بۆچوونێک سه‌باره‌ت به تاریخی دامه‌زرانی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد
حه‌سه‌نی قازی
گۆواری گزینگ، ژماره 17، پاییزی 1977 (1376ی هه‌تاوی)
له کتێب و نووسراوه‌ی کوردی، فارسی، عه‌ڕه‌بی، ئینگلیسی، فرانسه‌یی و ڕووسی دا له‌مه‌ڕ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، تاریخی دامه‌زران و نێوی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف جۆر به جۆر باسکراوه. به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی ده‌ستی یه‌ک و ئی هه‌ره باوه‌ڕپێکراو چاپه‌مه‌نی کۆمه‌ڵه‌یه 1 که ئه‌و تاریخهمان بۆ ساغ ده‌کاته‌وه: ئه‌ویش 25ی گه‌لاوێژی 1321ی هه‌تاوی ( 16ی ئووتی 1942) یه.
ته‌نانه‌ت نووسه‌رێک 2، که له یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه‌شدا به‌شدار بووه ئه‌و تاریخه‌ی دوو جۆر باسکردووه. دیاره زۆربه‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی که پاش ساڵی 1963 بڵاو کراونه‌ته‌وه بۆ زۆربه‌ی زانیارییه‌کانیان پشتیان به کتێبی ئیگلتن ی کوڕ3 به‌ستووه.
له‌م نووسراوه‌یه‌ی دا قسه‌ی من ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌رچی له زه‌مانی ڕه‌زا خان و به‌ر له 3ی خه‌رمانانی 1320ی هه‌تاوی (ئاخروئۆخری ئووتی 1941ی زایینی) به پێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له خواره‌وه باسیان ده‌که‌ین له سابڵا‌غ و ناوچه‌ی موکریان ڕێکخراوێکی سیاسی پێکهاتووه و له‌و ڕێکخراوه‌یه‌دا چه‌ندێک له هه‌ڵسووڕ و دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد به‌شدار بوون، به‌ڵام تاریخی دامه‌زرانی ڕه‌سمی کۆمه‌ڵه ناگه‌ڕێته‌وه به‌ر له سه‌ر ده‌می ئووتی 1941، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد خه‌باتی خۆی به درێژه‌ی کار و چالاکی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه داناوه و له یه‌ک له سهنهدهکانیدا ئه‌وه‌ی باس کردووه.
د. ڕه‌حیمی قازی له کتێبێکی ده‌ستنووسدا: " قاضی محمد و جنبش رهائی بخش ملی خلق کرد 4 دا ده‌ڵێ:
" کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. له مانگی ژووه‌نی 1938 له مهاباد له لایه‌ن چه‌ند ڕووناک‌بیری نیشتمانپه‌روه‌ر دامه‌زرابوو، به‌ڵام له سه‌روبه‌ندی دیکتاتۆری ڕه‌زاخان دا و له هه‌لومه‌رجی تێڕۆر و خه‌فه‌قان دا چالاکییه‌کانی کۆمه‌ڵه به‌رچاو نه‌بوو. له مانگی مای 1939، دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد پێوه‌ندی له گه‌ڵ نیشتمانپه‌روه‌رانی کورد له عێراق ده‌گرن و له سنوور چاوپێکه‌وتنێک له نێوان
نوێنه‌رانی هه‌ر دووک لا ده‌کرێ. له‌و چاوپێکه‌وتنه دا بڕیارده‌درێ هه‌ڵسووڕانی کۆمه‌ڵه هه‌م له ئێران و هه‌م له عێڕاق په‌ره پێبدرێ. یه‌کێک له نوێنه‌رانی کوردی عێراق که ئه‌فسه‌ر بووه گوزاریشی بڕیاره‌کانی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه ده‌دا به کاربه‌ده‌ستانی عێراق و له ئاکامی ئه‌وه دا ده‌وڵه‌تی ئێران و عێراق به پێی ماده‌کانی په‌یمانی سهعدآباد 5 به شێوه‌یه‌کی هه‌موو لایه‌نه هه‌ڵسووڕانی
کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. ده‌خه‌نه ژێر چاوه‌دێری. له ساڵانی 40 – 1941دا کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی ڕه‌زا خان شێکیان له هێندێک له خه‌ڵکی مهاباد کرد و دووریان خستنه‌وه..."
