جووت ستاندارد بوون بۆ زمانی پێوه‌ر، دۆخی تێپه‌ڕینه نه‌ك مانه‌وه
جووت ستاندارد بوون بۆ زمانی پێوه‌ر، دۆخی تێپه‌ڕینه نه‌ك مانه‌وه
به‌شی یه‌که‌م
ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده
(1)
به‌ر له‌ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه كه زمانی كوردی زمانێكی تاك ستاندارده یا جووت ستاندارد، ده‌بێ پرسیارێكی تر به‌ڕوونی وه‌ڵامی پێ بدرێته‌وه. پرسیاره‌كه ئه‌مه‌یه: مانای زاراوه‌ی زمانی ستاندارد چییه و ئه‌م زاراوه‌یه چ جوداوازییهكی مانایی له‌گه‌ڵ زاراوه‌ی وه‌ك زمانی ڕه‌سمیی هه‌یه؟ به گوته‌یه‌كی دیكه مه‌رجی وه‌ڵام دانه‌وه به پرسیاری له‌ئه‌م ده‌سته هه‌ندێك هه‌نگاوی شیكارانه و لێكدانه‌وه‌ی ڕوونكهرهوهیه. (باسی شیكارانه‌ی جوداوازیی نێوان زمانی ستاندارد و زمانی ڕه‌سمیی هه‌تا به‌شه‌کانی كۆتایی ئه‌م وتاره دوا ده‌خه‌ین، هه‌روه‌ها له به‌شه‌كانی دواتری ئه‌م وتاره‌دا ئه‌وه‌ش ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه كه پرسیاری دروست له‌مه‌ڕ ستانداردی زمانی كوردی یا زمانی كوردیی ستاندارد ئه‌وه نییه بڵێین "زمانی كوردی تاك ستاندارده یا جووت ستاندارد؟" به‌ڵكوو پێویسته پرسیاره‌كه ئاوه‌ها ڕێك بخرێ: "زمانی كوردی بۆ به ستاندارد بوونی زیادتر ده‌بێ تاك ستاندارد بێ یا جووت ستاندارد؟")
هێنده‌ك مه‌رج بۆ زمان یا زاراوه‌ی ستاندارد ده‌ستنیشان كراون كه له‌ئه‌و مه‌رجانه هێنده‌كیان ئه‌و کۆپێوهندییه ناوه‌کییانه‌ی زمان یا زاراوه‌که ده‌گرێته‌وه و هه‌ندێكیشیان پێوه‌ندییان به هاوپێوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كانی زمان یا زاراوه‌که‌وه هه‌یه. بۆ نموونه له پێناسه‌یه‌ك دا گوتراوه زمانی ستاندارد زمانێكه كه ڕێساكانی كۆكراوه‌ته‌وه و نووسراوه‌ته‌وه و له قۆناغه‌كانی دواتریش دا ئه‌و ڕێسا كۆكراو و نووسراوانه له لایه‌ن كۆمه‌ڵگایه‌كی زمانییه‌وه وه‌رگیراوه و ده‌كار كراوه. له‌ئه‌م پێناسه‌یه‌دا، باسی كۆكراونهوهی ڕێساكان و نووسرانهوهیان باسێكی ڕێزمانی و زمانه‌وانییه و پێوه‌ندی به ساغ كردنه‌وه‌ی ڕێساكانی ئه‌و زمانه‌وه هه‌یه كه زمان ناسان ده‌یكه‌ن به‌ڵام وه‌رگیرانی ئه‌و ڕێسایانه و ئاستی ده‌كار كرانیان باسێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی یه كه له بواره‌كانی زمانناسیی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵناسیی زمان دا باسی لێ ده‌كرێ. زۆر پێناسه‌ی تریش بۆ زمانی ستاندارد به ده‌سته‌وه دراوه.زاراوه‌ی زمانی ستاندارد یا پێوه‌ر هێنده‌ک جار به مانایه‌کی به‌ربڵاو و هێنده‌ک جاریش به مانایه‌کی به‌رته‌سک که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گیرێ.(له به‌شه‌کانی دوایێی ئه‌م وتاره دا ئه‌م جوداوازییه به وردی باسی لێ ده‌کرێ) له‌ناو پێناسه‌کانی زاراوه‌ی "زمانی پێوه‌ر" -به مانای به‌رته‌سک- دا ئه‌م پێناسه‌یه ڕه‌چاو ده‌که‌ین: "پێوه‌ر بوونی زمان به‌ستراوه‌ته‌وه به ڕێسامه‌ندبوونی شێوه‌ی به‌كارهێنانی ئه‌و زمانه و رێژه‌ی پێوه‌ر بوونی زمان زیادتر ده‌به‌سترێته‌وه به ڕاده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌كارهێنه‌رانه‌ی ئه‌و زمانه بۆ ڕێسا دیاری كراوه‌كانی زمان به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی گرفت و کێشه زمانییه‌كان".
ئه‌م پێناسه‌یه پێویستیی به چه‌ند ڕوون كردنه‌وه‌یه‌كی كورت هه‌یه.
یه‌كه‌م. له بنه‌ڕه‌ت دا وا نییه زمانێك ته‌واو ستاندارد بێ یا ته‌واو ناستاندارد بێ. چونكه هه‌موو زمانێك كۆمه‌ڵه ڕێسایه‌كی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و ئێمه‌ش ستاندارد بوونمان زیادتر به‌سته‌وه به ڕێسامه‌ندبوونی شێوه‌ی به‌كارهێنانی زمان؛ كه‌وایه هه‌ندێك زمان كه‌م تر ستانداردن و هێنده‌ك زمان زیادتر ستانداردن.
دووه‌م. جاری وایه له ده‌ربڕینه‌كان و نووسینه‌كان دا ده‌ڵێین فڵان زمانه یا فڵان زاراوه‌یه، زمان یا زاراوه‌یه‌كی ستاندارد نییه؛ مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه به‌كارهێنه‌رانی ئه‌و زمان یا زاراوه‌یه بۆ یه‌كلا كردنه‌وه‌ی گرفت و کێشه و ناكۆكیی زمانیی، ئه‌و كۆده‌نگییه له ناویان دا نییه كه په‌نا ببه‌نه به‌ر ڕێسا ته‌دوین كراوه‌كان؛ به‌ڵكوو بۆ سه‌رخستنی شێوه نووسینێكی تایبه‌ت هه‌ندێك پێوه‌ری تر وه‌ك گرینگیی دان به بن زاراوه‌ی ناوچه‌یه‌كی تایبه‌ت یا گرینگیی دان به ئۆتۆریته‌ی فڵانه كه‌سایه‌تییه ڕه‌چاو ده‌كرێ. هه‌ر كاتێك له كۆمه‌ڵگایه‌كی زمانیی دا له جیاتی ڕێساكان و باسه زمانه‌وانییه‌كان، بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی زمانیی و گرفته‌كانی نووسین، ئۆتۆریته و مه‌رجه‌عییه‌ت درا به شتێكی تر، له‌ئه‌و پێودانه‌دا به شێوه‌یه‌كی ته‌ساموحی ده‌گوترێ ئه‌و زمانه‌ی له‌ئه‌و كۆمه‌ڵگا زمانییه‌دا كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیرێ، زمانێكی ستاندارد نییه؛ ستاندار نییه نه‌ك به‌ئه‌و مانایه ڕێسای نییه و بێ قاعیده‌یه، به‌ڵكوو به‌ئه‌و مانایه ڕێساكان مه‌رجه‌عی چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته زمانییه‌كان نین.
بۆ نموونه ئاماژه به هێنده‌ك كێشه ده‌كه‌م كه له كوردیی ناوه‌ڕاست دا له شێوه‌ی نووسین له گۆڕێ دا هه‌یه:
ـ بۆ نووسینی كرداری ڕانه‌بردوو جاری وایه "ئه" وه‌كوو نیشانه‌ی کرداری ڕانه‌بردوو ده‌كار ده‌كرێ، جاری وایه"ده": ئه‌نووسم / ده‌نووسم.
ـ بۆ نووسینی كردار له هێنده‌ک ڕێژه‌ی تایبه‌تدا، له سێ یا چوار شێوه‌ی جوداواز كه‌ڵك وه‌رده‌گیرێ: خۆزگه بمنووسیایه/ نووسیبام/ بمنووسیبا/ بمنووسیبایه
ـ هه‌ندێك ناوی به‌ركار به دوو شێوه ده‌نووسرێن: شاراوه / شاردراوه
ـ کرداری کارا نادیار (مجهول) به دوو شێوه ده‌نووسرێ: داده‌نرێ/ داده‌ندرێ . ڕفێنرا/ ڕفێندرا
ـ بۆ گه‌ردان كردنی هه‌ندێك كردار به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر كرداره‌كه پێشگری هه‌بێ، دوو شێوه‌ی گه‌ردان كردن ده‌كار ده‌كرێ كه تێ‌یان¬دا، پێشگره‌كان، پاش و پێشیان پێ ده‌كرێ: ڕاوه‌ده‌ستم / ڕاده‌وه‌ستم
ـ بۆ نووسینی دوو ورده واژه یا پێشگری "ده" و "له" له هه‌ندێك شوێن¬دا ناكۆكیی هه‌یه: نه‌ختێك له‌ئه‌و دیمه‌نه ڕامام / نه‌ختێك ده‌ئه‌و دیمه‌نه ڕامام.
ـ زۆر جار بزۆینی "ـه" جێگای بزوێنی "ێ" ده‌گرێته‌وه. نایه / نایێ. ده‌ڵه‌م/ ده‌ڵێم
ـ هێنده‌ک پێکهاته زۆرتر به شێوه‌ی سواو و جاری وه‌هاشه به شێوه‌ی ته‌واو و نه‌سواو ده کار ده‌کرێن: به‌م شێوه‌یه/ به ئه‌م شێوه‌یه، له‌م شوێنه‌وه/له ئه‌م شوێنه‌وه
ئه‌وانه هێنده‌ك نموونه‌ن له‌ئه‌و کێشانه‌ی بۆ نووسین ده گۆڕێ دا هه‌ن. نه ئه‌و نموونانه هه‌موو كێشه و گرفته‌كان ده‌گرنه‌وه و نه من له‌ئه‌م نووسینه‌دا مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر كردنیانم هه‌یه. ته‌نیا ده‌مهه‌وێ ئه‌وه‌نده بڵێم تاك تاكی ئه‌و گرفتانه‌ی ئاماژه‌م پێ كردن به باسی وردی ڕێزمانیی چاره‌یان دێ به‌ڵام ئێستا كه گرفته‌كان هه‌ر ماونه‌ته‌وه و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كراون له به‌ر ئه‌وه‌یه له كۆمه‌ڵگای زمانیی كوردی دا مه‌رجه‌ع و ئۆتۆریته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان باسی زانستی له بواری ڕێزمان و زمانه‌وانی نییه. ئا لهئێرهدایه كه هێنده‌ك زمان ناس ده‌ڵێن زمانی كوردی ده‌بێ زیادتر بۆ گه‌یشتن به ئاستی به پێوه‌ر بوون مشووری بۆ بخورێ. ئه‌و نموونانه‌ی هێنامنه‌وه به‌شێک له كێشه‌كانی زاراوه‌ی کوردیی ناوه‌ڕاست بوون. عه‌ینی ئه‌م پێودانه بۆ شێوه‌زاری كوردیی سه‌رووش له‌گۆڕێ دا هه‌یه و ده‌كرێ نموونه‌ی له‌ئه‌و چه‌شنه بۆ ئه‌م زاراوه‌یه‌ش بهێنینه‌وه.
سێیه‌م: كاتێك پرسی ستاندارد بوونمان به پرسی ڕێساداربوون به‌سته‌وه یه‌كه‌م تێبینی و وه‌بیر خستنه‌وه‌مان هه‌ڵگری ئه‌و خاڵه بوو كه هه‌موو زمانێك ڕێساداره و ئێمه زمانی بێ ڕێسامان نییه هه‌ر بۆیه گوتمان كاتێك به شێوه‌ی مه‌جازی ده‌گوترێ فڵانه زمانه ستاندارد نییه مه‌به‌ست ئه‌وه نییه ڕێسای نییه، به‌ڵكوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ڕێساكانی بۆ به‌لاداخستنی كێشه‌كان مه‌رجه‌ع و سه‌رچاوه نین. ئێستا تێبینییه‌كی له جۆری دیكه ده‌خه‌ینه ڕوو.
