داخودا لە دەوڵەتی تورکییە دا شتێک گەنیوە؟
نیوستێیسمەن
٣١ دیسامبری
٢٠١٥
سڵاڤۆی ژیژەک
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
داخودا لە دەوڵەتی تورکییە دا شتێک گەنیوە؟
وەڵامێک بۆ
ڕەخنەگرانم
ئەو نووسینە کورتەی من لە نیوستێیتسمەن دا سەبارەت بە " شەڕ بە
دژی تێڕۆڕ" زنجیرەیەک کاردانەوەی ڕەخنەگرانەی وورووژاند کە لێبڕاوانە وێدەچێ
کەمپەینێکی ڕێک خراو بێ، بۆیە دەبێ بە کورتی ووڵام بدرێتەوە. سەبارەت بەو قسانەی
لە دەقەکەی من دا گێردراونەتەوە و بە هەڵە بە ئی هاکان فیدان، سەرۆکی دەستگای
ئیستیخباراتی تورکییە داندراون ، شتەکە هاسان و ئاشکرایە. دوای ئەوەی دۆستانم
ئاگاداریان کردم لەو قسانە، بە ئینترت دا گەڕام و چەندماڵپەڕم دۆزییەوە ئەوانەی تێدابوو و لەوەش دەرچێ هیچ
ماڵپەڕێکم نەدۆزییەوە تێیدا نکووڵی لەو قسانە کرا بێ. بۆیە من لە نووسراوەکەم دا
ئەوانەم هێنایەوە و ئاماژەم بەو ماڵپەڕەش کرد ئەو قسانەم تێدا دۆزیبووەوە. دوای ئەوەی ڕوون بووەوە هەڵبەستراو بوون
، دەستبەجێ ئەو پاراگڕافە سڕایەوە. ئەمن بەو سەرچاوە
بەرەتەنگەی بەردەستم لەو زیاتر دەمتوانی چ بکەم؟ ئەمن بە تەواوی ئەو حەولانەم پێ
بێ جێیە کە دەیانەوێ ئەو ڕووداوە بکەنە زنجیرە چیرۆکێک بۆ گۆیا سەلماندی "
مەیلی من بۆ دزیی ئەدەبی و قسە هەڵبەستن" ، و تێیدا ئەمن تەنانەت تاوانبار
دەکرێم بە دزی ئەدەبی لە خۆشم ( چییە لە یەکێک لەو ئەستوونانەی کە لە نیۆیۆرک
تایمز دا دەیاننووسم دوو بڕگەم لەیەکێک لە کتێبەکانم بەکار هێناوە).
بەڵام دەنگی سەرەکی لەو دمەتەقەیە دا ئی ئیبراهیم کالین بوو ، کە قسە
وێژی سەرۆک کۆماریی تورکییەیە، لە ماڵپەڕی ئەلجەزیرە دا ئەستوونێکی بە ناوی "
ژیژەک، تورکییە و کەم عەقڵی ڕووناکبیرانە" بڵاو کردەوە کە بەڕاستی دەقێکی زۆر
سەیرە. ئەو ئەو " ئیدیعا جێی پێکەنینە وەپاڵ من دەدا کە من نووسیبێتم تورکییە بەجۆرێک
بەرپرسیارە لە هێرشەکانی پاریس " ( کە ئەمن قەت قسەیەکی وام نەکردووە لە
نووسینەکم دا)، یا ئەو ئیدیعایەی کە " تورکییە نەوت لە داعش دەکڕی " (
کە من قەت قسەیەکی ئاواشم نەکردووە)، هەر وەها ئەو ئیدیعایەی کە " تورکییە
شەری کوردەکان دەکا کە لە سوورییە دژی داعش بەشەڕ دێن" ( ئەوەش قسەی من
نییە).
ئیدیعاکانی من زۆر لەوانە نەرمتر و بەپارێزترن، بە پێی بەرتەنگی
ئاشکرای سەرچاوەکانم: ئەمن باسی : "کەمتەرخەمی
مێهرەوانانە" م کرد لە ئاست داعش ، بۆ " ڕێخۆش کردن" بۆ بازرگانی
نەوتی داعش، ئەمن ئاماژەم کرد بە هێرشەکانی تورکییە بۆ سەر کوردەکان لە ناوخۆی
تورکییە خۆی دا، نەک لە سوورییە ، و ئەمن لە قسەکانم دا هیچ باسی هێرشەکانی پاریسم
نەکرد. ئەمن بە ئاشکرا هەموو لایەنەکانم بە خەتابار زانی : رووسییە و ڕۆژئاوا،
تورکییە ، عەڕەبستانی سعوودی و ئێران. ئەمن بە تەواوی بەوە دەزانم کە، ڕووسییە ئەو
کاتەی لە سوورییە ئۆپێڕاسیۆنە بۆمبارانەکانی دەکا،بۆ جێ بە جێ کردنی ڕۆژەوی ئەسەد
ئەوە دەکا و ئۆپۆزیسیۆنی نا داعشی سوورییە بۆمباران دەکا. سەرچاوەی من لەو ڕووەوە ڕاپۆرت
و نووسراوە زۆر و زەوەندەکانی ڕۆژئاوایین ( نەک ڕووسی ) ، هەر وەها چاپەمەنی
ئۆپۆزیسیۆنی تورکییە – ئەمن ئاماژەم کردووە بە نووسراوەکەی دەیڤید گرابێ لە
ڕۆژنامەی گاردییەن دا.
بە پێچەوانەی من ، کالین وەک قسەوێژێکی ڕەسمی دەنووسێ، و ڤێرسیۆنی
ڕەسمی بارو دۆخەکەمان لە بەر دەست دەنێ. بە شوێنگێڕی دەنگوباس ، ئەوی هەری کەمی کە
من بتوانم بیڵێم ئەوەیە کە من نەتەنێ زۆرێک لە ئیدیعای تایبەتی کالین بە قووڵی بە ئاڵۆز
دەزانم بەڵکوو هەڵوێستی گشتی ئەویشم بەلاوە کێشە هەڵائیسێنە.
لەکاتێکدا ئەو ڕەخنە لە بێدەنگ بوونی من دەگرێ سەبارەت بە پ.ک.ک. ( ڕەخنەیەک
کە من بە بێ مانای دەزانم: هەڵبەت دیارە ئەمن ناوی پ.ک.ک. م نەهێنا، چونکە ئەوە
بابەتی ئەو دەقە کورتەی من نەبوو)، ئەمن
ئەوە بە قووڵی بە کێشەهەڵائیسێن دەزانم لە ڕووی سیاسی و ئەخلاقییەوە کە کالین
خۆڕاگری کورد تا ریزی تێڕۆریسم دا دەکشێنێ و نکووڵی لەو ڕاستییە زەقە دەکا کە
چارەنووسی کوردەکان تڕاژێدییەکی ڕاستە قینەی کۆلۆنیالیزمە بە داسەپاندنی سنووری
دەسکرد: کوردەکان لە ناو چوار ووڵاتی – ئێران، عێڕاق، سوورییە ، تورکییە – دابەش کراون
و لە ئۆتۆنۆمی سیاسی و کولتووری بێ بەش کراون.
کالین دەنووسی: " پ.ک.ک حەول دەدا تاوانکارییە تێڕۆریستییەکانی
بە بیانووی بە شەڕهاتنی بە دژی داعش داپۆشێ. ڕاستی ئەوەیە کە تورکییە هیچ هەدەفی کوردی لە سوورییە بۆمباران ناکا. تەنێ
وەدووی پێوشووێنی تێڕۆریستەکانی پ.ک.ک دەکەوێ کە ژیانی کورد و تورک دە مەترسی
داوێژن." بە لێبڕاوانە هێندێک لە کردەوەکانی
پ.ک.ک کێشەهەڵائیسێنن ، بەڵام دانانی پ.ک.ک. بە ڕێکخراوێکی تێڕۆریستی و نکووڵی
کردن لە ڕیشەکانی لە بارو دۆخی ئاکتوێلی کوردەکان دا کەم عەقڵییەکی قێزەوەنە.
تەسەوری من بە خوێندنەوەی
ڕاپۆرتی زۆرو زەوەند ئەوەیە: تورکییە بە گردبڕی: بە شێوەیەکی زۆر ذرندانەتر"
وە دووی تێڕۆریستەکانی پ.ک.ک. دەکەوێ" لە بەراوەرد کردن لە گەڵ وەدوو کەوتنی
داعش، بە بێ ئەوەی بە جیدی ووڵامی داوخوازی عادڵانەی ئۆتۆنۆمی کولتووری و سیاسی
کوردەکان بداتەوە. تورکییە پشتیوانی کرد لە " شەڕ بە دژی تێڕۆڕ" ، بۆ
ئەوەی لە ژێر ئەو ئاڵایە دا، بتوانێ دەست بکا بە شەپۆلێکی نوێی هێرشی دڕندانە بۆ
سەر کوردەکان ، و نەک هەر بۆ سەر پ.ک.ک. ( و گوێ نەدان بە هێزی بەهێز و توانای ناو
پ.ک.ک کە ئامادەن دەست لە خەباتی چەکداری هەڵ گرن) بەڵکوو بۆ سەر ڕێکخستنی سیاسی مەشروعی
کوردیش کە وەک سیمای دەرەوەیی تێڕۆر مەحکوومیان دەکا. پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە
داخودا خەباتی چەکداری کورد تا چەندە کاردانەوەیەکە لە ئاست زۆرداری تورکی و ئەگەر
ئەو زۆردارییە نەبا دەست بۆ چەک دەبرا.
لە بەر ئەوەیە ئەمن ئەو
ئیدیعایەی کالین بە قووڵی بە کێشەهەڵائیسێن دەزانم: " ئەگەر ئێمە دژی تێڕۆریسمین ، ئێمە دەبێ
دژی هەموویان بین چ داعش، ئەلقاعیدە، بۆکو حەرام، ئێ تێ ئا یا ن تێرۆریسمی پ.ک.ک.
" باشە ، بەڵام ئێمە دەبێ بە دژی
تێرۆریسمی دەوڵەتیش بین کە لە هەموویان بە مەترسی ترە. " ئەو ڕاستییەی
کە پ.ک.ک. ڕێکخراوەیەکی مارکسیست –
لێنینیستی تێرۆریستە تاوانەکانی لە سەر ئەستۆی وەلا نابا." ، باشە، و ئەو
ڕاستییە کە تورکییەش دەوڵەتێکە تاوانەکانی لە سەر ئەستۆی وەلاناچێ.
کالین دەنووسێ: " ئەو ڕاستییەی کە زۆربەی هەرە زۆری کردەوە
تێڕۆریستییەکان لە ئوڕووپا و لە ئەمریکا بە دەست ئەو تێڕۆریستانە دەکرێن کە لەوێ
پێ گەیشتوون دەبێ ببێ بە زەنگی خەتەرێک بۆ
تێک شکانی فرە کولتووریی و تەسەوری کۆمەڵایەتی لە کۆمەلە ڕۆژئاواییەکان دا." ئەمن
لەمێژ ساڵە ڕەخنە لە سیاسەتی زاڵی فرە کولتووریی ڕۆژئاوایی دەگرم، بەڵام بە ووردی،
چ شتێک دەبێ جێگای ئەوە بگرێتەوە؟ بە دڵنیاییەوە نەک بەو جۆرەی کە تورکییە لەگەڵ " کولتوورەکان"ی دیکەی خۆی
دەجووڵێتەوە، بە تایبەتی کوردەکان – و ئەگەر بە تەعبیری کالین بیڵێم ، چالاکی
پ.ک.ک دەبێ زەنگی خەتەرێک بێ بۆ تورکییە، نیشانەیەکی ڕوون و ئاشکرای تێکشکانی بۆ
هەڵسوکەوت لە گەڵ کوردەکان، نەبوونی " تەسەوری کۆمەڵایەتی " بۆ ڕێگادان
بە کوردەکان بۆ وەدەست هێنانی ئۆتۆنۆمی کولتووری و سیاسی.
دیارە ئەوەش ئاشکرایە کە بنج و بناوانی ئەو کێشەیە هەر لەوە دا نییە
کە تورکییە چۆن لەگەڵ کوردەکان دەجووڵێتەوە. ناتوانایی تورکییە بۆ یەکانگیر کردن و
وەخۆ کردنی کوردەکان وەکوو دەستەیەکی ئێتنیکی سەربەخۆ بەشێکە لە خەباتێکی بەربڵاوتر کە ئێستا لە
تورکییە لە گۆڕێ دایە، خەباتێک لە سەر ئەوەی تورکییە چییە و دەبێ ببێ بە چی.
بارگرژیی بەردەوام لە نێوان دەستگای دەوڵەتی تورک و ڕووناکبیران و ڕۆژنامەنووسان،
هتد - بارگرژییەک کە لە پرۆتێستەکانی باغی گەزی لە ساڵی ٢٠١٣ دا
تەقییەوە - نیشانەی ئاشکرای ئەوەن کە
تورکییە لە چەقی خەباتێک دایە سەبارەت بە ناسێنەی خۆی. هۆی باش بەدەستەوەن وا
دابندرێ کە ئەگەر ئەو هێزە سیاسییانەی دژی ڕێژیمی ئەردۆغان دەستیان زیاتر بڕوا ،
خەباتی کوردەکانیش دێتە ناو قۆناخێکی نوێ وە.
ڕووداوی وەک گیرانی جان
دووندار، سەر نووسەری ڕۆژنامەی ئۆپۆزیسیۆنی جمهوورییەت ، و ئەردەم گویل سەرۆکی
ئافیسی ئەو ڕۆژنامەیە لە ئانکارا، نیشانەی ئەو پێشبینییەن. دوای ئەوی ئەوان لە
قاویان دا کە ڕێکخراوە ئیستیخباراتییەکانی تورکییە چەکیان ناردووە بۆ سەرهەڵداوە
ئیسلامیستەکان لە سوورییە، دووندار و گویل
تاوانبار کران بە جاسووسی و " ئاشکرا کردنی نهێنییەکانی دەوڵەت"
، و زیندانی کران تا کاتی دادگایی کران. ئەردۆغان بە شەخسی خۆی سکاڵای تاوانکاری
بە دژی دووندار ئاستە کرد ، کە ئەوەش داوخوازی فرە جار حوکمی زیندانیی هەمیشەیی
یە. ڕووداوی ئەوتۆ ڕوو بە ڕووی ئەو شتەمان دەکا کە ئەمڕۆ لە تورکییە دەقەومێ: هەڕەشە
لە سەر ئازادیی چاپەمەنی، پێوەندی و تێکەڵی نهێنی لە گەڵ ئیسلامیستەکان، هتد.
چاوەدێرێک لێرە دا دەبێ هەڵبژێرێ : داخودا ئەو هەموو تاوانبار کردنانە کە لە سەدان
دەق دا باسیان لێوە کراوە و دەکرێ بەشێکن لە پیلانێکی گەورە و زەبەلاح – یا لە
دەوڵەتی تورکییە دا بە گردبڕی شتێکی گەنیو هەیە؟