Wednesday, January 21, 2015

هاوپرسەکی لەگەڵ ئەنوەر سوڵتانی مێژووناس و نووسەر لە سەر هێندێک لایەنی ئەزموونی کۆماری کوردستان


هاوپرسەکی لەگەڵ ئەنوەر سوڵتانی مێژووناس و نووسەر لە سەر هێندێک لایەنی ئەزموونی کۆماری کوردستان

بینەرانی بەڕێز: بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ.لە ڕاوێژی ئەمجارە دا باسی ٢-ی ڕێبەندان دەکەین .
وەک دەزانین ڕۆژی پێنجشەمە دووی ڕێبەندانی ١٣٩٣ ی هەتاوی  ٦٩ ساڵ لە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد ڕادەبرێ. وەکوو ئێوە ئاگادارن ئەم ئەزموونە ئەزموونێکی بەنرخی  مێژووی سیاسی کوردستانە.بۆ تاو توێ کردنی هێندێک لایەنی ئەو ئەزموونە لە تاریخی کوردی دا  لە گەڵ مامۆستا ئەنوەر سوڵتانی مێژووناس و نووسەر حەول دەدەین لە ڕوانگەیەکی تازەترەوە باسی تەجروبەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بکەین.
 مامۆستا  زۆر زۆر بە خێر بێیت.

سوڵتانی : گەلێک سپاس
قازی: بەر لە هەموو شتێک  بەر لەوەی ئەمن دەست بکەم بە پرسیارەکانم پێم خۆش بوو بە گشتی  نرخ، تەئسیر و  بەلایەکی دیکەوە  کاردانەوەی پێک هاتنی کۆماری کوردستان لە مێژووی ئێستا دا  ئەگەر بە کورتی بێ چۆنی دەتوانی گەڵاڵە بکەی؟
 سوڵتانی: من پێش هەمووشتێک پیرۆزبایی ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان دەکەم لە هەموو گەلەکەمان. لام وایە دەستکەوتێکی گەورەی مێژوویی بوو و هەر بەوەندەش کۆتایی نەهات چونکە لە درێژەی خۆیدا ، لە گەڕانەوە دا بارزانییەکان بۆ ئەو دیو پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان دامەزرا، بە شوێن پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان دا حیزبەکانی دیکەی باشوور  دامەزراون.لە بەشەکانی  دیکەی کوردستانیش هەر وەها بە هەمان شێوە  حیزب دامەزراوە، بە هەمان نێو دامەزراوە و لام وایە ئەزموونێک کە ئەلئانەکە هەیە  لە کوردستان، لە باشووری کوردستان  و بەختەوەرانە گەلەکەمان لە باشوور تا ڕادەیەک لە ژێرچەپۆکەی داگیرکەر ڕزگاری بووە  ئەویش درێژەی هەمان ئەزموونی کۆمارە  و دەرس وەرگرتن بووە لەو. جا بۆیە من هیچ گومانم لەوە دا نییە  کۆمار سەرەڕای تەمەنی کورتی کە هەیبوو شوێندانەری و کارتێکەری گەلێک زۆر و درێژخایەنی بووە  لە سەر مێژووی کورد و تا ئەمڕۆش  هەر بەردەوامە ئەو کارتێکەرییە  و نیشانەیەکیشی ئەوەیە کە دوژمن لە نێوەکەشی دەترسێ. یانی ئەلئانەکە لە نێوخۆی ئێراندا  ئەگەر بتەوێ کتێبێک شتێک چاپ بکەی  ئەگەر نێوی کۆماری کوردستان بێنی حەتمەن  سانسۆر دەکرێت. جا بۆیە دەیانەوێ چکۆڵەی بکەنەوە ، دەیانەوێ تەحقیری بکەن و ئەوە نیشانەی گەورەییەتی کە دوژمن وای ڕوانییە شتەکە دیارە پێچەوانەیە!

قازی: باشە ، مەسەلەیەکی کە هەیە  ئێمە دەزانین هەم  لە زمانی کوردی، بڵێین کوردیی سۆرانی و  هەم بە فارسی و هەم بە ئینگلیسی  نووسراوە هەیە و لەو ساڵانەی دواییدا بە تایبەتی دوای پەیدا بوونی تێلێڤیزیۆنی مانگیلە  وەکوو تڕادیسیۆنێک کە لە زەمانی مەد تیڤی یەوە دەستی پێکرد ، تێلێڤیزیۆنە کوردییە کان لە دەرەوەی ووڵات هەموو ساڵێ  بووەتە نەریتێک سێمینار دەکرێ ، شت دەکرێ و لە ڕێگای تێلێڤیزیۆنەوە ئەوانە بڵاو دەکرێنەوە. مەبەستم لەو کورتە زانیارییە ئەوە بوو کە بڵێم سەبارەت بە کۆمار  هێندێک لە فاکتەکان و شتەکان گوتراوە، باس کراوە، بەڵام ئەگەر تەماشای ئەو سەرچاوانەی کە گوتم بە  زمانی جۆر بە جۆر بڵاو کراونەتەوە، ئەگەر سەرچاوە ئینگلیسییەکانیش لە بەرچاو بگرین زۆرجار دەبینین زانیارییەکە یەک لە یەکی وەرگرتووە و ئاوا دووپاتە بووەتەوە و لە بەر نەبوونی داو و دەزگایەک کە لە ڕوانگەی کوردییەوە بابەتەکە ببینێ ، یانی کورد لە تاریخی خۆی بکۆڵێتەوە زۆر جار  هەیە کە هالەیەکی تەقەدوس و پیرۆزی بە دەوری ئەو ئەزموونە دا کێشراوە وەک زۆر ئەزموونی مێژوویی دیکە . دیارە ئەوە تایبەتمەندییەکی بزووتنەوەی کوردی نییە،  یانی باسی ئەوە دەکرێ کە هەموو بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی زیاتر لە هەموو شتێکی دیکە  حەوجێی بە تاریخە.  و تاریخ دروست دەکا. بە بۆچوونی ئێوە ئەگەر لە ڕوانگەیەکی ئۆبجێکتیڤەوە تەماشای کەمایەسییەکانی  ئەزموونی کۆماری کوردستان بکرێ  ئایا ئەوە دەتوانێ خزمەت بکا بە پێشخستنی خەبات  لە هەلومەرجی  ئێستا دا یا ئەوەی کە ئەوە دەتوانێ سەدەمەیەک بەو خەباتە بگەیێنێ؟
 سوڵتانی:  نا! پێم وایە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی عەینی زیانێک لە هیچ دیاردەیەک نا دا  ئەگەر دیاردەکە دیاردەیەکی ڕاستەقینە بێت و  هەستاوبێت لە خواستی گەل جا بۆیە هیچ نیشانەیەک من نابینم بۆ  ئەوەی کە ئێمە تەئییدی ئەوە بکەین بڵێین بۆچی  وابوو باسی ڕاستەقینەکان نەکەین؟  بۆچی لە لایەنە لاوازەکانی نەکۆڵینەوە  زەعفەکانی نەڵێین. من هیچ کام لەوانە  بە دروست نازانم. پێم وایە ئەوەندەی کە  لێی بکۆڵدرێتەوە ئەو هالەی تەقەدوسەی کە باست کرد  زیاتر دەبێ لە دەوری کۆمار چونکوو  بار و دۆخێک کە کۆماری تێدا دروست بوو  بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان ئامادەیی نەبوو بۆ دروست بوونی و ئەگەر دروست بوو هیممەتی ڕێبەرانی  و خواستی گەل بوو کە دروست بوو  پێچەوانەی ئەوەی کە دەگوترێت لە مەر ئازەربایجان دا کە ئەوە دیاردەیەکی واریداتی بوو  سیاسەتی لاوەکی هێنایە نێو ئازەربایجانەوە ، من لام وایە بۆ کوردستان  ئەو شتە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە چونکوو نە سیاسەتی سۆڤیەتی ئەوەی دەویست ، بۆ ئەوانە قسەشم هەیە فاکتم هەیە  ، و نە حکوومەتی میللی ئازەربایجان ئەوەی دەویست، نە حکوومەتی ناوەندیی ئێران و  نە پشتیوانەکانی حکوومەتی ناوەندی و نە تەنانەت لە نێوخۆی ووڵاتەکەی خۆیدا کورد، نە هێندێک لە عەشیرەتەکان ئەوەیان دەویست.کە وابوو ئەو شتەی کە لەوێ دروست بوو  شتێک بوو من ناڵێم لە حەدی موعجیزە بەڵام کارێکی گەورە بوو. جا بۆیە ڕێبەرەکانی ئەو هالەی تەقەدوسەی ئەتۆ باسی دەکەی کە لە دەوری سەریان بێ جێی خۆیەتی . چۆنیان توانی لە بارودۆخێک دا کە  هیچ کەسێک ڕازی نییە بە دامەزرانی حکوومەتەکەی تۆ ، تۆ بتوانی حکوومەتێکی میللی پێک بهێنی؟
قازی: بەڵێ مەبەستی من لەو قسەیە، من دەمەوێ ئەوە بڵێم کە لە بەر ئەوەی کورد بە سەر چارەنووسی خۆیدا زاڵ نییە بەتایبەتی ئەگەر باسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین لە بەر ئەو هێرش و هجوومانەی کە لە سەر دەستکەوتەکانی خەباتی گەلی کورد لە ڕابردوو ڕا هەبووە  چ لە زەمانی حکوومەتی پادشایەتی لە ئێران و چ لە  ساڵی ١٩٧٩ش بەملایەوە  مێژووی کوردان دەکرێ بە شێوەیەک لە شێوان نکووڵی لێ بکرێ  یان چەواشە بکرێ. ئەوانە هەموو هەیە . مەبەستی من ئەوەیە بەڵام لە بەرانبەر ئەوەشدا  ئەگەر کورد بۆخۆی لە و ڕوانگەیەی ڕا کە پارێزگاری لە هووییەت و هەبوونی خۆی دەکا بەڵام ڕابردووش ئەو جۆری کە بووە بییەوێ باس بکا گەلۆ ئەوە سەدەمەیەک لە مێژووەکەمان دەدا یان نا ؟ مەبەستی من ئەوە بوو.
سوڵتانی: نا، بە بۆچوونی من هیج لەتمەیەک بە هیچ شتێک ناگەیێنێ، یارمەتیش دەدا. ئێمە ئەوە کەمایەسییەکی گەورە یە کە هەمانە  ئەو چەشنە لێکۆڵینەوانەمان نییە ، ئەو چەشنە دامودەستگایەمان نییە . بە داخەوە ئەگەریش هەیە هێندێک جار – یانی دەبێ لە باشوور هەبێ خۆ لە شوێنێکی دیکە ئیمکانی نییە -  لەویش لە ژێر سیاسەتی حیزبەکان دایە کە ئەویش زیانی پێ دەگەیێنێ. حیزبەکان حیزبی دەستەڵاتدارن وەکوو حکوومەتێکن ، پێوەندییان هەیە لەگەڵ لاوەکییەکان، لەگەڵ حکوومەتەکانی دەرەوە،  لە گەڵ دراوسێکان ، لە ئەنجام دا ئەوانیش بەرژەوەندی خۆیان هەیە ..
قازی:  باشە ئێستا باسی ئەوەت کرد دە ڕاستی دا ئەمن زەمینە ئامادە دەکەم بۆ هێنانە گۆڕی پرسیارێکی دیکە. بەڵام هەر ئەوەی کە باسی باشوورتان کرد، بۆ وێنە یەکێک لەو شتانەی  کە زۆر زەق و بەرچاوە باسی ئاڵایە. ئەو ئاڵایەی کە ئێستا لە باشووری کوردستان بە کار دەهێندرێ  هێندێک سەرچاوە، هێندێک لایەن دەیانەوێ بڵێن کە ئەوە عەینی ئەو ئاڵایەیە  کە لە زەمانی کۆماری کوردستان دا هەبووە  تەنانەت ئەگەر لە بیرت بێ هاتن لە مەڕاسمێک دا ئاڵایەکیان سەرەونخوون نیشان دا و خانمێکیان هێنا و خانمەکە گوتی ئەو ئاڵایە  من بە دەستی خۆم دروومە و ئەوانە. یانی ئەوە بۆ؟ بۆ چەواشەکاری ئاوا؟ چونکە هەموو کەس دەزانێ ئەو ئاڵایەی کە ئێستا لەوێ بەکار دەبردرێ  و دیارە ئاڵای کوردستانە و خەڵکیش قەبووڵیان کردووە  زۆر لایەن و پارتیی سیاسی ، بەڵام  ئەوە عەینی هەمان ئاڵا نییە کە لە ڕۆژی  ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ی هەتاوی / یان ١٧ی دیسامبری ١٩٤٥ لە  مەهاباد و بە دووی ئەودا لە بۆکان  و لە شنۆ و لە نەغەدە و لە  دێهات و لە بالانش و لە جێگای دیکە هەڵ کراوە. ئەو چەواشەکارییە بۆ ؟