ئه‌گه‌ر زمانی بێ ڕێسامان نه‌بێ، زمانی ئاوههاشمان نییه كه هیچ بابه‌تێكی بێ ڕێسای تێ دا نه‌بێ. هه‌موو زمانێك نموونه‌ی به‌لێشاوی ئه‌وتۆی تێ دا هه‌یه كه له چوارچێوه‌ی ڕێسا دا ده‌سته‌مۆ نابن. له‌ئێره‌ش دا ئه‌و ڕوون كردنه‌وه‌یه پێویسته كه له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه زمانی ستاندارد ئه‌و زمانه نییه كه نموونه‌ی بێ ڕێسای نه‌بێ، به‌ڵكوو ئه‌و زمانه‌یه كه به‌شه ڕێسادارهكهی و به‌شه بێ ڕێساكه‌ی ئه‌وهێنده‌ی كرابێ جودا كرابنه‌وه و دیار كرابێ كامه باس له چوارچێوه‌ی گوته‌زا واته مه‌قووله‌ی قیاسی یا ڕێسادار دایه و كامه باس له چوارچێوه‌ی گوته‌زای سه‌ماعی یا بێ]ڕێسادایه. به ده‌ڕبڕینێكی تر جودا كردنه‌وه‌ی ڕێسادار و بێڕێساكهشی هه‌تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له چوارچێوه‌ی پۆلێن كردنێك دا ڕێسادار كرابێ و له خشته‌ی ئه‌و پۆلێن كردنه‌دا ڕێسادارهكان له هه‌واری خۆیان و بێ ڕێساكانیش له ده‌واری خۆیان دا جێگیر بووبن.
گرفتی زمانی ناستاندارد له‌ئه‌وه‌دایه كه ته‌نانه‌ت له‌ئه‌و جێگایانه‌ش دا كه زمانه‌که به‌ڕاستی ڕێسای تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، ئه‌و ڕێسایانه ڕه‌چاو ناكرێن و بێ ڕێسایی ته‌نگ به ڕێساداربوون هه‌ڵده‌چنێ. هۆی ئه‌و دۆخه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ڕێسایانه یا كۆنه‌كراونه‌ته‌وه و سه‌قامگیر نه‌بوونه و نه‌نووسراونه‌ته‌وه (واته ته‌دوین نه‌كراون) یا ڕێساكان نووسراونه‌ته‌وه به‌ڵام ده‌كار ناكرێن (واته نه‌چه‌سپاون) هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ندێك زمان ناس بۆ پێناسه‌كردنی زمانی پێوه‌ر ده‌ڵێن زمانێكه كه له هه‌نگاوی یه‌كه‌م¬دا ڕێساكانی ته‌دوین كرابن و له هه‌نگاوی دووه‌میش دا ئه‌و ڕێسایانه چهسپابن.
نووسه‌رێک له جێگایه‌ك دا نووسیبووی له زمانێكی هه‌ره پێشكه‌وتوو و ستانداردی وه‌ك ئینگلیزیش دا بۆ به‌كارهێنانی هه‌ندێك نموونه جوداوازیی هه‌یه. بۆ نموونه ڕابردووی كرداری Lightبه شێوه‌ی Lighted ده‌نووسرێ و به شێوه‌ی Lit یش ده‌نووسرێ كه‌وایه ئه‌وه به‌رد به ماڵه خودا دادان نییه ئه‌گه‌ر له زمانی كوردیش دا بۆ نموونه كرداری ڕانه‌بردوو، هه‌ندێك جار به شێوه‌ی ئه‌ڕۆم بنووسرێ و هه‌ندێك جاریش به شێوه‌ی ده‌ڕۆم . یا كرداری ڕاوه‌ستان هه‌ندێك جار به شێوه‌ی ڕاوه‌ده‌ستم بنووسرێ و هه‌ندێك جاریش به شێوه‌ی ڕاده‌وه‌ستم.
به بڕوای من ئه‌وه تێكه‌ڵ كردنی دوو باسی جودایه. له ئینگلیزی و له هه‌موو زمانه ستاندارد و پێشكه‌وتووه‌كان دا هه‌ندێك جودا ده‌كار كردن و جوداواز نووسین و بێ]ڕێسایی ئیجازه‌ی پێ دراوه وه‌ك Lit و Lighted. هه‌ندێك جوداواز ده‌كار كردنیش به ئاشكرا گێڕدراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی شێوه ده‌كار كردنێك ڕاسته و ئه‌وی تریان هه‌ڵه‌یه. بۆ نموونه كتێبێكی سه‌ره‌تایی به‌ڵام به‌كه‌ڵك هه‌یه به‌ناوی Common mistakes in English، ئه‌و كتێبه باسی هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی دووپات كراوه ده‌كا كه له نووسینی ئینگلیزی دا هه‌یه. له زمانی كوردیش دا ئێمه ده‌بێ سنووری ئه‌و دوو بابه‌ته ده‌ست نیشان بكه‌ین. هه‌ندێك جوداواز نووسین هه‌یه له زمانی كوردی دا ئیجازهپێ دراوه وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌توانی بنووسی"كه‌سێكی تر و هه‌روه‌ها ده‌توانی بنووسی كه‌سێكی دیكه و جوداوازیی له‌ئه‌م چه‌شنه‌ش زه‌بر له ره‌وتی به ستاندرد بوونی زمان ناوه‌شێنێ. به‌ڵام بۆ نموونه كاتێك ده‌نووسی ڕاوه‌ده‌ستم، ئه‌و شێوه نووسینه ده‌چێته خانه‌ی Common mistakes in kurdish واته هه‌ڵه‌ی باو له زمانی كوردی دا. چونكه له كوردیی ناوه‌ڕاست دا ڕێسایه‌ك هه‌یه ده‌ڵێ (ده)ی نیشانه‌ی ڕانه‌بردوو هێزی ئه‌وه‌ی نییه كرداڕێك بقهڵێشێنێ و بیكا به دوو پاژ كه‌وایه بۆ گه‌ردان كردنی چاوگی ڕاوه‌ستان فۆرمۆلهكه ئه‌مه‌یه:
پێشگر + ده + كردار + جێناوی لكاو
ڕا + ده + وه‌ست + م : ڕاده‌وه‌ستم
ئه‌گه‌ر فۆرمۆلهکه به ئه‌م شێوه‌ی خواره‌وه ده‌کار بکه‌ین
ڕا + وه + ده + ست + م
ئه‌و گرفته ساز ده‌بێ که ده ی نیشانه‌ی ڕانه‌بردوو ڕه‌گی کردار واته وه‌ستی کردووه به دوو پاژ و خۆی له نێوانیاندا چه‌قیوه: .... وه + ده + ست .....
ئێمه نابێ له‌ئه‌وه سڵ بكه‌ینه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای باسێكی زانستییدا هه‌ڵه بوونی شێوه به‌كارهێنانێكی هه‌ڵه نیشان بده‌ین. هێنده‌ك له دۆستان بۆ به‌كارهێنانی زاراوه‌ی"دیموكراسی زمانیی" ده‌بێ نه‌ختێك زیادتر ده‌ست پێوه بگرن. ئه‌وه دۆخێكی نائاسایی یه تۆ له سه‌ر بناغه‌ی باسێكی زانستیی دا هه‌ڵه‌بوونی شێوه به‌كار هێنانێك نیشان بده‌ی به‌ڵام هێنده‌ك كه‌س به‌ئه‌وه تاوانبارت بكه‌ن كه سنووره‌كانی دیموكراسی زمانیت به‌زاندووه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م شێوه هه‌ڵوێسته له بواری زمان ناسی دا، هه‌ڵویستێكی بێ بنه‌ما نییه و له سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه تێراو ده‌بێ. ئه‌و زمان ناسانه‌ی دژی دیاری كردنی ڕاست و هه‌ڵه له‌ناو به‌كارهێنانه زمانییهكاندان و لایه‌نگری به‌ڕاست زانینی هه‌موو ئه‌و بهكارهێنانانهن كه له ناو به‌كارهێنه‌رانی زمان دا ڕمێنیان هه‌یه له تاقمی تهوسیفباوهڕهكانن. تهوسیفباوهڕیی (descriptivism) له زمان ناسی دا له به‌رانبه‌ر ئاڕاسته‌ی ته‌جویز باوه‌ڕیی (prescriptivism)دا ڕاده‌وه‌ستێ.(ئه‌گه‌ر پشت به هه‌نبانه بۆرینه‌ی مامۆستا هه‌ژار ببه‌ستین ده‌توانین"به‌رایی دان" به هاوسه‌نگی ته‌جویز هه‌ڵبژێرین: به‌رایی" 2ـ ئیجازه، ڕه‌وا دیتن") كه‌وایه ده‌كرێ بڵێین له زمان ناسیی دا له‌گه‌ڵ دوو ئاڕاسته (رویكرد)ی ته‌وسیف كارانه و به‌رایی ده‌رانه‌دا به‌ره‌وڕووین. به هێنانه‌به‌رباسی ئه‌م جوداوازییه ده‌رگای باسێكی زۆر به‌ربڵاو و زێده گرینگمان بۆ ده‌بێته‌وه.
ده‌مهه‌وێ له‌ئێره‌دا ڕاسته‌وخۆ بچمه ناو ئه‌و باسانه‌ی له‌ئه‌م دوایییانه‌دا له‌مه‌ڕ زمانی ستاندارد و زمانی ڕه‌سمیی و دۆخی زمانی كوردیی له‌ئه‌م بوارانه‌دا هارووژاون و به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی تریش ئاوڕێك له بۆچوونه‌كانی به‌ڕێز دكتۆر ئه‌میری حه‌سه‌ن پوور بده‌مه‌وه.
(2)
جێگای خۆیه‌تی له سه‌ره‌تای ئه‌م به‌شه له‌ئه‌م وتاره‌دا به شێوه‌یه‌كی بێ پێچ¬وپه‌نا تێزێکی زمانیی كه بڕوام پێ هه‌یه و به ته‌مام داكۆكیی له سه‌ر بكه‌م، ده‌رببڕم . تێزه‌كه به ده‌ربڕینێكی زۆر ساكار و ئاشكرا ئه‌مه‌یه:
له‌ئه‌م دوایییانه دا له ناو كوردی زانان و زمان ناسانی كورددا ئاڕاسته‌ی ته‌وسیف كارانه ته‌واو به سه‌ر ئاڕاسته‌ی به‌رایی ده‌رانه‌دا زاڵ بووه. به‌ڵام بۆ به ستاندارد كردنی زمانی كوردی هیچ ده‌ره‌تانێك جگه لهسهرهتیی دان و سه‌ر خستنی ئاڕاسته‌ی به‌رایی ده‌رانه له گۆڕێ دا نییه.
سه‌باره‌ت به‌ئه‌م تێزه ئاماژه كردنی كورت به دوو خاڵ به پێویست ده‌زانم. خاڵی یه‌كه‌م. ئه‌م تێزه هه‌ڵگری باسێكی مێژوویی و باسێكی تیۆری یه. له‌ئه‌و جێگایه‌دا كه ده‌ڵێین له ناو زمان ناسانی كورددا ئاڕاسته‌ی ته‌وسیف كارانه به‌سه‌ر ئاڕاسته‌ی به‌رایی ده‌رانه‌دا زاڵ بووه، باسی دۆخێكی مێژوویی ده‌كه‌ین. له‌ئه‌و جێگایه‌ش دا كه ده‌ڵێین بۆ به پێوه‌ر كردنی زمانی كوردی ده‌بێ ئاڕاسته‌ی به‌رایی ده‌رانه به‌سه‌ر ئاڕاسته‌ی ته‌وسیف كارانه‌دا سه‌ر بخه‌ین، باسه‌كه‌مان له بنه‌ڕه‌ت دا تیۆریكه. خاڵی دووه‌م. كاتێك باسی سه‌رخستن و سه‌ره‌تی دان به یه‌كێك له ئاڕاستهكان ده‌كه‌ین، مه‌به‌ستمان وه‌لانانی ته‌واوی ئاڕاسته‌كه‌ی تر نییه. ئێمه وێڕای گرینگی دان به ئاڕاسته‌ی به‌رایی ده‌رانه، جه‌خت له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ئاڕاسته‌ی ته‌وسیف كارانه‌ش هه‌ڵبه‌ت له جێگای خۆیدا ده‌كه‌ین. كه‌وایه باس، باسی سه‌رخستنی یه‌كێك له ئاڕاستهكانه نه‌ك وه‌لانانی ئاڕاسته‌كه‌ی تر.
