نووسراوه‌کانی لودویگ ئولسن فاسوم له کوردستان میشنێری دا به‌شی دووه‌م
وه‌ته‌نی باپیرم
کوردستان قه‌دیم
کێو و شاخ و ده‌شتی
خۆشن بۆ دڵم
جێی دایک و با بمه
ماڵی خوشک وبرا
هه‌ر تۆزێکی، هه‌ر به‌ردێکی
بۆم مروارییه *
نووسراه‌وه‌کانی لودڤیگ ئولسن فاسوم له کوردستان میشنێری دا ( به‌شی دووه‌م)
حه‌سه‌نی قازی
له ژماره‌ی 11ی کوردستان میشنێری ساڵی 2، ئووتی 1912 له لاپه‌ره‌ی 1 دا به‌کورتی ئاماژه به نامه‌یه‌کی فاسوم کراوه:
" برامان فاسوم له نامه‌یه‌ک دا که له به‌رواری 8ی ژووییه نووسیویه ڕاده‌گه‌یێنێ: "به پێی دوایین نامه‌ی وا چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین یای گودهارت تا نزیکه‌ی 3 حه‌وتووی دیکه بگاته سابڵاغێ" و ده‌ڵێ پێوه‌یه بچێ بۆ ته‌ورێزێ بۆ بهروپیل چوونی له 25ی ژووییه. به‌ڵام سه‌یره ئێمه له‌وه‌تا ژماره‌ی ڕابردوو که باسی نامهیهکیمان کرد هیچ خهبهرێکیمان پێ نه‌گه‌یشتووه. هێوادارین، کاره‌کان به دڵی وی بووبن و پاسپۆرته‌که‌ی وه‌رگرتبێ.
برامان فاسوم هه‌ر وه‌ها ده‌نووسێ جه‌نابی یاورێ بۆ ماوه‌ی 2 یان 3 مانگ چووه بۆ ورمێ، و ده‌کرێ ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی تا زستانی دادێ درێژ بێته‌وه. وه‌ک خوێنه‌وه‌ران له بیریانه، جه‌نابی ئاورێ له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی هێرمانسبورگه‌وه ناردرابوو که له گه‌ڵ جه‌ماعه‌تی ئێمه له کوردستان کار بکا...
هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌دا کوردستان میشنێری ڕاپۆرتێکی چاوڕاکێشی ل.ۆ،فاسومی سه‌باره‌ت به پێگه‌که‌یان و مێژووی کوردستان و عه‌شیره‌ته کورده‌کان بڵاو کردووه‌ته‌وه:
میسیۆنی کوردستان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی نێوه‌ندی
هه‌ڵکه‌وتی پێگه‌که‌مان
ده‌کرێ بگوترێ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی نێوه‌ندی له نێوان مه‌داری پله‌ی 37 و 35 ی جوغرافیایی به‌ره‌و باکوور درێژده‌بێته‌وه. له ڕه‌واندزه‌وه له پاشالغی ترکی مووسڵ دا تا ده‌گاته ڕۆژئاوای چۆمی جه‌غه‌توو له ڕۆژهه‌ڵات. کوردستان جگه له‌وه‌ی که به‌شێک له‌و پاشالغه ترکه‌ی که له سه‌ره‌وه دا ئاماژه‌ی پێ کرا ده‌گرێته‌وه، بریتییه له دوو ئه‌ستانی ئێرانیش، ئه‌رده‌ڵان و ئازه‌ربایجان.
دانیشتوان خۆیان ئه‌و جیاوازییه جوگرافیانه له نێوان ئه‌م به‌ش و ئه‌وبه‌شی کوردستان دا ناکه‌ن، به‌ڵکوو به ساده‌یی ده‌ڵێن له ئێران یان ترکییه ده‌ژین. به‌ڵام ئه‌و سنووره ناته‌واو و ئاماده‌یه هێندێک نیشان ده‌دا که ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی نێوه‌ندی، پێگه‌ی چالاکی ئێمه له کوێ هه‌ڵکه‌وتووه.
خه‌سڵه‌ته‌کانی ته‌بیعی ناوچه‌که
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی نێوه‌ندی بریتییه له درێژبوونه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ک شاخی سه‌رسووڕهێنه‌ر، که ئاراسته‌ی سه‌ره‌کییان به‌ره‌و باکووری باکووری ڕۆژئاوا و باشووری باشووری ڕۆژهه‌ڵاته.زنجیره شاخی هه‌ره سه‌ره‌کی ده نێو ئه‌وانه دا زاگڕۆسه. له باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سابڵا‌غ ئێمه لکی ڕشته شاخی ئه‌لبورز ده‌بینین، که به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات درێژ ده‌بێته‌وه تا ده‌گاته باکووری ئێران؛ له کاتێکدا له به‌شی باشووری ئه‌و خاکه دا، له ڕۆژهه‌ڵاتی سنه، چیای ئه‌لوه‌ند هه‌ڵکه‌وتووه که، ئه‌وه‌ش کۆمه‌ڵێکی جێی سه‌رنجه.
چۆمه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و وڵاته بریتین له جۆمی که‌ڵوێ، که سه‌رچاوه‌ی له شاخه‌کانی زنجیره‌ی زاگڕۆس له ڕۆژئاوای بانه هه‌ڵده‌قوڵێ و به‌ره‌و باشوور و ڕۆژئاوا دهڕاو و تێکه‌ڵی ده‌جله ده‌بێ. چۆمه‌کانی ته‌ته‌هوو و جه‌غه‌توو، که هه‌ردووکیان سه‌رچاوه‌یان له شاخه‌کانی لای ڕۆژهه‌ڵاتی بانه هه‌ڵده‌قوڵێ به‌ره‌و باکوور ده‌ڕۆن و ده‌ڕژێنه ده‌ریاچه‌ی ورمێ، و چۆمێکی دیکه قزڵ ئوێزهنه، که له به‌رزاییه‌کانی نێوان سه‌قز و سنه ڕا سه‌ڕچاوه ده‌گرێ و دواجار به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات ڕێ ده‌ر ده‌کا و ده‌ڕژێته ده‌ریای خه‌زه‌ر. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که ئه‌و چۆمانه به‌ڕێژه له خاكێکی پچکۆڵه دان و به‌ره‌و سێ ئاراسته‌ی جیاواز لووزه‌و ده‌به‌ستن، به هاسانی دکرێ بهێنرێته به‌رچاو که ته‌ڕکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی که ئه‌من نێوی " ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی نێوه‌ندی"م لێ ناوه چه‌نده پارچه‌پارچه‌یه.
کورته مێژوویه‌کی کوردان
سه‌باره‌ت به‌مێژووی کورده‌کان کێشه و هه‌رایه‌کی زۆر هه‌یه، و وێناچێ، قه‌ت بکرێ له نێو گه‌ڵێک دا که هیچ ئه‌ده‌بییاتێکی ئه‌وتۆی نییه،ئاکامێکی جێی ڕه‌زایه‌ت له‌وباره‌یه‌وه به‌ده‌ست بخرێ. پرسی ئه‌وه‌ی داخودا ئه‌وان ڕه‌چه‌ڵه‌کی ئێرانی یان توورانییان هه‌یه قه‌ت به شێوه‌یه‌کی ته‌واو یه‌کلا نه‌کراوه‌ته‌وه. هێندێکان باوه‌ڕیان وایه که کورده‌کان له تۆره‌مه‌ی ماده‌کانی که‌وناران، خه‌ڵکی دیکه ده‌ڵێن ئه‌وان له تۆره‌مه‌ی پارتییه‌کانن. به‌ڵام،به‌دیلێکی ههرهلهبار و زۆر ویچووتر له‌وه دا دهبنیدرێتهوه کورده‌کان به ڕه‌چه‌ڵه‌کی عه‌شیره‌ته‌کانی گاردو Gardu یان کاردۆ
Kardu دابندرێن که سه‌ر به سه‌رده‌مای هیتیته‌کان Hittite بوون، که دوایه له کاتی جووڵانی خه‌ڵکی ئاریان به‌ره‌و ڕۆژئاوا بوونه ئارایی.
له‌وه‌یدا که کورده‌کان گاردوخی (کاردۆچی) Carduchi (Kardu-chi) گێزێنێفۆنن که ده‌هه‌زار سواره‌یان ڕاونا و ئازاریان پێ گه‌یاندن، ناکرێ هیچ گۆمانێک هه‌بێ.
چاره‌نووس و به‌ختی کورده‌کان قه‌ت ئاشتیانه نه‌بووه، له به‌ر ئه‌وه‌ی پێکهاته‌یان سیستمێکی ئاڵۆزی عه‌شیره‌تییه، ئه‌وه هه‌میشه، هه‌ر وه‌ک ئێستاش، پێشی لێ گرتوون له چوارچێوه‌ی شانشینێک دا یه‌ک بگرن، و ده‌ستیان له‌دژی ده‌ستی هه‌رکه‌سێک بووه و له ماوه‌ی سه‌ده‌کانی ڕابردووی مێژووی ئاسیای پچووک دا هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌کی وێرابێتی ئه‌وێ بکاته مه‌یدانی ڕمبازی سواره‌ی خۆی تووشی به تووشی به‌ڕه‌وڕووبوونه‌وه و دژه هێرشی ئه‌و چیانشینه ئازا و سه‌رسه‌ختانه هاتووه و تێک شکاوه.
