وتووێژی ئه‌میری حه‌سه‌نپوور له گه‌ڵ ئاگوستا گودهارت ، فیلادێلفیا ، 12ی ژوه‌نی 1977
تێبینییه‌کی کورت سه‌باره‌ت به وتووێژی من له گه‌ڵ میس ئاگوستا گودهارت
ئه‌من له مانگی ژووه‌نی ساڵی 1977 بۆ چاوپێکه‌وتن و وتووێژ له گه‌ڵ میس گودهارت به ماشێن چووم بۆ فیلادێلفیا.
نزیکه‌ی دووسه‌عات دره‌نگ گه‌یشتمێ، له ده‌ورو به‌ری سه‌عات 9.30 شه‌وێ. وه‌بیرم دێ هه‌وا تاریک بوو و له به‌شێکی شاری فیلادێلفیا بۆ ماڵه‌که‌ی ده‌گه‌ڕام که هه‌موو شه‌قامه‌کان و خانووه‌کانی وه‌ک یه‌کتری ده‌چوون. که‌چووم ژنێکی له لابوو ته‌مه‌نی له سه‌ره‌وه‌ی په‌نجا ساڵان بوو؛ ئه‌و گوتی به به‌رده‌وامی سه‌ری ئاگوستا ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی بدا. ئه‌وان چاوه‌ڕوانی من بوون بۆ ئه‌وه‌ی نانی شه‌وێیان له گه‌ڵ بخۆم.
میس گودهارتم ساخ و به‌که‌یف وهبهرچاوهات،ئه‌گه‌رچی ده‌یگوت چاوی نابینێ، به‌ڵام زۆر گورج وگۆڵ و به ڕاحه‌تی له دیوه‌که‌دا ده‌هات و ده‌چوو. ئه‌من هیچ پرسیاری پێشووم ئاماده نه‌کردبوو لێی پرسم و ئه‌وه‌ی لێم پرسی هه‌ر وا له‌وێ به‌زه‌ینم داهات، ئه‌گه‌رچی پێم خۆش بوو له سه‌ر دووبابهتان شتی لێ بپرسم. یه‌کیان له‌مه‌ڕ پڕۆژه‌که‌م سه‌باره‌ت به لێکۆڵینه‌وه‌ی ئابووری سیاسی کوردستانی موکری بوو. ئه‌من له ساڵی 1964 وه ده‌ستم به‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه کردووه و ئه‌و کاره تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه. بابه‌ته‌که‌ی دی له مه‌ڕ وه‌رگێڕانی ئینجیل و ئه‌ده‌بییاتی مه‌سیحی بوو به زمانی کوردی. ئه‌وه به‌شێک بوو له لێکۆڵینه‌وه بۆ تێزی دوکتورایه‌که‌م له مه‌ڕ ستاندارد کردنی زمانی کوردی. ئه‌و که‌سی سێیه‌مه‌ی له وتووێژه‌که‌دا پرسیار ده‌کا ئه‌و ژنه‌یه که ئه‌وی شه‌وێ له لای میس گودهارت بوو.
ئه‌من ده‌مه‌ویست زیاتر پرسیار بکه‌م به‌ڵام کاتێک دوگمه‌ی ڕاگرتنی ته‌سجیله‌که‌م داگرت، میس گودهارت هه‌ستی پێ‌کرد ئه‌من قسه‌کانم ئاسته کردووه و هه‌ستم کرد ئه‌وه‌ی پێ سه‌یر بوو.داوای نه‌کرد نه‌واره‌که پاک بکه‌مه‌وه، به‌ڵام هه‌ستم کرد چاوه‌ڕوانی نه‌ده‌کرد قسه‌کانی ئاسته بکرێ. بڵاو کردنه‌وه‌ی هه‌ر وتووێژێک مه‌سه‌له‌ی ئه‌خلاقی لێکۆڵینه‌وه ده‌هێنێته گۆڕێ. ئه‌گه‌رچی له‌ساڵانی 1970کاندا ئه‌خلاقی لێکۆڵینه‌وه به‌شێک نه‌بوو له پراتیکی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئاکادێمیک، به‌ڵام ئێستا ئه‌من خۆم له ئاست پڕێنسیپه‌کانی به به‌رعۆده ده‌زانم، که له‌گه‌ڵ شتی دی، پێویست به ئیزنی ئه‌و که‌سه هه‌یه که وتووێژی له گه‌ڵ کراوه بۆ دابه‌زاندن و بڵاو کردنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌و قسانه‌ی له وتووێژه‌که‌دا کردوویه‌تی. میس گودهارت نه‌ماوه بۆ ئه‌وه‌ی ئیزنی بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌م وتووێژه بدا. مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی لێره‌دا پاراستنی که‌رامه‌ت،خێر و سه‌لامه‌تی ئه‌و که‌سه‌یه وتووێژی له گه‌ڵ کراوه. به لێکدانه‌وی من،له‌م وتووێژه‌دا هیچ شتێک نییه به شێوه‌یه‌کی نێگاتیڤ سه‌ده‌مه به که‌ڕامه‌تی ئه‌و که‌سه‌ی وتووێژی له‌گه‌ڵ کراوه بگه‌یێنێ. ئه‌م که‌ره‌سته‌یه یارمه‌تی ده‌کا به سازدانی زانست سه‌باره‌ت به مێژوویه‌ک که ئاگوستا گودهارت به‌شداری تێدا کردووه. له‌کاتێکدا وتووێژه‌که به‌ڵگه‌ی تازه به ده‌سته‌وه ده‌دا، گشت زانیارییه‌کانی له لاپه‌ڕه‌کانی کوردستان میشنێری دا ده‌رکه‌وتوون
ئه‌میری حه‌سه‌نپوور
17ی ژوه‌نی 2009
وتووێژی ئه‌میری حه‌سه‌نپوور له گه‌ڵ ئاگوستا گودهارت
فیلادێلفیا، 12ی ژوه‌نی 1977
دابه‌زاندنی کاسێت ،وه‌رگێڕان و ڕوونکردنه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
گودهارت: ئه‌من له فیلادێلفیاوه چوومه پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌مان له ئێرانێ، له سابڵا‌غ، که جێیه‌کی پچووکی جوانه له ئێرانێ. له وێ نه‌خۆشخانه‌مان هه‌بوو بۆ ئاگاداری له نه‌داران، ئاگاداری له منداڵان و کاری مامانیم ده‌کرد و چاوم به خه‌ڵکی جۆر به‌جۆر ده‌که‌وت. ژیان له گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستان زۆر زۆر باش بوو و یارمه‌تی یه‌کترمان ده‌دا. و کاتێک ئێمه ئینجیلی لۆقامان وه‌رده‌گێرا ئه‌من له‌لای میرزا شه‌مۆییل و میرزا ڕه‌حمان ده‌ستم کرد به فێربوونی کوردی و زمانی کوردی فێر بووم و زمانی کوردیم زۆر پێ خۆش بوو. ئیمه کلیسایهکمان هه‌بوو و قامووسێکمان چاپ کرد و کتێبی شێعرانی ڕوحانی مان چاپ کرد و به‌یه‌که‌وه سروودمان ده‌خوێنده‌وه. به‌ڵام ئاغای فاسوم ئه‌و پیاوه‌ی که دوایه مرد. ئێمه سروودێکمان هه‌بوو که له سه‌ر هه‌وای " بۆ پێشه‌وه سه‌ربازانی عیسایی" بوو.
