هاوپرسەکی گۆواری زڕیبار لەگەڵ دوکتور سەجادی سەبارەت بە زمانی کوردی
وێنە کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی زانکۆی ئێگزێتر سەبارەت بە کولتووری کورد- ئاوریلی ٢٠٠٩
زمانی کوردی، ئایدیۆلۆجی و ناخودئاگا:
چه‌ند بیرۆکه‌یه‌کی تیۆریک و چه‌ند نموونه‌یه‌کی پراکتیک
وتووێژ له گه‌ڵ دوکتۆر به‌ختیار سه‌جادی[1]
سه‌ردێڕی باسه‌کانی ئه‌م وتووێژه:
1. زمان و جۆره‌کانی لێکۆڵینه‌وه له زمان
2. فه‌لسه‌فه‌ی زمان یان فه‌لسه‌فه‌ی زمانناسانه؟
3. له ناو چوونی سه‌ربه‌خۆیی وشه له زمانی کوردی‌دا: نموونه‌یه‌کی پراکتیکی له زمانناسیی مه‌عریفی
4. ده‌رباره‌ی په‌ره‌سه‌ندنی زمانی کوردی
5. ده‌رباره‌ی زمانی زانستیی کوردی
6. لێکۆڵینه‌وه له پێوه‌ندیی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی: کێشه تیۆریکه‌کان
7. زمانی کوردی و ئایدیۆلۆجی: تیۆرییه‌کان
8. زمانی کوردی و ئایدیۆلۆجی: نموونه‌یه‌کی پراکتیکی
9. قه‌یرانی شوناس چ پێوه‌ندییه‌کی به پێوه‌ندی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجییه‌وه هه‌یه؟
10. پێوه‌ندیی زمان و ناخودئاگا: تیۆرییه‌کان
11. پێوه‌ندیی زمانی کوردی و ناخودئاگا: نموونه‌کان
1. تکایه سه‌ره‌تا له سه‌ر زمان و جۆره‌کانی لێکۆڵینه‌وه له زمان قسه بکه‌ن؟
زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی چ به شێوه‌ی زانستی و پسپۆرانه و یان به هۆی ئاره‌زووی تاکه‌که‌سیی خۆیانه‌وه له زمان ده‌کۆڵنه‌وه زمان ته‌نها وه‌ک سینتاکس (رێزمان، بنه‌ما، و رسته‌سازی)، سێمانتیکس (مانا و واتاسازی) و فۆنۆلۆجی (ده‌نگناسی) ره‌چاو ده‌که‌ن، یان له‌وانه‌یه به که‌ڵک وه‌رگرتن له بیرۆکه بنهماییخوازهکان (structuralist) زمان وه‌کوو سیسته‌مێک له نیشانه‌کان ته‌ماشا بکه‌ن بۆ سازبوونی پێوه‌ندی. دیاره ئه‌نجامدانی ئه‌م کارانه پێویسته و ئه‌بێ ئێمه خاوه‌نی چه‌ندین و چه‌ندان به‌رهه‌م بین له‌م بوارانه‌دا. به‌ڵام من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تاکو ئێسته‌ش، سه‌ره‌ڕای خوێندنی ئه‌و ده‌رسانه به شێوه‌یه‌کی ئاکادێمیک، له‌و به‌ستێنانه‌دا کارم نه‌کردووه و به‌ڵکوو گرنگیم داوه‌ته هه‌ندێ لق‌وپۆپی تری پێوه‌ندیدار به زمانه‌وه. دوو هۆی سه‌ره‌کیشم بۆ کار نه‌کردن له‌و ئاقارانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا هه‌بووه:
هۆی یه‌که‌م ئه‌وه بووه که کارکردن له‌م ئاقارانه‌دا به جۆرێک بۆته پارادایمی زاڵی خوێندنه‌وه زمانه‌وانییه‌کان لای ئێمه. زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ی خه‌ریکی کارکردنن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه چ له‌م دیو و چ له زۆرێک له نامه‌کانی ماستێر و دوکتۆرای به‌شی کوردیی زانکۆکانی باشوور و تا راده‌یه‌کیش لێره به تایبه‌ت له تێزه‌کانی ماستێر و دوکتۆرای به‌شی زمانناسیی زانکۆکانی ئێران؛ واته، لێکۆڵینه‌وه له رێزمان و واتاسازی و ده‌نگناسی له زمانی کوردی‌دا به مه‌به‌ستی تێگه‌یشتن و پۆلێنکاریی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زاراوه و بنزاراوه و شێوه‌زاره جیاجیاکانی زمانی کوردی.
هۆی دووه‌م ئه‌وه‌یه که که‌متر لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کمان به زمانی کوردی له به‌رده‌ستدایه که ده‌رباره‌ی، بۆ نموونه، فه‌لسه‌فه‌ی زمان بێ؛ یان به شێوه‌یه‌کی تیۆریک و به پاڵپشتی بۆچوونه ره‌خنه‌ییه‌کان (critical approaches) هه‌وڵی دابێ له زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی، یان زمانناسیی ده‌روونی، یان زمانناسیی مه‌عریفی که‌ڵکی وه‌رگرتبێ. ژماره‌ی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی له‌م ئاقارانه‌دا هاتوونه‌ته به‌رهه‌م و هه‌وڵی ده‌سته‌به‌رکردنی روانگه‌یه‌کی تیۆریکیان دابێ ده‌رباره‌ی زمانی کوردی زۆر که‌من.
2. ئایا فه‌لسفه‌ی زمان و فه‌لسه‌فه‌ی زمانناسانه جیاوازن؟
فه‌لسه‌فه‌ی زمان (philosophy of language) له فه‌لسه‌فه‌ی زمانناسانه (linguistic philosophy) به ته‌واوی جیاوازه. لێره‌دا ماوه‌ی ئه‌وه‌مان نییه باس له‌م جیاوازییانه بکه‌ین و سه‌رچاوه له‌م باره‌یه‌وه زۆرن به تایبه‌ت به زمانی ئینگلیسی. ئێمه ئێستا له زمانی کوردی‌دا زیاتر خه‌ریکین به جۆرێک له ئاقاری فه‌لسه‌فه‌ی زماندا کار ده‌که‌ین و له راستیدا زۆر به ده‌گمه‌ن توانراوه له به‌ستێنی فه‌لسه‌فه‌ی زمانناسانهدا ده‌قێک به کوردی بێته به‌رهه‌م. ده‌شکرێ له‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی ده‌رباره‌ی زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی یان زمانناسیی ده‌روونی به کوردی به ئه‌نجام گه‌یشتوون باس له هاتنه ئارای جۆرێک له فه‌لسه‌فه‌ی زمان بکه‌ین، هه‌رچه‌ند وه‌ک ده‌زانرێ به راستی ژماره‌ی کاره‌کان له‌م ئاقاره‌شدا زۆر که‌مه.
نه‌بوونی فه‌لسه‌فه‌ی زمانناسانه له ده‌قه کوردییه‌کاندا پێوه‌ندیی راسته‌وخۆی هه‌یه به‌و قسه دووبارهییهی که بۆچی کورد نه‌یتوانیوه به زمانی کوردی فه‌لسه‌فه و سیسته‌می فه‌لسه‌فیی به‌رهه‌م بهێنێ. من پێم وایه پێویسته سه‌ره‌تا به لێکۆڵینه‌وه له فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌وه ده‌ست بکه‌ین و ئه‌م رێگایه ده‌توانێ له ئاکامدا بمان گه‌یێنێته باسکردن یان به‌رهه‌م هێنانی جۆرێک له فه‌لسه‌فه‌ی زمانناسانه. به واتایه‌کی تر، کارکردن له ئاقاری فه‌لسه‌فه‌ی زماندا و له به‌ستێنی زمانی کوریدا له ئه‌نجامدا ده‌توانێ جۆرێک فه‌لسه‌فه‌ی زمانناسانهمان بۆ به‌رهه‌م بهێنێ و ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ش (مه‌به‌ست فه‌لسه‌فه‌ی زمانناسانه‌یه) ده‌توانێ بۆخۆی ده‌وری سیسته‌مێکی فه‌لسه‌فیی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆ بگێڕێ.
کارکردن له ئاقاری فه‌لسه‌فه‌ی زماندا پێویستی به سه‌رنجدان هه‌یه به لقه پسپۆرانهییهکانی تری زمان‌ناسی وه‌ک زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی (sociolinguistics)، زمانناسیی ده‌روونی (psycholinguistics)، و به تایبه‌ت زمانناسیی مه‌عریفی (epistemolinguistics). زمانناسیی مه‌عریفی له تیۆریی ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی و ره‌خنه‌گرانه‌ی هاوچه‌رخدا یه‌کێکه له باسه فره‌پاته‌کان. ره‌نگه یه‌که‌م که‌س که به شێوه‌یه‌کی پسپۆڕانه له‌م پرسه‌ی کۆڵیبێته‌وه فیلسووفی فه‌ره‌نسی ئێتیه‌ن بۆنۆ کۆندیاک بێ. کۆندیاک له ساڵی 1746دا کتیبێکی بڵاوکرده‌وه به ناوی وتارێک ده‌رباره‌ی سه‌رچاوه‌کانی زانیاریی مرۆڤ. ئه‌م به‌رهه‌مه به‌پێزه هه‌ر له‌و سه‌ده‌یه‌دا خێرا پاش چه‌ند ساڵ کرا به ئینگلیسی. کۆندیاک هاوشان له‌گه‌ڵ بێرکێلی یه‌که‌م بیرمه‌ند بوون باس له پرسی مه‌عریفی-زمانناسانه بکه‌ن (Epistemolinguistic Question)، واته، پێوه‌ندیی نێوان زمان و پێشکه‌وتنی ده‌روونیی تاکه‌که‌س؛ یان ئه‌وه‌ی که نیشانه زمانناسانهکان چ ده‌ورێکیان هه‌یه له چه‌مکاندنی ئیده‌کان. دیاره لێره‌دا 'ئیده' زاراوه‌یه‌که له سیسته‌می فه‌لسه‌فی جان لاک-ه‌وه وه‌ریان گرتبوو و هه‌ر ئه‌مه‌ش باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌م باسانه سه‌ره‌تا له فه‌لسه‌فه‌ی شیکارانه‌ی ئه‌نگلۆساکسۆندا بایه‌خیان دراوه‌تێ. له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، هه‌وڵه‌کانی چه‌ند مهنتیقزان و فیلسووفێکی ئاڵمانی و بریتانیایی وه‌ک گۆتلۆب فرێگێ و بێرتراند راسێل ده‌رباره‌ی زمان و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م بازنه‌یه‌ی کامڵتر کرد. به‌ڵام له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه، جۆریک له گۆڕانکاریی مێتۆدۆلۆژیک ده‌بینین له‌م ئاقاره‌دا، جۆرێک له وه‌رچه‌رخان، ئه‌مجاره‌یان له فه‌لسه‌فه‌ی شیکارانه‌وه به‌ره‌و نه‌ریتی فه‌لسه‌فیی ئیدیالیزمی ئاڵمانی و به تایبه‌ت گرنگیدانی زیاتر به هێگێل. لێره‌دا دره‌وشاوه‌ترین ناو و کاریگه‌رترینیان ژاک لاکان-ه. لاکان به خوێندنه‌وه‌ی زمانناسیی بنهماییگهرایانهوه توانی گوڕوتینێکی زۆر ببه‌خشێته ده‌روونشیکاری. ئه‌و به تیکه‌ڵکردنی روانگه‌کانی فرۆید بۆ راڤه‌کاریی خه‌ونه‌کان و تیۆرییه‌کانی زمان‌ناسی گه‌وره‌ی بنهماییخوازی رووسی، رۆمه‌ن یاکوبسن، و پاشان به پاڵپشتی فه‌لسه‌فه‌ی هێگێل و بیرۆکه هێگێلییهکان ده‌رباره‌ی ئهویدیکهیی (otherness) و خود-هۆشیاری (self-consciousness) توانی تیۆرییه‌کی گشتگیر و دنیاداگر ده‌رباره‌ی پێوه‌ندیی نێوان زمان و ناخودئاگا، پێوندیی نێوان زمان و ناسنامه و چۆنیه‌تی لێکۆڵینه‌وه له شوناسی مرۆیی به پێێ زمانه‌که‌ی بخاته روو.
گرنگایه‌تی ئه‌و باسانه‌ی سه‌ره‌وه کاتێ زیاتر بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که ئاوڕێک له پێوندیی نێوان زمانی کوردی و چه‌ند پرسێکی گرنگ بده‌ینه‌وه و هه‌ندێ باس وه‌کوو ئه‌مانه‌ی خواره‌وه بهێنینه ئاراوه:
زمانی کوردی و نووسین یان وه‌رگێڕانی ده‌قی فه‌لسه‌فی و تیۆریک
زمانی کوردی و پرسی دهرههستکاری/بهرههستکاری له‌م زمانه‌دا
زمانی کوردی و بهلاغیبوون
زمانی کوردی و سروشتیبوون
زمانی کوردی و بیرکاریئاسایی
زمانی کوردی و ناڕاسته‌وخۆیه‌تی
زمانی کوردی و شێوازگه‌لی ئارکهیک، رۆژنامه‌نووسانه، بازرگانیانه
زمانی کوردی له ئامێره دیجیتاڵه‌کاندا وه‌ک ته‌له‌ڤیزیۆن و کۆمپیۆتێر و مۆبایل
زمانی زانستیی کوردی
کێشه‌ی له‌حن له زمانی کوردی‌دا
پرسی زهینیوون و بابه‌تێتی له زمانیی زانستیی کوردی‌دا
دیاره ئه‌م باسانه ده‌مانباته نێو هه‌ندێ باسی تر وه‌ک کێشه‌ی ساکارسازی و گشتیکردنهوه له زمانی کوردی‌دا، وه‌ک کێشه‌ی په‌راوێزسازی و رابردووخوازی له زمانی کوردی‌دا، وه‌ک مه‌سه‌له‌ی ئایدیۆلۆجیکبوونی هه‌ندێ شێواز و وشه و ده‌سته‌واژه له زمانی کوردی‌دا که هه‌ر کام له‌م باسانه بۆخۆیان بابه‌تی یه‌ک سێمیناری جیان.
دیاره من لێره‌دا ته‌نها سه‌ردێڕی باسه‌کانم درکاند و بۆخۆیشم خه‌ریکم هه‌ڵه‌ی زۆر نووسه‌ری کورد و فارس دووباره ده‌که‌مه‌وه که به ته‌نها ناوبردن له کێشه‌کان پێیان وایه چاره‌سه‌ریشیان کردووه. ئه‌وان به داخه‌وه هه‌ر ته‌نها سه‌ردێڕی هه‌واڵه‌کان ده‌ڵێنه‌وه و ئیدی ئاگاداری ناوه‌ڕۆکی هه‌واڵه‌که نین و ئه‌مه‌ش وا خه‌ریکه ده‌بێته جۆرێ پارادایمی رۆشنبیریی زاڵ لای ئێمه. بۆ نموونه، له زۆر نووسینی کوردی‌دا چاوم به مه‌سه‌له‌ی پێوه‌ندی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی که‌وتووه که نووسه‌ره‌که ته‌نها و ته‌نها به شێوه‌یکی زۆر ساده و رووکه‌شیانه و به‌بێ ره‌چاوکردنی یه‌که‌م بنه‌واشه‌کانی نووسینێکی زانستی و به‌بێ لێکۆڵینه‌وه له پێناسه جیاجیاکانی ئایدیۆلۆجی و به بێ سه‌رنجدان به لێکۆڵینه‌وه تیۆریکه‌کان له‌م ئاقاره‌دا و به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رچاوه یه‌که‌م و سه‌ره‌کییه‌کان له‌م بواره‌دا باسی له‌و پێوه‌ندییه کردووه؛ واته ئاماژه دان به کێشه‌که به بێ لێکۆڵینه‌وه له کێشه‌که، یان دووباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌ندێ قسه و وته وه‌کوو حوکمێک به بێ شیکردنه‌وه‌یان. له‌به‌رئه‌وه‌ی منیش ئه‌و هه‌ڵه‌یه دووباره نه‌که‌مه‌وه ده‌توانم لێره‌دا ته‌نها یه‌ک نموونه یه‌ک تۆز به وردی باس بکه‌م که ئه‌ویش سڕینه‌وه‌ی تاکایه‌تی و سه‌ربه‌خۆییه له وشه‌کان له هه‌ندێ شێوازی نڤیساریی زمانی کوردی‌دا.
3. جه‌نابتان له هه‌ندێ وتاردا باسی له ناو چوونی سه‌ربه‌خۆیی وشه‌تان کردووه له زمانی کوردی‌دا، تکایه له‌و بواره‌وه باس بکه‌ن:
ئه‌م کاره جۆرێکه له به‌کارهێنانی بۆچوونی زمانناسیی مه‌عریفی بۆ شیکاریی ناسنامه‌ی ئه‌و سووژه‌یه‌ی به‌و زمانه قسه ئه‌کات. ئه‌مه‌ش ئه‌و لقه زانستییه‌یه که باس له پێوه‌ندی نێوان زمان و جۆری مه‌عریفه‌ی به‌رهه‌مهێنراو له‌و زمانه ده‌کات؛ یان هه‌ندێ بیرۆکه‌ی مه‌عریفی تازه ده‌رباره‌ی ئه‌و زمانه به‌رهه‌م ده‌هێنێ که پشتیان به‌ستۆته مۆرک و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هه‌مان زمانه‌وه. لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م به کورتی باس له‌م نموونه‌یه بکه‌م:
له هه‌ندێ شێوازی نڤیساریی زمانی کوردی‌دا زۆر جار سه‌ربه‌خۆیی و مۆرکی تاقانه‌ی وشه‌کان له ناو ده‌چێ. ئه‌گه‌ر بمه‌وێ نموونه‌یه‌کی هه‌ره ساده‌تان بۆ باس که‌م، ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی ورده‌کارانه ته‌ماشای چۆنیه‌تی نووسینی 'ئه‌م و ئه‌و' بکه‌ین له کوردی‌دا به به‌راورد له‌گه‌ڵ زمانه‌کانی تردا:
له فارسی‌دا: این و آن
له ئینگلیسی‌دا : this and that
له فه‌ره‌نسیدا: cette et cela
له عه‌ره‌بیدا: هذه و تلک
به‌ڵام له کوردی‌دا رۆژنامه‌نووسه‌کانمان ده‌نووسن: 'ئهمو ئه‌و' یان 'ئهموئهو' له جیاتی 'ئه‌م و ئه‌و'.
گه‌ر سه‌رنجی ورد بده‌ین، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه له هه‌موو ئه‌و زمانانه‌ی سه‌ره‌وه له سێ وشه پێکهاتووه که‌چی له کوردی‌دا بووه به دوو وشه، یان ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار یه‌ک وشه. واته لێره‌دا ئێمه سه‌ربه‌خۆیی وشه‌ی 'و'مان زه‌وتکردووه که بۆخۆی ئامرازی پێوه‌ندییه و یه‌ک وشه‌ی سه‌ربه‌خۆیه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار ده‌بینین که به‌م شێوه‌یه ده‌ینووسن: ئهموئهو! هه‌مان ئه‌م شێوه نووسینه له چه‌ند نموونه‌یه‌کی تردا ده‌بینین؛ وه‌ک نموونه ده‌نووسرێ 'ماڵێکیتر' له جیاتی 'ماڵێکی تر'. هه‌مان ئه‌م ره‌وشه له نووسینی کرداری 'دا' دا ده‌بیندرێ: 'من کتێبه‌که‌م به تۆدا' له جیاتی 'من کتێبه‌که‌م به تۆ دا'.
