نووسراوه‌کانی لودڤیگ ئولسن فاسوم له کوردستان میشنێری دا به‌شی یه‌که‌م
وه‌ته‌نی باپیرم
کوردستان قه‌دیم
کێو و شاخ و ده‌شتی
خۆشن بۆ دڵم
جێی دایک و با بمه
ماڵی خوشک وبرا
هه‌ر تۆزێکی، هه‌ر به‌ردێکی
بۆم مروارییه
نووسراه‌وه‌کانی لودڤیگ ئولسن فاسوم له کوردستان میشنێری دا ( به‌شی یه‌که‌م )
حه‌سه‌نی قازی
کوردستان میشنێری، ژماره‌ی 6، ساڵی 1، مارسی 1911
کوردستان
هه‌ڵکه‌وت و خاکه‌که‌ی
هه‌ڵکه‌وتی جوغرافیایی کوردستان زۆر به هاسانی دیاری ناکرێ. له‌م ژماره‌یه دا نه‌خشه‌یه‌کی گشتی ته‌قریبی پێشکێش ده‌کرێ. جێی سه‌رنجه که هه‌ڵکه‌وتی کوردستانی مۆدێڕن وه‌ک شانشینی که‌ونارای ئاسووری وایه.
کوردستان وڵاتێکه له ئاسیای ڕۆژئاوا که به ئاڕاسته‌ی باکووری ڕۆژئاوا و خوارووی ڕۆژهه‌لات دا ده‌چێ، له نێوان 34 و 48 ده‌ره‌جه‌ی مه‌داری باکوور و 36 تا 48 ده‌ره‌جه‌ی ڕۆژهه‌ڵات هه‌ڵکه‌وتووه. بریتییه له به‌شێک له ترکییه و به‌شێک له ئێران، و رووبه‌رێک به پانایی 100000 میلی چوارگۆشه داده‌پۆشێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردستان له هه‌ردووک به‌ری سنووری ترکییه - ئێران هه‌ڵکه‌وتووه، ئێمه باسی کوردستانی ترکییه و کوردستانی ئێران ده‌که‌ین.
له ڕووی تۆپۆگرافی ( شوێنناسی)، که‌شناسی و زمانه‌وانی و هۆی دیکه‌وه جارجار هاسانتره وڵاته‌که به سێ هه‌رێمی هاوئه‌ندازه دابه‌ش بکرێ، باکووری ڕۆژئاوای کوردستان، نێوه‌ندی کوردستان و باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له ڕووی سیاسییه‌وه، و ته‌واو جیاواز، کوردستان به سه‌ر 8 تێرێتۆری پچووک، پاشالک یان ئه‌ستانان دابه‌ش کراوه، شه‌ش له‌وانه له ترکییه و له ژێر ده‌سته‌ڵاتی حقووقی سوڵتان دان واته: مه‌عمووراتولعه‌زیز، دیاربه‌کر، وان، مووسڵ، و به‌شی خوارووی ئه‌رمه‌نستانی ترکییه، دوو تێرتۆرییه‌که‌ی دیکه یان ئه‌ستانه‌کانی ئه‌رده‌ڵان و ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا له نێو چوارچێوه‌ی سنووره‌کانی هه‌نووکه‌ی پادشایه‌تی ئێران دان.
تۆپۆگرافی ( شوێنناسی)
کوردستان " سه‌رزه‌وییه‌کی شاخاوی" یه. هه‌موو وڵاته‌که له خارپته‌وه تا ئاگری له باکوور، به ڕوونی تا داده‌کشێته سنووری لورستان له خوارووی کرماشان، به زنجیره چیای به‌ردرێژ و به‌رز داپۆشراوه.
ئه‌و شاخانه‌ی که به‌دڕێژایی به‌شی باکووری ئه‌و وڵاته به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ده‌کشێن به‌شێک له تاوروسی که‌ونارا پێک ده‌هێنن، له کاتیكدا ئه‌وانه‌ی له به‌شی باشوور که به ئاڕاسته‌ی باکووری ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژهه‌ڵات هه‌ڵکه‌وتوون زاگڕۆسی که‌ونارا وه‌به‌ر ده‌گرن. له زۆر جێگایان به‌رزایی شاخه‌کانی کوردستان ده‌گاته 13000 تا 15000 پێ له ڕێکی ئاستی ده‌ریاوه.له سه‌ر و له نێوان دونده هه‌ره به‌رزه‌کاندا به‌فری ئه‌ستوور ده‌که‌وێ، به تایبه‌تی زستانێ. و له شوێنی سێبه‌ردار که قرچه‌ی تاوی هاوینێ تواناییه‌کی که‌می هه‌یه؛ به‌فر هه‌میشه‌یی یه.
له نێو ئه‌شکه‌وت و ڕه‌هۆڵه بێ ئه‌ژماره‌کانی به‌رزایی چیاکانه‌وه کانیاوی به هێز و جوانی ئاوی پاک هه‌ڵده‌قوڵێن. دوای پێچه‌که و قه‌لبه‌زێکی زۆر ئه‌و ڕووباره کریستاڵانه له‌گه‌ڵ جۆگه‌له و جۆباری چیایان تێکه‌ڵ ده‌بنه‌وه‌که گه‌وره‌تر و گه‌وره‌تر ده‌بن و گه‌وره‌ترین و چۆمی هه‌ره‌مێژوویی ئاسیای ڕۆژئاوا پێک ده‌هێنن.
له هێندێک شوێنان له نێو شاخه‌کانی کوردستاندا چاڵاوی بێ ئه‌ژمار و زه‌وی به‌پیت هه‌ڵکه‌وتوون، که له خوارتریانه‌وه، له نێوان شاخه پچووکتره‌کاندا، دۆڵی ته‌نگ، باگر و جوان و تێرئاو هه‌ن، له هێندێک له به‌شه‌کانی وڵات دا ده‌شتی ته‌خت هه‌ن، ڕه‌نگه گه‌وره‌ترین و زه‌نوێرترین ده‌شت ده‌شتی که‌رمه‌لیس بێ که له نیوان دوو چۆمی ده‌جله و زێ له باکووری مووسڵ و له باکووری ڕۆژئاوای هه‌ولێر هه‌ڵکه‌وتووه.له‌و ده‌شته دا، ئه‌سکه‌نده‌ری گه‌وره به ئه‌ڕته‌شێکی 35000 که‌سییه‌وه له نه‌به‌ردی گاوگامه‌لا دا هێزی 500000 که‌سی فارسه‌کانی به فه‌رمانده‌یی داریووش تێک شکاند.
چۆمی ده‌جله " چۆمی کوردستان" ه. سه‌رچاوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و شاخه سه‌خت و گه‌ردنکه‌شانه‌ن که له‌خوارووی ده‌ریاچه‌ی گۆلژیک هه‌ڵکه‌وتوون، به بێ هیچ گومانێک ئه‌و چۆمه هه‌ر هه‌مان چۆمه که له Seriptures دا (Gen 2,14 ) به هید – ده‌که‌ل، یان کورتکراوه‌که‌ی دیکه‌ل باسی لێوه‌کراوه. ئه‌و ناوه له ڕووی له‌ه‌جه‌ییه‌وه گۆڕاوه و بووه به تیگره وشه‌یه‌کی مادی – فارسی بۆ "تیر" بێگومان ئه‌و نێوه له به‌ر خێرایی ئاوه‌که‌ی له‌و چۆمه نراوه که " تیر ئاسایه". کاتێک بیر له‌وه نه‌که‌ینه‌وه که سه‌رچاوه‌کانی ده‌جله و فورات هه‌ردووکیان له به‌رزاییه‌کانی وه‌کوو یه‌کی شاخه‌کانی کوردستانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵن، به‌ڵام ئاوی ده‌جله له‌و جێیه‌ی که له نزیک که‌نداوی فارس له‌گه‌ڵ فورات تێکه‌ڵ ده‌بێته‌وه مه‌ودای 500 میل کورتترده‌بێ.ئه‌و ده‌می تێده‌گه‌ین ئه‌و چۆمه ده‌بێ چ ته‌وژمێکی زۆری هه‌بێ و بۆچی ئاوه‌کانی "تیرئاسا" له‌و وڵاته شاخاوییه دا لووزه‌و ده‌به‌ستن. گشت درێژایی له سه‌رچاوه‌وه تا سه‌رزارک به 1150 میل ته‌خمین ده‌کرێ.
فورات " چۆمی مێزۆپۆتامیا" یه و ئی کوردستان نییه، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که، سه‌رچاوه‌که‌ی وه‌کوو ده‌جله له شاخه‌کانی کوردستانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ و بۆ مه‌ودای نزیکه‌ی 300 میل به‌و وڵاته دا ده‌خوشێ.له نێوان ماڵاتیا و سامسات دا بافل و تاڤگه‌ی بێ ئه‌ژماری ئه‌و چۆمه هه‌ن، به بێ گومان ئه‌وانه هێندێک له جوانترین به‌رجه‌وه‌نده‌کانی هه‌موو کوردستانن. له مه‌ودایه‌کی 100 میلی دا ژماره‌ی ئه‌و بافل و تاڤگانه به 300 ته‌خمین ده‌کرێ.
چۆمه‌کانی گرینگی دیکه‌ی کوردستان بریتین له زێی گه‌وره و زێی چکۆڵه، سیروان، که درێژبوونه‌وه‌ی ده‌یاله‌ک (گیندێسی که‌ونارا و کلاسیکه) و هه‌ر وه‌ها چۆمی تاتار. له‌نێو ئه‌وانه دا زێی گه‌وره له هه‌موویان گه‌وره‌تره‌و به دڵی کوردستاندا تێده‌په‌ڕێ، بۆ مه‌ودایه‌کی 300 میلی و دوایه له نزیکه‌ی 40 میلی خوارووی وێرانه‌کانی نینه‌کۆک دڕژێته ئاوی ده‌جله‌وه.