هه‌رله‌و به‌شه‌ی ده‌ستنووسی کتێبه‌که‌ی دا قازی ده‌نووسێ :
" له‌مانگی ژووییه‌ی ساڵی 1943 یه‌که‌م ژماره‌ی گۆڤاری "نیشتمان" که بڵاوکه‌ره‌وه‌ی بیر و ئۆرگانی نێوه‌ندی کۆمه‌ڵه بوو بڵاو کرایه‌وه. دوای ڕووخانی رێژیمی دیکتاتۆری ڕه‌زا شا ئه‌وه هه‌وه‌ڵین بڵاوکراوه‌ی کورد زمان بوو که له کوردستانی ئێران چاپ ده‌کرا... ئه‌و گۆڤاره بووه هۆی تووڕه‌یی و بێزاری کۆڕوکۆمه‌ڵی شوڤێنیستی له ئێران و ڕۆژنامه‌یه‌کی سه‌ر به وان " آینده ایران" له نووسراوه‌یه‌کی خۆیدا به نێوی " زبان رسمی ایران فقط یک زبان است" ( زمانی ڕه‌سمی ئێران ته‌نێ یه‌ک زمانه) نووسیویه: " وه‌ک ده‌رکه‌وتووه له ئێران ڕۆژنامه‌یه‌ک به له‌هجه‌ی محه‌لی چاپ ده‌کرێ. شوکرانه‌بژێری خودام ئه‌و ڕۆژنامه‌یه نه‌گه‌یشتووه‌ته ده‌ستی ئه‌م نووسه‌ره و هیوادارم له ئایهندهش دا نه‌گاته ده‌ستی"( روزنامه آینده ایران – 18ی دیسامبری 1943)"
ده‌ستخه‌تی ڕه‌حیمی قازی
ڕه‌حیمی قازی ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی له کتێبه‌که‌یدا له سه‌ر کۆمه‌ڵه‌ی نووسیوه به پشت به‌ستن به هێندێک ده‌ستنووس له به‌ڵگه‌نامه‌کانی کۆمه‌ڵه‌یه به قه‌ڵه‌می ڕه‌حمانی زه‌بیحی یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه و به‌رپرسی چاپه‌کانی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه (دستنووسی فارسی کتێبی ر.قازی، ل 71، 72 و 73)
کاک غه‌نی بلووریان له کتێبه‌که‌یدا 6 له زمانی کاکه‌مین که کارداری ماڵیان بووه ده‌گێڕێته‌وه:
" له زه‌مانی ڕه‌زا شا دا هه‌ر چه‌شنه بزاڤێکی سیاسی له ئێران و به تایبه‌تی له کوردستان دا به توندی سه‌رکوت ده‌کرا. له‌و ههلومورجه دا ژماره‌یه‌ک ڕووناک‌بیری مهاباد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستیان پێ نه‌کا [نه‌کرێ] ده‌سته‌یان ساز کردبوو و هه‌ر شه‌وه‌ی له ماڵێک کۆ ده‌بوونه‌وه .... له نێو ئه‌و گرووپ و ده‌ستانه‌ی شه‌وانه دا ژماره‌یه‌ک ڕووناک‌بیری چالاک و به کرده‌وه، دامه‌زرانی " کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد"یان هێناوه‌ته به‌ر باس. ئه‌وان شه‌وێک له شه‌وانی ڕه‌مه‌زانی 1317 (1938) باسی دامه‌زراندنی " کۆهڵهی ژیانه‌وه‌ی کورد" یان کردووه. له نووسراوه‌یه‌کی تازه دا 7، کاک حامیدی گه‌وهه‌ری باسی ڕاپۆرتێکی گشتی ده‌کا و ده‌ڵێ :
" ئیداره‌ی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه له مه‌ڕ چۆنیه‌تی دامه‌زراندنی ژ.ک.، مێژووی خه‌باتی، چونیه‌تی پێوهنیگرتن و دابینکردنی دۆستایه‌تی له گه‌ڵ یه‌کییه‌تی سۆڤییه‌ت، قه‌واره‌ی ته‌شکیلاتی، پڕۆگرام، شێوه‌ی ئه‌ندام وه‌رگرتن و ژماره‌ی ئه‌ندام، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کورد و چه‌ند بابه‌تی تر به ژماره نامه‌ی 444 ڕۆژی 7ی به‌فرانباری ساڵی 1323 ( 28 دیسامبری 1944 ) بۆ مۆڵۆتۆف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سۆڤییه‌تی ناردووه له مه‌ڕ دامه‌زرانی ژ.ک. ده‌ڵێ:
" حیزبی ئێمه له مانگی یونی ساڵی 1938 دامه‌زراوه. به‌ڵام به هۆی کۆنتڕۆڵی توند و تیژی حکوومه‌تی ئێران چالاکییه‌کی زۆری نه‌بووه. تائه‌و جێیه‌ی که‌سێک به ته‌واوی جێی متمانه‌ی ئێمه نه‌بووبێ داوای ئه‌ندامه‌تی لێنه‌کراوه و سیاسه‌تی ئێمه له‌مباره دا ئێستاش به‌مجۆریه. له مانگی مای ساڵی 1939، کورده‌کانی عێراق داوای پێوه‌ندییان به حیزبی ئێمهوهکرد. هه‌ر له‌و مانگه دا ئه‌ندامێکی نوێنه‌ری حیزبی ئێمه چووه ناوچه‌ی سه‌رسنووری عێراق و چاوی به دوو ئه‌فسه‌ری کوردی عێراقی که‌وت. له‌و چاوپێکه‌وتنه دا بڕیار درا هاوکاری دوولایه‌نه په‌ره‌ی پێبدرێ. دوو کوردی شه‌خسی (سویل)یش له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا بوون. به هۆی خیانه‌تی یه‌کێک له‌و ئه‌فسه‌رانه به ناوی " فایق ئه‌مین" حکوومه‌تی عێراق ئاگاداری بڕیاره‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه بووه. عێراق چونکه له په‌یمانی "سه‌عداباد" ئه‌ندام بوو، چونیه‌تی ئه‌م دیداره و بڕیاره‌کانی به ئێران ڕاگه‌یاند و ئێرانیش کوردستانی خسته ژێر کۆنتڕۆڵ و چاوه‌دێری توند." گه‌وهه‌ری له درێژه‌ی ئه‌و نووسراوه‌یه دا ده‌ڵێ: " به پێی ئه‌و ڕاپۆرت و به‌ڵگانه‌ی به ده‌سته‌وه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد له نێوان مانگه‌کانی جۆزه‌ردان – پووشپه‌ڕی ساڵی 1317 ( ئووتی 1938 ) دامه‌زراوه."
وه‌ک ده‌رده‌که‌وێ هه‌ر سێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له سه‌ره‌وه باسیان کرا هه‌موویان ده‌نووسن کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. له ساڵی 1938 دا پێکهاتووه. له به‌راورد کردنی نووسینه‌کانی ڕ.قازی وح. گه‌وهه‌ری ش له‌و باره‌یه‌وه جوان ده‌رده‌که‌وێ ئه‌وان به پشت به‌ستن به عه‌ینی سه‌رچاوه ئه‌و بۆچوونه‌یان هێناوه‌ته گۆڕێ. وه‌ک باسمان کرد قازی ده‌ڵێ سه‌رچاوه‌ی ئه‌وه‌ی له سه‌ر کۆمه‌ڵه‌ی نووسیوه له ده‌ستنووسی زه‌بیحی وه‌رگیراوه، و له به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی و به وردی ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ی نه ناساندووه، به له به‌رچاوگرتنی زانیارییه‌کانی وی و گه‌وهه‌ری که هه‌ر یه‌کن ده‌بێ سه‌رچاوه‌ی هه‌ر دووکیان هه‌ر ئه‌و به‌ڵگه و ڕاپۆرته بێ که ع. گه‌وهه‌ری باسی ده‌کا و به جۆرێک ئه‌و به‌ڵگانه‌ی لای ڕه‌حیمی قازی ده‌ست که‌وتووه.
له کتێبی کاک غه‌نی بلووریان دا که له سه‌ره‌وه باسکرا له باسی قسه کانی " کاکه‌مین " دا ده‌نووسێ:
" ... کاغه‌زێکی چرووکی چرێشاوی دووله‌تی ده‌رهێنا و به هێمنی و به ده‌نگێکی نزم گوتی: وه‌یخوێنه! ئه‌وه هه‌مان به‌یاننامه‌یه که خه‌ڵک باسیان ده‌کرد و به دیواری مزگه‌وت و بازاڕه‌کانی شاریان [وه] لکاند بوو. هه‌رچونێک بوو ده‌قی به‌یاننامه - ده‌ست نووس – که‌م خوێنده‌وه. له‌و دا داوا له جه‌ماوه‌ری کورد کرابوو، که به هانای ئه‌و لاوانه‌وه بچن که بۆ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ خه‌بات ده‌که‌ن.