جێگای خۆیه‌تی هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌م به‌شه‌ی باسه‌كه‌مان دا ته‌نانه‌ت هه‌نگاوێك بۆ دواوه هه‌ڵبهێنینه‌وه و زیادتر له ڕیشه‌كان و ره‌چه‌ڵه‌كه‌كان بكۆڵینه‌وه. له زمان ناسی دا به گشتی باسی ئه‌وه ده‌كرێ كه سه‌ركه‌وتنی ڕوانگه‌ی ته‌وسیف كارانه به‌سه‌ر ڕوانگه‌ی به‌رایی ده‌رانه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بڵاو بوونه‌وه و سه‌قامگیر بوونی بۆچوونه‌كانی زمان ناسانه‌ی فێردینان دۆ سۆسۆر و قوتابخانه‌ی زمان ناسیی پێكهاته‌خواز (structuralism) كه ئه‌و زمان ناسه دایمه‌زراند. پێكهاته‌خوازه‌كان به‌گشتیی شێوه لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی و ناوزه‌مانیی (diachronic) وه‌لا ده‌نێن و شێوه لێكۆڵینه‌وه‌ی هاوزه‌مانیی (synchronic) بۆ توێژینه‌وه له‌مه‌ڕ بابه‌ته زمانییه‌كان هه‌ڵده‌بژێرن. دیاره دكتۆر ئه‌میر باسی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه كه بۆچوونه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شێوه ڕوانینی پێكهاته‌خوازانه. ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه حاشا له‌ئه‌م پێوه‌ندییه‌ش بكا و ئاگاداری ئه‌و شوێن وه‌رگرتنه‌ش نه‌بێ. به‌ڵام ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین نموونه‌كانی ئه‌و شوێن وه‌رگرتنه نیشان بده‌ین.
دكتۆر ئه‌میر له به‌ندی دووه‌می نامه‌كه‌ی بۆ كۆنفڕانسی ئه‌كادیمیای كوردیی له هه‌ولێر ده‌نووسێ:
"له ڕاونگه‌ی زانستی زمانه‌وه(زمان ناسی، كۆمه‌ڵ ناسیی زمان، زمان ناسیی كۆمه‌ڵایه‌تی) ڕه‌سمی كردنی سۆرانی به بیانووی "پێشكه‌وتوو بوون" هه‌ڵه‌یه."
كێشه‌ی من له‌گه‌ڵ ئه‌م قسه‌ی دكتۆر ئه‌میر له‌سه‌ر ئه‌وه نییه كه پێم وایه كوردیی ناوه‌ڕاست له كوردیی سه‌روو پپێشكهوتووتره؛ ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه بتوانم له‌گه‌ڵ زمان ناسێك كه پێی وایه به‌پێچه‌وانه، كوردیی سه‌روو له كوردیی ناوه‌ڕاست ده‌وڵه‌مه‌ندتر و پێشكه‌وتووتره، ڕێك بكه‌وم. به‌ڵام ڕێك¬كه‌وتن له‌گه‌ڵ قسه‌كه‌ی دكتۆر ئه‌میر ده‌به‌سترێته‌وه به قبووڵ كردنی پێش گریمانه‌یه‌كی ئه‌و قسه‌یه كه ئه‌و پێش گریمانه‌یه ڕاسته‌وخۆ له زمان ناسیی پێكهاته‌خواز وه‌رگیراوه. لێمان تێك نه‌چێ قسه‌ی سه‌ره‌كیی دكتۆر ئه‌میر ئه‌وه نییه كه ناكرێ بڵێین كوردیی ناوه‌ڕاست له كوردیی سه‌روو پێشكه‌وتووتره (گه‌رچی ئه‌و قسه‌یه‌ش ده‌كا، به‌ڵام قسه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌وه نییه) بۆچوونی سه‌ره‌كیی دكتۆر ئه‌میر ئه‌وه‌یه كه له ڕوانگه‌ی زمانناسییه‌وه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ت¬دا ناكرێ بڵێین زمانێك له زمانێكی دیكه یا زاراوه‌یه‌ك له زاراوه‌یه‌كی تر پێشكه‌وتووتره. كاتێك دكتۆر ئه‌میر هه‌ر له سه‌ره‌تای ڕسته‌ی سه‌ره‌وه‌دا داكۆكیی له سه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی "له ڕوانگه‌ی زانستی زمانه‌وه..." ده‌كا مه‌به‌ستی ئه‌و بۆچوونه‌یه كه باسمان كرد. ئه‌و كه‌سانه‌ی شاره‌زایییان له مێژووی زمان ناسیی دا هه‌یه ده‌زانن كه ئه‌م بۆچوونه باس كراوه یه‌كێك له ناسراوترین تێزه‌كانی زمان¬ناسیی پێكهاته‌خوازه. بابه‌تی به‌رباس له زمان ناسیی پێكهاتهخوازدا نیزامی زمان واته لانگه. نیزامی زمان، چه‌مكێكی مه‌یله‌و ده‌رهه‌سته؛ چه‌مكێك نییه مه‌یلی ئه‌وه‌ی هه‌بێ لێكۆڵینه‌وه‌ی زمان بكێشێته بواره‌كانی پێوه‌ندیی زمان له‌گه‌ڵ زه‌مینه كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویییهكانهوه. ئه‌گه‌ر شێوه لێكۆڵینه‌وه‌ی هاوزه‌مانیی و سه‌ره‌تیی پێ دانی له ڕوانگه‌ی پێكهاتهخوازهكانهوه به سه‌ر شێوه لێكۆڵینه‌وه‌ی ناوزه‌مانیی واته مێژوویی بهێننه‌وه بیر خۆتان ئه‌وده‌م ده‌زانن كه مه‌به‌ستی پێكهاتهخوازان له نیزامی زمان، هه‌موو پتانسیه‌ل و ده‌ره‌تانه دوزراوه یا نه‌دۆزراوه‌کانی زمانێكه. ئاشكرایه كاتێك پتانسیه‌ل و ده‌ره‌تانی شاردراوه و كه‌شف نه‌كراو و دهكارنهكراوی زمانێك ده‌خه‌ینه پاڵ پتانسیه‌ل و ده‌ره‌تانه دیار و دۆزراوه و دهكاركراوهكانی زمانێك، ئه‌وده‌م ده‌ره‌تانی ئه‌م زمانه به‌رباسه و هه‌موو زمانه‌كانی تریش ده‌گاته ئاستی ده‌ره‌تانی بێ كۆتایی و هه‌ر بۆیه‌ش زمان¬ناسیی پێكهاته‌خواز هه‌موو زمانه‌كان له‌یه‌ك ئاست دا ده‌بینێ و به هیچ شێوه‌یه‌ك ئیزنمان پێ¬نادا باسی پێشكه‌وتووتر بوونی زمانێك یا زاراوه‌یه‌ك له چاو زمان یا زاراوه‌یه‌كی تر بكه‌ین. به‌ڵام له‌ئێره‌دا ده‌مهه‌وێ داوا له خوێنه‌ر بكه‌م ساتێك بگه‌ڕێته‌وه بۆ تێگه‌یشتنی باو یا عه‌قڵی سه‌لیم (common sense) و به كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ئه‌و تێگه‌یشتنه، ئه‌م پرسیاره ساكاره له خۆی بكا كه ئایا به‌ڕاستی هه‌موو زمانه‌كان به یه‌ك رێژه پێشكه‌وتوون و ناكرێ بڵێین زمانێك له زمانێكی تر پێشكه‌وتووتره؟ ئایا كوردی یا فارسی هێنده‌ی ئینگلیزی پێشكه‌وتوون؟ ئه‌گه‌ر وایه بۆچی ئێمه‌ی كورد ـ بۆ نموونه‌ـ تا ئه‌و ڕاده‌یه خه‌می زمانه‌كه‌مانه و داكۆكیی له سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین كه هه‌موو لایه‌كمان ده‌بێ مشووری بۆ بخۆین؟ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئه‌وه به‌رد به كابه دادانه بڵێین ئینگلیزی له كوردی پێشكه‌وتووتره، ئه‌دی بێجگه له پاڵ دانه‌وه و لاق ڕاكێشان و فیكه‌ی سمێڵ هاتن و شایی له‌دڵدا گه‌ڕان به‌هۆی ئه‌و هه‌موو پێشكهوتوویییهی زمانه‌كه‌مان چ ئه‌ركێكی ترمان بۆ ده‌مێنێته‌وه؟
هه‌ڵبه‌ت زمان ناسه پێكهاته‌خوازه‌كان ڕێگای گازنده و بناشت و به‌سه‌رڕۆیشتن له ڕه‌خنه‌گران ده‌گرن و ده‌ڵێن ئێمه باسی لانگ واته نیزامی زمان ده‌كه‌ین. له ئاستی نیزامی زمانیش دا، هه‌موو زمانه‌كان خاوه‌نی ده‌ره‌تانی بێ كۆتایین و ئه‌گه‌ر زه‌مینه و هه‌ڵكه‌وتی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تیش نه‌یهێشتووه له زمانێك دا ئه‌و ده‌ره‌تانانه چاك ههڵبهێنجێندرێن، ئه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ڕوونمان كرده‌وه كه ئێمه كارمان به هه‌ڵكه‌وت و زه‌مینه‌ی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی زمانه‌كان نییه و ئه‌و جۆره سه‌رنج و تێڕوانینانه، له ژێر ناوی لێكۆڵینه‌وه‌ی ناوزه‌مانیی، له پارادایمی زمان ناسانه‌ی خۆمان شاربه‌ده‌ر ده‌كه‌ین و لای لێ ناكه‌ینه‌وه.
به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه ئه‌و زمان یا زاراوه‌ی لایه‌نی به‌رانبه‌ری دكتۆر ئه‌میر ـ واته لایه‌نی لایه‌نگری تاك ستاندارد بوونی زمانی كوردی ـ باسی لێ ده‌كا، زمان یا زاراوه‌یه‌كه كه به زه‌مینه‌یه‌كی تایبه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی یه‌وه گرێ دراوه. ناكرێ وڵامی بۆچوونێك كه زمان به دیارده‌یه‌كی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی بزۆز و بزۆك و بگۆڕ ده‌بینێ به بۆچوونێك بدرێته‌وه كه زمان به نیزامێكی ده‌رهه‌ست و سه‌روو مێژوویی ده‌بینێ. ئه‌مه وه‌ك ئه‌وه وایه من باسی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئاسن بكه‌م و كه‌سێكی تریش به‌رپه‌رچی ئه‌و قسه‌یه‌م بداته‌وه و بڵێ نه‌خێر زیو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی نییه كه تۆ باسی ده‌كه‌ی.
