تێبینی: لێرە دا تەنێ ووتار و ووڵامی بەڕێز دوکتور ئەمیری حەسەنپوور وەرگێڕدراوە.
شهروند بە بۆنەی ٢١ی فێڤرییە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، ئەمساڵ کارێکی شایستەی کرد و ڕۆژی یەکشەمۆ ٢٠ی فێڤرییە بە ئامادە بوونی سێ ڕووناکبیر و تێکۆشەری سیاسی سەر بە سێ نەتەوایەتی ترک، کورد و عەڕەبی ئێرانی لە شاری تۆڕانتۆ لە کانادا سێمینارێکی ڕێک خست و بابەتی زۆرداریی نەتەوەیی و مافی نەتەوایەتییەکانی ئێرانی خستە بەر باس.
دوکتور عەلیڕەزا ئەسغەرزادە، یۆسفی عەزیزی بەنی توروف و دوکتور ئەمیری حەسەنپوور لە بەشدارانی ئەو پانێلە بوون. شهروند پێی خۆش بوو کە کەسێک لە ئێتنیکی فارسیش قسە بکا کە بەداخەوە هەڵنەسووڕا
.....وتەدەری دواتر دوکتور ئەمیری حەسەنپوور بوو.دوکتور حەسەنپوور لە مەهاباد لە دایک بووە و لە سەرەتای خوێندن لە زانکۆی تاران تا ئەمڕۆ خەباتی سیاسی و خوێندن و لێکۆڵینەوەی لە یەک جوێ نەکردووەتەوە. ئەو لە ٢٠ ساڵی ڕابردوو، دوای هاتن بۆ کانادا، لە زانکۆکانی ویندسۆر،کۆنکۆردیا و تۆڕانتۆ دەرسی گوتووەتەوە و خەریکی لێکۆڵینەوە بووە و، بەشێک لە کارە ئاکادێمیکەکانی لە بواری ناسیۆنالیزم، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و شۆڕش دا بووە.
دوکتور حەسەنپووریش قسەکانی بە سپاس لە ڕۆژنامەی "شهروند" و دەربڕینی شادی و گەشانەوەی خۆی لە خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەست پێکرد و گوتی" ئەم کات وساتانە زۆرمێژوویین. لە دنیایەک دا دەژین کە پڕە لە غەدر و چەوساندنەوە، برسێتی، قات وقڕی،کوشتار، شەڕی مەزەبی و ڕەگەزی... و ئەمن زۆر خۆشحاڵم کە ژیانم گەیوەتە ئێستا کە ئەم خەباتانە ببینم.
دوکتور حەسەنپوور، لە گەڵ دەربڕینی پێ خۆشبوونی خۆی بۆ بەشداری لە پانێلێک دا لەگەڵ دوو لێکۆڵەرەوە و تێکۆشەری سیاسی ئاگادار و خەباتگێڕ، گوتی: لە ڕوویەکی دیکەوە زۆر خۆشحاڵ نیم کە بۆچی دەبێ کەسێکی کورد، کەسێکی ئازەربایجانی و کەسێکی عەڕەب بێن و سەبارەت بە زۆرداریی نەتەوەیی قسە بکەن. من ئەوە زۆر چاک دەزانم کە ئەو کەسانە دەزانن زۆرداریی نەتەوەیی چییە کە بۆخۆیان تەجروبەیان کردبێ، وەکوو ئەو زۆردارییەی لە ژنان دەکرێ. ژنان زۆر باشتر لە پیاوان دەتوانن لە قووڵایی زۆرداریی بابمەزنی تێبگەن و بکۆڵنەوە و قسەی لێوە بکەن و بە دژی خەبات بکەن. بەڵام زۆرداریی نەتەوەیی دیاردەیەکی سیاسی یە و پێویست ناکا کەسێک کورد بێ و باسی ئەوە بکا. ئەگەر ئەم پانێلە لە ترکییە ڕێک خرابا، دەکرا جۆرێکی دیکە بێ. لە ترکییە کۆمەڵناسی ترک ئیسماعیل بێشیکچی تەواوی ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ خەبات لە پێناو مافی گەلی کورد و مافی دیاریکردنی چارەنووس،١١٥ساڵ زیندانیان بۆ بڕییەوە کە پازدە ساڵی لە زیندان دا تێپەڕاند و ئێستا بەر دراوە، یان تانەر ئاکچەم کۆمەڵناسێکی ترکی گەنجتر کە هەموو ژیانی ئاکادێمیکی خۆی تەرخان کردووە بۆئەوەی ژێنۆسیدی نەتەوەی هەرمەنی لە ترکییە بە ڕەسمی بناسن، بەڵام لە ئێرانێ بە داخەوە ئێمە کەسایەتی وەک ئەوانمان نییە، کەسانێک کە لە نەتەوایەتی فارس بن و تا ئەو ڕادەیە لە پێناو مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوایەتییەکانی ئێران لێکۆڵینەوە و خەباتیان کردبێ.
