نموونه مێژووییه‌کانی پێوه‌ندی کوردان و ئه‌مریکاییان
چاوپێکه‌تنێک له گه‌ڵ ئاندریا ئاله‌ن
سه‌باره‌ت به نموونه مێژووییه‌کانی پێوه‌ندی کوردان و ئه‌مریکاییان
تێبینی:ئه‌وچاوپێکه‌وتنه له مانگی ئۆکتۆبری 2003 دا کراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هێندێک له‌و زانیارییه مێژووییانه‌ی باس کراون سه‌رنجڕاکێشن، بهدرهنگیش بێ ئه‌وا له‌م وێبوبنووسه دا بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه
یای ئاندریا ده‌کرێ له سه‌ره‌تاوه به کورتی خۆتان بناسێنن ؟
ئاندریا ئاله‌ن: من خه‌ڵکی ئه‌مریکام. ئێستا له ئاستن، تێگزاس ده‌ژیم. دیاره هه‌میشه له وێ نه‌ژیاوم، له جێیه‌ک له دایک بووم به نێوی ویلمینگتن – دێلێوێر . خوێندنی ئاماده‌ییم له پێنسیلوانییا ته‌واو کردووه و له ڕۆژنامه‌گه‌ری و پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه دا له زانکۆی سیراکس لیسانسم وه‌رگرتووه. ئێستا له ئاستن خوێندکاری به‌شی دوا لیسانسم ، له هه‌مان کاتدا خه‌ریکی وه‌رگرتنی ده‌ره‌جه‌ی ماسترم له ڕۆژنامه‌گه‌ری و بواری ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا. بۆیه هاتوومه بێلژیک بۆ ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به تێزی ماستره‌که‌م لێکۆڵینه‌وه بکه‌م، له‌وه ده‌کۆڵمه‌وه بزانم مێدیا تیڤی ده‌وری چییه له سازدانی ناسنامه‌ی کوردی دا.
به بۆچوونی شه‌خسی خۆم ناسنامه و هه‌وێتی دیارده‌یه‌کی دینامیکه، هه‌میشه له گۆڕان دایه؛ شتێک نییه زاتی بێ، هه‌میشه ساز ده‌درێته‌وه.
حه‌سه‌نی قازی: ئێوه چۆن له گه‌ڵ دۆزی کورد و کوردان ناسیاویتان په‌یدا کرد؟
ئاندریا ئاله‌ن: وابزانم یه‌که‌م جار که نێوی کوردانم بیست له ماوه‌ی شه‌ڕی یه‌که‌می که‌نداو دابووله ساڵی 1991. وه‌بیرم دێ ته‌ماشای تێلێڤیزیۆنم ده‌کرد و دیمه‌نی ئه‌و خه‌ڵکانه‌م ده‌دی له چیاکان‌دا مابوونه‌وه. ده‌تگوت هاکا له برسان بمرن. ده‌زانم ئه‌و دیمه‌نانه هه‌ستی خه‌ڵکی زۆر هه‌ژاند. له گۆڤاری " نه‌شناڵ جێئۆگرافی مه‌گازین" دا نووسینێکی دوورودڕێژی به وێنه‌وه هه‌بوو که ئێد که‌شی نووسیبووی، ئه‌ویش وه‌ک من له زانکۆی سیراکس ده‌یخوێند. یه‌که‌م تێکه‌ڵاوی ڕاسته‌وڕاستم له ته‌ک کورده‌کاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1999، هێشتا له زانکۆی سیراکس ده‌مخوێند و بۆ ته‌کمیلی خوێندنه‌که‌م ماوه‌یه‌ک چوومه شتراسبورگ له فرانسه. له‌وێ ههرنهمدهویست به ڕێگه‌ی چوونه خوێندنگه،زانکۆ و مووزه‌خانه‌کان و چاو له شوێنه‌واری که‌وناراوه کردن خۆم خه‌ریک که‌م .بۆ من زۆر گرینگ بوو له گه‌ڵ خه‌ڵک تێکه‌ڵاوی په‌یدا که‌م،به تایبه‌تی له گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه غهوارهیهی له شاره‌که دا ده‌ژیان. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی خوێندنگه‌که‌م قسه‌م کرد، جێیه‌کیان بۆ په‌یدا کردم له‌وێ حه‌وتووی دوو ڕۆژان له‌گه‌ڵ په‌نابه‌ران کار بکه‌م له نێوه‌ندێکی وه‌رگرتنی په‌نابه‌ران دا. زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌وخوێندکارانه کارم ده‌کرد که ته‌مه‌نیان له نێوان 11 – 17 ساڵان دا بوو. له‌وێ ده‌م دیتن به خوێندنه‌کانیان دا ده‌چوومه‌وه. هێندێک له‌وان خه‌ریکی فێربوونی ئینگلیسی بوون و فرانسه‌ییه‌که‌ی منیش بڕێک کول بوو. پێوه‌ندیمان زۆر باش بوو.یه‌ک له‌و خوێندکارانه‌ی کارم له گه‌ڵ ده‌کرد خه‌ڵکی باکووری کوردستان بوو. به‌ڕاستی کاتێک به بهسهرهاتیم زانی به‌ته‌واوی پێی هه‌ژام. زۆر چاکم وه‌بیر دێ له ڕێوڕه‌سمی جێژنی "تهنکس گیڤینگ" دا به دوور و درێژی قسه‌مان کرد.