ده‌ریاچه‌ی هه‌ره گرینگ له کوردستان ده‌ریاچه‌ی وان یان ده‌ریاچه‌ی "نایری" سه‌رده‌می ئاسۆرییه.ئه‌و رووبه‌ره‌ئاوه درێژایی نزیکه‌ی 80 میل و پانایی 30 تا 50 میله، و له 5000 پێیی سه‌ره‌وه‌ی ته‌ڕکی ئاوی ده‌ریا هه‌ڵکه‌وتووه: 8 چۆم ده‌ڕژێنه ئه‌و ده‌ریاچه‌یه.ئاوه‌که‌ی سوێره، ته‌نیا ڕه‌گه‌زێکی ماسی که ده‌توانێ تێیدا بژی جۆره‌یه‌کی تایبه‌تی له ساردینه.
ده‌ریاچه یان ده‌ریای ورمێ ئه‌گه‌رچی به مانای وردی وشه ئی کوردستان نییه، به‌ڵام مافای خۆیه‌تی باسی بکرێ، چونکوو به‌شێک له سنووری نێوان ئازه‌ربایجانی کورد و پاشماوه‌ی ئه‌و ئه‌ستانه پێک ده‌هێنێ. درێژایی ئه‌و ده‌ریاچه‌یه 90 میل و پانایی 30 میله. ئاوه‌که‌ی زۆر سوێره بۆ هه‌موو جۆره ماسییه‌ک، به‌ڵام له‌و ده‌ریاچه‌یه دا زۆر دوڕگه‌ی جوان و به پیت هه‌ن که ئاوی خاوێن و شیرنیان هه‌یه _ ئه‌وه‌ش له ڕاستیدا زۆر شتێکی خۆشه.
(به‌رده‌وام ده‌بێ )
کوردستان میشنێری ژماره‌ی 12، ساڵی 1، سێپتامبری 1911
شای پێشووی ئێران، محه‌مه‌د عه‌لی شا دێته‌وه سه‌ر ته‌خت
به‌پێی دوایین ڕاپۆرته‌کان شای پێشووی ئێران، محه‌مه‌د عه‌لی له‌پڕ له وڵاته‌که‌ی خۆی سه‌ری وه‌ده‌ر هێناوه‌ته‌وه و به‌ره‌و پێته‌ختی پێشووی تاران ده‌چێ.
ئه‌و له هه‌موو شوێنێک خه‌ڵکی له‌ده‌ور کۆ ده‌بێته‌وه. داخودا ئه‌و ڕاپۆرتانه ده‌کرێ ڕاست بن به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که بزووتنه‌وه‌ی مه‌شڕووتییه‌ت زۆر به قووڵی ڕیشه‌ی داکوتاوه؟ ڕاسته ئه‌و خه‌ڵکی له ده‌ور کۆ ده‌بێته‌وه چونکه عه‌شیره‌ته زۆر وه‌حشی و زۆر ناشارستانییه‌کان زۆر تووره‌ن به دژی کاردانه‌وه‌ی ئێران و ئه‌فسه‌رڕاوێژکاره ڕووسه‌کان، له به‌ر هه‌لومه‌رجێکی ئاڵۆز و نادیاری که له گۆڕێ دایه و، ئه‌وان پێیان خۆش نییه وڵاته‌که له لایه‌ن پارلمانێکه‌وه ئیداره بکرێ.
زۆر خه‌ڵک له ئوڕووپا و ئه‌مریکا پێشبینی ئه‌وه ده‌که‌ن شه‌ڕ و پێکدادان له نێوان لایه‌نه‌کاندا بقه‌ومێ و، سه‌رهه‌ڵدان و هه‌ڵته‌زینه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به دوو دا بێ.
به‌ڵام ڕاستی ئه‌وه‌یه له‌وه‌تا پارلمان دامه‌زراوه تێکهه‌ڵچوون و پێک هه‌ڵپرژان هه‌بووه، خه‌ڵکێکی که چه‌کوچۆڵێکی زۆر که‌میان هه‌یه و له ڕووی داراییه‌وه زۆر ده‌سته‌نگن شه‌ڕی یه‌کتریان کردووه. هه‌ڵبه‌ت هاتنه‌وه‌ی شا، ئه‌و کێشه‌یه زۆر قووڵتر ده‌کاته‌وه‌و ئاوری شه‌ڕ و پێکدادان خۆشتر ده‌کا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌ترسی شه‌ڕێکی به‌رده‌وام له ئارا دا نییه. ئه‌ڕته‌شی ئێران بێ دیسیپلینه. زۆربه‌ی سه‌ربازه‌کانی بۆ چه‌ندساڵان له حاڵه‌تی ڕێزرڤ دابوون و هێندێک کاریان کردووه و، نه‌یاتوانیوه به‌و دراوه‌که‌مه‌ی حکوومه‌ت دایانداتێ بژین. هێزی پیاده نیزام چه‌کی زۆر چه‌پره‌کی ئوتریشی هه‌یه، هێزی تۆپخانه‌ش تۆپی ژه‌نگهه‌ڵێناو. ئه‌و چه‌که مۆدێڕنانه‌ی ئه‌وان به ده‌ستیانه‌وه‌یه، نازانن چۆنی به‌کار بهێنن، گوله و فیشه‌کێشیان زۆر که‌مه. ته‌نیا هێزێکی نیزامی ئێرانی که نرخێکی هه‌بێ سێ " تیپی قازاخ" ه که ئه‌دسه‌ره فه‌رمانده‌ره‌کانی ڕووسن.
وه‌ک هه‌موو لایه‌ک ده‌زانن، له به‌رژه‌وه‌ندی ڕووسییه دا نییه ئێران ببێ به نه‌ته‌وه‌یه‌کی به‌هێز و سه‌ربه‌خۆ.نه ئێران، نه ئینگلیستان، و نه ترکییه ده‌ستیان له هێنانه‌وه‌ی شا دا نییه. شا وه‌ک که‌سێکی هه‌ڵاتوو له‌لایه‌ن ڕووسییه‌وه وه‌رگیرا و ناردیانه ئۆدێسا (Odessa). ئه‌و له‌وێ مایه‌وه تا ده‌ستی کرد به گه‌شت و گه‌ڕان به ئوڕووپا دا. ئه‌و له گه‌رماوه‌کانی نزیک وایمار Weimar و مارینباد Marienbad بوو به‌ڵام، گشت ئه‌وانه وێده‌چێ بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و شوێنه‌ونکه بووبێ. ئه‌و به خاکی پرووسیا Prussian دا چووه ئاستاڕا Asterabad که له سه‌رده‌ریای خه‌زه‌ر هه‌ڵکه‌وتووه و له‌وێوه ئێستا خه‌ریکه مڵک و ماڵی پێشووی ده‌ست خاته‌وه. به‌بێ یارمه‌تی ڕووسه‌کان ئه‌وه هه‌ڵنه‌ده‌سووڕا.
چگه له ڕووسییه، ئینگلیستانیش به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی زۆری له ئێران‌دا هه‌یه، به تایبه‌تی له به‌شه‌کانی خوارووی ئێران دا.شیرکه‌تێکی ئینگلیسی ده‌ستی کرد به سازکردنی جاده‌یه‌ک له ئیسفه‌هانه‌وه به‌ره‌و که‌نداوی فارس، بۆ ئه‌وه‌ی هاسانکاری بکا بۆ ته‌جاڕه‌تی نێوان ئینگلیستان و ئێران و بازرگانی. و ئێستا ئه‌وه ئه‌و ئاخر حه‌وله‌ی شای له سه‌ر کار لادراو ده‌قه‌ومێ بۆ ئه‌وه‌ی پێش به نه‌خشه‌کانی ئینگلیستان بگیرێ.
• کوردستان میشنێری له گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌ی فاسوم وێنه‌یه‌کی مه‌حه‌مه‌د عه‌لی شای بڵاو کردووه‌ته‌وه.
محه‌مه‌د عه‌لی شای قاجار ( 21 ژوه‌نی 1827 – 5ی ئاوریلی 1925، سان ڕێمۆ) له 87 ژانڤییه‌ی 1907وه تا 16ی ژووییه‌ی 1909 پادشای ئێران بوو، ئه‌و دژی قانوونی مه‌شڕووتییه‌ت بوو که له زه‌مانی بابی دا واته موزه‌فه‌ره‌دین شا په‌سند کرابوو. له ساڵی 1907 محه‌مه‌د عه‌لی شا پارلمانی ئێرانی هه‌ڵوه‌شاند و قانوونی مه‌شڕووتییه‌تی پووچه‌ڵ کرده‌وه به بیانووی ئه‌وه‌ی که دژی بنه‌ماکانی ئیسلامه. محه‌مه‌دعه‌لی شا به سه‌مبولی دیکتاتۆری و سه‌ره‌ڕۆیی داده‌ندرێ. ئه‌و به پشتیوانی نیزامی و سیاسی ڕووسییه و بریتانیا مه‌جلیسی تۆپباران کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به شۆڕشێکی نوێی مه‌شڕووته‌خوازی ناچار بوو له سه‌رته‌ختی سه‌لته‌نه‌ت بێته خوارێ. محه‌مه‌د عه‌لی شا هه‌ڵات بۆ ئۆدێسا له ڕووسییه. له ساڵی 1911 [ هه‌ر وه‌ک فاسوم ئاماژه‌ی پێ کردووه] له ئاستارا له ئێران دابه‌زی. له ئۆدێساوه کاکه‌وبراله‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد جارێکی دیکه ببێته‌وه به‌شا. به‌ڵام هێزه‌کانی تێک شکێندران. ئه‌و جار هه‌ڵات بۆ کۆنستانتینۆپل (ئه‌سته‌نبووڵ) و دوایه له‌وێوه چووه ئیتالیا و له 5ی ئاوریلی 1925 له سان ڕێمو مرد و مه‌یته‌که‌ی برایه که‌ربه‌لای عێراق مه‌زارگه‌ی ئیمامی حوسێن و له‌وێ نێژرا. کور و جێنیشینی وی ئه‌حمه‌د شای قاجار دوایین فه‌رمانڕه‌وای سیلسله‌ی قاجار بوو. محه‌مه‌دعه‌لی شا 7 منداڵی هه‌بوو.