هەڵبەت بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە مێژ ساڵە مافی دیاریکردنی نەتەوایەتییەکانی ئێرانی بە ڕەسمی ناسیوە بەڵام لێرە قسەی من لە ئاستێکی بەربڵاوتر دایە لە کۆمەڵ دا. ڕەخنە لە ڕێبازێکی سیاسی کە هێشتا لە ئێرانێ دا هەیە و ئەمن نێوی دەنێم بەرنامەی سیاسی میللییەکانی ئێران، بریتین لە توێژاڵکێکی بەربڵاو لە میللییە سکوولارەکانەوە بگرە تا میللی-مەزەبی و تا ڕووناکبیرانی چەپ کە ئێستا بوونەتە ناسیۆنالیست دەگرێتەوە.
ئەمن خۆم باوەڕم بە سنوور نییە، باوەڕم بە سازکردنی دەوڵەتی تازە نییە، باوەڕم بە نیشتمان و ووڵات نییە وپێم وایە بەتایبەتی سنوورەکان دیاردەی دنیای کۆنن. ئاواتی من هەڵگیران و نەمانی هەموو سنوورەکانە. ئەمن زۆر بەوە دڵگرانم کە مرۆڤ بە نەتەوایەتی و قەومی جۆر بە جۆر دابەش کراوە. شانازی بە هیچ نەتەوایەتییەک ناکەم، بە چاوێکی ڕەخنەگرانەش لە ناسیۆنالیسم دەڕوانم چ ئی نەتەوەی زۆردار و چ زۆرلێکراو، ئەگەرچی ناسیۆنالیسمی نەتەوە زۆرلێکراوەکان تۆوێکی دادخوازانەی ڕەوای تێدایە لەبەر ئەوەی کە بەدژی زۆرداریی نەتەوەیی خەبات دەکەن، بەڵام بۆ من ناسیۆنالیسم دیاردەیەکی کۆنە. بەڵام گشت ئەوانە بەو مانایە نییە ئەمن نکووڵی لە هەبوونی نەتەوەکان بکەم، نەتەوەکان و نەتەوایەتییەکان هەن، ناسیۆنالیسم هەیە، سنوور هەیە، ئێستا من خۆم لە ڕووی قانوونییەوە شارۆمەندی کانادام. بەڵام قسەکەی من لێرە دا ئەوەیە کە مرۆڤ زۆر لە مێژە، بەلانی کەمەوە سەد و پەنجا ساڵە، لە ڕووی فکری، زەینی، سۆز و عاتیفی، سیاسی و تیۆری گەیوەتە جێیەک کە دەبێ سنوورەکان نەمێنن. و ئەو سنوورانە کۆسپن لە سەر ڕێگای بەخۆداهاتنی زیاتری مرۆڤایەتی.
باسەکەی من لێرە دا لە مەر دنیابینینی میللییەکان، واتە ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانە کە بەشێوەی سەرەکی یانی ناسیۆنالیستە فارسەکان. و کاتێک ئەوە دەڵێم مەبەستم ئەوە نییە بڵێم تەنێ فارسەکان ئەو جۆرە ناسیۆنالیسمەیان هەیە ، کەسێکی وەک ئەحمەدی کەسڕەوی کە خۆی ئازەربایجانی بوو ناسیۆنالیستێکی توندئاژۆی فارس بوو لە ڕادەی پانئێرانیستێک دا. ئەمن ناسیۆنالیسم وەک دیاردەیەکی سیاسی دەبینم نەک ئەوەی بمەوێ فارسەکان بکەمە سێرەی ڕەخنەکانم.
