ساڵوەگەڕی ڕۆژی ڕەشی دەی خاکەلێوە
ساڵوەگەڕی ڕۆژی ڕەشی دەی خاکەلێوە
لە
بەرەبەیانی دووشەمە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی ( ئەو ساڵە کەوتووەتە ٣١ی مارسی ١٩٤٧)
قازیی محەمەد، سەدری قازی و سەیفی قازی لە مەیدانی چوارچرا دوای دوو ' دادگە' ی
فەرمایشی لە سێدارە دران. حەوتوویەک دوای
کوشتنی ئەوان چوار ئەفسەری حکوومەتی میللی کوردستان حامید مازووچی، محهممهد نازمی، ڕهسووڵ نەغەدەیی و عهبوڵلا
ڕەوشەن فیکر لە بێدادگای نیزامی تەوڕێزەوە برانە مەهاباد و هەر لەو شوێنە ئیعدام کران. هەرچەند ڕێژیمی ئاو و
ئاوچووی کوڕی ڕەزا خان پێی وا بوو بە ئیعدامی قازییەکان و شەهیدانی دیکەی جمهووری کۆتایی دەدا بە هەست و
داوخوازی ناسێنەخوازی نەتەوەی کورد بەڵام لێکدانەوەی پووچ و هەڵە دەرچوو و
کووژرانی ئەو خەباتکارانە بوو بە هەوێنی بەردەوامی خەبات و ملەیەک کە لە هەموو
جوگرافیای کوردستان درێژەی هەیە.
لە
٧٢هەمین ساڵوەگەڕی دەی خاکەلێوە دا بۆچوونەکانی سیاسەتمەدارێکی ئێرانی بە ڕەچەڵەک
کورد کە ڕەنگە هەتا ئێستا لە ناو کوردان دا پێی نەزاندرابێ لە سەر ئێعدامی
قازییەکان باس دەکەین . دوکتور کەریم سەنجابی لە خێلی سەنجاوی مایدەشتی کرماشان، مامۆستای
زانکۆ، لە ڕێبەرانی جەبهەی میللی ئێران و یەکەم وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بوو
لە کابینەی بازرگان دوای ڕوخانی ڕێژیمی شا. پڕۆژەی زانکۆی هارواردی مێژووی زارەکی
ئێران لە ساڵی ١٩٨٣ی هەتاوی وتووێژێکی دوور و درێژی لەگەڵ کردووە، شەرتی سەنجابی ئەوە بووە وتووێژەکە نابێ هەتا لە
ژیان دا ماوە بڵاو بکرێتەوە. دوکتور کەریم سەنجابی لە چواری ژوییەی ١٩٩٥ لە تەمەنی ٩١ یەکساڵی دا لە
کاربۆندێل، لە ئەیالەتی ئیلێنۆی لە ئەمریکا ماڵئاوایی لە ژیان
کرد و پڕۆژەی مێژووی زارەکی ئێران وەسیەتەکەی بە جێ هێناوە و دوای مردنی ئەو
وتووێژەی بە دەنگ و بە نووسراو بڵاو کردووەتەوە کە
لە سەر تۆڕی ئینترنێت دەست دەکەون. لەو وتووێژە درێژە دا سەنجابی لە
ڕوانگەی ناسیۆنالیستێکی ئێرانییەوە چاو لە مەسەلەی کورد دەکا و تەنانەت ئەوەشی لە
بیر چووە باسی دەوری خۆی و
حیزبی ئێران لە سەرهەڵدانی حاجی قاسمی کەریمی لە بۆکان بکا. ئەو قسانەی خوارەوەی سەنجابی
جیاوازی کورد بوون وەک ئێتنیسیتی و وەک ناسێنەیەکی سیاسی بە جوانی دەر دەخا.
.......................