( ئه‌و زانیارییانه له http://en.wikipedia.org/wiki/Mohammad_Ali_Shah_Qajar ) وه‌رگیراوه.
کوردستان میشنێری ژماره‌ی 2، ساڵی 2، نوڤامبری 1911
له نامه‌ی برا فاسومه‌وه
ئێمه له 4ی سێپتامبری [1991] زۆر به ماندوویی و شه‌که‌تی گه‌یشتینه سابڵاغێ. جگه له‌وه‌ی که نیو سه‌عاتێکی بمێنێ بگه‌ینه میاندواو له کاناڵێکی ئاوداشتن دا له قوڕ دا چه‌قین و بۆ جاری دووه‌میش له جاده‌کانی میاندواو له قوڕه زه‌له‌ق دا گیرمان کرد؛ له هه‌موو سه‌فه‌ره‌که‌ماندا ڕووداوێکی جیدمان به سه‌ر نه‌هات.
هه‌ر که گه‌یشتینێ چووینه ماڵی پیاوێک به نێوی خواجه عه‌زیز که یه‌عقووبییه‌کی خه‌ڵکی مووسڵ (نه‌ینه‌وا) ه. دوای سێ ڕۆژان خانوویه‌کی گڵی گه‌وره‌ی 9 ژووریمان به کرێ گرت.له‌و ته‌نافانه‌ی له ده‌وری چه‌مه‌دانه‌کانمانه‌وه پێچابوو دوکتور ئێدمان فرچه‌ی ساز کردووه، و ئه‌من و پیاوێکی خه‌ڵکی ئێره خه‌ریکین ژووره گڵییه‌کان به گڵی سپی و قسڵ سپی ده‌که‌ینه‌وه. ئێستا ئه‌وه خه‌ریکه ته‌واو ده‌بن. هێشتا له سه‌ر عه‌رزی ده‌نوین، به‌ڵام هیوادارین بتوانین مشارێک و ته‌ورێک په‌یدا که‌ین _ چه‌کوچ و بزمارمان هه‌یه _ و حه‌ول ده‌ده‌ین یه‌ک یا دوو ته‌ختی خه‌و و هێندێک مێز دروست که‌ین.
سێ له ژووره‌کان جوێ ده‌که‌ینه‌وه بۆ کاری نه‌خۆشخانه، هه‌ر له ئێستاوه هێندێک نه‌خۆش هاتوونه لامان به‌ڵام ده‌رمانێکی زۆر که‌م یان هه‌ر هیچ ده‌رمانمان نه‌بووه بیانده‌ینێ و جوابمان کردوون. هه‌تا نزیکه‌ی 3 حه‌وتووی دیکه هیوامان وایه به ته‌واوی ده‌ست به کار بکه‌ین. . ڕامان ئه‌سپاردووه هێندێک ده‌رمانمان له ته‌ورێز و له ئه‌ڵمانه‌وه بۆ بهێنن. له میاندواویش ئێمه ده‌بێ کلینیک یان نه‌خۆشخانه‌یه‌کی پچووکمان هه‌بێ. هه‌ر که لێره ده‌ست به‌کار بووین. یه‌کێکمان] ده‌بێ بچێته ئه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له‌وێ چ ده‌توانین بکه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ بتوانین له سه‌ره‌تاوه پێگه‌یه دامه‌زرێنین ده‌بێ نزیکه‌ی 300 دۆڵارمان هه‌بێ. لێره له سابڵاغه ده‌بێ زه‌وییه‌ک به ڕووپێوی 2 تا 4 ئه‌یکر بکڕین بۆ ئه‌وه‌ی جێگامان بۆ هه‌موو ڕووبه‌ری میسیۆنه‌که‌مان، نه‌خۆشخانه، مه‌دره‌سه، هتد. و هتد. هه‌بێ....... ئێمه هیوادارین ئه‌م پاییزه مه‌دره‌سه‌که‌مان ده‌ست پێبکه‌ین. به‌ڵام، ئه‌من ده‌ترسم دره‌نگ بێ. زۆر شت هه‌یه ده‌بێ له پێشدا سه‌باره‌ت به خزمه‌تی ده‌رمانیمان بیکه‌ین. هیوادارم ئه‌و کاته‌ی که یارمه‌تییه‌کی زیاترمان پێ ده‌کرێ زوو بگاتێ.
له‌وه‌تی ئێمه هاتووین هه‌وا زۆر سارده، له پله‌ی 80ی فارنهایتی تێناپه‌ڕێنێ. شه‌وانه زۆر سارده. له نزیک شاری سه‌رچاوه‌ی جوان هه‌ن، پڕن له ماده‌ی سولفۆری ماگنۆسید، قه‌ڵایی و ئاسن. ئێمه هیوادارین له دادێ دا بتوانین ئاوی ئه‌و گڕاوانه بۆ نه‌خۆشخانه‌که‌مان به‌کار بهێنین و، ئینشاڵا مه‌له‌شیان تێدا بکه‌ین. بۆ جێی وا خه‌ڵک له ئه‌مریکا به سه‌دان هه‌زار میل ده‌چن و به سه‌دان دۆڵار خه‌رج ده‌که‌ن.ئێستا ئه‌وه خه‌ریکه پۆست وه‌ڕێبکه‌وێ.پێنجشه‌مۆیان یان جومعان ده‌گاتێ و ڕۆژانی شه‌مۆش لێره‌وه ده‌ڕوا.ناردراوی پۆستی به سواری ئه‌سپ له مه‌راغه‌وه ده‌هێندرێته ئێره له به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ جاده نییه.
مێشووله،مێش و پێشکه زۆر هه‌راسانیان کرددوم، هه‌موو ده‌ست و ملم سووربووه‌ته‌وه. ئێمه ئه‌و ده‌رمانی دژی جڕوجانه‌وه‌ری پێمان بوو به‌کار مان هێنا بۆ ئه‌وه‌ی پاشه‌کشه‌یان پێ بکه‌ین، به‌ڵام ده‌ست هه‌ڵناگرن. بۆنی نه‌وتی پێنی ڕۆیاڵ گۆیا ده‌بێ زۆر به‌دڵی ئه‌و گه‌زه‌ندانه نه‌بێ و ته‌نیا ڕێگه ئه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یه‌نه ژووره‌وه بوترییه‌ک له‌و ده‌رمانه به سه‌رئاواڵه‌یی له ژوورێ دانێین. داوام کردووه له ئه‌ڵمانه‌وه بوترییه‌کی پچووکم بۆ بنێرن.
ئێمه ئه‌و خانووبه‌ره گڵێنه‌ی خۆمان بۆ ساڵێک به کرێ گرتووه. له‌وماوه‌یه دا هیوادارین جێگایه‌کی گونجاو بکڕین یان خانوویه‌ک بۆخۆمان دروست که‌ین. له‌یه‌که‌م پۆستی دا که بۆمان هاته ئێره له سابڵاغێ نامه‌یه‌کی برا. زیمر Ziemer مان وه‌رگرت و، نێوه‌رۆکی ئه‌وه‌نده باش بوو بڕیارمان دا بینێرینه‌وه ئه‌مریکا و ئێوه چاپی که‌ن به‌ڵکوو کاری خۆی له نێو خوێنه‌ره‌وانی کوردستان میشنێری دا بکا.ئه‌و نامه‌یه زۆر دڵگه‌رمی کردین. ئه‌گه‌ر هه‌موو خوێنه‌ره‌وانی کوردستان میشنێری نیوه‌ی ئه‌وه‌ی برامان زیمر ده‌یکا بیکه‌ن، ئێمه هه‌موو پێداویستییه‌کمان جێبه‌جێ ده‌بێ بۆ دامه‌زراندنی پێگه‌که‌مان و له‌به‌رکارنانی کرێکاری زیاتر."
کوردستان میشنێری ژماره‌ی 3، ساڵی2، دیسامبری 1911
سابڵا‌غ، کوردستان، ئێران
14ی ئۆکتۆبری 1911
برای خۆشه‌ویست ماکێنسن Mackensen [ ئیدیتۆری کوردستان میشنێری ]
له‌گه‌ڵ ئه‌م نامه‌یه دا وێنه‌یه‌کی پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌مانت بۆ ده‌نێرم _ وێنه‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک لێڵ _ وه‌ک ده‌بینی خانوویه‌کی گڵییه. لای ڕاستی ده‌رگای نێوه‌ڕاستێ، لای پشته‌وه‌ی دار تووه‌که به‌شی نه‌خۆشخانه‌که‌مانه. ئه‌و ژووره‌ی له سه‌ره‌وه‌ی داڵانه‌که‌یه ژووری خه‌وتنمانه. ژووره‌گه‌وره‌که‌ی لای چه‌پی داڵانه‌که ژووری میوانان و ژووری وه‌رگرتنه‌و ئه‌ژووره‌ی له‌وپه‌ڕی لای چه‌پ دا ده‌بیندرێ ئافیس و ژووری سه‌ره‌وه‌ی ژووری خزمه‌تکاره‌کانمانه.
به‌شی نه‌خۆشخانه وه‌ک ده‌بینی، ده‌رکه‌ی جیاوازی خۆی هه‌یه که ده‌که‌وێته لای ڕاستی داره گه‌وره‌که.ژووری نه‌خۆشان له سه‌ره‌وه‌ی ده‌رکه‌ی چوونه نێو نه‌خۆشخانه‌یه.