ڕه‌نگه دكتۆر ئه‌میر نموونه‌ی ئه‌وتۆ له نووسراوه‌كانی تازه و پێشووتری خۆی بهێنێته‌وه كه تێ‌یان دا ڕوانگه‌یه‌كی مێژوویی له‌مه‌ڕ زمانه‌وه ڕه‌چاو كراون. ئه‌وه ڕاسته و ئێمه‌ش له‌ئه‌م نووسراوه‌یه‌دا هێنده‌ك له‌ئه‌و نموونانه ده‌هێنینه‌وه. مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه له ناو بۆچوونه‌كانی دكتۆر ئه‌میردا به بێ ئه‌وه‌ی بۆ خۆی هه‌ستی پێ بكا ڕه‌گه‌زی دژبه‌یه‌ك و ناته‌با به‌دی ده‌كرێن. ڕه‌نگه دكتۆر ئه‌میر یا هه‌ر زمان ناسێكی تر ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی نه‌یێته‌وه سه‌ر كه له هه‌ندێك شوێن دا بۆچوونی پێكهاته‌خوازانه له‌ناو نووسینه‌كانی دا به‌دی ده‌كرێ. ده‌كرێ ڕه‌خنه له‌ئه‌م باره‌یه‌دا بگیرێ كه دوو ڕه‌گه‌زی فیكریی دژبه‌یه‌ك، وه‌كوو یه‌ك له‌ناو بۆچوونه‌كانی نووسه‌ڕێك دا ئاماده بن.
حه‌ز ده‌كه‌م بۆ زیادتر ڕوون بوونه‌وه‌ی باسه‌كه‌مان نموونه‌یه‌كی تر له نووسراوه‌یه‌كی تری دكتۆر ئه‌میر بهێنمه‌وه. سه‌ردێڕی ئه‌و نوسراوه به‌رباسه فه‌رهه‌نگی زاره‌كیی له خولی تێكنۆلۆژی زمان دایه كه وه‌كوو پێشه‌كی بۆ فه‌رهه‌نگی زاره‌كیی موكریان- ی به‌ڕێز سه‌لاحی پایانیانی نووسراوه. نووسه‌ر له‌ئه‌م پێشهكییهدا به‌رپه‌رچی تیۆرییه‌ك ده‌دا به‌ناوی تیۆری دابڕانی گه‌وره. به‌گوێره‌ی ئه‌م تیۆرییه له‌ئه‌و كاته‌وه مرۆڤ نووسینی داهێنا، دابڕانێكی زۆر گه‌وره له ژیان و شارستانییه‌تی¬دا پێك¬هات. دكتۆر ئه‌میر پێی وایه ئه‌گه‌ر ئه‌و تیۆرییه بسه‌لمێنین، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بسه‌لمێنین كه
" زمانی نووسراو به‌رزه و زمانی زاره‌كی نزمه. زمانی نووسراو به‌هێزه، زمانی زاره‌كی لاوازه. زمانی نووسراو ڕاسته، زمانی زاره‌كی چه‌وته. زمانی نووسراو پێشكه‌وتوویه، زمانی زاره‌كی دواكه‌وتوویه. زمانی نووسراو ده‌وڵه‌مه‌نده، زمانی زاره‌كی هه‌ژاره."
بۆچوونی دكتۆر ئه‌میر له‌ئێره‌دا زۆر هاوشێوه‌ی بۆچوونی ئه‌و له‌مه‌ڕ به ڕه‌سمیی كردنی یه‌كێك له شێوه‌زاره كوردییهكانه. نووسه‌ر له به‌شی یه‌كه‌می وتاری "شۆڤینیسمی سۆرانی و ئه‌فسانه‌كانی"دا ده‌نووسێ:
شۆڤینیسمی سۆرانیی ـ له‌هجه كوردییه‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ، نرخیان بۆ داده‌نێ، پله‌به‌ندییان ده‌كا و نه‌زمێكی به‌رزی و نزمێتی (هیرارشی)یان پێ ساز ده‌كا و وای داده‌نێ كه ئه‌و پله‌به‌ندییه، سروشتی و پێویست و نه‌گۆڕه و ده‌بێ بپارێزرێ...ده‌ڵێن به‌رزه‌نشینی سۆرانی له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که له له‌هجه‌کانی دی باشتر،پێشکه‌وتووتر،ده‌وڵه‌مه‌ندتر،ڕه‌سه‌ن تر و ڕێک و]پێک تره .
ده‌بینین له‌ئێره‌ش دا نووسه‌ر هه‌بوونی هه‌ر چه‌شنه زنجیره‌پله‌یه‌ک(هیرارشی) له جێگه و پێگه‌ی زمان و زاراوهکاندا به توندی ره‌ت ده‌کاته‌وه و بڕوا هه‌بوون به په‌ره‌گرتوویی زیادتری زاراوه‌یه‌ک ڕێک به مانای بڕوا هه‌بوون به نزمی و دواکه‌وتوویی زاراوهکهیتر داده‌نێ. وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هاتیه سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی زاراوه‌یه‌ک به هه‌ر هۆیه‌ک په‌ره‌گرتووتر له زاراوه‌که‌ی تره، هیچ عیلاجت بۆ نامێنێ جگه له‌ئه‌وه‌ی بێیه سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته که زاراوه‌که‌ی تر زاراوه‌ی خه‌ڵکانێکی یه‌کجار دواکه‌وتوو و بێبه‌ری له فه‌رهه‌نگه.
به‌ڵام دکتۆر ئه‌میر خۆی چ ئاگادار بێ و چ ئاگادار نه‌بێ، چ ددانی پێدا بهێنێ و چ ددانی پێدا نه‌هێنێ، سه‌رینچاوه‌ی ئه‌و بۆچۆنه‌ی له‌گه‌ڵ دانانی هه‌رچه‌شنه زنجیره‌پله‌یه‌ک له‌ناو زمان و زاراوهکاندا دژایه‌تی ده‌کا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زمانناسیی پێکهاته‌خواز. به شیاوی ده‌زانم له‌ئێره‌دا باسی هێنده‌ک خاڵی پێویست بکه‌م.
یه‌که‌م. به بڕوای من دکتۆر ئه‌میر دوو باس و گوته‌زای جوداوازی تێکه‌ڵ کردووه و نه‌یتوانیوه له‌یه‌کیان هه‌ڵاوێرێ.ئه‌م دوو باسانه له‌ئه‌م دوو رسته‌ی خواره‌وه‌دا چڕ ده‌بنه‌وه.
ئهلف. ئه‌و زنجیرهپلهیه به هێنده‌ک هۆی مێژوویی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی له ناو زمان و زاراوهکاندا هه‌یه و هێنده‌ک له زمان و زاراوه‌کان ده‌رفه‌تێکی زیادتریان بۆ پێشکه‌وتن بۆ ڕه‌خساوه.ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجه‌که پێچه‌وانه بکرێته‌وه، دۆخه‌که‌ش ده‌گۆردرێ.
ب. ئه‌گه‌ر بڕوامان وه‌ها بێ له‌ناو زمان و زاراوهکاندا پله‌به‌ندییه‌ک هه‌یه، ده‌بێ بڕوا به‌ئه‌وه‌ش بهێنین که ئه‌و پله‌به‌ندییه سروشتی و پێویست و نه‌گۆڕه.
له‌حاڵێكدا ده‌كرێ بڕوامان به "ئهلف" هه‌بێ به‌ڵام بڕوامان به "ب" نه‌بێ. دكتۆر ئه‌میر به‌ئاگایانه یا نابه‌ئاگایانه، كهموزۆر به لای ئه‌و ئیمكانهدا نه‌ڕۆیشتووه و وه‌های نواندووه ئه‌وه‌ی بڕوای به "ئهلف" هه‌یه ناچاره‌كیی بڕوای به "ب"ش هه‌یه.
دووه‌م. دكتۆر ئه‌میر شایه‌دی بۆ ئه‌وه نه‌هێناوه‌ته‌وه كه لایه‌نی به‌رانبه‌ری زاراوه‌كانی تریان به دواكه‌وتوو دانابێ به‌ڵكو شایه‌دی بۆ ئه‌وه هێناوه‌ته‌وه كه لایه‌نه خه‌نیمه‌كه‌ی زاراوه‌ی خۆیان به پێشكه‌وتووتر داناوه. لهئهوهشهوه بۆخۆی ئه‌و مه‌به‌سته‌ی هه‌ڵهێنجاوه كه مادام فڵانه زاراوه‌یه‌مان پێ پێشكه‌وتوو بێ، ناچاره‌كیی ده‌بێ ئه‌وه‌ی ترمان پێ دواكه‌وتوو بێ. كه‌چی ده‌كرێ جوداوازییهكه نه‌ك له نێوان پێشكه‌وتوو و دواكه‌وتوودا بێ به‌ڵكوو له نێوان زیادتر پێشكه‌وتوو و كه‌متر پێشكه‌وتوو یا له نێوان پێشكه‌وتوو و پێشكه‌وتووتردا بێ. ئه‌و قسه‌یه نه موجامه‌له‌یه و نه زێده‌ڕۆیی. ئه‌گه‌رچی ناكرێ زاراوه‌كانی كوردیی سه‌روو و كوردیی ناوه‌ڕاست له بارودۆخی ئێستا دا له‌گه‌ڵ زمانه به‌هێز و به‌ده‌سته‌ڵاته‌كانی جیهان دا هه‌ڵبسه‌نگێندرێن به‌ڵام ئه‌مانه چیدی زاراوه‌گه‌لی بێ ده‌سته‌ڵات و گرده‌نشین نین و ئێستا دوای نزیك به سه‌ده‌یه‌ك پێنووسران له چاپه‌مه‌نی و میدیا نوێباوه‌كان دا پشوویه‌كیان هاتووه‌ته به‌ر خۆیان و قه‌ڵافه‌تیان ئهوهێنده به‌رز بووه‌ته‌وه که سووك و سانا ساتمه نه‌به‌ن و سه‌ره‌نگرێ نه‌بن. كه‌وایه ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه مه‌ودایه‌كیان له نێوان دا هه‌بێ و یه‌كێكیان له ئه‌وه‌یتر چه‌ند شه‌قاوێك له‌پێش تر بێ به‌ڵام به‌ڕاستی هیچیان له ئه‌و دۆخه‌دا نین حه‌ق بێ وه‌سفی دواكه‌وتوو و به‌دوی و سه‌ره‌تایی پێوه بنووسێنین. ئه‌وه‌ش كه ده‌ڵێم ڕه‌نگه یه‌كێكیان له ئه‌وه‌یتر له‌پێشتر بێ، مه‌به‌ستم له‌پێشتر بوونی كوردیی ناوه‌ڕاست نییه. ئه‌وه‌ی من پێداگریی له‌سه‌ر ده‌كه‌م سه‌رده‌ست كردنی كوردیی ناوه‌ڕاست نییه. دواتر باسی ئه‌وه ده‌كه‌م كه من لایه‌نگری دانانی زاراوه‌ی هاوبه‌شم بۆ كوردان؛ ئینجا ئه‌و زاراوه هاوبه‌شه چ كوردیی سه‌روو بێ چ كوردیی ناوه‌ڕاست یا هه‌ر زاراوه‌یه‌كی تری كوردی.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ئێره‌دا گرینگه ئه‌وه‌یه دكتۆر ئه‌میر، وا ده به‌رده‌نگه‌كه‌ی ده‌گه‌یێنێ كه ئه‌گه‌ر بڕوامان به په‌ره‌گرتووتر بوونی زاراوه‌یه‌ك هه‌بێ ناچاره‌كیی ده‌بێ، زاراوه‌كانی ترمان پێ نه‌قوستان و ئیفلیج بێ. ئه‌و بۆچوونه‌ی به‌ڕێزیان، له دانانی هاوسه‌نگی كوردی بۆ وشه‌ی هیرارشی (hierarchy) زۆر جوان به‌دیار ده‌كه‌وێ. هاوسه‌نگی پێشنیاركراوی دكتۆر ئه‌میر بۆ ئه‌م وشه‌یه "به‌رزی و نزمێتی"یه. وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌رچی له لووتكه‌ی به‌رزیی دا نه‌بێ ئه‌وه له بنه‌بانی نزمیی دایه. به‌ڵام ئێمه بۆ ئه‌م وشه‌یه "زنجیره‌پله"مان داناوه و پێمان وایه ئه‌م هاوتایه پله‌كانی فره‌چه‌شن و فراوان به‌ڵام له‌یه‌ك نزیكی نیزامێكی هیرارشی ئاسامان باشتر پێشان ده‌دات.
