مه‌نگوڕایه‌تی ====Mengurayeti ====
مه‌نگوڕایه‌تی*
نووسینی: ل.ئۆ .فاسوم
به‌خۆشییه‌وه له‌و دواییانه‌دا به‌شێکی زۆر له‌و ژمارانه‌ی " کوردستان میشنێری" و " لووتێران ئۆریانت می‌شن" که له به‌ر دست دا نه‌بوون که‌وتنه به‌رده‌ستم و ئه‌وه‌ش کاری وه‌رگێڕان و لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر کرد. له‌م بابه‌ته‌ی خواره‌وه دا نه‌خشه‌یه‌کی کوردستان که نه‌مر ل.ئۆ. فاسوم کێشاویه‌ته‌وه له گه‌ڵ نووسینێکی کورتی وی سه‌باره‌ت به ناوچه‌ی سندووس و مه‌نگوڕایه‌تی بڵاو ده‌که‌ینه‌وه. سه‌رنووسی بابه‌ته‌که من دامناوه و شه‌رحی نه‌خشه‌که‌ش ئی ئیدیتۆری " کوردستان میشنێری" یه ( حه‌سه‌نی قازی)
کوردستان میشنێری، ده‌وره‌ی 3، ژماره‌ی 7، مای 1913
ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی کوردستان، که له‌م ژماره‌یه دا ده‌یبینن، له ڕووی نه‌خشه‌یه‌کی گه‌وره‌وه چکۆڵه کراوه‌ته‌وه که برامان فاسووم کیشاویهتهوه. ئه‌و نه‌خشه‌یه له ژماره‌ی مانگی مارسی 1911ی دا بڵاوکراوه به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وده‌مییه‌وه خوێنه‌ره‌وه‌ی تازه‌مان زۆر بووه، وامان به باش زانی جارێکی دیکه‌ش له‌م ژماره‌یه دا بڵاوی بکه‌ینه‌وه.
له نێوه‌ڕاستی نه‌خشه که دا نه‌ینه‌وای که‌ونارا ده‌بینن که له سه‌ر چۆمی ده‌جله هه‌ڵکه‌وتووه، و له لای هه‌ره سه‌ره‌وه‌ی باکوور چیای ئاگری وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێ که له مێژوو دا له‌به‌ر تۆفانی نووح به‌نێوبانگه. هه‌ر به‌لای ڕۆژهه‌ڵاتی نه‌ینه‌واوه و 30 تا 40 میل له باشووری ده‌ریاچه‌ی ورمێ، سابڵا‌غ هه‌ڵکه‌وتووه.
زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری کوردستان، ئی ترکییه‌یه، ته‌نێ ئه‌و لێواره‌یه‌ی لای ڕۆژهه‌ڵات که به نوخته چینی زۆر ده‌ستنیشان کراوه و له چیای ئاگرییه‌وه به‌ره‌و باشوور- ڕۆژهه‌ڵات درێژ ده‌بێته‌وه له ئێران هه‌ڵکه‌وتووه.
له کارپوت ( هارپووت، خارپووت)، دیار به‌کر، مووش و وان کۆمه‌ڵه‌ی Hilfsbund ی ئه‌ڵمانی پێگه‌ی هه‌یه و له‌و شوێنانه کار‌و چالاکییه‌کی به‌ربڵاو ده‌کا بۆ ئاگاداری و حاواندنه‌وه‌ی نزیکه‌ی 2000 منداڵی بێ دایوبابی هه‌رمه‌نی. شاری ورمێ که بڕێک که‌وتووه‌ته ڕۆژئاوای ده‌ریاچه‌یه‌ک هه‌ر به‌و نێوه،نێوه‌ندی کاری کۆمه‌ڵه‌ی پرێسبیتێرییهکانه له ئێران. له که‌لا خوێ، که که‌وتووه‌ته باکووری ده‌ریاچه‌ی ورمێ کۆمه‌ڵه‌ی عیسایی ڕۆژهه‌ڵاتی بێرلین ( دوکتور لێپسیوس ) پێگه‌یه‌کی هه‌یه.
ڕه‌نگه به‌و زووانه برامان فاسوم بتوانێ نه‌خشه‌یه‌کی به‌ورده ڕیشاڵتری سابڵا‌غ و ده‌وروبه‌ریمان بۆ بنێرێ، به تایبه‌تی ئه‌و ناوچانه‌ی وا له‌م ژماره‌یه دا له سه‌ری نووسیون.
شوێنه گرینگه‌کانی ناوچه‌ی چالاکی ئێمه
نووسینی: ل. ئۆ. فاسوم
ئه‌گه‌رچی یه‌که‌م ئه‌رکی ئێمه ئه‌وه‌یه پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌مان له شاری سابڵاغێ به پته‌وی دامه‌زرێنین و پێداویستییه هه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی دابین بکه‌ین، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، نه‌خشه‌مان ئه‌وه‌یه و ده‌بێ په‌ره به چالاکییه‌کانمان له ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ریشدا بده‌ین که ده‌که‌ونه ئاڵقه‌ی کاروباره‌کانی پێگه‌ی ئێمه.
چه‌ندین شوێنی گرینگ هه‌ن ئه‌من پێم خۆشه ئاماژه‌یان پێ بکه‌م.
ده‌شتی سندووسی ناوچه‌ی ئێمه‌یه به لای باکووردا، که له‌وێ سنووری ئێمه له پرێسبیتێرییه ئه‌مریکاییه‌کانی ورمێ ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌و شوێنه‌ی چۆمی گاده‌ر، ده‌شتی سندووس داده‌بڕێ ده‌بێ به هێڵی نێوان ئه‌و دوو میسیۆنانه دابندرێ، یان وه‌کوو دی گشت ئه‌و دێیانه‌ی که زۆربه‌ی دانیشتوانیان کوردن ده‌بێ به ئی ئێمه وه‌حیساب بێن و گشت دێیه تورکمان نشینه‌کان ده‌بێ به ئی پێگه‌ی ورمێ دابندرێن. به‌ڵام جارێ ئه‌وه جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی نییه ،چونکه نه ئێمه و نه ئه‌وان هێشتا خۆمان نه‌گه‌یاندووه‌ته نه دێیهکوردنشینهکان و نه تورکمان نشینه‌کان.
له‌و ده‌شتی سندووسه دا 58 دێی کورد نشین هه‌ن، که مرۆ ده‌توانێ له نێوه‌ندێکی له‌باره‌وه به که‌متر له سێ سه‌عات به سواری بگاته هه‌موویان و له سابڵاغه‌وه مرۆ ده‌توانێ به 5 سه‌عات سواری بگاته ناوچه‌که. ئێمه ده‌بێ هه‌تا زووه خۆمان بگه‌یێنینه ئه‌و ناوچه‌یه. ده بڵا خوڵای حاسڵات هه‌رچی زووه کرێکاره‌کانی بگه‌یێنێته ئه‌وێ. داخودا ئێوه ده‌پاڕێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م ده‌رفه‌تی ماڵی و هه‌م کرێکار په‌یدا بن و شان بده‌نه به‌ر ئه‌و کاره؟ به‌ڕاستیش ئێمه له دڵه‌وه دۆعا ده‌که‌ین و نه‌خشه‌ی دڵپاکانهمان هه‌یه بۆ ناردنی کرێکار بۆ ئه‌و ناوچه‌یه هه‌ر که هاتوو پێگه‌ی سه‌ره‌کیمان لێره له سابڵاغێ به چاکی خۆی دامه‌زراند و ده‌ستمان ئاواڵه بوو که شان بده‌ینه به‌ر ئه‌و کاره.
ئه‌من له گه‌ڵ ئه‌م نووسینه دا وێنه‌یه‌کی سه‌رۆک عه‌شیره‌ته کورده‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌تان ، که له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له عه‌سکه‌ری ترک ده‌بیندرێن پێشکێش ده‌که‌م، داخودا ئێوه یارمه‌تی به میسیۆنه‌که‌ی ئێمه ده‌که‌ن بۆ کارکردن له نێو کورده‌کاندا؟
_
__
ناوچه‌ی مه‌نگوڕان
ئه‌و ناوچه‌یه‌ی که ئه‌و عه‌شیره‌ته هه‌ره ترسێنه‌ره‌ی نێو هه‌موو کورده‌کانی کوردستانی ئێرانی تێدا ده‌ژی له باشوور و ڕۆژئاوای سابڵا‌غ هه‌ڵکه‌وتووه. ناوچه‌که‌یان نزیکه‌ی 5 میل له شاری به‌ولاوه ده‌ستپێده‌کا و تا نزیکه‌ی سه‌رده‌شت درێژ ده‌بێته‌وه و بریتییه له نزیکه‌ی 100 گوند.
له نێو ئه‌و عه‌شیره‌ته مه‌نگوڕه وه‌حشی و ئاشقه شه‌ڕه دا ئه‌من کوردی هه‌ره دم به‌پێکه‌نین و قسه خۆشم دیوه‌ته‌وه که له هیچ کوێی دیکه نه‌مدیوه و وای بۆ ده‌چم ئه‌وان زۆر دۆستانه له گه‌ڵ میسیۆنێرییه‌کانی بێگانه‌دا ببزوونه‌وه. زۆر جار وه‌ک کوردی چاو شین باسیان لێوه ده‌کرێ. له ماوه‌ی ساڵه‌کانی دوایی هێرشی ڕووسه‌کان بۆ سه‌ر خاکی ئێران ئه‌وان ڕووحییه‌ی باش و قسه‌ی خۆشی خۆیان پاراست و سه‌رنجی خه‌ڵکی دیکه‌یان به‌ره‌و لای خۆیان ڕاکێشا به وه‌ی ڕا که ئیدیعا بکه‌ن خزمی ڕووسه چاوشینهکانن.هێندێکان ده‌ڵێن ئه‌وان له زه‌مانی قه‌دیم له قه‌وقاسه‌وه کۆچیان کردووه بۆ ئێره‌کانه و بوونه کورد. هه‌رچییه‌کی بێ، ئه‌وان ئێستا به ته‌واوی کوردن وه‌ک هه‌موو کوردێکی دیکه.
ئه‌من له‌م ژماره‌یه‌ی " کوردستان میشنێری" دا وێنه‌یه‌کی " باب مه‌زن و سه‌رۆکی هه‌موو مهنگوڕهکانتان" که دوو کوڕه‌که‌ی له ده‌وری ڕاوه‌ستاون پێشکێش ده‌که‌م. ئه‌و به دوو نێو یان نێوبانگی جیاواز مه‌شهووره: باییز ئاغا و، باییز پاشا. نێوه‌که‌ی پێشوو نێوی ڕاسته‌قینه‌یه‌تی؛ و ئه‌وه‌ی دووهه‌م نێوبانگێکه که چه‌ند ساڵ لهمهوپێش ترکه‌کان داویانه‌تێ، کاتێک ئه‌وان هێرشیان کرده سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان و هه‌موو جۆره ده‌ک و دۆڵاب و له‌قه‌بی نێوبهتاڵیان به‌کار هێنا بۆ ئه‌وه‌ی نییه‌تی باشی سه‌رۆک عه‌شیره‌ته کورده‌کان بقۆزنه‌وه و ئه‌وان به‌ره‌ولای خۆیان ڕاکێشن و دڵیان وه‌ده‌ست بهێنن.
باییزپاشا برازای سه‌رۆک عه‌شیره‌تی گه‌وره‌ی کورد قادر ئاغا یه، که میسیۆنه‌که‌ی ئێمه ساڵی ڕابردوو له خانووبه‌ره کۆنه‌که‌ی وی‌دا دامه‌زرا. له‌م وێنه‌یه دا باییزپاشا و کوڕه‌کانی له جلوبه‌رگی نموونه‌یی کوردی دا ده‌بیندرێن، هه‌ر کامێکیان تفه‌نگێکی مارتینی به ده‌سته‌وه‌یه و چه‌ندین ریزه فیشه‌کدانی له خۆی شه‌ته‌ک داوه که پڕن له فیشه‌ک و خه‌نجه‌رێکی خۆماڵیشی له به‌ر پشتێندی چه‌قاندووه.
ئه‌م سه‌رۆکه نۆێنه‌رێکی به‌نرخی گه‌وره‌ترین بنه‌ماڵه‌کورده‌کانی هه‌موو ئێرانه. ئه‌و ئێستا ته‌مه‌نی له نێوان 44- 42 ساڵان دایه. له حاڵی حازر دا سه‌رۆکی هه‌ره به توانا و هه‌ره به ده‌سته‌ڵاتی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستانه. به‌ڵام، وه‌ک ده‌گوترێ له گه‌ڵ هه‌موو بێگانان زۆر به گه‌رمی ده‌جووڵێته‌وه.
ئێمه ده‌بێ له‌و ناوچه‌ی مه‌نگوڕانه دامهزرێین، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی هه‌میشه‌یش له‌وێ پێگه‌یه‌ک ساز نه‌که‌ین، ده‌بێ که‌سێکمان هات و چووی ئه‌وێ بکا.ئه‌و ناوچه‌یه بریتی یه له 100 گوند یان زیاتر، و به شێوه‌یه‌کی ئاوا هه‌ڵکه‌وتووه که له سابڵا‌غ یان سه‌رده‌شته‌وه مرۆ ده‌توانێ به ده سه‌عات بگاته نێوه‌نده‌که‌ی و بێ ئه‌ملاو ئه‌لا شوێنێکی هه‌ره له‌بار و به جێ یه بۆ هه‌ستی میسیۆنێری ئێمه.
باشه ئێمه ناکرێ له‌م ناوچه‌ی مه‌نگوڕایه‌تییه دا کار بکه‌ین؟ ناوچه‌ی هه‌ره نزیکه له ئێمه. ئێمه هیوادارین و ده‌پاڕێینه‌وه پێگه‌ی سه‌ره‌کی ئێمه لێره له سابڵاغێ به زوویی بتوانێ کرێکارێکی لێهاتوو و ئازا بنێرێته ئه‌و ناوچه‌یه.داخودا خوێنه‌ره‌وه‌ی خۆشه‌ویست ئێوه یارمه‌تیمان ناده‌ن بۆ په‌ره‌پێده‌نی کاره‌کانمان له‌و ناوچه‌یه و ناوچه‌کانی دیکه دا؟ ئه‌ی خوڵای گه‌وره! ئه‌توو به‌ڵێنێت پێداوین هه‌رچییه‌کی به نێوی توو داوای بکه‌ین بۆن پێک ده‌هێنی: ئێمه له به‌رت ده‌پاڕێینه‌وه ژماره‌یه‌کی هه‌ره زێده‌تر له دۆستان ووشیار بکه‌یه‌وه که بپاڕێنه‌وه و کار بکه‌ن بۆ ڕزگاری کورده‌کان.
____
شوێنی دیکه
ئه‌من باسی دوو ناوچانم کرد، سندووس و مه‌نگوڕایه‌تی، که ئێمه ده‌بێ تێیاندا به زوویی ده‌ست به کار بکه‌ین. چونکه ئه‌و دووشوینانه له هه‌موو جیێهکی دیکه زیاتر له پێگه‌ی سه‌ره‌کیمان نزیکن. به‌ڵام سێ شوێن، یان ناوچه‌ی دیکه‌ش هه‌ن که ده‌که‌ونه نێو سنووری چالاکییه‌کانی پێگه‌ی ئێمه، که ئه‌وانیش هه‌ر وه‌ک ئه‌و جێیانه گرینگن. ئه‌و شوێنانه‌ش بریتین له سه‌رده‌شت که لێره‌وه سێ ڕۆژه ڕێیه و که‌وتووه‌ته ڕۆژئاوای باشووری ئێره؛ و جێگاکه‌ی دیکه‌ش بانه یه که به‌لای باشووره‌وه هه‌رئه‌وه‌نده دووره؛ و سه‌قزیش که که‌وتووه‌ته شانی ڕۆژهه‌ڵاتی باشوور لێره‌وه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان لێ دووره. به دامه‌زران له‌و سێ شوێنه گرینگانه ئێمه زۆر به جوانی ده‌توانین هه‌رێمه‌که‌مان به سه‌ر شه‌ش یان حه‌وت ناوچه‌ی گه‌وره دا دابه‌ش بکه‌ین. ئێمه هیوادارین و ده‌پاڕێینه‌وه که ئه‌و ڕۆژه زۆر دوور نه‌بێ ئێمه بتوانین موژده‌به‌ری ئه‌وین و ڕزگاریده‌ری عیسای مه‌سیح بنێرینه گشت ئه‌و ناوچانه. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه سه‌ربگرێ پاڕانه‌وه و کاری زیاتر پێویسته، داخودا ئێوه له گه‌ڵمان ناکه‌ون بۆ پاڕانه‌وه و کار کردن له پێناو ئه‌و دۆزه دا؟
دڵسۆزتان،
ل.ئۆ. فاسوم
No comments:
Post a Comment