ئه‌و شوشه‌یه‌ی ئه‌و وێنه‌یه‌ی له سه‌ر ساز کرا باشه به‌ڵام ده‌رمانی پێویستم له لا نه‌بوو وێنه‌که به رێک و پێکی بشۆمه‌وه. حه‌وتووی دادێ هێندێک وێنه له سه‌ر ئه‌و کارته پۆستییانه‌ی بۆتان ده‌نێرین چاپ ده‌که‌م، له‌وانه‌یه باشتر ده‌رکه‌وێ.
کچێکی پچووکی هه‌رمه‌نی، که تای که‌وتوویی گرتبووی و ئه‌من 7 شه‌و و ڕۆژ ئاگاداریم لێکرد، شه‌مۆی ڕابردوو سه‌عات 9:30 سه‌رله‌به‌یانی مرد. بۆ من ده‌تگوت منداڵی خۆمه.ئه‌من زۆر به‌داخه‌وه بووم که ببینم ده‌مرێ. ئێمه ئه‌وه‌ی له ده‌ستتمان ده‌هات کردمان، به‌ڵام کاتێک ده‌ستمان کرد به موداوا کردنی نه‌خۆشییه‌که‌ی زۆری لێ پیس کردبوو.
به‌یانی ئه‌من له ژووری وه‌رگرتن وه‌عز داده‌ده‌م و منداڵێکی هه‌رمه‌نی غوسڵی ته‌عمید ده‌که‌م. ئێمه به هه‌موو توانای خۆمانه‌وه خه‌ریکی خوێندنی زمانی کوردین.حاڵمان باشه. که‌مایه‌سی ئێستامان بێ دراوییه. زیاتر له مانگێک له‌وه پێش که ئێمه گه‌یشتینه ئێره ته‌نێ 4 دۆڵارمان له گیرفانی دابوو. ئێمه ئه‌وه‌مان له‌ئاسمانان به گه‌وره‌مان ڕاگه‌یاندووه بۆ ئه‌وه‌ی چاوی به‌سه‌رمانه‌وه بێ، ڕوو له دۆستانی خۆمان و منداڵه‌کانی ویش له ئه‌مریکا ده‌نێین. به‌ڵکوو ئه‌و پێیان بڵێ تارمه‌تیمان بکه‌ن.
دڵسۆزتان له عیسای دا
ل.ۆ، فاسوم
هه‌ر له، ژماره‌یه دا ل.ۆ.فاسوم بابه‌تێکی کورتی سه‌باره‌ت به شه‌ڕی مه‌شڕووته‌خوازان و لایه‌نگرانی محه‌مه‌د عه‌لی شا نووسیوه:
" ئاڵۆزی و بشێوێنی سیاسی له زیاد بوون دایه. هه‌ر دووک لا خه‌ڵک و لایه‌نگرانی شا به خوێنی سه‌ری یه‌کتری تینوون.ده‌ڵێن، شا ناچار بووه دیسان هه‌ڵێ، یان ڕاستتر نه‌یتوانی جارێکی دیکه بچیته‌وه سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی و ئێستا به‌ره‌ی خه‌ڵک لایه‌نگرانی شا سزا ده‌ده‌ن. هه‌رخودا ده‌زانێ که دادێ چی له باران دایه بۆ ئێرانی هه‌ژار......
فاسوم
کوردستان میشنێری، ژماره6، ساڵی 2 ، مارسی 1912
منداڵانی بێ دایوباب له کوردستان
برامان زیمر له دێفیانس له ئۆهایۆ له نامه‌ی 8ی دێسامبری ساڵی 1911 ی خۆیدا داوا ده‌کا ده‌بێ شتێک سه‌باره‌ت به منداڵانی بێ دایوباب لێره بنووسم، و سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که که‌سانی مه‌سیحی له ئه‌مریکا ئه‌وان وه‌خۆ بکه‌ن، خه‌رجی به‌ڕێچوون و هتد،یان بده‌ن.
ئه‌من چه‌ندین جار به‌ر له‌وه‌ی برامان زیمر داوا بکا بیرم لێکردبووه‌وه شتێک له‌وباره‌یه‌وه بنووسم، چونکوو هه‌تا دێ زیاتر و زیاتر باوه‌ڕی په‌یدا ده‌که‌م خودای گه‌وره له ئێمه‌ی ده‌وێ ئاگاداری بکه‌ین له زۆرێک له منداڵانی بێ ماڵ و فڕێ دراو له میسیۆنه‌که‌مان دا. ئێمه زۆر ده‌ستی هاوارکه‌ری خه‌ڵک له‌ده‌ورو به‌ری خۆمان ده‌بینین ، چ جوان و چ پیر، دڵمان بۆ ئه‌وان لێده‌دا، به‌ڵام ده‌ستمان به نه‌بوونی دراو له پشته‌وه به‌ستراوه.....
سێ جۆره منداڵی بێ دایوباب
له هه‌موو وڵاتانی ئیسلامی دا بێ ئه‌خلاقی زۆه به‌ربڵاوه. فره‌ژنخوازی و ته‌ڵاق بێ سنووره. باشترین پیاوانی کورد ئه‌و جۆره پیاوانه‌ن که بڵێن 6، 7، 8 ژنیان هه‌یه وله حاڵی حازر دا دوو یان سێیان هه‌یه.
1.منداڵانی فرێ دراو
ئه‌وه ئه‌و جۆره منداڵانه‌ن مرۆ له باغ و باغچان، له قه‌راغ چۆمی ،یان به ئاسایی له‌به‌رده‌رگای مزگه‌وتان ده‌یانبینێته‌وه. ئه‌و منداڵانه که به ئاسایی کچن، ده‌کرێ ته‌مه‌نیان له ڕۆژێکه‌وه هه‌تا پێنج مانگ بێ و به چه‌ند کوته په‌ڕۆیه‌ک پێچراونه‌ته‌وه، له گۆرێ فرێ دراون بۆ ئه‌وه‌ی ڕێبوارێکی به‌به‌زه‌یی هه‌ڵیان گرێته‌وه، یان سه‌گی برسی بیان خۆن. ئه‌گه‌ر منداڵێکی ئاوا له به‌ر ده‌رگای مزگه‌وت دابندرێ، وادادندرێ مه‌ڵا، واته‌که‌شیشی موسوڵمان که‌سێک ببینێته‌وه ئاگاداری لێ بکا. هێندێک له موسوڵمانان ئه‌و جۆره منداڵانه‌ی له به‌ر ده‌رگای مزگه‌وتان ده‌بیندرێنه‌وه به خودا پێداو ده‌زانن و وه‌ک منداڵی خۆیان ئاگاداری‌یان لێ ده‌که‌ن،ئیواش هه‌ن هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به‌قسه‌ی مه‌لاکه‌ی خۆیان کردبێ له‌وانه‌یه هه‌ر بۆچه‌ند ڕۆژ ڕایان بگرن تا ئه‌وه‌ی له برسان و له به‌دبه‌ختییان و یان له به‌ر ژاراوی بوون ده‌مرن. ئه‌و منداڵه بێ دایوبابه فڕێ دراوانه ئه‌و جۆره منداڵانه‌ن که دایکه‌که له جێیه‌کیان داده‌نێ، و مرۆ قه‌ت نازانێ ئه‌وان منداڵێ کێنه.له کوردستان له‌وجۆره منداڵانه زۆرن.
نزیکه‌ی دوو مانگ له‌مه‌وپێش کوڕێکی ئێرانی که به قه‌راغ چۆمی دا ده‌ڕوا لاقی له پرێسکه په‌ڕۆیه‌ک هه‌ڵده‌نگوێ و ده‌بینێ ئه‌وه مه‌لوتکه‌یه‌کی تێدایه و ده‌گری.هه‌لێ ده‌گرێته‌وه و ده‌یباته ماڵێ.ئه‌و منداڵه نزیکه‌ی 4 یان 5 ڕۆژانه ده‌بوو.له سه‌رمان و له برسان زۆر پیس ده‌گریا. ئێمه چووین بیبینین. پێمان خۆش بوو بیهێنینه لای خۆمان و ڕای بگرین، به‌ڵام که‌سمان نه‌بوو به خێوی بکا، و هیچ دراوێکیشمان به‌ده‌سته‌وه نه‌بوو، چونکه تازه گه‌یشتووینه پێگه‌که‌مان لێره. دوای ماوه‌یه‌ک ئه‌و مه‌لۆتکه کچه فڕێ دراوه بردرایه مزگه‌وتێ و له‌وێ داندرا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر که‌سێک بییه‌وه بیباته‌وه ماڵێ و به‌خێوی کا. ئه‌گه‌ر ئێمه له پێشدا ئه‌وه‌مان زانیبا چه‌ند دۆلارێکمان قه‌رز ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی بیبه‌نه لای خۆمان تا ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌رگای مزگه‌وت دابندرێ. له‌وه‌تی برامان زیمر ئه‌و داوایه‌ی کردووه و ده‌زانین که له ئه‌مریکا دۆستی ئاواهه‌ن ئاماده‌ن که ژیانی منداڵێکی فڕێ دراو بپارێزن و ده‌رفه‌تی به‌خێوکردنی بڕه‌خسێنن، ئه‌من داوام کردووه ئه‌و منداڵه‌مان بده‌نێ و هیوادارم وه‌ری بگرین. ئێستا نزیکه‌ی سێ مانگانه‌یه.