به‌ڵام کێشه‌که به‌م ساکارییه‌ی سه‌ره‌وه نییه و زۆر قووڵتره له‌وه‌ی بیری لێده‌که‌ینه‌وه: ئایا ئه‌م له‌ناوبردنی سه‌ربه‌خۆییه له وشه‌دا ناگه‌ڕێته‌وه بۆ له‌ناوچوونی سه‌ربه‌خۆیی له زه‌ینییه‌ت و ناخودئاگامی ئێمه‌دا؟ لێره‌دا با له‌وه گه‌ڕێین کامیان هۆکار و کامیان هۆکردن و با ته‌نها تۆزێ سه‌رنج بده‌ینه پێوه‌ندی نێوانیان، ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ک ئاوڕمان لێ نه‌داوه‌ته‌وه. ئایا ئه‌مه ناگه‌ڕێته‌وه بۆ له‌ناوچوونی تاکایه‌تی له سیسته‌می فه‌رهه‌نگیی ئێمه‌دا؟ ئایا ئه‌و سیسته‌مه فه‌رهه‌نگییه‌ی تاکایه‌تی به‌رهه‌م نه‌هێناوه له رێنووسهکهشیدا به‌ر به تاکایه‌تی ناگرێ؟ ئایا ئه‌م شێوه نووسینه، به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زه‌ینییه‌تی سوژه‌ی کوردی نییه که برێتییه له نه‌بوونی تاکایه‌تی؟
رۆژنامه‌نووسێکی فه‌قیر که له نووسینگه‌ی رۆژنامه‌یه‌ک یان که‌ناڵێکی ته‌له‌ڤیزیۆنیدا دانیشتووه و خه‌ریکی کاری رۆژانه‌یه‌تی، ئه‌م کاره به بیرکردنه‌وه و تێڕامانه‌وه ئه‌نجام نادات، به‌ڵکوو ئه‌م دیارده‌یه به شێوه‌ی ناخودئاگا له ده‌قه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێ. بۆ ئێمه‌مانانیش بندێڕهکان له دێڕه‌کان گرنگترن، یان ئه‌و شتانه‌ی که ده‌قه نایه‌وێ بیڵێ گرنگتره له‌و شتانه‌ی به ئاشکرایی ده‌ریخستوون. واته، له رێگه‌ی لێکۆڵینه‌وه له خودی زمانه‌که‌وه ده‌توانین له ناسنامه و جۆری سابجێکتیڤیتیی سوژه‌که تێبگه‌ین.
له لایه‌کی تره‌وه، که له جیاتی 'ئه‌م و ئه‌و' ده‌نووسین 'ئهمو ئه‌و' یان 'ئهمو ئه‌و' یان 'ئهموئهو'، ئه‌مه فه‌رزکردنی زمانی ئاخافتنه به سه‌ر زمانی نووسیندا. به واتایه‌کی تر، لێره‌دا ئه‌مه گرنگ نییه که سنووری نێوان ئه‌م دوو جۆره زمانه تێکشکاوه، به‌ڵکوو گرنگ ئه‌وه‌یه که ئه‌مه زمانی ئاخافتنه که به سه‌ر زمانی نووسیندا زاڵ بووه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خا که شته‌کان لای ئێمه ڕێک پێچه‌وانه بوونه‌ته‌وه: له جیاتی ئه‌وه‌ی ئێمه خاوه‌نی زمانێکی زانستیی نووسراو و یه‌کگرتوو و پاراو بین و له‌م زمانه که‌ڵک وه‌ربگرین بۆ رێکوپێککردنی زمانی بهڵگاندنهکانمان و سه‌ر و سامان به‌خشین به جۆری مشتومڕه زاره‌کییه سیایسی و ئایینی و فه‌رهه‌نگییه‌کانمان و بردنه سه‌ری ئاستی ئه‌و مشتومڕانه له باری که‌لامی و زانستییه‌وه، ره‌وته‌که یه‌کسه‌ر پێچه‌وانه بۆته‌وه و نه‌ک هه‌ر ئه‌و کاره‌مان نه‌کردووه به‌ڵکو زمانی نووسینه‌که‌شمان ڕێک له سه‌ر و به پێی بنه‌مای زمانی ئاخافتنهکهمان داڕشتووه و تایپ کردووه که شێوازێکی ناعه‌قڵانی و نازانستیی زمانه.
بێجگه له‌مانه‌ش، ئه‌وانه‌ی ئاگاداری بیرۆکه‌کانی قوتابخانه‌ی پاشبنهماییخوازیی دێریدان، ده‌زانن که یه‌کێک له ده‌رئه‌نجامه هه‌ره گرنگه‌کانی ئه‌و تیۆرییه دنیاداگر و سهردهمسازه ئه‌وه بوو که ئه‌وه‌ی خسته روو که فه‌رهه‌نگی رۆژئاوایی له رابردوودا به‌رده‌وام گوته و ئاخافتنی فه‌رز کردووه به‌سه‌ر نووسیندا و ئه‌مه‌ش یه‌کێک بووه له هۆکاره‌کانی په‌ره‌نه‌سه‌ندنی ئه‌و شارستانیه‌ته بۆ ماوه‌یه‌کی زۆری یهکههزار و پێنجسه‌د ساڵه. باشترین نموونه‌ی بایه‌خ دان به ئاخافتن له چاو نووسیندا شێوه بۆچوونی سوقرات و مه‌سیح بوو که گرنگییان ده‌دایه ئاخافتن و نه‌ک نووسین. ئه‌مه ئه‌فلاتوون بوو قسه‌کانی سوقراتی نووسی و هه‌مان کار ئه‌و چوار حهوارییه ناسراوه بۆ مه‌سیح کردیان. گه‌ر دێریدا ده‌رباره‌ی فه‌رهه‌نگ و شارستانێتی رۆژئاوا وا ده‌ڵێ، که‌واته ئێمه‌ی کوردی ده‌رباره‌ی فه‌رهه‌نگ و شارستانێتی خۆمان بڵێین چی که هاتووین و زمانی نووسینه‌که‌شمان هه‌ر به پێی شێوه‌ی ئاخافتنهکهمان نووسیوه‌ته‌وه؟
هه‌ر به هه‌مان شێوه با نموونه‌یه‌کی تر بهێنینه‌وه: تاکوو ئێستا نه‌مانبینیوه له رۆژنامه یان کتێبێکی ئینگلیسی‌دا له به‌ر که‌میی مه‌ودا دوو وشه پێکه‌وه بلکێندرێن و گه‌ر وشه‌یه‌ک بکه‌وێته کۆتایی دێڕهکهوه و مهوداکهش که‌م بێ، ئه‌وا وه‌کو یاسایه‌کی رێنووسیانه له هێڵێک به‌ناوی 'هایفێن' که‌ڵک وه‌رده‌گیردرێ و درێژه‌ی وشه ده‌که‌وێته دێڕی دواییه‌وه. له چاپه‌مه‌نییه کوردییه‌کاندا و به تایبه‌ت له رۆژنامه‌کاندا، گه‌ر حاڵه‌تی وا رووبدات، یان دوو وشه‌که پێکه‌وه ده‌لکێندرێن یان مه‌ودایه‌کی زۆر به سپه‌یس له نێوان وشه‌کاندا دروست ده‌که‌ن بۆ وه‌ی سه‌رجه‌می وشه‌ی دووه‌م بکه‌وێته دیڕی دواییه‌وه. هه‌موو ئه‌م فڕوفێڵانهش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که چوارچێوه‌ی گشتی ئه‌و ستوونه یان ئه‌و چوارگۆشه‌یه‌ی بابه‌ته‌که‌ی تێدا دانراوه تێک نه‌چێ. ئایا ئه‌مه نموونه‌ی قوربانی‌کردنی تاک نییه له به‌رامبه‌ر کۆدا؟ ئایا ئه‌مه له ناوبردنی پاژ نییه له به‌رامبه‌ر گشت‌دا؟ لێره‌دا تاکه‌که هه‌مان وشه‌که‌یه و کۆکه کۆی ئه‌و چوارگۆشهیهیه که کۆی بابه‌ته‌که‌ی تێدا دانراوه. ئایا ئه‌مه ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که سابجێکتیڤیتییه پێکهێنه‌ره‌کانی ناسنامه‌ی ئێمه به‌رده‌وام تاکیان له‌به‌رده‌م کۆدا قوربانی کردووه؟
له ئه‌لفوبێی لاتینیدا هه‌ر پیته‌و سه‌ربه‌خۆیه و هه‌ربۆیه‌ش گرافیسته‌کان ده‌توانن گه‌له‌ک نوێکاری و دیزانی تازه له وشه‌کان دروست بکه‌ن؛ بۆ نموونه، کۆمه‌ڵێ باڕ له بریتانیا هه‌ن به ناوی amBer rooms. گه‌ر سه‌رنج بده‌ین تێده‌گه‌ین که له‌م لۆگۆیه‌دا پیتی B به کاپیتال نووسراوه که‌چی پیته‌کانی تر به بچوک؛ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه له زماندا ده‌ستی نه‌خشه‌سازه‌کان ئاوه‌ڵا ده‌کات له پێناو نوێکاریی لۆگی تازه بۆ مارکه بازرگانیه‌کان و ئه‌و لۆگهیهی سه‌ره‌وه بۆته مارکی بازارگانیی ئه‌و باڕانه. گه‌ر بمه‌وێ له ئێران نموونه‌یه‌ک بهێنمه‌وه، ره‌نگه یه‌که‌م جار به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو ئه‌م کاره له لۆگۆی رۆژنامه‌ی همشهری دا کرا. گه‌ر ئێوه لۆگۆی رۆژنامه‌ی هه‌مشه‌هری بهێننه به‌ر چاو، تێده‌گه‌ن که ره‌نگه بۆ یه‌که‌م جار بووبێ ئێرانییه‌کان به زه‌قی سه‌رنجیان بۆ لای سه‌ربه‌خۆیی پیته‌کان راکێشرابێ چونکه له‌م لۆگۆیه‌دا چه‌ند هێڵێکی ئه‌ستوونی پیته‌کانی وشه‌ی همشهری لێکدی جیاده‌که‌نه‌وه. له‌م ساته‌وه‌خته‌دایه که نه‌ک هه‌ر وشه‌کان به‌ڵکوو پیته‌کانیش ده‌بنه خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی و تاکایه‌تی و هه‌ر کامه‌یان ده‌بنه خاوه‌نی شکڵ و سیمایه‌کی سه‌ربه‌خۆ.
ره‌نگه بڵێین ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌موویان پێوه‌ندییان به رێنووس و شێوه‌ی نووسینی پیت و وشه‌کانه‌وه‌یه و خودی زمانه‌که وا نییه، یان ئه‌مه پێوه‌ندی به هونه‌ری دیزاین و نه‌خشه‌سازی و داڕشتنی لاپه‌ڕه‌کانه‌وه هه‌یه نه‌ک به خودی زمانه‌که‌وه؛ که‌واته، لێره‌دا ده‌بێ نموونه‌یه‌کی تری له‌ناوچوونی سه‌ربه‌خۆیی وشه ئه‌م جاره‌یان له زمانی کوردی‌دا بهێنمه‌وه:
له زمانی کوردی‌دا کۆمه‌ڵێک وشه و زاراوه هه‌ن که به په‌یڕه‌وی له یه‌کێک له رێساکانی دووپاتهسازی (reduplication) دروست ده‌کرێن. راسته که ئه‌م جۆره زاراوانه له زمانێکی وه‌ک فارسیشدا هه‌ن (وه‌ک پنجره منجره)، به‌ڵام ئه‌م رێسایه له کوردی‌دا زیاتر له رێگه‌ی پێکه‌وه نووسانی دوو وشه‌ی سه‌ربه‌خۆوه ساز ده‌کرێ. ئه‌م زاراوانه له کوردی‌دا زۆرن و من به‌شێکی زۆرم لێ کۆکردوونه‌ته‌وه که زیاتر له سێسه‌د دانه‌ن، وه‌ک:
کاروبار، شاخوداخ، حاڵوماڵ، جاروبار، ئاووتاو، ده‌موچاو، هاتوهاوار، قینوقڕه، تاکوته‌را، پاروپێرار، ماڵ ومناڵ، سه‌روبه‌ر، گیروگرفت، ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه، کۆسپ و ته‌گه‌ره، که‌لوپه‌ل، شتومه‌ک، قاتوقڕ، خاک وخوڵ، هه‌راوهوریا، لێره‌وله‌وێ، ئان‌وسات، کاتوسات، رێکوپێک، خه‌ستوخۆڵ، تارومار، خواروخێچ، گێلووێل، گێلوگهوج، پانوپۆڕ، لارولوێر، سوروسوێر، سپیاوسووراو، ئاخوداخ، له‌نجه‌ولار، فیکوفاک، پله‌وپایه، جێگه‌وپێگه، و هتد.
گه‌ر تۆزێک له‌م ده‌سته‌واژانه بکۆڵینه‌وه، به‌م ده‌رئه‌نجامانه‌ی خواره‌وه ده‌گه‌یین:
1. ئه‌م زاراوانه هه‌ندێکیان ناوهدهنگن (onomatopoeia)که ژماره‌ی یه‌کجار زۆری ئه‌م جۆره وشانه له زمانی کوردی‌دا نیشانده‌ری سروشتیبوون و پێشمودێرنبوونی ئه‌م زمانه‌یه (ئه‌مه‌ش بۆخۆی سه‌ردێڕی باسێکی تره که ئێستا ئاماژه‌ی بۆ ناکه‌م).
2. له‌م وشانه‌وه هه‌ندێ وشه‌ی تریش دروستبوونه که ئه‌م خاڵه ئه‌وه ده‌گه‌یێنێ که ئه‌م رێسا و تایبه‌تمه‌ندییه له برهوپێداندا بووه و ئه‌گه‌رچی له ده‌وڵه‌مه‌ندترکردنی زمانی کوردی له رووی ژماره‌ی وشه‌کانه‌وه سوودبه‌خش بووه به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا رێگربووه له به‌رده‌م به تایبهتکردنهوهو بهتاککردنهوه و له ئه‌نجامدا به زانستیکردنهوهی زمانی کوردی؛ واته، بۆ نموونه، ماڵ و مناڵ نه‌ک ماڵه و نه‌ک مناڵ به‌ڵام واتایه‌کی گشتیتری هه‌یه؛ هه‌ر به هه‌مان شێوه‌ش، سه‌روسامان نه‌ک سه‌ره و نه‌ک سامان و لێره‌دا تاکایه‌تی و تایبه‌تمه‌ندێتی تاک له هه‌ر دوو وشه‌که سه‌ندراوه‌ته‌وه و یه‌ک یه‌که‌ی مانایی تازه دروست کراوه که یه‌که‌یه‌کی مانایی گشتییه.
3. زۆربه‌ی ئه‌م وشانه ناون و ئه‌م خاڵه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات که ته‌نانه‌ت هه‌ندێ ناو له زمانی کوردی‌دا گشتین و له دوو وشه‌ی تره‌وه دروستبوونه. باشترین نموونه لێره‌دا 'ده‌موچاو'-ه که نه‌ک ده‌مه و نه‌ک چاو به‌ڵکوو به مانای 'چێره' یان 'روخسار' به کار ئه‌برێت.
4. هه‌رچه‌ند به‌شێکیان ئاوهڵکردارن به‌ڵام بۆ وردڕوانین له چۆنیه‌تی کردارێک دیسانه‌وه له کۆمه‌ڵێ وشه‌ی گشتی که‌ڵک وه‌رگیراوه.
5. ئه‌مڕۆکه ئه‌م وشانه پێکه‌وه ده‌نووسرێن، وه‌ک ئه‌وه‌ی له جیاتی ماڵ و حاڵ ده‌نووسرێ ماڵوحاڵ.
6. راسته هه‌ندێکیان یان له بنه‌ڕه‌تدا فارسین و یان له فارسیشدا به کار ئه‌هێنرێن، به‌ڵام رێژه‌ی به‌کارهێنانیان له کوردی‌دا یه‌کجار زۆرتره له فارسی.
7. ئه‌م وشانه دوو ده‌سته‌ن: یان هه‌ردوو وشه‌که مانادارن یان ته‌نیا یه‌کێکیان مانای هه‌یه. ده‌سته‌ی یه‌که‌م وه‌ک: ده‌وروپشت؛ ده‌سته‌ی دووه‌م وه‌ک: فڕوفێڵ
8. له ئه‌ده‌بی کلاسیکی کوردی‌دا و به تایبه‌ت له کلاسیزمی کرمانجی ناوه‌ڕاستدا راده‌ی به‌کارهێنانی ئه‌و وشانه که‌متره، که‌چی له فۆلکلۆری کوردی‌دا و له ئه‌ده‌بی کلاسیکی گۆرانیدا زۆرن.
9. کاتێ زیاتر ده‌وری ئه‌م وشانه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ که بزانین ژماره‌یان زیاتر له 300 دانه‌یه و هه‌ر هه‌مووشیان به گوێی خه‌ڵک ئاشنان و رۆژانه و به لێشاو له لایه‌ن هه‌موو که‌سێکه‌وه و له هه‌موو که‌ناڵه بینراو و بیستراو و ئینتێرنێتییهکانیشدا به‌کار ده‌هێنرێن.
پاش ئه‌و دهرئهنجامگیریانهی سه‌ره‌وه، ئێستا ده‌بێ باسوخواسیان له سه‌ر بکه‌ین: ئایا ژماره‌ی یه‌کجار زۆری ئه‌م وشانه له زمانی کوردی‌دا و ریژه‌ی زۆری به‌کارهێنانیان دیسانه‌وه جارێکی تر سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه نین که زمانی کوردی به‌ر به تاکایه‌تی وشه‌کان ده‌گرێ؟ که ده‌ڵێین شاخوداخ، ئه‌وا له جیاتی دوو وشه یان دوو چه‌مک یان دوو وێنه ته‌نها یه‌ک چه‌مکمان بۆ سازبووه و ئه‌م چه‌مکه تازه‌یه‌ش نه‌ک شاخه و نه‌ک داخ و ته‌نها شاخوداخه. لێره‌دا وشه‌ی دووه‌م واته داخ به ته‌واوه‌تی ماناکه‌ی خۆی لێره‌دا له ده‌ست داوه. هه‌ر به هه‌مان شێوه که ده‌ڵێین شتومه‌ک ئه‌مه وشه دوانییهکهیه که له جێگه‌ی یه‌ک وشه‌دا دانیشتووه و گه‌ر لێکیان جودا بکه‌ینه‌وه، هیچکامیان مانای وشه‌که‌یان نیه. واته قوربانی‌کردنی دوو وشه‌ی سه‌ربه‌خۆ به مه‌به‌ستی سازکردنی یه‌ک وشه، هه‌رچه‌نده وشه‌ی دووه‌م واته 'مه‌ک' خاوه‌ن مانا نییه. مه‌ک پاشگریش نییه که بتوانین یاسایه‌کی بۆ بدۆزینه‌وه. ئایا ئه‌مه جۆرێک نییه له گشتیکردنهوهیهکی ناڕێسامهند؟ واته جۆرێک نییه له به یه‌ک یه‌که‌ی مانایی دانانی دوو یه‌که‌ی مانایی سه‌ربه‌خۆ؟ ئێمه رۆژانه خه‌ریکی به‌کارهێنانی ئه‌و جۆره وشانهین به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانین که ئه‌م وشانه زه‌ینیه‌تی گشتیسازانهمان بۆ به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه، به بێ ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌م وشانه به‌ر به تایبه‌تیبوون ده‌گرن. دیاره تایبه‌تیبوون و پاژنواڕین یه‌که‌م پێشمه‌رجی نیگای فه‌لسه‌فییه که‌چی ئه‌م وشانه ره‌هه‌ندێکی ته‌واو گشتی و به‌تاڵ له تایبه‌تیبوون ده‌ده‌نه ده‌قه کوردییه‌کان. له به کار هێنانی ئه‌م جۆره وشانه‌دا له ده‌قێکی زانستیدا به بێ ئه‌وه‌ی بزانین یه‌که‌م مه‌رجی نووسینی زانستی یان فه‌لسه‌فیمان ره‌چاو نه‌کردووه که ئه‌ویش 'ده‌قیق' بوونه.