ئه‌و هه‌ڵوێست گرتنه به‌رانبه‌ر به‌ئه‌و بۆچوونه‌ی كه گوایه هێنده‌ك لایه‌ن به سه‌ره‌تایی و ناشارستانی داده‌نێ جارێكی دیكه گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ئاگایانه یا نابهئاگایانهی دكتۆر ئه‌میر بۆ نه‌ریتی پێكهاتهخوازمان پێشان ده‌دا. ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاگاداری مێژووی پێكهاتهخوازین ده‌زانن دوای سۆسۆر یه‌كێك له گه‌وره‌ترین بیرداڕێژانی پێكهاته‌خوازی كه ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی بۆ پانتایی لێكۆڵینه‌وه‌ی مرۆڤ ناسانه ڕاگواست كلۆد لیڤی سترۆس بوو. یه‌كێك له به‌ناوبانگترین تێزه‌كانی ئه‌و مرۆڤ ناسه پێكهاته‌خوازه ئه‌وه‌یه كه فه‌رهه‌نگی دواكه‌وتووترین هۆزه‌كان (دواكه‌وتوو له ڕوانگه‌ی ڕۆژئاوایییهكانهوه) له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی مۆدێرنترین خه‌ڵكی ڕۆژئاوایی له ڕووی پێكهاته و نیزامه‌وه و به گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێكهاته‌خوازانه له یه‌ك ئاست دان و ناكرێ بڵێین فه‌رهه‌نگه مۆدێرنه‌كه پێشكه‌وتووه و فه‌رهه‌نگه نهریتییهكه دواكه‌وتووه. چونكه داڕشتی فه‌رهه‌نگه نهریتییهكهش هێنده‌ی داڕشتی فه‌رهه‌نگه مۆدێڕنه‌كه تێكچندراو و خاوه‌نی هاوپێوه‌ندیی به‌ناویه‌ك داچوو و به‌ربڵاوه. دیاره ئه‌م تێزه، وه‌ختی خۆی بۆ خاوكردنه‌وه‌ی فڕی سواری ئورووپایی‌یه خۆبه‌زل زانه‌كان ده‌وڕێكی خراپی نه‌بوو. به‌ڵام نابێ دوو خاڵمان له‌ئه‌و باره‌یه‌دا له بیر بچێ؛ یه‌كه‌م خاڵ ئه‌مه‌یه كه ئه‌و تێزه له كه‌ش وهه‌وای ئیستعماریی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م دا ده‌ربڕدراوه كه خۆبه‌زل زانیی ئورووپایی‌یه‌كان ته‌نانه‌ت هه‌تا ڕاده‌ی به‌رهه‌م هێنانی ئایدیۆلۆژیی نازیسمیش تووشی ئاوسانی شێرپه‌نجه‌یی ببوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كوردی هه‌ژار ئه‌وڕۆ ده‌ستی داوه‌تێ تا دوای چه‌ند سه‌ده وه‌دوا كه‌وتن جێ به‌جێی بكا نه ئیستعماری جه‌ماعه‌تێكی دیكه‌یه و نه بره‌وپێ دانی فاشیزمه و نه به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای شۆڤینیسمه، وه‌ك دكتۆر ئه‌میر به‌داخه‌وه به هه‌ڵه بۆی چووه. به‌ڵكوو كوردیش ده‌خوازێ وه‌كو هه‌موو میلله‌تانی گه‌وره و چكۆڵه‌ی سه‌ر زه‌وی زاراوه‌یه‌كی ڕه‌سمیی یا هاوبه‌ش بۆخۆی هه‌ڵبژێرێ. خاڵی دووه‌م ئه‌مه‌یه كه ئه‌و تێزه‌ی سترۆس، بۆی هه‌یه شوێنی خراپ و تێكده‌ریش له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگه نه‌ریتییه‌كان دابنێ. داخوا ئه‌و تیۆرییه‌ی سترۆس باوی هه‌نگاوی هه‌ندێك چالاكی چاك خواز كه ده‌یانهه‌وێ هه‌ندێك ڕه‌گه‌زی وه‌دواكه‌وتوو و كات به‌سه‌رچوو و نائینسانی له‌ناو فه‌رهه‌نگه نهریتییهكاندا وه‌لابنێن، شل ناكاته‌وه؟ ئایا ئه‌و تێزه ناتوانێ ببێته دارده‌ستێك ده ده‌ستی بن ئاژۆ توندڕه‌وه‌كان دا هه‌تا بڵێن فڵانه فه‌رهه‌نگه كۆنه هه‌ر به‌ئه‌و شێوه‌یه‌ش به‌رانبه‌ریی ده‌كات له‌گه‌ڵ گشت كه‌لتووره مۆدێرنه‌كان؟
به‌داخه‌وه ئه‌و تێزه چاوپۆشیی له زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری مێژوویی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ فه‌رهه‌نگه مۆدێڕنه‌كان و زه‌مینه‌یه‌كی ناله‌بار بۆ فه‌رهه‌نگه داخراوترهكان ده‌كا و به گشتیی دیارده‌كان به شێوه‌یه‌كی ڕاوه‌ستاو و داوه‌ستاو و په‌نگ خواردوو و قه‌تیس ما‌و ده‌بینێ نه‌ك به شێوه‌یه‌كی بگۆڕ و بزۆز و بزۆك و لهگهشهونهشه. كورته‌ی باسه‌كه و پێوه‌ندیی ئه‌م باسه له‌گه‌ڵ كێشه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه كه سترۆس چونكه دۆخێكی دوو جه‌مسه‌ریی، مۆدێرن ـ نه‌ریتی، پێشكه‌وتوو ـ وه‌دواكه‌وتوو، خاوهنئاوهز ـ بێئاوهزی دیت، وه‌كوو هه‌ڵوێستێك له به‌رانبه‌ر ئه‌و دۆخه‌دا هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه حاشای له هه‌موو جوداوازییهكان كرد و وێرغه‌ی ئه‌سپ و غارپێدانی له‌گه‌ڵ وه كه‌شكه‌ڵان خستنی مانگیله ده‌ستكرده‌كان به دوو به‌رهه‌می هاوئاست له دوو فه‌رهه‌نگی هاوشاندا زانی. كه‌چی ئه‌گه‌ر له‌جیاتی ئه‌و ڕوانینه دوو جه‌مسه‌رییه، كۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگه‌كانی مرۆڤی له‌ناو شه‌به‌نگی زنجیرهپلهیهكدا بدیتبایه كه زه‌مینه و هه‌ڵكه‌وتی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌لی پێشكه‌وتنی هێنده‌ك زیاتر بۆ هێنده‌كیان و بڕێك كه‌متر بۆ بڕێكی تریانی ڕه‌خساندووه، ڕه‌نگ بوو گرد و شیوه‌ڵه‌ی به هاوئاست دانه‌نابایه و دوند و تیره‌شانی به هاوشان نه‌دیتبایه. دكتۆر ئه‌میریش هه‌ر به‌ئه‌م شێوه‌یه كه‌ش وهه‌واكه‌ی ئاوا دوو جه‌مسه‌ر دیوه و پێی وایه ئه‌و كه‌سه‌ی به هه‌ر ده‌لیلێك زاراوه‌یه‌كی كوردیی به پێشكه‌وتووتر زانیوه ناچاره‌كیی زاراوه‌كه‌ی تری به ئه‌یاغ و بنژیل زانیوه و به قوڕی دا بردووه‌ته خوار. من شاهیدیی ئه‌وه ده‌ده‌م ـ و دڵنیام له‌ناو خوێنه‌رانیش دا كه‌سانێك هه‌ن كه وه‌باڵ بۆ ئه‌و شاهیدییه بكێشن ـ كه زۆر كه‌س هه‌یه بۆچوونی وایه چاك ئه‌وه‌یه فڵانه زاراوه‌ی كوردیی ببێته زاراوه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ هه‌موو كوردان، به‌ڵام هه‌ر له‌ئه‌و كاته‌ش دا زۆر به تامه‌زرۆیییه‌وه خه‌ریكی خوێندنه‌وه و كاركردن له‌سه‌ر زاراوه‌كانی تری زمانی کوردی یه. ئه‌وه‌ی كه ئێمه‌ش وه‌كوو گه‌لانی تر زاراوه‌یه‌كی هاوبه‌شمان هه‌بێ كه ببێته زامنی یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌ییمان، شۆڤینیسم نییه به‌ڵكوو ئاره‌زووه‌كی ڕه‌وا و ئینسانی یه و ئه‌و هه‌موو شانتاژ و دژوه‌ستان و بهرانبهركێیهی له به‌رانبه‌ردا پێویست نییه.
دژوازیی و ناته‌بایی ناوه‌كیی بۆچوونه‌كانی دكتۆر ئه‌میر ئه‌و كاته خۆیان ده‌نوێنن كه ئه‌و داگه‌ڕانه پهنامهكییانه بۆ ئاڕاسته‌ی پێكهاته‌خوازانه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك بۆچوونی مێژووباوه‌ڕانه و دژهپێكهاتهخوازانه كۆده‌بنه‌وه. دكتۆر ئه‌میر به‌ڵگه‌ی بۆ به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی تێزی دابڕانی گه‌وره به‌ئه‌م شێوه‌یه ده‌رده‌بڕێ:
"تێوری دابڕانی گه‌وره پێوه‌ندی و دیالێكتیكی نێوان عیلله‌ت و مه‌علوول ده‌كاته پێوه‌ندیه‌كی یه‌ك لایه‌نه: نووسین ده‌بێته عیلله‌تی گشت گۆڕانێك به‌ڵام خۆی به‌رهه‌می هیچ عیللهتێك نییه."
شێوه ڕوانینی دیالێكتیكی، ڕوانینێكی مێژوویی یه و له‌گه‌ڵ ڕوانینی دژه مێژوویی پێكهاته‌خوازانه ناته‌بایه.
ڕوانگه‌ی ته‌وسیف كارانه و دژی به‌رایی ده‌رانه‌ی دكتۆر ئه‌میر له‌ئه‌و جێگایه‌دا به ئاشكراترین شێوه خۆی ده‌نوێنێ كه هه‌ڵده‌كوتێته سه‌ر ئه‌و تێزه‌ی ده‌ڵێ: زمانی نووسراو به‌هێزه، زمانی زاره‌كیی لاوازه، زمانی نووسراو ڕاسته و زمانی زاره‌كیی چه‌وته. دیاره له ڕوانگه‌ی به‌رایی ده‌رانه‌وه زمانی نووسراو له زمانی زاره‌كیی به‌هێزتر ده‌ژمێردرێ، له‌باره‌ی ڕاستی و چهوتیشهوه وا نییه ڕوانگه‌ی تهجویزباوهڕانه پێی وا بێ زمانی نووسراو هه‌میشه ڕاسته و زمانی زاره‌كیش هه‌موو كات چه‌وته. به‌ڵام پێی وایه زمانی زاره‌كیی چونكه بۆ ڕه‌چاوكردنی ڕێساكان هێنده‌ی زمانی نووسین پێ‌داگر نییه و زۆر جار له‌ئه‌م باره‌یه‌دا خه‌مسارده، هه‌ر بۆیه زۆر جار چهوتییهكانی زمانی زاره‌كیی به گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر نۆرمه‌كانی زمانی ستانداردی نووسین چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. ئه‌م پێودانهش به دوو مه‌رج ڕوو ده‌دات: یه‌كه‌م نۆرم و ڕێساكانی زمان كۆكرابنه‌وه و نووسرابنه‌وه. دووه‌م به‌كارهێنه‌رانی زمان خۆیان پێمل به‌ئه‌م گهراِنهوهیه بزانن. كه‌وایه زمانی ستاندارد ڕێك كاتێك زه‌مینه‌ی بۆ خۆش ده‌بێ كه خۆمان له ڕوانینی به‌رایی ده‌رانه نه‌بان نه‌كه‌ین. هه‌ر له بنه‌ڕه‌ت دا باسی ستاندارد بوون و ستاندارد كردن له هه‌ناوی خۆی دا هه‌ڵگری ڕوانینی نۆرماتیڤه. به‌بێ هه‌بوونی ڕوانینی نۆرماتیڤ باسی ستاندارد بوون و ستاندارد كردنیش ده‌بێته پرسێكی هه‌ڵپه‌سێردراو. دكتۆر ئه‌میر له حاڵێك دا باسی زمانی ستاندارد ده‌كا كه ڕوانگه‌ی نۆرماتیڤیش ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. ڕمێنی ئه‌م ڕوانینه دژه به‌رایی ده‌رانه‌یه هه‌ر وه‌كوو پێشتر ئاماژه‌م پێ كرد كه‌ش وهه‌وای نووسینی ئێمه‌ی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ته‌نیوه‌ته‌وه. بێجگه له دكتۆر ئه‌میر نووسه‌ر و زمان ناسی دیكه‌ش هه‌ن كه هه‌ر به‌ئه‌م شێوه‌یه له ڕوانینی به‌رایی ده‌رانه دڕدۆنگ و بێزارن. نووسه‌ڕێك ده‌ڵێ:
"زمانی ستاندارد یان زمانی ڕه‌سمیی ناكرێ به موهه‌ندیسی ساز بكرێ، زمانی ئینگلیسی یه‌ك له هه‌ره زمانه ستاندارد كراوه‌كان، هه‌تا ئێستاش هیچ جۆره ئه‌كادیمیایه‌كی زمانی نییه."