2. منداڵانی بێ دایوبابی نێو کۆڵانان ئه‌و جۆره منداڵانه‌ن که هه‌میشه له‌وێ دانیشتوون و سواڵ ده‌که‌ن. له‌وانه‌یه دایکیان زیندوو بێ و مرۆ بزانێ کێیه؛ به‌ڵام له‌وانه‌یه بێوه‌ژنێک بێ و مێردی به که‌سێکی دیکه کردبێ، به‌ڵام ئاماده نه‌بێ منداڵه‌که‌ی پێشووی به‌خێو بکا، یان ئه‌وه‌ی ئه‌وان له کۆڵانان له گه‌ڵ دایکی نه‌خۆش، پیر، کوێر یان سه‌قه‌تی خۆیان سواڵ ده‌که‌ن.ئیدیکه منداڵانی ئاوان که باب و دایکیان مردوون و که‌سیان نییه به‌خێویان بکا. زستان، که به‌فر ده‌بارێ و هه‌وا سارده داڵده‌ده‌به‌نه به‌ر دیواری لاڕووخاوی که‌لاوان یان ده‌چنه نێو ته‌ویلان.ئه‌وان به ئاسایی هه‌موو وه‌رزی ساڵێ پێ خاوسن و ته‌نێ به چه‌ند په‌ڕۆی شڕ خۆیان داده‌پۆشن.هه‌موو گیانیان کوان و کێمه و سه‌ر وڕوویان برین دایپۆشیوه.
3. منداڵه بێ دایوبابه‌کانی چینی سه‌ره‌وه، ئه‌و جۆره منداڵانه‌ن که بابه‌که، له به‌ر ئه‌وه‌ی کچن و ڕه‌نگه له به‌ر ئه‌وه‌ش که جوان نین، یان له به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ خۆشه‌ویستییه‌ک له ئاست دایکی منداڵه‌که له خۆی دا هه‌ست پێ ناکا _ که‌ده‌یه‌وێ ته‌ڵاقی بدا و هتد. _ ده‌یدا به‌که‌سێک به‌خێوی کا. له‌وانه‌یه بۆ ئه‌و کاره شتێکیش بدا به‌و که‌سه‌ی به‌خێوی ده‌کا.ئه‌و جۆره منداڵانه زۆه به‌ده‌گمه‌ن ماڵی خۆیان ده‌بینن،و به ئاسایی له‌و په‌ڕی پیسیه‌تی و ناخۆشی دا به‌خێو ده‌کرێن.
له ماوه‌ی دوایین سه‌ردانم له دێیه‌کی کوردی کچێکی پچووکیان بۆ هێنام که ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵ ده‌بوو و زۆر ژیکه‌ڵه بوو به‌ڵام ،پیس بوو و له سه‌رمان هه‌ڵده‌له‌رزی. داوام لێ‌کرا برینێکی جیدی که جێی سووتان بوو له سه‌ر پێی ڕاستی ده‌رمان بکه‌م.برینه‌که نیوی لاقی داگرتبوو. بۆ پازده ڕۆژان به مه‌ڵحه‌مێکی خۆ جێیی و زه‌ماد ئه‌و برینه‌یان ده‌رمان کردبوو، قه‌تماغه‌یه‌کی چڵکن که نزیکه‌ی ئینچێک ئه‌ستوور بوو گشت برینه‌که‌ی داگرتبوو. دوو سه‌عاتی وه‌خت برد هه‌تا خاوێنم کرده‌وه‌و کچه پچکۆڵانه‌که به شێوه‌ه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش به سه‌بر بوو . دوای پرسیار بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌و کچه چاره‌ڕه‌شه به‌سته‌زمانه کچی ئاغای دێیه‌که‌یه، پیاوێک که سه‌روه‌ت و ماڵی یه‌کجار زۆره و هه‌تا بڵێی ده‌وڵه‌مه‌نده. دایکیشی ده‌ژیا و ته‌ڵاق نه‌درابوو.کچه‌که هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کچ بوو و پێیان وا بوو جوان نییه فرێ درابوو. به پرسیار و لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر ده‌رکه‌وت هه‌ر ئه‌و ئاغا خاوه‌نمڵکه تا ئێستا پێنج کچی دیکه‌شی هه‌ر به‌و شێوه‌یه تووڕ هه‌ڵداوه. ئێمه سه‌رکۆنه‌یه‌کی زۆرمان کردن بۆ ئه‌و جۆره ئاکاره له گه‌ڵ منداڵه‌کانیان و بۆمان باس کردن دایک و بابان له وڵاتی ئێمه چۆن ئاگاداریی له منداڵه‌کانیان ده‌که‌ن. ئه‌و کاته‌ی برینه‌که‌ی پێی منداڵه‌که‌م تیمار ده‌کرد چه‌ندین جار پێیان گوتم: له‌گه‌ڵ خۆتی به‌ره و گه‌وره‌ی که _ با بۆتۆ بێ،هتد.
ئه‌من دڵنیا نیم ئه‌وه مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌یان بووبێ، ڕه‌نگه مه‌به‌ستیشیان بووبێ به‌ڵام، ئه‌من له وه‌زعێک دا نه‌بووم داوخوازێکی ئه‌وتۆیان لێ بکه‌م، چونکه چ " ماڵی منداڵی بێ دایوباب " م نه‌بوو.
خوڵا ئاگای له چاره‌ڕه‌شی منداڵانی بێ دایوباب له هه‌موو کوێیه‌ک هه‌یه و هاواریان ده‌بیستێ و هیوادارین ئه‌و وڵامی هاواری منداڵانی بێ دایوبابی له‌م به‌شه‌ی کوردستانی گوێ لێ بێ و توانایی ئه‌وه‌مان بداتێ ماڵێکیان بۆ دروست که‌ین. منداڵێکی بێ دایوباب ده‌کرێ ساڵێ به 15 تا 25 دۆڵار به‌خێو بکرێ به پێی ئه‌و منداڵانه‌ی له ماڵێ دان.ئه‌گه‌ر مه‌دره‌سه‌یه‌کی کاری ده‌ستی به ته‌نیشت " ماڵی منداڵانی بێ دایوباب"وه دروست بکرێ له‌وانه بتوانێ خۆی به‌ڕێ به‌رێ..............
به سڵاوی دڵپاکانه
ل.ۆ،فاسوم
کوردستان میشنێری ژماره‌ی 9، ساڵی 2، مانگی ژووه‌نی 1912
ده‌وڵه‌مه‌ندی کورد یارمه‌تی ده‌ده‌ن به میسیۆن
خاوه‌نمڵکی ئیندرقاش (Henderkosh )، گه‌وره‌ترین دێی که له بازنه‌ی 25 میلی شاریدا هه‌ڵکه‌وتووه، به‌ڵێنی داوه خانووبه‌ره‌یه‌کی کۆن به حه‌وشه‌وه بدا به‌میسیۆن بۆ مه‌دره‌سه و ده‌رمانگه، ئه‌گه‌ر ئێمه په‌سندی که‌ین و فه‌ڕشی که‌ین. ئه‌و دێیه له نزیکه‌ی 4 میلی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سابڵا‌غ هه‌ڵکه‌وتووه و 2000 دانیشتووی هه‌یه. دیاره ئه‌وێ بۆ پێگه‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌یی باش زۆر له‌باره، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی مه‌دره‌سه‌یه‌کی گه‌وره‌ی لێ ساز بکرێ؛ به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی له شاری زۆر نزیکه بۆ ئه‌وه ناگونجێ ده‌رمانگه‌یه‌کی لێ بکرێته‌وه.ئیمه هیوادارین ئه‌و مڵکه‌مان بدرێتێ به بێ ئه‌وه‌ی له‌وێ ده‌رمانگه‌یه‌ک دابنێین.
خاوه‌نمڵکی دێی وه‌ته‌میش (Otemish)، دێیه‌کی پچووک، به‌ڵام سه‌ره‌ڕێ و په‌ره‌گر که له 20 میلی ڕۆژهه‌ڵاتی شاری هه‌ڵکه‌وتووه، به‌ڵێنی پارچه زه‌وییه‌کی جوانی پێداوین به ته‌نیشت دێیه‌که‌وه به‌و شه‌رته‌ی له و زه‌وییه دا مه‌دره‌سه‌یه‌ک دروست بکه‌ین و ژوورێکی بۆ ده‌رمانگه ته‌رخان بکه‌ین و دوکتوره‌کانی میسیۆنه‌که‌مان مانگی جارێک بچنه ئه‌وێ.ئه‌و پێشنیازه زۆر مه‌عقووله و ، ئه‌گه‌رچی ئێمه چاوه‌ڕانی ئه‌وه ناکه‌ین ئه‌مساڵ بتوانین خانووی مه‌دره‌سه له سه‌ر ئه‌و زه‌وییه دروست که‌ین، به‌ڵام هیوادارین له پاییزی دادێ دا له‌وێ له ژوورێکی دیکه دا مه‌دره‌سه داییر بکه‌ین.
خاوه‌نمڵکێکی دیکه،خاوه‌نی دێی خاتوون باغ (Kotunbagh ) تکای لێکردووم مه‌دره‌سه‌یه‌ک له دێیه‌که‌ی بکه‌مه‌وه و ئه‌و ڕای ده‌خا.
خاوه‌ن مڵکێکی دیکه، و ته‌نیا که‌سێکی تا ئه‌و جێیه‌ی ئێمه ده‌زانین، له‌پێگه‌ی ئێمه غوسڵی ته‌عمید دراوه، نامه‌یه‌کی نووسیوه و داوای کردووه سه‌ری دێیه‌که‌ی بده‌ین و ئێمه‌ی دڵنیا کردووه‌ته‌وه له هاوڕێیه‌تی خۆی له گه‌ڵ مه‌سیحییه‌ت. له‌و دێیه‌ش، هیوادارین به زوویی مه‌دره‌سه‌یه‌ک ده‌ست پێبکه‌ین.