لە ڕوانگەی منەوە زۆرداریی نەتەوەیی یەکێک لە لەمپەرە هەرە گرینگەکانی سەر ڕێی پەرەگرتنی دێمۆکڕاسییە لە ئێران دا. و دێمۆکڕاسی بۆ من تەنێ هەڵبژاردنی ئازاد ، رێژیمی پارلمانی، ئازادیی چاپەمەنی و ئازادیی مەدەنی نییە. لە ڕوانگەی منەوە دێمۆکراسی دەکارکردنی دەستەڵاتی چینێکە، سوڵتەی نیزامێکە و دێمۆکراسی و دیکتاتۆری وەنەبێ نەکرێ بەیەکەوە کۆ بکرێنەوە. هەر دوویان بەیەکەوە دێن. داخودا بۆچوونی میللیەکانی (ئێران) سەبارەت بە زۆرداریی نەتەوەیی چییە؟ دنیا زۆر گۆڕاوە بەڵام بەداخەوە بۆچوونی میللییەکانی ئێران هیچ نەگۆڕاوە، قسە دەکەن و دەلێن ئێمە لە ئێران دا شتێکمان نییە بە نێوی مەسەلەی نەتەوایەتییەکان، بە نێوی مەسەلەی ئێتنیکی. ئێمەی ئێرانی لە جێدا زۆرداریی نەتەوەیی ناکەین. ئێمەی ئێرانی ڕەگەزپەرستیمان نییە. ئێمەی ئێرانی کۆیلەداریمان نییە. یەكێک لە هاوکارانی من چەند ساڵ لەمەوپێش گوتی ئێمەی ئێرانی لە جێدا بزووتنەوەی جووتێریمان نییە، پێم گوت بۆچێ پێی خۆت دەخەیە کەوشی هەزار ساڵ فێئۆدالیسمی ئێران.
ئێمەی ئێرانی ئاریایین، ئێمە عەڕەب نین، ئێمە ترک نین، ئێمە زەرتەشتین، ئێمە نەوەی ئەهوورامەزداین، ئێمەی ئێرانی نەتەوەی باڵاترین، نەتەوەی بژاردەین، ئێمە دەگمەنی مێژوویین... ئەوە ڕوانگەیەکە کە لە زۆر لە نووسراوەکان و هاوپرسەکییەکاندا دەتوانن بیبینن. ئەوە تەنێ خۆ ڕانان و سپاسی خۆ کردن نییە و لە زاراوەی سیاسی دا پێی دەڵێن شۆڤێنیسمی نەتەوەیی. بۆ وێنە کەسێک بە نێوی تولووعی ئازاد لە ڕۆژنامەی "شهروند" لە قسەکردنێک دا لە گەڵ دوکتور پارسا بناو دا دەڵێ:" ئێمە دە نێو ووڵات دا مەسەلەی نەتەوایەتی مان نییە..." لە بڕگەی دواتر دا دەڵێ : هەر وەها مەسەلەی ئێتنیکی شمان نییە، بەڵام ویستی بەحەقی ئێتنیسیتەکان بۆ دابین کردنی هەلومەرجی بەرابەر مان هەیە لە مافی ئینسانی دا بەڵام نەک تا مافی دیاریکردنی چارەنووس." باسی مافی ئینسانی دەکا نەک مافەیلی نەتەوەیی و زمانی، کەسێکی دیکە دیسان لە قسەکانی هەر لە "شهروند" دا کە یەکەمی ئاوریلی ٢٠١٠ دا چاپ کراوە هێندێک شتی نووسیوە لە سەر نووسینەکانی بەڕێزان بەراهەنی و قەرەجەلو. باسی مەسەلەی کیوبێک بۆ ئێمە زۆر گرینگە ئێمە لە کانادا دەژین و مەسەلەی نەتەوەیی هەیە. لە کیوبێک لەو دەساڵانەی دواییدا حەول دراوە ئەو مەسەلەیە بە ڕێگای دێمۆکڕاتیک و هەموو پرسی و وتووێژ و گەنگەشە جێ بە جێ بکرێ. بە ڕواڵەت نووسەری ئەو ووتارە پێی خۆش نییە لە کانادا شتێکی ئاوا هەیە و لە قسەکانی دا دەڵێ بۆ ئەوکاتەی ژەنەڕاڵ دۆگۆل هات بۆ کانادا و گوتی بژی کیوبێکی ئازاد، دەوڵەتی کانادا دەری نەکرد و زۆر شێرو ڕێوی دیکەش دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی بڵێ نا کاناداش ئەوەندە دێمۆکڕاتیک نییە و بەوشێوەیە لە نرخی ئەو سیاسەتەی کە ئێستا لە کانادا هەیە و دەیەوێ مەسەلەی نەتەوەیی بە شێوەی دێمۆکڕاتیک جێ بەجێ بکرێ کەم بکاتەوە.