بۆچوونی دوکتور کەریم سەنجابی سەبارەت بە ئێعدامی قازییەکان
بۆچوونی دوکتور کەریم سەنجابی سەبارەت بە ئێعدامی قازییەکان
[...... ]
زیا سیدقی: بابەتێکی دیکەی دەمەویست لە حزوور ئێوەی بپرسم هەر
دەگەڕێتەوە سەر سەردەمی سەرۆکوەزیرایەتی قەواموسەلتەنە و بزووتنەوەکەی ئەستانی فارس و هەر وەها
بزووتنەوەی قازیی محەمەد و ئەو
نائارامییانەیە لە ناو عەشیرەتەکان و خێڵەکانی ئێران دا ساز ببوو. دەمەویست
بزانم بیرەوەریتان لەمەڕ ئەو ڕووداوانە
چییە و هەر وەها ئەم پرسیارەش بکەم کە ئایا خێڵی سەنجاوی ش لەو
جەریانانە دا بەشداری بووە یان نا ؟
دوکتور کەریم سەنجابی: بەڵێ لەو
زەمانی دا کە لە کوردستان و لە ئازەربایجان هێندێک دەنگ بە ناوی خودموختاری خوازی
بەرز بووەوە، بۆ نیشان دانی کاردانەوەیەک
بە دژی ئەوان چ لە لایەن کاربەدەستانی بێگانە و چ لە لایەن کاربەدەستانی ناوخۆیی
مەملەکەت و ڕەنگە نا ڕاستەوخۆ لە لایەن
قەواموسەلتەنە خۆی بەڵام بە گردبڕی بە
دەستی کارگێڕانی ئەڕتەشی ئێران و بە موافەقەتی شا هێندێک ئیشارە کرا بە عەشیرەتەکانی باشوور
قەشقاییەکان، بۆییر ئەحمەدییەکان و هتاد
کە ئەوانیش خۆپێشاندان ساز کەن و کۆمەڵە پێک بێنن و جۆرەیەک داوخوازی بەرز
بکەنەوە کە هەڕەشەیەک بێ بەدژی ئەو
بزووتنەوەیەی ڕووسەکان دەسەریەکیان خستبووەوە و سازیان کرد بوو. بەڵام ئەو کارە
بنگەیەکی بەهێز و پتەو و حیسابی نەبوو
ئەوە تەنێ قەشقاییەکان بوون کە لەو
بارەیەوە خۆپیشاندانیان کرد و بزووتنەوە و جووڵەیەکیان نماند بەڵام خێڵی
سەنجاوی لەو کارە دا بەشداری نەکرد و
تەنانەت عەشیرەتەکانی ڕۆژئاوا[ی ئێران] ش بەشدارییان تێدا نەکرد.
پرسیار: زۆر مەمنوونم. ئێستا دەگەڕێینەوە پاشماوەی بابەتەکانی
پێشوو کە ئێوە سەبارەت بە داگیرکردنی
ئێران دەتان فەرموو و هێزەکانی هاوپەیمانان.
دوکتور کەریم سەنجابی: بەڵێ، قسەکانی دوێنێمان گەیشتە ئەو جێیەی کە چلۆن
تەگبیرەکانی قەواموسەلتەنە و پشتیوانییە
ناونەتەوەییەکان بە ئاکام گەیشت و
ڕووسەکان ئێرانیان بەجێ هێشت و غائیلەی ئازەربایجان و کوردستان تەواو بوو.
