە سەر ئانڵاین بێ و قوتابی خۆیان کەمتر بەشدار بن بەڵام زۆرتر لە ٥٠ کەس لە تەواوی دنیاوە خۆیان نووسی لەمانە چەند پرۆفسۆری زانکۆی تێدا بوو لە مێکزیکۆ، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کەنەدا، لە تورکیا، لە ئێران، لە ئەڵمانیا پاشان خوێندکاری دوکتورای زۆر تێدا بوو، خوێندکاری ماستری تێدا بوو. چەند دوکتوری دیکەی تێدا بوو کە دوکتورایان هەبوو لە بواری دیکە دا، مامۆستای زانکۆ نەبوون بەڵام دوکتورایان هەبوو. کۆرسەکە زۆر بە سەرکەوتوویی تەواوبوو. یەعنی نزیکەی شەش حەوتوو بوو، لەم شەش حەوتوویە دا حەوتووی دووجار یەکترمان دەبینی، لە سەر تۆڕی زووم بوو، هیچ کێشەیەک نەبوو، زۆربە گەرم و گوڕی بەشدار بوون، زۆر بەباشی وەرگیرا. چونکە ئەوەندی من بزانم نەک تەنیا لە باکووری ئەمریکا بەڵکوو لە تەواوی وڵاتانی دەرەوە یەکەم جار بوو کە کۆرسێکی زانکۆیەکی زۆر بەناو و دەنگی دنیا وەک زانکۆی تۆرۆنتۆ تەرخان کرا بۆ زمان و ئەدەبی کوردی و زۆر خۆشحاڵم کە ئەم کۆرسە توانی بە سەرکەوتووییەوە بەڕێوەبچی و لێرەش ڕێگام بدە کە سپاسی ئەو دیپارتمانە بکەم، ئەو بەشە بکەم کە دوکتور ئەمیری حەسەنپوور یادی بەخێر لەوێ پرۆفسۆر بوو، دیارە ئەمە کاریگەرییەکی زۆرگەورەی هەبوو لەبەر یادئاوەری دوکتور ئەمیر نەبووبا لەوانە بوو من هەر نەناسن، هەر کاریان پێم نەبێ، پاشان پرۆفسۆر شەهرزاد موجاب هاوژینی دوکتور ئەمیری حەسەنپوور هەر وەها ئەویش دەورێکی زۆرگرینگی گێڕا و زۆر زۆر سپاسی دەکەم.
قازی: باشە مامۆستا جەعفەر ئێستا کە باسی نەمر مامۆستا ئەمیری حەسەنپوورت کرد وابزانم ڕەنگە بەشێک لە کوردەکان ئاگادار بووبن بەڕێگای ئینترنێت ڕا کە کتێبەکانی و ئاڕشیوەکەی هەمووی لە کتێبخانەی زانکۆی تۆرۆنتۆ داندراوە. لە سەر ئەو ئارشیوەش ئەگەر بە کورتیش بێ هێندێک زانیاری بدەی زۆر باش دەبێ چونکە زۆر بەجێ یە لەبەر ئەوەی کە ناوی نەمر حەسەنپوور هات.
شێخولئیسلامی: بەڵێ، بۆخۆت دەزانی کاک حەسەن ئەمن لە شوێنێکیش نووسیومە وا بزانم لە گۆواری " بیر و هزر" دا، لەوێ بیرەوەری خۆم دەگێڕمەوە کە چۆن یەکەم جار چوومە ماڵی دوکتور ئەمیری حەسەنپوور ساڵی ١٩٨٨ و چەند ئارشیوەکەی و کتێبخانەکەی تەئسیری لێ کردم. ئەمن هەمیشە لە ژێر تەئسیر و کاریگەری ئەو کتێبخانەیەی دوکتور ئەمیر دا بووم. کاتی خۆی کە خەریکی نووسینی دوکتوراکەی خۆم بووم زۆرم کەلک لێ وەرگرت، زۆر بە دڵ فرەوانی و بە مێهرەبانییەوە هەمیشە کتێبخانەکەی دەرگای ئاواڵا بوو بە ڕووی هەر کەسێکەوە کە دەیویست لێکۆڵینەوە بکا، بە هەر حاڵ یەکێک لە وەسییەتەکانی ئەمە بوو کە ئەم کتێبخانەیە  بدرێ بە زانکۆی تۆرۆنتۆ یان شوێنێکی لێکۆڵینەوەی گەورە بە تایبەت لە باکووری ئەمریکا. چونکە لە ئوڕووپا ئەو ئیمکانییاتە و ئەو دەرەتانە زیاتر هەیە لێرە بە ڕاستی زۆر کەمترە شوێنی وا. بە هەر حاڵ بە هیممەت و هەوڵ و تێکۆشانی پرۆفسۆر شەهرزاد موجاب دیسان، هاوژینی دوکتور ئەمیر، ئەم ئاڕشیوە گەورەیە هەمووی کۆد کرا، هەمووی دابەشکرا بە سەر کتێبدا، گۆوار، بەسەر وێنە، بەڵگەنامەی مێژوویی، دەستنووس زۆر بە جوانی رێک وپێک کراوە، لیستێکی گەورە گیرا چەند خوێندکار یارمەتیدەری دوکتور موجاب بوون، پاشان چەند کتێبداری کتێبخانەی زانکۆی تۆرۆنتۆ. جەنابیشت بەشدار بووی کە زۆر سپاست دەکەین لە وەرگێڕانی تێکستە سۆرانییەکە، تێکستی کوردیی ناوەراست، لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردیی ناوەڕاست کە زۆر سپاست دەکەین. ئێستا لیستەکە بۆ هەموو کەس ئامادەیە، هەرچەند پێشتر بڵاومان کردوونەوە بەڵام دیسانیش لە خزمەت دام هەر کەس پێویستی بوو دەتوانێ پێوەندیی بگرێ من لینکەکەیان بۆ دەنێرم بۆ ئەوەی کە بتوانن شوێنی هەڵگرن لە سەر کتێبخانەی زانکۆی تۆرۆنتۆ  بتوانن لیستەکە ببینن. پاشان هەموو شتەکان بەداخەوە تا ئێستا سکەن نەکراون، بەشێکی زۆری کراوە بەڵام بەشێکیشی ماوە بەڵام بەهەر حاڵ ڕێگای دیکە هەیە کە چۆن دەستیان ڕابگا. ئاڕشیوێکی یەکجار بە نرخە یەعنی  بە ڕاستی شتی وا کەمە لە دنیا دا.