کورده‌کان قه‌ت وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی خاوه‌ن ئه‌ده‌بییات نه‌دره‌وشاونه‌ته‌وه، به‌ڵام چه‌ندین که‌س له وان له مێژوو دا به نێو ناسراون.سه‌لاحه‌دینی خاچپه‌رستان کورد بوو، هه‌ر وه‌ها ئیدریسی، جوگرافیزانی به‌نێوبانگی عه‌ڕه‌ب ، محه‌مه‌د ئاغا، له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 19 هه‌مدا، ژه‌نه‌ڕاڵێک بوو له ئه‌ڕته‌شی ترک دا، که توانایی و بێ به‌زه‌ییه‌کانی ته‌نانه‌ت ئێستاش له بیر نه‌چووه‌ته‌وه و به ترس و له‌رزه‌وه باسی لێوه ده‌کرێ. و ئه‌گه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به مێژووی ئه‌و پیاوانه بکرێ که له کۆنستانتینۆپل و جێکای دیکه‌ی دنیای موسوڵمان دا پله و پایه‌ی به‌رزیان وه‌ده‌ست هێناوه، بێگومان کوردێکی زۆریان تێدا ده‌بیندرێته‌وه. چونکه سه‌ڕه‌ڕای ئه‌و ڕاستییه‌ی که ئه‌ده‌بییاتیان نییه و نه‌ریتێکی که‌میان هه‌یه، به‌ڵام گه‌لێکی بیرتیژ و به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ژیرن، و حه‌وجێیان به ئه‌وه‌یه ڕووناکایی عیسایان له دڵێ بگه‌ڕێ، و به هه‌بوونی حکوومه‌تێکی باش، و سیستمێکی په‌روه‌رده توانایی و خه‌سڵه‌ته باشه‌کانیان گوڵ ده‌کا و ده‌رده‌که‌وێ.
دێنی کورده‌کان
سه‌باره‌ت به دینه‌که‌یان، کورده‌کان موسوڵمان و سه‌ر به ڕێڕه‌وی سونین، له کاتێکدا فارسه‌کان، بێ ڕێزپه‌ڕ سه‌ر به ڕێڕه‌وی ئیسلامی شیعه‌ن. سوننه، یان قانوونی نه‌ریتی بریتییه له کتێبی حه‌دیس و کردوه‌ی محه‌مه‌د. مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ڕێوشووێنی هه‌موو پێوه‌ندییه ئاڵۆز و پێچه‌ڵپێچه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کانی ئیمپراتۆری ئیسلامی و به‌ڕێوه‌چوونی عه‌داڵه‌ت له بواری مه‌ده‌نی و تاوانکاری دا، دیاری بکا...... 'ئه‌و سونه‌ته' ، یان قانوونی نه‌ریتی، ئه‌بووبه‌کر، عومه‌ر و عوسمان وه‌ک سێ خه‌لیفه‌ی یه‌که‌م ده‌ناسێ.
شیعه‌کان یان پێڕۆیانی ڕێڕه‌وه‌که‌ی هه‌مبه‌ر، ده‌سته‌ڵاتی ' سوننه' به‌رپه‌رچ ده‌ده‌نه‌وه و له جیات ئه‌و خهڵیفانهی له سه‌ره‌وه دا ئاماژه‌یان پێ کرا، که ئیدیعا ده‌که‌ن زه‌وتکار بوون، عه‌لی، حه‌سه‌ن، و حوسێن به ڕه‌سمی ده‌ناسن و به میراتگری ڕاسته‌قینه‌ی سه‌رۆکایه‌تی موسوڵمانیان ده‌زانن.
ئه‌و دوو ڕێره‌وانه زۆر دوژمنی توندی یه‌کترین، و هیچکامیان چ ده‌رفه‌تێک له کیس خۆیان نادان بۆ پێوه‌هه‌ڵکاڵانی یه‌کتری. ئێستاش له ناوچه‌کانی سنووری کوردستاندا ئه‌و شوێنه کاولکراوانهی که قه‌ت دروست نه‌کراونه‌ته‌وه ده‌بیندرێن که نیشانه‌ی کرده‌وه‌ی دوژمنکارانه‌ن به دژی شیعهیهکان.
زمانی کورده‌کان
له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی نێوه‌ندی دا زمانی کوردی یان ئه‌و له‌هجه‌یه‌ی قسه‌ی پێ ده‌کرێ به " کرمانجی" نێوزه‌د ده‌کرێ. جگه له فارسی، زۆر وشه و زاراوه‌ی عه‌ڕه‌بی و ئارامی تێدایه.زۆربه‌ی عه‌شیره‌ته‌کان له هه‌موو کوردستانی ئێران، له‌وزمانه یان له‌هجه‌یه تێده‌گه‌ن، و بێگومان زۆر له کورده‌کان له کوردستانی ترکییه‌ش زیاتر له هه‌موو له‌هجه‌یه‌کی دیکه لێی تێده‌گه‌ن.ئه‌و له‌هجه‌یه که له لایه‌ن زیاتر له په‌نجا عه‌شیره‌ته‌وه له نێو چه‌ق و هه‌ناوی نێوه‌ندی کوردستان دا قسه‌ی پێده‌کرێ و لێی تێده‌گه‌یشترێ،باش لێی ده‌وه‌شێته‌وه ببێ به زمانی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ده‌بی هه‌موو کوردستان.
لیسته‌ی عه‌شیره‌ته کورده‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی نێوه‌ندی
عه‌شیره‌ته‌کورده‌کانی نزیک سابڵا‌غ بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه: 1- مه‌نگوڕ، 2- مهڵکهڕی، 3- ئالانی دوولکان، 4- کهڵوێیی،5- گه‌ورک، 6- ده‌رمانی و ، 7- باسکی کۆڵهستان
عه‌شیره‌ته کورده‌کانی نزیک سه‌قز بریتین له:
1-خوڕخوڕه، 2- عهلدی و زۆر عه‌شیره‌تی کۆچه‌ر که دێنه ئه‌م ناوه بۆ له‌وه‌ڕاندنی مێگه‌ل مه‌ڕ و ئاژه‌ڵه‌کانیان له وه‌رزی هاوینێ دا. عه‌شیره‌تی هه‌ره گه‌وره له نێو ئه‌وانه دا عه‌شیره‌تی گه‌وره‌ی جاف ه.
عه‌شیره‌ته‌کورده‌کانی نزیک بانه بریتین له:
1- ته‌رجانی، 2- ده‌شته‌تاڵی، 3 – ئیختیاره‌دینی.
و به‌ڵای خوارووی ئه‌و عه‌شێره‌تانه‌ی دوایی که ئاماژه‌یان پێ کرا، له نزیک سنه، نزیکه‌ی 20 عه‌شیره‌تی دیکه هه‌ن، و به لای ڕۆژئاوای ئێمه دا، له ده‌ورو به‌ری سه‌رده‌شت و ڕه‌واندز دا چه‌ند عه‌شیره‌ت هه‌یه؟ ئه‌من ئاگادار نیم.
میسیۆنی ده‌رمانی ئێمه، له ماوه‌ی که‌متر له ساڵێکدا، به ئامراز و که‌لوپه‌لی چڵ و نیوه‌چڵی خۆیه‌وه زیاتر له 1300 نه‌خۆشی موداوا کردووه. ئێمه ده‌ستمان به کاری مه‌دره‌سه کردووه، به‌ڵام بۆمان ده‌رکه‌وتووه بۆمان هه‌ڵناسووڕێ به‌رده‌وام بین تا ئه‌وکاته‌ی کتێب و ئه‌ده‌بییاتمان چاپ نه‌کردبێ. کتێبێکی ئهلف و بێی کوردی، کتێبێکی پچووکی سروودی ڕووحانی. بنه‌ماکانی مه‌سیحییه‌تی لووتێر، و کتێبێکی حیساب ئێستا ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بچنه ژێر چاپ.
ئێمه ده‌سته‌یه‌کی 25 که‌سی نزابێژانمان ڕێک خستووه، دۆعاخوێنی به‌رده‌وامی لووتێری هه‌موو سه‌رله‌به‌یانی یه‌کشه‌مۆیان ڕێک خراوه و مه‌دره‌سه‌ی یه‌کشه‌مۆیانیش هه‌موو یه‌کشه‌مۆیان دوای نیوه‌ڕۆ داییر بووه.
ئێمه ده‌بێ نه‌خۆشخانه‌که‌مان، خانووی مه‌دره‌سه‌که‌مان، ماڵی منداڵانی بێ دایوبابمان، کلیسامان ، و ماڵی میسیۆنێره‌کانمان دروست بکه‌ین.ده‌بێ چاپخانه‌یه‌کمان هه‌بێ بتوانین به‌خێرایی ئه‌و بڵاوکراوه و کتێبانه‌ی به کوردی ئاماده‌یان ده‌که‌ین پێ چاپ بکه‌ین........ئه‌وه ئه‌رکی ئێمه‌یه بیکه‌ین. به‌ڵام به ته‌نێ ناتوانین بیکه‌ین. به‌ڵکوو ئێوه‌ش یارمه‌تیمان بده‌ن......
ل.ئو. فاسوم
سابڵا‌غ، کوردستان، ئێران
7ی ژووییه‌ی 1912. "
ژماره‌ی 7و8ی ساڵی 6ی کوردستان میشنیری که له جه‌نگه‌ی شه‌ڕی یه‌که‌مدا له مارس و ئاوریلی 1915 له دیترۆیت له میشیگان ده‌رچووه، نامه‌یه‌کی کورتی فاسومی بڵاو کردووه‌ته‌وه:
" نامه‌یه‌ک له که‌شیش فاسومه‌وه به‌به‌رواری 26ی ژانڤییه‌ی [ 1915] که‌شیش فاسوم له سابڵاغه‌وه ده‌نووسێ: " ئێوه ماوه‌یه‌که هیچ خه‌به‌رێکتان له ئێمه‌وه پێنه‌گه‌یشتووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ جۆره پێوه‌ندییه‌ک له نێوان ئێره و ئه‌مریکا دا نییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌من هیوادارم ئه‌م نامه کورته بتوانێ به‌ده‌ستتان بگا و دڵتان بکاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی شوکرانه بژێری خوڵای بن له به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆژه تاڵ و ناخۆشانه‌دا ئێمه‌ی پاراستووه.
