Thursday, July 4, 2019

ئیسلام و ناسیۆنالیزمە ڕقەبەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ١٩٢٦ - ١٨٧٦

 ئیسلام و ناسیۆنالیزمە ڕقەبەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  ١٩٢٦ - ١٨٧٦
هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور کەماڵ سولەیمانی مامۆستای زانکۆی ئێل کۆلیگیو دۆ مێهزیکۆ ( کۆلمێکس)، ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی ئاسیایی وئەفریقایی لە ووڵاتی مێکزیک. لەو بەرنامەیە دا دوکتور سولەیمانی باسی کتێبەکەی:
' ئیسلام و ناسیۆنالیزمە ڕقەبەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ساڵانی  ١٨٧٦ تا ١٩٢٦ دەکا کە ساڵی ٢٠١٦ وەشانخانەی پاڵگرەیڤ بڵاوی کردووەتەوە. ئەم هەڤپەیڤینە لە ئێوارەی سێشەمە ٢٥-ی ژوەنی ٢٠١٩  ئاستە کراوە و یەکشەمە شەو  ٣٠ ی ژوەنی ٢٠١٩ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە .

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست ئەم کاتەتان باش بەرنامەی ئەمجارەمان نەک لە ستودیو بەڵکوو لە زانکۆی میدڵسێکس لە شاری لەندەنەوە پێشکێش دەکەین. لە ٢٤ تا ٢٦ی مانگی ژوەن لە شاری لەندەن سێیەمین کۆنفڕانسی لێکۆڵینەوەکانی کوردی لە ژێر ناوی : ' دینامێکە لە گۆڕانهاتووەکانی دۆزی کورد  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی خەریکی گۆڕان دا ' بەڕێوە چوو. ئێمە ئەو دەرفەتەمان بە باش زانی بۆ ئەوەی میوانداری بکەین لە بەڕێز دوکتور کەماڵ سولەیمانی کە ئێستا مامۆستایە لە شاری مێکزیکۆ سیتی، لە ووڵاتێکی دوورەوە هاتووە بۆ بەشداری لەو کۆنفڕانسە دا و ئێمە لەو بەرنامەیە دا لە سەر یەکێک لە کتێبەکانی بەڕێزیان قسە دەکەین  - لێرە دا کتێبە کە دەبینن- کە لە ساڵی ٢٠١٦ وەشانخانەی پاڵگریڤ بڵاوی کردووەتەوە. ناوی کتێبەکە ' ئیسلام و ناسیۆنالیزمە ڕقەبەرەکان ە لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لە نێوان ساڵانی ١٨٧٦ تا ١٩٢٦ '. ئەو کتێبە لە چەندین بەند پێک هاتووە، بەر لەوەی پرسیار بکەم پێم خۆشە بە کورتیش بێ بەڕێزیان بناسێنم. بەڕێز دوکتور کەماڵ سولەیمانی بە ئەسڵ خەڵکی ناوچەی خانێ یە، خوێندنی بەرزی لە ئەمریکا تەواو کردووە، دوای ماوەیەک کار کردن لە ئەمریکا چووەتە باکووری کوردستان و تورکیا و لە زانکۆی ئەرتۆکلوو لە مێردین بۆ ماوەیەکی درێژ دەرسی گوتووەتەوە تا ئەوەی ئیزنی کارەکەیان لەوێ درێژ نەکردەوە و دیسان گەڕاوە بۆ ئەمریکا و دوای دەرس ووتنەوەی لە نیۆیۆرک ئێستا لە ووڵاتی مێکزیک کار دەکا  لە زانکۆی کۆلمێکس. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز سولەیمانی پێم خۆش بوو لەوە ڕا دەست پێ بکەین ، وا دیارە بەڕێزت لەم کتێبە دا شتی زۆر تازەت باس کردووە ، و تەخەسوس و پسپۆڕی بەڕێزیشت هەم لە سەر دنیای ئیسلامە لە سەر چەمکی  ئیسلام و هەر وەها ناسیۆنالیزم بە گشتی ، چونکە جگە لەم کتێبە ، کتێب ، نووسراوە و ووتاری دیکەشت هەیە بە زمانی ئینگلیسی ، بە زمانی تورکی و هەر وەها بە شێوەزاری کوردیی کورمانجی و وا بزانم چاوپێکەوتنێکیشت لەگەڵ گۆواری ڕێک وپێکی ' هزر و بیر '  بە کوردیی سۆرانی بڵاو بووەتەوە. بە گشتی پێم خۆش بوو لە مێتۆدۆلۆژی ڕا دەست پێ بکەین ئەو مێتۆدەی کە بۆ نووسینی ئەم کتێبە دەکارت کردووە. دوایە بە جوێ دەگەینە بەندەکانی کتێبەکە و قسەی لێ دەکەین.



دوکتور کەمال سولەیمانی: زۆر زۆر سپاستان دەکەم کاک حەسەن. ئەمنیش زۆر خۆشحاڵم  کە لە خزمەت جەنابتان دام و زۆریش سڵاوم هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە ئێستا بیسەر و بینەری ئەو بەرنامەیەن. سەبارەت بەو کتێبەی دیارە چەند مەسەلەی گرینگ و بنەڕەتی هەنە کە پێم وایە باس کردنیان پێویستە. یەکەم ئەوە کە ، بە گشتی لە سەر لێکۆڵینەوەکان لە سەر مەسەلەی کورد و هەر وەها لە سەر مەسەلەی نەتەوایەتی لە ناو تورکانیش دا چەند باس هەیە کە زۆربەی زۆری لێکۆلەرانی کورد و تورک لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە هەم مەسەلەی نەتەوایەتی لە ناو تورک دا  و هەم لە ناو کوردیش دا شتێکە کە زۆرتر بڵێین لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست دا هاتووەتە مەیدانێ. ئەمن لە سەر ئەو باوەڕەی بووم کە ئەو بۆچوونە هێندێک ئیشکالی هەیە ، یانی نە بەڵگە و ئەسنادی مێژوویی هەیە کە ئەوەی تەئیید بکا و تا حدوودێکی زۆریش لە سەر ئەو باوەڕەی بووم کە ئەوە بۆچوونێکی ئۆریانتالیستی یان شەرقشناسانەیە کە دەیانەوێ  چۆنێتی مەسەلەی نەتەوایەتی گرێ بدەنەوە بە مەسەلەی تەئسیری نیزامیان و عەسکەرییان بە تایبەتی ئینسانی وەکوو مستەفا کەماڵ، وەکوو ڕەزا شا و ئەوانە. لەقییەکی دیکەش کە لەوەیدا هەیە بە تایبەتی کە لە مێژووی کورد دا زۆر وەبەر چاو دێ. ئەوە تاحدوودێکی زۆر باعیس بووە کە  گوفتمان و دیسکۆرسی باڵا دەست  لە سەر چۆنێتی کوردیش لە مێژوو دا، لە وەی کە کورد چۆن مێژووی خۆی ببینێ ، تەئسیری هەبووە و شوێنی داناوە، ئەویش ئەوەیە کە زۆربەی زۆری ئەو کەسایەتییانەی کە لە مێژوو دا  کاریان کردووە یا دەبێ دیندار بن یا دەبێ نەتەوەگر بن ، کەسایەتیی نەتەوەیی