لێره‌دا با نموونه‌یه‌کی تر له هه‌مان بابه‌ت، واته له پرسی له ناو چوونی سه‌ربه‌خۆیی وشه‌کان، بهێنمه‌وه: من ناوم به‌ختیار سه‌جادی-یه نه‌ک به‌ختیاری سه‌جادی. واته، له کاتێکدا هه‌مووان خاوه‌نی ناوێکی بچوکی سه‌ربه‌خۆ و ناوێکی خێزانیی سه‌ربه‌خۆن، له نووسینی کوردی‌دا 'ی' ده‌لکێندرێ به ناوی بچوکی منه‌وه و بهختیارهکه ده‌بێته به‌ختیاری! هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه له ئاخافتنی فارسیشدا هه‌ر وایه به‌ڵام له فارسی‌دا نانووسرێ و هه‌ر ته‌نها ده‌بێژرێ. له‌وانه‌یه خێرا بپرسین که له ناو کوردانی باشووردا که ناوی که‌سه‌کان سولاسین ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه نابیندرێ. واته، بۆ نموونه، ئه‌وان ده‌ڵێن و ده‌نووسن 'ئه‌حمه‌د مه‌حه‌مه‌د ئیبراهیم.' به‌ڵام، با له بیرمان نه‌چێ که هه‌ر له باشووردا و به تایبه‌ت له کۆمه‌ڵگا بچووکههکاندا و یان له ناو بازاڕدا دیسناهوه هه‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌ته ده‌بینین وه‌ک چۆن ده‌ڵین خوله‌ی به‌قاڵ، یان کاک ئه‌حمه‌دی شێخ، یان سه‌عه‌ی چاولار. لێره‌دا با هۆکاری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه تۆزێ رون بکه‌مه‌وه:
زمانی کوردی گه‌رچی وه‌ک زۆر زمانی تر به‌رهه‌می کۆمه‌ڵگایه‌کی پێشمۆدێڕنه، به‌ڵام ئێستاش هه‌ر تا راده‌یه‌کی زۆر له‌و قۆناغه‌دا ماوه‌ته‌وه. له‌م جۆره کۆمه‌ڵگایانه‌دا به حوکمی ئه‌وه‌ی شاره‌کان زۆر بچووکن یان زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که له گوندان ده‌ژین هه‌موومان یه‌کتر ده‌ناسن. واته له گونددا له‌وانه‌یه به من بڵێم به‌ختیاری کوڕی سه‌ید ئه‌مینی کوڕی سه‌ید به‌ها، واته ئه‌و به‌ختیاره‌ی ناوی مه‌عریفه‌یه و که‌واته ده‌یناسین. ئه‌م شێوه باوه‌ی ناولێنان ئێستاش له گونده‌کانی کوردستاندا هه‌ر ماوه وه‌ک چۆن ئه‌ڵێن که‌ماڵی سه‌رتاس، حه‌مه‌ی ئاغا، ساڵحی ده‌ورێش که‌ریم. ئه‌مه ئه‌ندێشه‌یه‌کی زۆر ساکاره گه‌ر وا بزانین ئه‌م زیادکردنه ته‌نها 'ی' ئیزافه‌یه؛ زیادکردنی 'ی' به‌و ناوانه بۆ ئاماژه دانه به‌و ئاوه‌ڵناوه‌ی که‌سه‌که‌ی پێده‌ناسرێته‌وه؛ واته دانانی ده‌لاله‌تی مه‌عریفه له سه‌ر ئه‌و ناوه، واته هه‌م بێژه‌ر و هه‌م بیسهرهکه که‌سه‌که ده‌ناسن. به‌ڵام ده‌زانین که ئه‌مڕۆژه له شاره گه‌وره‌کانی کوردستاندا که‌سه‌کان هه‌مووان ناناسن. ئه‌م جۆره زه‌ینییه‌ته وا له سوژه‌ی کوردی ده‌کات گه‌ر ته‌نانه‌ت بیست ساڵیش له ئورووپا بژی له وێبلاگه‌که‌یدا و له نووسینه‌کانیدا له بری ئه‌وه‌ی، بۆ نموونه، بنووسێ 'ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دی' ده‌نووسێ 'ئه‌حمه‌دی محه‌مه‌دی'. ئه‌مه له لایه‌کی تره‌وه دیسانه‌وه زاڵکردنی ئاخافتنه به سه‌ر نووسیندا که له سه‌ره‌وه ده‌رئه‌نجامه نه‌رێنییه‌کانم باس کرد. ئه‌مه‌ش جگه له‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی وشه‌که له ناوچووه چونکه پیتێکی خراوه‌ته سه‌ر که هیچ پێوه‌ندییه‌کی به ناوه‌که‌وه وه‌کوو وشه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نییه؛ ئه‌مه‌ش جگه له‌وه‌ی هه‌ر له‌م رێگه‌یه‌وه هه‌وڵ ده‌درێ وشه‌کانیش بلکێندڕین به‌یه‌که‌وه.
هه‌ر ئه‌م بابه‌ته پێچه‌وانه‌که‌شی راسته، واته ته‌نانه‌ت ئێستاش زۆر نووسه‌ری کورد 'ی' زیاده ناخانه سه‌ر ناوه‌که؛ بۆیه کاتێ ده‌نووسن 'رۆژنامه‌نووسی ئازاد' ئێمه نازانین مه‌به‌ستیان پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسیی ئازاده یان ئه‌و که‌سه‌ی که رۆژنامه‌نووسێکی ئازاده؛ واته، یه‌که‌مین کار و مه‌به‌ستی نووسین که تێگه‌یشتنه لێی، لێمان زه‌وت دکرێ. ئه‌و نموونانه تێکه‌ڵی و پێکه‌ڵی ره‌وتی سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌کردنی فیکریی ئێمه ده‌رده‌خات که من ناوی ده‌نێمه گه‌شه‌کردنی ناکامڵی ناهاوسه‌نگی ئاڵۆز.
دیسانه‌وه هه‌ر ده‌رباره‌ی به‌ر به تاکایه‌تی گرتن له نووسینی کوردی‌دا بڕوانه بۆ شێوه‌ی به‌کارهێنانی کاما له کوردی‌دا که وه‌ک ده‌بینین سه‌ربه‌خۆیی وشه ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه: له ئینگلیسی‌دا ده‌نووسن:
My car, house, and family
له کوردی‌دا: سه‌یاره‌که‌و، خانووه‌که‌و، خانه‌واده‌که‌م
لێره‌دا وشه‌ی خانوو که سه‌ربه‌خۆیه و یه‌ک یه‌که‌یه و ئه‌بێ له نێوان دوو کامادا بێ که‌چی لای ئێمه ئامرازی پێوه‌ندی 'و' ده‌خه‌نه سه‌ری و سه‌ربه‌خۆییه‌که‌ی لێ ده‌سێندرێته‌وه.
نموونه‌یه‌کی تری هه‌ر ئه‌م پرسه، واته پرسی له‌ناوچوونی سه‌ربه‌خۆیی وشه، به‌کارهێنان و ریزکردنی چه‌ندین وشه‌ی هاومانایه له یه‌ک رسته‌دا. دیاره ئه‌مه له زمانێکی وه‌ک ئینگلیسی‌دا وه‌ک هه‌ڵه‌ی گرامێری ناوی لێ ده‌برێ که‌چی له کوردی‌دا ئاساییه وه‌ک ئه‌وه‌ی چۆن ده‌ڵێن:
به ناوی خوای گه‌وره و مه‌زن
ئه‌م تابۆلیه زۆر جوان و قه‌شه‌نگه
ئه‌م به‌رنامه‌یه باسی شتی نوێ و مۆدێرن ده‌کات
دیسانه‌وه لێره‌دا له‌جیاتی یه‌ک وشه له چه‌ندین وشه که‌ڵکمان وه‌رگرتووه که هه‌موویان له باری ماناییه‌وه یان هاوواتان یان زۆر له‌یه‌ک نزیکن، ئه‌مه‌ش واته له ناوبردنی دیقه‌ت له زماندا. ئه‌رێ به راستی 'ده‌قیق' بوون که یه‌که‌م مه‌رجی زمانی زانستی و زمانی فه‌لسه‌فییه له کوردی‌دا ده‌بێته چی؟ ئه‌گه‌ر هاوواتای 'ورد' یان 'رێکوپێک'ی بۆ دابنێین، دیسانه‌وه رووبه‌ڕووری گرفت ده‌بینه‌وه. ئایا ئه‌و واژانه‌ی که له زمانی زانستیدا نه‌ک هه‌ر به لێشاو به‌کارده‌برێن به‌ڵکوو بۆخۆشیان پێشمه‌رجی نووسین و لێکۆڵینه‌وه‌ن، له زمانی کوردی‌دا هاوواتاکانیان چییه؟ ئێمه هێشتا نه‌مان توانیوه هاواتایهکی پڕ به پێست بۆ زاراوه‌ی فره‌پات و هه‌ره گرنگی argument له کوردی‌دا بدۆزینه‌وه یان دروستی بکه‌ین.
نموونه‌یه‌کی تری هه‌ر ئه‌م باسه ئه‌و ئاڵۆزییه‌یه له تایپی کوردی‌دا که گه‌له‌ک جاران ئه‌و زاراوانه‌ی یه‌ک وشه‌ی سه‌ربه‌خۆ و تاک پێکهاتوون جیاده‌کرێنه‌وه و که‌چی رێک به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی له چه‌ندین وشه پێکهێنراون ده‌لکێندرێن به‌یه‌که‌وه و وه‌کوو یه‌ک وشه‌یان لێدێ: نموونه‌یه‌ی یه‌که‌م وه‌ک 'دوو ساڵانه'، 'مێژوو نووسی'، 'بنه‌ما خوازانه'، و نموونه‌ی دووه‌م وه‌ک 'له‌تاران'، 'به‌هۆی'، 'که‌خۆر هه‌ڵهات' و زۆر نموونه‌ی تر.
ره‌نگه ئه‌م نموونانه بۆ خوێنه‌ران ئاسایی و بێبایه‌خ بێنه به‌رچاو، به‌ڵام کێشه‌کان کاتێ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن که بیر له دیجیتالیزهبوونی هه‌موو ئامێره‌کانی دنیای ئیمڕۆ بکه‌ینه‌وه که به‌و پێیه ته‌نها که‌م یان زیادکردنی یه‌ک خاڵ ده‌توانێ هه‌موو کاره‌کان تێکبدات؛ وه‌ک له فۆرمه‌کاندا، له پاسپۆرت، له زانکۆکان‌دا، یان له مۆتۆره ئینتێرنێتییه‌کانی گه‌ڕاندا، یان له تینک تانکه ئانلاینه‌کاندا، یان له بارکۆدی سه‌ر که‌لوپه‌له‌کانی نێو سوپه‌رمارکێتێک، یان له جۆری نووسینی ناوه‌که‌ت له سه‌ر کرێدیت کارته‌که‌ت، یان له جۆری تایپی ناوی ئیمهیل یان ماڵپه‌ڕه‌که‌ت. ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه زۆر زۆر سه‌یره ئه‌وه‌یه که به‌شێکی هه‌ره زۆری ئه‌و نووسه‌ره کوردانه‌ی دانیشتووی رۆژئاوان هیچ شتێکیان ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه له زمانی کوردی‌دا نه‌درکاندووه! زۆر ئاساییه نووسه‌رێکی کوردی دانیشتووی نیشتمان هه‌ست به‌و گرنگایهتیه نه‌کات چونکه ژیان لای ئیمه تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ دیجیتالیزه و ئێلێکترۆنیزه نه‌بۆته‌وه. به‌ڵام ئایا له ناو بردنی تاکایه‌تی و سه‌ربه‌خۆیی وشه‌کان له زمانی کوردی‌دا له‌م پێناوه‌دا گه‌له‌ک گرفتمان بۆ دروست ناکات؟
لێره‌دا ده‌بێ قامک بخه‌مه سه‌ر ده‌وری دوو شه‌پۆلی گه‌وره‌ی رۆشنبیری کوردی له‌م ئاڵۆزییه‌ی ئێستای زمانی کوردی و دۆخی لێکۆڵینه‌وه له زمانی کوردی‌دا. ده‌سته‌ی یه‌که‌م ئه‌وانه بوون که له شه‌ست و هه‌فتاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا و به هۆی پێوه‌ندیی ئه‌وسای عێراق و سۆڤیه‌ت روویان له سۆڤیه‌ت کرد بۆ خوێندن و لێکۆڵینه‌وه. ئه‌وه‌ی ئاگاداری ره‌وتی به‌رهه‌مهێنانی فیکر و فه‌لسه‌فه و تیۆریی دنیای هاوسه‌رده‌م بێ، باش ده‌زانێ که پارادایمی زاڵ و ره‌سمی و حکومی له سۆڤیه‌تی جاران به تایبه‌تی له رووی زانسته مرۆییه‌کانه‌وه زۆر پاشکه‌وتوو بوو، و به سه‌رهاتی فۆرمالیسته‌کان و که‌سانێکی وه‌ک باختین و یاکوبسن باشترین نموونه‌ن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته. ئه‌و پۆله نووسه‌ره کورده‌ی روویان له سۆڤیه‌ت کرد له‌گه‌ڵ خۆیان ئه‌و پارادایمه لێکۆڵینهوهییهیان بۆ به دیاری هێناینه‌وه که زیاتر گرنگی ده‌دایه ناوه‌ڕۆک تاکوو فۆرم. زیاتر گرنگی ده‌دایه ریالیزمی کۆمه‌ڵایه‌تی تاکوو بنه‌مای هونه‌ری له ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا و دیاره له ئه‌ده‌بدا بنه‌ما و فۆرم له وشه پێکهاتووه. ئه‌مه هه‌ر پشتگوێ خستنی تاکایه‌تی وشه‌کان و گرنگیدان به ناوه‌رۆکی گشتیی به‌رهه‌مه‌کانی لێ نه‌که‌وته‌وه، به‌ڵکوو، وه‌ک ده‌زانن، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و کتێبانه‌ی ئه‌وان له رووسییه‌وه کردیان به کوردی، مه‌به‌ستم ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی باسی زانسته مرۆییه‌کان ده‌که‌ن، ئێستا که‌س نایانخوێنێتههوه و ئه‌مه‌ش رووداوێکی شاز نییه چونکه له دنیای ئیمڕۆدا که‌س ئه‌و جۆره به‌رهه‌مانه ناخوێنێته‌وه. ئه‌و تێزه دوکتۆرایانهی له سۆڤیه‌تی جاراندا و له لایه‌ن کوردانه‌وه نووسراون، په‌یڕه‌وییان له پارادایمی جیهانی و زاڵی ئه‌نجامدانی ڵێکۆڵینه‌وه نه‌کردووه و هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌مڕۆکه ژماره تینک تانکه رووسییه‌کان له چاو ئینگلیسییه‌کان یه‌کجار زۆر که‌مه و پارادایمی زاڵی لێکۆڵینه‌وه رووسیه‌کانی ناوه‌ڕاست و چاره‌کی سێیه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م به ته‌واوی رووی له داکشان کردووه. دیاره ئه‌و پێوه‌ره دنیاداگرانه (universal) که له تینک تانکه ئانلاینه ئینگلیسییه‌کاندا ره‌چاو ده‌کرێن، هی که‌س نین و به‌ڵکوو ئه‌مڕۆکه بوونه‌ته موڵکی هه‌مووان و هه‌مووانیش ئه‌بێ له لێکۆڵینه‌وه‌کانیاندا ره‌چاویان بکه‌ن.
شه‌پۆلی دووه‌م تاقمێ له‌و شاعیر و نووسه‌ره کوردانه بوون که له هه‌شتاکان و به تایبه‌ت له نه‌وه‌ده‌کاندا روویان له ناوه‌ڕاست و باکووری ئه‌وروپا کرد. گه‌ر به وردی سه‌رنج بده‌ین، تێده‌گین زۆربه‌ی بیرمه‌نده دیاره‌کانی خودی ئه‌و وڵاتانه ئه‌مرۆکه له تینک تانکه ئینگلیسییه‌کاندا به‌رهه‌مه‌کانیان بڵاو ده‌که‌نه‌وه. که‌چی نووسه‌ر و رۆشنبیرانی ئێمه شێوه‌ی زمانی و پارادایمی لێکۆڵینه‌وه‌یی ئه‌وانیان بۆ به دیاری هێناین. باشترین نموونه لێره‌دا جۆری تایبه‌تی رێنووسی کوردییه له به‌رهه‌مه‌کانی جه‌ماعه‌تی گۆڤاری ره‌هه‌ند. بۆ نموونه، وه‌ک چۆن له زمانی ئاڵمانیدا وشه‌کان درێژن و به پێچه‌وانه‌ی فه‌ره‌نسی و ئینگلیسی له گه‌له‌ک پیت پێکهاتوون، ئه‌وا ئه‌وانیش ئه‌و هه‌وڵه‌یان بۆ زمانی کوردی دا و له جیاتی 'وه پشت گوێ خستن' یان 'وه پشتگوێ خستن' ده‌یاننووسی 'وهپشتگوێخستن'. واته، لێره‌دا له پرێکدا وشه کوردییه‌کان تا ده‌هات درێژتر ئه‌بوونه‌وه! دیسانه‌وه له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌م پرسه بێبایه‌خ بێته به‌رچاو، به‌ڵام ئایا گرنگیدانی زۆربه‌ی نووسه‌ران و توێژه‌رانی کورد به فه‌لسه‌فه‌ی قارهیی هۆی دوورکه‌وتنه‌وه‌ی ئێمه نه‌بوو له فه‌لسه‌فه‌ی شیکارانی ئهنگلۆساکۆن؟ ئایا بیرتان له‌وه کردۆته بۆچی له ناو کورددا هێنده کتێب و وتار و ستوون و یاداشت له سه‌ر که‌سێکی وه‌ک نیچه نووسراوه که‌چی یه‌ک له سه‌دی ئه‌وه له سه‌ر که‌سێکی وه‌ک راسێل نه‌هاتۆته به‌رهه‌م. ئه‌و راسێل-هی باسی له بیرکاریئاساییبوونی زمان ده‌کرد. دیسانه‌وه، ئایا ئه‌مه هۆکار نییه بۆ پانهگرتنی زانستی مه‌نتیق له زمانی کوردی‌دا و ئایا هه‌ر ئه‌مه نه‌بۆته هۆکاری ئه‌و ئاڵۆزییه مێتۆدۆلۆژیکییهی گوتاری رۆشنبیریی کوردی؟ ئه‌و رۆشنبیرییه‌ی ئێستاش هه‌ر ئه‌وه ده‌رباره‌ی زمان ده‌ڵێته‌وه که ههیدیگێر وتوویه‌تی و ره‌نگه فرهپاتترین رسته‌یه‌ک بێ که له زمانی فیلسوفێکهوه کرابێ به کوردی.
خاڵێکی گرنگ له‌م باسه‌دا که من چیدی زیاتر له سه‌ری ناڕۆم ئه‌وه‌یه که هه‌ر ئه‌م جۆره به‌کارهێنانه‌ی زمان بۆخۆی پاش ماوه‌یه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ئایدیۆلۆجیک ده‌گرێته خۆی. واته، نووسه‌رێکی تازه‌باو له‌بری ئه‌وه‌ی بنووسێ 'من و تۆ' ده‌نووسێ 'من‌و تۆ' یان 'من‌وتۆ'. واته لێره‌دا ئه‌م شێوه به‌کارهێنانه‌وه‌یه سه‌ره‌تا به‌هۆی نه‌بوونی تاکایه‌تی له سابجێکتیڤیتیی مه‌دا به شێوه‌یه‌کی ناخودئاگا هاته به‌رهه‌مهێنان، ئه‌مجاره‌یان و له قۆناغێکی تردا ده‌گاته قۆناغی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئایدیۆلۆجیک و ئه‌مجاره‌یان ده‌بێ وه‌کوو ریسایه‌ک وا بنووسرێ! ئه‌مه‌ش وه‌ک ئاڵتووسێر ده‌ڵێ هه‌مان به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی بارودۆخی به‌رهه‌مهێنانه که له زمانی کوردی‌دا به ئاشکرا ده‌بینرێ:
The reproduction of the condition of production
له وه‌ها دۆخێک‌دا و به مه‌به‌ستی گشتگیربوونه‌وه‌ی ئه‌م رێسانه پێویسته چوار توخم ئاماده بن که برێتین له ئایدیۆلۆجی، ئه‌نستیتۆ، گوتار، به‌رده‌نگ. ئه‌م چوار توخمه‌ش ئێستاکه ئاماده‌ن و به تایبه‌ت گه‌ر نووسه‌ره‌که‌ش ناودار بێ و هه‌مووان بابه‌ته‌که بخوێننه‌وه، ئیدی هه‌مووان وه‌ک یاسایه‌ک ته‌ماشای ده‌که‌ن. له‌م حاڵه‌تدا به‌رده‌نگ هێنده ته‌رکیز ده‌کاته سه‌ر په‌یام و ناوه‌ڕۆکی نووسینه‌که که ئیدی ئاگاداری ئه‌وه‌یه نییه سه‌رجه‌م لایه‌ن و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی تری ئه‌و نووسینه و ته‌نانه‌ت ئه‌و پارادایمه‌ی ده‌قه‌که په‌یوه‌ستیه‌تی به شێوه‌یه‌کی ناخودئاگا کاری تێده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش واته وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆجی به‌بێ هیچ گرفتێک. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئیدی پرسیاره‌کان رووبه‌ڕووی ئه‌و پارادایمه نابنه‌وه به‌ڵکو ته‌نها روبه‌رووی په‌یام و ناوه‌رۆکی ده‌قه‌که ده‌بنه‌وه. لێره‌دا به‌سه‌رهاتی ئه‌م ده‌قه وه‌کوو به‌سه‌رهاتی رسته‌که‌ی ههیدیگێری لێدێ (سه‌یر له‌وه‌دایه که که‌سه‌کان به کوردی قسه ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه‌ی ههیدیگهر به فارسی ده‌ڵێنه‌وه چما ههیدیگهر فارس بووه یان ئه‌مه‌ی به فارسی گووتووه. ئه‌م نموونه‌یه رێک وه‌ک کاردانه‌وه‌ی ئه‌و بێژه‌ره‌یه که له کاتی به‌رنامه‌یه‌کی زیندوودا ده‌پژمێ و خێرا ده‌ڵێ 'عفوا' له جیاتی 'ببوورن'. واته هه‌ر به هه‌مان شێوه که زمانی فارسی له ناخودئاگای سوژه‌ی کوردی له ئێران‌دا جێگیر بووه هه‌ر به هه‌مان شێوه‌ش زمانی عه‌ره‌بی له ناخودئاگای سوژه‌ی کوردی له عێراق).
