داخرانی پێگه‌ی " میسیۆنی کوردستان"له سابڵا‌غ
داخرانی پێگه‌ی " میسیۆنی کوردستان"له سابڵا‌غ
حه‌سه‌نی قازی
كۆمه‌ڵه‌ی لووتیری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات ماوه‌یه‌کی درێژ بێده‌نگه‌ی کردووه له داخرانی پێگه‌که‌یان له سابڵاغێ و ڕۆژنامه‌ی لووتێران ئۆریانت می‌شن The Lutheran Orient Mission که له ساڵی 1929یه‌وه له جیاتی کوردستان میشنێری The Kurdistan Missionary بڵاو بووه‌ته‌وه له ژماره‌ی 2ی مانگی مارسی 1938 یانی دووساڵ دواتر خه‌به‌ری داخرانی پێگه‌که‌یانی به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه بڵاو کردووه‌ته‌وه:
"پێگه‌ی میسیۆن له سابڵاغێ داخرا
حکوومه‌تی ئێران داوا له هه‌موو هاووڵاتیانی بێگانه ده‌کا ناوچه‌ی ڕۆژئاوای باکوور به جێ بهێڵین
چوار ساڵ له‌مه‌وپێش حکوومه‌تی ئێران فه‌رمانی دا که پێگه‌ی میسیۆنی پرێسبێتێری له ورمێ، ئێران ( که نێوی پێشوی پێرشیا بوو) دا بخرێ دوای 100 ساڵ کار و خه‌باتی سه‌ختی ئه‌و مه‌سیحیانه له ناوچه‌که دا.
دوو ساڵ له‌مه‌وپێش حکوومه‌تی ئێران داوای له میسیۆنێرییه‌کانی ئێمه کرد که پێگه‌ی سه‌رسنووری خۆیان له ساوجبولاغ، که ئێستا نێوی بووه به مه‌هاباد دابخه‌ن، و نزیکتر ببنه‌وه له ناوچه‌کانی نێوه‌وه‌ی وڵات. به ڕێگه‌ی وه‌زاڕه‌تی کار‌و باری ده‌ڕه‌وه ڕا ئه‌وان ئه‌م دوو خاڵانه‌ی خواره‌وه‌یان بۆ میسیۆنێره‌کانی ئێمه ڕوون کرده‌وه:
1- هیچ جۆره به‌رنامه‌یه‌کی دژی میسیۆنێری له گۆڕێ دانییه.
2- ئه‌وان هیچ تاوانێک ناخه‌نه پاڵ میسیۆنه‌که یان یه‌کێک له میسیۆنێرییه‌کان.
ئه‌و هۆیه‌ی که حکوومه‌تی ئێران بۆ کشانه‌وه و پێویستی ڕۆیشتنی ئێمه باسی کرد بوو بریتی بوو له " جێبه‌جێکردنی هێندێک گیروگرفتی تایبه‌تی که پێویست ده‌کا و به‌جێیه که هیچ هاووڵاتییه‌کی بێگانه له ناوچه‌که‌دا نه‌بێ." هۆیه‌کی دیکه‌ش که باسیان نه‌کردبوو، ڕه‌نگه مۆڵدانی هێزه‌نیزامییه‌کانی ئێران بووبێ له ڕۆژئاوای باکووری ئێران. ئێمه به‌گردبڕی نازانین که هۆی کۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو هێزه نیزامییه له‌و ناوچه‌یه‌دا چییه.
