دوکتور هێڕمان شاڵک سه‌رۆکی نه‌خۆشخانه‌ی بیتله‌هێم - گێتسێمانێ له سابڵا‌غ به‌شی دووه‌م درێژه‌ی ڕاپۆرته‌کانی و ڕۆیشتنی له کۆتایی 1927
هه‌وای خۆش و ڕووناک
ئاوی سارد و پاک
شوانان به هه‌زاران
و سوحبه‌تانی چاک
وه‌ته‌نی باپیرم، کوردستان قه‌دیم
کێو و شاخ و ده‌شتی خۆشن بۆ دڵم *
دوکتور هێڕمان شاڵک (Hermann Schalk ) سه‌رۆکی نه‌خۆشخانه‌ی Bethlehem- Gethsemane ( بێتله‌هێم گێتسێمانێ) له سابڵا‌غ ( به‌شی دووه‌م )
حه‌سه‌نی قازی
کوردستان میشنێری ژماره‌ی 5، ساڵی 18 مانگی مه‌ی 1926 به‌شێک له نامه‌یه‌کی دوکتور شاڵکی له سابڵاغه‌وه بڵاو کردووه‌ته‌وه که له 9ی مارسی 1926 دا بۆی نووسیون: " نامه له سابڵا‌غ، ئێرانه‌وه، له نامه‌یه‌کی دوکتور شاڵکه‌وه که 9ی مارس نووسیویه: " وشیار بوونه‌وه‌یه‌کی ڕووحی ده‌نێو کورده‌کاندا خۆی نیشان ده‌دا. ئاغای __ ( جێیه‌که به‌تاڵه تێبینی حه‌سه‌نی قازی) هه‌تا دێ زیاتر و زیاتر خۆی به ئیراده‌ی خوڵای ده‌سپێرێ؛ ئه‌و دۆسته کۆنه‌کانی خۆی له گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێ و ئه‌من یه‌ک به یه‌ک قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌م. له نێو ئه‌وانه دا __ هه‌یه که زۆر ده‌ستڕۆیشتووه و سه‌رنجی به‌ره‌و دینی مه‌سیحییه‌ت به‌ڕێگای خزمه‌تی ده‌رمانی و چاره‌سه‌ر کردنی کوڕه چکۆڵه‌که‌ی ڕاکێشراوه. ئه‌و پیاوه به‌ڕێزه تێنووی زانینی ڕاستییه.ئه‌و زۆر جار دۆسته‌کانی له گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێ وئه‌وان ڕۆژی وایه دووجار سه‌رمان لێده‌ده‌ن. ئێمه ده‌بێ هه‌میشه ئاماده بین بۆ قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی ئه‌وتۆ. ئه‌مشه‌و ( واته 15ی مارس) ڕه‌مه‌زان _ مانگی ڕۆژوو گرتن _ ده‌ستپێده‌کا. کورده ده‌ستڕۆیشتوویه‌که نه‌خۆشێک و دوو له دۆسته‌کانی له گه‌ڵ خۆی هێنابوو. نه‌خۆشه تازه‌که که چاوی به ئینجیلێکی کراوه به زمانی فارسی که‌وت ده‌ستی کرد به خوێندنه‌وه‌ی مه‌زمووری (سروودی) 73 که کاک عه‌زیز تازه‌خه‌ریکی وه‌رگێڕانی بوو. کورده ده‌سترۆیشتوویه‌که ده‌یه‌ویست بزانێ داخودا ئیسماعیل ئه‌و کوڕه بووه که به‌ڵێنی دراوه به عیسا. به یه‌که‌وه ئێمه به‌نده‌کانی 15هه‌مین، 16هه‌مین و 17هه‌مینی ده‌قی فارسی ئینجیلمان له مهر په‌یداییش خوێنده‌وه و شیته‌ڵمان کرده‌وه که خوڵا چۆن کاری خۆی ده‌کا و مرۆ چۆن کار ده‌که‌ن ئه‌وکاته‌ی عیسا وه‌ک ڕزگاریده‌ر قۆڵی له سه‌ر ده‌کێشرێ. کورده ده‌سترۆیشتوویه‌که له ڕۆێشتن دا داوای له عه‌زیز کرد ئینجیلێکی به فارسی بۆ په‌یدا کا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ بۆخۆی لای خۆی بیخوێنێته‌وه."
ڕه‌نگه بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی هه‌ستی به‌پرسیاره‌تی و لێ قۆڵبوونه‌وه‌ش بێ پێمان خۆش بێ بزانین ئه‌و " کورده ده‌سترۆیشتوویه" کێ بووه؟ له‌وانه‌یه به خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو ژماره‌کانی کوردستان میشنێری ش ئه‌و نێوه‌مان بۆ هه‌ڵنه‌درێ به‌ڵام، بڵێی هێشتا که‌سی گه‌وره ساڵی ئاوا نه‌مابن که له دایوبابی خۆیان بیستبێ له سابڵا‌غ و ده‌وروبه‌ری کێ بوون ئه‌وانه‌ی که ئامۆژگارییه‌کانی دوکتور شاڵک و میسیۆنێره‌کانی دیکه‌یان ڕه‌چاو کرد؟
له ژماره 6ی، ساڵی 18ی مانگی ژووه‌نی ساڵی 1926ی کوردستان میشنێری له به‌شی ئاڵقه‌ی نزا و دۆعا دا بابه‌تێکی کورت سه‌باره‌ت به دوکتور شاڵک له گه‌ڵ وێنه‌یه‌کی بڵاو کراوه‌ته‌وه وله‌گه‌ڵ شتی دیکه دا هاتووه:
" دوکتور شاڵک جگه له کاری ئاسایی خۆی چاوه‌دێری ده‌کا به سه‌ر وه‌رگێڕانی به‌شێکی گه‌وره له ئینجیلیش. تکایه له ده‌رگای خوڵای دۆعا بکه‌ن پشتیوانی دوکتور شاڵک و بنه‌ماڵه‌که‌ی بێ."
له لاپه‌ڕه‌ی یه‌کی ژماره‌ی 7-8 ی ساڵی 18ی کوردستان میشنیری دا که بۆ مانگه‌کانی ژووییه و ئووتی 1926 بڵاو بووه‌ته‌وه کورته‌یه‌ک له ڕاپۆرتی دوکتور شاڵک بڵاو کراوه‌ته‌وه:
"...... له ڕێوڕه‌سمی نزاخوێنی و پاڕانه‌وه دا به شێوه‌یه‌کی مامنێونجێ له نێوان 50 تا 70 که‌س به‌شداری ده‌که‌ن، که له‌وانه % 50 یان کوردن. په‌یامی ڕوون و ساده‌ی خوڵای که له زه‌مانی پێغه‌مبه‌رانه‌وه ئاشکرای کردووه .... گه‌یشتووه‌ته گوێی زۆر زۆر که‌سان له سابڵاغێ و به ڕیگای ئه‌وانیشدا زیادتر بڵاو بووه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت به پێچه‌وانه‌ی ئیراده‌ی خۆشیان، هه‌تا دێ کورده‌کان زیاتر ئه‌و په‌یامه وه‌ک ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر قه‌بووڵ ده‌که‌ن.وه‌ک مه‌سیحییه‌ک، که زیاتر له 30 ساڵ له نێو موسوڵمانه‌کاندا ژیاوه، زۆر جار به منی گوتووه: " ئه‌گه‌ر به‌ر له‌شه‌ڕ، وێرابات بڵێی خوڵا کوڕێکی بوو که به‌ڕێگای وی‌دا خۆی ئاشکرا کردووه، دڵنیا به ده‌ستبه‌جێ به‌رده‌باران ده‌کرای.
.......... ئه‌و تاوانانه‌ی وه‌پاڵ منیان ده‌دا، که گۆیا من ته‌نیا وه‌عز ده‌رێکی شاراوه‌م و له ڕاپورتی ساڵی یه‌که‌می چاڵاکییه‌کاندا باسم کردن، به‌ر له‌وه‌ی که ددانی پێدابهێندرێ که ئه‌من دوکتورێکیشم،به ته‌واوی کارتێکه‌رییان هه‌بوو. ئێستا حکوومه‌ت وه‌ک یه‌که‌م پژیشکی سابڵا‌غ چاو له من ده‌کا. به شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ ئه‌من یه‌که‌م که‌سم که کاربه‌ده‌ستان بۆ چاره‌سه‌ر کردنی نه‌خۆشی و دڵپه‌شێویی له‌مه‌ڕ له‌شساخی خۆیان پرسم پێ ده‌که‌ن. باوه‌ڕی به دوکتوری میسیۆنێری زۆر له سه‌راوه‌ردی سابڵاغی تێپه‌ڕاندووه. له شوێنی زۆر دووره‌وه،ته‌نانه‌ت له سڵێمانی، له عێڕاقه‌وه نه‌خۆش بۆ عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی و موداوا دێنه لام.
به حه‌ول و قووه‌تی خوڵای و سپاس بۆ خوڵای، ئه‌گه‌رچی هه‌م له‌شمان و هه‌م روحمان شه‌که‌ت و ماندووه، ئیزنی داین ساڵی 1925یش تێپه‌ڕێنین. ئێمه ناتوانین خۆمان له باوه‌ڕی بدزینه‌وه بۆیه ده‌بێ بڵێین که ده‌رگا به‌ره‌و کورده‌کان ئاواڵه‌یه.ئه‌وانه‌ی ده‌بێ شان بده‌نه به‌ر ئه‌و کاره و ئه‌و دراوه‌ی ئه‌و کاره‌ی پێ جێبه‌جێ ده‌کرێ له کوێنه؟ ساڵی ڕابردوو ئه‌و ئاسیستانه دوکتوره و ئه‌و که‌شیشه‌ی که زۆریان پێویستی پێ هه‌یه نه‌گه‌یشتنه ئێره. بڵێی ئه‌مساڵ ( 1926 ) ئه‌وه بکرێ؟ ئه‌ی ئێمه له لایه‌ن خۆمانه‌وه له ساڵی 1926 دا ده‌بێ چ بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خوڵا له کوردستان په‌سن بدرێ؟
....... ڕه‌نگه دۆستانی میسیۆنی ئێمه بۆیان ئه‌سته‌م بێ تێبگه‌ن که گشت کاره‌که‌مان به بێ ده‌رمانی بێهۆشکردن جێ به جێ کردووه. له لای ئێمه‌ش، زۆر جار عه‌قڵ سه‌ره‌ده‌ر ناکا. زۆر جار پێویست ده‌کا ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به‌کار بین به‌رله‌وه‌ی زۆر دره‌نگ بووبێ. به‌ڕاستیش زۆر جار بۆخۆشم بۆم شی ناکرێته‌وه که له هه‌لومه‌رجێکی ئاوا دا چۆن برینه‌کان چڵک ناکه‌ن.عه‌قڵی خۆزایی ده‌ڵێ: ئه‌وه له به‌ر ته‌بیعه‌تی خه‌ڵکه‌که‌یه. با وابێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئێمه ده‌ڵێین ئه‌وه خوڵایه ده‌فریای من دێ ، به پێچه‌وانه‌ی عه‌قڵی خۆمان. ئێمه هه‌تا دێ زیاتر و زیاتر ئه‌و به‌رهه‌مه مانا و هه‌میشه‌ییه‌ی که خزمه‌تێکی ئه‌وتۆ ده‌یخولقێنێ ده‌ئه‌زمووین."
هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌دا ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی دوکتور شاڵک بۆ ساڵی 1925 بڵاو کراوه‌ته‌وه:
"ڕاپۆرتی دووه‌می میسیۆنی ده‌رمانی له سابڵا‌غ، ئێران: ساڵی دووه‌می کاره‌کانی ئێمه له‌وه‌تا کرانه‌وه‌ی پێگه‌ی میسیۆن لێره ئێستا تێکه‌ڵاوی میژوو بووه......... ئه‌من له یه‌که‌م ڕاپۆرت دا بۆ ساڵی 1924، به کورتی ئاماژه‌م پێ‌کرد کاری ئێمه به ته‌واوی له نێو موسوڵمانان دایه و هه‌ربۆیه‌ش زۆر دژواره. کاره‌کانمان له ساڵی دووه‌م دا ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنێ.هه‌رچه‌ندی زیاتر له گه‌ڵ داب و نه‌ریت،جموجووڵ و ژیانی تاکی ئێره ناسیاوی په‌یدا ده‌که‌ین، و به‌تایبه‌تی ژیانی دینی کورده‌کان، ئێمه ئه‌وه‌نده‌ش زیاتر و زیاتر هه‌ست به ناتوانایی خۆمان ده‌که‌ین بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و کاره‌ی له ده‌سته‌ڵاتی ئێمه دایه............. سه‌رۆکی خۆشه‌ویستی میسۆنه‌که‌مان له مانگی مارسی ساڵی ڕابردوو دا له منی نووسیبوو : " خه‌ڵکی ئێمه لێره له ئه‌مریکا ده‌یانه‌وێ لای ئێوه شتێکی به‌رچاو ببینن. ده‌یانه‌وێ بزانن چ کراوه. ده‌زانی که ئێمه له سه‌رو به‌ندێک دا ده‌ژین که به‌رهه‌می کار ده‌بێ دیار بێ." بۆ وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و داوخوازه ڕاپۆرتێکی کورتی هه‌ژماری سه‌باره‌ت به چالاکی ده‌رمانی پێشکێش ده‌که‌م که ده‌کرێ له گه‌ڵ کاری ساڵی پێشوو به‌راوه‌رد بکرێ:
پۆلی کلینیک
له ساڵی 1924 دا، 3581 نه‌خۆش سه‌ردانیان کرد، که 80 که‌سیان ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازی ئێرانی بوون.
له ساڵی 1925 دا، 3922 نه‌خۆش ، که 132 که‌سیان ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازی ئێرانی بوون،
لێره دا ده‌بێ بڵێم که له‌مانگه هه‌ره گه‌رمه‌کانی هاوێنێ دا ئێمه ده‌بوو هه‌شت حه‌وتوو له شاخ و کوێستانان بژین بۆیه له‌و ماوه‌یه دا پۆلی کلینیکه‌مان داخستبوو.
ئه‌و خزمه‌تانه‌ی له نه‌خۆشخانه دا کران
له ساڵی 1924 – 114 نه‌خۆش، گشت ڕۆژه‌کانی ماوه‌ی موداوا، 2034
له ساڵی 1925 _ 165 نه‌خۆش، گشت ڕۆژه‌کانی ماوه‌ی موداوا، 2979
نه‌خۆشه‌کان به پێی باوه‌ڕی دینی به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه پۆلێن به‌ندی ده‌کرێن
ساڵی 1924: سوننی 80، شێعه 24، مه‌سیحی 9، جووله‌که 1
ساڵی 1925: سوننی 96، شیعه 56، مه‌سیحی 13، جووله‌که 0
کۆی ساڵی 1924، 114
کۆی ساڵی 1925، 165
عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی
ساڵی 1924: عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی سه‌ره‌کی 19، عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی سووک 225
ساڵی 1925: عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی سه‌ره‌کی 39، عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی سووک 41
سه‌رباقی ئه‌وانه 160 ده‌رزی لێدراوه ( ڤاکسینه کردن) و 75 ددانیش هه‌ڵکێشراوه
داهات و خه‌رج و مخاریج
ساڵی 1924، داهات 795 دۆڵار و 55 سێنت، خه‌رج و مخاریج 3890 دۆڵار
ساڵی 1925، داهات 1207 دۆڵار و 66 سێنت، خه‌رج و مخاریج 2667 دۆڵار *
هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌من زۆر وه‌دره‌نگی که‌وتووم بۆ ئاماده کردنی ڕاپۆرتی ساڵانه ئه‌وه‌یه له مانگه‌کانی ژانڤییه، فێڤرییه و مارس دا سه‌رم زۆرقاڵ بوو. له‌وه‌ش ده‌رچێ نێرسه‌کان ( نه‌خۆشه‌وانه‌کان) چووبوونه ده‌ره‌وه‌ی نێوه‌ندی پێگه‌که‌مان و له شوێنی دیکه بۆ ماوه‌ی زیاتر له ده حه‌وتوو خزمه‌تیان کرد و له کاری به‌رده‌وام لێره دوور که‌وتبوونه‌وه.له جیات یای گودهارت که ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری بۆ پشوودان بانگی کرده‌وه بۆ ئه‌مریکا، یای داڵ (Miss Dahl ) له مانگی مه‌ی [1925] دا هات. له به‌ر گیروگرفتی زمانی ئه‌و توانی له مانگی ئۆکتۆبره‌وه ده‌ست به‌خزمه‌ت بکا و ئه‌وه‌ش ته‌نێ بۆ ماوه‌یه‌کی به‌رته‌نگ. له کۆتایی ئۆکتۆبر دا میس داڵ زۆر پیس نه‌خۆش که‌وت و ئێمه پێمان وابوو ئیدی له نه‌خۆشییه‌که‌ی هه‌ڵناستێته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی ئێمه خوڵا شه‌فای دا.نه‌خۆشی گشتی وی له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری هه‌رجۆره دژوارییه‌ک، گیر‌و گرفتی گه‌وره‌ی بۆ ساز کردین که جێبه‌جێ کردنیان ئه‌سته‌م بوو........ له کۆتایی ئه‌و به‌شه‌دا ده‌بێ بڵێم بۆ ته‌شخیسی نه‌خۆشییه گه‌رمێنییه‌کان ئه‌من حه‌وجێم به میکرۆسکۆپێکی زۆر باش هه‌یه، ئێستا میکرۆسکۆپێکی پچووکم هه‌یه به‌ڵام ئه‌وه‌نده کاریگه‌ر نییه. ئه‌گه‌رچی ده‌بێ زیاتر کاری جه‌ڕاحی بکه‌م به‌ڵام چاوه‌دێری کردنی مالاریا به‌رده‌وام له‌و کارانه‌یه که من مرخم زۆر لێی خۆشه، ئه‌ویش بۆ بیره‌وه‌ری کچی خودالێخۆشبووم که دوای 36 سه‌عات ناسازی بووه قوربانی میکرۆبی مالاریایی گه‌رمێنی.
کێ ئاماده‌یه دراوی کڕینی میکرۆسکۆپێکی مۆدێڕن وه‌ئه‌ستۆی خۆی بگرێ؟
به بێ یارمه‌تی یای شوێنهوود، که‌به‌و په‌ڕی له‌خۆبوردوویی و مێهره‌وانانه له کاتی نه‌خۆشیدا ئاگاداریی له میس داڵ ده‌کرد، ئێمه تووشی زۆر دژواری گه‌وره ده‌هاتین. ئه‌وه باش بوو که خوێندکاره خۆجێییه‌کانی نه‌خۆشه‌وانی [ nursing ] به‌کاتی خۆی گه‌یشتنێ. هه‌ر له ڕۆژی دووه‌م لوسینتاک (Lusintak )، و نه‌رگس و هه‌ر وه‌ها ئێستر (Esther )، که نێرسێکی کۆنتری هه‌رمه‌نی یه، ته‌نانه‌ت خه‌جیجی کوردیش، که ئێستا چێشت لێنه‌ره، ده‌بوو به نۆره کێشک بده‌ن. ته‌بیعیه که ئه‌وانه نێرسی ئه‌مریکایی یان ئه‌ڵمانی نه‌بوون، به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێ باشتر بوون له ئه‌وه‌ی که هیچ نێرسی په‌روه‌رده دیتوو له به‌ر ده‌ست دا نه‌بوو. هاوسه‌ره‌که‌ی من ناچار بوو له جه‌نگه‌ی عه‌مه‌له جه‌ڕاحییه‌کاندا کاری بێهۆشکردن به‌ڕێوه‌به‌رێ. جگه‌له‌وه ده‌بوو چاوه‌دێری به سه‌ر کار‌و باری ئاشپه‌زخانه ڕابگا و سه‌رپه‌رستی ئه‌وێش بکا. له‌به‌ر نێرسه یارمه‌تیده‌ره خۆجێییه‌کان ئێمه له کۆتایی ساڵدا بۆ تاقیکردنه‌وه دوو لاو و دوو کچمان وه‌رگرتووه: یه‌كێکیان جه‌وانێکی کورده و یه‌کیان کوڕه مێردمنداڵێکی هه‌رمه‌نییه و کچێکی ئاسووڕی و یه‌کی هه‌رمه‌نی.له‌سه‌ره‌تای ئۆکتۆبری ئه‌مساڵه‌وه ئه‌وان ده‌ستده‌که‌ن به ده‌وره‌یه‌کی سێ ساڵه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک نه‌خۆشه‌وان ڕابهێندرێن.
نزا و پاڕانه‌وه‌ی سه‌ری سبه‌ینان
....... له پۆلی کلینیکه‌که‌ماندا ئه‌مساڵیش به‌رده‌وام بووین له سه‌ر دۆعاخوێنی سه‌ری سبه‌ینان به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست به‌کاره‌کانمان بکه‌ین. له‌و نزا وپاڕانه‌وانه‌دا کارکه‌ر و نه‌خۆشه‌کانی نه‌خۆشخانه‌ش دڵخوازانه به‌شدارییان کردووه، هه‌ر وه‌ها ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی که هه‌موو به‌یانییه‌ک ده‌هاتن و زۆر جار ژماره‌یان ده‌گه‌یشته 30 که‌س. نێورۆکی ئه‌و دۆعایانه له ئینجیله‌وه هه‌ڵده‌بژێردران و به‌سه‌رهاته‌کان به به‌رده‌وامی پێشکێش ده‌کران. یای شوێنهوود به گه‌رمی به زمانی کوردی ده‌یخوێنده‌وه زۆر جار به یارمه‌تی وه‌رگێڕێکی کورد و ئه‌منیش شیم ده‌کرده‌وه، و به‌دووی دا نوێژێکی جه‌ماعه‌تی کورت ده‌کرا. له‌و 3922 نه‌خۆشه‌ی که ئه‌مساڵ لامان بوون، ته‌نی % 25 ئینجیلیان به‌رگوێ که‌وتووه. ئه‌وه پشتیوانییه‌کی گه‌وره‌یه! پاش ئه‌وه‌ی دوای پشووی هاوینی دیسان پۆلی کلینیکه‌که‌مان کرده‌وه له نێو نه‌خۆشه‌کانماندا سێ پیاوی ڕوحانی موسوڵمان هه‌بوون که به بێ هیچ شتێکی زیادی له عیبادهت و دۆعاخوێنی دا ئاماده ده‌بوون. زۆر جار خه‌ڵکی گول که له‌ده‌ور و به‌ری سابڵا‌غ زۆرن له‌و دۆعا خوێنییانه‌دا به‌شدار ده‌بوون.سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئه‌و نه‌خۆشییه عیلاجی نایه وا ده‌بوو سه‌رله‌به‌یانییان که ئێمه له ڕووی ئینجیلی لۆقا مان ده‌خوێنده‌وه، گوله‌کانیش به گه‌رمی ده‌پاڕانه‌وه! ...........
نموونه‌ی تایبه‌تی
له نێو ئه‌و نه‌خۆشانه‌یدا که له نه‌خۆشخانه عه‌مه‌لییات کراون ئێمه نابێ موسوڵمانێک له‌بیر بکه‌ین. ئه‌و ئێستردار و تاجرێک بوو. وه‌زعی زۆر خراپ بوو، و عه‌مه‌لییاتی فیتقی بۆ کرا. ئه‌و پیاوه ده‌یزانی ئه‌و عه‌مه‌لییاته ژیانی کڕیوه‌ته‌وه. هیچ نه‌خۆشێک وه‌ک ئه‌و موسوڵمانه حه‌قی چاکه‌ی له چاو دا نه‌بووه و ئاوا سپاس و پێزانی خۆی ده‌رنه‌بڕیوه. به‌شداری ڕێکوپێکی وی له دۆعا خوێنی و عیبادهت دا زۆر چاوڕاکێش بوو. ئه‌و کاته‌ی که ئه‌و هێندێک بناوبیر ببووه‌وه داوای له خزمه‌کانیشی ده‌کرد که بۆ سه‌ردانی ده‌هاتن به‌شداری له دۆعاخوێنی دا بکه‌ن، ته‌نانه‌ت شه‌وانه‌ش دۆعای بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه ده‌کرد که ده‌ردیان زۆر سه‌خت بوو.زۆر جار سه‌کینه، خزمه‌تکاره کورده‌که‌مانی ده‌هێنا بۆ عیبادهت و دوایه ده‌یبرده‌وه بۆ نه‌خۆشخانه، به بێ ئه‌وه‌ی ئێمه داوامان لێکردبێ.ئه‌زموونێکی ئه‌وتۆ دڵگه‌رمییه‌که بۆ مرۆ و هه‌ستی په‌سن و ستایش ده‌بزوێنێ.
هه‌ر ئاوا ئێمه توانیمان ژیانی خانمێکیش ڕزگارکه‌ین که دوکتوره خۆجێییه‌کان له نه‌خۆشییه‌که‌ی تێنه‌گه‌یشتبوون. ئه‌ومان له نه‌خۆشخانه له‌به‌ر ئه‌ستوور بوونی جه‌رگی عه‌مه‌لییات کرد.دیاره ڕزگار کردنی ژیانی ئینسانان به‌وشێوه‌یه ئاڵقه‌ی دۆستانمان به‌رفره‌وانتر ده‌کاته‌وه. ..........
کاری بانگه‌شه‌ی ئینجیل
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ که‌شیشمان نه‌بوو، ئه‌من به بێ وه‌رگێران،ناچار بووم هه‌م وه‌عزی ڕۆژانی یه‌کشه‌مۆ و هه‌م سه‌عاتی ئینجیل خوێنیی نێوه‌ڕاست حه‌وتوو به‌ڕێوه‌به‌رم. ژماره‌ی ئاماده بووان باش بوو. هه‌ر وه‌ها له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا ده‌قه‌کان له ئینجیله‌کانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردران بۆ ئه‌وه‌ی گوێ‌گران زیاتر له گه‌ڵ ژیانی عیسا ناسیاوی په‌یدا بکه‌ن.هۆی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌ی که ئێمه جگه له‌وانه نه‌بێ ده‌قی دیکه‌مان به‌کار نه‌هێناوه ئه‌وه‌یه که ئینجیله‌کان ته‌نیا ئه‌و به‌شانه‌ن که ئێمه به زمانی کوردی چاپمان کردوون.ژماره‌ی به‌شدارانی نوێژی جه‌ماعه‌ت به ڕێژه‌ی مامنێونجی له نێوان 50 تا 70 که‌س دا بووه، که له‌وانه % 50 یان کورد بوون. ................. ئیحتیا‌ت و ئاگاله‌خۆبوون ناچارمان ده‌که‌ن ڕاسته‌وڕاست نێوی ئه‌وانه نه‌درکێنین وا به‌ره‌ولای خۆمانمان ڕاکێشاون. له کریسمه‌سی 1924 به‌ملایه‌وه دوو کوردی گه‌نج به به‌رده‌وامی سه‌رمان لێده‌ده‌ن.زۆرکه‌م واهه‌بووه نه‌یه‌ن بۆ دۆعا خوێنی سه‌ری سبه‌ینان.و ئێستا به شێوه‌ی تایبه‌تی ئینجیلیان له گه‌ڵ ده‌خوێنینه‌وه. دوو که‌سی دیکه‌ش به‌دووی ئه‌واندا هاتن. یه‌کێک له‌وان له گه‌ڵ که‌شیش فاسوم کاری کردووه.ئه‌وی دوایین چه‌ندین جار دواخوازی کردووه که غوسڵی ته‌عمیدی پێبکه‌ین. وه‌ک قایمکاری جارێ ئه‌وه‌مان وه‌دره‌نگی خستوه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له ژیانی ڕۆژانه دا هه‌ڵسوکه‌وتی چۆنه.تا کۆتایی ساڵ له‌وانه‌یه بتوانین به ته‌خمین نێوی هه‌شت یان نۆ که‌س هه‌ڵده‌ین که به نهێنی نێوی عیسایان په‌ژراندووه......... هه‌ر وه‌ها ئه‌مساڵ سێ منداڵی هه‌رمه‌نی غوسڵی ته‌عمید دراون، دوو زه‌واج و دوو ڕێوڕه‌سمی ناشتن به‌ڕێوه چووه........ ڕۆیشتنی له‌پڕی یای ئه‌ندرسۆن، به بێ هیچ هۆیه‌کی شیاوی پێ ڕازی بوون بوو به هۆی کاردانه‌وه‌ی جیدی زۆرێک له ئێمه. ئێمه که درێژه‌مان به خزمه‌ت داوه به‌رعۆده‌یی خۆمان زیاتر تاقیکردووه‌ته‌وه و گه‌یشتووینه ئه‌و باوه‌ڕی له سه‌ر کار‌و ئه‌رکی خۆمان بمێنینه‌وه تا ئه‌و کاته‌ی که خوڵا بۆخۆی له سه‌ر کارمان لاده‌با.
وه‌رگێڕانه‌کان
جگه له چوار ئینجیله‌کان که که‌شیش فاسوم وه‌ریگێڕابوونه سه‌ر کوردیی موکری، ئێستا گشت ده‌قی کتێبی پیرۆز (New Testament ) وه‌رگێڕدراوه. وه‌رگێڕانه‌که حه‌وجێی به پێداچوونه‌وه و ڕاستکردنه‌وه هه‌یه به‌ر له‌وه‌ی بنێردرێ بۆ چاپ کردن.
سپاس بۆ پیرۆزباییه‌کانتان
ئێمه له دۆستانی میسیۆنه‌که‌مان که به‌تایبه‌تی به بۆنه‌ی کریسمه‌س و ساڵی نوێ وه کارتی پیرۆزبایی و نامه‌یان بۆ ناردووبوین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا نه‌مانتوانیوه و‌ڵامیان بده‌ینه‌وه داوای لێبوردنیان لێ ده‌که‌ین.به‌ڕێگای نامه و کارت دا هه‌ودای خۆشه‌ویستی گشتتر ده‌بێ.منداڵه‌خۆشه‌ویسته‌کانمان ئۆتتۆ و پاوڵ به‌تایبه‌تی سپاسی نامه‌ی هاونێوه‌کانیان ده‌که‌ن......
سه‌باره‌ت به دژوارییه‌کانی وا له‌مه‌ڕ مڵکی نه‌خۆشخانه له گورێ دا بوو، بۆم نووسیبوون ، ئێستا دوای ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ کارگوزار له ته‌ورێزه‌وه ئاگاداری کردووم که مڵکه‌که ده‌کرێ راگوێزرێته سه‌ر نێوی ئێمه.......
دڵسۆزتان له خزمه‌ت خوڵای دا،
هێڕمان شاڵک.
* له‌و خه‌رج و مخاریجانه‌ی ئه‌مساڵ کراون 1200 دۆڵاری حه‌قی ئه‌و پارچه زه‌وییه‌یه که کڕدراوه.وه‌ک ده‌بینن نه‌خۆشخانه_ خه‌رج و مخاریجی دوکتور و نێرس تێدا نا _ به 400 دۆڵار خۆی به‌ڕێوه بردووه. "
له ژماره‌ی 9ی ساڵی 18، مانگی سێپتامبری 1926، کوردستان میشنێری دا نامه‌یه‌کی دوکتور شاڵکی چاپ بووه که له هاوینه‌هه‌واری کانێشێخانی سابڵاغه‌وه نووسیویه:
" نامه‌ی دوکتور شاڵک
کانێشێخان ( هاوینه هه‌وار)، سابڵا‌غ، 21ی ژووییه‌ی 1926
دۆستانی ئازیزی میسیۆن:
ویڕای پێشکێش کردنی سڵاو بۆ هه‌مووتان له قووڵایی دڵه‌وه، ئه‌مڕۆ هه‌ر به کورتی چه‌ند شتێکتان بۆ ده‌نووسم. سڵاوی تایبه‌تی بۆ سکرێتێری نوێی کۆمه‌ڵه‌که‌مان، دوکتور کرۆنک (Cronk ) که تازه ده‌ستی به‌کار کردووه. دوکتوری خۆشه‌ویست خوڵا پشتیوانت بێ.... هه‌ر وه‌ها سڵاو بۆ سه‌رۆکه‌که‌مان جه‌نابی مۆلینگ (Moehling ) و جه‌نابی هۆفمان (Hoffman ) و کۆمه‌ڵه‌ی نزاخوێنیان *. ئێمه ستایشی سه‌بری ئێوه ده‌که‌ن که له مێژه شتێکی ئه‌وتۆمان له مه‌ڕ چالاکییه‌کانمان سه‌باره‌ت به کاری نه‌خۆشخانه پێ ڕانه‌گه‌یاندوون. خوڵای گه‌وره ده‌ستی به پشتوانی ئێوه‌وه گرتووه.
بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ دڵنیا نه‌بووین چاره‌نووسی مڵکی نه‌خۆشخانه‌که‌مان چێ به‌سه‌ر دێ.... ئێستا مڵکه‌که به ڕه‌سمی وه‌ک مڵکی میسیۆن ناسراوه. مڵکی نه‌خۆشخانه مێژوویه‌کی یه‌کجار سه‌رنجڕاکێشی هه‌یه له ڕابردوو دا و هه‌ر وه‌ها مێژوویه‌کی سه‌رنجڕاکێشیشی هه‌یه له‌مه‌ڕ ئه‌و دژوارییانه‌ی وا بۆ خاوه‌ندارێتی ته‌واوی له گۆرێ دابوو..... له 10ی مانگی ژووییه ئێمه بووینه خاوه‌نی مڵکه‌که.له‌و باره‌یه‌وه به جوێ بۆتان ده‌نووسم. چوارشه‌مۆ، 14ی ژووییه ده‌مه‌وئێوارێ له‌وێ له‌گه‌ڵ گشت کاره‌که‌ره خۆجێییه‌کانما ن شێومان کرد، ته‌نانه‌ت ئه‌و وه‌ستا و فه‌عله‌ی وا له‌وێ کاریان ده‌کرد..... ئێستا ئێمه له‌وێ کار ده‌که‌ین. له 15ی ژووییه ئه‌و خانووه خۆجێییانه‌مان چۆل کرد که بۆ ماوه‌ی دووساڵ و نیو وه‌ک نه‌خۆشخانه، ده‌رمانگه و جێی عیبادهت به‌کارمان ده‌هێنا. ئێمه نه‌خۆشه‌کانمان له‌گه‌ڵ خۆمان هێنا هاوینه هه‌واری و ده‌رمانگه‌که‌مان کرد به ژوورێکی ئاسایی له ڕووبه‌ره‌که دا. ده‌ستبه‌جێ ده‌ستمان کرد به دروستکردنی دیوی کاتی بۆ نه‌خۆشخانه، دیوێکی پچووکی عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی، و هێندێک دیو بۆ ئه‌نبار. گشت ئه‌وانه له سه‌ر بناخه‌ی که‌لاوه کۆنه‌کان. له‌گۆشه‌یه‌کی دیکه‌ی ڕووبه‌ره‌که‌دا به ته‌نیشت دیوه‌کانی سه‌رنێرسه‌وه چه‌ندین دیو ئاماده ده‌که‌ین بۆ نه‌خۆشه‌وانه خۆجێیه‌کان و کاره‌که‌رانی نه‌خۆشخانه. له سه‌رێکی دیکه دوو ژوور بۆ ئه‌م نووسه‌ره و بنه‌ماڵه‌که‌ی. ئه‌وانه ئه‌وه‌نده‌ی بکرێ به هه‌رزان دروست ده‌که‌ین.په‌نجه‌ره و ده‌رگای نوێ که تازه دروستکراون بۆ نه‌خۆشخانه‌ی تازه به‌کار ده‌هێندرێن.نازانن ئێمه چه‌نده خوشحاڵین که مڵکی له‌مه‌ڕ خۆمان هه‌یه و ده‌توانین به‌و جۆره‌ی ده‌مانه‌وێ سازی که‌ین! سه‌باره‌ت به خه‌رج و تێچووی ئه‌م کاره‌هیوادارم گشت ئه‌و ژوورانه‌ی نه‌خشه‌ی دروستکردنیانمان داڕشتووه له‌وه‌نده‌ی تێنه‌په‌ڕێنێ که له ماوه‌ی ئه‌و دووساڵه دا له حه‌قی کرێ خانوومان داوه، به ماڵی خانمه‌کانیشه‌وه ( نزیکه‌ی 800 تمه‌ن).
ئێمه پێمان خۆشه ئێوه بۆ چالاکییه‌کانی خۆمان وه‌گه‌ڕ بخه‌ین. له‌حاڵی حازر دا سێ به‌ننا و 25 فه‌عله به خێرایی کار ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی گشت دیوه‌کان ئاماده بکه‌ن. ئێمه ڕۆژانه ده‌بێ 13 دۆڵار حه‌قده‌ست بده‌ین. داخودا ئێوه به هانامانه‌وه دێن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له مانگی ئۆکتۆبر دا ده‌ست به کاره‌که‌مان بکه‌ین؟ ئێمه ده‌بێ سه‌رپه‌نایه‌کمان هه‌بێ.
پێداویستییه‌کی گرینگی دیکه هه‌بوونی دیواره به ده‌وری گشت ڕووبه‌ری نه‌خۆشخانه‌که‌دا. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه ڕێک دابڕێژرێ، هێشتا پێویستیمان به کڕینی به‌شه زه‌وییه‌کی که‌م هه‌یه.
له به‌ر ئه‌وه‌ی دیواره‌که به لانی که‌مه‌وه ده‌بێ سێ میتر به‌رز بێ، ئێمه ده‌بێ 1584 میتری چوارگۆشه دروست که‌ین، هه‌ر یه‌که‌ی 75 سانتیمی تێده‌چێ، پارچه زه‌وییه‌که 152 میتر له 132 میتر دایه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته تایبه‌تییه ئێمه هه‌رچه‌ندی بکرێ یارمه‌تیده‌رمان پێویسته. هه‌ر که‌سێکی که ئه‌م دێڕانه ده‌خوێنێته‌وه ده‌کرێ ده‌ستبه‌جێ نێوی خۆی بدا به سکرتێری به‌ڕێوه‌به‌ری بۆ ئه‌وه‌ی نێوی وه‌ک به‌شدار له دروست کردنی دیوار دا ئاسته بکرێ. هه‌رجۆره باربوو و دیارییه‌ک ته‌نانه‌ت ئی هه‌ره‌که‌میش به‌سپاسه‌وه وه‌رده‌گیرێ. ئێمه حه‌وجێمان به یارمه‌تیده‌ری ئه‌وتۆ هه‌یه که یارمه‌تی بکه‌ن به دروستکردنی 1، 2 ، 3 ، و ته‌نانه‌ت 1000 میتری چوارگۆشه. به‌و شێوه‌یه کاره‌که ئه‌وه‌نده خێرا که بکرێ ته‌واو ده‌بێ. له ووتاره‌کانی دادێ دا، له کاتی باسکردنی که‌لاوه جۆر به‌جۆره‌کانی سه‌ر مڵکه‌که، هێندێک وێنه‌تان بۆ ده‌نێرم.........
دڵسۆزتان له خزمه‌ت خوڵای دا، __ دوکتور.شاڵک
* ئه‌و دوو کۆمه‌ڵه‌یه‌ی نزاخوێنان یارمه‌تییه‌کی زۆریان داوه بۆ خه‌رج و تێچووی نه‌خۆشخانه‌که که نێوی نه‌خۆشخانه‌ی بێتله‌هێم _ گێتسامنێ یه. "
وه‌ستا حوسێنه که‌ڵه‌ی به‌ننا و شاگرده‌که‌ی
ژماره‌ی 4ی ساڵی 19ی مانگی ئاوریلی ی کوردستان میشنێری1927 کورته‌یه‌کی ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی دوکتور شاڵکی بۆ ساڵ 1926 بڵاو کردووه‌ته‌وه .دوکتور شاڵک ئه‌و ڕاپۆرته‌ی له مانگی مارسی 1927 دا ناردووه. ئێدیتۆری کوردستان میشنێری له سه‌ره‌تای ڕاپۆرته‌که دا شیکردنه‌وه‌یه‌کی نووسیوه: " ئه‌م به‌ڵگه چاوڕاکێش و دڵخۆشکه‌ره سی لاپه‌ڕه‌ییه که به زمانی ئه‌ڵمانی نووسراوه له 11ی ئاوریل به‌ده‌ست من گه‌یشت. سێکرێتێری به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌ری گێڕا و ده‌ستبه‌جێ چه‌ندین کۆپی کرا و بۆ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناردرا. خوێنه‌ره‌وانی کوردستان میشنێری ده‌کرێ له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاپۆرته چێژ وه‌رگرن بۆیه لێره دا بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕاپۆرته درێژه ده‌کرێ له دوو یان سێ ژماره دا بڵاو بکرێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ره‌وانی مێهره‌وان فکرێکیان لا دروست بێ سه‌باره‌ت به زۆر شتی باشی که‌له‌و ڕاپۆرته دایه له خواره‌وه کورته‌یه‌کی بڵاو ده‌که‌ینه‌وه."
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی درێژه‌ی ئه‌و ڕاپۆرته له ژماره‌کانی 5 و 6ی ساڵی 18 مانگی مه‌ی و ژووه‌نی 1927 چاپ کراوه لێره‌دا
ئه‌و کورته‌یه‌ی له سه‌رێ باس کراوه بۆ خۆپاراستن له دووپاته کردنه‌وه وه‌رنه‌گێڕدراوه. به‌شێکی زۆر له ڕاپۆرتی دوکتور شاڵک که له ژماره‌ی 5 و 6 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه ئاوایه:
"سێیه‌م ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی میسیۆنی لووتێری ئێڤانگێلی ڕۆژهه‌ڵات له سابڵا‌غ له ساڵی 1925 وه تا سالی 1926
سێیه‌میان ساڵی چالاکی میسیۆنێری خۆمان تێپه‌ڕاند. زۆر زوو تێپه‌ڕی! هه‌موو دژواریه‌کانیشی ده‌رباز بوون، به‌ڵام ئێمه‌ش هه‌موو ده‌رفه‌ته‌کانی کارکردنمان تاقی کرده‌وه........ له ڕاستیدا ساڵی سێیه‌م ساڵێکی ئارامی خزمه‌ت کردن نه‌بوو به نه‌خۆشان. به‌ڵکوو ساڵێکی تاڕاده‌یه‌ک نائارام بوو.ئێمه له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوو دا پێنج تا شه‌ش مانگان، جگه له ماوه‌یه‌کی کورت نه‌بێ، به‌رده‌وام بووین له خزمه‌تکردن و ئاگاداری له نه‌خۆشان له خانووه کرێ کاندا. جا بۆیه ناکرێ سه‌باره‌ت به نه‌خۆشێکی زۆر ڕاپۆرتتان بده‌ینێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ژماره‌ی نه‌خۆشان نابێ به خاڵی سه‌ره‌کی دابندرێ.خزمه‌تی ته‌واو به نه‌خۆشان له پۆلی کلینیک و نه‌خۆشخانه‌دا ته‌نێ تا 16ی مانگی مه‌ی به‌رده‌وام بوو.
وه‌ده‌ست هێنانی خاوه‌نێتی مڵک
کێشه‌ی گه‌وره له‌ماوه‌ی ساڵ دا وه‌ده‌ستخستنی خاوه‌نێتی ڕه‌سمی ئه‌و مڵکه‌ی بوو له ساڵی 1925 دا کڕیمان. مافی مڵک هه‌بوون بۆ شارۆمه‌ندی بێگانه له ئێران ته‌نێ ئه‌و ده‌مه ده‌درێ که حکوومه‌ت ئه‌و سه‌ودایه په‌سند بکا. بۆ وه‌ده‌ستهێنانی په‌سند کردنێکی ئه‌وتۆ سه‌فه‌رێک بۆ ته‌ورێز پێویست بوو بۆ ئه‌وه‌ی مرۆ له شوێنی خۆی له گه‌ڵ کاربه‌دستان بدوێ و کاره‌که جێبه‌جێ بکا. هاوسه‌ره‌که‌شم، که پێویستی به‌وه بوو سه‌ری ددان پژیشک بدا له گه‌ڵم هات. له هه‌مان کاتدا ئێمه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌شمان به کار هێنا بۆ به‌شداری له کۆنفڕانسی زوێمێر ( Zwemer- Conference) له ته‌ورێزێ وه‌ک نوینه‌رانی میسیۆنی خۆمان. سه‌باره‌ت به وتووێژه‌کانمان له گه‌ڵ حکوومه‌تی ئێران له ته‌ورێزێ هیوادارم نامه‌یه‌کی تایبه‌تیتان بۆ بنووسم. ....... له 28ی ژووه‌نی 1926 ئه‌و مڵکه سه‌ره‌کییه‌ی که له سه‌ردارمان کریبوو به ڕه‌سمی ناسرا. ئه‌وه گرینگییه‌کی زۆری هه‌یه بۆ کاری میسیۆنی ئێمه له کوردستان. ته‌نێ به ته‌ماشا کردنی به‌ڵگه‌یه‌کی تایبه‌تی له‌و باره‌یه‌وه دۆستانی میسیۆنی ئێمه ده‌توانن بزانن ئێمه ده‌بوو به سه‌ر چ جۆره دژوارییه‌ک دا زاڵ بین. .................
42 ڕۆژ له ته‌ورێزێ ماینه‌وه، جا بۆیه زۆر خوشحاڵ و شوکرانه بژێر بووین کاتێک توانیمان بگه‌ڕێینه‌وه سابڵاغێ. ئێمه له کۆتایی ئاوریل دا خاوه‌نی خانووبه‌ره‌که‌مان ئاگادار کرد ئه‌وێ چۆل ده‌که‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی کرێ ماڵی دیکه نه‌ده‌ین یای شوێنهوود و منداڵه بێ دایوبابه‌کان گوێستیانه‌وه بۆ خانوویه‌کی کۆنی خۆجێیی که له سه‌ر زه‌وی و ڕووبه‌ری ئه‌و مڵکه‌ی بوو که بۆ دروستکردنی نه‌خۆشخانه کڕدرابوو. ئه‌و جار ده‌بوو خانووی کرێی نه‌خۆشخانه و پۆلی کلینیکیش چۆل که‌ین. ئێمه له 15ی ژووییه ئه‌وێمان چۆل کرد. یای شوێنهوود بۆ خۆی و منداڵه بێ دایوبابه‌کانی، نه‌خۆشخانه به کارکه‌ر و نه‌خۆشه‌کانییه‌وه، هه‌ر وه‌ها خێزانی من به دلێکی خۆش گوێستمانه‌وه بۆ هاوینه هه‌واری کانێشێخان له شاخی، که هه‌ر دووک ساڵی پێشووتر بۆ حه‌سانه‌وه چووبووینه ئه‌وێ له‌گه‌ڵ هێندێک ئاسته‌نگی که بۆمان هاته پێشێ.
به‌رنامه خانووبه‌ره دروستکردن
نه‌خشه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی پێگه‌ی میسیۆن وه‌ک ئه‌وه‌ی خواره‌وه بوو. له‌و زه‌وییه‌ی که ئێتسا به ڕه‌سمی وه‌ک زه‌وی بۆ دروستکردنی نه‌خۆشخانه ددانی پێداهاتووه، ئه‌گه‌ر بکرێ له سه‌ر بناغه‌ی که‌لاوه‌ی چاوه خانووه خۆجێییه کۆنه‌کان سێ ژووری کاتی دروست بکرێن بۆ نه‌خۆشخانه و بۆ وه‌تاغی عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی.که 300 تا 400 دۆڵاری تێده‌چوو و بۆ ئه‌وه‌ی میسیۆن چیدیکه دراوی کرێ خانوو نه‌دا.ئه‌و کاره دوای ئه‌وه‌ی ئه‌من له مانگی ژووییه له ته‌ورێزه‌وه گه‌ڕامه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد. باشه ئه‌گه‌ر پاییز بگاتێ ئه‌من ستافی نه‌خۆشخانه و خیزانی خۆم له کوێ بحاوێنمه‌وه؟ به‌کرێ گرتنی ماڵێکی خۆجێی هه‌ر جێی بیر لێکردنه‌وه نه‌بوو. ته‌نیا ڕێگا ئه‌وه بوو بۆخۆم له ژووییه‌وه تا مانگی ئووت به‌رپرسیاری به ئه‌ستۆوه بگرم و چاوم به سه‌ر دروستکردنی ئه‌و ژوورانه‌وه بێ که بۆ نه‌خۆشخانه و ئاگاداریی خێزانه‌که‌ی خۆم پێویست بوون. بناخه‌ی ئه‌و ڕووبه‌ره که‌لاوه‌یه ئه‌وه‌نده پته‌و بوو که بکرێ ئه‌و ژوورانه‌ی له سه‌ر دروست بکرێ. به بڕیاری بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و نه‌خشه‌یه به‌هێزتر بوو له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌می ئه‌من دراوی پێویستم به ده‌سته‌وه بوو که ده‌ست به‌جێ ده‌ستبکه‌م به ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و ئه‌رکه. ئه‌گه‌ر ئه‌وده‌می ئه‌و قه‌رزه‌ی Chodsha Asis خواجه! عه‌زیزمان دابایه‌وه،له وزه‌م دانه‌ده‌بوو ده‌ست به قوڕه‌کاری بکه‌م؛ ئه‌وده‌می یای شوێنهوودیش بۆی نه‌ده‌کرا بچێ بۆ ئه‌مریکا. ئه‌و قه‌رزه‌ی خواجه! عه‌زیز که ده‌پێماندا بوو ئه‌وه‌نده که‌م نه‌بوو که هه‌ر وا به هاسانی بدرێته‌وه. بۆ یه ئه‌من توانیم ده‌ست به خانووبه‌ره دروستکردن بکه‌م.
به‌ر له‌وه‌ی بشێوێنی و نائارامی هه‌ڵبگیرسێ که له 13ی ئووت دا زۆر گه‌وره بووه‌وه، سێ ژووری به‌شی پیاوانی نه‌خۆشخانه،داڵانێک و ژێر خانێک ؛ له سه‌ره‌وه‌ی وان ژووری عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی، له‌گه‌ڵ ژوورێکی ئه‌نبار، هه‌ر وه‌ها ژوورێک بۆ ده‌رمانان، ژوورێکی چاوه‌ڕوانی و ژووری چاولێکردنی نه‌خۆشان بۆ خۆم، ئاماده کران و سه‌رمان داپۆشین. دوایه کشانه‌وه و هه‌ڵهاتنی له‌پڕمان له شاخی له شه‌وی 13ی ئووت هاته‌پێشێ. کۆکردنه‌وه‌ی چادره‌که‌مان و پێچانه‌وه‌ی سندووقه‌کانمان و شتی دیکه ته‌نێ دووساعه‌تی پێ چوو. سه‌باره‌ت به‌و ڕووداوه دوایه ووتارێکی دیکه ده‌نووسم.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی خێرام، له پێشدا بیرم له‌وه کرده‌وه له نزیک نه‌خۆشخانه، ماڵێکی کاتی بۆ خێزانه‌که‌ی خۆم ساز که‌م.دوایه ده‌ستم له‌وه هه‌ڵگرت. وام ده‌هاته به‌رچاو که خه‌رجی سازکردنه‌وه‌ی خانوو له سه‌ر که‌لاوه‌که زۆر که‌متر بێ له دروستکردنی ماڵێکی تازه بۆ ئه‌وه‌ی خۆم و خێزانه‌که‌م تێیدا بژین. بۆیه ئێمه له سه‌ر که‌لاوه‌که که له سه‌ر ڕووبه‌ری مڵکی مه‌دره‌سه‌ی دادێیه و له‌به‌انبه‌ر ڕووبه‌ری نه‌خۆشخانه هه‌ڵکه‌وتووه خانوومان ساز کرد. ئه‌و دیوارانه‌ی ڕووخابوون دیسان ساز کرانه‌وه، به پێی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی بۆ دروستکردنی (مه‌دره‌سه) دامان ڕشتبوو.له سه‌رکه‌لاوه‌ی خانوویه‌کی ته‌واو ڕووخاو، ده‌ستێک خانووبه‌ره‌ی 6 ژووری به داڵانهوهمان دروست کرد. به دروستکردنی سێ چاوهتهویله و ئاوده‌ست ئیدی خانووه‌که چی که‌م نابێ. هیوادارم وێنه‌ی که‌لاوه‌که و هه‌ر وه‌ها ئه‌و خانوویه‌ی له سه‌ری دروست کراوه به ساخی بگاته ده‌ستتان.
خوڵاش هاریکارمان بوو و نه‌هیشت باران چه‌ت له کاره‌کانمان بخا. ئێمه ئێستا ده‌توانین ده‌ست بکه‌ین به سازکردنی ئاشپه‌زخانه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ نه‌خۆشخانه و ئه‌نبارێک، دوو ژووری دانیشتن به سه‌رده‌رانه‌وه، شۆرکه‌یه‌ک، ئه‌نبارێکی گه‌وره‌تر، ژوورێک بۆ ده‌رکه‌وان، و له سه‌ره‌وه‌ی وی ژوورێکی خه‌و بۆ سه‌رپه‌رستی نێرسه‌کان.
ئێمه ئاخره‌که‌ی به‌شی ژنانی نه‌خۆشخانه‌مان دروست کرد. ئه‌وه بریتییه له سێ ژێرخان ، که له سه‌ره‌وه‌ی سێ ژووری نه‌خۆشخانه هه‌ڵکه‌وتوون. دانگه‌یه‌کی گه‌وره، سه‌رپه‌نایه‌کی دار، که ده‌وری به دیوار گیرابێ نه‌خشه‌ی خانوو دروستکردنه‌که‌مان ته‌واو ده‌کا. ته‌نێ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و جۆره کارانه ده‌زانن ده‌کرێ داوه‌ری بکه‌ن که له‌ساڵێکی نائارامی و بشێوێنی دا چ کراوه.
پاساوی من بۆ خانوو دروست کردن به بێ ئیزن وه‌رگرتن له ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری به پێی ئه‌و ڕاستییه‌یه که هه‌موو ساڵێک دانی 700 تا 800 دۆڵار کرێ له کۆڵ میسیۆن بکرێته‌وه. جگه له‌وه ئێستا ئێمه ماڵی له‌مه‌ڕ خۆمان هه‌یه. ئیدی به " ده‌سته‌یه‌ک چاوبه‌ست" داناندرێین که خه‌ڵک داوای یارمه‌تییان لێده‌کا. وه‌ک بیرێکی سه‌ره‌کی ، ئه‌من له درێژخایه‌ندا ناتوانم به‌رپرسیاری عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی وه‌ک عه‌مه‌لییاتی بڕینی لێواره‌ی زگ له ژوورێکی ئاسایی‌دا به ئه‌ستۆوه بگرم. کێ ده‌توانێ ته‌قریبه‌ن 37 ژووران به 3 تا 4 هه‌زار دۆڵار سازبکا؟ ئه‌وانه‌ی به سه‌ر خانووبه‌ره سازکردنه‌که ڕاده‌گه‌یشتن به ده‌ستپاکی کاره‌که‌یان کرد.له‌وه‌دا خوڵا زۆر جوان یارمه‌تی داین. پێویست بوو پلانێکی دیاریکراو گه‌ڵاڵه بکرێ و دوایه وه‌دیبهێندرێ. بۆیه ئه‌وشته چاکانه‌ی بۆی کردوون له بیرتان نه‌چێ.
دوای ته‌واو کردنی دروستکردنی قه‌فه‌سه له ژووره‌کاندا، به‌تایبه‌تی ته‌واو کردنی ژووره جۆربه‌جۆره‌کان، که گێچکاری ده‌کرێن و سمتیکاری ته‌ڕکی ژووره‌کان و کلۆم دانان بۆ ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌کان، ئیدی نه‌خۆشخانه و پۆلی کلینیکه‌که له دۆخێکی ئاواداده‌بن بۆ ماوه‌ی 5 یان ده ساڵان خزمه‌تی ته‌واو پێشکێش بکه‌ن. هه‌ڵبه‌ت خانووبه‌ره‌کان له ده‌ره‌وه ڕا وه‌ک خانووبه‌ره و بینای مۆدێڕن وه‌به‌رچاو نایه‌ن. ڕواڵه‌تی ده‌ره‌وه نابێ زۆر به گرینگ دابندرێ. ئه‌وه‌ی گرینگ بێ ئه‌وه‌یه ژووره‌کان وڵامی ئه‌و مه‌به‌ستانه ده‌ده‌نه‌وه که بۆیان ساز کراون.
به‌م دێڕانه ئه‌من ده‌مه‌وێ له هه‌موو دۆستانی میسیۆن چ ده‌وڵه‌مه‌ند و چ هه‌ژار تکا بکه‌م به خێرایی یارمه‌تیمان بده‌ن بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌و دراوه‌ی خه‌رجمان کردووه. ئێمه پێویستییه‌کی زۆرمان به دراو هه‌یه.
ئه‌من له قووڵایی دڵه‌وه داوا له ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌که‌م ورده‌ڕیشاڵی ئه‌و خه‌رج و مخاریجه‌ی له پڕۆژه‌ی خانوو دروست کردن کراوه بخه‌نه به‌رده‌ستی دۆستانی خۆشه‌ویستی میسیۆن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان به گردبڕی بزانن که دراو چۆن خه‌رج کراوه. ڕه‌قه‌می هه‌ره زۆر، که زیاتر له 1400 دۆڵاره درا به به کڕێکاران؛ و ئه‌مه‌ش نرخێکی گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ زه‌حمه‌تکێشانی کاره‌که‌ر و پشتیوانییه‌که بۆ میسیۆن. هه‌ر ئه‌وه‌نده بهێننه به‌ر چاوی خۆتان که بۆ ماوه‌ی پێنج مانگان 40 تا په‌نجا پیاو، له شارێکدا که هیچ ده‌ره‌تانی کار تێداپه‌یداکردنی نییه له جه‌نگه‌ی بشێوی و نائارامی دا، ده‌رفه‌تی کار کردنیان درایه.له کاتێکدا که بۆخۆم له به‌ری به‌یانییه‌وه تا تاوپه‌ڕان سه‌رقاڵ بووم _ له پێشدا، له سه‌ر زه‌وییه‌که بۆ چاوه‌دێری به سه‌ر کاره‌کاندا؛ و دوایه‌ش قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتروزیاتر له‌بیریی ژیانی خه‌ڵک، بۆم ده‌رکه‌وت خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و نه‌دار چه‌نده به خۆلێبوردووییه‌وه کارمان بۆ ده‌که‌ن. دیاره ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی کارکه‌ر به دروستی هه‌لسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ بکرێ و ئه‌و مووچه‌یه‌ی به‌ڵێیان پێدراوه بیاندرێتێ به قووڵی شوێنیان تێدا ده‌کا. به‌وه ڕا خه‌ڵک جیاوازی ............... یان بۆ ده‌رده‌که‌وێ. ئه‌و کارتێکه‌رییه‌ی له‌و چه‌ند مانگانه دا بووه که‌م نییه. زۆر ژن و کچ، چ مه‌سیحی بووبن یان کورد، یه‌که‌مجار کاری ڕاسته‌قینه له لای ئێمه فێر بوون. زۆر خێرا موسوڵمانه‌کان خۆیان له گه‌ڵ ڕۆژی پشوودانی یه‌کشه‌مۆ گونجاند. ڕۆژانی جومعه کارمان ده‌کرد به‌ڵام ڕۆژانی یه‌کشه‌مۆ ڕۆژی پشوودانمان بوو.ئه‌وه پشتیوانی و چاکه‌یه‌کی گه‌وره‌یه ئه‌گه‌ر کاتی کار دیاری بکرێ.هه‌موو کرێکاره‌کانمان بۆ ساز کردنی نه‌خۆشخانه به پێی کاتی دیاریکراو له حه‌وتوو دا کاریان ده‌کرد. زۆرێک له نێرسه خۆله‌کن زۆره‌کان به‌و کاره به‌خۆیاندا ده‌شکانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی که به‌سه‌رکه‌تووییه‌وه له ده‌وره‌ی تاقیکردنه‌وه ده‌رچووبوون به‌و شێوازه خۆشحاڵ بوون و به پشتیوانی و دڵگه‌رمییه‌کیان داده‌نا. بزانن کرێکارێکی میسیۆن چۆن ده‌توانێ به‌ڕێگای جۆر به جۆره‌وه کارتێکه‌ری له سه‌ر خه‌ڵک هه‌بێ! ئه‌من به‌داخه‌وه‌م که که‌مته‌رخه‌میم کردووه و زۆر ده‌رفه‌تم له ده‌ست داوه و ده‌ستبه‌جێ ئه‌زموونی ڕۆژانه‌م نه‌نووسیوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی که بۆ ئێمه کاری ڕۆژانه‌یه، بۆ ئێوه ده‌بێ به خوێندنه‌وه‌یه‌کی پڕله‌چێژ و خۆش. به مێهره‌وانییه‌وه لێم ببوورن که ئه‌منیش وه‌ک هه‌موو که‌سی دی پیاوێکی لاوازم. زۆر جار توانا و ده‌ربردنی خۆم زۆر به زیاتر له‌وه داناوه که هه‌مه و ئه‌من ڕۆژانه هه‌ست به‌وه و لاواز بوونی ورده ورده‌ی خۆم ده‌که‌م.
ئه‌و بڕه دراوه‌ی دووه‌م واته 1200 دۆڵار بۆ کرێنی داره‌ڕا و ته‌خته بوو. داری خانوو، و هه‌ر وه‌ها دار بۆ سووتاندن هه‌تابڵێی گرانه، چونکوو ئێران داری خانووی که‌مه. ئێمه به‌ڕاستیش زۆر به‌خته‌وه‌رین که ئێستا له‌ئێران سپیدار (چناری سپی) به‌خێرایی زۆر ده‌بێ.سپیداری درێژی باریک ته‌قریبه‌ن هه‌ر بۆ داره‌ڕای خانوو به‌کارده‌هێندرێ.بۆ ئه‌وه‌ی له ڕووی ئابوورییه‌وه به قازانج بێ له دادێ دا ده‌بێ داری خانوو له پێشدا بکڕدرێ و ئه‌و پیاوانه‌ی کارمان بۆ ده‌که‌ن بیانبڕین و بیانهێننه شوێنی خانووه‌که. دواتر ووتارێکی تایبه‌تی ده‌نووسم سه‌باره‌ت به چلۆنایه‌تی خانووبه‌ره دروستکردنمان له کوردستان.
هه‌ست ده‌که‌م دۆستانی ئازیزی میسیۆن وڵامێکی ئه‌وتۆیان نه‌داوه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به‌و داوخوازییه‌ی که له مه‌ڕ پێویستی ڕاكێشانی دیوار به ده‌وری ڕووبه‌ری نه‌خۆشخانه‌دا لێم کردبوون. زۆرده‌ستی به‌تاڵی بابان و دایکان و خێزانانی منداڵدار چاوه‌ڕێ ده‌که‌ن ده‌رفه‌تی کاریان ده‌ست که‌وێ. به دروست کردنی ئه‌و دیوارانه‌ی له‌سه‌ره‌وه دا باسیان کرا ئێمه له ماوه‌ی ساڵی دادێ دا ده‌توانین ده‌رفه‌تی کار کردنێکی باش بڕه‌خسێنین. ئه‌من پڕبه‌دڵ داواتان لێده‌که‌م ده‌ستی به‌تاڵمان به‌یارمه‌تی خۆتان پڕکه‌نه‌وه. باشه ئێمه چۆن ده‌توانین وه‌عزی ئینجیل بۆ خه‌ڵک داده‌ین ئه‌گه‌ر هیچ نانمان نه‌بێ بیانده‌ینێ. بۆ نه‌هێشتنی بێ‌کاری و ده‌رفه‌ت ڕه‌خساندنی کار ئه‌وه پرسیارێکی گرینگه.
چوونی هاوینه هه‌وار
ئێمه ناتوانین له ئاست ئه‌و دژوارییانه بێده‌نگ بین که له گه‌رمه‌ی ماوه‌ی بشێوی و نائارامیدا ده‌وره‌یان داین. ئه‌من که به‌رده‌وام پڕۆژه‌ی خانوو دروستکردنم له‌به‌رچاو بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کرێ خێرا گشتمان بچین ده‌خانووی خۆمانه‌وه، هیچ گوێم نه‌دا به مه‌ترسی ئه‌و نائارامییه‌ی که نۆ ڕۆژ دوای گه‌ڕانه‌وه‌م له بنا‌و هاته گۆرێ. زۆر له دۆستان و به‌تایبه‌تی کرێکاره‌کانمان به‌وپه‌ڕی گه‌رمی و مێهره‌وانییه‌وه به خێرهاتنیان کردم! ئه‌وان هه‌ر که زانیبوویان ساحێب* هاتووه‌ته‌وه، وه‌ک نێچیری بێ سه‌ره و هه‌ته‌ڵه‌بوو له‌و جێیانه‌ی خۆیان شاردبووه ده‌رکه‌وتن و ده‌بێ له نێوخۆیان دا گوتبێتیان به هاتنه‌وه‌ی من مه‌ترسیش ته‌واو بووه. وه‌زعێکی زۆر شپرزه له نێو خه‌ڵکدا به‌دی ده‌کرا، زۆرێک له خه‌ڵکی خه‌مسارد که گۆێیان نه‌دابوویه ئه‌و مه‌ترسییه گیانی خۆیان له سه‌ردانا. ته‌نێ به‌هاتنی ده‌سته‌یه‌کی تازه له سه‌ربازان بۆ سابڵا‌غ ئه‌ڕته‌ش توانی سه‌رکه‌وێ.به‌وشێوه‌یه له ده‌روازه‌کانی سابڵا‌غ پێش به دزی و تاڵان گیرا.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ سابڵا‌غ ئیدی ئێمه چ پێویستیمان به تێفکرین و له‌سه‌ر ڕۆیشتنی دیکه نه‌بوو سه‌باره‌ت به خانوو دروست کردن. به‌رله‌هه‌موو شت پێویست بوو دیواره‌کان ڕابکێشرێن بۆ ئه‌وه‌ی له ئاست باران بمانپارێزن، و هه‌رچۆنێک بوو ده‌بوو پلانی خانووه‌که ته‌واو بکرێ.کار ده‌ستی پێکرده‌وه. به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه ئه‌رکێکی گه‌وره‌بوو ئه‌و دارانه‌ی بۆ خانووبه‌ره‌که پێویست بوون له مه‌ڕاغه‌وه ڕا بگوێزرێن چونکوو ئه‌و گارییانه‌ی پێیان ده‌گوێزرانه‌وه بۆ کار‌و باری حکوومه‌ت ده‌کار ده‌کران.دوای ئه‌وه‌ی کارهاسانی کرا بۆ هێنانی داره‌کان بۆ سابڵا‌غ، به‌و پێیه‌ش نرخی هێنانیان دیاری کرا. ئه‌و ده‌می ئێمه دراوێکی زۆرمان به ده‌سته‌وه نه‌بوو، بۆیه ئه‌وه تووشی دڵپه‌شێوییه‌کی زۆری کردین. به حه‌ول و دژوارییه‌کی زۆر سێ گاری به باری 60 ئاڵوو داره‌وه له مه‌راغه‌وه گه‌یشتنێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌رله‌وه‌ی ئه‌من ئاگادار بم، کاربه‌ده‌سته نیزامییه‌کان ده‌ستیان به سه‌ر هه‌موو داره‌کاندا گرتبوو بۆ ئه‌وه‌ی بۆ سازکردنی ئیستیحکاماتی سه‌ربازی خۆیان به‌کاریان بهێنن. هه‌تا ئه‌و دارانه‌مان ئه‌ستانده‌وه قیل سپی بوو! له ماوه‌ی شه‌ڕ دا له نێوان سه‌ربازانی ئێرانی و عه‌شیره‌تێکی کورد: " پژده‌رییه‌کان" له ده‌ور و به‌ر و له نزیک سه‌رده‌شت، ئه‌و برجه گه‌ورانه‌ی که له‌سه‌ر به‌رزاییه‌کان به مه‌به‌ستی به‌رگری دامه‌زرێندرابوون زۆر به‌کار هاتن چونکوو هێڕشکاران تۆپیان نه‌بوو.له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌ڕته‌ش زۆر به‌په‌له ده‌ستی کرد به دروستکردنی برجی چاوه‌دێری ئه‌وتۆ له ده‌وری سابڵاغیش. ته‌نانه‌ت ئێستاش حه‌وت له‌و برجانه له سه‌ر ئه‌و شاخه نزیکانه‌ی که ئامێزیان له سابڵا‌غ وه‌رێناوه ده‌بیندرێن. ئه‌وانه بۆ ئێمه، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ئووتی 1926 ن. به یارمه‌تی کارگوزار _ ئه‌و کاربه‌ده‌سته ئێرانییه‌ی که به‌رپرسی ئاگاداری له به‌رژه‌وه‌ندی بێگانانه _ و ڕاسپارده‌یه‌کی پته‌وی فه‌رمانده‌ری ئه‌ڕته‌ش له شاری توانیمان ئاڵووداره‌کان بستێنینه‌وه.
به سواری هاتن و چوونم به‌ده‌وری ئه‌و شوێنانه‌یدا که برجه‌کانیان لێ دامه‌زرێندرابوو، و ئه‌وه‌ش به مه‌به‌ستی ئه‌ستاندنه‌وه‌ی ئاڵووداره‌کان بوو، زۆر له کورده‌کانی ترساندبوو نه‌کا ئه‌وه نیشانه‌ی ڕووداوێکی جیدی بێ له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌من ئیزنی چاولێکردن و پشکنینی برجه‌کانم درابوویه.
گیر‌و گرفتێکی دیکه ئه‌وه بوو، که کاربه‌ده‌ستانی نیزامی هێزی کاری که خانوویان بۆ ئێمه دروست ده‌کرد ده‌برد بۆ لای خۆیان، وه‌ک فه‌عله، دارتاش و به‌نناکان. زۆر جار ئه‌من له‌وه دا سه‌رکه‌وتم به زمانی خۆش سه‌ربازه‌کان له کۆڵ خۆمان که‌مه‌وه و جارجاریش به دانی " به‌رتیل". زۆر جاریش به ڕێگه‌ی ڕه‌سمی دا، و به سکاڵا کردنی جیدی له لای کارگوزار. ئه‌وه ئاشکرایه که به‌تایبه‌تی له زه‌مانی بشێوێنی و نائارامی دا کاربه‌ده‌ستانی نیزامی هیچ دراو ناده‌ن به کرێکار و وه‌ستا و فه‌عله. له هه‌مان کاتدا ئه‌فسه‌ره پله خواره‌وه‌تره‌کانیش دراوێکی ئه‌وتۆیان ناچێته گیرفانه‌وه که پێی ڕازی بن. زۆربه‌ی وه‌ستا و کرێکاره‌کان له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌کا له‌پڕ سه‌ربازان لێیان په‌یدا بن و بیان به‌ن بۆ کار له شاریدا خۆیان ده‌شارنه‌وه. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی لای ئێمه که‌س توخوونیان نه‌ده‌که‌وت. ته‌نێ له‌و ماوه‌یه‌یدا که له‌وێ نه‌بووم واته ئه‌وکاته‌ی که له 1ی سێپتا‌مبر که له بنا‌و گه‌ڕامه‌وه و ستافی نه‌خۆشخانه و خێزانه‌که‌م برد بۆ کانێشێخان، کاربه‌ده‌ستانی نیزامی توانیبوویان چه‌ند وه‌ستا و کرێکارێک په‌یدا که‌ن.
له‌ماوه‌ی بشێوێنی و نائارامییه‌کاندا خۆڵا ئێمه‌ی پاراست، به‌ڵام زۆر شت له ئه‌نباره‌که‌مان دزرابوو. هه‌موو مه‌لافه‌کانی نه‌خۆشخانه و چا و شه‌کرمان بزر بوو......
ده‌رکه‌وتنمان له شاری و چوونه هه‌ورای له گه‌رمترین کات دا، واته له نێوه‌ڕاست مانگی ئووت دا بوو، کوڕه چکۆڵه‌که‌م وهاوسه‌ره‌که‌شم ئازارێکی زۆریان به‌ده‌ست گه‌رماوه ده‌کێشا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌مان گوێدرێژ له به‌ر ده‌ست دانه‌بوو، لهڕێگایه ده‌بوو به نۆره به پێیان بڕۆین.لێره‌ش خوڵا وه‌فریامان که‌وت. جه‌ماعه‌ته‌که‌مان بریتی بوو له 32 که‌س ، ستافی نه‌خۆشخانه، نه‌خۆشه‌کان،مه‌سیحییه گه‌نجه‌کانی خه‌ڵکی سابڵا‌غ و هه‌ر وه‌ها دۆستی کورد و ئێرانی.13 سه‌ر ڕه‌شه‌وڵاغ و 20 سه‌ر بزن، مه‌ڕیش له نێودا،و گوێدڕێژه‌کانیش باروبه‌ندیل یان هه‌ڵگرتبوو. ئه‌من سه‌باره‌ت به‌و گه‌شته " هه‌ڵهاتنمان له کانێشێخان" زۆر به ورده‌ڕیشاڵتر ده‌نووسم. خولا ئه‌وه‌نده‌ی هێز وه‌به‌رناین که بتوانین به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌ڵهاتنه بگرین................
دوای گه‌ڕانه‌وه له بنا‌و، له 5ی سێپتا‌مبر ئێمه دیسان کاتمان هه‌بوو بچینه شاخه فێنکه‌کانی کانێشێخان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له 13ی سێپتا‌مبر. له سه‌ر داوای کوتوپڕی کارگوزار وحکوومه‌ت ئێمه ده‌بوو له‌وێ بگه‌ڕێینه‌وه چونکوو ترسی نائارامییه‌کی تازه له گۆڕێ دابوو، و ته‌نانه‌ت له‌وانه‌ش بوو ناچار بین سابڵا‌غ به جێ بهێڵین. ئه‌من زۆر جار بیرم لێکردووته‌وه که له‌کاتی ئاوا دا ماشێنێکی باری ده‌توانێ خزمه‌تێکی گه‌وره بێ.ئه‌گه‌ر ماشێنێکمان هه‌بایه ده‌کرا هه‌موو شته‌کانمان به چه‌ند سه‌عات به سڵامه‌تی بهێنێنه‌وه میسیۆن و، شتی به‌نرخی وه‌ک که‌لوپه‌ل و ئامرازی نه‌خۆشخانه و هتاد. بپارێزین. ئیمه هه‌ر وه‌ها ده‌کرا ماشێنه‌که بۆ هێنان و بردنی ئه‌و میسیۆنێرانه‌ی به‌ره‌و به‌یڕووت ذه‌چوون یان له‌وێوه ده‌هاتن به‌کار بهێنین. له‌ماوه‌یه‌کی کورت دا کامیۆنێکی ئه‌وتۆ نرخی خۆی بۆ ئێمه ده‌ر ده‌خا و دراوێکی زۆر بۆ میسیۆن ده‌گێڕێته‌وه. خه‌ڵکی خۆجێیی به‌تایبه‌تی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان، سندووقی نهێنییان هه‌یه و له حه‌وشه‌ی ماڵه‌کانیاندا ده‌یانشارنه‌وه. هه‌ر که‌هاتوو هه‌ستیان به مه‌ترسی کرد شته به نرخه‌کانیان له‌وندا تاقه‌ت ده‌که‌ن و کاتێک ده‌ڕۆن ته‌نی شتی هه‌ره پێویست له گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن.
کڕینی پارچه زه‌وی
هه‌رکه هاتینه‌وه شاری ده‌ستبه‌جێ ستافی نه‌خۆشخانه له ژووره کاتییه‌کان دامه‌زران. خێزانه‌که‌ی من له چادر دا ده‌ژیان. ته‌نێ له نێوه‌ڕاستی دیسامبر دا توانیمان له خانووه تازه‌که‌دا بگوێزینه‌وه ژوورێک که بۆ مانه‌وه ده‌شیا. ماوه‌یه‌کی کورت دوای ئه‌وه چادره جوانه‌که‌مان له مانگه‌شه‌وێک دا دزرا. هه‌موو حه‌ولێکی پۆلیس بۆ دۆزینه‌وه‌ی چادره‌که تا ئێستا هیچی لێ شین نه‌بووه. تا نێوه‌ڕاستی دیسامبر که‌متا زۆر کاری خانووه‌که ته‌واو بوو، جا بۆیه وه‌رزی باران که خه‌ریک بوو نزیک ده‌بووه‌وه نه‌یتوانی چیدی سه‌ده‌مه به دیواره‌کان بگه‌یێنێ......
دوایه سه‌فه‌ری یای شوێنهوودیش بۆ ئه‌مریکا به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ رێک خرا که هه‌ستێکی ئه‌وتۆی به‌و نائارامییه‌ی هه‌بوو نه‌کرد. ئه‌من زۆرچاک ده‌مزانی له ده‌ورو به‌ری سه‌رده‌شت و بنا‌و [ لێره مه‌به‌ست بناوی مه‌راغه‌یه _ ح.ق.]
شتێک له هه‌ڵچوون دایه. ئه‌من به خیرایی بڕیارم دا یای شوێنهوود نه‌ک به‌ڕێگای کرماشان و به‌غدا، به‌ڵکوو به ڕێگای ڕه‌واندز و مووسڵ دا بنێرمه‌وه. ئه‌و ڕێگایه هه‌م کورتتره و هه‌م به هه‌رزانتر ده‌که‌وێ.
ئه‌وکاته‌ی له ته‌ورێز بووم پێم زانی که سه‌رداری بۆکان ته‌واوی پارچه زه‌وییه‌که‌ی به ئێمه نه‌فرۆشتووه. جا بۆیه جگه له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی مابووه‌وه به 160 تمه‌ن بیکڕین چ چاره‌یه‌کی دیکه‌مان نه‌بوو وهه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و په‌ڵه‌یه‌ش بوو که ده‌بوو نه‌خۆشخانه کاتییه‌که ساز بکرێ. به‌شێکی دیکه‌ی پچووکی زۆر گرینگ، بۆ ئه‌وه‌ی دیواره‌که ته‌واو بکری، ده‌بوو به 85 تمه‌ن بیکڕین.
گیروگرفتێکی تایبه‌تی مان بۆهاتبووه گۆڕێ، له‌وێ به‌ته‌نیشت به‌شه‌که‌ی سه‌رداره‌وه په‌ڵه زه‌وییه‌ک به ڕووبه‌ری نزیکه‌ی 20 میتری چوارگۆشه هه‌بوو، که ده‌گوترا وه‌قفی مزگه‌وتێیه.به‌پێی قانوون، قه‌باڵه‌ی خاوه‌نێتی مڵکێکی ئاوا ناکرێ ڕابگوێزرێ. به ڕێگای کارگوزار که خزمه‌تێکی زۆری به من کرد به قسه کردن و ڕاوێژ له‌گه‌ڵ به‌رزترین مه‌قامی دینی له سنه و هه‌ر دوو قازییه‌کان له سابڵا‌غ [ مه‌به‌ست له قازی عه‌لی و قازی مونعیم ه. تێبینی ح.ق.]، و بۆخۆم وه‌ک نوێنه‌ری میسیۆن دوای وتوویژێکی درێژ له سهرچارهسهرییهکی جێی په‌سند ڕێک که‌وتین.
میسیۆن بۆ جارێک و هه‌میشه 40 تمه‌ن بدا به خه‌زێنه‌داری مزگه‌وته‌که و له بری ئه‌وه ئێمه کۆنتڕاکتێکی ڕه‌سمیمان وه‌رگرت که تێیدا نووسرابوو ئه‌وبه‌شه‌ی ئی مزگه‌وته بۆ ماوه‌ی 99 ساڵ به کرێ ده‌درێ به ئێمه. ئه‌وه ئاکامێکی باش و ده‌ستکه‌وتێکی گرینگ بوو بۆ میسیۆن. باشتر ئه‌وه بوو 40 تمه‌نی نه‌غد بدرێ، له‌جیات ئه‌وه‌ی ساڵی 5 تمه‌ن تا 99 ساڵ، واته 495 تمه‌ن. ......
ئه‌من به‌ڕاشکاوی پێی لێده‌نێم زۆر شت کراوه که به پێی بڕیاره‌کانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی کۆمه‌ڵه‌که‌مان نه‌بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وکارانه‌ی کراون تاقیکراونه‌ته‌وه و ڕوون بوونه‌ته‌وه، جابۆیه ده‌کرێ پاساو بدرێن. بۆ نموونه ئه‌و مڵکه‌ی که له‌نزیک کلیسای کۆن بوو ده‌بوو به 245 تمه‌ن بکڕدرێ. یای شوێنهوود له سه‌ره‌تاوه دژی ئه‌وه بوو.دواتر له‌پێویستی وه‌ده‌ستخستنی خاوه‌نێتی ئه‌وێ تیگه‌یشت که 5 ژوور و باغچه‌یه‌کی هه‌بوو. ته‌نێ به له‌به‌ر ده‌ست دابوونی ئه‌وێ ده‌کرا هه‌موو ستافی نه‌خۆشخانه جێی مانه‌وه‌یان بۆ دابین بکرێ.بۆ ماوه‌ی چوارساڵان کاری خوێندن و مه‌دره‌سه به فێر کردنی خوێندنه‌وه و نووسین له‌و خانووه دا کراوه.
(له ژماره‌ی مانگی ژووه‌ن دا به‌رده‌وام ده‌بێ )
* نێوی خۆجێیی دوکتور شاڵک
کوردستان میشنێری، ژماره‌ی 6، ساڵی19.، ژووه‌نی 1927
خوێندن و په‌روه‌رده
سه‌باره‌ت به کاری مه‌دره‌سه، له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوو دا شتێکی که‌م هه‌یه بگوترێ........ هیوادارین له ماوه‌ی ئه‌مساڵ دا بتوانێ زۆر زیاتر پێشبکه‌وێ و بگونجێ. به ته‌خمین له کۆتایی ژانڤییه دا [1926] ئێمه به به‌رده‌وامی ده‌ستمان کرد به کاری مه‌دره‌سه و خوێندن له‌و ژوورانه‌ی ئه‌وخانووبه‌ره‌یه دا که له نزیک ڕووبه‌ری زه‌وی کلیسای کۆن کڕیبوومانن. مه‌دره‌سه به 5 شاگرد ده‌ستی پێ‌کرد _ 2 کچ ، په‌ری و سه‌بادا Sebadaو 3 کوڕ نه‌شیم! Naschim ، محه‌مه‌د و سادورSadur ، دووه‌که‌ی یه‌که‌م کورد و ئه‌وه‌ی دواییان هه‌رمه‌نییه. هێنده‌ی پێ نه‌چوو کوڕێکی 15 ساڵه‌ی کوردی دیکه‌شیان له‌گه‌ڵ که‌وت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له به‌ر ئه‌وه‌ی قازی عه‌لی، قازی یه‌که‌می شاره‌که ووشداری دابوو به بابی منداڵه‌کان ئه‌گه‌ر ئه‌وان له خوێندنی لای ئێمه به‌رده‌وام بن هێنده‌ی پێ ناچێ ده‌بن به مه‌سیحی، هێندێکیان منداڵه‌کانی خۆیان کشانده‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ تێهه‌ڵێنانه‌وه‌ی ئه‌وه، دایکێکی جووله‌که‌ی ئازا منداڵێکی ده‌ساڵانه‌ی خۆی له مه‌دره‌سه‌ی میسیۆن له به‌ر خوێندن نا. میرزا عه‌زیز مامۆستای کوڕه‌کان بوو. ده‌رس پێگوتنه‌که بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی فارسی، نووسین و حیساب، له به‌ر ئه‌وه‌ی منداڵه‌کان هه‌موویان نه‌خوێنده‌وار بوون. سه‌باره‌ت به بابه‌تی دینی، ئێمه داستانه‌کانی کتێبی پیرۆز _ عه‌هدی عه‌تیق (Old Testament ) مان پێده‌گوتن به پێی کتێبێک که یای شوێنهوود وه‌ری گێڕاوه بۆ سه‌ر زمانی کوردی. چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئێمه مه‌دره‌سه‌یه‌کی کچانیشمان کرده‌وه و چوار کچی هه‌رمه‌نی و کچێکی کوردمان له‌وێ وه‌رگرت. لوسینتاک Lusintak ، ئه‌و نێرسه‌ی خه‌ریکی ڕاهاتنه کاری نه‌خۆشخانه‌ی به‌جێ هێشتووه و ده‌رس به کچه‌کان ده‌ڵێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جێ‌مان نه‌بوو مه‌دره‌سه‌ی کچانه‌مان له ماڵێک له گه‌ڕه‌کی هه‌رمه‌نیان دایر کرد.
منداڵه هه‌رمه‌نییه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی شارییه‌وه له قوم قه‌ڵا و له نه‌غه‌ده‌وه دێن.بۆیه ده‌بێ مه‌دره‌سه‌یه‌کی شه‌و وڕۆژی بکه‌ینه‌وه که منداڵه‌کان بکرێ له‌وێ بژین، ئه‌من ده‌بێ چاوه‌ڕێ بکه‌م هه‌تا که‌شیش بوێرگرBoerger ده‌گاتێ.......
کاری نه‌خۆشخانه
له کۆتایی دا، هێندێک شتی زیاتر سه‌باره‌ت به کاری ڕاسته‌قینه‌ی نه‌خۆشخانه. ته‌نێ 5- 6 مانگ ته‌رخان کرا بۆ کاری نه‌خۆشخانه. پاشماوه‌ی کاره‌که ده‌بوو بۆ به‌رنامه‌ی خانوو دروست کردن دابندرێ. بۆ چاره‌سه‌ری و ته‌ماشا کردن له‌و شه‌ش مانگه دا ته‌نێ 2665 نه‌خۆش سه‌ری پۆلی کلینیکیان دا. به‌گشتی، 98 که‌س بۆ موداوا له نه‌خۆشخانه وه‌رگیران و 2146 ڕۆژ له‌وێ مانه‌وه.44 عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی سه‌ره‌کی و سووک به‌ڕێوه‌چوو. له‌نێو عه‌مه‌له جه‌ڕاحییه سه‌ره‌کییه‌کاندا ده‌کرێ ئاماژه به‌مانه بکه‌ین: ئه‌ستوور بوونی جه‌رگ،فیتق و دڕانێکی ئاوێته و چه‌ندین فیتقی ساده، ژماره‌یه‌کی زۆر عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی جیدی له‌وزه به‌ڕێوه‌چوون! ئه‌من زۆر جار گوتوومه : باشتره مرۆ 5 فیتقی هه‌بێ تا هه‌بوونی هه‌و کردنی له‌وزه! دوو جار گرێی سیل لێدراوی شان بڕدراون؛ لوویه‌کی سه‌ره‌تانی له سه‌ر لێوی سه‌ره‌وه لادرا، ئه‌و عه‌مه‌له جه‌ڕاحییه به سازدانه‌وه‌ی لێو به‌و به‌شه گۆشته‌ی له کوڵمه وه‌رگیرا _ زۆر باش به‌ڕێوه چوو. نابێ باسکردنی چه‌ندین نموونه‌ی جیدی منداڵ زان له بیر بکه‌م. وه‌ک له نامه‌کانی پێشووش دا باسم کردووه، زۆر که‌م وا هه‌یه به وه‌ختی خۆی داوام لێبکرێ بۆ نه‌خۆشی ئه‌وتۆ، ته‌نێ ئه‌و کاتانه‌ی نه‌بێ که ژیانێک له مه‌ترسی دایه. له‌نموونه‌ی ئاوا دا خوڵا پشتیوانمان بووه و شانازی هه‌ر بۆ ئه‌وه.
چه‌ندین جه‌ڕاحی به پێ به‌ربوونه‌وه‌م کردووه.ئه‌گه‌ر دره‌نگ نه‌هاتبانه لام له‌وانه‌بوو خزمه‌تێکم به دایکه‌که له‌ده‌ست هاتبایه. له‌نموونه‌یه‌که‌دا پێی منداڵه‌که خوێنی پێ نه‌گه‌یشتبوو و منداڵه‌که مردبوو، به‌ڵام توانیمان دایکه‌که ڕزگار که‌ین.بۆم ده‌رکه‌وت کاتێک ژنێک له سه‌ر مانگ و ڕۆژی خۆیه‌تی و له‌نێوان سێ تا شه‌ش ڕۆژ به ده‌ست ژان و ئازاره‌وه تولاوه‌ته‌وه، ئه‌و جار له‌وانه‌یه داوا له ساحێب ( شاڵک) بکه‌ن بێ و یارمه‌تی بدا. چه‌ندین نموونه‌ی مانه‌وه‌ی جووت زۆر به‌سه‌رکه‌وتوویی عه‌مه‌ل کران. ئه‌من نازانم ئه‌وه چۆن هه‌و کردن و چڵک کردنی به‌دوو دا نه‌هات. ئه‌و چاره‌سه‌رییه به پێچه‌وانه‌ی دڵخوازی مێرده‌که کرا، و ژیانی ژنه‌که ڕزگار کرا.
چه‌ندین ژن زۆر به‌لایه‌نه‌وه سه‌یر بوو که ڕێگه‌یان پێدرا له کاتی منداڵ به‌ربوونه‌وه دا ئاماده بن.مه‌به‌ستی تایبه‌تیم له‌وکاره ئه‌وه بوو که چۆنییه‌تی ئه‌وه ببین و له گه‌ڵ کاری مامانی چڵکن و پیسکێری به‌راوه‌رد بکه‌ن. ئه‌و خه‌ڵکه ده‌بێ سه‌باره‌ت به پاک و خاوێنی ئاگادار بکرێن. ژنه به‌سته‌زمانه‌که بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژان ئێش و ئازارێکی زۆری چێشتبوو، وئه‌من هیوایه‌کی زۆر که‌مم هه‌بوو منداڵه‌که به‌ساخی بێته دنیا. ئه‌و به‌ر بووه‌وه به‌ڵام به باسکێکی شکاوه‌وه. سه‌عات و نیوێک هه‌ناسه‌ی ده‌ستکردمان دایه و ئه‌وه منداڵه‌که‌ی زیندوو کرده‌وه.له‌و سه‌رکه‌وتنه دایکه‌که واقی وڕمابوو. هێنده‌ی پێ نه‌چوو ئه‌و خه‌به‌ره به هه‌موو شاری دا بڵاو بووه‌وه.
خزمه‌تی منداڵ زان وێده‌چێ پڕهیواترین هێڵی کاره‌که بێ. ته‌نێ خوڵا بۆ خۆی ده‌توانێ خوشکی لێزانی ئاوامان بۆ په‌یدا کا له‌و بواره دا یارمه‌تیده‌ر بن. که‌سی ئاوا نه‌ک هه‌ر ده‌بێ مامانی پسپۆڕ بن به‌ڵکوو ده‌بێ میسیۆنێرش بن و به پێی دڵی خوڵای ببزوونه‌وه. ئه‌من پێم وایه خزمه‌تێکی ئاوا که ڕۆژانه پێویسته هه‌تا بڵێی جوان و به‌کاره ئه‌گه‌ر خوشکه نه‌خۆشه‌وانه‌که بتوانێ به دایکێکی نه‌زان نیشان بدا چون خۆراک بدا به منداڵه‌که‌ی و چۆنی به‌خێو بکا. به بێ پێوه‌نان و گه‌وره‌کردنه‌وه ده‌بێ بڵێم ڕێژه‌ی منداڵ مردن له شار دا له سه‌د دا 75 ه.
له‌وه‌ش زیاتر خوشکه نه‌خۆشه‌وانێکی ئه‌وتۆ ده‌کرێ ببێ به ئاڵقه‌یه‌کی پێوه‌ندی له نێوان شار و نه‌خۆشخانه دا. کاری مامایی به تایبه‌تی زۆر یارمه‌تی ده‌کا به ڕه‌وینه‌وه‌ی ته‌می دڕدۆنگی خه‌ڵک له ئاست ئێمه که ده‌کرێ هه‌یان بێ. بۆ ماوه‌یه‌ک ژنێکی یه‌کجار زۆر بۆ ڕزگاربوون له ئێش و ئازاره‌کانیان ڕوویان له ئێمه کرد. ئه‌و جۆره کاره ده‌بێته هۆی شادی و گه‌شانه‌وه‌ی ئێمه و زۆرگرێپووچکه‌ی نه‌کراوه‌مان بۆ ده‌کاته‌وه. زۆر له‌و جۆره خزمه‌تانه یارمه‌تی ده‌که‌ن بۆ کرانه‌وه‌ی ریگای ئینجیل به‌ره‌و دڵیان.
داهاتی ئه‌مساڵیش له چاو ڕابردوو به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو که‌متر بوو. ئه‌و نائارامی و بشێوێنییه‌ی هاته پێشێ هۆی سه‌ره‌کی بوو. ئه‌و نائارامییه‌ی که هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌کرد و خه‌ڵکی تووشی دڵه‌ڕاوه‌کی کردبوو ته‌نانه‌ت له ساڵی تازه‌ش دا به‌رده‌وام بوو. ته‌جاڕه‌ت به ته‌واوی ڕاگیرابوو.ئێمه به‌گشتی هێندێک زیاتر له 50 تمه‌نمان بۆ موداوا و عه‌مه‌له جه‌ڕاحییه‌کان وه‌رگرت.جابۆیه ئێستا ته‌نانه‌ت زۆر زیاتر ده‌بێ پشت به باربووده‌ری وڵات [ ئه‌مریکا – تێبینی ح.ق. ] ببه‌ستین.
دۆستانی ئازیز، ئێوه ڕه‌نگه نه‌زانن ئێوه به یارمه‌تییه‌کانی خۆتان کاری ئێمه چه‌نده هاسانتر ده‌که‌ن. ئه‌و دراوه‌ی بۆ عه‌مه‌له جه‌ڕاحییه‌کان وه‌ری ده‌گرین ئه‌منی زۆر دڵپه‌شێو کردووه.مرۆ چه‌نده ده‌توانێ داوا بکا ئه‌گه‌ر بییه‌وێ خه‌ڵك له خۆی نه‌ڕه‌وێنێته‌وه. خه‌ڵکی ئێره له‌هه‌موو ڕوویه‌که‌وه بۆچوونێکی سه‌یریان سه‌باره‌ت به بوونێ ئێمه لێره هه‌یه. به گشتی پێیان وایه ئێمه له لایه‌ن حکوومه‌تی ئه‌مریکاوه ناردراوین. له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا وڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌نده پێیان وایه ئێمه له‌سه‌ر خه‌زێنه‌ی دراو که بنه‌ی نایه، دانیشتووین. ئه‌وان نازانن زۆربه‌ی ئه‌و دراوه‌ی ده‌گاته ده‌ست ئێمه خه‌ڵکی ئاسایی ئه‌مریکا ده‌یده‌ن و یارمه‌تییه‌که که کۆڕ‌و کۆمه‌ڵی مه‌سیحی ده‌یکه‌ین له به‌ر ئه‌وه‌ی کاری ئاوایان پێ خۆشه...... له چاو ئه‌واندا وه‌ک موسوڵمان ئێمه بێ ئیمان و بێ باوه‌ڕین....... ئه‌وان ئێمه به گڵاو ده‌زانن و لێمان دڕدۆدنگن. ژماره‌یه‌کی زۆر ژنی که‌له‌سه‌ر مانگ و ڕۆژی خۆیان بوون له‌وانه‌بوو ژیانیان ڕزگار بکرێ ئه‌گه‌ر ئێمه توانیبامان به خۆڕایی عه‌مه‌لی جه‌ڕاحییان بۆ بکه‌ین. ئه‌من لێره دا ده‌ڵێم زۆر ژن، چونکوو پیاوان هه‌میشه دراویان له به‌رده‌ست دایه، له کاتێکدا له سه‌رێکی دیکه‌وه ژنان به گردبڕی به پیاوان به‌ستراونه‌ته‌وه. له‌و ڕۆژانه‌دا ژنێکی بنه‌ماڵه‌یه‌کی زۆر ده‌ستڕۆیشتوو نێژرا هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مێرده‌که‌ی ئاماده نه‌بوو 100 تمه‌ن خه‌رجی جه‌ڕاحی بۆ لابردنی گیروگرفتی ڕیخۆڵه‌ی بۆ بدا. به داخه‌وه ئه‌من زۆر دره‌نگ بانگ کرامه سه‌ری و گیروگرفته‌که زۆری لێ پیس کردبوو.چ ئه‌گه‌ری عه‌مه‌ل کردنی نه‌مابوو چونکوو نیشانه‌کانی هه‌وکردنی ڕیخۆڵه‌کانی به‌ده‌ره‌وه بوو.ئه‌من ده‌متوانی به 30 تمه‌ن عه‌مه‌له جه‌ڕاحییه‌که بکه‌م. ئه‌من ژنێکی دیکه‌م که‌وته‌وه بیری که لوویه‌کی سه‌ره‌تانی له سه‌ر چاوی هاتبوو، سه‌ره‌ڕای شپرزه‌یی گلێنه‌ی چاوی، نه‌خۆشه‌که هێشتا ده‌یتوانی ببینێ. ئه‌من داوای پازده تمه‌نم کرد بۆ عه‌مه‌لییاته‌که. مێرده‌که‌ی که له ته‌نیشتی ڕاوه‌ستابوو پێکێشی ده‌کرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له شه‌ش تمه‌ن زیاتر نه‌دا و بێ به‌زه‌ییانه نه‌یهێشت ژنه‌که‌ی عه‌مه‌لییات بکرێ و به‌حاڵی خۆی مایه‌وه.نموونه‌ی سێیه‌م ژنێک بووکه لووی سه‌ره‌تانی له سه‌ر مه‌مکی هاتبوو به‌ڵام ئه‌وه جارێ له‌قۆناخی سه‌ره‌تاییدا بوو. ئه‌من که زانیم ژنه‌که نه‌داره، بۆیه هه‌ر داوای 3 یان 6 تمه‌نم کرد. مێرده‌که‌ی هیچی نه‌دا. باشه ئه‌و ژنه چ نرخێکی بۆ ئه‌و پیاوه هه‌بوو؟ ئه‌گه‌ر بمرێ، مێرده‌که‌ی پێی ناخۆش نییه، دوایه ئه‌و به 15 تمه‌ن ده‌توانێ ژنێکی گه‌نجی ساخ به ده‌ست بێنێ. ئه‌ی هاوار! له به‌ر ژیانی پڕ له په‌ژاره‌ی ژنانی موسوڵمان !
نموونه‌ی چواره‌م: باب و دایکێک کچێکی 18 ساڵه‌ی خۆیان هێنایه لام که گوێزینگی پێی تووشی هه‌وکردنێکی پیسی سیلاویی ببوو. بۆ ئه‌و عه‌مه‌لییاته پیاوه‌که زۆر به نابه‌دڵی 10 تمه‌نی دا. به بێ ئاگاداری من باب و دایکه‌که خۆیان خزاندبووه نێو نه‌خۆشخانه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کچه‌که‌یان بژین. خوڵا ده‌زانێ چه‌ندیان جڕوجانه‌وه‌ری گه‌نده‌ڵ له‌گه‌ڵ خۆیان هێنابوو! جگه له‌وه بابه‌که دایم و ده‌رهه‌م سیغاری ده‌کێشا! که ویستم بۆ مانه‌وه‌یان داوای دراویان لێبکه‌م ئه‌وه‌یان له‌دڵی گران هات و شه‌وێ بزر بوون، و زۆر به‌داخه‌وه کچه نه‌خۆشه‌که‌ی خۆشیان له گه‌ڵ خۆیان بردبوو. باشه مرۆ خۆی به تاوانبار بزانێ؟ مرۆ به هاسانی خۆی پێ له کۆڵ ئینسانی ئاوا ناکرێته‌وه! ئێمه له نموونه‌ی ئاوا دا ده‌بێ چه‌نده ووشیار بین! مرۆ به ڕێگای ئه‌زموونه‌وه عاقڵ ده‌بێ. له‌وبه‌شه زیادییه‌ی که وه‌سه‌ر نه‌خۆشخانه مۆدێڕنه‌که‌ی ده‌خه‌ین ده‌بێ جێیه‌ک بۆ ئه‌وانه له‌به‌رچاو بگرین که زۆر نه‌خۆشن، و جێیه‌کیش بۆ ئه‌وانه‌ی که که‌سی زۆر نه‌خۆش ده‌هێنن بۆ نه‌خۆشخانه، که ده‌کرێ ئه‌وان له‌وێ به بڕێکی که‌م یان به‌خۆڕایی بحاوێندرێنه‌وه. به دڵنیاییه‌وه بۆ ئه‌و جۆره کاره ئێمه هه‌میشه دراومان پێویسته و دراوی زیاتریش.
له ساڵی ڕابردووه‌وه 495 قرانمان قه‌رز له لای خه‌ڵک ماوه. داخودا کارگوزار، کاربه‌ده‌ستی حکوومه‌ت یان به‌رزترین قازی شه‌رع له شاری [ مه‌به‌ست قازی عه‌لی یه. ح.ق] حه‌وسه‌له‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌وه‌مان بۆ بستێنه‌وه جارێ بۆ ئێمه پرسیارێکه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی به‌ڕێگای کونسول ڕا گوشار بهێندرێته سه‌ر کاربه‌ده‌ستانی پایه‌به‌رزتر، جێگای گومانه. به‌ڕاستیش ئه‌و مه‌سه‌له‌ی دراوه ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیوم. به سه‌عاتان مرۆ ده‌بێ له گه‌ڵ نه‌خۆشان چه‌نه لێدا هه‌تا له سه‌ر بڕی حه‌قده‌سته‌که ڕێک که‌وێ.
زۆر باش ده‌بێ چه‌نده‌ی ده‌توانن یارمه‌تیمان بده‌ن بۆئه‌وه‌ی بتوانین زۆر به‌ده‌ستی کراوه‌تر کار بکه‌ین. داواتان لێ ده‌که‌ین له پێناو ئه‌و کاره‌دا یارمه‌تیمان بده‌ن. هێشتا ئه‌وه‌نده‌ی پێویسته دا‌و و ده‌رمانمان له‌به‌ر ده‌ست دانییه. کارکردن زۆر ئه‌سته‌مه ئه‌گه‌ر مرۆ ده‌رمانی پێویستی له‌به‌ر ده‌ست دا نه‌بێ. پۆلی کلینیک و نه‌خۆشخانه‌که‌مان ته‌نیا داڵده و په‌ناگه‌یه‌که بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که زۆر نه‌خۆشن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رکێکی ئه‌تۆ ڕاپه‌ڕێنین دراومان پێویسته.به به‌راوه‌ردێکی که کردوومانه بۆ سێ یان چوار ساڵی دادێ دا ئێمه ساڵانه 2400 دۆڵارمان پشتیوانی بۆ نه‌خۆشخانه‌که‌مان پێویسته به بێ وه‌حیساب هێنانی مووچه‌ی دوکتور و سه‌ر نێرس. ده‌کرێ وای حیساب بکه‌ین نه‌خۆشخانه به داهاته‌که‌ی سێ له‌یه‌کی ئه‌و دراوه‌ی پێویسته ده‌ری بهێنێ. پآشماوه‌که‌ی ده‌بێ له وڵاته‌وه
[ ئه‌مریکاوه] دابین بکرێ. ته‌نیا ئه‌و کاته‌ی ئێمه ئامراز و که‌لوپه‌لی باشمان هه‌بێ، ده‌توانین کارێکی باش و کاریگه‌ر بکه‌ین. ئێمه حه‌ول ده‌ده‌ین پێداویستییه‌کانی خۆمان به خه‌رجێکی هه‌ره که‌م دابین بکه‌ین. ئێمه تاکوو ئێستا له‌بری حه‌قده‌ست 16 بزنمان له نه‌خۆشی نه‌دار وه‌رگرتووه. ئه‌وه سه‌رمایه‌یه‌کی زیندوویه و بیگومان باشترین قازانجی دێته سه‌ری. به‌ڵێ، به‌ده‌م زه‌مانه‌وه سه‌رمایه‌که خۆشی زیاد ده‌کا. یای شوێنهوود له‌و ماوه‌یه‌یدا که لێره نییه مانگاکانی خۆی داوه به ئێمه. هاوێنان تفاق هیچی تێناچێ. زستانان ده‌یاننێرین بۆ لای ئاغاکانمان له لادێیان. به تێپه‌ڕێنی زه‌مانه‌وه ئێمه ناچار نابین خه‌رجی گرانی کڕینی شیر بده‌ین. پارچه زه‌وییه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی سابڵاغێ به چه‌ندین هه‌زار دۆڵار ده‌کرێ ببێ به سه‌رچاوه‌یه‌کی باش بۆ داهاتی نه‌خۆشخانه. ئه‌و زه‌وییه ده‌بێ بکرێ به شوێنێکی پچووکی مۆدێڕنی کێڵگه‌یی، و ده‌بێ به ده‌ره‌تانێکی باش بۆ خاوه‌نموڵکه گه‌وره‌کان که مێتۆدی نوێ ببینن و فێر بن چۆن ماڵات به‌خێو که‌ن.
ئه‌من خه‌ریک بوو له بیرم بچێ باسی ئه‌و نه‌خۆشانه بکه‌م، که گیرۆده‌ی تریاک کێشان بوون. ئه‌وه زۆر خۆشه کاتێک ئه‌و قوربانییه به‌له‌نگازانه باوه‌ڕ به مرۆ ده‌که‌ن و به مه‌به‌ستی ته‌رک کردنی ئه‌و به‌ڵایه دێن. له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوو دا چه‌ندێک له‌و جۆره خووگرانه به‌سه‌رکه‌وتووییه‌وه چاره‌سه‌ر کراون. دوویان هه‌ر ئه‌مساڵ به ئاکامی باشه‌وه ده‌ستیان لێ به‌رداوه. سه‌عاتی هه‌ره خۆشی شه‌وانه بۆ من ئه‌و کاتانه‌یه که به‌دیار ته‌خته‌کانیانه‌وه دا ده‌نیشم، نازانن ئه‌و سه‌قه‌ته به‌سته‌زمانانه چۆن له لای من بوخچه‌ی دڵیان ده‌که‌نه‌وه و باسی کۆیله‌یه‌تی خۆیان ده‌که‌ن!.....................
دڵسۆزتان، له خزمه‌تی باریته‌عالا دا
__ دوکتوری پژیشک. هێرمان شاڵک له مانگی مارسی 1927 "
له ژماره‌ی 7ی ساڵێ 19 مانگی ژووییه‌ی 1927 ئێدیتۆری کورستان میشنێری له‌گه‌ڵ ئه‌م شیکردنه‌وه‌یه‌ی خواره‌وه لیسته‌یه‌کی خه‌رج و مخاریجی به ورده ڕیشاڵی ساڵی 1926 ی پێگه‌ی میسیۆنی لووتیری له سابڵا‌غ که دوکتور شاڵک ئاماده‌ی کردووه بڵاو کردووه‌ته‌وه و له‌م باره‌یه‌وه ده‌نووسێ:
" سیایی حیساب بۆ به‌رنامه‌ی خانوو دروست کردن
کاتێک ئه‌من ڕاپۆرتی دوکتورشاڵکم بۆ ساڵی 1926 بڵاو کرده‌وه به ئانقه‌سته ئه‌و لیسته‌یه‌م بڵاو نه‌کرده‌وه که به وردی به جیاواز بابه‌تی خه‌رجی ساڵانه‌ی تێدابوو به‌ومه‌به‌سته‌ی ئه‌وان له گه‌ڵ ڕاپۆرتی بوێرگر بۆ کڕینی زه‌وی و خانووبه‌ره بڵاو بکه‌مه‌وه. ئه‌وه به خۆشحاڵییه‌وه له خواره‌وه سیایی ئه‌و حیسابه‌ی ئه‌و جۆره‌ی دوکتور شاڵک بۆ هه‌ر بابه‌ته‌ی به‌جیا نووسیویه و له‌گه‌ڵ ڕاپۆرتی ساڵانه ناردوویه بڵاو ده‌که‌ینه‌وه:
حیسابی دوکتور شاڵک بۆ ساڵی 1926
سووره‌ت حیسابی ژماره 1. به پێی بابه‌ت
ئه‌و که‌لوپه‌له‌ی که له‌ماوه‌ی هه‌شت مانگان‌دا بۆ نه‌خۆشخانه ده‌کار کرا کۆی بووه به 398685 قڕان بۆ هه‌ر بابه‌ته‌ی به‌شێوه‌ی خواره‌وه:
ئامرازی جه‌ڕاحی 15395 قڕان
ماشێنی نه‌وت و ته‌عمیر 10870 قڕان
نه‌وتی سپی 30:50 قڕان
....................................................
سووڕه‌ت حیسابی ژماره 2. به پێی بابه‌ت
ئه‌و مڵکه‌ی بۆ ڕووبه‌ری نه‌خۆشخانه کڕدرا
سه‌رداری بۆکان 1650:00 قڕان
مه‌وقووفه‌ی مزگه‌وتێ ( جێی مزگه‌وت که بۆ 99 ساڵ به کرێ گیراوه، له به‌ر ئه‌وه‌ی مڵکی مزگه‌وتێ ناکرێ بفروشرێ ) 400.00 قڕان
میرزا مسته‌فای لبادی 850:00 قڕان
سووڕه‌ت حیسابی ژماره 3. به پێی بابه‌ت
سه‌فه‌ر بۆ ته‌ورێزێ له مانگی مه‌ی و ژووه‌نی 1926 دا:
سه‌بت کردنی مڵک 30:00 قڕان
به‌رتیل دان به کار گوزار له ته‌ورێز 750:00 قڕان
به‌رتیل دان به کارگوزار له سابڵا‌غ 440:00 قڕان
ناردن و وه‌رگرتنی تێلگراف له تارانه‌وه 274:80 قڕان
ماڵ کرێ کردن بۆ 42 ڕۆژان له ته‌ورێزێ 681:00 قڕان
فایتوون ، و هتاد. له ته‌ورێزێ 681:00 قڕان
خه‌رجی سه‌فه‌ر بۆ چوون و هاتنه‌وه له ته‌ورێز 510:00 قڕان
سووڕه‌ت حیسابی ژماره 4
ئه‌و مڵکانه‌ی له‌م که‌سانه‌ی خواره‌وه کڕدراون به مه‌به‌ستی شوێنی په‌روه‌رده
که‌شیش خانه له عیمادولمولک کڕدراوه به 1650:00 قڕان
حه‌سه‌ن ئاغا ( زه‌وی پشته‌وه‌ی جێی سه‌ره‌وه) 2600:00 قڕان
عه‌بدوڵا سه‌فاری 450:00 قڕان
قادر چانریک 465:00 قڕان
مه‌لا محه‌مه‌د 450:00 قڕان
عیمادولمولک 450:00 قڕان
حاجی محه‌مه‌د 130:00 قڕان
براهیم ئه‌دهه‌م ( پێنج ژووری مه‌دره‌سه) 2450:00 قڕان
....................................................................
خه‌زێنه‌دار -- هێرمان شاڵک "
ژماره‌ی 7ی ساڵی 19ی مانگی ژووییه‌ی 1927 کورته‌یه‌کی ڕاپۆرتی شاڵکی بۆ چوارمانگی یه‌که‌می ساڵی 1927 بڵاو کردووه‌ته‌وه. دوکتور شاڵک دیسان به خانووبه‌ره‌که‌یانه‌وه ده‌ست پێده‌کاو ده‌نووسێ:
" خانووبه‌ره‌که
" باشه ڕه‌نگه سه‌باره‌ت به بارودۆخی خانووه‌که‌مان پرسیار بکه‌ن؟ ڕێگه‌م بده‌ن له‌و ماڵه‌ی ڕا ده‌ست پێ بکه‌م که من و خێزانه‌که‌می تێدا ده‌ژین: هه‌ر وه‌ک بیستووتانه ئه‌و خانووبه‌ره‌یه له به‌رامبه‌ر ڕووبه‌ری نه‌خۆشخانه هه‌ڵکه‌وتووه. له ئێستاوه ئه‌و ده‌رگایه‌ی به‌ره‌و باغچه ده‌کرێته‌وه ده‌بێ ڕه‌نگ بکرێ، هه‌روه‌ها په‌نجه‌ره و ده‌رگاکانی دیکه‌شی. شتی هه‌ره گرینگ ئه‌وه‌یه که ده‌رگاکان قفڵیان ده‌وێ. هێندێک له په‌نجه‌ره‌کان ته‌نانه‌ت ده‌بێ شووشه‌یان تێبگیرێ. خانووه‌که پلیکانی پێویسته بۆ چوونی دیوه‌کانی سه‌ره‌وه. ئێستا ئێمه ده‌قمان پێ گرتووه، زیاتر له سێ مانگه به نێردیوان دا هه‌ڵده‌گه‌ڕین بۆ سه‌رێ و دێینه خواره‌وه.به دڵنیاییه‌وه بردنی ئاو بۆ سه‌رێ هاسان نییه. بیهێننه به‌رچاوی خۆتان گشت ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌رم لێده‌ده‌ن چ ده‌وڵه‌مه‌ند بن و چ هه‌ژار ده‌بێ به‌و نێردیوانه دا هه‌ڵچن چونکوو ئافیسه‌که‌ی من له نهوومی سه‌ره‌وه‌یه. ( ئه‌من خوشحاڵم که جه‌نابی بوێرگر
( Boerger ) یش ده‌بێ له‌و نێردیوانه وه‌سه‌ر که‌وێ ئه‌گه‌ر بییه‌وێ له ئافیسه‌که‌ی مندا بژی.) سپیکاری و گێچکاری دیواره‌کان به فۆسفاتی کالسیۆم و سمیتکاری ته‌ڕکی ژووره‌کان زۆر پێویسته. ئێستا پێمان زانیوه که ئه‌و هه‌موو کێچه بێ ئه‌ژماره له‌کوێوه دێن. ئه‌وان له ته‌ڕکه داره‌کان دا پێده‌گه‌ن. ئێمه ته‌نێ ده‌کرێ به سمیتکاری ته‌ڕکی ژووره‌کان خۆمان له چنگیان بپارێزین. داخودا ئێوه پێتان خۆشه یارمه‌تیمان بده‌ن؟
له نه‌خۆشخانه تا ئێستا ته‌نێ دوو ژوور بۆ نه‌خۆشه‌کان ئاماده کراوه.یه‌ک له به‌شی پیاوان و یه‌ک له به‌شی ژنان. ئه‌گه‌ر زیاتر له هه‌شت نه‌خۆش بێن ئه‌وده‌می ده‌بێ له ژووری ئه‌نبارێ دا بمێننه‌وه. ده‌زانن ئه‌و ده‌می چ ده‌رفه‌تێکی ئاسانیان هه‌یه بۆ که‌لک وه‌رگرتن له که‌لوپه‌له‌کانمان! گشت خانووبه‌ره‌که و ژووری عه‌مه‌لییات سپیکاری کراون. زۆرم پێخۆشه ته‌ڕکه سمیته‌کان و به تایبه‌تی مێز و په‌نجه‌ره‌کان به ڕه‌نگی سپی بۆیاغ بکرێن.
کێ ده‌توانێ یارمه‌تیمان پێ بکا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه جێبه‌جێ که‌ین. ژووره‌کانی نه‌خۆشخانه‌ش وه‌ک شوێنی ژیانی ئێمه پێویستیان به شوشه بۆ په‌نجه‌ره‌کان، قفڵی ده‌رگا، سپیکاری یان گێچکاری و سیمیتکاری ته‌ركی ژووره‌کان هه‌یه.چوار ژووره‌که‌ی دیکه هێشتا نه‌کراوه ئاماده بکرێن، چونکوو ئێمه پێداویستیمان به شوشه‌ی په‌نجه‌ره، ده‌رگا و له‌ولای په‌نجه‌ره هه‌یه. هه‌ر وه‌ها پێنج ڕیزه پلیکان ده‌بێ ساز بکرێن و گشت ئه‌مانه دراویان پێویسته. به‌ڵام ئێمه نه بۆ فێڤرییه و نه بۆ مارس دراومان پێ نه‌گه‌یشتووه. وه‌زعێکی ئاوا پێویستی به لوتفی خوڵای هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆ بتوانێ لێی بێده‌نگ بێ. لێره دا ده‌بێ بڵێم ئێمه به‌لانی که‌مه‌وه پێویستیمان به 15 یان 20 ته‌ختی خه‌وی ئاسن هه‌یه. کێ دراوی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌نێرێ ؟
ڕۆژێکی زۆر سه‌رقاڵ
" ڕۆژی دواتر سه‌رم زۆر قاڵ بوو. له به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌زیم خان ( Asim Chan )، نه‌خۆشی پێشوو، نه‌یتوانی دراوی ئه‌و عه‌مه‌لییاته‌ی بۆمان کردبوو بدا، به‌ڵێنی دا له جیاتیان وێنجه‌مان بداتێ بۆ مانگاکانمان. ئه‌وه به‌و مانایه بوو ده‌بوو بچینه دێیه‌کی دیکه بۆ دیتنی وێنجه‌کان. رێگاکه‌ی به خه‌ڵیفه‌لیان، دێی حاجی عه‌بدوڵاغا، دۆستی کۆنی میسیۆنه‌که‌مان دا بوو.که له زه‌مانی جه‌نابی فاسوم دا به دانی دراو یارمه‌تی میسیۆنی دابوو. عه‌بدوڵاغا له ماڵ نه‌بوو به‌ڵام، کوڕه‌که‌ی Achured Agha ئه‌حمه‌د!! ئاغا، له‌ماڵ بوو که قوربانییه‌کی به‌له‌نگازی خووی تریاک کێشان بوو.ئه‌و ئه‌منی برده ژووری خۆی. هێنده له مێژ نه‌بوو ژنه‌که‌ی بۆ لووی سیلاوی عه‌مه‌لییاتی بۆ کرابوو. یه‌که‌م خه‌به‌ری ناخۆشی وی بۆ من ئه‌وه بوو ژنه‌که‌ی ئه‌مری خوڵای کردووه.ئه‌و سه‌ردانه کورته‌ی من بێ که‌لک نه‌بوو، چونکوو زۆر به‌جیدی ئامۆژگاریم کرد به‌ڵکوو ده‌ست له خووی تریاک کێشان هه‌ڵگرێ و چاک بێته‌وه. ئه‌و داوای ده‌رمانی لێکردم به دژی تریاک. به‌ڵام ئه‌من ده‌متوانی سه‌باره‌ت به ده‌رمانی ڕووحی قسه‌ی له گه‌ڵ بکه‌م.
به‌ر له‌وه‌ی بگه‌مه ئادی Ada) ) ئه‌و جێیه‌ی وێنجه‌که‌ی لێ بوو، دیمه‌نێکی زۆر سه‌رنجڕاکێشم دی. شه‌ش سواری کورد به چوار تووڵه و تاجییه‌وه به‌غار به دووی که‌روێشکێکی په‌شۆکاو دا ده‌چوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ خۆم ڕواکه‌رم، یه‌کجار زۆرم پێخۆش بوو ئاکامی ئه‌و ڕاوه ببینم. تاجییه‌کان ئاخری که‌روێشکه بهستهزمانهکهیان گرته‌وه.به‌ڵام ڕه‌دوونانی که‌روێشک به‌وشێوه‌یه هه‌تا له پێ ده‌که‌وێ زۆر زاڵمانه‌یه. دوای ئه‌وه‌ی تاجی و توڵه گرتیان ده‌بێ یه‌ک یان دوو پیاو له ده‌می تاجییه‌کانی بستێننه‌وه و چه‌قۆی له‌به‌ر ملی نێن هه‌تا خوێنی لێ دێ، ده‌نا به حه‌ڵاڵی نازانن. له‌و به‌زمه دا تاجییه‌کیش له به‌ست چوو و بڕی نه‌ده‌کرد چونکوو پاشوویه‌کی شکابوو. تاجییه‌که‌یان هه‌ر له‌وێ به‌جێ هێشت _ تاجی فه‌قیر!
هه‌ر له‌و دێیه بڕیارم دا سه‌ری مه‌حمه‌دیار ( Nichmedgar ) یش بده‌م، که له‌وێ دوو نه‌خۆشی پێشووی منی لێ ده‌ژین، ئه‌میر توومان و محه‌مه‌د خان. ئه‌میر توومان بابی محه‌مه‌د خانه. ئه‌ویش قوربانییه‌کی تریاک کێشان بوو، به‌ڵام ده‌ستی لێ به‌ردا و چاک بووه‌وه. لوویه‌کم بۆ محه‌مه‌د خان به سه‌رکه‌تووییه‌وه عه‌مه‌ل کردبوو.هه‌ر دووکیان زۆر پیاو چاک و به‌ئه‌ده‌بن. ئه‌وان دێیه‌کی زۆر گه‌وره‌یان هه‌یه، به‌ڵام وه‌ک هه‌میشه نه‌دارن. له‌وه‌تا شه‌ڕ و هێرشی سمکۆ، که سه‌به‌بکاری کوشتنی باشیمۆن بوو، ئه‌وان زۆر زۆر زۆر نه‌دارن. گشت ئه‌و خاوه‌ن لادێیانه پێویستییان به ده‌ستپێکردنه‌وه‌یه‌کی باش و چاکتر کردنی بارودۆخی دێیه‌کانیان هه‌یه و به لانی که‌مه‌وه هه‌رکامێکیان پێویستی به یه‌ک دوو هه‌زار تمه‌ن هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی محه‌مه‌دیار پێشتر دێیه‌کی گه‌وره بوو و زۆر ئاسۆری مه‌سیحی له‌وێ ده‌ژیان، جه‌نابی فاسوم زۆر جار سه‌ری ئه‌و دێیه‌ی ده‌دا.هه‌ر که گه‌یشتمێ محه‌مه‌د خان پرسیاری لێکردم داخودا چاوم به ئه‌میر توومان که‌وتووه یان نا چونکوو ئه‌و بۆ موداوای زیاتر به مه‌به‌ستی دیتنی من ڕۆیشتبوو. ئه‌و خه‌به‌ره وه دڵڕاوه‌کێی خستم بۆ ئه‌وه‌ی هه‌تا زووه بگه‌مه‌وه سابڵاغێ. شه‌وێ داوایان لێکردم قسه بکه‌م. خزمێکی محه‌مه‌د خان له مه‌حمه‌دشه گوێی له وه‌عزی من گرتبوو. لێره داوای لێکردم ئه‌گه‌ر ده‌کرێ درێژه به قسه‌کانم بده‌م. موناقه‌شه‌یه‌کی باشمان کرد.به‌ڵام باوه‌ر ده‌که‌ن محه‌مه‌د خان و خانکشی خان هه‌ر دووکیان وه‌ک موسوڵمان به گژی داهاتنه‌وه و بێده‌نگیان کرد.......... ...
ئه‌میر توومان بێ سه‌برانه له سابڵا‌غ چاوه‌ڕێی کردبوو هه‌تا من هاتمه‌وه. ئه‌وه چواره‌مین ڕۆژی ئه‌دڤێنت [ چل ڕۆژ به‌ر له کریسمه‌س] بوو که ئه‌میرتوومان هات بۆ سه‌ردانم. ئاغای بڕاونینیگ( Browning) له ورمێوه له گه‌ڵ به‌ڵه‌ده‌که‌ی تازه سه‌ری له کورده‌کانی ئێمه دابوو، چونکوو میسیۆنی لووتێری له به‌ر که‌می هێزی کار و دراو له وزه‌ی دانییه سه‌ریان لێ بدا. میرپه‌نج ئاغا، هاوسه‌رم و هه‌موو ئه‌وانیدی له ده‌وری مێز دانیشتبوون و قسه‌ی خۆشیان ده‌کرد و چاییان ده‌خوارده‌وه. ئه‌میر توومان هه‌ر تازه پێی کرا فیبجانه چایه‌که‌ی له سه‌ر مێزکه دانێته‌وه که له پڕڕا سه‌ری له‌به‌ر خۆی نا و که‌وته سه‌ر عه‌رزی. ئه‌من ده‌ستبه‌جێ زانیم چ قه‌وماوه. به‌ر له‌وه‌ی بتوانم هه‌ڵی ئه‌ستێنمه‌وه ئه‌میر توومان گیانی ئه‌سپارد. ئه‌و سه‌کته‌ی مێشک لێی دابوو. ئه‌وه شوێنێکی زۆر قووڵی له سه‌ر هه‌موومان کرد، به‌تایبه‌تی ئاغای بڕاونینگ که له ژیانی خۆیدا قه‌ت مردنێکی ئاوا یه‌ک دا به‌دووی نه‌دیتبوو. ساڵی کۆنی ئێمه ئاوا ته‌واو بوو.
نوێژی جه‌ماعه‌ت و نزا خوێنی له به‌شی ژنان
ده‌ی بڵێی ئێوه نزا و پاڕانه‌وه‌تان له به‌شی ژنانی نه‌خۆشخانه‌که‌دا پێ چۆن بێ؟ خه‌دیجه ئاشپه‌زی پێشووی نه‌خۆشخانه که ئێستا ژنی عه‌زیزه، یه‌که‌م کوڕی له نه‌خۆشخانه‌که‌ی ئێمه دا له دایک بوو. کاتێک منداڵه‌که به‌ر بووه‌وه ئه‌من له خه‌دیجه‌م پرسی چ نێوێک له منداڵه‌که‌ی ده‌نێ؟ ئه‌و وڵامی دامه‌وه نێوی ده‌نێین ڕه‌مه‌زان، چونکوو ڕه‌مه‌زان واته مانگی به‌ڕۆژوو بوون تازه ده‌ستی پێ‌کردبوو.ده ڕۆژ دوای له دایک بوونی منداڵه‌که، عه‌زیز گشت خزمه‌تکاره‌کان، نه‌خۆشه‌وانه خۆجێییه‌کان و ئه‌منی بانگهێشتن کرد بۆ نێوکبڕانێکی تایبه‌تی. ئێمه ناکرێ نێوی ئه‌وه بنێین غوسڵی ته‌عمید چونکوو دایک و بابی منداڵه‌که هێشتا موسوڵمانن. به‌ڵام ئه‌وه گوێزه‌بانه‌یه‌کی ته‌به‌ڕۆک بوو و له ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا منداڵه‌که‌مان دا ده‌ستی خوڵای. ئینجیل له‌و باره‌یه‌وه زۆر به‌ڵێن پێده‌ره. " منداڵان ڕه‌نج که‌م ببینن و قه‌ده‌غیان لێ ده‌کا و ده‌ڵێ نه‌یه‌نه لای من، چونکوو شانشینی ئه‌رز و عاسمانان ئاوایه". گه‌لۆئێمه‌ش نابێ له‌و باوه‌ڕه دا بین کوربان [ قوربان]یش ئی ئه‌و منداڵانه‌یه که ئه‌و به‌ڵێنه خۆشه‌یان پێدراوه؟ به پێی داوخواز و ویستی عه‌زیز، ئه‌من ده‌بوو نێو له منداڵه‌که‌ی بنێم. ئه‌من نێوی کوربان [ قوربان ] م [دیاره شاڵک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ترکی زانیوه وشه‌که‌ی ئاوا ده‌ربڕیوه] پێشنیاز کرد که به مانای قوربانی کردن و خۆ به‌خت کردنه. هه‌موویان، به‌تایبه‌تی دایک و بابه‌که واته عه‌زیز و ژنه‌که‌ی، ئه‌وه‌یان پێ باش بوو. بۆیه قسه‌مان کرد، و منداڵه‌که‌مان به که‌ڕه‌می خوڵای ئه‌سپارد و پاڕاینه‌وه.
ئه‌و رێوڕه‌سمی نزا و پاڕانه‌یه‌وه دۆخێکی دیکه‌ی هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنامه‌وه. له نه‌خۆشخانه‌ی کۆن سه‌باره‌ت به دۆرا (Dora)ی ئێمه، که سه‌رده‌مایه‌ک جووله‌که‌یه‌ک بووه و له ڕووسییه مێردی به کابرایه‌کی ئێرانی کردبوو. له زه‌مانی باڵشه‌ڤیکه‌کاندا ئه‌وان ناچار ده‌بن هه‌ڵێن و بێن بۆ سابڵا‌غ. دۆرا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قامکێکی چڵکی کردبوو هاتبوو بۆ نه‌خۆشخانه. دوای ئه‌وه‌ی چاک بووه‌وه قه‌تی ئێمه به‌جێ نه‌هێشت ئه‌و له ساڵڕۆژی مردنی مێرده‌که‌ی دا که پێنج ساڵ پێشتر مردبوو ده‌بوو ڕێز له بیره‌وه‌ری وی بگرێ، به‌و بۆنه‌یه‌وه ڕێوڕه‌سمێکی نزاخوێنیمان ساز کرد. زۆر جار ئه‌سته‌مه ده‌قێکی به‌جێ بۆ بۆنه‌یه‌کی ئه‌وتۆ ببیندرێته‌وه، به‌ڵام وه‌ک هه‌میشه خوڵا ده‌فریمان که‌وت. دۆرا نایه‌وێ نه جووله‌که بێ نه موسوڵمان، به‌ڵام ده‌یه‌وێ مه‌سیحی بێ. له به‌ر ئه‌وه‌ی دۆرا له ڕووی ده‌روونییه‌وه هێندێک ناره‌حه‌تی هه‌بوو، هه‌مووان ده‌بوو زۆر له‌سه‌ره‌خۆ هه‌لسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ بکه‌ین."
وادیاره له کۆتاییه‌کانی ساڵی 1927 دا کێشه‌یه‌ک له نێوان دوکتور هێرمان شاڵک و به‌ڕێوه‌به‌ری " کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات" ساز بووه، نێوه‌رۆکی ئه‌و کێشه‌یه له ڕاپۆرته‌کانی جه‌نابی. ئالفرێد ک. بۆێرگر (Alfred K. Boerger ( دا که ساڵی 1927 له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه ناردراوه‌ته سابڵاغێ و له ژماره‌کانی ساڵی 1927 و 1928 دا بڵاو کراونه‌ته‌وه هیچ ئاماژه‌یه‌ک به نێوه‌رۆکی ئه‌و کێشه‌یه و دوکتور هێڕمان شاڵک نابینین. به ڵام کوردستان مێشنێری له ژماره2ی ساڵی 22!! [ ساڵی 20] فێڤرییه‌ی 1928 ئاگادارییه‌کی کورتی بڵاو کردووه‌ته‌وه که وێده‌چێ دوکتور ر.ئی. گۆڵاده‌ی ( Dr.R.E. Golladay) ئێدیتۆری کوردستان میشنێری نووسێبێتی و له‌وێدا هاتووه:
" میسیۆنه‌که‌مان له کوردستان
ده‌شێ زۆربه‌ی خوێنه‌ره‌وانمان تاکوو ئێستا بزانن، که دوکتور شاڵك ئیدی له گه‌ڵ میسیۆنه‌که‌ی ئێمه نییه. به ته‌واوی ئاشکرایه، له به‌ر که‌سایه‌تی سه‌ره‌ڕۆیانه و خوو و خده‌ی بێ ته‌حه‌مولی خۆی، ئه‌و به‌رپرسیاری زۆربه‌ی ئه‌و گێروگرفتانه‌ی دوایی بووه. ئه‌و ئێستا له ئه‌ڵمانه، و وێده‌چێ، به گه‌رمی حه‌ول بدا و سه‌رقاڵی په‌یداکردنی ده‌رفه‌ت و دراو بێ بۆ ئه‌وه‌ی کارێکی سه‌ربه‌خۆ له شوێنێکی ئێران ده‌ست پێ بکا. دۆکتور جۆرج یۆناتان (George Jonatan ) [ وێنه‌تان] که دوکتورێکی قابیلی سابڵاغێ یه، ئێستا به‌سه‌رکاری نه‌خۆشخانه له‌وێ ڕاده‌گا. ئێمه دوو کرێکاری زۆر لێوه‌شاوه‌ی خۆجێیی مان له سابڵاغێ هه‌یه، که له ژێر چاوه‌دێری که‌شیش
بوێرگر دا ده‌توانن زۆر باش کار بکه‌ن."
پرۆفێسۆر مارتین تامکێ له وتارێک دا به زمانی فه‌ڕانسه‌یی ** ده‌نوووسێ: دوکتور شاڵک بۆ ئیعتیراز به شێوه‌ی
" سیستمی ئه‌مریکایی" میسیۆنه‌که‌ی به‌جێ هێشت و ئه‌وه‌ش بووه کۆتایی هاوکاری نێوان ئه‌مریکا و ئاڵمان. دوکتور شاڵک به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه ئاڵمان ( بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێ له سه‌ر کارکردن له‌گه‌ڵ هاوکاره ئاڵمانییه‌کانی به بێ ئه‌مریکاییه‌کان) له ڕاپۆرته‌کانی دا باسی کردبوو که کوردێک کاری بۆ ده‌کا" دیاره مه‌به‌ست له‌و کورده‌ش عه‌زیزی زه‌ندییه که به‌پێی نووسینی تامکێ : "میرزا عه‌زیز له 8ی دیسامبری 1927 له‌گه‌ڵ شاڵک گه‌یشته هێرمانسبورگ له ئاڵمان" وا ده‌رده‌که‌وێ کاری هاوبه‌شی دوکتور هێرمان شاڵک و عه‌زیزی زه‌ندی له ئه‌ڵمان له مه‌ڕ وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌ببیاتی مه‌سیحی به هێچ کوێ نه‌گه‌یشتووه. تامكێ له‌و باره‌یه‌وه ده‌نووسێ " هاوکاری دووقۆڵی دوکتور شاڵک و میرزا عه‌زیز ده‌بوو به‌ته‌واوی ڕابگیرێ چونکوو هێرمانسبورگ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی دارایی نه‌بوو بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و کاره." عه‌زیزی زه‌ندی دوای 3مانگ مانه‌وه له‌ئه‌ڵمان ده‌گه‌ڕێته‌وه ئێران"
ئه‌من جارێ له‌وه‌م نه‌کۆڵێته‌وه داخودا دوای کۆتایی هاتنی هاوکاری دوکتور هێرمان شاڵک و " کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات" ئه‌و دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئێران یان نا. دوکتور شاڵک وه‌ک دامه‌زرێنه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی بیتلێهێم – گێت سامنێ له‌سابڵاغ سه‌ره‌ڕای بۆچوونی جیاوازی له گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆمه‌ڵه‌که‌یان له ئه‌مریکا خزمه‌ته ئینسانی و ده‌رمانییه‌کانی به گه‌لی کورد به‌شێکه له میژووی ناوچه‌ی سابڵا‌غ و ده‌ور وبه‌ری. ئه‌و نزیکه‌ی چوارساڵ له هه‌لومه‌رجی ناله‌بار و که‌م ده‌ره‌تانی دا خزمه‌تی خه‌ڵکی کردووه. دوکتور شاڵک له کاتی به‌جێهێشتنی سابڵا‌غ ته‌مه‌نی 47 ساڵ بووه.
* به‌شێک له سروودێکی نه‌ته‌وه‌یی که نه‌مر ل.ۆ. فاسوم بۆ گه‌لی کوردی نووسیوه.
** بڕاونه: بڵاوکراوه‌ی Etudes Kurdes – N° 5- Décembre 2002 ئه‌نیستیتووی کورد له پاریس که ئه‌م وتاره‌ی Martin Tamcke ی به زمانی فه‌ڕانسه‌یی بڵاو کردووه‌ته‌وه:
Les documents d’archives de la mission allemande du Kurdistan considérés comme sources d’information sur l’histoire du Kurdistan
No comments:
Post a Comment