چواره‌مین کۆنفڕانسی نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌کێتیی ئوڕووپا، ترکییه و کورده‌کان. پارلمانی ئوڕووپا، بروکسێل 3/4 دیسامبری 2007
چواره‌مین کونفرانسی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌باره‌ت به یه‌کێتیی ئوڕووپا، ترکییه و کورده‌کان
ئاماده کردنی : حه‌سه‌نی قازی
چواره‌مین کۆنفرانسی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌مه‌ڕ کوردان که لایه‌ن کۆمیسیۆنی مه‌ده‌نی یه‌کێتیی ئوڕووپاوه بۆ ساڵی چواره‌م ڕێک ده‌خرێ به به‌شداری ژماره‌یه‌کی به‌ربه‌چاو له سیاسه‌تمه‌داری کورد و نوێنه‌رانی پارلمانی ئوڕووپا و که‌سانی ئاکادێمی کورد و ترک و ژماره‌یه‌کی زۆر ڕۆژنامه‌نووس له سه‌عات 15:00 ی ئێواره‌ی دووشه‌مۆ 3.12.2007 له بینای پارلمانی ئوڕووپا له بروکسێل ده‌ستی به کاره‌کانی کرد.
به‌ر له کرانه‌وه‌ی کۆنفرانس، که‌ریم یلدز یه‌ک له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمیته‌ی مه‌ده‌نی بۆ ڕێزلێنان له بیره‌وه‌ری محه‌مه‌د ئوزوون نووسه‌ری کورد داوای له به‌شداران کرد ده‌قیقه‌یه‌ک بێده‌نگی بپارێزن. نێوبراو دوایه سپاسی هه‌موو ئه‌و رێکخراوانه‌ی کرد که کۆمیته‌ی مه‌ده‌نییان پێک هێناوه و ڕایگه‌یاند چالاکییه‌کانی ئه‌و کۆمیته‌یه ده‌رفه‌ت و فه‌زایه‌کی سیاسی باشی ڕه‌خساندووه بۆ ئه‌وه‌ی له خانووی پارلمانی ئوڕووپا دا باس له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ پرسی کورد بکرێ.
دوایه کاریانا وسترهایم سه‌رۆکی کۆمیته‌ی مه‌ده‌نی و مامۆستای زانکۆی بێرگن له نۆڕوێژ گوتی چواره‌مین کۆنفڕانس بۆ ڕێزگرتن له بیره‌وه‌ری محمه‌د ئوزوون ڕێک خڕاوه که ماوه‌یه‌ک لهمهوپێش له دیاربه‌کر به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه گیانی ئه‌سپارد. کاریانا گوتی ئه‌وه خه‌سارێکی گه‌وره‌یه ، ئوزوون به ڕێگه‌ی نووسینه‌کانیدا سه‌فیری کوردان بوو. دۆستێکی باشی کۆمیته‌که‌مان بوو و بیره‌وه‌ری وی هه‌ر له بیرمان دا ده‌مێنێته‌وه.
دوایه به کورتی باسی پشتیوانانی کۆمیته ، ئۆسقۆف دێزمۆند تووتوو،به‌ره‌وه‌ی خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبێل، شیرین عیبادی به‌ره‌وه‌ی خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبێل، هاڕۆڵد پینتر به‌ره‌وه‌ی خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بییاتی نۆبێل، بیانکا جاگر سه‌فیری خێرخوازی یه‌کێتیی ئوڕووپا، نۆئام چامسکی، یاشار که‌ماڵ نووسه‌ر و له‌یلا زانا به‌ره‌وه‌ی خه‌ڵاتی ئازادی بیروڕای یه‌کێتیی ئوڕووپا و به‌ره‌وه‌ی خه‌ڵاتی بنیادی ڕافتۆی نۆروێژی کرد.
ئه‌و جار کورته‌یه‌ک له په‌یامی دێزمۆند توو تووی خوێنده‌وه.
توو توو له په‌یامه‌که‌ی دا ڕووه‌و به‌شدارانی کۆنفرانس له گه‌ڵ قسه‌ی دی گوتبووی: دۆستانی خۆشه‌ویست. ده‌رگا کراوه‌ته‌وه و دیالۆگ به‌رده‌وامه. له ئه‌زموونی پێشوو که‌لک وه‌ربگرن. وتووێژ ئه‌ساسه. ده‌با کورد و ترک وه‌ک بنه‌ماڵه‌یه‌ک یه‌کبگرن و وڵاتی خۆیان دروستتر و به ئیروو که‌ن. تکاتان لێده‌که‌م ده‌ستی یه‌کتری بگرن . نموونه‌ی زۆر خراپمان له ڕواندا، ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له به‌رچاوه.دوایه کاریانا سڵاوی نۆئام چۆمسکی ، ئۆلی رێن و عوسمان بایده‌میر شارداری ئامێدی به به‌شدارانی کۆنفڕانس ڕاگه‌یاند که له به‌ر هۆی جیاواز نه‌یانتوانی بوو له کۆنفڕانس دا ئاماده بن.
کاریانا له درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتێ: ساڵی 2006 وتووێژی نێوان ترکییه و یه‌کێتی ئوڕووپا سستر بوو، ئه‌مساڵ تاریکتره ، ناوچه کوردییه‌کان له ترکییه نیزامی کراون . مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆ پێشێل ده‌کرێن . ئێمه ناخۆشحاڵی خۆمان ده‌رده‌بڕێن به‌رامبه‌ر به‌و بڕیاره‌ی پارلمانی ترکییه دای بۆ ئۆپێراسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنوور. ئێستا حه‌ول ده‌درێ ده‌ته‌په دا بخه‌ن و ئه‌وجۆره کرده‌وانه بار‌و دۆخ گرژتر ده‌که‌ن. باشتره ترکییه به دوای ئاشتی دا بگه‌ڕێ
...
دوای قسه‌کانی کاریانا وێسترهایم سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی مه‌ده‌نی و که‌ریم ێڵدز ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و کۆمیسیۆنه به ڕیز له‌یلا زانا ، بیانکا جاگر و فرانسیس ورتز وته‌کانی کرانه‌وه‌ی خۆیان پێشکێش کرد.
به‌شێک له قسه‌کانی له‌یلا زانا
دۆستانی به ڕوومه‌ت و هێژا! سڵاو له هه‌مووتان و سپاس بۆ زه‌حمه‌ت و ماندوو بوونی گشت ئه‌و ڕێکخراوه و که‌سانه‌ی ئه‌م کۆنفڕانسه‌یان ڕێک خستووه. ئاشتی نێوخۆیی ، ئاشتی له ده‌ره‌وه دابین ده‌کا. چالاکی ئه‌وتۆ زۆر باشن. کاری گه‌ڵێک هێژا و گرانبوهانه.
من له ساڵی 2004 هاتم بۆ پارلمانی ئوڕووپا، ئه‌و کاته قسه‌کانی خۆم به ترکی ده‌ست پێ‌کرد و دوایه به کوردی به‌رده‌وام بووم، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌ر به کوردی قسه ده‌که‌م. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ سه‌رنج ڕابکێشمه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی زمان. هێشتا خه‌ڵک له به‌ر ئه‌وه‌ی به زمانی خۆیان قسه ده‌که‌ن ده‌گیرێن و ئه‌وه شه‌رمێکی گه‌وره‌یه. ده‌بێ ئه‌مڕۆ قسه‌کردنی من به کوردی لێره دا وه‌کوو داوخوازێکی سه‌ره‌کی حیسابی له سه‌ر بکرێ.
تا ئێستا گه‌لێک کۆنفرانس گیراون، که‌مپه‌ینی ئیمزا کۆکردنه‌وه له پێناو ئاشتی و له لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌وه که دڵیان بۆ دابین کردنی ئاشتی لێده‌دا. به‌ڵام هه‌موو شت گه‌یوه‌ته بنبه‌ست. خاڵی سه‌ره‌کی به نێو کردنی مه‌سه‌له‌که وه‌کوو خۆیه‌تی. پرسه‌که له به‌ر برسی بوون و باری ئابووری نییه. مه‌سه‌له‌ی نکووڵی کردن له ناسنامه‌یه ئێش و ژانی ساز کردووه. پرسی کورد له به‌ر هه‌ژاری نییه . زۆر زوڵم و زۆر کراوه، چۆل کردنی گوندان و وکرداری دیکه‌ی ئه‌وتۆ.هه‌رچه‌ند کورد له خاکی خۆیان ده‌رده‌کران ، ده‌شکان ، به‌ڵام گله‌یی و گازندیان نه‌ده‌کرد . چ خوێنێک له خوێنێکی دی سوورتر نییه، هیچ زمانێک له زمانێکی دیکه مه‌زنتر نییه. به قه‌ده‌غه کردن و نکووڵی کێشه چاره سه‌ر نابێ. کار‌و ئه‌رکی ئێمه‌ش زیاتر بووه، به‌رپرسیاری حکوومه‌تی ترکییه‌ش گه‌وره‌یه. ئامانج نابێ زه‌خت بێ ، به‌ڵام ده‌بێ ئافراندنی سینێرژی بێ. ده‌بێ له‌وه تێبگه‌یشترێ که ترکییه‌کی له به‌ر ئه‌ندامه‌تی یه‌کێتیی ئووڕووپا ، بۆ ته‌کووز کردنی ئاشتی جیهانی ببێ به هێزێکی به هێز. نابێ له کوردان بترسێ. له جیاتی قانوونی په‌شیمانی ده‌بێ له سه‌ر پڕۆژه‌ی به‌ر به‌چاو کار بکرێ. ده‌بێ گۆڕانێکی گشتی بکرێ، ده‌بێ به‌ڕێوه‌به‌ریی هه‌ریمی به‌هێز بکرێن له پێڤاژۆی چاره‌سه‌ری دا. ئه‌من ده‌وری به‌ڕێز ئوێجاڵان زۆر به کاریگه‌ر ده‌بینم. به له‌هه‌ڤ هاتن له گه‌ڵ ئوێجاڵان کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌کرێن. ده‌م هاتووه قسه‌ی خۆمان به ڕاشکاوی بکه‌ین . ترس له خۆمان دوور خه‌ینه‌وه. کوردی باش و کوردی نه باشمان نییه . ئاڵۆز کردنی سنووری وڵاتان باش نییه. پێبه‌ندی هاووڵاتێتی بوون هه‌ر به قانوون ناکرێ . ئه‌مین مه‌علووف ده‌ڵێ : " ناسنامه‌ی من ئه‌وه‌یه که من ناشوبهێنێ به که‌سێکی دێ " ده‌بێ ڕێز له فره چه‌شنی بگرین . سڵاو بۆ هه‌مووتان.
دوای له‌یلا زانا ، یای بیانکا جاگر سه‌فیری خێرخوازیی یه‌کێتی ئوڕووپا، که سه‌باره‌ت به ئێکۆلۆژی و پاراستنی ژینگه زۆری چالاکی کردووه ده‌ستی به قسان کرد.
جاگر گوتی: سپاس بۆ گشت ئه‌وانه‌ی ئه‌م کۆنفرانسه‌یان ڕێک خستووه. گوێمان له په‌یامی دزمۆند تووتوو و قسه‌کانی له‌یلا ڕاگرت. ئه‌وان باسی ڕێفۆرمی ڕادیکاڵیان کرد بۆ ئه‌وه‌ی کورد و ترک ببن به ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یه‌ک. پێویسته ئێمه به کۆمه‌ڵ دژایه‌تی ئیله‌سوو بکه‌ین. ئه‌گه‌ر ئه‌وه سه‌ربگرێ ده‌بێ به تاوانێک به دژی مافی مرۆ. ئه‌وه تاوانکارییه‌که دژی ئێمه. حه‌سکێف کاره‌ساتێکی ئینسانییه، ده‌بێته هۆی شه‌ڕ. ئه‌من داوا ده‌که‌م له سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ڕاوه‌ستن. له ساڵی 2005 پێمان وابوو ئه‌و پڕۆژه‌یه تێک شکاوه. کۆمپانی جۆر به جۆر ده‌ستیان تێیدایه. شاری حه‌سکێف له باری کولتوورییه‌وه گرینگه و بایه‌خی مێژوویی هه‌یه. من پشووم سوار ده‌بێ چۆن وڵاتێک ده‌توانێ جێیه‌کی ئه‌وتۆ وێران بکا، ئاسه‌واری سوریانییه‌کان بۆ هه‌میشه له به‌ین ده‌چێ. یه‌کێتی ئوڕووپا ده‌بێ گوشار بخاته سه‌ر ترکییه، چونکوو ده‌یه‌وێ ببێ به ئه‌ندام، نابێ ئه‌و پڕۆژه‌یه جێ به جێ کا. زۆر ده‌وڵه‌تان بێشه‌رمانه یارمه‌تی ترکییه‌یان داوه بۆ ئه‌و کاره.چۆن ئه‌وه نابینن ، چۆن شوێنی کوژرانی ئه‌رمه‌نییه‌کان نابینن. نابێ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی هێندێک ئێلێکترێسیتهی زیاتر ئه‌و پڕۆژهیهسهر بگرێ . داواتان لێده‌که‌م ئه‌و پڕۆژه‌یه مه‌حکووم بکه‌ن.
دوای بیانکا جاگر، فرانسیس ورتز ، سه‌رۆکی گرووپی پارلمانتارانی چه‌پی یه‌کگرتووی ئوڕووپا/چه‌پی سه‌وزی وڵاتانی باکووری له پارلمانی ئوڕووپا قسه‌کانی خۆی ده‌ست پێ‌کرد!
