دوکتور هێڕمان شاڵک سه‌رۆکی نه‌خۆشخانه‌ی بیتله‌هێم - گێتسێمانێ له سابڵا‌غ
هه‌وای خۆش و ڕووناک
ئاوی سارد و پاک
شوانان به هه‌زاران
و سوحبه‌تانی چاک
وه‌ته‌نی باپیرم، کوردستان قه‌دیم
کێو و شاخ و ده‌شتی خۆشن بۆ دڵم *
دوکتور هێڕمان شاڵک (Hermann Schalk ) سه‌رۆکی نه‌خۆشخانه‌ی Bethlehem- Gethsemane ( بێتله‌هێم گێتسێمانێ) له سابڵا‌غ
حه‌سه‌نی قازی
دوکتور هێڕمان شاڵک له ده‌وره‌ی سێیه‌می چالاکی " کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات" له ناوچه‌ی موکریان و سندووس چووه سابڵاغێ. کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 2ی، ساڵی 14، فێڤرییه‌ی 1922. ئۆتۆبیوگرافی دوکتور شاڵکی به قه‌ڵه‌می خۆی ئاوا بڵاو کردووه‌ته‌وه: " ئه‌من له 31ی مانگی مه‌ی 1880، له Kotzargon کۆتزارگۆن له پروسییای ڕۆژهه‌ڵات ( East- Prussia ) له دایک بووم. باب ودایکی خۆشه‌ویستم ئه‌ندامی کلیسای لووتێری بوون.له ته‌مه‌نی 6 ساڵی تا ته‌مه‌نی 14 ساڵی چوومه مه‌دره‌سه‌ی گشتی. له ته‌مه‌نی 19 ساڵاندا له ژێر کارتێکه‌ری ئینجیل دا که ئه‌وده‌می که‌شیشی لووتێری ئێدلهۆف (Edelhoff)له ئێلکۆدادین (Elchodadien) بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرد هاتمه سه‌ر ڕێڕه‌وی لووتێری. دوای ماوه‌یه‌کی کورتی که هه‌موو فیداکارییه‌کانی ژیانم به‌ختی عیسا کرد چوومه حه‌وزه‌ی عیلمییه‌ی کارلسهۆف (Karlshof) له پرووسیای ڕۆژهه‌ڵات.خوێندنم له‌وێ هه‌ر ساڵێکی پێ چوو، چونکوو ئه‌و بارودۆخه‌ی له گۆڕێ دا بوو ماوه‌ی پێ نه‌دام زیاتر له ساڵێک له‌وێ بم. به‌پێی قانوونێک که بۆ خزمه‌تی تۆبزی سه‌ربازی پێشتر له گۆڕیی دا بوو ئه‌من ده‌بوو بچمه خزمه‌تی ئیجباری. ئه‌وه ئه‌و کاته‌ی بوو که ته‌مه‌نم 21 ساڵ بوو. ئه‌و یه‌کساڵه‌ی خزمه‌ته تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی قورس بوو بۆ ژیانی عیسایی من؛ به‌ڵام شوکر بۆ خوڵای ئه‌و هێزه‌ی تێدا پێک هێنام بتوانم به سه‌ر وه‌سوه‌سه دا زاڵ بم. له ساڵی دووه‌م دا له تاقیکردنه‌وه‌ی مه‌دره‌سه بێهداشی نێزامی دا سه‌رکه‌وتوو بووم، که ئه‌وه‌ش ئاماده‌کارییه‌کی پێ نه‌زاندراو بوو بۆ خزمه‌تی میسیۆنێری. له‌وه‌ش ده‌رچێ، ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ ئه‌وه‌ی خودا به‌کارم بهێنێ بۆ وه‌عزدان سه‌باره‌ت به ئیبجیل به تایبه‌تی له نێو سۆسیالیستان دا. له پێناو عیسا دا بڕیارم دا 4ساڵ له نه‌خۆشخانه‌ی نیزامی‌دا خزمه‌ت بکه‌م. هاوپۆله‌کانم وه‌ک ئه‌فسه‌ر په‌روه‌رده ده‌کران بۆ خزمه‌تی حکوومه‌ت. ئه‌من مرخێکی گه‌وره‌م سه‌باره‌ت به ده‌رمان و زانستی پژیشکی تێدابوو.جا بۆیه له‌وێ حه‌کیمه‌کان ده‌رفه‌تێکی زۆر باشیان بۆ ڕه‌خساندین که زۆر شت فێر ببین، ئه‌گه‌رچی خوێندکاری پژیشکیش نه‌بووین. ئه‌و چوارساڵانه ئاماده‌ییه‌کی زۆر باش بوو بۆمن بۆ خۆ به‌ختکردن بۆ خزمه‌تی پژیشکی و میسیۆنێری. له ساڵی 1918، له مانگی ئاوریل دا، بانگ کرام بۆ خزمه‌تی میسیۆن. دوای خوێندنێکی به‌ته‌کووزی شه‌ش مانگه‌ی ئینجیل و بانگه‌شه بۆ ئینجیل له زۆرێک له دێیه‌کانی نزیک فڕایینوالدێ Freienwalde له ژێر چاوه‌دێری که‌شیش لۆهمان Lohmann دا، که یه‌که‌م سه‌رۆکی چاڵاکییه‌کانی میسیۆن بوو له ترکییه، له مانگی ئۆکتۆبری ساڵی 1918 وه‌ک میسیۆنێر و یاریده‌ده‌ر نێردرامه نه‌خۆشخانه‌ی میسیۆن له مه‌رعه‌ش، له ئاسیای پچووک.دوای خوێندنی زمانی ترکی و زمانی ئینگلیسی ده‌رفه‌تێکی باشم ده‌ستکه‌وت بۆ وه‌عزدادانی ئینجیل له نێو مه‌سیحییه‌کان و موسوڵمانه‌کاندا له‌پێوه‌ندی ئه‌و خزمه‌ته پژیشکییه‌یدا که ده‌مکرد. دووساڵ کارکردن له نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌وێ ئه‌وباوه‌ڕییه‌ی تێدا پێک هێنام ئه‌وه تاقه ڕێگایه‌که بۆ ئه‌وه‌ی شوێنێکی باش له سه‌ر موسوڵمان دابنێ، بێتوو گشت ئه‌وانه‌ی له نه‌خۆشخانه دا کار ده‌که‌ن به‌ڕاستیش مه‌سیحی سه‌رله‌پێناو بن. شه‌ش حه‌وتوو کارکردن له نێو هه‌رمه‌نییه‌کان، له ماوه‌ی قه‌تڵی عام له ساڵی 1909، له ئادانا، تارسوس، مێرسین و زۆر له دێیه‌کان، باوڕییه‌کی ته‌واوی تێدا پێک هێنام که پێداویستی به میسیۆنێری پژیشکی چه‌نده زۆره. ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌و قه‌تڵی عامه بوو دنه‌ی دام بۆ خوێندنی پژیشکی بۆ ئه‌وه‌ی له نێو موسوڵمانه‌کان دا کار بکه‌م. ئه‌و سه‌روبه‌ندی ئه‌من بڕوانامه‌ی لیسانسی ئه‌ڵمانیم نه‌بوو. بۆ وه‌ده‌ست هێنانی بڕوانامه‌یه‌کی ئه‌وتۆ ده‌بوو 3 ساڵی دیکه بخوێنم. ئه‌من بڕیارم دا بچمه زانکۆی ئه‌مریکایی پژیشکی له به‌یڕووت، سوورییه، و له ساڵی 1910 دا چووم. به‌کاری ئاماده‌ییه‌وه خوێندنی پژیشکییه‌که‌م شه‌ش ساڵی خایاند. به ته‌نیشت خوێندنه‌وه ده‌رفه‌تێکی باشیشم هه‌بوو بۆ ناسین و تێگه‌یشتن له خوو وخده و که‌سایه‌تی خه‌ڵکی خۆجێیی . له ساڵی 1916 دوای تاقیکردنه‌وه‌کان دیپڵۆمم وه‌رگرت و ده‌رجه‌ی دوکتوری پژیشکی و جه‌ڕاحیم له ئه‌یاله‌تی نیۆیۆرک وه‌رگرت، که ڕێگه‌ی ده‌دام وه‌ک حه‌کیم کار بکه‌م. دوای تاقیکردنه‌وه‌ی ترکیش ، دیپڵۆمێکم وه‌رگرت که ڕێگه‌ی پێده‌دام له نێو ئیمپراتۆری عوسمانی دا وه‌ک حه‌کیم کار بکه‌م.
له جه‌نگه‌ی شه‌ڕ دا ئه‌من ته‌جروبه‌یه‌کی زۆرم سه‌باره‌ت به کاری جه‌ڕاحی په‌یدا کرد.هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به نه‌خۆشییه‌کانی گه‌رمێنی و په‌تای چڵکی.له مانگی مه‌ی ساڵی 1917 تا مانگی ئۆکتۆبری 1918 له Serdjichan! له مێزۆپۆتامیا نه‌خۆشخانه‌یه‌کی 120 ته‌ختیم ئیداره‌ده‌کرد، له پێوه‌ندی له گه‌ڵ سازکردنی هێڵی ڕێگای ئاسنی به‌غدا که کاری له سه‌ر ده‌کرا. له‌وێ کاربه‌ده‌ستی سه‌ره‌کی پژیشکی بووم. ده‌رفه‌تێکی به‌ربڵاوم هه‌بوو بۆ کار کردن له نێو کورده‌کان دا. ته‌نێ عهمهلییاتێکی که زۆر گرینگ نه‌بوو له سه‌ر منداڵێکی چوارساڵانه که بێ ئه‌وه‌ی چ ده‌ستی هه‌بێ له دایک ببوو، ڕێگای کورده‌کانی به‌ره‌و رووی ئێمه کرده‌وه. زۆرمان سه‌فه‌رکرد بۆ لایان، له سه‌ره‌تاوه به مه‌به‌ستی ناسیاو بوون و دۆستایه‌تی دامه‌زراندن.دوای پێکهاتن ئێمه ده‌بوو ترکییه به‌جێ بهێلین. ئه‌وه‌ش له ساڵی 1919 دا بوو. سێ منداڵی خۆشه‌ویست و به‌ندی دڵی من ده‌بوو له ترکییه‌ی خۆشه‌ویستی ئێمه دا بنێژرێن. ئه‌وانه یادگاری ئازیزی هاوسه‌ری خۆشه‌ویستم و منن، بۆ ئه‌وه‌ی موسوڵمانه‌کان له بیر نه‌که‌ین، که یه‌کجار زۆر پێویستییان به ئێمه هه‌یه.
له ساڵی 1919 له دانزیگ danzig ده‌ره‌جه‌ی لیسانسم وه‌رگرت، له مانگی ژانڤییه‌ی 1920 تا ژووییه‌ی 1921 له سه‌ر خوێندنی پژیشکی گشتی له گه‌وره‌ترین زانکۆی بێرلین به‌رده‌وام بووم ،له ئۆکتۆبری 1921 تاقیکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تیم له گه‌ڵ ده‌سته‌ی دوویه‌م ته‌واو کرد. مانگی نۆڤامبر و دێسامبرم ته‌رخان کرد بۆ نووسینی کاری زانستی سه‌باره‌ت به هۆیه‌کانی هه‌بوونی چاره‌سه‌ری بۆ نه‌خۆشی مالاریا.ئه‌وه کارێک بوو بۆ وه‌رگرتنی دوکتورای ئه‌ڵمانی. ماوه‌یه‌کی زۆر درێژ ته‌رخان کرا بۆ ئاماده‌کردنی ده‌رمان، چونکوو خودا حه‌وجێی به مرۆی لێزانه، به تایبه‌تی له نێو موسوڵمانه‌کان دا، ئه‌گه‌رچی هێشتا به ته‌واوی ئاماده نیم، به‌ڵام بانگه‌واز کردنم بۆ چوونه نێو کورده‌کان، ئه‌وه‌نده به‌هێزه که ئه‌من ده‌بێ بچم.
هێرمان.شاڵک، دوکتوری پژیشکی
ئۆلیڤا، ئۆکتۆبری 1921."
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 9ی، ساڵی 14،سێپتامبری 1922 کورته ئاگادارییه‌کی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاتی سه‌باره‌ت به دوکتور هێرمان شاڵک بڵاو کردووه‌ته‌وه که تێیدا هاتووه:
" دوکتور شاڵک و خێزانی که خه‌ڵکی دانزیگ ن له ئوڕووپا، له 1ی نۆڤامبری ساڵی 1921وه کار بۆ کۆمه‌ڵه‌که‌مان ده‌که‌ن، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه به خۆشییه‌وه به‌شدارانی کۆبوونه‌وه‌ی ئاگادار کرد که هه‌موو گێره و کێشه‌ی پاسپۆرت ئێستا جێبه‌جێ بوون، شاڵکه‌کان له‌وانه‌یه ده‌ستبه‌جێ به‌ره‌و پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌مان بچن. ده‌سته به‌ڕێوه‌به‌ری ئامۆژگاری کردوون خۆیان ئاماده که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له کۆتاییه‌کانی مانگی ئۆکتۆبر له ئه‌ڵمانه‌وه وه‌ڕێکه‌ون. کێشه‌ی نێوان ئینگلیستان و ترکییه له ئاسۆ دا خۆی ده‌رده‌خا له‌وانه‌یه هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بێ وببێته هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره....... "له ژماره‌ی 3ی، ساڵی 15، مانگی مارسی 1923 دوکتور هێرمان شاڵک بابه‌تێکی به نێوی " بانگه‌وازی خوڵای" به زمانی ئه‌ڵمانی نووسیوه که ج.ن. لور ( J.N.Lohre ) سه‌رۆکی میسیۆن وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی ئینگلیسی.له‌و نووسینه‌دا شاڵک له گه‌ڵ نزا‌و پاڕانه‌وه‌ی دینی سه‌باره‌ت به چوونی بۆ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی عوسمانی ده‌نووسێ:" هاوسه‌ره‌که‌م، که ئه‌و ده‌می ده‌ستگیرانم بوو،گوتی " منیش له‌گه‌ڵت دێم".کاربه‌ده‌سته نیزامییه‌کانی باڵاده‌ستم گوتیان: " ده‌بێ له که‌له‌ی دابی! ئێمه ده‌توانین لێره‌ش که‌لکت لێوه‌ربگرین". ئه‌من خۆم ناچار دی ده‌ست له‌و کارچاکه‌ی هه‌مبوو هه‌ڵگرم، وڵاتی خۆم و، ئه‌و ماڵه خۆشه‌ی هه‌مبوو به‌جێ بهێڵم و زوو وه‌رێکه‌وم.ئه‌و به‌خته‌م هه‌بوو بۆ ماوه‌ی ده ساڵان له نێو هه‌رمه‌نییه‌کان، کورده‌کان و ترکه‌کاندا بژیم..... له‌وماوه‌یه دا ئه‌من دوو ڕووداوی زۆر ناخۆشم لێ قه‌وما، سێ منداڵی خۆشه‌ویستم له‌وێ له خاکی ڕۆژهه‌ڵات نێژراون و بوونه قوربانی هه‌وای ناله‌بار، سه‌روه‌ت و که‌لوپه‌لیشم له‌ده‌ست دا، به‌ڵام قه‌ت له‌وه په‌شیمان نین که به‌دووی بانگه‌وازی خوڵایه‌وه چووم...."هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌ی کوردستان میشنێری دا وێنه‌یه‌کی به‌کۆمه‌ڵی دوکتور شاڵک وهاوسه‌ری و سێ منداڵی دیکه‌یان بڵاو کراوه‌ته‌وه.
له ژماره‌ی 4ی ساڵی 15، مانگی ئاوریلی 1923 له کوردستان میشنێری دا ژیاننامه‌ی هێدویگ شاڵک ( Hedwig Schalk ) بڵاو کراوه‌ته‌وه. هێدویگ شاڵک که دوایه چووه بۆ سابڵاغێ ئه‌و ژیاننامه‌ی به ئه‌ڵمانی نووسیوه و به‌ڕێزی ج.ن.لور وه‌ریگێڕاوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی ئینگلیسی. له به‌شێک له‌و ژیاننامه‌یه‌دا هاتووه " وه‌کوو کچی هه‌ره گه‌وره کارڵ پۆئێرشکه ( Karl Poerschke )که کاری کشتوکاڵی ده‌کرد، ئه‌من له 12ی مارسی ساڵی 1879، له نوێی مێمزلس ( Neu-Memzels ) له پرووسیای ڕۆژهه‌ڵات له دایک بووم، له گه‌ڵ خوشکوبراکانم هه‌ڕه‌تی جه‌وانیم به‌خۆشی له‌و هه‌رێمه تاککه‌وتوو به‌ڵام، جوان و زه‌نوێره دا تێپه‌ڕکرد. دوای ته‌واو کردنی فێرگه‌ی سه‌ره‌تایی، له پۆلی حه‌ته‌وه چوومه فێرگه‌یه‌کی شه‌ووڕۆژی له گوندێکی دراوسێ بۆ ئه‌وه‌ی درێژه به خوێندن بده‌م.له‌وێ تاته‌مه‌نی یازده ساڵان!( ده‌بێ هه‌ڵه‌ی چاپی بێ – حه‌سه‌نی قازی) مامه‌وه. ته‌جروبه‌یه‌کی ئه‌و سه‌رده‌میم قه‌ت له بیر ناچێته‌وه و ده‌بێ لێره‌دا بیگێڕمه‌وه.له مه‌دره‌سه‌ی یه‌کشه‌مۆیان که زۆر به که‌یف خۆشییه‌وه تێیدا ئاماده ده‌بووم، سروودێک زۆر کاری تێدا کردم، و به شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ هه‌ستم به چاوبه‌سه‌ره‌وه بوون و ئاماده‌یی باریته‌عالا کرد که له‌و ده‌مێوه ئیدی به قووڵی له گوناهان و ئه‌وه‌ی خاوێن نه‌بێ ده‌ترسم. له ساڵی 1889 دایکوبابم ماڵیان گوێسته‌وه بۆ دانزیگ (Danzig ) و له‌وێ له ساڵی 1894 چوومه ئه‌نیستیتوویه‌ک بۆ درێژه دان به خوێندن. هه‌ر له‌مانگی ژووه‌نی ئه‌و ساڵه دا به پێی نه‌ریتی کلیسای لووتێری ئێڤانگێلی له کلیسا وه‌رگیرام.ئاواتم ئه‌وه بوو ببمه خزمه‌تکاری کلیسا یان مامۆستا.به‌داخه‌وه ئه‌وه هه‌ڵنه‌سووڕا، چونکوو دایکم له کاتی زانی برا هه‌ره چکۆڵه‌که‌مدا ئیفلیج بوو و ئیدی ئاگاداری و به‌خێوکردنی برا و خوشکه چکۆڵه‌تره‌کانم که‌وته سه‌ر ئه‌ستۆی من. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، توانیم بچمه مه‌دره‌سه‌یه‌ک بۆ فێربوونی زانستی کاری نێوماڵ و له‌وێ تێئۆری و پراتیکی کاری ماڵداری و هه‌روه‌ها ته‌ڕاحی و بڕین فێر بووم.دیاره کاری پراتیکی له‌و ساڵانه‌یدا له ماڵی دایکوبابم ده‌ژیام هاسان نه‌بوو.... دواتر له ته‌مه‌نی بیست ساڵاندا به‌بیستنی ئه‌زموونی میسیۆنێڕێک که له چین کاری کردبوو بۆ یه‌که‌م جار له‌و پێداویستی و نه‌دارییه‌ی له جیهانی نا مه‌سیحی دا هه‌یه ئاگادار بووم..... پێم خۆش بوو ده‌ستبه‌جێ وه‌ک میسیۆنێرێک ده‌ست به‌کار بکه‌م. به‌ڵام ناچار بووم چاوه‌ڕێ بکه‌م تا خوشکه چکۆڵه‌تره‌که‌م ده‌توانێ له ماڵی باواندا جێی من بگرێته‌وه. له ساڵی 1907 ژیانی هاوسه‌ریم پێک هێنا، دوای نزا و پاڕانه‌وه‌یه‌کی زۆر ئیدی ئه‌وه بۆ ئێمه ئاشکرابوو ده‌بێ له پێگه‌ی دووری میسیۆنان دا خزمه‌تی خوڵای خۆمان بکه‌ین. ئه‌من چوومه مه‌دره‌سه‌ی میسیۆنی له ماڵچێ(Malche ) له نزیک Freinwald, Oder . ئه‌وه ماوه‌یه‌ی ئه‌وێ گرینگییه‌کی زۆری هه‌بوو بۆ خزمه‌تی دواتری من.خوێندنی ئینجیل و به تایبه‌تی ژیانی عیسا، بوو به پشتیوانییه‌کی گه‌وره بۆ من. ئه‌و میسیۆنێرانه‌ی بۆ پشوودان هاتبوونه‌وه باسی ئه‌زموونه‌کانی خۆیان بۆ ده‌کردین و به‌و چه‌شنه ئێمه شاگردانی میسیۆن له گه‌ڵ غه‌م و شادی ناسیاویمان په‌یدا کرد. له پاییزی ساڵی 1909 چوومه لای هاوسه‌ره‌که‌م که ساڵێک پێشتر له لایه‌ن " Hilfsbund fur Christliche Liebeswerk in Orient “ ڕا له ترکییه ده‌ستی کرد بوو به کار کردن........ له ماوه‌ی ئه‌و نۆ ساڵه‌ی دا که ئه‌من و هاوسه‌ری خۆشه‌ویستم ده‌رفه‌تی کارکردنمان له‌و پێگه‌یه‌دا هه‌بو، ئێمه له سایه‌ی حه‌ق ته‌عالاوه ئه‌زموونی باشمان وه‌ده‌ست خست. چالاکییه‌کانمان له نه‌خۆشخانه‌ی میسیۆن له مه‌رعه‌ش ناکرێ قه‌ت له بیر بکرێ. ئه‌من هێشتاش پێموایه باشترین ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ئینجیلی عیسای مه‌سیح له نێو موسوڵمانه‌کان و کورده‌کاندا بڵاو بکرێته‌وه، موداواکردن و یارمه‌تیدانی نه‌خۆشانه. ئه‌و پێگه‌ی میسیۆن که له نێو ترکه‌کان و کورده‌کاندا هه‌بوو به‌لامانه‌وه خۆشه‌ویسته هه‌روه‌ک جگه‌رگۆشه‌کانمان وایه که‌له‌وێ نێژراون و بانگمان ده‌که‌ن بۆ لای خۆیان. ته‌نانه‌ت ئه‌و شه‌ڕه نگریسه‌ش که هه‌ڵئایسا منی گه‌یانده‌وه لای مێرده‌که‌م له به‌شی سه‌رووی مێزۆپۆتامیا.له‌ویش دیسان چاوم به کورده‌کان که‌وته‌وه، که زۆر زوو لێمان نزیک بوونه‌وه و باوه‌ڕیان پێکردین له به‌ر ئه‌و خزمه‌ته‌ی به نه‌خۆشانمان ده‌کرد. ئه‌وه زۆرخۆشه که جارێکی دیکه‌ش خوڵای له‌ژوور بانگمان ده‌کا بچینه پێگه‌یه‌کی میسیۆن، ئه‌ویش له نێوکورده‌کاندا.ئه‌من به‌خۆشییه‌وه له گه‌ڵ هاوسه‌رم به پیل ئه‌و بانگه‌وازییه‌وه ده‌چین.