بن. ئەمن لە سەر ئەو باوەڕەم ، ئەوەی بە بەربڵاوی لە کتێبەکەیدا باس دەکەم ، کە ئەو جوێ کردنەوەیە، ئەو دووانەییە لە تێڕوانین دا  یەک ئیشکالی زۆر بنەڕەتی هەیە ئەویش ئەوەیە کە پێی وایە لە زاتی خۆیدا مەسەلەی نەتەوایەتی دەبێ مەسەلەیەکی سیکولار و یا وەکوو لە باشوور دەڵێن عەلمانی بێ. ئەمن بە بەربڵاوی ئەو مەسەلەیەی باس دەکەم  کە چۆنە. بەڵام سەبارەت بە مەسەلەی مێتۆدۆلۆژی، دیارە ئەمن چەندین دیسیپلین و چەندین ڕوانگەی  بڵێین کە لە خوێندنەوەکانی  کۆمەڵناسی و مێژوو نووسی دا بەکارم هێناوە لە ناو ئەوانیشدا شیکردنەوەی دەقیشم بەکار هێناوە کە ئەوە بۆ چەند  شت بووە. مەسەلەن بۆ ئەوەی ئەمن کار لە سەر  مەسەلەی تورکی بکەم و نیشان بدەم کە ئەوانە  بە ڕاستی  ئەوانەی کە پێیان دەڵێن عوسمانیست یانی کەسانێک کە لە سەر  مێژوو نووسی عوسمانی کار دەکەن ئەو بۆچوونەیان هەڵەیە  سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی تورک کە شتێکە لە مێژ نییە هاتووەتە گۆڕێ ، ئەمن لە ساڵی  ١٨١٠ ڕا  هەتاکوو ساڵی  ١٨٤٠  لەو کاتەی ڕا کە دەست پێ دەکرێ  بە لە بەین بردنی میرنشینە کوردییەکان ،  ئەمن گەڕاوم بە دوای ووشەی  تورک ، تورکی بۆ وەی کە بزانم لە  بەڵگەی عوسمانی دا چۆن فەهم دەکرێن و چۆن  دەرک دەکرێن و ئەوە چ جۆرە ڕوانگە یەک  دەدا بە ئێمە  وەختێک چاو لێ دەکەین  ئینسانی سیاسی یان ئینسانی حکوومەتی ، دەوڵەتدار ، ستەیتسمەن  چۆنی ئەو شتانە بەکار هێناوە، ئێمە  چۆن دەتوانین لە خوێندنەوەی ئەو بەڵگانە دا  ئەو داستانە و ڕیوایەتەی لە پشت ئەو بەڵگانە دا هەیە دەری بکێشین.


قازی: زۆر باشە، ئێمە ئێستا  بڕێک ڕابوەستین . بەڕێزت بە پێی ئەو ئاگادارییەی کە من هەمە بۆ یەکەمجار باسی ئەوە دەکەی لە پێوەندیی لەگەڵ مەسەلەی کورد دا  بە تایبەتی  کە ناسیۆنالیزم  تەنێ چەمکێکی عەلمانی نییە بەڵکوو تێکەڵاوێکە. تەنانەت ئەو کەسانەی کە لە سەر ئەساس و مۆتیڤی دینی ئیسلامیش  تێکەڵاوییان هەبووە لەگەڵ مەسەلەی نەتەوایەتی کوردی  مەجبوور بوون ئەو سیکولاریزمە بە شێوەیەک لە شێوەکان قەبووڵ بکەن. یانی باسی ئەوە دەکەی کە دیندارەکانیش ناسیۆنالیزمیان بە کار هێناوە هەر وەکوو چۆن  ناسیۆنالیستەکانیش بە شێوەیەک دینیان بەکار هێناوە. دەکرێ ئەو لایەنانە هێندێک زیاتر شی بکەیەوە.
سولەیمانی:  ئەمن پێم وایە یەکێک لە موشکیلەکان ، یا لەو کێشانەی  کە لە کاری عوسمانیستەکان، مێژوونووسانی عوسمانیدا هەیە  و لە مێژوونووسانی کوردیش دا دیتوومە  تۆزێک زەعف و نەتوانین هەبووە لەوەی کە بە باشی کابرای  دینداری کورد بخوێندرێتەوە ، دینداری کورد ئەو کێشە و  ئەو دووبەرەکییەی ،  ئەو دوو فاقییەی  بە شێوەیەکی ئەسڵەن بۆخۆی نابینێ لە بەینی  مەسەلەی کوردایەتی و مەسەلەی دینەکەیدا. وەکوو عەڕەبیش نەیدیوە ، وەکوو تورکیش نەیدیوە. دروستە ئینسانی دیندارمان هەیە مومکینە دژی مەسەلەی  نەتەوایەتی بێ ئەڵبەتە لە ناو کورد دا،  کە لە ژێر  تەئسیری دینداریی دەسەڵات دایە.
 قازی: لێرە دا وەختێک دەڵێی نەتەوایەتی مەبەستت ناسیۆنالیزمە؟
سولەیمانی:  بەڵێ مەبەستم ناسیۆنالیزمە . یانی دینداری ناسیۆنالیستی کوردیشمان هەیە،  ناسیۆنالیستیشمان هەیە کە کاری بە دین نییە، ناسیۆنالیزمی عەلمانیشمان هەیە ، کە دەتوانێ دژی دین بێ یا هەر کاری بە دین نەبێ. لە ناو گرووپ و میللەتی دەسەڵاتداریش دا ئەو شتە هەیە. ئەمن لە سەر ئەو باوەڕەم بەشێک لەوەی کە ئەو شتە بە باشی دەرک نەکراوە و بە باشی لێکۆڵینەوەی لە سەر نەکراوە  ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە کار لە سەر ئەو بابەتە دەکەن دین ناناسن،  ئەوە یەکێک لە شتەکان، دووهەمیش ئەوەیە بە باوەڕی من لە سەد ساڵی ڕابردوو دا لانی کەم ، دەرک و فەهمی دینی، تەفسیری دینی زۆر بە جیدی ، زۆر بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە ژێر  تەئسیری ناسیۆنالیزم دایە.  و ئەسڵەن تەواوی ئەو مەسائیلەی کە دەکوترێ ، حەتتا ئینسانی  توندڕەوی مەزهەبیش ؛ ئەوانەی کە پێیان دەڵێن ڕادیکاڵ و نازانم  ئیسلامی سیاسی و ئەوانەش ، ئێمە چۆن دەتوانین ئەو شتەی بڵێین ، بەو شێوەیەی ئەوان حکوومەتی تەسەور دەکەن،  بەو شێوەیەی کە فەهمی دەکەن ، ئەسڵەن حکوومەتی مۆدێڕن وەکوو دیاردە ، وەکوو فێنۆمێن یەك حکوومەتی  ناسیۆنالیستی یە، یانی ئەساسەن حکوومەتەی مۆدێڕن حکوومەتێکی نەتەوە – دەوڵەتە .بۆیە ئەگەرچی مومکینە کابرا  پێی وابێ دیندارێکی زۆر خالیسە  بەڵام لە شێوەی بیر کردنەوەیەدا – ئەمن زۆر جار  بە شۆخی  بەو کەسانەی کە زۆر دژایەتی لەگەڵ ئەو تیورییەی من دەکەن ئەمن دەڵێم ئەگەر پێغەمبەری ئیسلامێ زیندوو بایە  بە بێ  ویزای ووڵاتەکەتان ڕێتان نەدەدایە.  چونکە ئەساسەن وەختێک حکوومەتێک دادەمەزرێ لە ووڵاتێک  کێ سووژەی میللی یە یا سووژەی نەتەوەیی یە  لەوێدا پێناسەی دەکا. لەو  پێناسەیەی دا کەسێک کە لەو چوارچێوەیەی دا نەگونجێ موهیم نییە چەندە ئینسانێکی موتەقی یە یا  خەڵکی کوێیە چییە ، لەوێدا ناگونجێ . جا وەختێک حکوومەت ئاوا  تەسەور دەکرێ حکوومەت لە ئەساسدا ، حکوومەتی مۆدێڕن حکوومەتێکی نەتەوایەتی یە ، ناسیۆنالیستی یە .