قازی: زۆر سپاس مامۆستا بۆ ئەو زانیارییە بە نرخە. ئێستا بێینە سەر بابەتی بەرنامەکەمان دەزانین کە لە زانکۆی بامبرگ لە ئەڵمانیا لە سەر مەسەلەی کوردی و زمانناسیی کوردی لێکۆڵینەوە دەکرێ و لە کتێبێکدا کە ساڵی ٢٠١٩ بڵاو کراوەتەوە تەرخان کراوە بۆ بابەتەکانی لەمەڕ زمانناسیی کوردی و یەکێک لە بابەتەکان سەبارەت بە ئەتڵەسی زمانییە لە ژێر ئەو تیترە دا " ئوستانی کوردستان لە ئەتڵەسی زماننانی ئێراندا، پێواژۆی لێکۆڵینەوە و دابەشبوونی زمان و کەڵەکەبەندی کردنی زمان" ئەمن تەماشای ئەو مەقالەیەم کرد و لەوێدا هاتووە ئەو گرووپەی کە لە سەر ئەتڵەسی  زمانانی ناو ئێران کار دەکەن بە تایبەتی لە سەر ئەتڵەسی  پارێزگای کوردستان ئوستانی کوردستانیش کاریان کردووە. جا لە پێوەندی لەگەڵ ئەو مەقالەیە دا، چونکە نێوی جەنابیشت هاتووە لە وێدا، پێم خۆش بوو هێندێک زیاتر شی بکەیەوە  یەکەم ئەوەی کە پێداویستی ئەتڵەسی زمانی چییە و چ یارمەتییەک دەکا بە مەسەلەی پاراستنی زمان و تا ئەو جێگایەی کە دەکرێ سەبارەت بەو ئەتڵەسە و لە پێوەندی لەگەڵ ئوستانی کوردستاندا زانیاری بدەی فەرموو.



شێخولئیسلامی: زۆر سپاس کاک حەسەن گیان، بەڵێ ڕاست دەفەرموون زانکۆی بامبرگ بە هۆی بوونی پرۆفسۆر جێفری هەیگەوە ماوەیەکە زۆر هەڵسووڕە لە بواری زمان و زمانناسیی کوردیدا بۆ وێنە ساڵی٢٠١٧ بە بەشداری دوکتور ئوێپەنگین و مایکڵ شایەت و چەند مامۆستای دیکە، دوکتور پەروین مەحموود وەیسی و چەندین دوکتور و مامۆستای دیکە توانیمان دوو حەوتوو کلاسی زمانی کوردی هەم بۆ کوردیی ناوەندی، هەم بۆ  کوردیی باکووری و بەشێکیش بۆ هەورامی کلاس دابنێین بۆ نزیکەی ٣٠ قوتابی کە لە تەواوی دنیاوە هاتبوون ئەو دوو حەوتوویە بەشدار بوون. کاری زۆر گەورە کراوە یەکێک لەو کارانە ئەمەیە کە جەنابت باست کرد کتێبێک چاپ کراوە کە تەرخان کراوە بۆ  بوارەکانی زمانناسیی کۆمەڵایەتی و دایالێکتۆلۆژی. یەکێک لەو وتارانەی کە تێیدایە لە لایەن من و دوکتور ئێرێک ئەننبی کە هاوکاری خۆمە لە زانکۆی کارلتن لێرە لە ئۆتاوا و هەر وەها خوێندکارێکی دوکتورا ئەویش کاک مەسعوود محەمەدی ڕادە. بە خۆشحالییەوە دەتوانم بڵێم جەنابیشیان  بە زوویی واتە هەر ئەو حەوتوویەی کە دێ لە فەڕانسە دوکتوراکەی تەواو دەکا لە بواری زمانناسیی کوردی. یەعنی ئێستا زمانناسی پسپۆڕ و شارەزای زمانناسیی کوردیمان یەکجار زۆر بووە. ئەم وتارە بەشێکە لە زنجیرە وتارێک کە بە سەرپەرشتی مامۆستا پرۆفسۆر ئەننبی کە ئێستا بووە بە تەواو پرۆفسۆر لە بەشەکەی بەڕێوەچووە تا ئێستا. چونکە ئەو دیرێکتۆر و سەرپەرشتیاری سەرەکی ئەو ئەتڵەسی زمانییە. نزیکەی دەتوانم بڵێم پازدە ساڵە ژیانی خۆی بۆ ئەمە تەرخان کردووە شەو و ڕۆژ، بە شێوەیەکی زۆر رێک و پێک بەڕێوەی دەبا بەو واتایە کە نزیکەی ٨٠ کەس یارمەتی دەدەن زۆربەیان ئەمانە زمانناسن  یان خوێندکاری ماستر و دوکتورای زمانناسین چ لە ناوخۆی ئێران، زۆریان لە ناوخۆی ئێرانن و چ لە دەرەوەی. تا ئێستا لە سەر پارێزگاکانی هۆرموزگان، پاشان چوارمحاڵی بەختییاری، ئیلام و کوردستان کاری کردووە، کرماشان بەشێکی باش کاری لە سەر کراوە و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کە موکریان بەشێکی سەرەکی ئەو ئوستانەیە ئەویش ئێستا لە ژێر کارکردن دایە. پڕۆژەیەکی یەکجار زۆر گەورەیە ئامانج ئەوەیە کە نەخشە و ئەتڵەسی زمانی لە ئێران یان زمانەکانی ئێران دروست بکرێ، نەک زمانە ئێرانییەکان، بەڵکوو ئەو زمانانەی لە ئێران هەن جا لاری بێ، بەختییاری بێ، عەڕەبی بێ، فارسی بێ، تورکی بێ، تورکەمەنی بێ هەموویان نەخشەکەیان دیاریی دەکرێ. ئەو پرسیارەی فەرمووت کە بۆ زۆر بەجێیە  کارێکی وا بکرێ؟  ئەمە زۆر گرینگە بە ڕاستی، یەکیان ئەوەی کە دەمانەوێ بزانین چەند زمان لە ئێران قسەی پێ دەکرێ و کێ قسەیان پێ دەکا، لە کوێ بتوانین سنوورەکانیان دیاری بکەین، بتوانین لە بواری ساختاری زمانییەوە، پێکهاتەی زمانییەوە  ئایسۆگڵاسەکان دیاریی بکەین، چونکە ئاوا ئەو کات دەزانین بۆ وێنە  ئەگەر زمانێک هەیە کە لە مەترسی دایە، مەترسی لەناو چوون و توانەوەی لە سەرە، ئەو دەم دەکرێ ئەو کەسانەی کە خەم لە شتی وا دەخۆن ئاگادار بکرێنەوە بە شێوەیەکی جیدی. نەک ئەوەی کە یەکێک و دوو کەس یان دە کەس بە بێ لێکۆڵینەوە ئەم قسەیە بکەن چونکە لەوانەیە ئەوانەی دەستیان دەڕوا زۆریان گوێ نەدەنێ بەڵام کە ئاوا داتای مسۆگەر و جێگای متمانە هەبوو ئەودەم هیوادارین بەرپرسان زیاتر سەرنج بدەن یان شوێنێک وەکوو یۆنسکۆ زیاتر سەرنج بدا.