وه‌ته‌نی باپیرم، کوردستان قه‌دیم
کێو و شاخ و ده‌شتی خۆشن بۆ دڵم
جێی دایک و بابمه
ماڵی خوشک و برا
هه‌ر تۆزێکی، هه‌ر به‌ردێکی بۆم مروارییه
ئه‌من پاشان چووم بۆ ته‌بریز، وه‌ختێکی ئونجا تێکه‌ڵ بوو، پاشان چووم تێهران [ گودهارت ئه‌و چه‌ند ڕسته‌یه به کوردی ده‌ڵێ وچه‌ند وشه‌ی فارسیشی ئاوێته کردووه]، وئاخری ئه‌ی هاوار خودایه شهر هه‌ڵئایسا له دنیا دا و ئه‌من ده‌بوو بێمه‌وه ماڵێ و ئه‌من دۆستانی خۆشه‌ویستم له کوردستانێ له‌بیره [ که‌سێک چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌دا]
ساڵی 1908 (1) جه‌نابی فاسوم میسیۆنه‌که‌ی ده‌ست پێ‌کرد و ئێمه له گه‌ڵ کلیسایه‌کی ئه‌ڵمان هاوکاریمان ده‌کرد و خوشکێک هه‌بوو به نێوی مێتا فۆن دێر شولنبێرگ به‌رپرسی منداڵانی بێ دایوباب بوو و له کاری وه‌رگێڕان دا یارمه‌تی ده‌کرد، له گه‌ڵ جه‌نابی شه‌مۆییل و میرزا ڕه‌حمان و، لهسابڵاغهوه ده‌چووینه دێیه‌کان. و کاتێک حکوومه‌ت له‌وێ دوکتوری هه‌بوو ئه‌من له‌گه‌ڵ ئه‌و دوکتورانه له ئێران کارم ده‌کرد. ئه‌من یارمه‌تی دوکتوره ئێرانییه‌کانم ده‌دا، و ئه‌وان یارمه‌تی منیان ده‌دا و په‌روه‌رده‌مان کردن و کاتێک حکومه‌تی ئێران خۆی هه‌موو کاره‌کانی به‌ده‌سته‌وه گرت ئێمه ئه‌وێمان به جێ هێشت و ئه‌من له ته‌ورێزێ کاری میسیۆنێریم ده‌کرد، دوایه له تاران کارم ده‌کرد له گه‌ڵ دوکتور ساڵح له نه‌خۆشخانه‌ی ئێرانی بۆ ماوه‌ی ساڵ و نیوێک و، له ساڵی 1940 ئێمه هه‌موومان ده‌بوو بێینه‌وه وڵاتی خۆمان هه‌موو پێگه‌ی میسیۆنه‌کان له ڕۆژهه‌ڵات، ئێمه هه‌موومان هاتینه‌وه وڵاتی خۆمان و ئه‌من له ئه‌مریکا وه‌ک نێرس کارم ده‌کرد.
ده‌نگێک ده‌ڵێ : ئه‌تۆ بیره‌وه‌ری زۆر خۆشت هه‌یه له گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه!
گودهارت: ئێستا ئه‌من ژنێکی پیرم، 93 ساڵم عومره، هێشتا کاری خۆم ده‌که‌م، هه‌ر بۆخۆم ده‌ژیم، کاری خۆم ده‌که‌م به شێوه‌ی جۆر به جۆر.
حه‌سه‌نپوور: ئه‌تۆ له ماوه‌ی ساڵانی شه‌رێ دنیاگره‌وه‌ی یه‌که‌م دا له ئێران بووی، کوشتار و قه‌تڵی عامهکانت دی؟
گودهارت: به‌ڵێ، له سابڵاغێ. یه‌که‌م شه‌و ئه‌وان ده‌واخانه‌که‌ی ئێمه‌یان بڕیبوو، هێندێک له ڕووسه‌کان بڕێک له ده‌رمانی ئارسێنێکی ئێمه‌یان خواردبووه‌وه و پێ مردبوون . ئێمه ئه‌وه‌مان نه‌ده‌زانی که ئه‌وان له کوێ کووژراون. به‌ڵام ڕووسه‌کان هاتنه سه‌رمان و تاوانباریان کردین ئێمه ده‌زانین ئه‌وه چ جۆره ده‌رمانێکه و نه‌ده‌بوو بهێلێن بیخۆنه‌وه. به‌ڵێ ئه‌وان ماڵی ئێمه‌یان برێ. ئه‌من له‌وێ بووم که جاری دووهه‌میش ماڵیان بڕین. ئه‌وان ماڵی میرزا ڕهحمانیشیان بڕی.
حه‌سه‌نپوور: عوسمانییه‌کانیش له‌وێ بوون؟ ترکه‌کانی عوسمانیش له‌وێ بوون ؟
که‌سی سێیه‌م : هێندێک به‌رزتر قسه بکه، نه‌ی بیست
حه‌سه‌نپوور: دوکتور فاسوم وه‌رگێڕانه‌کانی له سابڵا‌غ کرد ؟
گودهارت: ئێمه له سابڵاغێ قامووسێکمان وه‌رگێڕا، کتێبی شێعرانی ڕوحانی مان وه‌رگێڕا، بنه‌ماکانی مه‌سیحییه‌تی لووتیری مان وه‌رگێڕا، ئه‌من نازانم، ئه‌وان زۆر شتیان ده‌نووسی. وه‌بیرم نایه، چونکه ئه‌من سه‌رم زۆر قاڵ بوو و ده‌بوو کاری نه‌خۆشخانه‌که بکه‌م. ده‌بوو له ده‌ره‌وه مامانی بکه‌م، لهدێیهکان، جاری وابوو به سواری ئه‌سپ ده‌بوو ڕێگه‌ی 140 – 150 میل بچین و ئیدی مرۆ کارێکی ئه‌وتۆی بۆ نه‌خۆشه‌که له ده‌ست نه‌ده‌هات له نێو شاخان.
حه‌سه‌نپوور: خه‌ڵک له‌وێ یارمه‌تییان [ ئی فاسوم] ده‌دا بۆ وه‌رگێڕان؟
گودهارت: به‌ڵێ، دوو که‌س هه‌بوون که یارمه‌تییان ده‌کرد بۆ وه‌رگێڕان. یه‌کیان قازی محه‌مه‌د (2)، ئه‌وی دیکه‌شیان جیرانه‌که‌ی هاودهرگامان میرزا ڕه‌حمان، مامۆستای ئێمه بوو. ئه‌وان یارمه‌تییان ده‌کرد. زۆر کورد هه‌بوون که ده‌یانتوانی فارسی بخوێننه‌وه و له زمانی فارسییه‌وه وه‌ریان ده‌گێڕا سه‌ر زمانی کوردی. ئه‌وان کورد بوون. به‌ڵام، کوردی وه‌ک قازی عه‌لی، قازی محه‌مه‌د (3)ئه‌وان ده‌یانتوانی عه‌ڕه‌بی بخوێننه‌وه و له عه‌ڕه‌بییه‌وه ئه‌وان ده‌یانتوانی هێندێک له شته‌کان وه‌ربگێڕنه سه‌ر زمانی کوردی.
حه‌سه‌نپوور: قازی محه‌مه‌د کامه‌یان؟ برای قازی عه‌لی؟
گودهارت: کوڕی، کوڕی قازی عه‌لی، برای عه‌لی ئاغا هه‌بوو و قازی عه‌لی. قازی عه‌لی ئه‌وی هه‌ره گه‌نجیان بوو (4) له‌وێ سێ قازی هه‌بوون ....... ئه‌وان زۆر زۆر ئینسانی باش بوون بۆ کارله‌گه‌ڵ کردن. خانمه‌کانیان به تایبه‌تی زۆر دۆستی ئێمه بوون تا ئه‌وه‌ی ئه‌وان به پێی قانوون ( ئه‌ڵاه ) به توندی له گه‌ڵیان جووڵاوه!
حه‌سه‌نپوور: ئه‌و شتانه‌ی ئێوه وه‌رتان ده‌گێڕا، له شار دا به کار ده‌هێندران؟
گودهارت: به‌ڵێ، ئێمه ده‌مانتوانی بیان خوێنینه‌وه و له مه‌دره‌سه به‌کارمان ده‌هێنان و له کلیسا به‌کارمان ده‌هێنان، چونکه ئه‌و که‌ره‌ستانه یارمه‌تی ده‌کرد. ئێمه بنه‌ماکانی مه‌سیحییه‌تی لووتێریمان به کوردی هه‌بوو. .... ته‌واو چه‌ند شتێکمان هه‌بوو. به‌ڵام هه‌موویان له نێو چوون. شکاکه‌کان ئێمه‌یان ڕووت کرده‌وه. ئه‌وان هه‌مووشتێکیان فه وتاند ، ئه‌وان ده‌یانتوانی بکووژن... هه‌موو شت.... چ بوو ....
حه‌سه‌نپوور: ئه‌تۆ گوتت قامووسێکیش هه‌بوو.
گودهارت: به‌ڵێ، قامووسێکیش هه‌بوو
حه‌سه‌نپوور: ئه‌و قامووسه چاپ ببوو؟
گودهارت: به‌ڵێ، چاپ کرابوو. به‌لانی که‌مه‌وه 6 دانه‌یه‌کیان مابوو. یه‌ک له‌وان، یه‌ک له‌وان ، به‌لانی که‌مه‌وه یه‌کێک که ئه‌من هه‌مبوو دام به پیاوێکی جووله‌که له نه‌خۆشخانه‌ی ئابادان. زۆر شت چاپ کرابوون، به‌ڵام هێندێکیان له ئاور دا له نێوچوون، هێندێکیان له جه‌نگه‌ی شه‌ڕ دا له نێوچوون، هێندێکیانیش ئاوریان تێ به‌ردرا.
کتێبی شێعرانی ڕوحانی له ئه‌مریکا هه‌یه، نوسخه‌یه‌کی که ئه‌من ئاگام لێی بێ.
حه‌سه‌نپوور: ئه‌وانه له کوێ چاپ بوون؟
گودهارت: له نیۆیۆرک؛ ئێمه تایپ ڕایترێکی کوردیمان هه‌بوو. فرۆشتمان. ئه‌من له ساڵی 1940 له میسیۆنی ته‌ورێز به جێمهێشت. به‌ڵام هێندێک له شته‌کان له نیۆیۆرک چاپ کران.
حه‌سه‌نپوور: له مه‌دره‌سه بۆ ده‌رس پێگوتن چ زمانێکتان به کار ده‌هێنا؟ ئێوه به کوردی ده‌رستان ده‌گوته‌وه یان به فارسی؟
گودهارت: به کوردی
حه‌سه‌نپوور: چۆن بوو که به کوردی بوو؟ هیچ مه‌دره‌سه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌بوو؟ یان، مه‌دره‌سه‌ی ئێوه تاقه مه‌دره‌سه بوو؟
گودهارت: هیچ چ هه‌بوو؟
حه‌سه‌نپوور: هیچ مه‌دره‌سه هه‌بوو که ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ی به‌رێ؟ یان مه‌دره‌سه‌که‌ی ئێوه تاقه مه‌دره‌سه بوو؟
گودهارت: بۆ زمانی کوردی قازی هه‌بوو. شوێنه‌که [سابڵا‌غ!] ئێرانییه‌کان ئیداره‌یان ده‌کرد. هێچ کێشه‌یه‌ک له نێوان هیچیان دا نه‌بوو.
که‌سی سێیه‌م: ئه‌وان مه‌دره‌سه‌یان هه‌بوو بۆ منداڵان؟
گودهارت: نا.
که‌سی سێیه‌م: ئێوه ته‌نیا جێیه‌ک بوون که ده‌رستان ده‌گوت؟
گودهارت: ئه‌وان [خه ڵکی سابڵاخ] مه‌دره‌سه‌ی دینی یان هه‌بوو بۆ کوڕان له مزگه‌وتێ. ئه‌وان مه‌دره‌سه‌ی دینی یان هه‌بوو بۆ کوڕان، به‌ڵام له ڕووی کتێب نا، نه‌ک به نووسین. له به‌ر.... زمانیان ده‌گوته‌وه. هیچ مه‌دره‌سه نه‌بوو. کاتێک ئه‌من له‌وێ بووم، هیچ مه‌دره‌سه نه‌بوو جگه له‌وشته‌ی که یه‌كێک له مه‌لاکان به کوڕانی ده‌گوته‌وه و ئه‌مه و ئه‌وه. قانوون به ده‌ست ئێرانییه‌کان بوو و ئه‌وان ئیداره‌یان ده‌کرد. ئیداره‌ی پۆست ئێرانییه‌ک ئیداره‌ی ده‌کرد، پیاوێکی فارس، ئه‌و ئینگلیسی و ئه‌ڵمانی ده‌زانی، و حاکمیش پیاوێکی فارس بوو. و ڕه‌ئیسی ئیداره‌ی گومرگیش پیاوێکی فارس بوو، به‌ڵام ئه‌وان به کوردیش قسه‌یان ده‌کرد. و ئێمه چه‌ند سه‌ربازێک، چه‌ند ئه‌فسه‌رێکمان هه‌بوو، ئه‌وان له‌وێ مانه‌وه، و ئێمهدوکتورێکمان هه‌بوو، به‌ر له‌وه‌ی ئه‌من بڕۆم، به‌رله‌وه‌ێ ئێمه ئه‌وێ به‌جێ بهێڵین. ئه‌ڕته‌ش هات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شکاکه‌کان. شکاکه‌کان، ئه‌وه بوو که بووه کێشه، و له‌وسه‌رده‌می دا حکوومه‌تی ئێران به‌هیچ جۆر هیچ کێشه‌یه‌کی به سه‌ر خه‌ڵک نه‌هێنا. ئه‌وان له گه‌ڵیان[ له گه‌ڵ خه‌ڵک] بوون، شکاکه‌کان کێشه‌یان ساز کرد، ئه‌وان ئێمه‌یان تاڵان کرد و جه‌نابی باشیمۆن و خزمه‌تکاره‌که‌یان کوشت، زۆر کوردیان کوشت، ساف ساف ئێمه‌یان تاڵان کرد و هیچیان پێ نه‌هێشتین. به ته‌واوی ڕووتیان کردینه‌وه و هیچیان پێ نه‌هێشتین.[ گودهارت وشه‌ی کوردی "ڕووت" به‌کار ده‌هێنێ]. ئه‌وه ئاوا بوو. به‌ڵام هێندێک له خه‌ڵک، که له ته‌ورێز یان تارانه‌وه هاتبوون [ بۆ سابڵا‌غ]، ئه‌ڵمانی یان ڕووسی یان ده‌زانی. دوکتوران هاتن، زۆر له دوکتوره‌کان له ئه‌ڵمانه‌وه هاتن [ به ئه‌گه‌ری زۆر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه که له ئه‌ڵمان خوێندبوویان ]ئه‌وان به زمانه‌کانی [!!] ئه‌ڵمانی قسه‌یان ده‌کرد. ئه‌من دوو له‌وانم ده‌ناسی، ئه‌وان به زمانی ئه‌ڵمانی قسه‌یان ده‌کرد. یه‌ک له ئه‌فسه‌ره‌کان له سه‌ربازخانه به زمانی ئه‌ڵمانی قسه‌ی ده‌کرد و ئه‌وان له ئه‌ڵمان په‌روه‌رده‌یان دیتبوو. پێم وایه یه‌کیان له به‌ختیاری یان بوو و ئه‌ویدیکه‌شیان خه‌ڵکی تاران بوو. هێندێک له‌وان ژنه‌کانیشیان له‌گه‌ڵیان بوون، ژنی ئه‌ڵمانی و مێرده‌کانیان دوکتور بوون. هیچ کێشه‌یه‌ک له نێوان کورده‌کان و حکوومه‌ت له گۆڕێ دا نه‌بوو، جگه له گه‌ڵ شکاکه‌کان نه‌بێ که له‌لایه‌کی دیکه [ ڕا هاتبوون]. له ترکییه ڕا.ئه‌وده‌می لوڕه‌کانیش خراپ بوون. ئه‌وان تاڵان و کوشتاریان ده‌کرد، هه‌ر ئه‌وه‌یان ده‌زانی.
حه‌سه‌نپوور: کاتێک ئه‌توو یه‌که‌مجار چوویه سابڵاغێ، بارودۆخ چۆن بوو؟ وه‌ک وه‌زعی خه‌ڵک، شاره‌که چۆن بوو؟
هیچ ته‌جاڕه‌ت، بازرگانییه‌کی تێدا هه‌بوو؟
گودهارت: به‌ڵێ، تووتن! تووتن تهجاڕهتێکی گه‌وره بوو له سابڵاغێ. کهتیرهش! ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌من بزانم. تووتن و که‌تیره. داوایه‌کی زۆر هه‌بوو [ بۆ تووتن]. وهاتووچوو زۆر بوو. ئێمه پۆستخانهمان هه‌بوو، پۆستخانهیهک و گومرگخانهیهک [ پێده‌که‌نێ....]
حه‌سه‌نپوور: ئه‌وان له گه‌ڵ کوێ تهجاريتیان ده‌کرد؟ خه‌ڵکی سابڵاغێ [ بۆ ته‌جاڕه‌ت] ده‌چوونه کوێ؟
گودهارت: ڕووسییه، له‌گه‌ڵ ڕووسییه ته‌جاڕه‌ت هه‌بوو.ئێمه که‌لوپه‌لی ڕووسیمان بۆده‌هات. ئه‌وان ده‌چوونه جوڵفا و هێندێک [ له تاجره‌کان] ده‌چوونه ڕووسییه. هێندێکیان ته‌نێ هه‌تا ته‌ورێز ده‌چوون و شتیان ده‌هێنا. و [ له سابڵاغێ] کۆنسوولێکی ڕووسی هه‌بوو خه‌ڵکی لیتوانیا بوو و ده‌ستوپێوه‌ندی زۆر باشی هه‌بوون، تا ئه‌و وه‌خته‌ی که شکاکه‌کان (5) هاتن و ترکه‌کان هاتن. کونسول و کارمه‌نده‌کانی زۆر دۆست بوون، ئه‌وان له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد زۆر زۆر دۆست بوون، [ ئه‌وده‌می ڕووسه‌کان] له سابڵاغێ ته‌نێ 40 قازاخێکی ئاماده‌یان هه‌بوو له کۆنسولخانه و ئه‌سپیان هه‌بوو، چونکه ئێمه هه‌ر به سواری ئه‌سپ هاتووچوومان ده‌کرد. هه‌ر وه‌ها خه‌تێکی ته‌له‌فونمان هه‌بوو بۆ ته‌ورێز نزیکه‌ی 150 میل بوو، ده‌مانتوانی به ته‌له‌فون له گه‌ڵ ورمێ‌ش قسه بکه‌ین. نزیکه‌ی 80، 90 میله [ له سابڵاغه‌وه]. و ئه‌وان فه‌رمانیان هه‌بوو. ورمێ بوو له سابڵاغه‌وه.
حه‌سه‌نپوور: ئه‌وه به‌ر له‌شه‌ڕ بوو ؟
گودهارت: به‌رله شه‌ڕ، به‌ر له‌وه‌ی کێشه له گه‌ڵ شکاکان ساز بێ.
حه‌سه‌نپوور: باشه ڕووسه‌کان بۆ له‌وێ بوون؟ چۆن بوو له‌وێ کۆنسولخانه‌یان کردبووه‌وه؟
گودهارت: ئه‌من نازانم، [کۆنسول] ئیاس بوو که خه‌ڵکی لیتوانیا بوو. به‌ڵام ڕووسه‌کان له سابڵاغێ کۆنسولخانه‌یان هه‌بوو. کۆنسوله‌که لیتوانیایی بوو، ئیاس. و ئاغای فاسوم به زمانی ئینگلیسی کتێبێکی نووسیوه سه‌باره‌ت به کۆنسول (6). یوهان ئیاس (7) ئه‌و لیتوانیایی بوو،له سه‌ربازخانه ده‌ژیا، به‌ڵام... ئه‌من به ئینگلیسی قسه‌م ده‌کرد، به ئه‌ڵمانی قسه‌م ده‌کرد، به ڕووسی قسه‌م ده‌کرد، و به لیتوانیایی قسه‌م ده‌کرد، کاتێک ئه‌و بۆی ده‌رکه‌وت که ئه‌من لیتوانیاییم و ناتوانم باش به زمانی لیتوانیایی قسه بکه‌م. (8)
حه‌سه‌نپوور: نێوی [کۆنسول] چ بوو؟
گودهارت: ئیاس! ئه‌و سه‌ر به گه‌لی لیتۆفسکی بوو له ڕووسییه.ئه‌و له‌وێ ڕاده‌وه‌ستا. زۆر پیاوێکی .... بوو ته‌مه‌نی ڕه‌نگه 40، 50، ڕه‌نگه 60 بووبێ.
حه‌سه‌نپوور: ئه‌و دوایه کووژرا؟
گودهارت: به‌ڵێ، ئه‌و کووژرا!
حه‌سه‌نپوور: کێ کوشتی؟
گودهارت: ترکه‌کان، شۆڕشگێڕه‌کان. سه‌ریان بڕی.
حه‌سه‌نپوور: نیکیتین له‌وێ کۆنسول بوو؟ ترکه‌کان له‌وێ کۆنسولخانه‌یان هه‌بوو؟
گودهارت: به‌ڵێ.
حه‌سه‌نپوور: ئه‌و کۆنسولخانه‌یه چه‌نده گه‌وره بوو؟
گودهارت: ئه‌من نازانم چه‌نده گه‌وره بوو. به‌ڵام کۆنسولخانهیهکیان له‌وێ هه‌بوو. پاشماڵهکهیانم ده‌ناسی.... له کونسولخانه‌ی ترکییه. چونکوو هاتووچوو هه‌بوو، بازرگانی هه‌بوو له نێوان ترکییه و کورده‌کان و ڕووسییه. ڕووسییه ئه‌وده‌می زۆربه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی ئێرانی کۆنتڕۆڵ ده‌کرد. ورمێ، شه‌یتان ئاباد، تا ده‌گه‌یشته ده‌ریای ڕه‌ش. به‌ڵام کۆنسولهکهیان کوژرا، قازاخه‌کانی کوژران له ته‌نیشت چۆمی، له نزیک مه‌راغه.
حه‌سه‌نپوور: ئه‌من له جێگایه‌ک دا خوێندمه‌وه که ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردی له لایه‌ن یه‌كێک له گرووپه میسیۆنێره‌کانه‌وه بڵاو ده‌کراوه. ئه‌وه ڕاسته؟
گودهارت: نا، ئێمه هیچ ڕۆژنامه‌یه‌کی ئه‌وتۆمان نه‌بوو،نا! که‌س نه‌یده‌توانی کوردی بخوێنێته‌وه،جگه له قازی محه‌مه‌د نه‌بێ و دوو، چوار، پێنج که‌س. خه‌ڵک نه‌یانده‌توانی کوردی بخوێننه‌وه. ئه‌وان هه‌ر ده‌یانتوانی فارسی بخوێننه‌وه. چونکه هیچ مه‌دره‌سه‌یان نه‌بوو. ته‌نیا مه‌دره‌سه مه‌دره‌سه‌که‌ی ئێمه بوو، مه‌دره‌سه‌ی میسیۆنێری. و منداڵان، له مزگه‌وتان ده‌رسیان به چوارپێنج کوڕان ده‌گوت. دواتر وابزانم مه‌دره‌سه‌یان کرده‌وه. به‌ڵام نه‌ک له سه‌رده‌می ئێمه دا (9)
حه‌سه‌نپوور: بنه‌ماڵه گه‌وره‌کان چی‌یان ده‌کرد؟ وه‌ک بنه‌ماڵه‌ی ئاغاکان، تاجره‌کان؟ ئه‌وان چۆنیان به‌منداڵه‌کانیان ده‌خوێند؟
گودهارت: ئه‌دی ئه‌من دیتم،ئه‌وان شتیان ده‌شوت، مه‌له‌یان ده‌کرد، باغچه‌یان ڕه‌نێو ده‌هێنا و جار جار بۆ شت کڕین ده‌چوونه بازاڕی. ئه‌وان مه‌ڕیان هه‌بوو. له پێش خانووبه‌ره و ماڵه‌کانیاندا باغچه‌یان هه‌بوو و زۆربه‌یان به‌شێکیان له دێیه‌کاندا هه‌بوو، وه‌ک قازییه‌کان. قازی دێیه‌کی هه‌بوو، له‌وێوه خوارده‌مه‌نی و پرینجیان بۆ ده‌هات، و خوارده‌مه‌نی و مریشک له دێیه‌کانه‌وه. له حه‌ساری هه‌موو مزگه‌وته‌کاندا باغچه هه‌بوو. ژنان دهبووکاری دروومانی خۆیان بیکه‌ن. خۆیان بچنن و سه‌ریان له خه‌نه دهن، له گه‌رماوان. ئه‌وه بۆ ژنان باش بوو، بۆ هه‌موان. ده‌وڵه‌مه‌ندان سه‌روه‌ت [ ئاگوستا گودهارت وشه‌ی "سه‌روه‌ت" به کار ده‌هێنێ] یان هه‌بوو و نه‌دارانیش زۆر هه‌ژار بوون.
که‌سی سێیه‌م: ئه‌وان چۆن ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بوون؟ سه‌رچاوه‌ی داهاتیان چ بوو؟
گودهارت: دێیان هه‌بوو، دێیان هه‌بوو.
حه‌سه‌نپوور: که وابێ دێ شتی هه‌ره‌گرینگ بوو؟ کێهه‌یان هه‌ره گرینگ بوون دێ یان ته‌جاڕه‌ت؟
گودهارت: دێ شتی هه‌ره گرینگ بوو. ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌جاڕه‌تیان ده‌کرد ده‌بوو بۆ سه‌ودا و مامڵه 150 میل دوور بڕۆن. هێندێک له‌وان ده‌بوو تا ڕووسییه بچن و له ڕووسییه‌وه به قاچاغی ماڵ و که‌لوپه‌لیان ده‌هێنا. ئی واش هه‌بوون به‌ڕێگای گومرگه‌وه ده‌یانهێنا. زۆرشتی ترکی ده‌هێندران، وه‌کوو خه‌نه، هێندێک شتی خۆ ڕازاندنه‌وه و خشڵ له ترکییه‌وه، جارجار له بێلژیکه‌وه قه‌ند و شه‌کر ده‌هات.خوێ له ڕووسییه‌وه ده‌هات، و گوریس، ئێمه خورییهکی زۆزمان هه‌بوو، ئێمه مافووره‌مان ده‌چنی و که‌تان له ڕووسییه‌وه ده‌هات، نیشانه‌کان له پێشدا له ڕووسییه چندرابوون و دوایه به‌وان مافووره‌مان ده‌چنی. ئێمه ڕه‌نگی زۆر باشمان هه‌بوو، زۆربه‌ی ڕه‌نگه‌کان له گیاوگۆڵ و شیناوه‌ردی شاخه‌کانه‌وه بوون. ڕه‌نگی ڕووه‌ک ئێمه ماشێنی دروومانی ده‌ستیمان هه‌بوو، نه‌وت له ڕووسییه‌وه ده‌هات. کاتێک نه‌وتمان نه‌بوو،نه‌مان ده‌زانی چ له ماشێنه‌که بکه‌ین. پاینتێک نه‌وت به نزیکه‌ی 50،60 سێنت بوو. ئێمه بۆ ساز کردنی چایی ڕه‌ژیمان ده‌سووتاند، و وه‌ک ئاوردوو دهوهشمان به‌کار ده‌هێنا. [ووشه‌ی "ده‌وه" به کار ده‌هێنێ، پێده‌که‌نێ]
حه‌سه‌نپوور: کێ نه‌وتی به‌کار ده‌هێنا؟
گودهارت: ڕووسییه
حه‌سه‌نپوور: له شاری دا؟
گودهارت: [ هاوار ده‌کا] خه‌ڵک چرایان به‌کار ده‌هێنا، چرا، چرا، چرا، چرا گوێت له ده‌نگمه ؟
حه‌سه‌نپوور: هه‌موو که‌س ده‌ره‌قه‌ت ده‌هات چرا بکڕێ؟
گودهارت: ئه‌وان چرایان به‌کار ده‌هێنا، وه‌کی دی ئێمه به‌رقمان نه‌بوو. چرای گه‌وره‌مان هه‌بوو. مۆمیشمان دروست ده‌کرد له ....
که‌سی سێیه‌م: خه‌ڵک به چی ده‌ژیان؟ به مافووره چنین؟ به کاری کشتوکاڵ [ Agriculture ] ؟ به چی؟
گودهارت: ئێمه هیچمان سه‌باره‌ت به advertising ( ڕێکلام ) نه‌ده‌زانی.
که‌سی سێیه‌م: advertising نا، agriculture ( کشتوکاڵ). زۆربه‌ی خه‌ڵک چۆن ده‌ژیان؟ ئه‌من ده‌زانم ئه‌توو گوتت هێندێک خه‌ڵک ده‌وڵه‌مه‌ند بوون. باشه ئه‌وان چۆن ده‌وڵه‌مه‌ند ببوون؟ له چ ڕێیه‌که‌وه؟
گودهارت: به دێیه‌کان
که‌سی سێیه‌م: به‌ڵام ده‌بێ به‌رهه‌مێک هه‌بووبێ !
گودهارت: دێیه‌کان گه‌نم ، جۆ و پهمۆییان به‌رهه‌م ده‌هێنا و کشتوکال و ئاژه‌ڵدارییان ده‌کرد. له دێیه‌کان مه‌ڕ به خێو ده‌کران. مه‌ڕ زۆر بوون. ڕۆنی که‌ره و په‌نیر، ماست و ده‌وه له دێیه‌کانه‌وه ده‌هات. ئه‌وان گه‌نمیان ده‌چاند.ئێمه له ئێران چهودهرمان نه‌بوو. و پاییزان دهوهمان له‌گه‌ڵ گه‌ڵای داران و چرپی ده‌سووتاند وه‌ک ئاوردوو بۆ کووره. شیرمان ده‌کڕی، هێلکه‌مان ده‌کرێ، مریشکمان ده‌کڕی و ده‌مانتوانی مریشک بخۆین.
که‌سی سێیه‌م: ئه‌وان مانگاشیان هه‌بوو؟
گودهارت: مه‌ڕ، مه‌ڕ، مه‌ڕ، بزن، بزن ، بزن. گا زۆر زۆر که‌من. گیا که‌مه، هێندێک هه‌بوو، له قه‌راغ چۆمی، و له ئیندرقاش و نه‌غه‌ده مانگا و گایان هه‌بوو، له نه‌غه‌ده، له چیانه مانگایان هه‌بوو. به‌ڵام له‌وێ له شه‌یتان ئاباد که له نزیک سنووری ترکییه بوو، له‌وێ تریاکیان ده‌چاند. له سابڵا‌غ تریاک چاندن نه‌بوو. له شه‌یتان ئاباد (10) له هه‌موو جێیه‌ک تریاک کێشت ده‌دی. جووله‌که‌کان زۆریان ده‌کێشا. ئه‌من وه‌بیرم نایه کوردێک تریاکی کێشابێ [ ده‌نگی به‌رز ده‌کاته‌وه]، با، یه‌کێکیانم ده‌ناسی ده‌ی کێشا، ئه‌و مرد و ژنه‌که‌شی. به‌ڵام ئه‌وه ئابڕووچوونێکی گه‌وره‌یه ئه‌گه‌ر تریاک کێش بووبێ. جووله‌که‌کان ده‌یان کێشا، عه‌جه‌مه‌کان ده‌یان کێشا. ئاوا بوو.
که‌سی سێیه‌م: تریاک له کوێ ڕه‌نێو ده‌هات؟
گودهارت: له هێندێک شوێن له ده‌وری شاخی ده‌یان چاند، له شه‌یتان ئاباد له نزیک سنووری ترکییه. عه‌جه‌مه‌کانیش تریاکیان ده‌چاند. ئێمه تریاکمان نه‌ده‌چاند. له حه‌وشه گوڵه خاشخاشکمان هه‌بوو، گوڵه تریاک و گوڵه‌کانمان لێده‌کرده‌وه و هێندێک له دانهکانیانمان به سه‌ر نانه‌وه ده‌کرد. ئه‌وه هیچ مه‌ترسی پێوه نییه ئه‌گه‌ر دانه‌که‌ی به سه‌ر نانییه‌وه کرێ، وه‌ک ... وایه. سێ چوار حه‌ب تریاکی وه‌رگرت. ئێمه جاروبار ده‌چووینه باغچه جوانه‌کان. له حه‌وشه‌ی مزگه‌وته‌کانیشدا پیواز و کاهوو هه‌بوون. کاتێک له شاخه‌کانه‌وه ده‌هاتنه خوارێ و ئێمه کۆتریشمان هه‌بوو. ئه‌من ده‌چوومه ڕاوه‌کۆتر. سه‌گ ناتوانن کۆتر بخۆن. ئه‌وان ماسی ده‌خۆن، سه‌گه‌کان ئه‌وی ماسی بوو خواردیان.
حه‌سه‌نپوور: کامه بنه‌ماڵه، له نێو بنه‌ماڵه گه‌وره‌کان دا، بنه‌ماڵه‌ی هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌ند بوون؟
گودهارت: جامی. قازی عه‌لی و قازی محه‌مه‌د ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بوون. دوو براکانی قازی عه‌لی (11) ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و ئه‌وان خه‌رجی قازی عه‌لی و قازی محه‌مه‌دیان ده‌دا. سه‌ید جامی فه‌ڕش فرۆش و چه‌ند جووله‌که‌یه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ند بوون. سه‌ید ڕه‌حمان پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، نه‌ک زۆریش ده‌وڵه‌مه‌ند، ئه‌و ته‌جاڕه‌تی تووتنی ده‌کرد.ئه‌و پیاوێکی ڕاست بوو، نه سیغاری ده‌کێشا و نه هیچی ده‌جوو و، چای ده‌خوارده‌وه و له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی ده‌ژیا. ئه‌و پیاوێکی دروست بوو. ئه‌من سێ پیاوی ده‌وڵه‌مه‌ندم ده‌ناسین. هێندێک له قازییه‌کان مڵکیان هه‌بوو. یه‌كێکیان 400 مه‌ڕ و سێ چوار کوڕی هه‌بوو، یه‌کێکیان کچێکی جووله‌که‌ی هێنا (11)، ئه‌وان خه‌ڵکی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون. ئه‌من زۆر جار چوومه ماڵیان، کچه‌کانیان نه‌خۆش بوون، پیاوه‌کان نه‌خۆش بوون، قازی نه‌خۆش بوو. (12) ئه‌وان ماڵێکی جوانی پڕ له مافووره‌یان هه‌بوو. و عه‌لی ئاغاش پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو. ئه‌و چووه ئه‌ڵمانێ. سه‌رده‌شتیش وڵاتی مه‌ڕان بوو، وڵاتی بزنانیش، به‌ڵام خواردن و به‌کارهێنانی شیر و ماستی سه‌رده‌شت زۆر ئه‌سته‌م بوو، چونکوو تامی دار به‌ڕوو و گه‌ڵای به‌ڕوو یان ده‌دا. شاخه‌کانی وێ پڕن له دار به‌ڕوو. له نزیک سنووری ترکییه‌یه.
حه‌سه‌نپوور: پێوه‌ندی نێوان شاری [ سابڵا‌غ ] و دێیه‌کان چۆن بوو؟
گودهارت: پێوه‌ندییه‌کی زۆر باش بوو. شاره‌که به بێ دێیه‌کان نه‌ی ده‌توانی بژی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دێیه‌کان پێویستی یان به شتی وه‌ک نه‌وت هه‌بوو. شت له دییه‌کانه‌وه ده‌هاتن، ماشێنی ڕستن هه‌بوو، کووتاڵ بۆ جلوبه‌رگ و ئاوریشم و، کاتێک کێشه و هه‌را ساز بوو و سنوور داخرا، قاچاغچیان ده‌هاتن و ئه‌وان نه‌یان ده‌توانی له ترکییه، هیندووستانه‌وه ماڵ بهێنین، قاچاغچییه‌کان.... چونکه پۆستی گومرگ داندرابوو. و له ڕووسییه‌ش و ئه‌وان ده‌بوو بۆ شت هێنان و شت بردنه ده‌ره‌وه بارانه بده‌ن، به‌ڵام شاره‌که و دێیه‌کان زۆر زۆر باش بوون، زۆربه‌یان تاجر بوون، ئه‌وانی ده‌وڵه‌مه‌ند کورد بوون و تاجره نه‌داره‌کان و تاجری قه‌ند و شه‌کر وتریاک چێنان زۆربه‌یان جووله‌که بوون، و پیاوه جووله‌که‌کان ئینسانی زۆر زۆر باش بوون. ئه‌من دۆستێکی جووله‌که‌م هه‌بوو و، ئه‌وان ڕۆژانی شه‌مۆ دووکانه‌که‌یان نه‌ده‌کرده‌وه، ئه‌گه‌ر که‌سێک قه‌ندی پێویست بووبا یان چایی یان شتێک ، ئه‌و کلیلی ده‌رگای دووکانه‌که‌ی دابوو به من ، ئه‌من ده‌چووم ده‌مکرده‌وه و شته‌کانم ده‌دا به خه‌ڵکی و دراوه‌که‌یان ده‌دا بهمن و ئه‌منیش دوایه ده‌مدا به میسکی [ده‌بێ نێوی کابرای جووله‌که بێ]. زۆربه‌ی جوله‌که‌کان مێشکیان باش کاری ده‌کرد و ته‌جاڕه‌تیان ده‌کرد به‌ڵام کوشتار قه‌وما و میرزا ڕه‌حمان و کوڕێکی منداڵکاری له خوێنی خۆیاندا گه‌وزان و له‌نێو ده‌روازه دا له خۆێنی خۆیان دا ده‌تلانه‌وه.... هه‌موو شت، کاتێک ئیاسی کونسول کۆۆژرا. ئێرانییه‌کان ئه‌ڕته‌شی ڕووسییه‌یان به هیچ دانه‌ده‌نا و ئه‌ڕته‌شی ڕووسییه‌ش خه‌ڵکی به هیچ دانه‌ده‌نا، ئه‌وان جیاوازی نێوان ئه‌م و ئه‌ویان نه‌ده‌کرد. ئه‌وان نه‌یان ده‌زانی داخودا ئه‌توو ترکی، عه‌جه‌می، یان کوردی یان هه‌رمه‌نی یان سریانی یان جووی، هه‌موویان پێ به موسوڵمان بوو. ئه‌وان چرایان ده‌کووژانده‌وه و ته‌قه‌یان له هه‌موو شت ده‌کرد. ئه‌وه کوشتارێکی زۆر ترسناک و دڵتاوێن بوو کردیان. شه‌ڕێکی گه‌ماری که ژن و منداڵانی تێدا کوژرا. ئه‌وان که‌سیان به هیچ دانه‌ده‌نا.
گودهارت: سه‌عات چه‌نده؟
حه‌سه‌نپوور: نازانم،
که‌سی سێیه‌م: سه‌عات 11 یه.
[ لێره‌دا کاسێتی چاوپێکه‌وتنه‌که ته‌واو ده‌بێ]
هێندێک ڕوون کردنه‌وه
ئه‌و چاوپێکه‌وتنه له 12ی ژوه‌نی ساڵی 1977 دا کراوه. ئه‌و ده‌می یای ئاگوستا گودهارت ته‌مه‌نی 93 ساڵ بووه. ئاشکرایه له هێندێک شوێن تاریخی ڕووداوه‌کان و نێوی که‌سه‌کان تێکه‌ڵ بوون و ئه‌وه‌ش بۆ که‌سێک له‌و ته‌مه‌نه‌دا زۆر ئاساییه. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه هێندێک له قسه‌کانی له‌م ڕوون کردنه‌وه‌یه دا بۆ ئاگاداری زیاتری خوێنه‌ره‌وان
شیکراونه‌ته‌وه.
1. کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات له ساڵی 1910 دامه‌زراوه و له ساڵی 1911 چالاکییه‌کانی له سابڵا‌غ ده‌ستیپێکردووه. ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه له ئۆکتۆبری 1910 ده‌ستی کردووه‌به بڵاو کردنه‌وه‌ی گۆواری مانگانه‌ی The Kurdistan Missionary . یای ئاگوستا گودهارت زیاتر له هه‌موو میسیۆنێره‌کانی دیکه له کوردستان بووه و وه‌ک خۆی له‌و چاوپێکه‌وتنه دا ده‌ڵێ دواجار له ساڵی 1940 واته چوارساڵ له دوای داخرانی پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌یان له سابڵا‌غ، له ئێران ڕۆیشتووه. یه‌که‌مجار له ساڵی 1913 گه‌یشتووه‌ته سابڵاغێ و تا فێڤرییه‌ی 1916 له‌وێ ماوه‌ته‌وه. دوایه ئه‌و، فاسوم و مێتا فۆن دێر شولنبێرگ سه‌ڕه‌رای ویستی خۆیان ناچار بوون سابڵا‌غ به‌جێ بهێلن و گودهارت و فاسوم چوونه‌ته‌وه ئه‌مریکا. له دوای شهر له ساڵی 1921 جارێکی دیکه یای گودهارت هاتووه‌ته‌وه سابڵاغێ به‌ڵام ئه‌وجاره‌ش دوای چوارمانگ و کووژرانی هاوکارێکیان جۆرج باشیمۆن مه‌جبوور بوون پێگه‌که‌یان به جێ بهێڵن. له ساڵی 1924 دیسان چالاکی میسیۆنی کوردستان له سابڵا‌غ و ده‌ور و به‌ری ده‌ستی پێکردووه‌ته‌وه و یای گودهارت ئه‌وجار له گه‌ڵ دوکتور شاڵک کاری کردووه. له سالێ 1926 بۆ پشوو دان چووه‌ته‌وه ئه‌مریکا و له ساڵی 1928 دیسان چووه‌ته‌وه سابڵاغێ. یای گودهارت تا کۆتاییه‌کانی 1935 له سابڵا‌غ بووه و له‌وانه‌یه له نێوان ساڵانی 1928 و 1935 دیسان سه‌ردانی ئه‌مریکای کردبێته‌وه. دوای داخرانی پێگه‌ی میسیۆنی کوردستان له ته‌ورێز و تاران کاری کردووه و له ساڵی 1940 گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌مریکا.
2.ئاشکرایه ناکرێ پێوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆله نێوان فاسوم و قازیی محه‌مه‌د دا هه‌بووبێ، له به‌ر ئه‌وه‌ی کاتێک میسیۆنێره لوتێرییه‌کان له سابڵا‌غ کاره‌کانی خۆیان ده‌ست پێکردووه. قازیی محه‌مه‌د ته‌مه‌نی ده، دوازده ساڵان بووه. ئه‌من پێموایه لێره‌دا ئاگوستا نێوی مسته‌فا قازی (مسته‌فا شه‌وقی) و قازیی محه‌مه‌دی تێکه‌ڵ کردووه و پێوه‌ندییه‌کانی دواتری وه‌پێش خستووه. دوکتور مسته‌فای قازی له نامه‌کانی دا که له کوردستان میشنێری دا چاپ بوون باسی ئه‌وه ده‌کا له کاتی بوونی دا له‌وێ یارمه‌تی فاسومی داوه له مه‌ڕ زمانی کوردی.
3. جێگه‌ی گومانه که قازیی عه‌لی یارمه‌تی کردبێ بۆ وه‌رگێڕان. قازیی محه‌مه‌د له ساڵی 1923 به‌دواوه پێوه‌ندی نزیکی له میسیۆنێره‌کان هه‌بوو. هاننا شوێنهوود باسی ئه‌وه‌ی کردووه که قازیی محه‌مه‌د ئینگلیسی له لای وی خوێندووه و ته‌نانه‌ت به‌ڵێنی پێداوه بۆ ئاماده کردنی قامووسێک یارمه‌تی بدا. له نامه‌یه‌کی جه‌نابی بێورگر دا که له تاریخی 18ی مه‌ی 1927 له سابڵاغه‌وه نووسیوێتی و له ژماره‌ی 7ی ساڵی 19ی کوردستان میشنێری له مانگی ژووییه‌ی 1927 چاپ کراوه ده‌نووسێ: "میرزا قازی وه‌ک مامۆستا دیاریی کراوه، منداڵان، به تایبه‌تی منداڵانی جووله‌که، به ژماره‌یه‌کی زۆر دێنه مه‌دره‌سه." زۆر وێده‌چێ مه‌به‌ست له‌و "میرزا قازی" یه قازی محه‌مه‌د بێ، چونکه یای ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن یش له چاوپێکه‌وتنێک دا که له 20ی ئاوریلی 1948 له گه‌ڵ Waukesha Daily Freeman Newspaper له ئه‌مریکا کردوویه‌تی ده‌ڵێ: "له کوردستان پیاوێک له سێداره درا که مامۆستای زمان بوو."
4. دیاره لێره‌دا مه‌به‌ستی ئاگوستا گود هارت ده‌کرێ قازی فه‌تتاح و قازی له‌تیف بێ.
5. ئالێکساندر ئیاس له فه‌نلاند له دایک ببوو، هۆی ئه‌وه‌ی که گودهارت ده‌ڵێ لیتوانیایی بوو له به‌ر ئه‌وه‌یه که ئالێکساندر ئیاس سه‌ر به هه‌نگی لیتوانیایی The Lithuanian regimentی ئه‌ڕته‌شی ڕووسییه‌ی قه‌یسری بوو.
دیاره لێره دا ئاگوستا تاریخی ڕووداوه‌کانی تێکه‌ڵ کردووه، ئیاس له نێوان ساڵی 1912- 1914 له سابڵا‌غ بووه، و کێشه‌ی سمایل ئاغا له گه‌ڵ هێزی حکوومه‌تی نێوه‌ندی ئێران و هێرشی بۆ سابڵاغێ له ئۆکتۆبری 1921 قه‌وماوه.
6. مه‌به‌ست له‌و کتێبه که ده‌ڵێ فاسوم سه‌باره‌ت به ئیاسی نووسیوه. هه‌ر کتێبی A Practical Kurdish Grammar ["ڕێزمانێکی کرده‌یی زمانی کوردی"]یه که فاسوم پێشکێشی کردووه به بیره‌وه‌ری ئیاس.
7. ئاگوستا نێوی پچووکی ئیاسی به هه‌ڵه وه‌ک "یوهان" باس کردووه.
8. ئاگوستا بۆ خۆی له لیتوانیا له‌دایک ببوو له شوێنێکی نزیک به له‌هیستان که ئه‌و ده‌می هه‌موویان به‌شێک بوون له ئیمپراتۆری ڕووسییه.
9. لێره دا مه‌به‌ستی ئاگوستا گودهارت یه‌که‌م ده‌وره‌ی چالاکییه‌کانیان واته به‌رله شه‌ڕی یه‌که‌می دنیاگره‌وه‌یه.
10. "شه‌یتان ئاباد" به پێی زانیاری به‌ڕێز محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی "گوندێکه له ده‌ورو به‌ری نه‌غه‌ده، که له ته‌قسیماتی ئه‌ستانی دا به‌شی (دیهستانی دۆڵ)ی ورمێ یه که له 21دێ پێک هاتووه. ئاغای ئه‌و دێیه ڕۆژگارێک پیاوێک بووه به نێوی (ئاقا خان) که بێ غایه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ند بووه. حاجی موخبیرولسهلتهنی هیدایه‌ت له کتێبی
( خاطرات و خطرات)ی خۆی دا گه‌لێک باسی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌و پیاوه ده‌کا. له زۆربه‌ی کتێبه‌کانی مه‌ڕبووت به تاریخی ورمێ باسی ئه‌و گونده هه‌یه. ئێستاش ماوه، ترک نشینه و هه‌ر ئه‌و نێوه‌شی له سه‌ره."
( پێوه‌ندیی نامه‌یی له گه‌ڵ نووسه‌ر به‌رواری 31ی مه‌ی 2009)
11. مه‌به‌ست له دووبراکانی قازی عه‌لی، قازی عه‌سکه‌ر و سهیولقوزات ه
12. مه‌به‌ست له کچه جوله‌که، "خانمه چکۆڵه" هاوسه‌ری ساڵاری میرزا فه‌تتاحی و دایکی عه‌بدولره‌حیمی جه‌وانمه‌ردی قازییه.
13. بێگومان مه‌به‌ست له‌و قازییه، قازی فه‌تتاح ه
شه‌رحێکی کورت له سه‌ر وێنه‌کان
ئه‌م وێنه‌یه‌ی مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور ئی ساڵی 1977 ه، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ی که چووه بۆ دیتنی ئاگوستا گودهارت. به پێی قسه‌ی خانمی کاره‌ن تێڕیل، ئه‌و که‌سه‌ی له کاتی چاوپێکه‌وتنی حه‌سه‌نپوور و ئاگوستا گودهارت دا ئاماده بووه یان ده‌بێ خانمێک بووبێ به نێوی کاتلین که دۆستی گودهارت بووه یان خوشکی خانمی تێریل، مارگۆت. له یه‌کێک له وێنه‌کان دا دایکی خانمی تێڕیل خودالێخۆش‌بوو ئێلویرا برازای گودهارت له به‌رده‌رگای ماڵی گودهارت ڕاوه‌ستاوه. وێنه‌که‌ی دیکه نمای پشته‌وه‌ی ماڵی گودهارته، سپاسێکی بێ پایان بۆ به‌ڕێز کاره‌ن بۆ ئه‌و زانیارییانه و ناردنی ئه‌و وێنانه و یه‌ک له دوایین وێنه‌کانی گودهارت.
No comments:
Post a Comment