کاکه‌مین ده‌یگوت: پۆلیس به تاوانی ئه‌و بڵاوکراوه‌یه گه‌نجێکی به ناوی "حاجی خوسره‌وی" گرتووه و چه‌ند که‌سیشی له‌و پێوه‌ندییه دا بۆ هه‌رێمی ژوورووی ئێران یانی "شیراز" و"كرمان' دوور خستۆته‌وه.8 ئه‌وانه‌ی که من شاره‌زایانم " حوسێنی زێڕینگه‌ران" و " محه‌مه‌دی راتبی" ( حه‌مه‌دی مه‌ولوودی)ن که دوور خراونه‌ته‌وه." سه‌باره‌ت به دهخهرکهمان نان و ڕاونانی کوردان له زه‌مانی ڕه‌زا شا دا ئاگاداری و زانیاری زۆر به ده‌سته‌وه‌یه 9. له مه‌ڕ دوورخستنه‌وه‌ی کوردی سابڵاغی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ڵسووڕانی سیاسی دژی ڕێژیم، ئه‌وه‌ی له نووسراوه‌ی ڕ.قازی و غ.بلووریان دا ئیشاره‌ی پێکراوه له هۆنراوه‌یه‌کی سه‌یفولقوزات دا ( ی1323 – 1255هه‌تاوی ) 10 که وێده‌چێ ئاخر شوێنه‌واری بێ به جوانی ده‌رده‌که‌وێ:
" هه‌ورامی و جه‌لالی بۆ سمنان و ساوه چوون
سابڵاغی بۆ شیرازێ ڕه‌پێچه‌ک دراویه "
هه‌تا ئێره ده‌رده‌که‌وێ له زه‌مانی ڕه‌زاشا و به‌ر له ئووتی 1941 دا جۆره چالاکییه‌کی سیاسی له گۆڕێ‌دا بووه و
ئیداره‌ی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. له نامه‌یه‌کدا بۆ مۆڵۆتۆف ئه‌و چالاکییانه‌ی که ئه‌گه‌رچی زۆریش به ده‌ره‌وه نه‌بوون له به‌ر ئه‌وه‌ی به لانی که‌مه‌وه دوو له هه‌ڵسووڕ و دامه‌زرێنه‌رانی تێیدا به‌شدار بوون به ئی خۆی داناوه. له‌و چاپه‌مه‌نییانه‌ی سه‌رده‌می کۆمار که به‌ده‌سته‌وه‌ن تا ئه‌و جێیه‌ی ئه‌من بزانم ناوی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف نه‌هاتووه، به‌ڵام له نووسراوه‌یه‌کی ڕۆژنامه‌ی کوردستاندا ( ژماره‌ی 69، 30ی پووشپه‌ڕی 1325 – 21ی ژووییه‌ی 1946) به قه‌ڵه‌می سه‌یید محه‌مه‌دی حه‌میدی به بۆنه‌ی شه‌هید بوونی محه‌مه‌دی نانه‌وا زاده فه‌رمانده‌ی هێزی ناوه‌ندی کوردستان له باسی کارنامه‌ی ژیانی دا هاتووه:
" نانه‌وا زاده ساڵی 1320 (1941) داخڵی " حزبی آزادی کوردستان" بو و سویندی خوارد که بو رزگاری کورد و آزادی کوردستان له ظلم و زور له هیچ روداویک رو وهرنهگیری."