 قازی:  جەنابت لە بەندەکانی سەرەتای کتێبەکەتدا  مەسەلەیەکی دیکەش دەورووژێنی و باسی دەکەی  ئەویش ئەوەیە ڕەنگە لە کۆڕ  و کۆمەڵی کوردیدا کەمتر پێی زاندرابێ ، بە پێی سەندو بەڵگە باسی ئەوە دەکەی ، بە تایبەتی سەرچاوەی زەمانی عوسمانی  ئەوەی دەهێنییە گۆڕێ کە زۆر تازە بوو بۆ من  دەڵێی مەسەلەی ناسیۆنالیزمی تورکی لە زەمانی  عوسمانی ڕا دەست پێ دەکا، یانی بە پێچەوانەی  ئەوەی دەگوترێ ئەوە لەگەڵ تورکیای تازە هاتووەتە گۆڕێ ، لە سەردەمی ' ئیتیحاد و تەرەقی' و دوایە زەمانی ئاتا تورک ناسیۆنالیزمی تورکی سەری هەڵداوە . بەڵام بەڕێزت دەڵێی لە زەمانی عەبدولحەمیدی دووهەم ڕا ئەوە دەستی پێ کردووە یانی تەڤ دان و بەرەوپێشبردنی ناسیۆنالیزمی  تورکی. دەکرێ ئەو لایەنە زیاتر ڕوون بکەیەوە.
سولەیمانی:  ئەمن لە سەر ئەو باوەڕەم دەورەی عەبدولحەمیدی بە شێوەیەکی  ئەوەی کە لە فارسیدا پێی دەڵێن  ئەوج یان لووتکەی ئەو شتەیە. ئەمن لە سەر ئەو باوەڕەم ئەو شتە زۆر زووتر دەستی پێ کردووە، جا ئەو باوەڕەی من ، کابرایەکی وەکوو زییا گوێکئاڵپ یش کە پێی دەڵێن باوکی ناسیۆنالیزمی تورک  تەئییدی دەکا.  ئەگەر ئیجازەم هەبێ دەمەوێ ئەوەی کەمێک بە ووردی ڕوون کەمەوە.
 قازی: فەرموو ،


سولەیمانی:  ئەمن لە سەر ئەو باوەڕەم لەو کاتەی  ڕا کە  ' تەنزیمات ' بڵێین لە ساڵەکانی ١٨٥٠ ڕا دێتە  ناو تورکییە و ئێرانیانیش  لاسای تورکیایان کردەوە بە ناوی ' نێزامێ جەدید ' و ئەو شتانە ، بۆ زۆربەی ئەو شتانە لە ئێرانێ لاسای عوسمانییەکانیان کردووەتەوە ، ئەوە دەورەیەکە کە حکوومەت یانی دەوڵەت  لە حاڵەتی کۆنی خۆی ڕا دێتە دەرێ  کە بە ئینگلیسی پێی دەڵێن گاڤڕمێنتالیتی ، بە تایبەتی کە فۆکۆ لە سەر ئەو بابەتە زۆر شتی نووسیوە  شتێکی ئەکادێمیکە زۆر ناچینە ناو ئەو باسەی. بەڵام لەو کاتەی ڕا کە حکوومەت تێڕوانینی تایبەتی بە خۆی هەیە ، دەیهەوێ بە شێوەیەکی مۆدێڕن، ئەو جۆرەی کە دیسانەکانە  فۆکۆ فەیلەسووفی فەڕانسەیی باس دەکا: ئەوە دەورەیەکە  کە حکوومەت لە حکوومەتی خاک ، تێرێتۆری  یانی پانایی ووڵاتی ڕا دەبێتە حکوومەتی جەماوەر ، یانی ووردە ووردە  بۆ وێنە سەرژمێری و ئەو شتانە دێتە گۆڕێ ، ئەوەی کە خەڵک دەچێ بۆ مەدرەسە یا  ناچێت ، ئەوەی کە پێی دەڵێن پابلیک ئێجووکەیشن یا  خوێندنی گشتی. عەرزم بە حزوورت تەواوی ئەو شتانەی کە حکوومەت موداخەلەی تێدا دەکا  و پێی دەڵێن  بایۆ پالیتیکس ووردە ووردە ئەوە دەورەیەک هەیە بە فارسی پێی دەڵێن زیست سیاسەت ، ئەوە دەورەیەکە کە ئەو شتە ساز دەبێ ، بە تایبەتی لە سەردەمی  مەحموودی دووەم بڵێین لە ساڵانی ١٨٤٠ کاندا  دەوڵەت چەند شتان دەکا کە بە باوەڕی من زۆر موهیمە. یەکیان ئەوەی کە ئەڕتەشی کۆنی  کە پێیان دەکوت ' یەنی چەری ' و  ' جان نیساری '  ئەوانە لا دەبا ، ئەڕتەشێکی نوێ پێکەوە دەنێ کە ئەو ئەڕتەشە ئەو عەسکەرە  وەفادارە  بە دەوڵەت. نەک بە فڵان عەشیرە و بە فڵان ئاغا و بە فڵان شێخ. ئەوەی دێنێتە مەیدانێ. نوختەیەکی  دیکەش کە بە باوەڕی من زۆر زۆر موهیمە شێخولئیسلام کە وەکوو مەنسەبێکی دینی بوو  ، شێخولئیسلام لە دەرەوە بوو ، لە دەرەوەی حکوومەت دا بوو  و سەربەخۆ بوو دەیهێنێتە ناو کابینەی. یانی بەشێکە لە کابینەی حکوومەت دا  و ئەوە بە باوەڕی من ڕووداوێکی زۆر زۆر گرینگە چونکە دروستە دین هەمیشە سیاسی بووە ، بەڵام لەو کاتەی دا دەوڵەت بۆ یەکەم جار – ئەسڵەن ئەوە مەسەلەیەکی دەوڵەتیی نەتەوەیی یە- دین نابێ لە چوارچێوەی دەرەوەی دەوڵەت دابێ.
