Friday, September 27, 2024

Friday, September 6, 2024

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور جەمشید حەیدەری، جومعە ١٩-ی تەمووزی ٢٠٢٤

                         

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور جەمشید حەیدەری، پێنجشەمە شەو  ٢٥-ی تەمووزی ٢٠٢٤
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بە خێر بێنەوە بۆ بەرنامەکی دیکە ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەم جارەمان دا بەڕێز جەمشید حەیدری بەشدارەکە دیارە سیمایەکی ناسراوە، ئێستا مامۆستای خانەنشینە، پێشتر مامۆستا بووە لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر و هەر وەها لە زۆر چالاکی فەرهەنگی و ڕۆژنامەوانیشدا بەشداری هەبووە. زۆر بەخێر هاتنت دەکەین، بەڕێز حەیدەری بە خێڕ بێیت.
دوکتور جەمشید حەیدەری: زۆر سپاستان دەکەم
قازی: دیارە بەڕێزت بیرەوەرییەکانت لە دوو بەرگ دا چاپ کردووە وا بزانم لە١٩٤٩ بەم لایەوە و و ابزام ئەمساڵیش سێ کتێبت بڵاو بووەتەوە، یەکیان لە سەر پڕۆفێسۆر قەناتی کوردۆ ژیان و بەرهەمەکانی، کتێبی دووڕوویی لە سیاسەت دا و کتێبی سێیەمیش ئایا ماکسیم گۆرکی مرد یان کووژرا؟ دیارە دواتر دەگەینە سەر ناوەرۆکی ئەو کتێبانە. بەڵام لە سەرەتاوە بۆ دەسپێکردنی باسەکەمان ئەگەر دەکرێ  لە پێشدا کتێبی بیرەوەرییەکانت:
" لاپەڕەی بیرەوەرییەکانم " بناسێنی.
حەیدەری: بیرەوەرییەکانی من بە نووسینەوە لە ساڵی ١٩٤٩ دەستم پێکردیە، بەڵام لە حەقیقەت دا لە ساڵی ١٩٤٥ دەست پێدەکاتن. دوو بەرگە، بەرگی یەکەم لە ١٩٤٩ تا ١٩٩١، بەرگی دووهەم لە ١٩٩١ تا ٢٠١٧، بەشی یەکەمیان بەشێک لە باکووری کوردستانە، بەشێکیش لە سۆڤیەتە. بەرگی دووەمیان پتر باسی سوید و کوردستانە. بەرگی یەکەم دیارە ژیانی بنەماڵەی تێدایە، خەباتی سیاسی تێدایە، خەباتی بنەماڵەی ئێمە هەمووی. ئەویتریشیان خوێندن و نیشاتی سیاسی، چالاکی سیاسی خۆم و ئەدەبیمە. لە بەرگی یەکەم دیارە زۆر بە وردی باسی ساڵانی ١٩٤٩ و ١٩٦١ کم کردییە، پاشی ٦١ دیارە ئەمن دەستگیر کرایمە دیارە لەبەر هەندێ، پاشی وی سەبر سەبر دەکەومە ژیانی سیاسی. لە ژیانی سیاسی ناچاری گرتن دێم دوایی ناچاری پێشمەرگایەتی دێم، دوایی دیسان وەکوو دەرێ دەست پێدەکەمەوە بە خەباتی سیاسی نهێنی، ساڵی ١٩٦٨ عێڕاق بەجێ دێڵم بەرەو سۆڤیەت. بۆ سۆڤیەتێش بۆ خوێندن دەچمەوە، سەرەتا بۆ کۆنگرەیەک دەچووم بەڵام دوایی لۆ خوێندن مامەوە. لەوێش دیسان تووشی کێشەیەک دەبم لە بۆچوونی سیاسیم دا. رەگەر ئەو حیزبەی ئەمنی نارد بوو بۆ وێندەرێ حیزبی کۆمۆنیستی عێڕاقە، دەگەڕێمەوە کوردستانی عێڕاق دەگیرێم، پاشی گرتنم تاساڵی١٩٧٠  ناتوانم دەربچم، لە ٧٠ دیسان دەگەڕێمەوە سۆڤیەت دووبارە بۆ خوێندن، لە سۆڤیەت خوێندنەکەم تا ١٩٨٣ یە تا دوکتورا وەردەگرم . پێشتر لە زانکۆی لێنینگڕاد ئەدەبی ڕووسیم خوێند، بەکالریۆس و ماجسترەکە لە ئەدەبی ڕووسی بوو. لە ئەنیستیتووتی ئەکادێمی ڕۆژهەڵاتناسی سۆڤیەتیش دوکتورام کرد لە سەر ئەدەبی کوردی لە لای مامۆستا قەناتی کوردۆ. لە١٩٨٣ ناچار دەبم سۆڤیەت بەجێ دێڵم چونکە ڕێگای سیاسیم پێ نادرێتن سەفەر بکەم بۆ دەرەوەی سۆڤیەت دێمە سوید، لە سویدیش دەست پێ دەکەم، وەکوو دەرێ رەگەر برادەرانی سوید چاڵاکی سیاسی و ئەدەبییەکەم هەر لە سوید دەبی تا دەگەڕێمەوە کوردستان پاشی ڕاپەڕین. ئەوەی پاشی ١٩٩١ ە، خۆتان دەزانن لە كوردستان ٩١ ڕاپەڕین بوو کە ڕاپەڕین بوو دەرفەتەک ڕەخسا بۆ من کە وا بگەڕێمەوە کوردستان خزمەت بکەم. لەوێش لە ٩٣ گەڕامەوە زانکۆی سەلاحەدین لە زانکۆی سەلاحەدین مامەوە. بەڵام لە بەر شەڕی کورد و کورد بە داخەوە دەڵێم ناچار بووم ٩٥ بەجێمهێشت دوو ساڵ سێ ساڵ دیسان گەڕامەوە زانکۆی سەلاحەدین تا ٢٠١٣ مامۆستا بووم لەو زانکۆیە. توانیم لەو ماوەیەی کە لە وێندەرێمە زۆر شت بکەم، بەڵام لەو ماوەی لە سوید بووم ئەمن چالاکیم پتر بوو، چالاکیم پتر بوو چونکە لە سوید توانیمان ئێمە لە ساڵی ١٩٨٦ تا نۆهەد ڕۆژنامەیەک دەربکەین رەگەر مامۆستای خودالێخۆشبوو یاخود ڕەوانشاد وەکوو دەبێژن کەریمی حیسامی پێنج ساڵان ڕۆژنامەمان دەر کرد   "سەر دەمی نوێ " کارێکی باش بوو لام وایە. چالاکیشم لە هەموو بوارەکانی ئەدەبی رەگەر دامەزرانی یەکێتیی نووسەرانی کوردیش کە لە سوید دامانمەزراند دەورەی یەکەم ئەمن سەرۆکی بووم. ئەمن لام وایە توانیمان خزمەتێکی باش بکەین لەو بوارە.