ئه‌وه‌ی ده‌ستی ئێمه‌ی به‌ستووه نه‌بوونی مامۆستا و کتێبی مه‌دره‌سه‌یه به زمانی کوردی. ئێمه ته‌نانه‌ت کتێبێکی چاپکراوی ئه‌لفوبێی کوردیشمان نییه.ئێمه ده‌توانین به 220 دۆڵار چاپخانه‌یه‌کی ته‌واو و تایپی فارسی دابمه‌زرێنین که ده‌توانێ به ساڵان به‌کارمان بێ. __ کێ ئه‌و بڕه دراوه‌مان ده‌داتێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و چاپخانه‌یه ساز که‌ین؟
کوردێکی گه‌نجی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌شاری، پارچه زه‌وییه‌کی داوه به میسیۆنه‌که‌مان له به‌شی ڕۆژئاوای شاری که ڕووبه‌ری نزیکه‌ی نیو ئه‌یکره [ هه‌ر ئه‌یکره‌ی 4047 میتری چوارگۆشه‌یه - فه‌رهه‌نگی ئینگلیسی – فارسی موعاسیر، محه‌مه‌د ڕه‌زای باتنی]. ئه‌وێ که‌لاوه‌ی خانووبه‌ره‌ی کۆنی لێیه که ده‌بێ هه‌ڵبه‌وشێندرێن و زه‌وییه‌که ته‌خت بکرێ. له لایه‌کی ئه‌و پارچه زه‌وییه دا دوو حه‌وشه‌ی دیکه هه‌ن که هه‌ر کامه‌ی ئه‌یکرێکن، که ئێمه ده‌توانین ئه‌وانه به نرخێکی زۆر که‌م بکڕین. نامه‌مان بۆ خاوه‌نه‌که‌ی نووسیوه که له شوێنێکی دیکه‌ی ئێران ده‌ژی، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین داوای چه‌ند ده‌کا، و هیوادارین ببینه خاوه‌نی پارچه زه‌وییه‌کی ئه‌یکر و نیوێک یان زیاتر به نرخێکی که‌می 100 دۆڵار یان ته‌نانه‌ت که‌متریش. هه‌ر که ئه‌و پارچه‌یه‌مان وه‌ده‌ست هێنا هیوادارین دۆستانی میسیۆنی کوردستان یارمه‌تیمان بده‌ن بۆ دروستکردنی خانوو..........
ل.ۆ. فاسوم
کوردستان میشنێری ژماره‌ی 9، ساڵی 2، مانگی ژووه‌نی 1912
ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی جه‌نابی ل.ۆ. فاسوم
دۆعاخوێنی یه‌کشه‌مۆیان
له ژووری ده‌رمانگه هه‌موو به‌یانیان سه‌عات 10.30 دوعاخوێنی و پارانه‌وه به به‌رده‌وامی به‌ڕێوه چووه.
له سه‌ره‌تاوه نزا و پاڕانه‌وه به زمانی سریانی بوو، و جووله‌که‌یه‌کی دینگۆڕاو، میرزا شه‌مۆییل ڕسته به ڕسته وه‌عزه‌که‌ی به زمانی ترکی وه‌رده‌گێڕا. دواتر، یارمه‌تیده‌رانی خۆجێیی به زمانی ترکی چه‌ند جار دۆعایان ده‌خوێند، دواجار ئێمه غیره‌تمان وه‌به‌ر خۆمان نا و ده‌ستمان کرد به تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی تاز بۆ وه‌عز و بانگه‌شه‌ی ئینجیل به زمانی کوردی.
وه‌عزدادان و بانگه‌شه‌ی ئینجیل به زمانی کوردی، ته‌بیعییه، بۆ ماوه‌یه‌ک تا راده‌یه‌ک دژوار ده‌بێ، له به‌ر ئه‌وه‌ی که زمانی کوردی له ڕووی ڕێنووسه‌وه زۆر که‌م دامه‌زراوه و له بواری بابه‌تی مه‌نبه‌ری و کلیساییه‌وه به گردبڕی گه‌شه‌ی نه‌کردووه. به‌ڵام ئه‌وه ئه‌رک و شانازییه‌کی گه‌وره‌یه بۆ ئێمه که زمانی کوردی به‌کاربهێنین و به‌ره‌وپێشی به‌رین، جا بۆیه ئێمه جه‌ختێکی تایبه‌تی ده‌که‌ینه‌وه له سه‌ر وه‌عزی ئینجیل به زمانی کوردی. له 5ی مانگی مه‌ی ئه‌من یه‌که‌م وه‌عزی خۆم به زمانی کوردی دادا.
هه‌تا ئێستا هیچکام له شێعره ڕوحانییه‌کانی مه‌سیحی به زمانی کوردی وه‌رنه‌گێڕدراون.بۆیه ئێمه کتێبی شێعرانی ڕووحانی میسیۆنێره پرێسبیتێرییه‌کانی ته‌ورێز، ئێران به زمانی ترکی به‌کار ده‌هێنین. ئه‌وه‌نده‌ی بکرێ به زوویی چه‌ند سروودێکی ناسراو به زمانی کوردی وه‌رده‌گێڕین.
ئاماده‌بوون له ڕێوڕه‌سمی دۆعاخوێنی و پاڕانه‌وه دا، به ڕێژه، له نێوان 30 تا 40 که‌س دابووه و له‌و نه‌ته‌وایه‌تییانه بوون _ ئێرانی، کورد، هه‌رمه‌نی، سریانی و جووله‌که.ئێمه هیوادارین کاتێک پێگه‌که‌مان دروست کرا و، دۆعاخانه‌یه‌کی له‌بار بۆ دۆعاخوێنی و پاڕانه‌وه‌ی گشتیمان ساز کردبتوانین خۆمان بگه‌یێنینه ژماره‌یه‌کی زیاتر له کورده‌کان. له حاڵی حازر دا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنه‌که‌مان به‌رته‌نگه وقه‌ره‌باڵغی زۆره ته‌قریبه‌ن ناکرێ دۆعاخوێنی یه‌کشه‌مۆیان چاکتر به‌ڕێوه‌به‌رین.
له‌پاییزی ڕابردووه‌وه تا ئێستا دوو غوسڵی ته‌عمیدمان داوه و دوو ڕێوڕه‌سمی ناشتنیشمان به‌ڕێوه بردووه.له حاڵی حازر دا دووکه‌سمان هه‌یه که ده‌بێ غوسڵی ته‌عمید بدرێن له دادێ دا، دایک و منداڵێک.
یه‌که‌م ڕێوڕه‌سمی عیشای ڕه‌ببانی ئێمه که ڕامانگه‌یاندووه یه‌کشه‌مۆی دادێ بیکه‌ین به زمانی کوردی ده‌بێ، و که‌مێک پێشتر له‌م ڕاپۆرته‌یه و سه‌ر به پێشکه‌وتنه‌کانی ئێمه‌یه له ساڵی دادێ دا؛ به‌ڵام ئه‌من دڵنیام ئه‌وه سه‌رنجی دۆستانمان ڕاده‌کێشێ بزانن که ئێمه ده‌قی پاڕانه‌وه‌ی عیشای ڕه‌ببانی لووتێری خۆمان وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی و ئێستا ئه‌وه نزیک ده‌بینه‌وه له پیرۆزکردنی ئه‌و جێژنه‌مباره‌که بۆ یه‌که‌م جار له کوردستان وبه زمانی کوردی.
ڕه‌نگه لێره دا پێویست بێ جارێکی دیکه باسی ناقووسی کلیساکه‌مان بکه‌م. ئه‌وه وه‌ختابوو به‌قیمه‌تی گیانمان و تێکڕووخاندن و وێرانکردنی گشت پێگه‌که‌مان ته‌واو بێ، به‌ڵام سپاس بۆ خودا هێشتا له‌سه‌ر جێی خۆی ماوه و هه‌موو سه‌رله‌به‌یانی یه‌کشه‌مۆیان به‌ر له دۆعاخوێنی بۆ نیو سه‌عاتان لێی ده‌ده‌ین. له‌م وڵاته دا هه‌بوونی ناقووسێکی باش زۆر پێویسته، چونکوو خه‌ڵک زۆرکه‌م سه‌عاتی دیواری یان سه‌عاتی ده‌ستی یان هه‌یه، و زۆر که‌م له‌وانه‌ش که هه‌یانه ده‌زانن سه‌عات چه‌نده و له ده‌نگ و فه‌نگی تێناگه‌ن.
بۆ دۆعا خوێنی و نزاکردنی ساڵی دادێ ده‌بێ کتێبی شێعرانی ڕووحانی وه‌رگێڕینه سه‌ر زمانی کوردی و چاپی که‌ین؛ هه‌ر وه‌ها ده‌بێ دۆعاخانه‌یه‌ک یان کلیسایه‌ک دروست که‌ین؛ ده‌بێ هێندێک ده‌نگوباسی زه‌قیش ئاماده که‌ین.......... هه‌موو ڕۆژێ ده‌رفه‌تی زۆر باشمان له ده‌ست ده‌رده‌چێ، که زۆربه‌یان ناتوانین به کار بهێنین ئه‌ویش له به‌ر نه‌بوونی ئامراز و وه‌سیله.
مه‌دره‌سه‌ی یه‌کشه‌مۆیان
مه‌دره‌سه‌ی یه‌کشه‌مۆیانمان له 17ی دیسامبری 1911 ڕێک خرا. مامۆستای خۆجێیی، خواجه که‌دووری Kodja Kaduri، به سه‌رپه‌رستی مه‌دره‌سه‌که هه‌ڵبژێردرا. چوار پۆل رێک خران، و چوار مامۆستا له به‌ر کارنران بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رس به‌و پۆلانه بڵێن. ئینجیلی مه‌رقوس به، فارسی، ترکی، کوردی، هه‌رمه‌نی و سریانی به‌کار هێندرا، و به ده‌ستپێکردن له به‌ندی یه‌که‌م، هه‌مان ده‌رس به هه‌موو پۆله‌کان ده‌گوتراوه. مه‌دره‌سه‌که هه‌موو یه‌کشه‌مۆیان له سه‌عات 2ی دوای نیوه‌ڕۆ، جگه له یه‌کشه‌مۆی جێژنی پاک نه‌بێ که ئێمه چ مه‌دره‌سه‌ی یه‌کشه‌مۆیانمان نه‌بوو، داییر بووه و هه‌ر ده‌رسه‌ی سه‌عاتێک تا سه‌عات و نیوێکی خایاندووه.