قازی: باشە، لەو دۆخە دا سەرەتی دان بە زمانی تورکیش دێتە گۆڕێ وا نییە؟
سولەیمانی: دەقیقەن، ئەو سەرەتی دانە دێتە گۆڕێ و لە ساڵی ١٨٤٨-ی زایینی / ١٢٢٧ی هەتاوی ووردە ووردە دەست پێ دەکەن کە ئێمە چۆن خەڵکی فێری تورکی بکەین. مەسەلەی ئەڕتەشی مۆدێڕن  و مەسەلەی وەحدەتی زمانی ، یەکگرتوویی زمانی لێک دوور نابینم. بەڵام هەر چۆنێک بێ دەوڵەت لەو ساڵانە دا هێندێک دوای دەسەلاتی مەحموودی دووەم  دەست بە ناردنی ئێکیپ و تیمی جۆراجۆری  خوێندن و ئەوە دەکەن مەسەلەن بۆ لیبی، بۆ بنغازی و تەرابلۆسێ کە چۆن ئەوانە ووردە ووردە تورکی فێر بن و باسیش دەکا بۆ پێویستە؟ دەقیقەن ئەو مەسەلەی گاڤرمێنتالیتی یا حکوومەتدارییە کە  دەوڵەت خەڵکی وەکوو مەجمووعەیەک ئینسان  کە تەنیا دەبێ ماڵیاتی بدەن و جار و باریش ئەگەر پێویست بوو عەسکەری بنێرن بەوەندەیان لێ ناگەڕێ ئەو جار خەڵک دەبێ ڕابێ ، دەبێ دەوڵەت شێوەی ژیانیان تەعیین بکا، چۆن  هەڵدەستن ، چۆن دەژین لە مەسەلەی  جۆراجۆری دا کە ئەوڕۆ دەیبینین. یانی ئەوانە، خودی تورکی فێر کردنەکە نە تەنها شتێکی زۆر نوێ یە، بەڵام ئەو تورکی فێر کردنە بەشێکە لەو شتەی کە پێی دەڵێن بایۆپالیتیکس ، کە ئەتۆ دەبێ چۆن هاووڵاتی ساز کەی، بە نەحوێک دەیهەوێ کابرای عەڕەب بکاتە هاووڵاتی تورک.
قازی: ئەوە ئاماژەیە بەوەی کە زەمینەکەی پێش کەمالیزم ساز کراوە و لەگۆڕێ دابووە. ئێستا دەگەینە مەسەلەی بزووتنەوەی شێخ عوبەیدیلای نەهری ، کە دەزانین بە شێوەی مەسنەوی بە زمانی فارسی شێعری نووسیوە، بەڕێزت کە بیرۆکەت لە شێعرەکانی هەڵێنجاوە بێجگەلە بەڕێزت لە سەرچاوەی دیکەش دا دەگوترێ دەکرێ بڵێین یەکەم نیشانە لە ناسیۆنالیزمی کوردی لەو زەمانی ڕا دەست پێ دەکا. تێخوێندنەوەت لەو شێعرانە بەو ئاکامەی گەیاندووی یان نا و ئەگەر دەکرێ هێندێک نموونەی شێعرەکانیش بگێڕەوە. دەزانین کە شێعرەکانی بە فارسی نووسیوە.
سولەیمانی:  بەداخەوە کتێبەکەم لەگەڵ خۆم نەهێناوە، بریا هێنابام. بۆ ئەوەی کە ئەو شتەی بە باشی ، بە پوختی ڕوون بکەمەوە هێندێک دەگەڕێمەوە سەر مێتۆدۆلۆژی لێکۆڵینەوەکە ، جا دوایە باسی قەزییەی شێخ عوبەیدیلای دەکەم. ئەمن لە چەند بارانەوە ویستوومە نیشانی بدەم کە شێخ عوبەیدیلا باوکی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕنی کوردە. سەرەڕای ئەوەی کە لە شێعرەکانی کەلک وەردەگرم و عەرزم بە حزوورت دەمهەوێ نیشانی بدەم کە دینداریی شێخ عوبەیدیلای هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ  مەسەلەی ناسیۆنالیزمەکەی نییە بەڵکوو  دەبێتە پایەی ناسیۆنالیزمەکەی. جا ئەوەی دوایە هێندێکی دی هێندێک ڕوون دەکەمەوە. شتێکی کە لە دەرەوەی بەڵگەوە چونکە  کێشەیەکی زۆری لە سەر بووە لە ناو کوردیش ستادیز، لێکۆڵینەوەکانی کوردی دا کە زۆرێک لە مامۆستای زۆر بەڕێز کە ئەمن زۆرم ڕێز بۆیان هەیە لە سەر ئەو باوەڕەن شێخ عوبەیدیلا ناسیۆنالیست نەبووە، ئەمن لەو بۆچوونەی جان ئاوستین ئەو فەیلەسووفە  ئینگلیسییە  کەلک وەردەگرم کە دەڵێ بە ووشە دەتوانی چ بکەی . جان ئاوستین شتێکی هەیە بە ناوی کانڤێنشن یا با بڵێین قەرار داد. مەجمووعە شتێک هەیە دەڵێ تەنیا لە نێو قەرارداد دا، کە قەرارداد هەیە لە ناو مەجمووعەیەک ڕەسم و عادەت دا  مەعنا و مەفهووم پەیدا دەکا. بە تایبەتی باسی شتێک دەکا بە ناوی سپیچ ئەکت وەکوو بڵێین  قەول عەمەل، شتێکی ئاوا. ئەو مەسەلەی قەول عەمەل ئەوەیە ئەمن ئەگەر  شتێک میسالێک کە بۆ خەڵکی خۆمان ئاشنا بێ  دەکرێ لە شێوەی تەڵاقی شافعی دا بیبینین. مەسەلەن لە مەزهەبی ئیمامی شافعی دا ئەگەر کەسێک بڵێ هەر سێک تەڵاقم کەوی ئەوە فەقەت لەفز نییە، ئەوە لەفز و عەمەلە. یا لە ئەمریکا یا لە ئینگلیستان کابرا کە دەڵێ سوێندێ دەخۆم ، ناڵێ بە حەقی ئەو قورئانەی ، بە ساحێبی ئەو قورئانەی ، بە حەقی ئەو ئینجیلەی ، بە ساحێبی ئەو ئینجیلەی،  بەڵکوو دەست هەڵدێنێ  و سوێند دەخوا، کە کوتی سوێندەکەی دەخۆم  یانی سوێندەکەشی خواردووە یانی قەول و عەمەلی یەک دەگرێ. فەرزەن ئەگەر کابرایەکی شافعی مەزهەب و بەو مەنتیق و بەو فەرهەنگ و بەو قەراردادەی ئاشنا نەبێ ، بەو سوننەتەی ، ئەگەر بڵێ هەر سێک تەڵاقم کەوێ نە دەزانێ دەڵێ چی و نە ژنەکەشی دەتوانێ لێ جودا بێتەوە. جا ئەوەی چۆن ڕەبت بدەینەوە بەو قەول عەمەلەی کە ئاوستین باسی دەکا دەبێ مەجمووعەیەک  ئینسان هەبن کە ئەو شتەیان قەبووڵ بێ. دەمەوێ ئەوەی بڵێم ئەگەر کەسێک دەتوانێ مەسەلەی تەڵاقی سەلاسەی شافعی بەکار بێنێ کە ئەو شتەی بزانێت. ئەمن دەڵێم ناسیۆنالیزم قەراردادێکی مۆدێڕنە. کەسێک کە ئەدەبیاتی ناسیۆنالیستی هەیە  لە ناو ئەو قەرادادە دایە و پێی ئاشنایە. بۆیە ئێمە پێویست نییە سەد کتێبمان لە سەر شێخ عوبەیدیلای هەبێ ، ئێمە یەک نامەی شێخ عوبەیدیلامان بەسە کە ئیسپاتی بکەین زمانەکەی زمانی ناسیۆنالیستی یە.