.... دۆستان و له‌یلا! ئێمه به ئه‌رکی خۆمان زانی یارمه‌تی بکه‌ین بۆ ڕێکخستنی ئه‌م کۆنفرانسه. هه‌مووتان به‌خێر ده‌هێنم بۆ پارلمانی ئوڕووپا. هه‌لبژاردنی ئه‌و دواییانه‌ی ترکییه وه‌زعێکی تازه‌ی هێناوه‌ته گۆڕێ، 20 نوێنه‌ری کورد هه‌ڵبژێردران، سه‌ره‌رای به‌ند و له‌مپه‌ره‌کانی قانوونی هه‌ڵبژاردن. ئه‌وه سه‌رکه‌وتنێکه. به‌گشتی له ئوڕووپا دا هیوای ساز کردووه. یه‌کێتیی ئوڕووپا پیرۆزبایی کرد له هه‌ڵبژاردنی ئازاد ، پیرۆزبایی کرد له ترکییه. سپاسی گولی کرد که سه‌ری کوردستانی دا. پێمان وابوو پلانێکی ئه‌وتۆ داده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌که جێبه‌جێ بکرێ، به‌ڵام به داخه‌وه له دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه شته‌کان باش نه‌چوون و ئێستا ترس له گۆڕێ دایه.به‌تایبه‌تیش ئه‌و چرا که‌سکه‌ی وا پارڵمانی ترکییه دایگیرساند بۆ ده‌ستێوه‌ردان له کوردستانی عێراق دا. ئێمه به ته‌واوی دژی ئه‌وه‌ین. گرووپی ئێمه دژی حه‌ره‌که‌تی چه‌کدارییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌بینین که حکوومه‌ت و ئه‌رته‌شی ترکییه ئه‌و ده‌ره‌تانه‌یان له به‌رچاو نه‌گرتووه که پ.ک.ک به ئاگربه‌س ڕایگه‌یاند. گوشار له‌سه‌ر ده‌ته‌په و شارداره‌کان زۆره جا بۆیه وه‌زعێکی ئاڵۆز له ئارا دایه.ئێمه له لای ئه‌وکه‌سانه‌ین که ده‌یانه‌وێ چاره‌سه‌رییه‌ک هه‌بێ. یه‌کێتیی ئوڕووپا ده‌بێ ئانکارا وشیار بکاته‌وه سه‌باره‌ت به باکووری عێراق. ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ ئاگر به‌س بکرێ، نابێ ده‌ته‌په دابخرێ، ئه‌وه هێڵی سووره سه‌باره‌ت به ئه‌ندامه‌تی ترکییه له یه‌کێتیی ئوڕووپا دا. ئه‌من بیر له حه‌ولی باشی ده‌ته‌په ده‌که‌مه‌وه بۆ ئازاد کرانی عه‌سکه‌ره به دیل گیراوه‌کان. فره کولتووری ده‌وڵه‌مه‌ندییه. ده‌بێ هه‌موو که‌س جێی هه‌بێ بۆ وتووێژ. ده‌بێ قانوونێکی بنچینه‌یی مه‌ده‌نی بێته ئاراوه. ده‌بێ ماده‌ی 301 لاببردرێ و نه‌خشی ئه‌رته‌ش که‌م بێته‌وه. ده‌بێ دژی گه‌نده‌ڵی ، مافی ژنان، مافی که‌مایه‌تییان ، مافی سه‌ندیکای کرێکاری ، له‌نێو بردنی توندوتیژی به‌دژی ژنان کاری زیاتر بکرێ. ده‌بێ لێدوانی کراوه له نێوان ترکییه و ئه‌رمه‌نستان دا هه‌بێ و ئاشت ببنه‌وه. مه‌سه‌له‌ی قبرس ده‌بێ جێبه‌جێ بکرێ و ده‌بێ ترکییه له باکووری قبرس خۆی بکێشێته‌وه.داوای سه‌رکه‌وتن بۆ ئه‌م کۆنفرانسه ده‌که‌م.داوخوازه‌که‌تان به‌جێیه، له پارلمانی ئوڕووپا زۆر که‌س پشتیوانی‌تان لێ ده‌کا. هه‌موو سه‌رکه‌وتنێکتان بۆ به ئاوات ده‌خوازم.
کاریانا وسترهایم سپاسی پارلمانی ئوڕووپای کرد بۆ هاوکارییان.
ئه‌و جار یه‌که‌م دانیشتن و پانێلی کۆنفڕانس له ژێر نێوی : " دێمۆکراتیک کردن له ترکییه و "پێڤاژۆی رێفۆرمی یه‌کێتیی ئوڕووپا"؛ به‌شداری سیاسی و کورده‌کان ده‌ستی پێ‌کرد.
به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و دانێشتنه یان بگین ، ئه‌ندامی پارلمانی بروکسێل و یۆن ڕۆد پارێزه‌ری نۆڕێژی بوون
قسه ده‌رانی ئه‌و به‌شه بریتیبوون له که‌ریم یڵدز ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ی مافی مرۆیی کورد و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕیوه‌به‌ری کۆمیسیۆنی مه‌ده‌نی
یووست لاگێندیک ئه‌ندامی پارلمانی ئوڕووپا وهاوسه‌رۆکی کۆمێته‌ی پارلمانی دووقۆڵی
یه‌کێتی ئوڕووپا/ ترکییه
ئاکین ئوێزجهر، دیپڵۆماتی پێشووی ترک
ئه‌حمه‌د ترکئهندامی پارلمانی ترکییه و سه‌رۆکی گرووپی پارلمانی ده‌ته‌په
ڤیتۆریۆ ئانگۆلێتۆ ئه‌ندامی پارلمانی ئوڕووپا ، و کۆئۆردیناتۆری گرووپی دۆستایه‌تی پارلمانی ئوڕووپا_ کورد
یان بێگین گوتی: ئه‌من له بروکسێل ده‌ژیم. له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد کار ده‌که‌م. سیستمی بێلژیک نموونه‌یه‌که، به‌ڵام ئه‌وه بۆ 105 ڕۆژ ده‌چێ حکوومه‌تمان نییه. به‌ڵام دیسانیش هه‌ر به‌یه‌که‌وه‌ین و به‌یه‌که‌وه ده‌دوێین.هێشتا قسه ده‌که‌ین بۆ پێک هاتن. باسی ئه‌مڕۆمان له سه‌ر دێمۆکراسییه له ترکییه و کاردانه‌وه‌ی له سه‌ر وه‌زعی کوردان. فه‌رموو به‌ڕێز یڵدز!
یڵدز قسه‌کانی ئاوا ده‌ست پێ‌کرد: سپاس! ژنان و پیاوان ، دۆستان! ترکییه و یه‌کێتیی ئوڕووپا له حاڵێکی تایبه‌تی دان. ئه‌و ڕێفۆرمانه‌ی له سه‌ره‌تاوه کران ئێستا له بیر کراون، له هه‌مان کاتدا کێشه‌ی نێوخۆییش زیاتر بووه. کاتی ئه‌وه‌یه که دمه‌ته‌قه‌یه‌کی جیدی بکرێ. پشتیوانی ئێمه وه‌کوو کۆمیسیۆنی مه‌ده‌نی له ترکییه ئه‌وه‌یه که ترکییه هه‌موو بنه‌ما سیاسییه‌کانی پێوانه‌ی کۆپێنهاگ بپه‌ژرێنێ. زۆر ماف له کورده‌کان ئه‌ستێندراوه. ده‌بێ به پێی ستراتێژییه‌کی ڕوون کار بکه‌ین. ڕێفۆرمی ساخته به‌ش ناکا. له دیسامبری 2006 وتووێژی ئه‌ندامه‌تی ڕاوه‌ستا، له مارسی 2007 دیسان ده‌ستی پێکرده‌وه. تۆنی بلێر باسی نێوان تێکچوونی درێژخایه‌نی کرد. فرانسه و ئه‌وان گوتیان ترکییه موناسیب نییه بۆ ئه‌ندامه‌تی. پشتیوانی گشتی له ئه‌گه‌ری ئه‌ندامه‌تی ترکییه که‌م بووه‌ته‌وه. ده‌بێ ستاندارده جیهانییه‌کان له‌به‌ر چاو بگیرێن. گه‌لۆ ئه‌و بنه‌مایانه‌ی له کۆپێنهاگ داندراون هه‌موو ئه‌و که‌سانه ده‌گرێته‌وه که له ترکییه ده‌ژین.له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌تان وه‌بیر بهێنمه‌وه ئه‌گه‌ر پێڤاژۆی وتووێژی ئه‌ندامه‌تی ده‌ستی پێنه‌کردبا ئه‌مڕۆ ئێمه نه‌مان ده‌توانی لێره بین.ئه‌و مه‌سه‌له‌یه زۆر گرینگه. ترکییه کاری خۆی نه‌کردووه. ترکییه به به‌رده‌وامی ده‌ستی له‌وه گێڕاوه‌ته‌وه ئه‌رکه‌کانی خۆی جێ به جێ بکا.ئۆلی ڕێن ڕایگه‌یاندووه ئازادی به‌یان بواری هه‌ره گرینگه. ماده‌ی 301 که بووه هۆی گیرانی هێراند دینک دوایه به تێڕۆر کردنی ته‌واو بوو. یان ماده‌ی 216ی دژی تێرۆر که به خوت و خۆڕایی زۆر خه‌ڵکی خستووه‌ته زه‌حمه‌ته‌وه.گرینگه ترکییه مه‌سه‌له‌ی خوارووی ڕۆژهه‌ڵاتی ترکییه له به‌رچاو بگرێ.بۆچوونی سازده‌رانه له‌هه‌موو لایه‌که‌وه پێویسته.ڕێگه‌ی نیزامی هیچ چاره سه‌ری له ته‌ک خۆیدا ناهێنێ. ئه‌من تازه له عێراقه‌وه گه‌ڕاومه‌ته‌وه. له‌وێ چوومه سه‌ر سنووری عێراق له گه‌ڵ ئێران و ترکییه. بۆمبارانی ترکییه و ئێران ژیانی خه‌ڵکی ئاسایی و مه‌ده‌نی له‌وێ له‌نێو ده‌با، جا چ موسوڵمان بن یان عیسایی. چه‌ند جاری دیکه ده‌بێ حه‌ول بدرێ بۆ هێرش تاکوو پێی بزاندرێ که ئه‌وه کرده‌وه‌یه‌کی خۆ شکێنه؟ ئه‌من تووشی شوانی واهاتم که هه‌ر ده‌یویست مه‌ڕه‌کانی بلهوڕێنێ و ئاگاداری‌یان لێ بکا.
ئه‌وه ناخۆشه ببیندرێ که مێژوو دووباره بێته‌وه. جا باشتر وایه ئێستا به شێوه‌ی دێمۆکراتی باس له کێشه‌کان بکرێ. کورده‌کان ده‌بێ بتوانن له دیالۆگ دا به‌شداری بکه‌ن. ئێمه وه‌کوو کۆمیسیۆنی مه‌دنی یه‌کێتی ئوڕووپا ، ترکییه دژی ئه‌و کرده‌وانه‌ین به دژی ده‌ته‌په ده‌کرێ. نابێ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه له سه‌ر کوردی عێراق به‌رده‌وام بێ. یه‌کێتیی ئوڕووپا ده‌بێ نفووزی خۆی بۆ دیالۆگ به کار بهێنێ. به بێ دیالۆگ هیچ ناکرێ. بۆ ئه‌وه‌ی دیالۆگێکی کراوه هه‌بێ ئێمه ده‌بێ بتوانین به ئازادی قسه بکه‌ین.با هه‌موو بوێرین باسی کێشه‌کان بکه‌ین.
یان بگین ته‌فسیرێکی کورتی هه‌بوو له سه‌ر قسه‌کانی یڵدز. ئه‌و جار یۆن ڕۆد به‌ڕێوه‌به‌ری دانێشتنه‌که‌ی کرد و یووست لاگندیکی وه‌کوو ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی پارلمان ناساند و گوتی لاگندیک حه‌ول ده‌دا بۆ قوبووڵی مه‌سه‌له‌ی کورد و داوای له ئاماده‌بوان کرد ته‌له‌فۆنه‌کانیان داخه‌ن.
لاگێندیک ئاوای ده‌ست به قسه‌کانی کرد: هه‌م له ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن و هه‌م له ڕاپۆرتی پارلمان دا هاتووه که ڕێفۆرمه‌کان هێشتا هه‌موویان نه‌کراون. ئه‌من پێم وایه هه‌م پارلمان و هه‌م کۆمیسیۆن ده‌یانه‌وێ ببینن چ ده‌بێ؟ حکوومه‌ت گوشاری له سه‌ر بوو. له هه‌ڵبژاردن دا به پارتی یه‌که‌م ده‌رچوو، زۆری ده‌نگ هێناوه بۆیه چاوه‌ڕوانی لێده‌کرێ. زۆربه‌ی له‌گه‌ڵن.
به‌ڵام مسیۆ سارکۆزی بووه به ئه‌ستێره‌ی مه‌سه‌له‌که. جار جار له گه‌ڵ ئه‌ندامه‌تی ترکییه یه و جار جار له‌دژی. خه‌ڵکی عاقڵی ده‌وروبه‌ری سارکۆزی قسه‌ی له گه‌ڵ ده‌که‌ن. پێڤاژۆیه‌که به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چێ. ساڵی 2008 له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی قبرس هیچ ڕوونادا و ئه‌رمه‌نستانیش.... ئه‌من باسی مه‌سه‌له داغه‌کان ده‌که‌م. باسی ئازادیی به‌یان. ئه‌وه ته‌نێ هه‌ر ماده‌ی 301 نییه، و له هه‌موو ماده‌کانی دیکه‌ش دا ده‌بێ ئاڵوگۆڕ بکرێ. ئێمه‌ش ئیدی سه‌برمان نه‌ماوه.هه‌رناکرێ باسی بکه‌ین و هیچ نه‌گۆڕێ. باباجان به‌ڵێنی داوه له پارلمانی ترکییه دا قسه‌ی لێوه بکا. ئه‌وه بۆ یه‌کێتی ئوڕووپا گرینگه.ترکییه ده‌بێ خۆی بیکا. هیچ به‌هانه‌یه‌ک نییه. له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی که‌مایه‌تییه دینییه‌کانیش هه‌ر وا. ترکییه حه‌وجێی به‌وه نییه. ئه‌وه له باری سه‌مبۆلیکه‌وه گرینگه. ترکییه ده‌بێ له جیات قانوونی بنچینه‌یی 1982 ، قانوونێکی بنچینه‌یی تازه‌ی هه‌بێ. من چه‌ند ڕه‌شنووسم دیوه به‌ڵام نازانم کێهه‌یان وه‌خۆ ده‌کرێ. قانوون ده‌بێ شه‌فاف بێ. سه‌باره‌ت به ده‌وری ئه‌رته‌ش، ئه‌رته‌ش له سیاسه‌ت دا موداخه‌له‌ی کرد.به‌ڵام جێگه‌ی خۆشحاڵی بوو که هه‌موو تاکتیکه‌کانی نه‌تیجه‌یه‌کی دیکه‌ی لێ که‌وته‌وه. له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئاکاپه ده‌نگی زۆری هێناوه.به‌ڵام ده‌وری ئه‌رته‌ش له کۆمه‌ڵگه‌ی ترکییه نه‌گۆڕاوه. هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌گۆڕێ. به‌ڵام به‌وه‌ی له باشووری ڕۆژهه‌ڵات ده‌قه‌مێ زۆر خۆشحاڵه، چونکوو بۆ حکوومه‌تی زه‌حمه‌ت ده‌کا کاره‌کانی بکا.