__ هێدویگ شاڵک "
له ژماره‌ی 10ی ساڵی 15، ئۆکتۆبری 1923 دا ن.ج. لۆر ( N.J.Lohre) سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات له نووسراوه‌یه‌کدا له ژێر سه‌ردێڕی" دوکتور مسته‌فای قازی و دوکتور شاڵک له ئاستارا یان ئه‌نزه‌لی یه‌ک ده‌گرنه‌وه" ده‌نووسێ : " له 5ی سێپتامبری [ 1923] تێلگرافێکم بۆ دوکتور شاڵک نارد: " به ڕێگه‌ی ستێندر(Stender ) دا که تیلگراف بۆ بانکی نه‌ته‌وه‌یی له بێرڵین ده‌نێرێ، سێ هه‌زار دۆڵاری ئه‌مریکایم بۆ ناردی. له‌گه‌ڵ قازی یه‌ک بگرنه‌وه."له نامه‌که‌ی دوکتور شاڵکه‌وه که له خواره‌وه دا دێ ده‌رده‌که‌وێ ئه‌و په‌یامه‌ی به‌وه‌ختی خۆی پێگه‌یشتووه بۆ ئه‌وه‌ی بگاته دوایین که‌شتی له پێتڕۆگراد. به خوێندنه‌وه‌ی نامه‌که‌ی شاڵک ئۆغژنی دڵم که‌وت، هیوا دارم ئێوه‌ش پێتان خۆش بێ. با هه‌موومان شوکرانه بژێر بین باریته‌عالا کارێکی وای کرد وه‌ڕێکه‌وتنی که‌شتییه‌که وه‌دره‌نگی بکه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی شاڵک بتوانێ خۆی ئاماده بکا......به دوای ئه‌وه دا ن.ج.لور به‌شێک له نامه‌که‌ی دوکتور شاڵکی هێناوه که له به‌رواری 19ی ئووتی 1923 دا بۆی نووسیوه: "....سه‌باره‌ت به وه‌ڕێکه‌وتنم بۆ ئێران ئه‌وه خه‌به‌ری ئه‌سسحتان بۆ ده‌نێرم. له سایه‌ی خودای مه‌زنه‌وه دوو دۆستی چاکم په‌یدا کردوون.به‌ڕێوه‌به‌ری شیرکه‌تێکی که‌شتی ئاژۆتنن، ئه‌گه‌چی به زه‌حمه‌تێکی زۆر به‌ڵام، توانیویانه ئیجازه له حکوومه‌تی ڕووسییه وه‌ربگرن دوکتورێک سواری که‌شتییه‌که‌یان که‌ن که له هامبورگه‌وه وه‌ڕێده‌که‌وێ به پێتڕۆگراد تێده‌په‌ڕێ، و به ۆڵگا دا به‌ره‌وئاستارا و باكۆ ده‌ڕوا و ده‌گاته ئه‌نزه‌لی له ئێران. ئه‌وه ڕێگه‌ی هه‌ره هێمنه، به تایبه‌تی بۆ ئامراز و که‌لوپه‌له‌کانم که له کیس چوونیان باسی سه‌ره. ئه‌من ئێستا "ڤیزای ترانزیتی" حکوومه‌تی ڕووسییه‌م هه‌یه که هه‌تا 2ی مانگی ئۆکتۆبر بڕ ده‌کا.هه‌ر وه‌ها ئیزنی تایبه‌تیشم بۆ بردنی ئامراز و که‌له‌وپه‌کانیشم به‌ده‌سته‌وه‌یه. هه‌موو شت ئاماده‌یه جگه له دراو نه‌بێ.ئه‌وه‌ش مایه‌ی خه‌فه‌ت و په‌ژاره‌ی منه بۆ سه‌فه‌ری ئه‌مساڵ، چونکوو ئاخر که‌شتی هه‌ڵم له نیوه‌ی یه‌که‌می مانگی سێپتا‌مبر دا وه‌ڕێ ده‌که‌وێ به‌ر له‌وه‌ی ئاوی ده‌ریا بیبه‌ستێ. بۆ ئه‌وه‌ی که‌لوپه‌له‌کانم به ساغی بگه‌نه جێ ئه‌وه ته‌نیا ڕێگه‌ی سه‌فه‌رکردنه. ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ نه‌توانم به‌م ڕێگایه دا بچم ده‌بێ هه‌تا به‌هارێ له ئه‌ڵمان بمێنمه‌وه،ده‌رفه‌تێکی دیکه‌ش هه‌یه له‌وێوه به ڕێگه‌ی کۆنستانتینۆپل ( ئه‌سته‌نبووڵ) و باتووم دا بچین. ئه‌وه ڕه‌نگه گیر‌و گرفتمان بۆ ساز کا، چونکوو له "ڤیزای ترانزیت" دا نووسراوه سه‌فه‌ر به ڕێگای پێتڕۆگراد دا. ئه‌گه‌ر به بێ که‌لوپه‌له‌کانم بڕۆم هیوا دارم تا به‌هار ده‌گاتێ له ته‌ورێزێ له گه‌ڵ دوکتوره‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی پرێسبیتێری کار بکه‌م.ئێستا هه‌موو شت به ده‌ست ئێوه‌یه به‌ڵام، تکایه ئامۆژگاری من له‌به‌رچاو بگرن، چونکوو ئه‌من لێره زۆر چاکتر له هه‌لومه‌رجی ڕاسته‌قینه ئاگادارم. له به‌ر خاتری خانمه‌کان
[ مه‌به‌ست گودهارت، شوێنهوود، ئالما فاسوم و ئێمێلیا ئه‌ندرسۆنه] پێم خۆشه ده‌ستبه‌جێ وهڕێکهوم به‌ڵام، پێم خۆش نییه به بێ ئامراز و که‌لوپه‌له‌کانم بڕۆم، ئه‌گه‌ری ونبوون و له کیس دانیان به ڕیگای باتوم و تفلیس دا یه‌کجار زۆره." به دوای ئه‌مه‌ش دا ن.ج.لور نامه‌یه‌کی دیکه‌ی هێرمان شاڵکی بڵاو کردووه‌ته‌وه که له به‌رواری 12ی سێپتامبری 1923 له هامبورگه‌وه بۆی نووسیوه: " پێنج ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر تێلگرافه‌که‌تم پێ گه‌یشت... ئه‌من خه‌ریکی خۆ ئاماده کردن بووم بۆ ڕۆیشتن... 41سندووقم پێچاوه‌ته‌وه،... ئه‌مساڵ ئه‌وه‌دوایین ده‌رفه‌ته بۆ سه‌فه‌ر کردن. ده‌توانی بیهێنییه به‌رچاوت که ئه‌من زۆرم مه‌به‌سته ئامراز و که‌لوپه‌له‌کانم له‌گه‌ڵ خۆم به ڕێگایه‌کی ئه‌مین دا به‌رم... که‌شتی هه‌ڵمی دیکه له مانگی مه‌ی 1924 لێره ده‌رده‌که‌وێ، و ئه‌مه‌شیان ئه‌مڕۆ هامبورگ به‌جێ ده‌هێڵێ. ئه‌من که‌لوپه‌لی ئاوام پێیه که 1200 دۆڵارم پێ داوه و به‌شێکی که‌م له دراوه‌که ماوه که دوای ئه‌وه‌ی من ڕۆیشتم ده‌درێ. تاجرێکی ئێرانی که له بێرڵین چاوم پێی که‌وت پێی گوتم ئه‌گه‌رتۆ که‌لوپه‌له‌کانت به ترێنی.... به ڕێگای ..... دا بنێری ( مه‌سیره‌که‌ی دیکه) سندووقه‌کان ده‌گه‌نه مه‌قسه‌دی خۆیان به‌ڵام، ئه‌نبار ده‌کرێن. ئه‌و ئامرازه باشانه‌ی من کڕیومن ئێستا ناکرێ به 1200 دۆڵار نه له ئه‌ڵمان و نه له ئه‌مریکا بکڕدرێن. بۆ کڕینی ئه‌و ئامرازانه ئه‌من ئه‌و دراوه‌شم به‌کارهێنا که حکوومه‌ت پێیدام بۆ بژاردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ی له ترکییه له کیسم دابوو.... له گه‌ڵ قازی [مسته‌فا قازی] وا رێک که‌وتین له ئاستارا یان ئوساتیک!Eusatic (؟) چاوی به من بکه‌وێ....
تکایه دۆعا بکه‌ن بۆ که‌شتییه‌که‌مان! ئه‌من له که‌شتییه‌که دا وه‌ک دوکتور کار ده‌که‌م. نازانین سه‌فه‌ره‌که‌مان چه‌ندی پێ ده‌چێ.تکایه بۆ خانمی شاڵک و منداڵه‌کانیشمان بپاڕێنه‌وه. یارمه‌تیمان بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ماڵی خۆمان ده‌ست که‌وێ. هه‌لومه‌رج له ئه‌ڵمان زۆر دژواره........خانمی شاڵک هه‌تا هامبورگ له گه‌ڵم هات، هه‌ر له‌و ماوه‌یه دا ته‌ویله‌ی ئه‌سپان که سه‌ر به‌و ڕیزه ژوورانه‌یه که ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین لێمان داگیر کراوه....... خانمی شاڵک له وانه‌یه تووشی دژواری زۆر جیدی بێ و ئه‌و ژوورانه له ده‌ست بدا.کاتێک به‌وڕێگایه دا ئه‌ڵمان به‌جێ بهێڵم حه‌قی ڕێیه و خه‌رجی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و 2500 کیلۆگرامه ئامرازانه‌ی پێمه زۆر که‌م ده‌بێ، چونکوو ئه‌من له نێوان هامبورگ و ئه‌نزه‌لی دا وه‌ک دوکتوری که‌شتی کار ده‌که‌م.به‌و پێیه ده‌توانین دراوێکی زۆر بۆ میسیۆن بگێڕێنه‌وه، داخودا ناکرێ به‌شێک له‌و دراوه به‌کاربهێندرێ بۆ کڕینی ماڵێک بۆ بنه‌ماڵه‌که‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وکاته‌ی له پێگه‌ی میسیۆن کار ده‌که‌م زۆر نیگه‌ران و دڵپه‌شێویان نه‌بم؟....."
له‌و ژماره‌یه‌ی کوردستان میشنێری دا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستی هاوپێوه‌ندی خوێنه‌وه‌ران و دۆستانی میسیۆن بورووژێندرێ و باربوویان بده‌نێ بۆ چالاکییه‌کانیان وێنه‌یه‌کی ئه‌و خانووبه‌ره‌یه‌ی که شاڵکه‌کان له فاڵکنبورگ له ئه‌لمان تێیدا ژیاون و به جێیان هێشتووه چاپ کراوه.
دوکتور هێڕمان شاڵک به‌ره‌و ئێران وه‌ڕێکه‌وتووه و له ژماره‌ی 11ی، ساڵی 15. نۆڤامبری 1923 ی کوردستان میشنێری داخه‌به‌ری گه‌یشتنی به ته‌ورێز بڵاو کراوه‌ته‌وه: " ئێمه له ژماره‌ی ڕابردوو دا ڕامانگه‌یاند که دوکتور شاڵک له 12ی سێپتا‌مبر وه‌ڕێکه‌وتووه... به‌رله‌وه‌ی ئه‌ڵمان به‌جێ بهێڵێ له ڕۆژی 9ی سێپتا‌مبر هه‌رله‌لای ئه‌و کلیسایه‌وه که ئه‌رکی دابوو به باشیمۆن واته کلیسای هێرمانسبورگ به ڕه‌سمی ئه‌رکی درایه..... له 12ی ئۆکتۆبر دا به تێلگراف خه‌به‌رێکی خۆشمان وه‌رگرت که دوکتور شاڵک گه‌یشتووه‌ته ته‌ورێزێ."
له ژماره‌ی 1ی،ساڵی 16ی کوردستان میشنێری مانگی ژانڤییه‌ی 1924دا یه‌که‌م نامه‌ی دوکتور شاڵک له ئێرانه‌وه که له 14ی ئۆکتۆبری 1923 له ته‌ورێزه‌وه بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاتی نووسیوه چاپ کراوه. سه‌رنووسی ئه‌و نامه‌یه " ته‌جروبه‌ی سه‌فه‌ره‌که‌مه" و تێیدا له‌گه‌ڵ شتی دی ده‌نووسێ:".... سه‌باره‌ت به بۆچوونم سه‌باره‌ت به‌م وڵاته له‌ماوه‌ی ئه‌و ده‌ڕۆژانه دا، به‌له‌به‌رچاوگرتنی دادێی کاره‌کانمان، به پێویست ده‌زانم جارێ بێده‌نگ بم..... ڕه‌نگه بکرێ هێندێک به کورتی سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی کلیسای لووتێری لێره بنووسم. ئێستا زیاتر له چوارساڵه زۆر له نزاخوێنان لێره بێ که‌شیش بوون. ئێستا هیچ وێناچێ بکرێ که‌شیشه‌کان بێنه‌وه. ته‌نێ باسی نموونه‌یه‌ک ده‌که‌م. که‌شیشێکی لووتێری له بێرڵینه‌وه داوخوازی گه‌ڕانه‌وه و تێپه‌ڕێن به ڕووسییه‌ی دا کردبوو.له ڕووسییه‌وه وڵامێکی سووکیان دابووه‌وه" بۆ ئه‌نجامدانی پشوویه‌کی ئاوا نامۆدێڕن له ڕووسییه دا چ شوێنێک نییه" و ڤیزایان نه‌دابوویه.سه‌ره ڕای ئه‌و ڕاستییه‌ی که نزاخوێنان بۆ ماوه‌ی چوارساڵان بێ که‌شیش بوون به‌ڵام ناچار بوون 2000 مارکی زێڕ خه‌رج و مخاریجی ئیداره‌ی کلیسا بده‌ن...."
له ژماره‌ی 3ی ساڵی 16ی کوردستان میشنێری، مارسی 1924به کورتی باسی ئه‌و مه‌سیره‌ی کراوه که بڕیار بووه شاڵک پێیدا بچێته ئێرانێ ، له ژماره‌ی 4، ساڵی 16، ئاوریلی 1924 دیسان وه‌رده‌ڕیشاڵی ئه‌و سه‌فه‌ره له بن سه‌ردێڕی " ئه‌و ڕێگایه‌ی ده‌بوو شاڵک پێیدا بچێ" بڵاو کراوه‌ته‌وه که له گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته نه‌خشه‌یه‌کیش بڵاو کراوه‌ته‌وه که نووسه‌ر ن.ج.لۆر له گۆواری "Asia Magazine " ی وه‌رگرتووه. هه‌ر له‌و ژماره‌یه دا باسی سه‌فه‌ری به‌کۆمه‌ڵی میسیۆنێره‌کان له ته‌ورێزه‌وه بۆ سابڵا‌غ به قه‌ڵه‌می یای هاننا شوێنهوود هاتووه که له به‌شێکی دا ده‌نووسێ:" سابڵا‌غ، ئێران
17ی ژانڤییه‌ی 1924
دۆستانی خۆشه‌ویستی میسیۆن. دوێنێ یه‌ک حه‌وتوو بوو که ئێمه گه‌یشتووینه‌ته سابڵاغێ و پێمان خۆشه، ڕاپۆرتێکتان سه‌باره‌ت به‌و سه‌فه‌ره و ڕووداوه‌کانی ئه‌م حه‌تووه‌ی ئێره بۆ بنێرین. به‌ڕاستی وه‌ک خه‌ونێک وایه که ئێمه دوای ئه‌و هه‌موو چاوه‌ڕوانییه گه‌یشتووینێ و ئێستا لێره‌ین. وه‌ک ئه‌وه‌ی بیستووتانه، دوکتور شاڵک له عاره‌فه‌ی کریسمه‌س دا [ له‌ته‌ورێزه‌وه] گه‌ڕاوه بۆ ئاستارا . دوای چه‌ند ڕۆژان ئامراز و که‌لوپه‌له‌کان گه‌یشتنێ و خۆمان ئاماده کرد بۆ سه‌فه‌ر به‌ره‌و سابڵا‌غ. هه‌ڵبه‌ت خه‌به‌ری سه‌فه‌ره‌که‌مان به‌ره‌و ئێره له مێژه به گوێی ئێوه گه‌یشتووه، چونکوو بڕیار بوو هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ی وه‌ڕێکه‌وتین یای فاسوم تێلگراف بنێرێ. ئه‌وه ساڵی نوێیه‌کی زۆر خۆش بوو بۆ ئێمه چونکوو له ڕۆژی سێیه‌میدا توانیمان به‌ره‌و پێگه‌ی خۆمان بڕۆین. ئێستا ئه‌من حه‌ول ده‌ده‌م له ڕووی یادداشته‌کانم له‌و ڕۆژه‌وه‌ی له‌ته‌ورێز وه‌ده‌رکه‌وتین بۆتان بنووسم.
پێنجشه‌مۆ، 3ی ژانڤییه‌ی 1924 __ سه‌عات نزیک 11 فایتوون هات به شوێن من و ئێمێلیا [ ئه‌ندرسۆن] دا.واگونه‌کان ئاماده‌نه‌بوون بۆیه ئێمه هه‌رچوارمان له ماڵی دوکتور کاکران شێومان کرد ( سندووقه‌کان کێش کراون و له‌حه‌وشه‌ی نه‌خۆشخانه داندراون). ئاڵماش بۆ شێو خواردن له گه‌ڵمان بوو و هه‌ر له‌ومایه‌وه بۆ به‌ڕێکردنمان.
..... دوای شێوخواردن دوکتور شاڵک داوای له‌دوکتور کاکڕان کرد به‌ر له‌وه‌ی بڕۆین مه‌زمووری ( سروودی) 91 یه‌که‌مین بخوێنێته‌وه. سه‌عات یه‌ک ونیو له نه‌خۆشخانه‌وه وه‌ده‌رکه‌وتین: یای گودهارت و ئێمێلیا له گه‌ڵ سارا، کچی ئێمێلیا به فایتوون، دوکتور شاڵک و منیش به سواری ئه‌سپ. خزمه‌تکاره ژنه‌که‌ی یای گودهارت و خزمه‌تکاره ژنه‌که‌ی من و خزمه‌تکاره پیاوه‌که‌مان له‌گه‌ڵ باره‌کان نیوسه‌عات پێشتر وه‌ڕێکه‌وتبوون....."