لە بەرگی دووەم، دیارە بەرگی دووەمیان کە پتر کوردستان دەگرێتەوە، دوای ڕاپەڕین دەگرێتەوە. من لە نۆهەدووسێ گەڕامەو، بەس وازم لە حیزبایەتی هینا.وەعدی ئەوە کرا ئێمە حیزبێکی نوێ دروست بکەین بە ناوی " پارتیی کاری سەربەخۆیی کوردستان" زۆربەیان لە حیزبی کۆمۆنیستی عێڕاق جیا بوونەوە بەو ناوە. ئەمن دەمەویست ناوی حیزبی کۆمۆنیستی کوردستان بێ لۆش ناومان نا چونکە برادەرانی حیزبی کۆمۆنیستی عێڕاق هەرێمەکەی خۆیان ناو لێنا حیزبی کۆمۆنیستی کوردستان. لەبەر هەندێ ئێمە ناومان نا " پارتیی کاری سەربەخۆیی کوردستان". خۆشتان دەزانن لەو کاتەوە لە ٩٥وە شەڕ لە کوردستان دەستی پێکرد لە نێوان برادەرانی پارتی و یەکێتی تا ٩٨ عەمەلییەن بەردەوام بوو ئەو شتە. من لە ٩٥ پاشی ئەوە کە لەو پارتییە زانیم ناتوانم لە ناوی کار بکەم بەوشێوەیەی ئەمن بیر دەکەمەوە ئەمن وازم لە حیزبایەتی هینا و تا ئێستاش وازم لە حیزبایەتی هینایە بەڵام وەکوو فکر هەر مایمە.
قازی: باشە ئەو ماوەیەشت نووسیوەتەوە؟
حەیدەری: بەڵێ، هەمووم نووسیوەتەوە
قازی: جا ئەوەش ئەگەر بە کورتی باس بکەی کە ناوەرۆکی چاڵاکییەکانت چ بووە لە دوای ڕاپەڕینەوە؟
حەیدەری: دوای ڕاپەڕین ئەوەی نووسیتمەوە بەشێکیان پێوەندی هەیە بەو شەڕەی کە ڕووی دا لە کوردستان بەڕاست
ی. یەکەم شەڕ لە ٩٤ بەینی ئیسلامییەکان و یەکێتیی نیشتمانی بە وردی نووسیتەوە پاشی کە شەڕ لە بەینی پارتی و یەکێتی چ ڕووی دایە هەمووم بە بێ ڕووتووش نووسیتەوە، ئەوەی بۆ خۆم چاوم پێی کەوتووە، بە خۆم دیومە بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لە بەر دەستیشم دا بووە، ئەوەشم هەمووی خستیتە بەرچاو. شەهید کرانی برادەرانی خۆشمان؛ برادەرانی ئێمە حەمەی حەلاق و ئەوانە ساڵی ٩٥ شەهید کران، ئەوانەشم هەموو نووسییە. لە مافی مرۆڤ کارم دەکرد لە کوردستان، لە لێژنەی ئاشتی رەگەر حیزبەکانی کوردستانی کە ئاشتی دەبی بەرقەرار بی لە کوردستان، پاشی وی هاتمەوە سەر نووسینی بیرەوەرییەکانم بە تەواوی دەستم پێکرد تا ٢٠١٣ ئەمن  ئەوەی نووسیم و دەستم پێکرد بۆ چاپکردن ئامادەم کرد، فێعلەن لە ٢٠١٤ بەرگی یەکەم و دووەم کە هەتا ٩١ ە بڵاو بووەوە بەڵام لە ٢٠٢٠ ئەمن بەرگی دووەمیشم تەواو کرد پێکەوە هەر دووک بەرگم چاپ کرد لە گەر داکیومێنتەکانی کە هەیە، لەگەر ئەونامانەی کە بۆ من هاتییە لە نووسەرانەوە هەر یەک نموونەیەکم لە نامەکانم بڵاو کردەوە، ئێستا وەکی دەڵێ خەریکم لە سەر نووسینەوەی بیرەوەرییەکانم بەڵام بە کورتی بە زمانی عەڕەبی.
قازی: باشە لە سەر " لاپەرەی بیرەرەوەرییەکانم" چی دیکە هەیە لێی زیاد کەی؟
حەیدەری: پێم وایە ئەگەر بمەوێ لێی زیاد کەم دوای٢٠١٧ ڕووداو زۆر ڕووی دایە بەڵام ئەمن هەمووم تۆمار ن
ەکردییە، پێشان هەمووم ڕۆژانە تۆمار دەکرد، بەڵام هەندێ شتم لای خۆم نووسیتەوە لام وایە ئەگەر دەرفەت ببیتن، ژیان بەردەوام ببیتن مومکینە شتێکی دیکەش بنووسمەوە پاشی ٢٠١٧ بەڵام ئێستا خەریکی ئەو شتانەم کە پێشتر نووسیومە لە ٧٣وە تا ئێستا چم نووسیوە.
قازی: دەتەوێ کورتەیەکی ئەوە بە زمانی عەڕەبی بڵاو بێتەوە
؟
حەیدەری: بەڵێ، چ
ونکە برادەرانی بەغدا زۆر داوا دەکەن تەرجومەی بکەن. منیش نامەوێ تەرجومەی بکەم ١٥٠٠ لاپەڕە تەرجومە کردن
زەحمەتە من دەمەوێ بە کورتی بە عەڕەبی بڵاوی کەمەوە.
قازی: دیارە لە سەرەتای ئەم بەرنامەیە دا باسی ئەوەم کرد ئەمساڵ چەند کتێبت بڵاو بووەتەوە، داوام ئەوەیە کە دوو لەو کتێبانەش دیسان بە کورتی بناسێنی بۆ ئەوەی تەرکی
زمان بخەینە سەر ئەو کتێبەی کە لە سەر نەمر پڕۆفێسۆر قەناتی کوردۆ نووسیوتە. کتێبی " دوو ڕوویی لە سیاسەت دا " باسی چ دەکا؟
حەیدەری: دوو ڕوویی لە سیاسەت دا خۆی بەڕاستی وتارێک لەو کێتابە دا دووڕوویی لە سیاسەتی ئەمریکا دایە، چونکە ئەمریکا ئیدیعای سیستمێکی نوێی دێمۆکڕاتی دەکرد، باسی مافی مرۆڤ و ئەوە، لە هەمان کاتدا لەگەر کۆنەپەرستترین دەوڵەت هاوکاری کردییە. چ لە کاتی شا
ی ئێران، چ لە کاتی سەدام حوسێن دا، چ ئێستاش رەگەر ئەوانەی ئیدیعای دێمۆکڕاتی و ئازادی دەکەن تەنیا قسەیە نەک عەمەل، عەمەل نییە. لەو کتێبە دا ئەمن نەک هەر باسی ئەمەریکا بەڵکوو زۆربەی وڵاتانی زل هێزی جیهان هەموویان دەگرێتەوە؛ ڕووسیا و ئەڵمانیا و فڕانسا و ئینگلتەڕاش دەگرێتەوە کە ئیدیعایەکیان هەیە هەر لە ناو خۆیان دایە، بەرژەوەندییان چ بیتن ئەوەیە پتر نییە. حیزبەکانی خۆشمان لە کوردستان بە داخەوە دەڵێم ئەوانیش دێمۆکڕاتی و سۆسیالیزم وەکوو بەرنامە بەڵام  لە عەمەل دا هەموویان تاک ڕەون، پێشێلکردنی مافی ئەندامەکانی خۆشیان دەکەن یەک کەس، دوو کەس بڕیار دەداتن، نەک حیزب، لەوەی زۆرم باس کردییە ئەمن. هەر لەو دوو ڕوویی لە سیاسەت دا دوو بابەتی گرینگی تێدایە ئەمن لام وایە، دوو بابەتە، بابەتێکیان پێوەندی هەیە بەوەی کە مەسەلەی کورد لە وڵاتانی ئێمە دا، کوردستان دابەش کرایە بە سەر چار وڵات، ئەو چار وڵاتە چار حیزبی کۆمۆنیستیان هەبووە، ئەمن کتێبێکم چنگ کەوت لە ٦٤ تا ٨٤ یانی بیست ساڵ کۆبوونەوەی