به‌شێکی زۆری ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی سه‌ره‌وه که من وه‌کوو ره‌هه‌ند یان لایه‌نی ئایدیۆلۆجیکی شوناس و ناسنامه‌ی سوژه‌ی کوردی له قه‌ڵه‌می ده‌ده‌م له ناخودئاگای ئێمه‌دا جێگیر بوونه و هه‌رجۆره هه‌وڵدانێک بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ئایدیۆلۆجیانه واته خۆئاماده‌کردن بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ به‌شێکی زۆر له‌و پانتاییه‌ی ناخودئاگای کوردی داگیر کردووه.
ئیمرۆژه هه‌مووان باسی گرنگایه‌تی زمان ده‌که‌ن به‌ڵام هۆکاره‌کانی ئه‌م گرنگایه‌تییه باس ناکه‌ن، به‌ڵام باس له‌و روانگه تیۆریکانه ناکه‌ن هه‌ر کامیان به شێوه‌یه‌کی جیا له‌م پرسه‌یان کۆڵیوه‌ته‌وه. من ماندوو بوومه هێنده ئه‌و قسه‌یه‌ی ههیدیگێرم بیستووه ده‌رباره‌ی زمان. له‌م رۆژاندا ته‌ماشای به‌رنامه‌یه‌کم ده‌کرد که براده‌رێک له کۆنفرانسێکدا به کوردی قسه‌ی ده‌کرد و پاشان وتی ههیدیگێر ئه‌ڵێ زبان خانه‌ی هستی است. سه‌یر له‌وه‌دایه که به ته‌واوه‌تی دڵنیام له‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و که‌سانه‌ی قسه‌که‌ی ههیدیگێر دووباره ده‌که‌نه‌وه ئه‌و قسه‌یه‌یان له نووسینێکی ههیدیگێردا نه‌دیتووه و یان سه‌رزاره‌کی بیستوویانه و یان له نووسینێکدا خوێندوویانه‌ته‌وه که نووسه‌ره‌که‌ش بۆخۆی وه‌ک خوێنه‌ره‌که ئه‌و قسه‌یه‌ی له نووسینه‌که‌ی ههیدیگێردا نه‌دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌و قسه‌یه‌ی ههیدیگهر قه‌ت پێوه‌ندی به‌و بابه‌تانه‌وه نییه که برایان و خوشکانی ئازیزی رۆشنبیری ئێمه له‌م لاو له‌و لا ده‌یدرکێنن. ئه‌م قسه‌یه‌ی ههیدیگێر چیرۆکێکی تری له پشته و قه‌ت پێوه‌ندی به‌م باسانه‌وه نییه.
ئه‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه ته‌نها و ته‌نها به‌شێکی بچووکن له کۆسپه‌کانی به‌رده‌م سازبوونی شێوازێکی زانستیی پاراو و رێکوپێک له زمانی کوردی‌دا. دیاره باسکردن له کۆسپه‌کانی تر و چاره‌سه‌رکردنیان پێویستی به مه‌ودا و ماوه‌ی زۆرتره.
4. ئێوه په‌ره‌سه‌ندنی زمانی کوردی چۆن لێکده‌ده‌نه‌وه؟
سه‌رجه‌م ئه‌و باسانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌مانبا به‌ره‌و ئاقارێک که پێی ده‌وترێ په‌ره‌سه‌ندی زمان Development of language. من پێشتر له چه‌ند شوێنێکدا ئه‌م باسه‌م هێناوه‌ته گۆڕی، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ ئه‌م باسه‌م له پێشه‌کی وه‌رگێڕانی کتێبه‌که‌ی باختین و له به‌شێکی کتێبی پارادایمی په‌رسه‌ندنی کولتووری دا درکاندووه و چیدی لێره‌دا پێویست به دووباره‌کردنه‌وه‌یان ناکات، به‌ڵام لێره‌دا ده‌کرێ زیاتر له سه‌ری باس بکه‌ین:
زۆر به کورتی، ده‌کرێ زمان بخه‌یه‌نه‌وه دوو خانه‌وه: زمانی قسه‌کردن و زمانی نووسین. زمانی نووسین بۆ خۆی به سه‌ر چه‌ندین لقی جیاجیادا دابه‌ش ده‌کرێ وه‌ک جۆره جیاوازه‌کانی زمانی ئه‌ده‌بی، یان زمانی رۆژنامه‌نووسانه، زمانی ئارکهیک، زمانی زانستی، زمانی به‌کارهاتوو له ئامێره دیجیتاڵه‌کاندا، زمانی رێکلامه‌کان، و زمانی سه‌ر تابلۆکان. کاتێ زمانێک په‌ره‌ی سه‌ندووه که له‌م به‌شه جیاوازانه‌دا نه‌شونمای کردبێ. زمانی کوردی له‌م به‌شانه‌دا به ته‌واوی په‌ره‌ی نه‌سه‌ندووه به تایبه‌ت له به‌شی زمانی زانستیدا.
به بهراوردیکی خێرای زمانی کوردی له‌گه‌ڵ زمانی فارسی یان ئینگلیسی‌دا ئه‌وه‌مان به سانایی بۆ ده‌رده‌که‌وێ که کوردی له رووی ئاستی گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه ره‌وتێکی زۆر لاوازی پێواوه. به‌راوردكردنێكی خێرای ده‌قه فه‌لسه‌فی و تیۆریكهكانی سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاست و كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م له كتێبخانه‌ی فارسی‌دا ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌خاته به‌رچاو كه زمانی فارسی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به شێوه‌یه‌كی دیار و ته‌نانه‌ت سه‌یروسه‌مه‌ره‌ش گۆرانكاریی به سه‌ردا هاتووه. بۆ نموونه، گه‌ر به‌راوردێک بکه‌ین له نێوان زمانی به‌كارهێنراو له وه‌رگێرانه‌كانی محه‌مه‌د عه‌لی فرووغی له به‌رهه‌مه‌كانی دێكارت له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م و وه‌رگێڕانه‌كانی حه‌مید عه‌نایه‌ت له هێگێل له ناوه‌ڕاستی هه‌مان سه‌ده و وه‌رگێڕانه‌كانی حسێن به‌شیریه له توماس هابز و عه‌بدولكه‌ریم ره‌شیدیان له كانت و داریووش ئاشووری له نیچه و موراد فه‌رهادپوور له ئادۆرنۆ له كۆتایی هه‌مان سه‌ده گه‌له‌ک خاڵی سه‌رنجڕاکێشمان ده‌ست ده‌که‌وێ.
جۆری وشه‌كان، بنه‌مای رسته‌كان، ژماره‌ی زاراوه نوێ و لاتینییه‌كان یان زاراوه كۆن و عه‌ره‌بییه‌كان و هه‌روه‌ها كورتی و درێژیی لارستهكان، شوێنی ئاوهڵكردارهكان، زیادکردن یان لابردنی ئاوه‌ڵناوه‌كان و ته‌نانه‌ت ره‌چاوكردنی خاڵبه‌ندی و پهرهگرافبهندی له‌م وه‌رگێڕانانه‌دا لێکدی به ته‌واوی جیاوازن. ئه‌و وه‌رگێڕه ئاماژهبۆكراوانه توانیویانه تا راده‌یه‌كی زۆر به‌رچاو زمانی فارسی به تایبه‌ت له رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌قه فه‌لسه‌فی و تیۆریكهكانی رۆژئاوادا بخه‌مڵێنن و ده‌وری سه‌ره‌كی بگێڕن له به‌ره‌وپێشبردنی زمانی فارسی و ئاماده‌كردنی ئه‌و زمانه بۆ به‌كارهێنان و له‌خۆگرتن و په‌ره‌پێدان و داهێنانی ئه‌ندێشه و بیر و بیرۆكه‌ی ره‌خنه‌یی و تیۆریک. ئه‌وان له‌م رێگه‌یه‌دا تا راده‌یه‌کی زۆر باش سه‌رکه‌وتوو بوونه و زمانی فارسی له‌م رووه‌وه گه‌له‌ک زیاتر و کامڵتر و باشتر له زمانی تورکی یان عه‌ره‌بی گه‌شه‌ی سه‌ندووه.
پرسی گه‌شه‌سه‌ندنی زمانdevelopment of language یه‌كێكه له بابه‌ته گرنگه‌كانی گوتاری ئاكادێمیكی هاوچه‌رخ. ده‌وری چاره‌نووسسازی زمان به گشتی و كاریگه‌ریی زمانناسیی پاشسوسووری له به‌شه جیاجیاكانی زانسته مرۆییه‌كان و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و لقوپۆپه زۆره‌ی زمانناسیی هاوچه‌رخ له لایه‌كه‌وه و، تایبه‌تمه‌ندییه جه‌وهه‌ری و شێوهییهكان و سیمای هه‌نووكه‌یی زمانی كوردی له لایه‌كی تره‌وه ناچارمان ده‌كه‌ن زیاتر و وردتر له جاران سه‌رنج بده‌ینه پرسی گه‌شه‌سه‌ندنی زمانی كوردی.
هه‌روه‌هاش، ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه و به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی رۆژنامه‌وانیی كوردییه‌وه به‌سه‌ر زمانی کوردی‌دا هاتووه تا ده‌گاته زمانی نوێی شیعری گۆران و شاعیرانی دوایی و زمانی چیرۆك‌نووسیی نیوسهدهی رابردوو و زمانی ده‌قه نووسراو و وه‌رگێردراوه‌كانی لێكۆڵینه‌وه جیاجیاكان و به‌م دواییانه‌ش زمانی به‌كارهێنراو له چه‌تی ئینتێرنێتی یان په‌یامۆکی مۆبایل و سه‌ر شاشه‌ی تێلێڤزیۆنهكان ده‌لاله‌ت له جۆرێ گۆڕانكاری له زمانی كوردیدا ده‌كه‌ن. هه‌ندێ له‌م زمانانه و زۆرێك شێوازی تری به‌كارهێنراو له به‌ستێنه جیاجیاكاندا زۆربه‌ی كاته‌كان رووبه‌ڕووی جۆرێ سه‌رسامی، دره‌نگ تێگه‌یشتن، چه‌وت تێگه‌یشتن یان هه‌ر تێنه‌گه‌یشتن، یان هه‌ستكردن به دیارده‌یه‌كی تازه‌مان ده‌كه‌نه‌وه. جیا له‌مه‌ش، دابڕانی زمانی نووسه‌ران له یه‌كتر و به‌دیهاتنی جۆرێ پاشاگه‌ردانی له شێوه‌ی به‌كارهێنانی زاراوه‌كان له نووسیندا و، ساكاركردنهوهی بابهتهكان، كورتكردنه‌وه‌ی رسته‌كان، لابردنی ئاوهڵكردارو پشتگوێ خستنی ئاوه‌ڵناوه‌كان و ره‌چاو نه‌كردنی ده‌وری رێزمانیی پاشگر و پێشگره‌كانی زمانی كوردی و هه‌روه‌هاش وهفادارنهبوون به شكڵ و شێوه‌ی ده‌قه‌كان له وه‌رگێڕانه‌كاندا بۆته هۆی سڕینه‌وه‌ی متمانه له ژماره‌یه‌كی زۆر له نووسه‌ر و وه‌رگێڕی كورد.
5. زۆر جار باسی زمانی زانستیی کوردی ده‌کرێ، بیر و ڕای ئێوه له‌و بواره‌دا چیه؟
زمانی کوردی له به‌ر چه‌ندین هۆکاری ئاشکرا، که هه‌ندێکیانم له سه‌ره‌وه به کورتی باسکرد، له شێوازه جیاجیاکانی رۆژنامه‌نووسی و به تایبه‌ت له شێوازی فه‌لسه‌فی و زانستیدا گه‌شه‌ی نه‌کردووه. چاره سه‌ر چییه؟ وڵامه‌که زۆر ئاسانه به‌ڵام به کرده‌وه ده‌رهێنانی زۆر سه‌خته: Development of language واته ئه‌بێ زمانی کوردی په‌ره بسێنێ.
له په‌ره‌سه‌ندنی زمانی کوردی‌دا، پاش باسکردن له‌سه‌ر کۆسپه‌کانی به‌رده‌م په‌رسه‌ندنی ئه‌م زمانه، پێویسته سه‌ره‌تا تیشک بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و لایه‌ن و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی زمانی کوردی وه‌کوو خاڵی لاواز له به‌رده‌م په‌ره‌سه‌ندنیدا قوت ده‌بنه‌وه. که‌واته، کێشه‌که هه‌ر ته‌نها به‌وه چاره‌سه‌ر ناکرێ که، وه‌ک چۆن زۆر که‌س ده‌ڵێن، ده‌ست بکه‌ینه وه‌رگێڕانی ده‌قه زانستییه‌کان. ئه‌و خاڵه لاوازانه به‌شێکیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئاستی په‌ره‌سه‌ندنی زمانی کوردی که زمانێکه تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ له هه‌ندێ رووه‌وه به شێوه‌یه‌کی پێش‌مۆدێرن ماوه‌ته‌وه و هێشتا گه‌شه‌ی نه‌کردووه، به‌شێکیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سروشتیبوونی ئه‌م زمانه، به‌شێکیان په‌یوه‌ستن به زاڵێتیی ئه‌ده‌بی بهلاغهتخوازی کلاسیکی که گرنگی ناداته پێناسه‌ی ورده‌کارانه چه‌مکه‌کان و ته‌نها به‌کاریان ئه‌هێنێته‌وه؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه گرنگه له لایه‌که‌وه سه‌رنج نه‌دانی نووسه‌رانی کورده به بابه‌تی په‌ره‌سه‌ندنی زمان و له لایه‌کی تریشه‌وه هاتنه ئارای ئه‌و خاڵه لاوازانه‌یه که به‌م دواییانه له زمانی کوردی‌دا هاتوونه‌ته به‌رهه‌م؛ ئه‌و خاڵانه‌ی وه‌ک پێشتر باسم کرد ره‌هه‌ندێکی ئایدۆلۆجیکیشیان گرتۆته خۆ.
سه‌یر له‌وه‌دایه که کاتێ نووسینی زۆر که‌س ده‌خوێنمه‌وه، ئه‌و نووسینانه‌ی بانگه‌شه‌ی زانستیبون ده‌که‌ن، زۆر به ئاسانی ده‌بینم که ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی له مۆرکی زانستی بوون دوورن دیسانه‌وه سه‌ر له نوێ له هه‌مان ده‌قدا دووباره بوونه‌ته‌وه. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه زۆرن و لێره‌شدا ناچارم ناوی هه‌ندێکیان بهێنم و له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی که‌سانی تر دووباره نه‌که‌مه‌وه لانی که‌م یه‌کێکیان تۆزیک به وردی شی بکه‌مه‌وه؛ واته سه‌ردێڕی به‌شێکی تر له هه‌واڵه‌کان ده‌ڵێمه‌وه، به‌ڵام ته‌نها ئه‌وه‌ی یه‌که‌م شیده‌که‌مه‌وه . هه‌ندێ له سه‌ردێڕه‌کان ئه‌مانه‌ن:
زمانی کوردی و سروشتیبوون
زمانی کوردی و بابه‌تێتی
زمانی کوردی و پاژنواڕین و خۆدوورخستنه‌وه له گشتیکردنهوه
زمانی کوردی و ساکارسازی
زمانی کوردی و په‌راوێزسازی
زمانی کوردی و نه‌زم
زمانی کوردی و تاکایه‌تی
زمانی کوردی و موجامه‌له
زانستی مۆدێرن له رۆنێسانس به‌م لاوه (زیاتر به به‌یکن و دێکارت و پێش ئه‌وانیش به گالیله و کۆپه‌رنیک و پاش ئه‌وان به نیوتۆن و پاسکاڵهوه) رووی له گه‌شه کردن کرد و له بنه‌ڕه‌تدا هه‌وڵێک بوو بۆ ده‌سه‌ڵات گرتن به سه‌ر سروشتدا، یان باشتر بڵێین هه‌وڵێک بوو بۆ دۆزینه‌وه و تێگه‌یشتن و لێکۆڵینه‌وه‌ی یاسا سروشتییه‌کان. پاش ئه‌م قۆناغانه و له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌م لاشه‌وه شێوازی نووسین له زانسته مرۆییه‌کاندا به هۆی گرێدانیان به فه‌لسه‌فه‌ی هاوسهردهمهوه بوونه خاوه‌نی ره‌هه‌ندێکی پاژنواڕانه، به چه‌شنێک که به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه خۆیان له گشتیکردنهوه و ساکارسازی دوور خه‌نه‌وه و له جیاتی ئه‌مه، پێناسه‌ی وردی رێکوپێک بۆ ئه‌و چه‌مکانه ئاراسته بکه‌ن که پێشتر به ئاسانی له ده‌قه‌کاندا دووباره ده‌بوونه‌وه.
که‌واته، یه‌که‌م هه‌نگاو له‌م ره‌وته‌دا، له ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندنی زمانی کوردی‌دا، برێتییه له خۆدورخستنه‌وه له بنه‌واشه‌ی سروشتێتی له زمانی کوردی‌دا. زمانی ئێمه به نیسبه‌ت ئیشاره‌ت دان به سروشت و دیارده سروشتییه‌کانه‌وه و جۆره‌کانی گوڵ و گیا و گیانداره‌کانی تری نێو سروشت و ئامێره کۆنه‌کانی جووتیاری و کشتوکاڵ که‌م ناهێنێ. له کوردستاندا و به تایبه‌ت له‌م دوو سێ سه‌ده‌ی رابردوودا و به تایبه‌ت له سه‌ده‌گه‌لی هه‌ژده و نۆزده چه‌ندین میرنشین له ئارادا بوونه. به حوکمی نه‌بوونی شاری گه‌وره له‌و میرنشینانه‌دا و که‌واته نه‌بوون یان که‌مبوونی چینی مامناوه‌ندی و به حوکمی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که له گونده‌کان یان شارۆچکه‌کاندا ژیاون، تا رادیهکی زۆر، ئاڵوگۆڕ و هاتوچۆ له نێوان زۆربه‌ی هه‌ره زۆره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا له ئارادا نه‌بووه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م دوو هۆکاره، زمانی کوردی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر کام له‌و میرنشینانه یان ناوچه جوگرافیاییه جیاجیایانه به شێوه‌یه‌کی جیا و به دور له به‌شه‌کانی تر زۆر به هێمنی گه‌شه‌ی کردووه. به راستی ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی زمانی کوردی له‌م رووه‌وه جێگه‌ی سه‌رسووڕمانه‌وه. راسته هیچ کات ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌ندی له ئارادا نه‌بووه ئه‌مانه به‌یه‌که‌وه ببه‌ستێته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و هۆکارانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌م زمانه له هه‌ندێ رووه‌وه وه‌ک له سه‌ره‌وه وتم په‌ره‌ی سه‌ندووه و هه‌ر کام له دیالێکتیکه‌کان بۆ خۆیان قامووسێکی وشه‌یی جیاوازیان هه‌یه. ته‌نها مه‌گه‌ر شاعیرێکی کوردی‌نووس به هۆی خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می شاعیرانی ناوچه کوردییه‌کانی تر یان به تایبه‌تی به‌هۆی سه‌فه‌ر و گه‌ڕانه‌وه توانیبێتی که‌لک له‌و فه‌رهه‌نگه ده‌وڵه‌مه‌نده وه‌ربگرێ و بازنه‌ی وشه‌یی خۆی به‌رفراوانتر بکاته‌وه. دوو نموونه‌ی هه‌ڵکه‌وتوو لێره‌دا که توانیبێتیان له قامووسی وشه‌یی ناوچه‌کانی تر سوود وه‌ربگرن نالی و مه‌حوی-ن.