هه‌ر له‌و ژماره‌یه دا واته ژماره‌ی 4، ساڵی16، ئاوریلی 1924، نامه‌یه‌کی دوکتور شاڵک بۆ جه‌نابی ن.ج.لۆر بڵاوکراوه‌ته‌وه که له 1ی ژانڤییه‌ی 1924 له ته‌ورێزه‌وه نووسیویه و له به‌شێکی دا هاتووه: " خۆشه‌ویستم جه‌نابی لۆر: ئه‌گه‌رچی کاتێکی زۆرم نییه بۆ نامه نووسین، چونکوو سبه‌ینێ به‌ره‌و سابڵا‌غ وه‌ڕێده‌که‌وین به‌ڵام، ده‌مه‌وێ به کورتی وڵامی دوایین نامه‌ی ئێوه که له به‌رواری 20 ئۆکتۆبر دا نووسراوه بده‌مه‌وه،. هیوادارم تائێستا هه‌ردووک ڕاپۆرته‌کانمت به ده‌ست گه‌یشتبێ..... تا ئه‌وه‌نده‌ی بۆم ده‌رکه‌وتووه هیچکام له سندووقه‌کانم نه‌کراونه‌ته‌وه جگه له‌و سندووقه‌ی نه‌بێ که خوارده‌مه‌نی تێدا بوو و جانتای جلوبه‌رگه‌کانم نه‌بێ. ئه‌وه‌ی دوایین خۆی له‌به‌ر کردنه‌وه گرتبوو و ته‌نیا چه‌ند ئامرازێکی وێنه‌گرتن سه‌ده‌مه‌یان وێکه‌وتبوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارنامه‌ی نووسراوم به‌ده‌سته‌وه نه‌بوو سه‌باره‌ت به نێوه‌رۆکی هه‌رکام له سندووقه‌کان، بۆیه ده‌بوو له ئیداره‌ی گومرگ ئاماده بم.زۆر له سندووقه‌کانیان نه‌کرده‌وه و ئه‌وانه‌ش که کرانه‌وه به ئارامی و ڕێکوپێکی داخرانه‌وه. تا ئێستا 25 سندووق له که‌لوپه‌له‌کانم گه‌یشتوونه‌ته ته‌ورێزێ،به ڕواڵه‌ت سێیان له ئاستارا ماونه‌ته‌وه. ئه‌وانه ده‌بێ جارێکی دیکه بپێچرێنه‌وه چونکوو به‌و حاڵه‌وه چ وشترێک ناتوانێ هه‌ڵیان گرێ.
یای فاسوم ده‌بوو ئێستا به‌ره‌و ئه‌مریکا وه‌رێ که‌وێ به‌ڵام، ڕووسه‌کان ڕێگه‌ی پێ ناده‌ن به ڕێگای تفلیس دا بڕوا. به گه‌یشتنی وه‌رزی زستان ڕێگای ترابزۆن و به‌غدا ده‌گیرێ. ئه‌و ده‌بێ له ترابزۆن بمێنێته‌وه و پشووه‌که‌ی بۆ ساڵی 1924 هه‌ڵگرێ..... له سه‌ره‌تاوه یای گودهارت، له سابڵاغێ یارمه‌تیم ده‌دا.
یای ئه‌ندرسۆن و یای شوێنهوود زۆر خۆشحاڵن له‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه پێگه‌ی میسیۆن دوای ئه‌و هه‌موو ده‌رده سه‌ره‌ی تووشی هاتن. ئه‌و دوو خانمانه به‌ڕاستیش هه‌تابڵێی ژنی زۆر پیرۆزن. ئه‌من به ته‌واوی پشتیان پێ ده‌به‌ستم، ڕوحمان یه‌که و پێی خۆشحاڵم ناردراون........
پێشنیاره‌کانی خانمی باشیمۆن سه‌باره‌ت به گۆڕی باشیمۆن و دامان، جارێ بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌ستی لێ ڕاگرین. ئه‌من له گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه هه‌م ئێوه له نامه‌که‌تان دا ده‌رتان بڕیبوو.تکایه رێز و سڵاوی من به خانمی باشیمۆن ڕابگه‌یێنه. سه‌باره‌ت به دامه‌زرانمان له سابڵاغێ ئه‌من به‌خۆشحاڵییه‌وه ده‌ڵێم ته‌قریبه‌ن گشت ئه‌و میسیۆنێرانه‌ی له ته‌ورێز چاوم پێیان که‌وت، نه‌ک له گه‌ڵ ئه‌وه‌ن ئه‌وێ له به‌ر ده‌ست ئێمه دابێ، به‌ڵکوو پێشیان خۆشه ئێمه ئه‌وێ به‌ده‌سته‌وه بگرین و له‌وێ ده‌ست به‌کار بین.
دوێنی سێ کوردی ده‌ستڕۆیشتوو و ماقووڵی سابڵاغی هاتن بۆ دیده‌نی ئێمه و داوایان لێ کردین ده‌ستبه‌جێ له‌وێ مه‌دره‌سه بکه‌ینه‌وه. ئه‌و پیاوانه زۆر شوێنی باشیان له سه‌ر کردم له‌به‌ر ئه‌وڕاستییه‌ی که چالاکییه‌کانی ئێمه له سابڵا‌غ کاری خۆی کردووه. ماوه‌یه‌کی دیکه سه‌باره‌ت به بۆچوونه‌کانی خۆم له چه‌قی کاره‌که‌وه بۆت ده‌نووسم.
زۆر دڵسۆزتان __ هێرمان شاڵک "
له ژماره‌ی 5ی ساڵی 16ی کوردستان میشنێری دا، مانگی مه‌ی 1924 به‌شی دووه‌می سه‌فه‌رنامه‌ی دوکتور شاڵک له ئه‌ڵمانه‌وه تا ته‌ورێز بڵاو کراوه‌ته‌وه. دوکتور شاڵک له پێوه‌ندییه‌کانی خۆیدا له گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات زمانی ئه‌ڵمانی به‌کار هێناوه و نامه و نووسراوه‌کانی له لایه‌ن ن.ج.لۆر سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌که وه‌رگێڕدراونه سه‌ر زمانی ئینگلیسی و له کوردستان میشنێری دا چاپ کراون.
له سه‌ر به‌رگی کوردستان میشنێری ژماره 6، ساڵی 16، ژووه‌نی 1924 دوو وێنه‌ی کاروانی میسیۆنێره‌کان له ته‌ورێزه‌وه به‌ره‌و سابڵا‌غ چاپ کراوه.له‌و ژماره‌یه دا پاشماوه‌ی سه‌فه‌رنامه‌ی شاڵک له ئه‌ڵمانه‌وه تا ته‌ورێز هاتووه و هه‌روه‌ها نامه‌یه‌ک که دوکتور شاڵک بۆ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات له 21ی مارسی 1924 له سابڵاغه‌وه نووسیویه چاپ کراوه:
" سابڵا‌غ، ئێران، 21ی مارسی 1924
ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات:
برایانی خۆشه‌ویست:
ئێستا ئه‌وه نزیکه‌ی ده حه‌وتووه له‌وه‌تا ده‌ست به‌کارکردنه‌وه‌ی پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌مان لیره له سابڵاغم و ده‌بێ بلێم: " تائێستا باریته‌عالا یارمه‌تی داوین. " Hitherto the Lord hath helped us " ( 1 Sam.7:21 ). ئێمه به پته‌وی له‌و باوه‌ڕه‌داین خوڵای له ژوور به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی پشتیوانمان بووه و ده‌رفه‌تی پێداوین لێره بین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ده‌نێو تاریکی دا بدره‌وشێینه‌وه.ئێمه له‌گه‌ڵ ڕسته‌یه‌کی نامه‌ی سه‌رۆکمان که‌له به‌رواری 21ی دیسامبری 1923 دا نووسیویه ڕێکین : " ئێمه هیوادارین و ده‌پاڕێینه‌وه که خوڵای گه‌وره پشتیوانی له چالاکییه‌کانی میسیۆنی ئێمه بکا و دڵی میسیۆنێره‌کانمان شاد بکا و ڕزگاری بۆ کوردان بێنێ".........
ئاوڕێک له ڕابردوو وئاسۆی دادێ
هه‌ر به گه‌یشتنمان بۆ سابڵاغێ له 9ی ژانڤییه دا چاوپێکه‌تنێکم له‌گه‌ڵ حاکمی ئێستای شار دا هه‌بوو که قسه‌کانی زۆری کارتێکردم. له‌گه‌ڵ شتی دیکه دا گوتی: " ئه‌گه‌ر ئێوه نه‌خۆشخانه‌یه‌ک بکه‌نه‌وه ئێمه زۆر سپاستان ده‌که‌ین؛ ئه‌وه شتێکه که ئێمه پێویستییه‌کی زۆرمان پێیه‌تی." دیاره سابڵا‌غ دوکتوری له‌مه‌ر خۆی هه‌یه و هیچیان به‌وه خۆشحاڵ نین دوکتورێکی ئوڕووپایی هاتووه بۆ ئێره، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌من هه‌تا دێ باوه‌ڕیم قایمتر ده‌بێ که ئێمه له‌و ڕێبازه دا کارێکی گه‌وره‌مان له پێشه. لێره زۆر نه‌خۆشی نه‌دار هه‌ن که که‌س لایان لێ ناکاته‌وه؛ ئێمه له به‌ر ئه‌وانه هاتووین و هه‌رله‌و ماوه‌یه دا ژماره‌یه‌کی زۆری ئاوامان له ده‌ور کۆبووه‌ته‌وه.
ڕێژه‌ی سه‌ردانی ده‌رمانگه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له 12ی مانگی ژانڤییه، ڕۆژانه له 15 نه‌خۆشه‌وه گه‌یوه‌ته 20 که‌س. ژماره‌ی هه‌ره به‌رز له ڕۆژێک دا گه‌یشته سی نه‌خۆش. هه‌تاکوو ئێستا ( له 12ی ژانڤییه‌وه تا 21ی مارس واته 69 ڕۆژ) زیاتر له1000 نه‌خۆش که نه‌خۆشی جۆربه‌جۆریان هه‌بووه موداوا کراون.زۆربه‌ی نه‌خۆشییه‌کان بریتی بوون له چاو ئێشه، نه‌خۆشی پێست و نه‌خۆشی جینسی، مالاریا و هتاد. ئێمه ناچار بووین زۆربه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی پێویستییان به عه‌مه‌لیات کردن بووه له به‌ر ئه‌وه‌ی ئاماده‌ییمان نییه بۆ عه‌مه‌لییاتی سه‌ره‌کی، وه‌دوایه بخه‌ین.له نێوئه‌و عه‌مه‌لییاته گه‌ورانه‌ی دا که هه‌ر له ڕۆژه‌کانی سه‌ره‌تای هاتنماندا کردمان عهمهلییاتێکی جمجمه بوو که ژنێک بۆ ماوه‌ی 6 ڕۆژ کێشه‌ی زانی هه‌بوو.دوو عه‌مه‌لییاتی بڕینه‌وه‌ی لێواره‌ی زگیش به پێنس به‌ڕێوه‌چوو.ددان کێشان به‌تایبه‌تی ڕیشه‌ی ددان ده‌رهێنان بووه به سه‌رچاوه‌ی نانی ڕۆژانه‌مان، چونکوو سه‌رتاشه خۆجێییه‌کان به هاسانی ددانان ده‌شکێنن. دوایین هیوای ئه‌و جۆره که‌سانه حه‌کیمی ئه‌مریکاییه. کاتێک سه‌ربازێک دوو قڕانه‌که‌ی له سه‌ر مێز داده‌نێ بێ ئه‌وه‌ی داوای لێکرابێ شتێک ده‌گه‌یێنێ. جارێک ئه‌من نه‌مویست دراو له سه‌ربازێک وه‌ربگرم، به‌ڵام نه‌ڕۆیشت هه‌تا ئیزنم دا دووقڕانه‌که‌ی له سه‌ر مێزه‌که دانێ، چونکوو ئێشێکی زۆر گه‌وره‌ی له کۆڵ ببووه‌وه. دیاره هه‌موو ئه‌وکه‌سانه‌ی دێنه لامان وه‌نه‌بێ وه‌ک ئه‌و نموونه‌یه بن و پێیان خۆش بێ حه‌قده‌ست بده‌ن. کاتێک به ژنێکی نه‌خۆشم گوت ده‌بێ عه‌مه‌لیاتێکی تایبه‌تی له سه‌ر بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی پیش له کوێربوونی بگیرێ وڵامی دامه‌وه : " به‌ڵام ئه‌گه‌ر عه‌مه‌لت کردم و چاک بوومه‌وه ده‌بێ کراسێکی تازه‌م بۆ بکڕی. چونکوو ده‌زانم ئه‌تۆ له ڕێی خوڵای دا کار ده‌که‌ی و حهوجێت به دراوی من نییه." زۆر جار هه‌ڵده‌که‌وێ خه‌ڵک دێنه‌وه لامان و شکایه‌تیانه له ده‌ست ئه‌و ده‌رمانه‌ی داوماننێ و ده‌لێن چبڕ کاریگه‌ر نه‌بووه و داوای ئه‌و دراوه ده‌که‌نه‌وه که به ده‌رمانه‌که‌یان داوه.
له 17ی مانگی ژانڤییه [ 1924] نه‌خۆشخانه _ که له دوو ده‌ست خانووبه‌ره پێک هاتووه و 11 ژووری هه‌یه،بۆ ماوه‌ی ساڵێک به 240 دۆڵار به کرێمان گرت _ یه‌که‌م نه‌خۆشی خۆی وه‌رگرت، دایکێک بوو له به‌ر جووت ئاوله‌مه خوینی له‌به‌ر ده‌ڕۆیشت، دوای 22 ڕۆژ کوڕێکی بوو، و ژیانی دایک و منداڵه‌که‌ی ڕزگار کرا. سێ نه‌خۆشمان که تووشی ئیسهالێلی خوێنی گورچووبڕ هاتبوون به لێدانی ده‌رزی ئێمێتینهیدرۆکلۆرید emetinhydrochloride به شێوه‌یه‌کی به‌ته‌کووز له مردن ڕزگار کرد. دوای ئه‌وه‌ی چووبوونه لای ئه‌و دوکتور و ئه‌م دوکتور به بێ ئه‌وه‌ی له ئێش و ژانیان که‌م بێته‌وه، دواجار هاتن بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئێمه. تا ئێستا، نزیکه‌ی سی نه‌خۆش له هه‌رێمی جۆربه‌جۆره‌وه له نه‌خۆشخانه وه‌رگیراون. ئه‌وه هێشتابۆ ئێمه ڕازێکه ئه‌وان چۆنیان پێ زانیوه ئێمه نه‌خۆشخانه‌مان کردووه‌ته‌وه. ئه‌و نه‌خۆشانه بۆ ماوه‌ی 331 ڕۆژ موداوا کراون و نانیان دراوه‌تێ. ئێمه ناچار بووین زۆرنه‌خۆشان بگێڕینه‌وه چونکوو ئێستا ده‌رقه‌ت نایه‌ین ئاگاداری له هه‌موان بکه‌ین. هه‌موو حه‌ول و تێکۆشانی خۆمان ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی 20 ته‌خت له نه‌خۆشخانه ئاماده بکه‌ین، ده ته‌خت بۆ ژنان و ده ته‌خت بۆ پیاوان. یای شوێنهوود و یای ئه‌ندرسۆن یارمه‌تیمان ده‌که‌ن بۆ ئاماده‌کردنی ته‌خته‌کان و نوێن وبان. هه‌ر ته‌خته خه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه که هه‌موو شتی ته‌واو بێ 25 دۆڵاری تێده‌چێ.داخودا که‌سی وا هه‌یه خه‌رجی ته‌ختی خه‌وێک بگرێته ئه‌ستۆی خۆی؟ به دانی ڕۆژی نیو دۆڵار و به‌و ڕێگه‌یه دا ئێمه ده‌توانین نه‌خۆشی نه‌دار له نه‌خۆشخانه‌که‌ماندا وه‌ربگرین و له کوێر بوون ڕزگاریان که‌ین یان نه‌خۆشی دیکه‌یان چاک بکه‌ینه‌وه. له ڕاستیدا ناساندنی ئینجیل به نه‌خۆشه‌کان هاسانه. له‌وباره‌یه‌وه ڕاپۆرتی سێکرێتێری میسیۆن ( هاننا شوێنهوود) بخوێننه‌وه که چلۆن نه‌خۆشه‌کان ده‌هێندرێن بۆ ڕێوڕه‌سمی دۆعا و پاڕانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گوێیان له ئینجیل بێ! کاری نه‌خۆشخانه و یارمه‌تی ده‌رمانی هۆیه‌کی به‌رزه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی کورده‌کان له‌ده‌وری یه‌کتری بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ په‌یامی خوڵایان وه‌به‌ر گوێیان بکه‌وێ.کێ پێی خۆشه له کارێکی ئه‌وتۆ دا پشتیوانی له ئێمه بکا؟ هه‌ر ته‌نێ ئه‌وانه‌ی له سابڵا‌غ ده‌ژین قازانجی ڕوحانییه‌تی ئێمه‌یان به‌ر ناکه‌وێ. ژماره‌یه‌کی زۆر له هه‌رێمه دووره‌ده‌سته‌کانه‌وه له لای ئێمه بوون. داخودا ئێوه وتاره‌که‌ی یای ئێمێلیا ئه‌ندرسۆنتان خوێندۆته‌وه که چۆن خانمێکی نه‌خۆش له سه‌ر برانکارد هێنرایه ئێره،له دێیه‌کی نێو چیایانه‌وه که سێ سه‌عات لێره‌وه دووره؟
نه‌ک هه‌ر هه‌ژارترینی هه‌ژاران داوای یارمه‌تی له ئێمه ده‌که‌ن به‌ڵکوو ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانیش دێنه لامان. هه‌ر ئه‌مڕۆ حاکمی ئێره ڕاوێژی له‌گه‌ڵ کردین. ئه‌فسه‌رێکی سه‌ره‌کی له سابڵاغێ ڕه‌نگه یه‌کێک له باشتیرین و ڕاستترین دۆسته‌کانی میسیۆنه‌که‌مان بێ. ئێمه که ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان هه‌بوو وه‌ک نه‌خۆشێک چاره‌سه‌ری بکه‌ین ئێستا دۆستایه‌تییه‌کی قووڵ له نێومان دا ساز بووه. جارێک که باسی شتی جۆربه‌جۆرمان ده‌کرد له پڕ ڕا لێی پرسیم:
" ئه‌وه چۆنه، ئێوه وه‌کوو دوکتورێک،وه‌عزیش داده‌ده‌ن؟ ئه‌من پێم وابوو هه‌موو دوکتوره‌کان خۆزاپه‌رست و ماتریالیستن. دیاره لای ئێوه جۆرێکی دیکه‌یه. له ڕوانگه‌ی زانستییه‌وه هێندێک شتم پێ بڵێ که تۆ چۆن خوڵات ناسیوه و چۆنت دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌تۆ بتوانی شتێکی ڕاسته‌قینه‌م سه‌باره‌ت به مه‌سیحییه‌ت پێ نیشان بده‌ی، کێ ده‌توانێ پێشم پێ بگرێ نه‌بم به مه‌سیحییه‌ک؟" ئه‌و ده‌ربڕینه‌کورته ده‌رفه‌ته‌کانی ئێمه ئاشکرا ده‌کا. داخودا ئێوه یارمه‌تیمان ناده‌ن بۆ به‌کارهێنانیان؟ ئێوه به‌ئاماده‌یی خودای زیندوو ده‌توانن بڕیار بده‌ن که چۆنمان یارمه‌تی پێ بکه‌ن."
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه هه‌موو نامه‌کان و ڕاپۆرته‌کانی میسیۆنێره‌کان و له‌وانه ئی دوکتورهێرمان شاڵکیش به پاڵپشتی باوه‌ڕی دینی حه‌ولی ڕاکێشانی پشتیوانی خوێنه‌ره‌وانی کوردستان میشنێری و دنه‌دانیان بۆ دانی باربوو و یارمه‌تی ماڵی یه.
هه‌رله‌و ژماره‌یه دا پاشماوه‌ی " سه‌فه‌رنامه" ی دوکتور شاڵک بڵاو کراوه‌ته‌وه، له‌و به‌شه دا باسی چوونی له ته‌ورێزه‌وه بۆ ئه‌رده‌وێڵ و ئاستارا ده‌کا بۆ هێنانی ئامراز و که‌لوپه‌له پژیشکییه‌کانی.
له ژماره‌ی 8ی، ساڵی 16. مانگی ئووتی 1924ی کوردستان میشنێری دا نامه‌یه‌کی دوورودرێژی دوکتور شاڵک بۆ ن.ج.لۆر بڵاو بووه‌ته‌وه که باسی سه‌فه‌ری چل ڕۆژه‌ی خۆی و یای شوێنهوود به سواری ئه‌سپ به ده‌وری ده‌ریای ورمێ دا ده‌کا. شاڵک ده‌نووسێ:
" سابڵا‌غ، ئێران، 16ی ژووه‌نی 1924
جه‌نابی. ن.ج.لۆر
Mayville, N.D.