شتێکی دیکەش لە گۆواری " مهر ایران" یان "مهرنامە" کە پێم وایە سەر بە بزووتنەوەی کەسکە دەگێڕمەوە لەوێدا ووتارێک چاپ کراوە لە ژێر سەرنووسی " ڕێگای دێمۆکڕاسی بە فێدێرالیسم دا تێناپەڕێ" و لە بەڕیز حەمیدی ئەحمەدی پرسیارێکیان کردووە : بۆچی ئێوە باس کردن لە فێدێرالیسم بە باسێکی ئیدێئۆلۆژیکی چەپ دادەنێن؟ ووڵامەکەی ئەوەیە لە بەر ئەوەی وێژمانی ئێتنیسیتە خوازی لە ئێران وێژمانێکی چەپ ئاژۆیە. باس لە مەڕ نەتەوایەتییەکان، گەلان و قەومە ئێرانییەکان لە دڵی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و دوایە حیزبی توودە و دواتر سازمانی چریکەکانی فیدایی گەلەوە هاتە دەرێ.... ئێدی پاشماوەی ئەو قسانەتان بۆ ناخوێنمەوە. بەڵام شتێکی کە هەیە ئەوەیە کە مەسەلەی نەتەوەیی، هەبوونی نەتەوە و مافی دیاریکردنی چارەنووس ئەوانە هیچکام سەرچاوەی سۆسیالیستی یان نییە و بەشێکن لە پڕۆژەی دێمۆکڕاسی بورژوازی یان دێمۆکڕاسی لێبێڕاڵی. ئەگەر بمەوێ نموونەتان بۆ باس بکەم هێندێک لە موستەعمەرەکانی ئینگلیستان لە شوێنێک کە ئێستا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، لە ساڵی ١٧٧٦ سەربەخۆیی خۆیان لە ئینگلیستان ڕاگەیاند بە بێ ئەوەی وتووێژ لە گەڵ ئینگلیستان بکەن، نۆروێژ لە ساڵی ١٩٠٥ هێمنانە لە سوێد جوێ بووەوە. چێک و سڵۆڤاکی ساڵی ١٩٩٢ مان وەبیر دێ کە لە یەکدی جوێ بوونەوە. ئەوە خوارووی سوودانیش کە لەو دواییانە دا جوێ بووەوە و ئەوە کاناداش هەیە کە هیوادارم کیوبێکی لێ جوێ نەبێتەوە.
ئەو قسانەی گێرامنەوە دەبێ بە جیدی وەربگیرێن. میللییەکان زۆرجیدین و ڕەپوڕوو هەڵوێستەکانی خۆیان ئاشکرا دەکەن. واتە ئەوەی ئەگەر ئێمە دەستەڵات بە دەستەوە بگرین مافی زمانی و مافی دیاریکردنی چارەنووس و ئەوانەمان ناوێ. پرسیاری من ئەوەیە.دنیا گۆڕاوە ئەگەر بەیانی، دوو بەیانی خەڵکی کوردستان، بەلووچستان، ئازەربایجان، ئەهواز ویستیان هەموو پرسییەک وەڕێخەن و لە ئێران جوێ ببنەوە، ئەگەر ئێوە هەمان ئەڕتەشی شاتان هەبێ دەینێرن بۆ قەتڵی عامی خەڵک، یان وەک سوودان قۆڵی لە سەر دەکێشن کە نەتەوایەتییەکانی ئێران مافی ئەنجامدانی هەمووپرسییان هەیە؟ و ئەوەی کە بەشێک لە پێواژۆی دێمۆکڕاسی ئاب و ئەژدادی ئێوەی میللییەکان لە ئەمریکا و شوێنی دیکە دووسەد، سێسەد ساڵ لەوە پیش ئەمەیان وەکوو مافێک ناسیوە. Unilateral Declaration of Independence " ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی سەربەخۆیی" لە ئینترنێت دا بگوگلێنن و بزانن چەندە مەملەکەت سەربەخۆ بوون. ئەوە مافێکە و بە ڕەسمی ناسراوە. ساڵی ١٩٩٥ کە لە کانادا ڕێفراندۆم بوو و ئەمن لە کیوبێک بووم و دەنگم دا، هێندەی نەمابوو کە کیوبێک سەربەخۆ بێ. حکوومەتی ئەو دەمی ژان کریتین داوای لە دادگەی بەرز کرد ووڵامی چەند پرسیارێک بداتەوە: داخودا لە قانوونەکانی کانادا دا بنەمایەک هەیە کە کیوبێک یەکلایەنە یانی بە بێ ڕاوێژ لە گەڵ ئۆتاوا سەربەخۆ ببێ؟ داخودا لە حقووقی نێونەتەوەیی دا دەرەتانی ئەوتۆ هەیە بۆ کیوبێک بۆ جوێبوونەوە. ئەگەر لە ئینترنێت دا Reference re Secession of Quebec بگوگلێنن گشت بەڵگەکانی لەو بارەیەوە تێدایە. ووڵامی دادگەی بەرز دوای سێ ساڵ ڕاوێژ لە گەڵ مافناسان ئەوەبوو زەمینەیەک نییە بۆ ئەوەی کیوبێک سەربەخۆ ببێ چونکە زۆرداری لە نەتەوەی کیوبێک ناکرێ و دەرەتانی دیاریکردنی چارەنووسی هەیە و ووڵاتێکی نیوە سەربەخۆیە. بەشێک لە سەفاڕەتخانەکانی کانادا لە مەڕ کیوبێکن و کیوبێک تێیاندا کاربەدەستی هەیە و ڕاستەوخۆ ئەو کەسانەی بیانەوێ کۆچ بکەن بۆ وێندەرێ وەردەگرن. بەڵگە هێنانەوەی دادگەی بەرز ئەوە بوو کە زۆرداریی لە نەتەوەی کیوبێک ناکرێ بەڵام لە ووڵامەکەی دا دەڵێ ئەگەر لە رێفراندۆمێک دا داوای جوێبوونەوەی کرد دەبێ وتووێژی لە گەڵ بکرێ و نەیگوتووە ئەڕتەش بنێرینە وێندەرێ.
قسەی من ڕووی لە میللییە ئێرانییەکانە. تاکوو ئێستا دێمۆکڕاسی بورژوازی دوو ڕێگای بۆ جێ بە جێکردنی مەسەلەی نەتەوەیی هەبووە: یەکیان کوشتار، ژێنۆسید، تواندنەوە، ڕاگوێستنی بەکۆمەڵ و ، یەکیشیان ڕێگای دێمۆکڕاتیک. داخودا ئێوە ڕێگای سێریلانکا وەبەردەگرن کە دەزانین ساڵی ڕابردوو چییان بە سەر تامیلەکان هێنا یان ڕێگای سوودان؟. تا ئەو جێگەی ئەمن لە قسە کانیان دەخوێنمەوە دنیا بینینیان لە نووسراوەکانیان دا وەبەر گرتنی ڕێگای توندوتیژییە. ئەی چارە چییە؟ بە بۆچوونی من چارە ئەوەیە ئەو کەسانەی پێیان وایە ڕێگای نا توندوتیژی دروستە، چ کۆمۆنیست و چ ناکۆمۆنیست ، خەبات بکەن و حەول بدرێ لە کولتووری سیاسی ئێران دا هەلومەرجێک بێتە پێشێ کە ئەو شتانە قەبووڵ بکرێ: ئێران ووڵاتێکی چەند نەتەوایەتییە، نەتەوایەتییەکان زۆرداریی نەتەوەییان لێدەکرێ، نەتەوایەتییەکان خاوەنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانن، لە داهاتوو دا زۆرداریی نەتەوەیی نامێنێ، دەبێ نەتەوایەتییەکان هان بدرێن خەباتێکی یەکگرتوو بکەن بە دژی ئەو سیستمەی کە هەیە و ئێرانێکی دیکە ساز بکەن.