ئه‌م قامووسه زۆرتر به وشه سروشتییه‌کانه‌وه خه‌مڵێنراوه یان ئه‌و وشانه‌ی کاروباری رۆژانه‌ی خه‌ڵک به‌ڕێوه ده‌به‌ن. به گشتی ئه‌م قامووسه جیاجیایانه زۆر به ده‌گمه‌ن هه‌ڵگری وشه و ده‌سته‌واژه‌ی زانستی یان هه‌ڵگری بارێکی فه‌لسه‌فیی تایبه‌تن.
یه‌کێک له‌و نموونانه‌ی به باشترین شێوه سروشتیبوونی زمان و زه‌ینیه‌تی مه پیشان ده‌دا ناوی گۆڤاره کوردییه‌کانی ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌مه. له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌م لاوه تا ئه‌م دواییانه ناوی زۆربه‌ی گۆڤاره‌کان و رۆژنامه‌کان له دیارده یان به‌شێکی سروشته‌وه وهگیرابوون وه‌ک گه‌لاوێژ، شه‌فه‌ق، گزنگ، ئاویه‌ر، سیروان. ئه‌م دیارده‌یه ئه‌مڕۆکه له کۆمپانیای فڕۆکه‌وانیشدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه وه‌ک کۆمپانیای ئه‌زمه‌ڕ. به‌ڵام، له قۆناغێکی تر دا ده‌بینین ناوی گۆڤار و رۆژنامه‌کان ده‌گۆڕدرێ و ئه‌مجاره‌یان ناوه‌کان به جۆرێک ده‌لاله‌ت له کرده‌وه‌ی رامان و ره‌خنه ده‌که‌ن وه‌ک رامان، هزر، ره‌هه‌ند، پرسیار، ده‌ق، راڤه. به‌ڵام دیسانه‌وه ره‌هه‌ندی ئایدیالسیتی شوناسی ئێمه له هه‌ندێ ناوی تردا وه‌ک ئاینده و سبه‌ی ره‌نگ ده‌داته‌وه. واته، ئه‌م ناوه پڕ له تێرامانانه نه‌یان توانیوه به‌ر به ئایدیالزیمی ئاماده له ناسنامه‌ی ئێمه‌دا بگرن یان لانی که‌م لێی ورد ببنه‌وه.
به‌ڵگه‌یه‌کی ئاشکرا بۆ سروشتیبوونی زمانی کوردی ژماره‌ی یه‌کجار زۆری ناوهدهنگهکانه له زمانی کوردی‌دا. وه‌ک ده‌زانرێ ناوهدنگ ئه‌و وشه‌یه‌یه که ده‌نگی دیارده یان رووداوێکی سروشتی ده‌نوێنێته‌وه، وه‌ک حیلاندان، بۆڵه‌بۆڵ، گیزه‌گیز و هتد. لێره‌دا ده‌بێ تۆزێ زیاتر بابه‌ته‌که شی بکه‌مه‌وه: ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی زمانی کوردی به پێچه‌وانه‌وه نه‌ک هه‌ر زمانی کوردی‌یان ده‌وڵه‌مه‌ند(!) نه‌کردوه، وک چۆن بۆته ویردی سه‌رزمانی ههژاریستهکانی لای ئێمه، به‌ڵکوو بۆخۆشیان بونهنهته کۆسپ له‌به‌رده‌م گه‌شه‌کردنی زمانی کوردی‌دا؛ خودی ئه‌م بڕوایه که زمانی کوردی زمانێکی ده‌وڵه‌مه‌نده نه‌ک هه‌ر له رووی زانستییه‌وه راست نییه، به‌ڵکوو بۆته بڕوایه‌کی ئایدیۆلۆجیک، زاڵێتیی ئه‌م گوتاره ئایدیۆلۆجیکهش وای کردووه زۆر به ده‌گمه‌ن که‌س بوێرێ باس له خاڵه لاوازه‌کانی زمانی کوردی بکات. دیسانه‌وه زاڵێتیی ئه‌م گوتاره ئایدیۆلۆجیکه جۆرێک له پارادایمی رۆشنبیریی نهریتهوانی پێکهێناوه، ئه‌و پارادایمه‌ی که ده‌بێته دژکاری هه‌ر جۆره هه‌وڵێک بیه‌وێ ئه‌نجامگیرییه‌کی فه‌لسه‌فی له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و پارادایمه بگرێ.
به کورتی، چ له زمانی خه‌ڵکی ئاسایی‌دا و چ له به‌رهه‌می شاعیرانی کورددا و به تایبه‌ت له‌و قوتابخانه‌یه‌ی به رۆمانتیسیزم یان ئه‌رده‌ڵانی-گۆرانی و هه‌روه‌هاش له رۆمانتیسیزمی نوێ یان به‌رهه‌می گۆران‌دا، سروشتیبوون بۆته به‌شێک له ناسنامه‌ی سوژه‌ی کوردی. شیعری مه‌وله‌وی کورد و گۆران باشترین نموونه‌ن بۆ ده‌ست نیشانکردنی لایه‌نی سروشتی بوونی زمانی کوردی. ئه‌مه خاڵی لاواز نییه، به‌ڵام کێشه‌که له‌وه‌دایه که لایه‌نه‌کانی تری زمانی کوردی گه‌شه‌ی نه‌سه‌ندووه. هه‌ربۆیه چه‌ندین جار وتوومه که زمانی مه‌سعوود محه‌مه‌د بۆ ئێمه له زمانی هاوڕێکانی وه‌ک هه‌ژار و هێمن و گۆران گه‌له‌ک سوودمه‌ندتره. ئه‌گه‌ر زمانی هه‌ژار و هێمن و گۆران ده‌توانن گه‌له‌ک سوودمه‌ند بن بۆ رۆماننووس یان شاعیرێک، ئه‌وا زمانی مه‌سعود محه‌مه‌د ده‌توانێ وه‌کوو ده‌ستپێک یان رێپیشاندهرێک بێ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌یانه‌وێ په‌خشانی زانستی بنووسن، هه‌رچه‌نده زۆر زاراوه و چه‌مک هه‌ن که مه‌سعود محه‌مه‌د هه‌ر ئاماژه‌ی بۆ نه‌کردوون.
سروشتیبوون که بۆته لایه‌نێک له ناسنامه‌ی ئێمه‌ی کورد ( به تایبه‌ت به هۆی تێپه‌ڕ نه‌بوون به ناو هه‌ر دوو پرۆسه‌ی مۆدێرنیته و مۆدێرنیزاسیۆندا) له زمانهکهشماندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه؛ به‌ڵام خاڵی هه‌ره گرنگ ئه‌وه‌یه که ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه له نووسینی زانستیی کوردیش‌دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه و نووسه‌ران ئه‌و ره‌هه‌ند و توخم و تایبه‌تمه‌ندییه سروشتیانه دیسانه‌وه له به‌رهه‌مه‌کانیاندا، به شێوه‌یه‌کی ناخودئاگا، واته به بێ ئه‌وه‌ی بۆخۆیان ئاگایان لێ بێ، دووباره ده‌که‌نه‌وه. ئایا سروشتیبوون له زماندا سه‌ر له نوێ ره‌هه‌ندێکی سروشتی له سابجێکتیڤیتیی ئێمه‌دا به‌رهه‌م ناهێنێته‌وه؟ که زمانه‌که‌ت سروشتی و خۆماڵیانه بوو، واته ئه‌وه‌ی که له پارادایمی جیهانیی زمانی زانستی دوور ده‌که‌ویته‌وه. لێره‌دا ئه‌م باسه، واته، باسی سروشتیبوونی زمانی کوردی، درێژه پێناده‌م و خوێنه‌ر ده‌توانێ له‌م باره‌یه‌وه ئه‌و وتاره‌ی من بخوێنێته‌وه که له سه‌ر هۆکاره‌کان و تایبه‌تمه‌ندییه‌کان و ده‌رئه‌نجامه‌کانی سروشتیبوونی زمانی کوردی له سونه‌تی ئه‌ده‌بیی گۆرانی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا نووسیومه و له‌وێ کۆمه‌ڵێ باسی ترم درکاندووه وه‌ک پێناسه و ده‌وری سروشت له سۆفیگه‌ریدا و بیرۆکه‌ی یه‌کێتی بوون له سۆفیگه‌ریدا و پێوه‌ندی به لایه‌نی سروشتیبوونی زمانی کوردییه‌وه (به سه‌رنجدان به‌و خاڵه‌ی زۆربه‌ی شاعیره کلاسیکه کورده‌کان به جۆرێک له جۆره‌کان پێوه‌ندییان به سۆفێیهتهوه هه‌بووه).
به‌ڵام، ئه‌گه‌ر بمه‌وێ چه‌ند نموونه‌یه‌کی ئیمرۆژیی بهێنمه‌وه، ئه‌بی باس له‌و نمونانه بکه‌م که به ته‌واوی ده‌رخه‌ری شوناسی سروشتی و پێش‌مۆدێرن و سونه‌تیی سوژه‌ی کوردین و هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆته هۆی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی لایه‌نی ناعه‌قڵانی و نابیرکارانه و ئاڵۆزی زۆرێک له سابجێکتیڤیتییهکانی ئاماده له شوناسی سوژه‌ی کوردی‌دا. لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م چه‌ند نموونه‌یه‌ک له تایبه‌تمه‌ندییه‌ی زمانی کوردی بهێنمه‌وه، یان راستتر وایه بڵێم چه‌ند نموونه‌یه‌ک له به کار هێنانی زمانی کوردی:
1. له رووبه‌رگی زۆر کتێب‌دا رسته‌گه‌لێکی هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌بینین:
(حه‌مه‌ی مه‌لاکه‌ریم) کۆی کردۆته‌وه و پێشه‌کی بۆ نووسیوه و په‌راوێزی بۆ داناوه
2. له رێستورانته‌کاندا و له مانگی ره‌مه‌زاندا ئه‌م جۆره رستانه ده‌خوێنینه‌وه:
له مانگی موباره‌کی ره‌مه‌زاندا ئاشی گه‌رم بۆ به‌ربانگی به‌ڕۆژووه ئازیزه‌کان هه‌موو ئێواره‌یه‌ک ئاماده‌یه
3. ئه‌م جۆره رستانه له سه‌ر که‌ناڵه ئاسمانیه‌کان ده‌بینین و ده‌بیستین:
ئه‌م به‌رنامه‌یه له سه‌ر شاشه خنجیلانه‌که‌ی کوردسات هه‌موو شه‌وانی هه‌ینی ببینه
ئه‌و سێ نموونه جیاوازه‌ی سه‌ره‌وه له یه‌ک زه‌ینییه‌ته‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه. گه‌ر دیقه‌ت بده‌ین تێده‌گه‌ین که رسته‌کان له هه‌ر سێ نموونه‌که‌دا زۆر درێژ و خۆماڵیانهن و به ته‌واوه‌تی زاڵێتی ئاخافتنیان به سه‌ره‌وه دیاره. ئه‌م رستانه مۆرکێکی خۆماڵیانه و پێشمودێرن و سروشتییان پێوه دیاره و گه‌ر بمانه‌وێ هاوشێوه‌کانیان له زمانگه‌لی ئینگلیسی یان فه‌ره‌نسیدا و ته‌نانه‌ت به‌م دواییانه‌ش له زمانی فارسی‌دا بدۆزینه‌وه، ئه‌وا رووبه‌ڕووی هه‌ندێ رسته یان ده‌سته‌واژه‌ی کورت و بابه‌تیانه و ته‌نانه‌ت مێکانیکیش ده‌بینه‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی له جیاتی نموونه‌ی دووه‌م ته‌نها بنووسین 'ئاشی گه‌رم'. خاڵی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه که هه‌ر ئه‌م جۆره زمانه له رێکلامه بازرگانییه‌کانی ئێستادا دووباره ده‌بێته‌وه و ئه‌مه‌ش به ته‌واوی دژ به رێساکانی چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی زمانه له رێکلامدا، چونکه وه‌ک ده‌زانرێ زمان له رێکلامدا خاوه‌ن شێوازێکی تایبه‌ته که کورتی یه‌که‌م مه‌رجیه‌تی.
گه‌ر بمه‌وێ تیشکی زیاتر بخه‌مه سه‌ر هه‌ندێکی تر له‌و تایبه‌تمه‌ندییه ده‌ستکرد و ئایدیۆلۆجیکانهی له زمانی کوردی‌دا و له‌به‌ر هۆکاری ئاشکرا بوونه‌ته خاوه‌نی قورساییه‌کی یه‌کجار زۆر و هه‌مووشیان به ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ رێساکانی زمانێکی زانستیدا ناته‌بان، ئه‌بێ کورته ئاماژه‌یه‌ک بۆ ئه‌م نموونانه بکه‌ین:
1. به کارهێنانی له راده‌به‌ده‌ری ده‌سته‌واژه‌ی 'هه‌ره هه‌ره' له جیاتی 'یه‌کێ له هه‌ره'، وه‌ک:
شاعیرێکی هه‌ره هه‌ره گه‌وره‌ی کورد
کاره‌ساتێکی هه‌ره دڵته‌زێن
فیلمێکی هه‌ره هه‌ره خۆش
گه‌ر به وردی سه‌یر که‌ین، تێده‌گه‌ین که ئه‌و کوردانه‌ی ئینگلیسییه‌کی کرچ‌وکاڵ ده‌زانن، له قسه‌کردن به زمانی ئینگلیسی یه‌کجار زۆر که‌ڵک له‌و جۆره ده‌سته‌واژانه وه‌رده‌گرن و لایه‌نی به‌رامبه‌ریش، به تاینه‌ت گه‌ر رۆژئاوایی بێ، خێرا له‌و رههاگهرییه تێده‌گات که له قسه‌که‌ی ئه‌م ئاخێوه‌ره کورده‌دایه. ئه‌م جۆره ده‌سته‌واژانه له‌و کوردانه‌ی ئینگلیسیه‌کی باش نازانن زۆر ده‌رده‌که‌ون:
The mos famoust...the most important...the most beautiful…the greatest..
له زمانی زانستیی ئینگلیسی‌دا به ده‌گمه‌ن له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی سه‌ره‌وه که‌ڵک وه‌رده‌گیردرێ چونکه یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که ئه‌م جۆره رستانه راست نین و له‌وانه‌یه شاعیرێکی تر 'هه‌ره هه‌ره' گه‌وره بێ نه‌ک ئه‌وه‌ی به‌رباس؛ دووه‌م ئه‌وه‌ی که ئه‌م جۆره نووسینه جۆرێک له ئهبسولوتیزمی (absolutism) پێوه دیاره، واته, که تۆ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ت بۆ که‌س یان دیارده یان شتێک به کار هێنا، ئیدی به‌و مانایه‌یه که تۆ که‌سه‌کانی تر یان دیارده‌کانی تر یان شته‌کانی تر به ‘هه‌ره‌هه‌ره گه‌وره و دڵته‌زێن’ نازانی. ئه‌مه یه‌کێکه له‌و نموونانه‌ی پیشانده‌ری ئهبسولوتیزمه له زماندا، ئه‌و ئهبسولوتیزمهی له سابجێکتیڤیتیی سوژه‌دا بوونی هه‌یه. ئه‌مه زۆر گرنگه که ئێمه ده‌بێ به‌رده‌وام ئه‌وه‌مان له یاد بێ که نه‌زمی زمان له راستیدا نه‌زمی کۆمه‌ڵاگا و نه‌زمی فه‌رهه‌نگ دیاری ده‌کات. واته ئه‌م جۆره ئهبسولوتیزمه له زماندا هه‌م ئهبسولوتیزم له فه‌رهه‌نگدا به‌رهه‌م ده‌هێنێ و هه‌م ده‌ربڕی ئهبسولتیزمی نێو ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌یه:
order of language ► order of culture ► order of society
2. نموونه‌یه‌کی تر دووباره کردنه‌وه‌ی کرداره‌کانه له‌یه‌ک رسته‌دا وه‌ک:
''باسکردن له‌م دیارده‌یه باسکردنه له...''
''ئاماژه‌کردن به‌م بابه‌ته ئاماژه‌کردنه به...''
''رۆچوونه نێو ئه‌م باسه رۆچوونه به نێو...''
هه‌ڵه‌یه گه‌ر بڵێین ئه‌مه ته‌نها دووباره کردنه‌وه‌یه‌کی ساکاره، به‌ڵکو ریشه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی وردبینی له هه‌ڵبژاردنی وشه و واته وردبینی له تێفکرین و نواڕیندا. ئه‌مه‌ش واته یه‌که‌م ره‌نگدانه‌وه‌ی زینییهتی گشتیکردنهوه له زماندا. گه‌ر هه‌ر یه‌ک له‌م رستانه بکه‌ین به ئینگلیسی، ئه‌وا له‌و زمانه‌دا وه‌کوو شتێکی نامۆ دێنه به‌ر چاو:
To discuss this point is to discuss...
To describe this is to describe...
To focus on this point is to focus on...
هه‌ر ئه‌م دووباره‌بوونه‌وه‌یه له سینتاکسیشدا روو ده‌دات، له سینتاکسی یه‌ک په‌ره‌گرافدا وه‌ک:
''ئایا ئه‌م باسکردن نییه له......؟ ئایا ئه‌مه پیشانده‌ری ئه‌وه نییه که ......؟ ئایا ئه‌م ئه‌وه‌مان لا دروست ناکات که.....؟''
یان:
''ئێمه ئازادیمان ده‌وێ، ئێمه نانمان ده‌وێ. ئیمه ئاومان ده‌وی. ئیمه ئیمکانیاتمان ده‌وێ.''
ئه‌ومه واته ده‌قاوده‌ق نواندنه‌وه‌ی زمانی قسه‌کردن له نووسیندا. ئه‌و جۆره نووسه‌رانه، که باشتره پێیان بڵێین نووسه‌ری رۆژنامه، ئه‌م ته‌کنیکه بۆ کاریگه‌ریی دانانی زیاتر له سه‌ر خوێنه‌ر به‌کار ده‌هێنن و ئه‌مه جۆرێکه له هونه‌ره‌کانی زانستی رێتۆریکا. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌مان به‌رده‌وام له یاد بێ که کاریگه‌ریی ده‌قێکی زانستی به ده‌رئه‌نجامه‌کانیه‌تی نه‌ک به بزواندنی هه‌ستی خوێنه‌ر. ئه‌م جۆره زمانه ناچێته خانه‌ی نووسینی زانستییه‌وه چونکه دیاره مه‌به‌ست له به کارهێنانی ئه‌م ته‌کنیکه رێتۆریکیه بزواندنی هه‌سته نه‌ک خستنه رووی دهرئهنجامگیرییهک به شێوه‌یه‌کی زانستی. وه‌ک ده‌زانن، ئه‌م جۆره زمانه، ئه‌مرۆکه به‌داخه‌وه بۆته زمانی زاڵی نووسینه‌کان.
3. ئه‌و ئهبسولوتیزمهی سه‌ره‌وه (نموونه‌ی ژماره یه‌ک) کاتێ کامڵ ده‌بێ که رادیکاڵیزمیش دێته یارمه‌تیی. لێره‌دا وه‌ک نمونه چه‌ند وشه‌یه‌ک ئه‌هێنمه‌وه که پیشانده‌ری رادیکالیزمن وه‌ک: کوشنده، ئیفلیجکه‌ر، وێران، داڕماو. دیسانه‌وه ئه‌م رادیکالیزمه کاتێ کامڵتر ده‌بێ که هه‌ندی ده‌سته‌واژه‌ی گشتیشی ده‌خرێته سه‌ر وه‌ک وشه گشتییه‌کانی 'ده‌سه‌ڵات' و 'حکومه‌ت'. که‌واته، رسته‌کان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌نووسرێن:
''ده‌رئه‌نجامی هه‌ره هه‌ره کۆشنده و ئیفلیجکه‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئه‌وه‌یه که...''
ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌رجه‌م تینک تانکه ئانلاینه‌کان بگه‌ڕێین، له‌وانه‌ی یه‌ک رسته‌ی به‌م چه‌شنه نه‌دۆزینه‌وه و گه‌ر نووسه‌رێکیش به‌م شێوه‌یه بنووسێ، ئه‌وا خێرا داوهرکانی ئه‌و ژورناڵه بابه‌ته‌که‌ی ره‌ت ده‌که‌نه‌وه. چونکه هه‌ر ئه‌م رسته به رواڵه‌ت دروست و ساده‌یه سێ تایبه‌تمه‌ندیی ئهبسولوتیزم و رادیکالیزم و گشتیکردنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدایه که له زهینییهتێکهوه هه‌ڵقوڵاوه که خاوه‌نی هه‌ر سێ جۆر نه‌خۆشییه‌که‌یه. هه‌مووشمان ده‌زانین کورد تا ئێستاش خاوه‌نی ژورناڵێکی peer reviewed نییه و که‌واته بابه‌تی نووسه‌ره‌کانمان به بێ پێداچونه‌وه‌ی داوه‌ره‌کان و ته‌نها به ویستی سه‌رنووسه‌ر داده‌به‌زێندرێن. نه‌بوونی ئه‌و جۆره ژورناڵانه له کوردی‌دا بۆته هۆی هاتنه ئارای ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی له مێتۆدۆلۆژیی نووسینه کوردییه‌کاندا و که‌واته له ره‌وتی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ندێشه له ناو کورددا بهدیدکرێ.
4. دیسانه‌وه ئه‌م ئهبسولوتیزم و دووباره‌کاری و رادیکالیزمه (واته، نموونه‌کانی ژماره یه‌ک، دوو و سێ له سه‌ره‌وه) کاتێ ده‌بێته نووسینێکی کۆمیک که نووسه‌ر تێیدا له 'هتد' و 'تاد' و 'هه‌تا دوایی' و سێ خاڵ (...) که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. وه‌ک دهازنین زۆر به ده‌گمه‌ن له نووسینێکی زانستیدا له‌مانه که‌لک وه‌رده‌گرین که‌چی له نووسینی برایان و خوشکانی ئازیزی رۆشنبیرماندا ئه‌م جۆره ته‌کنیکانه زۆر به‌کار ده‌هێنرێن. رۆژانه و له چاپه‌مه‌نییه‌کاندا به‌رده‌وام چاومان به‌م جۆره رستانه ده‌که‌وێ که هاوشێوازی ئه‌م نموونه‌یه‌ی خواره‌وه‌ن:
''ده‌رئه‌نجامی هه‌ره هه‌ره کوشنده و ئیفلیجکه‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئه‌وه‌یه که بواره‌کانی ئابووریی و فه‌رهه‌نگی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ... هتدی خستۆته به‌ر مه‌ترسییه‌کی تا سه‌رئیسقان کوشنده‌وه و باسکردن له‌م مه‌سه‌له‌یه باسکردنه له یه‌ک دنیا...''
لێره‌دا با ئه‌و رسته نامۆ و کۆمیکهی سه‌ره‌وه تۆزێ شیبکه‌مه‌وه:
'هه‌ره هه‌ره': پیشانده‌ری ئهبسولوتیزمه
'کوشنده و ئیفلیجکه‌ر': ده‌ربڕی رادیکالیزمه
'ده‌سه‌ڵات': وشه‌یه‌کی ته‌واو گشتییه
'بواره‌کانی ئابووریی، فه‌رهه‌نگی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی': دیسانه‌وه گشتیبێژی و نه‌بوونی وردبینی
'...هتد': گشتیبێژێ
'تا سه‌ر ئێسقان کوشنده': رادیکالیزم و ئهبسولوتیزم
'باسکردن له‌م مه‌سه‌له‌یه باسکردنه له': دووباره‌کردنه‌وه و نه‌بوونی تایبه‌تمه‌ندی و وردبینی
'یه‌ک دنیا': گشتیبینی و ساکارسازی
5. تێکه‌ڵکردنی سنووره‌کانی زمانی قسه‌کردن و زمانی زانستی.
زمانی قسه‌کردن خاوه‌نی کۆمه‌ڵێ وشه و زاروه و شێوازه که نابێت له زمانی زانستیدا به‌کار ببرێن. واته، نابێ سه‌رجه‌م وشه زاره‌کییه‌کان له نووسیندا به‌کار بهێندرێن. من که له بریتانیا خوێندکار بووم سه‌ره‌تا لیستێکیان دامێ که پێکهاتبوو له زۆر وشه‌ی ئینگلیسی، ئه‌و وشانه به زۆری له ئاخافتندا به کار ده‌برێن، به‌ڵام ئێمه بۆمان نه‌بوو له نووسیندا به‌کاریان به‌رین.
6. ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه کاتێ به ته‌واوی بێئاگابوونی نووسه‌ر له میتۆدۆلۆژیی نووسینی زانستیمان بۆ ده‌رده‌خه‌ن که ده‌ڵێن:
گه‌لێک وتار له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نووسراوه
گه‌لێک نووسه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌یان درکاندووه
لای سارته‌ر
لای نیتشه
سه‌ره‌تا ئه‌وه بڵێین مه‌به‌ستی نووسه‌ر کام وتاره یان کام کتێبه. کام ئارگیومێنتی کام کتێب؟ پاشان، کامه‌یه ئه‌و رسته‌یه‌ی سارته‌ر یان نیچه یان کانت و له کام سه‌رچاوه‌وه ده‌رمان هێناوه و تۆ چیت خستۆته سه‌ر ئه‌و رسته‌یه و یان رووبه‌ڕووی چ ره‌خنه‌یه‌کی ده‌که‌یته‌وه و ئه‌م کاره به پێی کام مێتۆدۆلۆژی ئه‌نجام ئه‌ده‌یت و ئارگیومێنتهکهت کامه‌یه و ئه‌و تیۆرییه‌ی پشتی پێ ده‌به‌ستی کامه‌یه و کوانێ پێناسه‌ی زاراوهکانت؟
زمانی زانستیی کوردی گه‌شه ناکات مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی نووسه‌ره‌کان ئه‌م خاڵانه ره‌چاو بکه‌ن، من دڵنیاشم له‌وه‌ی که زۆربه‌یان ناتوانن چونکه ئه‌م کێشانه له بنه‌ره‌تدا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ جیاوازیی نێوان دوو گوتاری رۆشنبیری و گوتاری ئاکادێمیک و زاڵتربووبی گوتاری رۆشنبیری له ناو کورددا له چاو گوتاری ئاکادێمیک؛ ئه‌م قسه‌یه‌ی من داکۆکی کردن نییه له گوتاری ئاکادێمیک له ناو کورددا چونکه وه‌ک ده‌زانین ئه‌م گوتاره‌ش بۆخی چه‌ندین ره‌خنه‌ی له‌سه‌ره، به‌ڵکوو خستنه رووی خاڵه لاوازه‌کانی ئه‌و گوتاره‌یه به گوتاری رۆشنبیریی کوردی ناوی ده‌رکردوه، ئه‌م خاڵه لاوازنهش به هشتی خۆیان له خانه‌ی مێتۆدۆلۆژیدا ده‌بیننه‌وه. من لێره‌دا چیدی له‌سه‌ر ئه‌م باسه ناڕۆم و باسکردن له جیاوازییه‌کانی ئه‌م دوو گوتاره داده‌نێم بۆ ده‌رفه‌تێکی تر. ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه ته‌نها چه‌ند نموونه‌یه‌کی که‌من له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی مۆرکی زانستی‌بوون له ده‌قێک ده‌ستێننه‌وه. له راستیدا گرنترین کێشه‌ی نووسینه زانستیه‌کان له زمانی کوردی‌دا کێشه‌ی مێتۆدۆلۆژییه.
له پاڵ ئه‌مه‌شدا، له گه‌شه‌کردنی زمانی کوردی‌دا و پاراو بوونی شێوازی زانستی له زمانی کوردی‌دا ده‌بێ سه‌ره‌تا رووبه‌ڕووی جۆرێک له دابڕانی مه‌عریفه‌ناسانه ببینه‌وه، واته وازهێنان له زۆربه‌ی ئه‌و شێوه باوانه‌ی تا ئێستا له نووسینی به‌ناو زانستیدا به‌کارمان هێناون و ئێستاکانه‌ش به جۆرێک بوونه‌ته ئایدیۆلۆجی. له‌م رۆژانه‌دا وێبلاگی نووسه‌رێکی خه‌ڵکی باشوورم دیت که وه‌ک لاساییکردنه‌وه‌یه‌ک له رۆشنبیره دیاره‌کان نووسیبووی:
''چوونه ناو ئه‌م باسه کوشنده‌یه چوونه ناو دنیایه‌کی هه‌ره ئیفلیجکه‌ره و گه‌لێک کتێب و وتار و هتد له سه‌ر ئه‌م پرسه نووسراوه و ده‌شێت مرۆڤ ئاوڕێکی هه‌ره هه‌ره جیدییان لێبداته‌وه.''
وه‌ک وتم، له‌وانه‌یه تۆ له نووسینه رۆشنبیرییه و زانستییه‌کانی زمانه‌کانی تردا هه‌ر رسته‌یه‌کی ئاوه‌هات وه‌به‌رچاو نه‌که‌وێ. خاڵی سه‌یر ئه‌وه‌یه که له کۆتاییشدا فه‌رمانمان ده‌داتێ که ئاوڕێکی جیدی له‌و مه‌سه‌له‌یه بده‌ینه‌وه! گه‌ر تۆ ئه‌م رسته‌یه بکه‌یته ئینگلیسی، بیسه‌ر به سه‌رسووڕمانه‌وه ته‌ماشات ده‌کات به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که ئه‌م رسته‌یه به تووڕه‌ییه‌وه بدرکێنی. ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه کێشه‌یه‌که‌ی تری زمانی زانستیی کوردیم بیر ده‌خاته‌وه، واته کێشه‌ی له‌حن. من پێشتر باسی ئه‌م كێشه‌یه‌م له چیرۆک و رۆمان‌دا کردووه. به نیسبه‌ت نووسینی زانستیشه‌وه، ده‌بێ بڵێم که بابه‌تیبوون که یه‌که‌م خه‌سڵه‌تی زانسته، به‌ڵام ئێمه ئه‌م خه‌سڵه‌ته له زمانی کوردی‌دا به ده‌گمه‌ن ده‌بینین. بۆ نموونه، ماڵپه‌ڕێک له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی خۆی ده‌نووسێ 'ره‌خنه به چه‌کوش'، ماڵپه‌ڕێکی تر که گه‌وایه ده‌یه‌وێ بڵێ من له‌وان نیم له لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می نووسیویه‌تی 'ره‌خنه به زمانی گوڵ'. له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ی دووه‌ممان به لاوه په‌سه‌ند بێ، به‌ڵام له راستیدا هه‌ردووکیان یه‌کێکن، واته ره‌خنه چ به زمانی چه‌کوش بێ و چ به زمانی گوڵ له هه‌ر دوو حاڵه‌ته‌که‌دا زه‌ینییه، که‌چی راست به پێچه‌وانه‌وه، یه‌که‌م مه‌رجی نووسینی ره‌خنه وه‌ک نوسینێکی زانستی ئه‌وه‌یه که ئه‌بێ زه‌ینی نه‌بێ و به‌ڵکوو بابه‌تیانه بێ، واته نه به چه‌کوش و نه به گوڵ.
بۆ من کاره‌ساته‌که له‌وه‌دایه که هیچ کام له‌و هه‌موو رسته‌یه‌ی له سه‌ره‌وه وه‌ک نموونه هێنامه‌وه هیچ کێشه‌یه‌ک بۆ خوێنه‌ری کورد ساز ناکه‌ن، واته، ئێمه زۆر به ئاسانی و بێ گرفت ئه‌و رستانه وه‌رده‌گرین، لێیان تێده‌گه‌یین، به دروستیشیان ده‌زانین، و لاساییشیان ده‌که‌ینه‌وه. واته سووڕخواردنهوه به ده‌وری بازنه‌یه‌کی ئایدیۆلۆجیکدا که ناوی خۆی ناوه‌ته گوتاری رۆشنبیریی کوردی. چ له جۆره ته‌قلیدیه‌که‌ی و چ له جۆره تازه‌که‌ی ئه‌م ده پازده ساڵه‌ی دوایی.
گه‌ر بمه‌وێ تۆزیک زیاتر باسی شێواز و ئوسلووبهکانی تری زمان بکه‌م و قامک بخه‌مه سه‌ر په‌ره نهسهندنیان له زمانی کوردی‌دا، ئه‌وا ده‌بێ باسی زمانی رۆژنامه‌نووسیمان بکه‌ین. زۆربه‌ی خه‌سڵه‌ته‌کانی زمانی رۆژنامه‌نووسانه له ناو ئێمه‌دا نین وه‌ک:
1. به کارنه‌هێنانی وشه کورتکراوه‌کان
2. به‌کارنه‌هێنانی وشه تازهدروستبووهکان که هه‌ر پیته‌و سه‌ره‌تای وشه‌یه‌که
3. به‌کارنه‌هێنانی مانشێتی زۆر کورت
4. گهمهنهکردن له‌گه‌ڵ فۆرم و شێوه‌ی وشه و پیته‌کان
5. درێژبوونی ئه‌و زمانه‌ی رێکلامه‌کانی پێ ده‌نووسرێ و درێژدادڕی له وهسفهکاندا
6. سه‌رنج نه‌دان به جیاوازی و ئاستی کاریگه‌ریی جۆره جیاجیاکانی رسته له سه‌ر خوێنه‌ر
7. نامۆدێرنبوونی شێوه‌ی دیزاینی لاپه‌ڕه‌کان که راسته‌وخۆ کار ده‌کاته سه‌ر زمانی به‌کارهاتوو له‌و لاپه‌ڕه‌دا
8. سه‌رنه‌که‌وتن له سڕینه‌وه‌ی کاریگه‌ریی رۆژنامه‌نووسیی عه‌ره‌بی به سه‌ر رۆژنامه‌نووسیی کوردی‌دا به تایبه‌ت له رووی قه‌ره‌باڵغی و ناڕێکوپێکی لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌م و هه‌ڵبژاردنی سه‌ردێڕی دوورودرێژ
9. ره‌چاو نه‌کردنی رێساکانی خاڵبه‌ندی ته‌نانه‌ت له مانشێتهکانیشدا و پشتگوێ خستنی یاساکانی پهرهگرافبهندی له ستوونه‌کاندا
10. نه‌بوونی شێوازێکی کورت و تایبه‌ت له زمان له ته‌نیشت وێنه‌کاندا
که‌واته، وه‌ک ئه‌و نمونانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌ری ده‌خه‌ن، زمانی کوردی، به تایبه‌ت له شێوازگه‌لی زانستی و ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌نووسانه‌ی خۆیدا، هێشتا به ته‌واوی گه‌شه‌ی نه‌کردووه و له‌م پێناوه‌شدا گه‌له‌ک کار بۆ کردن له به‌رده‌مماندایه.
6. دیاره ئێوه له تێزهکانتاندا لێکۆڵینه‌وه‌تان له سه‌ر پێوه‌ندی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی کردووه، تکایه ئه‌و بواره روون بکه‌نه‌وه بۆمان؟
توێژینه‌وه‌ی جۆری مێکانیزمی پێوه‌ندیی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی کارێکی دوورودرێژ و گرنگ و سه‌خته. سه‌ختییه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌م کاره سه‌ره‌تا پێویستی به ده‌سته‌به‌ر کردنی روانگه‌یه‌کی تیۆریک هه‌یه و تێگه‌یشتن له‌و تیۆریانه‌ش که باسی پێوه‌ندی ئایدیۆلۆجی و زمان ده‌که‌ن پێویستیان به پێشینه‌یه‌کی خوێندنه‌وه‌یی پته‌و هه‌یه. زۆر سه‌خته بتوانین روانگه‌یه‌کی تیۆریک ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین بۆ لێکۆڵینه‌وه له سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی پێوه‌ندیی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی، روانگه‌یه‌ک که له لایه‌که‌وه خاڵه لاوازه‌کانی روانگه تیۆریکه‌کانی تری تێدا نه‌بێ و له لایه‌کی تریشه‌وه توانیبێتی سوود له روانگه جیاجیاکان وه‌ربگرێ به شێوه‌یه‌ک که رووبه‌ڕووی کێشه‌ی تیۆریک نه‌بێته‌وه.
لێره‌دا مه‌به‌ستم له کێشه‌ی تیۆریک، بۆ نموونه، کێشه‌ی نێوان بۆچووونه ده‌روونناسانه و کۆمهڵناسانهکانه بۆ شیکاریی پێوه‌ندیی نێوان زمان و سوژه، یان کێشه‌ی نێوان ره‌چاوکردنی زمان وه‌ک بابه‌تێکی تاکه‌که‌سی و موڵکی تاکه‌که‌س و داهێنانی تاکه‌که‌سی و زمان وه‌ک بابه‌تێکی جیهانی و موڵکی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی تێدا به‌کار ئه‌برێ، یان کێشه‌ی نێوان زمان وه‌ک بابه‌تێکی ده‌رهه‌ست و ئایدیۆلۆجی (به مانا ئاڵتووسێرییهکهی) وه‌ک بابه‌تێکی به‌رهه‌ست، کێشه‌ی نێوان ئایدیۆلۆجی و ناخودئاگا، یان تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ی ئایدیۆلۆجی به ناخودئاگاوه ده‌به‌ستێته‌وه. گرفته تیۆریکه‌کان له تێکهه‌ڵکێشکردنی ئه‌م تیۆریانهدایه.
گه‌ر بمه‌وێ نموونه‌یه‌کی ساده‌ی کلاسیک له‌م کێشه تیۆریکانه بهێنمه‌وه، ده‌توانم ئاماژه بکه‌م بۆ تێکهه‌ڵکێشکردنی دوو سیسته‌می فه‌لسه‌فی هێگێل و مارکس، که هه‌ر له یه‌که‌م پله‌کاندا رووبه‌ڕووی کێشه‌ی تیۆریک ده‌بێته‌وه. دیاره بیرمه‌ندانی هاوچه‌رخ لێره‌دا ده‌بن به دوو ده‌سته‌وه: هه‌ندێکیان وه‌ک کۆمه‌ڵناسه کلاسیکه‌کان یان ده‌روونناسه فرۆیدییه‌کان و‌ڵامیان نه‌گه‌تیڤه و دژی وه‌ها تێکه‌ڵکارییه‌کی تیۆریکن. به‌ڵام، خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می چه‌ند بیرمه‌ندێکی هاوسه‌رده‌م به‌و ئه‌نجامه‌مان ده‌گه‌یێنێ که ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌م تێکههڵکێشکردنهدان. هه‌ندێ تیۆری داڕێژی وه‌کوو لاکلائۆ، مووف، باتلێر، ژیژه‌ک، جه‌یمسۆن، هیس، مهککهیب، و ئاگامبێن هاوکات له هه‌ر دوو روانگه تیۆریکه‌کانی راست و چه‌پ، کۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی، مارکسیزم و ده‌روونشیکاری، و یان هێگێل و مارکس که‌ڵک وه‌رده‌گرن بۆ خه‌مڵاندنی روانگه تیۆریکه‌کانی خۆیان.
من پێم وایه که ته‌نانه‌ت ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ ته‌رکیزیان نه‌کردۆته سه‌ر میکانیزمی پێوه‌ندیی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه باسکردن له مێکانیزمی پێوه‌ندی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی و سه‌رهه‌ڵدانی کێشه تیۆریکه‌کان له‌م پێوه‌ندییه‌دا هیچ کات نه‌بۆته پرسێکی ناوه‌ندی بۆ ئه‌وان. من روانگه‌که‌ی خۆم ده‌رباره‌ی پێوه‌ندیی زمان و ئایدیۆلۆجی به جۆرێک به درێژه‌پێده‌ری تێزه‌کانی لاکلائۆ داده‌نێم وه‌ک چۆن پێشم وایه- و که‌متر که‌سێک ئه‌وه‌شی درکاندووه- که به‌شێک له تێزه‌کانی لاکلائۆ به جۆرێ درێژه‌پێده‌ر و کامڵکه‌ری روانگه‌کانی ئاڵتووسێرن بۆ شیکاریی سوژه؛ به تایبه‌ت ئه‌و به‌شه‌ی باسی دالی بۆش(empty signifier) ده‌کات و باسی کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌م داله ده‌کات له مێکانیزمی به‌ره‌وپێشچوونی کاری ئایدیۆلۆجی و به تایبه‌ت له مانه‌وه‌ی گوتاری سیاسی‌دا. من ئه‌م بابه‌تانه‌م به وردی له تێزی دوکتۆراکه‌مدا له بریتانیا باس کردووه که به شێوه‌ی ئانلاین هه‌یه و هه‌موان ده‌توانن بیبینن و چیدی لێره‌دا دووباره‌ی ناکه‌مه‌وه، که‌واته با بێینه‌وه سه‌ر باسکردن له سه‌ر زمانی کوردی و پێوه‌ندیی به ئایدیۆلۆجییه‌وه و ده‌رئه‌نجامی ئه‌م پێوه‌ندییه‌ش له سه‌ر ناسنامه‌ی سووژه‌ی کوردی.