سوڵتانی: من هۆکارێک نابینم بۆ ئەوە غەیری هێندێک بەرژەوەندی. چووزانم دەکرێ حیزبێک کەسایەتییەک ئەو شتانە بکا بۆ نەوعێک تەبلیغات بۆ خۆی، بۆ حیزبەکەی بۆ کەسێکی دیکە. چەواشەکاری لە مێژوو دا وا هاسان ناچێتە سەر . هەر شتێک بێت دوایی کەسانێک هەن، ئەلئان  ئێمە لە سەردەمێک دا دەژین وەکوو ڕابردوو نییە. نزیک بە ٣٠ تێلێڤیزیۆنی کوردی هەیە، غەیری کوردییەکان هەن هاتوچۆی کوردستان دەکەن شت دەبینن باس دەکەن، کتێب دەنووسرێ، ڕۆزنامە هەیە.لە شەراییتی ئاوا دا تۆ ناتوانی  شتی ئاوا نابەجێ بسەلمێنی. دەکرێت بۆ ماوەیەک یان  دەکرێت بۆ تاقمێک، دەکرێت خەڵکێکی پێ چەواشە بکەی بەڵام  هەموو کەس چەواشە ناکرێ. هیوادارم  ئەو شتانە ئیدی نەمێنێ لە کوردستان.ئێمەش ئەوە زۆر گەورە نەکەینەوە ، چونکوو کارێکی هەڵە بوو، شتەکە  ئاشکرا بوو وا نییە، لە ئەنجام دا  ئەگەر دووپات نەبێتەوە و لێ بگەڕێن شتەکە هەر وەکوو هەیە دەرکەوێ  ئەوە لە بەرژەوەندی کوردیش دایە، لە بەرژەوەندی حیزبەکانیش دایە  پێویستیش بە درۆکاری نییە لە مێژووی  کورد دا زۆرێک لەو کارانە کراوە هەر قەزییەی ئاڵاکە نییە. هەزار شتی وایان دروست کردووە نازانم پێستێکمان لە فڵانە جێگا  دییەوە یانی ئەو درۆیانە کورد بە هیچ کوێیەک ناگەیێنێ ، نادر شای ئەفشار کوردە و یانی زۆر. وەختەکە ئەوە نییە و بابەتەکەش ئەوە نییە دەنا ئەو نەوعە چەواشەکاریانە باس بکەین گەلکێک زۆرن. هیوادارم نەمێنێ بە تێگەیشتوویی و بە حیسابی ئەوەی کە ئەلئانەکە پێوەندییەکی گەلێک گەورە و بەربڵاو هەیە لە نێو خەڵک دا لە ڕێگای ئەو ساتێڵایت و لە ڕێگای بڵێین مێدیای گشتی یەوە . ئەو شتانە ئیدی دووپات نەبێتەوە، مێژووی کورد خۆی ڕووناکی زۆری هەیە، دەتوانی ئەو ڕووناکییانە دەربخەی پێویست ناکا بۆی دروست کەی.
قازی: زۆر باشە، مامۆستا ئەمن لێرە دا مەبەستم بوو ئێمە باسی دوولایەنی ئەو ئەزموونە درەوشاوەی خەباتی گەلی کورد بکەین، یەکێکیان لایەنێکە کە بۆ نەسلی ئێستاش هەمیشە پرسیارە و بەشێک لەو کتێبانەش کە لە سەر ئەو ئەزموونە نووسراون و لێرە دا دەیانبینین بۆ ئەو مەسەلەیە چوون لە ڕوانگەی جۆر بە جۆرەوە، ئەویش هەڵوەشان و شکان و دەستنەکردنەوەی کۆمارە کە دیارە ئەوە لە ڕوانگەی جۆر بە جۆرەوە باس کراوە. جا ئەمن حەولم داوە دوو ڕوانگە لێرە دا کورت کەمەوە کە یەکێکیان دەتوانین بڵێین ڕوانگەی کوردییە، یانی لە ڕوانگەیەکی کوردی ڕا مەسەلەکە تا و توێ کراوە، یەکێکیشیان ڕوانگەی کەسێکی وەکوو ژەنەڕاڵ ئەڕفەع ە  کە دەزانین ژەنەڕاڵ ئەرفەع نەک لە زەمانی کۆماری کوردستان دا بەڵام پێشتر یانی لە نێوان ساڵی ١٩٤١ تا ١٩٤٦ ڕەئیسی ستادی ئەڕتەشی ئێران بوو و زەمانی خۆی زۆر شەڕی کوردی کردووە – ئەوە بە جێگای خۆی - ، بەڵام  وەکوو کەسێکی کە لایەنی ئێنتێلێکتوێلی هەبووە کتێبێکی لە سەر کورد نووسیوە کە لە ساڵی ١٩٦٦ ئەو کتێبە  لە ئینگلیستان بە ئینگلیسی بڵاو بووەتەوە و دوایە کراوەتە کوردی، ئەویش بۆچوونێکی هەیە، جا ئەمن هەر دوو بۆچوونەکان باس دەکەم، پێم خۆشە بە جیاواز لە سەر بۆچوونەکان کە گوتراون لێرە دا جەنابت نەزەری خۆت بڵێی. یەکێک لەو کەسانەی کە لەو مەسەلەیەی کۆڵیوەتەوە شەهید دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملووە کە لە یەکێک لە نووسراوەکانی دا دەڵێ : "(یەکێک لە هۆ سەرەکییەکانی ڕووخانی کۆمار) ڕێبەرایەتی بوو. لە ماوەی ١١ مانگ هەبوونی کۆمار دا مومکین نەبوو کە کادری توانا و فیداکاری سیاسی و نیزامی پێ بگەیێندرێن. و ئەو لاوازییە لە هەموو بوارێک دا خۆی نیشان دا. دیارە هۆکاری دەرەکیش دەورێکی گرینگیان هەبوو. حکوومەتی تاران کە بڕیاری دابوو جووڵانەوە پێشکەوتووەکانی ئازەربایجان و کوردستان سەرکوت بکا کەلکی لە پشتیوانی ئانگڵۆ ساکسۆن بە تایبەتی ئەمێریکا وەرگرت. لەوەش دەرچێ حکوومەتی ئێران بە دژوارییەکی کەم توانی سیاسەتی سۆڤێتی نیوترالیزە (بێ لایەن) بکا. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، بە لە بەرچاو گرتنی لە شکانهاتوویی سیاسی و نیزامی حکوومەتی تاران و جەماوەرێتی (خۆشەویستی) کۆماری کوردستان، دەیتوانی خۆ ڕاگرییەکی کاریگەر بکا، هەر وەک ئەزموونی بارزانییەکان نیشانی دا و ڕەنگە توانیبای سەرکەوێ."
بە کورتی ئەوە بۆچوونی نەمر قاسملووە. ئەڕفەع یش لەو بارەیەوە دەڵێ:
" هۆی ڕووخانی خێرای کۆمار هەر نەمانی یارمەتی دەرەکی نەبوو ، لە بەر ئەو ڕاستییە بوو کە هیچ یەکایەتییەک لە نێوان کوردەکانی ئێران دا نەبوو بۆ شان وەبەردانی شەڕێکی سەخت، تەحەمولی ناخۆشی و فیداکاری لە پێناو سەربەخۆییەکی دڕدۆنگ لە ژێر سوڵتەی کۆمۆنیزمی سۆڤێتی و ئازەری دا. و هەر وەها لە نێو سەرۆک عەشیرەتە کوردەکانیش دا هیچ هاوکاری و مەبەستێکی یەکگرتوو لە گۆڕێ دا نەبوو. شکاک و سمکۆ لە ساڵانی ١٩١٩ تا ١٩٢٢ زۆر باش شەڕیان دەکرد چونکە ئەو دەمی تاقە سەرۆکێکیان هەبوو و تاڵان و بڕۆی دراوسێ ئازەرییەکانیش هاندەرێک بوو بۆیان. لە ساڵی ١٩٤٦ دا هیچ دەرەتانی ئەو جۆرە تاڵانە نەبوو، چونکە ئازەرییەکان، بە نابەدڵیش بێ، هاوپەیمانێک بوون و کوردەکانی  [ئەستانی کوردستانیش] هاوپەیمانێکی توانایەکییان بوون. تەنیا بەدیل کووژران یان بریندار بوون لە پێناو ئیدەیەکی نادیار دا بوو لە بەر ڕووسەکان کە کوردەکان قەت لایان لێ نەدەکردنەوە و ئازەربایجانییەکانیشیان خۆش نەدەویست لە چاو ئێرانییەکان لە تاران و لە جێی دی. کوردەکان ئێرانییەکانیان بە ڕەگەزێکی زۆر نزیک لە خۆیان دەزانی و هەستی دوژمنایەتییان لە ئاست ئەوان تێدا بەدی نەدەکرا لە چاو چەند ڕەگەزی دی کە جیرانیان بوون. دوای ئەزموونی سەرسوان لە کۆنتڕۆڵی حکوومەتی مەرکەزی لە زەمانی ڕەزا شا دا، ئەوان ئیدی دەیانتوانی لە پێشکەوتنی گشتی ووڵات دا بەشدارییان هەبێ و سەرهەڵدانی ئەو جارەیان کەم  تا زۆر بە سەر دا سەپا بوو ! " یانی ئەوەی کە لە بەرانبەر حکوومەتی ناوەندی دا ڕاوەستابوون شتێک بوو لە دەرەوە ڕا تەحمیل کرا بوو!
دیارە بۆچوونی دیش هەیە سەبارەت بە شکانی کۆمار بەڵام ئەگەر لایەنی کوردی و لایەنی غەیری کوردی هەر دووک لای لە بەرچاو بگرین دەکرێ لەو دوو بۆچوونە دا کۆ بکرێتەوە. جەنابت ئەو لێکدانەوانە چۆن دەنرخێنی؟