خه‌به‌رێکی زۆر هه‌یه بینووسم،به‌ڵام ئێستا ناتوانم بینووسم. تکایه خێزانم ئاگادار بکه‌ن که ئه‌من سڵامه‌تم. له‌وانه‌یه ئه‌و نامه‌ی بۆ ئه‌وانم ناردووه به ده‌ستیان نه‌گا به‌ڵام ئه‌م نامه‌یه به‌ده‌ست ئێوه بگا. ده‌مه‌وێ دیسان جه‌خت له سه‌ر ئه‌و داوخوازه بکه‌مه‌وه چه‌ندی بۆتان ده‌گونجێ دراو کۆ بکه‌نه‌وه و ئاماده‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رکاتێک بانکه‌کان کرانه‌وه بینێرن. بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین هه‌م قه‌رزه‌کانمانی پێ بده‌ینه‌وه و هه‌م درێژه به کاره‌کانمان بده‌ین بۆ یارمه‌تی دان و ده‌ستگیرۆیی له نه‌داران. ئێستا چی دیکه ناتوانم بڵێم. له نێو هه‌مووکه‌س دا یارمه‌تی کۆ بکه‌نه‌وه. له هه‌موو جێگایه‌ک میسیۆنی ئاوا هه‌ن که دڵخوازانه ئاماده‌ن یارمه‌تی ده‌نێو نه‌داران و ئه‌وانه‌ی ده‌ستته‌نگن بڵاو بکه‌نه‌وه، و به شێوه‌یه‌کی عادڵانه.
ئێمه چه‌ندین ڕاپۆرتی شووڕای پێگه‌ی ئێره‌مان هه‌یه بیاننێرین به‌ڵام چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین هه‌تا ڕێگا ئه‌مین ده‌بێ. هه‌رچۆنێک بێ باش ده‌بێ دوکتوری نوێ هه‌رکه ڕێگاکان کرانه‌وه بنێرن، هه‌ر وه‌رزێکی ساڵ ده‌بێ گرینگ نییه. ئێستا زه‌وی هه‌رزانتره و ئێمه چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌ت ده‌که‌ین. ..........
ل.ئو.فاسوم
کوردستان میشنێری ژماره‌ی 10، ساڵی 6، ژووییه‌ی 1915 دوونامه‌ی ل.ئو.فاسوم ی بڵاو کردووه‌ته‌وه که له سابڵاغه‌وه ناردوویه
له پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌مانه‌وه ئه‌م دوو نامانه‌ی خواره‌وه‌مان به ده‌ست گه‌یشتووه:
سابڵا‌غ، کوردستان، ئێران
4ی مه‌ی 1915
دۆستانی خۆشه‌ویستی میسیۆنی کوردستان:
سڵاوێک به کرده‌وه ته‌نیا شتێکه که ئێستا ده‌توانم بۆتان بنێرم.به مانگانه هه‌موو جۆره پێوه‌ندییه‌ک له گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه هه‌ڵبڕاوه و، ئه‌گه‌رچی ئێستا وێده‌چێ کرانه‌وه‌یه‌ک هه‌بێ، ئێمه نازانین ئه‌وه هه‌میشه‌یی ده‌بێ یان نا. ئه‌من زۆر شتم نووسیوه که ئه‌گه‌ر پۆسته ناردن ئه‌مین بێ بۆتان به‌ڕێ ده‌که‌م. تا ئه‌و کاته ده‌بێ سه‌برتان هه‌بێ.
به‌گشتی ئێمه ده‌بێ خۆشحاڵ بین و سپاسی خوڵای بکه‌ین و له وزه‌مان دا بێ بڵێین که له‌و هه‌موو دژوارییه سه‌ختانه دا خۆمان ڕاگرتووه و کاره‌که‌مان په‌کی نه‌که‌وتووه، نه‌ک هه‌ر په‌کی نه‌که‌وتووه به‌ڵکوو ده‌ستکه‌وتیشی له کاتی ئاشتی زۆرتر بووه.ڕه‌نگه ئه‌وه‌تان پێ سه‌یر بێ، به‌ڵام به‌ڕاستی ئاوایه. ئاماده بوون له دۆعاخوێنییه‌کانماندا قه‌ت له ڕابردوو دا ئاوا ڕێک و پێک نه‌بووه. ئێمه له نێوخه‌ڵک دا له به‌ر ئه‌و یارمه‌تییانه‌ی به لێقه‌وماوان،تاڵانکراون، هه‌ژاران و ئاواره‌کانی شه‌ڕمان کردووه به‌پرێستیژین و ڕێزمان لێده‌گرن. زۆر جاری واهه‌بووه بانگ کراوین بۆ یارمه‌تیکردنی موسوڵمانی ده‌مارگرژی ئه‌وتۆ که له وه‌ختی دیکه دا هه‌ر قسه‌شیان له گه‌ڵ نه‌ده‌کردین، و ئه‌و یارمه‌تییانه‌ی پێیان ده‌که‌ین بۆچوونێکی به‌ته‌واوی تازه‌ی له دڵیان دا له ئاست ئێمه‌ساز کردووه. خه‌ڵکی ئه‌وتۆی که کاتی خۆی به‌شدارییان ده‌کرد له ڕاوه‌دوونانمان و له‌بنه‌وه حه‌ولیان ده‌دا لێره‌مان ده‌رپه‌ڕێنن، ئێستا ده‌ڵێن ئاماده‌ن یارمه‌تی ڕوحی و داراییمان پێبکه‌ن، و له چه‌ند نموونه‌یه‌کدا ئێمه ئه‌و یارمه‌تییانه‌مان لێ قبووڵ کردوون.
حاکمی ئێستا، که قازییه‌کی موسڵمانه [ مه‌به‌ستی قازی فه‌تتاح ه ح.ق. ] چه‌ندین جار پیاوه‌کانی خۆی ناردووه‌ته لای ئێمه و ئاماده‌یی نیشان داوه به هه‌ر شێوه‌یه‌ک له ده‌ستی بێ یارمه‌تیمان بدا، پێویستیمان به هه‌رچێیه‌کی بێ بۆ مان دابین بکا،ئارد، گه‌نم، دراو و هتاد. ڕۆژێکیان شارۆمه‌ندێکی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هاته حه‌ساری خانووه‌که‌مان و ده‌ستمان کرد به قسه کردن سه‌باره‌ت به خه‌ڵکی هه‌ژار و ئه‌و کوێره‌وه‌رییه‌ی ده‌یکێشن و ئه‌و له سه‌ر قسه‌کانی به‌رده‌وام بوو گوتی: " ئه‌من بیستوومه ئێوه یارمه‌تی نه‌داران ده‌ده‌ن، ها ئه‌وه هێندێک دراوت ده‌ده‌مێ بیده‌ی به خه‌ڵکی هه‌ژار، چونکوو ئه‌تۆ ده‌زانی کێ پێویستی پێیه‌تی." ئه‌من دراوه‌که‌م بژارد 18 قڕان بوو که ده‌کاته نزیکه‌ی دۆڵارێک و حه‌فتاوپێنج سێنت. له‌وه‌ش زیاتر گوتی: " خزمه‌تکاره‌کانت بنێره ماڵێ، ئه‌من 100 تمه‌نتان به قه‌رز بۆ ده‌نێرم به بێ سوود و سه‌له‌م تا ئه‌و کاته‌ی له دۆسته‌کانتانه‌وه له ئه‌مریکا دراوتان ده‌گاته ده‌ستی.
ئێمه به‌رده‌وامین له دۆعا و نزا له لای ئێوه بۆناردنی مێسیۆنێرێکی ده‌رمانی لاو و به‌توانا و دوو میسیۆنێری پیاوی دی.ئێمه به په‌ژاره‌وه ده‌بیستین هێندێک له دۆستانمان بیری لێ ده‌که‌نه‌وه میسیۆنێر بنێرن بۆ مێکزیکۆ. ئێمه یه‌که‌مین بۆ هاوار کردن و پاڕانه‌وه، گه‌لۆ نابێ له پێشدا گوێ له ئێمه بگرن؟ ئێمه باوه‌ڕمان به ئێڤانگێلی کردنی هه‌موو کوره‌ی زه‌وی هه‌یه و دۆعا بۆ ڕۆژێکی ئه‌وتۆ ده‌که‌ین و ئاماده‌ین بۆههرجێیهکی بچین که خوڵا ده‌مان نێرێ، به‌ڵام ئێمه ئه‌وه لێره‌ین له سه‌ر زه‌وییه‌کی کراوه و ئاماده‌ی که هاوار ده‌کا کرێکاران بێن و کاری تێدا بکه‌ن. ئێمه سه‌ره‌تایه‌کمان دامه‌زراندووه که نرخی به دۆڵار و سێنت ناپێورێ، باشه بۆچی ده‌بێ ئێمه لێره ئه‌وه‌نده کرێکارمان که‌م بێ؟.......
ل.ئو.فاسوم"
سابڵا‌غ، کوردستان، ئێران
13ی مای 1915.
خۆشه‌ویستانی دهستهبهڕێوهبهری ودۆستانی میسیۆنه‌که‌مان
دیسان سڵاوتان لێ بێ. ئه‌من ده‌نگوباسێکی زۆرم ئاماده کردووه به‌ڵام هێشتا ناویڕم بیاننێرم. به‌وجۆری ئه‌من هیوادار بووم دیاره جارێ ڕێگا نه‌کراوه‌ته‌وه. ئه‌و شه‌ڕه‌ی هه‌ڵگیرساوه له ده‌ور و به‌ری ئێمه به‌رده‌وامه و، ئێمه شوکرانه بژێری خوڵای گه‌وره‌ین بۆ پاراستنمان و ئه‌و یارمه‌تییه‌ی پێمان ده‌کرێ.