حیزبە کۆمۆنیستەکانی کرێکاران هی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەرەبی، لەوێندەرێ شازدە کۆبوونەوەم لێک دایتەوە چیان دەربارەی مەسەلەی کورد گۆتییە، لەو کاتەش دا دوو سکرتێری ئەو حیزبانە، سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی سووریا کورد بوو خالید بەکداش، سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی عێڕاق کورد بوو هاوڕێ عەزیز محەمەد، دوو حیزبەکەی تریش، توودە و تورکیاش لە سەرکردایەتییان ئەندامی کورد هەبوو. بەڵام زۆربەیان حیزبی کۆمۆنیستی عێڕاق لێی دەربچی لە سەر مەسەلەی کورد قسەی خۆی کردییە، ئەویش هەندێ جار ڕاستە لە سەر مافی چارەنووس، مافی جیا بوونەوە، هەندێ جاریش مافی نەتەوەیی دێمۆکڕاتیک باس دەکەن. باسی هەمووم کردییە، ئەوە بابەتێکە بابەتێکی تریش ئەمن لام وایە گرینگە لە سەر وەزعی کوردە پاشی پڕۆسترۆیکا لە سۆڤیەت دا. لە سۆڤیەتا زۆر شت لای خەڵک ئاشکرا نەبووە، نەزاندرایە. بەڵام کە پڕۆسترێکا بوو، وەکی دەرێ ئەوەی بن بڕەی بوو هاتە سەر بەڕێ. دەرکەوت کە کورد لە سۆڤیەت تووشی ڕاگۆزان بوویتەوە لە ساڵی کۆتایی سییەکانەوە دەست پێکرایە ئەوجار بە بیانووی ئەوەی کە وا تورکیا هەندێک عەلاقەی لەگەڵ ئەڵمانیای هیتلێری هەیە، ئێران پتر سەر بە ئەڵمانیا بووە، بەڵام موهیم کورد دەسکەوتێکی هەبوو لە نێوان ساڵی ١٩٢٣ تا ١٩٢٩ کە پێیان دەگوت کوردستانی سوور پایتەختەکەی لاچین بووە ئەوە نەما لە کاتی خۆی. پاشی ئەوەش هەر کێشەیەک هەبووە کورد تووشی ڕاگۆزان هاتیە، ڕاگوێزانی کورد تەنیا کوردە موسوڵمانەکانی نەگرتووەتەوە، یەزیدییەکانیش بۆ ناوچەی ئاسیا. ئەمن لە کۆنفڕانسێک لە ستۆکهۆڵم، کۆنفڕانسی قەزییەی کوردی پاشی کۆنفڕانسی پاریس لە ١٥-١٧ ی ئاداری ١٩٩١ لە ستۆکهۆڵم بەسترا کە بە ئامادە بوونی حیزبەکانی کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵاتیش هەمووی حازر بوون لەوێندەرێ داوایان کرد لە سەر کوردەکانی سۆڤیەت ڕاپۆرتێک بنووسین.
قازی: هەر ئەو کۆنگرەیەی کە کاک عەزیز محەمەدیش بەشدار بوو.
حەیدەری: بەڵێ کاک عەزیز محەمەد بەشداربوو، شێخ عێزەدینی حوسێنی بەشدار بوو، کاک دوکتور مەحموود عوسمان بەشدار بوو. ڕاپۆرتەکەی لە سەر کوردەکانی سۆڤیەت من تەکلیف کرام بنووسم. من بە ڕووسی نووسیم دامە کاک عومەر شێخمووس لە زانکۆی ستۆکهۆڵم کردیانە ئینگلیزی و تەکلیف کرا هانس یۆران فڕانک سۆسیال دێمۆکڕات ئەو بیخوێنێتەوە بەڵام دوایی ئەمن ئەو ڕاپۆرتەم  بە ئینگلیزیش بڵاو کردەوە لە کوردستان، بە کوردیش بڵاوم کردەوە. جا ئەوە لەو کتابەش دا باسی کرایە. زۆر بابەتی تریش هەیە پێوەندی هەیە بە وەکوو دەڵێ بە ژیانی ئێستاش.
قازی: یانی ناوەرۆکی کتێبەکە دەگەڵ تیترەکەی، لەگەڵ عینوانەکەی دێتەوە؟
حەیدەری: ئا دێتەوە. لەو کتێبەی دووڕوویی دە سیاسەتدا، باسی ژیانی ژمارەیەک کەسایەتی کورد هاتووە.
قازی: زۆر باشە لە سەر ئەو کەسایەتییانە بە جوێ باس دەکەین. ئێستا ئەگەر باسی کتێبەکەی دیکەش بکەی ئەوەی سەبارەت بە ماکسیم گۆرکی. ئەوەی کە ئایا ماکسیم گۆرکی کووژراوە یا بۆ خۆی بە مەرگی تەبیعی مردووە. ئەگەر بە کورتیش باسی ئەوە بکەی دوایە بگەینە سەر بابەتی دیکە. فەرموو!
حەیدەری: ئەو کیتابە کە ناوم لێنایە " ماکسیم گۆرکی مرد یا کووژرا؟" کاتی خۆی گۆڤارێکی ڕووسی دوای هەڵوەشانی سۆڤیەت وتارێکی دوور و درێژ نووسرا بوو لە سەر ماکسیم گۆرکی ئەمن کە خێندمەوە وتارەکە دیتم حەفت واریانت هەیە بۆ مردنی ماکسیم گۆرکی. لە ساڵی ١٩٣٦ وە هەرجارێک بە شێوەیەک ئەوە کرایە، بەڵام بە پێی ئێنسیکلۆپێدیای سۆڤیەتی ماکسیم گۆرکی دەرماخوارد کرایە بە مردنی خۆی نەمردییە. ڕاستە نەخۆشی سیلی هەبووە، یانی تەبارکلۆسی هەبووە بەڵام بە نەخۆشییەکەی نەمردییە بەڵکوو دەرمانخوارد کرایە. ئەو جار لەو کیتابە دا ئەمن ژمارەیەک وەکوو دەڵێ بابەتم باس کردییە. یەکێان قسمێکیان باسی ئەدەبە هەمووی، بەشی ئەدەبە، ئەدەبی کوردی، لە جەمیل سائیبەوە، ئەحمەدی موختاربەگی جافەوە باسی ئەوان دەکەم لەسەر ئەوانم نووسیوە، بەشێکیان لە سەر کولتووری کوردییە. مەبەستم ئەوە مەسەلەن سێسەد ساڵەی شەڕەفنامەی شەڕفخانی بەتلیسی.
قازی: باشە ئەخر ئەوە پێوەندی بە گۆرکییەوە چییە؟
حەیدەری: ئەها بۆ ناوی کیتابەکەم وا نا. خۆی بنووسی نێوی بنێی سیاسەت یا ئەدەب سەرنجڕاکێش نییە. ئەمن سەیرم کرد لە پێشانگای کیتاب زۆر کیتابم دیت دەبینم یەک وتاری تێدا ناو کیتابەکە، کیتابەکە بە ناوی ئەو وتارەیە. سەرنجڕاکێشە چونکە زۆر کەس وا هەست دەکەن ماکسیم گۆرکی نەکووژرایە بەڵکوو بە مردنی خۆی مردووە. ماکسیم گۆرکی کاتی لێنینیش ڕەخنەی هەبووە کە بە جێی هێشتییە. پاشی قسەیەکی ناکۆک هەیە لە مێژووی سۆڤیەتی دا. سۆڤیەت دەڵێن ماکسیم گۆرکی ساڵی ١٩٣١ گەڕاوەتەوە سۆڤیەت. بە پێی ئەو ماڵەی ماکسیم گۆرکی لە ئیتالیا تێیدا ژیایە. لە سەر خانییەکە نووسراوە ساڵی ١٩٣٣ ماکسیم گۆرکی ئیتالیای بەجێ هێشتییە. یەعنی ئەوە ناکۆکە لەگەڵ ئەو زانیارییانەی کە سۆڤیەت بڵاوی دەکردەوە لە پێشتر.