به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌یکه سه‌باره‌ت به " حزبی آزادی کوردستان" 11 به‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌وتۆ به‌ده‌سته‌وه نییه [ له کاتی نووسینی ئه‌و باسه له ساڵی 1977 دا، دواتر به وه‌ده‌ست که‌وتنی هێندێک سه‌نه‌د و به‌ڵگه نووسه‌ری ئه‌م باسه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به ورده ڕێشاڵم به ناوی " حیزبی ئازادیی کوردستان و عه‌زیزوڵاخانی زه‌ندی" بۆجاری یه‌که‌م له 11ی ئووتی 2007 له وێنووسی ڕوانگه دا بڵاو کرده‌وه] و، به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌یکه به پێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی تاکوو ئێستا سه‌باره‌ت به مێژووی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان نووسراون باسی حوسێنی زێڕینگه‌ران ( حوسێنی فرووهه‌ر) و محه‌مه‌دی نانه‌وازاده وه‌کوو دووکه‌س له دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. کراوه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ته‌واو رێی تێده‌چێ مه‌به‌ستی کۆمه‌ڵه له نامه نووسین بۆ یه‌کێتی شووڕه‌وی به ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م پشتیوانی وه‌ده‌ستهێنان بۆ داواکانی بێ بۆ ئه‌وه‌ی پێشینه‌یه‌کی دوورودرێژتر بۆ ڕێکخراوه‌که‌ی بهێنێته گۆڕێ، ئه‌و ههڵسووڕانانهی وا به‌ر له ساڵی 1942 ش کراون – له حزبی آزادی کوردستان – دا له‌و نامه‌یه‌یدا بۆ شووڕه‌وی به به‌شێک له ڕابردووی خۆی داناوه. وه‌ک له چاپه‌مه‌نییه ڕه‌سمییه‌کانی کۆمه‌ڵه ڕا جوان ده‌رده‌که‌وێ، کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد له 25ی گه‌لاوێژی 1321ی هه‌تاوی ( 16ی ئووتی 1942) دامه‌زراوه.
حه‌سه‌نی قازی
ئاوریلی 1997
په‌راوێزه‌کان
1. له ڕۆژئه‌ژمێری تایبه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. که له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه بڵاو کراوه‌ته‌وه، له ڕۆژئه‌ژمێری ساڵانی 22 و 23ی هه‌تاوی له به‌ره‌وه‌ی مانگی گه‌لاوێژی 1322 دا نووسراوه : 25 – جی گه‌لاوێژ جێژنی سه‌رساڵی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. و له به‌ره‌وه‌ی مانگی گه‌لاوێژی 1323 دا نووسراوه: " 25- جێژنی سه‌رساڵی کۆمه‌ڵه
2. سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی که له گه‌ڵ چه‌ندکه‌سێک له هه‌ڵسووڕێنه‌رانی کۆمه‌ڵه دواوه له نووسراوه‌ی یه‌که‌میدا : " ژێ کاف چبوو؟ چی ده‌ویست؟ وه چی به‌سه‌ر هات"، مه‌هاباد، 1360ی هه‌تاوی/ 1981ی زایینی له زمانی مه‌لا قادری مودهرهسییهوه ده‌نووسێ:" .... ئه‌و تین و مه‌یله له 25ی شه‌هریوه‌ری ساڵی 1321ی هه‌تاوی ڕێکه‌وتی سێپتامبری 1942 شکڵی گرت. ئه‌و ڕۆژه له گه‌ڵ پۆلێک چووینه باغی ئهمینولئیسلامی که هه‌ر ئێستا نه‌خۆشخانه‌ی ( مبارزه با سل)ی مه‌هاباد له‌وێ هه‌ڵکه‌وتووه،وه له‌وێ نوتفه‌ی ته‌شکیلاتی ژێ. کاف گووراوه". مه‌لا قادری موده‌ره‌سی له نووسراوه‌یه‌کی دیکه دا: نگاهی دیگر به ژ.کاف – از یادداشتهای شخصی یکی از بنیادگزاران جمعیت – به کوشش سید محمد صمدی، مهاباد پائیز 1963، 22 مه 1984 ده‌ڵێ : " ڕۆژی 25ی مورداد (گه‌لاوێژ) ی 1321 ( 16ی ئووتی 1946) حیزبی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.کاف دامه‌زرا و جێژنی ساڵڕۆژی دامه‌زرانی له ساڵانی 22 (43)، 23 (44)، 24 (45) و 25(46) گیرا.
مامۆستا هه‌ژار له‌و باره‌یه‌وه ده‌لێ:
گه‌لاوێژه‌که‌ی به‌ختت له ئاسۆ
ده‌رکه‌وت چا بوو نه‌بووی ڕه‌نجه‌ڕۆ
نرخی ئه‌و مانگه پاره‌ی گیانه
جه‌ژنی سه‌رساڵی کۆمه‌ڵی ژیان ه
3. بڕوانه: The Kurdish Republic of 1946
William Eagleton JR
Oxford University Press, 1963
ئیگلتن ی کوڕ، ڕۆژی دامه‌زرانی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد ی به 16ی سێپتامبری 1942 ( 25ی خه‌رمانانی 1321) داناوه به بێ ئه‌وه‌ی بڵێ ئه‌و زانیارییه‌ی له کێ وه‌رگرتووه.