قازی: ئەو نامەیەی کە بۆ کاربەدەستێکی ئینگلیسی نووسیوە. بەڵام ئایا ئەوە کافییە. ئەوەندەی کە دەزانین ئینعیکاسی ئەو خەبات و ئەو تێکۆشانەی کە کردوویەتی ڕەهەندی ئیسلامییەکەی زۆر قەویتر و بەهێزتر بووە وا نییە؟ مەسەلەی شەڕی سوننی و شیعە، شەڕی دژی عەجەمان بە تایبەتی ئەو  شەڕانەی لە میاندواو و بناو  ڕوویانداوە.
سولەیمانی: ئەو شەڕ و هەرایەی کە لە میاندواو و بناو ڕووی دا شێخ عوبەیدیلا بۆ خۆی لەگەڵ نەبوو. شێخ عەبدولقادر کە خاڵی دیت کوشتبوویان و لەت لەتیان کرد بوو ، جەوانیش بوو بیست و چەند ساڵە بوو کە وەختێک ئەو وەزعەی دی ، کە دیارە لە باری سیاسییەوە زۆر خەتا بوو . دەنا شێخ عوبەیدیلا لە بیرو باوەڕی مەزهەبی دا، باوەڕت هەبێ زۆر کەم عالمی ئیسلامی هەیە بەو شێوەیە بتوانێ بەرین فکر بکاتەوە. مەسەلەن ئەمن چەند نموونان دێنمەوە. ئەسڵەن شێخ عوبەیدیلا باوەڕی بەوەی نییە کە ئیسلام و مەسیحییەت و یەهوودییەت و هەر یەک لەو دینانە فەرقیان هەیە. ئەو پێی وایە ئەوە تەفسیرات و تەعبیراتی ئینسانی مەزهەبی یە کە فەرق لە بەینی ئەوانە دا دەنێ. لە ئەساسدا ، لە ناوەڕۆک دا ئەوانە هەموو یەک شتن. مەسەلەن وەختێک خزمەکەی خۆی ناوی کافی بەگ بوو دەبێ بە مەسیحی، ئەوە نموونەیەکی زۆر جیدی یە ئەمن تەقریبەن لە ساڵی ٦٠٢ ی زایینی ڕا ئەو کاتەی کە پێغەمبەری ئیسلامێ فەوتی کردووە موسوڵمانان بە عام پێیان وابووە کابرای موڕتەد دەبێ بکووژرێ ، بەڵام کافی بەگ کە بە قەولی عمووم موڕتەد بووە دەوڵەتی عوسمانی فشاری بۆ دێنێ دەڵێ ئەو کابرایە موڕتەدە ئەتۆ نابێ هەڵسوکەوتت لەگەڵی هەبێ ، لە ووڵام دا دەڵێ بریا میللەتی کورد هەموو وەک  'کافی بەگ ' موڕتەد بایە .
قازی: باشە ئەوەی کە دەکڕێ لە شێعرەکانی ڕا هەڵبهێنجێندرێ و نیشانەی ئەوە بێ ئەو هەستە ناسێونالیستییە بەهێز بووە نموونەکانی چن؟  نموونەی جیاوازیی کورد لەگەڵ ئەوانیدی چۆن دەر دەبڕێ؟
سولەیمانی:  مەسەلەن باس دەکا دەڵێ ووشەی ' کرد '  بۆ سێ شتە. لە ووشەی  'کرد ' دا کاف نیشانەی کەماڵ ە،  ڕێ نیشانەی ڕوشدە و دالەکەش نیشانەی دینە. دەڵێ ئەتۆ لە هیچ میللەتێکی دا ئەو جوانییە و ئەو  کەماڵاتەی پێکەوە نابینی. وەختێک ئەتۆ لەگەڵ تورکانی هەڵدەسەنگێنی تورک خۆ دیندار نین خۆ. دەڵێ تورک تەزاهور بە دین دەکەن، لە واقعدا مونافیقن حەتتا حەدیس دێنێتەوە.
قازی: هەڵبەت لە ڕوانگەی وییەوە.
سولەیمانی: بەڵێ ئەمن ڕیوایەتی قسەکانی وی دەکەم بەو مانایە نییە لەگەڵی هەم تەنێ لە ڕووی مێژووییەوە باس دەکەم کە چی گوتووە. یان بۆ وێنە وەختێک لە گەڵ هێنری دوایت  کە میسیۆنێرێک بووە دادەنیشێ قسە دەکا دەڵێ ئێوە بۆیە ئیسلامتان بە دڵی نییە چونکە  ئیسلامی کوردیتان نەدیوە ، دەڵێ ئەوە تەنیا ئیسلامی  عەجەم و ئیسلامی ڕۆمیتان دیوە.
قازی: لایەنی تەسەوف، دیارە کە لایەنی تەئسیری مەولەوی بەلخی لە سەر بووە ئەوە ڕوونە، لایەنی تەسەوف چۆنە لە شێعرەکانی دا؟
سولەیمانی: ئەسڵەن ئەو کتێبە شێعرەی لە ئەساسدا بۆ ئەوەی کە تاریخی تەسەوف بگێڕێتەوە نووسیویەتی. دەڵێ ئەمن بە چەند هۆ ئەو کتێبەی دەنووسم، یەک ئەوەی کە ئەمیری تەریقەت یانی جەلالەدینی روومی نەناسراوە، دوو لە ناو کورداندا هەستی دینداری زۆر قەوی یە بەڵام  لە موقابیل دا  جەهالەتێکی زۆر جیدی هەیە دەڵێ ئەو شتەی کە تەسەوف لە ئەساسی خۆیدا شتێک بووە کە تۆ دەبێ کەماڵاتی خەڵکی ببینی و عەیبی خۆت ئێستا   دژی ئەوەیە مەسەلەن شێخ و مەشایخ  هەرچی عەیبە لە خەڵکی دا دەیبینن هەرچی کەماڵاتیشە لە  خۆیانیدا دەبینن. دەڵێ کوا دین ئەوەیە. دین ئەوە نییە کە تۆ موعجیزە بکەی چ دەکەی. موعجیزە ئەوەیە کە تۆ ئینسانان نەجات دەی، ڕێیان پێ نیشان دەی. ئەو مەسەلانە زۆر بە شێوەیەکی جیاواز دەبینێ ،جا دەڵێ  بۆیە ئەمن ئەو شتەی دەنووسم کە لە ناو کوردی دا هەستێکی زۆر خاوێن هەیە ، وەکوو  خەڵکی پاکدین نێویان دەبا،
قازی: بەڵام ئەوە هەمیشە دەبەستێتەوە بە دین ، وا نییە ؟
سولەیمانی: بەڵێ وایە . دەڵێ حەیفە میللەتێکی ئاوا کە مەسەلەن کە تا چەند دەیە لەوە پێش مەرکەزی عیلم و عیرفان بوو . لە تەواوی دونیا ڕا دەهاتن. و دینیان دەرس دەدەدا بە عەڕەب و عەجەم و تورک ئێستاکە ئاوای لێ هاتووە تووشی ئەو جەهالەتەی بووە.
قازی: یانی بەڕێزت بۆ ئەو لێکۆڵینەوەیە ڕووت لە هەموو سەرچاوە مەکتووبەکان ، سەرچاوە نووسراوەکان بە فارسی و تورکی ناوە؟ پێت وایە سەرچاوەی دیکەش هەیە کە دەبێ زیاتری لێ بکۆڵدرێتەوە سەبارەت  بەو بزووتنەوەی کە بە ناوی شێخ عوبەیدیلای نەهری مۆری وێکەوتووە.