لایەنێکی تری ئەوەیە لە بواری پراکتیکەوە ئەوە چەند گرینگە. وای دا بنێ ئەگەر لە داهاتوو دا یان لە داهاتوویەکی نزیکدا یەکێک بییەوێ بۆ وێنە لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا خوێندن بە زمانی دایکی هەبێ. ئێمە ئەگەر داتایەکی ئەوتۆمان نەبێ نەزانین کام گوند بە چ زمانێک قسە دەکا لە وانەیە دوو زمان، سێ زمان لەو گوندە دا هەبێ  ئەو دەم لەوانەیە ئەوەی دەمانەوێ دروستی بکەین تووشی کێشەی زۆر بێتەوە. لەوانەیە لە زۆر شاران خەڵک بەرهەڵستی پڕۆگرامەکە بن، بڵێن لێرە ئەوەش قسە دەکرێ چۆنە ئەوە باس نەکراوە، بۆچی لێرە تەنیا بەس کوردی بگوترێتەوە کاتێک ئەو گوندە زمانی دیکەشی تێدایە. سەڵماس بۆ وێنە دوو شێوەزاری کوردی لێیە، پاشان ئازەربایجانیشی لێیە بۆچی ئەمانە حیسابیان بۆ نەکراوە؟ لە زۆر بوارانەوە دەتوانێ قازانجی زۆر گەورەی هەبێ.
قازانجێکی دیکەش ئەوەیە مامۆستا حەسەن بۆخۆت دەزانی بەشێکی گەورەی ئاکادێمی ئەوەیە کە وڵامی پرسیارەکانی ئێمە بداتەوە. هێندێک جار بە ڕواڵەت ئەو پرسیارانە لەوانەیە زۆر ساکار بن بەڵام ڕۆژانە ئێمە باسیان دەکەین. بۆ وێنە ئێمە لەوانەیە بڵێین ئەرێ فڵان پارێزگا هەموو کوردن؟ هەمووی بە کوردی قسە دەکەن؟ چ ڕێژەیەک بە کوردی قسە دەکا؟ ئەرێ گۆیا ئازەربایجانیش هەیە لە پارێزگای کوردستان، لە کوێ هەیە؟ یەعنی زۆر پرسیار هەیە کە خەڵکی ئاسایی دەیکا، با هەر لە لایەنی خوێندەواری و هەڕەشە لە زمان و ئەوانەش بگەڕێین، لە ژیانی ڕۆژانە دا لەوانەیە ئەو پرسیارەیان بۆ ساز بێ و ئەو ئەتڵەسی زمانییە دەتوانێ وڵامی زۆرێک لەو پرسیارانە بداتەوە.
قازی: باشە ئەگەر ئێستا ئەوە لە پێوەندی لەگەڵ ئوستانی کرماشان و ئوستانی ئیلام، ئوستانی ئازەربایجانی غەڕبی و تەنانەت هێندێک ئوستان لە خۆراسان و ئەوانەش بکرێ ئەو دەمی تەسبیت دەکرێ کە هەر کام لە پارێزگاکان چەند زمانی تێدایە، ئەو جێیانەی ئەمن باسم کرد مەبەستم بوو بڵێم لەوێش شێوەزاری کوردی هەن . دوایە پێت وا هەیە بکرێ ئەو زانیارییانەی کۆ دەکرێنەوە هەموو بخرێنەوە سەر یەک؟ وەک ئەمن لەو وتارە دا خوێندمەوە وا بزانم لە ئوستانی کوردستان پێنج شێوەزار تەسبیت کراوە یانی ئەو دەرفەتە دەبێ لە درێژ خایەندا بۆ ئەوەی زانیارییەکان کۆ کرێنەوە سەر یەک؟ وا نییە؟
شێخولئیسلامی: بەڵێ، بە بێ شک ئەو دەرفەتە دەبێ. ئەمە زۆر زۆر گرینگ دەبێ. لە سایەی سەری سۆشیاڵ میدیاوە، لەو دواییانە دا هێندێک جار بە ڕاستی ئێمە سەرمان سوڕ دەمێنێ لە فڵان گوند و چەند گوند بۆ وێنە  لە ناوچەی هەمەدان گوند هەن کە ناوی شەقامەکانیان بە کوردی یە. یا بۆ وێنە ویدێئۆ دێتە دەرێ لە باکووری ئێران لە نەکاو خەڵکێک هەیە  بە کورمانجی قسە دەکا و لەوێ جڤاتێکی گەورەی کورمانجی ئاخێو هەیە و ...
قازی: بە خۆشیان دەڵێن " گورمانج"!
شێخولئیسلامی: بەڵێ بە خۆشیان دەڵێن " گورمانج". بە ڕاستی زۆرێک لەمانە پێشتر نەمان دەزانی بۆچی لەبەر ئەوەی کە نەخشەیەکی ئەتڵەسی زمانی ئاوا نەبوو. چونکە بەداخەوە لەو وڵاتانەی وێ بە تایبەت ئێران، تورکیا، سووریا کاتێک کە سێنسس دەکرێ، ئامار گرتن کە هەر چەند ساڵ جارێک ئاماری وڵات دەگیرێ لە کەس ناپرسن زمانی ماڵەوەیان چییە، زمانی دایکییان چییە، یان زمانی یەکەمیان چییە؟  لەبەر ئەوە ئەم جۆرە زانیارییانە کە زۆر زۆر گرینگن بەداخەوە شاراوەن. ئەو ئەتڵەسە زمانییە دەتوانێ ئەم زانیارییانە وەدەر بخا و زۆر کەلکی دەبێ.
قازی: مامۆستا جەنابت لەگەڵ بەڕێز دوکتور ڕەحیمی سورخی لێکۆڵینەوەیەکی تازەشتان کردووە بە ناوی
" جۆراجۆری وشەی فەرهەنگی لە شێوەزارە کوردییەکاندا " و هەر وەها جۆراجۆری یان گۆڕانی مانایی چونکە مومکینە وشەیەک مانای بگۆڕێ، یانی گۆڕانی مانای وشەیەک بۆ مانایەکی دیکە. دیارە لێکۆڵینەوە سەبارەت جۆراجۆریی وشەیی لە زمانانی دیکە دا، لەمەڕ زمانە گەورەکان کراوە، بەڵام لە شێوەزارە کوردییەکاندا ئەوە یەکەم جارە ئەو دەستپێشخەرییەی ئێوە ئەو ئەرکەی وەئەستۆ گرتووە. پێم خؤشە ئەو بابەتە زیاتر شی بکەیەوە نەک بە شێوەی فەننی بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتی کە مەسەلەکە جوان ڕوون بێتەوە. ئەو لێکۆڵینەوەیە دەمانباتە کوێ و مەبەست و ئاکامەکەی چییە؟
شێخولئیسلامی: بەر لەوە ئەوە بڵێم مامۆستا ئەگەر ڕێگام بدەی شتێکی بڵێم ئەو بابەتەی تر تەواو بکەم.