قازی: ئێستا بێینە سەر ئەو کتێبەی کە سەبارەت بە کارو بەرهەمەکانی نەمر مامۆستا قەناتی کوردۆیە. دیارە ئەمن وا بزانم ئەوە پێویستی ئەوە دێنێتە گۆڕێ کە باسی پێشینەی کوردۆلۆژی، کوردناسیش بکرێ لە زانکۆی پێشووی لێنینگڕاد کە ئێستا دوای ١٩٩١ ناوی گۆڕاوە. هێندێک باسی ئەوە بکە کە جەنابت چۆناوچۆن بوو چوویە ئەو بەشە و ئەو دەرسانەی کە لەوێ دەخوێندرا و ئەو کارە هاوبەشەی کە جەنابت لە گەڵ خودالێخۆشبوو  زارێ یۆسبۆڤا کردت لە سەر فەرهەنگی ڕووسی – کوردی، ئەگەر بکرێ بە گشتی باسی بکەی!
حەیدەری: خۆتان وەکوو دەزانن مێژووی کوردۆلۆژی لە ڕووسیای قەیسەرییەوە دەست پێدەکا، لە زەمانی پێتر لێرخەوە دەست پێدەکاتن تا ساڵی ١٩١٧ کە شۆڕشی ئۆکتۆبر ڕوو دەدا زۆر شت کرایە لە ڕووسیای قەیسەری، هەوڵ درایە، خەڵکیان ناردییە مینۆرسکی، لێرخ، نیکیتین ژمارەیەکی زۆر ڕۆژهەڵاتناس چووینە لە سەر کوردیان نووسییە ئەوجا هەر یەک بە شێوەیەک.  بەڵام دوای شۆڕشی ئۆکتۆبر کە ڕووی دا بۆ یەکەم جار کۆنفڕانسێکی کوردۆلۆجی ساڵی ١٩٣٤ لە یەریڤان دەبەسترێ. ئەو کاتەی مامۆستا قەناتی کوردۆ ساڵی ١٩٢٨ هاتیتە لێنین گڕاد بۆ خوێندن، ناردراوەتە وێندەرێ بۆ خوێندن. ساڵی ١٩٣٤ بەشداری دەکا لەو کۆنفڕانسە. ئەو کۆنفڕانسە بۆ یەکەم جارە، وەکوو دەڵێ باسی هەر لە سەر کوردە. دیارە بەشی کوردی دوای شۆڕشی ١٤-ی تەمووزی عێڕاق، وڵاتی عێڕاق کوردی زۆر نارد بۆ خاریج بۆ خوێندن. بۆ سۆڤیەتیش ١٥٠٠ تەڵەبەی عێڕاقی هاتن، ژمارەیەکیان لەوانە کورد بوون، هەندەک بۆ باکۆ، هەندێک بۆ پێترزبوورگ، هەندێک بۆ مۆسکۆ. ئەو کاتی سەرۆکی ئینستیتووتی ڕۆژهەڵاتناسی ئەکادێمیک ئۆربیلی بوو ، ئوربیلی کە دیتی کوردێکی زۆر دێن بۆ خوێندن،
قازی: ئۆربیلی ش بە کورتی بناسێنی باش دەبێ.


لە ڕاستەوە قەناتی کوردۆ، یووسف ئابگارۆڤیچ ئوربیلی، سەید عەزیز شەمزینی، ،،، ئۆردووخانی جەلیل

حەیدەری: یووسف ئابگارۆڤیچ ئوربیلی ئاکادێمیکێکی گەورە بوو. لە ساڵی ١٩١٣ لە سەر کوردی نووسییە.
قازی: بۆخۆی ئەرمەنی بوو وا نییە؟
حەیدەری: بەڵێ ئەرمەنی بوو. سێ برا بوون ئەوانە، ئەوەیان ئیختیساسی ڕۆژهەڵاتناسی بوو، لە ١٩١٣ لە سەر کوردی نووسییە و لەسەر فۆلکلۆری کوردیشی نووسییە. کە بەشی کوردی کردەوە بۆخۆی بوو بە سەرۆکی بەشەکە. ئەو بەشە مامۆستا قەنات، ئەو لە لێنینگڕاد مامۆستایەتی دەکرد لەوێ تەڵەبەی وەرگرتن ئۆردووخانی جەلیل، زارێی یۆسپئۆڤا، کەریمی ئەییووبی، سەید عەزیزی شەمزینیشیان لەگەڵ بوو لە یەکەم خولەکە دا. مامۆستا ئوربیلی کۆچی دوایی کرد، قەناتی کوردۆ هاتە جێگای و بەشەکەی وەرگرت. قەناتی کوردۆ ساڵی ١٩٤١ دوکتورای وەرگرتییە، ساڵی ١٩٤١ لە سەر گڕامێری کوردی یانی ڕێزمانی کوردی دوکتورای وەرگرتییە. تا ساڵی ١٩٦٨ دوکتورای دووەمی وەرنەگرتبوو، لەو ساڵە دا دوکتورای دووەمی وەرگرت کە پێی دەڵێن دوکتورای ناووک، زانستی. مامۆستا قەنات بوو بە سەرۆکی بەشەکە لە ١٩٦٠ وە تا کۆچیی دوایی ١٩٨٥
قازی: بۆ خۆی خەڵکی کوێ بوو بە ئەسڵ؟
حەیدەری: مامۆستا قەناتی کوردۆ خەڵکی مەنتیقەی قارس ە بە ئەسڵ، لە قارسەوە هاتینە مەنتیقەی چیای ئاڵەگەز، لەوێندەرێ وا بزانم ساڵی ١٩٢٢ هاتینە تیبلیسی، لە تیبلیسی بووە، بابی زوو مردییە دایکی شووی کردیتەوە مامۆستا قەنات کرێکاری کردییە و بۆیاغچێتی کردییە و بەڵام کابرایەک هەبووە نێوی لازۆ بووە. لازۆ مەکتەبی کردبۆوە منداڵەکانی کۆ دەکردەوە بخوینن مامۆستا قەناتیش لەوێندەرێ دەخوێنیتن پاشی لە ساڵی ١٩٢٨ بە پێشنیاری  عەڕەبی شەمۆ کە یەکەم ڕۆمانی بە کوردیی کورمانجی نووسییە " شقانی کورد"، پێشنیار دەکا ژمارەیەک تەڵەبەی کورد بنێرن بۆ ئینستیتووتی کارکەران لە پیترزبوورگ، لە لێنینگڕاد. مامۆستا قەنات دەنێرن لەوێ دەخوێنیتن کە خەڵاسیش دەکا ١٩٤١ خۆتان دەزانن شەڕی جیهانی دووەم دەست پێدەکا، دوای ئەوەی دەرس تەواو دەکا یەکسەر دەینێرنە جەبهەی شەڕ. دوای تەواو بوونی شەڕ لە عەسکەری دا نامێنێتەوە داوای لێ دەکەن بمێنیتەوە دەڵێ نەخێر بەردەوام دەبم  ئەمن لە سەر کورد کار دەکەم، دەبتە مامۆستای کوردی پاشی ١٩٦٠ دێتە بەشەکە دەبتە سەرۆکی مامۆستا قەنات.