سولەیمانی: لەو دواییانە دا مەقالەیەکمان نووسیوە لەگەڵ برادەرێک بە ناوی دوکتور ئۆون میلێر نووسیومانە کە تەقریبەن بەشێکی زۆر زۆری لە کاری میسیۆنێرەکان کە لەگەڵ شێخ عوبەیدیلای دانیشتوون و چەندە شەخسییەتی شێخ عوبەیدیلا تەئسیری لە سەر کردوون و چەندە ئینسانێکی ئاواڵە بووە لە باری فکرییەوە ، چەند ڕووحێکی ئازادی هەبووە. زۆر بە ووردی باس دەکەن تەنانەت ئەوەش کە شێخ عوبەیدیلا چەندە لەگەڵ شێخ تەهای بابی جیاوازی هەیە. بابی تەعەسوباتی زۆر بووە، تەئسیری هەبووە لە هەڵائیسانی هێندێک شەڕ و کێشە دا. تەنانەت دەستی هەبووە لە کوشتنی یەزیدیان دا ، بەڵام شێخ عوبەیدیلا ئینسانێکە ئەو مەسائیلەی هیچ بۆ مەتڕەح نییە . نوختەیەکی زۆر موهیم هەیە وەختێک ڕەبتی بدەینەوە بە ناسیۆنالیزم . وەختێک باسی قەزییەی دین دەکا دەڵێ چونکە کورد دینیشیان لەگەڵ ئەوانیدی جیاوازە هەر بۆیە دەبێ دەوڵەتێکی سەربەخۆیان هەبێ. یانی مەسەلەی سەربەخۆیی کوردی بە شێوەیەکی بە خودی جیاوازی دینیش لێک دەداتەوە. لە ئەساسیشدا ئەوە  تەسەورێکی ناسیۆنالیستی یە ، باوەڕێکی ناسیۆنالیستی یە  کە ئەسڵەن ناسیۆنالیزم چییە؟ ئێمە جیاوازین ، وەک ئەو شتەی لە ئینگلیسی دا پێی دەڵێن ' سێلف دیفرێنشییەشن واتە خۆ جیاکردنەوە ، یا سێلف ڕێفرێنس  یا جۆرێک خۆ پێناسە کردن . ئەو خۆ پێناسە کردن و خۆ بە جیاواز دیتنە دەبێتە ئەساسی داواکاری سیاسی، ئێمە چونکە جیاین دەوڵەتی خۆمان دەبێ هەبێ. یانی ئێستا لە دیسکۆرسی مۆدێڕنی کوردیدا تەواوی ئەو بەحسانە هەیە .
قازی: یانی بە لێکدانەوەی بەڕێزت ئەو مەسەلەیە بە شێوەیەکی وورد و دەقیق دەکرێ و دەتواندرێ لە بۆچوونەکانی شێخ عوبەیدیلا بە تایبەتی لە شێعرەکانی دا تێ بخوێندرێتەوە؟
سولەیمانی: بەڵێ بە پێی شێعرەکانی ، بە پێی نامەی زۆری کە  لە ئارشێڤی ئینگلیستان و بەشێکی زۆریشی لە ئارشێڤی ڕووسیا دا هەن. کە ئەمن بە خوێندنەوەی کارەکانی دوکتور جەلیلی جەلیل کە وەرگێڕدراونەتە سەر تورکی ئەوانەم دیتوونە. تەنانەت هێندێک نامە هەنە کە نموونەی فارسین . نەک هەر شێخ عوبەیدیلا، لە ساڵی  ١٢٥٩ی  هەتاوی / ١٨٨٠ی زایینی مەلاکانی سابڵاغ و شنۆ نامەیەکیان نووسیوە.
قازی: مەبەستت ڕەنگە هەر ئەو نامەیە بێ کە کۆپییەکەی وەختی خۆی لە گۆواری ئەنیستیتووی کوردی پاریس دا بڵاو بووەوە.
سولەیمانی:  ئیحتیمالەن هەر ئەوە کە دەڵێ کوردستان تەساحوب کراوە. ئەو گوفتمانە زۆر زۆر بەر بڵاوە و ئەوانە نە تەنیا خۆیان لە فارسان و لە شیعان جودا دەکەنەوە، خۆیان لە عوسمانیش جودا دەکەنەوە و دەڵێن ئەگەر ئێوە  بە ڕاستی چاو لێ بکەن دەزانن کێ بە تەبع وەحشی یە. کورد یا ئەو کەسانەی کە کوردستانیان تەساحوب کردووە؟ یانی کەلیمەی تەساحوب بەکار دێنن. جا مەبەستم ئەوەیە ئەو شێوە خۆ جیاواز دیتنە خۆ جیا دیتنە دەکرێ ئاوای تێ بخوێندرێتەوە.
قازی: نموونەیەکی دیکە، کەسایەتییەکی دیکە کە لە کتێبەکە دا باسی هاتووە دەکرێ بڵێێن جۆرێک کانتۆڤێرشیاڵە، جەنجاڵییە هەم لە ئەدەبییاتی تورکی دا و هەم لە ئەدەبییاتی کوردیش دا ئەویش سەعیدی نوورسی یە کە بۆ ماوەیەک وەختێک لە ئەستەمبووڵ بووە حەولی کردنەوەی مەدرەسەی کوردی داوە و دوایە پسانێکی تەواو لە ژیانی دا دروست دەبێ و وای لێ دێ کە بەشێک لە پێڕەوانی مەکتەبێکی ئیسلامی تورکی لێی خودی دەردەکەون و لایەنە کوردییەکەی دەکووژێتەوە. ئەوە چۆن لێک دەدرێتەوە؟
سولەیمانی: ئەگەر زۆر بە کورتی باسی بکەم چەند شت هەیە یەکەم شت  کە سەعید نوورسی لە ساڵی ١٩٠٧ دا کە لەگەڵ عەبدولحەمیدی عوسمانی کێشەی لێ پەیدا دەبێ لە سەر زمانی کوردی یە و ئەوە مەسەلەیەکی زۆر جیدی یە. و لەو ڕۆژە ڕا کە دەینێرنە نەخۆشخانەی شێتان ، یا بڵێین شێتخانە لەو ڕۆژەی ڕا  دەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی کێشەی پەیدا دەبێ. بەڵام چەند شت زۆر موهیمە؛ تورک دەیانهەوێ سەعید نوورسی وەکوو کابرایەکی کە مەزهەبی یە و مەزهەبی بوون لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردایەتی  لە ئەساس دا دوو شتی دژ بە یەکن بناسێنن و ئەوەی وەکوو بە ڕاستی وەسیلەیەکی زۆر جیدی بۆ کەلک وەرگرتن لە دژی کوردی باکوور بە کار دێنن ، ئێستا  لە باشووریش . ئەو خوێندنەوەیە خوێندنەوەیەکی فریودەرانەیە، غەیرە واقعیشە. چەند شت هەیە کە من بە ووردی باسی بکەم سەعید نوورسی بە هیچ شێوەیەک دژایەتی لەگەڵ ناسیۆنالیزم بە عام نییە و ئەوەی پێی دەڵێ " حەقی جوزئییە"  یانی بە یەکێک لە حەقەکان و مافەکانی ئێستای دەزانێ بۆ موسوڵمانان و پێی وایە هەر میللەتێکی موسوڵمان ، هەر نەتەوەیەکی موسوڵمان حەقی خۆیەتی  کە ئەو شتەی هەبێ. دوایی شتێکی زۆر لەوەی گرینگتریش دەڵێ ، دەڵێ بۆ کوردی ناسیۆنالیزم شتێکی حەیاتی یە، شتێکی زۆر زۆر پێویستە چونکە تەنها ناسیۆنالیزم دەتوانێ خەڵکی لەو خوو پەرەستییەی قەبیلەگەرییەی ، لەو فەرد پەرستییەی ، عەشییرەگەرییەی بێنێتە دەرێ.