4. د. ڕه‌حیمی قازی ئه‌و کتێبه‌ی هه‌م به کوردی و هه‌م به فارسی نووسیوه. ده‌ستنووسی فارسی کتێبه که‌ی له ساڵی 1986 به ده‌ست من گه‌یشت. ده‌ستنووسه کوردییه‌که‌ی له لای چه‌ند دۆست وناسیاوی هه‌یه. هیچکام له‌و ده‌ستنووسانه تا ئێستا چاپ نه‌کراون. ڕه‌حمه‌تی ڕ.قازی کتێبه‌که‌ی له ڕوانگه‌یه‌کی لایه‌نگرانه‌وه نووسیوه و بارودۆخی ئه‌و سه‌رو به‌ندی کوردستانی له چوار چێوه ی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسه‌تی شووڕه‌وی دا شی کردووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌و شێوه بۆچوونه له هێندێک جێ بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی له
توێژینه‌وه‌ی بابه‌تیانه و پشت ئه‌ستوور به سه‌نه‌د و به‌ڵگه لابدا، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و که‌م و کورتییه کتێبه‌که‌ی زانیاری نه‌زانراوی سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی قازی محه‌مه‌د و مێژووی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تێدایه. ئه‌و زانیارییانه‌ی ڕه‌حیمی قازی له‌مه‌ر کۆمه‌ڵه که بووه‌ته هه‌وێنی "کتێب نووسین" له مه‌ڕ کۆمه‌ڵه یه‌که‌م جار له کتێبه‌که‌ی وی‌دا باس کراون.
5. په‌یمانی سه‌عدئاباد له 17ی پووشپه‌ڕی 1316ی هه‌تاوی ( ژووه‌نی 1937ی زایینی) له نێوان ده‌وڵه‌تانی ئێران،عێراق، تورکیا و ئه‌فغانستان به‌سترا. له ماده‌ی حه‌وته‌می ئه‌و په‌یمانه دا دژایه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی کورد و به‌گژداهاتنه‌وه‌ی به ئاشکرایی هاتووه‌ته گۆڕێ:
" ماده‌ی 7 – هه‌ر کام له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که به‌یه‌که‌وه په‌یمانیان به‌ستووه وه‌ستۆی خۆیان ده‌گرن له چوار چیوه‌ی سنووره‌کانی خۆیاندا پێشبگرن به پێکهاتن و یان کرده‌وه‌ی ده‌سته‌ی چه‌کدار و له دامه‌زرانی هه‌ر جۆره هه‌یئه‌ت یان ڕێکخراوێکی دیکه بۆ تێکدانی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی هه‌ن وبۆ ئاڵۆزی پێکهێنان لهنهزم و هێمنی هه‌ر به‌شێک له خاکی هاوپه‌یمانێکی دیکه دا بێ ( چ له سه‌ر سنوور و چ غه‌یری سنوور) و یان بۆ ڕووخاندنی حکوومه‌تی لایه‌کی دیکه.)
سه‌رچاوه: مجموعه عهدنامههای تاریخی ایران، به‌رگی 3، لاپه‌ڕه‌ی 217، 218
6. بڕوانه: غه‌نی بلووریان. ئاڵه‌کۆک " به‌سه‌رهاته‌کانی سیاسی ژیانم" کۆ کردنه‌وه و ئاماده کردنی : حامید
گه‌وهه‌ری، ستۆکهۆڵم 1997
7. بڕوانه گۆڤاری گزینگ، ژماره‌ی 15، ئاوریلی 1997 ، ل 40، 41 و 43
8. ئه‌گه‌رچی کتێبی غه‌نی بلووریان زانیاری تازه‌ی له مه‌ڕ کۆمار و مێژووی حدکا تێدایه، به‌ڵام له به‌ر په‌له و
بێدیقه‌تی کۆکه‌ره‌وه و ئاماده‌کاری کتێبه‌که جارجار هه‌ڵه‌ی زۆر زه‌قی تێکه‌وتووه. بۆ نموونه "شیراز" و "کرمان" به " هه‌رێمی ژوورووی ئێران" ناو براون.