له ورمێ په‌تای جیدی تیفۆس [گرانه‌تا] بڵاو بووه‌ته‌وه و له‌وێ پێویستییان به یارمه‌تییه بۆ ئه‌وه‌ی پیش به بڵاو بوونه‌وه‌ی زیاتری بگرن. به سه‌دان که‌س خه‌ریکن ده‌مرن. ئه‌وان داوای یارمه‌تییان له ئێمه کردووه و ئێمه‌ش به‌ڵێنمان پێداون هه‌رچه‌ندی زوو له ده‌ستمان بێ یای گودهارت ده‌نێرین، به‌ڵام جارێ ڕێگا ئه‌مین نییه و ئه‌و وه‌ڕێ نه‌که‌وتووه...... حه‌وجێیه‌کی زۆرمان به دراوه بۆئه‌وه‌ی کاره‌کانمان به باشی بکه‌ین.
ده‌بێ میسیۆنێرێکی ده‌رمانی و دوو میسیۆنێری دیکه‌ی پیاو هه‌ر که شه‌ڕ ته‌واو بوو بنێردرێن. ئه‌و شه‌ڕه ده‌رگاکانی به‌ڕووی میسیۆنه‌که‌ی ئێمه دا زۆر زیاتر له‌وه‌ی که ئاشتی ده‌یتوانی بیکا کردووه‌ته‌وه. ئێمه له نێو خه‌ڵک دا حورمه‌ت و پرێستیژمان وه‌ده‌ست هێناوه، و به ڕێگای سه‌ربازان و دڵخوازانی کورد دا ناسراوین و ته‌نانه‌ت له ناوچه دوورده‌سته‌کانی پێگهکهشماندا به چاکه باسمان ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی که ئێستا زۆر زیاتر پێوویستیمان پێی هه‌یه کرێکاری دیکه‌یه.
ئێمه خه‌ریکی باشترکردنی مڵکی پێگهکهمانین و هێندێک شتی لێ‌زیاد ده‌که‌ین و هه‌تا سێپتامبری دادێ که ماوه‌ی ئیجاره ته‌واو ده‌بێ ده‌توانین بگوێزینه‌وه نێو ژووره‌کانی خۆمان. دانی کرێی ساڵانه‌ی 180 دۆڵار یه‌کجار زۆره له کاتێکدا ئێمه ده‌توانین مڵکێک به 700 تا 800 دۆڵار بکڕین که له سه‌ره‌تاوه به باشی جێ‌مان تێیدا ده‌بێته‌وه.......
ل.ئو. فاسوم "
ژماره‌ی 11ی ساڵی 6، مانگی ئووتی1915ی کوردستان میشنێری ڕاپۆرتێکی دوورودرێژی ل.ئو. فاسوم ی له سه‌ر شه‌ڕی دنیاگره‌وه‌ی یه‌که‌م و بار‌و دۆخی سابڵاغی له کاتی هاتنی ترکه عوسمانییه‌کان و گرتنی شاری له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بڵاو کردووه‌ته‌وه:
" له‌وه‌تا شه‌ڕی گه‌وره ده‌ستی پێکردووه ئێمه نه‌مانتوانیوه شتێکی زۆر بۆ وڵات بنووسین، و له ئاکامدا " کوردستان میشنێری" یه پچووکهکهتان هیچ ده‌نگوباسێکی وای سه‌باره‌ت به پێگه‌ی میسیۆن لێره تێدا نه‌بووه. ئه‌گه‌رچی ئێمه زۆرمان پێ خۆشه به ناردنی خه‌به‌ر سه‌رنجی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری و زۆر له دۆستانمان ڕابکێشین به‌ڵام، هه‌تا ئێستا ئه‌وه‌مان له ده‌ست نه‌هاتووه.
هه‌ربه ده‌ست پێکردنی شه‌ڕ ئێمه هه‌ستمان پێ‌کرد که ده‌ست له پۆستی ئێمه وه‌رده‌درێ. زۆر له نامه‌کانمان ده‌کرانه‌وه و ده‌خوێندرانه‌وه، و ئێمه ته‌واو دڵنیا بووین که زۆر له نامه‌کانمان ون ده‌بن و له نێو ده‌بردرێن. ئه‌وه بووه هۆی ئه‌وه به ئیحتیاته‌وه بنووسین و شتێکی وا نه‌نووسین که له دڵی سانسۆر گران بێ و کێشه بۆ میسیۆنه‌که‌مان دروست کا.له‌وه‌ش زیاتر، میسیۆنه‌که‌ی ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پێوه‌ندییه‌کی نزیکی له گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی هێرمانسبورگی ئه‌ڵمان هه‌بوو و میسیۆنێرێک له‌وێوه به‌ڕێوه‌بوو بێته ئێره، به‌ڵام شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا و ناچار بوو بگه‌ڕێته‌وه.گشت ئه‌وانه بوونه هۆی ئه‌وه ئێمه زۆر به ئیحتیاتر بین. پێوه‌ندیی نامه‌یی و تێلێگرافی لێره‌وه له گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه بۆ چه‌ندین مانگان هه‌ڵپسا، له‌ودواییانه دا سێ نامه‌مان به ده‌ست گه‌یشت و هیوادارین دیسان ڕێی هاتنی نامه نه‌گیرێ.
ناکرێ و پێویستیش ناکا ئه‌من باسی ئه‌و ده‌ردیسه‌ری و ناڕه‌حه‌تییانه‌ی ئه‌و پێنج مانگه‌ی ڕابردووتان بۆ باس بکه‌م.......
شه‌ڕی ئوڕووپایی
تا ئه‌وکاته‌ی شه‌ڕ به ئوڕووپا به‌رته‌نگ بوو هێنده‌ی شوێن له سه‌ر کاره‌کانی ئێمه نه‌ده‌کرد. پۆستمان، ئه‌گه‌رچی فه‌له‌ج ببوو و ده‌رنگ ده‌گه‌یشتێ، به‌ته‌واوی نه‌بڕابوو. ئه‌وچه‌کی دراوانه‌ی له ئه‌مریکاوه ده‌گه‌یشتن ده‌کرا له بانکی ته‌ورێزێ خورد بکرێنه‌وه؛ و کاروانی تاجرانیش به به‌رده‌وامی ده‌هاتن، و که‌لوپه‌ل و پێداویستی ژیانیان ده‌هێنا و به‌و شێوه‌یه قیمه‌ته‌کان هێندێک له خواره‌وه‌ی ستانداردی ئاسایی دا بوون.
ئێمه تێلگرافێکی سه‌رۆکه‌که‌مان جه‌نابی لۆر مان پێگه‌یشت، که ئیزنمان ده‌دا بگه‌ڕێینه‌وه ماڵێ" ئه‌گه‌ر ژیانمان له مه‌ترسی دایه". ئێمه وڵامی تێلگرافه‌که‌مان بۆ نارده‌وه و ڕامان گه‌یاند " ساخین". به‌جێهێشتنی شوێنی کاری میسیۆنه‌که‌مان هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسی هه‌یه له ڕوانگه‌ی منه‌وه به‌هیچ جۆر پاساو نادرێ. و هاتبا و ئێره‌مان به‌جێ هێشتبایه ئێمه هه‌مووشتێکمان له کیس ده‌دا. ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بێ که ئێمه کاره‌که‌مان زۆر چاک ده‌سپێکردووه و ئه‌گه‌ر هه‌ڵاتبایه‌ین به‌ساڵان ده‌خایێنێ ئه‌وان شوێنگێڕی بکه‌ین و هه‌موو که‌س و هه‌موو شتمان له کیس ده‌دا. ئێمه لێره مڵک و که‌لوپه‌لی به‌نرخمان هه‌یه و هه‌روه‌ها ئامراز و که‌لوپه‌لی به‌رچاوی پژیشکی. ئێمه لێره ماینه‌وه و کارێکی باشمان کرد. ئێمه ئێستا باشتر له‌وه تێده‌گه‌ین له‌و کاته‌ی که لێره کێشه وهه‌را هه‌ڵئایسا.ئێمه به مانه‌وه‌ی خۆمان ژیانی به سه‌دان که‌سمان پاراستووه و له مردن ڕزگارمان کردوون. ئێمه خواردن و پۆشاکمان داوه به هێندێکی دیکه که‌ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌بایه‌ین له نێو ده‌چوون. و ئێستا به‌ری کاره‌که‌مان ده‌بینین و له کۆبوونه‌وه‌ی نزا و عیباده‌تماندا نزیکه‌ی 100 که‌س به‌شداری ده‌که‌ن. کار و خزمه‌ته‌کانمان پرێستیژێکی زیاتری په‌یدا کردووه. ئێمه ده‌رفه‌تی گه‌وره و به‌رزمان ده‌ست که‌وتووه به‌زه‌یی و ئه‌وینی خوڵای له ئاست مه‌زنمان عیسای مه‌سیح به نه‌داران، نه‌خۆشان و خه‌ڵکی که له ئاویلکه‌دان دا بوون نیشان بده‌ین.و ئه‌و کارانه‌ی ئێمه شوێنێکی هه‌تاهه‌تایی له سه‌ر خه‌ڵک به گشتی به‌جێ هێشتووه، که ئه‌من دڵنیام ئه‌وه ده‌بێ به پشتیوانییه‌کی گه‌وره بۆ میسیۆنه‌که‌مان له دابێ دا.