سوڵتانی: ئەمن پێم وایە لە هەر دوو قسەکان دا، ئەگەرچی دوو لایەنی دژ بەیەک و ڕووبەڕوی یەکن بێگومان. ئەڕفەع ناوی دەرکردبوو بەوەی کە مۆرەیەکی ئینگلیسی بێ وەکوو زۆربەی ..

قازی: بێ ئەوەی کە مۆرە بێ مۆرە نەبێ لە سەر قسەکانی بڕۆن باشترە!
سوڵتانی: تەبعەن! مەنزوور دوو بەرەکیەکەی نیشان بدەم کە لایەکی شەهید قاسملووە لایەکی ئەڕفەع. ئەو دوانە خۆ ناتوانن یەک شت بن، بەڵام لە عەینی کات دا لە قسەی هەردووکیان دا ڕاستەقینەی تێدایە. ئەوەی کە هۆکارە دەرەکییەکە بێ ئەوە هەموولایەک دەیزانین وەختی لە سەر نەگیرێ چونکوو سۆڤییەت بوو  بەهاتنی ئەوان بۆ ئێران و موتەفیقین ڕەزا شا لە سەر کار لابرا، بە بێ لاچوونی ڕەزا شا ڕەنگ بوو ئەو دەرفەتە دروست نەبێت و نەدەکرا بۆ دروست بوونی، دەگوترێ لە فاسیلەی بەینی شەهریوەر کە ڕەزا شا ڕۆیی ، ٣ی شەهریوەر نیڕووی موتەفیقین هات دە نێو ئێرانەوە.

قازی: ١٩٤١
سوڵتانی: بەڵێ ١٩٤١، لە ٣ی شەهریوەرەوە تا مانگی ئابان دەکا دوو مانگ، دەگوترێ ١٥٠ حیزب لە ئێران سەری هەڵدا. ئەوە مەعنای بوونی ئازادییەکە کە پێشتر نەبووە.
قازی: مەبەست دوای سەرکوتی بیست ساڵەی زەمانی ڕەزا شایە ؟
سوڵتانی: تەبعەن. جا بۆیە ئەوەی کە بڵێن دەرەکی تەبعەن لە بنیات نانی حکوومەتی ئازەربایجان دا هێزە دەرەکییەکە دەوری یەکەمی بێگومانی بینیوە ، بەڵام لە دامەزرانی حکوومەتی کوردستانیش دا بێ دەور نەبووە هەر بوونی خۆی لەوێ، بە بێ بوونی ئەو لەوانە بوو ئەو ئەزموونە سەر نەگرێ، بەڵام ئەوە دوایی شتێکی دیکەیە ، ووڵامی ئەم پرسیارە نییە کە ئەگەر ئایا ئەوان ویستیان، ئەوان کۆماری کوردستانیان دەویست ؟ بە گومانی من نا، ئەوان نەیاندەویست بەڵام دامەزرا. ئەوەی کە حکوومەتی تاران بێ، ئەوەی ئەمریکا بێت هەمووی ئەو شتانە ڕاستە، هیچ گومانێکی تێدا نییە ، ئەوە لە قسەکانی ئەڕفەعیش دا باسی عەشیرەتەکان کراوە، باسی یەکنەگرتوویی کورد کراوە، ئەوەش ڕاستی تێدایە بەڵام ئیدی ئەو شتەی کە ئەو باسی دەکا وەکوو تاڵان و ئەو شتانە، ئەوە ئیدی ئەڕفەعە  ئەوە دەڵێ دەنا ئەمن باوەڕ ناکەم کەسێک، تەحلیلگەرێک باسی کۆماری کوردستان بکات هۆکار و ئەوانەی بهێنێتەوە سەر ئەوەی کە کورد تاڵانی دەویست. بەڵام خۆ عەشیرە نەبووە، هێزی هەبووە، هێزی سوپایی هەبووە، فەرماندەی هەبووە و ڕاهێنانی هەبووە ئەوان تاڵانیان نە دەکرد، ئەوان کوشتاریان نە دەکرد، لە هەموو ماوەی قودرەتیان دا خوێن لە لووتی کەسێک نەهات، غەیری یەک دانە تێڕۆر کە ئەویش بە ئاشکرا مەئموورانی ناردراوی سۆڤییەت بوون  کە هاتن ژمارەیەک تێڕۆڕیان لە ئازەربایجان کرد، یەکێکیشیان لە مەهاباد کرا..

قازی: مەبەستت کووژرانی غەفووری مەحموودیان ە ؟
سوڵتانی: ئەوە هیچ دەستێکی حکوومەتی کوردی بە هیچ شێوەیەک تێدا نەبوو، دەستی حکوومەتی ئازەربایجانیشی تێدا نەبوو، بەڵام مەئموورە نێردراوەکانی سوڤییەت بوون کە هاتبوون ئەوەیان دەکرد کە پێشتر خۆیان هەر لە نێو خاکی سۆڤییەتیش کرد بوویان.
قازی: باسێکی ئاوا هەیە، دیارە لە قسەکەمان دوور نەکەوینەوە، قسەکانی خۆشت لە بیر بێ جەنابت چونکە باسی ئەو مەسەلەیەت کرد. ئەویش ئەوەیە کە لە کوردستانیش ڕاوێژکارانی سۆڤییەتی کە لەوێ هەبوون فکری ئەوەیان هەبووە بۆ ئەوەی ئەو حکوومەتە بتوانێ خۆ بگرێ و لێرو لەوێ ئەگەر تاکوتەرا هەبووبن کە ویستبێتیان لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی لە پێوەندی دا بن و ئەو پێوەندییە ببێتە هۆی بنکۆڵ کردن و سست کردنی ئەو دەستکەوتەی کوردان لەوێ باشتر ئەوەیە کە هێندێک لەوانە لە ناو بچن و تەنانەت باسێکی ئاوا دەکرێ یەک لەو کەسانەی کە گیراوە و یەک لە پیاو ماقووڵانی سابڵاغێ بووە ؛ میرزا ڕەحمەتی شافیعی کە تەنانەت پێشەوا لە وەسییەتنامەکەشی دا باسی دەکا دەڵێ ئەمن لە کوشتن نەجاتم داوە و داوا دەکا کە گەردنی ئازا بکا و دەڵێ من لە کوشتن نەجاتم داوە و وا بزانم  لە بیرەوەرییەک دا هەیە ، ڕەحمەتی مەنافی کەریمی باسی ئەوە دەکا کە چۆن چووە و توانیویەتی لە زیندانی سەرهەنگ ئارام  لە میاندواو  بە دەستووری پێشەوا میرزا ڕەحمەتی شافیعی ڕزگار کا!
سوڵتانی: ئارام ی ئەرمەنی
قازی: جا شتی ئاوا هەبووە، فەرموو بەردەوام بە!
سوڵتانی: جا مەنزوورم ئەوەیە بەشێک لەو زانیارییانە ڕاستە. لەگەڵ بەشێکیان دا نیم ئەوەی کە شەهید قاسملوو دەڵێ دەیتوانی خۆڕاگر بێت، دەیتوانی..

قازی: ڕەنگ بوو سەربکەوێ، مەبەستی ئەوەیە!
سوڵتانی: بە بۆچوونی من دەکرا موقاوەمەت بکرێ وەکوو بارزانییەکان کردیان، دەکرا بۆ ماوەیەک خۆڕاگری بکەی، بەڵام وەختێک پشت جەبهەکەت ڕووخا، وەختێک سوپای سۆڤییەت ڕۆیشتە دەرێ، وەختێک حکوومەتی میللی ئازەربایجان ڕووخا. کوردێک لە مەهاباد لە ناوچەیەکی مەحدوود بەو هەموو دوژمنە عەشیرەییەوە کە بوویان ئەگەر موقاوەمەتێکیش بکرایە موقاوەمەتێکی ئەوەندە نەدەبوو کە ئێمە نێوی بنێین ڕاگرتنی ئەزموونی کۆمار!

قازی: ئەڵبەتە لە بەر ئەوەی کە نەبووە ناتوانین بە قەتعییەتەوە بڵێین ، هەر وەک بۆچوون دەتوانین بڵێین..
سوڵتانی: وایە. هیچ شتێک قەتعی نییە.
قازی: بەڵام ئەوەی کە ڕەحمەتی قاسملوو لێرە باسی دەکا ئەوەیە کە بارزانییەکان توانییان بە شەڕ لە گەڵ سپای ئێران و تەنانەت بەرخورد لەگەڵ عێڕاقییەکانیش وا بزانم جارێک چوونەوە نێو خاکی وێ، لەگەڵ تورکەکانیش، هەرچۆنێک بێ توانیان بە نێو ئەو ٣ سپایە دا خۆیان بگەیێننە خاکی سۆڤییەت مەبەستی لە ئەزموونەکە ئەوەیە.
سوڵتانی: تەبعەن. ئەو جۆرە موقاوەمەتە ئەمن هیچ شکم نییە دەکرا، ٥٠٠ کەس لەوێ پەڕیونەتەوە، دەکرا ٥٠٠ کەسیش کوردی ناوچەی خۆمان لەگەڵیان بوایە پەڕیبانەوە، بەڵام ئەوە ئەزموونەکەی نە دەپاراست. یانی من قسەکەم هەمووی لەوە دایە شەراییت جۆرێک نەبوو کە تازە بتوانرێ کۆمار بپارێزدرێ. ئێمە پێش بەرنامەش باسی ئەوەمان کرد کە لە بیرەوەرییەکانی مامۆستا هێمن دا هەیە کە پێشتر بڕیار دراوە موقاوەمەت بکرێ .