برای ئازیز: ___ دوایین نامه‌م بۆ ئێوه له ئاوریلی 1924، که‌مێک به‌ر له وه‌ڕێکه‌وتنمان باسی ئه‌وه‌ی تێدابوو، که له‌گه‌ڵ یای شوێنهوود ده‌ست به‌سه‌فه‌رێک ده‌که‌ین بۆ باکووری کوردستان.له 2ی ژووییه دا ئێمه به ڕه‌زایه‌ته‌وه ئه‌و ئه‌رکه‌مان پێک هێنا. یای هاننا شوێنهوود ئه‌و ئه‌رکه‌ی پێ ئه‌سپێردرا ورده‌ریشاڵی ئه‌و گه‌شته بنووسێته‌وه که نێوی لێناوه: " گه‌شتێکی چل ڕۆژه به‌ده‌وری ده‌ریای ورمێ دا. بیست و نۆ ڕۆژ له سه‌ر زینی ئه‌سپ". به پۆستی پێشوو دا ئێمه توانیمان به‌شێک له‌و گه‌شتنامه‌یه‌تان بۆ بنێرین و هیوادارم به‌ده‌ستتان گه‌یشتبێ.لێره دا پێم خۆشه به شێوه‌یه‌کی گشتی بۆچوونی خۆمت سه‌باره‌ت به‌و سه‌فه‌ره بۆ بنووسم و هه‌ر وه‌ها سه‌باره‌ت به ئاسۆی کاره‌که‌مان له دادێ دا.
له ماوه‌ی هه‌موو سه‌فه‌ره‌که‌مان دا ئێمه هه‌ستمان ده‌کرد خوڵای پیرۆز له گه‌ڵمانه و رێشانده‌ری ڕێمانه. جابۆیه چ به‌رهه‌ڵستێکمان نه‌هاته سه‌ر رێ، جگه له دێیه‌ک نه‌بێ به نێوی ئیسیویش (Isiwish )، که له سابڵاغه‌وه ڕێگه‌ی دووڕۆژانه. له‌وێ ئێمه سه‌عات و نیوێکی پێ چوو هه‌تا شه‌وێ شوێنێک بۆ حه‌سانه‌وه په‌یدا که‌ین. دانیشتووانی ئه‌و دێیه کورد نه‌بوون، به‌ڵکوو عه‌جه‌م ( ئێرانی) بوون، زۆر وه‌حشی بوون، پێموایه له ژیانیان دا قه‌تیان ئوڕووپاییه‌ک نه‌دیتبوو. یای شوێنهوود زۆر به ورده ڕیشاڵ باسی ئه‌و دێیه‌تان بۆ ده‌کا.
له‌و سه‌فه‌ره دا ئێمه پشتیوانییه‌کی تایبه‌تیمان هه‌بوو. ئاسۆی بیرکردنه‌وه‌مان سه‌باره‌ت به گیر‌و گرفتی میسیۆنه‌که‌مان و مه‌سه‌له‌ی هاوکاری له گه‌ڵ کۆمه‌ڵه میسیونه‌کانی دیکه به‌رفره‌وانتر بووه‌وه و ئه‌وه به کارێکی گرینگ ده‌زانین. له به‌رزترین کاربه‌ده‌ستی نیزامییه‌وه بگره تا ده‌گاته نزمترین کاربه‌ده‌ستی حکوومه‌ت، به‌وپه‌ڕی میهره‌وانییه‌وه خزمه‌ت کراین، ئه‌وه‌ش هه‌مووی له سایه‌ی شانشینی خوڵای مه‌زن دا. ئه‌من دڵنیام هێندێک له ڕۆژه‌کانی ئه‌و سه‌فه‌ره بۆ یای شوێنهوود زۆر ئه‌سته‌م بوو به‌له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌وه‌ی که بونیه‌ی زۆر به‌هێز نییه. ده‌توانی بزانی که ده سه‌عات و نیو سواری له ژێر قرچه‌ی تاوی گه‌رمێنی دا چۆن مرۆ ماندوو ده‌کا و بڕستی لێ ده‌بڕێ به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر مرۆ عاده‌تی پێ نه‌گرتبێ؟ به‌ڵام یای شوێنهوود ئه‌و ئه‌رکه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی باش و به‌رز پێک هێنا. بۆیه بۆ ئه‌وه شوکرانه بژێری خوڵاین و په‌سنی ده‌ده‌ین. ئه‌و زۆر ده‌رگای به‌ڕوو دا کردینه‌وه، که هه‌رکاتێک پێمان خۆش بووبا ده‌مانتوانی لێیان وه‌ژوور که‌وین. ئه‌و گه‌شته چل ڕۆژه‌یه کارێکی وای کرد زۆر باشتر له هه‌میشه له نێوه‌رۆکی په‌یامی مه‌تا به‌شی 38-35 : 9 تێبگه‌ین.
له‌و گه‌شته سێ مه‌به‌ستمان هه‌بوو: یه‌که‌م کاری دادێمان له باکووری کوردستان. دوویه‌م و سێیه‌م به‌سه‌رکردنه‌وه و پشکنینی مڵک وماڵی کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌ڵمانی له ورمێ و که‌لاخوێ و مڵکی لووتێره‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی هێرمانسبورگ له وه‌زیراباد و گوێکته‌په، سه‌باره‌ت به هه‌ر دووک ئه‌و میسیۆنانه باڵوێزی ئه‌ڵمان له تاران داوای لێکردبووم لێکۆڵینه‌وه بکه‌م.
به له ده‌ست دابوونی نامه‌ی کۆنی ژه‌نه‌ڕاڵی سه‌ره‌کی ئه‌میر له‌شکری ئازه‌ربایجان و به‌نامه‌یه‌کی زۆر جوانی که دۆسته‌که‌مان سه‌رهه‌نگ یۆسف (Joseph ) خان له سابڵا‌غ بۆی نووسین وپێی داین،ئه‌و نامانه ڕێگه‌ی لای هه‌ر کام له سه‌رۆکه نیزامییه‌کانی ورمێ، دیلمان، که‌لا خوێ، که‌لا ماکێ و مه‌ره‌ندی بۆ کردینه‌وه.
له ته‌ورێزه‌وه تا سابڵا‌غ ئه‌و نامه‌یه‌ی له سه‌ره‌وه دا باسم کرد بایه‌خێکی ته‌واوی هه‌بوو. حکوومه‌تی ناوچه‌یی به ئاسایی گوێ له فه‌رمانه نیزامییه‌کان ده‌گرێ و به‌هیچجۆر له گه‌شته‌که‌ماندا هیچ گرفتێکیان بۆ پێک نه‌هێناین. ته‌نێ له مه‌ره‌ند حاکم داوای لێ‌کردین کاغه‌زه‌کانمانی نیشان ده‌ین. کاتێک نامه‌ی ئه‌میر له‌شکرم پێ نیشان دا،ئه‌و ده‌ستبه‌جێ کشاوه پشته‌وه و ده‌ستی به‌سینگییه‌وه نا و له‌به‌رم چه‌ماوه و گوتی: " به‌وجۆره کاغه‌ز و ئیزننامه‌یه‌ی ئێوه پێتانه هیچکه‌س ناتوانێ لێتان پرسێ بۆ کوێ ده‌ڕۆن و بۆ کوێ دێن" مه‌ئموورێکی حکوومه‌تی له‌به‌ر ده‌ست ناین بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌زامان بێ بۆ هه‌رچییه‌کی ئێمه پێمان خۆش بێ. به‌و شێوه‌یه ڕێگای چوونمان به‌ره‌و ورمێ، دیلمان، که‌لا خوێ، که‌لا ماکێ، و ڕیگای هاتنه‌وه‌مان به که‌لاخوێ، مه‌ره‌ند، ته‌ورێز و به‌ره‌و سابڵا‌غ کراوه بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌فه‌ره‌که‌مان بۆ به‌شه باکوورییه‌کانی کوردستان به‌ته‌واوی به مه‌به‌ستی زانیاری بوو، ته‌نێ که‌مێک ده‌رمان بۆ مه‌سرفی شه‌خسی و پرێسکه‌یه‌کی پچووکی ئامرازی جه‌ڕاحیم پێ بوو.چه‌نده به داخ بووم که هه‌ر له‌یه‌که‌م مزڵی سه‌فه‌ره‌که‌مان که‌لامان دا واته له خه‌ڵیفه‌لیان، ده‌بوو ته‌ماشای 14 نه‌خۆشی جۆر به‌جۆر بکه‌م.
ته‌نیا ده‌متوانی هیوای ئه‌وه‌یان بده‌مێ دوای سێ حه‌وتووی دیکه بێن بۆ نه‌خۆشخانه له سابڵا‌غ.هه‌ر له هه‌مان ڕۆژ دا،له شوێنێک که هێنده له دێی ڕادانه دوور نه‌بوو،ناچار بووم عه‌مه‌لێکی جه‌ڕاحی زۆر گرینگ بکه‌م. جا بۆیه نموونه‌ی ئه‌وتۆ له گشت گه‌شته‌که‌ماندا ده‌هاته پێشێ. ته‌قریبه‌ن له هه‌ر مزڵێک ( ڕاوه‌سته‌گه) دا ده‌بوو ته‌ماشای ده تا پازده نه‌خۆشان بکه‌م. بۆ ئه‌وه‌ی مرۆ بتوانێ دڵی گشت ئه‌و نه‌خۆشانه خۆش بکا ده‌بوو ده‌رمانی باش و ئامرازی جه‌ڕاحی باشی پێ بێ و له هه‌ر دێیه‌ک له هه‌شت ڕۆژ تا چارده ڕۆژ بمێنێته‌وه. له تاوڵێکی کورد دا ته‌نانه‌ت داوام لێ‌کرا ته‌ماشای جوانوو ئه‌سپێکی کوێریش بکه‌م. له ورمێ دوکتور ئێلیس (Ellis ) داوای لێکردم چوار عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی بکه‌م، یه‌کیان به شه‌و به به‌کارهێنانی پێنس بۆ ژنێکی که سێ ڕۆژ بوو خه‌ریک بوو منداڵی بێ، یه‌کیان ده‌رهێنانی گلێنه‌ی چاو، ده‌رهێنانی لووی سیلی و عهمهلییاتێکی منداڵدان. له که‌لا خوێ و که‌لا ماکێ ش زۆر کاری جه‌ڕاحی هه‌بوو، که ئه‌گه‌ر ئامرازی پێویستم پێ بووبایه، ده‌متوانی چه‌ند سه‌د دۆڵارێک له گه‌ڵ خۆم بهێنمه‌وه ماڵێ. به‌ڵام به‌وه دڵخۆشی خۆم ده‌داوه که ئه‌وه هه‌ر گه‌شتێکی زانیارییه.ئه‌و سه‌فه‌ره سه‌لماندی له هه‌موو دێیه‌ک دا پێداویستی به دوکتورێکی ئوڕووپایی هه‌یه. ده‌رکه‌وت پێویستی به بوونی من له نێو کورده‌کاندا چه‌ند زۆره ،ئه‌و دۆسته خوشه‌ویستانه‌مان که ئێمه به تایبه‌تی له به‌ر وان هاتبووین. ده‌کرا به کیلۆیان مه‌ڵحه‌می جه‌ڕه‌بیان پێ بفرۆشرێ.که‌لاخوێ، شارێکی داخراوی ته‌واو موسوڵمانه، و یه‌کجار زۆر پێویستی به جه‌ڕاحێکی ئوڕووپایی هه‌یه،ئه‌گه‌ر هه‌ڵسووڕێ جه‌ڕاحێک له گه‌ڵ نه‌خۆشه‌وانێکی مامانی باش. ئه‌و کاره ده‌بێ به ده‌ستپێکێکی هه‌ره باش بۆ کاری میسیۆنی. ئه‌و دوکتوره له کوێیه؟ و کوانێ ئه‌و نه‌خۆشه‌وانه و چۆن دابین بکرێ؟
کاتێک ئێمه له هه‌رێمی دوور و نزیکی که‌لا ماکێ ئه‌و هه‌موو تاوڵه کوردییه‌ی عه‌شیره‌تی میلان مان دی، وه‌بیر نه‌خۆشخانه‌ی چادری خۆمان که‌وتینه‌وه، له‌م تاوڵه‌وه ده‌چووینه تاوڵێکی دیکه‌ی کورده میلانه‌کان هه‌رکاتێک پێویستییان به ئێمه بووبا. ئه‌من پێم وایه که‌لا ماکێ ده‌کرێ بکرێته نێوه‌ندێک و له‌وێوه ده‌کرێ مرۆ به به‌رده‌وامی سه‌فه‌ر بکا بۆ ده‌ورو به‌ری.به دڵنیاییه‌وه که دوکتورێک بێ ،پێویسته نێرس ( نه‌خۆشه‌وان)، میسیۆنێر و ته‌نانه‌ت میسیۆنێرییه‌کی ژنیشی وه‌ک مامۆستا له‌گه‌ڵ بێ.
سه‌باره‌ت به کاری بانگه‌شه‌ی ئێڤانگێلی له‌و سه‌فه‌ره‌ماندا، هیچ مه‌به‌ستمان ئه‌وه نه‌بوو لێروله‌وێ بدوێین. به‌ڵام به ئاسایی هه‌میشه ئه‌وه‌مان له زه‌ینی دابوو و ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێک هاتبا پێشێ ده‌مانکرد.جگه له زۆر قسه‌کردنی خۆمانه و تایبه‌تی له گه‌ڵ دوو سێ که‌سان یان له ماڵان یان له سه‌ر ڕێگایێ، ده‌کرێ باسی ده‌سته‌ی ده تا سی که‌سی خه‌ڵکیش بکه‌ین که ئێمه ده‌رفه‌تمان ده‌ست که‌وت قسه‌یان بۆ بکه‌ین.ئه‌وه سێ جار کرا، له شابوڵاغ که له‌وێ مامۆستایه‌کی خه‌ڵکی جوڵفای لێیه، که وه‌ک ده‌یگوت ئینجیلی خوێندووه‌ته‌وه. قسه کردن و ڕاوێژ‌مان سه‌باره‌ت به لاوازی به‌ده‌نی گه‌یشته مه‌سه‌له‌ی ژیانی ناخاوێن و چه‌په‌ڵ. لێره‌دا ئه‌و پێوه‌بوو، و ددانی پێداهێنا که‌وایه، ئیدی بوغچه‌ی دڵی له لای من کرده‌وه.له شابولاغ ئه‌و باشترین دیلمانجم بوو، ده‌بڵا خوڵا پشتیوانی بێ تا ئه‌و کاته‌ی له عیسا دا ڕزگاریده‌ری خۆی ده‌بینێته‌وه و ده‌بێته مامۆستای هه‌مووجۆره زانیاران. ئێمه چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین ڕۆژێک بێته سابڵا‌غ و له ده‌رگامان بدا و پرسیار بکا،" چبکه‌م له گه‌ڵ گوناحانم؟ " ئه‌من توانیم له "A " ی قسه بکه‌م و له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌کی دیکه له کاروانسه‌رایه‌کی گه‌وره له نزیک " M" و له قسه‌ی کردنی خۆمانه‌ش دا له " H " موسوڵمانێکی خوێنده‌وارمان دیته‌وه که زۆر بیر ئاواڵه بوو که ئینجیلی مه‌تام به زمانی ترکی دایه.پیاوێکی دیکه‌ی بیرئاواڵه که ئه‌ویش داوای کتێبی کرد له " Sh " دیتمان که له " M" وه ڕۆژێک دووره..........
مڵکی گه‌وره‌ی میسیۆنی لووتێری له ورمێ جێگه‌یه‌کی هه‌ره‌له‌باره بۆ چالاکییه‌کی سه‌نعه‌تی و کشتوکاڵی. میسیۆنی پرێسبیتێری له‌وێ زۆر به‌جیدی داوایان لێکردم ئه‌وێ بۆ به‌کارهێنانی وه‌ک نه‌خۆشخانه بکڕم. به‌ڕاستیش گوناحه ئه‌گه‌ر ئه‌وێ بدرێته ده‌ست که‌سێکی دیکه.با بزانین چ به‌سه‌ر ئه‌و مڵکه دێ.
له‌مه‌ر کێشه‌ی زمان له‌به‌شی باکووری کوردستان [ مه‌به‌ست به‌شه باکوورییه‌کانی کوردستانی ئێرانه - حه‌سه‌نی قازی ]ده‌توانم ئه‌مه‌ی خواره‌وه بڵێم: به ترکی عوسمانلی مرۆ ده‌توانێ بگاته هه‌موو کوردێک، دیاره ئه‌وه له باشوور وا نییه. هه‌ر وه‌ک ئاغای ڕایت (Mr. Wright )، میسیۆنێری پرێسبیتێری، که بۆ ماوه‌ی دووساڵ له مووسڵ کاری کردووه گوتێ: ته‌نانه‌ت ژنانیش تێی ده‌گه‌ن، به‌ڵام له ناوچه دا مرۆ ده‌بێ زمانی ده‌وروبه‌ره‌که فێر بێ. زمانی کرمانجی که له باکوور قسه‌ی پێده‌کرێ هیچ جۆره پێوه‌ندییه‌کی به کوردیی موکرییه‌وه نییه.
مانه‌وه‌مان بۆ شه‌ش ڕۆژ له ورمێ و شه‌ش ڕۆژ له ته‌ورێز پێوه‌ندییه‌کی ڕووحی زۆر نزیکتری له‌نێو ئێمه و میسیونێره پرێسبیتێرییه‌کان دا ساز کرد. له ته‌ورێز ڕه‌نگه هیچ میسیۆنێرێک ده‌ستمان وه‌به‌ر نه‌هێنێ ئه‌گه‌ر ئێمه پێگه‌ی دیکه له نێو کورده‌کاندا بکه‌ینه‌وه.ئه‌من به ئاشکرایی مه‌به‌ستی سه‌فه‌ره‌که‌مانم بۆ درکاندن.پێم گوتن ئامانجی ئێمه گه‌یشتنه به کورده‌کان و، هه‌میشه ئاماده‌ین بۆ هاوکاریتان.به دیتنی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده هه‌راوه ئێمه تا مردن هه‌موو حه‌ولی خۆمان ده‌ده‌ین به‌ڵام به هه‌مووشیان ڕاناگه‌ین. بۆیه بۆ هه‌ر دووک لامان کارهه‌یه بیکه‌ین.
به‌سه‌ردانی هه‌رێمی باکوورئێستا ئێمه پێی ده‌زانین که سابڵا‌غ چ جێیه‌کی گرینگه. ئێره‌یه که نێوه‌ندی سه‌ره‌کی خاکی کوردییه به نزیکه‌ی 7000 دانیشتووه‌وه. له حاڵی حازر دا سابڵا‌غ نێوه‌ندی سه‌ره‌کی کاری ئێمه‌یه.
دڵسۆزتان له خزمه‌تی گه‌وره‌ماندا،
__ هێرمان شاڵک "
له ژماره‌ی 12ی ساڵی 16ی کوردستان میشنێری، دیسامبری 1924 دا هاتووه : " هه‌ر که ڕۆژنامه‌که‌مان ده‌چووه ژێر چاپه‌وه، خه‌به‌رمان پێگه‌یشت که خانمی شاڵک به سڵامه‌تی گه‌یشتووه‌ته سابڵاغێ."
و له ژماره‌ی 2ی ساڵی 17ی کوردستان میشنێری، فێڤرییه‌ی 1925 دیسان ئه‌و خه‌به‌ره له لایه‌ن ن.ج.لۆره‌وه دووپاته کراوه‌ته‌وه:
" به یه‌ک گه‌یشتنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی خێزان
ئێمه زۆری پێ خوشحالین دۆستانی میسیۆنه‌که‌مان ئاگادار بکه‌ین که خانمی شاڵک و دوو منداڵه‌کانی ،ئۆتتۆ و پاول ( Otto and Paul ) که له 13ی نۆڤامبری 1924 له ئه‌ڵمانه‌وه وه‌ڕێکه‌وتبوون ڕۆژی جوـعه 6ی دێسامبر گه‌یشتنه سابڵاغێ. یای شوێنهوود له‌وباره‌یه‌وه ده‌نووسێ:" ئێمه له قووڵایی دڵه‌وه به‌خێرهاتنیان ده‌که‌ین بۆ هاتنیان بۆ نێو ئاڵقه‌ی میسیۆنه‌که‌مان، ده‌بڵا خوڵا پشتیوانی هه‌موولایه‌کمان بێ ده ساڵی دادێ دا." گشت دۆستانی میسیۆنه‌که‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ستی یای شوێنهوود و ئه‌و دۆعایه‌ی له‌و قسانه‌ی له سه‌ره‌وه دا گێراماننه‌وه هاوبه‌شن."
له ژماره‌ی 4ی ساڵی 17ی کوردستان میشنێری له ئاوریلی ساڵی 1925 ڕاپۆرتێکی دوکتور شاڵک بڵاو کراوه‌ته‌وه:
" ساڵێک چالاکی نه‌پساوه‌ی میسیۆنێری له سابڵا‌غ
ئێستا که ئه‌وه خه‌ریکه ڕووداوه‌کانی ئه‌مساڵ ته‌واو ده‌بن دیسان وه‌بیرم دێنه‌وه و له گه‌ڵ ئه‌وانیش مێژووی تێکۆشانه به‌راییه‌کانی میسیۆنه‌که‌مانم لێره، له سابڵا‌غ، ئێران وه‌بیر دێته‌وه.......