قازی: فەرموو
شێخولئیسلامی: ئەو ئەتڵەسی زمانییە ئێستا بۆ هەموو کەس هەیە دەتوانێ سەیری بکا، بۆیە ئەوەت عەرز دەکەم چونکە بەڕێوەبەری  ئەو ماڵپەڕە دۆستی خۆمە وەکی گوتم هاوکارمە لە بەشەکەشمان. لە تۆڕی ئینترنێت دا
Iranatlas.net دەتوانن بچنە وێ، دەتوانن نەخشەی  زمانی ئێستا ئی ناوچەی کرماشان بەشێکی باش ببینن، ئی هورمزگان، چوارمحاڵی بەختییاری و بە تایبەت دەتوانن ئی پارێزگای کوردستان ببینن  لە ئێران. بیزەبت ببینن بە دەقیقی، بە جوانی، بە ئاشکرایی، بە ڕوونی کە چەند شێوەزار قسەیان پێ دەکرێ، چەند زمان قسەیان پێ دەکرێ، لە کوێ، لە کام گوند؟ ناوی گوندەکانیش دەتوانن ببینن. ناوی گوندێک کە لێ دەدەن تەنیا ناوی ڕەسمی فارسی ئێران لە سەری نییە، بەڵکوو نێوە کوردییەکەشی تۆمار کراوە. کە ئەو خەڵکە بە گوندەکەی خۆیان ئەوە دەڵێن، ئەو خەڵکە بە شێوەزارەکەی خۆیان ئەوە دەڵێن، زۆر زانیاری تێدا. و ڕێگا بە خەڵکیش دراوە کە قسە بکا، یەکێک ئەگەر تێبینی هەیە دەتوانێ بابەتەکە دەوڵەمەند بکا. بە گشتی ئەم ئەتڵەسی زمانییە جیاوازییەکی گەورەی هەیە  دەگەڵ ئەتڵەسە زمانییەکانی  پێشوو. لە ئێران زۆر کەم کراوە، لە ناو کورد دا زۆر کەم لەو بارەیەوە هەوڵ دراوە. بەڵام ئەوەی کە هەوڵیش دراوە زۆرتر زمانناسەکە کردوویەتی بە پێی ڕاپرسی زمانناسی. ئەمەیان لە خەڵکەکە خۆی داتا کۆ کراوەتەوە، لە خەڵکەکە پرسراوە تۆ چ شێوەزارێک قسە دەکەی؟ چی پێ دەڵێی بۆخۆت؟ خەڵکی تر بە شێوەزارەکەی تۆ چی دەڵێ، پێت وایە خەڵکی تر کە لەو گوندەی تۆن ئەوان بە چ شێوەزارێک قسە دەکەن. بەڵام ئێستاش ڕێگا دراوە کە خەڵک دەوڵەمەندی بکا ئەو ئەتڵەسی زمانییە.
قازی: بێینە سەر جواراجۆری وشە.
شێخولئیسلامی:  ئەو جۆراوجۆری وشە، بە ڕای من لێکۆڵینەوە لەمە جەنابت ڕاست دەفەرمووی یەکەم جارە. من دەمێک ساڵە بیستوومە بۆ وێنە، بەر لەوەی کە زمانناسی بە شێوەیەکی جیدی دەست پێ بکەم، بیستبووم دەمزانی کە لە ناوچەی ئێمە بە کەسێک کە ماڵاتی دەفرۆشت بۆ وێنە لە بیرمە سەردەمی خۆی لە ناوچەی مەهاباد چوارشەمە بازاڕ هەبوو، چوارشەمە بازاڕ خەڵک لە هەموو گوندەکان یا لە هەر مەنتەقەیەک بۆ وێنە لە مەڵبەندی محاڵ
قازی: بازاذی قەباغ کەندی هەبوو.
شێخولئیسلامی: ئەوەتا بازاڕی قەباغ کەندی هەبوو خەڵک ماڵاتی دێنا ئەوێ، ئەو کەسەی بۆ وێنە چوار مانگای وەپێش خۆی دەدا و دەیهێنا وێ بیانفرۆشێ بەو کەسەیان دەکوت چێودار. هەمیشە بۆ من پرسیار بوو ئەو
"چێودار"ە چییە؟ دوایی بۆمان ڕوون بۆوە لە ناوچەی سنە بە دار دەڵێن چێو، لە تەواوی ناوچەی موکریان من وەبیرم نایە  بە داریان گوتبێ چێو، بەڵام ئەو کەسەی کە ماڵاتەکەی دێنا وێ دارێکی بە دەستەوە بوو " چێودار" بوو. لە
وانەیە یەکێک بڵێ بۆ " چێودار " ە نازانین. چونکە هێندێک جار هەیە دەزانی وشەیەک لە جێیەکەوە هاتووە بەڵام بۆچی وایە نازانین. زمانناسێک قسەیەکی جوانی هەیە دەڵێ: " هێندێک جار وشەکان دەگۆڕدرێن وەک ئەوە وایە کە بڵیی بۆچی لە نەکاو ئەو پانتۆڵەی خەڵک دەبەری دەکا ئی ئەمساڵ دەگەڵ ساڵی پێشوو جیاوازە." بە ڕاستی هێندێک جار زۆر زەحمەتە بزانی، مۆدێلە گۆڕاوە. هێندێک جاریش ئێمە نازانین بۆچی وشەکان دەگۆڕدرێن چ فۆڕمیان، چ واتایان. چونکە هێندێک جار هەیە ئێمە وشەمان هەیە یەک فۆڕمە وەکوو وشەی بۆ وێنە
" کاڵ"  کاڵ دەکرێ بە مانای ڕەنگ بێ، ئاوەیی کەمڕەنگ، دەتوانێ بە مانای کاڵ، پێ نەگەیشتوو بێ واتا بۆ میوە، دەتوانێ لە لایەنی مێتافۆرەوە [ئیستیعارە] واتای هەبێ، یەکێک کاڵ و کرچە واتە بی ئەزموونە، بێ تەجروبەیە زۆر واتا بەڵام هەمووی " کاڵ"ن. بەڵام هێندێک جار هەیە دەتوانین یەک مەفهووم، یەک چەمک، یەک مەعنا لە چەند فۆڕم دا خۆی دەر بخا بۆ وێنە ئەو شتە فیزیکییەی گڵ و بەرد کە هەمانە  لە کوردستان، لە ناوچەیەک پێی دەڵێن "چیا"، لە ناوچەیەکی تر پێی دەڵێن " شاخ"، لە ناوچەیەکی تر پێی دەڵێن " کێو" پاشان لە نێو فۆڕمی " کێو" بۆ خۆی جۆراوجۆری هەیە  " کێو"، "کێو [ دەنگی /ک/ی پفدراو]"، " کێف " لەناوچەی سنە"،
"کوو" کە بەرەو جنووب دەچێ، دوایە هەتا بەرەو لورستان و ناوچەی فارس ئاخێو دەچێ دەبێ بە "کوە" باسی ئەو شتانە دەکەین. باسی ئەو شتانە دەکەین کە بۆچی ئەوانە ئاوان. لە کوێن یەکەم، پاشان با هەر بێینەوە سەر وشەی "شاخ". ئەگەر ئێمە بێنین، خۆزگە توانیبامان نەخشەکان نیشان بدەین. من دەتوانم...