قازی: ئەوە دەگەڕێتەوە دەورانێک کە لە ژێر تەعقیب دا نەبووە.
سولەیمانی: بەڵێ ١٩١٢ ، جارێ لە ژێر تەعقیب دا نەبووە. یانی پێی وایە ناسیۆنالیزم نە تەنها دژایەتی لەگەڵ دین نییە بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسایەتی ئینسانی گەشە بکا و کاراکتێرێکی باشتری هەبێ و لە باری ئەخلاقی دەڵێ حەتتا ساحێبی کەماڵاتی ئەخلاقی دەبێ . بە پێی قسەی وی لە ناسیۆنالیزم دا ئینسان خۆی لە بیر دەچێتەوە و بۆ جەمعێک، بۆ کۆمەڵێک کار دەکا و قازانجی کۆمەڵێک دەبێتە قازانجی وی. بۆیە دەڵێ ئینسانێک ، تاکە کەس دەبێتە ئاوێنەی کۆمەڵێک و ئەوە دەبێتە هۆی تەعالی ئەخلاق. دوو جوور پێناسەی هەیە بۆ ناسیۆنالیزم. دەڵێ ناسیۆنالیزم دەتوانێ ناسیۆنالیزمی مەنفی بێ و دەکرێ ناسیۆنالیزمی موسبەت بێ. نێگاتیڤ بێ، پۆزیتیڤ بێ. لە ڕوانگەی وییەوە ناسیۆنالیزمی مەنفی یا نێگاتیڤ ئەوەیە کە ئەگەر کۆمەڵێک بچن زمان و بوونی یەکێکی دیکە، کەیانی یەکێکی دیکە بیانەوێ لە بەین بەرن. ناسیۆنالیزمی موسبەت ئەوەیە کە تۆ بتهەوێ بوون و  تەواوی ئەو شتانەی کە ڕەبتی بە بوونی کۆمەڵی تۆ هەیە ، کۆلێکتیڤ بپارێزی.
قازی: ئەو بیروباوەرانەی بە شێوەی نووسراو لە کتێبێکی تایبەتی دا بڵاو بووەتەوە؟ وا بزانم  هێندێک لە نووسینەکانی مەنع کراوە 
سولەیمانی: ئەوانە بەڵێ بەڵێ، بە تایبەتی بەشێکی زۆر لەو شتانە نوورجییەکان ، یانی لایەنگرانی کۆمەڵەی نوور دەستیان تێوەرداوە، تەحریفیان کردووە.
قازی: سەبەب چییە کە دەستیان تێوەرداوە؟
سولەیمانی: چونکە هەر شتێکی کە  بە قازانجی کوردی بوو، سەعید نوورسی وەکوو کەسێکی لایەنگری مەسەلەی کورد نیشان دەدا ، جا بە تایبەتی لە بەر ئەوەش کە خەڵکی تورکیا زمانی عوسمانی کەم دەزانن بۆیە ئەو شتانەیان لە بەر دەست دا نییە. مەسەلەن لایەنگرانی خۆی هەن کوردن ئەوانە چوونە ئەسڵی کتێبەکانیان هێنا و چاپیان کردووە. جا ئەو جۆرە مەسەلانەی یەکجار زۆر تێدایە حەتتا باسی ئەوەی دەکا دەڵێ هوشیاری نەتەوایەتی کوردی وەکوو تەسبێحێکی پساو وایە کە ئەو تەسبێحە بە داوێکی ڕزیو بەندە و ئێمە دەبێ لە ئەرمەنییان فێر بین کە چۆنمان هوشیاریی نەتەوایەتی هەبێ. بەڵام یەک مەسەلە هەیە ئەگەر ئیجازەم هەبێ بە کورتی باسی کەم  تورکەکان ، حەتتا کوردی مەزهەبیش بە داخەوە باسی سەعیدی یەکەم و سەعیدی دووەم دەکەن  و دەیانهەوێ بڵێن کە لە کتێبەکانی دواییدا سەعید نوورسی لە قسەکانی پاشگەز بووەتەوە. ئەو شتە هەڵەیە . هەڵە بوونی ئەو بۆچوونە لە چەند شتان دایە یەکەم  سەعید نوورسی لە شارێکی وەکوو بۆدرومێ ئەگەر بینەران نەزانن بودروم کوێیە، بودروم جێیەکی زۆر کەلەلایە کە هیچ کەس حەتتا نەیدەزانی کورد بە ڕاستی  هەشە لەو مەنتەقەی . ئەتۆ وەختێک کابرایەک لەوێ لە زیندان دەبێ  وەکوو ئینسانێک پێویستی هەستان و دانیشتن لەگەڵ وی هەیە وەک کابرایەکی مەزهەبی.  و وەختێک بەحسێ مەزهەبی دەکا ، مەسائیلی مەزهەبی بە پێی ئەوە کە کێ بەردەنگێتی ئاوا قسە دەکا. بەڵام لەوێدا هیچ شتێکی دژی کوردی تێدا نییە.  بەڵام لەوەی گرینگتر چەند شت هەیە ، دوو شت هەن بە تایبەتی  خودی عەبدولمەلیک فرات باسی  دەکا دەڵێ وەختێک ئەمن سەعید نوورسیم دی  کوڵی گریانێی دە ئەوکی دا بوو گوتی ئەمن  تۆڵەی ئەو  برا گەورەیەم یانی شێخ سەعیدی  پیران دەستێنمەوە گوتی  ئەستاندوومەتەوە چونکە بە ئیسلامی دروست   ناساندن بە تۆرکان تۆڵەم کردووەتەوە چونکە ئەویش  وەک ئەکسەری مەلای  کوردی تورکیان زۆر پێ موسوڵمان نەبووە یان پێیان موسوڵمانی دروست نەبوون.
 قازی: بە داخەوە ناگەینە باسی شێخ سەعیدی پیران چونکوو  کاتمان کەمە.
سولەیمانی: لەو پێوەندییە دا بە ئیجازەت جوملەیەکی دی بڵێم،  دوو هەمیش وەختێک منداڵەکانی خالید بەگی جوبرانلی دەبینێ ، کە خالید بەگ ئەو کەسەیە کە کۆمیتەی ئیستیقلال یشی دامەزراندووە و عەلمانی بووە  لە حیزبی ئازادی دا ، دەڵێ وەختێک نوورسی منداڵەکانی دیت  بە کوڵ دەگریا و دەیگوت بریا من  لەگەڵ ئەو شەهیدانە ڕۆیشتبام. ئەوە دەساڵ دوای ئەو تاریخەیە کە خالید بەگ و ئەوان ئێعدام کراون.
قازی: ئێستا ئیدی حەولێکی زۆریش دەدرێ بۆ  ئەوەی گۆڕەکەی ببیندرێتەوە بەڵام وا بزانم هەتا ئێستا سەرکەوتنێک بە دەست نەهاتووە.
سولەیمانی: تا ئەو جێی ئاگادار بم هیچ  مەعلووم نییە.