له‌مه‌ڕ بۆچوونی ئه‌م نووسه‌ره به‌ڕێزه‌وه ده‌توانین ئاماژه به‌ئه‌م تێبینییانهی خواره‌وه بكه‌ین.
یه‌كه‌م. نووسه‌ر ده‌ڵێ زمانی ئینگلیزی هیچ جۆره ئه‌كادیمیایه‌كی زمانی نییه. من عه‌رزی ده‌كه‌م به ده‌یان ئه‌كادیمیای زمانی هه‌یه. پێویست نییه دامه‌زراوه‌كان حه‌تمه‌ن نێویان ئه‌كادیمی زمان بێ تا ئێمه پێمان ئه‌كادیمی زمان بن. ئێوه بزانن كاركردی ئه‌كادیمی زمان چییه، ئینجا بزانن سازیی و دامه‌زراوه‌ی به‌ئه‌م كاركرده له وڵاتانی ئینگلیزی زمان و ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئینگلیزی زمانیش هه‌یه یا نییه.
دووه‌م. نووسه‌ر به شێوه‌یه‌كی ته‌م ومژاوی وشه‌ی موهه‌ندیسی به‌كار ده‌هێنێ و به ناپێویستی داده‌نێ. مه‌به‌ست له موهه‌ندیسی كردن چییه؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ساز كردنی زمانێك له بناغهوهیه وه‌ك زمانی سپرانتۆ، منیش له‌گه‌ڵی ته‌بام. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی هه‌ر چه‌شنه بهرنامهبۆداڕشتنێكی زمانی و سیاسی یه، ئه‌وه ده‌مهه‌وێ دڵنیای بكه‌مه‌وه پرۆژه‌ی زمانی ستاندارد به بێ موههندیسیكردن سه‌ر ناگرێ. لانی كه‌می جێ به‌جێ بوونی ئه‌م پرۆژه‌یه ئه‌وه‌یه كه زمان ناسه‌كان هه‌ر نه‌بێ ڕێساكانی ڕێزمان كۆبكه‌نه‌وه و بینووسنه‌وه و به‌كارهێنه‌رانی زمانیش ڕێك كه‌وتنێكیان بۆ به‌كارهێنانی ئه‌و ڕێسا كۆكراوانه (چ به شێوه‌ی كۆده‌نگییه‌كی ڕێژه‌یی و ناڕه‌سمیی نێوان خۆیان و چ به شێوه‌ی بڕیارێكی ڕه‌سمیی حكومه‌ت) له نێوان¬دا هه‌بێ.
سێیه‌م. نووسه‌ر خۆی ده‌ڵێ "ستاندارد كردن"، ستاندارد كردن كردارێكی تێپه‌ڕه (متعدی) واته كه‌سانێك كۆ بنه‌وه و به گوێره‌ی هه‌ندێك تیۆری و به‌رنامه زمانه‌كه ستاندارد بكه‌ن. زمان به پشت به‌ستن به گه‌شه‌ی ڕه‌مه‌كی ستاندارد نابێ. هه‌ر وه‌ك گوتمان زمانی زاره‌كیی بۆ بژاركردنی هه‌ڵه و په‌ڵه‌كان خه‌مسارده. ئینجا دژایه‌تی كردن له‌گه‌ڵ ڕوانینی به‌رایی ده‌رانه به ناوی وه‌لانانی هه‌ر چه‌شنه موههندیسییهك بگاته هه‌ر ئه‌نجامێك ناگاته ئه‌نجامی خۆگرتنی زمانی ستاندارد. هه‌ر له جێ دا ڕسته‌یه‌كی ناو خودی ئه‌و قسانه‌ی نووسه‌ری گۆرین هه‌ڵه‌یه‌كی تێ دایه كه نووسه‌ر له زمانی زاره‌كی قۆستوویه‌ته‌وه. نووسه‌ر ده‌ڵێ: "ئینگلیسی یه‌ك له هه‌ره زمانه ستاندارد كراوه‌كان[ه]."
به گوێره‌ی ڕێزمانی كوردی "هه‌ره" به‌ر له ئاوه‌ڵناو دێ و ئاوه‌ڵناوی به‌رز (صفت عالی) ساز ده‌كا.
زۆر جار به هه‌ڵه "هه‌ره" له جیاتی ئه‌وه‌ی بكه‌وێته پێش ئاوه‌ڵناو، ده‌كه‌وێته پێش ناو و ئاوه‌ڵناو دوای ناو دێ. ئه‌م چه‌شنه به‌كارهێنانه له زمانی قسه‌كردنی ڕۆژانه‌دا ڕه‌نگه به هه‌ڵه نه‌ژمێردرێ به‌ڵام له نووسین دا هه‌ڵه‌یه. زمانێك كه به خه‌مساردی باوه‌ش بۆ ئه‌و چه‌شنه هه‌ڵانه بكاته‌وه ستاندارد نییه.
بژار كردنی ئه‌و هه‌ڵانه و ساغ كردنه‌وه‌ی ڕێساكانی زمانیش به هۆی ڕوانینێكی به‌رایی ده‌رانه یان بڵێین به هۆی چه‌شنێك موههندیسییهوه ده‌كرێ.
جگه له‌ئه‌و نووسه‌ره كه كورته‌یه‌ك له بۆچوونه‌كانیمان به نموونه هێناوه، نووسه‌ری كوردی تریش هه‌بوونه كه هه‌ر چه‌شنه پلان دانانێكیان له بواری زمان دا به كرده‌وه‌یه‌كی تێكده‌ر و ناپێویست زانیوه.
ئه‌و بۆچوونه‌ی كه ئێمه له‌ئه‌م وتاره‌دا داكۆكیی له سه‌ر ده‌كه‌ین ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر ڕوانگه‌ی به‌رایی ده‌رانه بۆ زمانه‌كانی تر ڕه‌وا بێ، بۆ زمانی كوردی به شێوه‌یه‌كی دووقات ڕه‌وا و پێویسته. با بزانین بۆ؟
زمانی كوردی هه‌تا ئه‌م یه‌ك دوو سه‌ده‌ی دوایێ پێی نه‌نووسراوه یا ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می زۆر كۆن پێی نووسراوه، ئه‌و شوێنه‌واره نووسراوانه هه‌ر له‌وێ سه‌رده‌می كه‌ونارادا یان نه‌ختێك دواتر فه‌وتاون و تێداچوون. نووسین چ له سه‌رده‌می كۆن¬دا و چ له چاخی مۆدێرن دا وه‌های له زمان كردووه كۆنسێرڤاتیڤ و خۆپارێز بێ. به‌ڵام كاتێك نووسین له گۆڕێ دا نه‌بوو زمان پێشی ئاوه‌ڵا ده‌بێ و زمانی به‌رهه‌ڵدا له كۆتوبه‌ندی زێره‌ڤانیی به‌رده‌وامی نووسین، له پێودانی بهرههڵدراویی¬دا له‌وانه‌یه بهشهخێریشی پێ ببڕێ، به‌ڵام وا هه‌یه قاچ و قولیشی تێك بئاڵێ و هه‌ڵدێرێ و لینگ و لهتهریشی بریندار و ته‌نانه‌ت جاری وایه نه‌قوستان بێ. چازانانی بواری زمان¬ناسی پێیان وایه زمانی ئازاد له چاوه‌دێری نووسین بۆ تووش بوون به سێ تایبه‌تمه‌ندی، زۆر به‌یده‌ست و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ره. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه بریتین له: 1ـ گۆڕان 2ـ جۆراوجۆری 3ـ لادان له نۆرمه‌كان. له بیرمان نه‌چێ گۆڕان و جۆراوجۆری له زاتی خۆیان دا بۆ زمان په‌تا و نه‌خۆشی نین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خێرایییهكهیان له ڕاده‌یه‌كی ماقووڵ لای دا ئه‌وه زمان تووشی كلا بوون بووه و ئاهۆیهكی پیسی گرتووه. لادان له نۆرمهكانیش بێ گومان سه‌ر لێ شیواویی ساز ده‌كا و جێگای ته‌كووزیی و كۆده‌نگیی به پاشاگه‌ردانی و پێك¬هه‌ڵپڕژان ده‌گۆڕێته‌وه، ئینجا چونكه نووسینی كوردی بۆ چه‌ندین سه‌ده تووشی ڕاوه‌ستان بوو، به‌ره‌به‌ره زۆریه‌ک له نۆرمه‌کانی له زمانی زاره‌کیی دا تێک دران. ئێستا كه ڕه‌وتی نووسین به كوردی ده‌ستی پێ كراوه‌ته‌وه، ئه‌وهێنده‌ی پێویسته كهڕڕهگوێی قۆستنه‌وه‌ی دهوڵهمهندییهكانی زمانی زاره‌كیی بین ئه‌وهێنده‌ش پێویسته تا ئه‌و جێگایه‌ی ده‌كرێ و زمان ناشێوێ زمانه‌كه‌مان ساغ بكه‌ینه‌وه و له پاڵوێنه‌ی ڕه‌وتێكی به‌رایی ده‌رانه‌وه تێیبپهڕێنین. به‌ر له‌ئه‌وه‌ی میكانیزمی تێپه‌ڕاندنی زمانی زاره‌كیی له پاڵوێنه‌ی باس كرا‌و بهێنینه گۆڕێ و تاوتوێی بكه‌ین، با باسی نموونه‌یه‌كی مێژوویی له‌ئه‌م باره‌یه دا بكه‌ین. مامۆستا قزڵجی له وتاڕێك دا باسی ڕێساكانی گۆڕانی ده‌نگه‌كانی له زمانی كوردی دا كردووه. له ناو ئه‌و نموونانه‌ی مامۆستا قزڵجی هێناونی نموونه‌ی ئه‌وتۆ هه‌ن كه نیشان ده‌ده‌ن هه‌ندێك وشه له به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌نووسراونه‌ته‌وه و شكڵی وشه به شێوه‌ی نووسراو نه‌پارێزراوه، ته‌واو سه‌راوبن كراون و ئێستا له زاراوه جۆراوجۆره‌كان دا ، هه‌ر دووك شێوه ـ هه‌م شێوه سه‌ره‌كییه‌كه و هه‌م شێوه سه‌راوبن كراوه‌كه ده‌كار ده‌كرێن. یه‌كێك له‌ئه‌م نموونانه وشه‌ی "خه‌ڵووز"ه.قزڵجی ده‌ڵێ "خه‌ڵووز" گۆڕدراوی وشه‌ی "زووخاڵ"ه. ئه‌وه نموونه‌یه‌كی زۆر چكۆڵه له تهئسیرهكانی غیابی زمانی نووسین و بێداشدار مانه‌وه‌ی زمانی زاره‌كی یه . ئێوه خۆتان ده‌توانن مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه بكه‌ن كاتێك نموونه‌ی ئه‌وتۆ له ئاستی ناوه‌وه گه‌یشتووه به ئاستی كردار و له‌ئه‌وێش دا نه‌وه‌ستاوه و ته‌شه‌نه‌ی كردووه بۆ ئاستی ڕێساكان و شێوه‌ی ده‌ربڕینه‌كانی له گڕێژه‌نه بردووه، چ سه‌رلێ شێواوییهك ساز بووه. بۆیه گوتمان ئه‌گه‌ر ڕوانگه‌ی به‌رایی¬ده‌رانه بۆ زمانه‌كانی تر ڕه‌وا بێ، ئه‌م ئاڕاسته‌یه بۆ زمانی كوردی به شێوه‌یه‌كی دووقات ڕه‌وا و پێویسته.