کارکردن له نێو کورده‌کان له سابڵا‌غ کارکردنێکی تایبه‌تییه له نێو موسوڵمانه‌کاندا و هه‌ر بۆیه‌ش زۆر دژواره.بۆیه‌ش ده‌بێ ئاگامان له‌خۆمان بێ ڕێگا له خوڵای خۆمان نه‌گرین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی پێی باشه بیکا.
مێژووی به‌رایی
ڕه‌نگه به‌جێ بێ له سه‌ره‌تاوه به کورتی له سه‌ر مێژووی به‌رایی چالاکی میسیۆنێری له سابڵا‌غ ڕاوه‌ستین و له‌وێوه باشتر له قسه‌کانی نووسه‌ری سروودی ڕووحانی تێبگه‌ین. ئه‌گه‌ر ئه‌من هه‌ڵه‌نه‌بم، کۆمه‌ڵه‌ی پڕێبیستێری میسیۆنی ئه‌مریکایی به‌ر له ساڵی 1914 بۆ ماوه‌ی بیست یان بیست و پێنج ساڵان پشتیوانی له کرێکارانی خۆجێی ئێڤانگێلی له سابڵا‌غ کردبوو. ئه‌و چالاکییانه چ شوێنێکیان له سه‌ر کورده‌کان کردووه ئێمه پێی نازانین.
له ساڵی 1905 تا 1907 که‌شیش فۆن ئورتزه‌ن ( Pastor von Ortzen ) و هاوسه‌ره‌که‌ی له سابڵا‌غ کاریان ده‌کرد. ئه‌وان هه‌ردووکیان به تایبه‌تی له سه‌ر ئه‌وه کاریان ده‌کرد که کورده‌کان به‌ره‌و ئینجیل ڕاکێشن. خوێندکاری زمانی کوردی شه‌خسی به‌رئه‌ندامی خوداناسی (Theology) ئێمانوێل دامان (Immanual Dammenn) بوو که له‌گه‌ڵ میسیۆنێره‌کانی نێوبراوی سه‌ره‌وه کاری ده‌کرد. مه‌به‌ستی ئه‌و برا خۆشه‌ویسته لاوه ئه‌وه بوو که دوای خوێندنی زمانی کوردی،له نێو کورده‌کاندا کار بکا. به‌ڵام بیر و نه‌خشه‌ی باریته‌عالا جیاوازبوو. له ساڵی 1907 دا دامان گیانی خۆی به‌خت کرد وه‌ک یه‌که‌م شه‌هید له پێناو هێنانی ئینجیل بۆ نێو کورده‌کانی موکری. ئه‌و میسیۆنێرانه‌ی له سه‌ره‌وه دا نێویان هات سه‌ر به کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ئه‌ڵمانی بوون له پۆتسدام (Potsdam ).
بۆ ماوه‌ی نزیک چوار ساڵ کارکردن له سابڵا‌غ ڕاگیرا تا هاتنی ل.ۆ، فاسوم (L.O.Fossum)، که له ساڵی 1920 له ئێریوان مرد __ ئه‌و له ساڵی 1911 له‌گه‌ڵ دوکتور ئێدمان هات بۆ سابڵاغێ بۆ ئه‌وه‌ی چالاکییه‌کان ده‌ست پێ بکاته‌وه.شه‌ڕی جیهانی ئه‌و برایانه‌ی ناچار کرد له‌گه‌ڵ خوشکێک که دواتر هاتبووه ئه‌وێ،مێتا فۆن دێڕ شولنبێرگ (Meta Von Der Schulenburg) و یای گودهارت له ساڵی 1916 سابڵا‌غ به جێ بهێلن. ئه‌و ده‌سته‌ی میسیۆنێران، جگه له مێتا فۆن دێر شولنبێرگ نه‌بێ سه‌ر به کۆمه‌ڵه‌ی شووڕای هاوکۆیی ئێڤانگێلی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات بوون.
دوای نزیکه‌ی چوارساڵ و نێو ڕاگیرانی چالاکییه‌کان کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی هێرمانسبورگ
( The Hermannsburg Lutheran Mission Society) بڕیاری دا میسیۆنێر باشیمۆن ( Bachimont ) و هاوسه‌ره‌که‌ی بنێرێ له گه‌ڵ شوێنهوود، فاسوم **، و یای گودهارت که سه‌ر به کۆمه‌ڵه‌ی شووڕای هاوکۆیی ئێڤانگێلی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات بوون و ئه‌وان له ساڵی 1921 له سابڵا‌غ چالاکییان ده‌ست پێکرده‌وه.ئه‌و میسیۆنێره خۆشه‌ویستانه ته‌نێ ماوه‌یان پێ درا چوار مانگ له سابڵا‌غ بمێننه‌وه. دزان، گۆیا کوردی شکاک که خه‌ڵکی هه‌رێمی ورمێ، سه‌ڵماس بوون هێرشیان کرده سه‌رسابڵاغێ.باشیمۆن له پێناو ئینجیل دا گیانی خۆی دانا. ئه‌و هێزه‌ی که مابووه له‌کاتێکدا هه‌مووشتیان لێ دزرابوو، سابڵاغیان به‌جێ هێشت. قه‌ڵه‌می من له وزه‌ی دانییه ئه‌و ده‌رد و ئازاره به‌ده‌نی و ده‌روونییه بگێڕێته‌وه که ئه‌و خوشکانه له‌ده‌ست دزه‌کان چێشتییان.
داخودا ناکرێ له به‌رسێبه‌ری ئه‌و ڕاستیانه‌ی که به‌کورتی سه‌باره‌ت به مێژووی میسیۆنه‌که‌مان باسمان کرد قسه‌کانی نووسه‌ری سروودی ڕووحانی تێهه‌ڵکێش بکه‌ین؟ به‌ڵێ ده‌کرێ .................
خوڵا له پێوه‌ندی له گه‌ڵ سابڵا‌غ دا شتێکی تایبه‌تی له‌به‌رچاوگرتبوو و ئه‌وه‌ی به‌ڕێگه‌ی ناردنی کرێکاری نوێ نیشان دا. له 9ی ژانڤییه‌ی 1924 دا ئێمه شانازی ئه‌وه‌مان هه‌بوو دیسان سابڵا‌غ به ده‌سته‌وه بگرین. خودا کارێکی وای کرد ئه‌من زۆر خێرا گه‌یشتمه ئه‌و کرێکارانه‌ی له ته‌ورێز چاوه‌ڕێیان ده‌کردم و به ماوه‌یه‌کی کورت رێگه‌مان درا بێ ئه‌وه‌ی چ گرفتیکمان بێته سه‌ر ڕێ بگه‌ینه سابڵاغێ......و ئێستا شانازی ئه‌وه‌مان هه‌یه چاوێک به سه‌ر ساڵێک چالاکی بێ پسانه‌وه‌ی میسیۆنێری دا بخشێنینه‌وه. ده‌با سپاسی خوڵای بکه‌ین و شوکرانه بژێری بین.......... ئه‌وه‌ی که خودا له‌و ماهیه دا چه‌نده توانایی له ئێمه‌ئه‌ستاندووه هه‌ر تاکه‌ی خۆی ده‌بێ وڵام بداته‌وه
( به‌رده‌وام ده‌بێ )
تێبینی ن.ج، لۆر : " ** دوکتور فاسوم و خوشکه‌که‌ی ئاڵما، و یای شوێنهوود له 17ی نۆڤامبری 1919 دا ئه‌مریکایان به‌جێ هێشت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێگای ته‌ورێزیان لێ گیرابوو، ئه‌وان له ئێریوان،هه‌رمه‌نستان له چوارچێوه‌ی ده‌زگای" وه‌فریا که‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک" دا ده‌ستیان به خزمه‌ت کرد. له‌وێ که‌شیش باشیمۆن و هاوسه‌ری خه‌ڵکی ئالزاس (Alsace)ی فه‌ڕانسه له‌گه‌ڵیان که‌وتن. باشیمۆنه‌کان له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی هێرمانسبورگ ( Verien fur Lutherischen Mission von Hermannsburg) ناردرابوون. ماوه‌یه‌کی کورتی دوای ئه‌وه‌ی باشیمۆنه‌کان گه‌یشتنه ئێریوان، دوکتور فاسوم که فه‌رمانده‌ری ناوچه‌یی هێزه‌کانی وه‌فریا که‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک بوو له 10ی ئۆکتۆبری 1920 وه‌فاتی کرد (ن.ج.لۆر)"
له ژماره‌ی 5ی ساڵی 17ی کوردستان میشنێری مانگی مه‌ی 1925 دا دیسان خوێنه‌وه‌ران ئاگادار کراونه‌ته‌وه که
: " گشت پێوه‌ندییه‌کان و نامه‌کانی دوکتور و خانمی شاڵک که‌سابڵاغه‌وه بۆمان دێن به زمانی ئه‌ڵمانین و سکرێتر و خه‌زێنه‌داری پێشوومان جه‌نابی لۆر وه‌ریان ده‌گێڕێ بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیسی."
هه‌ر له‌م ژماره‌یه دا دڕێژه‌ی ڕاپۆرتی دوکتور هێرمان شاڵک که له ژماره‌ی ڕابردووی کوردستان میشنێری دا بڵاوکراوه‌ته‌وه ده‌خوێنینه‌وه. شاڵک ده‌نووسێ:
" هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵه‌وه تواناییه فه‌ردییه‌کان و به‌هره‌ی هه‌ر کام له میسیونێره‌کان که‌وته به‌ر تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی جیدی. ئێمه به زه‌حمه‌ت کاتی ئه‌وه‌مان هه‌بوو خۆمان له گه‌ڵ ئه‌و خانووه بگونجێنین که بۆ خانمه میسیۆنێره‌کانمان به کرێ گرتبوو که داوخوازی خه‌ڵک به تایبه‌تی، ئاگاداری له نه‌خۆشان، وه‌ک لافاوێک به‌سه‌رمانداهه‌ڵکشا.سه‌باره‌ت به وه‌زعی ماڵه‌که، یای شوێنهوود بۆی نووسیون.یه‌كێک له ژووره‌کان نه‌ک هه‌ر وه‌ک ژووری وه‌رگرتن و چاوه‌ڕوانی به‌ڵکوو وه‌کوو شوێنی چاولێکردن، دیوی نانخواردن و ته‌نانه‌ت کلیساش به‌کارمان ده‌هێنا.هاتنی نه‌خۆشان به لێشاو بوو، ئه‌من ئامرازی ته‌واوم له‌به‌ر ده‌ست دا نه‌بوو، به تایبه‌تی بۆ ئاماده کردنی ده‌رمان چونکوو ئه‌وان له سندووقی زۆر تێکپه‌ستاوتوو دا بوون.
عه‌مه‌لیاتی جه‌ڕاحی سه‌ره‌کی به‌تایبه‌تی ، خوێن له‌به‌رچوون له ئاکامی جموجووڵی ئاوله‌مه له‌منداڵدان دا ناچاری کردن هه‌ر له17ی ژانڤییه‌ی 1924 دوو ده‌ست خانووی دراوسێ به حه‌وشه و ئاوه‌وه وه‌ک نه‌خۆشخانه ساڵی به 240 تمه‌ن به کرێ بگرین.
جگه له یای گودهارت که وه‌ک سه‌رپه‌رست خزمه‌تی ده‌کرد،چه‌ند یارمه‌تیده‌ری خۆجێییش کاریان ده‌کرد. دواتر ئه‌من له نووسراوه‌یه‌ک دا " شته‌کان له نه‌خۆشخانه‌ی ئێمه‌دا چۆن ده‌کرێن" باسی ستافی نه‌خۆشخانه‌که‌تان بۆ ده‌نووسم. ئه‌و ووتاره وێنه و ژیاننامه‌یه‌کی کورتی هه‌رکام له کڕیکارانی له‌گه‌ڵ ده‌بێ.ئێستا ته‌نێ ئاماژه به نێوه‌کانیان ده‌که‌م.
عه‌بدولخاله‌قی کورد و ژنه‌که‌ی که دوومنداڵیان هه‌یه وه‌ک پاشماڵه و ژنه‌که‌ی وه‌ک شیوکه‌ر کار ده‌که‌ن.
عه‌لی ئێرانی، ژن، و منداڵێکی هه‌یه، وه‌ک ده‌رکه‌وانه و به‌سه‌ر شۆرگه‌کان ڕاده‌گا.
میرزای کورد، ژن، و منداڵێکی هه‌یه، و به‌رپرسیاری شت کڕینه.
جه‌واد موعته‌میدی کورد، کوڕی "ڕوحانییه‌کی" موسوڵمانه و وه‌ک نێرس (نه‌خۆشه‌وان)ی پیاو کار ده‌کا.
ئێسته‌ری هه‌رمه‌نی، وه‌ک نێرس کار ده‌کا.
عه‌زیزی هه‌رمه‌نی، ژن و دوومنداڵی هه‌یه وه‌ک چێشت لێنه‌ر کار ده‌کا.
واسی هه‌رمه‌نی وه‌ک خزمه‌تکاری ژن کار ده‌کا.
له‌گه‌ڵ ئه‌و یارمه‌تیده‌ره خۆجێییانه ئێمه له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوو دا شادی و ناخۆشیمان به‌ش کرد. باس کردنی ئه‌وکارکه‌ره خۆجێییانه، چ ئه‌وانه‌ی ئاگاداری له نه‌خۆشان ده‌که‌ن ، یان ئه‌وانه‌ی کاری نێو ماڵێ ده‌که‌ن هه‌تا بڵێی ئه‌رکێکی دژواره. زۆر له‌وانه‌ی بێ وه‌فا و جێی باوه‌ڕ نه‌بوون له سه‌ر کار لادران و که‌سانی دیکه جێیان گرتنه‌وه. به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که جواب ده‌کرێن به‌ته‌واوی ده‌ست له ئێمه هه‌ڵناگرن.پێوه‌ندی دۆستانه‌یان هه‌رله‌گه‌ڵ ده‌پارێزین، سه‌رمان ده‌ده‌ن و سه‌ریان لێ ده‌ده‌ین.
کاری یارمه‌تیدان و ته‌داوی نه‌خۆشان له ماوه‌ی سه‌فه‌ر چل ڕۆژه‌مان بۆ ورمێ، که‌لاخوێ، که‌لاماکێ، مه‌ره‌ند و ته‌ورێز،که له‌وێوه گه‌ڕاینه‌وه سابڵاغێ، هێندێک چه‌تی تێکه‌وت.سه‌ردانی نه‌خۆشان و سه‌فه‌رکردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاری و لادێیان منی ناچار کرد داوا له به‌ڕێوه‌به‌ریی بکه‌م ڕێگه بدا ئاسیستانێکی خۆجێیی له‌به‌ر کار بنێم. به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌و داوخوازه‌ی په‌سند کرد ، و ئه‌من له‌و باره‌یه‌وه زۆر سپاستان ده‌که‌م.کاتێک مرۆ ده‌چێته لای دوکتور ئه‌وه پێویستییه‌کی بنه‌ڕه‌تییه که نابێ هیچ هه‌ڵه‌یه‌ک بکرێ.
جگه له ئاگاداری له نه‌خۆشان وله‌که‌سان، ئێمه ده‌بوو دۆعاخوانی و نزای یه‌کشه‌مۆیان دامه‌زرێنینه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یای ئه‌ندرسۆن ڕاپۆرتێکی کورتتان سه‌باره‌ت به کاری وه‌عزدان وبانگه‌شه‌ی ئینجیلی بۆ ده‌نێرێ، لێره دا به پێویست نابینم ئه‌من ورده ڕیشاڵی باس بکه‌م.
وه‌کوو سێیه‌م لکی چالاکییه‌کانمان ده‌کرێ ئاماژه بکه‌ین به ده‌ستپێکردنی به‌کاوه‌خۆی مه‌دره‌سه‌یه‌ک. سه‌باره‌ت به‌و به‌شه، یای شوێنهوود، که سه‌رپه‌رستی ده‌کا ڕاپۆرتتان بۆ ده‌نێرێ.
ئه‌مه‌ی له خواره‌وه دا دێ ئه‌ژمارێکی کورته سه‌باره‌ت به‌و کارانه‌ی که له‌ماوه‌ی ساڵی 1924 دا بۆ نه‌خۆشان کراوه.
ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌یان کردووه 114که‌س
ئه‌وه‌نده‌ڕۆژ وئه‌وه‌نده‌ی موداوا کراون 2034 ڕۆژ
ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی موداوا کراون
ئا – جینس و ته‌مه‌ن : پیاو 48، ژن 46، کچ 13 ، کوڕ 7 به گشتی 114
ب – له‌رووی دینینه‌وه: کوردی سوننی 80، شیعه‌ی ئێرانی 24، مه‌سیحی 9، جووله‌که 11، به‌گشتی 124
پ- جه‌ڕاحی سه‌ره‌کی 19 ، جه‌ڕاحی سووک 224. به‌گشتی 243 جه‌ڕاحی .............."
به دوای ئه‌وه دا دوکتور شاڵک یه‌ک به‌یه‌ک نێوی نه‌خوشییه‌کان و عه‌مه‌له‌جه‌ڕاحی سه‌ره‌کی و سووکه‌کان و ئه‌وه‌ی که هه‌رکامیان له‌وساڵه دا چه‌ند جار کراون ریز کردووه.
له‌ژماره‌ی 6ی ساڵی 17ی کوردستان میشنێری مانگی ژووه‌نی 1925 درێژه و دوایین به‌شی ڕاپۆرتی دوکتور شاڵک بڵاو کراوه‌ته‌وه:
" ئه‌وه‌نده دراوه‌ی که له ماوه‌ی ساڵ دا بۆ عه‌مه‌له جه‌ڕاحییه‌کان، ده‌رمان و ته‌ماشا کردن وه‌رگیراوه __ به‌داخه‌وه ئه‌وانه‌ی موعایه‌نه کراون دراویان نه‌داوه _ 771815 قڕان که ده‌کاته 720 دۆڵار خه‌رج و مخاریج ( مووچه‌ی کارکه‌رانی تێدانییه)
ئا. که‌لوپه‌لی نه‌خۆشخانه
ب. ژووری عه‌مه‌ل
پ. کرێ کردن بۆ نه‌خۆشخانه
ت. ده‌رمان
ج. ئاگاداری له نه‌خۆش
چ. ته‌عمیرات
خ. کڕینی ئه‌سپ
هه‌مووی 1701190 قڕان
له ئاکامدا له‌وانه‌یه له پێوه‌ندی له گه‌ڵ کار کردن بۆ نه‌خۆشان پرسیار بکرێ: داخودا ئێمه وه‌ک میسیۆنێکی ده‌رمانی له سابڵا‌غ له شوێنێکین که جێی خۆیه‌تی؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیاره به بێ له‌به‌رچاوگرتنی مه‌به‌ست و ئامانجی کاری میسیۆنێری بکرێ ، و ته‌نێ وه‌کوو کارێکی پیشه‌یی له‌به‌ر چاو بگیرێ وڵامه‌که‌ی به گردبڕی نایه.