قازی: فەرموو قسە بکە بۆ ئەوەی دەست بە وەختەوە بگرین.
شێخولئیسلامی: ئەگەر حەز بکەی دەتوانم نیشانی بدەم کاک حەسەن
قازی: فەرموو
شێخولئیسلامی: بزانین دەتوانین بێ. بە هەر حاڵ بۆ وێنە ئەگەر ئێمە چاو لێ بکەین. هیچ نیشان دەدا
قازی: نا نیشان نادا، کیشە نییە، قسە بکەی باشترە.
شێخولئیسلامی: بۆ وێنە ئەگەر چاو لێ بکەین ئەوەی کە پێی دەڵێن " ئایسۆگڵاس"
قازی: "ئاسۆگڵاس" دەتوانین بڵێین خەتێک کە دوو شێوەزاران لەیەکتری جیا دەکاتەوە.
شێخولئیسلامی: یا دوو شیوەزار یا ئەوەی کە بۆ وێنە دەتوانین نیشان بدەین کە لە کوێ دەگوترێ "چیا" لەوێ جەغزێک دەکێشین بە دەوری ئەوە دا، خەتێک دەکێشین  ئەوە پێی دەڵێن " ئایسۆگڵاس"، بەڵام دوایی دێینەوە ناوچەی بۆ وێنە کوردیی ناوەندی دەبێتە شاخ و کێو یان کێف، دوایە بۆ کوردیی جنووبی دەبێتە "کوو" تا بەرەوە کوە دەچێ. ئەوانە قازانجیان هەیە، یەکێک لەوانە کە دەتوانین لە بواری شێوەزارەکانەوە دەتوانین سنووری شێوەزارەکان ببینینەوە، پاشان دەتوانین لە ناوخۆی شێوەزارە سەرەکییەکاندا بنزارەکانیش بدۆزینەوە. بۆ وێنە با بڵێین لە باشووری کوردستان "مناڵ" مان هەیە لە ناوچەی گەرمیان و سلێمانی، بابانی کە بەرەو قەڵادزێ و ڕانییە و ناوچەی پشدەر و ئەوە دێی هەتا باڵەکایەتی هەتا چۆمان وەکوو موکریانی لێ دێ دەبێتە "منداڵ"، بەڵام لە چۆمان و ئەوەوە بەرەو سۆران و ڕەواندز هەتا دێتە خەلیفان و شەقڵاوا و دوایە مەسیف و هەولێر و کۆیە "مندار" یەعنی لێرەش دەتوانین مناڵ، منداڵ، مندار، لێرە ئەو خەغزانە بکێشی و ئێستا بنزاری شێوەزاری ناوەندی دیاری بکەی. لەوانەیە بفەرمووی ئەو کارانە بۆچین؟ قازانجەکانیان چییە؟ چەند قازانجەکانیان ئەمڕۆ لە سۆشیال مێدیا دا دەیبینین چ دەبینین ئێمە هێندێک جار دەبینین کە بۆ وێنە یەکێک قسە دەکا کوردی دەنووسێ دەبینی کەسێکی تر بە داخەوە گاڵتەی پێ دەکا. تا ئێستا من بە هەرحاڵ کارم ئەمەیە، بە قەولی دۆستانی باشووری دەفەرموون موتابەعەی ئەمە زۆر دەکەم، زۆر بە دوای ئەمە دا دەگەڕێم، چاو لێ دەکەم بزانم خەڵک چۆن لە چ زمانێک کەلک وەردەگرێ بە تایبەتی گەنجەکانی لای خۆمان.
قازی: مامۆستا ئەگەر ئیجازەت لە سەر بێ دوایە دێینە سەر ئەو مەسەلەیە با ئەوەندەی تەواو بکەین. یانی ئامانجی سەرەکی لە دۆزینەوەی جۆراجۆرییە وشەییەکان مەبەست ئەوەیە کە دیاریی بکرێ ئەو مەرزو سنوور و ئەو حەد و سەدەی کە شێوەزارەکان لە یەکتری جیا دەکاتەوە یانی لە درێژخایەندا دەکرێ باسی ئەوە بکەین، چونکە وەک ئەوەی ئێوە لەو وتارە دا لەگەڵ بەڕێز سورخی ئاماژەتان پێ کردووە لە باکووری کوردستان، لە پێوەندی لەگەڵ کورمانجی سەروو دا کارێکی ئاوا کراوە لە لایەن بەڕێز جێفری هەیگ و کاک ئوێپەنگین ڕا کارێکی ئاوا کراوە، ئەوەندەی ئەمن لە زەینم دا بێ چونکە نووسینەکەی ئەوانیشم خوێندووەتەوە باسی پێنج شێوەزاری کورمانجی لە جوغرافیای باکووری کوردستان و تورکیا دا دەکرێ بکرێ. جا ئەو لێکۆڵینەوەی ئێوەش دەتوانێ یارمەتی بکا بە دیاریی کردنی بڵێین شێوەکانی شێوەزاری کوردیی ناوەڕاست وا نییە؟
شێخولئیسلامی: دەتوانێ، بەڵام ئەوەی کە تەنیا لە سەر وشە ڕاوەستی، جوراوجۆری وشە بۆ ئەو مەبەستە زۆر زەحمەتە بتوانی سەرکەوتوو بی. وتارەکەی ئێمە هێندێک لەو شتانەی کە جێفری هەیگ و مەکێنزی و ئەرگین و دۆستانی دیکە دۆزیویانەتەوە، ببوورن دەڵێم ئەرگین چونکە وەکوو دۆستێک ناوی دێنم دەنا دروستترە بڵێم دوکتور ئوێپەنگین.  بەڵام بە هەر حال ئەوە هێندێک لەو خاڵانە ڕاست دەکاتەوە بۆ وێنە ئەوان بۆیان دەرکەوتووە کە یەکێک لەو بنزارانەی کوردیی باکووری کە کەمترین خاڵی هاوبەشی هەیە لەگەڵ بنزارەکانی دیکەی کوردیی باکووری ئەو ناوچەی بادینان و حەکاری یە، ئەمە بۆخۆی شێوەزارێکی بنزارێکی کوردیی باکووری یە. ئەوە لە ئی ئێمەش دا وایە. بۆ وێنە لە تەواوی بنزارەکانی باکووری بۆ منداڵ وشەی زارۆک و زار دەکار دەکەن بەڵام دێی بۆ ناوچەی بادینان و بەشێکیش لە حەکاری دەبێ بە بچیک ، تەنیا زاخۆ دەڵێ زارۆک ئەویش لەبەر ئەوەی  هەر لە کۆنەوە خزمایەتی نزیکی زمانی دەگەڵ ناوچەی جزیر و ئەوە هەبووە. ئەمە مەسەلەن نیشان دەدا کە لێرە دیسان ناوچەی بادینی جیاوازە لە بنزارەکانی دیکە. لە ڕاستیدا لە وانەیە وای چاو لێ بکەی کە زۆر کەوتووەتە ژێر تەئسیر و کارتێکەری کوردیی ناوەندی، سۆرانی. لەوانەش وای دابنێی هێندێک کەس کە کوتوویانە ئەوە لەوانەیە ئەوەی کە پێی دەڵێن ناوچەیەکی گواستنەوە، ناوچەیەکی تێپەڕ transitional region بێ بۆ ئەو دوو شێوەزارە دەتوانی ئاواشی ببینی.
