میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی ڕووناکبیری دووربینی سەردەمی جمهووری
بەڕێز سدیق ساڵح لەو پێشەکییەی دا کە بۆ چاپکردنەوەی بەشێکی
زۆر لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی ' کوردستان' ی نووسیوە میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی ئاوا
ناساندووە.
' کوڕی
ئەحمەد کوڕی فەقێ برایم کوڕی مەلا یووسفە.فەقێ برایمی باپیری ،کاتی خۆی لە دێی ( سوێناس)
ی ناو عەشیرەتی گەورک دانیشتووە. باوکی، بە هۆی کێشەیەکی عەشایەرییەوە ناچار بووە بچێتە
ناو عەشیرەتی مەنگوڕ لە دیوی کوردستانی عێڕاق ، لەدێی ( زوودان ) جێگیر بووە . هەر
لەوێ " گوڵێی کچی فەقێ وەیس "ی هێناوە . لەوەوە ناسناوی مەنگوڕی بە سەر بنەماڵەکەیدا
بڕاوە.
میرزا محەمەدئەمین ١٩١٠ لە قەڵادزێ لە دایک بووە. بە مناڵی
لای مەلا حەمەدەمینی ماڵخۆبزنی خراوەتە بەر خوێندن، بەڵام لە بەر ئەوەی حەزی لە خوێندن
نەکردووە ، دەرکراوە. کە ناوچەکە کەوتووەتە ژێر دەستی ئینگلیز، دووبارە خراوەتەوە حوجرە،
لە لای مەلا مەحموود ناوێک دەرسی دینیی وەرگرتووە. کە بە هۆی بازرگانی تووتنەوە لەگەڵ
باوکیدا کەوتووەتە باشووری عێڕاق ، لە ( سوارییە) پۆلەکانی پێنجەم و شەشەمی سەرەتایی
تەواو کردووە . دوایی دەستی داوەتە کاسبی و
سەرکەوتنی تێدا بە دەست نەهێناوە بۆیە بووە بە میرزا لە لای مامەندئاغای سەرخێڵی ئاکۆ
و ناوی میرزای لەو کاتەوە لێ نراوە.
١٩٣٢ دامەزراوە
بە قۆڵچیی دائیرەی ئیستهلاک، مانگێ بە ٥٥ ڕووپییە ، پاش ماوەیەک دەرکراوە. هەمان ساڵ
لە ٢٣ی ئابدا خولێکی سێ مانگەی پۆلیسیی دیوە، ئەمجا خراوەتە خولێکی سێ مانگەی موخابەرەی
هیلیۆگڕافی مۆرس ؛ بوە بە موخابەرەچی و نێردراوە بۆ گڵەزەردە و ماوەت. کە هێنراوەتەوە
بۆ سلێمانی ، لە ١٩٣٤ دا خوتبەیەکی بە شێعر لە بەر دەم ' مەلیک غازی " دا داوە
خەتێکی پۆلیسیی دراوەتێ. ئەو سەر وەختە، لەگەڵ چەند پۆلیسێکی تر دا کۆمەڵێکیان بە ناوی
(حیزبی خوێنرێژی) یەوە پێک هێناوە. ١٢ پۆلیسیان
بۆ هەڵسووڕاندنی کارو باری خۆیان هەڵبژاردووە بۆ بڵاو کردنەوەی بیری نیشتمانی و کوردایەتی.
ئەوانە پاشتر چوونەتە ناو حیزبی برایەتی.
ئەو ماوەیە یەکەم کتێبی خۆی بە ناوی ( هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن)
ەوە داناوە و لە سەری دراوەتە دادگا، بە تاوانی بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگەندەی زیانبەخش
، حوکمی شەش مانگ زیندان دراوە، سەرباری ساڵێک چاوەدێری و دەرکران لە وەزیفە و زەوتکرانی
کتێبەکەی. ماوەیەک لە بەندیخانەی سلێمانی هێڵراوەتەوە، دواتر براوە بۆ کەرکووک. کە
بەڕەڵا کراوە، دیسان تێ هەڵچووەتەوە، لە ناو ' برایەتی ' دا کەوتووەتە کار. بەڵام سەر
لە نوێ گیراوەتەوە و لە زیندان توند کراوە چونکە هیچ بەڵگەیەکی لە سەر نەبووە، بەر
دراوە.