له‌مه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌بێ بڵێم، له ئوڕووپا هه‌موو خۆشحاڵ بووین که ده‌ته‌په چووه پارڵمانێ بۆ ئه‌وه‌ی ئاکاپه و ده‌ته‌په بتوانن چاره‌سه‌رییه‌ک ببیننه‌وه. من هیچ تهفاهومێکم بۆ کرده‌وه‌کانی پ.ک.ک نییه. کرده‌وه‌کانی له‌لایه‌ن زۆربه‌ی زۆری ئوڕووپاوه مه‌حکووم ده‌کرێن. من داوا ده‌که‌م حکوومه‌ت به‌رده‌وام بێ له سه‌ر ڕێفۆرمه‌کانی. ئێمه له کاری عه‌بدووڵا ده‌میر باش و هه‌موو ئه‌وانه پشتیوانی ده‌که‌ین که خه‌بات ده‌که‌ن له پێناو زمانی کوردی دا. ئێستا ده‌رفه‌تێکی زێڕینه بۆ ئاکاپه که ڕێفۆرمه‌کانی بکا.به‌و هێرشانه‌ی له لایه‌ن پ.ک.ک وه کراون ئه‌و ده‌رفه‌تانه له ناوچوون.ئه‌من لایه‌نگری له ده‌ته‌په ده‌که‌م. ده‌ته‌په ڕۆڵێکی زۆر گرینگ ده‌گێڕێ. جا بۆیه داخستنی ده‌ته‌په زۆر خراپه، بژارێکی باش نییه.ئه‌گه‌ر ئه‌وه بکرێ توندڕۆیی له هه‌ر دوولاوه به‌هێز ده‌کا. پ.ک.ک ده‌بێ بێ شه‌رتومه‌رج چه‌ک دانێ...
دوای لاگێندیک ئاکین ئۆزجه‌ر دیپڵۆماتی پێشووی ترک دوا. له قسه‌کانی دا گوتی پ.ک.ک به تێڕۆریست داده‌نێ.
دوای ئه‌وه یۆن رۆد قسه‌ده‌ری دیکه ئه‌حمه‌د ترک ی ناساند و گوتی: گه‌لۆ ترکییه ده‌توانێ به بێ جێبه‌جێ کردنی مه‌سه‌له‌ی کورد ببێ به ئه‌ندام له یه‌کێتیی ئوڕووپا دا؟ له سه‌ر ئه‌حمه‌د ترک گوتێ : ئه‌و له 30 ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه هه‌م له زیندان دا بووه و هه‌م له پارلمان دا و ئێستا له پارلمان دایه . ئه‌و ده‌یه‌وێ پردێک ڕایه‌ڵ بکا بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێکی درێژ خایه‌ن بۆ پرسی کورد ببیندرێته‌وه.دوایه فه‌رمووی له ئه‌حمه‌د ترک کرد:
ئه‌حمه‌د ترک
من باسه‌که‌م نووسیوه‌ته‌وه، هه‌مووی ناخوێنمه‌وه. ده‌مه‌وێ به کورتی باسی هه‌ڵوێستی ده‌ته‌په بکه‌م. بۆ ئه‌وه‌ی به جوانی له کێشه‌که تێبگه‌ین ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه دواوه. کورد و ترکان به یه‌که‌وه کۆماریان دانا، به‌ڵام دواتر سیاسه‌تێکی دیکه په‌یڕه‌و کرا. له ئارشیوه‌کانی ده‌وڵه‌ت دا باسی 29 سه‌رهه‌ڵدانی کوردی ده‌کرێ، یه‌ک له‌وان سه‌رهه‌ڵدانی پ.ک.ک یه.
ئێستا ترکییه له هه‌ڵکه‌وتێکی ئه‌وتۆ دایه که جیاوازییه‌کان له به‌رچاو بگرێ و ڕێزیان لێبگرێ.
ڕێزدار سه‌رۆکوه‌زیر ده‌ڵێ : 75 وه‌کیلی کوردی هه‌یه ، پێیان ده‌ڵێ هه‌ستن ڕه‌خنه بگرن .
له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه دووگه‌لی کورد و ترک ده‌بێ به‌یه‌که‌وه بژین و زۆری ئه‌هه‌مییه‌ت پێده‌ده‌ین، ئه‌و داوخوازانه‌ی ئێمه ده‌یکه‌ین ئینسانی و مه‌شرووعن و داوای ئه‌وتۆ نین که وه‌رنه‌گیرێن.باشه بائێوه به پ.ک.ک بڵێن تێرۆریست، ده‌ی جا ئه‌و هه‌موو سووکایه‌تییه چییه به کوردی عێراقی ده‌که‌ن؟ من له‌م مینبه‌ره‌وه به دۆستانی ئوڕووپایی ده‌ڵێم؛ ده‌بێ ترکییه حه‌تمه‌ن له یه‌کێتیی ئوڕووپا دا وه‌ربگیرێ. هه‌ر سیاسه‌تێک له سه‌ر بنه‌مای ئێتنیسیتی و دین بکرێ خراپه، به‌ڵام هه‌موو سیاسه‌ت و کولتورێک ده‌بێ بۆی هه‌بێ و بتوانێ به ئازادی خۆی ده‌رببڕێ، ئه‌وه فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ره‌کی ئێمه‌یه. گه‌له‌که‌مان ده‌زانێ چ سیاسه‌تێکمان هه‌یه. حکوومه‌ت ده‌یه‌وێ بمانکاته هیچ ، ده‌ڵێن وه‌رن به پ.ک.ک بڵێن تێڕۆریست جا ئه‌وجار قسه‌تان له گه‌ڵ ده‌که‌ین. به‌ڵام ئێوه خۆتان هیچ پڕۆژه‌یه‌کتان نییه، ئێوه له پێشدا ئه‌وه بێننه گۆڕێ دوایه ئێمه‌ش ده‌توانین ئه‌رکی خۆمان ئه‌نجام بده‌ین، مه‌سئوولییه‌تی خۆمان به ئه‌ستۆوه بگرین. مه‌سئوولییه‌ت هه‌ر له سه‌ر شانی ئێمه نییه، له سه‌ر شانی حکوومه‌تیشه، ده‌بێ نییه‌تی باش له ئارا دا بێ. ئێمه ئێستا له گه‌ڵ لینچی سیاسی ڕووبه‌ڕوو هاتووین. ئه‌من له به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ناسرێم ناتوانم بچمه قزڵ ئایا و له‌وێ بگه‌ڕێم. ئه‌و خه‌ڵکه 1000 ساڵه به‌یه‌که‌وه ژیاون، سه‌رۆکوه‌زیر بۆ ده‌گیانی یه‌کتریان به‌ر ده‌دا. دیاره ئێمه‌ش ده‌بێ بیر له حه‌ساسییه‌تی ترکان بکه‌ینه‌وه. ده‌کرێ پ.ک.ک به مه‌شرووع نه‌زانن ، به‌ڵام ده‌بێ ریالیته ببیندرێ، له پێناو دێمۆکراسی دا هه‌موو ده‌بێ حه‌ساس بین. ئێستا له سه‌روبه‌ندی وتووێژی ئه‌ندامه‌تی یه‌کێتیی ئوڕووپا داین، دیاره یه‌كێتیی ئوڕووپاش له‌و باره‌یه‌وه بڕێک خه‌تای دێته‌وه سه‌ر، ده‌بێ زیاتر حه‌ول بدا. ئێمه له پێناو ئاشتی و چاره‌سه‌ری دا ئاماده‌ین له چوارمێخیش بدرێین درێژه به خه‌باته‌که‌مان بده‌ین...
یۆن ڕۆد گوتی : ئه‌حمه‌د ترک تۆ تراژێدیای ترکییهت نیشان دا ، دوایه قسه‌یه‌کی کۆندالیزا ڕایسی گێڕاوه.
ئه‌و جار قسه‌که‌ری دوایی ئه‌و دانیشتنه ڤیتۆرییۆ ئاگنۆلێتۆ ئه‌ندامی پارلمانی ئوڕووپا له گرووپی چه‌پی یه‌کگرتووی ئوڕووپا/چه‌پی که‌سکی وڵاتانی باکووری ده‌ستی به ئاخاوتن کرد.
کاتێک بیرمان له رێکخستنی ئه‌و کۆنفڕانسه ده‌کرده‌وه هیوا دار بووین زه‌مینه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی دیالۆگ هه‌بێ. ده‌بێ به دۆستانی ترکمان بڵێین ، پارڵمانی ئوڕووپا دڵی له‌و پێشوه‌چوونانه‌ی دوایی زۆر نیگه‌رانه.نوخته‌ی دوویه‌م ئه‌وه‌یه ئه‌مڕۆ هیچ ئاڵوگۆڕی سیاسی له ئارادا نییه، که دێته سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد هیچ ناکرێ. ئه‌گه‌رچی ده‌ته‌په نه‌یتوانی به‌نێوی خۆی له هه‌ڵبژاردندا به‌شداری بکا ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ که‌وتووه‌ته پارڵمانه‌وه. مێژوو ڕێیه‌کی دیکه‌ی وه‌به‌ر گرت. ئێستا که‌یسی ده‌ته‌په خراوه‌ته به‌رده‌م دادگه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دادگه قه‌رار بدا ده‌ته‌په هه‌ڵوه‌شێنێ زۆر ناخۆش ده‌بێ، له به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ته‌په له پارلمان دایهدهتوانێ یارمه‌تی بکا به چاره‌سه‌ری دێمۆکراتیک . ئێمه ڕووداوه‌کان ده‌شۆپێنین. ده‌ته‌په هیوایه بۆ چاره‌سه‌ری. ئێمه پێمان وایه که پێکدادانی چه‌کدارانه چاره‌سه‌ری نییه. بوونی ده‌ته‌په له پارڵمان دا موعجیزه‌یه ، ده‌بێ وه‌کوو ئوڕووپایی بڵێم ئه‌وه موعجیزه‌یه، ئه‌من ئێستا که‌متر خۆشبینم سه‌باره‌ت به ترکییه. ئه‌وه ڕاست نییه که لهترکییه گۆیا کاناڵی تێلێڤیزیۆنی کوردی هه‌یه، موشکیله زۆره. دامه‌زراوی ترک هه‌یه هێشتا نکۆڵی له پرسی کورد ده‌کا.دووشت داوا ده‌که‌ین: پ.ک.ک ئاگر به‌س بکا، داوامان له پ.ک.ک کرد ئاگربه‌سی یه‌کلایه‌نه‌ی ڕاگه‌یاند. حکوومه‌ت ده‌ست بکا به دیتنی ده‌ته‌په. ده‌بێ به ڕوونی بڵێین ئاگر به‌س دوولایه‌نه‌یه. به‌و حاڵه‌ی ئێستاوه وه‌کوو ئوڕووپا ئێمه ناتوانین ترکییه قبووڵ بکه‌ین. ده‌بێ نه‌خشه‌یه‌کی ڕێ هه‌بێ بۆ چاره‌سه‌ری. هه‌موو که‌س قبووڵ بکا که کورد هه‌یه ، ڕاستینه‌ی کورد قبووڵ بکه‌ن. ئێمه غه‌یری ئه‌وه ناتوانین قبووڵ بکه‌ین.نابێ ئه‌و دوژمنکاریانه له ئاست ده‌ته‌په به‌رده‌وام بێ. ئێمه بڕیارمان داوه هه‌یئه‌تێک بنێرین بۆ ترکییه بزانین چ ده‌بێ، چونکوو خه‌ڵک ته‌ماشا ده‌که‌ن بزانن چ ده‌بێ، یه‌کێتیی ئوڕووپا مه‌سئوولییه‌تی هه‌یه ده‌بێ چاوی به سه‌ر ئه‌و شتانه‌وه بێ.
دوایه نوێنه‌ری ترک له پارلمانی بولغارستان به کورتی قسه‌ی کرد .
ماوه‌یه‌کی کورت داندرا بۆ گوێگرتن له پرس و بۆچوونی ئاماده بووان.
دوکتور که‌ماڵ ئارتین ئاماده‌بووی کۆنفرانس له وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاوه گوتی من جار جار شتی ته‌نز ده‌نووسم، به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و که‌شوهه‌وایه‌ی تێیداین و بۆ ئه‌وه‌ی شته‌کانمان ڕاست کردبێته‌وه پێشنیار ده‌که‌م ڕێزدار ئه‌حمه‌د ترک و ڕێزدار ئاکین ئۆزجه‌ر پاشناویان ئاڵوگۆڕ که‌ن.
ڕۆژنامه نووس حه‌سه‌نی قازی له یووست لاگێندیک ی پرسی : گه‌لۆ ئێوه پێتان وایه له‌ده‌ره‌وه هێشتنی پ.ک.ک له بواری چاره‌سه‌ری دا ده‌توانێ کێشه‌کانی ترکییه به‌لایه‌کدا بخا؟
چه‌ند پرسیاری دیکه‌ش کران.
یۆن ڕۆد کۆتایی دانیشتنی ڕۆژی یه‌که‌می ڕاگه‌یاند وگوتی سبه‌ینێ سه‌ری سه‌عات 9.30 هه‌مووکه‌س ده‌بێ بێ و پێناسه‌ی سه‌رسینگیان له بیر نه‌چێ.
دانیشتنی یه‌که‌می ڕۆژی دوویه‌م:سێشه‌مۆ 4 ی دیسامبری 2007
کۆبوونه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گوترابوو 9.30 ده‌ست پێده‌کا ، 45 ده‌قیقه دره‌نگ ده‌ستی پێ‌کرد.
بابه‌تی باس : مافی مرۆ، ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌کان و پێشوه‌چوونه‌کانی دوایی بوو سه‌باره‌ت به پێڤاژۆی له‌گه‌ڵ ئوڕووپا که‌وتنی ترکییه.