سابڵا‌غ به ژماره‌ی دانیشتووانی ئێستایه‌وه که به‌ته‌خمین به 7500 که‌س داده‌ندرێ چوار دوکتوری په‌روه‌رده دیتووی هه‌یه ( دوو هه‌رمه‌نی خه‌ڵکی ڕووسییه، که یه‌کیان جه‌ڕاحه، و دوو دوکتوری سریانی). جگه له‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه دا باس کران زۆره حه‌کیمی هه‌ڕه‌مه‌کیش هه‌ن، به تایبه‌تی له نێو مه‌لا و سه‌یده‌کان دا ( ده‌گوترێ ئه‌وانه‌ی دوایی له تۆره‌مه‌ی پێغه‌مبه‌رن) که زۆر به گه‌رمه سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشین. ئه‌وانه‌ی ده‌سته‌ی یه‌که‌م پێیان وایه ئه‌من هاتووم جێیان پێ لێژ که‌م.چونکوو، به‌تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌من جگه له کاره‌که‌م وه‌کوو دوکتورێک جار جار وه‌عزیش ده‌که‌م زۆر جار ئه‌وان ده‌ڵێن: " به‌ڕاستیش هێشتا باوه‌ڕ ده‌که‌ن ئه‌و دوکتور بێ؟"، " چۆن دوکتورێک ده‌توانێ وه‌عز دادا؟"، " مه‌گه‌ر نازانن ئه‌و هه‌ر که‌شیشه؟" " ئه‌و به‌گردبڕی هیچ زانستێکی نییه سه‌باره‌ت به‌و ده‌رمانه‌ی ئاماده‌ی ده‌کا"."له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وحه‌قده‌ستێکی زۆر که‌م وه‌رده‌گرێ،ئه‌و ده‌رمانانه‌ی ده‌یدا به خه‌ڵکی هیچ بایه‌خیان نییه" و له‌و جۆره قسانه.دیاره ته‌بیعییه ئه‌و جۆره قسانه کارتێکه‌ری له سه‌ر کوردان هه‌بێ،به‌تایبه‌تی له به‌رئه‌وه‌ش لێره دۆژمنه‌کانی ئێمه پێیان ده‌ڵێن که ئه‌من ده‌مه‌وێ هه‌موو کورده‌کان کافر که‌م (بکه‌مه مه‌سیحی). به‌ڵام ئێمه زۆر گوێ ناده‌ینێ و به‌وه دڵمان خۆشه دواجار ڕاستی سه‌رده‌که‌وێ. زۆر له کوردان دووره‌په‌رێزیمان لێ ده‌که‌ن،به‌ڵێ ته‌نانه‌ت له‌به‌رمان هه‌ڵدێن تا ئه‌و وه‌خته‌ی که پێویستییان به کار و خزمه‌تی ئێمه ده‌بێ، کاتێک هیچ سه‌یدێک یان مه‌لایه‌ک یان دوکتورێکی دیکه نه‌یتوانی یارمه‌تییان بدا و چاکیان کاته‌وه، ئه‌وجار وه‌کوو دواین چاره رووی له ئێمه ده‌که‌ن و دێنه لامان.به‌داخه‌وه زۆر جار هاتنیان زۆر دره‌نگه، به تایبه‌تی ئه‌و ژنانه‌ی دووگیانن وله‌سه‌ر مانگ و ڕۆژی خۆیانن.خه‌ڵکی نه‌داری نه‌خۆش به دڵنیاییه‌وه ده‌زانن ئێمه ده‌ست به‌سینگیانه‌وه نانێین به‌ڵکوو به دۆستانه وه‌رده‌گیرێن و به‌خۆڕایی چاره‌سه‌ر ده‌کرێن ته‌نانه‌ت له نه‌خۆشخانه‌ش ده‌خسترێن.ئه‌وان به ژماره‌ی زۆر دێنه‌لامان، ئه‌و دوکتوره ڕێزدارانه! مێهره‌وانی ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن که نه‌خۆشه ده‌سته‌نگ و نه‌داره‌کان بنێرنه لای ئێمه.به‌داخه‌وه کاتێک ئێمه نیوه‌ی حه‌قده‌ست له خه‌ڵکی ده‌وڵه‌مه‌ند داوا ده‌که‌ین ئه‌وه‌یان پێ کرده‌وه‌یه‌کی نامێهره‌وانانه‌یه و تکا ده‌که‌ن به خۆڕایی موداوا بکرێن و هیچیان لێ نه‌ستێنین.
به‌و شتانه‌ی وا له سه‌ره‌وه دا ئاماژه‌مان پێکردن ئێوه بۆتان ڕوون ده‌بێته‌وه بۆچی له‌وه دا به‌حه‌قین که پێمان وایه ئێمه ده‌بێ درێژه بده‌ین به چالاکییه‌کانمان له سابڵاغێ. ئێمه به‌ته‌واوی و بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا باوه‌ڕیمان به‌و ڕاستییه هه‌یه.ئه‌گه‌ر ئامراز و که‌لوپه‌لی پێویستمان هه‌بووبایه خودا ده‌زانێ هه‌تا ئێستا ده‌مانتوانێ چه‌نده خه‌ڵکی نه‌خۆش وه‌رگرین و چاره‌سه‌ریان که‌ین! جا بۆیه زۆر گرینگه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کرێ باربوومان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چالاکی ده‌رمانی زیاتر پێش بخه‌ین.
ئێستا به‌کورتی باسی سابڵاغتان بۆ ده‌که‌م. سابڵا‌غ شارۆچکه‌یه‌کی ته‌واو و ساف کوردییه و نێوه‌ندی کورده موکرییه‌کانه، که ژماره‌یان به 50000 که‌س ته‌خمین ده‌کرێ. زنجیره‌ی کێوان به‌ته‌واوی ئه‌و شاره‌ی ده‌وره‌داوه.چۆمێک له سنووره‌کانی ڕۆژئاوای شارییه‌وه دێ و به ئاڕاسته‌ی سه‌رووی ڕۆژهه‌لاتی دا تێده‌په‌ڕێ. باغه‌کانی سابڵا‌غ له ده‌ورو به‌ری چۆمی هه‌ڵکه‌وتوون. دانیشتووانی سابڵا‌غ به‌ر له‌شه‌ڕ 15000 که‌س بوون. ئێستا نیوه‌ی ئه‌م ژماره‌یه‌ی تێدا ده‌ژی. له جه‌نگه‌ی شه‌ڕ دا شاره‌که و دانیشتووانی به‌ده‌ستی ترکه‌کان، ڕووسه‌کان و عه‌شیره‌ته کورده دزه‌کان ئازار و سه‌ده‌مه‌یه‌کی زۆریان پێگه‌یشت.ئێستا هه‌ژاری و نه‌داری زۆر به‌زه‌قی به‌ده‌ره‌وه‌یه. هیچ دراوێک ده‌ستاوده‌ستی پێ ناکرێ. دێیه‌کانی ده‌وروبه‌ریشی که ژماره‌یان نزیکه‌ی 300 ئاوه‌دانییه له‌به‌ر هێرش و ده‌ستدرێژییه‌کان سه‌ده‌مه‌یه‌کی زۆریان وێکه‌وتووه‌زۆر له دێیه‌کان، بۆ نموونه ئیندرقاش * به‌ته‌واوی کاول کراون.مرۆ ناتوانێ ئه‌و فکره له سه‌ر خۆی بڕه‌وێنێته‌وه که به‌تایبه‌تی ئه‌و دێیه‌ی دوایی تووکی لێکرابێ و به له‌عنه‌ت کرابێ. ئه‌و شاره به زوویی وه‌ک نێوه‌ندێکی بازرگانی ده‌بووژێته‌وه، و ئه‌وه‌ش به کشت وکاڵ و مه‌ڕداری به‌هێزتر ده‌کرێ.
له‌ڕوانگه‌ی میسیۆنێرێکه‌وه، سابڵا‌غ هه‌تا بڵێی جێیه‌کی باش و ده‌گمه‌نه وه‌ک نێوه‌ندی چالاکی میسیۆنێری. مرۆ ده‌توانێ لێره‌وه به هاسانی بگاته زۆر له دێیه‌کان، به تایبه‌تی ئه‌و شوێنانه‌ی بازاریان هه‌یه، و له نێو ئه‌وانه‌دا ده‌کرێ به ئه‌وانی گه‌وره‌تری وه‌ک ماکۆ، بۆکان، سه‌رده‌شت، سه‌قز و جێگای دیکه ئاماژه بکرێ که له هه‌موویان دا ده‌بێ پێگه‌ی کاری میسیۆنێری دابندرێ.
سه‌باره‌ت به ئێران به‌گشتی ، ده‌کرێ ئه‌وانه‌ی خواره‌وه له‌م ڕاپۆرته زیاد بکه‌م.
ئێران له ماوه‌ی دووساڵی ڕابردوو دا له پێشکه‌وتن دابووه و له خه‌وی سیاسی ڕاپه‌ڕیوه و ووشیار بووه‌ته‌وه. ئوڕووپاییه‌کان به‌وه ده‌زانن، به تایبه‌تی هێزه میسیۆنێرییه‌کان که زۆر جار ئێمه هه‌ست به‌وه ده‌که‌ین. بۆ ماوه‌یه‌ک پێش له‌من گیرا درێژه به کاری حه‌کیمی بده‌م ته‌نانه‌ت له لایه‌ن فه‌رمانده‌ری نیزامییه‌وه تا ئه‌وه‌ی که ئێزننامه‌م له تارانه‌وه گه‌یشتێ. به دیپڵۆمه‌یه‌کی زۆر جوانه‌وه ئیزنم درایه له سه‌رتاسه‌ری ئێران دا کار بکه‌م. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، جێگای داخه کاربه‌دستانی ناوچه‌ییش بۆیان هه‌یه ئیزنی کاری ده‌رمانی و پژیشکی بده‌ن، که به‌تایبه‌تی ئه‌و جۆره ئێجازه‌یه ده‌ده‌ن به دوکتوری ساخته‌ی (heilfagian) ڕووسی.
زۆر جار ئه‌من به سیخورێک داده‌ندرێم که له‌خزمه‌ت ئینگلیستان دابم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ئیزنمان درابوو له ماوه‌ی هاوینێ دا چه‌ند حه‌وتوویه‌ک له هه‌رێمی کوێستانی دراوسێی شاری دا تێپه‌ڕێنین، له‌پڕ، به بێ ئه‌وه‌ی، هیچ تیزمان دابن، فه‌رمان درا له ماوه‌ی چه‌ند ده‌قیقاندا چادره‌کانمان کۆ که‌ینه‌وه و بگه‌ڕێینه‌وه شاری. ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌که‌ین، سه‌ربازان دێن و له چیا دامان ده‌گرن. بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ و هێشتاش ئیزنی ئه‌وه‌یان نه‌داوه سه‌ری لادێیه‌کان بده‌ین.ده‌سته‌ڵاتی ئیسلام لێره‌ش چاوه‌دێری ده‌کا. ته‌بیعه‌ییه ئێمه ناتوانین به‌ئه‌رته‌ش و تواناوه له گه‌ڵ ئه‌م هێزه ڕووبه‌ڕوو ببین، بۆیه ئێمه پشت ده‌به‌ستین به ده‌سته‌به‌ری به‌رز و به‌شکۆی خوڵای. لێره‌ش دا خوڵای گه‌وره ده‌بێ بناخه‌ی خانوو دابنێ.
ئه‌گه‌ر بێگانان بیانه‌وێ مه‌دره‌سه‌یه‌ک بکه‌نه‌وه به‌تایبه‌تی فێرگه‌یه‌کی میسیۆنی کاربه‌ده‌ستان داوخوازی و شه‌رتی زۆر توندیان له سه‌ر داده‌نێن. یه‌ک له شه‌رته‌کانیان ئه‌وه‌یه که ده‌رسی دینی ئیسلامیان هه‌بێ و له نزیکه‌وه کۆنتڕۆڵێکی ته‌واویان به سه‌ر ده‌رس دادانه‌که‌دا هه‌بێ. ئێمه به‌وه دڵخۆشی خۆمان ده‌ده‌ینه‌وه که" ئه‌وه خوڵایه به‌رپرسیاره‌تی له سه‌رشانه." ئێمه سپاسی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵه‌که‌مان و به‌تایبه‌تی زۆر سپاسی دۆستانی میسیۆنه‌که‌مان له وڵات ده‌که‌ین که به‌تایبه‌تی له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی ڕابردوو دا به ڕێکوپێکی و به کاتی خۆی ئه‌وه‌نده‌مان دراو به‌ده‌ست گه‌یشتووه که کاره‌که‌مانی پێ ڕاپه‌ڕێنین. به‌تایبه‌تی به‌وه‌خت گه‌یشتنی دراو، له‌سایه‌ی خوڵایدا، زۆر نیگه‌رانی و دڵپه‌شێوی ئێمه‌ی ڕه‌وانده‌وه.
ماوه‌یه‌کی کورت به‌ر له ته‌واو بوونی ساڵ ئێمه توانیمان ئه‌و پارچه زه‌وییه به 300 تمه‌ن بکڕین که پێوه‌ین خانووی نه‌خۆشخانه‌ی لێ دروست که‌ین. نه‌ده‌کرا ئه‌و ده‌رفه‌ته له ده‌ست خۆمان بده‌ین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چۆم به به‌ر ئه‌و شوێنه‌دا ده‌ڕوا، به‌ڵکوو بتوانین به تێپه‌ڕینی زه‌مان به که‌لکوه‌رگرتن له ئاو، ڕووناکایی ئێلێکتریکی خۆمان دابین بکه‌ین. ئه‌گه‌ر ئێمه بکرێ به‌رق به‌کاربهێنین ، ئه‌و ده‌می ده‌کرێ له ئامرازی تیشکی X یش بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئێلێکتریکی نه‌خۆشه پێستییه‌کانیش که‌لک وه‌ربگرین. ئێمه هێشتا پێویستیمان به 1200 دۆڵار هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پاشماوه‌ی قیمه‌تی مڵکه‌که بده‌ین.
ئه‌من له دوایین نامه‌ی خۆمدا بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پێویستییه ده‌ستبه‌جێکانی کۆمه‌ڵه‌که‌م باس کردبوو.
ئێوه ئاگادار کراون که هاوسه‌ر و منداڵه‌کانم، ساڵی ڕابردوو گه‌یشتنه سابڵاغێ.
ئێمه له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری، له سێکرێتێره‌کانی پێگه‌کان و له گشت دۆستانی میسیۆنه‌که‌مان به‌وپه‌ڕی دڵنه‌زمییه‌وه داوای لێبوردن ده‌که‌ین که نه‌مانتوانی له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوو دا ڕاپۆرتی چاوڕاکێش سه‌باره‌ت به کار و چالاکییه‌کانی خۆمان بنێرین. چونکوو زۆر شت به ناردنی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه. به ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی کاره‌کانمان له هه‌لومه‌رجێکدا که گۆڕانه دژواره‌کانی شه‌ڕ هێنابوویه پێشێ، ئیحتیا‌ت و له‌سه‌ره‌خۆیی پێویست بوو و زۆرجار پێویستی به بێده‌نگی هه‌بوو.
له ماوه‌ی ساڵی دادێ دائێمه چاوه‌ڕوانی پشتیوانی زیاتری خوڵای ده‌که‌ین. زۆر وێده‌چێ بتوانین ڕاپۆرتی باشتر وهه‌موولایه‌نه‌ترتان بۆ بنێرین.
له کۆتاییدا ئێمه پشت به ته‌وه‌کولی خوڵای ده‌به‌ستین...... باشه ئێوه له ماڵێ و له‌وڵات به‌چ شێوه‌یه‌ک یارمه‌تی ئێمه ده‌که‌ن؟ هه‌ر کامێک له ئێوه وڵامی ئه‌م پرسیاره له‌به‌ر خۆی بداته‌وه.ئێمه پێویستیمان به دراو هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌کانمان پێش بخه‌ین. ده‌بێ پێگه‌ی تازه بکرێنه‌وه.ئێمه ده‌بێ سابڵا‌غ به‌ره‌وپێش به‌رین. ئێمه پێویستیمان به پۆلی کلینیکێک هه‌یه له نێوه‌ڕاستی شاریدا؛ نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی شاری،شوێنێک بۆ حاوانه‌وه و ژیانی نێرسه‌کانمان و ماڵێک بۆ سه‌ر دوکتوره‌که‌مان.ئه‌و خانووبه‌ره خۆجێییانه‌ی که به‌شێوه‌یه‌کی زۆر دواکه‌وتووانه دروست کراون و به‌کاریان ده‌هێنین و هه‌روه‌ها کرێی گرانیان ناچارمان ده‌کا هه‌رچی زووتر خۆمان خانوو دروست که‌ین.
ڕێگام بده‌ن به ته‌خمین ئه‌و خه‌رج و مخاریجه‌ی له‌و باره‌یه‌وه ده‌بێ بیکه‌ین له خواره‌وه دا پێشکێش بکه‌م:
خانووبه‌ره‌ی نه‌خۆشخانه 12 تا 15 هه‌زار تمه‌ن
ماڵی نه‌خۆشه‌وانان 5 هه‌زار تمه‌ن
ماڵی سه‌ر دوکتور 5 هه‌زار تمه‌ن
پۆلی کلینیکێک 2500 تا 5 هه‌زار تمه‌ن
بڵێی کێ ئه‌و خه‌رجانه‌مان بۆ دابین بکا؟ له کوێن ئه‌و براو خوشکانه‌ی که ئاماده‌نه هه‌نگاو بنێنه نێو ریزی ئێمه‌وه؟
ده‌بڵا خوڵای گه‌وره هه‌تا دێ زیاتر و زیاتر به‌رپرسیاره‌تی کاری خۆی وه‌ئه‌ستۆ بگرێ بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌ن ئێمه هیچ هه‌ڵه‌یه‌ک نه‌کرێ و سێ میلیۆن و نیو کورد، که به ئێمه ئه‌سپێردراون باوه‌ش له ئینجیلی ڕزگاریده‌ری له‌خاچدراو
و پشتیوانی ڕوحی پیرۆز وه‌رێنن.
دڵسوزتان له خزمه‌تی عیسای دا
هێرمان شاڵک، دوکتوری پژیشک
* ڕه‌نگه له به‌ر ئه‌وه‌ی بێ که بکوژانی دامان له‌ودێیه‌وه هاتبوون ( ئێدیتۆر) "
هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌ی کوردستان میشنێری دا شه‌رحی سه‌فه‌ری خانمی هێدڤیگ شاڵک (Hedvig Schalk ) و منداڵه‌کانی له ئه‌ڵمانه‌وه بۆ سابڵا‌غ به قه‌ڵه‌می خۆی بڵاو کراوه‌ته‌وه. له‌و سه‌فه‌رنامه‌یه‌دا هێدڤیگ شاڵک ورده‌رێشاڵی سه‌فه‌ره‌که‌ی خۆی بۆ سابڵاغێ به ڕێگای شووڕه‌وی دا باس ده‌کا: " ئه‌من ئێستا ئه‌وه هه‌شت حه‌وتووه له سابڵاغم، زۆر جار ئه‌وه وه‌ک خه‌ون دێته پێش چاوم. ئه‌من هه‌ر چاوه‌ڕێی ئه‌و سه‌فه‌ره پڕ خرپه‌یه‌م ده‌کرد، گه‌رچی پێم خۆش بوو، به‌ڵام لێشی ده‌ترسام _ چونکوو ده‌بوو به ته‌نێ سه‌فه‌ر بکه‌م _ به‌ڵام ئیدی چوو و ڕابڕد. ئه‌من به خۆشحاڵییه‌وه چاوه‌ڕێ بووم له گه‌ڵ یای داڵ (Miss Dahl ) سه‌فه‌ر بکه‌م به‌ڵام، ئه‌و هه‌ر نه‌گه‌یشتی. .........................
له سه‌رتاسه‌ری ئۆکراین دا ئێمه به هه‌رێمێکی زۆر جوان‌دا تێپه‌ڕین که هه‌مووی به‌فر دایگرتبوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌س نه‌بوو قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌م به‌ڵام سه‌فه‌ره‌که‌م پێ درێژ نه‌بوو. زۆر شت هه‌بوون ببیندرێن و زۆر پرسیاری دووکوڕه بزۆزه‌که‌م هه‌بوون که ده‌بوو وڵام بدرێنه‌وه. شتی هه‌ره سه‌یر به‌لای ئه‌وانه‌وه ئه‌وه بوو که‌س نه‌بوو زمانی ئه‌ڵمانی بزانێ.ته‌نێ بۆ ماوه‌یه‌کی کورت ڕووسێکمان له گه‌ڵ بوو که زمانی ئه‌ڵمانی ده‌زانی، که ئه‌منی له پرسیاری زۆر قێزه‌وه‌ن گرتبوو و باسی بارودۆخی ئه‌ڵمانی لێ ده‌پرسیم، ئه‌من خۆم له وڵامدانه‌وه‌ی ده‌دزییه‌وه و ئه‌ویش خۆی هه‌ڵده‌کێشا و ده‌یگوت زانیارییه‌کی زۆری له سه‌ر ئه‌ڵمان هه‌یه. ئه‌و چوار ساڵ له لایپزیک (Leipzig) و شاره‌کانی دیکه‌ی ئه‌ڵمان خوێندبووی، و ده‌یگوت ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ی که ڕۆزا لوکسامبورگ (Rosa Luxemburg ) [ تێبینی: کوردستان میشنێری ئه‌و نێوه‌ی به هه‌ڵه نووسیوه Lusenburg – حه‌سه‌نی قازی] له بێرڵین تێڕۆڕ کراوه له‌وێ بووه‌و قسه‌ی دیکه، بۆ ئه‌وه‌ی له کۆڵ خۆمی که‌مه‌وه پێم گوت سیاسه‌ت کاری پیاوانه، و ژنان تا ئه‌وجێیه‌ی پێیان ده‌کرێ نابێ توخوونی که‌ونه‌وه.زۆرم پێ‌خۆش‌بوو که دوای ماوه‌یه‌ک دابه‌زی. زۆر شوکرانه بژێری خوڵای بووم که له چنگ ئه‌و تاکه به‌پرسیار و مڵوزمه ڕزگاریم بوو....................
ئێمه سه‌عات یه‌کی نیوه‌ڕۆی 5ی دیسامبر [1924] گه‌یشتینه مه‌قسه‌د له سابڵا‌غ.یای شوێنهوود و یای ئه‌ندرسۆن زۆر به گه‌رمی به‌خێرهاتنیان کردین..........