وەزیفەکەی گوێزراوەتەوە بۆ شارەوانیی چوارتا. لەوێ لە بەر کێشەیەک
گیراوە و براوەتە بەندیخانە، حوکمەکەی تەواو کردووە . دوا ڕۆژەکانی ١٩٤٥ ئاودیوی ڕۆژهەڵاتی
کوردستان بووە. ٤ / ١ / ١٩٤٦گەیشتووەتە دێی' تورکومان کەندی '. ٥ / ٣ / ١٩٤٦ نێردراوەتە
سەرا و سەرچاوەی ناوچەی سەقز کراوەتە میرزا ( کاتب ) لە لای حەمە ڕەشید خانی بانە و
سەرۆکی لکی سەقز و بۆکانی یەکەتیی جەوانانی دێمۆکڕاتی کوردستان. کە حەمە ڕەشید خان
لە ٣/ ٨ / ١٩٤٦ [ ئەو تاریخە هەڵەیە ، بە پێی نووسینی مەنگوڕی ٢٤ / ٨ / ١٩٤٦ دروستە . ڕوونکدنەوەی ح.ق ] گەڕاوەتەوە
بۆ کوردستانی عێڕاق، ئەم گیراوە و خراوەتە زیندان، کە هیچی لە سەر ساغ نەبووەتەوە،
بەڕەڵا کراوە. بە خۆ وەشێری لەو دیو [ ڕۆژهەڵات
] لای ' حەماغای عەلی ئاغای جەوانمەردی ' ی سەرخێڵی گەورکی سەقز ماوەتەوە.
تشرینی دووەمی ١٩٤٨ بە ماڵەوە گەیشتووەتەوە سلێمانی، هەژاری
پەرێشانی کردووە. لە دائیرەی ئاو و کارەبای سلێمانی دامەزرێنراوە، بە ڕۆژانە ٥٠٠ فلس.
١٩٥٠ " بەهێی محێدین شەریف " ی هاوسەری کە لە ١٩٣٣ دا هێنابووی ، مردووە.
پاشان حەلاوە خانی کچی زێوەری شاعیری هێناوە . لەبەر ئەوەی مووچەکەی کەم کراوەتەوە
دەستی لە وەزیفە هەڵگرتووە چووەتە ڕانیە لەوێ سێیەم ژنی هێناوە. دامەزراوەتەوە بە کاتبی
لێژنەی ئاو و کارەبای ڕانیە بە مانگانەی ٢٠ دینار.
سەرەتای سەردەمی کۆماری [ لە عێڕاق] ، چالاکیی ئەدەبیی زیاتر
و بە شێعر و چیرۆک بەشداری کۆڕ و ئاهەنگەکان بووە. ١٩٦١ بووە بە ئەندامی پارتیی دێمۆکڕاتی
کوردستان. مایسی ١٩٧١ لە سەر کتێبی ( گەشتی ئەستێرەی مەریخ ) لە بەر گوایە بێ دینی
و کافر بوون، دوچاری کێشە بووە لە ڕانیە و قەستی کوشتنی کراوە. لە سەر ئەوە وەک ژمێریار
و سنووقدار گوێزراوەتەوە بۆ شارەوانیی تەوێڵە. دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول گەڕاوەتەوە
بۆ سلێمانی. ٢٧ / ٣ / ١٩٧٥ چووەتەوە سەر وەزیفەی ژمێریاری لە شارەوانیی تەوێڵە. ١
/ ١ / ١٩٧٦ خۆی خانە نشین کردووە. ١٩٨١ چاوی
داویەتە کزی. سەعاتی یەکونیوی شەوی ١٣ / ١ / ١٩٨٨ کۆچی دوایی کردووە. ١٩ / ٦ / ١٩٩٢ لە سەر وەسێتی خۆی، تەرمەکەی بەڕێوڕەسمێکی
جەماوەری براوەتە سەر چیای کێوەڕەش و لە ( گۆڕ مریەم ) بە خاک سپێردراوەتەوە. ئەم بەرهەمانەی میرزا مەنگوڕی
لە چاپ دراوە:
١-هەنگاوێک
بۆ سەرکەوتن ، چاپخانەی بەلەدیە – سلێمانی، ١٩٣٨
٢-چیرۆکی