قازی: بۆ موقاوەمەت نەکرا ئێستا دەگەینە وێ دەکرێ زیاتری شی بکەینەوە. بەڵام لەو زەمینەیە دا لە سەر بۆچوونەکانی قاسملوو و ئەڕفەع شتی دی هەیە بیڵێی؟
سوڵتانی: لەو زەمینەیە دا یەک دووشت هەیە کە ئەمن پێم وایە نەگوتراوە. ئەوەش یەکیان کە زۆر گرینگە بۆ من جا نازانم کێ موافەقەتی لەگەڵ دەکا و کێ نایکا ؟ من پێم وایە تەجروبەی خودموختاری لە کوردستانی ئێران و لە ئازەربایجانیش دیاردەیەکی واریداتی بوو. یانی شتێک بوو بە گوێرەی ئەزموون لە نێو حکوومەتێکی سۆڤییەتی دا کە برایەکی گەورە کە بە ئیستیلاح پێی دەڵێن " برادر بزرگ" هەبوو . ١٦ جمهووری دروست کرد بوو، ئەو بە سەریاندا نەزاڕەتی دەکرد لە شەرایتێکی وا دا ئەو حکوومەتە خودموختارە گونجاو بوو، یا خود لە شەڕاییتێکی دێمۆکڕاتیکی ڕۆژئاوایی دا. ئەوە بە بۆچوونی من لەو بارو دۆخە کە کورد و ئازەربایجانی تێدا بوو لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، حکوومەتێکی ناوەندی کە شایە لە رەئسی دا، قەوامە وە مەسئەلەی نەوت و ئیمتازاتێک کە هەموو لایەنەکان بە تەمای بوون وەریبگرن، لەو شەڕاییتە دا بە کورد و بە ئازەربایجانی خودموختاری نەدەدرا. ئایا ئەوە دروست بوو ئێمە ئەو دروشمەمان هەڵگرت یان نا؟ و ئایا دوای ئەویش دوای هەرەسی کۆماریش ئێمە ئەو دروشمەمان بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە پێدا، شەهیدێکی زۆرمان لە پای دا. ئایا ئەوە دروست بوو یان نا؟ بە بۆچوونی من  دروست نەبوو . بە بۆچوونی من درێژەی خودموختاریش مەسەلەی فێدێرالیسمە کە ئەلئانەکە بووەتە دروشمی زۆرێک لە حیزبەکانمان، ئەویش ئەزموونێکی سەرکەوتوو نابێت چونکوو نموونەکەیمان ئەلئان لە باشوور هەیە بە ئیشاڕەیەکی نووریی مالیکی شتەکە تێک دەچێ، بە هێنانی داعش، داعشێک کە هاتووە ، دروستکراوی دەستی ووڵاتانی عەڕەبی سوننی یە بۆ دژایەتی شیعەی ئێران دروست کراوە و هاتووەتە نێو عێڕاقەوە سەری هەوسارەکەی سیاسەتێکی لاوەکی کە بە بۆچوونی من غەیری تورکیا نییە وەری دەسووڕێنێ و دەیخاتە گیانی کورد. ئەمانە هەموو نیشان دەدەن کە خودموختاری دروشمێکی تەواو نەبوو لەو بارو دۆخە دا. ئەوە یەک لە ناتەواوییەکانە کە ڕەنگە لێرە دا باسی نەکرابێت ، نەک هەر باسی نەکراوە بە بۆچوونی من لاگیریشی کراوە ئەمما من خۆم پێم وایە شوێن کەوتنی ئەو دروشمە هەڵەیەک بوو و هۆکارێک لە هۆکارەکانی ڕووخانیشی هەر ئەوە بوو ئەو شتە سەری نەدەگرت.
قازی: دیارە ئێوە ئیشاڕەیەکی کورتتان کرد بە دەرکەوتنی ئەڕتەشی سوور لە ئێران. دەزانین کە ئەڕتەشی سووری سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٤١ هاتە هێندێک ناوچە کە کوردستانیشی دەگرتەوە تا ڕادەیەک و بۆ ئازەربایجان و دیارە ئینگلیسییەکان و ئەمێریکاییەکانیش لە لای باشوورەوە هاتن. قەراردادێک هەبوو لە نێوان هێزە هاوپەیمانەکان ئەگەر بتوانین ئاوایان ناو بەرین کە ئەویش ئەوە بوو دەبوو لە تاریخێکی موعەیەن دا خاکی ئێران بە جێ بێڵن و هەر وەها بوونی ئەو قەراردادە لە نێوان ئینگلیسییەکان و سۆڤێتێکان دا  پێشی بەوە دەگرت کە کوردەکان بتوانن لە خەتی سەقز بەرەو ژوور عەمەلییاتی نیزامی بکەن و بە گوێرەی هێندێک سەنەدان جاری وا هەبووە کە تەرحی ئاوا هەبووە کە ئەو عەمەلییاتە بکەن، بەڵام دواتر ئەو تەرحە جێ بە جێ نەکراوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە دوای چوونی ئەڕتەشی سۆڤییەت هەم لە نووسراوەکانی زەمانی حکوومەتی میللی ئازەربایجان – دیارە جمهووری نەبووە – و هەمیش لە ڕۆژنامەی کوردستان و هێندێک بەیاناتی ڕێبەرانی کورد دا باسی ئەوە دەکرێ کە  ئیڕتیجاعی ئێران ، کۆنەپەرستی ئێران ( زۆر جار زاراوەی ئیرتیجاع بەکار دەهێنن) ئێمە موتەهەم دەکا کە جووڵانەوەکەمان جووڵانەوەیەکی بەستراوەیە و بە ڕۆیشتنی ئەوان ئێمەش نامێنین، بەڵام ئێمە موقاوەمەت دەکەین. تەنانەت چەند ساڵ لەوە پێش لە بیرەوەرییەکانی مەڕحوومی لاهروودی دا کە لەو دواییانە دا وەفاتی کردووە، سەرەخۆشی لە دۆستانی دەکەین کە  سکرێتێری گشتی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان بوو ، ئەو لەوێدا نامەیەکی پێشەوا قازیی محەمەدی بڵاو کرد بووەوە کە بۆ ڕێبەرانی ئازەربایجان نووسراوە و لەوێدا گازەندەی ئەوە دەکا یان گلەیی ئەوەیان لێ دەکا ئەوان سەلاحی عیسا زادە؛ سەلاحەدین کازمۆف کە قارەمانی نەتەوەیی سۆڤییەت بووە و ئەفسەرێکی کوردی ئەڕتەشی سۆڤییەتی بووە، دەڵێ لەو وەختە دا نەدەبوو ئەو بەرنەوە چونکوو وەختی شەڕە و حەوجێمان پێیەتی. مەبەستی من ئەوەیە  کە هەم ئازەربایجان و هەم کوردستان باسی ئەوەیان دەکرد کە لە نەبوونی سۆڤییەت دا ئێمە دەتوانین موقاوەمەت بکەین. یانی دەتوانین خەباتەکەمان بەرەو پێش بەرین بەڵام ئێمە  مەبەستمان ئەوەیە ئەوە بەر لەهەموو شتێک بەڕێگای ئاشتییانە دا جێ بەجێ بکرێ. ئەو جێ بە جێ کردنی داواکان بە ڕێگای نەرم و ئاشتییانە دا هەم لە ڕۆژنامەی آذربایجان و هەم لە کوردستان دا ڕەنگی داوەتەوە. باشە بۆ ئەو موقاوەمەتە نەکرا؟ چونکوو سەنەدی جۆر بە جۆر هەیە ئەوە من لێرە نوسخەی ژمارەیەکی ئازەربایجان م هێناوە ئی ٢٠ی سەرماوەزە یانی بۆ سبەینێکەی ڕا موقاوەمەت نەکراوە لە تەورێزێ . ئەوە ئاخرین ژمارەی ڕۆژنامەی ئازەربایجان ە ، ئی ٢٠ی مانگە یانی پێش ٢١ی ئازەر کە نیڕوو هاتووەتەوە و تەورێزی گرتووەتەوە ، لە وێدا ئیعلامییەیەک هەیە " آذربایجان دموکرات فرقەسینین مرکزی کمیتەسی ایلە آذربایجان همکارلار اتفاقین مرکزی شوراسی مشترک اعلامیەسی" یانی لەوێدا باسی ئەوە دەکا کە ئێمە موقاوەمەت دەکەین. وەکوو باسیشتان کرد بۆ وێنە ‌ هێمن لە بیرەوەرییەکانی دا باسی ئەوە دەکا شەوێ لە دەفتەری حیزب بووە بۆ ئەوەی ئەگەر خەبەرێک هەبوو بە پێشەوای بگەیێنێ یان ئەگەر دەستوورێک هەبوو بۆ خوارەوەتری بنێرێ ، کەسێک پێی دەڵێ ئەوە ڕادیو خەبەری تەسلیم بوونی تەورێز دەخوێنێتەوە تەعەجوب دەکا، دەڵێ دوای ئەوە شووڕای شەڕ دروست دەکرێ. یانی چۆنە کە ئەو شووڕایە دروست دەکرێ، دوایە پێک نایە، دوایە موقاوەمەت ناکرێ یانی بە چی دەبەستڕێتەوە ئەو شتانە؟
سوڵتانی: من پێم وایە دیاردەکان زۆر موتڵەق نابێ بگرین. یانی وەختێک باسی ئاشتی دەکەین دەبێ بزانین چ لایەنێک لایەنگرێتی، چ کەسێک و چ کەسانێک لایەنگری نین ، دژین. لە نێو حکوومەتی ئازەربایجان دا لایەنگری ئاشتیش هەبوو ، دژی ئاشتیش هەبوو ، ئی وا هەبوو موقاوەمەتی دەویست ئی وا بوو لایەنگری ئاشتی بوو. لە نێو حکوومەتی کوردیش دا قەتعەن ئەوە بوو  و دیشمان بڕیارێک لە پێشدا دەدرێ بۆ موقاوەمەت دوای کۆبوونەوەی مزگەوتی هەباس ئاغا بڕیارێکی دیکە دەدرێت. جا بۆیە شتەکان دەبێ، نەک هەر ئەوە هەموو شتێکیان ئی ئەو مەسئەلەیە وەختێک هەڵی دەسەنگێنی دەبێ هەمەلایەنە بیبینی. مەسەلەن وەختێک باسی سیاسەتی سۆڤییەتی دەکرێت سیاسەتی سەفاڕەتی شووڕەوی لە تاران هەمیشە جیاواز بووە لە سیاسەتێک کە لە تەورێز و لە  ڕێگای باقرۆفەوە بەڕێوە دەچوو یانی جیاوازی بەینی سیاسەتی حکوومەتی ناوەندی سۆڤییەت لەگەڵ حکوومەتی باقرۆف و مەئموورەکانی باقرۆف کە لە ئازەربایجان بوون و سۆڤێتییەکانیش هەر عەمدەن مەجبووریش بوو ئەو کارە بکەن بۆ ئەوەی نەکوترێ ڕووسێکی زۆریان ڕژاندووەتە  ئێرانەوە و بڵێن ئەوانەش هەر ئازەربایجانین. سیاسەتی ئەوان جیاواز بوو. لە ئەنجامدا ئەوەی کە باسی دەکەی ..