ئه‌ی بارودۆخی ئه‌و که‌سانه‌ی که مه‌سیحین چی؟
ئه‌و که‌سانه‌ی میسیۆنی ئێمه له منداڵییه‌وه به خێوی کردبوون و ئێستا گه‌وره بووبوون و ده‌یانتوانی وه‌ک که‌سانی مه‌سیحی له سه‌ر پێی خۆیان ڕاوه‌ستن. دوو له کچه‌کان ئێستا بوونه ژنی ته‌واو و مێردیان کردووه به هاوسه‌ری مه‌سیحی و ئێستا له به‌شێکی دیکه‌ی ئێران دا ده‌ژین.ئه‌وانه‌ی که کوڕ بوون ئێستا پیاون و ده‌توانن وه‌ک سنعاتکاری مه‌سیحی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن و نانی خۆیان په‌یدا که‌ن. چه‌ند منداڵێک که ئێمه به‌خێومان ده‌کردن و ناتوانن نانی خۆیان په‌یدا که‌ن، دراون به پێگه‌یه‌کی دیکه‌ی مه‌سیحی که ئاگاداری‌یان لێ بکا. ده‌ره‌تانی ئه‌وه نییه که ئه‌وان له ئێرانه‌وه ڕابگوێزرێنه ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
بۆ ئێمه که له نێو ئه‌و خه‌ڵکه دا کارمان کردووه، هاسان نییه ببینین که پێوه‌ندیمان پێیانه‌وه نامێنێ و لێیان هه‌ڵده‌پچڕێین. به خۆشییه‌وه ئێمه قه‌ت حه‌ولی ئه‌وه‌مان نه‌دا له‌وێ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌سیحی پێکه‌وه نێین و دوایه ناچار بین به‌جێیان بهێڵین. ئه‌و خه‌ڵکی خۆجێییه‌ی که مه‌سیحی بوون هه‌میشه ده‌ست له پشتیان ده‌درا و ته‌شویق ده‌کران وه‌ک مه‌سیحی له کۆمه‌ڵگه دا ژیانی ئاسایی خۆیان ڕاپه‌ڕێنن. دیاره ئه‌وه جار جار بۆیان هاسان نه‌بوو. ئێستا ده‌رده‌که‌وێ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێمه‌سیاسه‌تێکی ژیرانه بووه. ئێستا ده‌بێ ئێمه و دۆسته‌کانمان به‌رعوۆده‌یی خۆمان نیشان بده‌ین بۆ پاراستنی خوڵای چونکه ئیدی چ ڕێگه‌ی دیکه‌مان له به‌ر ده‌م دانییه.
ئه‌ی چ به‌سه‌ر ماڵ و مڵکمان دێ؟
ئێمه پارچه مڵکێکی زۆر باشمان هه‌بوو له شوێنێکی زۆر باشی سابڵاغێ دا. له‌و مڵکه دا ئه‌و چاوه‌خانووانه‌مان هه‌بوون که بۆ کاره‌که‌مان پێویست بوون. خانووه‌کان وه‌نه‌بێ هێنده‌ش چاک بوو بن به‌ڵام بۆ پێداویستییه‌کانی میسیۆنی ئێمه له‌بار بوون. ئێمه له‌وێدا نه‌خۆشخانه و ده‌رمانگه‌یه‌کی چکۆڵه، دۆعا خانه‌مان دامه‌زراندبوو و ماڵی میسیۆنێرییه‌کانیشمان هه‌ر له‌و خانوونه‌دا بوون یان ئه‌گه‌ر پێویست بووبا له خانووی دیکه دا ده‌ژیان. ئێمه پێشنیازمان به حکوومه‌تی ئێران کرد ئێستا که ده‌یانه‌وێ پێگه‌که‌مان داخه‌ن ده‌بێ مڵکه‌که‌مان لێ بکڕنه‌وه. وتووێژ بۆ فرۆشتنی مڵکه‌که ده‌ستبه‌جێ ده‌ستی پێ‌کرد و دواجار چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌و به‌ر کۆتایی هات. ئاغای مولێر، میسیۆنێری ئێمه له ئێرانێ، به تێلگراف، پێی ڕاگه‌یاندین " پێک هاتن کرا، وه‌ڕێ ده‌که‌وم". ئه‌و قسه‌یه مانای ئه‌وه‌یه که دواجار مڵکه‌که له لایه‌ن حکوومه‌تی ئێرانه‌وه کڕدراوه و ئاغای مولێر ئاماده‌یه به‌ره‌و شوێنی تازه‌ی چالاکی خۆی وه‌ڕێ که‌وێ.
ئه‌ی ده‌بێ بۆ کوێ بچین ؟
حکوومه‌تی ئێران داوای له ئێمه ئه‌وه بوو بگوێزینه‌وه ناوچه‌ی زیاتر به‌ره‌و نێوخۆی ئێران. ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه بوو:
1) شوێنێکی تازه و له بار ببینینه‌وه
2) ده‌ست به شێوه کارێکی تازه و جوێ له ئه‌وه‌ی کردوومانه بکه‌ین و ده‌ست له‌وه هه‌ڵگرین که تا ئێستا کردوومانه.
دوای لێکدانه‌وه‌یه‌کی ورد و ووشیارانه و به‌ده‌م شوکرانه بژێرییه‌وه ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی کۆمه‌ڵه‌که‌مان برێاری دا
" وا وێده‌چێ چ بانگه‌وازێکی به‌جێ و جێگای باوه‌ڕ له ناوچه‌کانی نێوخۆی ئێرانه‌وه له ئێمه نه‌کرابێ. کۆڕوکۆمه‌ڵی جۆر به‌جۆر و زۆر و زه‌وه‌ند له عێڕاق به ساڵان داوایان له ئێمه کردووه بچینه لایان و له‌وێ پێگه‌یه‌کی میسیۆنه‌که‌مان دامه‌زرێنین. ئه‌و داوایانه ده‌ری ده‌خه‌ن چوونمان بۆ عێڕاقێ به میسیۆنه‌که‌مانه‌وه کارێکی به‌جێ یه." ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه ئێمه ده‌بێ نزیکه‌ی 200-150 میل زیاتر به‌ره‌و ڕۆژئاوا بچین. له‌وێ هه‌ر ئه‌و جۆره چالاکییه‌ی له سابڵا‌غ بوومانه ده‌توانین درێژه پێبده‌ین. ئه‌گه‌ر چی شوێنه‌که له ووڵاتێکی دیکه‌یه، به‌ڵام خه‌ڵکی سابڵا‌غ و ئه‌وێ هه‌ر یه‌ک جۆره خه‌ڵکن. ئێمه له گه‌ڵ ئاغای مولێر وا ڕێک که‌وتووین به وردی لێی بکۆڵێته‌وه به‌ر له‌وه‌ی به گردبڕی بڕیار بده‌ین پێگه‌ی سه‌ره‌کیمان له کوێ دامه‌زرێنین و داوامان لێکردووه ئێمه له ئاکامی لێکۆڵینه‌وه‌کانی خۆی ئاگادار کاته‌وه.
کاره‌که‌مان ده‌بێ به‌رده‌وام بێ
ئێمه هه‌موومان له سه‌ر ئه‌وه ڕێکین که هیچ هۆیه‌ک نییه بۆ ئه‌وه‌ی چالاکی میسیۆنه‌که‌مان ڕابگرین. پاول ده‌ستی له کار هه‌ڵنه‌گرت ئه‌و کاته‌ی بۆ ماوه‌یه‌ک کۆرینتی به ڕوو دا داخرابوو. ئه‌و چووه شوێنێکی دیکه، زۆری ئه‌ملا و ئه‌ولا کرد به‌ڵام، هه‌میشه له سه‌ر ئامانجی خۆی سوور بوو" شانشینی عیسا ده‌بێ دابمه‌زرێندرێ.ئینجیل ده‌بێ به وه‌عز دابدرێ." مێژووی کلیساده‌یسه‌لمێنێ که ئه‌ژدادی ئێمه‌ش هه‌ر وایان کرد.... با قه‌ت له بیرمان نه‌چێ که ئه‌وه کاری خوڵایه..... ده‌سته‌ڵاتی به‌شه‌ری له‌وانه‌یه بۆ ماوه‌یه‌ک پێش به کاری عیسا بگرێ. به‌ڵام، قه‌ت ناتوانن له نێوی به‌رن. ده بڵا شوکرانه‌بژێری خوڵای بین که داوخوازی چۆل کردن و کشانه‌وه‌ی ئێمه له سابڵا‌غ له به‌ر حه‌ولی دژی عیسایی نه‌بوو. گشت ئه‌و وتووێژانه‌ی کردمان دۆستانه بوون.
ئه‌ی دادێ چۆن ده‌بێ؟
لێره له ووڵات زۆر له دۆستانمان ئه‌م پرسیاره‌یان هێناوه‌ته گۆڕێ. ووڵامی ئێمه ئه‌مه‌یه. ئێمه شوێنکمان هه‌یه، جێیه‌کی له‌باره، که له‌وێ ده‌کرێ له سه‌ر چالاکییه‌کانمان به‌رده‌وام بین. کاره‌که‌مان له نێو نه‌چووه. ئێمه هه‌م سه‌رچاوه و هه‌م توانایی درێژه دان به کاره‌که‌مان هه‌یه، بۆیه با دروشمه‌که‌مان ئاوا بێ:" بچووه سه‌ر کار و دڵپه‌شێو مه‌به!" ناوچه‌یه‌کی به‌ربڵاو هه‌یه که ئێمه ده‌کرێ و ده‌بێ کاری تێدا بکه‌ین.....با هیچکه‌س وای دانه‌نێ ئێمه ده‌ستمان به‌رداوه و تێک شکاوین. بۆ پێشه‌وه له سه‌ر نێوی خوڵای!.......
ئێمه بۆچی تائێستا سه‌باره‌ت به داخرانی پێگه‌که‌مان بێده‌نگ بووین؟
ئه‌گه‌ر ئێوه به ووردی بیر بکه‌نه‌وه له‌وه تێده‌گه‌ن که تا ئه‌و کاته‌ی وتووێژ بۆ فرۆشتنی مڵک و خانووبه‌ره‌که‌مان له گۆڕێ دابوو باشترین شێوه ئه‌وه بوو ئێمه زۆر قسه نه‌که‌ین. چونکوو ئه‌وه‌ی ئێمه لێره دا ده‌ینووسین ته‌نانه‌ت له لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی ڕه‌سمی ئێرانیشه‌وه ده‌خوێندرێته‌وه. ئێمه‌ش ئینسانین له‌وانه‌بوو چار جار زمانێکی زبر و توند به‌کار بهێنین و ئه‌وه‌ش کارێکی ژیرانه نه‌ده‌بوو و له‌وانه بوو سه‌ده‌مه‌یه‌کی زۆرمان پێ بگه‌یێنێ. ئێوه ده‌بێ دڵنیا بن که بێده‌نگه لێ ڕاکردنی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری به هیچ شێوه‌یه‌ک به مه‌به‌ستی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و فریو دانی ئێوه نه‌بووه به‌ڵکوو، ئێمه پێڕۆییمان له‌م حوکمه کردووه: " جاری وا هه‌یه مرۆ قسه ده‌کا و جاری واش هه‌یه بێده‌نگ ده‌بێ" ئه‌و دووساڵه‌ی ڕابردوو کاتی بێده‌نگی بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هێندێک جاریش ده‌رداوی و ناخۆش بووبێ. له جه‌نگه‌ی ته‌نگانه دا، کاتێک گیر‌و گرفتی قورس و گران دێنه پێشت ، عه‌قڵ ده‌ڵێ: " له سه‌ره خۆ به" ووشه‌ی توند و تیژ، قسه‌ی زبر هیچ کاتێک هیچ برینێکی ساڕ‌ێژ نه‌کردووه‌ته‌وه. ئێران بڕیاری داوه گێره و کێشه‌کانی خۆی له ڕۆژئاوای باکووری ووڵاته‌که‌ی دا به سه‌ری خۆی چاره‌سه‌ر بکا به بێ یارمه‌تی ئێمه و به بێ بێگانان. حکوومه‌ته‌که‌یان ئه‌و مافه‌ی هه‌یه. ئیستا ئه‌وان سه‌باره‌ت به‌و مڵک و ماڵه‌ی له سابڵاغێ هه‌مان بوو له گه‌ڵمان ڕێک که‌وتوون، ئه‌گه‌رچی کاره‌که‌شیان به شێوه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌ی خۆیان زۆر وه‌دره‌نگی خست، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی ئه‌مریکایی ده‌مان کرد؛ له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرفته‌که دۆستانه یه‌کلا کراوه. ده بڵا نییه‌ت باشی به‌رده‌وام بێ. ئه‌و ڕۆژه دێته‌وه که ئێمه دیسان ده‌توانین ته‌نانه‌ت بگه‌ڕێینه‌وه سابڵاغیش بۆ درێژه دان به ئه‌رکی ناته‌واوی خۆمان.
__ بێورگر "
وه‌ک له نووسینه‌کانی " لووتێران ئۆریانت می‌شن" ڕا ده‌رده‌که‌وێ جه‌نابی کلێره‌نس مولێر که میسیۆنێرییه‌کی دیکه‌ی " کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی لووتێری ڕۆژهه‌ڵات" بووه له ئێران و له به‌سه‌رهاتی " هێنری ئا. مولێر" دا به کورتی باسی لێوه کرا به‌رپرسی وتووێژ له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی ئێران بووه سه‌باره‌ت به مڵک و ماڵه‌که‌یان له سابڵاغێ. " لووتێران ئۆریانت می‌شن" هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌ی خۆی دا که باسی داخرانی پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌یانی له سابڵا‌غ بڵاو کردووه‌ته‌وه نامه‌یه‌کی کلێره‌نس مولێری بڵاو کردووه‌ته‌وه که له تارانه‌وه بۆ جه‌نابی ئالفرێد بێور‌گری نووسیوه:
" تاران، ئێران، 26ی ژانڤییه‌ی 1938
جه‌نابی بێور‌گری خۆشه‌ویست:___
شوکرانه بژێری خۆڵاین که هه‌موو پشتیوانییه‌ک له‌وی ڕا دێ! ئاخره‌که‌ی، به حه‌ول و ته‌وه‌کولی خوڵای، دۆعاکه‌مان قه‌بووڵ بوو، و حه‌وله‌کانمان کۆتایی پێهات و هیوا و چاوه‌ڕوانیمان وه‌دی هات،له دوای ئه‌و هه‌موو چاوه‌ڕوانی و نادڵنیاییه هێشتاش له به‌رم زه‌حمه‌ته باوه‌ر بکه‌م وتووێژه‌کانمان ئاخری شتێکیان لێ شین بووه.
من وا هه‌ست ده‌که‌م ده‌ڵێی دنیایه‌کی تازه‌م به‌ڕوودا کراوه‌ته‌وه و له دڵی خۆمدا به به‌رده‌وامی شوکرانه بژێری خوڵام. به‌ڕاستیش به‌ڵێنه‌کانی گه‌وره‌مان جێی متمانه‌یه.........
پێنجشه‌مۆی ڕابردوو چاوپێکه‌وتنێکیان بۆ ڕێک خستبووم له ده‌فته‌رخانه‌یه‌کی ڕه‌سمی ئاسایی، له‌وێ به‌ڵگه‌ی سه‌وداکه‌م واژۆ کرد. چه‌کی گشت قیمه‌تی مڵکه‌که‌یان داینێ. بۆ چه‌ند ڕۆژان هێشتا دڵنیا نه‌بووین چونکه بانک ئاماده نه‌بوو چه‌که‌که خورد کاته‌وه،له به‌ر ئه‌وه‌ی دراو نه‌خرابووه حیسابه‌که‌وه. پێرێ ئاگاداریان کردم دراوه‌که هاتووه و ده‌توانم وه‌ری بگرم. ئێستا هه‌ر ئه‌وه ماوه دراوه‌که بگۆڕدرێته‌وه و وابزانم ئاغای Payne، ده‌توانێ ئه‌و کاره به ڕێگای کۆمیسیۆنی دراو گۆڕینه‌وه دا جێبه‌جێ بکا. وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێ ئه‌و تاچه‌ند ڕۆژی دیکه بگاته‌وه ئێره.
دوێنێ تیلگرافێکی کورتم به‌م نێوه‌رۆکه‌وه بۆ ئێوه نارد، " جێبه‌جێ بوو، وه‌ڕێ ده‌که‌وم" دراوه‌که دراوه به میسیۆنی ئه‌مریکایی لێره و ئاغای Payne ده‌توانێ بیکا به دۆڵاری ئه‌مریکایی. ئه‌من 2000 ڕیاڵم بۆ مه‌سره‌فی خۆم و میسیۆن لێ هه‌ڵگرتووه.
ئه‌و ڕۆژانه ڤیزای عێڕاقم وه‌رگرت و دیدارێکی زۆر دۆستانه‌م له گه‌ڵ کۆنسوولی عێراق هه‌بوو. ئه‌و ئینگلیسیه‌کی ڕه‌وان ده‌زانێ و زۆر دۆستانه له‌گه‌ڵم جووڵاوه. چ ئامۆژگارییه‌کی نه‌کردم به‌ڵام، کاتێک باسی نه‌خشه و پلانی خۆمانم بۆ کرد گوتی، کار له‌وه چاکتر نابێ. ئه‌من دڵنیا نیم به‌ڵام وا چاوه‌ڕوان ده‌که‌م له ماوه‌ی چه‌ند حه‌وتووی داهاتوو دا لێره بڕۆم. له‌وێ پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌کانمان جێ به جێ ده‌کرێن به‌ڵام پێشنیازم ئه‌وه‌یه کاتێک ئه‌م نامه‌یه‌تان ده‌گاته ده‌ست به پۆست دا چه‌کێک بنێرن. هه‌ر وه‌ها تکایه ژماره پێشووه‌کانی ڕۆژنامه پچووکه‌که‌ی خوشمانم (The Lutheran Orient Mission ) بۆ بنێرن. دواتر ئه‌من دوورودڕیژتر ووڵامی نامه‌کانی ئه‌و دواییانه‌ی ئێوه ده‌ده‌مه‌وه.
له‌و ڕۆژانه دا دوکتور سه‌عید خان سه‌ردانی کردم. ئه‌و ناساز بوو و زۆر پیس سه‌رمای ببوو. ئه‌و گۆڵمه‌زه‌ی به سه‌ری هاتووه له ڕووی به‌ده‌نییه‌وه هێندێک لاوازی کردووه، به‌ڵام، ئیمانی سست نه‌بووه و له سه‌رجێی خۆیه‌تی.( دوکتور سه‌عید خان له‌ودواییانه‌دا که بۆ سه‌ردانێک چووبووه‌وه هه‌مه‌دان له‌وێ زیندانی کرابوو.له‌وێ هێشتا هه‌ستی ده‌مارگرژی له ئاست ئه‌و مه‌سیحییه چاکه که سه‌رده‌مایه‌ک یه‌کێک له ڕێبه‌ڕانی موسوڵمان بووه له گۆرێ دایه.) ئه‌من دڵنیام له دادێیه‌کی نزیک دا دۆعا و پاڕانه‌وه‌کانمان ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش زیاتر قه‌بووڵ ده‌کرین.
له په‌نای خۆشه‌ویستی ڕزگاریده‌رمان دا،
کلێره‌نس مولێر. "
ATLA (American Theological Library Association ) کۆمه‌ڵه‌ی کتێبخانه‌ی تێئۆلۆژی ئه‌مریکایی که ده‌نگو باسی کۆن ده‌پارێزێ له ماڵپه‌ره‌که‌ی دا دوو هه‌واڵی کورتی سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات بڵاو کردووه‌ته‌وه:
"The Kurdistan Missionary" میسیۆنی کلیسای لووتێری بۆ کوردستان. " ئه‌و بڵاو کراوه‌یه مانگانه وه‌کوو زمانحاڵی شووڕای هاوکۆیی ئێڤانگێلی لووتێری کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات بڵاو ده‌کراوه له به‌رژه‌وه‌ندی میسیۆنه لووتێرییه‌کان له کوردستانی ئێران و کوردستانی ترکییه دا.له ساڵی 1910 تا 1928 "
ALTA no.:2005c-S062,2 reels ( 1910-1928)
Lutheran Orient Mission له ساڵی 1929 تا ساڵی 1963 بڵاو کراوه‌ته‌وه
Messenger ( کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات ) له ساڵی 1963 تا ساڵی 1971 بڵاو کراوه‌ته‌وه.
میسیۆنی لووتێری له ئێران و عێڕاق؛ میسیۆن بۆ موسوڵمانان. لوتێران ئۆریانت می‌شن که کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات بڵاوی ده‌کرده‌وه له لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می ژماره‌ی مانگی ژانڤییه‌ی 1929ی خۆیدا ده‌نووسێ:
" ڕۆژنامه‌ی کوردستان میشنێری [له‌م ژماره‌یه‌وه] نێوی خۆی ده‌گۆڕێ، به‌ڵام ئامانج یان سیاسه‌تی خۆی ناگۆڕێ. وا وێده‌چێ دۆستانی ئێمه له ئێران ته‌واو ناسیۆنالیستانه بیر بکه‌نه‌وه. [ ئه‌وان ده‌ڵێن] نێوی کوردستان، بۆ ئاماژه کردن به ناوچه‌یه‌ک یان ئه‌ستانێک، دروست نییه ؛ دووبه‌ره‌کی ده‌نێته‌وه و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌یه، ئه‌وان ئاوا بیر ده‌که‌نه‌وه. له ڕابردوو دا ئێمه له سه‌ر ناردراوه پۆستییه‌کانمان ده‌ماننووسی ساوجبولاغ، کوردستان. ئه‌و وشه‌یه‌ی دواییان هه‌میشه سانسۆر ده‌کرد. نێوی جوگرافیایی، ئه‌و شوێنه‌ی ئێمه به کوردستان‌مان هه‌ڵداوه، _ ئازه‌ربایجانه. له به‌ر ئه‌وه و ، هۆی دیکه‌ی پچووکی دیکه، ئێمه نێوی ڕۆژنامه‌که‌ی خۆمان له کوردستان میشنێرییه‌وه گۆڕیوه و کردوومانه به لووتێران ئۆریانت می‌شن. ئه‌وه‌ی دوایی هه‌میشه نێوی کۆمه‌ڵه‌که‌ی ئێمه بووه."
ATLA no.:2005C- S063 through 2005C- S064, 2 reels (1929- 1971). "
No comments:
Post a Comment