راسته هه‌موو زمانه‌کان ره‌هه‌ند و لایه‌ن و مۆرکی ئایدۆلۆجیکیان تێدایه، به‌ڵام له‌وانه‌یه زمانی کوردی یه‌کێک بێ له‌و زمانانه‌ی که زیاتر له هه‌ر زمانێکی تر ره‌هه‌ندی ئایدیۆلۆجیکی تێدا به‌رجه‌سته بووبێته‌وه. کورد به حوکمی ئه‌وه‌ی له رابردوودا و به تایبه‌ت له سه‌د ساڵی رابردوودا به سه‌ر چه‌ندین ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی جیاجیادا دابه‌شبووه و به حوکمی ئه‌وه‌ی خاوه‌نی چه‌ندین حیزب و جه‌ریان و رێکخراوی سیاسیی جیاجیا و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ رێبازی ئایینی جیاوازیش بووه، که‌واته ئاساییه زمانی کوردی نه‌ک هه‌ر لایه‌نی ئایدیۆلۆجیکبوونی زه‌ق بێته‌وه به‌ڵکوو له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامیشدا بێ له‌گه‌ڵ چه‌ندین گوتاری ئایدۆلۆجیکی جیاجیادا، ئه‌و گوتارانه‌ی ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆکه‌ش هه‌ست پێده‌کرێن. زمانی کوردی به‌م چه‌شنه بۆته مه‌یدانی رووبه‌ڕووبوونه‌ی ئایدیۆلۆجییه‌کان. هه‌رچه‌ند ئه‌م دیارده‌یه له زمانه‌کانی تریشدا ده‌بینرێ، به‌ڵام کوردی به هۆی گه‌شه‌نه‌کردنی له ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌دا و به تایبه‌ت به هۆی له ئارادا نه‌بوونی زمانێکی ره‌سمی یان ئه‌و ناوه‌نده په‌ره‌وه‌رده‌یی و زانستییانه‌ی که په‌یره‌وی له زمانێکی زانستیی یه‌کده‌ست بکه‌ن لایه‌ن و تایبه‌تمه‌ندیی ئایدیۆلۆجیکی به ته‌واوی تێدا به‌رجه‌سته بۆته‌وه. سه‌رنج دان به روانگه تیۆریکه‌کان ده‌رباره‌ی دژبهربوونی زانست و ئایدیۆلۆجی له‌م باسه‌دا ده‌توانێ گه‌لێک سوودبه‌خش بێ. واته، شیکردنه‌وه‌ی تیۆریکی هاوکێشه‌ی نێوان زانست و ئایدیۆلۆجی له لایه‌که‌وه و ده‌قی ئه‌ده‌بی و گوتاری ئایدیۆلۆجیک له لایه‌کی تره‌وه ده‌توانێ یارمه‌تیده‌رمان بێ له تێگه‌یشتن له چه‌مکی ئایدیۆلۆجی.
سوژه‌ی کوردی له‌به‌ر ئه‌و هۆکاره‌ی سه‌ره‌وه خاوه‌ن ناسنامه‌یه‌کی ئایدۆلۆجیکه. له سێمیناریکدا له زانکۆی له‌نده‌ن ئه‌وه‌م خسته به‌رباس که ئایدیۆلۆجی هێنده سه‌راپای شوناسی کوردیی گرتۆته‌وه که ته‌نانه‌ت ئه‌و خود یان ئیگۆوه عهقڵانییهش که بانگه‌شه‌ی رزگاری له ئایدیۆلۆجی و یان بانگه‌شه‌ی ئازادی ده‌کات بۆخۆشی بۆته خاوه‌ن مۆرکێکی ئایدیۆلۆجیک. ئه‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتی زۆر و له راده‌به‌ده‌ری ناسنامه‌ی ئایدۆلۆجیکی سوژه‌ی کوردی ده‌رده‌خات که له پێوه‌ندیی راسته‌وخۆدایه له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌ی که ده‌کرێ به ناخودئاگای کوردی ناودێری بکه‌ین. ناسنامه کوردی بۆته شوێنگه‌ی ململانێی سابجێکتیڤیتییه ئایدیۆلۆجیکهکان و لێکۆڵینه‌وه له گوتاره ئایدیۆلۆجیکهکانی ده‌ره‌وه‌ی سوژه و ره‌نگدانه‌وه‌یان به شێوه‌ی سابجێکتیڤیتی له ناسنامه‌ی سوژه‌دا له‌وانه‌یه یه‌کێک بێ له گرنگترین بابه‌ته‌کانی هه‌رجۆره پرۆژه‌یه‌کی رۆشنبیریی به‌رفراوان.
با ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێ که سابجێکتیڤیتیی ئایدیۆلۆجیک له هه‌ر دوو قۆناغی منداڵی و فێربوونی زمان و قۆناغی گه‌وره‌ساڵیدا له رێگه‌ی زمانه‌وه بۆ سوژه سازده‌کرێ. ئه‌م پرۆسه‌یه به لێپیچینه‌وه‌ی ئایدیۆلۆجیک (ideological interpellation) ناسراوه. هه‌موو شێوه زمانییه‌کان و شێوازه‌کان هه‌ڵگری کۆمه‌ڵه دالێکن که من ناوم ناونهته 'دالی ئایدیۆلۆجیک' (ideological signifier) . ئه‌م داله ئایدیۆلۆجیکانه له رێگه‌ی پرۆسه‌یه‌که‌وه که به 'نامۆیی زمانناسانه' (linguistic alienaton) ناوده‌برێن تاکه‌که‌س ده‌که‌ن به سوژه‌ی ئایدیۆلۆجی، ئه‌و ئایدیۆلۆجییه‌ی داله‌که سه‌ر به وییه. واته سووژه له رێگه‌ی دالی ئایدیۆلۆجیکهوه رووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه‌ی ئایدیۆلۆجیک ده‌بێته‌وه و هه‌موو سوژهیهکیش سه‌ر بۆ ئه‌م لێپێچینه‌وه‌یه داده‌نه‌وێنێ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که سه‌ر به گوتارێکی تری ئایدیۆلۆجیک بێ؛ واته سوژه له راستیدا سوژه‌ی ئایدیۆلۆجییه، گه‌ر زمانه‌که‌ش ئایدیۆلۆجیک بێ، سوژه ده‌بێته سوژه‌ی زمانی ئایدیۆلۆجیک و که‌واته خاوه‌نی سابجێکتیڤیتیی ئایدیۆلۆجیک.
ئه‌و مۆدێله تیۆریکهی کە له تێزەکهمدا پێشکەشم کردووه به کورتی ئاوڕ له‌م سێ خاڵه ده‌داته‌وه: یه‌که‌م، سووژه بە هۆی دیالێکتیکی نێوان-سابجێکتیڤیتی (inter-subjectivity dialectic)و هه‌روه‌هاش به هۆی بۆشایی ناو-سابجێکتیڤیتییهوه (intra-subjectivity lack)و لە ڕێگه‌ی ئەم دیالێکتیکەوە دەبێتە خاوەنی کارکرد. ناسنامه‌ی سوژه به هۆی ململانێی به‌رده‌وامی نێوان سابجێکتیڤیتییهکانهوه هەرگیز بەتەواوی کامڵ نییه و هەر بۆیەش بەردەوام ناتەواو دەمێنێتەوە. ئه‌م ململانێیانه‌ش زۆربه‌ی کات ناخودئاگان. دووەم ئەوەی کە سووژە بە شێوه‌یه‌کی ئایدیۆلۆجیک له رێگه‌ی زمانه‌وه سازده‌کرێ. ئەو میکانیزمەی کە له‌م سۆنگه‌یه‌وه زمان و ئایدۆلۆجی، سووژە ساز دەکەن هەرگیز ڕێگه بەوە نادەن کە سووژە بگاتە قۆناغی ئه‌مئه‌وێتی تەواو لەگەڵ دالگەلی ئایدۆلۆجیکدا. سێهەم خاڵێش ئەوەیە کە ناسنامەی سووژە لە زماندا ده‌نوێندرێته‌وه و دواتر بە هۆی خودی سووژەوە بەرهەم دێتەوە.
8. تکایه له‌م پێوه‌ندیه‌دا ئاماژه به نموونه‌ی پراکتیکی بکه‌ن؟
ساده‌ترین رێگه بۆ نیشاندانی پێوه‌ندیی نێوان ئایدیۆلۆجی و زمانی کوردی ئاوڕدانه‌وه‌یه له داله ئایدیۆلۆجیکهکانی زمانی کوردی و پاشان لێکۆڵینه‌وه له لایه‌نی نیشانه‌ناسانه‌ی ئه‌و دالانه. بۆ نموونه، گه‌رچی له زمانی کوردی‌دا هه‌ر دوو ده‌سته‌واژه‌ی 'پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر شاخ' و 'گه‌ریلای سه‌ری چیا' خاوه‌نی یه‌ک مانان، به‌ڵام وه‌ک ده‌زانرێ ئه‌م دوو ده‌سته‌واژه‌یه وه‌ک دو دالی ئایدیۆلۆجیک سه‌ر به دوو ئه‌نستیتۆتی ئایدیۆلجیکن که لێره‌دا دوو حیزبی جیاوازن. وه‌ک ده‌زانرێ ده‌سته واژه‌ی 'گه‌ریلای سه‌ری چیا' له داموده‌زگا راگهیێنهره ره‌سمییه‌کانی باشووردا به‌کار نابرێ به هۆی ناکۆکیی سیاسی یان ناهاوچه‌شنیی گوتاری سیاسی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی باشور له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌ی که ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به کار ده‌بات. هه‌ر به هه‌مان شێوه، هه‌ر ئه‌م وشه‌یه، واته وشه‌ی پێشمه‌رگه، که خاوه‌نی ده‌لاله‌تێکی ته‌واو لێوانلێوه له کوردایه‌تی له ساڵه‌کانی 78 و 79 دا له کوردستانی ئێران و له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه ئاوه‌ڵناوێکی خرایه سه‌ر و تاقێمکی تازه دروست بوون ئه‌مجاره‌یان به ناوی 'پێشمه‌رگه‌ی موسڵمان'، دیاره زیادکردنی ئاوه‌ڵناوێکی ئایینی لێره‌دا باری ئایدیۆلۆجیکی ئه‌م زاراوه‌یه دووچه‌ندان ده‌کاته‌وه واته، گرنگیدان به کوردایه‌تی ئۆرتۆدۆکس به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی که که‌سه‌کان موسڵمان بن و بڕوای ته‌واویان به ئیسلام بێ. ئه‌وه‌یه که زۆر جار وتوومه زمانی کوردی شوێنگه‌ی ململانێی گوتاره ئایدیۆلۆجیکهکانه، ئه‌و گوتارانه‌ی ئهنستیتۆتهکان ده‌یخه‌مڵێنن و ئاراسته‌ی ده‌که‌ن.
یان نموونه‌یه‌کی تر ئه‌مجاره‌یان له ناو خۆی هه‌رێمی کوردستان بهێنمه‌وه. پێش ئیمزاکردنی رێککه‌وتنی ستراتیژیک (که به هه‌ڵه و به هۆی زاڵیی بنه‌مای وشه‌سازیی زمانی عه‌ره‌بییه‌وه له باشوور به شێوه‌ی 'ریککه‌وتنی ستراتیژی' به‌کار ده‌برێ) دالی ئایدیۆلۆجیکی ''کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان" زیاتر موڵکی یه‌کێتی بوو و یه‌کێک بوو له قسه سه‌ر زاره‌کانی به‌ڕێز مام جه‌لال و تا پیش سێ چوار ساڵ پارتی که‌متر ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی به‌کار ده‌هێنا. که‌چی ئێستا وه‌ک ده‌بینین ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه له ده‌زگا راگهیێنهره ره‌سمییه‌کانی پارتی و لایه‌نه‌کانی تریشدا دێته به‌کار هێنان و هه‌ربۆیه‌ش چیدی موڵکی یه‌ک حیزب نییه و ئیدی ئه‌و باره ئایدیۆلۆجیکهی جارانی له ده‌ست داوه. ئه‌مه هه‌ر کاریگه‌ری رێککه‌وتنی ستراتیژیکی سیاسیی دوو حیزب له سه‌ر زمانی کوردی پیشان نادات، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ش ده‌رده‌خات که وه‌ک چۆن ده‌سته‌واژه‌کان ده‌توانن ببنه دالی ئایدیۆلۆجیک، هه‌رواش ده‌توانن له ئایدیۆلۆجی دابماڵدرین. من له سیمینارێکدا له بنکه‌ی رۆشنبیریی کاوه له سێپتامبه‌ری 2003 هه‌مان ئه‌م مهسهلهیم وت که دوایی یه‌کێک له رۆژنامه‌کان له زاری منه‌وه کردبووی به سه‌ردێڕ. له به‌ر گرنگیی باسه‌که و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که پێوه‌ندی به‌م بابه‌ته‌وه هه‌یه ئه‌و سه‌ردێڕه لێره‌دا دووباره ده‌که‌مه‌وه: ''بۆ سڕینه‌وه‌ی کاریگه‌رێتیی سه‌لبیی ئایدیۆلۆژیا له سه‌ر جه‌سته‌ی شوناسی کوردی، ئه‌م جه‌سته‌یه پێویستی به داته‌کاندن و چاکسازی هه‌یه.''
با نموونه‌یه‌کی تری سه‌رنجڕاکێش له‌م داله ئایدیۆلۆجیکانه بهێنینه‌وه: گه‌ر سه‌رنجی ورد بده‌ین، تێده‌گه‌یین که ئه‌و کوردانه‌ی ئێران و به تایبه‌ت خه‌ڵکی سه‌قز و زیاتر دیوانده‌ره و سنه و کامیاران که که‌متر کوردییه‌کی پاراوی یه‌کگرتوو ده‌زانن له کاتی قسه‌کردنیاندا و ئه‌و کاته‌ی ده‌یانه‌وێ یه‌کگرتوو قسه بکه‌ن، که‌ڵک له هه‌ندێ وشه و ده‌سته‌واژه وه‌رده‌گرن که به ته‌واوه‌تی ره‌سه‌ن و کوردین به‌ڵام ئه‌مرۆکه هێنده له لایه‌ن ئه‌م جۆره که‌سانه‌وه دووباره ده‌بنه‌وه و هێنده‌ش به ئاسانی دیاره که ئاخێوه‌ره‌که ئاگاداری زمانی یه‌کگرتووی کوردی نییه، بوونه‌ته دالی ئایدیۆلۆجیک بۆ ئه‌و که‌سه‌ی به کاریان ده‌هێنێ. ئه‌م داله ئایدیۆلۆجیکانه ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن که که‌سه‌که کوردییه‌کی ره‌وان و پاراو نازانێ و خاوه‌نی پێشینه‌یه‌کی پته‌وی خوێندنه‌وه به کوردی نییه و هه‌ر بۆیه‌ش ئاگاداری زۆر باس ده‌رباره‌ی سوژه و مێژوو و فه‌رهه‌نگی کوردی نییه و به‌ڵکوو به ته‌مبه‌ڵییه‌کی سه‌یره‌وه هه‌وڵ ده‌دا کوردیی ره‌سه‌ن قسه بکات. هه‌ندێ له‌م وشانه برێتین له بوار، هه‌وار و هه‌وارگه، تێکۆشان، مه‌یدانی ئه‌ده‌ب، باس و لێکۆڵینه‌وه، کۆبوونه‌وه، سپاس، زۆر، مامۆستا نالی، وێژه، کۆڕ.
نموونه‌یه‌کی تری داله ئایدیۆلۆجیکهکانی زمانی کوردی ئه‌و وشه سنهییانهن که راسته کوردین و ره‌سه‌نن به‌ڵام چه‌ند نووسه‌ر و شاعیرێکی سنه‌یی ته‌نها و ته‌نها له‌به‌ر پێداگرییان له‌سه‌ر به ئه‌رده‌ڵانی نووسین به کاریان ده‌به‌ن (چونکه پێش چه‌ند ساڵ بزاڤێکی له‌م جۆره له سنه هه‌بوو و ئێسته‌ش که‌م تا کورت هه‌ر ماوه‌ته‌وه)؛ وه‌ک 'منیچ' له جیاتی 'منیش' یان 'پیاگگهر' که هه‌مان 'پیاوگه‌ل'-ه. ئه‌مانه هه‌موویان ده‌چنه خانه‌ی دالی ئایدیۆلۆجیکهوه به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر که‌سی نووسه‌ر سه‌ر به گوتاری ئایدیۆلۆجیکی سنهییچێتی بێ.
نموونه‌یه‌کی تری زه‌قی دالی ئایدیۆلۆجیک، بۆ وێنه، چۆنیه‌تی نووسینی ناوی 'محمد' ه له ده‌زگاکانی راگه‌یاندندا. کوردستان تیڤی و زاگرۆس و کوردسات و گه‌لی کوردستان ده‌نووسن 'محه‌مه‌د' که‌چی دوو که‌نالی سپێده و په‌یام ده‌نووسن 'موحه‌ممه‌د'. شێوه‌نووسینی 'موحه‌ممه‌د' دالێکی ئایدیۆلۆجیکه؛ ئه‌و کاناڵانه خاوه‌نی په‌یڕۆ و پرۆگرامێکی ئیسلامین و هه‌ربۆیه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ن رێنووسه کوردییه‌که به ته‌واوه‌تی و ده‌قاوده‌ق وه‌ک ده‌ربڕینی عه‌ره‌بیی ئه‌و ناوه وابێ. هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ش، هه‌ر دوو که‌ناڵی سپێده و په‌یام زۆر به پێداگرییه‌وه وشه عه‌ره‌بییه‌کانی نێو شعری کلاسیکی کوردی به هه‌مان شێوه عه‌ره‌بییه‌که‌یان ده‌نووسنه‌وه، که‌چی له‌و که‌ناڵانه‌ی تردا ئه‌و وشه عه‌ره‌بیانه به رێنووسی کوردی ده‌نووسرێنه‌وه.
نموونه‌یه‌کی تری ئه‌م داله ئایدیۆلۆجیکانه ئه‌مه‌یه: دوو وشه‌ی 'ئێستا' و 'نها' هیچ جیاوازییه‌کی مانایی و رێزمانییان پێکه‌وه نییه که‌چی دوو که‌ناڵی کوردسات و گه‌لی کوردستان به پێداگرییه‌وه هه‌ریه‌که‌و یه‌کێکیان به کار ده‌هێنێ. ئه‌م گۆمه کاتێ قووڵتر ئه‌بێته‌وه که سه‌رنج بده‌ینه ئه‌و واقیعه‌ی که که‌ناڵی که‌ی ئێن ئێن له ده‌سته‌واژه‌ی 'به‌په‌له' بۆ هه‌مان مه‌به‌ست سوود وه‌رده‌گرێ. واته له شارێکدا، واته سلێمانی، سێ که‌ناڵی ئاسمانیت هه‌یه و هه‌ر کامه‌یان له یه‌ک وشه‌ی جیاواز بۆ یه‌ک مه‌به‌ست که‌ڵک وه‌رده‌گرێ، که‌چی هه‌ر بیست و دوو ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی له هه‌موو راگه‌یاندنه‌کانیاندا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌نها له یه‌ک وشه، واته 'عاجل' که‌ڵک وه‌رده‌گرن. له زمانی ئینگلیسی‌دا هه‌ر به هه‌مان شێوه‌یه، واته سه‌رجه‌م که‌ناڵه ئینگلیسییه‌کانی سه‌رجه‌م وڵاتانی دنیا له ده‌سته‌ی واژه‌ی Breaking News بۆ نیشاندانی هه‌واڵێکی به‌په‌له سوود وه‌رده‌گرن که‌چی له کوردستاندا و له یه‌ک شاردا سێ که‌ناڵ له سێ وشه‌ی جیاواز بۆ یه‌ک مه‌به‌ست ئه‌ویش له راگهیێنهریکی گشتیدا که‌ڵک وه‌رده‌گرن. ئه‌م گه‌مه‌یه کاتێ سه‌رنجراکێشتر ئه‌نوێنێ که بزانین کوردستان تیڤی هه‌ر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له 'نوێ' سوود وه‌رده‌گرێ. به واتایه‌کی تر، سه‌رجه‌م ئه‌م که‌ناڵانه پشتیان به‌ستۆته کۆمه‌ڵێ دالی ئایدیۆلۆجیکهوه. ئه‌م دالانه، سابجیکتیڤیتیی جیاواز له شوناسی کوردی‌دا به‌رهه‌م ئه‌هێننه‌وه، واته، ئه‌م که‌ناڵانه که بانگه‌وازی یه‌کگرتوویی و خه‌باتی نیشتمانی ده‌که‌ن بۆخۆیان گرنگترین ده‌وریان هه‌یه له شپرزه‌یی و ئاڵۆزی و دابه‌شکاریی و ئایدیۆلۆجیکبوونی ناسنامه‌ی کوردی‌دا.