قازی: مامۆستا ئێوە هەر لەو وتارە دا باسی بانکی زانیاری زمانیشتان کردووە کە لە زانکۆی مەنچێستر بەڕیز یارون ماتراس ئەو پڕۆژەیەی بەڕێوە بردووە. کە وەکوو بانکێکی زانیارییە لە سەر شێوەزارە کوردییەکان، ئێوە لەوەش کەلکتان وەرگرتووە بەڵام لە چەند جێگا ئاماژەتان کردووە بەوەی کە مومکینە هێندێک هەڵەی تێگەیشتنی هەبێ پێتان وایە لەوانەیە هێندێک وشە بە هەڵە ئاستە کرا بێ چونکە ئێوە هەر دووکتان ئاخێوی خۆجێیی زمانەکەن. باشە ئەو بانکە زانیارییە چۆنە؟
شێخولئیسلامی: ئەو بانکە زانیارییە کە پڕۆفسۆر یارۆن ماتراس بەڕێوەی دەبا لە زانکۆی مەنچێستر ئەوەش پڕۆژەیەکی زۆر گەورە و دوورو درێژ بووە، یارمەتی زۆری وەرگرتووە لە خەڵک، داتا کۆ  کراوەتەوە. داتا بەو شێوە کۆ کراوەتەوە بۆ وێنە یەکێک لە مەهاباد لە یەکێکی تری پرسیوە بە مە دەڵێی چی؟ دار. بەمە دەڵێی چی؟ چەم. باشە ئەگەر بڵێی ئەم دارە نزیک ئەم چەمە یە چۆنی دەڵێی، دیارە بە فارسی پرسیویەتی، ئەگەر ئینگلیسی زانیبێ بە ئینگلیسی ئەویش بە شێوەزاری ناوچەی خۆی کوتوویە دەڵێـم ئەم دارە لە قەراغ ئەو چۆمەیە، ئەو دارە لە قەراغ ئەو چۆمەیە. بەڵام لەوانەیە لە سنە بڵێ ئەم درەختە لە پاڵ ئەم چەمەیە. دیارە لەوانەیە وەک من گوتم وا نەبێ، بە هەر حاڵ ئاوا داتاکە کۆ کراوەتەوە پاشان خەڵکی کە ڕاهێندراون هاتووە ئەوانەی بە IPA ( ئەلفوبیی فۆنێتیکی ناونەتەوەیی) بیزەبت نووسیوەتەوە و پاشان ئەوە چووەتە ناو داتا بەیسێک ئێستا خەڵک دەتوانێ بچێ بیبینێ Manchester database of Kurdish dialects دەتوانێ بچێ بیبینێ چاو لە نەخشە و شتی وا بکا. بەڵام  وەکی جەنابت گوتت من و هاوکارم دوکتور سورخی کە خەڵکی  ناوچەی موکریانین باش دەزانین کە هێندێک لە وشەکانی کە تۆمار کراون ناکرێ شتی وا لە مەهاباد و بۆکان بگوترێ کە ئێمە باش دەیزانین. هەڵەی تێدا هەیە، ئەوانەی کە نووسییانەتەوە لە وانەیە کورمانجی ئاخێو بووبن باش گوێیان ڕانەهاتبێ بە سۆرانییەکە، خراپیان تۆمار کردبێ، لەوانەیە ئینگلیزی بووبێ باش گوێی لێ نەبووبێ، لە وانەیە ئەو کەسەی کە پرسیارەکەی لێ کراوە، وای دابنێ یەکێک دەڵێ ئەمە چییە؟ لەوانەیە ئەو ئەمەیە  دەستەکە کە ڕاداشتراوە هەم  بۆ دارێک بوو بێ هەم بۆ تەپۆڵکەیەک بێ، هەم بۆ پنچکە دارێک بووبێ. لەوانەیە نەیزانیبێ کامەیە. ئەوەی دیکەش ڕەنگە شێوەزارەکەی نەزانیبێ کە بزانێ ئەوەی کە وڵامەکە دەداتەوە هەڵەیە. بەڵام پێی وا بووە مەسەلەکە تێ گەیشتووە کە مەبەستی کێهەیە. یانی ئەو کێشانە دێنە پێشێ، بەهەر حاڵ بۆ ئەوەی کە ئێمە قەرەبووی ئەو کەموکورتییە بکەینەوە لە ٢٩ کەسی دیکە داتامان کۆ کردووەتەوە. ئێمە بەس باسی یازدە وشە دەکەین بەڵام هاتووین ئەو یازدە وشەیەشمان لە خەڵکی جۆراوجۆر، خەڵکی ناوچەی جۆراوجۆر پرسیوە دیسان زۆر سپاس بۆ سۆشیال میدیا، لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە پێوەندیمان پێوە کردوون، هێندێک جاران لە ڕێگای تەلەفوونەوە.
قازی: مامۆستا جەعفەر زۆر ببوورە ئێمە وەختمان زۆر نەماوە بۆیە پێم خۆش بوو ئەو مەسەلەی سۆشیال میدیا، میدیای کۆمەڵی زیاتر باس بکەین. لەو پێوەندییە دا دەزانی کە ماوەیەک لەوە پێش لە تێلێڤیزۆنی ناوچەیی مەهاباد دا بەرنامەیەک هەیە وا بزانم بەرنامەی زانیاری دانە لە سەر مەسەلەی تەندروستی و ئەوانە، لەوێ خانمێک قسەی کردووە کە زمانە کوردییەکەی زۆر فارساوییە. ئێوە باسی گرینگی کوردی نووسینیشتان کرد لە تۆڕی کۆمەڵی دا. ئەگەر ئیجازەت لە سەر بێ ئەو گرتە لە بەرنامەکە بەیەکەوە ببینین  دوایە هەم لە سەر ئەوە قسە دەکەین، هەم لەسەر ڕۆڵی مێدیای جڤاکی. ئەگەر ئەو گرتەیە حازرە هاوکارانم نیشانی بدەن.