شێوەی کاری دروست چییە؟ شێوەی کاری دروست ئەوەیە من وەکوو کوردێک بانگەشە بۆ جوێبوونەوە نەکەم. دەبێ بڵێم لە گەڵ ئەوەشدا کە باوەرم وایە هەموو نەتەوایەتییەکانی ئێران خاوەنی مافی دیاریکردنی چارە نووسی خۆیانن، بەڵام ئەمن دەبێ پێیان بڵێم لەم مافە کەلک وەرنەگرن، خەباتی یەکگرتوو بکەن بۆ ئەوەی ئەو ڕێژیمە بڕووخێ و ئێرانێکی دیکە دروست بکەن کە تێیدا زۆرداریی نەتەوەیی، دینی، ڕەگەزی، جینسی و چەوساندنەوەی چینایەتی نەبێ. ئەمن وەکوو کوردێک دەبێ بانگەشە بکەم بۆ یەکگرتن و فارسەکانیش دەبێ بانگەشە بکەن بۆ جوێبوونەوە بڵێن ئەوانە نەتەوەی زۆرلێکراون، ئێوە مافی خۆتانە لە ئێران جوێ ببنەوە بەڵام وا باشترە کە جوێ نەبنەوە. بۆچی؟ ئەگەر من هەڵوێستی یەکگرتنم نەبێ، هەڵوێستی من هەر دەبێ بە هەڵوێستی ناسیۆنالیسمی کورد.دوکتور ئەسغەرزادە باسی نموونەی ئەوەی کرد کە بەداخەوە لە نێو نەتەوایەتییەکانیش دا شوڤێنیزم هەیە.ئەمن هیچ چارەیەکەم نییە جگە لەوەی بلێم کە خەڵکی کورد و ئازەربایجانییەکان دەبێ لە گەڵ خەڵکی فارس خەباتێکی یەکگرتوو بکەن و ئەو سیستمە هەڵوەشێنن و بیگۆڕن. ئەگەر فارسێکیش مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان قەبووڵ نەکا ئەمن گومانم هەیە لە باوەڕی وی بە دێمۆکڕاسی.
ئەمن دەڵێم لە ووڵاتێک دا کە ٢٥ میلیۆن ئازەربایجانی مافی ئەوەی نەبێ بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێ باشترە پارچە بێ. (چەپڵەی بەشداران). ڤیرجینیا وڵف ژنێکی ڕۆماننووسی ئینگلیسی بوو کە هەشتا ساڵ لەمەوبەر گوتی " ئەمن وەکوو ژنێک هیچ نیشتمانێکم نییە، نیشتمانێکی کە زۆرداری لە من بکا نیشتمانی من نییە." سەبارەت بە نەتەوایەتییەکانیش هەر وایە. ووڵاتێکی کە بە داری زۆرێ بە میلیۆنان ترک، کورد، عەڕەب و بەلووچ لە مافی سەرەتایی پەروەردە بە زمانی دایکی بێ بەش دەکا چ شانازییەک دەکرێ بە ووڵاتێکی ئاوا بکرێ؟، بە بۆچوونی من لە بەریەک هەڵوەشێ باشترە.
لە ڕوانگەی کۆمۆنیستییەوە ئەو دژوارییە سەرەکییەی کە زۆرداریی نەتەوەیی سازی دەکا بەرتەنگ کردنی دێمۆکڕاسییە بەڵام مەترسی سەرەکی ئەوەیە لە درێژخایەن دا چینی کرێکار و بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی خوێندکاریی لەت و کوت دەکا. زۆرداریی نەتەوەیی لە زۆردارییە بە مەترسییەکان و هەموو لایەنەیە، هەر ئەوە نییە کە تەنێ ئازەربایجان لە ئێران جوێ کاتەوە، بەڵکوو بزووتنەوە جۆر بەجۆرەکان لەت و کوت دەکا. دەبێ ئەو مەسەلەیە بە جیدی وەربگرین.خەبات بۆ ئەوەی کە میللییەکان تەنانەت دە چوارچێوەی دێمۆکڕاسی بورژوازیش دا لە جیات ڕێگای توند و تیژی، ڕێگای تەبایی و ڕێگای دێمۆکڕاتیک وەپێش بگرن، خەباتێکی سەختە و دەبێ حەولێکی زۆر بدرێ. زۆرداریی نەتەوەیی زەبەلاحێکە دەبێ ڕووبەڕووی ببینەوە. ئەمن هیوادارم هەموومان بە یەکەوە بتوانین کولتووری سیاسی ئێران بگۆڕین.