لێره‌دا گه‌ر بمه‌وێ نموونه‌یه‌کی جیاواز له زمانی ئایدیۆلۆجیک بهێنمه‌وه، ئه‌بێ ئاماژه بۆ ئه‌و نموونانه بکه‌م که تێیاندا دوو وشه‌ی هاومانا، به‌ڵام یه‌کێکیان خاوه‌نی بارێکی زانستی، له ته‌نیشت یه‌ک ریز ده‌کرێن. ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا له یه‌ک رۆژدا سێ دیارده‌ی هاوشێوه‌م له‌م جۆره زمانه له سێ که‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی جیاوازدا بینی: سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئێران له قسه‌کانی پێس ده‌ستپێکی دانیشتنه‌که‌ی په‌رله‌ماندا له ده‌سته واژه‌ی ''روش و متد'' که‌ڵکی وه‌رگرت. هه‌ر هه‌مان رۆژ، د. به‌رهه‌م ساڵح له لێدوانێکیدا ده‌سته‌واژه‌ی ''مێتۆد و رێباز''ی به‌کار هێنا. هه‌ر هه‌مان رۆژ له به‌رنامه‌یه‌کی سیاسیی که‌ناڵێکی تردا ده‌سته‌واژه‌ی ''مێتۆد و ره‌وش'' م بیست. گه‌ر بمانه‌وێ له‌م دیارده‌یه بکۆڵینه‌وه (مه‌به‌ستم له دیارده لێره‌دا به‌کارهێنانی هاوشێوه‌ی زمانه له لایه‌ن سێ لایه‌نی سیاسیی جیاوازه‌وه)، ئه‌وا به‌م ده‌رئه‌نجامانه‌ی خواره‌وه ده‌گه‌یین:
1. هه‌ر سێ که‌سه‌که ده‌زانن که مێتۆد و روش یان رێباز تا راده‌یه‌ک هه‌ر یه‌ک ما‌نایان هه‌یه و که‌چی به ئه‌نقه‌ست و به وریایی ته‌واوه‌وه هه‌ردوو وشه‌که که خاوه‌نی یه‌ک مانان له ته‌نیشت یه‌ک به‌کار ئه‌هێنن.
2. هه‌ر سێ لایه‌نه‌که ده‌یانه‌وێ له‌م رێگه‌یه‌وه مۆرک یان لایه‌ن یان خه‌سڵه‌تێکی زانستیانه ببه‌خشنه قسه‌کانیان به تایبه‌ت له رێگه‌ی که‌لک وه‌رگرتن له زاراوه‌ی مێتۆده‌وه.
3. له نێوان هه‌ر سێ لایه‌نه‌که له لایه‌که‌وه و زۆربه‌ری هه‌ره زۆری به‌رده‌نگه‌کانیان له لایه‌کی تره‌وه جۆرێک له مه‌ودا یان بۆشایی دروست ده‌بێ به هۆی ئه‌م جۆره به کارهێنانهی زمانه‌وه، یان وردتر بڵێم به هۆی به‌کارهێنانی وشه‌ی مێتۆده‌وه له‌پاڵ وشه‌ی روش یان رێبازدا به‌رده‌نگ له‌وه ئاگادار ده‌کرێته‌وه که هه‌م باسه‌که ره‌نگ و بۆنێکی زانستی هه‌یه و هه‌م که‌سی ئاخێوهریش ئاگاداری ئه‌و زانسته‌یه. وشه‌ی مێتۆد، جگه له‌وه‌ی که وشه‌یه‌کی لاتینییه، له باسه زانستییه‌کاندا دێته به‌کارهێنان و رێک ده‌مانخاته‌وه بیری زاراوه‌ی میتۆدۆلۆژی که زاراوه‌یه‌کی ته‌واو زانستیه.
4. بۆشایی نێوان ئه‌و که‌سانه و زۆربه‌ی به‌رده‌نگه‌کانیان به‌و هۆیه‌وه‌یه که زۆربه‌ی به‌رده‌نگه‌کانیان خێرا هه‌ست ده‌که‌ن که ئاخێوه‌ران وشه‌یه‌کی گران و زانستیانه و گرنگیان به‌کار هێناوه، ئه‌و وشه‌یه‌ی ئه‌مان قه‌ت به کاری ناهێنن و مسته‌وای خوێنهواریشیان ئه‌و مۆڵه‌ته‌یان ناداتێ ئه‌و جۆره وشانه به‌کار بهێنن. که‌واته، به‌رده‌نگه‌کان لێره‌دا هه‌ست به جیایی یان بۆشاییه‌ک ده‌که‌ن له نێوان خۆیان و ئه‌و که‌سانه‌دا.
5. راست به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌م بۆشاییه نه‌ک هه‌ر نابیته هۆی لێک دوورکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌م دوو لایه‌نه به‌ڵکوو ده‌شبێته هۆی پێکه‌وه به‌ستنه‌وه‌یان. ئه‌م بۆشاییه وا له به‌رده‌نگ ده‌کا ببێته سوژه‌ی ئاخێوه‌ره‌که و، ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ی لا گه‌ڵاڵه ده‌بێ که هه‌ر ئه‌وانن باشترین که‌س بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کانی وڵات. ئه‌م بۆشاییه به‌رده‌وام له نێوان ئاخێوه‌ره‌که و بهردهنگهکهدا دروست ده‌کرێ و به‌رده‌وام ئاماده‌یه و هه‌ر ئه‌مه‌شه نابێته هۆی لێکپچڕانیان. به واتایه‌کی تر، ئه‌م بۆشاییه تا راده‌یه‌کی زۆر له هه‌مان بۆشایی ده‌چێ که لاکلائۆ پێی وایه دال دروستی ده‌کات و ده‌بێته هۆی به‌رده‌وامبوون و مانه‌وه‌ی گوتاره ئایدیۆلۆجیکهکان. سازبوونی ئه‌م بۆشاییه ده‌رئه‌نجامی کارابوونی ئایدیۆلۆجییه و سوژه‌کان جارێکی تر ده‌کاته‌وه به سوژه‌ی خۆی.
ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ته‌نها چه‌ند نموونه‌یه‌کی ساده‌ن له‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی زمان و ئایدیۆلۆجی ده‌گه‌ینه یه‌ک. به‌ڵام گه‌ر بمانه‌وێ زیاتر له سه‌ر چۆنیه‌تی و مێکانیزمی ئه‌م به یه‌ک گه‌یشتنه قسه بکه‌ین، ئه‌وا باسه‌کانمان دیسانه‌وه تیۆریک ده‌بنه‌وه و جێگه‌یان ئێره نییه. به‌ڵام ته‌نها ئه‌وه بڵێم که له ناسنامه‌ی هه‌ر سوژه‌یه‌کی کوردی‌دا جۆرێک له دیالێکتیکی ناوه‌کی هه‌یه له نێوان سابجێکتیڤیتییه ئایدیۆلۆجیکهکاندا و ئه‌م دیالێتیکانهش زۆربه‌ی کاته‌کان داله ئایدیۆلۆجیکهکان و زمانی ئایدیۆلۆجیک سازی ده‌که‌ن. مه‌رج نییه ئه‌م دیالێکتیکانه به‌رده‌وام بگه‌ینه ئه‌نجام، به‌ڵکوو، به پێچه‌وانه‌وه، له زۆربه‌ی کاته‌کاندا، ئه‌م دیالێکتیکانه له‌بری بنیاتنهربوون و گه‌یشتن به سه‌نتێز رووخێنه‌رن، واته له‌بری ئه‌وه‌ی سابجێکتیڤیتییهکی تازه له ناسنامه‌ی سووژه‌دا دروست بێ و به هۆشیه‌وه سوژه له قه‌یرانی شوناس ده‌رباز بێت، سوژه نازانێ و ناتوانێ یه‌کێک له سابجێکتیڤیتییه پێکهێنه‌ره‌کانی ناسنامه‌ی خۆی بکاته لایه‌نی زاڵی ناسنامه‌ی خۆی. ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامدا سووژه‌ی کوردی له باری ده‌روونناسانه‌وه تووشی ئه‌و شته ده‌کات که ئه‌مڕۆکه زۆرجار ده‌یبیستین: قه‌یرانی شوناس.
9. قه‌یرانی شوناس چ پێوه‌ندییه‌کی به پێوه‌ندی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجییه‌وه هه‌یه؟
گه‌رچی ئه‌م زاراوه‌یه ئیمرۆژه له لایه‌ن زۆر که‌سه‌وه و به تایبه‌ت له راگهیینهرهکاندا به‌کار ده‌برێ، به‌ڵام بۆ من قه‌یرانی ناسنامه هیچ نییه جگه له ململانێ و دیالێکتیکی هه‌رده‌م ئاماده‌ی نێوان ئایدیۆلۆجییه جیاوازه‌کان زمانی سوژه‌دا. روونتر بڵێم، ناسنامه ده‌کرێ به دوو شێوه‌ی ته‌واو جیاواز سه‌یر بکرێ. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری میدیاکان و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی شاره‌زا و پسپۆڕیش و به تایبه‌ت کوردناس و رۆژهه‌ڵاتناسه رۆژئاواییه‌کان شوناس به 'خودێتی' داده‌نێن که‌چی له روانگه‌ی منه‌وه شوناس وه‌ک 'هاوشێوه‌یی' سه‌یر ده‌کرێ. ئه‌مه‌ش ئه‌و جیاوازییه‌یه که باشتر له هه‌ر که‌سێک پۆل ریکۆر باسی لێوه کردووه. ریکۆر ده‌ڵێ واژه‌ی 'ئایدێنتیتی' له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگری دوو واتای جیایه: selfhood and samenessباسکردنی جیاوازیی نێوان ئه‌م دوو بۆچوونه گه‌له‌ک سه‌خته به‌ڵام به نموونه‌یه‌کی ساکار کێشه‌که چاره‌سه‌ر ده‌بێ:
ئێمه ده‌توانین به دوو شێوه‌ی جیاواز رووبه‌ڕووی رسته‌ی 'من کوردم' ببینه‌وه:
یه‌که‌م، 'من' واته 'کورد'، یان باشتر بڵێم: من=کورد. که‌واته، بۆ ناسینی 'من' پێویسته سه‌ره‌تا بزانین کوردان کێن، له کوێ ده‌ژین، سه‌ر به کام ئایین و ره‌چه‌ڵه‌کن، فۆلکلۆر و مێژو و ئه‌ده‌ب و زمانه‌که‌یان کامه‌یه، پاشان ده‌توانین بزانین 'من' کێیه. ئه‌مه ئه‌و بۆچوونه باو و زاڵه‌ی نێو نووسینه‌کانه، ته‌نانه‌ت به‌رهه‌می هه‌ندێ پرۆفێسۆر و مامۆستای زانکۆ و ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌کی زۆر له ئاکادێمیسیه‌نه رۆژئاواییه‌کانیش که له‌سه‌ر مێژوو و ئه‌ده‌ب و سیاسه‌تی کوردان کار ده‌که‌ن. من ئه‌م بۆچوونه به ساده و رووکه‌شیانه ده‌زانم چونکه ئه‌وان پێش ئه‌نجامدانی لێکۆڵینه‌وه زاراوه‌ی 'ئایدێنتیتی'یان پێشوه‌خت بۆخۆیان پێناسه کردووه و به‌م پێشزهمینهیهوه که ده‌زانن 'ئایدێنتیتی' چییه خه‌ریکی کاری رۆژههڵاتناسین. ئه‌وان ته‌نها لایه‌نی selfhood ی ئایدێنتیتی-یان به لاوه مه‌به‌ست و گرنگه.
رێگه‌ی دووه‌م بۆ تێگه‌یشتن له‌و رسته‌یه ئه‌وه‌یه که له جیاتی ئه‌وه‌ی بۆ تێگه‌یشتن له 'من' له زاراوه‌ی ئاشنای 'کورد' که‌ڵک وه‌ربگرین، سه‌ره‌تا بزانین ئه‌م 'من'ه له‌گه‌ڵ چیدا ئهمئهوه. به واتایه‌کی تر، بۆ پێناسه و تێگه‌یشتن و لێکۆڵینه‌وه‌ی 'من' پێویسته سه‌ره‌تا بزانین ئه‌و سابجێکتیڤیتییانه کامانه‌ن که ئه‌و 'من'هیان پێکهێناوه. واته، به مه‌به‌ستی تێگه‌یشتن له ناسنامه‌ی 'من'، ئیدی جێرا ناجینهوه سه‌ر پێناسه‌یه‌کی ساده و ئاماده که هه‌مان کوردبوونیهتی. لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌وه تێبگه‌ین که 'من'، واته شوناسی 'من' له‌گه‌ڵ چیدا ئهمئهوه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بیر ده‌خاته‌وه که له نه‌ریتی ئیدیالیزمی ئاڵمانیدا ئایدێنتیتی پێش ئه‌وه‌ی به مانای 'ناسنامه' به کار ببرێ به مانای 'ئه‌مئه‌وێتی' دێته نووسین. واته، هه‌ر وه‌ک چۆن له هێگێل-دا بۆ پێناسه‌ی ئاغا پێویستمان به کۆیله‌یه و تا کۆیله‌یه‌ک نه‌بێ ئاغا و ئهربابێکیش له ئارادا نییه، یان وه‌ک چۆن بۆ پێناسه‌ی خودی مرۆیی پێویسته سه‌ره‌تا له‌و سروشته تێبگه‌ین که ئه‌و خوده‌ی پێکهێناوه، لێره‌شدا بۆ تێگه‌یشتن له ناسنامه‌ی 'من' پێویسته سه‌ره‌تا ئه‌و سوبژێکتیڤیتانه ده‌ستنیشان بکه‌ین که شوناسی ئه‌و 'من' هیان پێکهێناوه.
به سه‌رنجدان به‌و خاڵه‌ی که زۆربه‌ی سوبژێکتیڤیتییهکان ئایدیۆلۆجیکن و له زمانی سوژه‌دا به‌رهه‌م ده‌هێنرێنه‌وه، ده‌توانین له رێگه‌ی لێکۆڵینه‌وه له زمانه‌وه شوناسی ئه‌و سوژه‌یه شی بکه‌ینه‌وه. دیاره سه‌رجه‌م ئه‌م سوبژێکتیڤیتیانه له زمانی سوژه‌دا دهنوێندرێنهوه و لێره‌دایه که سه‌رنجدان به زمان ده‌بێته یه‌که‌م و گرنگترین کاری ئێمه له شیکردنه‌وه و ناسینی ناسنامه و که‌واته قه‌یرانی ناسنامه‌شدا. هه‌ڵبه‌ت وه‌کو دوا خاڵ له‌م باسه‌دا ئه‌وه‌ش بڵێم که لێره‌دا مه‌به‌ست له 'من' ته‌نها سوژه‌یه و ئیدی مه‌به‌ست هه‌ندێ زاراوه‌ی هاوشێوه‌ی تر نییه وه‌ک ئیگۆ، من، زه‌ین، و خود.
له نێوان سابجێکتیڤیتییه پێکهێنه‌ره‌کانی شوناسی سوژه‌دا به‌رده‌وام پێوه‌ندییه‌کی دیالێکتیکی له ئارادایه. ئه‌م پێوه‌ندییه ده‌کرێ به دوو جۆری دیالێکتیکی نێوان-زه‌ینیی بنیاتنه‌ر و دیالێکتیکی نێوان-زه‌ینی رووخێنه‌ر دیاری بکه‌ین. له حاڵه‌تی یه‌که‌مدا سابجێکتیڤیتییهکی تازه دروست ده‌بێ یان یه‌کێک له سابجێکتیڤیتییهکان ده‌بێته لایه‌نی زاڵی ئه‌و شوناسه. له حاڵه‌تی دووه‌مدا سوژه له نێوان ئه‌م سابجیکتیڤیتیانهدا سه‌رگردانه و پێوه‌ندییه دیالێکتیکییه نێوان-زه‌ینییه‌کانی شوناسی ئه‌و سوژه‌یه ناتوانن بگه‌نه ده‌رئه‌نجامێک که به‌و پێیه بیچم بده‌نه جیهانبینیی و روانینه‌کانی سوژه. له‌م حاڵه‌ته‌دایه که قه‌یرانی شوناس سه‌رده‌گرێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش بڵێین که هه‌ر ئه‌م زاراوه‌یه ئه‌مرۆژه بۆته خاوه‌نی واتایه‌کی ته‌واو سیاسی؛ واته، هه‌ر لایه‌نی سیاسییه‌و له هه‌وڵی زاڵکردنی سابجێکتیڤیتیی دڵخوازی خۆیه‌تی له ناو ناسنامه‌ی سوژهکاندا. ئه‌م زاراوه‌یه له کۆمه‌ڵناسیشدا به لێشاو به‌کار ده‌برێ، به‌ڵام من به مێتۆدێکی ده‌روونشیکارانه‌وه له‌م دیارده‌یه ده‌کۆڵمه‌وه و یه‌کسه‌ر ده‌یبه‌ستمه‌وه به پێوه‌ندییه دیالێکتیکه‌کانی نێو زمان و سابجێکتیڤیتییهوه. خاڵی هه‌ره گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه که سه‌رجه‌م ئه‌م کارانه له مه‌یدانی زماندا سه‌رده‌گرێ. واته، قه‌یرانی شوناس هه‌م له رێگه و به هۆی زمانی سابجێکتیڤیتییه جیاجیاکانه‌وه دێته ئاراوه و هه‌م له ناو زماندا ره‌نگ ده‌داته‌وه.
شوناسی سوژه به‌رده‌وام له گۆڕاندایه و له‌وانه‌یه له یه‌کێک له وێستگه‌کانی ئه‌م گۆڕانکارییانه‌دا سووژه رووبه‌ڕوی قه‌یرانی شوناس ببێته‌وه. شوناسی سوژه هیج کاتێک رواڵه‌تێکی کامڵ و داخراو ناگرێته خۆی و به‌رده‌وام به هۆی دیالێکتیکه هه‌میشه ئاماده‌کانی نێوان سابجێکتیڤیتییهکانهوه ده‌گۆڕدرێ. سه‌رجه‌می ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش هه‌م له زماندا روو ده‌دات و هه‌م له شیکردنه‌وه‌یدا ده‌بێ سه‌رنج بده‌ینه نواندنه‌وه‌ی ئه‌و دیالیکتیکانه له زمانی سوژه‌دا. له شیکاریی قه‌یرانی ناسنامه‌ی سوژه‌دا من سه‌رنج ده‌ده‌مه کاریگه‌ریی لێپیچینه‌وه ئایدیۆلۆجیکی ده‌ره‌وه‌ی کیانی سوژه له سه‌ر نامۆیی زمانناسانه‌ی سوژه. لێره‌دا ده‌توانین باس له لێپێچینه‌وه ناوه‌کییه‌کانی سوژه بکه‌ین و به په‌یڕه‌وی له میتۆدی باتلێرهوه ده‌توانین به شێوه‌یه‌ک باس له لێپیچینه‌وه‌ی هێگێلی (Hegelian Interpellation) بکه‌ین. واته، له بۆچوونی مندا لێکۆڵینه‌وه له ده‌رئه‌نجامه‌کانی لێپێچینه‌وه ئایدیۆلۆجیکه ناوخۆییه‌کانی سوژه و چۆنیه‌تی ده‌رکه‌وتنیان له زماندا هه‌مان شیکردنه‌وه‌ی قه‌یرانی ناسنامه‌ی سوژه‌یه.
- زۆر سپاس بۆ به‌شداریتان
- منیش سپاسی گۆڤاری زرێبار ده‌که‌م بۆ سازدانی ئه‌م وتووێژه.
گۆواری زرێبار، ژماره‌ی 75/76 پاییزی 2012
[1] دوو به‌شی ئه‌م وت و وێژه سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی زمانی کوردی و ناخودئاگاه به هۆی که‌مبوونی لاپه‌ڕه دانه‌نراوه.