وه‌ک ده‌زانی ئه‌و جێژنه، جێژنێکی زۆر گرینگی ئه‌مریکاییه‌و له‌و ڕۆژه دا مرۆ ده‌بێ شوکرانه بژێری ئه‌وه‌ی بێ هه‌یه‌تی. له‌و ڕۆژه دا ئه‌من له گه‌ڵ لاوێک قسه‌م ده‌کرد که بۆی گێڕامه‌وه چون بنه‌ماڵه‌که‌ی ناچار کراوه له باکووری کوردستانه‌وه ڕابکا، چۆن باوکی خراوه‌ته به‌ندیخانه‌وه و له به‌ندیخانه‌ی ترکییه دا بێ سه‌روشوێن کراوه. بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و کوڕه پارێزه‌رێکیان په‌یدا کردبوو و دوای دوو ساڵ چاوه‌ڕوانی باوکیان بۆ نه‌دۆزرابووه‌وه. جابۆیه دایکی سه‌ری خۆی و منداڵه‌کانی هه‌ڵگرتبوو و به کامیۆنێک خۆیان گه‌یاندبووه فرانسه و داوای مافی په‌نابه‌رییان کردبوو.
کاتێک من ئه‌و کوڕه‌م دی هه‌ر سێ مانگ بوو گه‌یشتبوونه فرانسه. شتێکی تایبه‌تی له که‌سایه‌تی وی‌دا هه‌بوو که ئینسانی به‌ره‌ولای خۆی ڕاده‌کێشا. زۆر له دڵه‌وه قسه‌ی ده‌کرد، سه‌باره‌ت به کولتووری خۆی ، سه‌باره‌ت به زێدی خۆی.له بیرمه پێی گوتم به‌وه زۆر سه‌غڵه‌ته که کاتێک وڵاته‌که‌ی خۆی به جێهێشتووه هه‌ر توانیویه 7 کتێب له ته‌ک خۆیدا بهێنێ. یه‌ک له‌و کتێبانه‌ی هێنابووی ڕۆمانی "ئاننا کارێنینا" بوو که کتێبێکی به‌دڵی منیشه. بۆیه ئه‌و کتێبه ئێمه‌ی به یه‌کدییه‌وه به‌سته‌وه و زۆرمان قسه له سه‌ر کرد. دوایه چوومه ماڵیان و چاوم به دایک و خوشکیشی که‌وت. هه‌تا بڵێی خێزانێکی میوانحهز بوون.
قازی: ده‌زانی له باری مێژووییه‌وه له زۆر زۆر کۆنه‌وه، وابزانم له سه‌ده‌ی 19 به‌م لایه‌وه، هێندێک له میسیۆنێر یان موژده‌به‌ری ئایینی مه‌سیحی ڕێیان که‌وتووه‌ته ناوچه‌ی کوردستان و له کوردستان بوون. له کوردستان کاریان کردووه، ڕه‌نگه مه‌به‌ستییان بووبێ له لایه‌که‌وه بانگه‌شه بکه‌ن بۆ ئایینی مه‌سیحییه‌ت له نێو خه‌ڵک دا و له لایه‌کی دیکه‌وه‌ش بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و گرووپه نه‌ته‌وییانه‌ی که سه‌ر به ئایینی مه‌سیحی بوون و له ناوچه‌ی مێزۆپۆتامیا ژیاون. به پێی زانیاری ئێوه یه‌که‌م گرووپی موژده‌به‌ری ئه‌مریکایی که‌نگێ گه‌یشتوونه‌ته کوردستانێ؟
ئاندریا ئاله‌ن: یه‌که‌م ده‌سته له موژده‌به‌ره‌کان که زۆر له نزیکه‌وه تێکه‌ڵاوییان له گه‌ڵ کوردستان دا هه‌بووه ، به تایبه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان،سه‌ر به کلیسای پرێسبێتارییهن
بوون. له نێو ئه‌و موژدهبهرانه دا پیاوێکی به‌نێوبانگ هه‌بوو به ناوی دوکتور جۆزێف کاکران که هه‌م موژده‌به‌ر بوو و هه‌م حه‌کیم بوو له کوردستان. له کتێبێک به نێوی " کوردستان له سێبه‌ری مێژوو دا" که له لایه‌ن سوزان مهیسێلاسهوه ئاماده کراوه وێنه‌یه‌کی وی هه‌یه که چه‌ند پیاوی کوردی به‌ده‌وره‌وه‌ن به جلوبه‌رگی کوردییه‌وه.
قازی: له هێندێک سه‌رچاوه‌دا ده‌گوترێ ئه‌و که‌سه‌ی به‌لایه‌وه دانێشتووه شێخ عه‌بدولقادری کوڕی شێخ عوبهیدیلایه.
ئاندریا ئاله‌ن: شێخ عوبه‌یدیلا پێی باش بوو که که‌سێکی ڕۆژاوایی، که‌سێکی ئه‌مریکایی به‌لاوه بێ، جا به ڕێگه‌ی نامه گۆڕینه‌وه له گه‌ڵ کاکران تێکه‌ڵاوی په‌یدا کرد. کاتێک شێخ عوبه‌یدیلا نه‌خۆش که‌وت، به دوای دوکتور کاکرانیان دا نارد و ئه‌ویش عیلاجی نه‌خۆشییه‌که‌ی کرد که نه‌خۆشی " سه‌تڵووجه‌م" بوو. هه‌ر له‌و پێوه‌ندی و سه‌روبه‌ندانه دا بوو که شێخ عوبه‌یدیلا نامه به‌نێوبانگه‌که‌ی خۆی نووسی. پێم خۆشه کورته‌یه‌کی ئه‌و نامه‌یه‌ت لێره‌دا بۆ بخوێنمه‌وه. ئه‌و ده‌نووسێ: " ئێمه‌ش نه‌ته‌وه‌یه‌کین، ده‌مانه‌وێ کاروباری خۆمان له به‌رده‌ست خۆماندا بێ. بۆ ئه‌وه‌ی به هێز و تواناییه‌وه و سه‌ربه‌خۆ سزای ئه‌وانه بده‌ین که نێو خۆماندا تاوان ده‌که‌ن، و خاوه‌ن هه‌مان ئه‌و ئیمتازانه بین که نه‌ته‌وه‌کانی دیکه هه‌یانه؛و ڕێز له [مافی] تاوانکاران بگرین ، ئێمه ئاماده‌ین به‌ڵێنی بده‌ین که هیچ خه‌سار و سه‌ده‌مه‌یه‌ک وه‌هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه نه‌که‌وێ".
قازی: ئه‌ی موژده‌به‌ری دیکه؟
ئاندریا ئاله‌ن: ده‌سته‌یه‌کی دیکه میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات بوو که له ده‌وروبه‌ری ساڵی 1910، 1911 ده‌ستی به‌کار کرد. یه‌که‌م به‌رنامه بۆ کوردستان له لایه‌ن کلیسای لوتێری ئاڵمان بوو. له‌و سه‌روبه‌ندانه دا له ئێدینبورگ له سکاتله‌ند کۆنفرانسێک به‌سترا و کار له کوردستان درایه ده‌ست ئه‌مریکاییه‌کان. له ساڵی 1911 دا ، له نێو موژده‌به‌ره‌کاندا زۆر ژنی ئه‌مریکایی هه‌بوون که چوونه کوردستانێ. یه‌ک له‌و ژنانه " ئاگوستا گودهارت" بوو. ئه‌و ژنه که‌سایه‌تییه‌کی زۆر چاوڕاکێشی هه‌بوو. وێنه‌یه‌ک و نووسراوه‌یه‌کی له کتێبی سوزان مه‌یسێلاس دا هه‌یه. له سه‌ر به‌رگی گۆڤاری " کوردستان میشنێری" دا وێنه‌یه‌کی وی چاپ کراوه له نێو کۆمه‌ڵێک پیاوی کورد دا. ئه‌و گۆڤاری " کوردستان میشنێری" به ڕاستی سه‌رچاوه‌یه‌کی زۆر به نرخه له سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ی کوردستان واته سابڵا‌غ و ده‌وروبه‌ری. کلیسای لوتێری له میناپۆلیس له میناسودا بڵاوی ده‌کرده‌وه و له ساڵانی 1920 بۆ ماوه‌ی 11 ساڵ به‌رده‌وام بوو. له‌و گۆڤاره دا زۆر به‌ڵگه هه‌ن، به سه‌رهاتی موژده‌به‌ره‌کان و ژیانیان له کوردستان و دانوستاندنیان له گه‌ڵ کورده‌کان، له گه‌ڵ گه‌لی کورد. " ئاگوستا گودهارت"
چاوی به سمکۆش که‌وتبوو. سمکۆ پاراستی و ئاگاداری لێکرد.
قازی: له کتێبه‌که‌ی سوزان مه‌یسێلاس دا باسی ئاگوستا گودهارت کراوه ، به‌ڵام هێندێک زانیاری
هه‌ڵه‌ی له سه‌ر وی تێدایه.
ئاگوستا گودهارت میس کوتات خانم
ئاندریا ئاله‌ن: ئاگوستا گوودهارت له گه‌ڵ ئه‌فسه‌رێکی له‌شکری ڕووسییه‌ی تێزاریش ڕووبهڕووهات که له سابڵا‌غ کاری ده‌کرد و نێوی کۆلۆنێل ئیاس بوو. کۆلۆنێل ئیاس کوردی و زۆر زمانی دیکه‌ی ده‌زانی، ئه‌ویش به ڕه‌چه‌ڵه‌ک وه‌کوو گوودهارت خه‌ڵکی باکووری ئورووپا وابزانم خه‌ڵکی فه‌نلاند بوو، جار جار گاڵته‌ی به یای گوودهارت ده‌کرد که ناتوانێ به زمانی زگماکی خۆی واته زمانی لیتوانی زۆر به چاکی قسه بکا. کۆلۆنێل ئیاس ئاخره‌که‌ی له مانگی دیسامبری 1914 له میاندواو کووژرا. ڕووسه‌کان به کووژرانی وی زۆر هه‌ژان. کۆلۆنێل ئیاس به‌ڵگه‌یه‌کی زۆری سه‌باره‌ت به گه‌لی کورد کۆ کردبووه‌وه. له ساڵانی 1990 دا نووسه‌رێکی فه‌نلاندی سه‌باره‌ت به کاره‌کانی ئیاس کتێبێکی به زمانی فه‌نلاندی بڵاو کردووه‌ته‌وه. با بێینه‌وه سه‌ر باسی گودهارت. ڕه‌نگه ئێستاش خه‌ڵکی وا مابن که ئه‌ویان له بیر مابێ، وه‌ک من بیستوومه له سابڵا‌غ خه‌ڵک پێیان گوتووه میس کووتات خانم. ئه‌و دوایه گه‌ڕاوه ئه‌مریکا و زیاتر له سه‌د ساڵ ژیا. به‌ر له‌وه‌ی بمرێ ، لێکۆله‌ره‌وه‌یه‌ک که ئێستا له کانادایه، ئه‌میری حه‌سه‌نپوور که مامۆستایه له زانکۆی تۆرانتۆ، چووبووه فیلادێلفیا و له ده‌فته‌ری ته‌له‌فون دا ، ژماره ته‌له‌فونی گودهارتی دۆزیبووه‌وه، سه‌ردانی کردبوو و له مانگی ژووه‌نی ساڵی 1977 دا چاوپێکه‌وتنێکی له گه‌ڵ کردووه و له سه‌ر نه‌وار ئاسته‌ی کردووه سه‌باره‌ت به بیره‌وه‌رییه‌کانی ژیانی له سابڵا‌غ و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانێ. له‌و وتووێژه دا یای گودهارت باسی ئه‌و شاره‌ی بۆ ده‌کا لێی ژیاوه، باسی پۆستخانه و تێکه‌ڵاوی خۆی له گه‌ڵ خه‌ڵک.
ماڵی میسیۆنێره‌کان له سابڵا‌غ
قازی: که‌سێکی دیکه‌ش هه‌بووه به نێوی مارتا داڵ، له سه‌ر وی چ ده‌زانی؟
ئاندریا ئاله‌ن: مارتا داڵیش که‌سایه‌تییه‌کی زۆر به‌رچاو بووه. هه‌م له مێژووی ئه‌مریکا و هه‌م له مێژووی کورد دا. له کتێبی سوزان مه‌یسێلاس دا چه‌ند وێنه‌ی وی هه‌ن، کاتێک له نوروێژه‌وه به که‌شتی به‌ره‌و ئه‌مریکا چووه، و له سابڵاغی به جلوبه‌رگی کوردییه‌وه. ئه‌و ده‌می مارتا داڵ چووه سابڵاغێ ته‌مه‌نی زۆر که‌م بوو، مێردی نه‌کردبوو.به ڕه‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵکی نوروێژ بوو ، له‌وێوه چووبووه ئه‌مریکا، به‌ر له‌وه‌ی بچێ بۆ کوردستان. ئه‌و قه‌ت کوردستانی به جێنه‌هێشت، چونکوو له‌وێ عاشقی کولتووری کوردی بوو، نه‌ک هه‌ر کو‌لتوور، به‌ڵکوو عاشقی که‌سێکی تایبه‌تیش بوو، دیاره سووکه ههرایهکیش له‌وه ساز بوو، چونکوو ئه‌و پیاوه واته میرزا حوسێن ژنی هه‌بوو. له گۆڤاری " کوردستان میشنێری" دا
نۆتیسێکی کورت هه‌یه و باسی لێبوردن ده‌کرێ له‌وه‌ی قه‌وماوه، به‌ڵام ده‌شلێن چاو له‌و گزهییهی هه‌ڵده‌بوێرن که کردوویه‌تی. مارتا داڵ له کوردستان ده‌مێنێته‌وه، له‌وێ مێرد ده‌کا.
کوڕێکی هه‌یه به نێوی سیرووسی حه‌بیبی. مارتا که له سابڵاغێ خه‌ڵک پێیان گوتووه میزداڵ خانم له‌وێ ماوه‌یه‌ک وه‌ک دیلمانج کاری ده‌کرد. کاتێک که کۆماری کوردستان هه‌بوو، ئه‌و مهابادی به جێ هێشت، نه‌یده‌ویست چ دژوارییه‌ک بۆ حکوومه‌تی کوردی بێته ئاراوه. به‌ر له ڕاگه‌یاندنی کۆمار، کوڕه‌که‌ی سیرووس که له زمان دایکییه‌وه به زاراوه‌ی خۆجێیی پییان ده‌گوت ئاغای داڵی [ دارلینگ] له یه‌که‌م ئۆپێرای کوردی دا به نێوی " دایکی نیشتمان" ده‌ورێکی سه‌ره‌کی گێڕا. دوای ئه‌وه‌ی مهابادیان به جێهێشت ، بارزانییه‌کان چوونه خانوویهکهیانهوه. وه‌ک ده‌زانین ئه‌وده‌می نزیکه‌ی 10 هه‌زار بارزانی له عێراقه‌وه هاتبوون بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێک بن له کۆمار. دواتر مارتا داڵ گه‌ڕاوه مهاباد و له نه‌خۆشخانه وه‌کوو مامان کاری ده‌کرد و هه‌ر له سابڵاغیش کۆچی دوایی کرد. کوڕه‌که‌ی تا ساڵی 1979 له ئێران بوو و دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ک گیرا، چووه ئه‌مریکا و ئێستا له‌وێ ده‌ژی.
گۆڤاری کوردستان میشنێری
قازی: باشه یای ئاندریا! که‌سێکی دیکه‌ی ئه‌مریکایی که له سه‌ر کوردانی نووسیوه ئارچیبالد رۆزێڤێڵته!
ئاندریا ئاله‌ن: به‌ڵێ! ئارچیبالد ڕۆزێڤێڵت نه‌وه‌ی سه‌رۆککۆماری پێشووی ئه‌مریکا تیئۆدۆر ڕۆزێڤێڵت بوو. ئه‌و چووه ئێرانێ و کاری بۆ سی ئای ئێ ی ده‌کرد. له کتێبێک‌دا به نێوی
"مرخی زانین" بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی بڵاو کردووه‌ته‌وه. بیره‌وه‌رییه‌کانی وه‌کوو کاربه‌ده‌ستێکی ئیستیخباراتی. چه‌ند لایه‌نی زۆر سه‌رنجڕاکێش له کتێبه‌که‌ی دا هه‌یه. دووبه‌ندی ئه‌و کتێبه له سه‌ر کوردانه. ڕۆزێڤێڵت مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران و عێراق و جێی دیکه له یه‌ک جیا ناکاته‌وه، وه‌ک زۆر که‌س ده‌یکه‌ن. ئه‌و مه‌سه‌له‌که به‌گشتی ده‌بینێ وه‌ک مه‌سه‌له‌ی کورد. ئه‌و زۆری پێخۆشبووه چاوی به‌و که‌سانه بکه‌وێ که ده‌ستیان بووه له کاروباری کۆماری مهاباد دا. ئه‌و نه‌ک هه‌ر له گه‌ڵ کورده‌کان، به‌ڵکوو له گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی سۆڤییه‌ت ، کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی و کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی میللی ئازه‌ربایجانیش پێوه‌ندی گرت . شانازی ئه‌وه به خۆی ده‌کا که تاکه ئه‌مریکاییه‌ک بووه چاوی به کۆماری کوردستان که‌وتووه، جگه له‌و کتێبه که دوایه نووسیویه‌تی له ساڵی 1947 یشدا نووسراوه‌یه‌کی سه‌باره‌ت به کۆمار له " میدڵ ئیست جورناڵ" دا بڵاو کردووه‌ته‌وه.
له‌کتێبه‌که‌ی دا وێنه‌یه‌ک هه‌یه که کاتی سه‌ردانی له مهاباد له ته‌نیشت قازی محه‌مه‌د دانیشتووه و مجۆعمهیهک شووتیان له پێش داندراوه.
یه‌ک له‌و وێنانه‌ی ئارچیباڵد ڕۆزێڤێڵت له کاتی سه‌ردانی له مهاباد کێشاویه
قازی: دیاره کتێبی هه‌ره به نێوبانگ به زمانی ئینگلیسی له سه‌ر کۆماری کوردستان که‌سێک نووسیویه نه نێوی" ویلیا‌م ئیگڵتن" ی کوڕ. ده‌کرێ هێندێک باسی وی بکه‌ی؟
ئاندریا ئاله‌ن: ویلیا‌م ئیگڵتن جوونیێر ئه‌ندامێکی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا بوو.
له پێشدا له که‌رکووک بوو، دوایه گواستییه‌وه بۆ ته‌ورێز. ئه‌و به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینه‌ی ڕۆزێڤێڵت که له " میدڵ ئیست جوورناڵ" دا بڵاو ببووه‌وه باسی کۆماری بیست. ئیگلتن له‌وه نیگه‌ران بوو له‌وانه‌یه مێژووی کۆمار له بیر بکرێ بۆیه ده‌ستی به لێکۆڵینه‌وه کرد و له ساڵی 1963 دا کتێبی " کۆماری کوردی ساڵی 1946"ی بڵاو کرده‌وه. ئه‌و به‌وه په‌شێو بوو نه‌کا مێژووی کۆمار له بیر بچێته‌وه، چونکوو باش ده‌یزانی به ده‌م هه‌ڵوه‌شانی کۆمار زۆر له به‌ڵگه‌کانی سووتێندرابوون، چونکوو ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان هه‌بوو له سازکردنی کۆمار دا له ترسی ڕاوه‌دوونان و سزادان ،نه‌یانده‌ویست به‌ڵگه‌کانیان لێ بگیرێ. ئیگلتن له به‌ر هه‌ڵکه‌وتی دیپڵۆماتیکی خۆی هێندێک ده‌ستی ئاواڵه بوو، جا ئه‌وه ده‌رفه‌تی بۆ ڕه‌خساند بچێته مهاباد و وتوووێژ بکا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نده خه‌ڵکه‌ی که پێی ده‌کرا بیانبینێ، واته ئه‌و که‌سانه‌ی له سه‌روبه‌ندی کۆمار دا ژیابوون.
ئه‌و له کتێبه‌که‌یدا به ڕوونی باس له‌وه‌ده‌کا زۆردژوار بووه مێژووی ڕووداوه‌کان به وردی ده‌ستنیشان بکرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به به‌شی خۆی حه‌ول ده‌دا ئه‌و مێژووییه بپارێزێ بۆ کورده‌کان و بۆ هه‌موو جیهان، وه‌ک بۆ خۆی ده‌ڵێ. ئیگڵتن له کتێبه‌که‌یدا زانیاری هه‌موو لایه‌نه سه‌باره‌ت به کوردان باس ده‌کا، ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌ر له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م. له چه‌ند جێیه‌ک باسی دوکتور کاکران ده‌کا، باسی مارتا داڵ و کوڕه‌که‌ی سیرووسی حه‌بیبی و له پێشوه‌چوون و ئاڵوگۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵه ده‌دوێ.
ئه‌وه سه‌روبه‌ندێکی زۆر سه‌رنجڕاکێش بووه که گێڕانه‌وه‌ی پێویست بووه. ئیگڵتن زانیارییه‌کی زۆر سه‌باره‌ت به کۆمار ده‌هێنێته گۆڕێ. ده‌ڵێ شووره‌وییه‌کان ئاماده نه‌بوون به‌ڵگه‌کانی خۆیانی له سه‌ر ئه‌و سه‌روبه‌نده له به‌ر ده‌ست بنێن. ئێرانییه‌کان پێیان خۆش نه‌بووه به‌ڵگه ڕه‌سمییه‌کانی خۆیانیانی له به‌ر ده‌ست بنێن. ئه‌و کاره‌ی ئیگڵتن کردوویه بۆ ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌و مێژوویه زۆر زه‌حمه‌ت بووه وه‌ک هه‌ڵگه‌ڕانی مێرووله به سه‌ر شاخ دا.
قازی: وابزانم ویلیا‌م ئیگڵتن هێشتا ماوه؟
ئاندریا ئاله‌ن: به‌ڵێ ده‌ژی و هێشتا کار ده‌کا بۆ حکوومه‌تی ئه‌مریکا. جارجار له به‌رنامه‌ی تێلێڤیزیۆنی دا به‌شداری ده‌کا. ئێستا له باشووری کوردستانه. له مه‌ڕ ڕۆزێڤێڵت شتێکم له بیر چوو بیڵێم ، کاتێک ده‌بیستێ قازی و هاوڕێیانی مه‌حکووم به ئێعدام کراون ده‌چێته لای جۆرج ئاله‌ن سه‌فیری ئه‌مریکا له تاران و داوای لێده‌کا بچێته لای شا و ده‌ڵێ قازی محه‌مه‌د نابێ بکووژرێ.جۆرج ئاله‌ن ئه‌و کاره ده‌کا، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵێنه‌ی پێیدرابوو جێ به جێ نه‌کرا.
قازی: ڕێزدار ئاله‌ن، وه‌ک ده‌زانین له به‌رایی ساڵانی 1970 کاندا دیسان جۆره تێکه‌ڵاوییه‌ک له نێوان ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا و بزووتنه‌وه‌ی کورد له باشووری کوردستان هه‌بوو ، که زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا بوو. ئه‌وه‌ش باش زاندراوه له ساڵی 1975 ده‌زگای به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌و ده‌می ئه‌مریکا له زه‌مانی سه‌رکۆماریی نیکسۆن و کاتێک هێنری کیسینجر وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا بوو پشتیان له مه‌سه‌له‌ی کورد کرد.ده‌کرێ هێندێک باسی کاره‌کانی کیسێنجر بکه‌ی؟
ئاندریا ئاله‌ن: وه‌ک له به‌ڵگه‌کانی کۆماری کوردستان ڕا ده‌رده‌که‌وێ، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی سارد گه‌مارۆی دابوو. له ساڵانی 1970 دا ئه‌مریکاییه‌کان دیسان تێکه‌ڵاوییان له گه‌ڵ کوردان په‌یدا کرد. هێنری کیسنجر وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی نیکسۆن بوو. ئه‌و ده‌می هاوکاریان هه‌بوو له گه‌ڵ شای ئێران. مامڵهیهکیان هه‌بوو که ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا دراو بدا به ڕێبه‌رایه‌تی کورد بۆ کڕینی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی بۆ خه‌بات به دژی رێژیمی عێراق. له‌و ماوه‌یه دا زیاتر له 16 میلیۆن دۆڵار درایه کورده‌کان. به‌ڵام له نێوه‌ڕاسی ساڵانی 70 دا ، رێژیمی شا و ڕێژیمی عێراق به دانی کۆنتڕۆڵی ڕیگای ئاویی شه‌تولعه‌ڕه‌ب به شا ڕێک که‌وتن. ئه‌و رێک که‌وتنه له سه‌ر حیسابی کوردان کرا و شا به کیسنجری گوت ئێوه ئیتر نابێ یارمه‌تی کوردان بده‌ن. له شه‌و و ڕۆژێک دا ئه‌مریکا ده‌ستی له پشتیوانی گه‌لی کورد به‌ر دا و پشتی تێکردن. هێنری کیسنجر به شێوه‌یه‌کی ماکیاوێلیستی له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا:" ساڵانی نوێکردنه‌وه" باسی ئه‌و ڕووداوه ده‌کا. ئه‌و وه‌کوو " قوربانییه‌کانی هه‌تا هه‌تایه‌ی مێژوو" باسی کورده‌کان ده‌کا. ده‌ڵێ سووچی خۆیان نییه له حاڵێکی ئاوا شپڕێو دان ده‌نێو بهرداشاندا گیریان کردووه، هه‌ر گه‌له کۆمه‌یان لێده‌کرێ. ئه‌وه سه‌روبه‌ندێکه له مێژوو دا که هێنری کیسنجر ئه‌و ده‌سته وشه‌یه‌ی بۆ داڕشتووه: " کرده‌وه‌ی نهێنی و شاراوه نابێ له گه‌ڵ کاری مێسیونێری و موژده‌به‌ری تێکه‌ڵ بکرێ". ئه‌من پێم وایه ئه‌و ڕووداوه هه‌م کارتێکه‌ری هه‌بووه له سه‌ر بیروڕای گشتی ئه‌مریکا و هه‌م له سه‌ر کورده‌کان.پێم وایه ترسی خیانه‌ت پێکردن و پشت تێکردن هه‌میشه له زه‌ینی خه‌ڵک دا ده‌مێنێته‌وه، چونکوو ئه‌وه هێنده له مێژ نییه که قه‌وماوه.
قازی: پێت وایه ئه‌و ترسه هێشتا هه‌یه؟
ئاندریا ئاله‌ن: به‌ڵێ ئه‌من پێم وایه ئه‌و ترسه هێشتا هه‌ر هه‌یه ، به تایبه‌تی له به‌ر ئه‌وه‌ی که له ساڵی 1991 ڕوویدا.
قازی: وابزانم ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئهدمینسترهیشنی ئه‌مریکا واته ئی سه‌رده‌مای نیکسۆن و کیسنجر بووه هه‌وێنی نووسراوی ڕۆمانێک به نێوی " سه‌لاحه‌دینی دووه‌م". له سه‌ر ئه‌و ڕۆمانه چ ده‌زانی؟
ئاندریا ئاله‌ن: ئه‌و ڕۆمانه که‌سێک نووسیویه به نێوی "ستیڤن هانتر". ستیڤن هانتر کتێبی پۆلیسی ده‌نووسێ، کتێبی ڕووداوی شاره‌وه و که‌تن. کتێبی گه‌لویستی ئه‌وتۆی خه‌ڵک له کاتی سه‌فه‌ر به فڕۆکه ده‌یانخوێننه‌وه و به ژماره‌ی زۆر چاپ ده‌کرێن. ئه‌و کتێبه :
" سه‌لاحه‌دینی دووه‌م" به خه‌یاڵ داڕێژراوه، به‌ڵام لایه‌نی ڕاستیشی تێدایه سه‌باره‌ت به پشت تێکردنی کیسنجر له کورده‌کان. دوو برای کوردن که یه‌کیان ئه‌وه‌نده به‌و خیانه‌ته‌ی پێیان کراوه هه‌ژاوه که ده‌یه‌وێ تۆڵه بستێنێته‌وه. ئه‌و ده‌چێ بۆ مێکزیکۆ، ده‌توانێ له سنووری ئه‌وێوه خۆی بگه‌یێنێته ئه‌مریکا. که ده‌گاته ئه‌وێ هه‌وڵ ده‌دا دۆستێکی کۆنی ئه‌مریکایی خۆی ببینێته‌وه که ئه‌فسه‌رێکی ئه‌مریکاییه و پێشتر له کوردستان بووه و له‌وێ یارمه‌تی کوردانی داوه. ده‌چێته لای و پێی ده‌ڵێ ئێوه چۆن توانیتان ئاوامان له گه‌ڵ بکه‌ن؟ هه‌ردووکیان به‌و چاره‌نووسه شهمزاون، به‌سه‌رهاتێکی ناخۆشه نازانن چ بکه‌ن؟ هه‌مووی ناگێڕمه‌وه با خوێنه‌ره‌وانی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه خۆیان کتێبه‌که په‌یدا که‌ن و بیخوێننه‌وه.
قازی: بابگه‌ڕێینه‌وه ساڵی 1991 ، دوای ئه‌وه‌ی رێژیمی سه‌دام حوشین چوو کووه‌یتی داگیر کرد و به‌وه زه‌مینه‌ی ڕه‌خساند بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕی خۆی هه‌ڵبکه‌نێ، دوایه له‌شکری ئه‌مریکا به فه‌رمانده‌یی ژه‌نه‌ڕال شوارتسکۆف تا نزیک به‌غدا هاتن به‌ڵام دوایه گه‌ڕانه‌وه و ئه‌وه بووه هۆی سه‌رکوتی به‌ربڵاو و کۆمه‌ڵ کوژی و کۆڕه‌وی گه‌وره.
دیاره ئه‌و کاره‌ساتانه بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌روبه‌ندی بیروڕای گشتی جیهانی و ئه‌مریکا هێندێک ئاگاداری په‌یدا که‌ن له سه‌ر چاره‌نووسی کوردان. ئه‌وه چۆن باس ده‌که‌ی؟
ئاندریا ئاله‌ن: شه‌ڕی که‌نداو ڕووداوێکی گه‌وره بوو بۆ ناسینی کورده‌کان له ئه‌مریکا.پلانی ئه‌مریکا ئه‌وه بوو سه‌دام حوسێن تێک بشکێنێ. بیری سه‌ره‌تایی ئه‌وه بوو ئێمه‌ی ئه‌مریکایی کوردان هان بده‌ین بۆ ڕاپه‌ڕین به دژی سه‌دام حوسێن، به‌ڵام دوایه بیر‌و ڕای گشتی ئه‌مریکا زۆر په‌شێو بوون له‌و تۆڵه ئهستاندنهوانهی له دژی گه‌لی کورد کرا له دوای شه‌ڕ. کاتێک دیمه‌نی ئه‌و خه‌ڵکه به دنیا دا بڵاو بووه‌وه که هه‌وڵیان ده‌دا له چیاکان‌دا بژین و بمێننه‌وه، رێکخراوه‌کانی ناحکوومی ئه‌مریکا به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو وه‌فریای لێقه‌وماوان که‌وتن، نه‌ک هه‌ر له ئه‌مریکا، به‌ڵکوو خه‌ڵک له هه‌موو جیهان وه‌فریای خه‌ڵکی ئاواره که‌وتن به دانی خۆراک و جلوبه‌رگ و پێداویستییه‌کانی ژیان. ئه‌من پێم وایه ئه‌وه ڕووداوێک بوو که سه‌رنجی بیروڕای ئه‌مریکای به‌ره‌ولای خۆی ڕاکێشا و کاری تێکردن و گه‌یشته پێکهاتنی ئه‌و ناوچه ئۆتۆنۆمه‌ی که ئێستاش هه‌یه.
قازی:
به بۆچوونی ئێوه بیروڕای گشتی ئه‌مریکا له سه‌ر کورد چه‌نده ده‌زانێ؟
ئاندریا ئاله‌ن: واوێده‌چێ بیروڕای گشتی ئه‌مریکا مه‌یلی وابێ هه‌ر له کاتی کێشه و ناخۆشیدا سه‌باره‌ت به کوردان ببیستێ، به تایبه‌تی له عێراق. ئه‌وان زۆر زیاتر سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی کوردان له عێراق ده‌زانن تا سه‌باره‌ت به بارودۆخی کوردان له باکووری کوردستان.ئه‌وه چه‌ند هۆی هه‌یه؛ به‌شێکی سیاسییه، به‌ومانایه ئه‌وه شتێکه که له ڕۆژه‌ڤی سیاسی دایه و جاروبار مێدیا به دووی پێوشوێنی ڕووداوه‌کاندا ده‌گه‌رێ. جۆرج بووش شتێک ده‌ڵێ، مێدیا ده‌بێ به خه‌ڵکی ڕاگه‌یێنن. بۆیه سه‌رنج له سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه کۆ بووه‌ته‌وه. لێره دا ده‌توانم نموونه‌یه‌ک باس بکه‌م. به‌و زووانه کاتێک پرێزیدێنت بووش هه‌وڵی سه‌لماندنی په‌یامی خۆی له لایه‌ن بیروڕای گشتی ئه‌مریکاوه ده‌دا و ده‌یگوت ئێمه ده‌بێ بچینه شه‌ڕی سه‌دام حوسێن، به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام و نه‌پساوه باسی کاره‌ساتی ساڵی 1988ی ده‌کرد له هه‌ڵه‌بجه. ئه‌وه به‌شێکی گه‌وره بوو له قسه‌کانی بۆ ڕاکێشانی بیروڕای گشتی به‌ره‌و سیاسه‌تی خۆی. باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد چۆن سه‌دام حوسێن "خه‌ڵکی خۆی" گازباران کردووه، ئه‌وه ئهستوونێکی پته‌وی قسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌مریکا بوو.
به‌ڵام له ئه‌مریکا خه‌ڵکی ئه‌وتۆش هه‌ن که له‌و باوه‌ڕه‌دان سیاسه‌تی ئه‌مریکا له هه‌مبه‌ر گه‌لی کورد ناشێلگیره له چه‌ند ڕوویه‌که‌وه. فیلمێکی به‌ڵگه‌یی هه‌یه که‌سێک به نێوی "سکات مه‌کێرنه‌ن" سازی کردووه به نێوی" کوردی باش و کوردی خراپ". له‌و فیلمه دا ده‌یه‌وێ ناکۆکی سیاسه‌تی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به باشوور و باکووری کوردستان ده‌ربخا.
قازی: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه بڵێی ئه‌مریکا سیاسه‌تێکی له مهر مه‌سه‌له‌ی کورد به گشتی نییه؟
ئاندریا ئاله‌ن: به‌ڵێ! ڕێبازی سیاسه‌تی ئه‌مریکا ئه‌وه‌یه مه‌سه‌له‌ی کورد له چوارچێوه‌ی سنووری هه‌ر ده‌وڵه‌تێکدا به جوێ ببینێ، له جیات ئه‌وه‌ی کورده‌کان وه‌ک گرووپێک ببینێ که سنووران تێده‌په‌ڕێنن و ئه‌و سنوورانه له یه‌کتری جوێ کردوونه‌ته‌وه. "سکات مه‌کێرنه‌ن" ئاگای له‌وه هه‌یه و ده‌ڵێ ئه‌وه له سه‌ر حیسابی ئه‌و کوردانه‌ی ده‌کرێ که له باکووری کوردستان ده‌ژین.
قازی: به بۆچوونی ئێوه کاری لۆبی و پشتیوانی کردن له داوخوازی کوردان له ئه‌مریکا،
واته پشتیوانی کردن له داوخوازی کوردان له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان ده‌بێ چۆن به‌ره‌وپێش بچێ ؟
ئاندریا ئاله‌ن: چه‌ندین ڕێگه هه‌یه بۆ سازدانی دیالۆگ له نێوان گه‌لی کورد و ئه‌مریکاییه‌کاندا. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ باسمان کرد مێژووی خه‌ڵکه ، مێژووی ئه‌و ئه‌مریکاییانه‌ی چوونه کوردستان و هه‌ستێکی گشتی به‌پرسیاریان هه‌بووه.ئه‌من له‌و باوه‌ڕه‌دام پێوه‌ندی شه‌خسی له نێوان کورده‌کان و ئه‌مریکاییه‌کان کلیلی ده‌رگایان ده‌کاته‌وه، به‌ڵام وابزانم ناواقعیشه ئه‌گه‌ر مه‌ودای جوگرافیاییش له‌به‌رچاو نه‌گرین. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئه‌من نه‌چووبامه فرانسه له‌وانه‌بوو قه‌ت تووشی کوردان نه‌یێم.ئه‌مریکا کوردێکی زۆری لێ نییه به ڕێژه‌ی ئه‌و هه‌ژماره‌ی له ئوڕووپا و جێگه‌ی دیکه هه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئێستا له به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر سه‌ربازی ئه‌مریکایی له هه‌رێمه‌که‌دان و ده‌که‌ونه پێوه‌ندی له گه‌ڵ کورده‌کان ده‌ره‌تانی دان وستاندنی دوولایه‌نه‌ی شه‌خسییان بۆ ڕه‌خساوه. من ئاواتم ئه‌وه‌یه ئه‌وان ئه‌زموونێکی خۆشیان هه‌بێ له مانه‌وه‌یان له باشووری کوردستان و کاتێک ده‌گه‌ڕێنه‌وه لای دۆست و که‌سوکاری خۆیان له ئه‌مریکا باسیان بۆ بکه‌ن، ئه‌زموونی خۆیانیان بۆ بگێڕنه‌وه، چی‌یان دیوه و چی ڕوویداوه.ئێستا تێکنۆلۆژی زۆر ده‌رفه‌تی ڕه‌خساندووه بۆ ئالوگۆڕی زانیاری.
قازی: پێت واهه‌یه ئه‌وه ڕێگه خۆش ده‌کا بۆ ته‌فاهومێکی زیاتر بۆ مه‌سه‌له‌ی کورد له نێو بیروڕای گشتی ئه‌مریکا دا؟
ئاندریا ئاله‌ن: به‌ڵێ. مه‌سه‌له‌ی کورد له بیروڕای گشتی ئه‌مریکا دا به‌ستراوه‌ته‌وه به مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆ. ئه‌وه حه‌ساسییه‌تی بیروڕای گشتی ئه‌مریکا به‌ره‌و لای خۆی ڕاده‌کێشێ. چونکوو ئه‌مریکاییه‌کان شانازی ده‌که‌ن به ئازادیی بیر و ڕا و ئازادیی به‌یان له نێو خۆیاندا، و ده‌یانه‌وێ هه‌موو لایه‌ک ئه‌و ئازادییه‌یان هه‌بێ.بۆیه پێم وایه به ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان کورده‌کان لهوجێیانهی لێیان ده‌ژین مافی به‌شداری دێمۆکراتیکیان هه‌بێ،
نه‌ک به پێی ئه‌وه‌ی ئه‌وان کێن و ناسنامه‌یان چییه یان ناسنامه‌کانیان چن.
قازی: به‌ڕێز ئاندریا ئاله‌ن، زۆر سپاس بۆ ئه‌م چاوپێکه‌وتنه.
ئاندریا ئاله‌ن: ئه‌منیش سپاست ده‌که‌م. هه‌ر ڕاوه‌ستاو بی.