ماهراکۆ، چاپخانەی ڕاپەڕین – سلێمانی ، ١٩٧١
٣- چیرۆکی
زێرینا ئامێدی ، چاپخانەی الغری – نەجەف ، ١٩٧١
٤-بووکێکی
ناکام، چاپخانەی النعمان – نەجەف ، ١٩٧١
٥-گەشتی
ئەستێرەی مەریخ ، چاپخانەی العنان – نەجەف ، ١٩٧١
٦-فەیرووز
خانی پشکۆ ، چاپخانەی القضاء – نەجەف، ١٩٧١
٧-کورد
و ئەرمەن ، ١٩٩٧
٨-کورد
و ئاسووری، ١٩٩٧
٩-بەسەرهاتی
سیاسی کورد ، بەشی یەکەم ( ١٩١٤ – ١٩٥٨ ) ، سوێد ، ١٩٩٩
١٠-بەسەرهاتی
سیاسی کورد ، بەشی دووەم ( ١٩١٤ – ١٩٥٨ ) ، سلێمانی ، ٢٠٠١
١١-کۆنگرێسی
دوڕندە و ئاژەڵ ،١٩٩٣
١٢-بەسەرهاتی
مەنگوڕی ، ( بە دە ئەلقە لە ڕۆژنامەی ' کوردستانی نوێ ' دا بڵاو کراوەتەوە، ١٩٩٥
١٣-دیوانی
بەهەشتی دڵداری ، ٢٠٠٦
١٤-حەقایقی
بەسەرهاتی شێخ مەحموود لە پەنای ئیستیقلالی کورد دا ، ٢٠٠٣ '
نەمر مەحموود مەلا عێزەت لە ساڵی ١٩٩٩ بەشی یەکەمی ' بەسەرهاتی
سیاسی کورد' ی لە سوێد چاپ کرد و ئەمن شانازی ئەوەم پێ بڕا یارمەتی بکەم بۆ چاپی کتێبەکە
. بەرگی دووەمی 'بەسەرهاتی سیاسی کورد ؛ کە هەمووی تەرخان کراوە بۆ باسی شکانی جمهووری
کوردستان و محاکەمەی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی جمهووری لە ساڵی ٢٠٠١ لە سلێمانی چاپ کراوە
و نەمر مەحموود مەلا عێزەت سەرەتایەکی بە نرخی بۆ ئەو بەشە نووسیوە و لەوانە دەنووسێ:
"
بایەخی بەرهەمەکە هەر لەوە دا نییە کە چەند لاپەڕەیەکی شاردراوەی مێژووی سەردەمێکی
زێڕین لە ژیانی سیاسیی کورد و دەسەڵاتی خۆماڵیی جەمهوورییەتی کوردستانە کە میرزا مەنگوڕی
تۆماری کرد و نەیهێشت وەک زۆری تر لەو بیرەوەریی و زانیارییانە بکەونە ناو بازنەی لە
بیر چوونەوە ، بەڵکوو گرنگتر لەوانە ئەوەیە کە وا میرزا هەر وا بە ڕاگوزاریی ڕووداوەکانی
تۆمار نەکردووە، هەر وا ڕوخساری کۆمەڵگەکە و گۆڕانە ڕووکەشەکانی نەبینیوە، بەڵکوو باسە
گرنگەکانی ناو هەناوی گۆڕان و ناکۆکییەکانی کۆمەڵی کوردەواریی و دەزگاکانی کۆمار و
ڕەفتاری نائاسایی هەندێ ناوەندی دەسەڵاتی بە سەر کردۆتەوە، ئەو لایەنانەی خستۆتە بەر
ڕووناکیی کە مەگەر هەر لێکۆڵەر بایەخەکانیان بزانێت، چونکە دەتوانرێت باس و توێژینەوەی
هەمە لایەنەی چین و بەشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمەی لێهەڵبهێنجێت تا ئەو ئاستەی
کە ببێتە سەرچاوەیەکی تری مێژووی ڕاستەقینەی جەمهووریەتی کوردستان ... سەرچاوەیەکی
گرنگ بۆ مێژووی سەردەمەکە کە دەرس و پەندی باشیشیان لێوەربگیرێت. ....