ئاماده بوون له پۆله‌کاندا، زۆر ناڕێک وپێک بووه، له 11 که‌سه‌وه تا 36 که‌س هاتوون. مرۆ ناکرێ چاوه‌ڕوانی کارێکی به‌ته‌کووز و ئاماده بوونی ڕێکوپێکی ژماره‌یه‌کی زۆر بکا، تائه‌و وه‌خته‌ی که ئێمه بنه‌ماکانی مه‌سیحییه‌ت (Catechism) مان به زمانی کوردی چاپ نه‌کردووه و زمانی کوردی نه‌بووه به زمانی سروود خوێندنه‌وه، قسه‌کردن و زمانی خوێندن له مه‌دره‌سه‌ی یه‌کشه‌مۆیانی ئێمه دا. به حه‌ول و قووه‌تی خوڵای و دۆعا و نزای زیاتری دۆستانی ئێمه له ئوڕووپا و ئه‌مریکا، هیوادارین مه‌دره‌سه‌ی یه‌کشه‌مۆیانمان له ساڵی دادێ دا پێش بکه‌وێ و په‌ره بستێنێ. تۆوه‌که چاندراوه، بێ حاسڵ نابێ، به‌ر دێنێ و پێده‌کا.
پۆلی لاوان
ماوه‌یه‌کی کورت دوای ئه‌وه‌ی مه‌دره‌سه‌ی سه‌ره‌تاییمان داییر کرد، چه‌ندین لاو سه‌ریان لێداین و داوایان کرد هێندێک زمانی ئینگلیسییان فێر بکرێ. و ئاماده‌یی و مه‌یلی خۆیان ده‌ربڕی بۆ ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به بابه‌تی دینی قسه‌یان بۆ بکرێ به‌له‌به‌ریه‌ک ڕانانی مه‌سیحییه‌ت و ئیسلام. ئێمه داوخوازی ئه‌وانمان په‌سند کرد، نه‌ک هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رسی ئینگلیسی یان پێ بڵێین به‌ڵکوو بۆ که‌لکوه‌رگرتن له‌و ده‌ره‌تانه بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له وان نزیک ببینه‌وه و به‌وشێوه‌یه شوێنێکی به‌هێزتری مه‌سیحییان له سه‌ر بکه‌ین.
ژماره‌ی به‌شدارانی پۆلی لاوان تا 11 که‌س زیاد بوو، به‌ڵام له‌جه‌نگه‌ی بشێوێنی و نائارامی سیاسی‌دا، له نیوه‌ی دووه‌می مانگی فێڤرییه دا، و به‌تایبه‌تی له جه‌نگه‌ی ڕاپه‌ڕینی فه‌قێیان به‌دژی ناقووسی کلیسای ئێمه و پێگه‌ی میسیۆن، که ئه‌من سه‌باره‌ت به‌و ڕووداوه پێشتر بۆم نووسیون، ئه‌و پۆله چه‌تی تێکه‌وت، و ئه‌ندامه‌کانی بڵاوه‌یان لێ کرد.
حاڵی حازر ئه‌م پۆله ده‌ستی پێکردووه‌ته‌وه و یه‌کێک له شاگرده‌کانی ئی پۆلی پێشووه و دوانه‌که‌ی دیکه تازه‌ن. یه‌کێک له‌وانه ، میرزای به‌رپرسی کاروباری ده‌ره‌وه [ کارگوزاره]، دڵخوازیی خۆی ده‌ربڕیوه بۆ وه‌رگێڕانی ئینجلی یوحه‌نا به زمانی کوردی.
کارتێکه‌ری قسه‌کردن سه‌باره‌ت به مه‌سیحییه‌ت و ئه‌و شوێنه‌ی له سه‌ر ئه‌و لاوانه‌ی ده‌کا ده‌بێ به نموونه و ڕێگه خۆش ده‌کا بۆ تۆوی به پیتی که‌لامی خوڵای و کۆت و به‌ندی ده‌مارگرژی ئیسلامی هه‌ڵده‌پسێنێ و، به پیل عیسا، ڕزگارکه‌ری گوناهکارانه‌وه دێن.
هیوادارین پاییزی دادێ دیسان پۆلێکی گه‌وره بۆ لاوان بکه‌ینه‌وه، و زۆر باش ده‌بێ ئه‌گه‌ر پێگه‌که‌مان دروست که‌ین، و ژوورێکی تایبه‌تی جوێ که‌ینه‌وه، که تێیدا چاومان به‌و لاوانه بکه‌وێ و سه‌باره‌ت به بابه‌تی دینی قسه‌یان له گه‌ڵ بکه‌ین و خه‌به‌ری ڕزگاریکه‌ری عیسای مه‌سیحیان به گوێدا بانگ بده‌ین!
مه‌دره‌سه‌ی سه‌ره‌تایی کوردستان
ئێمه مه‌دره‌سه‌ی سه‌ره‌تایی خۆمان له 18ی دیسامبری 1911، له ژووری ده‌رمانگه‌یه‌که‌ماندا کرده‌وه به دوو مامۆستای خۆجێییه‌وه،ده‌یڤید بێنیامین و خواجه که‌دووری. له ڕۆژی یه‌که‌م نۆ قوتابی خۆیان نێونووس کرد. ژماره‌که زیادی کرد و گه‌یشته 21. 18 کوڕ و 3 کچ.
ده‌رس دادانی ئه‌و قوتابییانه به بێ کتێبی مه‌دره‌سه ئه‌رکێکی زۆر گران و دژوار بوو. ئه‌گه‌رچی موویان به ڕه‌وانی به کوردی قسه‌یان ده‌کرد، ئێمه نانه‌ت تاقه کتێبێکی ئه‌لفوبێی کوردیمان نه‌بوو بیانده‌ینێ بۆ ئه‌وه‌ی فێریان که‌ین له ڕووی بخوێننه‌وه، گرفتێکی دیکه‌ش ئه‌وه بوو که هیچکام له قوتابییه‌کان فارسییان نه‌ده‌زانێ و، ته‌نێ یه‌کێکیان ده‌یتوانی که‌مێک بخوێنێته‌وه.
مه‌دره‌سه‌که به به‌رده‌وامی سه‌عات 8.30 سه‌رله‌به‌یانی ده‌کراوه. له نیوسه‌عاتی یه‌که‌مدا خوێندنه‌وه‌ی نووسراوه پیرۆزه‌کان و دۆعا خوێنی له لایه‌ن مامۆستای خۆجێیی ده‌یڤید بینیامینه‌وه ده‌کرا. ئینجیلی مه‌رقوس، تاقه کتێبێکی که به کوردی چاپ کرابوو ده‌خوێندراوه.دوایه پۆل ده‌ستی پێده‌کرد، سه‌عاتی نیوه‌ڕۆ،و پشوودان، به پێی نه‌خشه‌ی خوێندنی مه‌دره‌سه‌ی سه‌ره‌تایی ئه‌مریکایی به‌ڕێوه‌ده‌چوو و دوای نیوه‌ڕۆ مه‌دره‌سه 20 ده‌قیقه‌ی بمێنێ بۆ سه‌عات 4 به‌رده‌بوو.
ده‌یڤید بێنیامین ده‌رسی دینی، خوێندنه‌وه، نووسین و حینجه کردنی ده‌گوته‌وه. کتێنه‌کان به شێوه‌ی سه‌ره‌کی به فارسی بوون. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی کرابا زمانی کوردی بۆ قسه‌کردن و گوتنه‌وه‌ی وانه‌کان به‌کار ده‌هێندرا. بۆ پڕکردنه‌وه‌ی کات هێندێک ده‌رسی ئینگلیسی چڵونیوه‌چڵیش به شاگرده گه‌وره‌تره‌کان ده‌گوترا.
خواجه که‌دووری حیساب و خوێندنی نه‌خشه‌ی به ده‌رس ده‌گوت. کتێبی ده‌رسی حیسابیش به زمانی فارسی بوو،به‌ڵام قسه‌کردن و شیکردنه‌وه‌ی ده‌رسه‌که به زمانی کوردی بوو. خوێندنی نه‌خشه‌ش هه‌ر ئاوا به زمانی کوردی بوو.
سه‌رله‌به‌یانی یه‌کشه‌مۆیان به‌ر له ڕێوڕه‌سمی دۆعاخوێنی، مامۆستا خۆجێییه‌که‌مان ئه‌وه‌نده‌ی کرابا قوتابییه‌کانی کۆ ده‌کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به بنه‌ماکانی مه‌سیحییه‌تی لووتێری وانه‌ی زاره‌کییان پێ بڵێ. ده‌ستنووسی وه‌رگێڕانێکی به‌کار ده‌هێنا که ئه‌من چه‌ندین ساڵ له‌مه‌و به‌ر وه‌رمگێڕا. حالی حازر ئه‌و پۆله ڕاگیراوه، تا ئه‌و کاته‌ی بنه‌ماکانی مه‌سیحییه‌ت وه‌ربگێڕدرێته سه‌ر زمانی کوردی.