******
دوای پشوویەکی کورت بەشی دووەمی پانێلەکە بە پرسیار و ووڵام دەستی پێکرد. ئەو بەشەی کۆبوونەوەکە حەسەنی زێرێهی سەرنووسەری بڵاوکراوەی "شهروند" بەڕێوەی دەبرد. دوای کۆتایی هاتنی قسەکانی دوکتور ئەسغەر زادە، هێندێک لە ئامادەبوان پرۆتێستیان کرد لە بەرئەوەی لە قسەکانی داپێشنیازی کرد ئینگلیسی ببێتە زمانی هاوبەش یان سەتاسەری. دوایە نۆرە گەیشتە دوکتور حەسەنپوور بۆ ئەوەی ووڵامی ئەو پرسیارانەی لێی کرابوون بداتەوە. ئەو لە سەرەتاوە سەبارەت بە زمانی سەرتاسەری داهاتوو لە ئێران گوتی: ئەمن پێم وایە لە ئێرانێکی دێمۆکڕاتیک دا، زمانی فارسی زمانی هاوبەشی یەکەم دەبێ و نەتەوایەتییەکانی ئێران ئازادییەکانی زمانی خۆیان دەبێ.
لە ووڵامی پرسیارێک دا کە گوتبووی نەتەوەی فارس داوخوازی بەکارهێنانی زۆرداریی نەتەوەییە. حەسەنپوور لە ووڵام دا گوتی: نەتەوەی فارس لە چینی جیاواز پێک هاتووە. دوو جینسییەتی ژن و پیاوی هەیە. لادێیی و شارستانی هەیە. ناکرێ بگوترێ کە نەتەوەی فارس گشتیان زۆرداریی لە نەتەوایەتییەکانی دیکە دەکەن.ئەو زۆردارییە لە زەمانی سەردەمی پەهلەوی بەم لایەوە بە شێوەی سەرەکی لە لایەن دەوڵەتە وە بووە. تاکێکی زەحمەتکێشی شیرازی یان کرمانی لە جێدا دەرفەتی زۆرداریی کردن لە کورد یان ئازەربایجانی نییە و، زۆرداریی نەتەوەیی لە هەلومەرجی ئێستا دا پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە دەستەڵاتی سیاسی. قسەی من ئەوە نەبووە کە نەتەوەی فارس هەمووی زۆرداری لە نەتەوایەتییەکانی دیکە دەکەن.
و ئەوەی کە گوتراوە قسەکانی من بۆن و بەرامەی جیاوازیخوایان لێ دێ. بۆمن جێی سەرسوڕمانە چونکە من گوتم وەک کوردێک نابێ باسی جوێبوونەوە بکەم، دەبێ داوای یەکگرتن بکەم بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە و دروست کردنی ئێرانێکی جیاواز لەوەی ئێستا بەڵام بەداخەوە لە نێو ڕووناکبیرانی فارس دا کەس نییە بێ و ڕەخنە لە ناسیۆنالیسم شۆڤێنیسمی فارس بگرێ.
بەداخەوە لە ڕوانگەی منەوە ئێران ئێستا پارچە کراوە. کوردستان، بەلووچستان، ئازەربایجان و خوزستانێکی کە بە زەبری گوللە و بە زەبری دەستەڵاتی ئەڕتەشی ئیسلامی و سپای ئیسلامی لە ناو دایکی نیشتمان دا ڕایان بگرن لە ڕوانگەی منەوە ئەوە یەکێتی نییە. ئەو ئێرانی داهاتوویەی کە من دەمەوێ ئەوە نییە. ئەوەی هەیە ئێرانی شایانی قاجار، ڕەزا شا، محەمەد ڕەزا شا، خومەینی و خامەنەیی یە. ئەمن باسی یەکگرتنم لە ئاستێکی دیکە دا کرد و دیارە ئەوەش لە گەڵ ڕوانگەی میللییەکان ناگونجێ بەڵام ئەوانیش وەک من دەتوانن فێر بن. منیش لە تافی لاوێنی دا ناسیۆنالیستێکی کورد بووم بەڵام لە ناسیۆنالیسم بە تەواوی جوێ بوومەوە. هێشتا لە مافی نەتەوەی کورد و نەتەوایەتییەکانی دیکەی ئێران بەرگری دەکەم بەڵام لە ڕوانگەی ئەنترناسیونالیستییەوە. ئەمن بۆ دەبێ حورمەت بۆ نیشتمان و سنوور دابنێم، هەموو دنیا نیشتمانی منە. (چەپڵە لێدانی ئامادەبووان).
