چەند لایەن لە مەر ڕۆمان نووسی
چەند
لایەن لە مەر ڕۆمان نووسی
سەلاح
عەبباسی
وەرگێڕان لە
فارسییەوە: حەسەن قازی
نووسینی ڕۆمان
چالاکییەکە لە پلەی یەکەم دا لە خەیاڵی نووسەرەوە هەڵدەقوڵێ. هزر و خەیاڵێک کە
ڕیشەی لە هەست و هەیەجانەکانی نووسەر دایە. نووسەر دەیەوێ لە نێوان خەون و ڕاستی
پردێک ڕایەڵ کا. لە لایەکەوە ژیان بە بەرتەنگییەکان و گیروگرفتی تایبەتی خۆیەوە و
لە لایەکی دیکەوە دنیای خەونەکان و خەیاڵەکان. ڕاستی و خەون غاڵبە بە یەکەوە
ناگونجێن. ژیانی نووسەرێک تێهەڵکێشی خەیاڵی ئەدەبی و ئیلهامە. نووسەر بانگەوازی
تەمەننا دەکا تا لە ڕێگای بانگەوازی خەیاڵی تەمەننا ڕێگایەک بەرەو ئەو بدۆزێتەوە،
ڕێگایەک کە ڕاستییەکان پێشیان لێ گرتووە. کەسێک کە دەخوێنێتەوە یان دەنووسێ دەیەوێ
مانا ببەخشێ بە ژیانی خۆی . یان ئەوەی هێندێک زیاتر وەخۆی خا و بی خرۆشێنێ.
کۆمەڵێکی بێ بەش لە
ئەدەبییات کۆمەڵێکە کە ناتوانێ ئاوڕ لە خۆی بداتەوە و ناحەزی و جوانییەکانی ببینێ
و بیانناسێتەوە. کۆمەڵێکی ئەوتۆ ناتوانێ شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لەتەک خۆیدا هەبێ.
ڕۆمان نەک هەر چالاکی خەیاڵ بەڵکوو یەکێک لە شێوەکانی بیری ڕەخنەگرانەیە و دەبێ
ئەوەشمان لە بەر چاو بێ کە ڕیشەی ئەو بیرە لە گێرەو کێشە و ناکۆکییەکانی کۆمەڵ ئاو
دەخواتەوە. سەردەمی پڕاوپڕ لە ناکۆکی و ناتەبایی سەردەمی پێگەیشتن بۆ دەرکەوتنی
ڕۆمان. ئەو کاتەی کە دۆن کیشۆت ماڵی خۆی بۆ جێ هێشت تاکوو جیهان ئەو جۆرەی کە
کتێبە پاڵەوانییەکاندا خوێندبوویەوە بدۆزێتەوە و بناسێتەوە ، ڕۆمان سەلماندی ئەو
جیهانەی کە دۆن کیشۆت پێ دەنێتە ناوی نێوانی ئەرز و ئاسمان جیاوازە لە جیهانی
ناسراو و ئاشنای کتێبەکانی. هەر هەنگاوێکی داوێک بوو بۆی و هەر ئانێکی ئاڵنگارییەک
بوو بەرەو ڕووی جەنگاوەری پیر دەهات.
لە دۆن کیشۆت دا
ئاڵنگاری لە نێوان خەیاڵ و ڕاستی دا بە ڕێگای مەیتەری پیری جەنگاوەری سانچۆ کە
پایەکی لە ڕاستی دایە بە گوێی ئەرباب دادەدرێ ، هەرچەند ئەوەی مەیتەر عەرزی
ئەربابی دەکا بە زەحمەت دەتوانێ کەلێنێک لە خەونە پڕ لە شکۆکانی ئەرباب دا ساز
بکا. دۆن کیشۆت ڕۆمانێکە سەبارەت بە ڕاستی : ڕوویەکە لە ژێرەوە بەرەو ئەوەی لە
سەرەوەیە. ڕاستی دەبێ بدۆزرێتەوە و تێی بگەیشترێ. ڕاستی کوت کوت کراوە، جیهان
یەکپارچەیی خۆی لە دەست داوە. بە قەولی کۆندرا ڕومان ئەو کاتە هاتە دنیاوە کە
ڕاستی یەکپارچە جێی خۆی دابوو بە ڕاستییە ڕێژەییەکان. پشکووتنی ڕۆمان خۆی
ڕاستییەکی مێژوویی یە . کە وابوو ئەو هەیە ناسییەی کە بۆ ڕۆمانی لە بەر چاو دەگرن
لە کوێیەوە ئاو دەخواتەوە؟ ئەگەر ڕۆمان لە بەر گۆنجان لەگەڵ سەردەمی مێژوویی خۆی و
لەبەر وڵامدەر بوونی بە پێداویستییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان وەبرەو کەوتووە کە
وابوو دەبێ ئەو وەکوو ژانرێکی خۆ لێ نەبوێر و خۆ بوو وەهەژمار بێ. ه هەر چۆنێک بێ
چ ڕۆمان بە بەرهەمی نبووغی تاکە کەسی یان بە بەرهەمی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان
بزانین ناکرێ لێی گەرێێن و لای لێ نەکەینەوە. ڕ ڕۆمان بەرزترین جۆری ئەدەبی
سەردەمی ئێمەیە. ڕ ڕەسالەتی بوون ناسانەی ڕۆمان کامەیە؟ ڕۆمان ناتوانێ گۆڕانێک لە
ڕاستی دا پێک بێنێ و ئەو جۆرە گۆڕانەش کە لە ووشیاری سەردەمی خۆیدا سازی دەکا
بەرتەنگە بە جەماعەتی ڕووناکبیر و ئەوەش خۆی جێی چۆن و چمایە.
ئایا ڕۆمان لایەنی
تەفەنوونی و چێژیی هەیە و بە قەولی سارتر لە ئاست مردنی منداڵێک دا چی لە دەست
نایە؟ گرینگی ئەدەبییات بە شێوەی گشتی و ڕۆمان بە شێوەی تایبەتی لە کولتور
ئافراندن دایە. ئەوەی لە دەست ڕۆمان دێ زیاد کردنی چەند دڵۆپ لە کولتوورە و هەڵبەت
کولتوور ئافراندن ڕەوتێکی زۆر سست و کەم و بەرە بەرەیە. دوا جار ئەو هۆکارانەی
پێکهێنەری کولتوور،باوەڕەکان و بیروڕاکان ، نرخەکان و مەعنەوییات لە لایەکەوە و
مادیات و بەڕێچوونی ژیان و مەعیشەت لە سەرێکی دیکەوەن. نامەوێ لە نێوان هۆکارە
مانایی و مادییەکان تێکەوەچوون و ناکۆکی دامەزرێنم و یەکیان بکەم بە هۆ و سازدەری
بوونی ئەوی دیکەیان. سەردەمایەک کارڵ مارکس گوتی " مەعنەوییاتی ئێمە ڕیشەی لە
مادییات دایە و تێکنۆلۆژی کولتووری لەباری خۆی دەئافرێنێ ، ئێمە تەنێ لە ئامراز و
دۆزراوە مادییەکان کەلک وەرناگرین بەڵکوو ئەوان دەبنە خاوەنیشمان و ئەوە هێندێک
جار یانی نامۆ لە خۆ بوون". بۆچی ئێمە دەبێ ببینە موڵکی شتەکان و بۆچی ئینسان
ناتوانێ ببێ بە ئەو سەروەری خۆ ئاگای هێگێلی یا مارکسی؟ ووڵامی هێگێل ئەوە بوو کە
تەگەرەیەک لە خۆئاگایی ئێمە دا هەیە. ئەو تەگەرەیە یان پێشگێڕەوەیە دواجار لە
دوایین پلە دا لە ناو دەچێ و زەین دەگاتە خۆئاگایی تەواو و کۆنتڕۆڵ بە سەر خۆیدا
پەیدا دەکا. مارکس ووڵامێکی دیکەی دایەوە. لە ڕوانگەی وییەوە کاری لە خۆ نامۆ
ئێمەی کردووە بە موڵکی شتەکان و ئامراز و دراو و ئێمە سەروەری خۆمان نین چونکە لە
خزمەت بەرژەوەندییەکانی هێزەکانی خاوەن دەسەڵات داین ، و تا ئەو کاتەی کە ناکۆکی
چینایەتی لە ناو نەچێ ئاگایی ئەربابان و بەندەکانیش تووشی گۆڕان نابێ و هەر وەها
لێکدانەوەیەکی بەرژەوەندیخوازانە لە یەکتری وەکوو سووژەی ئینسانیمان دەبێ. لە
ڕوانگەی مارکسەوە دواجار لە دوایین پلە دا سیلسیلەی مەراتیب لە نێوان بەندەکان و
ئەربابان دا نامێنێ. هێندێک فەیلەسووفی وەکوو پیتر سینگر بە ڕەشبینییەوە چاویان
لەو خۆشبینییە مارکسیستییە کردووە : دەسەڵات و سیلسیلە مەراتیب ئەگەر بەشێک بن لە
پێداویستییەکانی بیۆلۆژیکی و ڕەوانی ئینسان بە پێویستی بە گۆڕانی سیستمی
کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ناو ناچن، بەڵکوو تەنێ ڕازاندنەوەیەکی تازە دەبن لە سەر
مەیدانی شەترەنجی ئینسانی. هەر چۆنێک بێ ڕۆمان گوزاریشتێکە لەو ناکۆکی و
ڕووبەڕووبوونەوەیە لە مەیدانی مێژوو و کۆمەڵ دا. گوزاریشتێک کە لە ڕێگای خەیاڵ
کردنی نووسەرەوە بە ئێمە دەگا . بەشەر بۆ خۆی بوونەوەرێکی کولتوورخولقێنە و گشت
هونەرە بەشەرییەکانیش کاردانەوەی ئەو کولتوور خولقاندنەن و تەنانەت دەستکەوتی وەک
مافی مرۆڤ ، دێمۆکڕاسی ، یەکسانی لە ئاست قانوون ( قانوونێک کە خۆی ڕیشەی لە
کولتوور ئاو دەخواتەوە) هەموویان لێکەوتەی ئەو کولتوور خولقاندنەن و وەستان و
چەقبەستنی کولتووری بە توندی سەدەمەیان پێ دەگەیێنێ . زۆرێک لە ڕۆمانەکانی سەدەی
بیستەم نەک هەر شوێنەواری دڵگرن و سەرمان قاڵ دەکەن بەڵکوو چاوی ئێمەشیان بە سەر
زۆر کەموکووڕی و کەمایەسییانیش دا کردووەتەوە. هەموو ئەو ڕۆمانانە باسی مژاری وەک
بە خراپ کەلکوەرگرتن لە ئینسان ، دووچاوکی چینایەتی و ڕەگەزی ، خراپ کەلکوەرگرتن
لە هێزی ئابووری و نیزامی ، دووبەرەکی دارا و نەدار و هتد دەکەن. تەنانەت ئەگەر
چاو لەو شوێنەوارانەش بکەین کە لە ڕوانگەی جوانیناسییەوە ڕەسەنتر و بەرزترن تووشی
هێندێک پنکت دێین کە تێگەییشتن و بۆچوونی ئێمە لە سەر دیاردەکان دەگۆڕن . بۆ وێنە
ئەگەر ڕۆمانی گەورەی پرووست لە بەر چاو بگرن . ئەو ڕۆمانە دا لەگەڵ ئەوەشدا
ڕۆمانێکە پرە لە بیر و ئەندێشەی تازە و فەلسەفی ، ڕەخنەیەکیشە لە کۆمەڵ . سنۆبیسم،
فەخر فرۆشی ، زاهیر و ئاکاری پووچی ئینسانی و هتد لەو ڕۆمانە دا شی دەکرێنەوە.
ڕۆمانی پرووست لە زۆربەی ڕۆمانەکانی سەدە گەورەترە چونکە ڕەخنەیەکی قووڵتر لە
کولتوور دەکا و لە هەمان کاتدا گەڕانێکە بە دەوری ناسێنە و بابەتی وەک بیر و
بیرەوەری.خوێندنەوەی ڕۆمان فەزای بیر کردنەوە و بۆچوونی خوێنەرەوە بەرفراوانتر
دەکا، ئاگایی وی قووڵتر دەکا و توانایی وی بۆ ئاشنا بوون و هاودەرد بوون لەگەڵ
ئینسانەکانی دیگە هەراوتر دەکا. لە ڕێگای من وەک تۆ دانانی خوێنەرەوەکان و
کەسایەتییەکانی ناو داستان ، هاو پێوەندی ئێمە لەگەڵ نەوعی بەشەر قووڵتر دەبێ.
لەوەش دەرچێ ڕۆمان نەک تەنی دەرەتانی وتووێژ لەگەڵ سەدەی هەنووکە دەدا بە
خوێنەرەوە بەڵکوو دەرفەتی وتووێژ لەگەڵ سەدە و سەروبەندانیش دەدا بە خوێنەرەوە. لە
دۆخی ئاسایی دا ئێمە تەنێ لە گەڵ خزمان و نزیکان و دۆستانمان هەست بە هاوپێوەندی
دەکەین بەڵام ڕۆمان لە دۆست و ناسیاوانمان زیاد دەکا و هێندێک جار دوژمنیشمان بۆ
ساز دەکا. ئەوەی لەگەڵ یەکێک لە کەسایەتییەکانی چیرۆکی ئۆتێلۆ یان ڕۆمانی جندۆکە
لێداوان هەستی هەبێ بە ووردی لە هەمان هەستی هاوپێوەندی لەگەڵ نەوعی بەشەر ڕا
سەرچاوە دەگرێ. شوێنەوارە گەورە ئەدەبییەکان لە ڕووی عاتیفیشەوە ئێمە تێوەدەگلێنن
و هێندێک جار ئالنگارین لە ئاست هەستی ئەخلاقی خوێنەرەوە دا. هەڵبەت ئەوە کارێکی دینی
یە و کتێبە ئاسمانییەکانیش سەبارەت بە کەسایەتی خیرخواز و بەد فەڕ سەری قسەمان
لەگەڵ دادەمەزرێنن . کە وابوو خوێندنەوەی ڕۆمان لە ڕووی ئەخلاقیشەوە بەکەلکە.
خوێندنەوەی ڕۆمان لە ڕووی چێژی جوانیناسی و زەوقیشەوە خاوەن گرینگی یە. لە هونەری
بەرز دا هەم ڕەهەندی ئەخلاقی و هەم ڕەهەندی جوانیناسی هەر دووکیان لە ڕاستیدا دوو
ڕووی سیکەیەکن. بۆ وێنە لە کاتی خوێندنەوە و دیسان خوێندنەوەی شێعرەکانی حافز
چێژێکی جوانیناسی ڕەسەن نەسیبمان دەبێ ، لە هەمان کاتدا ئەو شێعرانە نرخی ئەخلاقی
و هومانیستی تیشیان کەم نییە.
هەمان دۆخ کاتی خوێندنەوەی
شوێنەواری هونەرمەندانی ڕەسەنی وەک پروست یان ناباکوف یش پێش دێ. چێژ و شەوق و
شۆری جوانیناسانەی شوێنەواری ئەو نووسەرانە تێکەڵاوی شعووری ئەخلاقییان بووە و لێی
جیا ناکرێتەوە. ڕیچارد ڕورتی فەیلەسۆفی پڕاگماتیستی ئەمریکایی لە ووتارێک دا
سەبارەت بە ناباکوف ئەو پنکتەی بەشێوەیەکی زۆر جوان شی کردووەتەوە. ئەو پنکتەی کە
ناباکوف لەگەڵ بێزار بوونی لە بەرعۆدەیی و ڕەساڵەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ،
بەرعۆدەیی هەرە جیدی هەبووە لە ئاست ئینسان بوونی خۆی دا. کە وابوو ئایا ڕەساڵەتی
هەستی ناسانەی ڕۆمان حەوجێی بە دیسان ناساندنەوەی مانای خێر وشەڕ هەیە؟ گوتمان کە
شوێنەواری ئەدەبی هەرە گەورە ئەوانەن کە ڕەهەندە ئەخلاقی و جوانیناسانەیان بە
شێوەیەکی ئەوتۆ تێک هاڵاندووە کە لە یەکتری ناکرێنەوە. ئەگەر بڵێین کە ڕەساڵەتی
ڕۆمان نیشان دانی لایەنە جۆربەجۆرەکانی تەبیعەتی بەشەرییە ، ئەو ناساندنە لە بەر
هێندێک هۆ زۆر بە دڵخۆشکەر نازانین . لە لایەکەوە تەبیعەتی بەشەری چەمکێکی گشتی و
ناووردە کە پێویستە ووردتر بکرێتەوە و لە لایەکی دیکەوە لایەنەکانی جۆربەجۆری
تەبیعەتی بەشەری ناتوانێ شێوەیەکی سابیت و شیاوی ناسینەوەی هەبێ . ڕاسکۆلنیکۆف
باشە یان خراپە ؟ هەر کەس دەتوانێ بۆچوونی خۆی لە سەر وی هەبێ ، بۆچی وایە ؟
چونکە ڕۆمان ئەو
حەقەی ناداتێ یان لێی وەرناگرێ و ئێمە حەقمان هەیە بۆچوونی تایبەتی خۆمان هەبێ. لە
ئەدەبییات دا بە ئاسایی پۆزیتیڤ و نێگاتیڤەکانی تەبیعەتی بەشەری شێوەیەکی قەتعی و
سابیت بە خۆیەوە ناگرێ. ئیزایا بێرلین پێی وابوو کە لە ڕۆمانەکانی تۆڵستۆی و
داستایوسکی دا خوێنەرەوە گومانی نییە لە سەر کەسایەتییە باش و خراپەکاندا، لە
کاتێکدا کە کەسایەتییەکانی تورگێنیێف لە هەبوونی شەخسییەتی تایبەتی خۆی بەرزتر
دەچێ لە باش یا خراپ بوون . و هەر ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە هەر دوو لای ڕاست و
چەپ لە بەر هۆی یەکسان هێرش دەکەنە سەر بازارۆف قارەمانی ڕۆمانی تورگێنێف. چەپەکان
پێیان وابوو کە تۆرگێنێف بە ڕێگای کەسایەتی بازاروف گاڵتەی پێ کردوون و ڕاست
ئاژۆیەکان پێیان وا بوو کە ئەوە ئەوانن کە لەم ناوە دا گاڵتەجاڕیان پێ کراوە . بەڵام
گەلۆ مەبەستی تۆرگێنێف لەو ناوە دا چ بوو؟ ووڵام ئەوەیە کە ئەو تەنێ ڕۆمانێکی
نووسی بوو و ناکرێ چاوەڕوانی لە ڕۆماننووس بکرێ سنوورەکان دیاری بکا ، سەنگەرەکان
هەڵکۆڵێ یان ئاڵاکان هەڵدا. ئەگەر حەق بە ئیزایا بێرلین بێ دەبێ ئەوەش بگوترێ کە
ئەو ڕێژەیی بوونە خۆی لە خۆیدا مەزییەتێک نییە بۆ هونەری ڕۆمان. بەراوەرد کردنی
تۆرگێنێێف لەگەڵ تۆڵستۆی و داستایوسکی بە قازانجی تۆرگێنێف تەواو نابێ . با بۆ
دەمێک ئیست بگرین. ئایا ئەو پنکتەی کە تۆلستۆی هیچ گومانێکی نەدەهێشتەوە لە سەر
ئەوەی کە کەسایەتی باش یان خراپ کامەیە نوختەی هێز یان لاوازی ئەوە؟ ئەو بۆچوونەی
ئیزایا بێرلین لە سەر شەڕ و ئاشتی دا ڕاستە نەک لە سەر ئانا کارنینا کە لەوێدا حەق
بە هیچ کەس نییە و هەر کەسەی هۆی خۆی هەیە. هەر ئەو قسەیە دەکرێ لە سەر ' برایانی
کارامازۆف ' یش بکرێ کە تێیدا هەموو حەقیان هەیە . ئەو پنکتەی کە تۆلستۆی
لێبڕاوانە سەبارەت بە کەسایەتییەکانی شوێنەوارەکانی حوکم دەدا زیاتر بەستراوەتەوە
بە ئۆتۆریتەی ئەدەبی نووسەرەوە، نووسەرێک کە ئیمانی نەگۆڕی هەیە بە ناسینی خۆی .
نووسەرە گەورەکانی سەدەی بیستەم کەم و زۆر ئەو ناسینە نەگۆڕەیان لە کیس دا و چ بوو
کە وای لێ هات ؟
بورخێس دەیگوت لە
سەر کەسایەتییەکانی ئۆلیس جۆیس هەزاران شت دەزانم بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا نایانناسم
لەکاتێکدا ئەو کەسایەتییانەی دەسکردی کۆنڕاد دەناسم و دەزانم ئینسانی چلۆنن .
بورخێس ئەوە بە نوختەیەکی لاوازی جۆیس دەزانێ بۆ سازکردنی کەسایەتییان. کۆنڕاد
دەیتوانی هەستی ناسێنەی تاکانەی فەردی و ئەو هەستەی کە تاک بە نیسبەت خۆی هەیەتی
ڕابگوێزێ بۆ خوێنەرەوە و جۆیس هەزاران شتی سەبارەت بە کەسایەتییەکانی دەگوت بەڵام
ئەوان دەبوو بە خاوەنی ناسێنەی تاکانە. ئەو قسە بەناوبانگەی ویرجیناولف کە گوتی لە
یەکەم ساڵەکانی سەدەی بیستەم دا هەم ئینسان و هەم بۆچوونی ئێمە بە نیسبەت ئێنسان
گۆڕاوە زۆر جار گێڕدراوەتەوە . ئینسان ئیتر ئەوە نەبوو کە بۆ خۆی و ئەرکەکان و
تەکلیفەکان و داوخوازەکانی خۆی دەزانی. کەسایەتییەکانی ئەدەبیاتی مۆدێڕن ناسینەی
کوت کوت و دابەشکراوی خۆیان دەنماند و بورخێسیش لە ڕاستی دا ئاخ و کەسەری بۆ
کەسەیەتییەکانی یەکپارچەی سەدەی نۆزدەهەم هەڵدەکێشا. ڕەنگە پێویستی بە گوتنی ئەو
پنکتە نەبێ کە ناسێنەی ئینسان مەزنترین ئالنگاری ڕۆمان بووە لە زەمانی دۆن
کیشۆتەوە تاکوو ئێستا. ئێمە دۆن کیشۆت هەر وەک یەکێک لە ناسیاوانی نزیکمان دەناسین
. سانچۆ لە ناو خۆو دەرخۆی دا دەناسین . کەسایەتی وەکوو گوبێسک، بابە گڕاندێ ،
دۆشێس سانورینا یان سەرهەنگ شابر و هتادیش دەناسین . لە تەک ئێما بواری ش دا
ناسیاویمان هەیە و دەزانین فکر لە چی دەکاتەوە. دەزانین سەودا و خەیاڵەکانیان چن .
سکارلێت ئۆهارا کەسایەتییەکە لە گوێن کەسایەتییە یەکپارچەکانی سەدەی نۆزدەهەم بە
تەواوی لە یای دالوی جیاوازن. ولف دەریایەک لە خولیای هەستی و دیداری و بیستەمەنی
قارەمانەکەی دەخاتە بە ردەست خوێنەرەوە، بەڵام نووسەری ڕۆمانی ، 'بە باچوو '
ئامانجە ئابووری و کۆمەڵەیەتییەکانی سکارلێت بە ئێمە دەناسێنێ. سکارلێت ئینسانێکە
دەزانێ چی لە ژیان دەوێ و سبەینێ دەبێ چ بکا. ڕۆمانی مۆدێڕن بەرهەمی جیهانێکە کە
پرێنسیپی بەبڕ نەبوون بە سەری دا زاڵە و تێیدا هیچ ڕچەیەک لە ناسینی دڵخۆشکەری
تۆڵستۆی و باڵزاک بەدی ناکرێ. لووکاچ ڕاست سەبارەت بەو پنکتە ئعترازی هەبوو و لە
نووسەرە هاوچەرخەکانی تەنێ تۆماس مان ی پێ قەبووڵ بوو وەکوو درێژەدەری ڕێگای
باڵزاک و تۆڵستۆی و ریئالیستێکی گەورە. بە قسەی لووکاچ نووسەرە مۆدێڕنەکان
ڕوانگەیەکی مێکانیکی و نا مێژوویی و چەقبەستوویان هەیە. ئەو نووسەرانە لە شرۆڤە
کردنی پێوەندیی کەسایەتییەکان لەگەڵ مێژووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان دەست
کورتن و ناتوانن لە نێوان ڕەهەندەکانی تاک و ڕەهەندەکانی کۆمەڵایەتی ژیانی ئەو
کەسایەتییانە دا هاوسەنگییەکی بەدڵ دامەزرێنن . و وەک ئەوەی لە وێستگەیەکی سەڕ ڕێ
دا ڕۆمان هەتەڵە بووبێ و نووسەرانی وەک تۆماس مان تێدەکۆشن ئەوە بهێننەوە سەر
شاڕێگا ماکەکەی. نووسەر لە هەمان کاتدا تێ دەکۆشن بگەڕێنەوە سەر نەریتی تۆلستۆی.
بۆ وێنە ڕۆژێ مارتەن دۆگار دەیگوت کەسایەتییەکانی تۆلستۆی ئەزموونی نووسەر و
ئینسانەکانی سەردەمی وییان کردووەتە سەرمەشق لە کاتێکدا کە ئەو کەسایەتییانەی کە
داستایۆسکی خولقاندوونی فیلەتەنی دەروونی خۆیانن. داستایوسکی سەرەتی دەدا بە
جیهانی ناو خۆ و جیهانی تایبەتی لە مەر خۆی دەئافرێنێ لە کاتێکدا نووسەرێکی
رێئالیست دەبێ لای دەرەوە ببینێ و سەرەتی بدا بە جیهانی دەرەوەی خۆی یان جیهانی
دەرەوەی خۆی ساز داتەوە. نووسەرێکی ڕێئالیست وەکوو کۆمەڵ و واقعییەتە. جیهانێکی
دەرەوە بینە لە کاتێکدا جیهانی ناوخۆ بین وەک ڕەوان و نەفس وایە ، جیهانێکی زەینی
یە. بە کورتی جیهانی نووسەری رێئالیست بەرچاو و جیهانی نووسەری نا رێئالیست زەینی
یە. ئەو دابەشکردنە هەتا بڵێی هاسان کردنەوە کار و داشکێنەرە. داستایوسکی ش خۆی بە
رێئالیست دەزانی بەڵام ڕێئالیستێکی لە گوێن شێکسپییەر. بە بۆچوونی وی لاساکردنەوەی
واقعییەتی ئاسایی و ڕۆژانە ناتوانێ ئەوەی کە بە ڕاستی گرینگ و ڕاستەقینەیە ڕێک خا
و بۆ گەیشتن بە قووڵایی واقعییەتی ڕواڵەتی دیاردەکان مرۆڤ دەبێ دوورتر بڕوا. لە
ڕوانگەی داستایوسکی یەوە وەفاداری بە واقعییەتە ژورنالیستییەکان یان ئەزموون کراو
ناتوانێ دەستەبەری گەیشتن بە ڕاستییەکان بێ. ڕۆمان نووس واقعییەتێک دەئافرێنێ کە
هیچ لە واقعییەت خۆی دانامێنێ و لە هەمان کاتدا قەت وەک ئەوە نەقەوماوە. بە کورتی
ڕۆمان نووسێکی ئاوا واقعییەتێک دەئافرێنێ کە بەرزتر بێ لە واقعییەتی ژیان.
ئافراندنی ئەو واقعییەتە بە بێ جێگۆڕکێ بە تۆوەکانی واقعییەت هەڵناسووڕێ. ئەو جۆرە
ڕۆمان نووسینە بە هیچ جۆر سازدانەوەی واقعییەت نییە بەڵکوو ئافراندنی واقعییەتێکی
تازەیە کە دەست دەکا بە ڕقەبەری لەگەڵ دنیای واقعی و لە هێندێک ڕووەوە ڕازەکانی
دەدرکێنێ و لێڵییەکانی دەڕەوێنێتەوە.
لە سەدەی بیستەم دا
نووسەرانی مۆدێڕن بۆ دۆزینەوەی واقعییەت دەستیان کرد بە ئافراندنی جیهانە
زەینییەکانی خۆیان. داستایوسکی سەرکەوت. ئەو کەسایەتییانەی کە ئەو نووسەرانە دەیان
خولقێنن غاڵبە وەک ئەو کەسانەی داستایوسکی خولقاندبوونی لە دۆخی ناکۆکی و گرژی
لەتەک خۆیان دا بوون و ئەوەش زیاتر لەگەڵ سەدەی بیستەم دەگونجێ. هەڵبەت لووکاچ یش
دەیگوت کە کەسایەتییەکانی ڕۆمانی رێئالیستی کەسانی دوو کوت و ونجڕ کراون ، بەڵام
لەو شوێنەوارانە دا لایەنی گرۆتێسک و پێوەنراوی ژیان بە سەر ڕەهەندی ئاسایی دا
سەرناکەوێ و نووسەر لە لێواری واقعییەت بە پتەوی ماڵی داناوە. لە سەدەی ئێمە دا
پێوەندیی نووسەر و واقعییەت بە شێوەیەکی ئەوتۆ گۆڕانی بەسەر دادێ کە زۆر لە
نووسەرانی مۆدێڕن هەر جۆرە واقعییەتێکی هاوبەش بەرپەرچ دەدەنەوە و دەڵێن هیچ
واقعییەتی هاوبەش بوونی نییە ، و ئەوەی هەیە ئەو لێکدانەوە ، ڕوانگە یا بەیەک
دانانەیانەیە کە بە پێی بوونی دروونی تاکوتەرا بە پێی پێشینە زەینییەکانیان فەرق
دەکا. یانی هەر کەسێک هەمان شتێک دەبینێ کە بە پێی هەڵکەوتی وجوودی و دەروونی خۆی
دەبێ بیبینێ. بەو شێوەیە دنیای دەرەوە کەم کەم کاڵ دەبێتەوە و لێڵ دەبێ و لەو ناوە
دا تەنیا شتێکی کە دەمێنێتەوە زیهنییەت ە . بۆ وێنە لە کارەکابی رێب گرێیێ دا
شیکردنەوەی فلوبێر ئاسایی ووردە ڕیشاڵەکان دەبێتە هۆی ئەوە کە هێندێک لە ڕەخنەگران
بە لایەنگریی عەینییەتی بزانن . لە کاتێکدا کە شوێنەوارەکانی وی ئاماژە ناکەن بە
واقعییەتێکی هاوبەش و گشتی و ئەو جیهانە جیهانێکە بە تەواوی زەینی کە لە ڕێگای
شیکردنەوەی ووردە ڕیشاڵ ، ڕواڵەتێکی رێئالیستی یان بەرچاو پەیدا دەکا. نابوکۆف
تەنانەت مادام بواری شی بە ڕۆمانێکی رێئالیستی دا نەدەنا . چونکە لە ڕوانگەی
وییەوە ڕۆمانی رێئالیستی لە جێدا بوونی نییە. بە قسەی نابوکوف مادام بواری
ئەفسانەیەکی پەرییەکانە یان ماڵی قانوون لێدراو و ئۆلیس ئەفسانەی پەرییەکانن و
ئێمە پەسنی دیکێنس و فلۆبێر و جۆیس دەدەین و ستایشتیان دەکەین چونکە
هەڵفریوێنەرانی گەورەن و ئانا کارنینا و ماڵی قانوون لێداو ڕۆمانی گەورەنە چونکە
فریویان دەخۆین. بە قسەی وارگاس یوساش ڕۆمانی خراپ ڕۆمانێکە کە ناتوانێ هەڵمان
فریوێنێ. کە وابوو نەفسی ئەما نە تداری ڕۆمان لە ئاست واقعییەت دا خۆی لە خۆی دا
گرینگی نییە. کەمتر نووسەرێک دەتوانێ باشتر لە فلوبێر فێرمان کا چۆن خوێنەرەوە
هەڵفریوێنین . ئافراندنی جیهانی بەرچاو بە ووردە رێشالەوە کە هەستی پێ بکرێ بە
شێوەیەکی ئاوا فکری واقعی بوونی ئەو دیمەنە یان وێنەیە ، ئەو ڕووە یان چارە بە
تەواوی لای خوێنەرەوە دەرکەوێ. فلوبێر ئامۆژگاری دەکرد بە موپاسان و پێی دەگوت
کاتێک گاریچییەک دەناسێنی دەبێ ئەو ناساندن و شیکردنەوەیەت بەشێوەیەک بێ کە بکرێ
ئەو گاریچییە لە هەموو گاریچییەکانی دیکە بکرێتەوە و بۆخۆی تەشەخوسێکی هەبێ.
فلوبێر هەمیشە دەیگوت کە ڕێئالیسم تەنێ نوختەی بازدانە و هیچی تر. ڕێئالیسم
واقعییەت دەدا بە دەقێکی ئەدەبی و نەک ئەوەی ئاوێنەیەک بێ لە ئاست واقعییەتی
دەرەوەی زەینی نووسەر ئەو جۆرەی کە مارتن دۆگار بیر لە تۆڵستۆی دەکاتەوە. کە وا
بوو بەو حیسابە تاقە ڕەهەندێکی بە ڕاستی گرینگی کە دەمێنێتەوە و دەتوانێ پێوەرێکی
سەرەکی بێ بۆ نرخاندن ئەوەیە کە هەموو ڕۆمانە گەورەکان بێ لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە
مۆدێڕن بن یان نەریتی پێوەندی لەگەڵ خوێنەرەوە دادەمەزرێنن و لە ڕووی عاتیفییەوە
خوێنەرەوە تێوە دەگلێنن.
ڕۆمان چییە؟ لە
لایەکەوە ئەو کەسانەمان هەن کە وەکوو کایەی شەترەنج چاو لە ڕۆمان دەکەن و دەڵێن لە
پێشدا مرۆڤ دەبێ قاعیدە و ڕێوشوێنی کایەکە فێر بێ و ئەوەندە خۆی ڕابهێنێ تا کوو
ئەوەی زەین ڕێبرد و تاکتیکی پێویستی بۆ بەرەپێشبردنی کایەکە بە دەستەوە بێ.
بۆچوونێکی سارد و تێکنیکی بۆ ئەدەبییات کە دنیای خەیاڵ و ئیلهام بە کەم دادەنێ و
ئەدەبییات تەنێ وەکوو تەڕدەستی و فەن بە ڕەسمییەت دەناسێ. چاو قووچاندن لە بەهرە و
شۆڕ و خەیال تەنێ لە دەست ئەو کەسانە دێ کە ئاگری نووسین هیچ کات لە گیانیان دا
بڵێسەی نەداوە . لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی ئیلهام و فڕین بەرەو مەیدان و
شارەکانی ئەوینیش پێیان وایە کە سەری خۆ ئەسپاردن بە خەیاڵ و دەنگی دەروون خۆی لە
خۆیدا دەتوانێ شاکار بئافرێنێ. ئایا نووسەرێک تەنێ دەتوانێ لەبەر ئەوەی تەمای
گرتووە و فکری نووسین کەوتووەتە سەری شوێنەوارێکی بە نرخ بئافرێنێ؟ ئەگەر ئاوا
بووبا هەموو ڕۆژێ چەندین چیرۆکمان دەنووسی، چیرۆکی ئەوتۆی کە خۆمان نووسینی
ئەوانمان بە خۆمان بە ڕادان دابوو. بۆ وێنە بڕیارمان دەدا پۆست مۆدێڕن یان مۆدێڕن
یان هەر شتێکی بین کە دڵمان دەخوازێ. دەمانتوانی بە زانینی دوایین تیورییەکان دەست
بکەین بە ئافراندنی ئەدەبی و گۆیا شوێنەواری جیاواز بخولقێنین. تیژپەڕی و دەست
بڵاوی. لەوەش خراپتر ئەوەیە نووسەر پێی وابێ کە کردنەوەی شێرەی ئاو یان ئیلهام بۆ
هاتن لە خۆوە شوێنەوارێک دەئافرێنێ. ئەوەی کە بە تێکنیک یان کەڵەکی نووسەرێکی
دەزانین لە ڕاستیدا لە کاتی نووسین دا نە تێکنیک بووە و نە کەڵەک. هەڵبەت لە بەر
ئەوەی لە هونەر دا ئاکام گرینگە ئێمە ناتوانین هەر لە بەر ئەوەی نووسەرێک بە لە
سەرەخۆیی تەواوەوە و لە ڕووی پلان شوێنەوارێکی هونەری خولقاندووە کارەکەی بەرپەرچ
دەینەوە. ئەو کارە وەوە دەچێ کە شێعری شاعیرێک بە شاکار بزانین لەبەر ئەوەی کاتی
شێعر گوتنەکە کوڵ کوڵ گریاوە. نە ئەو فرمێسکانە و نە ئەو لەسەرەخۆیی لە ڕووی
حیسابەوە هیچکامیان پێوەر و مەحەکی جێی متمانە نین و ناکرێ لە سەر بنەمای ئەوان
داوەری بکرێ.تەنیا پێوەری جێی باوەڕ و متمانە خوێنەرەوە و کاردانەوەی خوێنەرەوەیە
لە ئاست شوێنەوار و هەڵبەت باشترین خوێنەرەوەش خوێنەرەوەی چازانە. پێوانە لە
ڕاستیدا شوێنەوارە هونەرییەکە خۆیەتی و نە ئەوەی داهێنەری شوێنەوارەکە چی دە دڵ دا
بووە. قسە لە سەر ئەوەیە کە شوێنەوارێکی داستانی چۆن گوڵ دەکا و هەر وەها ئەو
پنکتە گرینگەش کە نەزانینی قانوونەکانی چلۆنایەتی ئەنجامدانی کارێک هۆیەک نییە بۆ
تەرخان بوون لە قانوونەکان. مەبەستم ئەوەیە ئەوە زانین و ناسینی قانوونەکان نییە
کە ئێمە دەکاتە کۆیلەی خۆی بەڵکوو شتەکە تەواو بە پێچەوانەیە. تەنانەت زانینی
چلۆنایەتی ئەنجامدانی کار یان گۆیا زاڵبوونی تەواو بە سەر قانوونەکانیش دا بە
تەنیایی ناتوانێ ببێتە هۆی ئافراندنی شوێنەواری هونەری. زۆربەی ئەو کەسانەی کە
تیورییەکانی ئافراندنی شوێنەواری هونەری دەزانن بە ئاسایی دەستەوەستانن لە
خولقاندنی شوێنەوارێکی هونەری یان ئەدەبی. ڕەخنەگرە گەورەکان بە ئاسایی ئەو
کەسانەن کە خاوەن زەینی لێکدانەوەی زۆر بەهێزن و لە شەترەنجی ئەدەبییات دا زۆر
تەڕدەستن. سەنت بۆ لە باڵزاک زاناتر و خوێندەوارتر بوو و ناسیاوییەکی قووڵتری
هەبوو لە ئەدەبییات و چلۆنایەتی ئافراندنی ئەدەبی. تەنانەت ڕومانێکی بەڕێژە باشیشی
نووسی. جیاوازی سەنت بۆ لەگەڵ باڵزاک جیاوازی کەسێکە کە شتێک شی دەکاتەوە و
لێکاڵای دەکاتەوە لەگەڵ کەسێکی کە ئەو شتە دەخولقێنێ. کەسێکی وەک باڵزاک سەری
ئەوەندە بە نووسینەوە قاڵ بوو کە نەی دەتوانی وەک ڕەخنەگرێکی بێ لایەن بە
ڕوانگەیەکی ساردەوە چاو لە ئەدەبییات بکا. لەوەش دەرچێ ئەوە ئاوەز و شعووری
لێکدانەوەیی و ڕەخنەگرانەی باڵزاک نەبوو کە ئەوی کردە ڕۆماننووسێکی گەورە.
هەڵبەت ئاوەز و
شعووری ڕەخنەگرانە زۆر باشە و باڵزاکیش بەهرەی کەم نەبوو. بەڵام ئەوە ناتوانێ
خەلاقییەتی وی دیاری بکا و پاساوی بدا. خەلاقییەت بەستراوەتەوە بە بەهرەیەکی
تایبەتی و ئەو کەسانەی پێیان وایە کە دەکرێ مرۆڤ نووسەرییش وەکوو هەموو پیشەیەکی
دیکە فێر بێ لە ڕاستیدا مەبەستیان هەر ئەوەیە. ئەوەم پێ قەبووڵە بە پاڵپشتی
تەڕدەستی دەکرێ ڕۆمان بنووسرێ و پۆلی نووسەری دەتوانن نووسەر هەڵخەنەوە بەڵام لە
ناو مانگی من و مانگی گەردوون دا / جیاوازی لە زەوییەوەیە تا ئاسمان. قسە لە سەر
ئەستێرەیەکی ئاسمانی نییە بەڵکوو شتێکی دیکە کە زۆر زەویی ترە. گومانم هەیە لەوە
دا کە پۆلی گۆرانی گوتن بتوانن کەسێک بکەنە خاوەن دەنگێکی دڵنشین . یان ئەوەی کە
نووسەرێک باوەڕی بە بەهرەی خۆی نەبێ. لە ڕاستیدا نوسەرێک زانیاری تەواوی نییە لە
سەر کارێکی کە دەیکا و ئەوەی دەیخولقێنێ غاڵبە بۆخۆشی شیاوی شرۆڤە نییە. ئەبقەری
بوون شتێک نییە جگە لە حەول دان بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەی نوێ نەبێ بۆ کێشەی کۆن و
لە ڕاستیدا گشت ئەو گێرە و کێشانەی کە هونەرمەندێک دەیەوێ چارەیان بکا پێشتر جێ بە
جێ کراون و لێرە دایە کە مەسەلەی زاڵبوون بە سەر قانوونان دا دێتە گۆڕێ. بەڵام
ئەگەر هونەرمەند تەنێ دڵی بە زاڵبوونی خۆی خۆش بێ شتێکی تازە ناخولقێنێ واتە گێرە وکێشەکان
بەو شێوانە جێ بە جێ دەکا کە خەڵکی دی کردوویانە ، واتە قانوونوکانی خەڵکی دەکار
دەکا یان گەڵاڵەی چیرۆکەکەی لە شوێنێکی دیکە وەردەگرێ. نووسەرێکی ئەوتۆ هەر ملی
ئەو ڕێگایانە دەگرێ کە پێشتر پێوراون، نووسەرێک کە بە ڕێگا پێوراوەکان دا ناڕوا
نووسەرێکە کە بە زمانی تایبەتی خۆی دەدوێ و زمانی تایبەتی خۆی بە دەست دێنێ. واتە
ئەو تەسبیت دەکا کە ئەوە تەنێ ئەوە کە قسە دەکا و نە هیچ کەسی دیکە. دەنگی تایبەتی
نووسەر هەمان هێزە کە بە دەقێک دا دەخوشێ و خوێنەرەوە دەکاتە شەیدای خۆی. تاقانە
بوونی دەنگی نووسەر. تەنانەت ئەگەر دەقێک سوررێئالیستی بێ و گۆیا خۆ بە خۆ نووسرا
بێ دەبێ چاو لەوە بکرێ کە نووسەرەکەی کێیە؟ ئایا ئەو نووسەرە دەنگی تایبەتی خۆی
هەیە یان نا؟ کەسێکی وەک ئاندرێ برتۆن خۆ بە خۆش دەتوانێ دەقێکی گرینگ بخولقێنێ .
کە وابوو ڕێگام بدەن بڵێم کە نووسینی لە خۆوە و بێ کۆنتڕۆڵ تەنێ بۆ کەسانێک
دەتوانێ دەست بدا و بەرهەمی هەبێ کە لە هەموو بارودۆخێک دا ئینسانی هونەرمەندن و
ئەوە واتە بێ ئەوەی هەستی پێ بکرێ لە مەڕ ئاندرێ برتون ە و نە کەسی دیکە و بە
کورتی هەمیشە و لە هەموو دۆخێک دا سەروکارمان لەگەڵ تایبەتی بوونی هونەرمەند و
ئاسەواری هونەری یە. سور رێئالیسم یان رێئالیسم هیچیان ناتوانن هونەرمەند بئافرێنن
بەڵام هومەرمەندێک دەتوانێ سورڕێئالیسم یان ناتوڕالیسم و یان هەر قوتابخانەیەکی
دیکە کە لە داهاتوو دا دێ بخولقێنێ. نووسەران ئافرێنەرانی قوتابخانەکانن . ئەوان
خۆیان قوتابخانەن . کە وا بوو بەو ئاکامە دەگەین کە کاری ئەدەبی جووڵەیەکی
ئازادانەی زەین و خەیال کردنە. جووڵەیەک کە دەتوانێ جوانییەکی بەرچاو بخولقێنێ ،
جوانییەک کە وەکوو تابڵۆیەکی داوینچی یان غەزەلێکی حافز بکرێ زۆر جا بخوێندرێتەوە
و چاوی لێ بکرێ و یان وەک کورتە چیرۆکێکی چێخۆف هەر بخوێندرێتەوە و بخوێندرێتەوە.