به‌ڕێوه‌به‌رانی دانیشتن : هانس براندشاید ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئی یوو تی سی سی و یای جیل ئێڤانس ، ئه‌ندامی پارلمانی ئوڕووپا و جێگری سه‌رۆکی پله‌ید سیمرو ( پارتی وه‌یلز)
قسه ده‌ران: یای ڕاشێل بێرنو ( پڕۆژه‌ی مافی مرۆ ی کورد ) که نه هاتبوو و قسه‌ی نه‌کرد
ئێمیلیو مۆلیناری ( کۆنتراکتی جیهانی بۆ ئاو – ئیتالیا)، ئیبراهیم بیلمه‌ز، پارێزه‌ر ، نووره‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆکی ده‌ته‌په، یای په‌لگوزار کایگوسز ، یای مارگارێت ئۆوێن
هانس برانشاید دانیشتنه‌که‌ی کرده‌وه. جیل ئێڤانس گوتی دوێنێ ئه‌حمه‌د ترک جوانی قسه کرد و دیاره یه‌ک له لایه‌نه‌کانی به دێمۆکراتیکردنی ترکییه‌ش مه‌سه‌له‌ی به‌نداوی ئیله‌سوو یه و فه‌رمووی له ئێمیلیۆ مۆلیناری کرد قسه‌کانی ده‌ست پێبکا.
ئێمیلیۆ مۆلیناری: من له سه‌ر ئاو قسه ده‌که‌م. ئاوی ده‌جله و فورات بۆ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست گرینگه. 240 میلیۆن که‌س ده‌بێ له‌و ئاوه که‌لک وه‌ربگرن که به‌ش ناکا. به بۆچوونی من ئاو به‌شێکه له مافی مرۆ. به سه‌دی ئیله‌سوو جه‌ماعه‌تێکی زۆر کۆچیان پێ ده‌درێ.مه‌سه‌له‌ی کورد گرینگه. گه‌لۆ گه‌لی کورد پرسی پێکراوه له کاتی بڕیار دان بۆ ساز کردنی ئه‌و به‌نداوه؟ دروست کردنی ئه‌و به‌نداوه به پێچه‌وانه‌ی پرێنسیپه‌کانی مافی مرۆیه...
جیل ئێڤانس ڕایگه‌یاند به داخه‌وه ڕاشێل بێرنو نه‌هاتووه و ئێستا نۆره ده‌گاته ئیبراهیم بیلمه‌ز پارێزه‌ر فه‌رموو.
بیلمه‌ز گوتی: له دوایین ڕاپۆرتی یه‌کێتیی ئوڕووپا سه‌باره‌ت به ترکییه، چ پێشوه‌چوونێکی ئه‌وتۆی ترکییه باس نه‌کراوه. له ماده‌ی 301 ره‌خنه‌ی زۆر گیراوه. ئه‌وه نه‌ک هه‌ر دژی مافی مرۆیه، به‌ڵکوو ده‌بێته هۆی کوژرانی خه‌ڵکیش وه‌ک له که‌یسی هێراند دینک دا دیتمان. هێندێک قانوونی دیکه ده‌بنه هۆی داخرانی چاپه‌مه‌نی وه‌کوو گوینده‌م. به‌ڵام به پیی قانوونی ڕاسته‌قینه ڕۆژنامه ناکرێ دابخرێ. پۆلیس له ڕاده‌به‌ده‌ر هێز به کار ده‌هێنێ. وه‌ک ده‌زانین له 1990کاندا زۆر که‌س کوژراون. بنه‌ماله‌ی ئه‌و جۆره که‌سانه هێشتا ئه‌و جۆره ڕووداوانه‌یان له بیره.مه‌سه‌له‌ی کورد و مه‌سه‌له‌ی بناخه‌یی دیکه له ترکییه هێشتا به جێبه‌جێ نه‌کراوی ماونه‌ته‌وه، به‌داخه‌وه ترکییه زۆر گوێ ناداته ئه‌وانه.به کار هێنانی توند و تیژی بووه‌ته شتێکی ئاسایی. مه‌سه‌له‌ی قبرس، مه‌سه‌له‌ی ئه‌رمه‌نییه‌کان و کورده‌کان. سیاسه‌تی چاره‌سه‌ر نه‌کردن له گۆڕێ دایه. ترکییه به ئاشتی و ته‌بایی نێوخۆیی ده‌توانێ مه‌سه‌له‌کانی دیکه‌ش جێ به جێ بکا. ئاکاپه هه‌ر وه‌ک سه‌رده‌مانی ڕابردوو ده‌جووڵێته‌وه، هیچ پڕۆژه‌یه‌کی به ده‌سته‌وه نییه و هه‌ر ڕێگه‌ی عه‌سکه‌ری به کار ده‌هێنێ. گرینگه ترکییه دیقه‌ت بکا. ده‌کرێ موشکیله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بێته گۆڕێ. مه‌سه‌له‌ی کورد جێ به جێ نه‌کراوه. ڕاسته‌قینه‌ی کوردان و ڕێبه‌ری پ.ک.ک ئوێجاڵان باس نه‌کراون. ئه‌وان مه‌سه‌له‌کان وه‌کوو ئوێجاڵان و پ.ک.ک له به‌رچاو ناگرن. ئوێجاڵان له ئیمرالییه ، ده‌ستی به هیچ که‌س ڕاناگا. ترکییه ده‌بێ فۆبیای خۆی وه‌لابنێ....
دوای بیلمه‌ز نووره‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆکراتی ده‌ستی به قسان کرد. سپاس بۆ ئه‌م بانگهێشتنه. ببوورن دره‌نگ گه‌یشتینێ. به تاکسی ده‌هاتین ئاژۆر کوردی نه‌ده‌زانی ئێمه‌ش ئینگلیزیمان نه‌ده‌زانی وه‌دره‌نگی که‌وتین. وه‌ک دوێنێش هاوکارم باسی کرد حکوومه‌ت هیچ عه‌لاقه‌ی به پڕۆژه‌ی ئێمه نییه. هه‌موو داواکه‌یان له ئێمه ئه‌وه‌یه بڵێین پ.ک.ک تێرۆریسته. به بۆچوونی ئێمه ڕووی کێشه‌که ده‌بێ به دروستی دابندرێ، مه‌نتقی تۆ یان له‌گه‌ڵ منی یان دوژمنی منی دروست نییه، ئه‌وه دژی کولتووری ئوڕووپاییه. ده‌ته‌په نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک ده‌کا، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که به دروستی چاو لێبکرێ ولامی دروستی پێده‌درێته‌وه، ئه‌ویش دیالۆگه. به‌ڵام هێندێک شت ڕێگه له دیالۆگ ده‌گرێ. سه‌رۆکوه‌زیر ده‌ڵێ: ده‌بێ ئێمه پ.ک.ک مه‌حکووم بکه‌ین دوایه قسه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌کا. گه‌لۆ خۆی هیچ پڕۆژه‌یه‌کی هه‌یه؟ نییه‌تی ، ئه‌وه‌ی هه‌یه پته‌و کردنی پڕۆژه‌ی عه‌سکه‌رییه. کورد شانسیان دا به ئاکاپه، ده‌نگیان دا به ئاکاپه و ده‌ته‌په بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد جێبه‌جێ بکرێ، به‌ڵام دوایه ئاکاپه جڵه‌وی دا ده‌ست عه‌سکه‌ران . زۆر له ئه‌ندامانی ئێمه گیراون، به به‌رده‌وامی هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌کرێ. سه‌رۆکوه‌زیر ئه‌و که‌مپه‌ینانه وه‌ڕێ ده‌خا. به داخه‌وه هیچ پڕۆژه‌یه‌کیان بۆ جاره‌سه‌ری نییه به ئێوه‌ی بناسێنین.
ئێمه پڕۆژه‌مان هه‌یه ، له 28- 26 ئۆکتۆبر له کۆنگره‌ی پارتییه‌که‌ماندا قسه‌ی لێوه‌کرا و په‌سند کرا. من باسی ئه‌م پڕۆژه ئۆتۆنۆمییه دێمۆکراتیکهتان بۆ ده‌که‌م. ئه‌و پڕۆژه‌یه بۆچوونێکی پلورالیستییه. ڕێگه‌ی به‌شداری ده‌دا به خه‌ڵک. مانای جیاوازیخوازی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی جیاواز نییه. ئۆتۆنۆمییه‌ک نه‌ک له سه‌ر ئه‌ساسی خاک و ئێتنیسیتی. ده‌بێ پارلمانی هه‌ریمی هه‌بێ، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد مه‌سه‌له‌یه‌کی دێمۆکراسی بێ ، ده‌بێ خۆمان له کۆڵ بۆچوونی توند و سفتی نێوهندێتی بکه‌ینه‌وه. ئاتاترک ده‌یه‌ویست جۆره‌یه‌ک ئۆتۆنۆمی بدا به‌کوردان به‌لام، به داخه‌وه ئه‌وه نه‌کرا. به پێی بۆچوونی ئێمه لامه‌رکه‌زییه‌ت ده‌توانی یارمه‌تی بدا به چاره‌سه‌ری. سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و دراوی و عه‌سکه‌ری ده‌بێ به‌ده‌ست نێوند بێ به‌ڵام کاروباری دیکه له لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمییه‌وه جێ به جێ بکرێن.له وڵاتی ئێمه هه‌ژاری و نه‌داری هه‌یه. له مۆدێلی ئێمه دا چاره‌سه‌ری بۆ ئه‌وه‌ش هه‌یه. ده‌بێ قانوونی بنچینه‌یی نوێ به فه‌لسه‌فه‌یه‌کی دێمۆکراتی بنووسرێ. لایه‌نێکی گرینگ هه‌یه له هه‌موو جێیه‌ک باسی مه‌سه‌له‌که ده‌کرێ. حکوومه‌ت پ.ک.ک به به‌رده‌نگ دانانێ، ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین ئۆتۆنۆمی دێمۆکراتیک جێ به جێ ده‌کرێ. ده‌بێ ڕێگه‌مان هه‌بێ به زمانی خۆمان بخوێنین. ئێمه به دوای جیاوازیخوازی و ناسیۆنالیزمی ئێتنیکییه‌وه نین . ده‌بێ بۆچوونی زانستی بۆ کێشه‌کان هه‌بێ. نابێ شک له ئێمه بکرێ. عه‌مه‌لییاتی نیزامی ده‌بێ ڕابگیرێ. پ.ک.ک ش ده‌بێ شه‌ڕ ڕابگرێ و یه‌کێتیی ئوڕووپاش ده‌بێ حه‌ولی زیاتر بدا...
دوای ده‌میرتاش،جیل ئێڤانس داوای له په‌لگوزار کایگوسز کرد قسه‌کانی پێشکێش کا.
په‌لگوزار کایگوسز وه‌کوو نوێنه‌ری باڵی ژنانی ده‌ته‌په دوای ڕۆژباش له ئاماده‌بووان : باسی ڕۆڵی ژنان ده‌که‌م له پێڤاژۆی ئاشتی دا. حکوومه‌ت هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه بۆچوونی له مه‌ڕ ژنان دێمۆکراتیک نه‌بووه. ئێستا وشیاریی ژنان زیادی کردووه.ئه‌و داوخوازانه‌ی ده‌یکه‌ن ده‌زانن چییه. ژنان له مێژووی ترکییه دا ده‌وری گه‌وره‌یان گێڕاوه بۆ دێمۆکراتی کردنی وڵات ، هێندێک ته‌نانه‌ت شه‌ڕی چه‌کداریشیان کردووه. حه‌ول بۆ ئاشتی و سه‌قامگیرکردنی دێمۆکراسی گرینگه .....
مارگارێت ئۆوێن ( قانوونزان، ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری گاپس( کرده‌وه‌ی جێندر له پێناو ئاشتی و ئاسایشت)
ئه‌من هه‌ر پێنج شه‌ش ده‌قیقه کاتتان ده‌گرم. زۆرم حورمه‌ت بۆتان هه‌یه که گوێ له قسه‌کانم ده‌گرن. زۆر باشه ئه‌و کۆنفرانسه نێوی مه‌حمه‌د ئوزوونی لێنراوه. ژنی کورد به ساڵان ڕه‌نجیان کێشاوه، ئه‌و ئێش و کولانه به باشی ئاسته نه‌کراون. داوخوازی سه‌رگرتنی پێڤاژۆی ئاشتی به بێ به‌شداری ژنان هه‌ڵناسووڕێ. له ترکییه ژنی زۆر گه‌وره هه‌ن وه‌کوو ئه‌ره‌ن که‌سکین . هێوا دارم ئه‌و کۆنفرانسه سه‌رکه‌وتوو بێ له کاره‌کانیدا.
بڕیاری 1325ی کۆڕی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان دیفاع له مافی ژنان ده‌کا، ئێوه‌ش پشتیوانی لێ بکه‌ن. هه‌ر بژین.
دوای ئه‌وه ئاماده بووان چه‌ند پرسیاریان له قسه‌ده‌ران کرد و ئه‌وانیش و‌ڵامیان دایه‌وه.
له وڵامی پرسیارێک دا نووره‌دین ده‌میرتاش وتی: " ئێمه ده‌وڵه‌تێکی جیاوازمان ناوێ ، ئێمه ده‌مانه‌وێ به ناسێنه‌ی خۆمانه‌وه به ئازادی بژین و ئه‌وه ئاواتێکی دووره‌ده‌ست نییه.
حه‌سه‌نی قازی، ڕۆژنامه نووس : داوای له ئیبراهیم بیلمه‌ز کرد له به‌رئه‌وه‌ی که یه‌ک له پارێزه‌رانی به‌ڕێز ئوێجاڵانه هێندێک به ورده ڕیشال به‌شدارانی کۆنفرانس له چلۆنایه‌تی له‌شساخی وی ئاگادار بکا.
بیلمه‌ز گوتی : سی پی تی چووه بۆ دوڕگه‌ی ئیمرالی، داوخوازمان ئه‌وه‌یه ئه‌و ڕاپۆرته بڵاو بکرێته‌وه، هه‌ر وه‌ها به کورتی ئاماده‌بووانی له باری له‌شساخی ئوێجاڵان ئاگادار کرد.