با بێینه‌وه سه‌ر باسی مێكانیزمی ساغ کردنه‌وه‌ی زمانی نووسین. ئێستا كه چی تر پێودانی غیابی نووسین نه‌ماوه و كوردی بۆ نووسین كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیرێ، بۆچی كێشه و گرفتی له‌ئه‌و چه‌شنه هێشتا به‌ربینگمان پێ ده‌گرن و هێنده‌ك جار ناهێڵن زمانی نووسینمان پاکژ و پاڵاوته بێ؟وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له ڕوانگه‌ی منه‌وه ڕوونه: چونكه ڕوانگه‌ی ته‌وسیف كارانه له ناو كوردی زانان و زمان ناسانی كورددا بره‌وی هه‌یه و كهللایه، به‌ڵام ڕوانینی به‌رایی ده‌رانه گرده‌نشین و كه‌له‌لایه.
یه‌كه‌مین هه‌نگاو بۆ ساغ كردنه‌وه‌ی زمانی نووسین و به ده‌ربڕینێكی تر یه‌كه‌مین هه‌نگاو بۆ به پێوه‌ر كردنی زیادتری زمانی نووسینمان، سڵ نه‌كردنه‌وه و قوشقی نه‌بوون له به‌رانبه‌ر ڕه‌چاو كردنی ڕوانگه‌یه‌كی به‌رایی ده‌رانه‌یه. ئه‌و قسه‌یه‌ش به مانای لابردنی ڕوانگه‌ی ته‌وسیف كارانه و دژایه‌تی كردن له‌گه‌ڵی نییه. هه‌ر له جێ دا چونكه كوردی بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده پێی نه‌نووسراوه بۆ ڕاگواستنی سامان و میراتی به‌ربڵاوی زمانیمان ڕوانگه‌ی ته‌وسیف كارانه چه‌ندی بڵێی ده‌ستی ده‌ڕوا و به‌كار و هه‌ڵسووڕه. به‌ڵام دوای كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و سامان و كه‌له‌پووره بهوهجه، بۆ ڕاستهوپاسته كردنی زمانی نووسین، سووكه شه‌ن وكه‌و كردنێكی زمان و به‌كارهێنانه زمانییه‌كان پێویسته. که‌وایه له هه‌نگاوی دووه‌م دا ڕه‌چاو كردنی ڕوانگه‌یه‌كی بهراییدهرانهش ده‌ستمان ده‌گرێ و بۆ تۆكمه‌تر كردنی زمانی نووسین یاریده‌مان ده‌دا. هه‌ر درێژه‌ی مه‌نتیقی ئه‌م ڕوانگه‌یه یه كه ده‌گا به قۆناغی پلان داڕشتن و موهه‌ندیسی كردن. موهه‌ندیسی كردن ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی موهه‌ندیسی كردن بێ نابێ لێی بترسێین. به پێچه‌وانه، ئه‌وه‌ی ده‌بێ لێی بترسێین كاری بێ به‌رنامه و ڕه‌مه‌كی یه.
با هێنده‌ك نموونه له‌ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له نووسینی كوردی دا ڕمێنیان هه‌یه و ڕاست كردنه‌وه‌یان پێویستی به ڕه‌چاو كردنی ڕوانگه‌یه‌كی به‌رایی ده‌رانه هه‌یه، بهێنینه‌وه. (ئه‌و نموونانه له زاراوه‌ی كوردیی ناوه‌ڕاست هه‌ڵبژێردراون. ده‌كرێ نموونه‌ی ئاوه‌ها له زاراوه‌كانی تری زمانی كوردیش ده‌ست نیشان بكه‌ین.)
له ناو ئه‌و نموونانه‌ی له سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌دا باسمان كردن، با سووكه له‌نگه‌رێك له سه‌ر نموونه‌ی جێ‌گۆرکێی بزوێنی "ـه" له‌گه‌ڵ بزوێنی "ێ" بگرین. گوتبوومان زۆر جار ئه‌و جێگۆرکێیه به هه‌ڵه ڕوو ده‌دا و بۆ نموونه "نایێ (نایێت) " ده‌بێ به "نایه (نایه‌ت)". به‌ڕاستی به‌ڵگه‌مان چییه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین "نایێ" ڕاسته و"نایه" هه‌ڵه‌یه؟ له‌گه‌ڵم دابن با له نووكه‌وه له گرفته‌كه بكۆڵینه‌وه. با له‌ئه‌و ڕستانه‌ی خواره‌وه ورد بینه‌وه:
ـ له هه‌ولێرێ بووم ده‌چمه كۆیه
ـ له شنۆیه بووم ده‌چمه مه‌هابادێ
قه‌ت بیرتان له‌ئه‌وه كردووه‌ته‌وه له‌ئه‌و ڕستانه‌ی سه‌ره‌وه بۆچی بزوێنی (ێ) به ناوی هه‌ولێر و مه‌هاباده‌وه زیاد كراوه به‌ڵام دواتر له جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و ڕێسایه بۆ ناوی وه‌ك شنۆش ده‌كار بكه‌ین و بۆ نموونه بنووسین شنۆیێ ده‌نووسین شنۆیه؟
هیچ گومان له‌ئه‌وه‌دا نییه هۆی ئه‌م شێوه نووسینه ئه‌وه‌یه كاتێك ئێمه زمانی زاره‌كیمان به شێوه‌ی نووسراو ده‌كار كردووه، له‌ئه‌وه ورد نه‌بووینه‌ته‌وه ئه‌و بزوێنه‌ی له‌ئه‌و شێوه ده‌ربڕینانه‌دا به دوای وشه‌ی وه‌ك شنۆ زیاد ده‌كرێ، هه‌مان ئه‌و بزوێنه‌یه كه به وشه‌ی وه‌ك مه‌هاباد ی زیاد ده‌كه‌ین. چونكه له زمانی زاره‌كیی هه‌ندێك ناوچه‌دا ڕسته‌ی ده‌چمه شنۆیێ وه‌ك ده‌چمه شنۆیه بێژ ده‌كرێ، ئه‌و ڕێسا یه‌كده‌ست و ساكاره شێواوه و به‌ره به‌ره شێوه‌یه‌ك له له‌ڕێسا لادان ڕمێنی په‌یدا كردووه.
ڕه‌نگه خوێنه‌ری ئه‌م وتاره دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دێڕانه، چه‌ند ڕه‌خنه‌یه‌كی به مێشك دا بێ.
یه‌كێك له ڕه‌خنه‌كان ڕه‌نگه هه‌ڵگری ئه‌و بۆچوونه بێ: بۆچی ئێمه له سه‌ر ئه‌م "ێ"یه كێشه بكه‌ین خۆ له زمانی پێوه‌ری نووسین دا زۆر لهئهمێژه ئه‌و "ێ"یه ده‌كار ناكرێ و بۆ نموونه ده‌نووسین له شنۆ بووم ده‌چم بۆ مه‌هاباد.
ئه‌م قسه‌یه ته‌واو ڕاسته و منیش به هیچ شێوه‌یه‌ك لایه‌نگری ئه‌وه نیم ئه‌و شێوه به‌كارهێنانه له زمانی پێوه‌ردا بژیێته‌وه. چونكه ئه‌م كاره به‌ڕاستی پێویست نییه. (هه‌ڵبه‌ت ته‌واو لایه‌نگری ئه‌وه‌م ڕێزمانی وردی ئه‌م شێوه ده‌كار كردنه بنووسرێته‌وه و بپارێزرێ و له كاتی خۆی دا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كانی پێوه‌ندی دار كه‌ڵكیان لێ وه‌ربگیرێ) به‌ڵام به‌بیرهێنانه‌وه‌ی دوو خاڵی زۆر گرینگ له‌ئه‌م باره‌یه‌دا به پێویست ده‌زانم.
یه‌كه‌م. ئه‌م "ێ" یه له هه‌ندێك وشه‌دا بووه به به‌شێك له داڕشتی وشه‌كه و ته‌نانه‌ت له‌ئه‌و ناوچانه‌ش¬دا كه ئه‌و "ێ"یه له شێوه‌زاره‌یان¬دا ده‌كار ناكرێ، ئه‌م وشانه هه‌ر به‌ئه‌م "ێ"وه كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گیرێ و هاتوونه‌ته ناو زمانی نووسینیش. ئه‌وجار له‌ئه‌م نموونانه‌ی خواره‌وه ورد بنه‌وه:
ـ به‌یانی ڕۆیشتم ـ دوایه هاتمه‌وه
ڕه‌نگه تا ئێستا بیرمان له‌ئه‌وه نه‌كردبێته‌وه له وشه‌كانی به‌یانی و دوایه یا دوایێ دا كه هه‌ر به‌ئه‌م شێوه‌یه هاتوونه‌ته ناو زمانی نووسینمان، ڕه‌چه‌ڵه‌کی وشه‌کان بریتین له به‌یان و دوا، ئه‌و "ێ" یا "ی" یا "ه"یه‌ی بووه به به‌شێك له وشه‌كه، هه‌مان ئه‌و بزوێنه‌یه که له وشه‌کانی مه‌هابادێ و هه‌ولێرێ دا به کۆتایی وشه‌وه زیاد بووه. (ئه‌و بزوێنه به هه‌ر دوو شێوه‌ی "ێ" و "ی" به‌گوێره‌ی شوێن ڕاسته) به‌ڵام بۆچی دیسان ڕێساكهمان شێواندووه و جارێك ده‌ڵێین به‌یانی – که ڕاسته- و جارێكیش ده‌ڵێین دوایه - که ناڕاسته- ڕوانگه‌ی به‌رایی ده‌رانه پێمان ده‌ڵێ دوایه هه‌ڵه‌یه و دوایێ ڕاسته. هه‌تاهه‌تایه هه‌ڵه‌یه و هه‌تاهه‌تایێ ڕاسته.
دووه‌م. ئه‌و له ڕێسا لادانه خۆ هه‌ر له‌ئه‌و ئاسته‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه. له زۆر وشه‌ی تردا كه باسی ئه‌م "ێ"یه‌ش كه له زمانی نووسین دا وه‌لا نراوه ده گۆڕێ‌دا نییه ، "ـه" به هه‌ڵه، جێگای "ێ"ی گرتووه‌ته‌وه. بڕواننه ئه‌م نموونانه:
ـ ناڵه‌م، له جیاتی ناڵێم
ـ نایه‌م، له جیاتی نایێم
ـ ده‌یگه‌یه‌نمه‌وه، له جیاتی دهیگهیێنمهوه
به گه‌ردان كردن و شیکاریی ئه‌م كردارانه و لێوردبوونهوهیان به هاسانی ده‌زانین كامه‌یان ڕاسته و كامه‌یان هه‌ڵه‌یه.
سێیه‌م.ئه‌م هه‌ڵانه هه‌ر له جێ گۆڕكێی "ێ" و "ـه"دا كورت نابنه‌وه، ده‌یان نموونه‌ی تر هه‌ن كه پێشان ده‌ده‌ن كه هه‌ڵه‌ی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره به هۆی به هێند نه‌گرتن و وه‌لانانی ڕوانگه‌ی به‌رایی ده‌رانه هاتوونه‌ته ناو زمانی نووسینمان و خه‌ریكن ڕمێن په‌یدا ده‌كه‌ن. قسه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م شێوه له ڕێسالادانانه زه‌بر له ڕه‌وتی به ستانداردبوونی زمان ده‌وه‌شێنن و پاشاگه‌ردانی و بێ‌ڕێسایی به‌سه‌ر زماندا زاڵ ده‌كه‌ن و سیمای زمانێك كه ده‌توانێ پاڵاوته و پاكژ بێ به‌ره به‌ره كرێت و كڕێژ ده‌كه‌ن.