دوکتور ئێدمان ڕۆژی 2ی دیسامبر ( دیسامبری 1914 ) به‌جێی هێشتین. کاتێک هه‌وری شه‌ڕی ئاسیا له سه‌ران ده‌رکه‌وت ئه‌و له‌وه ده‌ترسا وه‌زعێکی ئه‌وتۆ بێته پێشێ که نه‌توانێ دواتریش ئێره به‌جێ بهێڵێ. ئه‌وبه ڕاستیش پلانێکی ئه‌وتۆی هه‌بوو که زووتر له‌وه بڕوا که ڕۆییشت، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌جووڵانی کاروانان به‌ره‌و ته‌ورێز ده‌رکه‌وتن و چوونی وی لێره تا دوویه‌می دیسامبر وه‌دره‌نگی که‌وت. ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌ش سه‌عاتی دیکه لێره ماباوه، به‌هیچ جۆر نه‌یده‌توانی له شاری وه‌ده‌رکه‌وێ- چونکوو شاره‌که هه‌ر ئه‌وی ڕۆژێ نزیکه‌ی سه‌عات چواری دوای نیوه‌ڕۆ داگیر کرا.
بۆچه‌ندین حه‌وتووان ده‌نگۆیه‌کی ئه‌وتۆ بڵاو ببووه‌وه که‌ئه‌ڕته‌شێکی پێکهاتوو له ترکان و کوردان خۆی ئاماده ده‌کا بێته نێو ئه‌و به‌شه‌ی ئێران بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی ڕووسه‌کان. ئه‌و ده‌نگۆیانه نیگه‌رانی و ترسێکی زۆریان له نێو تاجران دا ساز کرد و زۆریان شاره‌که‌یان به‌جێ هێشت. ئێمه له کاتی چوونی دا تا نزیکه‌ی میلێک و شتێکی وا له‌گه‌ڵی چووین و دوکتور ئێدمانمان به‌ڕێ کرد و، له گه‌ڕانه‌وه‌ماندا بۆ شاری ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که هه‌ڵده‌هاتن، نیو به گاڵته و نیو به جیدی پێیان گوتین، " باشتروایه له‌گه‌ڵ ئێمه بێن، مه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شاری، له‌وێ ده‌کووژرێن" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌من گه‌ڕامه‌وه نێوشاری و چوومه‌وه دیوی کاره‌که‌م و کاری ئاسایی خۆم ده‌ست پێکرده‌وه.به‌ڵام ده‌بێ پێ له‌وه‌ش بنێم فکرم به‌سه‌رکاره‌که‌مه‌وه نه‌بوو. ئه‌من زۆر به‌داخه‌وه بووم ئاوا به‌تاقی ته‌نیا ماومه‌ته‌وه، ئه‌و ده‌مه‌ی که دوکتور ئێدمان تازه ڕۆیشتبوو.ئه‌من هێندێک له‌وه نیگه‌ران بووم بڵێی دواتر چ ڕووبدا. له شوێنی خۆم هه‌ستام و چوومه حه‌وشه. له‌پڕ ده‌رکه‌وانه‌که‌مان پێی ڕاگه‌یاندم کونسوولی ڕووسییه دێ بۆ دیتنم **
[ مه‌به‌ست نه‌مر ئالێکساندر ئیاسه که به‌دوای دیداری فاسوم دا له سابڵا‌غ ده‌رده‌که‌وێ. ح.ق.] کۆنسوول گوتی ئه‌وئێستا شاره‌که به‌جێ ده‌هێڵێ ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێ ده‌توانێ له‌گه‌ڵ خۆی بمانبا. ئه‌و پێی ڕاگه‌یاندین تاچه‌ند سه‌عاتی دیکه 800 عه‌سکه‌ری ترک که نزیکه‌ی 600 کورد وچه‌ندین شێخیان له‌گه‌ڵه دێنه نێو شاری. بارودۆخه‌که زۆر جیدی و سه‌خت بوو به‌ڵام، ئێمه بڕیارمان دا نه‌ڕۆین و بمێنینه‌وه. کونسول ئامۆژگاری کردین بچینه لای کۆنسوولی ترک و داوخوازی لێبکه‌ین به‌هه‌موو جۆرێکی لوا‌و بمانپارێزێ به‌ڵام، باوه‌ڕ به قسه‌ی سه‌رزاره‌کی وی نه‌که‌ین و داوای لێبکه‌ین به نووسراو ئه‌و به‌ڵێنه‌مان بداتێ. ( ئه‌من بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌و قسه‌یه‌ی ئیاس به گردبڕی ڕاسته، چونکوو هه‌موو وه‌عده و به‌ڵێنی ترکه‌کان هیچ ناهێنێ ئه‌گه‌ر به‌نووسراو نه‌بێ، و وه‌ده‌ستخستنی ده‌ربڕین یان به‌ڵێنێکی نووسراو له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ئه‌وده‌می هه‌ڵنه‌ده‌سوڕا). ده‌ستبه‌جێ چوومه کۆنسولخانه‌ی ترک و له‌وێ به‌هه‌موو جۆر ده‌سته‌به‌ر بوون به‌هیچ کلوه‌جێ هیچ مه‌ترسییه‌ک له گۆرێ‌دا نییه و ئه‌من ده‌کرێ بچمه لای دانیشتووانی هه‌رمه‌نی شاره‌که‌ش و له‌و باره‌یه‌وه ئاگاداریان که‌م که چاویان له‌من بوو بیانپارێزم. به‌ڵێنیشیان دامێ هه‌ر که ئه‌ڕته‌شی ترک هات ده‌نێو شارییه‌وه عه‌سکه‌ری ترک ده‌نێرن بۆ کێشک کێشان له‌ئێمه.
نزیکه‌ی سه‌عات چوار بوو گوێم لێ‌بوو زۆه به زرم و کوت له ده‌رگای دراوسێ مه‌سیحییه‌که‌ی ئێمه‌یان ده‌دا. ئه‌من ده‌رگای خۆمانم کرده‌وه و دیتم ژماره‌یه‌کی زۆر کورد حه‌ول ده‌ده‌ن ده‌رگای ماڵی هاوسێکه‌مان بشکێنن و بچنه حه‌ساره‌که‌یه‌وه.ده‌ستبه‌جێ تاقه خزمه‌تکارێکی که لام مابووه به شوێن عه‌سکه‌ره‌کان دا نارد به په‌له بێن و کێشک له پێگه‌که‌مان بکێشن. چونکه له‌وه ده‌ترسام ئه‌و کورده وه‌حشیانه به زوویی بێنه به‌رده‌رگای خانووبه‌ره‌که‌ی ئێمه‌ش.له هه‌مان کاتدا چوومه ئه‌و به‌شه‌ی خانووه‌که که خانمه‌کانی لێده‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئاگادایان که‌م که چ قه‌وماوه، و داوام له یای گودهارت کرد به‌سه‌ربانی دا بچێته حه‌ساری دراوسێکمان و ژنه‌که‌ی بهێنێ بۆ حه‌وشه‌ی خۆمان با بزانین چمان بۆیان له ده‌ست دێ.بۆ خۆشم چوومه سه‌ر سه‌ربانی و چاوم لێ بوو ده‌رگایان شکاندبوو و به قۆنداغی تفه‌نگه‌کانیان له دراوسێکه‌مانیان ده‌دا و تفه‌نگیان لێ ڕ‌اكێشا که ته‌قه‌ی لێ بکه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی ملی نه‌ده‌دا.ئێمه یارمه‌تیمان کرد بۆ هێنانی هێندێک له فه‌ڕشه‌کان بۆ سه‌ر سه‌ربان و ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان هات کردمان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی هه‌یبوو لێی تاڵان نه‌که‌ن.هه‌رله‌و ده‌مه‌دا زرمه‌یه‌کی گه‌وره له ده‌رگایه‌که‌ی ئێمه‌ش هات و هاتبوونه سه‌ر ئێمه‌ش. و عه‌سکه‌ره‌کانیش هێشتا نهگهیشتبوونێ و هیچ خزمه‌تکارێکیش له به‌ر ده‌رگاکه نه‌بوو. بۆخۆم چوومه به‌رده‌رگا و لێم پرسین چی‌یان ده‌وێ. گوتیان تهویلهیهکیان ده‌وێ بۆ ئه‌سپه‌کانیان. دڵنیام کردن که چ جێی ئه‌وتۆمان نییه.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پێکێشییان کرد و هاتنه ژوورێ به چاوی خۆیان ببینن داخودا هه‌یه یان نا و به‌ڵێنیان دامێ ئه‌گه‌ر جێیه‌کی وایان نه‌دێته‌وه بڕۆن. ئه‌وانه سێ کوردی وه‌حشی بوون له عه‌شیره‌تی باڵه‌ک و هیچ عاده‌تیان به خه‌ڵکی لاوه‌یی نه‌بوو و، پێیان وایه هه‌رکه‌سێکی کڵاوی له سه‌ر بێ ڕووسه و مه‌حکوومه به مردن. هه‌ر که کڵاوه‌که‌ی منیان دی فیشه‌کیان له به‌ر تفه‌نگی نا و خه‌ریک بوون ته‌قه‌م لێ بکه‌ن به‌ڵام یه‌کیان کوتی: " راوه‌ستن جارێ ته‌قه مه‌که‌ن!" ئه‌و له‌منی پرسی ئێمه چه‌ند که‌سین، و کاتێک زانی ئێمه سێ که‌سین