یەکێک لە کارەساتەکان کە سەرەنجامی ڕووخانی جەمهووییەتی کوردستان
بوو لە سێدارە دانی پێشەوا قازیی محەمەد و هاوڕێکانی بوو، دیسان ڕووداوەکانی هاوپێوەند
بە لە سێدارەدانی تێکۆشەرانی هاوبەش لە خەباتی پیرۆزی کوردایەتی و جەمهوورییەتی کوردستاندا
باسدەکات و لەگەڵ زۆر لە باسوخواسیی تری گرنگدا.
ئەوانە چەند نموونەیەکی گرنگی ناوبیرەوەرییەکانی ئەم بەرگی
دووهەمەی " بەسەرهاتی سیاسیی کورد " ە ، کە بایەخی مێژوویی بەرهەمەکە و ڕۆڵی
باشی میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی دەردەخات، چ وەک هاوکار و نووسەر لە فەرماندەییەکەی
جەنەڕاڵ حەمەڕيشید خان و دارێژەری نووسین و نامەکانی خان، و چ وەک نووسەر و بەسەرکردنەوەی
ڕووداوەکان لە ناو بیرەوەریی و یادداشتەکانیدا.. ئەم بەرگی دووهەمە وەک تەواو کردنی
بەرگی یەکەم جێگەی خۆی لە ناو سەرچاوەکانی کۆمار ناسیدا ئەگرێت و کەلێنێکی بۆشاییەکانی
ناو کتێبخانەی کوردی پڕ دەکاتەوە.
گڵکۆی پیرۆزی میرزا محەمەدئەمین مەنگوڕی لە سەر چیای
" کێوەڕەش " لە گٶر مریەم کە دەڕوانێتە شاری ڕانیە
تێبینی
وێنەی میرزا حەمەدەمین مەنگوڕی
بە جلوبەرگی کوردی و وێنەی گڵکۆکەی بە سپاسەوە لە لاپەڕەی کاک ' موحیب مەهابادی ' لە
فەیس بووک وەرگیراوە. ئەو وێنەیەی میرزا محەمەد ئەمین پێشتر لە پێشەکی کۆکراوەی ڕۆژنامەی کوردستان، ئامادەکردنی ڕەفیق ساڵح، سدیق
ساڵح، ساڵی ٢٠٠٧ دا چاپ کراوە. وێنەکەی بە جلوبەرگی فەڕەنگییەوە لە ئینترنێت وەرگیراوە
و دەستخەتیشی لە بەرگی سێیەمی کتێبی ' دەوڵەتی جمهوری کوردستان' نامە و دوکومێنت، کۆ کردنەوە و ڕێک خستنی مەحمود
مەلا عززەت ، ستۆکهۆڵم ١٩٩٧ وەرگیراوە. دیارە زۆربەی هەرە زۆری نامەکانی ژەنەڕاڵ حەمەڕەشیدخان
خانزادە ئەو سەردەمەی کە فەرماندەی ' هێزی بۆکان و مەنتەقە 'بووە لە ' سەرا ' بە دەستخەتی
میرزا محەمەدئەمین مەنگوڕی نووسراون و هەر ئەویش ئاڕشیوی نامەکانی بۆ حەمەڕەشیدخان
پاراستووە . بە پێی نووسینی ووردی مەنگوڕی، حەمە ڕەشیدخان لە ١ / ٥ / ١٣٢٥-ی هەتاوی ( ٢٣ -ی ژووییەی ١٩٤٦ ) نامەی دەست لەکاركێشانەوەی بۆ وەزاڕەتی هێزی میللی
کوردستان ناردووە و ژەنەڕاڵ سەیف قازی دوو ڕۆژ دواتر واتە لە٣ / ٥ / ١٣٢٥ ( ٢٥ /
٧/ ١٩٤٦) ئەو ئیستیعفایەی لێ قەبووڵ کردووە و خان لە ٢ / ٦ / ١٣٢٥ ( ٢٤/ ٨ / ١٩٤٦) گەڕاوەتەوە کوردستانی عێڕاق و نامەکانی لەگەڵ
خۆی بردووە! ٢٧ ساڵ دواتر واتە لە سەرەتای مانگی مارسی ساڵی ١٩٧٣ ئەو نامە و بەڵگانەی
داوە بەمەحموود مەلا عێزەت و بەو پێیە بەشێکی گەورە لە مێژووی جمهووری کوردستان لە
فەوتان ڕزگاری بووە.