به‌م پێیه دانیشتنی دوویه‌می کۆنفرانس کۆتایی هات.
دانیشتنی سێیه‌م له لایه‌ن به‌یبری دو برون ئه‌ندامی پارلمانی ئوڕووپا و ئه‌ندامی شین فه‌ین و جه‌ین له‌مبرت ئه‌ندامی پارڵمانی ئوڕووپا ( گرووپی که‌سکان/ هاوبه‌ندی ئوڕووپایی ئازاد به‌ڕێوه چوو.
قسه ده‌ران : پرۆفسۆر دوکتور چه‌نگیز گوله‌ج، ئه‌ندامی پارلمانی ئاشتی له ترکییه ، عه‌بدوڵا ده‌میرباش شارداری له کارده‌رکراوی سوور، مارک مولر سه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی پڕۆژه‌ی مافی مرۆی کورد، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئی یوو تی سی سی و سه‌رۆکی کۆمیته‌ی مافی مرۆی کۆمه‌ڵه‌ی پارێزه‌ران ، یای دوکتور سوزان برو، مامۆستای قانوونی نێونه‌ته‌وه‌یی زانکۆی ساری ، هیو پۆپ ، شیته‌ڵکاری سه‌ره‌کی گرووپی قه‌یرانی نێونه‌ته‌وه‌یی و پرۆفسۆر دۆغوو ئه‌رگیل مامۆستای زانکۆی ئانکارا بوون.
به‌یبری دو برون چه‌ند ڕسته‌یه‌کی به زمانی گه‌یلیک ( ئیرله‌ندی) گوت و یه‌که‌م ئاخێوه‌ر پرۆفسۆر گوله‌ج ی
پێشکێش کرد
پرۆفسۆر گوله‌ج : سپاستان ده‌که‌م. کورتی ده‌بڕمه‌وه، ئه‌من له لایه‌ن پارلمانی ئاشتییه‌وه قسه‌تان بۆ ده‌که‌م. وه‌کوو ڕه‌وانناس چل ساڵ کارم کردووه، زۆر کتێب و نووسراوه‌م سه‌باره‌ت به ڕه‌وانناسی بڵاو کردووه‌ته‌وه. به نوێنه‌رایه‌تی شاری سێواس هه‌ڵبژێردرام. پێوه‌ندیم له گه‌ڵ گرووپی ده‌ستی چه‌پی جیاواز هه‌بووه. له‌گه‌ڵ دووکه‌س کارم کردووه که پێشتر گریلا بوون هه‌ر یه‌که‌ی نزیکه‌ی شه‌ش ساڵ زیندانیان کێشابوو، ژارگۆنیانم زۆر پێ به‌دڵ نه‌بوو. له‌هجه‌یان بۆ من گرینگ نه‌بوو. وه‌ختێک گرووپی چه‌پی قسه ده‌که‌ن به سه‌عاتان ده‌دوێن. له‌گه‌ڵ چه‌پی ترکیش پێوه‌ندیم هه‌بووه وه‌کوو ئاکین بیرداڵ. ئه‌وه پێوه‌ندی هه‌بوو به کاری ئاشتییه‌وه. شه‌ش مانگ دواتر پارلمانی ئاشتی دامه‌زرا. له میدیای ترکییه‌ش دا باسی لێوه کرا. گرووپی دیکه‌شی تێدایه، گرینگ نییه بۆچوونیان چییه ، ئێمه وه‌کوو پارلمانی ئاشتی پێمان وایه ترکییه ئی هه‌مووانه. ده‌بێ به‌یه‌که‌وه بژین. ئه‌و ده‌مه‌ی کورده‌کان خۆشحاڵ نین ،ئێمه‌ش ناتوانین شادمان بین. ده‌مانه‌وێ ئیراده‌یه‌کی پته‌و بۆ ئاشتی دامه‌زرێنین. ده‌بێ له بایه‌خی تازه تێبگه‌ین . هه‌موو که‌س مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به زمانی خۆی بخوێنێ ...
دوای گوله‌ج، عه‌بدوڵا ده‌میر باش که له‌به‌ر ده‌کار هێنانی زمانی جوێ له ترکی له شاردارییهکهیدا له سه‌ر کار لادرا وتاری خۆی پێشکێش کرد.ئه‌من شارداری پێشووی سورجم. له قه‌ده‌ر خۆمان پڕۆژه‌یه‌کمان هه‌بوو بۆ دێمۆکراتیک کردنی ترکییه، به‌داخه‌وه تووشی وه‌زعی خراپ هاتین و ئه‌نجومه‌نه‌که‌مان هه‌ڵوه‌شێندرا و ئێستا خه‌ڵکی نه‌هه‌ڵبژێردراو به‌ڵکوو له سه‌ره‌وه داندراو جێی ئێمه‌یان گرتووه‌ته‌وه.
به بۆچوونی ئێمه کولتووران ده‌توانن به یه‌که‌وه بژین. ئه‌من بۆ شارداری ناوچه‌یه‌ک هه‌ڵبژێردرام که تێیدا خه‌ڵک به زمانی جیاواز قسه ده‌که‌ن. ئه‌من له به‌ر ده‌کارهێنانی زمانان و حورمه‌ت بۆ زمانی جیاواز له سه‌ر کار ده‌رکرام. ئانکێتێکمان بڵاو کرده‌وه به زمانی جیاواز نووسرابوو. به دژی ئێمه دۆز کرایه‌وه. ئه‌وه تراژێدییه‌که. دۆزی جۆربه‌جۆریان ده‌رهه‌ق به ئێمه کردووه‌ته‌وه. حه‌قی هه‌موو کولتووره‌کانه به‌یه‌که‌وه بژین . دنیا وه‌کوو باغچه‌ی گوڵانه، ده‌با ڕێگه بدرێ هه‌موو گوڵه‌کانی تێدا بپشکوێن.....
دوی ده‌میرباش ، مارک مولر ده‌ستی به قسه‌کانی خۆی کرد و گوتی:
سپاس . ئه‌من شاعیر نیم، شێعر نانووسم ، پارێزه‌رم . ده‌مه‌وێ سه‌باره‌ت به ئاشتی قسه بکه‌م نه‌ک خه‌باتی چه‌کداری. گه‌لۆ له ماوه‌ی پێنج مانگی داهاتوو دا ده‌بێ چ بکرێ؟
سێ ساڵ له‌وه پێش که لێره بووین پشتیوانی خۆمان له ئه‌ندامه‌تی ترکییه له یه‌کێتیی ئوڕووپا دا ڕاگه‌یاند ، ئه‌و قسه‌یه له سه‌ر جێی خۆیه‌تی. به‌ڵام ئه‌م شتانه‌ی ئێستا له ترکییه ده‌قه‌ومن مه‌ترسییه له سه‌ر بارودۆخی ژێئۆپۆلیتیکی ناوچه‌که. ئه‌ڕته‌ش ده‌یه‌وێ شاخ و باڵی ئاکاپه هه‌ڵپاچێ و بیکاته ده‌ستنێژی خۆی. به‌ڵام خه‌باتێکی به‌ربڵاوتریش هه‌یه. کورد و ترکی دێمۆکرات هه‌ن و ده‌وڵه‌تی شاراوه که ناسیۆنالیزمی توندڕه‌و دنه ده‌دا.له ئوڕووپاش خه‌بات به‌ڕێوه‌یه سه‌باره‌ت به دۆزی کوردان یان ترکییه. ئوڕووپاییه‌کان ده‌بێ زۆر شتی بنه‌ڕه‌تی قبووڵ بکه‌ن.
له ساڵی 2001- 2004 حه‌ول درا ، له‌و ماوه‌یه دا رێفۆرمی زۆر کرا، له به‌ر حه‌ولدان بۆ ئاشتی زۆر گۆڕان کران . ئه‌وه له زۆر ڕووه‌وه باش بوو. ئاشتی حه‌وجێی به فیداکاری زۆر هه‌یه. هێندێک بۆچوون ده‌بێ بگۆڕدرێ، پێداویستی به ئیراده‌ی سیاسی هه‌یه. له ئاوریله‌وه ده‌توانین هێندێک شت بکه‌ین ئه‌گه‌رچی ئاکاپه باشی ده‌ست پێ‌کرد به‌ڵام به بێ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد هیچ ئاشتی نابێ. ده‌بێ پشتیوانی له داوخوازی کوردان بکرێ بۆ ئاشتی.
هێچ ڕێگه‌یه‌کی چاره‌سه‌ری عه‌سکه‌ری و سیاسی به‌یه‌که‌وه نییه. کاتێک گوێم له به‌ڕێز لاگه‌ندیک گرت گه‌لۆ ئاکاپه و ده‌ته‌په به‌یه‌که‌وه بجووڵین باشه یان نا، دیاره باشه، به‌ڵام ده‌بێ هه‌موو بار‌و دۆخه‌که ببیندرێ وه‌ک ده‌ڵێن ده‌بێ " فیل له ژوورێ دا ببینین". پرسی ئاشتی هه‌ر له نێوان ئاکاپه و ده‌ته‌په دا نییه چه‌ند لایه‌نه‌یه، ده‌بێ ئه‌گه‌ر ئاکاپه پڕۆژه‌یه‌کی له‌و باره‌یه‌وه هه‌یه هه‌موو لایه‌نێک بگرێته‌وه . بریتانیاش ده‌توانێ یارمه‌تیده‌ر بێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕیگه‌یه‌کی هه‌موو لایه‌نه‌ی ئاشتی . ئه‌و چوارچیوه‌یه‌ی له ئیرله‌ند تاقی کراوه و سه‌رکه‌وتوو بوو. له باری مێژووییه‌وه بریتانیا ئه‌رکی ده‌که‌وێته سه‌ر شان....
له دوای مارک مولر ، یای دوکتور سوزان برو ده‌ستی به قسان کرد.
گه‌لۆ ئه‌و کێشه‌ی له خوارووی ڕۆژهه‌ڵاتی ترکییه هه‌یه ده‌بێ چۆن به‌نێو بکرێ، له ڕوانگه‌ی قانوونی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه ئه‌وه کێشه‌یه‌کی چه‌کدارانه‌یه و به موتڵه‌قی ده‌ڵێم هه‌ر دووک لای ئه‌و کێشه‌یه ده‌بێ حورمه‌تی قانوونی نێونه‌ته‌وه‌یی بگرن . سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی که له شه‌ڕ دا نوقڵ و نه‌بات نابه‌شرێته‌وه به‌ڵام به پێی قانوونی نێونه‌ته‌وه‌ی سه‌باره‌ت به کێشه‌ی چه‌کداری هێندێک به‌رعۆده‌یی هه‌ن ده‌بێ بپارێزرێن . ئه‌و مه‌سئوولییه‌ته هه‌م له سه‌ر شانی ده‌وڵه‌تی ترکییه و هه‌م له سه‌ر شانی پ.ک.ک یه. ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌که هه‌ر ئه‌وتۆ بمێنێته‌وه و ئه‌و کێشه‌یه هه‌ر وه‌کوو کێشه‌یه‌کی چه‌کداری نا- نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌یر بکرێ ، که واوێده‌چێ هه‌ر وا بێ، به‌رعۆده‌ییه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌وێته سه‌ر شانی هه‌ر دووک لا و کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی که له چاره‌سه‌رییه‌کی درێژخایه‌نی له‌باری سیاسی بگه‌ڕێن که ده‌توانێ پێش کێشه‌ی زیاتر بگرێ. به له‌به‌رچاوگرتنی ژماره‌ی ئه‌و گیانانه‌ی له کیس چوون و ئه‌و موڵک و ماڵه‌ی له نێو براون و ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و کێشه‌یه دا بریندار بوونه پێویستی ئه‌وه دێته گۆڕێ چاره‌سه‌ری گونجاوی ده‌ستبه جێ بۆ ئه‌و کێشه له مێژینه‌یه ببیندرێته‌وه....
دوای قسه‌کانی دوکتور برو، جین له‌مبرت سه‌رۆکایه‌تی دانیشتنی به‌رده‌وام کرد و باسی ئه‌وه‌ی کرد که حه‌ول دان له پێناو سه‌قامگیرکردنی ئاشتی زۆر گرینگه و فه‌رمووی له هیو پۆپ شیته‌ڵکاری گرووپی قه‌یرانی نێونه‌ته‌وه‌یی کرد قسه‌کانی ده‌ست پێ بکا.
هیو پۆپ به درێژی باسی چاوپێکه‌وتنی خۆی و مه‌حمه‌د ئوزوونی له ستۆکهۆڵم گێڕاوه‌یه که چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌کوو ڕۆژنامه نووسێک چووه ئه‌و ووڵاته بۆ سازدانی ڕێپۆرتاژ له سه‌ر کار و ژیانی ئوزوون بۆ ڕۆژنامه‌یه‌کی ئه‌مرێکایی. باسی ئه‌وه‌شی کرد که چۆن له سوێد ڕێگه دراوه به پشکووتنی کو‌لتوور و زمانی کوردی. پۆپ گوتی پێویسته له ترکییه ڕێگه به زمانی کوردی بدرێ . له به‌شێک له قسه‌کانی دا له جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێ :
The representatives of Kurdish people
گوتی :
The representatives of Kurdish problem
(واته: له جیاتی " نوێنه‌رانی گه‌لی کورد" گوتی: " نوێنه‌رانی کێشه‌ی کورد") که ئه‌وه‌ش له زمانی ئینگلیسی دا تێخوێندنه‌وه‌ی خۆی هه‌یه. به داخه‌وه له کاتی پرسیار و وڵام دا ده‌رفه‌ت نه‌ڕه‌خسا نه له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه و نه له سه‌ر هێندێک قسه‌ی زێده‌ڕۆیانه‌ی سه‌باره‌ت به نه‌مر مه‌حمه‌د ئوزوون پرسیاری لێ بکرێ.