قازی: ببوورە پێش ئەوەی کە جەنابت بچیە ئەوێ ئەو بەشی کوردی بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە سەر مەسەلەی کورد کاری دەکرد؟
حەیدەری: لە شوباتی یانی لە مانگی فێبریڤێری ١٩٥٩وە بەشی کوردی بە ڕەسمی لە ئیرانیسکا جیا کراوە لە ئەنیستیتووتی ڕۆژهەڵاتناسی ئەو کاتی تەڵەبەی باشوور هاتبوونە وێندەرێ دوکتور کاوس قەفتان لە بەشی مێژوو بوو، دوکتور ئێحسان فوئاد لە بەشی ئەدەب بوو، ئەوانە هاتنە لێنینگڕاد لەوێ دەیانخوێند، دوکتور عێزەدین و دوکتور کەماڵ مەزهەر و دوکتورە[!!] نەسرین فەخری ناردران بۆ باکۆ، پاشان هەندێکی دیکە لە مۆسکۆ دەیانخوێند. ئەو بەشە سەربەخۆ بوو تا ئەو کاتەی قەنات مابوو، تا ساڵی ١٩٨٥ مابوو. پێشتر محاوەلەیەک کرا لە لایەن پریماکۆف ەوە کە بوو بە سەرۆکی ڕۆژهەڵاتناسی مۆسکۆ چونکە ئەوەی لێنینگڕاد بەشێک بوو لەوێ، ویستی بەشەکە بەڵام قەناتی کوردۆ زۆر دژ بوو، زۆر دژ ڕاوەستا، نەیان دەتوانی بەرانبەری قەنات ڕابوەستن.
قازی: لەبەر چی؟ لەبەر پلەی عیلمییەکەی یان لەبەرچی نەیان دەتوانی لە بەرانبەری دا ڕاوەستن؟
حەیدەری: لەبەر ئەوەی لە ڕۆژەی ڕا کە هاتە ئینستیتووت سکرتێری کۆمیتەی حیزبی بوو لە ئینستیتووتەکە پاشی گەورە بوو لای ئینستیتووتەکە، لای غەفوورۆف کە پێشتر سەرۆک بووە، ئۆربیلی حیسابی بۆ دەکرد. سەرۆکی ئینستیتووتیش ئاشۆیتس پیترۆسیان ئەرمەنی بوو سەرۆکی ئینستیتووتەکە بوو هەموو حیسابیان بۆ دەکرد. بۆیە نەیان دەتوانی بەڵام پاشی ئەوەی قەنات مرد سەبر سەبر بەشەکە توواوە.
قازی: ئەو ماوەیەی کە جەنابت لەوێ بووی یان پێش جەنابت ئەو کارانەی کە ئەنیستیتووت کردبێتی و زۆر بەرچاو و گرینگ بن چنە؟
حەیدەری: ئەمن لام وایە دوو کاری زۆر گرینگی کردییە یەکیان کارەکەی ڕۆدێنکۆ یە، ڕۆدێنکۆ کە مەم و زین ی ئەحمەدی خانی وەرگێڕا سەر زمانی ڕووسی، لێکۆڵینەوەی زانستی لە سەر کرد وەکوو دەرێ ئوربیلی دەیگوت ئەحمەدی خانی بەراورد دەکرێ لەگەڵ شاعیری گورجی   شۆتا ڕوستاڤێلی، دووەمین کاری گەورەی کە کرایە ڤاسیلیڤا کردیتە. ڤاسیلیڤا کە شەڕفنامەی وەرگێڕا سەر زمانی ڕووسی لە دوو بەرگ دا.
قازی: لە فارسییەوە کرد بووی یان لە زمانێکی دووەم ڕا؟
حەیدەری: لە فارسی و فڕانسییەوە. ڤاسیلیڤا فارسی باش دەزانی ئەوەی تەرجەمە کردەوە. جگە لەوە لە سەر ماشەرفخانی ئەردەڵانی، کوردستانی، لەسەر خەسرەوبەگی ئەردەڵان هەموو ئەو شتانە لەو کاتە دا کراون کە مامۆستا قەنات سەرۆکی بەشی کوردناسییەکە بووە. جگە لەوە ئەو بابەتانەی کە پێوەندی بە کوردستانەوە هەبێ، لە سەر جوغرافیا کرابی، لە سەر تەئریخ کرا بی، لە سەر زمان کرا بی ئەو بەشە دەورێکی زۆر گەورەی هەبووە دەبایە لە سەری بنووسن پێوەندی هەیە بە کوردی یان نییە. ئەو شتانە لۆ قەنات دەهاتن. قەنات زۆر شتی لە سەر ڕەشید یاسمی رەدی دایتەوە، لە سەر کەسێکی دیکەش. مامۆستا قەناتی کوردۆ لە سەر هەموو شت هەڵوێستەی دەکرد، کوردییەکی باشیشی دەزانی نەک هەر کوردی کورمانجی بەڵکوو زازایشی دەزانی و کوردییە سۆرانییەکەشی باش بوو. سۆرانییەکەی دەتوانم بڵێم لە ڕێگای گۆڤاری " نزار" وە بوو. گۆڤاری نزار مامۆستا عەلائەدین سەجادی تا ساڵی ١٩٤٩ چاپی دەکرد دەینارد لە بۆ مینۆرسکی لە پاریس. مینۆرسکیش پاشی دەیخوێندەوە دەینارد بۆ قەناتی کوردۆ.
قازی: کە وایە پێوەندی هەبووە لە نێوان قەناتی کوردۆ و مینۆرسکی؟
حەیدەری: بەڵێ هەبووە. پاشی مینۆرسکی هەموو ئاڕشیڤەکەی خۆشی ناردە لێنینگڕاد، بەس ئەو گۆڤارانەی هەموو لۆ قەنات نارد بوو. ئەو گۆڤارە مامۆستا قەنات لە ساڵی ١٩٨٣ ئەخیر جار یەکتریمان دیت هەمووی دا من، ئەمن بردمەوە کوردستان.
قازی: زۆر باشە مامۆستا جەمشید، لە سەر ئەو پێوەندییانە، دەزانین کە مینۆرسکی لە پاریس و لەندەن ژیاوە جارێک گەڕاوەتەوە سۆڤیەت  بەڵام ئەو پێوەندییە نامەییانە هیچ کاری لە سەر نەکراوە؟
حەیدەری: مینۆرسکی هەموو مەکتەبەکەی خۆی نارد بۆ ئەنیستیتووتی ڕۆژهەڵاتناسی لە لێنینگڕاد. خۆت دەزانی دوکتور محەمەدی موکری لە پاریس بوو، محەمەدی موکری سێ جار هاتە لێنینگڕاد ئەمن دیتیشم لەوێندەرێ یەک دوو جاران پشتی سەورەی ئێرانی. پێوەندی هەبووە لە بەینی کوردناسان. مەسەلەن کوردناسانی فەڕانسا، کوردناسانی ئینگلیس، کوردناسانی ئەڵمان پێوەندییەک هەبوو.  کێشەیەک هەبوو، لە سۆڤیەت پێوەندی لەگەڵ دەرەوە ڕا زەحمەت بوو، بەڵام قەناتی کوردۆ لەگەڵ هەموویان پێوەندی هەبوو. لەگەڵ کوردی خۆشمان، کوردی دەرەوەش.
قازی: مەبەستم ئەوە بوو لە مەر ئەو مەکتووبات و نامە گۆڕینەوانە بۆ وێنە لەگەڵ مینۆڕسکی هیچ کار نەکراوە.
حەیدەری: هیچ کار نەکراوە.
قازی: لە کوێیە ئەو شتانە؟
حەیدەری: ئەوە هەموو  ئێستا لە ئەنیستیتووتی ڕۆژهەڵاتناسی لێنینگڕاد (پێترزبوورگ) ە.
قازی: ئەی جەنابت بۆخۆت لەگەڵ زارێ یۆسپئۆڤا کارت کردووە.
حەیدەری: نا ئەمن لە بەشەکە بووم بەڵام ئەمن دایرێکت لەگەڵ مامۆستا قەنات ئیشم کردییە.
قازی: ئەخر کارێکی موشتەڕەکتان چاپ کردووە بۆیە دەڵێم.
حەیدەری: ئائا بەڵێ،
قازی: باسی ئەوە بکە تکایە
حەیدەری: ئەمن مامۆستا قەناتم وەکوو شەخس لە ساڵی ١٩٦٨ دیت. لە مۆسکۆ موناقەشەی دوکتورایەکەی دەکرد، دوکتورای زانستی ئەمن چووم دیتم. ئەمن ئەو کاتی لە مۆسکۆ بووم چووم دیتم یەگدریمان ناسی. ساڵی ١٩٧٠ کە هاتمە لێنینگڕاد بۆ خوێندن مامۆستا قەنات سەرۆکی بەش بوو یەکسەر چوومە کنی یەگدیمان ناسی پێوەندییەکی نزیکمان هەبوو، ئەمن حەفتانە دەمدیت مامۆستا قەنات. بەڵام ئەمن لە بەشی ڕووسیم دەخوێند لە زانکۆی لێنینگڕاد، بەشی ئەدەب و زمانی ڕووسی بەڵام پێوەندییەکە هەر ما. تا زانۆکم خڵاس کرد پاشی ماجسترێکەم هەڵکەوت کە دوکتورا بخوێنم، ئەمن نەمویست لە زانکۆی لێنینگڕاد بخوێنم، ویستم لە ئینستیتووتی ڕۆژهەڵاتناسی بخوێنم لای مامۆستا قەنات. چوومە لای وی گۆتم ئەمن دەمەوێ لای ئێوە بخوێنم. تەبعەن ئەو چەند مەرجێکی بۆ دانام. ئەمن مەرجەکانم وەرگرت پێوەندی بە خوێندنەوەی ڕۆژهەڵاتناسی و کوردناسییەوە هەبوو، ڕێنووسی لاتینی کوردی بزانم. ئەمنیش ئەو شتانەم هەمووم وەستۆ گرت ئەویش قبووڵی کرد کە لە کنە وی بخوێنم. لە ماوەی سێ ساڵ ، ئەمن لە فێبریڤاری ١٩٧٦ تا دیسامبری ١٩٧٩، ئەمن ٢٨-ی دیسامبری ١٩٧٩ بەرگریم لە دوکتورایەکەم کرد مامۆستا سەرپەرشتی دەکرد. هەموو حەفتەیەک دوو جاران ئەمن دەبوو لەگەڵ مامۆستا دابنیشم، هەرشتێکی گۆتیتی دەبوایە جێ بەجێ بکەم، هەر پڕۆگرامێکیش بایە دەبوایە دانەیەک لۆ وی، دانەیەک لۆ ئینستیتووت بیتن، دانەیەک لای خۆی جێ بەجێی بکەم. بەڵام بۆ بەرگری تێزەکەم ئەمن دەبوو چووبامە مۆسکۆ. مامۆستا قەنات گۆتی پێویست نییە ئەمن بێم، ئەتوو بۆخۆت دەتوانی بیکەی. مامۆستا کەریمی ئەیووبی یەک لەوانەی بوو کە بەشدارییان کرد لە موناقەشەی دوکتورایەکەی من. ئەو هاتە مۆسکۆ بەڵام مامۆستا قەنات نەهات گۆتی ئەتوو بۆخۆت دەتوانی دیفاع لە خۆت بکەی. ئەمن لە ١٩٧٩وە لە سەر مامۆستا قەناتم نووسی.
قازی: ئەگەر بە کورتیش بێ باسی کارەکانی مەڕحوومی مامۆستا کەریمی ئەیووبی و هەر وەها زارێ ئوسپئۆڤا، فەرهەنگەکە بکەی.

دوکتور جەمشید حەیدەری و هاوژینی یای کوسرەت لە بەرنامەی ڕاوێژ
حەیدەری: ئی مامۆستا کەریمی ئەیووبی لە سەر هەژار بوو ئەوی یەکەمیان، ئەویدیشیان لە سەر دیالێکتی موکری بوو. ئی هەژارەکەی پێشترە، ژیانی هەژار و ئەدەبییاتی هەژار. بەڵام لەمەر دیالێکتی موکری خۆی و سمیرنۆڤای هاوژینی لە سەر دیالێکتی موکرییان کۆڵییەوە ئەوان لە ئینستیتووتی زمان بوون، لە ئینستیتووتی ڕۆژهەڵاتناسی ئێمە نەبوون بەڵام لە ئینستیتووتی ئاکادێمیای زمانی سۆڤیەت بوون، لەوێ ئیشیان دەکرد. مامۆستا قەنات جگە لە گرامر، ڕێزمان ؛ دوو ڕێزمانی چاپ کردییە، یەکیان لە سەر کورمانجییە پتر، یەکێکیان سۆرانی و کورمانجی تێدایە، لە سەر زازایشی نووسییە. پاشی دوو فەرهەنگیشی هەیە فەرهەنگی کوردی – ڕووسی کورمانجی، کوردی – ڕووسی حەرفی عەڕەبی سۆرانییەکە، ئەوەیان پێشەکییەکەی ئەمن وەرمگێڕایەتە سەر زمانی کوردی و بە پێی ئینستیتووتەکە لە بۆ چاپکردنی ناوی منیشی لە سەر نووسرایەکە ئەمن پشتگیریم کردییە؛ فەرهەنگێکی زۆر باشە. جگە لەوە مامۆستا قەنات تەقریبەن سەد وتاری نووسییە ئەمن لە کیتابەکەم دا هەموو وتارەکانم نووسییە ئەوەی قەناتی کوردۆ نووسیوێتی. هەندێکیان لەوانە دوکتور ئاوڕەحمانی حاجی مارف وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی، کیتابێکیان دوکتورە[!!] کوردستانی موکریانی کردییە زمانی کوردی، وتارێکیان لە سەر زازا بوو دوکتور ئیبڕاهیم عەزیز حاجۆ کردییە کوردی ئەوانەم هەموو پیشان دایە. جگە لەوە بابەتێکیان لە سەر دەستنووسی قەناتی کوردۆیە کە لە زانکۆی سلێمانی بڵاو کراوە ئی من لە گۆڤاری زانکۆی سلێمانی. دوو وتارم بڵاو کردەوە یەکیان لە سەر دەستنووسێکی مامۆستا پێنسەد لاپەڕەیە لە سەر کوردۆلۆجی لە ڕووسیا و سۆڤیەت. ئەمن لە سەر ئەوەم نووسییە بابەتێکیان هەمووشم پیشان دایە مامۆستا چی کردییە. بەڵام دەستنووسەکەی مامۆستا ئەسڵەکەی نارد بوو بۆ مۆسکۆ بۆ چاپکردن، ئەوەی کە لە کنە منە ڕەشنووسە، هەندێ جاران سەرچاوەکانیشی دیار نییە و نەمایە. بەڵام، سێ وتارم لێ وەرگێڕایە لەسەر " ئەڤالیانی "، " چەرکەسی بەکۆ "،  " خاڵفین"  ئەویش لەو کیتابە دا بڵاوم کردیتەوە هەر لەو کتابەکەی لە سەر قەناتی کوردۆ. نۆهۆد ساڵەی قەناتی کوردۆ وتارێکم بڵاو کردەوە لە کوێلن دەرچوو، دوکتور حوسێن حەبەش بڵاوی کردەوە بە خەتی لاتینی ئەمن لە سەر نۆهەد ساڵەی قەناتی کوردۆم نووسی. لە گۆڤاری پەیڤی لەندەنی لەوێندەری وتارێکم بڵاو کردەوە " مامۆستا قەناتی کوردۆم کوو ناسی؟ " وتارێکی دوور و درێژە ئەوەش لە کیتابەکە دا هەیە. ئەو وتارەی ئوربیلی حەفتا ساڵە بوو ئی مامۆستا قەناتی کوردۆ ئەوە بە ڕووسی لە ئەنجومەنی زانستی ئاکادێمیا دا پێشکێشی کردووە ئەوە هەم بە ڕووسی هەم بە کوردی لە کیتابەکەدا هەیە، لەگەڵ ژمارەیەک وێنەی قەناتی کوردۆ و جگەرخوێن و مەجمووعەیەک خەڵکی تر.
قازی: ئەو موئەسیسەیە دوای ساڵی ١٩٨٥ و دوای وەفاتی قەناتی کورد بە تەواوی نەماوە یان ئاڵوگۆڕی تێدا کراوە؟
حەیدەری: ئەمن دەزانم پاشی زارێ یۆسپئۆڤا، لەوانەی ئیشیان دەکرد تەنیا موسالیان مابوو، زارێ مرد موسالیان نازانم مایە یان نەمایە. ئەوانی دیکە مامۆستایەکان کەسیان نەماینە لە ژیان. لە یەریڤانیش نەماینە عەمەلییەن، ئەوانەی یەریڤان، ئەوانەی کوردناسەکانی یەریڤان ئەوانیش نەماینە. لە مۆسکۆش حەسرەتیان و لازارێف بوون ئەوانەش نەماینە.
قازی: بەڵام پێت وایە ئارشیڤەکانیان ماوە؟
حەیدەری: ئاڕشیڤەکانیان پێم وایە مایە لە بەشی ئیرانیستیک. مومکینە هەر لە بەشی ئێرانیستیک بمینیتەوە لە سەنت پێترزبوورگ کە ئێستا ناوی بووەتە سەنت پێترزبوورگ بە تەئکید. ئارشیڤێکی گەورەی کورد هەیە لە ڕووسیا. لە ڕووسیا هەیە، لە ئەرمەنستان هەیە، لە گورجستانیش هەیە بەڵام، کاری لەسەر نەکراوە بە تەواوی.
قازی: ئێستا با بگەینە بەشی سێیەمی بەرنامەکەمان کە ئەویش زۆر گرینگەسەبارەت بە شەخسییەتەکان لە بواری سیاسی و جۆر بە جۆر دا. دیارە بە ئاسایی کەس باسی ئەندامانی عائیلەی خۆی ناکا، بەڵام لە بنەماڵەی ئێوە دا کەسی ناسراوی ئەوتۆ هەبوو کە لە سیاسەتی گشتی عێڕاق وکوردستان دا تەئسیریان هەبووە، ئەگەر لە شەهید جەماڵ حەیدەری ڕا دەست پێ بکەی.
حەیدەری: دیارە کەسایەتییەکان زۆرن بەڵام سەبارەت بە شەهید جەماڵ حەیدەری لە ساڵی ١٩٤٦ هاتووەتە ناو بزووتنەوەی سیاسی ئەو  کاتی
" یەکێتی تێکۆشین " هەبوو، ڕێکخراوێک بوو جیاببووەوە لە حیزبی کۆمۆنیستی عێڕاق، ئەوان لقێکیان لە هەولێرێ؛ ساڵح حەیدەری و جەماڵ حەیدەری و نافیع یوونس و مەجمووعەیەک ئیشیان تێدا دەکرد.
قازی: کاک ساڵح و کاک جەماڵ بران، کێهەیان گەورەتر بووە؟
حەیدەری: ساڵح برا گەورەیە، ساڵح سکرتێری ئەو ڕێکخراوەیە بوو، رێکخراوی تێکۆشین دوایە سێننترەکەی لە بەغداد جیابوونەوە گەڕانەوە ناو حیزبی کۆمۆنیستی عێڕاق، برادەرانی کوردستان نەگەڕانەوە حیزبێکیان دروست کرد بە ناوی ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی کوردستان، ڕۆژنامەکیان دەر کرد بە ناوی " شۆڕش"، بە ناوی ڕێکخراوی شۆڕش. تا ساڵی ١٩٤٦ تا حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق دروست بوو، پێشی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق دروست بێ." حیزبی ڕزگاریی کورد" هەبوو ئەویش سکرتێرەکەی ساڵح حەیدەری بوو. کە هەمزە عەبدوڵا نامەی هینا لە مەهابادەوە بۆ دامەزرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان برادەرە مارکسییەکان ڕازی نەبوون کە مەلا مستەفای ڕەحمەتی داوای کرد بوو دوو کەس شێخ لەتیفی شێخ مەحموودی لەگەڵ حەمە زیادئاغای کۆیێ جێگری وی بن چەپە مارکسییەکان قەبووڵیان نەکرد، برادەرانی تر؛ دێمۆکڕاتەکان چوون دامەزرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانیان کرد لە ١٦-ی ئابی ١٩٤٦ مارکسییەکان بە داخەوە نەدەبایە خۆیان حەل کەن بە قەناعەتی من، ئەمن واشم نووسییە وەعدی خۆی، ئەوانیش مەجبوور گەڕانەوە حیزبی کۆمۆنیستی عێڕاق. جەماڵ حەیدەری لە ١٩٤٦وە گەڕاوە پارتیی کۆمۆنیستی عێڕاق، لە ١٩٤٨ دەستگیر کرا، دە ساڵ حوکم درا، لە ساڵی ١٩٥٣ ڕای کرد لە سیجن. حیزبی کۆمۆنیست ئەو کات دیسان تووشی ئینشیعاب بوو، برادەرانی ڕۆژهەڵات دەڵێن ئێنشیعاب بوو.
قازی: یانی ئینشیقاق

حەیدەری: تووشی ئینشیقاق بوو، جەماڵ حەیدەری لە سیجن ڕای کرد، سەرکردایەتی ڕێکخراوەیەکی دەکرد بە ناوی " ئاڵای کارگەران" تا ساڵی ١٩٥٦. لە ساڵی ١٩٥٦ کۆنفڕانسێک بوو یەکتریان گرتەوە جەماڵ حەیدەری بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی عێڕاق تا شۆڕشی ١٤-ی تەمووز ڕووی دا ١٩٥٨. پاشی ٥٨ دیسان وەکوو دەرێ کێشەیەک هەبوو لە نێوان هەندێک لە سەرکردایەتی حیزبی کۆمۆنیستی عێڕاق و سکرتێری حیزب سەلام عادل و جەماڵ حەیدەری. ئەوان پێیان وابوو دەبی حیزبی کۆمۆنیست دەسەڵات وەرگریتن بەڵام برادەرانی تر پێیان وابوو پێویستە عەبدولکەریم قاسم بەردەوام بی. لە ١٩٥٩ حیزب بڕیاری دا جەماڵ حەیدەری ڕەوانەی مۆسکۆ بکاتن بە ناوی خیندن. سەلام عادلیشیان هەر نارد. ئەو قیادەی ماوە لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم هاوکار بوون، ئەوانە نەیانتوانی، حیزبیان تووشی هەڵەیەکی گەورەتریش کرد، جەماڵ حەیدەری و ئەوان گەڕانەوە. گەڕانەوە ١٩٦٢، ئەوانیش ئەوانیان بەڕێ کرد بۆ مۆسکۆ  بەڵام پێ ڕانەگەێشتن کودەتای ١٩٦٣ کرا، جەماڵ حەیدەری نەگیرا، لە ئێمە لە براکان موهیبی برام کە مەوالیدی ١٩٣٣ بوو، گەنج بوو سی ساڵ بوو عەمری ئەو لەگەڵ خێزانی جەماڵ  عەیدەری ئەوانە گیران، جەماڵ حەیدەری نەگیرا، لە ١٩٦٣ لە مانگی حوزەیران حکوومەتی عێڕاق شەڕی دەست پێکردەوە دژی کورد، جەماڵ حەیدەری بەیانی دەرهینا بە ناوی کۆمیتەی مەرکەزی حیزبی کۆمۆنیست و ڕۆژنامەشی دەر کرد، لە مانگی تەمووز لە یوولی ٦٣ هێندێک گیران ئێعتڕافیان کرد جەماڵ حەیدەریش گیرا و لە ٢١-ی تەمووزی ٦٣ حکوومەتی عێڕاق ئێعلانی کرد کە لە سێدارەیان دا.
قازی: لەگەڵ سەلام عادل؟
حەیدەری: سەلام عادل هەر لە ئادار کوشتیان. جەماڵ حەیدەری ماوە قیادەی حیزبی کرد هەتتا مانگی حەوت لە مانگی حەوت ئەویش گیرا و لە سێدارە درا. ئەوجار هاوڕێ عەزیز لە کوردستان قیادەی حیزبی کرد.
قازی: ئەی شەهید موهیب؟
حەیدەری: شەهید موهیب حەیدەری بۆ خۆی لە ساڵی ١٩٤٩ گیرا کە عەمری ١٥-١٦ ساڵ بوو، گیرا حوکمی دوو ساڵ درا پاش ئەوە کردیانە عەسکەر عەمری بووە ١٨ ساڵ بەر بوو هاتەوە لە گوندی دانیشت خوێندنی بەجێهێشت. باوکم پیر بوو، ئەو کاتی زۆر بە تەمەن بوو، باوکم ١٩٥٤ مرد، موهیب ئیدارەی ماڵێی دەکرد هەموو تا ١٩٦١، لە ٦١ ئێمە هەر سێ برا گیراین؛ من و موهیب و مومتاز هەر سێکمان گیراین لە عەهدی قاسم هەر یەک بۆ شارێک نێردراین. من لۆ بەغدایە، مومتاز لە بۆ عەفەک لە مەنتەقەی...، موهیب لۆ ڕفاعی لە جنووبی عێڕاق. لە نیهایەتی ٦١ بەردراین، هەموومان بەردراین موهیب ماوە لە ڕێکخراوێکی تایبەتی ئیشی ئەکرد ئی حیزبی کۆمۆنیستی عێڕاق، گیرا لە ماڵی کاکم و کوشتیان، کە گیرا لە ئاداری ٦٣ ئەویشیان ڕەمی کرد بوو.
قازی: زۆر باشە ئەتۆ بۆخۆشت لە ساڵی ٦٣ وابزانم بیریندار کرای وا نییە؟ بە برینداری گیرای یان چۆناوچۆن بوو؟
حەیدەری:  ئەمن لە ساڵی ١٩٦٣ بەشداریم کرد لە بەرگری دژی حکوومەتی بەعس لە مەنتەقەی باب الشێخ لە  بەغدایە.
قازی: ئەخر ئەوە کودەتای ٦٣ یان ٦٨؟
حەیدەری: کودەتای ٦٣.
قازی: ئی بەعسی نەبوو بە تەنێ.
حەیدەری:  عەبدوسەلام عارف کردی، بەعس قیادەی دەکرد، سکرتێری بەعسیش عەلی ساڵح سەعدی بوو. لە مەنتەقەی باب الشێخ مەنتەقەی کوردانە لە بەغدایە کە مەرقەدی شێخ عەبدولقادری گەیلانیش لە وێندەرێیە. لە وێندەرێ لە هەموو بەغدایێ موقاوەمەت دەستی پێکرد موقاوەمە لە بەرانبەر بەعسییەکان. ئەمن کەوتمە وێندەرێ، لە وێندەرێ بووین، شەوێ هجووم کرا، حکوومەت هات، ئەمنیش وەکوو گەنجێکی سەر گەرم چەکم پێ بوو، من بەکارم هینا، من بریندار کرام سێ گوللەم پێ کەت بە هەر دوو قاچم کەت، شەوێک مامەوە لە وێندەرێ بەڵام دوایی بەیانی خۆم ڕزگار کرد تا نەورۆزێ لە بەغدایێ بە دزی مایمەوە نەگیرام.
قازی: زۆر باشە مامۆستا ببوورە کاتمان کەمە، هێندێک باسی شەهادەتی پارێزەرێکی کورد هەبوو مەعرووف بەرزنجی. ئەوەش باس بکەی باش دەبێ. ئەو و چەند کەسی دیکە.
حەیدەری:  شێخ مارف و شێخ حوسێن هەر دوو برا بوون. ئەوان لە ساڵی ١٩٥٩ لە کەرکووکێ خۆپیشاندان بوو بە موناسبەتی ساڵیادی شۆڕشی ١٤-ی تەمووز، هەندێک لە تورکمانەکان و ئەوانەی سەر بە شەریکاتی نەفت بوون هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندانەکە شەڕێک ڕووی دا، شێخ مارفی بەرزنجی سەرۆکی شارەوانی کەرکووک بوو. هیچ موداخەلەی نەبوو، پارێزەرێک بوو، شێخ حوسێنیش عەلاقەی بەو شتانەوە نەبوو. بەڵام، پاشی ئەو ڕووداوە هەموویان گرتن تەقریبەن ٢٤ کەسیان گرت حوکمی لە سێدارەدانیان دان. ئەمن سەردانی شێخ مارفم کرد لە زیندان.
قازی: ئەو هەر نێوی شێخ بوو؟ دەنا خۆ شێخایەتی نەدەکرد. وا نییە؟
حەیدەری: نا شێخایەتی نەدەکرد، خەڵکی قادر کەرەم بوون، بنەماڵەی بەرزنجییەکان بوون. شێخ مارف کاتیبێکی گەورە بوو، ڕەخنەگر و چیرۆکنووسێکی باش بوو، شێخ حو
سێنیش هەر پارێزەر بوو ئەوانە حوکم دران بەڵام حکوومەتی قاسم ئێعدامی نەکردن، حوکمی دان. بەڵام بەعس کە هاتە سەر حوکم لە ١٩٦٣ وابزانم لە مانگی شەش بوو، لە یوونی بوو لە ٦٣ هەر ٢٤ کەسی لە سێدارە دا. منداڵەکانی شێخ مارف یەکیان لە ئووپسالا بوو؛ دوکتور فەرهاد بەرزنجی ئێستا لە سلێمانی یە، پۆڵاشیان ئێستا هەر لە سویدە، پۆڵای کوڕی شێخ مارفی. ئەوانە ٢٤ کەس بە یەک ڕۆژ لە سێدارە دران لە کەرکووکێ.
قازی: مامۆستا ئێمە بەداخەوە لێرە کاتمان تەواو دەبێ بەڵام  پێم خۆش بوو ئاخر قسەش ئەگەر شتێک هەبێ بیفەرمووی!
حەیدەری: ئەمن پێم وایە هەوڵ بدرێت ئەو بەرنامەی تۆ درێژەی هەبیتن پتر تیشک بخرێتە سەر ڕووداوەکانی ڕابڕدوو و ئێستا.
قازی: زۆر سپاست دەکەم. زۆر مەمنوون بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا داوای سەرکەوتنت دەکەم.|
حەیدەری: سپاس بۆ ئێوەش.
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژیش تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش!

تێبینی: ئەو بەرنامەیەی ڕاوێژ لە ڕۆژی جومعە ١٩-ی ژووییەی ٢٠٢٤ ئاستە کراوە و لە ئێوارەی پێنجشەمە ٢٥-ی ژووییەی ٢٠٢٤ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە لە کاناڵی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵیی یوتیوب دا تەماشا بکەن.
https://youtu.be/Qu6RBO-dOAA?si=xLXTxnun_5Dallhl









Rawêj, Thursday September 5, 2024 at 20:00 hours CET