9. بۆ زانیاری تازه له مه‌ڕ ڕه‌فتاری ڕێژیمی ڕه‌زا شا له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌ته کورده‌کان و گه‌لی کورد به گشتی بڕوانه ئه‌م کتێبه‌ی خواره‌وه، به تایبه‌تی به‌ندی 10
A Modern History of The Kurds
David McDowall
I.B.Tauris. London, 1996
10. سه‌یفولقوزات له‌و هونراوهیهیدا وێڕای په‌سنی شووڕه‌وی باسی ده‌وری گۆڤاری "نیشتمان"یشی کردووه
و ده‌ڵێ :
" کوردان که هاتوچۆ ده‌که‌ن ئه‌وڕۆ به پڕچه‌کی
نیشتمان زمانی وانه به ئه‌مری دراویه..."
له پارچه شێعرێکی دیکه دا، که هه‌ر ئی ئه‌و سه‌روبه‌نده‌یه ده‌ڵێ:
" بۆچی زمانی دایکی له ئێمه مه‌نع کرا؟
ئه‌و هێنده زوڵم و زه‌حمه‌ت و فه‌رق و جوداییه
ده‌کرانه دیل و بوونه ئه‌سیرێ له نێو عه‌جه‌م
هه‌ورامی، سابڵاغی و عێلی جه‌لالییه
هێندێکی بۆ عێراق [ئه‌راک] و بۆ سمنان و دامغان
ده‌ستێکی بۆ شیرازێ که جێی شێخی سه‌عدییه "
وه‌ک له ده‌قی نووسراوه‌که‌دا باسکرا حوسێنی زێڕینگه‌ران و حه‌مه‌دی مه‌ولوودی دوورخرابوونه‌وه بۆ شیراز.
له به‌ڵگه‌نامه‌کانی نهێنی وهززارهتی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا دا.FO371/45478 73277 Tabriz Diary. No 8
November 1945 له زمان که‌سێکه‌وه که له بۆکانه‌وه ڕاپۆرتی بۆ کۆنسوولی بریتانیا له ته‌ورێز ناردووه، هاتووه:
"له نه‌تیجه‌ی حه‌ول و تێکۆشانی تازه‌ی حیزبی تووده بۆ ئه‌ندام وه‌رگرتن له ئازه‌ربایجان، نزیکه‌ی 1000 که‌س له ئه‌ندامانی عه‌شیره‌تی دێبۆکری، حه‌یده‌ری و شێخ ئاغایی و هه‌روه‌ها مه‌لایه‌کی ده‌سترۆیشتووی کورد، سه‌یفولقوزات.... ( وشه‌یه‌ک ناخوێندرێته‌وه) بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی حیزبی تووده له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. که‌وتوون."
ئه‌گه‌ر ئهوڕاپۆرته له‌مه‌ڕ ساڵی 1323 یه‌وه بێ له مه‌ڕ سه‌یفولقوزات وه‌ڕاست ده‌چێ. سه‌یفولقوزات ئه‌و شێعره‌ی خۆی له په‌سنی شووڕه‌وی، ڕاگۆێزانی کوردان و ده‌وری گۆڤاری نیشتمان له مانگی ذیحجهالحرام ی ساڵی 1323ی هه‌تاوی(دیسامبری 1944) مانگێک به‌ر له وه‌فاتی خۆی ڕێبه‌ندانی 1323 (ژانڤییه‌ی 1945 ی زایینی) نووسیوه. شێعره‌کانی سه‌یفولقوزات له ڕووی ده‌ستخه‌تی خۆی که له لای نووسه‌ری ئه‌م باسه‌یه نووسراوه‌ته‌وه.
11. گۆڤاری تووده - ارگان سازمان انقلابی حزب توده ایران در خارج از کشور له زماره‌ی 19 ( تیرماه 1349)- ژووه‌ن – ژووییه‌ی 1970 ده‌نووسێ: " له ساڵانی 39 – 1942 رێکخراوێکی پچووک به نێوی " حزب آزادی کردستان" به ڕێبه‌ری دوکتور!! عه‌زیزی زه‌ندی پێکهات. له‌و ڕێکخراوه‌یه جگه له به‌یاننامه‌یه‌ک به بۆنه‌ی هاتنی ئه‌ڕته‌شی سوور بۆ سه‌رووی ئێران، که له‌ودا پیرۆزبایی کراوه له ڕزگاربوون له فاشیزم و داوای مافی دیاریکردنی چاره‌نووس بۆ گه‌لی کورد ده‌کا چ سه‌نه‌دێکی دیکه به دهستهوهنییه" ل 10.