له دوای هیو پۆپ دۆغو ئه‌رگیل مامۆستای زانکۆی ئانکارا ده‌ستی به قسه‌کانی خۆی کرد:
به خۆشبینییهوه هاتوومه ئه‌م کۆنفڕانسه. ده‌بێ له مه‌سه‌له‌کان بکۆڵینه‌وه. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له سیستمی سیاسییه‌وه پێک هاتووه.مۆدێرنیزاسیۆن و به‌ره‌وپێشچوون سه‌ر به‌یه‌کن. له ڕێژه‌ی داهاتی سه‌رانه دا ترکییه له رێزی وڵاتی 177 مه. دوه‌ڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێ به‌شێک بێ له دنیای مۆدێرن. ئه‌و سیستمه‌ی ئێستا هه‌یه خه‌ته‌رێکی گه‌وره‌یه له سه‌ر ترکییه. توندوتیژی خه‌ته‌ره. ده‌بێ زه‌مینه‌ی ئاشتی پێک بهێندرێ. ئێمه له سه‌ره‌تای پڕۆسه‌یه‌کی ئاوا داین . دۆغو ئه‌رگیل ئاماژه‌ی کرد به زنجیره‌یه‌ک له داخویانییه‌کانی کۆنهژهنهراڵان و له‌وانه که‌نعان ئێڤره‌ن موهه‌ندیسی کوده‌تای نیزامی ساڵی 1980، و گوتی ئێ‌لیتی بوروکرات و عه‌سکه‌ری ده‌ستیان کردووه به دیتنی هه‌ڵه‌کانی خۆیان دوایه ئاماژه‌ی کرد به هۆی سه‌رکه‌وتنه‌کانی ئاکاپه...
دوای ته‌واو بوونی قسه‌کانی له به‌شی پرسیار و وڵام دا دۆغو ئه‌رگیل له وڵامی پرسیارێکدا گوتی: ئاکاپه نه‌ی گوتووه ئه‌رته‌ش هێرش بکاته سه‌ر کوردان.
به‌و پێیه دانیشتنی سێیه‌میش ته‌واو بوو.
دانێشتنی چواره‌م و کۆتایی له لایه‌ن فه‌له‌کناس ئوجا ( ئه‌ندامی پارلمانی ئوڕووپا له گرووپی چه‌پی یه‌کگرتوو/چه‌په که‌سکه‌کانی وڵاتانی باکووری) و ئه‌ندی کارڵ ( به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی " سه‌رچاوه‌کانی ئاشتبوونه‌وه) به‌ڕێوه چوو. قسهدهرانی ئه‌و دانیشتنه بریتی بوون له: دوکتور کلێم مه‌کارتنی ( ڕاوێژکاری سه‌ربه‌خۆ سه‌باره‌ت به بابه‌ته‌کانی کێشه و کۆمه‌ڵگه‌یان له وڵاتی ئیرله‌ند) ، عه‌لی یگیت ( سه‌رۆکی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان و ئه‌ندامی پێشووی پارلمانی ترکییه)، پرۆفێسۆر باسکین ئۆران ، مامۆستای زانکۆی ئانکارا و پرۆفێسۆر مایکڵ گانتر ، مامۆستای زانکۆی تێکنیکی تێنێسی له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، یای ڕووت گابی ڤێرمۆت – مانگۆلد ئه‌ندامی پارڵمانی سویس و ئه‌ندامی کۆنسه‌ی ئوڕووپا له به‌ر هۆی نه‌زاندراو له پانێله‌که دا نه‌بوو.
فه‌له‌کناس ئوجا خۆی وه‌کوو ئه‌ندامی پارلمانی ئوڕووپا ناساند وباسی ئه‌و زه‌ختانه‌ی کرد که ده‌کرێته سه‌ر ده‌ته‌په و سه‌رۆک شاردارییه‌کانی سه‌ر به ده‌ته‌په. لێی زیاد کرد ئێمه داوای ئاشتی ده‌که‌ین. هیوادارم ئه‌م کۆنفرانسه ده‌رفه‌تێک بێ بۆ ڕه‌خسانی ئه‌و داوخوازه.
به‌ڕیوه‌به‌ری دیکه‌ی دانیشتنه‌که ئه‌ندی کارڵ گوتی زۆر ئه‌زموون هه‌نه که ده‌بێ که‌لکیان لێ وه‌ربگیرێ و فه‌رمووی له کلێم مه‌کارتنی کرد بۆ ده‌ستپێکردنی قسه‌کانی.
کلێم مه‌کارتنی گوتی: به داخه‌وه دوای قسه‌کانم ده‌بێ بڕۆم ، داوای لێبوه‌ردن ده‌که‌م زۆر که‌م ده‌زانم سه‌باره‌ت به کێشه‌ی ترک و کورد. ته‌نێ باسی هێندێک ته‌جروبه ده‌که‌م ، له پێوه‌ندی له گه‌ڵ سه‌روکار هه‌بوون له گه‌ڵ گرووپی چه‌کداری دا. مه‌سه‌له‌ی بنه‌ڕه‌تی ئه‌وه‌یه دژایه‌تی نه‌کرێ له گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری و دژایه‌تی نه‌کرێ له گه‌ڵ یه‌کانگیر بوونی کۆمه‌ڵایه‌تی. من سه‌باره‌ت به چلۆنایه‌تی پێک هێنانی " کۆمه‌ڵگه‌ی هاوبه‌ش" کارم کردووه، به‌شداری دێمۆکراتی، پاراستن به دژی دووچاوکی له‌گه‌ڵ کردن.
له قانوونی بنچینه‌یی ئا‌فریکای خواروو دا که‌ڕامه‌ت به‌ر له شتی دیکه دێ. هیچ ده‌وڵه‌تێک ناتوانێ بڵێ حورمه‌ت له که‌ڕامه‌تی هاووڵاتیانی ناگرێ.له پێڤاژۆی چاره‌سه‌ری دا دروستکردنی باوه‌ڕی گرینگه.بۆ سازدانی باوه‌ڕی فه‌زایه‌ک پێویسته، به‌ڵام ئه‌وه بوارێکه ده‌بێ ده‌وڵه‌تیشی تێدا چالنج بکرێ. ئه‌گه‌ر ترکییه پرۆبلێمی هه‌یه ئه‌وه پرۆبلێمی هه‌موانه . ده‌بێ یارمه‌تی خه‌ڵک بدرێ بۆ تێگه‌یشتن له قازانجی گۆڕان... ئه‌وه هێندێک بیر بوون ورووژاندم. تێگه‌یشتن له‌وه‌ی که بۆ خه‌ڵک ناگۆڕێن.
دوای مه‌کارتنی پرۆفسۆر مایکڵ گانتر باسه‌که‌ی خۆی له ژێر سه‌ردێری " ڕیگه‌ی کوردی به‌ره‌و دێمۆکراسی ترکییه" خوێنده‌وه، له به‌شێک له‌و باسه دا مایکڵ گونتر ده‌ڵێ: ئه‌وه چییه که به‌ره‌به‌یانی نوێی وشیاریی پێک هێناوه؟ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که پارتیی کرێکارانی کوردستان ( پ.ک.ک) له لایه‌ن ترکییه، ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ، و یه‌کێتیی ئوڕووپا به گرووپێکی تێرۆریست نێوزه‌د کراوه، له سه‌فه‌رێکی تازه دا بۆ دیاربه‌کر، پێته‌ختی نافه‌رمی کوردستانی ترکییه، چاوم به کوردێکی زۆر که‌م که‌وت که بیانه‌وێ ڕه‌خنه له پارتیی کرێکارانی کوردستانی سه‌رهه‌ڵداو و ڕێبه‌ره زیندانییه‌که‌ی عه‌بدووڵا ئوێجاڵان بگرن. به پێچه‌وانه شانازی به پ.ک. ک وه ده‌که‌ن وه‌کوو هێزێک که مل له ده‌وڵه‌تی ترکییه ده‌سوێ. له‌و ساڵانه‌ی دواییدا پ.ک.ک به‌رده‌وام ئاماده‌یی خۆی نیشان داوه بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی ئاشتیخوازانه له پێڤاژۆی سیاسی دا به‌شداری بکا.، ئێستا ده‌که‌وێته سه‌رشانی ده‌وڵه‌تی ترکییه بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی ئه‌رێیی وڵام بداته‌وه.....
به دوای مایکڵ گانتر دا، پرۆفێسۆر باسکین ئۆران قسه‌کانی خۆی ده‌ست پێ‌کرد.
ئێمه ئێستا دوای خواردنی نانی نیوه‌ڕۆ هه‌موومان ماندووین. هێندێک تێز هه‌یه سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت له هه‌مبه‌ر کوردان باسیان ده‌که‌م. له سه‌روبه‌ندی عوسمانی دا گیروگرفتێکی ئه‌وتۆ نه‌بوو. ساڵانی 1923- 2001 سه‌رده‌مای نه‌ناسینی دۆزه‌که‌یه، له ساڵی 2001- 2004 جۆره ناسینێک هه‌یه و له 2004 – 2007 وه دیسان نه ناسینی ناسێنه‌ی کورد ده‌ست پێده‌کاته‌وه. ناکرێ له مه‌سه‌له‌ی ناسێنه و مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی به جوێ بکۆڵدرێته‌وه، کاردانه‌وه‌یان له سه‌ر یه‌ک هه‌یه. ناسیۆنالیزم ناسیۆنالیزمی لێ ده‌زێته‌وه. ناسیۆنالیزمی ترک و ناسیونالیزمی کورد پێوه‌ندییه‌کی دیالێکتیکییان به یه‌که‌وه هه‌یه. له زه‌مانی عوسمانی دا چ کێشه‌یه‌ک نه‌بووه.دواتر وه‌زع گۆڕا له لایه‌که‌وه ترکییه و له لایه‌کی دیکه‌وه پ.ک.ک ده‌ستیان به توندوتیژی کرد. به کورتی ده‌بێ ئه‌وشتانه‌ی خواره‌وه بڵێم: ترکان و ده‌وڵه‌تی ترک و کورده‌کان ده‌بێ له هێندێک شت باش حاڵی بن.
1. تواندنه‌وه مومکین نییه. 2. نکووڵی کردن له ناسێنه‌ی کوردی مومکین نییه. 3. ده‌وڵه‌تی شاراوه له به کارهێنانی توندوتیژی له لایه‌ن کوردانه‌وه که‌لک وه‌رده‌گرێ. ده‌بێ پاکه‌تی ئابووری بۆ باشووری ڕۆژهه‌ڵات هه‌بێ . ده‌بێ حورمه‌ت له مافی کولتووری بگیرێ، به‌ڵام کورده‌کان نابێ بڵێن ئێمه که‌مایه‌تین ، ئه‌گه‌ر وابکه‌ن خۆیان ده‌که‌نه سێرهی ئامانج . مافی که‌مایه‌تی و زۆرایه‌تی نییه به‌ڵکوو مافی ئینسانی هه‌یه . ده‌بێ ناسێنه‌ی خۆ زلگر به‌رپه‌رچ بدرێته‌وه.....
دوایین قسه‌ده‌ری کۆنفرانس عه‌لی یگیت سه‌رۆکی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان بوو.
عه‌لی یگیت گوتی:
له به‌ر هۆی تێکنیکی نه‌بوونی دیلمانجی فه‌رمی به کوردی به ترکی قسه ده‌که‌م. بۆچوونی دژی دێمۆکراتیک به‌رده‌وامه. کورد زوڵمیان لێده‌کرێ، هێزی هه‌ریمی و جیهانی له ڕه‌نجکێشانی کوردان دا ده‌ستیان هه‌یه. کورد دژی هیچ گه‌لێکی ناوچه نین. زۆر کار هه‌یه یه‌کێتی ئوڕووپا ده‌توانێ بیکا، به‌ڵام حه‌ولی خۆی نادا، ئێمه له ڕاپۆرتی ساڵی 2007ی کۆمیسیۆنی ئوڕووپا سه‌باره‌ت به پێڤاژۆی ئه‌ندامه‌تی ترکییه دا هیچ شتی پۆزیتیڤ سه‌باره‌ت به گه‌لی کورد نابینین.ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وامه له سه‌ر تاکانه بوونی خۆی، به‌ڕێز ئوێجاڵانیان ده‌رمانداو کرد، ترکییه خه‌ریکه شه‌ڕێکی گه‌وره له ناوچه ههلئایسێنێ.
کوردان ده‌یانه‌وێ به ڕێگه‌ی دێمۆکراتی دا نوێنه‌رایه‌تی خۆیان بکه‌ن.به تێرۆریست ڕاگه‌یاندنی پ.ک.ک هه‌م هه‌ڵه و هه‌م زوڵمێکی گه‌وره‌یه، ئه‌و تاوانه ده‌بێ بڕه‌وێته‌وه.
کوردان بۆ جێبه‌جێکردنی دۆزی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان به شێوه‌ی ئاشتییانه پڕۆژه‌یان هه‌یه. کۆنفێدرالیزمی دێمۆکراتیک ده‌توانێ ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری بێ به بێ ئه‌وه‌ی سنووره ده‌وڵه‌تییه‌کانی هه‌نووکه‌یی ئاڵ‌وگۆڕیان تێدا بکرێ.
دوایه ده‌رگای پرسیار و موناقه‌شه له سه‌ر باسه‌کانی ئه‌و دانیشتنه کرایه‌وه و له‌و به‌شه دا ئه‌ندامێکی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ترکی پارڵمانی ئاڵمان بۆچوونه‌کانی خۆی سه‌باره‌ت به ڕێگه‌ی ئاشتییانه‌ی کێشه‌کان هێنایه گۆڕێ.
ئهوجاردمهتهقه له سه‌ر بڕیارنامه‌ی کۆتایی کۆنفڕانس ده‌ست پێکرا که له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆمیسیۆنی مه‌ده‌نی و به ڕاوێژ له گه‌ڵ پسپۆڕانی نێونه‌ته‌وه‌یی ئاماده کرابوو. دوای باسی تێر و ته‌سه‌ل ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه به کۆی ده‌نگ په‌سند کران و چواره‌مین کۆنفڕانسی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌باره‌ت به یه‌کێتیی ئوڕووپا، ترکییه و کورده‌کان له سه‌عاتی 19:00 ی سه‌رله ئێواره‌ی سێشه‌مۆ 4ی دیسامبری 2007 کۆتایی به کاره‌کانی هێنا و هه‌رکه‌س چووه‌وه ماڵه خۆی.