پرسیارێکی جیدی کردنی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە ناوچەیەکی قەیراناوی کوردەکان و ترکەکانە. بەداخەوە زۆر بە هاسانی ڕێژیمی فەرمانڕەوا دەتوانێ درێژە بە سوڵتەی خۆی بدا هەر ئەوەندە بەسە شتێکی وەک ڕووداوی نەغەدە بخولقێنێ ئەوەی لە ساڵی یەکەمی شۆڕش دا کرا . کەسێک تەقەیەک بکا، ژمارەیەک ترک، هێندێک کورد بکووژن یان هێندێک کورد، ژمارەیەک ترک بکووژن و ئەوە دەبێ بە یوگوسڵاوی.
دۆستان باس ئەوە نییە کە کەنداوی فارسە یان کەنداوی عەڕەبی، ئەوانە جێی گەنگەشە ولێدوانی ئێمە نین. مەسەلەی زۆر جیدی لە گۆڕێ دایە، مەسەلە چلۆنایەتی ئێستای ئێران و خەڵکی ئێرانە. مەردمی دنیا هەستاونە سەر پێیان، ئێمە تا کەنگێ دەبێ درێژە بدەین بەو شێوە بیرکردنەوانەی زەمانی کۆن؟ بەداخەوە ناسیۆنالیسمی کورد و ناسیۆنالیسمی ئازەربایجانی لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا ناکۆکییان لە گەڵ یەکتری هەیە.ئەو ناکۆکییە شتێکی دەستکردە. لە سەروبەندی حکوومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان دا، ئەو دژایەتییانە هەبوون بەڵام ئەودەمی هەر دوولا دژایەتییەکانیان بە شێوەی دێمۆکڕاتیک جێ بەجێ کرد. نیزیکەی چل خوێندکاری مەهابادی و بۆکانی لە تەورێز دەیان خوێند. حکوومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان لە کۆماری کوردستان پێشوەچووتر بوو. لە ڕووی پەروەردەوە یارمەتی دەکرد بە کوردستان، چاپخانەی دەدا، کاغەزی دەدا، لە ڕوی نیزامییەوە یارمەتی دەکرد. من ئەو مێژوویەم دەوێ. مێژووی یەکێتیی دوو نەتەوەی کورد و ئازەربایجان لە ساڵی ١٣٢٤-١٣٢٥، ئەوەیە مێژوو، ئەویتر مێژووی خانی کورد و ترکە کە حەولیان داوە خەڵک بە گژ یەکتری دا بکەن. مێژووی من ئەو یەک ساڵەیە کە ئەو دوو نەتەوەیە یەکێتییان لە ناو دابوو. ئەمن لە سەردەمی حکوومەتی نەتەوەیی دا تەمەنم سێ ساڵ بوو بەڵام دواتر کە گەورە بووم لە مەهاباد هەمیشە باسی ئەو یەک ساڵە بوو. بابم دەیگوت لەو یەک ساڵە دا هەر کاتێک دەچووین بۆ تەورێز بۆ کاری بازرگانی، خەڵکی تەورێز رێزیان لێ دەگرتین. بە ڕووخانی حکوومەتی ئازەربایجان ئەوە گۆڕا. ئەوە چمان پێ دەڵێ؟ ئەوە یانی ئەوەی کە نەتەوەی ئازەری و نەتەوەی کورد هیچ کێشەیەکیان لە گەڵ یەکتری نییە.گشت ئەو شتانەی کە داخودا سەڵماس کوردە یان ترکە یان ئاسۆری، ئەوانە گشتی بە شێوەی دێمۆکڕاتیک جێ بە جێ دەکرێ. بۆ شێست ساڵ لەوە پێش دەکرا بەڵام ئێستا نەکرێ؟
سهرچاوهی بابهت و وێنهکان ماڵپهڕی شهروند