دەستبەجێ دوای ئەوەی ڕووسەکان لە ئێران
چوونە دەرێ ڕێژیمی ئازەربایجان و کوردستان لە خۆوە داڕووخا. ئەوەیکە جار جار
هێندێک لە تیپەن و کۆڕوکۆمەڵە چەپ
ئاژۆیەکان و هێندێک لە تاکوتەرای نەزان و یان هاندراو بە حورمەت و ڕێزەوە
بیرەوەری ئەو سەروبەندە دەکەنەوە و ئەو بزووتنەوەیە وەکوو بزووتنەوەیەکی ڕەسەن
دەناسێنن ئەوە بە ڕاستی بە تەواوی درۆیە و
دەستێوەردانە لە مێژوو دا . بەر لەوەی هێزە نیزامییەکانی ئێران بگاتە ئازەربایجان
ئەو دەستگایانەی لەوێ بوون لەخۆ وە
هەڵوەشابوون چونکە پێگەیەکی ڕاستەقینەیان لە ناو خەلکی ناوچە دا نەبوو و پاڵپشت و
پشتیوانیان هێزی بێگانە بوو کە لەوێ بوو.
کاتێک ئەو پاڵپشتەیان لە پشت نەما دەستبەجێ تێک ڕووخان . ئەو دەمی دەستگای حکوومەتی ئێران و ئەڕتەشی ئێران دەبوو سەرنجیان دابا سەر ئەو پنکتە کە بزووتنەوەیەکی ڕواڵەتی و دەسکرد کە لە لایەن
خەڵکەوە پشتیوانی لێ نەکرێ لەگەڵ ئەو
خەڵکە و ئەو تاکوتەرایەی کە بە خۆشی خۆیان
ئالوودەی نەبوون نابێ بە توندی و ڕق و
قینەوە ڕەفتار بکرێ – بە داخەوە لە لایەن ئەڕتەشەوە لە ئازەربایجان
و کوردستان دەستدرێژی و توندو تیژی زۆر بوو ، کۆمەڵێکیان گرت و کوشتیانن . لە وانە سەرانی فیرقەی دێمۆکڕاتی
کوردستان قازیی محەمەد و سەدرقازی برا و
برازاکانیان بوون کە ئیعدام کران . بە باوەڕی بەندە ئەوە هەڵەیەکی ڕەها بوو ئەگەر
قازیی محەمەد و ئەوانیدیان ڕاگرتبا دواتر دەیانتوانی لەوان کەلک وەربگرن. تەنانەت قەواموسەلتەنە خۆشی ئەو جۆرەی کە ئێمە ئاگامان
لێ بوو لەگەڵ تیژرۆیی و توند وتیژی و ئیعدامەکان نەبوو. نوختەیەکی دیکەی کە دەبێ
ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە کە شانازی ئەو سەرکەوتنە بۆ ئێران
هەرچی بووبێ دەبێ بە سیاسەتی قەواموسەلتەنەوە بلکێ بەڵام شا بە شێوەی ئاسایی خۆی لەو ڕێژە
ناپێویستانەی کە هەموو ساڵێ وەرێی دەخست تەنێ خۆی بە هۆکاری ئەو [سەرکەوتنە ]
دەناساند و ناوێک لە قەوام لە گۆڕێ دا نەبوو.
...
سەرچاوە: پڕۆژەی زانکۆی هاروارد ، مێژووی زارەکی ئێران
هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور کەریم سەنجاوی لە
ڕێبەرانی پێشووی جەبهەی میللی و وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە کابینەی مێهدی
بازرگان دا
پرسیارکەر: زیا سیدقی
شوێن : جیکۆ ، ئەمریکا
١٧ – ١٠ – ١٩٨٣
بەشێک لە
نەواری ژمارە ٨
تێبینی: لە
سەرەتای ئەو چاو پێکەوتنە دا کە لە ٣٣
کاسێت دا پر کراوەتەوە دوکتور سەنجابی ئەو
مەرجە دادەنێ کە ناوەرۆکی هەڤپەیڤینەکە نابێ هەتا لە ژیان دا ماوە بڵاو بکرێتەوە.
سەنجابی لە چواری ژوییەی ١٩٩٥ لە تەمەنی
٩١ یەکساڵی دا لە کاربۆندێل، لە ئەیالەتی ئیلێنۆی لە ئەمریکا ماڵئاوایی لە ژیان
کرد