[ وێده‌چی مه‌به‌ستی فاسوم له خۆی، یای ئاگوستا گودهارت و یای مێتا فۆن دێر شولنبێرگ بێ. ح.ق] ، کوتی:
" جارێ ڕاوه‌ستن هه‌تا هه‌موویان ده‌بینینه‌وه و به جارێک هه‌موویان ده‌کووژین" ئه‌منیان ناچار کرد هه‌موو خانوو به‌ره‌که‌یان پێشان دام . ئه‌وان پێیان وابوو ئه‌وه به ساخی منیان گرتووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر بهزهینیشیان دا نه‌ده‌هات که ماڵێک له ده‌رگایه‌ک زیاتری هه‌بێ، ئه‌و ده‌رگایه‌ی که پێیدا هاتبوونه ژوورێ، و یه‌کێکیان زۆر له‌نزیکه‌وه ئاگاداری لێده‌کرد.ئه‌من که له پێش ئه‌وان دا گه‌یشتبوومه یه‌ک له ژووره‌کان که له ده‌رگای پشته‌وه‌ی خانووه‌که نزیک بوو ده‌ست به‌جێ کردمه‌وه و ده‌ستم به هه‌ڵاتن کرد و دزه‌کانم له ماڵێ دا به ته‌نێ هێشته‌وه، دوایه چوومه‌وه سه‌رسه‌ربانی و له‌وێوه یای گودهارتم ئاگادار کرد چ ڕوویداوه. له سه‌ربانه‌وه ده‌مان دی چۆن دزه‌کان شته‌کانمان کۆ ده‌که‌نه‌وه و ده‌یانبه‌نه ده‌رێ. ئیدی تاریک داهاتبوو. ئه‌من چوومه سه‌ر سه‌ربانی دراوسێ کورده‌که‌مان و له‌وێوه که نزیکه‌ی 8 پێ ده‌بوو خۆم فڕێ دا خوارێ و خه‌ڵکه‌که‌ی دیکه‌شم بانگ کرد بێنه ده‌رێ. ئێمه هه‌موومان ( یای گودهارت، ژنی دراوسێ مه‌سیحییه‌که‌مان، مه‌سیحییه‌کی دیکه و خۆم) ساغ بووین و ئێستا له حه‌ساری دراوسێیه کورده‌که‌مان بووین ئه‌من و یای گودهارت داوای چارشێومان کرد و بڕیارمان دا هه‌رچۆنێکه خۆمان بگه‌یێنینه کۆنسوولخانه‌ی ترکییه. کوردێکی گه‌نج که زۆر به ئازایه‌تی خۆی ده‌فشی گوتی له‌گه‌ڵمان دێ و هه‌رکه‌س بییه‌وێ توخونمان که‌وێ و سه‌ده‌مه‌مان پێ بگه‌یینێ دهیکووژێ. وه‌ڕێ که‌وتین، به‌ڵام هێشتا ده یان پازده هه‌نگاو نه‌ڕۆیشتبووین کورده‌که له تاریکی دا بزر بوو. جارێکی دیکه به ته‌نێ ماینه‌وه. ئه‌من وه‌پێش که‌وتم و به یای گودهارتم گوت به دوومدا بێ. هێنده نه‌ڕۆیشتبووین ده‌سته‌یه‌کی دیکه شڕه‌خۆری، وه‌حشی کوردمان دی که ده‌رگای ماڵی هه‌رمه‌نییه‌کی مه‌سیحی دیکه‌یان شکاندبوو و خه‌ریک بوون تاڵانیان ده‌کرد. له کاتێکدا له‌وه ده‌ترسیان که به‌ره‌و ئه‌وان بچین به‌ره‌و دوا گه‌ڕاینه‌وه و له پڕ دیتمان ئه‌وه له‌به‌ر ده‌رگای تاقه دراوسێی مه‌سیحین که مابووه‌وه- هێشتاماڵی وییان نه‌بڕیبوو، چونکوو شارومه‌ندی ترک بوو. به ته‌قه‌ته‌ق له ده‌رگامان دا، ده‌رگایان لێ کردینه‌وه و چووینه ژوورێ. ئه‌من یای گودهارت و چارشێوه درێژه‌که و چاویلکه‌که‌م له‌وێ دانا، و کڵاوێکی ترکیم له سه‌ر کرد و که‌سێکی له‌وێ بوو ڕازیم کرد له گه‌ڵم بێ بۆ شابهندهریی ترک.
نزیکه‌ی دوو سه‌عات به نێو قوڕو چڵپاو و له بن باران دا ئاخره‌که‌ی توانیمان خۆمان له کونسولخانه‌ی ڕووسییه کوتین.له‌وێ کۆمه‌ڵێکی زۆر له کاربه‌ده‌ستانی ترک کۆببوونه‌وه، ده‌رگای ئه‌نباری کۆنسوولی ڕووسییه‌یان شکاندبوو، که چه‌ند سه‌عات پێشتر سابڵاغی به‌جێهێشتبوو. به‌ر له‌وه‌ی شابه‌نده‌ری ترک که به‌رپرسی گشتیان بوو ببینمه‌وه یه‌کێک له فه‌رمانده‌ره کانیانم دیته‌وه و حه‌ولم له‌گه‌ڵدا له‌گه‌ڵم بێته خانووی نێوه‌نده‌که‌مان و پێش به ماڵبڕینهکه بگرێ و پارێزگاریمان لێ بکا. به‌ڵام ئه‌و هێنده‌ی خواردبووه‌وه هه‌ر به‌ڵادا ده‌هات و گوتی ناتوانێ به رێگه‌دا بڕوا و وا بزانم ڕاستیشی ده‌کرد. ئه‌و چه‌ند شوشه کۆنیاکی له کونسولخانه‌که‌دا دۆزیبووه‌وه و زۆری خواردبووه‌وه. با که‌س نه‌ڵێ ترکێک له‌و " مه‌سیحییانه"ی ئێمه که ده‌خۆنه‌وه و له‌و کاره دزێوه‌دا مامۆستای ئه‌وانن، که‌متر ده‌خواته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی که ئاخره‌که‌ی گه‌یشتینه‌وه بنکه‌که‌مان، زانیمان خزمه‌تکاره‌که‌مان به وه‌خت گه‌یشتووه‌تێ و نه‌یان هێشتووه دزه‌کان ساف ساف خانووه‌که تاڵان که‌ن و هێندێک له ماڵه دزێتییه کانیشیان لێ ئه‌ستاندبوونه‌وه. ڵه‌به‌ر ده‌رگای نێوه‌نده‌که‌مان چه‌ند عه‌سکه‌ر وه‌ک کێشکچی داندران ، و ئێمه‌ش حه‌ولمان دا ئه‌وه‌نده‌ی له‌شه‌وی مابوو
سه‌ره‌خه‌وێک بشکێنین.
دڵسۆزتان له ڕێبازی ڕزگاری کوردان دا، ئێل.ئو. فاسوم"
( درێژه‌ی هه‌یه)
به داخه‌وه ژماره‌ی 12ی ساڵی 6 به‌ده‌سته‌وه نییه بۆ ئه‌وه‌ی درێژه‌ی ئه‌و باسه‌ی تێدا بخوێنینه‌وه.
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 7ی ساڵی 8، مانگی ئاوریلی 1916 دا نووسێنێکی درێژی ل.ئو. فاسوم ی سه‌باره‌ت به قه‌تڵی عامی هه‌رمه‌نیان بڵاو کردووه‌ته‌وه.
له ژماره‌ی 1ی ساڵی 10ی کوردستان میشنێری که له مانگی ژانڤییه‌ی ساڵی 1918 دا بڵاو بووه‌ته‌وه نووسینێکی ل.ئو.فاسوم سه‌باره‌ت به کتێبی سروودی پیرۆزی دینی که به نێوی " شێعرانی ڕوحانی" بڵاو کراوه‌ته‌وه ده‌خوێنینه‌وه:
کتێبێکی شێعرانی ڕووحانی به کوردی
یه‌که‌م بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبێکی شێعرانی ڕووحانی به زمانی کوردی، له ساڵی 1912 دا ئاماده کرا. ئه‌وه به ده‌ست نووسرابووه‌وه و 11 سروودی تێدابوو و بۆ ماوه‌ی 2 ساڵ له ڕێوڕه‌سمی دۆعاخوێنی و پاڕانه‌وه‌ی ئاسایی میسیۆن دا به‌کار ده‌هێندرا. کۆپی ماکی ئه‌م نامیلکه پچووکه‌ی شێعرانی ڕووحانی پێشکێش کراوه به حه‌وزه‌ی عیلمی لووتێر له سه‌نت ئانتۆنی پارک، سه‌نت پاول، میناسۆتا، بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵ شتی ده‌گمه‌نی دیکه‌ی پێگه جۆربه‌جۆره‌کانی میسیۆنان هه‌ڵبگیرێ و بپارێزدرێ.
بڵاوکردنه‌وه‌ی دوویه‌می ئه‌و کتێبه، که پێداچوونه‌وه‌ی تێدا کراوه و لێی زیاد کراوه له ساڵی 1914 دا ئاماده کرا. ئه‌ویش هه‌ر به ده‌ست نووسراوه‌ته‌وه و بریتییه له 40 سروود و بۆچه‌ندین ساڵان خزمه‌تێکی باشی کرد.دوو کۆپی ئه‌و بڵاوکراوه‌یه‌ش پارێزراوه و، ئه‌وانیدیکه‌ی به‌ده‌ست ترکه‌کان و ڕووسه‌کان له نێوچوون که زۆرجاران سابڵاغیان کاول کرد.