سڵاوێکی پڕ له مێهر بۆ هه‌موو دۆستانی خۆشه‌ویستی میسیۆن
__ هێدڤیگ شاڵک "
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 7ی ساڵی 17، مانگی ژووییه‌ی 1925 دا وێنه‌یه‌کی دوکتور شاڵکی بڵاو کردووه‌ته‌وه و ئه‌م بابه‌ته‌شی له‌گه‌ڵ بڵاو کردووه‌ته‌وه:
" چوارشه‌مۆ، 22ی ژووییه‌ی 1925
دوکتور شاڵک و بنه‌ماڵه‌که‌ی
دوکتور شاڵک به‌رپرسی کاری ده‌رمانی ئێمه‌یه له سابڵا‌غ. له ساڵی 1924 دا دوکتور شاڵک 3581 نه‌خۆشی دیوه، که له‌نێو ئه‌واندا 80 که‌سیان ئه‌فسه‌ری ئێرانی بوون. ئه‌و هه‌ر وه‌ها 119 عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی سه‌ره‌کی و 224 عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی سووکی کردووه و 114 نه‌خۆشی له نه‌خۆشخانه له سابڵا‌غ وه‌رگرتووه. ئه‌و هه‌موو کاره گه‌ورانه باوه‌کوو ئامراز و که‌لوپه‌لی له‌بارو پێویستی له‌به‌رده‌ست دانه‌بووه کراون. ئێمه سپاسی خوڵای ده‌که‌ین بۆ هه‌بوونی پیاوی وه‌ک دوکتور شاڵک و له خوڵای ده‌پاڕێینه‌وه پشتیوانی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی بێ."
له‌ژماره‌ی 11ی ساڵی 17ی مانگی نۆڤامبری 1925 دا نامه‌یه‌کی دوکتور شاڵک که له به‌رواری 27ی ئووتی 1925 له سابڵاغه‌وه له بن سه‌رنووسی " ئێمه ده‌بێ چ بکه‌ین؟ " نووسیویه بڵاو کراوه‌ته‌وه. کورته‌یه‌ک له چلۆنایه‌تی هێنانی ئامراز و که‌لوپه‌لی پژیشکی له ئه‌ڵمانه‌وه تاسابڵاغ له کۆتاییه‌کانی ساڵی 1923 دا باس کردووه و به‌سه‌رهاتی هێندێک له نه‌خۆشه‌کانی خۆی نووسیوه: " ........ له‌گه‌ڵ ئه‌م نامه‌یه دا وێنه‌ی دوو له نه‌خۆشه‌کانم ده‌نێرم [ به داخه‌وه وێنه‌که له‌م ژماره‌یه‌ی کوردستان میشنێری دا بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه- حه‌سه‌نی قازی ] ئه‌وه‌ی که له لای ڕاست دانیشتووه تاجرێکی خه‌ڵکی سابڵاغه که زۆر پیس گیرۆده‌ی تریاک کێشان بوو. ئه‌و تا ئه‌و کاته‌ی نه‌هاته نه‌خۆشخانه‌ی میسیۆن هیچ یارمه‌تی نه‌درابوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵایه‌ی له کۆڵ بێته‌وه.ئه‌وی چواره‌میان ده‌رکه‌وانی ئێمه‌یه که هێشتا حه‌وڵ ده‌دا ته‌رکی کا. وێنه‌ی دیکه‌شتان بۆ ده‌نێرم. ئه‌وه پشتیوانییه‌کی گه‌وره‌یه ئه‌و کۆیلانه له‌و به‌ڵا گه‌وره‌یه‌ی تووشی هاتوون ڕزگار بکرێن. ته‌واو ئاشکرایه تریاک کێشان ده‌توانێ نه‌ته‌وه‌ی ئێران له نێو به‌رێ ئه‌گه‌ر حکوومه‌تی ئێران هه‌نگاو هه‌ڵنه‌هێنێته‌وه بۆ پێشگیری لێ کردنێ. له هێندێک له هه‌رێمه‌کان دا واده‌رده‌که‌وێ گشت دانیشتووانی خوویان به تریاک کێشان گرتبێ. مرۆ به دیتنی ئه‌و قوربانییانه غه‌م دای ده‌گرێ. ئه‌و که‌سه‌ی له نێوه‌ڕاست دا ده‌بیندرێ، مه‌لای دێیه‌که و که‌گه‌یاندیانه لای ئێمه له سه‌ره مه‌رگ دابوو. له به‌ر زۆر کێشان تووشی زگ ئێشه و دڵ ئێشه هاتبوو، به ته‌واوی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌که‌مان کرد. ئه‌و پیاوه قه‌ت ئێمه له بیر ناکا. ئه‌وی دیکه‌یان فه‌قێ واته ته‌له‌به‌ی زانستی دینییه.
سه‌عاته ڕێیه‌ک لێره‌وه ده‌رگای به‌شه‌کانی باکووری کوردستان به‌ڕووی ئێمه‌دا ده‌کرێته‌وه، له ناوچه‌کانی خوارووشه‌وه نامه‌مان بۆ ده‌نێرن و داوخوازی یارمه‌تیمان لێ ده‌که‌ن. ئێستا یای گودهارتمان به‌ره‌و باشوور، ناردووه بۆ سه‌رده‌شت که لێره‌وه سێ ڕۆژه ڕێیه. ئێمه جارێک ڕامانگه‌یاندبوو سه‌ردانی دێیه‌کانمان لێ قه‌ده‌غه‌یه. به‌ڵام ئێستا ئیزنمان وه‌رگرتووه. که‌س ناوێرێ ده‌ست له کاروبارمان وه‌ردا و چه‌تیان تێ خا.
له سابڵاغه‌وه وه‌ک نێوه‌ندی چالاکییه‌کانمان ده‌بێ سه‌ری شنۆ به‌ره‌و باکوور، بۆکان به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات و، سه‌رده‌شت به‌ره‌و باشوور بده‌ین. پێویستیمان به دوکتورێکی دیکه هه‌یه، که‌شیشێکی دیکه، و به‌لانی که‌مه‌وه دوو خانمی دیکه، بۆ ئه‌وه‌ی کاتێک ئێمه لێره‌وه ده‌چینه سه‌ردانی شوێنی دیکه نابێ کاره‌کانی پێگه‌ی سه‌ره‌کیمان ڕابوه‌ستێ.
به‌ڵام دۆستانی خۆشه‌ویستی میسیۆن، بۆ گشت ئه‌وانه حه‌وجێمان به دۆعای ئێوه و یارمه‌تی زیاتری ئێوه هه‌یه. ئه‌گه‌ر بونیه‌ی ماڵیمان به‌هێز نه‌کرێ ناتوانین له نه‌خۆشخانه نه‌خۆش وه‌رگرین و له‌وێ بیانخه‌ین.ئێستا ئێمه ده فکر که‌وتووین نه‌خۆشخانه‌که‌مان داخه‌ین.به بێ دراو ناتوانین چه‌رخی کاری ده‌رمانگه‌یه‌که‌مان بگێڕین چونکوو پێویستمان به ده‌رمانه. ئێستا که دوای پشوویه‌کی کورت ده‌ست به‌کار ده‌بینه‌وه نازانین چ بکه‌ین؟ ئه‌م پرسیاره ده‌خه‌ینه به‌ر ده‌م ئێوه دۆستانی ئازیزی میسیۆن.
له 1ی فێڤرییه‌ی 1926 ئه‌و خانووبه‌ره‌یه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی تێدایه ده‌بێ دیسان به‌کرێ بگیرێته‌وه. باشه ئه‌گه‌ر دراومان نه‌بێ چۆن ده‌توانین ئه‌وه بکه‌ین؟ ئێمه جارێ پێوه‌نین خۆمان خانوو دروست که‌ین، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و قوڕه‌کارییه‌ی که ده‌ستمان پێکردووه ته‌واوی که‌ین.بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و کاره ئێمه به‌لانی که‌مه‌وه مانگانه پێویستیمان به بوودجه‌یه‌کی هه‌زار دۆڵاریی هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌و بودجه‌یه دابین نه‌که‌ین ناچار ده‌بین کاره‌مان ڕاگرین، چونکوو چی دی ناتوانین قه‌رز بکه‌ین.بۆ ئه‌وه‌ی قه‌رزێکی کۆنی پێگه‌ی میسیۆنی ئێره‌به که‌سێکی خۆجێیی بده‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین مووچه‌ی نه‌دراوی میسیۆنێره‌کان بده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و یارمه‌تیانه‌ی کلیساکانی بێتله‌هیم (Bethlehem ) و گێتسامنێ ( Gethsemane ) بۆ وه‌ڕێخستنی نه‌خۆشخانه کردوویانه و، دواجاره ئه‌و قه‌رزانه‌ی بۆ ماڵه‌کان له سه‌رمانه بده‌ینه‌وه، حاڵی حازر به لانی که‌مه‌وه پێویستیمان به 10000 دوڵار هه‌یه.
دۆستانی خۆشه‌ویستی میسیۆن، ئێمه ده‌ستمان له ماڵ و حاڵی خۆمان هه‌ڵگرت، ده‌ستمان له داهاتی خۆمان له وڵاتی خۆمان هه‌ڵگرت بۆ ئه‌وه‌ی به پیل بانگه‌وازی خوڵای ته‌باره‌ک وه ته‌عالاوه بێین و فه‌رمانی عیسا به جێ بهێنین" ،بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رس به هه‌موو نه‌ته‌وان بڵێن." ئێمه چووین! به‌ڵام ئێوه‌ش ئه‌رکێکتان به ئه‌ستۆوه‌یه.ده‌با هه‌موومان به‌یه‌که‌وه تۆبه بکه‌ین، ڕۆژوو بگرین، بپاڕێینه‌وه، کار بکه‌ین و باربوو بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بکرێ فه‌رمانی عیسا بێته دی. ئێمه‌میسیۆنێره‌کان ئاماده‌ین هه‌رکامێکمان ده‌ست له به‌شێک له مووچه‌ی خۆمان هه‌ڵگرین. هه‌رکامێک له ئێوه له ماڵێ ده‌کرێ خۆتان بڕیار بده‌ن که چۆن ئاواتی خوڵای پێک ده‌هێنن. بیری لێ بکه‌نه‌وه ئه‌مڕۆ چ ده‌بێ ئه‌گه‌ر هه‌ر خوێنه‌ره‌وه‌یه‌کی که ئه‌م ووتاره ده‌خوێنێته‌وه بڕه دراوێک ته‌رخان بکا بۆ دابین کردنی ئه‌م پێویستییه‌ی که ئێستا هه‌یه، بیر له‌وه بکاته‌وه که ده‌بێ له هه‌موو ده‌رگا کراوه‌کان وه‌ژوور که‌وین و گشت عه‌شیره‌ته کورده‌کان ده‌بێ ده‌رفه‌تی بیستنی په‌یامی ئینجیلیان هه‌بێ.
سابڵا‌غ، ئێران،
27ی ئووتی 1925. "
هه‌ر ئه‌و ژماره‌ی کوردستان میشنێری ،وڵامی نامه‌ی دوکتور شاڵکی بۆ پۆلی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌کلیسای بێتله‌هێم له میناپۆلیس به ئه‌ندام وه‌رگیراون بڵاو کردووه‌ته‌وه. دوکتور شاڵک وێنه‌ی باب و کوڕێکیشی بۆ ناردوون که کوردستان میشنێری له گه‌ڵ نامه‌که‌یدا بڵاوی کردووه‌ته‌وه . دوکتور شاڵک ده‌نووسێ:
"سابڵا‌غ، ئێران، 2ی ژووییه‌ی 1925
بۆ پۆلی ئه‌ندامانی وه‌رگیراو له کلیسای لووتێری بێتله‌هێم ی ڕۆژئاوا،مینا پۆلیس ، میناسوتا.
دۆستانی ئازیزم: _ ئه‌من به‌ڕاستی به وه‌رگرتنی نامه‌ی ئێوه زۆر خۆشحاڵ بووم که به‌کۆمه‌ڵ وه‌ک پۆلێک بۆتان نووسیبووم. نامه‌یه‌ک که به‌قووڵی کاری تێ‌کردم و، ده‌یسه‌لمێنێ دۆستان له هه‌موو شوێنێک زیاتر وزیاتر سه‌رنج ده‌ده‌نه سه‌ر چالاکییه‌کانی میسیۆنی ئێمه.ئه‌وه پێشوه‌چوونێکی ئاساییه! له هه‌رجێگایه‌ک خوڵا ده‌رگایه‌ک بکاته‌وه، ئینجیله‌که‌ی ده‌بێ بانگه‌شه‌ی بۆ بکرێ ئه‌وه‌ش خه‌ڵکی خۆی ده‌بینێته‌وه که سه‌رنج بده‌نه سه‌ر کارێکی ئه‌وتۆ و مرخیان لێی بێ.
له گوێن ئێوه دۆستانی خۆشه‌ویست که وه‌ک پۆلێکی ئه‌ندامانی وه‌رگیراو له کلیسا له‌ماڵێ، مرختان سه‌باره‌ت به کلیسای خۆتان ده‌کرێ زیاتر و زیاتر بێ.له‌و سرنج‌دان و مرخه‌وه ده‌کرێ ڕوانگه و بۆچوونتان سه‌باره‌ت به شانشینی خوڵای به‌گشتی به‌رفره‌وانتر بێ و ته‌نانه‌ت بگاته کۆردستانیش.نامه‌که‌تان له‌گه‌ڵ ئه‌و باربووه‌ی کردبووتان به ڕوونی ئه‌مه ده‌سه‌لمێنێ. وه‌ک پژیشکی نه‌خۆشخانه‌که‌مان له سابڵا‌غ ئه‌من زۆر سپاستان ده‌که‌م. ده‌بڵا ئه‌وجۆره باربوویانه ببنه هۆیه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین گشت ئه‌و نه‌خۆشه هه‌ژارانه‌ی ڕوو له ده‌رگای ئێمه ده‌که‌ن ، به‌تایبه‌تی منداڵانی هه‌ژار وه‌ربگرین.
ئه‌من له گه‌ڵ ئه‌م نامه‌یه دا وێنه‌ی کورێکی کوردتان بۆ ده‌نێرم که وه‌ک ده‌بینن برینکی زۆر پیسی ده ڕانی دایه. ئه‌و به‌ده‌نی سووتابوو و بۆ ماوه‌ی دووساڵ له‌لایه‌ن حه‌کیمێکی ساخته‌ی خۆجێییه‌وه موداوا کرابوو. به‌ڵام برینه‌که‌ی چاک نه‌بووه‌وه. دوایه منداڵه‌که‌یان هێنا بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئێمه . ئه‌وه نزیکه‌ی دوومانگه لێره‌یه. ته‌ماشای که‌ن بزانن چ کوڕێکی خوێن شیرنه!ئه‌و برینه‌ی له سه‌ر ڕانیه‌تی خه‌ریکه گۆشته‌زوون ده‌بێته‌وه و پچووکتر و پچووکتر ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه هه‌موو ئازاری وی نییه. وه‌ک ده‌بین ئه‌و لینگێکیشی سه‌قه‌ته. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ڕاست بڕوا ده‌بێ لینگه‌که‌ی عه‌مه‌ل بکرێ. ئه‌و عه‌مه‌لییاته ده‌کرێ به‌سه‌رکه‌وتووییه‌وه ئه‌نجام بدرێ.
خزمه‌تی ده‌رمانی ده‌نێو موسوڵمانان دا کاری هه‌ره گه‌وره و باشه. داوا له‌گشتتان ده‌که‌ین به ڕیگای دۆعا و پاڕانه‌وه و پشتیوانی کردنمان به دراو یارمه‌تیمان بده‌ن.
له‌گه‌ڵ سڵاوی زۆر زۆر
دۆستی ئێوه،
دوکتور شاڵک. "
له ژماره‌ی 11، ساڵی 17ی مانگی دیسامبری 1925 دا، یای ئاڵما فاسوم که ئیدی ئه‌وده‌می له کوردستانه‌وه هاتووه‌ته‌وه ئه‌مریکا بانگه‌وازێکی ڕووه‌و خوێنه‌ره‌وانی کوردستان میشنێری به مه‌به‌ستی یارمه‌تی دانیان به نه‌خۆشه‌خانه‌که‌یان له سابڵاغێ بڵاو کردووه‌ته‌وه. ئاڵما فاسوم ده‌نووسێ:
" خوێنه‌ره‌وانی خۆشه‌ویست: ____
کۆڕی ژنانی دروومانکار،یانه‌ی کچان،کرێکارانی Busy Bee، و هه‌ر وه‌ها ئه‌و تاک وته‌رایانه‌ی ده‌یانه‌وێ ده‌ستی یارمه‌تی درێژکه‌ن بۆ ئاماده‌کردنی که‌لوپه‌ل بۆ نه‌خۆشخانه‌که‌مان له سابڵا‌غ، ئێران.
نه‌خشه ئه‌وه‌یه ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه ببێ به 50 ته‌ختی. له‌خواره‌وه لیسته‌یه‌کی کورتی ئه‌و شتانه‌ی پێویستیان پێ هه‌یه ده‌نووسم: مه‌لافه (زۆر گه‌وره نه‌بن)، باڵنج، خاولی ده‌ست و خاولی شۆرکه،کراسی ڕووپۆش بۆ گه‌وران که له‌پشته‌وه که‌مبه‌ری هه‌بێ،هێندێک شاش و گه‌وره بێ، درێژایی یاردێک بێ باشه. کراسی ڕووپۆشی منداڵان له‌سه‌ره‌وه ملبه‌ندی هه‌بێ یان له پشته‌وه که‌مبه‌ری هه‌بێ، ئه‌ندازه‌ی بۆ منداڵانی 5 ساڵان تا 12 ساڵان
( درێژایی بگاته ئه‌ژنۆ). شتومه‌کی ده‌کارکراو که هێشتا بۆ ده‌به‌رکردن بشێن.ئه‌گه‌ر ڕه‌نگیان سپی یان مه‌یله‌وسپی بێ باشه. ئه‌گه‌ر به ده‌ست و به‌سابوون بشۆرێن خۆڕاگرن.
هه‌رکه‌س پێی خۆش بێ شتوومه‌ک یان که‌لوپه‌ل باربوو بکا یان شتی جیاوازی دیکه‌له‌م لیسته‌یه زیاد کا ده‌کرێ ئه‌وانه بۆ سندووقه‌کانی میسیۆن بنێرێ. خاولی، ڕوومێزی،په‌ڕۆی منداڵان، شتوومه‌کی ده‌به‌رکردن بۆ کارکه‌رانی نه‌خؤشخانه‌که‌مان ده‌کرێ زۆر به جوانی که‌لکیان لێ وه‌ربگیرێ. ده‌کرێ هێندێک دیاری کریسمه‌سیش له‌و شتانه زیاد که‌ین و بیکه‌ینه سندووقێکی گه‌وره‌ی نه‌ریتی میسیۆن،هه‌موو قوتوو و که‌لوپه‌لی ئاماده، ئه‌گه‌ر بنێردرێن بۆ نێونیشانی خواره‌وه، له‌وێ له قوتووان دا ده‌پێچرێنه‌وه و ده‌نێردرێن بۆ پێگه‌ی میسیۆن له سابڵا‌غ، ئێران به ڕێگه‌ی ترابزۆن دا له ترکییه. له‌وێوه دوکتور شاڵک به ویشکایی دا ده‌یانگوێزێته‌وه بۆ مه‌قسه‌د.
کریسمه‌سێکی پیرۆز بۆ گشت خوێنه‌ره‌وه‌کانمان
__ ئاڵما فاسوم
711 Essex St. S.E., Minneapolis,Minn “
هه‌ر له‌و ژماره‌یه دا جه‌نابی ن.ج.لۆر وتارێکی به نێوی " شته‌کان ده‌گۆڕدرێن " نووسیویه و ئاماژه‌ی کردووه به نامه‌یه‌کی دوکتور شاڵک که ئه‌وده‌می تازه‌پێی گه‌یشتووه و به‌شێک له‌و نامه‌ی بۆ ئاگاداری خوێنه‌ره‌وانی کوردستان میشنێری بڵاو کردووه‌ته‌وه:
" کوردستان ڕه‌نگه سه‌ختترین پێگه‌ی کارکردن بێ به‌ڵام، له هه‌مان ده‌میش دا جێگه‌ی هه‌ری هیوا ده‌ر و پڕ له به‌ڵێنییه. هه‌ر ئێستاکه خولای گه‌وره له پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌ماندا پشتیوانمانه و یاریده‌مان ده‌دا...... میرزا حوسێن، ئه‌وی باڵابه‌رزه‌که یه‌ک له‌وانه‌ی دینی خۆی گۆڕیوه له نه‌خۆشخانه وه‌ک یاریده‌ده‌ر خه‌ریکی په‌روه‌رده دیتنه. له هه‌مان کاتدا ڕۆژانه دوو ده‌رسی ئینگلیسی ده‌خوێنێ. ئه‌من له‌وباوه‌ڕه دام ده‌بێ ئه‌و بێته ئه‌مریکا بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بۆ خزمه‌تی ده‌رمانی ئاماده بکا. خوڵای گه‌وره یارمه‌تیده‌رێکی گه‌وره‌ی وه‌ک عه‌زیزی له به‌رده‌ست ناوین، که له زه‌مانی فاسومیش له‌گه‌ڵ میسیۆنه‌که‌ماندا له پێوه‌ندی دابووه. ئه‌و ئه‌گه‌رچی به پیشه پینه‌چییه به‌ڵام، پیاوێکی یه‌کجار زۆر به توانایه.ئه‌و وه‌ک دیلمانجی ئێمه کاری زۆر به‌رزی کردووه.هێوادارم به زوویی وێنه‌یه‌کی عه‌زیزتان بۆ بنێرم. ئه‌و ئینجیل زۆر ده‌خوێنێته‌وه، ڕه‌نگه زیاتر له پێویست. به‌ڵام هه‌تا ئێستا هه‌ر ده‌ترسێ. له‌وه‌تا دوایین نوێژی جه‌ماعه‌ت و نزابێژی و دوای ئه‌وه‌ی به جیدی قسه‌ی له‌گه‌ڵ کراوه، زۆر باش گۆڕاوه.ئێستا نوێژی جه‌ماعه‌تێکیش له کیس نادا، ته‌نانه‌ت له نزا و پاڕانه‌وه‌ی نهێنی ئێمه‌ش دا به‌شداری ده‌کا پرسیار و دۆعاکانی سه‌رسووڕهێنه‌رن. به‌و چه‌شنه ئێمه تا ئێستا چوار پیاومان هه‌نه که به‌ڕاستیش بوونه مه‌سیحی به باوه‌ڕ....... تکایه دۆعامان بۆ بکه‌ن. سڵاومان بۆ جێگری سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه بنێرن. ئێمه داوای دوعا و پاڕانه‌وه‌ی تایبه‌تی له ئێوه ده‌که‌ین به تایبه‌تی بۆ دۆسته تاجره‌که‌مان که ئینجیل ده‌خوێنێته‌وه. هه‌ر وه‌ها بۆ مه‌لایه‌ک که نه‌خۆشی گولی هه‌یه و ئینجیل ده‌خوێنێته‌وه. له دوایین قسه کردنماندا پێی گوتم یان ئه‌و باوه‌ڕ به من ده‌هێنێ ببمه موسوڵمان یان ئه‌من باوه‌ڕ به‌وی ده‌هێنم ببێته مه‌سیحی . ئه‌من به متمانه‌وه پێم گوت ئه‌و پێی ناکرێ باوه‌ڕ به من بهێنێ و له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پیاوێکی کراوه‌یه‌له ئاست باوه‌ڕی دا ئه‌من له روحی خوڵای ده‌پاڕێمه‌وه باوه‌ڕی پێ بهێنێ ئه‌و وه‌ک ڕزگاریکه‌ر حه‌وجێی به عیسایه."