قازی: یانی مەبەستت لە جیاوازی چییە؟ چونکوو بەڕێوەبردنی سیاسەتی سۆڤییەت وەکوو دەوڵەتی سۆڤییەتی لە پێوەندی لەگەڵ ئێران و لە گەڵ مەسەلەی ئازەربایجان و کوردستان دا لە لایەن کۆماری سۆڤییەتی سوسیالیستی ئازەربایجانەوە بەڕێوەچووە یان جۆرێکی دی بووە؟ لە چ ڕوویەکەوە جیاوازی دەبینی؟
سوڵتانی: لە زۆر ڕووەوە هەبووە چونکوو  وەختێک کە دەگاتە حکوومەتی ناوەندی سەفیری شووڕەوی لە تارانە ئەو جۆرێک بۆ شتەکە دەچێ و فەرمان جۆرێک بە مەئموورەکانی خۆی دەدا . مەئموورەکانی لە ئازەربایجانەوە هاتوون  بەرەو لایەنێکی دیکەی دەبەن. تەزادێکی زۆر لە نێوان ئەواندا هەیە دەبێ ئەو تەزادە ببیندرێت. لە ئەنجام دا تەبیعی یە کە خۆ ناتوانێ باقرۆفێک  سیاسەتی حکوومەتی ناوەندی بگۆڕێ ، هەر بەڕێوەبەری ئەوە لە ئەنجام دا و وەختێکیش دەستووری پاشەکشێ دەدرێت . ئەو پاشەکشێکە دەکات گەرچی نەیویستووە، بە هیچ شێوەیەک باقرۆف نەیدەویست پاشە کشێ بکرێت لە ئازەربایجانی ئێران؟
قازی: یانی باقرۆف؟ چ بەڵگەیەک هەیە بۆ پاڵپشتی ئەو مەسەلەیە؟
سوڵتانی: ئەلئان ئەمن ئامادەیی زەینیم نییە بڵێم لە چ شوێنێک دا هەیە بەڵام  زۆرێک شت هەیە لە سەر ئەو بەڵگانەی کە لە ئەسنادی حیزبی کۆمۆنیستی ئیتیحادی شووڕەوین و بەشێکیان تەرجومە کراون.
قازی : ئەگەر مەبەستت ئەو نامیلکەیە بێ کە وەکوو " فراز و فرود فرقە دمکرات آذربایجان" بە فارسی بڵاو کراوەتەوە ، دیارە ئەوە تەرجومەیەکی تەحریف کراوی نووسینی ئەو تاریخەیە کە لە لایەن کەسێکەوە واتە مێژوونووسێکی ئازەربایجانی بە نێوی جەمیل حەسەنلی نووسراوە وکراوەتە فارسی. بەڵام ئەوە ئێستا دەرکەوتووە کە بەشێک لەو شتانە تەحریف کراوە . تەحریف کراوە بە مانای ئەوەی کە ویستوویانە لەو ڕوانگەیەوە باسی بکەن کە ئەو نێهزەتە، ئەو جووڵانەوەیە بزووتنەوەیەکی دەسکردی سۆڤییەت بووە و بۆ خۆی هیچ زەمینەی مادی نەبووە بۆ ئەوەی پێک بێ. یانی مەبەست لە تەحریفەکە ئەوەیە. فەرموو بەردەوام بە ئەمن پرسیارێکی دیکەشم بۆ هاتە پێشێ!
سوڵتانی: کتێبەکە ڕاستە وایە. کتێبەکە لە بەر ئەوەی " بابک امیر خسروی " دەستی بە سەر دا بردووە و لە ژێر چاوەدێری ئەو دا بڵاو بووەتەوە حەتمەن دەبێ ئەو لایەنە لاوازەی تێدا بێت بەڵام بەڵگەکان..، کاک حەسەن یەکێک لە شتەکانی کە من دەمەویست ئیشاڕەی پێ بکەم ئەوەیە: بەڵگەیەکی گەلێک زۆر هەیە ، لەوێ هەیە، لە ئەمریکا هەیە ، لە ئینگلیس هەیە. کورد، ڕووناکبیری کورد کەمتەر خەمە، بەلای هیچکامێکیان دا ناچێت . ئێمە تەنیا نەمر ئەفراسیاو هەورامی ، ئەمن نازانم چەندە، سێرییەک ووتاری تەرجومە کرد ، سێرییەک بەڵگەنامە کە یارمەتییەکی  زۆری لێکۆڵینەوەکانی داین. ئەوە بۆچی درێژەی نییە. بۆچی کەسێک نییە  بیکا؟  ئێمە دەبێ جەمیل حەسەنلی شتمان بۆ بنووسێ!

قازی: دیارە دەبێ کەسی ئاوا هەبێ کە عەلاقەی هەبێ مەیلی هەبێ بۆ لێکۆڵینەوەی مێژوویی و زمان بزانێ. دیارە هەورامیش  کاری گەورەی کردووە بەڵام لە عەینی حالیش دا لە زۆر جێگا بۆچوونی خۆشی تێکەڵ کردووە کە ئینسان بۆی لێک ناکرێتەوە کێهە تەرجومەیە و کامە ئی خۆیەتی؟
سوڵتانی: لەوەی جەمیل حەسەنلی ش دا عەینی شتە ، بەڵام هەر چۆنێک بێ بەڵگەیەکە لەوێ داندراوە. من ئەوانەی وەزارەتی ..
قازی: ئەمن لێرە دا دەمەویست ئەوە بپرسم حەتمەن جەنابیشت دیوتە، چونکوو نامەیەکی  ستالین هەیە کە بۆ نەمر پیشەوەری نووسراوە و لەو نامەیە دا جۆرێک پۆلیمیکە باسی ئەوە دەکرێ – دیارە نامەیەکی دیکەی سەرانی حکوومەتی میللی ئازەربایجانیش هەیە کە بۆ ستالین ناردراوە -  و ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگرێ کە ئێوە هەرچۆنێک بێ دەبێ لەگەڵ قەوام بسازێن  و ئەگەر لە گەڵ قەوام نەسازێن ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە کە ئیرتیجاع و سیاسەتی  ئیمپریالیستی ئینگلیس و فڵان لە ئێرانێ  بەردەوام بێ. بەڵام دە بەرانبەر ئەوە دا پیشەوەری و ئەوانیش نازانم لە چاوپێکەوتنێک دا ، لە جێگایەک دا چەندین مانگ پێش ئەوەی کە مەسئەلەی هەڵوەشانی سەرماوەز بێتە گۆڕێ قسەی خۆیان لە گەڵ سەرانی ئازەربایجانی سۆڤییەت کردووە. یانی جەنابت ئەو مەسەلەی دەستنەکردنەوە لە کوردستان و دەستنەکردنەوە  لە ئازەربایجان چەندە وەکوو شتێکی ئۆرگانیک دەبینی یان چۆناوچۆنە؟
سوڵتانی: من پێم وایە بێ ئیرتیبات لەگەڵ یەکتری نین. من پێم وایە حکوومەتی کوردستان بە تاقی تەنیا ئەو هێزەی نەبوو کە بتوانێ موقاوەمەت بکا. پێشەوا ئینسانێکی  واقیع بین بوو ، بارو دۆخەکەی چاک دەناسی ، موشکیلەی داخڵی خۆی و ناوچەکەی دەزانی . وەختێک کە هێزە لاوەکییەکە، هێزی سۆڤییەت عەقەبنشینی کرد و ڕۆیشتە دەرەوە ستوونی سەرەکی پشتیوانییەکەی ڕووخا ، بە دەلیلی ئەوەی ئەوان بوون کە بەرگرییان دەکرد لە هاتنەوەی هێزی سپای ئێران بۆ ناوچەکە. لە ئەنجام دا دوای ئەو هۆکارێک نەدەما بۆ ئەوەی بۆچی ...
قازی: دیارە کوردەکان بۆخۆشیان لە جەبهەی سەقز زۆر باش ڕاوەستان، تەلەفاتی زۆر گەورەیان لە ئەڕتەشی ئێران دا لەو مەنتەقەیە. مستەفا خۆشناو و هێزەکانی بارزانی لە ژێر فەرماندەیی مستەفا خۆشناو دا!
سوڵتانی: دروستە! لەو پێوەندییە دا شتێکی سەیرم من دی. ئەویش ئەوەی ئەو سەربازانەی کە ئەوان هێنایانە شەڕ واتە هێزەکانی ئێران، هەموویان کورد بوون. یانی هەرچی کووژرا لەوبەریش هەمووی هەر کورد کووژرا. بەڵام ئەوە گرینگ نییە . ئەوەی کە هەیە ئەوەیە. لەو ناوچەیە  موافەقەت کرا بوو لە هەر دوو لاوە ، پێشەوا لە گەڵ ڕەزمئارا دانیشتن و لە سەقز قسەیان کرد. موافەقەت کرا بوو کە لەوێ دەرگیری نەبێ. حکوومەتی ناوەندیش بە فەرماندە ناوچەییەکان وەکوو  فەزڵوڵای هومایوونی و ئەوانەی دەگوت موقاوەمەت مەکەن، نەک موقاوەمەت مەکەن شەڕ مەکەن! لە ئەنجام دا ئەو ناوچەیە  چاک پارێزراو بوو ، لە هەر دوو لاوە دەیان پاراست چونکوو خەتێک بوو کە هەر دوو جەمسەرەکەی بەیەکەوە پەیوەندی دەدا.  ئەوەی کە لەوێدا ئاسایش و ئارمشێک هەبوو مەعنای تەوافوقی سیاسی بوو. ئەوەش یەکێک لە کارە گەورەکانی کۆمارە کە توانی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی بە تەوافوقێکی ئاوا بگا دەنا پادگانی سەقز هەبوو هێزی تێدا بوو، دەکرا هێرش بکەن، دەکرا بێنە پێشێ ، بێن لە سەرا لێی بدەن و بە هەر شێوە. ئەولاش  دەیتوانی بچێت و لێ بدا، هێزی ئەملا کەمتر نەبوو لە هێزی ئەوان لە سەقز. من بە بۆچوونی خۆم یەک دوو نیشانەش هەیە  لە رۆزنامەی  " کوهستان " دا هەیە کە تێلگڕاف لە سنەوە دێت داوا دەکەن دەڵێن ئەو شەراییتەی کە لە کوردستان ئەلئانەکە هەیە – مەنزوور مەهابادە -  ئێمەش بگرێتەوە. ئەوەش مانای ئەوەیە کە ئەوانیش هاوراهییان دەکرد. ئەگەر نەکرا هەمووی بەشێک بوو لەو تەوافوقە و بەشێک بوو لەوەی کە پێشتر ئیشاڕەتان پێ کرد ، ئەوەی کە سۆڤییەت ئیجازەی نەدەدا حکوومەتی کوردستان لە خەتێک بڕواتە  پێشەوەتر کە ئەو خەتە خەتی فاریق بوو بەینی  ئەوان و ئینگلیزەکان.
قازی: زۆر باشە. مەسئەلەیەکی دیکەش  کە لەو پێوەندییانە دا باس دەکرێ ئەویش ئەوەیە کە دەزانین لە مانگی بانەمەڕی ١٣٢٥ دا تەوافوقێک کرا لە نێوان حکوومەتی میللی ئازەربایجان  و کۆماری کوردستان کە دیارە هەر یەکەیان بە شێوەیەک لە  " آذربایجان" دا بە ناوی تەوافوقی حکوومەتی میللی ئازەربایجان و گەلی کورد هاتووە و لە
 " کوردستان" یش دا بە ناوی تەوافوقی  حکوومەتی میللی کوردستان و ئازەربایجان  هاتووە یانی هەر عەینی لەحنی هەیە  و بە دوای ئەوەش دا لە عەینی حاڵ دا کە لەوانەیە لێر و لەوێ بە تایبەتی لە مەنتەقەی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە کێشە و گرژی هەبووبێ یان نێوانناخۆشی هەبووبێ، بەڵام ئەوانە لە ڕۆزنامە و لە ئۆرگانە ڕەسمییەکان دا ڕەنگی نەداوەتەوە و هەر بە موسبەت باسی یەکتریان کردووە. ئەگەر ئەتۆ هەموو ڕۆژنامەی  "آذربایجان"  تەماشا بکەی  بە دەیان شێعری تێدایە لە پەسنی پێشەوا دا بڵاویان کردووەتەوە یان بە شێوەیەکی زۆر پۆزیتیڤ  باسی مەسەلەی کورد کراوە. مەبەستم ئەوەیە ئەو مەسەلەیەش ڕوون بێتەوە کە لە دوای ڕۆیشتنی ئەڕتەشی سۆڤییەتی لە مانگی ئاوریل و پاشتر تەوافوقێک بووە بەینی ئازەربایجان و کوردستان بۆ  مەسئەلەی موقاوەمەت دە موقابیل حکوومەتی مەرکەزی دا کە تەنانەت فەرماندەییەکی موشتەرەکیش داندراوە، کە بۆ وێنە مەلا مستەفای بارزانی وەکوو فەرماندەی موشتەڕەکی نیزامی هەر دوو هێزەکە دیاری کراوە و لە بیرەوەرییەکانی ڕەحمەتی ڕەئیس بەکری حەوێزی دا باسی ئەوەی کردووە کە سەرهەنگ عەزیمی ( ژەنەڕاڵ عەزیمی ) کە دواتر ئێعدام کرا، یەکێک لە ئەفسەرانی ئەڕتەشی حکوومەتی میللی ئازەربایجان بووە هاتووەتە مەنتەقەی میاندواو و یارمەتی هێناوە و یارمەتی کردووە. یانی مەبەستم ئەوەیە بپرسم کە ئەو تەوافوقە نیزامییە چۆنە کە بە هیچ نەگەیشتووە؟
سوڵتانی: تەوافوقە نیزامییەکە واقعییەتێکە، ڕاستە. هەبووە و هەیە و لە هەر دوو لاوە یارمەتی یەکتری دراوە. هەر ئەوەش نەبووە لە ئازەربایجانەوە ئەگەر تۆ بزانی و لە بیرت بێ، ئەوەی لە یادداشتەکانی  " تفرشیان" و ئەفسەرە فەرارییەکان دا هەیە کە دێن لە خۆراسانەوە دەیاننێرنە ئەوێ، تەنانەت بە تەمای ئەوەن کە فڕۆکەخانە دروست بکەن لەو ناوچەیە. یانی هاوکارییەکە گومانی تێدا نەبووە. ئەوەی کە بۆچی ئەو هاوکارییە سەری نەگرت و نەبوو بە موقاوەمەتێکی گشتی من هەر ئاوای بۆ دەچم پێم وایە ئەو هالە تەقەدوسەی کە لە هەوەڵ دا باستان کرد ئێمە هێزی کۆماری کوردستان و هێزی حکوومەتی میللی ئازەربایجان زۆر لەوە گەورەتر و زیاتر دەبینین  کە لە ڕاستیدا بووە، هەمووی ئەوان دەرگیری خۆیان هەبوو، تەقابولی خۆیان هەبوو لە حکوومەتی ئازەربایجاندا لەگەڵ مالیکین و ئاغا، لەگەڵ کەسانی وەک یەمین لەشکر هەر لە مەنتەقەکەی ئێمە لەولای میاندواوەوە دەرگیری هەبوو، هێزێکی زۆر هەبوو زولفەقارییەکان ڕێکیان خستبوو بۆ شەڕ کردن لەگەڵ حکوومەتی میللی ئازەربایجان. عەینی شت لە کوردستانیش هەبوو لە نێو عەشاییر دا. حکوومەتێکی ئەئاوا وەختێک هێزە لاوەکییەکە دەڕواتە دەرێ و پشتیوانییەکەی دەڕوات و نامێنێ ئایا دەکرا ؟ من پێم وایە زیرەکییەکی سیاسەتی ئێران  و قەوام ئەوە بوو کە " زەنجان" ی بە سیاسەت گرتەوە. یانی ئەگەر ئەوەی نەکردایە، لە زەنگان بمایەتەوە هێزی حکوومەتی میللی ئازەربایجان...
قازی: تکایە زەمینەکەشی بڵێ کە چۆناوچۆن بووە؟
سوڵتانی: چۆنێتی ئەوەی کە زەنگانی چۆن گرتەوە؟ تەوافوقێک بوو لە گەڵ حکوومەتی ئازەربایجان کە لە لایەک مەنتەقەی تیکانتەپە و سەردەشت وەربگیرێ لێیان و بدرێ بە حکوومەتی ئازەربایجان کە لە ئەسڵ دا حکوومەتی کوردستان بوو ئەو ناوچەیە ، لە بەرابەر ئەوە دا " زەنجان" بدرێ بە حکوومەتی ناوەندی. ئەوەیان زۆر بە فێڵ کرد، بیرەوەرییەکانی هومایوونی کە هەر خۆت تەرجومەت کردووە بە کوردی  بە ئاشکرا دەڵێ، دەڵێ لە تارانەوە پێیان گوتین، کوتیان ئێمە تەوافوقێکی وامان کردووە کوردەکان دێن بۆ لاتان بۆ تەحویل وەرگرتنی تیکانتەپە، تەحویلیان مەدەن ، دوو هەفتە بتوانن مەحتەلیان بکەن ئێمە بتوانین زەنجانیان لێ وەربگرین. کە وا بوو زەنجان بە فێڵ وەرگیراوە. کە زەنجان بە فێڵ وەرگیراوە نیڕوو هات هەتاکوو زەنجان ، ئیدی لە زەنجانەوە هاسانتر بوو لێدانی حکوومەتی میللی ئازەربایجان هەتاکوو زەمانێک کە لە قەزوێن بوون. وەختێک کە لە قەزوێن بوون و سپای سووریش لەوێ بوو نەیدەهێشت بجووڵێنەوە تەبعەن نەدەکرا ئەو شتە. ئەوان لەوێ ڕۆیشتن، زەنجان گیرا بوو بە دەستیانەوە بوو لە ئەنجامدا ئیدی چوو زانم خۆ موقاوەمەتیش کرا خەڵکیش  شەهید بوو لەوێ. لە ئازەربایجان خەڵکێکی زۆر کووژران  لە شەڕەکان دا. وەکوو ئێعدام ، ئێعدامییان زۆر نەبوو ، وەک بزانم ژمارەی ئێعدامی ئەوانیش ١٩ کەس بوو کە حکوومەتی کوردستانیش ١٩ ئێعدامی هەبوو، ١٩ شەهیدی هەبوو – ووشەی ئێعدامی ڕەنگە چاک نەبێت -  ئەمما لە شەڕ دا خەڵکێکی زۆر کووژران . قسە لە هەزاران کەس دەکرێ من نیمە ئامارێکی دەقیق. بەڵام تۆ بڵێی موقاوەمەت نەکرا بوو موقاوەمەت کرا ئەمما هێزەکە هەر ئەوەندە بوو ، بە تۆپ و بە تانک و بە تەییارە. هومایوونی دەڵێ شەش تەییارە بە ژوور سەرمانەوە بوون بۆ فەقەت ئەو هێزەی کە لە میاندواوە جووڵا بەرەو مەهاباد ڕویی. دەی ئەوە حکوومەتی میللی ئازەربایجان 
یان حکوومەتی کوردستان ئەوەی لە کوێ بوو؟ تفەنگێکی بڕنووی هەبوو وەسەلام


قازی: مامۆستا بەرنامەکانی "ڕاوێژ: هەمیشە ئاوایە کە بینەرانیش تێیدا بەشدار دەبن جا بە ڕێگای لاپەڕەی فەیس
 بووکەکەمانەوە شەش حەوت پرسیار هاتووە تا ئەو جێگای کە وەختمان مابێ وا بزانم نزیکەی ١٥ دەقیقەیەکمان ماوە تەرخانی دەکەین بۆ ووڵامی ئەو پرسیارانە . هیوا دارم بە کورتی ووڵام بدەیەوە بۆ ئەوەی بکرێ بەهەموو پرسیارەکان ڕابگەین. کەسێک دەنووسێ:

وێڕای سڵاو بۆ بەڕێز سوڵتانی ئەم سێ پرسیارانەی لێدەکەم.
- من وەک کەسێک کە لە بەلژیک مێژووی ئەوروپا و ئەو وڵاتەم خوێندوە، هەست ئەکەم ئەوان ڕۆژ بەڕۆژ هەوڵ ئەدەن لە سەر مێژوو لێکۆڵینەوەی نوێ ئەنجام بدەن بە مەبەستی ئەوەی مێژوو لە قسەی ئەو و بۆچوونی ئەو ڕزگار بکەن و ڕووە ڕاستەقینەکەی نیشانی خەڵک بدەن، بۆ ئەوەی یەکەمین کار کە ئەیکەن گوێنەدانە بە هەستی خەڵک و سەمبوڵەکانیان. بۆ نمونە پاشا لێرە موقەدەسە بەڵام ئەوان کاتێک باسی لیۆپۆڵدی دووەم دەکەن کە ووڵاتی کۆنگۆی داگیرکرد و کاولی کرد لات وایە باسی هیتلەر دەکەن. پێتان وانیە پێویستە کورد مێژووی کوردستان بە گشتی و کۆماری کوردستان بەتایبەتی لەو دەستاودەستانێیەی حیزبی ڕزگار بکات؟
پرسیاری دووەم
هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هزرەی کە لە پرسیاری یەکەمدا باسمان کردوە، ئایا لۆژیکیە پێشەوا قازی محەمەد چووبێتە بەر پەتی سێدارە کە ئەڵێن گوایە زانیویەتی لەسێدارە دەدرێ؟ ئایا پێش ئەوەی پێشەوا دەستگیر بکەن یان خۆی بداتە دەست، هیچ ئاماژەیەک بۆ گفتوگۆ هەبوە؟
پرسیاری سێیەم تایبەتە بە ئاڵا
چەندین ڕاپەڕین و ڕووداوی وەک کۆمار بەر لە کۆماری کوردستان لە مێژوودا تۆمارکراون، بەڵام هیچ کامیان بەقەد کۆمار بێ دۆکومێنت نین. ئایا بۆچوونی جەنابت لەسەر ئاڵای کۆمار چیە؟ ڕاستە قازی جگە لە بارزانی خوالێخۆشبوو کەسی دیکەی نەدۆزیتەوە بۆ ئەوەی ئاڵاکەی بۆ بپارێزێ؟


بە سپاسەوە: ئارام ڕەسووڵ
قازی: تکایە بە کورتی ووڵام بدەوە بۆ ئەوەی بگەینە ئەوانیدیکەش.

سوڵتانی : بە سەرچاو ، لە سەر ئەوەی کە لێکۆڵینەوی نوێ بکرێ لە سەر مێژووی کورد هیچ قسەیەک هەیە؟ کەس دەتوانێ قسەیەکی هەبێ ؛ یا من هەمە؟ من پێشتریش لە قسەکانم دا باسم کرد ئێمە کەمتەرخەمی دەکەین هەموو لایەکمان کە کاری تازە ناکەین. بەڵگەیەکی زۆر هەیە، لێکۆڵینەوەیەکی زۆر دەکرێ . مەیدانی دەکرێ لەوێش بیکەین. بەڵام هیچ ناکرێ. لە ئەنجام دا من لەوە دا هیچ قسەیەکم نییە. هیوادارم چووزانم ئەگەر گۆڕانکارییەک بێ لە چۆنیەتی بۆچوون و لە فکر کردنەوەی ڕووناکبیرەکانمان کە لە باتی شەڕەدندووکەی یەکتری کردن ، ئەو هەموو سایت و ماڵپەڕ و ڕۆژنامە و ئەو شتانەی کە پڕە لە شتی بەتاڵ و ئەوانە دوو کاری جیدی بکرێ. لێکۆڵینەوە بکرێ هیوادارم وا بێ. ئەمما ئەوەی کە گوێ نەدەیە هەستی خەڵک من نازانم ئەوە ئەگەر لە بێلژیک دەکرێ ئایا لە کوردستانیش دەکرێ یان نا؟ پێم وایە ئەوە دەبێ بافتی کۆمەڵایەتییەکەی بگیرێتە بەرچاو. ئەمان ڕەنگە نزیکەی  چوارسەد پێنج سەد ساڵ بێ بافتی عەشیرەتییان تێدا نەماوە. ئەوان شار نشینن، فەرهەنگی شارییان هەیە. ئێمە ئەلئانیش فەرهەنگەکەمان فەرهەنگی گوندی یە. لەبار و دۆخێکی وا دا ڕەنگە بەو هاسانییە نەبێت کە کەسێک ڕەخنە لە ڕەهبەران بگرێت. هەر ئەو کێشەیەی کە ئەخیرەن یەکێک لە ڕۆژنامەنووسەکان ڕەخنەیەکی گرتبوو لە یەکێک لە ڕابەرانی نیزامی یەکێک لە حیزبەکانی  کوردستان، ببوورە ئەمن هەر نێوی دێنم ؛ مەحموود سەنگاوی و دوایە مونجەر بوو بەوە.. ئەوە نیشان دەدا کە کۆمەڵگاکە ئامادە نییە ، دەبێ حەکیمانەتر بەرخورد بکرێ . من مەنزوورم لە حەکیمانەتر ئەوە نییە  موحافەزەکار بی ڕاستی نەڵێی. ئەمما لە بنی مەنجەڵ دان لێرە دەکرێ، لەوێ ناکرێ. کاک حەسەن با ئیشارەی پێ بکەم لە بەرنامەیەکی کۆمێدی دا کەسێک هەیە  لە ئینگلیس  شتێک مەکدۆناڵدی پێ دەڵێن خەریک بوو بەرنامەیەکی ستاند ئاپ کۆمێدی بەڕێوە دەبرد بە قەدرایی مانگێک لەوە پێش بوو ، لە کریسمەس ویلیام و ژنەکەی هاتبوون، یانی کچەزای مەلیکە ، هاتبوو لەوێ دانیشتبوو لەگەڵ ژنەکەی ، تەعزیمێکی بۆ کردن و ئیحتڕامێکی بۆ گرتن و بەخێرهاتنی کردن و دوایە  بە کەیت ی گوت بیستوومە دووگیانی پێمان ناڵێی باوکی منداڵەکەت کێیە؟ دەی باشە تۆ بێی لە کوردستان ئەوە بە یەکێک لە ڕێبەرانی کورد بڵێی کە لە ژنەکەی پرسی پێم بڵێ باوکی منداڵەکەت کێیە؟ نابێ. یانی مەنزوورم ئەوەیە زۆریش توندڕەوی نەکەین. دەنا ڕاستی گوتن تەبعەن دەبێ بگوترێ.
قازی : بڕێک بەخێراتر بۆ ئەوەی بگەینە ئەوانیدیکەش.

سوڵتانی
: ئەی بەسەر چاو میسال ناهێنمەوە ئەمجارە. ئەوەی کە پێشەوا بۆچی ئێعدامی قەبووڵ کرد . من نازانم  ئەوە وەکوو ئازایەتییەک، لە خۆ بوردووییەک ئەگەر بیگریە بەرچاو کە دەبێ بیگری وەکوو بەڵێنێک کە بە خەڵکەکەی دابوو دەنا دەستەڵاتی بوو بڕوات، لەگەڵ بارزانییەکان دەیتوانی بڕوات. زۆر ڕێگای دیکەشی هەبوو بۆ ڕۆیشتن نەیکرد. من  ئەوە بە ئازایەتی و بە وەفاداری بۆ خەڵک دادەنێم نەک بە شتێکی دیکە، مەگەر ئەوە تۆ ئەوە لەو پێوەندییە دا ببینی کە ئەگەر ئەو بڕۆیشتایە دەرێ و ئێعدام نەکرایە، یان ڕێبەران بڕۆیشتانەتە دەرێ لە دەرەوە موقاوەمەتێکیان سازمان بدایە کە ڕەنگ بوو ئەو موقاوەمەتە بە ئەنجامێک بگا. ئەوە دەکرێ باس بکرێ. گفتگۆ من نەمبیستووە. لە سەر ئاڵاکە باسمان کرد با وەخت نەگرین.ئەمما لە سەر گفتوگۆ ئەمن پێم وا نییە شتێک بە ناوی گفتوگۆ هەبووبێت لەو قۆناغە دا چونکوو فەزلوڵای هومایوونی دەڵێ وەختێک کە پێشەوا هات و داوای ئەوەی کرد کە پەیمانی ئاشتی ئیمزا کەین پێم گوت ئێوە ڕەعییەتی ئەو مەملەکەتەن ، ڕەعییەتی شان و پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ڕەعییەت نابەسترێ.
قازی: زۆر باشە، بینەرێکی دیکە دەپرسێ:

بەر لەوەی باس لە ھۆیەکانی رووخاندنی کۆماری کوردستان بکرێت پێویستە ﺋەوە ساغ بکرێتەوە کە ﺋایا کۆماری کوردستان پرۆژەیەکی سیاسی خۆماڵی نەخشەبۆکێشراوبوو یان لاساییکردنەوەی ﺋەزموونێکی دیکەی ھەرێمەکە بوو یان تەنیا پرۆژەیەکی کاتی بوو بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵاتی ناوەندی لە ناوچەکە و ڕاپەڕاندنی کاروباری خەڵکی ﺋەو ناوچانەی کە لەژێر قەڵەمڕەوی کۆمار دابوون؟
ﺋایا ھەلومەرجی سیاسی، رێکخراوەیی، نیزامی، ﺋابوری و کۆمەڵایەتی ناوخۆیی چەندە یارمەتیدەر بوون بۆ ڕاگەیاندنی پرۆژەیەکی لەو جۆرە؟
ﺋەو جۆگرافیایەی کە کۆماری تێدا ڕاگەیەندرا چەندە لەبار بوو بۆ پاراستنی خودی کۆمارەکە؟ کاتەکە چەندە گونجاو بوو بۆ راگەیاندنی کۆمار؟
رۆڵی بەرژەوەندیە نێودەوڵەتیەکان و بە تایبەتی رۆڵی نەوت لە رووخاندنی کۆمارەکە چەندە کاریگەر بوو؟
ھێز و تەکنۆلۆژیای سەربازی رژێمی ﺋەوسای ﺋێران، کۆمارەکەی رووخاند یان ﺋامادە نەبوون و کەمتەرخەمی، پارێزەزانی کۆمارەکە." تکایە بە کورتی. 
سوڵتانی: بە سەر چاو. من پێم وایە ووڵامی زۆرێک لەوانە سەلبی یە، مەنفی یە.چونکوو یانی پرسیارەکان وا داڕێژراون. من پێم وایە پڕکردنەوەیەکی بۆشایی بوو. لە ڕۆیشتنی حکوومەتی ناوەندی و لە ڕۆیشتنی حکوومەتی ناوەندی و ڕۆیشتنی ڕەزا شا هەتاکوو دامەزرانی کۆمار، هەرچی هەیە لەو فاسیلەیە دا بۆشاییەک دروست بووە کە هێزی ئۆردووی سوور لەوێیە کورد لەوە سوودی وەرگرت، ئەمە عەیبێک نییە، ئیرادێک نییە ئیشکالێک نییە وە بوو بەڵام ئایا هەلومەرجەکە لەبار بوو؟ من پێم وایە لە بار نەبوو. هەلومەرجی ئابووری لەبار نەبوو بەلای کەمەوە.هەلومەرجی سیاسی ڕەنگە تا ڕادەیەک ئەمما هەلو مەرجی ئابووری بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو. من خۆم یەکێک لە پرسیارەکانم ئەوەیە کە ئایا ئەگەر حکوومەتی کوردستان دەوامی بکردایە حکوومەتەکە چۆن بەڕێوە دەبرا لە باری ئابوورییەوە؟ لە کامە سەرچاوەی ئابووری کەلک وەردەگیرا؟ ئەگەر دابڕاو بوایە لە کولی ئێران و لە نەوت و داهاتی ئێران دابڕاو بوایە لە کوێی دەهێنا؟ من پێم وایە هەلومەرجەکە لەبار نەبوو. جوغرافیاکە بۆ ئەو شتە و بە هاتنی هێزی سۆڤییەت لەبار بوو جوغڕافیاکە. ئەمما ئەو بەرژەوەندییانەی کە ئەو باسی کردووە  نەوت. ئەو کێشەی نەوتە زۆر گرینگە. شتێک لە زۆر کەم جێگا دا دیومە ئیشاڕەی پێ بکرێ با من بیڵێم. پێش ئەوەی کە سۆڤییەت،شووڕەوی داوای نەوتی شومالی ئێران بکا ئەمریکا داوای دەکرد کۆمپانییەکی ئەمریکایی بە ناوی " سینگلێر"  داوای نەوتی شومالی ئێرانی دەکرد و لە سەر ئەوە کێشەیەک دروست بوو لە بەینی شووڕەوی  و ئەواندا و موعاوینی پێم وایە کۆنسوولی  ئەمریکا لە تاران لە سەر تەختی نەخۆشخانە کوشتیان لە ئەنجام دا نومایەندەکەی کۆمپانییەکە ڕۆیشتە دەرێ . ئەوە گەلێک گرینگە کە سۆڤییەت بە تەنیا نەبوو کە داوای نەوتی شومالی ئێرانی دەکرد. نەوتی شومالی ئێران بەشێکی لە کوردستانیش بوو. ئەوان تەحقیقیان کرد بوو.
قازی: پرسیاری بینەرێکی دیکەمان بەڕێز ئەحسەن نەخشبەندی

وێرای سڵاوو رێز بۆ بەرێز کاک ئەنوەر سۆڵتانی ،

١. چ جیاوازیی لە نێوان چۆنیەتی شۆڕشی پێشەوا قازی و جوانەمەرگ بوونی کۆماری کوردستان و نەکسەی شۆڕشی بارزانی لە ١٩٧٥ دا هەیە لە حالێکدا ئەو بە بنبەست گەییشتنی یارمەتی لۆجستکی سۆڤیەت تێکشکا و ئەمیش بە بڕیاری رژیمی پالەوی ؟
2 بێگۆمان سیاسەت و ستراتیژی دەوڵەتی رووس لە هەمبەر بریتانیا و ئەمەریکا نۆچیدا و دوچاری شکست بوو ، ئایا داڕمانی سیاسی دەوڵەتی روس بویە هۆکاری شکستی کۆمار یان لاوازی ناوەڕۆکی سیستەمی ئیداری و سیاسی گەییشتبوە دوا قۆناغی نا ئۆمیدی لەئاستی بەردەوامبونی خەبات و بەرخۆدان ؟
٣ وەک لەمێژوو ی کۆماردا تۆمارکراوە لە ڕێکەوتی 5 دسامبری ١٩٤٦ نەمر پێشەوا دەگەل زۆربەی پەرپرسانی سیاسی و نیزامی بریاری بەرگری و ڕوبەڕوبۆنەیان دژ بە سپای حەمەڕەزاشا پەسەند کرد بەڵام بە گەییشتنی هێزەکانی حکومەت لە شاری تەورێز و هەڵاتنی پێشەوەری لە ناکاو بڕیار گۆڕدرا و ڕیگای خۆ ڕادەستکردنیان هەلبژارد ! بەڕای جەنابت هۆکارە سەرەکیەکانی ئەم ئالوگۆڕە و شپرزەیی لە بڕیاەکاندا چ بوون ، وابەستەیی مۆتڵەق بە دەوڵەتی ڕوس یان بێ متمانەیی بە یەکێتی هێزی پێشمەرگە و سەرانی عەشایر ؟
ئەحسەن نەقشبەندی
قازی : دیارە مەسەلەی هەڵاتنی پیشەوەری بە کاوی دڵی خۆی جێی پرسیارە. تکایە بە کورتی چونکە هەر وا دوو سێ دەقیقەیەکمان کات ماوە
سوڵتانی: بە سەرچاو. ئەو قیاسەی کە کراوە لە بەینی حکوومەتی کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول تەنیا شتێک کە بەیەکیانەوە دەبەستێ و دەتوانێ هاوبەش بێ تێیاندا حزووری نیڕووی لاوەکی یە. من خۆم پێم وایە، یەکێک لە پرسیارەکانیشی ئەوەیە، هێزە دەروونییەکە، داخڵییەکە دەوری سەرەکیتر دەبینێ لە لاوەکییەکە. من پێم وایە ئەگەر هێزێک لە دەروونی خۆیدا، لە ناوخۆی خۆیدا نەبێت و نەیەوێ و نەیکا هێزی لاوەکی ناتوانێ پێی بکا بە زۆر. کورد خۆی مێژوویەکی چوارسەد ساڵەی هەبووە بۆ سەرفەرازی، بۆ سەربەخۆیی، بۆ ئیستیقلال. لە ئەنجامدا بەلای کەمەوە ئەگەر بیلێین، بەلای کەمەوە لە شۆڕشی بەدرخانییەکان و با بڵێین شێخ عوبەیدیلاوە ١٥٠ ساڵ درێژەی بووە ئەو خواستە. لە ئەنجامدا ئەوە خواستە دەروونییەکە بووە، داخڵییەکە بووە. لە سەر ئەساسی ئەو خواستە داخڵییەیە کە هێزی لاوەکیش دەتوانێ یارمەتی بدات کە من گومانم نییە هێزی لاوەکی یارمەتی دا. ئێمە ئینکاری ئەوە بکەین کە شووڕەوی بە هاتنی بۆ ئەوێ نەبووە هۆی دامەزرانی کۆمار ئەمە شتێکی بێ بەڵگە دەبێت چونکوو ڕاست بە ڕۆیشتنی ڕەزا شا ئەو شتە دامەزرا. ڕەزا شاش وەختێک ڕۆییشت کە هێزی موتەفیقین هاتە ئێرانەوە و هێزی سۆڤییەتیش هاتە ناوچەکەی ئێمە. کە وابوو ئەوان یەکێک لە هۆکارەکانن. ئەمما هۆکاری سەرەکی من لە خەڵک و لە خواستی خەڵک دا دەبینم هەتاکوو هێزە لاوەکییەکە دەنا ئەگەر خواستی سۆڤییەت بوایە  سوڤییەت بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان نەیدەویست حکوومەتی کوردستان دامەزرێ چونکوو یەک شت لە بیرم چوو بیڵێم با ئیشارەیەکی پێ بکەم. تەجروبەیەکی زۆر تاڵی ئی شووڕەوی هەبوو پێش ئەم کێشەیەی ئازەربایجان لە گێلان. لە گێلان لە جونبشی جەنگەڵ دا ئەوان عەینی شت هاتن ئەنزەلی یان گرت، ڕەشتیان بۆمباران کرد، هێزیان دابەزاند هەتا ئەردەوێڵیش ڕۆیشتن بەڵام لە ئەسەری تەوافوقێک دا لە گەڵ حکوومەتی ناوەندی ئێران دا پشتیان چۆل کرد و ڕۆیشتن. لەو دەمەش دا سەیر ئەوەیە کە سەرەکوەزیرانی ئێران ئەودەمیش قەوام بوو. قەوام نوخست وەزیری ئێران بوو، ڕەزا خان وەزیری جەنگی بوو کە ئەو پەیمانە بەسترا یانی قەوام دوو جار کڵاوی کردە سەر سۆڤییەت.

قازی: زۆر باشە مامۆستا. گەلێک مەمنوون مامۆستا سوڵتانی بۆ بەشداریتان لەو بەرنامەیە دا. بینەرانی خۆشەویست هیوادارم کە ئەو موناقەشەیەی ئەوشۆمان لە سەر هێندێک لایەنی ئەزموونی کۆماری کوردستان فایدە و کەلکی خۆی هەبووبێ. تکایە ئێوەش لە پێوەندی دابن لە گەڵمان بە  ڕێگای لاپەڕەکانمان لە تویتر و فەیس بووک دا. هەر وەها پێنجشەمۆ ئێوارێ، پێنجشەمۆ شەویش  ستێرک تیڤی بەرنامەیەکی تایبەتی هەیە بۆ پیرۆز کردنی یادی دووی ڕێبەندان . تاکوو " ڕاوێژ" ێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی : ئەم  هاوپرسەکییەی " ڕاوێژ" لە ئێوارەی یەکشەمە ١٨ی ژانڤییە لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە.

سەرچاوە: ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