بڵاوکراوه‌ی سێیه‌می هه‌مان کتێبی شێعرانی ڕووحانی کوردی، که لێی زیاد کراوه و پێداچوونه‌وه‌ی تێدا کراوه هه‌ر ئێستا ئاماده‌یه که بچێته ژێر چاپ و له ماوه چهندحهوتوویهک دا ته‌واو ده‌بێ. ئه‌م چاپه 100 سروودی تێدا ده‌بێ . له‌وانه 40 سروودیان له زمانی ئینگلیسییه‌وه وه‌رگێڕدراون، 27یان له زمانی نۆڕوێژییه‌وه، 22 یان له زمانی سوێدییه‌وه، 6 یان له زمانی ئه‌ڵمانییه‌وه و 5 یشیان به زمانی ماک واته کوردی له لایه‌ن وه‌رگێڕه‌وه داندراون. نزیکه‌ی گشت ئه‌و سروودانه به زمانی ئینگلیسی هه‌ن به‌ڵام ، وا به دروستتر داندرا که له‌زمانی ماکه‌وه وه‌ربگێڕدرێنه سه‌ر زمانی کوردی. ئاهه‌نگی هه‌ر کام له سرووده‌کان هه‌ر به‌و شێوه‌ی بابه‌تی ئینجیلی یان ئه‌و ده‌قه‌یه که سرووده‌کانی پێ نووسراوه. " ڕیزی دۆعا خوێنی" یه‌کی گشتیش که بتوانێ زه‌ینی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌ره‌و لای خۆی ڕابکێشێ، و له گه‌ڵ ڕێوڕه‌سمه ئێڤانگێلییهکان له کلیسا یان دۆعاخانه بگونجێ لێی زیاد کراوه، ئه‌وانه بریتین له پێلێنان له گوناهان و ................ ئه‌وانه به تایبه‌تی یارمه‌تییه‌کی گه‌وره‌ن بۆ میسیۆنێری نوێ بۆ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رکێشی دوعاخوێنی گشتی، سه‌ردانی ماڵان بۆ کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تی و له هه‌مان کاتیش‌دا یارمه‌تیده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی مرۆ به ڕه‌وانی به کوردی قسه بکا.
سه‌رکه‌وتن له چاپی ئه‌و به‌رگه دا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له سایه‌ی دۆستانی مێهره‌وانی میسیۆن له وێسترڤیل و ڤۆلین مه‌یسه‌ر بووه........ ئه‌و 175 دۆڵاره‌ی که بۆ ساز کردنی 140 زینکی وێنه‌ی کتێبی شێعرانی ڕووحانی پێویست بوو به زیاده‌وه دابین کراوه. ئه‌گه‌رچی هه‌م که‌ره‌سته و هه‌م کار ئێستا زیاتری تێده‌چێ به‌ڵام، نرخی کۆپییه‌کی 140 لاپه‌ڕه‌یی سرودی کوردی له 30ی سێنتی تێناپه‌ڕێنێ...........
باشه کێ یارمه‌تیمان ده‌کا بۆ کاری دواترمان ڕێزمانی کوردی؟ زانکۆی شیکاگۆ داوای 1825 دۆڵار ده‌کا بۆ چاپ کردنی به‌ڵام، ئه‌گه‌ر زینکه‌کانی ئاماده بکه‌ین ، هه‌ر وه‌ک بۆ کتێبی شێعرانی ڕووحانی کردوومانه، ده‌کرێ به 400 دۆڵار چاپی بکه‌ین.هه‌ڵبه‌ت، کارێکی زۆر دژوار و ئه‌سته‌مه کاغه‌زی ته‌واو ئاماده بکرێ بۆ زینکی وێنه‌ی لێ ساز بکرێ، و کاری مرۆیک بۆ ماوه‌ی دوومانگ یان زیاتر ته‌واو ده‌با. به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێک خه‌رجی ئاماده‌کردنه‌که‌ی بگرێته سه‌ر ئه‌ستۆی خۆی به‌خۆشییه‌وه ئه‌وه ده‌که‌ین، چونکه ڕێزمانه‌که‌مان زۆر پێویسته.
ل.ئو. فاسوم "
هه‌ر له‌م ژماره‌یه دا ل.ئو. فاسوم بابه‌تێکی سه‌باره‌ت به قه‌تڵی عامی خه‌ڵکی سابڵا‌غ و ده‌وروبه‌ری له مانگی فێڤرییه‌ی 1916 دا بڵاو کردووه‌ته‌وه. ئه‌و نووسراوه‌یه نرخێکی تایبه‌تی مێژوویی هه‌یه، چونکه به‌ده‌ستی که‌سێک نووسراوه که بۆ خۆی له نزیکه‌وه ئه‌و قه‌تڵی عامه و ئاکامه‌کانی دیتووه.
کورده‌کان گیرۆده‌ی شه‌ڕ ***
سه‌رنجێکی زۆر دراوته سه‌ر هه‌رمه‌نی و سریانییه شهر لێدراوه‌کان. چه‌ندین میلیۆن دۆڵار کۆ کراوه‌ته‌وه بۆ وه‌فریاکه‌وتنی ئه‌وان. بێگومان پێویستی به دراوی زۆرتر هه‌یه.
هه‌رمه‌نییه‌کان، سریانییه نه‌ستوورییه‌کان و کورده‌کان، به کرده‌وه دانێشتووی خاکێکن له ڕۆژهه‌ڵاتی ترکییه و باکووری ڕۆژئاوای ئێران. ده‌کرێ بگوترێ هه‌رمه‌نستان و کوردستان به ته‌واوی نیوه‌ی یه‌کتری داده‌پۆشن. ڕک و کێنه‌ی کۆنی ترکه‌کان له ئاست هه‌رمه‌نییه‌کان له‌گه‌ڵ ڕک و کینه‌ی تازه که له به‌ر ڕاپه‌ڕێنی هه‌رمه‌نییه‌کان به پشتیوانی ڕووسه‌کان ورووژاوه، بووه هۆی ڕژانی خوێنی بێ ئه‌ژماری به هه‌زاران خه‌ڵکی بێ سووچ و تاوان، که زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون. پیاوان چه‌کدار بوون و ده‌یانتوانی خۆیان بپارێزن یان ڕابکه‌ن.
سریانییه نه‌ستوورییه‌کانیش، ئه‌گه‌رچی به قه‌ده‌ر هه‌رمه‌نییه‌کان سهربزیوییان نه‌کردبوو به‌ڵام هه‌ستیان کرد چ هێمنییان نییه. هێندێکیان به مه‌به‌ستی پاراستنی خۆیان چه‌کیان هه‌ڵگرت به‌ڵام، زۆربه‌یان به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات ڕایان کرد و خۆیان گه‌یانده نێو قه‌وقاز و باکووری ڕۆژئاوای ئێران. کۆمیته‌کانی وه‌فریا که‌وتن، هه‌م ئی ڕووسی و هه‌م ئه‌مریکایی، ده‌ستبه‌جێ وه‌خۆ که‌وتن بۆ یارمه‌تی کردن به‌وانه‌ی که له‌هه‌موان زیاتر پێویستییان به یارمه‌تی هه‌بوو.ئه‌وکاری وه‌فریا که‌وتنه ئه‌وه سێ ساڵه به‌رده‌وامه. پیاوان ئامرازیان له به‌ر ده‌ست نرا و کاریان درایه به‌ڵام، زۆر بێوه ژن، منداڵی بێ دایوباب و خه‌ڵکی نه‌خۆش هێشتا پێویستییه‌کی زۆریان هه‌یه.
کورده‌کان وه‌ک هه‌رمه‌نییه‌کان و سریانییه‌کان زۆر زوو ئازاریان نه‌چێشت. ئه‌وان به شێوه‌ی سه‌ره‌کی له به‌ره‌ی شه‌ڕ دا له ڕیزی ترکه‌کاندا بوون و، وه‌ک له بیرمانه، ئه‌و به‌ره‌یه بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ به پته‌وی و به‌هێز خۆی ڕاگرت. دوایه ئه‌و به‌ره‌یه ئاخره‌که‌ی پاشه‌کشه‌ی کرد و له هێندێک جێیان شکا، ئه‌و جار نۆره گه‌یشته سه‌ر له‌نێوبردن و قه‌تڵی عامی کورده‌کان. ئه‌وه به ده‌ست ڕووسه‌کان کرا و، هه‌رمه‌نییه‌کان و ژماره‌یه‌کی که‌م سریانی یارمه‌تییان دان.
ئه‌ڕته‌شی هێرشکار زۆر عه‌شیره‌تی به خڕی ڕاوه‌دوو نا و ده‌ریپه‌ڕاندن. شتی زۆر ترسێنه‌ر، که هێنده ده‌رداوین که بۆ بڵاو کردنه‌وه نابن له هه‌موو کوردستان دا قه‌ومین. تۆڵه‌ئه‌ستاندنه‌وه، ته‌ماح تێکردن و، بێ به‌زه‌ییه‌کی گشتی له دژی گشت ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌رده‌ست کران به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌من به‌سه‌دان کوردی ئاوام دی که له‌ته‌مه‌نی چه‌ک هه‌ڵگرتن دا بوون که هێنرانه شاری یان له شاری ڕابرانه شوێنێکی چۆل بۆ ئه‌وه‌ی وهبهرگولان بدرێن یان به شیر بکووژرێن. له شوێنێک. که برێک له میلێک زیاتر له شارییه‌وه دوور بوو 800 که‌س به‌کۆمه‌ل و به‌گوله‌ی تۆپخانه‌ی خێرا کووژران. ئه‌وانه ده یان پازده ده‌قیقه‌یه‌کی پڕ له خه‌فه‌ت بوو که ئه‌من قه‌تی له بیر ناکه‌م، به‌ڵام ئه‌وه کاره‌ساتی هه‌ره پیس نه‌بوو. له شاره‌که‌ی ئێمه زیاتر له 7000 که‌س قه‌تڵی عام کران.بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به فیشه‌کانه‌وه بگرن ته‌قریبه‌ن به‌ده‌نی هه‌موویانیان به شیر یان نێزه کون کون کرد.