مه‌دره‌سه‌ی سه‌ره‌تایی له 20ی مارس داخرا، جومعه‌ی به‌ر له حه‌وتووی Passion ( موسیبه‌تی حه‌زره‌تی مه‌سیح). وامان دانابوو له دوای جێژنی پاک دیسان پۆله‌که داییر بکه‌ینه‌وه؛ به‌ڵام گه‌یشتنی دوکتور ئێدمان وبنه‌ماڵه‌که‌ی پێگه‌که‌مانی له هه‌موو کاتێک زیاتر قه‌ره‌باڵغ کردووه، و ده‌بێ بچین له ده‌ره‌وه ژوورێک بۆ مه‌دره‌سه‌که‌مان بدۆزینه‌وه.
کتێبێکی ئه‌لفوبێی کوردی ئێستا به کرده‌وه ئاماده‌یه بۆ چاپ کردن. به دووی ئه‌وه دا بنه‌ماکانی مه‌سیحییه‌ت وه‌رده‌گێڕدرێ، و به دووی وی‌دا، کتێبێکی پچووکی حیسابیش به زمانی کوردی ئاماده ده‌کرێ.ئه‌گه‌ر ئێمه دراوی پێویستمان بۆ چاپکردنی ئه‌و کتێبانه ده‌ست که‌وێ، ده‌توانین بۆ پاییزی دادێ ئاماده‌یان که‌ین بۆ مه‌دره‌سه‌که‌مان.
ئه‌و که‌مایه‌سی و دژوارییه گه‌وره‌یه‌ی مرۆ له کوردستان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاری خوێندن و مه‌دره‌سه به‌بێ خانووی مه‌دره‌سه، به بێ هیچ کتێبێک به زمانی کوردی _ ته‌نانه‌ت به بێ ئه‌لفوبێ و نه‌خشه‌ی پێویست _ به بێ ته‌خته ڕه‌شه و به بێ گێچی نووسین دێته سه‌ر ڕێی، تێگه‌یشتنی نالوێ.
له سه‌رێکی دیکه‌وه، ئێمه خه‌ریکی ئاماده کردنی کتێبی پێویست بووین به زمانی کوردی. به‌ڵام نه پارچه زه‌وی به خۆڕایی و نه ده‌ستنووسی ئه‌و کتێبانه‌ی وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی کوردی هیچ خزمه‌تێک به میسیۆنه‌که‌مان ناکه‌ن، ئه‌گه‌ر دراومان نه‌بێ بۆ دروستکردنی مه‌دره‌سه‌که‌مان و چاپکردنی کتێبه‌کانمان.
خوێنه‌ره‌وه‌ی خۆشه‌ویست ئێمه کاره‌که‌مان داوه‌ته ده‌ست خوڵای، هه‌ر وه‌ها ده‌یده‌ینه ده‌ست ئێوه‌ش. ئێمه ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان بێ ده‌یکه‌ین. ڕه‌نگه ئێوه‌ش هه‌ر وا بکه‌ن. به‌ڵام، ئه‌من دڵنیام زۆر له خوێنه‌ره‌وانی کوردستان میشنێری که ئه‌م ڕاپۆرته ده‌خوێننه‌وه ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌یان هه‌یه یارمه‌تی به‌و کاره بده‌ن. داخودا ئێوه هه‌تانه؟ داخودا یارمه‌تی ده‌ده‌ن؟ خوڵا پشتیوانتان بێ!
دڵسۆزتان
ل.ۆ، فاسوم
له ژماره‌ی10ی ساڵی 2، ژووییه‌ی1912ی کوردستان میشنێری دا نامه‌یه‌کی دیکه‌ی ل.ۆ. فاسوم که له سابڵاغه‌وه نووسیوێتی بڵاو کراوه‌ته‌وه:
نامه له برا فاسومه‌وه.
سابڵا‌غ، کوردستان، ئێران
6ی ژووه‌نی 1912.
برای ئازیز ماکێنسن Mackensen [ سه‌رنووسه‌ری کوردستان میشنێری ]
ڕێز و ئاشتی!
ئێمه زۆر به داخه‌وه‌ین که یای گودهارت ئه‌و هه‌موو گیروگرفته‌ی بۆ هاتووه‌ته پێشێ له سه‌فه‌ری کردنی به ڕووسییه دا. ئێمه به‌رده‌وام ئه‌ومان له بیره و له خودا ده‌پاڕێینه‌وه و هیوا دارین به زوویی له چنگ قانوونی ڕووسییه‌ی رزگارکا و، بگاته لامان و له خۆشی و ناخۆشییه‌کانماندا به‌شدار بێ.
به‌داخه‌وه ده‌بێ ڕابگه‌یێنین که کرێکاره خۆجێییه‌که‌مان ده‌یڤید بێنیامین David Benjamin، که چاوه‌ڕوانیمان لێده‌کرد خزمه‌تێکی درێژ و پیرۆز بکا، ئێمه به جێ ده‌هێڵێ. هیچ شکایه‌تمان لێی نییه و زۆری پێ خۆشحاڵ ده‌بووین له لامان بمێنێته‌وه و بێده‌نگ بێ و وه‌ک پێشوو له سه‌ر کاری خۆی به‌رده‌وام بێ؛ به‌ڵام له‌به‌ر ده‌مه‌قاڵه و کێشه‌یه‌کی شه‌خسی له نێوان وی و کرێکارێکی دیکه‌ی خۆجێیی دا، که ئێمه نه‌مان ده‌توانی به‌ریوانییان بکه‌ین و به‌جۆرێک بجووڵێینه‌وه ئه‌و پێی ڕازی بێ، ئه‌و بڕیاری دا بڕوا. زۆر به‌داخه‌وه‌ین بۆ ئه‌و بڕیاره تونده‌ی داویه؛ به‌ڵام له هه‌مان کاتدا، هیوادارین و ده‌پاڕێینه‌وه خودا رێنیشانده‌ری بێ و بیپارێزێ ، و ئه‌گه‌ر بکرێ، له‌شوێنێکی دیکه بۆ خزمه‌تی خۆی به‌کاری بهێنێ.
له نێو په‌ژاره و گیروگرفته‌کانماندا ئێمه خۆشی و شادیشمان هه‌یه. به خۆشییه‌وه ڕاده‌گه‌یێنین له 4ی ژووه‌ن جه‌نابی لازاروس گیوڤرێ ( یاورێ) Lazarus Giovre ( Jaure). که خه‌ڵکی ئێرانه و، له هێرمانسبورگ، ئه‌ڵمان په‌روه‌رده‌ی دیوه، گه‌یشته ئێره. ئه‌و له لایه‌ن دوستان له هێرمانسبورگه‌وه ناردراوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌م میسیۆنه دا کار بکا. ده‌بێ ئه‌وه‌ش جه‌خت بکه‌ینه‌وه ئێمه چاوه‌ڕوانی زۆر خزمه‌تی جێی باوه‌ر وپیرۆز ده‌که‌ین له‌و کرێکاره خۆجێییانه‌ی هێرمانسبورگ ده‌یانێرێ تا له‌چاو کرێکاری خۆجێیی ئێرانی لێره. جه‌نابی لازارۆس گیۆڤرێ نه‌خشه‌ی وایه کاری په‌روه‌رده کردن له میسیۆنێری ئێره به ئه‌ستۆوه بگرێ....... دوکتور ئێدمان ئه‌م به‌یانییه چووه ورمێ. شووڕای کلیسایی ئاگوستانا نوێنه‌رایه‌تی داوه‌تێ به‌و مڵک وماڵی که له‌دوای عیساق یوهاننان Isac Johannan که له ماڵی خۆی له دێگوڵه Degaloh، ئێران پاییزی ڕابردوو کووژرا ڕابگا و یه‌کلای کاته‌وه. چاوه‌ڕێ ده‌که‌ن دوکتور ئێدمان تا دووحه‌وتووی دیکه بگه‌ڕێته‌وه.
هه‌ر ئه‌م ڕۆژانه چاوه‌ڕێی هاتنی کونسولی ڕووسییه و دامه‌زرانی کونسولخانه‌ی ڕووسییه لێره ده‌که‌ین.
[ مه‌به‌ست له هاتنی ئالێکساندر ئیاسه بۆ سابڵا‌غ که به پێی نووسینی خۆی له 14ی ئۆکتۆبری 1912 گه‌یشتووه‌ته سابڵا‌غ] . ئه‌و گیروگرفته‌ی کاربه‌ده‌ستانی ڕووسییه بۆ یای گودهارتیان ساز کردووه شتێکی سه‌یر و نائاسایی یه. ئێمه پێمان خۆشه ڕۆۆسه‌کان له کوردستان کونسولخانه ده‌که‌نه‌وه و دڵنیاین ئه‌وه پشتیوانییه‌کی گه‌وره‌یه بۆ چالاکییه‌کانانمان.
سیاسه‌تی ئێران وه‌ک ڕابردوو ئاڵۆز و تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵه. نازانین باسی چ بنووسین؛ چونکوو هه‌لومه‌رج و ڕاپۆرته‌کان به‌رده‌وام ده‌گۆڕدرێن. ئێمه به له‌سه‌ره‌خۆیی کاری خۆمان ده‌که‌ین، نه‌خۆشان موداوا ده‌که‌ین و کتێبان ئاماده ده‌که‌ین. کتێبی ئه‌لفوبێ ئاماده‌یه بنێردرێ بۆ چاپ کردن، چه‌ندین سروودی ڕوحانی وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی کوردی بۆ نوێژی جه‌ماعه‌ته‌کانمان و، ئێستا ئه‌وه خه‌ریکی وه‌رگێڕانی بنه‌ماکانی مه‌سیحییه‌ت Catechism ین. ده بڵا باریته‌عالا دراوی ئه‌وه‌مان بخاته به‌رده‌ستی بتوانین ئه‌و کتێبانه‌یان پێ چاپ که‌ین و به‌کاریان بهێنین.
له قووڵایی دله‌وه سڵاو ده‌که‌م له هه‌موو دۆستان.
هاوکارتان له پێناو عیسا دا،
ل.ۆ. فاسوم
No comments:
Post a Comment