بڕیارنامه‌ی کۆتایی چواره‌مین کۆنفڕانسی نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌کێتیی ئوڕووپا، ترکییه و کورده‌کان
چواره‌مین کۆنفرانسی نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌کێتیی ئوڕووپا، ترکییه و کورده‌کان
دووشه‌مۆ 3 _ سێشه‌مۆ 4ی دیسامبری 2007پارلمانی ئوڕووپا _ بروکسێل
ئه‌و کۆنفرانسه له لایه‌ن کۆمیسیۆنی مه‌ده‌نی یه‌کێتیی ئوڕووپا _ ترکییه
(ئی یوو تی سی سی) ڕێک خرا
سه‌ره‌تا و بڕیارنامه‌ی کۆتایی
بڕیاره‌کانی کۆتایی
به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کۆنفرانس دا پێشکێش کران و ئه‌و بۆچوونانه‌ی له لایه‌ن به‌شدارانی کۆنفرانسه‌وه هاتنه گۆڕێ، ئه‌م کۆنفرانسه یه‌کده‌نگ ئه‌م به‌یاننامه‌ی خواره‌وه په‌سند ده‌کا و داوای هه‌ڵهێنانه‌وه‌ی هه‌نگاوی پێویست ده‌کا له لایه‌ن لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌کانه‌وه سه‌باره‌ت به کێشه‌ی هه‌رێمه کوردییه‌کانی ترکییه.
ترکییه و یه‌کێتیی ئوڕووپا ئێستا له قۆناخێکی ناسک دان . پێڤاژۆی وه‌رگرتنی ترکییه له یه‌کێتیی ئوڕووپا دا وه‌ک ڕاگیرابێ وایه ، یان هه‌رنه‌بێ ، به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له به‌ست چووه.ئه‌و ڕێفۆرمانه‌ی له یه‌که‌م قۆناخه‌کانی پێڤاژۆی له‌گه‌ڵ که‌وتن دا جێبه‌جێ کران ئێستا بوون به بیره‌وه‌ری کۆن ، و وا وێده‌چێ به‌ره‌و دوا گه‌ڕانه‌وه به‌ڕێوه‌بێ.
گوشاره‌کانی جێئۆپۆلیتیک له سه‌ر ترکییه له‌مه‌ر هێرشه‌کانی بۆ نێو عێراق له زیاد بوون دایه، هاوکات سیاسه‌ته‌کانی نێوخۆیی ترکییه هه‌تا دێ زیاتر تووشی جه‌مسه‌ربه‌ندی دێ.چلۆنایه‌تی وڵامدانه‌وه‌ی ترکییه و یه‌کێتیی ئوڕووپا به گرژیی ساڵی ڕابردوو گرێنگییه‌کی زۆری هه‌یه بۆ داهاتووی پێڤاژۆی وه‌رگرتنی ترکییه له یه‌کێتیی ئوڕووپا، و سه‌باتی هه‌موو هه‌ریمه‌که‌دا.
کۆنفرانس به په‌سندی ده‌زانێ ه ئامۆژگارییه‌کانی خۆی بۆ هه‌نگاو هه‌ڵهێنانه‌وه سه‌باره‌ت به پێڤاژۆی وه‌رگرتنی ترکییه له یه‌کێتیی ئوڕووپا، پاراستنی مافی مرۆ و بارودۆخی کورده‌کان بهێنێته گۆڕێ.
کۆنفڕانس ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه په‌سند ده‌کا:
1) به له‌به‌رچاوگرتنی بڕیارنامه‌کانی کۆنفرانسه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی سێ ساڵی ڕابردووی یه‌کێتیی ئوڕووپا، ترکییه و کورده‌کان، کۆنفرانس به‌رده‌وامه له پشتیوانی مه‌رجداری خۆی له پێڤاژۆی وه‌رگرتنی ترکییه له یه‌کێتی ئوڕووپادا ، به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ر دووک لا به‌رعۆده‌یی ئاشکرای خۆیان سه‌باره‌ت به مافی مرۆ و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌کان نیشان بده‌ن؛
2) کۆنفرانس بانگه‌وازی یه‌کێتیی ئوڕووپا ده‌کا وه‌کوو ده‌زگایه‌کی یه‌کگرتوو بجووڵێته‌وه و به ئاشکرایی پشتیوانی خۆی ده‌رببڕێ له پێڤاژۆی وه‌رگرتنی ترکییه له یه‌کێتیی ئوڕووپا دا که ده‌رگای ئه‌و پێڤاژۆیه‌ی به‌ڕوویدا کرده‌وه، له وانه پشتیوانی له گشت پێداویستییه‌کانی یه‌کێتیی ئوڕووپا سه‌باره‌ت به ڕێفۆرمی دێمۆکراتیک و قانوونی له چوارچێوه‌ی ترکییه دا؛
3) کۆنفرانس وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه که ڕاپۆرتی 2007 ی کۆمیسیۆنی ئوڕووپا سه‌باره‌ت به پێشوهچوهونهکانی ترکییه به‌ره‌و ئه‌ندامه‌تی ده‌ڵێ: " هیچ بابه‌تێکی سه‌ره‌کی جه‌ختی له سه‌ر نه‌کراوه و کێشه‌ی گرینگ به‌رده‌وامن"، و قسه‌ی خۆی ده‌خاته پاڵ داوای کۆمیسیۆنی ئوڕووپا و پێکێشی له گه‌ڵ ترکییه ده‌کا که ڕووبه‌ڕووی ئه‌و کێشانه ببێته‌وه؛
4) کۆنفرانس به نیگه‌رانییه‌وه شکانی هێندێک له دامه‌زراوه‌کانی نێو ده‌زگای ده‌وڵه‌تی ترکییه به بیر ده‌هێنێته‌وه بۆ پێک هێنانی به‌رعۆده‌ییه‌کانی خۆیان سه‌باره‌ت به په‌یماننامه‌ی ئوڕووپایی مافی مرۆ و قانوونی ئینسانی به پێی نێوه‌رۆکی ئه‌و ڕێفۆرمانه‌ی کراون و ئهوبهرعۆدییانهی له پێڤاژۆی له‌گه‌ڵ که‌وتن دا دراون؛ به‌تایبه‌تی دڵه‌ڕاوه‌کێی خۆی ده‌رده‌بڕێ که دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تییه‌کان به‌رده‌وام بوون له سه‌ر چالاکییه عه‌سکه‌رییه‌کانی خۆیان؛
5) کۆنفرانس په‌ژاره‌ی خۆی ده‌رده‌بڕێ ئه‌و ئاگر به‌سه یه‌کلایه‌نه‌یه‌ی که له ئۆکتۆبری 2006 دا له لایه‌ن پ.ک.ک وه ڕاگه‌یێندرا ، له به‌ر هۆی گشت هۆی کرده‌وه‌یی کۆتایی پێهات و بانگه‌وازی ده‌کا هه‌م له ترکییه و هه‌م له پ.ک.ک که ده‌ستبه‌جێ گشت ئۆپێڕاسیۆنی دوژمنانه‌ی عه‌سکه‌ری له هه‌رێم دا ڕابگرن بۆ پێکهێنانی فه‌زایه‌کی سیاسی بۆ هێنانه گۆڕی پرسی کورد به ڕێگه‌ی دیالۆگ دا.
6) کۆنفرانس به بیر ده‌هێنێته‌وه که بۆ هه‌موو لایه‌ک ده‌رکه‌وتووه ، له‌وانه ترکییه و ئه‌ڕته‌شی ترکییه ، و گشت کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ، که هیچ چاره‌سه‌رییه‌کی عه‌سکه‌ری بۆ ئه‌م کێشه‌یه‌ی له ئارادایه نییه؛ ئێمه بانگه‌وازی حکوومه‌تی ترکییه ده‌که‌ین هه‌موو جۆره ئۆپێراسیۆنی دوژمنکارانه‌ی عه‌سکه‌ری هه‌م له نێوخۆی ترکییه و هه‌م له کوردستانی عێراق ڕابگرێ؛
7) به تایبه‌تی، کۆنفرانس پێکێشی له گه‌ڵ ترکییه و هه‌موو ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئوڕووپا ده‌کا هه‌نگاوی به کرده‌وه و له به‌رچاو هه‌ڵبهێننه‌وه بۆ نێشاندانی پشتیوانی ته‌واوی خۆیان بۆ دامه‌زراندنی پلاتفۆرمێکی دێمۆکراتیکی دیالۆگ له نێوان ترکه‌کان، کورده‌کان ، و گه‌لان و که‌مایه‌تییه‌کانی دیکه‌ی دامه‌زرێنه‌ر که له ترکییه دا ده‌ژین؛
مافی مرۆ و له‌گه‌ڵ که‌وتن
8) کۆنفرانس پشتیوانی ده‌کا له به‌ڵێنه‌کانی یه‌کێتیی ئوڕووپا که ڕێفۆرم له بواری مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کان، دێمۆکراسی و حوکمی قانوون له ترکییه ده‌بێ له پێڤاژۆی وتووێژی ئه‌ندامه‌تی دا به هێز بکرێن و پێشوازی ده‌کا له به‌رعۆده‌یی کۆمیسیۆنی یه‌کێتیی ئوڕووپا بۆ به‌رده‌وام بوون له چاوه‌دێری به سه‌ر پێڤاژۆی رێفۆرم دا. ئه‌و ڕێفۆرمانه ده‌بێ
پێداچوونه‌وه‌ی ته‌واو به سیستمی قه‌زایی دا وه‌به‌ره بگرێ له وانه چلۆنایه‌تی له بهرکارنان و په‌روه‌رده‌ی حاکمان و دۆزگه‌ران، سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی کاربه‌ده‌ستانی به‌ڕێوه‌بردنی قانوون و دۆزگه‌ره گشتییه‌کان بۆ پێش‌گرتن له‌وه‌ی که قانوون به‌کارنه‌هێندرێ بۆ ده‌ست که‌وتنی ئامانجی سیاسی و ئێدێئۆلۆژی.
9) کۆنفرانس ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی که له سێ کۆنفرانسی ڕابردوو دا ده‌ربڕا داده‌گرێته‌وه،
که ترکییه هێشتا تۆوه سیاسییه‌کانی پێوانه‌ی کۆپێنهاگی جێبه‌جێ نه‌کردووه ، و پشتیوانی خۆی له پێڤاژۆی وه‌رگرتنی ترکییه ده‌به‌ستێته‌وه به‌وه‌ی که دا‌و وده‌زگاکانی یه‌کێتیی ئوڕووپا لێبڕاوانه ستاندارده‌کانی له‌گه‌ڵ که‌وتن له به‌رچاوبگرن. کۆنفرانس هه‌ر وه‌ها جه‌خت ده‌کاته‌وه که نابێ هیچ سازشتی دیکه سه‌باره‌ت به پێوانه‌ی ئه‌ندامه‌تی بکرێ وه‌کوو بڕیاری یه‌کێتیی ئوڕووپا بۆ ڕێگه‌دان به ترکییه که بێته ده‌وری مێزی وتووێژ له به‌ر ئه‌وه‌ی " به ڕاده‌ی پێویست" پێوانه‌کانی کۆپێنهاگی پێک هێناوه؛
10) به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی خاڵی 10ی بڕیارنامه‌ی ساڵی پێشوو، کۆنفرانس داوا له ترکییه ده‌کا چوارچێوه‌ی په‌یماننامه‌ی ئوڕووپایی بۆ پارێزگاری له که مایهتییان وهه‌ر وه‌ها پێودانگه‌کانی دیکه‌ی له مه‌ڕ که‌مایه‌تییان په‌سند بکا و ڕێز له‌و مافه کولتووری و
که‌مایه‌تییانه‌ی هه‌موو گرووپان که ئێستا هه‌نه بگرێ ؛ و بانگه‌وازی یه‌کێتی ئوڕووپا ده‌کا گۆشار بخاته سه‌ر حکوومه‌تی ترکییه وه‌کوو ئه‌ندامێکی توانایه‌کی یه‌کێتیی ئوڕووپا بۆ ئه‌وه‌ی که چوارچێوه‌ی باس‌کراو په‌سند بکا؛
11) به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی خاڵه‌کانی 10 ، و 14 ، و 2ی یه‌که‌م پرۆتۆکۆڵی په‌یماننامه‌ی ئوڕووپایی مافی مرۆ و خاڵی 8ی مه‌نشووری ئوڕووپایی سه‌باره‌ت به زمانانی هه‌رێمی یان که‌مایه‌تی، و بڕیارنامه‌ی ژماره 1519ی ئۆکتۆبری 2006ی ئه‌نجومه‌نی پارلمانی کۆنسه‌ی ئوڕووپا سه‌باره‌ت به بارودۆخی کولتووری کورده‌کان، کۆنفرانس داوای خۆی له ده‌وڵه‌تی ترکییه و یه‌کێتی ئوڕووپا دووپاته ده‌کاته‌وه که پلانێکی ستراتێژی به‌ره‌وپێش به‌رن وجێبه‌جێی بکه‌ن سه‌باره‌ت به په‌روه‌رده به زمانی زگماکی؛
12) به ئاماژه‌ی تایبه‌تی به ڕاپۆرتی پێشوه‌چوونی کۆمیسیۆنی ئوڕووپا سه‌باره‌ت به ترکییه بۆ ساڵی 2007، ڕاپۆرتی پارلمانی ئوڕووپا له مه‌ڕ خۆکوژی له زێده‌ی ژنان له هه‌رێمه کوردییه‌کان ، هه‌ر وه‌ها به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی وڵامی ده‌زگای په‌یماننامه‌ی له‌نێوبردنی هه‌موو جۆره دووچاوکییهک به دژی ژنان له ساڵی 2005 بۆ ئه‌م کۆمیته‌یه،) کۆنفرانس داوا له یه‌کێتیی ئوڕووپا ده‌کا ده‌سته‌به‌ر بێ که ترکییه به ستاتوسی هه‌موو ژنان و کچان له چوارچێوه‌ی ستاندارده‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی دا بچارێ ، به تایبه‌تی به له به‌ر چاوگرتنی ڕێژه‌ی به‌رزی نه‌خوێنده‌واری، زه‌بروزه‌نگی نێوماڵ، کوشتنی نامووسی، خۆکوژی و به شوو دانی زۆرملێ و ناکاو له ترکییه، که له به‌ر نه بوونی خزمه‌تی پێویست و په‌روه‌رده‌ی قه‌زایی پاراستنی قانوون‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر ناکرێ( و به تایبه‌تی حه‌وجێی پێوه‌چاران به جیاوازی هه‌رێمی وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه له مه‌ڕ هه‌ڵکه‌وتی ژنان به ڕێگه‌ی په‌روه‌رده، خوێنده‌وارکردن، ده‌ستڕاگه‌یشتن به کاری لێوه‌شاوه، نوێنه‌رایه‌تی سیاسی و ده‌ستڕاگه‌یشتن به عه‌داڵه‌ت)؛ له‌وه‌ش زیاتر کۆنفرانس داوا ده‌کا له یه‌کێتیی ئوڕووپا که هه‌موو ده‌سته‌ڵاتی خۆی به‌کاربهێنێ بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی ئه‌وه‌ی که حکوومه‌تی ترکییه، به هاو بیری و ڕاوێژ و هاوکاری له گه‌ڵ ژنانی کورد پڵانێکی کرده‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری به‌ره‌وپێش به‌ڕێ بۆ جێبه‌جێ کردنی بڕیاری بڕیارنامه‌ی 1325ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان.
13) ئه‌م کۆنفرانسه په‌ژاره‌ی خۆی ده‌رده‌بڕێ له ده‌ستپێشخه‌ری حکوومه‌تی ترکییه بۆ درێژه‌دان به کار کردن له سه‌ر پڕۆژه‌ی خراپ داڕێژراوی به‌نداوی ئیله سو‌و له ئووتی 2006 دا، و ده‌ستپێکردن به ده‌ست به سه‌رداگرتنی زه‌وی له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ترکییه‌وه که هه‌ڕه‌شه‌ی له جێی خۆ هه‌ڵکه‌ندرانی به کۆمه‌ڵ و له کیس دانی بژیوی دانیشتووانی ناوچه‌که‌ی پێوه‌یه، که زۆربه‌ی ئه‌و دانیشتووانه کوردن ؛ ئه‌و پڕۆژه‌یه هه‌ر وه‌ها شاری حه‌سکیف که له ڕوانگه‌ی مێژووییه‌وه گرینگه ده مه‌ترسی ده‌هاوێژێ ، له حه‌ولێکی ئاشکرا دا بۆ هه‌ڵبڕینی زیاتری کوره‌ده‌کان له میرات و کولتووری ده‌وڵه‌مه‌ندی خۆیان ؛ و به پێی چه‌ندین ڕاپۆرتی نرخاندنی ئێکۆلۆژی ، ده‌ستڕاگه‌یشتنی دراوسێیه‌کانی ترکییه به سه‌رچاوه‌ی ئاو ده‌مه‌ترسی داوێ و ديبێته هۆی خه‌ساری قه‌ره‌بوونه‌کراوی ئێکۆلۆژی؛
14) به ئاماژه به خاڵی سه‌ره‌وه، کۆنفرانس داوا ده‌کا له حکوومه‌تی ترکییه چاو به هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌م پڕۆژه‌یه دا بخشێنێته‌وه، هه‌ر وه‌ها داوا له‌و ده‌زگایانه‌ی یه‌کێتیی ئوڕووپا ده‌کا که چاوه‌دێری به سه‌ر کاردانه‌وه‌ی ڕاگواستن و له جێی خۆ هه‌ڵکه‌ندرانی نێوخۆیی ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ی که ئه‌وه چ کارتێکه‌ری توانایه‌کی ئه‌و پڕۆژه‌یه چنه له سه‌ر نێوه‌نده شارییه‌کانی هه‌رێمه کوردییه‌کان که زێده له گونجانی خۆیان دانیشتوویان هه‌یه، هه‌ر وه‌ها بانگه‌واز ده‌کا له حکوومه‌ته‌کانی ئه‌ندام که گوشار بیێنن بۆ سه‌ر کۆمپانییه‌کانی بیانی سهرمایهدهر بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌دانانی خۆیان له‌مه‌ڕ ئه‌و پڕۆژه‌یه بکێشنه‌وه؛
15) کۆنفرانس نیگه‌رانی قووڵی خۆی ده‌رده‌بڕێ سه‌باره‌ت به ده‌کارکردنی خاڵه‌کانی قانوونی سه‌زا له لایه‌ن ترکییه‌وه بۆ ڕاوه‌دوونانی نووسه‌ران، ڕۆژنامه‌نووسان، ڕووناکبیران ، پارێزه‌ران و که‌سانی دیکه‌ی پارێزه‌ری ئازادی ڕامان، له‌وانه خاڵه‌کانی 215 و 216 ( هاندان بۆ بێزو قێز) ، 217، 220 ( بانگه‌شه کردن بۆ ڕێکخستنی تاوانکار)، 288 ( حه‌ولدان بۆ شوێنکردن له سه‌ر محاکه‌مه‌ی عادڵانه) و 301 ( سووکایه‌تیکردن به " ترکبوون") قانوونی سه‌زای ترکییه؛ کۆنفرانس داوا له یه‌کێتیی ئوڕووپا ده‌کا ده‌سته‌به‌ر بێ که ترکییه به‌رته‌نگییه‌کانی سه‌ر ئازادیی به‌یان لابه‌رێ له گشت چوارچیوه‌ی حقووقی خۆیدا.
16) ئێمه داوا له ترکییه ده‌که‌ین به‌رعۆده‌ییه‌کانی پۆزیتیڤی خۆی جێبه‌جێ بکا به پێی خاڵی 10ی په‌یماننامه‌ی ئوڕووپایی مافی مرۆ و فه‌زایه‌کی پۆزیتیڤ ساز بدا که تێیدا ئازادیی به‌یان گه‌شه بکا، و نووسه‌ران ، ڕۆژنامه‌نووسان، ڕووناکبیران، پارێزه‌ران و زۆر پارێزه‌ری دیکه‌ی ڕامانی ئازاد بپارێزێ له ده‌ستتێوه‌ردانی ناقانوونی ده‌وڵه‌ت له کاروباری
هه‌ڵسووڕاوانی نا_ ده‌وڵه‌تی دا.
ناوه‌ندێتی پرسی کورد
17) کۆنفرانس پێداده‌گرێ که چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد خاوه‌ن گرنگییه بۆ دامه‌زراندنی ترکییه‌یه‌کی به سه‌بات، دێمۆکراتیک و ئاشتی خواز بۆ ئه‌وه‌ی لێیبوهشێتهوه بێته نێو یه‌کێتیی ئوڕووپا. ڕێفۆرمی دێمۆکراتیکی ڕاسته قینه ته‌نێ ئه‌و ده‌می ده‌توانێ ڕووبدا ئه‌گه‌ر ترکییه له دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تییه‌کانی خۆیدا ڕێفۆرمی سیاسی نوێ بکا و به‌سترانه‌وه به ناسیۆنالیزمی ئێتنیکی به‌رپه‌رچ داته‌وه که هۆی ڕیشه‌یی کێشه‌که و بێ سه‌باتی هه‌میشه‌یی ترکییه یه؛
18) بۆیه ئه‌م کۆنفڕانسه پێداده‌گرێ که گه‌لی کورد و نوێنه‌ره‌کانی ده‌بێ ده‌ورێکی به‌شداری ڕاسته‌قینه‌یان بدرێتێ له پێڤاژۆی وه‌رگرتنی ترکییه دا سه‌باره‌ت به هه‌موو دمه‌ته‌قه‌یه‌ک له‌مه‌ڕ داهاتووی قانوونی بنچینه‌یی دێمۆکراتیکی ترکییه؛
19)هه‌روه‌ها ، کۆنفڕانس پێداده‌گرێ که ده‌بێ و ده‌کرێ زۆر زیاتر بکرێ له هه‌ر دووک لا ڕا و داوا ده‌کا ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه بۆ دروستکردنی باوه‌ڕی هه‌ڵبهێندرێنه‌وه؛
هه‌نگاوه‌کانی باوه‌ڕی پێک هێنان20) ئه‌م کۆنفڕانسه وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه که چاره‌سه‌ری کێشه‌که و له قانوونی بنچینه‌ییدا ناسینی کورده‌کان له ترکییه خاڵێکی نێوه‌ندییه بۆ سه‌باتی هه‌رێمی.
21) له‌و پێوه‌ندییه دا، کۆنفرانس داوا له حکوومه‌تی ترکییه ده‌کا ده‌ست بکا به دمه‌ته‌قه‌ی گشتی و ئاشکرا سه‌باره‌ت به ناسینی کورده‌کان له قانوونی بنچینه‌یی دا و هه‌بوونی گه‌لی کورد له چوارچێوه‌ی ترکییه دا؛
22) کۆنفرانس داوا له گشت پارتییه سیاسییه‌کان ده‌کا له ترکییه یارمه‌تی بکه‌ن به سازدانی هه‌لومه‌رج بۆ پلاتفۆرمێکی دێمۆکراتیکی دیالۆگ له چوارچێوه‌ی ترکییه دا؛
23) کۆنفرانس داوا له یه‌کێتی ئوڕووپا ده‌کا چالاکانه پشتیوانی بکا له‌و حه‌ولانه‌ی بۆ دیالۆگ ده‌درێ سه‌باره‌ت به که‌مایه‌تییان و به تایبه‌تی سه‌باره‌ت به کورده‌کان له ترکییه؛
24) کۆنفرانس پێکێشی ده‌کا ترکییه تێ‌بگا بۆ ئه‌وه‌ی دێمۆکراسی له ترکییه هه‌ڵسووڕێ، پێویسته ستروکتووری حکوومه‌تی ناوچه‌یی له لایه‌ن حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی [ نێوه‌ندی] وه به ته‌واوی پشتیوانی لێبکرێ.
25) له‌و ده‌مه ناسکه دا گشت لایه‌نه تێوه‌گلاوه‌کان ( یه‌کێتیی ئوڕووپا، ترکییه و کورده‌کان) ده‌بێ له ڕابردووه‌ی خۆیان ده‌رس وه‌ربگرن ، و به پێی قانوونی نێونه‌ته‌وه‌یی و نۆرمه ئینسانییه‌کان بجووڵێنه‌وه.
26) به تایبه‌تی، کۆنفرانس داوا له حکوومه‌تی ترکییه ده‌کا ده‌سته‌به‌ر بێ که گشت ئه‌و پارتییه دێمۆکراتیکه کوردانه‌ی که به شێوه‌ی قانوونی دامه‌زراون رێگه‌یان بدرێ چالاکی سیاسی ئاشتیخوازانه بکرێن بێ ده‌ستتێوه‌ردان له کاروباریان یان هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستبه‌جێی داخرانیان، به ئاماژه‌ی تایبه‌تی به پارتیی کۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆکراتیک ( ده‌ته‌په) و ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی که به شێوه‌ی دێمۆکراتیک هه‌ڵبژێردراون و ئێستا له پارلمان دان؛ ئه‌وه‌ش به پێی خاڵی 10 و 11ی په‌یماننامه‌ی ئوڕووپایی مافی مرۆ؛ له‌وه‌ش زیاتر ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ ده‌ست له ئازار دان و لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به سیاسه‌تمه‌دارانی کورد که سیاسه‌ت دنه‌ی ده‌دا هه‌ڵگیرێ.
27) کۆنفڕانس ئامۆژگارییه‌کانی دادگای ئوڕووپایی مافی مرۆ له چه‌ندین که‌یس دا وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه، به‌ڵام به تایبه‌تی که‌یسی عه‌بدوڵا ئوێجاڵان له هه‌مبه‌ر ترکییه دا، سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی زیندانی بوونی له ترکییه. له‌وه‌ش زیاتر کۆنفڕانس داوا له حکوومه‌تی ترکییه ده‌کا ئامۆژگارییه‌کانی سی پی تی ( کۆمیته‌ی پێشگیری له ئه‌شکه‌نجه) سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی زیندان جێبه‌جێ بکا و به تایبه‌تی له مه‌ڕ له‌شساخی به‌ڕێز ئوێجاڵان _ و ده‌ستبه‌جێ _ زیندانی دوڕگه‌ی ئیمرالی دابخا.
28) کۆنفرانس هه‌روه‌ها پێکێشی ده‌کا له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئوڕووپا یارمه‌تی بکا _ له‌وانه به له به‌ر ده‌ست دانی سه‌رچاوه‌ی دارایی _ بۆ ساز کردنی پلاتفۆرمێکی دێمۆکراتیک بۆ دیالۆگ له نێوان ترکییه و کورده‌کان و به ته‌واوی به‌رعۆده‌ییه‌کانی خۆیان له مه‌ڕ ئازادیی به‌یانی ڕه‌چاو بکه‌ن سه‌باره‌ت به‌و ڕێکخستنه کوردی و تاکو ته‌رایانه‌ی که هه‌ر هه‌مان حه‌ولی ئه‌وان ده‌ده‌ن؛
29) کۆنفرانس پێداده‌گرێ که حکوومه‌ته‌کانی یه‌کێتیی ئوڕووپا نابێ مۆرکی تاوانکاری له دژایه‌تی ئاشتییانه له هه‌مبه‌ر ترکییه بده‌ن که له لایه‌ن ئه‌و ڕێکخستنه کوردیانه‌وه ده‌رده‌بڕدرێ له ئوڕووپا دامه‌زراون و به بڕیاری خۆیاندا بچنه‌وه سه‌باره‌ت به قه‌ده‌خه کردنی هێندێک ڕێکخستنی کوردی، به تایبه‌تی له به‌ر ڕووناکایی شان وه‌به‌ردان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌کی ئاشتییانه بۆ پرسی کورد له چوار چێوه‌ی یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێستا و له ترکییه‌یه‌کی ڕێفۆرم کراوی دێمۆکڕاتیک دا؛
30) له کۆتایی دا، کۆنفرانس باوه‌ری خۆی تازه ده‌کاته‌وه بۆ به‌ڕێوه‌به‌رانی ، ڕاوێژکارانی و کۆمیته‌کانی ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م له ئاستی سیاسی و هه‌م له ئاستی مه‌ده‌نی له سه‌رتاسه‌ری ئوڕووپا دا هه‌وڵ بده‌ن بۆ پشتیوانی له له‌گه‌ڵ که‌وتنی ترکییه و داوخوازی وی بۆ وه‌رگیرانی له یه‌کێتیی ئوڕووپا دا له سه‌ر بنه‌مای ئه‌م بڕیار نامه‌یه.
پارلمانی ئوڕووپا _ پروکسێل2007.12.04
No comments:
Post a Comment