ژنان و کچانی کورد به شێوه‌یه‌کی که له گێڕانه‌وه ناشێ ئه‌تک کران. نزیکه‌ی 400 یان له گه‌ڵ خۆیان برد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌تکیان که‌ن و زۆریان فرۆشران و فرۆشرانه‌وه یان بۆ ئه‌تک پێکران سه‌ودایان پێکرا.هه‌ڵبه‌ت، ئێمه ئه‌مریکایی بێ ده‌سته‌ڵات بووین و هیچمان پێ نه‌ده‌کرا.
زۆر جار له شه‌وی تاریک و مردوو دا گوێمان له ناڵه و هاواری بێچاران ده‌بوو. جار جار هه‌رچه‌ند ده‌رگایه‌ک له ئێمه‌وه دوور بوون، و ئێمه ئاماده بووین ده‌ستبه‌جێ ده‌رپه‌ڕینه ده‌ره‌وه و له هه‌رجێیه‌کی پێمان بکرێ به هاواریانه‌وه بێین.بۆ پاراستنی ده‌رگا و په‌نجه‌ران له ماڵه پچووکه قوڕێنهکاندا ئه‌من زۆر جار ڕام ده‌کرده ده‌رێ و سه‌ربازه‌کانم پێمل ده‌کرد وپێم ده‌گوتن بۆ دار بردن بێنه نێو پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌مان. پیاوی پیر، ژن و منداڵان، که هیچیان نه‌بوو بیخۆن جگه له ڕیشه گه‌نمی کوڵاو نه‌بێ [دانووله!]، له چه‌ند خانوویه‌کی که‌می که مابوونه‌وه به‌سه‌ر یه‌کدا هه‌ڵڕژابوون. له ڕاستیدا، ئه‌وه له‌یه‌ک وه‌خڕبوونی هه‌ره چاره‌ڕه‌شی ئینسانی بوو که ئه‌من له ژیانمدا قه‌تم دیتبێ یان بتوانم به خه‌یاڵم دا بێ.
خوێنه‌ره‌وه‌ی خۆشه‌ویست، کورده‌کان له ماڵی خۆیان ده‌رپه‌ڕێندران، هه‌موو دارایی و سامانیان لێ ئه‌ستێندرا، دێیه‌کانیان کاول کران، و ئاژه‌ڵ و مێگه‌له‌کانیان ته‌له‌ف کران. داخودا ئه‌توو سه‌باره‌ت به‌و چاره‌ڕه‌شی و کاره‌ساته‌ی به‌سه‌ریان هاتووه دڵپه‌شێو نی؟ ئه‌وان به تهنێنه و وه‌ک ئه‌وه وایه له ئاسمانه‌وه بهربووبێتهنه نێو کێوه‌کانی راکی Rocky Muntains [ زنجیره‌ی چیاکانی ڕۆژئاوای باکووری ئه‌مریکایه که له باکووری ئالاسکاوه به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی خواروو تا نیو مێکزیکۆ درێژی ده‌بنه‌وه ح.ق.]. به هه‌زاران که‌س له لایه‌ن کۆمیته‌کانی وه‌فریا که‌وتنی هه‌رمه‌نییه‌کان و سریانهکانهوه که له ژێر چاوه‌دێری خاچی سوور دا کار ده‌که‌ن نان ده‌درێن. به‌ڵام، ئه‌و وه‌فریا که‌وتنه به هیچ جۆر هه‌موو پێداویستییه‌کان دابین ناکا. داخودا ئه‌توو یارمه‌تی ده‌ده‌ی؟ هه‌رچی له توانات دا هه‌یه هه‌رچه‌ندی زووه بیکه. ئه‌وه گیانان ده‌پارێزێ و ده‌کرێ ڕوحانیش بپارێزێ. هه‌موو یارمه‌تییه‌کانت بنێره بۆ خه‌زێنه‌داره‌که‌مان، پرۆفێسۆر م. ن. وی، Prof.M.O. Weey, 1714 Como Ave., S.E. Minneapolis, Minn.
دڵسۆزتان بۆ وه‌فریا که‌وتنی ئه‌و کوردانه‌ی له برسان ده‌مرن،
ل.ئو. فاسوم "
کوردستان میشنێری، ژماره‌ی 2، ساڵی 12، فێڤرییه‌ی 1920
رێزمانێکی کرده‌یی کوردی
ئه‌وه‌نده سه‌باره‌ت به‌م کتێبه نووسراوه، که ئیدی نێوه‌که‌ی بووه به مه‌ته‌ڵێک، ئه‌من له‌و باره‌یه‌وه زۆر شه‌رمه‌زارم. ئه‌و کتێبه ده‌کرا له پێترسبورگ، ڕووسییه به خۆڕایی چاپ بکرێ به‌ڵام شه‌ڕ نه‌یهێشت. ده‌کرا له ئه‌ڵمان زۆر به هه‌رزانتر لێره چاپ بکرێ به‌ڵام ئه‌وه‌ش له به‌ر شه‌ڕ هه‌ڵنه‌سووڕا. چاپکاران له نیۆیۆرک چه‌ندین جار کۆنتراکتیان له گه‌ڵ به‌سترا، و هێندێکیان دراو بۆ وه‌لانا، و هه‌ر جاره‌ی که ده‌یانه‌ویست ده‌ستی پێبکه‌ن په‌کیان ده‌که‌وت.
دواجار، چ ڕێگه‌یه‌کی دیکه نه‌بوو جگه له‌وه‌ی نه‌بێ خۆم زۆربه‌ی کاره‌کانی بکه‌م و زینکی بۆ ئاماده بکه‌م. ئه‌وه کاتێکی زۆری برد و دراوێکی زۆری تێچوو. ئه‌من کاتم نه‌بوو و به‌شی ماڵیشمان له وزه‌ی دانه‌بوو خه‌رجی چاپه‌که‌ی به ئه‌ستۆوه بگرێ. به‌ڵام چاپکارهکان ئهودراوهیان نه ده‌داوه که بۆ کڕینی ئامراز و کاری سه‌ره‌تایی پێیان درابو، جا بۆیه ئێمه ده‌بوو به‌رده‌وام بین. به هه‌موو لایه‌ک شانمان دا به‌ری، ئاخره‌که‌ی سه‌رکه‌وتین ته‌واوی بکه‌ین. ئه‌من زۆر به‌داخه‌وه‌م که ئه‌و کاره ده‌بوو وا به په‌له بکرێ. پێداهاتنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌که هه‌ر نه‌ده‌کرا، جا بۆیه هه‌ڵه‌ی زۆر زیاتری تێکه‌وتووه که ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی پێداهاتنه‌وه‌ی هه‌بایه ئه‌و هه‌ڵانه‌ی تێ نه‌ده‌که‌وت.
گشت ئه‌و که‌سانه‌ی پێیان خۆشه نوسخه‌یه‌کیان ده‌ست که‌وێ ده‌کرێ له سه‌رنووسه‌ری کوردستان میشنێری یان به‌م نێونیشانه داوای بکه‌ن: Augsburg Publishing House, Minneapolis, Minn. نرخی هه‌ر 5 دۆڵاره، که ئه‌وه‌ش نرخێکی گونجاوه بۆ کتێبێکی ئاوا له‌م سه‌روبه‌نده دا. ئه‌من هیوادارم گشت ئه‌وکه‌سانه‌ی لا له کاره‌کانی میسیۆنی کوردستان ده‌که‌نه‌وه و که‌متازۆر ده‌یانه‌وێ چاو له زمانی کوردی بکه‌ن نوسخه‌یه‌کی ئه‌م کتێبه بکڕن. ئه‌من پێموایه به ته‌ماشاکردنی ئه‌و کتێبه بۆتان ده‌رده‌که‌وێ فێر بوونی زمانی کوردی هاسانه، و به کڕینی ئه‌و کتێبه ئه‌و دراوه‌ی تێیچووه ده‌گه‌ڕێته‌وه نێو خه‌زێنه‌که‌مان بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وڕاست بۆ کاری میسیۆنێری به‌کار بهێندرێ.
ل.ئو. فاسوم
* بڕگه‌یه‌ک له سروودێکی نه‌ته‌وه‌یی که فاسوم له سابڵا‌غ بۆ نه‌ته‌وه‌ی کوردی نووسیوه
** وێنه‌ی " ئالێکساندر ئیاس" به سپاسه‌وه له کتێبی Images From The Endgame Persia through a Russian Lens 1901-1914, John Tchalenko,2006 وه‌رگیراوه.
*** ئه‌م نووسینه‌ی ل.ئو.فاسوم جاری یه‌که‌م له‌لایه‌ن به‌ڕێز ئه‌حمه‌دی قازی یه‌وه وه‌رگێڕدراوه و له ژماره‌ی71ی گۆواری مه‌هاباد،فێڤرییه‌ی 2007 لل 5 و 6 دا له ژێر سه‌رنووسی " گوزارشتی میسیۆنی کوردستان له سه‌ر کوشتاری ساڵی 1917ی سابڵا‌غ" بڵاو کراوه‌ته‌وه. لێره دا پێویسته ئه‌و هه‌ڵه‌یه ڕاست بکرێته‌وه که ئه‌و کوشتاره له مانگی فێڤرییه‌ی ساڵی 1916 دا کراوه و ئه‌و تاریخه هه‌م به پێی نووسینه‌کانی "کوردستان میشنێری" و هه‌م ڕاپۆرتی " شه‌ریفوده‌وله" که پێشتر له ڕوانگه دا بڵاو کراوه‌ته‌وه به جوانی ساخ ده‌بێته‌وه. کوردستان میشنێری ڕاپۆرتێکی بهوردهڕیشاڵتریشی له سه‌ر قه‌تڵی عامی سابڵا‌غ و ده‌وروبه‌ری تێدایه، که به‌و زووانه ده‌یخه‌ینه‌به‌ر چاوی هۆگرانی مێژوو.
No comments:
Post a Comment