له‌و به‌شانه‌ی نامه‌ی دوکتور شاڵک دا دووکه‌س ده‌ناسرێنه‌وه، واته میرزا حوسێنی حه‌بیبی و عه‌زیزی زه‌ندی که دواتر له کاتی ڕۆیشتنی له سابڵا‌غ له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبا بۆ هێرمانسبورگ و ماوه‌یه‌کی کورت له‌وێ ده‌مێنێته‌وه.
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 2ی، ساڵی 18، فێڤرییه‌ی 1926 نامه‌یه‌کی دوورودرێژی دوکتور هێڕمان شاڵکی بۆ سکرێتێری به‌ڕێوه‌به‌ریی کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات، ن.ج.لۆر بڵاو کردووه‌ته‌وه. ئه‌و نامه‌یه له نێوه‌ڕاست مانگی دیسامبر له سابڵاغه‌وه نێردراوه. با به‌یه‌که‌وه بیخوێنینه‌وه:
" له دوکتور شاڵکه‌وه
سابڵا‌غ، ئێران ، 14ی دیسامبری 1925
برای ئازیز لۆر:
ئه‌گه‌رچی ئه‌من کاتم که‌مه، ئه‌م نامه‌یه ده‌بوو له 10ی دیسامبر دا بنێردرێ.بۆم هه‌ڵنه‌سوورا له‌و به‌رواره دا نامه‌که بنێرم.ته‌نیا شتێکی که توانیم بیکه‌م کێشانه‌وه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی خانووبه‌ره‌که‌ی دادێمان بوو و له گه‌ڵ ئه‌و پۆسته ناردم.
..... رێگه‌م بده زۆر به ڕاشکاوانه سه‌باره‌ت به مووچه‌که‌م بدوێم. ئه‌من وه‌ک دوکتورێک ناتوانم له‌و بڕه دراوه‌ی که بۆ مووچه‌ی من دیاری کراوه به هیچ جۆر ڕازی بم چونکوو ئه‌و مووچه‌یه بۆ ڕاپه‌ڕاندنی پێداویستییه‌کانی ئێمه زۆر که‌مه.وا بزانم وه‌بیرت دێ که له ئه‌ڵمانه‌وه‌بۆم نووسی ده‌بێ میسیۆنێرێکی ده‌رمانی ئه‌وه‌نده مووچه‌یه‌ی بدرێتێ بۆ ئه‌وه‌ی چ نیگه‌رانی له مێشکی دا ساز نه‌بێ و بتوانێ له ته‌مه‌نی پیریی دا تووشی گیروگرفتی ماڵی نه‌یێ. ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی ئێمه کۆمه‌ڵه‌یه‌کی میسیۆنی ڕیشه‌داکوتاو و له‌مێژینه بووبایه و توانیبای دراوی خانه‌نشینی بدا به ئه‌وکه‌سانه‌ی که پێگه‌ی میسیۆن به‌جێ ده‌هێڵن، ئه‌وده‌می بابه‌ته‌که ته‌واو ده‌بووه شتێکی دیکه.
چالاکی و خزمه‌تی ده‌رمانی ئیمه ئه‌وه‌نده به ڕمێنه که به زووییه‌کی زوو نه‌خۆشخانه‌که‌مان ده‌توانێ ئه‌وه‌نده دراوه‌ی که بۆ خه‌رج و مخاریجی ئێمه پێویستن ده‌ر بهێنێ. داهاتمان له ماوه‌ی مانگی ئۆکتۆبر[ 1925] دا 230 دۆڵار بوو؛ له مانگی نۆڤامبر [1925] دا بڕێک که‌متر بوو. به‌ڵای منه‌وه کار و چالاکی نه‌خۆشخانه‌که‌مان زوو ده‌توانێ ببێته سه‌رچاوه‌ی خه‌رج ومخاریجمان. که ئه‌وه نه‌ک هه‌ر مووچه‌ی دوکتور، به‌ڵکوو مووچه‌ی نێرسه‌که‌شی
( نه‌خۆشه‌وان) تێ ده‌بێ. کارکردن وه‌ک میسیۆنێرێکی ده‌رمانی هه‌تا بڵێی ئه‌سته‌مه و به‌رپرسیارییه‌تێکی گه‌وره ده‌خاته ئه‌ستۆی مرۆ......... [ ده‌رهاویشتنه‌کان ئی ده‌قی ماکه - حه‌سه‌نی قازی ]
له‌به‌ر هه‌لومه‌رجی ئێستای دارایی کۆمه‌ڵه‌که‌مان لێره ئێمه هه‌موومان وه‌ک بنه‌ماڵه‌یه‌ک ژیاوین، واته ژنه‌که‌م، بۆخۆم و منداڵه‌کان هه‌موو شتێکمان وه‌ک یه‌ک له گه‌ڵ خانمه کرێکاره‌کاندا به‌ش کردووه. ئێمه به خوشحاڵییه‌وه ئه‌و ده‌ردیسه‌ریانه‌مان قه‌بووڵ کردووه و ئه‌و فیداکاریانه‌مان له پێناو میسیۆنه‌که دا کردووه.له سه‌ره‌تاوه واپێشنیاز کرا که خه‌رج و مخاریجی ماڵێ وه‌ک یه‌ک به پێی داهاتی سه‌رانه دابه‌ش بکرێ.به‌و شێوه‌یه منداڵه‌کانی من بۆ به‌ڕێچوونی خۆیان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان دراو داوه که هاوسه‌ره‌که‌م یان میسیۆنێره‌کانی دیکه ده‌یده‌ن. له ژێر ئه‌و هه‌لومه‌رجانه دا دیاره ئێوه تێده‌گه‌ن که ئه‌و دراوه زیادییه 10000 دۆڵاره‌ی که بۆ هه‌ر منداڵه‌ی له‌به‌رچاو گیراوه، ناتوانێ به‌شی خه‌رج و مخاریجی بکا. به پێی ئه‌م ڕاستیانه‌ی لێره دا ئاماژه‌یان پێ کرا ئێوه لێم تێده‌گه‌ن بۆچی ئه‌من داوای مووچه‌یه‌ک ده‌که‌م به‌لانی که‌مه‌وه به قه‌ده‌ر ئه‌و مووچه‌یه‌ی بێ که کۆمه‌ڵه میسیۆنێرییه‌کانی دیکه‌ی که هه‌ر له‌و هه‌رێمه دا کار ده‌که‌ن ده‌یده‌ن. ئه‌و زیاد کردنه‌ی مووچه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵده‌سووڕێ با له 1ی ژانڤییه‌ی 1926ه‌وه بڕ بکا.
سه‌باره‌ت به کڕینی مڵکی نه‌خۆشخانه ده‌توانم ئه‌وشتانه‌ی خواره‌وه‌تان پێ ڕابگه‌یێنم.
به‌یارمه‌تی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه‌ی که له‌گه‌ڵ نامه‌ی پێشووتر دا بۆم ناردن.ئێوه ده‌بینین که شاری سابڵا‌غ ڕووبه‌رێکی سێگۆشه‌ی داگرتووه‌و له‌وێدا هه‌ر وه‌ها هه‌ڵکه‌وتی خانوو و حه‌وشه‌ی پێگه‌ی میسیۆنی ئێمه له شاری سابڵاغیشدا ده‌بینن. له ڕووی ئه‌وگه‌ڵاڵه‌یه ی بۆم ناردن ئه‌و ئاماژه پێدانانه‌ی خواره‌وه‌تان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه.
ئه‌و مڵکه‌ی کڕاوه
به‌شی 1 له 31ی دیسامبری 1924 به 3060 قڕان کڕدرا
به‌شی 2 به‌شی سه‌ره‌کی سه‌ردار ، له مارسی 1925 دا به 8850 قڕان کڕدرا
به‌شی 3 له سێپتامبری 1925 دا به 1600 قڕان کڕدرا
کۆی ئه‌و دراوه‌ی بۆ کڕینی مڵک دراوه 13510 قڕان
له به‌ر ئه‌وه‌ی نرخی ئێستای گۆڕینه‌وه‌ی قڕان به دۆڵار، هه‌ر 8.50 قڕانه‌ی ده‌کاته دۆڵارێک، ئه‌و مڵکه به دراوی ئه‌مریکا ده‌کاته 1589 دۆڵار.
به پێی ئه‌وه‌ی له کوردستان میشنێری دا ده‌یخوێنمه‌وه بۆم ده‌رده‌که‌وێ ئه‌من نه‌مانتوانیوه به‌چاکی ئێوه له‌و مڵکه‌ی کڕیومانه تێبگه‌یێنم. له گه‌ڵاڵه دا بۆتان ڕوون ده‌بێته‌وه ئه‌و مڵکه‌ی که کڕیومانه ئه‌و جێیه‌یه که ئێمه هیوادارین بتوانین خانووبه‌ره‌ی نه‌خۆشخانه‌ی لێ دروست بکه‌ین. له‌و به‌ری خه‌یابانێ مڵکێکی دیکه هه‌یه که به ته‌خمین هه‌ر به قه‌د ئه‌وه‌یه که ئێستا کڕیومانه. ئه‌و به‌شه ئه‌و پارچه زه‌وییه‌ی تێدایه که کاتی خۆی فاسوم کڕیبووی و ئێستا که‌لاوه‌ی ئه‌و کلیسایه‌ی لێ ماوه که ئه‌و دروستی کردبوو.له حاڵی حازر دا ئه‌وێش ده‌کری به نزیکه‌ی 3000 دۆڵار بکڕدرێ.
ڕووبه‌ری ئه‌و زه‌وییه‌ی بۆ دروستکردنی نه‌خۆشخانه له‌به‌رچاو گیراوه 140 فیت له 172 فیت دایه، یان 24080 فیتی چوارگۆشه. ئێمه هیوادارین له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییه ئه‌و خانووبه‌ره‌یه ساز که‌ین به‌و شێوه‌یه‌ی که له پلانه که نیشان دراوه.ده‌رگای نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ره‌کی به‌ره‌ولای باکوور ده‌بێ. ڕووبه‌ری نه‌خۆشخانه به سێ ده‌ست خانووبه‌ره‌وه:
نه‌خۆشخانه، ماڵی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه، و ماڵی دوکتوری ئاسیستان، ده‌بێ به یادمانی خۆشه‌ویستی که دوو وشه‌ی "Bethlehem - Gethsemane " ده‌رده‌بڕێ. ئه‌من هیوادارم به حه‌ول و قووه‌تی خوڵای ئه‌و ووشانه له نه‌خۆشخانه‌وه به هێزه‌وه هه‌موو کوردستان ڕوون دابگێڕن. بۆ کڕینی ئه‌و مڵکه شاررژدۆفێر [ ی ئه‌مریکا] له تاران، ئاغای و.س. مورای W.S. Murray زۆر چاکی یاریده داین. ئه‌من دڵنیام ئێمه ده‌توانین مڵکه‌که وه‌ک مڵکی میسیۆن به نێوی کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات سه‌بت بکه‌ین.
تا ئه‌جێگایه‌ی که ئه‌من توانیومه بزانم، ئێران بۆ نه‌خشه‌ی ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی خۆی پێداویستییه‌کی زۆری به دراو هه‌یه.به ڕیگای به‌ڕێوه‌به‌ری دارایی دا، که شارۆمه‌ندێکی ئه‌مریکاییه، بێگۆمان ئه‌مریکا یارمه‌تییه‌کی به‌رچاو له‌وباره‌یه‌وه ده‌دا به ئێران. ئه‌و بۆچوونه‌ی [ده‌وڵه‌تی] ئه‌مریکا به قازانجی ئێمه هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌گه‌ر پێشوه‌چوونه‌کان به قازانجی ئێران بن، ئه‌وه به قازانجی کاری میسیۆنی ئێمه‌ش ده‌بێ.ئه‌وانه له‌وانه‌یه وه‌ک پلانی ئینسانی و خه‌یاڵ وه‌به‌رچاو بێن به‌ڵام، ئه‌من له‌و باوه‌ڕه دام خوڵا که کورده که‌مته‌رخه‌می له‌گه‌ڵ کراوه‌کانی خۆش ده‌وێ، ڕێگه‌ی ئه‌وه نادا پلانه‌کانی هه‌ڵبوه‌شێندرێن.
دانیشتووانی سابڵا‌غ له نێوان 7500 تا 8000 که‌سن، له‌وانه ژماره‌ی هه‌ره گه‌وره‌یان کوردن. به ته‌خمین یه‌ک له سه‌د ئێرانینه. نزیکه‌ی 45 خێزان یان دووسه‌د سه‌ر جووله‌کن،و 15 خێزانیش، که نزیکه‌ی 45 که‌س ده‌بن هه‌رمه‌نین. چه‌ند ئاسۆرییه‌کیش لێره ده‌ژین. سابڵا‌غ له سه‌ر چۆمێک هه‌ڵکه‌وتووه. ئه‌وه‌نده‌ی بیرم لێکردووه‌ته‌وه ئه‌وه‌نده‌ش گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که ئاوی چۆمه‌که ناکرێ بۆ وزه‌ی ئێلێکتریک که‌لکی لێ وه‌ربگیرێ چونکوو ئاوی چۆمه‌که له مانگه‌کانی هاوینێ دا ویشک هه‌ڵده‌گه‌ڕێ. چۆمه‌که له شاخه‌کانی لای ڕۆژئاواوه دێ و سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌که‌ی به‌ستراوه‌ته‌وه به ئاوی باران و به‌فر.لێواره‌کانی سست و خیزه‌ڵانن. ئه‌گه‌ر بخوازرێ له هێزی ئاو ، کاره‌با به‌رهه‌م بهێندرێ،تا ئه‌وجێگایه‌ی ئه‌من لێی بزانم ده‌بێ به‌ستێنێکی ده‌سکرد ساز بکرێ و به‌نداوێکی له سه‌ر هه‌ڵبه‌سترێ. داخودا ئه‌وه به چه‌نده ته‌واو ده‌بێ و چه‌نده ده‌که‌وێ ئه‌من ناتوانم ته‌خمینی لێده‌م. به‌داخه‌وه چ ئامرازێکم له به‌رده‌ست نییه بتوانم خێرایی ته‌وژمی ئاوه‌که‌ی بێ بپێوم.
سه‌باره‌ت به مه‌دره‌سه‌ی نه‌خۆشه‌وانه‌کانمان
ئێمه هیوادارین له ژانڤییه‌ی 1926 دا، مه‌دره‌سه‌ی نیرسه‌کانمان (نه‌خۆشه‌وانه‌کانمان) ده‌ست پێبکه‌ین، له و مه‌دره‌سه‌یه دا ئه‌م شاگردانه‌ی خواره‌وه‌مان نێونووس کردووه:
لێرسێنتاک (Lersentak) که کچێکی هه‌رمه‌نییه
نه‌رگس، کچێکی ئاسۆڕییه،
هاروتینم ( Harutinm)، کوڕێکی هه‌رمه‌نییه
عه‌زیز، کوڕێکی کورده
مسته‌فا وه‌ک دیلمانج
میرزا حوسێن وه‌ک خوێندکارێکی دادێی پژیشکی
ژیانی گشت ئه‌وانه ده‌بێ دابین بکرێ چونکوو هه‌رکامێکیان بۆ ساڵی یه‌که‌م 15 دۆڵار مووچه وه‌رده‌گرن، ئه‌وانه‌ی ڕێکوپێک بن ژیانیان به خۆڕایی دابین ده‌کرێ و جلوبه‌رگیشیان ده‌درێتێ. بۆیه خه‌رج و مخاریجی هه‌ر کوڕ و کچه‌ی ساڵی به 125 دۆڵار له‌سه‌رمان ده‌که‌وێ.
دڵسۆزتان،
هێرمان شاڵک"
به دوای ئه‌م نامه‌یه‌ی دوکتور شاڵک دا، سه‌رنووسه‌ری کوردستان میشنێری لێی زیاد ده‌کا:
" خه‌رج و مخاریجی ژیان
بۆ ئه‌وه‌ی بکرێ به‌راوه‌ردێک بکه‌ین، داوامان له شاڵک کرد نرخی پێداویستییه‌کانی ژیانمان بۆ بنێرێ و خوشحاڵین له خواره‌وه ڕاپۆرته‌که‌ی وی بۆ ئاگاداریی دۆستانی میسیۆنه‌که‌مان بڵاو بکه‌ینه‌وه.
جلوبه‌رگ
که‌وش بۆ پیاوان 12دۆڵار
که‌وش بۆ ژنان 8 تا 10 دۆڵار
ده‌ستێک جلوبه‌رگ بۆ پیاوان 30 تا 40 دۆڵار
کراس بۆ ژنان 25 تا 30 دۆڵار
باڵتۆ بۆ پیاوان 25 تا 40 دۆڵار
عه‌با بۆ ژنان 15 تا 25 دۆڵار
خۆراده‌مه‌نی
ئاردی ئوڕووپایی ، 32 پاوند ، 5 دۆڵار
ئاردی خۆجێیی، 32 پاوند ، 50 سێنت
شه‌کر ، پاوندێک، 25 سێنت
گۆشت، 4 پاوند، 30 سێنت
یه‌ڕه‌ڵماسی، 32 پاوند، 50 سێنت
ڕۆنی که‌ره ، پاوندێک، 30 سێنت
شیر، لیترێک، نیوه‌ی ئاو، 15 سێنت
سووته‌مه‌نی ( ئاوردوو)
ئێزنگ، 32 پاوند ( پووت) 25 تا 30 سێنت
ئه‌وه‌نده‌ی بۆ ساڵێک پێویسته، 600 پووت
خزمه‌تکاره‌کان
پیاو، مانگانه 12 تا 15 دۆڵار
ژن به خوراکه‌وه ، مانگانه، 4 تا 6 دۆڵار
مووچه بۆ خۆجێییه‌کان
پیاوی ئینجیلی، مانگانه 30 دۆڵار
ژنی ئینجیلی، مانگانه 15 دۆڵار
ئاسیستان، پیاوی په‌روه‌رده دیتوو به خۆراکه‌وه 8 تا 10 دۆڵار
یاریده‌ری مه‌دره‌سه، پیاو 30 دۆڵار
یاریده‌ری مه‌دره‌سه، ژن 20 دۆڵار "
ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه‌ی دوکتور هێڕمان شاڵک له مه‌ڕ هه‌ڵکه‌وتی مڵکه‌که‌یان و پلانی خانووبه‌ره دروستکردن بۆ نه‌خۆشخانه له نامه‌ی به‌رواری 14ی دیسامبری 1925 دا باسی لێوه کردووه له ژماره‌ی 3ی ساڵی 18،مارسی 1926 دا چاپ کراوه.
*بڕگه‌یه‌ک له سروودێکی نه‌ته‌وه‌یی که ل.ۆ. فاسوم بۆ گه‌لی کوردی نووسیوه
تێبینی: له به‌ر درێژی نووسراوه و ڕاپۆرته‌کانی دوکتور هێرمان شاڵک به‌شی دووه‌می له پۆستی دادێی ڕوانگه دا بڵاو ده‌کرێته‌وه.