قازی: باشە با ئێستا بگەڕێینەوە سەر چاپی کتێبەکە. وەک لە سەرەتای بەرنامە دا باسم کرد  کتێبەکە بە ئینگلیسی بڵاو بووەتەوە هیچ پڕۆژەیەک هەیە  بکرێتە فارسی ، کوردی یان زمانەکانی دیکە ؟
سولەیمانی: بە تورکی  وێدەچی  بەو زووانە بێتە دەرێ . وەشانخانەی پەیوەند لە ئەستەنبووڵی  کە تەواویان کردووە ، شایەد ئێستا هاتبێتە دەرێ  یا هەر لەحزە ئیحتیمالی هەیە لە ژێر چاپ دەرکەوێ. هێندێک برادەریش لە ڕۆژهەڵات دەیانەوێ بیکەن بە  فارسی و تا ئەو جێیەی بزانم گەیشتوونە ئاخرەکانی.
قازی:  بە عەڕەبیش پێم وا بێ گرینگە ئەگەر هەبێ ، چونکوو هێندێک بابەتی وای تێدایە بۆ خوێنەرەوەی عەڕەبیش سەرنجڕاکێشە. ئەگەر بێینە سەر کاری ئێستات . باسی ئەوەم کرد لە ئەمریکا بووی لەوێ دەرست دەگوت لە نیۆیۆرک لەو شارەی کە خوێندنی  دوکتورات لەوێ تەواو کردووە ، ئێستا گوێستووتەتەوە بۆ مێکزیکۆ ، دیارە  ووڵاتی مێکزیکیش بەو باسەی کە دۆناڵد تڕامپ  هێنایە پێشێ  بۆ ڕایەڵ کردنی دیوارێک لە سەر سنوور بۆ ئەوەی پێشی خەڵکی بگرێ ناوی هاتووەتە نێو نێوان ڕەنگە زۆر کورد  زیاتر  ئاشنا بووبن لەگەڵ مەسەلەی مێکزیک . پێم خۆش بوو بزانم بەڕێزت کە لەوێ  دەست بەکار بووی  لە چ زەمینەیەک دا لێکۆڵینەوە دەکەی ؟ لێکۆڵینەوە لە سەر دنیای ئیسلام و ناسیۆنالیزم  لەو زانکۆیە ، چونکە دەزانین زۆر زانکۆی بەرز هەیە لەوێندەرێ.
سولەیمانی:  بەرنامەی من پێشتر ئەوە بوو کە  ئەو شتەیە کە فۆکۆ دەڵێ  خوێندنەوەی مێژوو لە خوارەوە ڕا بۆ سەرێ بە کاری ئێمەی کوردەوە بێ. من وەکوو پڕۆژەیەک ئێمە وەکوو کورد چۆن دەبێ مێژووی خۆمان بخوێنینەوە ، بەشێکی زۆری کارەکانم لەو بارەیە دا بوون بەڵام  ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ هێندێک برادەر  کەم کەم  ئەو  کارانە دەکەم . ماوەیەکە هەوڵم ئەوەیە زۆرتر لە سەر ڕۆژهەڵات کار بکەم  و ئەو مەقالەی کە دەگەڵ دوکتور ئەحمەد محەمەد پوور نووسیومانە و بڵاومان کردەوە  لە سەر عەشیرەگەری بە عام  مەسەلەی کورد وەکوو شتێکی  کۆلۆنیال ئەوە بە کار دەهێندرێ نموونەیەکە لەوەی  یا هەر ئەو شتەی کە ئێستا بڵاویش بووەتەوە و سبەینێش [چوارشەمە ٢٦ی ژووەن ]  مەجبوورم هەر ئەوی بخوێنمەوە  
Can non-Persians speak ? The sovereign’s narration of “Iranian identity
  بە کوردییەکەی دەبێ بە : " ئایا نا فارسەکان دەتوانن قسە بکەن؟  ڕێوایەتی سەروەر سەبارەت بە ناسێنەی ئێرانی ". چونکە میللەتی حاکم یا میللەتی سەرەوەر تەنیا  دەوڵەت نییە ئەوان چۆن هووییەتی ئێرانی پێناسە دەکەن یان نیشان بە تایبەتی ئێستاش کە باسی لە مەڕ زمان هاتووەتە گۆڕێ کە ڕێژیم دەیەوێ بیکاتە  مەسەلەیەکی بیۆلۆژیک.
قازی: ئەگەر باسی دەرسەکانیشت بکەی لە زانکۆ
سولەیمانی:  دەرسەکانم لە خولی پێشوو لە  سەر "  کێشەی ئێتنیکی و کێشەی دینی بوو  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "  بۆیە تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر ‌هەوڵم ئەوەیە کە بێمە سەر  شتی ئەم ڕۆژگارە زۆرترمەسەلەی وەک'کۆڵبەری ' ، ' کتێبی دەرسی لە ئێران ' و  قانوونی ئەساسی ئێرانێ چ جۆرە خوێندنەوەیەکی لە مێژووی ئێران هەیە  و بە چ شێوەیەک خەڵکی پێناسە دەکا و لەوێدا  حاکم و مەحکووم کێیە. ئێستاکە زۆرتر لەو زەمینانە دا کار دەکەم.  
قازی:  باسە شاگردەکانت لە ئاستی دوکتورا دا دەخوێنن ؟


سولەیمانی:  ئێمە شاگردی خوارەوەی ماسترمان نییە. ئەمساڵ زیاتر لە ئاستی ئەوەی کە لە ئێران پێی دەڵێن فەوقی لیسانس یا ماستر  دەبێ  ، ساڵی داهاتوو  دوکتوراشمان دەبێ. لە بەشەکانی دیکە دوکتوراشمان هەیە ، لەو بەشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا نەبووە ، بەڵام بەشێک هەیە سێ لەو  خوێندکارانە کە ئەمساڵ هاتوون لە سەر ڕۆژهەڵات کار دەکەن. ئێستا مەسەلەی کورد لە ئەمریکای لاتینیش زۆر مەسەلەیەکی جیدی یە.   بە باوەڕی من کوردیش زۆر شت هەیە کە فێر بێ لە ئەمڕیکای لاتین.
 قازی: باشە بەڕێز دوکتور سولەیمانی هیوادارم دەرفەتێک هەبێ تەشریف بێنی لە ستودیوش پێکەوە قسە بکەین زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لەم بەرنامەیە دا. داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم ، هیوادارم  هەڵفرینێکی خۆشت هەبێ بەرەو مێکزیک.
سولەیمانی: زۆر سپاس، سپاس بۆ بانگهێشتنەکەت و سپاس بۆ بینەرانیش
 قازی: بینەرانی  خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی ' ڕاوێژ' ی ئەمجارەشمان. لێرە دا سپاسێکی تایبەتیش بۆ هاوکارمان گۆران مامەخەلانی بۆ ئەوەی یارمەتی کردین بە شێوەیەکی ڕێک و پێک ئەم بەرنامەیەتان پێشکێش بکەین. تا کوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

 تێبینی: ئەم بەرنامەیە لە ئێوارەی سێشەمە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩  لە لەندەن ئاستە کراوە و ئێوارەی  یەکشەمە ٣٠-ی حوزەیران لەبەرنامەی ڕاوێژی ستێرک تیڤی دا بڵاو کراوەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەو بەرنامەیە دەکرێ سەری کاناڵی یوتیووبی ڕاوێژ و ماڵپەڕی ڕاوێژ لە فەیس بووک بدەن