" ئەمن ئۆدیئۆلۆژیست کارشناسی .. بەرنامەی ئەوڕۆمان لە مەوردی غەرباڵگەری شنەوایی کوودەکان دا هەیە. بەر ئەساسی تەحقیقاتی کە ئەنجام بۆ سێ تا پێنج نەوزاد لە هەر هەزار نەوزادێک کە موتەوەلید دەبن کەم شنەوایی مادەر زادییان هەیە. وە یەک سەری لە کوودەکان دوای تەوەلود دوچاری کەم شنەواییهایەکی تەئخیری و ئیکتیسابی دەبن. خۆشبختانە لە سەتحی کیشوەر دا غەرباڵگەری شنەوایی نەوزادان تەیی چەند مەرحەلە ئەنجام دەبێ. لە سنینی سێ تا پێنج ساڵ با تەوجو‌هە بەوەی کە سنی زەبان ئامووزی وە گوفتار و زەبان شکڵ دەگرێ ئەو سینە حەتا سینینی تەلایی پێ دەڵێن تەشخیس و موداخەلەی بە مەوقیع لەو سیننەی دا  زۆر موهیممە. کەم شنەوایی لە سینینی سێ تا پێنج ساڵ دوو عیلەتی هەیە یەک ئەوەی کە لە بەدوی تەوەلود کوودەک دوچاری کەم شنەوایی بۆ وە تەشخیس نەدراوە دووەمین عیلەتیشی کەم شنەواییهایەکی ئیکتیسابی وە تەئخیری یە کە دوای تەوەلود خۆی نیشان دەدا. عیلەتی ئەو کەم شنەواییهاش مەعموولەن سابقەی زەربە بەسەریان هەیە ئەو منداڵانە یا ئەوەی کە لە مەعڕەزی سەروسەداهای بڵیند بوونە  وە یا ئەوەی کە دوچاری عوفوونەتهایی ویرووسی وەکوو سورخەک وە سورخچە بوونە  وە شایعترین عیلەت کە لەو سیننەی دا باعیسی کەم شنەوایی دەبێ عوفوونەتهای گووشی میانی یە  کە بە عیلەتی ساختاری خاسی گووشی میانی  لەو منداڵانە دا زۆر شاییعە. کە لە سووڕەتی دەرمان نەبوون باعیسی کەم شنەواییهایەکی دائیمی وە غەیری قابیلی بەرگەشت دەبێ. کەم شنەوایی لەو سیننەی دا عەلائیمێکی کە هەیەتی ئەوەیە کە ئەو کوودەکە لە دەرکی گوفتار موشکیلی هەیە وە یا ئیشتیبا موتەوجیهە دەبن و ئەکسەرەن حەواس پەرتن. لەو سێنینەی دا دەرسووڕتی تەشخیس وە موداخەلەی بە مەوقع ئیقداماتی تەوانبەخشی ئەنجام دەدرێ. ئیقداماتی تەوانبەخشی شامیلی تەجویزی سەمعەکی موناسیب لە ژێر نەزەری کارشناسی شنەوایی شناسی وە جوبڕانی کەم شنەوایی یە. ئەوە بوو بەرنامەی ئەوڕۆمان تا بەرنامەیەکی دیکە بە خوداتان دەسپێرم. "
مامۆستا دیارە بە  " سوورێژە " و " مێکوتە" بڵێی  سورخەک و ئەو شتانە.  بەڵام دیارە ئەو بابەتە زۆر بابەتێکی بەرچاو و گرینگە هۆیەکانی لە لایەنی جۆر بە جۆری زمانناسی ڕا دەکرێ شی بکرێتەوە. ئەمن ئەو جۆرەی کە لێم کۆڵییەوە لەو بەرنامەیە دا نزیکە ١١٦ وشە یان وشەی لێکدراو هەن کە لە کوردیی ئاسایی  ڕۆژانە دا بەرانبەریان هەیە . دیارە ئەگەر ئینسان فارسی باش بزانێ زۆر بە جوانی لەو کوردییە تێ دەگا ئێوە چۆنی بۆ دەچن سەبەب چییە کە وایە؟ لەوانەیە هێندێک بە هۆی سیاسی دابنێن بڵێن سیاسەتی زمانی دەوڵەتی لە ئێرانێ ئەوە بێ، ڕەنگە لەگەڵ کوردی ئەوە زۆر زەق وەبەرگوێیان نەکەوێ بەڵام لە پێوەندی بۆ وێنە لەگەڵ تورکی ئازەربایجانیدا  دەڵێن جاری وایە هەر فێعلەکان لە ئاخریدا تورکی یە دەنا ئەویدیکەی هەموو فارسییە. جەنابت بۆچوونت چییە. پێم وایە جەنابیشت پێشتر ئەو گرتە ویدێئۆییەت دیتووە؟ چونکە لەو لاپەڕەی کە لە فەیس بووک دا هەتە لە سەر زمانناسی ئەو گرتەیەت بڵاو کردبووەوە.
شێخولئیسلامی: بەڵێ ئەمن ئەو ویدێئۆیەم بینیوە  و لە سەر ئەو ماڵپەڕەی زمانناسیش دامنا. سێ پرسیار هاتبووە پێشێ بۆ خەڵک: ئایا ئەمە شتێکی ئاساییە، ئایا پێتان وایە ئەوە زۆر مەترسیدارە و دەتوانێ کوردی بتوێنێتەوە و یان ئەوەی کە باشە بە کوردییە قەیدێ ناکا وشەی فارسی زۆر تێدا. زۆربەی خەڵکەکە وابزانم گوتبوویان ئەوە وا وێدەچێ بە ئانقەست کرابێ و لە وانەیە ببێتە هۆی توانەوەی زمانی کوردی. بە هەرحاڵ ئەمە ڕای خەڵکە. ڕای من چییە؟  ئەمن پێم وایە ئەو کەسەی کە بە فارسی خوێندبێتی مێشکی وا تەربییەت دەکرێ ئەگەر بیهەوێ بڵێ  گوێگرانی، فڵانکەس گوێی گرانە دەڵێ کەم شنەوایە. ئەگەر پێشی بڵێی بڵێی باب و باپیری تۆ، دایک و نەنکی تۆ هەموو گوتوویانە فڵانکەش گوێی گرانە. ئێشتاش لە سابڵاغێ لەوانەیە زۆر کەس قسە بکا بڵێ ئەرێ ئەوە بۆ گوێت لێ نەبوو، گوێت گرانە؟  کەم شنەوایی یانی گوێ گرانی دەتوانی ئەوە بڵێی. بەڵام چونکە بە فارسی  وای نەخوێندووە، فارسی لە زانکۆ پێی گوتراوە ئەوە کەم شنەوایی یە ئەگەر پێشی بڵێی لێت تێ دەگا دەڵێ گوێ گرانی بەڵام  بە ڕاستی پێی وا نییە ئەو چەمکەی ئەو دەیهەوێ بیگەیێنێ، ئەو مەعنایەی ئەو دەیەوێ بیگەیێنێ  هەوە هەتا نەڵێ کەم شنەوایی پێی وا نییە  مەعناکەی گەیاندووە. چونکە ئاوا ڕا هاتووە، ئاوا پەروەردە کراوە. کە ئەوە پێمان دەڵێ دەچینەوە سەر ئەو فکرەی ۆرف و سپیر کە بەڕاستی ئەو زمانەی کە تۆ پێی ڕادێی بە تایبەت لە دنیای مۆدێڕنی ئەمڕۆ دا، ئەو زمانەی کە تۆ پێی دەخوێنی فکریشت هەر بەو زمانە دادەڕێژی، قالب دەگرێ، دنیا بەو زمانە دەبینی، بەو کولتوورە دەیبینی جا بۆیە کەسانی وەکوو جاشوا فیشمەن هێندە نیگەران بوون کە بڵێن کاتێک کە تۆ زمانەکەی خۆت لە  دەست دا، جیهانبینییەکەشت لە دەست دەدەی، کولتوورەکەشت لەدەست دەدەی. ناسنامەکەشت لە دەست دەدەی. بەڵام با بێمەوە سەر ئەو گرتەیە. بۆ من ئاسایی یە  کەسێکی کە بە فارسی خوێندبی بڵێ ئیکتیسابی، بڵێ تەئخیر، بڵێ دوو عیلەتی هەیە ئەوانە بە ڕای من ئاسایین  چونکە بە کوردی نەیخوێندووە هەتا بڵێ دوو هۆی هەیە. نەیخوێندووە، بەڵام  بەلامەوە زۆر سەیرە کە بە مناڵ یان منداڵ دەڵێ کوودەک یا دەڵێ نەوزاد چونکە من دڵنیام ئێستاش لە شوێنێکی وەکوو مەهاباد، وەکوو نەغەدە، وەکوو شنۆ چونکە هەستم کرد ڕەنگە خەڵکی ناوچەی سندووس و ئەوە بێ بە گوتنی "بوونە" چونکە لە مەهاباد ئەوە نییە ناڵێن ئەوانە فێر بوونە، دەکرێ ئەوە ئی ناوچەی سندووس و ئەوە بێ. بەڵام ئێستا من نەمبیستووە خەڵک بڵێ وەڵا من " نەوزادێکی بەر مەمکانم هەیە". پێم وا نییە کەس وا بڵێ. یان کوودەکێکی بەرمەمکانمان لە ماڵێ یە.
قازی: نەوزاد لە باشووری کوردستان نێوی کوڕانە  و جار جاریش زۆر سەیرە.
شێخولئیسلامی: و دەبینی کاک نەوزاد زۆر کەڵەگەت و بەخۆوەیە.
قازی: ئەمن لە بیرمە کاک نەوزادێک هەبوو لە ئوڕووپا  لە کۆبوونەوان کە دەهات وەزنێکی زۆری هەبوو خەڵک زۆریان پێ سەیر بوو فکریان لە فارسییەکە دەکردەوە و دەیانگوت جا چۆن ئەو برادەرە نێوی نەوزادە؟
شێخولئیسلامی: لەوانەیە یەکێک بڵێ  ئەخر هەر بە هۆی پەروەردەوە وشەی کوودەک و نەوزاد هاتبێتە نێو مێشکییەوە لە فارسییەوە و وشەی منداڵ نەزانێ. بەڵام وا نییە لەو قسانە دا دوو جار سێ جار دەڵێ منداڵ، دەڵێ منداڵەکان. لێرە شتێک بڕێک غەریبە دیسان دەڵێم بۆ من زۆر ئاساییە یەکێک کە باسی شتی تێکنیکی دەکا، جا زمانناسی بێ، ئەمە بێ، پزشکی بێ لەو وشانە کەلک وەربگرێ کە پێی خوێندووە بەڵام وشەی کوودەک لە جیات منداڵ ئەوەم بۆ ناچێتەوە سەر یەک.
قازی: مامۆستا جەعفەر داوای لێ بوردنت لێ دەکەم  بەداخەوە نەگەیشتنێ لە سەر مێدیای کۆمەڵی، سۆشیال میدیا قسە بکەین. داوا دەکەم لێرە دا قسەکانمان داکووژێنین. زۆر زۆر داوای لێ بوردنت لێ دەکەم کە کاتەکە کافی نەبوو.
شێخولئیسلامی: تکایە بۆ جارێکی تر، هەر یەک لە مانە چەند بەرنامە هەڵدەگرن. بەڵام بۆ سۆسیاڵ میدیا کاک حەسەن ئەمن هەستم پێ کردووە کە کوتم زۆر چاوی لێ دەکەم. خەڵکێکی زۆر زۆر هەوڵ دەدەن بە کوردی بنووسن. بە داخەوە هێندێکی تر هێندێک تا ڕادەی بێڕێزی پێیان پێ دەکەنن یان گاڵتەیان پێ دەکەن. ئەمە کارێکی زۆر زۆر خراپە. بە ڕای من کاری باش ئەمەیە کە بڵێین دەستخۆش کە بە کوردی دەنووسی، دەستخۆش کە بە کوردی قسە دەکەی بەڵام دەتوانی ئەمە ئاوا بنووسی من ئامادەم یارمەتیت بدەم. دەتوانین ئەمە بکەین لەباتی ئەوەی کە گاڵتە بکەین بە شێوەزارەکان. لەباتی ئەمە کە گاڵتە بکەین چونکە یەکێک ناتوانێ بە زمانی دایکیی خۆی بنووسێ. بەڕای من ئەمانە دەبێ هان بدرێن و یارمەتی بدرێن کە باشتر بنووسن. بە لای منەوە نووسین بە زمانی کوردی زۆر زۆر لەدنیای مۆدێڕن و تێکنۆلۆژی و خوێندەواریدا کە ئێستا دەبینی هەرکەس باکالۆریا و ماسترێکی هەیە نووسین و خوێندنەوە بە زمانی کوردی زۆر زۆر زۆر گرینگترە لە قسە کردن و گوێگرتن بە زمانی کوردی.
قازی: زۆر سپاست دەکەم بەڕێزدوکتور شیخولئیسلامی  هیوادارم کە بە زوویی بتوانین  درێژە بدەین بەو قسانەمان چونکە بە ڕاستی  دەزانم کە بینەرانی ئێمە تێر نەبوون  و بە ئەندازەی کافی نەیانتوانیوە کەلک وەربگرن لە قسەکانی جەنابتان. داوای ڕۆژێکی خۆشت بۆ دەکەم. دەزانم کە لای ئێوە ڕۆژە.
شێخولئیسلامی: زۆر زۆر سپاس
قازی:بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەم جارەی ڕاوێژیش هیوادارم کە قسەکانی بەڕێز دوکتور جەعفەر شیخولئیسلامی  کەلکی هەبوو بێ و هیوادارم بکرێ بە زوویی لەو بارەیەوە دیسان لەگەڵ بەڕێزیان قسە بکەین. تا کوو  ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەم هەڤپەیڤینە لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزیۆنی ستێرک لە ئێوارەی جومعە ٢٨-ی ئووتی ٢٠٢٠ بە بەڕێگای سکایپ بە شێوەیەکی  بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ویدێئۆی بەرنامەکە دەکرێ سەری ماڵپەڕی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵی فەیس بووک و هەر وەها لە مەکۆی ڕاوێژ لە یووتووب بدەن.




          
 

            

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 



 

No comments: