لەمەڕ ڕووناکبیرایەتی
وتووێژێک لەگەڵ
دوکتور ئەمیر حەسەنپوور لەمەڕ ڕووناکبیرایەتی
ئەم
هاوپەیڤینە دەقی بەرنامەیەکی ڕاوێژە کە لە ٢١-ی ژووییەی ٢٠١٤ ئاستە کراوە و لە ٩-ی
نۆڤامبری ٢٠١٤ لە
تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاوکراوەتەوە.
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی
ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەو جارە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز پڕۆفێسۆر ئەمیر حەسەنپوور
. دیارە مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور بۆ هەمووتان ناسراوە، بە ساڵان لە زانکۆکانی
ئەمریکا و کانادا کاری کردووە و ئێستاش ئێمە زۆر خۆشحالین لەو بەرنامەیە دا بە
شێوەیەکی گشتی باسی ڕۆشنبیریی کورد، ڕووناکبیریی کورد لەگەڵ بەڕێزیان بکەین. دیارە
مامۆستا لە بواری زمانناسی، و لە بواری مێژوویی دا زۆر کاری کردووە کە بەشێک لەو
کارانە بە زمانی کوردیش بڵاو بوونەتەوە. هەر چۆنێک بێ لەم بەرنامەیە دا ئێمە حەول
دەدەین زیاتر لە سەر ڕووناکبیریی کوردی لە پێوەندیی لەگەڵ چەندێک لە سیما
ناسراوەکانی ڕووناکبیریی کوردی دا قسە بکەین. مامۆستا زۆر زۆر بە خێر بێیت!
حەسەنپور: زۆر سپاسوو دەکەم. زۆر خۆشحاڵم لەو بەرنامەیەی ئێوە دا بەشداری دەکەم.
قازی: بەر لەهەموو شتێک بۆ ئەوەی کە بچینە نێو باسەکە پێم خۆش بوو بزانم لە ڕوانگەی بەڕێزتەوە ڕووناکبیر، ڕۆشنبیر یان ئینتلێکتوێل، ئینتێلێجێنسیا چۆن پێناسە دەکەی؟
حەسەنپوور: بەڵێ، زۆر باشە لەوەوە دەست پێ بکەین. باس زۆرە لە سەر ڕووناکبیر کە ڕووناکبیر چییە؟ ئەمن بە مەعنایەکی زۆر ساکار دەکاری دێنم، مەبەستم لە ڕووناکبیران لە کۆمەڵەی ئێستای کوردەواری و لە تەواوی ووڵاتانی تر دا، کە دابەشکرانێک هەیە لە نێو کاری بەدەنی، فیزیکی و کاری فکری دا، ڕووناکبیر بەو کەسانە دەڵێم کە ئەو دەرفەت و ئیمکانەیان هەیە کە لە لێکدانەوەی باری ئێستە و داهاتوو و ڕابردوو دا بیرو بۆچوونی هەیە ، زۆر جار ڕێگا نیشان دەدا بۆ داهاتوو و زۆر جاریش باسی ئێستە دەکا. ئێستەی ئێمە چۆنە؟ داهاتوومان دەبێ چۆن بێ؟ ئەوانەی کە خەریکی ئەو کارەن کە بەرەیەکی زۆر بەرینیشە ؛ بۆ وێنە ئێستا لە کوردستان دا ماوەی بیست سی ساڵە دەکرێ بلێین توێژێکی ڕۆشنبیری ژن پەیدا بووە لە پێشدا زۆربەی ڕۆناکبیری کورد یا ڕۆشنبیری کورد پیاو بوون. ئێستا توێژێکی ڕووناکبیری ژن پەیدا بووە. لە باری فکرییەوە ڕۆشنبیرەکان ڕەنگە زیاتر لە جاران گۆڕان و دەستە و ڕەنگ و دەنگی جیاوایان تێدا پەیدا بووە، بەڵام زۆر بە کورتی ئەگەر بڵێم مەبەستم ئەو کەسانەیە کە لە کاری فکری و لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە و بەتایبەتی لێکدانەوەی باری ئێستا و داهاتوو دان و ئاسۆیەک پێشان دەدەن بۆ ئەوەی کە دەبێ بۆ کوێ بچین.
قازی: جا ئێستا بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی کە ئەمن دەزانم جەنابت زیاتر لە ٥٠ ساڵە دەستت کردووە بە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە بزووتنەوەی جووتیاران لە ناوچەی موکریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دیارە ئەو کارە دوای ئەوەی کە کاری دەرس گوتنەوەت کەمتر بووەتەوە، ئێستا دەستت پێ کردووە ئەو زانیاری و داتایانەی کە هەت بووە کۆ بکەیەوە و ئامادەی بکەی. پێم خۆش بوو بزانم لەو سەروبەندی دا یانی سەبارەت بە بزووتنەوەی جووتیاران ئەگەر باسی لایەنی ڕووناکبیرییەکەی بکەین چۆن دەتوانین بیناسێنین یانی کێ بوون ئەوانەی کە لەو مەسەلەیە دا بەشدارییان هەبووە؟
حەسەنپوور: ئەوە زۆر جێیەکی باشە بۆ ئەوەی دەستی پێ بکەین. ئەو ڕاپەڕینەی جووتیاران کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات زەمانی موسەدیقی دەبێتە ساڵی ١٣٣١-ی هەتاوی، ١٩٥٢ ، ڕاپەڕینێکی زۆر گرینگ لە ناوچەی موکریان هەبوو لە گوندەکانی بۆکان و مەهاباد. و ئەو ڕاپەڕینە لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ناوچە ئەو دەمی ئاگایان لێ بووە، دواییە زۆر کەم باسی کراوە. دوای ئەوەی کە کوودەتا دەکرێ و ڕاپەڕینەکە تێک دەشکێ زۆر کەم باسی کراوە. دەرفەت نەبووە، چون ڕێژیمی شای ڕێگای نەدەدا کاری ئاوا بکرێ، ڕۆشنبیرانیش خۆیان مەودایەکی ئاویان نەبووە باسی بکەن نووسین قەدەغە بووە، بە دزیش ئەگەر شتێک بووبێ زۆر کەم کاری لە سەر کراوە. بەڵام شتێکی کە گرینگە ئەگەر ئەوەمان لە بەرچاو بێ کە ڕاپەڕینێکی ئاوا هەبووە ڕۆناکبیرانی کورد، ڕۆشنبیرانی کورد چۆن بۆ ئەو ڕاپەڕینە چوون و بۆچوونیان چۆن بووە؟ دەتوانم بڵێم مامۆستا هێمن بۆ خۆی خەڵکی ئەو ناوچەیە بووە ئاگای لەو وەزعییەتە بووە؛ مامۆستا هێمن دەنووسێ، دەڵێ: ئەوە ڕەسەنترین خەباتی گەلی ئێمەیە و کەس بە فریای نەگەیشت، خەڵکی دێهاتی ڕاپەڕین بەڵام کەس یارمەتی نەدان.
قازی: باشە ئەو لێکدانەوەیە ، لێکدانەوەیەکەی ساڵانی دواترە، نەک لەو زەمانی دا کە بزووتنەوەکە هەبووە.
حەسەنپوور: وایە ئی زەمانی دواترە، نەک لە زەمانی خۆی، بەڵام پێم وایە ئەگەر لە زەمانی خۆشی دا مامۆستا هێمن ڕەنگە وای بۆ چووبا. ئەوە بۆچوونێکە. بۆچوونێکی دی ئەوەیە وەک مامۆستا مەسعوود محەمەد کە ڕووناکبیرێکی کوردە و ناسراوە. ئەو دەڵێ کوردستان دەرەبەگایەتی یان فیودالیسمی تێدا نەبووە ...
قازی: باشە دەگەینە بۆچوونی مامۆستا مەسعوود محەمەد، پێت وایە مامۆستا مەسعوود محەمەد لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی جووتیاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچی نووسیبێ؟
حەسەنپوور: نا! ڕەنگە هەر ئاگاشی لێ نەبووبێ. بەڵام هەر ئەو زەمانی ، برێک زووتر ، لە ' عەربات ' ی بۆ وێنە، لە گوندی عەربات لە لای سولەیمانی لەویش ڕاپەڕیننێکی ئاوا هەبووە، ناڵێم هەر وەک ئەوەی بووە بەڵام لەوێش لە چەند گوندی ئەو ناوچەیە و لە دەشتی هەوڵێرێ ڕاپەڕین هەبووە ناکرێ مەسعوود محەمەد ئاگای لەوە نەبووبێ.
قازی: باشە، با بەشێوەی سیستماتیک بڕۆین ، دەگەینە ئەوێ.
حەسەنپوور: جا هەر ئەوە بوو ..
قازی: با پرسیارێکیش بکەم لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیەی جووتیاران دا، لەوێ چەند چالاکوانێکی کە ئێستا سەنەد و بەڵگە دەرکەوتووە و ئاماژەیان پێ دەکرێ ڕەحمەتی حاجی قاسم کەریمی و کەسێکی دیکە بە نێوی عەوڵا ئێرانی یان ئێرانیزادەیە. نێوبانگی ئەوانە زیاتر دێتە پێشێ. دەکرێ ئەوانە وەک ڕووناکبیر دابندرێن و وەک ڕووناکبیر باسیان بکرێ؟
حەسەنپوور: نا! ئەمن پێم وایە حاجی قاسم کەریمی و کاک عەوڵای ئێرانیزادە ئەوانە وەک چالاکی سیاسی بەشدارییان کرد گەرچی ئەوان جووتیاریش نەبوون و لە خەباتێکی دی دا کە هەر ئەو کاتی خەڵکی بۆکانێ لە دژی قاسم ئاغای ئێلخانیزادە کردیان ئەوان لەو خەباتە دا بوون. بەڵام ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ ڕاپەڕینی جووتیاران. کە وابێ ئەمن ئەوان وەک ڕۆشنبیر باس ناکەم. ئەمن دوایە کە ئەو حەڕەکەتە بوو ، ئەو ڕاپەڕینە بوو دەمەوێ بڵێم ڕووناکبیری کورد چۆنی بۆ چووە. بۆ ڕاپەڕینی جووتیاران، کە ئەو حەڕەکەتە یەکێک لەوانە بووە.
قازی: جا لە پێوەندی لەگەڵ خۆی ئەو ڕاپەڕینە دا دەمەوێ بزانم، جگە لەو بۆچوونەی هێمن بۆچوونێکی دیکەت نەدیوە کە ئی سەر دەمی خۆی بزووتنەوەکە بێ؟
حەسەنپوور: نا، ئی وەختی خۆی نا.
قازی: ئەوەش گرینگە بزانین لە وەختی خۆی دا بۆچوون لە سەر ئەو بزووتنەوەیە چۆن بووە؟ دیارە ئەگەر هەبووبێ.
حەسەنپوور: وەختی خۆی بە داخەوە چاپەمەنییەکی ئەوتۆ نەبوو. حیزبی تودە هەیبوو، بەڵام حیزبی ذیمۆكرات نەیبوو. حیزبی توودەش باسی زۆر ڕاپەڕینی کردووە لەو زەمانی دا، لە زەمانی دوکتور موسەدیق، بەڵام ئەوە لە هیچ کام لە چاپەمەنییەکانیاندا باس نەکراوە. مەبەستم ئەوەیە ڕەنگە ئەوە گرینگ بێ کە ئەو زەمانی ڕووناکبیران چۆنیان فکر کردووەتەوە بەڵام شتێکی ئاوا لە گۆڕێ دا نییە ، خۆشم شتێکی وام دەست نەکەوتووە. لەگەڵ چەند کەسێکی قسەم کردووە بەڵام مامۆستا هێمن بۆخۆی ئەو زەمانی تێدا بووە. جا مەبەستی من ئەوەیە لە پێوەندی لەگەڵ ڕاپەڕینی جووتیاران کە دەگەڕێتەوە سەر تەواوی ساختی کۆمەڵایەتی ئابووری کوردستان بۆچونەکان ئەوانەن، لە لایەکی زۆربەی ڕۆشنبیری کوردی ناسیۆنالیست دەڵێ ئێمە کۆمەڵگەیەکی چینایەتی نین یا ئەگەر هەین زۆر گرینگ نەبووە ناکۆکی چینایەتی بە تایبەتی لە گوندەکان دا ئێمە دوژمنایەتیمان نەبووە لە نێوان ئاغا و جووتیاران دا. کە مەسعوود محەمەد و جەماڵ نەبەز گەرچی ئەوانە جیاوازییان هەیە ...
قازی: دەگەینە ئەوێ. چونکە وەک دەزانی لە سەر ئەو مەسەلەیە مامۆستا مەسعوود محەمەد کتێبێکی نووسیوە لە سەر جەنابت دەگەینە وێ بە موفەسەلتر باسی دەکەین.
حەسەنپوور: بەڵێ، جا ئەخر ئەوە لە جوابی ئەو پرسیارەی خۆت دایە کە
ڕۆشنبیران چۆن بۆ وەی دەچن؟
قازی: پێم خۆشە سیستماتیکتر بۆ مەسەلەکە بچین یەک بە یەک. لەو حەڕەکەتەی جووتیاران دا تا ئەو جێگایەی کە لێت کۆڵیوەتەوە و ئەو لێکۆڵینەوەیەش ماوەیەکی زۆر دوور و درێژە بە دەستەوەتە و کارت لە سەر کردووە هیچ درێژەدەرییەکی زەمانی کۆماری کوردستانی پێوە دەبینین ؟ چونکە لە ڕووی تاریخییەوە ئەگەر تەماشای بکەین ماوەیەکی زۆر کورتی دوای ڕووخانی کۆمار ئەو حەڕەکەتە هەبووە. هیچی ئاوای تێدا دەبینین؟
قازی: پێم خۆشە سیستماتیکتر بۆ مەسەلەکە بچین یەک بە یەک. لەو حەڕەکەتەی جووتیاران دا تا ئەو جێگایەی کە لێت کۆڵیوەتەوە و ئەو لێکۆڵینەوەیەش ماوەیەکی زۆر دوور و درێژە بە دەستەوەتە و کارت لە سەر کردووە هیچ درێژەدەرییەکی زەمانی کۆماری کوردستانی پێوە دەبینین ؟ چونکە لە ڕووی تاریخییەوە ئەگەر تەماشای بکەین ماوەیەکی زۆر کورتی دوای ڕووخانی کۆمار ئەو حەڕەکەتە هەبووە. هیچی ئاوای تێدا دەبینین؟
حەسەنپوور: نا، شتێکی کە زۆر گرینگە لە بابەت ئەو ڕاپەرینەی جووتیاران ئەوەیە کە ٧ ساڵ دوای تێکچوونی کۆمار دەست پێ دەکا. لە زەمانی کۆمار دا ئیمکانی ئەوە نەبووە کە جووتیاران ڕاپەڕینیان هەبێ چونکە ئاغاوەت لە ژێر دەسەڵاتی کۆمار دا بوون و جار و بار شتیان دەکرد، یانی زوڵمێکی زۆریان دەکرد لە جووتیاران. جارێکیان دەست و لووتی جووتیارێکیان بڕی کە ئەوانیش چوونە مەهاباد بۆ شکایەت بەڵام بە هیچ جێیەک نەگەیشت. شتی وا بووە ، بەڵام ئەو زەمانی ڕاپەڕینێک نەبووە چون کۆماری کوردستان ڕێگەی بەوە نەدەدا کە ڕاپەڕینێک هەبێ. زەمانی موسەدیق ڕاپەڕینەکە هەبوو، چونکە دەوڵەتی موسەدیق بۆخۆی لایحەیەکی دا بە مەجلیسی شووڕای میللی کە سەدی بیستی سووروساتێکی کە ئاغاوەت وەری دەگرن لە جووتیارەکان ئەوانە کەم بکرێتەوە و بدرێتەوە بە جووتیارەکان. جووتیارەکان زۆرتر بەرەو پێش چوون، لە بەعزە گوندێکی ئاغاکانیان دەر کرد و بۆخۆیان دەسەڵاتیان پەیدا کرد بەڵام هەر ئەو زەمانی موسەدیق زۆرتر لە نێو جووتیاران دا لایەنگری هەبوو تا کۆماری کوردستان .
قازی: زۆر باشە. با بێینە سەر ڕاپەڕینێکی دیکەش کە دەتوانین بڵێین بە شێوەیەک لە شێوەکان جۆرێک ئعتیڕاز و پڕۆتێستێکی توند و تیژ بوو لە بەرانبەر حکوومەتی مەرکەزی دا و ئەویش لە ناوچەی جوانڕۆ ڕوویدا. سەبارەت بەوە جەنابت لێکدانەوەت چییە لە ڕوانگەی ڕووناکبیری یەوە؟
حەسەنپوور: ئەو هیچ پێوەندی بە جووتیارانەوە نەبوو، شتێکی عەشیرەیی بوو ئەو زەمانی کەمێک باسی کراوە. لە دەرەوەی ووڵات بەدرخانییەکان بوون کە لێرە لە ئوڕووپا لە فەڕانسە باسیان دەکرد. بەو شێوەیە کە دەوڵەتی ئێران ناوچەیەکی کورد و عەشیرەتێکی کوردی سەرکوت کردووە، بەڵام لەوەی زیاتر شتێک لە گۆڕێ دا نییە ئەوەی کە باس کرا بێ.
قازی: یانی هیچ باسی لایەنی سەبەبە کۆمەڵایەتییەکانی، کاردانەوە لە بەرانبەر هەڵسوکەوتی ڕێژیمی مەرکەزی، یانی لە سەر ئەو شتانە هیچ نابینین بەو شێوەیە ؟
حەسەنپوور: نا، هەر ئەوەی کە بەدرخانییەکان نووسیویانە ، ئەوەندەی کە من وەدەستم کەوتووە. ئەوەی کە وەک زوڵمێکی کە دەوڵەتی ئێران لە کوردانی دەکا و ویستوویە ئەو عەشیرەی جوانڕۆیی چەک بکا و ئەوانیش بەربەرەکانیان کردووە، مەسەلەی ماڵیاتە ، کە دەوڵەت دەیەوێ ماڵیات لە جوانڕۆییەکان وەرگرێ و زوڵمیان لێ دەکا ئاوا باس کراوە، لەو چوارچێوەی دا باس کراوە.
قازی: زۆر باشە! با ئێستا بگەینە ئەو قۆناغەی کە جەنابت و ژمارەیەکی دیکە لە خوێندکارانی کورد هاتنە تاران و لە زانکۆکانی تاران دا دەتان خوێند و هاوکات لەگەڵ ئەوەش حەڕەکەتی خوێندکاری لە زانکۆکان دا هەبوو، زەمانێک بوو کە " جەبهەی میللی ئێران" جۆرێک چالاکی و فەعالییەتی نیوە ئاشکرای هەبوو و لە باشووری کوردستانیش بزووتنەوەیەکی چەکداری دەستی پێ کرد بوو و لەولاوە بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕەنگی دەداوە لە کۆمەڵگەی کوردی و لە نێو ڕووناکبیرانیش دا و دەزانین کە هێندێک لەو ڕووناکبیرانەی کە هاو دەورەی ئێوە بوون یان هاوکات لەگەڵ ئێوە لە تاران دەیانخوێند پاشتر لە نزیکەوە بەشدارییان کرد لە بزووتنەوەی چەکداری لە کوردستان دا. لە سەر ئەوە بۆچوونت چییە ئێستا ئەمن ناوی سمایلی شەریفزادە یان کاک حەمەدەمینی سیراجی م وەبیر دێتەوە. یا کەسانی دیکەی کە ڕەنگە ئەمن لە بیرم نەبن ئێوە دەتوانن باسیان بکەن.
حەسەنپوور: باسی بکەم لە پێوەندیی لەگەڵ ڕووناکبیریی کوردی دا ؟
قازی: لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەیدا کە ئەوان خوێندکار بوون وەکوو خوێندەواری کورد و لە ڕاستییدا جۆرێک کاری ڕووناکبیریش لە لایەن ئەوانەوە دەکرا چونکە دەزانین کە هەر هاوکات لەو زەمانی دا ڕۆژنامەیەک هەبوو لە تارانێ بە نێوی ڕۆژنامەی ' کوردستان' کە ئەگەرچی ئەو ڕۆژنامەیە لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە داندرا بوو بۆ ئەوەی کە بتوانێ بە جۆرێک عەکسولعەمەلێک بێ لە بەرانبەر ڕووداوەکانی باشووری کوردستان و عێڕاق.
حەسەنپوور: ئەگەر لە ڕوانگەی ڕووناکبیری کورد و ئەوەی کە لەو ساڵانە دا چ گوزەرا ئاوا چاوی لێ بکەین ، ئەوە بوو ئەمن کە چوومە زانکۆی تاران ساڵی ١٣٤٠ – ی هەتاوی ، ١٩٦١ ، حەڕەکەتێکی خوێندکاری دەستی پێ کرد بوو ، چەند کەسێک بوون چالاکییان دەکرد کاک حەمەدەمینی سیڕاجی بوو، حەسەنی باباتاهیری، مستەفای ئیسحاقی، دوایە ئەمیری قازی ، ڕەحمانی شەریفزادە، دوایە سمایلی شەریفزادە و منیش هەر لەو ساڵەی دا چووینە زانکۆی تاران ، لە سەرەتا دا...
قازی: عەلی حەسەنیانی
حەسەنپوور: عەلی حەسەنیانی
قازی: فاتیحی شێخەلئیسلامی
حەسەنپوور: فاتیحی شێخەلئیسلامی، سوارەی ئێلخانیزادە. ئەوانە لە ساڵی ١٣٤٠، ٤١، ٤٢ ، ١٩٦٠، ٦١ ئاوا زۆرتر حەڕەکەتێکی ناسیۆنالیستی بوو، ڕزگاری گەلی کورد، ئازادیی کوردستان ، بزووتنەوەی چەکداری کە لە کوردستانی باشوور دەستی پێکرد بوو ئەوە زۆر گرینگ بوو باس هەر باسی وەی بوو. بەڵام لە ساڵی ١٣٤٢ بەو لاوە ئەو ڕووناکبیرانەی کە باسمان کردن لە زانکۆیە بوون بە دوو بەش بەشێک بەرەو مارکسیزم چوون کە دەکرێ بڵێین کاک فاتیحی شێخەلئیسلامی، من یەکێک لەوانە بووم. ئەوانی تر مانەوە لە ڕوانگەی ناسیۆنالیستییەوە چالاکییان دەکرد و هەر وا ناسیۆنالیست مابوونەوە. ئەوەش زەمانێک بوو کە لە ئوڕووپا، لە ئەمریکا لە کانادا ، لە ئوسترالیا ، لە ژاپۆن حەڕەکەتی خوێندکاری زۆر ڕادیکاڵ ببوو، لە تەواوی دنیایێ دا خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی لە ئەفریقا، لە ئەمریکای خواروو ، لە ئاسیا ، لە وییێتنام، شەڕی ئەمریکا لە وییێتنامێ و خەباتی گەلی وییێتنامێ لە دژی ئەمریکا ، لە چینێ شۆڕشی کولتووری دەستی پێکرد ساڵی ١٩٦٦، زەمانێک بوو کووبا دوو سێ ساڵ بوو ڕزگار ببوو، شۆڕش لە کووبایێ. زەمانێک بوو کە بزووتنەوەی خوێندکاری و ڕووناکبیران لە تەواوی دنیایێ دا دیسان دوو بەرەییەکی دی خەریک بوو پەیدا دەبوو. بەشێک زۆرتر ڕادیکاڵ دەبوون، بەشێکی زۆر بەرەو کۆمۆنیزم و مارکسیزم دەچوون. تەنانەت ئەوانەی کە لە خەباتی نەتەوەیش دابوون زۆرتر بەرەو لایەنی مارکسیستی و کۆمۆنیستی دەچوون.
لەو بارودۆخەی دا بوو کە ئێمە لە زانکۆی تارانێ خەباتمان دەکرد و دوای ماوەیەکیش ئیتر تەواو لە بەریەک ترازا. ئەو بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کە لە ژێر ڕابەرایەتی حیزبی دێمۆکڕات دا بوو بە دوو بەش، بەشێک چەند کەسێک لە گەنجەکان کە بە لای چەپ دا ڕۆیشتبوون ' کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان ' یان دانا و لەوێ دەکرێ بڵێین کوردایەتی بوو بە دوو لەت.
قازی: لەوانە کێ دەکرێ ناوببردرێ وەکوو دامەزرێنەری ' کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ' ؟ کێهانە بوون، كێ بوو لەو سەروبەندی دا ؟
حەسەنپوور: وا باشترە ئەمن باسی ئەو نێوانە نەکەم زۆرتر باسی حەڕەکەتەکەی بکەم. چونکە ئەوە ئەو زەمانی بەشێوەیەکی زۆر نهێنی دەستی پێکرد بوو، دوایە خودی ' کۆمەلە' ش زۆر نەهاتووتە سەر لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی ئەوەی کە دەوری ئەو کەسانە چ بووە. دیارە ئەمن بەعزە کەسێکیانم دەناسی. دیارە شتێکی گرینگ کە هەیە ئەوەیە کە لە کوردستانی باکووریش شتێکی وا خەریک بوو دەقەوما.
قازی: لە باشوور
حەسەنپوور: ئەوەی کە ' کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی ' لە باشوور، لە باکووریش پ.ک.ک. پەیدا ببوو کە ئەویش هاتبووە دەرێ لە ژێر ....
قازی: دیارە ئەوەی کە جەنابت دەیڵێی هێندێک زەمانێکی دواترە.
حەسەنپوور: هێندێک زەمانێکی دواترە بەڵام ئاکامێکی ئەو دووبەرەکییەی بوو کە لە ناو ڕۆشنبیری کورد دا پەیدا بوو.
قازی: با ئێستا هێندێک لێرە ڕابوەستین. یانی لەو چالاکییانەی کە خوێندکارانی کورد لە زانکۆی تاران و زانکۆکانی دیش کە لەوانەیە تاق و لۆق خوێندکاری کوردی لێ بوو بێ و قسەی وان گەیشتبێتە ئەوانیش ، یەک پێوەندی ئەوانە لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری خوێندکاری لە ئێران چۆن بوو ؟ بۆ وێنە لە گەڵ بزووتنەوەیەکی خوێندکاری کە ڕەنگە چەپیش بوو بن بەڵام لە ژێر پەرچەمی ' جەبهەی میللی ' و ئەواندا کاریان دەکرد و دوویەمیش تەئسیراتی ئەو چالاکییانە ئەو دەمی لە کۆمەڵی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن بوو؟
حەسەنپوور: ئەو دەمی ئەمن چوومە زانکۆی تارانێ ، سێ چوار ساڵ بوو وەزعێکی قەیرانی سیاسی و ئابووری لە ئێرانێ پەیدا ببوو کە ئاکامەکەی ئەوە بوو کە ڕێژیمی شا ڕێگەی دەدا – سەرکوت و ئەوە هەر هەبوو - ، بەڵام لە زانکۆی تارانێ دەکرا بەعزە خۆپێشاندانێکی بکەی بەڵام پۆلیس دەهات، ئەگەر گرتبایانی ئیدی هەر دەستبەجێ ئیعدامیان نەدەکردی. دەکرێ بڵێین فەزایەکی کەمێک کراوە هەبوو. ئەو زەمانی بۆچوونێکی ڕێفۆرمیستی زاڵ بوو بە سەر بزووتنەوەی خوێندکارانی ئێرانی دا کە زۆرتر دەیانگوت: شا دەبێ سەلتەنەتێ بکا نەک حکوومەت. مەبەستیان ئەوە بوو شتێک بێ وەک سەلتەنەتی ئینگلیستانێ ، وەک سوێدێ کە شا خۆی لە کاری سیاسەتی دەوڵەت دا ، دەوڵەتی ئێرانێ دا خۆی تێ وەرنەدا و لە کەنار دا بێ مەبەستیان ئەوە بوو. کە شتی وا هەر ئیمکانی نەبوو ئەو دەمی، بەڵام ئەوە هەر وەک گوتم تا ناوەڕاستی ئەو دەیەیەی یانی ١٣٤٥ ، ٤٦ ووردە ووردە ئەوەش گۆڕدرا. خوێندکاری ئێرانیش بەرەو چەپ چوون. بۆ وێنە ' ڕێکخراوەی چریکهای فیدایی خەلق ' یان دروست کرد، ئەوانەی کە مەزهەبی بوون، دینی بوون ' سازمانی موجاهیدینی خەلق ' یان دروست کرد. هەر وەک باسم کرد لە نێو خوێندکار و ڕۆشنبیری کوردیش ئەوە پەیدا بوو. پەیدا بوونی ' کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ' بەشێک لەو حەڕەکەتەی بوو کە لە تەواوی دنیایێ هەبوو.
قازی: ئەوە دیارە زۆر دواترە لە باری تاریخییەوە ئەگەر ئەوە لە بەر چاو بگرین. یانی دامەزرانی' کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان' ئەو پەڕەکەی دەگاتە ساڵی ١٩٧٨ – ٧٩
حەسەنپوور: ١٣٤٨ [ ی هەتاوی ] ، هەر ئەو ساڵانە بووە. ئەمن باسی ئەو دەیەی دەکەم ، هەر لەو دەیەی دا بووە.
قازی: ئێستا بێینە سەر ئەو مەسەلەی کە پێشتر بەڕێزت ئاماژەت پێ کرد. مەسەلەی ئەو پۆلیمیک یان گۆڕینەوەی بیر و فکرەی بوو کە لە نێوان جەنابت و نەمر مەسعوود محەمەد دا پێک هات. ئەویش وا بزانم کاتێک بەڕێزت لە نێوەڕاست ساڵانی ١٩٧٠ی زایینی.
حەسەنپوور: لە ساڵی ١٩٧٦
قازی: لە ساڵی ١٩٧٦ کە خەریکی لێکۆڵینەوە دەبێ بۆ تێزی دوکتورایەکەت پێوەندی دەکەی لەگەڵ ' کۆڕی زانیاری کورد ' لە بەغدا ، کە دیارە مامۆستا مەسعوود محەمەد دەورێکی دیاری هەبوو لەو کۆڕە دا و ئێوە هێندێک بیرو ڕا دەگۆڕنەوە و پاشتر ئەو نامانەی جەنابت کە ئەو ڕای دەگرێ لە لای خۆی لە دوو توێی یەکێک لە کتێبەکانی دا دەمێنێتەوە و چەند ساڵێک دواتر ئەو سەر لەو نامانە دەداتەوە و دەیەوێ ووڵامێکی دوور و درێژ بنووسێتەوە بۆ جەنابت و ئەو نامەیە دەبێ بە کتێبێک بەڵام ئیدی لەو وەختە دا کە نامەکە تەواو دەبێ ئەو دەمی ئیدی ئەو دەستی بە ئادرێسی بەڕێزت ڕاناگا و
حەسەنپوور: نەیدەزانی ئەمن لە کوێم.
قازی: وەک کتێب چاپی دەکا بە ناوی: ' بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر کوێیەک بێت ' ئێستا دەمەوێ جەنابت بە کورتی یەک : ئەوەی کە تۆ لەو نامانە دا بۆت نووسیبوو چ بوو؟ و بە کورتی ووڵامی وی چ بوو؟ و ووڵامی دیکەی تۆ چییە کە هەتا ئێستا جگە لە چاوپێکەوتنێک دا کە کاتی خۆی لە گۆڤاری ' گزینگ ' لە ساڵی ١٩٩٣ بڵاو بووەوە، هەتا ئێستا ووڵامێکی بەربڵاوی ئەو کتێبەت نەداوەتەوە.
حەسەنپوور: ئەوە حیکایەتێکی دوور و درێژە. ئەگەر پێوەندی بدەینەوە بە ڕووناکبیری دەبێ باسی ووردە حیکایەتەکەی نەکەم. بە کورتی ئەوە بوو کە مەسعوود محەمەد چەند کتێبێکی بۆ نارد بووم یەکیان کتێبە سێ بەرگییەکەی خۆی بوو سەبارەت بە ' حاجی قادری کۆیی '. داوای کرد بوو کە بیر و بۆچوونی خۆمی سەبارەت بە کتێبەکانی بۆ بنووسم. منیش ئەوەندەی کە فرسەت بوو ئەو کاتەی بیخوێنمەوە، ئەو کتێبەم خوێندەوە زۆر بە کورتی لە ٣ پاراگراف دا بۆم نووسی ئەو باسەی کە کردووتە دەڵێی لە کوردستان دا فیودالیسم نەبووە ئەوە دروست نییە ، چونکە مەبەست لە فیودالیسم ئەوەیە، بە کورتی باسم کرد بوو مەبەست لە فیودالیسم چییە. چەوساندنەوەی جووتیار لە لایەن دەرەبەگەوە ئەوە پێی دەڵێن فیودالیسم، وە گوتبووم فیودالیسمی کورد لەگەڵ ووڵاتانی دی زۆر لایەنی هەیە کە وێک دەچن و ئەدەبباتی کوردی لە دەورەی دەرەبەگی دا، کە زۆرتری ئەدەبییاتی کوردی لەو دەورەیەی دا پەیدا بووە لە ئەدەبییاتی دەرەبەگی فەڕانسە و ژاپۆن نزیکە. شتی ئاوا ، باسێکی ئاوام کرد بوو. کە مەسعوود محەمەدی ئیدی ... ، لە نامەکانی دا ووڵامی ئەوەی دابووەوە. چون ئەو نامانە ماون و دەمەوێ بەو زووانە تا ساڵێکی تر بڵاویان کەمەوە. لەوێشدا ئەو باسانەی کرد بوو. بەڵام ئەوە بۆخۆی جێی سەرنجە کە مامۆستا مەسعوود محەمەد بۆ ئەوەی هێندە پێ گرینگ بووە ، ئەو ٣ پاراگرافەی کە من گوتوومە. دیارە زۆرتر بەشێک لە بەر ئەوەی کە ئەوە لە ڕوانگەیەکی مارکسیستی یەوە بووە، یەکیش لە بەر ئەوەی کە ڕەخنەیەکی زۆر جیدی یە لە ناسیۆنالیسمی کورد و لە ڕووناکبیری ناسیۆنالیستی کورد کە ئەو ناکۆکی چینایەتی چ بەینی کرێکار و دەسمایەدار بێ ، چ بەینی ئاغاوەت و جووتیار بێ ئەوەی ئینکار دەکەن. پێم وایە لەبەر وەیە وای بۆ گرینگ بووە دەنا خۆ من هەوەڵ کەسێک نیم کە قسەی وام کرد بێ. ڕەنگە شتی دیش بووبێ کە من ئاگام لێ نییە بەڵام بە کورتی ئەوەیە کە مامۆستا مەسعوود محەمەد یەکێک لەوانەیە کە دەڵێ ئەو ناکۆکی یە ناکۆکییەکی گرینگ نییە، بەلانی کەمەوە لە کوردستان دا گرینگ نییە ، ئاغاوەت برا گەورەی جووتیاران بوون و تەنانەت لە کتێبەکەی دا باسی وەی دەکا دەڵێ: کاتێکی ئێوەی خەڵکی شار مەبەستی چەپییەکان و غەیری چەپە کە لەگەڵ دەوڵەتان بە شەڕ دێن و دێنە گوندەکان ئاغاوەتن کە دەتان پارێزن و ڕێگەو دەدەن. ئەوە بۆچوونەکەی وییە، کە ئەوە بۆچوونێکی زاڵە لە نێو بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی دا کە باسی جووتیاران نەکەی، باسی خەباتی جووتیاران لە دژی ئاغاوەت هەر نەکەی، ناکۆکی ناوەکی، ناو گەلی کورد ، ناو کۆمەڵی کورد ئەوە گرینگ نییە. هەر ناکۆکی کورد و غەیری کورد، کورد و عەڕەب، کورد و ترک ، کورد و فارس و دەوڵەتەکانیان ئەوە گرینگە. بە کورتی مێژووی کورد، مێژووی گەلی کورد لە ناکۆکی دەرەکی دا کورت دەکەنەوە و ناکۆکی ناوخۆ کە کێشەیەکی دێمۆکڕاسی یە بۆ وێنە زۆربەی گەلی کورد جووتیار بوون چۆن دەکرێ لە ژێر دەستەڵاتێکی ئاوا، واتە دەسەڵاتی دەرەبەگی دا بن. نیوەی گەلی کورد ژنن چون دەکرێ ژنی کورد لە ژێر دەسەڵاتی پاتریارکی دا بمێنێ. کاتێکی کە ڕووناکبیری ناسیۆنالیستی کورد بێدەنگی دەکا سەبارەت بەو ناکۆکییە گرینگانەی کۆمەڵی کورد و تەنیا دوشمنایەتی لەگەڵ گەلانی بەدەسەڵات دەکاتە مەسەلەی سیاسی ئەوە ئاکامی یەکجار خراپی هەیە. زۆر جار دوشمنایەتی بەینی ئەو گەلانە ساز دەکا. و دوشمنایەتی بەینی کورد و ئەو دەوڵەتانە، دەوڵەتی عەڕەب، دەوڵەتی ترک و دەوڵەتی فارس ئەوانە دەکاتە دوشمنایەتی بەینی کورد و ئەو گەلانە. یانی ئاکامی ئاوا خراپی هەبووە کە تا ئەوڕۆش ئێمە دەیبینین کە گەلی کورد چی بە سەر هاتووە. زۆر شتی دەگەڕێتەوە سەر ئەو بۆچوونە.
قازی: هەر لەو پێوەندییە دا، یانی لەو لێکۆڵینەوانەی کە جەنابت بۆ تێزی دوکتوراکەت دەت کرد کە دەتوانین نێوی بنێین تاریخی زمانی کوردی و هەر وەها ناسیۆنالیسمی کوردی بۆ ئەو کارە پێوەندیت کرد بوو بە هێندێک لە ڕووناکبیرانی ناسراوی ئەو سەرو بەندی کە لە زەمینەی زمانی کوردی دا کاریان کردووە یەکێک لەوانە باسمان کرد مەسعوود محەمەد و کەسێکی دیکەش ڕەحمەتی تۆفیق وەهبی بوو کە وا بزانم ئێستا جەنابت لە سەر ئەو چاوپێکەوتنەی کە لە گەڵت کردووە کار دەکەی وەکوو کتێبێک ڕەنگە ئامادەی بکەی بۆ ئەوەی لە بەر دەستان بێ. پێم خۆشبوو سەبارەت بە دەوری تۆفیق وەهبی بەگیش قسە بکەی وەکوو ڕووناکبیرێکی کورد بە تایبەتی لە چوارچێوەی پێشخستنی کولتوور و زمانی کوردی دا.
حەسەنپوور: تۆفیق وەهبی ش لە بواری ناسیۆنالیستی دا بوو ، لە سەرەتای دەسپێکردنی دەوڵەتی عێڕاق کە ئینگلیستان دایمەزراند ئەو ئەفسەر بوو لە جەیشی عوسمانی دا دوایە هات لە کوردستانی باشوور بوو بە ئەفسەر و ماویەکیش بوو بە وەزیر و بوو بە پارێزگاری ناوچەی سولەیمانی ، دەورێکی ئاوای هەبوو. بەڵام لە کاری زمانیش دا، چاک کردنی زمان بە تایبەتی دانانی ڕێزمانی کوردی ، وەرگێڕانی بەعزە کتێبێکی عەسکەری لە زەمانی شێخ مەحموودی دا ، حکوومەتی شێخ مەحموودی دا، ئەو کارانەی کردووە بەڵام زۆرتر لە بابەت گۆڕینی ئەلفووبێی عەڕەبی بۆ ئەوەی کوردی باشتر پێ بنووسرێ ، چاک کردنی ئەلفووبێی عەڕەبی کاری کردووە و لە دانانی ووشەی پەتی کوردی بۆ ووشەی خوازراو لەو بابەتانەوە دەورێکی گرینگی گێڕاوە، بەڵام لە ئاخری ژیانی خۆی دا، لە سی ساڵ بیست ساڵی ژیانی ئاخری خۆی دا کە لە لەندەنێ دەژیا تۆفیق وەهبی ئەو توندو تیژییەی کە ئێستا لە کوردستانی باشوور دەیبینین و لەو زەمانییەوە دەیبینین کە هەرچی ووشەی خوازراوە فڕێی دەن و ووشەی کوردیی پەتی بۆ دا دەرێژن ، تۆفیق وەهبی خۆی دەستی لەوەی هەڵگرتبوو. بۆچوونەکەی بڕێک دێمۆکڕاتیکتر بوو لە ئەوانی تر کە بە دوای ویدا ڕۆیشتن. بەڵام دەوری لە چاک کردنی زمانی کوردی دا ، وەک ڕێفۆرمرێکی زمانی کوردی دەورێکی گرینگی گێڕا. من وتووێژێکی کە لەگەڵم کردووە و ئێستا ماوە لەگەڵ لێکدانەوەیەکی خۆم لە دەوری تۆفیق وەهبی لە چاک کردنی زمانی کوردی دا رەنگە، قەرارە تا ساڵێکی تر بڵاو بێتەوە لە سولەیمانی.
قازی: کەسێکی دیکەش کە دیارە نامەیەکی زۆر موفەسەلت بۆ نووسیوە ، وا بزانم ووڵامی نامەکەی ئێوە لەو کتێبەی کە لە سەری نووسراوە بڵاو کراوەتەوە، ئەویش عەبدولڕەحمانی زەبیحی یە، لەگەڵ ئەویش وەک لێکسیکۆگڕافیک پێوەندیت کردووە کە دوو بەرگی قامووسەکەی بڵاو بووەتەوە. جا پێوەندیت لەگەڵ گرتووە و هێندێک پرسیارت لێ کردووە سەبارەت بە فەرهەنگنووسی. لە سەر ئەوەش ئەگەر هێندێک زیاتر باس بکەی و هەر وەها دیسان بیبەستییەوە بە ڕووناکبیریی لە بواری پێش بردنی زمان و گەشە پێدانی کولتوور.
حەسەنپوور: دەکرێ بڵێین زەبیحی لە باڵی چەپی ناسیۆنالیسمی کورد بوو . ئەو تەعەسوبی دژی عەڕەب و فارس و ترکی نەبوو چونکە وەک چەپ فکری دەکردەوە - ئێمە دوور کەوتووینەوە لە باسەکەی خۆمان لە ڕاستییدا – چون زەبیحی و جگەرخوێن و گۆران ئەوانە جۆڕێکی تریان فکر دەکردەوە. زۆر جیاواز بوون لەگەڵ تۆفیق وەهبی و لەگەڵ جەماڵ نەبەز و ئەو جوورە کەسانە. لە بابەت زمانیشەوە جیاوازیان هەبوو. بۆ وێنە ئەو فەرهەنگەی کە باست کرد، قامووسی زبانی کوردی ئی زەبیحی ووشەی خوازراوی زۆر تێدایە وەک ئیسپات کردن بۆ وێنە. ئەو کاتی کە بەرگی ئەوەڵی فەرهەنگەکەی حازر ببوو کە ' کۆڕی زانیاری ' قەرار بوو بڵاوی بکاتەوە چەند کەسێک لە کۆڕی زانیاری دا پێیان خۆش نەبوو ئەوە بڵاو بکرێتەوە چون ووشەی خوازراوی وەک ' ئیسپات کردن ' ی تێدا بوو. بەڵام زەبیحی پێی وا بوو ووشەیەکی وەک ' ئیسپات کردن ' کە لە فارسی یا لە عەڕەبی ڕا هاتووە بووەتە بە بەشێک لە زمانی کوردی و دەبێ وەک ووشەیەکی کوردی چاوی لێ بکەین. ئەوە لە ڕوانگەی سیاسی چەپی زەبیحی ، لەوێڕا دێ کە بۆچوونێکی دێمۆکڕاتیکتری هەبوو سەبارەت بە کێشەکانی زمانی کوردی. یا بۆخۆی لەوێدا دەنووسێ، لەو فەرهەنگە دا دەڵێ:
' بەروار ' بە مانای تاریخ بە هەڵە ئەمن پێم وا بوو. بەرواری سەرێ و خوارێ ناوی گوند بووە . ئەو بە هەڵە پێی وا بووە بەروار بە مانای تاریخە . دەڵێ ئەمن بۆخۆم دەستم لێ هەڵگرتووە ئەوانیدی دەست هەڵناگرن ئێستاش هەر بە تاریخی دەڵێن بەروار. جا مەبەستم ئەوەیە زەبیحی هەم بۆچوونێکی دێمۆکڕاتیکی هەبوو سەبارەت بە کێشەکانی زمانی کوردی، هەم هەڵەی خۆشی لە بەر چاو گرتووە بە کوردی دیش دەڵێ ئێوە ئەو کارەی مەکەن.
قازی: پاشان ئەگەر هێندێک بێینە زەمانی دواتر، جەنابیشت ماوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووی دوایە گەڕایەوە بۆ ئوڕووپا و ئەمریکا. هەرچۆنێک بێ کاتی بەرنامەکەمان تێر ناکا با بگەینە ساڵی ٢٠٠٣ و ئەو ئاڵوگۆڕەی کە لە عێڕاقێ بە هاتنی ئەمریکا و ڕووخاندنی ڕێژیمی بەعس هاتە گۆڕێ. پێت وایە لەو قۆناغە دا دەوری ڕووناکبیرانی کورد چۆن بووە بۆ دیتنی ئەو وەزعەی کە ئێستا دەیبینین یانی لەو سەروبەندی ڕا تائێستا ؟
حەسەنپوور: لە ٢٠٠٣ بەملایەوە؟ دەورێکی بەڕاستی باشیان نەبووە ڕووناکبیری کورد، زوربەی. دیارە کە ئەمن دەڵێم ڕووناکبیری کورد مەبەستم ئەو ڕووناکبیرانەیە کە لە چوارچێوەی کوردایەتی دا کار دەکەن. ڕووناکبیری دیش هەیە، ڕووناکبیری کۆمۆنیست هەیە، ڕووناکبیری فێمێنیست هەیە. ئێستا لەو ساڵانە دا ڕووناکبیران جۆراوجۆرترن. بەڵام زۆربەیان ڕاستەکەی دەورێکی باشیان نەبووە، لەبەر ئەوەی ئاسۆیەکی کە دەیبینن بۆ گەلی کورد ئاسۆیەکی زۆر بەرتەنگە ، زۆر خوارە، زۆر نزمە. هەر وەک کوتم وەک زۆربەی ڕۆشنبیرانی پێشوو ئەوانە کێشەی گەلی کورد، ناکۆکی گەلی کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە، لە ڕوانگەی خۆیانەوە لەگەڵ ئەو گەلانە دادەنێن ؛ ترک و فارس و عەڕەب. و بۆ چارەسەری ئەو ناکۆکییە کە ئۆتۆنۆمی یان وەدەست کەوێ یان سەربەخۆیی یان وەدەست کەوێ ئامادەی وەن لەگەڵ هەر هێزێکی دی لەوان خراپتریش بێ یەک بگرن.
کە وا هەڵکەوت لە شەڕی هەوەڵی
ئەمریکا ، کە سەدام کووەیتی داگیر کردبوو ، بۆ وەدەرنانی لە کوویتێ ئەمریکا شەڕی
لەگەڵ کرد ، بەشێک لە کوردستانی باشوور کەوتە دەست دوو حیزبەکان ؛ پارتی و یەکێتی،
حکوومەتێکی هەرێم پەیدا بوو بە یارمەتی
ئەمریکا و دوایەش ساڵی ٢٠٠٣ کە شەڕی دووەم
بوو لە دژی سەدام ، سەدام سەرەونخوون کرا
ئەو حکوومەتە هەرێمەی کە ساز کرا لەو بار ودۆخی تاریخی ئەو زەمان دا وەک حکوومەتێکی نیوە سەربەخۆی لێ هات کە ئێستاش
لە یەک دوو حەفتەی ڕابردوو دا کە داعش هات
بەشێک لە مووسڵ و بەشێک لە ناوچە
سوننییەکانی عێڕاقێی داگیر کرد ئێستا
پارتیی دێمۆکڕات دەڵێ ئێمە دەمانەوێ
کوردستانێ... پارتی دێمۆکڕاتیش هات
کەرکووکی گرت و ئەو ناوچە کوردانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی عێڕاقێ
مابووەوە ئەوانەشی گرت و باسی وەی
دەکا کە کوردستان دەبێ سەربەخۆ بێ.
قازی: دیارە هێزەکانی دیکەشی تێدا بوو، هەر پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان نییە، دەی
حەسەنپوور: دیارە، جا مەبەستم ئەوەیە پارتیی
دێمۆکڕاتی کوردستان ، مەسعوود بارزانی زۆرتر باسی سەربەخۆیی هێنا گۆڕێ ، مەبەستم
باسی سەربەخۆیی یە. هەر وەک کوتم ڕووناکبیری کورد کاتێکی کێشەی گەلی کورد لەوەی دا دەبینێ ، داهاتووی گەلی کورد
هەر لەوەی دا کورت دەبێتەوە. داهاتووی
گەلی کورد ئەوەیە کە کوردستان سەربەخۆ بێ. ئەوەی کە کوردستانی سەربەخۆ لەوێدا زۆربەی گەلی کورد کە خەڵکی زەحمەتکێش و هەژارن ، نیوەی گەلی کورد کە ژنن ئەوانە
چییان لێ دێ ، بەرنامەیەکی نییە بۆ ئەوەی ئەو داهاتووە چی لێ دێ.
ئەوەی هەر لە خۆڕا ناڵێم. من دەڵێم
٢٣ ساڵە دەوڵەتێکی نیوە سەربەخۆی کورد لە ئارا دایە لە کوردستانی باشوور، ئەو دەوڵەتە چی کردووە لەو ٢٣ ساڵە دا کە ئەگەر
سەربەخۆ بێ لەوەی باشتر بکا. من ئەوەش بڵێم من پێم وایە گەلی کورد لە هەموو پارچەکان دا مافی وەی هەیە کە سەربەخۆ بێ و دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەبێ چونکە لە
هەرچوار پارچە دا زوڵمێکی یەکجار زۆری لێ کراوە. لە حقووقی نێونەتەوەیش دا گەلێکی
کە ئاوا زوڵمی لێ کرابێ زوڵمەکە چارەسەری
نەکرێ مافی وەی هەیە کە سەربەخۆ بێ. جا مەبەستی من ئەوە نییە کە نابێ گەلی کورد
سەربەخۆ بێ ، مەبەستم ئەوەیە ئەو پڕۆژەی
سەربەخۆییە کە دەڵێن کوردستانی باشوور
دەبێ سەربەخۆ بێ من دەڵێم باسەکە زۆرتر
ئەوەیە: سەربەخۆ بێ لە کێ ؟ و بۆ چی ؟ بۆ
چ مەبەستێکی. ئەگەر کارنامەی ٢٣ ساڵی حکوومەتی
هەرێم لە بەرچاو بگرین من پێم وایە سەربەخۆش بێ لەوەی باشتر نابێ.
قازی: پێت وایە لەو ماوەیە دا دەوری ڕووناکبیران، دەوری ڕۆشنبیران چۆن بووە؟
حەسەنپوور: دەوری ڕۆشنبیران یەکجار خراپ بووە.
قازی: بە شێوەی عام دەتوانین وا بڵێین ؟ بی گشتێنین؟
حەسەنپوور: دیارە هەر وەک کوتم ڕۆشنبیری کورد کوت کوتە، گشتی وەک یەک فکر ناکاتەوە ، بەڵام ئەمن زۆر مەبەستم لە ڕۆشنبیری ناسیۆنالیستی کورد بوو. ئەو ڕۆشنبیرانەی کە بەخۆیان دەڵێن ئێمە کوردایەتێ دەکەین. زۆرتر مەبەستم ئەوانەیە و ئەوانەیە کە لە بیست ساڵی ڕابردوو دا، بیست و دوو سێ ساڵی ڕابردوو دا ئەوانەی کە جوورێکی دیکەش فکریان کردووەتەوە، لە بەرەی چەپیش دا بوون ئەوانە هەر هاتوونەتە ناو ئەو بەرەیەی و بەلای شتی دی دا ناڕۆن. جا ئەوەی کە چاو لێ بکەین، من قەدەرێک لەوەی پێش ئاشنایەکم هەیە کە لە یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان دا بوو ، لە باشوور لە ڕابەرایەتی دا بوو ، ناسازێکی هەبوو ویستم حاڵی پرسم. دەیکوت: ئەمن ئەوەندە ناڕەحەت نیم بەو نەخۆشییەم کە ناڕەحەتم بە باری ئێستای کوردستان. مەبەستی زۆرتر ئەوە بوو ئەوە چ وەزعێکە کەئەو گشتە گەندەڵییە هەیە لە ووڵات دا.کوردستان دوو پارچە بووە لە نێو حیزبەکان دا، حیزبێکی دی دیسان دوو پارچە بووە ، ئەوەی کە لە نێوان ' ڕۆژئاوا ' و ' کوردستانی باشوور ' خەندەقیان داناوە ، ئەوانەی کە پێیان وا بوو گەلی کورد یەکە و یەکگرتوویە و یەک گەلە لە بەرامبەر دوشمن دا ئێستا خەندەقی دروست دەکەن بەینی پارچەیەکی ڕۆژئاوا کە ئۆتۆنۆمییەکی بۆخۆی ساز کردووە لە هەر حاڵ دا.
حکوومەتێکی کە لە ئەوەڵێ بە فیفتی – فیفتی دایان نا ، دوو حیزبەکان هەر کە دەسەڵاتیان وەدەست کەوت لە ئەوەڵێوە کردیانە دوو بەش. ئەوەی کە لە کوردستان دا هێزی دینی دەسەڵاتی پەیدا کردووە لە بەرانبەر دین دا دەڵێن چی؟ وەزعی ژنان لە کوردستان دا چۆنە؟ وەزعێکی زۆر باشی نەبووە. ئازادی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی لە کوردستان دا ، ئازادییەکانی سەرکوت کراوە. دروستە ئێستا ئامراز زۆرە ئێستا وەک جاران نەماوە بەڵام لە هەمان کاتیش دا سانسۆر کردن و سەرکوت کردنیش هەبووە. ڕۆشنبیری کورد دەڵێ چی ئێستا کە دەڵێ وە دوای ئەو دروشمە کەوتوون کە دەبێ کوردستان سەربەخۆ بێ. ئاسۆیەکی کە لە بەر چاویانە چییە؟ ئەو ئاسۆیە ئەمن دەڵێم هەر ئەو ئاسۆیە کە لە ٢٣ ساڵی ڕابردوو دا لە بەر چاویان بووە و دەردێکی گەلی کورد دەرمان ناکا.
قازی: باشە، لە ڕوانگەی خۆتە ئەو ئاسۆیە دەبێ چ بێ؟ لە ڕوانگەیەکی پۆزیتیڤەوە ئەگەر تەماشای بکەی.
حەسەنپوور: لە ڕوانگەی منەوە، ئەمن ڕاستەکەی ئەوەیە کە دەڵێم وەزعی کوردستانی باشوور ، پارچەکانی دی و وەزعی تەواوی دنیایێ یەکجار خراپە. دنیا لە ئاژاوەیەکی زۆر خراپ دایە ، داهاتوویەکی زۆر خراپی لە پێش چاوە. ژینگە لە دنیایێ دا خەریکە لە بەین دەچێ، نزیکەی بیست و یەک میلیۆن کاری بەردەیی ، کۆیلەیی هەیە لە دنیایێ دا، لە کوردستانی باشوور دا کرێکاری بەنگلادێش و نێپال و هیندووستانێ دەچەوسێننەوە ، وەزعی ژنان لە دنیایێ دا زۆر خراپە. نزیکەی یەک بیلیۆن کەس، هەزار میلیۆن کەس لە دنیایێ دا خانوویەکی نییە لە ژێر میچێکی دا بژی لە دەرەوە دەژی و وەزعی دنیایێ یەکجار خراپە. دنیا بەرەو کارەساتێکی یەکجار خراپ دەڕوا.
من دەڵێم نە ناسیۆنالیزم جوابی
ئەو کێشانە دەداتەوە، نە دین. ئەوەی کە جوابی ئەوانە دەداتەوە کۆمۆنیزم ە.
کۆمۆنیزمیش پێم وا نییە ئەو کۆمۆنیزمە نییە کە چەلان بووە. کۆمۆنیزمی چەلان تەواو
بوو.ئەوەی ئەمن دەڵێم کۆمۆنیزمێکە کە دەبێ ساز بکرێ لە سەر ڕا ،لە سەر بنچینەی
پۆزیتیڤی جاران و لە سەر ئەوەی ئەو
تەجروبە نێگاتیڤانەی کە بووە لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی دا ، ئەوانە دووپاتە نەبێتەوە ، لە سەر ڕا خۆی ببووژێنێتەوە لە سەر بنچینەیەکی تازە و ڕووناکبیر دەورێکی
گرینگ دەگێڕێ لێرە . ڕووناکبیریش هەر ئاوایە، بەرەو کام دنیا دەڕوا ؟ ئەو دنیایەی
کە ئێستا بۆیان ساز کردووین وەک جەهەننەمی
وایە بۆ زۆربەی خەڵکی دنیا و بەرەو
کارەساتی خراپ دەڕوا. ئایا ڕۆشنبیری کورد بەرەو ئەوە دەیەوێ بڕوا یان بەرەو
داهاتوو؟
قازی: زۆر زۆر سپاس مامۆستا بۆ بەشداریت
لە بەرنامەی ' ڕاوێژ ' دا. داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
حەسەنپوور: ئەمنیش سپاست دەکەم. زۆرت لێ مەمنوونم.
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان.تاکوو 'ڕاوێژ' ێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.