له‌وانه‌یه ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌مان بێته‌وه سه‌ر كه ساغ كردنه‌وه‌ی زمانی زاره‌كیی و ڕێسامهندكردنی ئه‌م زمانه له چوارچێوه‌ی زمانی نووسین دا ڕه‌نگه داروپه‌ردووی زمان تێك بدا و ته‌شه‌نه بكا بۆ وشه‌ی ئه‌وتۆ كه هه‌ر به‌ئه‌و شێوه‌یه كه ئێستا ده‌كار ده‌كرێن، ئیتر شه‌قڵیان گرتووه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و گێڕانه‌وه‌یان بۆ ڕیشه‌ی پێشوویان، پشت گوێ خستن و به‌هێند نه‌گرتنی ڕه‌وتی مێژوویی گۆڕانه كه نه‌ك هه‌ر كوردی به‌ڵكوو هه‌موو زمانه‌كان ده‌گرێته‌وه.
به بڕوای من ئه‌و نیگه‌رانییه له جێگای خۆی دایه و ده‌بێ گرینگیی پێ بدرێ. هه‌ر بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌ین مێكانیزمێكی ساكار بۆ ساغ كردنه‌وه‌ی وشه و پێکهاته‌كان پێشنیار بكه‌ین كه به‌ر به ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ش بگرێ. سه‌رنج بده‌نه ئه‌م نموونه‌یه: وشه‌ی ددان زۆر ڕێی تێده‌چێ له بنه‌ڕه‌ت دا دندان بووبێ و دوایێ له زمانی زاره‌كیی دا "ن"ه‌كه‌ی سووابێ و بووبێ به ددان. ڕه‌خنه‌گرانی ئێمه ڕه‌نگه بڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌و تێزه‌ی ئێمه ده‌كار بكرێ ده‌بێ له‌ئه‌مه به‌دواوه له زمانی نووسینی كوردیدا وشه‌ی ددان شاربه‌ده‌ر بكه‌ین و له‌جیاتی ئه‌م وشه‌یه بنووسین دندان. دیاره ئه‌م پشێویی و ئاژاوه‌یه‌ش هه‌ر به‌ئه‌م سووك و هاسانییه كۆتایی پێ نایێ. به ده‌یان و سه‌دان وشه‌ی ئاوا ده‌كه‌ونه به‌ر هێرشی ساغ كه‌ره‌وه‌كان و سیمای ئێستای زمانی كوردی داده‌ڕووشێ. به‌ڵام پێشنیاری ساكاری ئێمه مێكانیزمێك به‌ده‌سته‌وه ده‌دا كه پێشی ئه‌م پشێوییه ده‌گرێ. پێشنیاره‌كه ئه‌وه‌یه: ئه‌و زاراوه‌ی بۆ نووسین ده‌كاری ده‌كه‌ین هه‌ندێك بن زاراوه‌ی هه‌یه، ئه‌گه‌ر شێوه‌ی ڕه‌سه‌ن و كامڵی وشه‌یه‌ك له ناو یه‌كێك له‌ئه‌و بن زاراوانه‌دا هه‌یه، حه‌ق وایه شێوه كامڵه‌كه هه‌ڵبژێرین و ئه‌وانی تر له چوارچێوه‌ی زمانی پێوه‌ر وه‌لا بنێین.یا ئه‌گه‌ر له به‌رهه‌مه نووسراوه‌کانی ئه‌م زاراوه‌یه‌دا وشه و زاراوه کامڵه‌که پارێزراوه خۆمان به پێمل بزانین نووسینی شێوه کامڵه‌که ڕه‌چاو بکه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له هیچ كام له بن زاراوه‌كان دا – چ له شێوه ئاخافتنی خه‌ڵکدا و چ له به‌رهه‌مه نووسراوه‌کاندا - ئه‌و وشه و پێکهاتانه‌ی كه كه‌سانێك پێیان كامڵتره نه‌دۆزراوه، كه‌س حه‌قی نییه ئه‌و وشه و پێکهاتانه بگۆڕێ. ئه‌و شیکرنهوهیه به مێکانیزمه‌که‌مانه‌وه زیاد ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر له بنزاراوهیهکدا یا له ده‌قێکی نووسراو دا نموونه‌ی هه‌ڵه‌مان دۆزییه‌وه به مه‌رجێک بتوانین له بنزاراوه یا ده‌قێکی نووسراوی تر دا نموونه‌ی ڕاست ببینینه‌وه ئه‌وا ده‌بێ به‌هۆی نموونه ڕاسته‌که‌وه نموونه ناڕاسته‌که وه‌لابنێین. به دهربڕینێکیتر نموونه ڕاسته‌کان له شێوه ئاخافتنی ناوچه‌یه‌ک یا له ده‌قێکی نووسراو دا بۆمان ده‌بێته سه‌رچاوه به‌ڵام مادام له ناوچه‌ی تر یا له دهقێکیتر دا نموونه‌ی ڕاستمان پێشک بێ نموونه‌ی ناڕاست له هه‌مان ده‌ق یا شێوه ئاخافتنی پێشوودا ناکه‌ین به سه‌رچاوه.
با هه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ وشه‌ی ددان. له هیچ كام له بنزاراوهكانی زاراوه‌ی كوردیی ناوه‌ڕاست دا وشه‌ی دندان وه‌به‌ر چاو ناكه‌وێ. كه‌وایه كه‌س حه‌قی نییه ئه‌و وشه‌یه بگۆڕێ و بیگێڕێته‌وه بۆ وشه‌یه‌كی تر كه بۆخۆی پێی ڕه‌سه‌ن تره. به‌ڵام با ئه‌و نموونه‌یه به شێوه‌یه‌كی تر بهێنینه مه‌یدانه‌وه. له هه‌ندێك بن زاراوه‌ی كوردیی ناوه‌ڕاست دا وشه‌ی ددان بووه به دیان یان دان، واته تیپی دالی دووه‌می سواوه و سووك بووه‌ته‌وه. پرسیاری سه‌ره‌كیی ئه‌مه‌یه ئێستا كه له كوردیی ناوه‌ڕاست دا هه‌م ددان ده‌كار ده‌كرێ و هه‌م دان (بۆ نموونه ددان پێ داهێنان هه‌یه و دان پێ داهێنانیش هه‌یه)، حه‌ق وایه له زمانی پێوه‌ردا كامه شێوه بۆ نووسین هه‌ڵبژێرین؟ به بڕوای من بێ سێ ودوو لێ‌كردن ده‌بێ وشه كامڵه‌كه هه‌ڵبژێرین (واته ددان) و ئه‌وی تر وه‌لا بنێین.
نموونهکیتر. پێشتر ئاماژه‌مان به‌ئه‌و ڕاستییه کرد که به شیکارییه‌کی زمانیی – که سه‌رێکی په‌یوه‌ست به مۆرفۆلۆژییه و سه‌رێکی به فۆنێتیک ده‌به‌سترێته‌وه - بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که نووسین به شێوه‌ی نایه و هه‌تاهه‌تایه هه‌ڵه‌یه و ئه‌م وشانه ده‌بێ به شێوه‌ی نایێ و هه‌تاهه‌تایێ بنووسرێنه‌وه. دوای ئه‌م شیکارییه زمانییه گه‌شتێک به‌ناو ده‌قه نووسراوه‌کانی کوردی‌دا ده‌که‌ین. عه‌بدوڵڵا په‌شێو له شێعرێکیدا ده‌نووسێ:
له‌گه‌ڵ منا گه‌وره نابیت/مناڵی لێت نابێته‌وه/له‌گه‌ڵ منا/ تاهه‌تایێ/ بێ بووکۆکه خه‌وت نایێ
ده‌بینین دوای ئه‌م شیکارییه زمانییه نموونه‌شمان له ناو ده‌قی نووسراو دا بۆ دۆزییه‌وه. هه‌ر له‌ئه‌م ده‌قه‌دا ده‌بینین له‌پاڵ نموونه‌ی ستانداردی وه‌ک نایێ و هه‌تاهه‌تایێ نموونه‌ی ناڕاستی وه‌ک له‌گه‌ل منا ـ له جیاتی له‌گه‌ل مندا ـ و مناڵی ـ له‌جیاتی منداڵی ـ هاتوون. به‌گویڕه‌ی ئه‌و شیکرنهوهش که به مێکانیزمه‌که‌مانه‌وه زیاد کرد ئێمه له‌ئه‌و ده‌قه‌دا نموونه ڕاسته‌کان وه‌رده‌گرین به‌ڵام نموونه ناڕاسته‌کان وه‌رناگرین چونکه بۆمان هه‌یه له ده‌قی تردا یا له شێوه ئاخافتنی خه‌ڵکی ناوچه‌یه‌ک له‌ئه‌و ناوچانه‌ی به زاراوه‌ی کوردیی ناوه‌ڕاست ده‌دوێن نموونه ڕاسته‌کانی تر بدۆزینه‌وه.
به‌کورتی ئه‌م مێكانیزمه یاریده‌مان ده‌دا زۆر كێشه و گرفت و ناته‌بایی له زمانی نووسین دا چاره‌سه‌ر بكه‌ین. به ڕه‌چاوكردنی ئه‌م ڕێسا ساكاره ئیتر ئیزنی ئه‌وه‌مان نییه بڵێین بۆ هێنده‌ك به‌كارهێنانی زمانیی، دوو ستانداردمان هه‌یه. بۆ نموونه به‌گوێره‌ی ستانداردێك بابه‌ت ده‌نووسم ده‌كار ده‌كرێ و به گوێره‌ی ستاندارده‌كه‌ی تر بابه‌ت ئه‌نووسم. له‌سه‌ر بنه‌مای ڕوانگه‌ی به‌رایی¬ده‌رانه ئه‌نووسم هه‌ر له‌جێ دا ستاندارد نییه؛ چونكه شێوه‌ی سووكه‌ڵه كراوی دهنووسمه و له‌به‌رئه‌وه‌ی شكڵه كامڵهکهش هێشتا له بنزاراوهكانی كوردیی ناوه‌ڕاست دا كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گیرێ كه‌واته زمانی پێوهرـ ئه‌گه‌ر قه‌راره پێوه‌ر بێ ـ نووسینی كرداری ڕانه‌بردوو به "ئه" له جیاتی "ده" هه‌ڵناگرێ.
1 (نه‌قڵ به مضمون) شێخه‌لئیسلامی،جه‌عفه‌ر،دیالۆگیک له‌گه‌ڵ مامۆستا جه‌ماڵ نه‌به‌ز، گۆڤاری مه‌هاباد،ژ 88 ،لل 16-14
2 وه‌رگیراو له وێبلاگی به‌ڕێز حه‌سه‌نی قازی http://ruwange.blogspot.com
3حه‌سه‌نپوور،ئه‌میر، "فه‌رهه‌نگی زاره‌کی" له خولی تێکنۆلۆژی زماندا ، وه‌رگیراو له:
پایانیانی،سه‌لاح،فه‌رهه‌نگی زاره‌کی موکریان،ده‌زگای چاپ و بڵاو کردنه‌وه‌ی ڕه‌هره‌و،1385
4 حه‌سه‌نپوور،ئه‌میر،شۆڤینیسمی سۆرانی و ئه‌فسانه‌كانی.به‌شی یه‌که‌م وه‌رگیراو له:
5 حه‌سه‌نپوور،ئه‌میر، "فه‌رهه‌نگی زاره‌کی" له خولی تێکنۆلۆژی زماندا ، وه‌رگیراو له:
پایانیانی،سه‌لاح،فه‌رهه‌نگی زاره‌کی موکریان،ده‌زگای چاپ و بڵاو کردنه‌وه‌ی ڕه‌هره‌و،1385
6 شێخه‌لئیسلامی ، جه‌عفه‌ر، بۆچوونی سێێه‌م: دوکتور جه‌عفه‌ری شێخه‌لئیسلامی، وه‌رگیراو له
تێبینی : ئه‌م بابه‌ته له لایه‌ن به‌ڕێز ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده بۆ ڕوانگه نێردراوه. له چه‌ند به‌ش دا بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه