زمان و مرۆڤایه‌تی نووسینی: پرۆفێسۆر پیتر ترادگیل
زمان و مرۆڤایه‌تی
نووسینی: پرۆفێسۆر پیتر ترادگیل
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
زمان‌ناسی بریتانیایی گرێڤ کۆربێت، له کتێبه‌که‌ی دا له‌مه‌ڕ جینسی زمانی، باسی پێوه‌ندییه‌کی تا راده‌یه‌ک چاوڕاکێش ده‌کا له نێوان جینسی ڕێزمانی و جینسی ئینسانی له زمانی له‌هیستانی دا. له زمانی له‌هیستانی دا، جیاوازییه‌کی ڕێزمانی هه‌یه له دۆخی کۆ دا له سه‌رێکه‌وه له نێوان ئینسانی نێر، و له سه‌رێکی دیکه‌وه، ئینسانی مێ، ئاژه‌ڵ و شتان دا. ئه‌و ده‌ڵێ: ' ئه‌وه وێده‌چێ دابه‌شبوونێکی به تایبه‌تی جینسییه‌تی بێ'، و له ڕاستیشدا وایه. به‌ڵام، هه‌ر وه‌ک ئه‌ویش ئاماژه‌ی پێده‌کا، زمانی ڕووسی که خزمی زمانی له‌هیستانییه، ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی نییه و بۆیه دژواره هه‌ست به 'جیاوازییه‌کی ئاشکرا به پله‌ی نیسبی ژنان و پیاوانی له‌هیستانی و ڕووسی' بکرێ. له به‌ندی 4 ی ئه‌و کتێبه دا ئێمه باسی ژماره‌یه‌ک بابه‌تمان کرد که پێوه‌ندی به زمان، جینس و جینسی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌بوو.مه‌سه‌له‌یه‌کی چاوڕاکێشی که ئێمه له‌وێدا باسمان لێوه نه‌کرد ئه‌وه یه: تاچ ڕاده‌یه‌ک ده‌توانێ پێوه‌ندی له نێوان بناخه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌وری کۆمه‌ڵایه‌تی، و جیاکردنه‌وه‌ی جینسییه‌تی له زمان دا هه‌بێ؟ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئیمه نه‌ش توانین به دڵنیاییه‌وه سه‌باره‌ت به ته‌بیعه‌تی کۆمه‌ڵه‌یه‌ک له سه‌ر بنه‌مای بناخه ڕێزمانییه‌کانی زمانه‌که‌ی ئیدیعایه‌ک بکه‌ین، به‌ڵام بڵێی بکرێ سه‌باره‌ت به خه‌سڵه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵناسانه‌ی زمان بزانین ؟ نموونه‌کانی زمانی ئینگلیسی وه‌بیر بهێننه‌وه که له به‌ندی 4 دا ئاماژه‌مان پێکردن هه‌موویان بریتی بوون له په‌سند بوون له لای ژنان بۆ ئه‌وه‌ی زۆر فۆرمی ' دروستتر' له پیاوان به کار بهێنن. نموونه‌کانی جیاوازی تایبه‌تی له سه‌ر بنه‌مای جینسی شێوه‌زاری نێر و مێ هه‌موو ده‌گه‌ڕاوه سه‌ر کۆکردنه‌وه‌ی خۆراک له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که له ڕووی تێکنۆلۆژییه‌وه پێش نه‌که‌وتبوو یان کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کۆچه‌ر که تێیاندا ده‌وری جینسه‌کان زۆر به ئاشکراتر دیاری ده‌کرا. جا بۆیه داخودا ده‌کرێ هه‌تا جیاوازی ده‌وری کۆمه‌ڵایه‌تی ژنان و پیاوان له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تایبه‌تی دا گه‌وره‌تر و زیاتر نه‌گۆڕتر بێ، هه‌ر ئاواش جیاوازییه زمانییه‌کان گه‌وره‌تر و زیاتر پته‌و بن؟
ئه‌وه‌ی خواره‌وه ته‌واو له جێی خۆی دایه. ئێمه له به‌ندی 4 دا ئاماژه‌مان پێ‌کرد کۆمه‌ڵ ده‌وری جیاواز بۆ پیاوان و ژنان داده‌نێ، به‌ڵام هه‌ر ئاواش ڕاسته که ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ دایده‌نێ ده‌توانێ بگۆڕدرێ و ده‌ش گۆڕدرێ – و ئه‌و ده‌می ده‌گۆڕدرێ ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌کی کافی له ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ هه‌ست بکه‌ن به‌جێیه و په‌سنده که گۆڕانێکی ئه‌وتۆ ڕووبدا. بۆ نموونه، له زۆربه‌ی کۆمه‌ڵه ڕۆژئاواییه‌کاندا، زۆر له خه‌ڵک تا ئه‌و جێگه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ده‌وری جینسان له مه‌ڕ ئه‌وه‌ی که چ له‌باره و چ له بار نییه بۆچوونی خۆیان گۆڕیوه یان خه‌ریکن ده‌یگۆڕن. و ئه‌و ده‌ستپێکردنانه‌ی دوورکه‌وتنه‌وه له قالبی داڕێژراوی ده‌وری جینس ڕه‌نگه ئه‌و ڕاستییه شی بکاته‌وه که جیاوازی زمانی له نێوان ژنان و پیاوانی جه‌وانتر-- دۆزینه‌وه‌یه‌کی زۆر چاوڕاکێش له کۆمه‌ڵناسیزمان دا _ له‌ڕووی ئامارییه‌وه که‌متره له ئی ئاخێوه‌رانی به‌ساڵداچووتر دا.
زۆربه‌ی ئه‌و که‌مبوونه‌وه‌یه‌ی جیاوازی جینسی زمانی وا وێده‌چێ وه‌کوو به‌رته‌کدانه‌وه‌یه‌کی به‌خۆ پێنه‌زانی گۆڕانه کۆمه‌ڵایه‌تی و بۆچوونه‌کان بێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدابزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئاشکرا له پێناو که‌مکردنه‌وه‌ی فه‌رق و جیاوازی دانانی جینسی و ده‌وری قالب داڕێژراوی ده‌وری جینس گه‌یوه‌ته هێندێک له حه‌ولی ئاگادارانه بۆ کارکردن له سه‌ر زمانان و گۆرێنی زمانی و ئاکاری زمانی. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و حه‌وله ووشیارانه‌یانه زۆر جار جه‌ختیان نه‌کردووه له سه‌ر جیاوازی ڕاسته‌قینه‌ی نێوان قسه‌کردنی پیاوان و ژنان. له ڕاستیدا زۆربه‌ی سه‌رنج له‌سه‌ر بناخه و ڤۆکابولاری زمانه‌کان خۆیان چه‌قی به‌ستووه. تا ئه‌و جێگای ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر زمانی ئینگلیسی، بۆ نموونه، سرنج دراوه‌ته سه‌ر ووشه‌ی وه‌ک chairman. ئه‌ویش له به‌ر ئه‌وه‌یه که ووشه‌ی له‌م چه‌شنه وێده‌چن فه‌رق و جیاواز دانه‌ربن، له کاتێدا له ڕاستیدا ده‌کرێ خه‌ڵکی سه‌ر به هه‌ر دووک جینسه‌کان بگرنه‌وه، به‌ڵام به ڕواڵه‌ت نێرانه‌ن له به‌ر ئه‌وه‌ی تۆوی -man (پیاو) یان تێدایه. له ڕابردوو دا، ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ده‌وری chairman (سه‌رۆک) یان به ئه‌ستۆوه ده‌گرت به گردبڕی نێر بوون، و ووشه‌که به ئاشکرایی له بناواندا ووشه‌یه‌کی لێکدراو بوو له chair و man . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆر له ئاخێوه‌رانی زمانی ئینگلیسی، ئیدی ئه‌و ووشه‌یه وه‌کوو ووشه‌یه‌کی لێکدراو وه‌رناگرن و چبڕ ئیدی هه‌ست به‌وه ناکه‌ن که ئه‌وه له دوو کوتی – chair وman - پێک هاتووه و هه‌ر وه‌ک چۆن بیر له پێکهاته‌ی لێکدراوی cupboard واته cup و board ناکه‌نه‌وه. ( و هه‌ڵبه‌ت بڕگه‌ی دوایی chairman وه‌ک m’n ته‌له‌فوز ده‌کرێ ، وه‌ک له بڕگه‌ی دوایی ووشه‌ی woman دا.) له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆر له ئاخێوه‌رانی دیکه وه‌ک ووشه‌یه‌کی لێکدراوی وه‌رده‌گرن، و هێندێکیان سه‌رنجی خه‌ڵکی دیکه‌یان بۆ ئه‌وه ڕاکێشاوه که هه‌ر نه‌بێ وووشه‌که به لای نێر دا داده‌کشێته‌وه.ئه‌وه له‌و ساڵانه‌ی دواییدا گه‌یوه‌ته ووشیارییه‌کی به‌رز سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته و به‌کارهێنانی زیاتری زاراوه‌ی که فه‌رق و جیاوازی دانانێن وه‌ک chair یان chairperson یان/ و ، بۆ ژنان chairwoman .
له زمانی ئینگلیسی دا، وه‌ک زۆر له زمانانی دیکه، ڕیگه‌ی نه‌ریتی و ڕه‌سمی کردنه جێناوی ناوان وه‌کوو person
(که‌س) که تێیدا جینس دیار نییه به به‌کارهێنانی جێناوی he ( ئه‌وی نێر) دیاری کراوه نه‌ک به she( ئه‌وی مێ).
له‌وانه‌یه ڕسته‌ی the first person to finish his dinner ( یه‌که‌م که‌سی که نانخواردنی خۆی ته‌واو کرد) مه‌به‌ست له خه‌ڵکی سه‌ر به هه‌ر دووک جینسه‌کان بێ، به‌ڵام ڕسته‌ی the first person to finish her dinner
ته‌نێ ده‌کرێ ئاماژه‌بێ به که‌سی مێ. ئه‌و ڕاستییه‌ی که ده‌کرێ he به‌و شێوه‌یه به کار بهێندرێ و ناکرێ she به‌و شێوه‌یه به‌کار بهێندرێ ڕه‌نگه له ڕووی نه‌ریتییه‌وه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بناخه‌ی ده‌سته‌ڵاتی نێر بێ له کۆمه‌ڵی ئێمه دا. له‌و ساڵانه‌ی دواییدا، ئاخێوه‌ران و نووسه‌ران تێکۆشاون خۆیان له‌و نایه‌کسانییه بپارێزن به ڕێگه‌ی به‌کار هێنانی she له‌و شێوه ژێنێتیکه دا، یان به به‌کارهێنانی فۆرمی s/he – هه‌ڵبه‌ت دیاره ئه‌وه هه‌ر له نووسیندا ده‌ست ده‌دا.
(ئاخێوه‌رانی زمانی فه‌نلاندی و مه‌جارستانی به خۆشییه‌وه ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن ئه‌وه گرفتێکه که له زمانه‌کانی ئه‌واندا نایه‌ته گۆڕێ – بڕوانه به‌ندی 3ی ئه‌م کتێبه!). ئه‌گه‌رچی، زمانی ئینگلیسی، هه‌میشه زۆر بۆی هاسانتر و زۆر مه‌عقوولانه‌تر بووه که خۆی له‌و گرفته ڕزگار کا به به‌کارهێنانی theyوه‌ک تاک: the first person to finish . their dinner. ( یه‌که‌م که‌سی که خواردنی خۆیان ته‌واو کرد).
زمانی ئینگلیسی هه‌ر وه‌ها ژماره‌یه‌ک ووشه‌ی جووتۆکه‌ی هه‌ن بۆ نێران و مێیان، که له‌یه‌که‌م تێڕوانین دا، وه‌کوو یه‌ک وه‌به‌رچاو دێن.
Gentleman – lady
Man- woman
Boy- girl
زاراوه‌ی له‌و چه‌شنه بوون به بابه‌تی هێندێک قسه له سه‌ر کردن و لێدوان، و وه‌ک لێخوردبوونه‌وه‌یه‌کی زیاتر ده‌ری ده‌خا، له به‌کارهێنانی ڕاسته‌قینه دا به‌هیچ جۆر یه‌کسان نین. له‌وه‌ش زیاتر، زۆر له‌وانه‌یه شێوه‌ی جیاوازی به‌کارهێنانیان بۆچوونی جیاواز له کۆمه‌لی ئێمه دا سه‌باره‌ت به ژنان و پێاوان یان ده‌وری جینسان به گشتی ده‌رببڕێ و دابگرێته‌وه. بۆ نموونه، مانا سه‌رداگیراوه‌کانی ووشه‌ی lady ( خانم، یای ) تا راده‌یه‌ک جیاوازن له مانا سه‌رداگیراوه‌کانی gentleman ، و تائه‌و جێگای که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر چلۆنایه‌تی به‌کارهێنان،lady له زۆر ڕووه‌وه له ڕاستیدا وه‌ک manوایه. زۆر له ئاخێوه‌رانی زمانی ئینگلیسی فێری منداڵه‌کانیان ده‌که‌ن ئه‌وه بێ ئه‌ده‌بانه‌یه ئه‌گه‌ر که‌سێک وه‌ک woman بانگ بکه‌ن ( به‌ڵام له سه‌ر man ئه‌وه‌یان فێر ناکه‌ن). له‌بریتانیا ده‌کرێ وه‌ک sales ladies ئاماژه به فرۆشیاری ژنی دووکانه‌کان بکرێ ( به‌ڵام نه‌ک sales gentlemen ). له تابڵۆی نێو دووکانه‌کاندا ده‌کرێ تابڵۆی ladies’ wear ( پۆشاکی زنانه) به ته‌نیشت men’s wear ( پۆشاکی پیاوانه) وه‌ببیندرێ و زۆر نموونه‌ی دیکه.
ڕابین لاکۆف له‌وباره‌یه‌وه گوتوویه ئه‌وه له به‌ر ئه‌وه‌یه ووشه‌ی lady ته‌عبیرێکی جوانه له ووشه‌ی woman . لێره‌دا ته‌عبیرێکی جوان بووه به شتێکی پێویست له به‌ر مانای سه‌رداگیراوی woman که ده‌کرێ به‌لای هێندێک خه‌ڵکه‌وه ناخۆش بێ. ئه‌وه‌ش دیاره له به‌ر پله‌ی خواره‌وه‌تری ژن بووه که به شێوه‌یه‌کی نموونه‌یی له کۆمه‌ڵی ئێمه دا بوویه‌تی، هه‌ر وه‌ها له به‌ر مانای سه‌رداگیراوی جینسیی ووشه‌ی woman که له کۆمه‌ڵێکی ژێر ده‌سته‌ڵاتی نێر دا هه‌یه‌تی. ( مانای سه‌رداگیراوی جینسی جوانتر ده‌رده‌که‌وێ ئه‌گه‌ر مرۆ ئه‌م دوو ڕستانه به یه‌که‌وه به‌راوه‌رد بکا:
She’s only thirteen, but she’s already a woman و she’s only thirteen, but she’s already a lady. )
( ئه‌و هه‌ر ته‌مه‌نی سێزده ساڵه، به‌ڵام له ئێستاوه خانمێکه. و ئه‌و هه‌ر ته‌مه‌نی سێزده ساڵه، به‌ڵام له ئێستاوه ژنێکه.)
هه‌ر ئاواش، girl و boy به هیچ جۆر یه‌کسان نین. Boy(کوڕ) هه‌ڵبه‌ت ئاماژه یه به که‌سێکی نێری جه‌وان، به‌ڵام زۆر له خه‌ڵک به‌لایه‌نه‌وه په‌سند نییه ئه‌گه‌ر ئه‌و نێوه بۆ که‌سێکی که ته‌مه‌نی له بیست ساڵان به‌ره‌وژوورتر بێ به کار بهێندرێ، و به دڵنیاییه‌وه زۆر به به‌ربڵاوی بۆ ئاماژه به که‌سێکی سه‌ره‌وه‌ی بیست ساڵانه به کار ناهێندرێ. له لایه‌کی دیکه‌وه ووشه‌ی girl (کچ) ده‌کرێ بۆ ئاماژه به ژنێک به کار بهێندرێ که ته‌مه‌نی به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له سه‌ره‌وه‌ی بیست ساڵانه، و ئه‌وه شتێکی نائاسایی نییه مرۆ ببیستێ که گرووپێک له خه‌ڵک با بڵێین له five men and six girls ( پێنج پیاو و شه‌ش ژن) پێک هاتووه. به گوتنێکی دی زۆر ئاسایی لێهاتووه ووشه‌ی زۆر شێوه منداڵانه بۆ ژنان به کار بهێندرێ تا پیاوان.
هه‌ر وه‌ک تا ئێستا ئاماژه‌مان پێکردووه، مانای سه‌رداگیراوی ئه‌و به‌کارهێنانه نایه‌کسانانه له‌و ساڵانه‌ی دواییدا له به‌رچاو ده‌رنه‌هاوێژراون، و ووشیاریی زیاتر سه‌باره‌ت به ته‌بیعه‌تی ئه‌و فه‌رق و جیاوازی له گه‌ڵ دانانه وا وێده‌چێ ئێستا گه‌یشتبێته گۆڕانی زمانی له لای هێندێک له ئاخێوه‌ران. ژماره‌یه‌ک له ئاخێوه‌ران ده‌ستیان پێکردووه له به‌کارهێنانی ووشه‌ی girl خۆ بپارێزن بۆ ئاماژه کردن به ژنانی ژوور ته‌مه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بۆ هێندێک له‌وان، به ته‌واوی ڕوون نییه ئه‌وان له جیاتیان ده‌بێ چ ووشه‌یه‌ک به‌کاربهێنن. هێندێک ژنی جه‌وان پێیان خۆشه وه‌ک woman بانگ بکرێن، به‌ڵام هێندێکیان نا، و هه‌میشه هاسان نییه بزاندرێ کاردانه‌وه چ ده‌بێ سه‌باره‌ت به به‌کارهێنانی ووشه‌گه‌لی woman و girl. ئه‌وه واوێده‌چێ، وه‌ک ڕێگایه‌ک بۆ خۆ پاراستن له‌و گرفته، بگاته به‌کارهێنانی زیاتری ووشه‌ی lady که له ڕابردوو دا زۆر ئاساییتر بووه که ووشه‌ی girl به‌کار بهێندرێ – و به شێوه‌یه‌ک که نیشان ده‌دا مانای سه‌رداگیراوی woman ئێسا بۆ lady ش ده‌ست ده‌دا، وه‌ک ئه‌م ڕسته‌یه:
John is going out with a new lady tonight ( جان ئه‌مشه‌و له گه‌ڵ خانمێکی تازه وه‌ده‌ر ده‌که‌وێ). لاکۆف ده‌نووسێ چ مانای نییه ئه‌گه‌ر مرۆ قسه‌یه‌کی ئاوا بکا: After ten years in gaol Harry wanted to find a lady.
( دوای ده ساڵ زیندان هاری ده‌یه‌ویست خانمێک ببینێته‌وه.)له ڕاستیدا گوتنێکی وا له ڕابردوو دا به شتێکی بێ جێ و ناڕێک داده‌ندرا. به‌ڵام ئێستا بۆ زۆر له ئاخێوه‌رانی جه‌وانتر، به ته‌واوی شتێکی ئاسایی یه.
له به‌ر ئه‌وه‌ی زمان و کۆمه‌ڵ زۆر له نزیکه‌وه به یه‌کدی به‌ستراونه‌ته‌وه، له هێندێک نموونان دا، ده‌کرێ گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی بورووژێندرێ به ڕێگای سه‌رنجدانی کاردانه‌وه‌ی زمانی ئه‌و لایه‌نانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی که مرۆ پێی خۆشه ئاڵ‌وگۆڕیان تێدا ببینێ. دوایه، هیوای ئه‌وه‌ش ده‌کرێ، زمان و کۆمه‌ڵ هه‌ر دووکیان بگۆڕدرێن. له هێندێک نموونان دا، حه‌ولدان بۆ گۆڕینی زمان، یه‌کجار زۆر سه‌رکه‌وتوو بووه. بۆ نموونه، له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، ئه‌و نێوانه‌ی له لافاو و باهۆزان ده‌ندرێن ئێستا به یه‌کسانی له نێوان نێوی نێر و مێ دا دابه‌ش کراون و به هه‌ر دووکیان هه‌ڵده‌درێن ( له کاتێکدا له پێشوو دا به ته‌واوی نێوی مێینه‌یان لێ ده‌ندرا)، و ڕه‌نگه، له‌وه‌ش گرینگتر، ئێستا به‌رچه‌سپی شیکردنه‌وه‌ی پیشه چیدیکه مارکی جینسی پێوه نییه.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌باره‌ت به ووشه‌گه‌لی lady و woman و girl ئه‌و گۆڕانه زمانیایانه‌ی وه‌ده‌ست هاتوون، وێده‌چێ، به‌لانی که‌مه‌وه بۆ هێندێک له ئاخێوه‌ران ئه‌و گۆڕانانه نه‌بن که ئاره‌زوویان ده‌کرد. له ڕووی نه‌ریتییه‌وه، ووشه‌ی man زۆر زیاتر له‌ووشه‌ی woman به‌کار هاتووه، و ووشه‌گه‌لی lady وgirl زۆر زیاتر له gentleman وboy
به‌کار هێندراون. حه‌ولی ووشیارانه دراوه بۆ گۆڕان به ئاڕاسته‌ی که‌متر کردنه‌وه‌ی به‌کارهێنانی ووشه‌ی girl ( وه‌ک ووشه‌یه‌کی سووک بۆ ژنانی ژوور ته‌مه‌ن) و lady( وه‌ک ته‌عبیرێکی خۆشی به‌که‌مدانان)، و زیاد بوونی به‌کار هێنانی ووشه‌ی woman که که‌متر نیشانه‌ی فه‌رق و جیاوازی کردنی پێوه دیاره. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ته‌واو ده‌ست ده‌دا، له دادێ دا له ڕاستیدا زاراوه‌ی lady زیادبوونی به‌کارهێنانی ببیندرێ. گۆڕانی زمانی به ئاماده‌یی به دووی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی دا دێ،به‌ڵام هه‌میشه‌ش هاسان نییه کارێکی ئه‌وتۆ بکرێ ئه‌و جۆره گۆڕانه وه‌پێش گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی بکه‌وێته‌وه.
ئه‌م جۆره تێوه‌گلانه‌ی زمان‌ناسان له‌و بابه‌تانه‌ی که پێوه‌ندییان به زمان و جینسی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌یه نموونه‌یه‌که له‌و شێوه‌یه‌ی که زۆر له زمانناسانی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ستی پێده‌که‌ن، ته‌واو به جێش،بۆ ئێمه‌مانان که هێندێک زانیاریمان هه‌یه سه‌باره‌ت به ته‌بیعه‌تی پێوه‌ندی نێوان کۆمه‌ڵ و زمان ته‌واو گرینگه ئه‌و تێگه‌یشتنانه به کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی هه‌راوتر ڕابگه‌یێنین له نموونه‌ی ئه‌وتۆ دا که ئه‌و جۆره زانیاری و تێگه‌یشتنانه جۆره نرخێکیان هه‌یه. ته‌نانه‌ت یارمه‌تییه‌کی زۆر گرینگتری ئه‌وتۆ به‌و ڕێگایه ڕا ده‌رده‌که‌وێ که‌تێیدا هه‌نووکه زۆر له زمان‌ناسان هه‌تا دێ زیاتر سه‌رنج ده‌ده‌نه سه‌ر له نێوچوون و له کیس دانی چه‌شناوچه‌شنیی زمانی له جیهان دا.
له به‌نده‌کانی پێشووی ئه‌م کتێبه دا باسی ژماره‌یه‌ک نموونه‌مان کرد که له به‌ر بۆچوونی نا عه‌قڵانی و برێاری فه‌رق و جیاوازی له‌گه‌ڵ دانه‌ر، زۆر جار له لایه‌ن حکوومه‌تانه‌وه یان ده‌ستگای ڕه‌سمی دیکه‌وه له‌به‌ر نه‌زانی یان پێشداوه‌ری و ده‌مارگرژی کار گه‌یشتووه‌ته داڕشتنی جۆره‌یه‌ک له سیاسه‌تی زمانی که کارتێکه‌ری سه‌ده‌مه پێگه‌یێنه‌ری هه‌بووه له سه‌ر په‌روه‌رده و خوێندی منداڵان و ته‌نانه‌ت له سه‌ر کۆمه‌ڵانیش به‌گشتی. ئێمه دیتمان حکوومه‌تی بریتانیا له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا حه‌ولی دا قسه کردن به زمانی گه‌یلیک پاوان بکا و قه‌ده‌غه‌ی قانوونی له سه‌ر دانێ. ئێمه ئه‌و شێوانه‌مان جه‌خت کرده‌وه که چۆن له‌هجه ناستاندارده‌کانی ئینگلیسی وه‌ک شێوه‌ی ئه‌مریکایی ئه‌فریقایی ئینگلیسی (AAVE )، به هه‌ڵه به له‌خواره‌وه‌تر یان ناله‌بار داندراوه. ئێمه باسی ئه‌وه‌مان کرد چۆن شێوه‌زاره‌کانی ئینگلیسیی پیجن به چاوی سووک وه‌ک ' ئینگلیسسی ته‌ق و له‌ق' ته‌ماشا کراون. هه‌ر وه‌ها ئێمه باسی ئه‌و بارودۆخه ناله‌باره سیاسییه‌مان کرد که تێیدا ئاخێوه‌رانی زمانه که‌مایه‌تییه‌کان وه‌ک ڕۆمانی زۆرجار خۆیانی تێدا ده‌بیننه‌وه و هه‌ستی پێ ده‌که‌ن.
زۆر نموونه‌ی دیکه‌ی وه‌ک ئه‌وه و ده‌مارگرژی و نامه‌عقوولی ده‌کرێ باس بکه‌ین. بۆ نموونه، له ساڵی 1944، وه‌زیرێک له حکوومه‌تی فه‌ڕانسه دا حه‌ولی دا به‌کارهێنانی ووشه‌ی ئینگلیسی له زمانی فه‌ڕانسه‌یی دا ناقانوونی بکا، له سه‌ر بنه‌مای به‌ته‌واوی هه‌ڵه‌ی که گۆیا زمانی فه‌ڕانسه‌یی له ژێر جۆره‌یه‌ک له هه‌ڕه‌شه دایه. زۆر له زمانان له ژێر هه‌ڕه‌شه دان، هه‌ر وه‌ک له خواره‌وه ده‌بینین، به‌ڵام به دڵنیاییه‌یه‌کی هه‌ره زۆره‌وه فه‌ڕانسه‌یی یه‌ک له‌و زمانانه نییه. هه‌ر وه‌ها له‌و ساڵانه‌ی دواییدا بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی به‌هێز له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا سه‌ری هه‌ڵداوه که به بزووتنه‌وه‌ی ' ته‌نێ هه‌ر ئینگلیسی ' به نێوبانگه، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه حه‌ولی ئه‌وه بووه هه‌موو زمانه‌کانی دیکه‌ی جوێ له ئینگلیسی له ژیانی په‌روه‌رده‌یی، کولتووری و سیاسی زۆر له ئه‌یاله‌ته‌کانی ئه‌مریکا فت کا و ده‌ریان بهاوێژێ. هێندێک له پشتیوانانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ده‌ڵێن ئه‌وان بۆیه پشتیوانی له ههنگاوێکی ئه‌وتۆ ده‌که‌ن چونکه هه‌ڵکه‌وتی زمانی ئینگلیسی له مه‌ترسی دایه. هه‌ڵبه‌ت، له ڕاستیدا، ئینگلیسیی ئه‌مریکایی یه‌ک له‌و زمانانه‌یه که له هه‌موو زمانێکی دیکه که‌متر هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌کرێ.
ئه‌وه جێگای په‌ژاره‌یه، به‌ڵام ڕاستییه‌کی کۆمه‌ڵناسیزمانه که بابه‌تی له مه‌ڕ زمان ده‌توانێ هه‌م پیسترین و هه‌م باشترین ڕووی ئینسانان وه‌ڕوو خا، و ئه‌وه‌ی که هێندێک که‌س که وه‌کی دیکه شانازی به‌خۆیان ده‌که‌ن ژیر و مه‌عقوول بن ده‌توانن به شێوه‌ی ئه‌وپه‌ڕی نامه‌نتیقی و سه‌ره‌ڕۆیانه بجووڵێنه‌وه کاتێک بابه‌تگه‌لی له‌مه‌ڕ زمان دێنه گۆرێ. یه‌ک له‌و شتانه‌ی که زمان‌ناسان به‌گشتی و زمانناسانیکۆمه‌ڵایه‌تی به‌تایبه‌تی به ماوه‌ی ساڵان تێکۆشاون بیکه‌ن ئه‌وه‌یه خه‌ڵک هان بده‌ن به شێوه‌یه‌کی زۆر ژیرانه‌تر و مه‌عقوولانه‌تر بیر له بابه‌تگه‌لی له مه‌ڕ زمان بکه‌نه‌وه به‌ڕیگای زانیاری پێدانی زیاتریان سه‌باره‌ت به زمان. ئه‌وه بۆ هه‌موو چه‌شنه‌کانی ئاوه‌ز له مه‌ڕ ئینساف، یه‌کسانی و ته‌نانه‌ت بۆ داهاتووی مرۆڤایه‌تیش گرینگه. هیچکام له بۆچوونه نامه‌عقووله‌کانی سه‌باره‌ت به زمان که ئێمه باسمان کردن له ڕاستییدا هیچ فڕیان به ڕاستییه‌وه نییه و چ بنه‌مایه‌کی ڕاستیان نییه، به‌ڵام ئه‌وان ده‌کرێ ئاکامی تاڵ و نابه‌جێی جۆر به جۆریان لێ بکه‌وێته‌وه.
یه‌ک له ئاکامه زۆر دڵتاوێنه‌کانی بۆچوونی له‌و چه‌شنه ده‌توانی مه‌رگی زمان بێ. پرسیارێکی که زۆر جار له زمان‌ناسان ده‌کرێ ئه‌وه‌یه: له دنیا دا چه‌ند زمان هه‌یه؟ ووڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره تا ڕاده‌یه‌ک دژواره، نه‌ک له به‌ر بابه‌تی له‌هجه - له به‌رانبه‌ر – زمان دا که کامه له‌هجه‌یه و کامه زمان که ئێمه له‌م کتێبه دا چه‌ندین جار باسمان لێوه کرد. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڕه‌نگه هێنده هه‌ڵه نه‌بێ ئه‌گه‌ر بگوترێ ئێستا 6،000 زمان له دنیا دا هه‌یه. ئه‌وه‌ی که به‌دڵنیاییه‌وه وایه ئه‌وه‌یه که ئه‌و ژماره‌یه ئێستا که‌متره له‌وه‌ی که له ڕابردوو دا بوو و هه‌میشه‌ش که‌متر ده‌بێته‌وه. له ساڵانی کۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ، زمانان به ڕێژه‌یه‌کی کاره‌ساتاوی و له زێده کپ ده‌بن و نامێنن به بێ ئه‌وه‌ی شوێنیان پڕ بکرێته‌وه.
ئه‌وه‌ی که ڕووده‌دا ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵگه‌کان به پێواژۆی گۆڕینی زمانی دا تێپه‌ڕ ده‌بن. ئه‌وه مانای وایه که کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تایبه‌تی وورده وورده ده‌ست له زمانی بوومی خۆی هه‌ڵده‌گرێ و له جیاتیان ده‌ست ده‌کا به قسه‌کردن به زمانێکی دیکه. ئه‌وه له مێژووی کۆمه‌ڵناسیزمانی جیهان دا به‌ڕێژه پێواژۆیه‌کی باو بووه. بۆ نموونه، دووسه‌د ساڵ لهمهوپێش، زۆربه‌ی دانیشتووانی ئیرله‌ند ئاخێوه‌ری بوومی گه‌یلیکی ئیرله‌ندی بوون. ئێستا زۆربه‌یه‌کی هه‌راو بریتین له‌ئاخێوه‌رانی زمانی ئینگلیسی بوومی. به‌ر له داگیرکاری و سه‌رکه‌وتنی ڕۆمه‌نه‌کان، دانیشتووانی زۆربه‌ی ئه‌وجێیانه‌ی که ئێستا فه‌ڕانسه‌یه ئاخێوه‌ری زمانی سێڵتیکی گه‌ولیش بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، دواجار، ئه‌وان زمانی خۆیان له بیر کرد و زمانی داگیرکه‌ره‌کانی خۆیان؛ لاتین یان وه‌خۆ کرد، که دواجار بوو به فه‌ڕانسه‌یی. دواتر، به‌شه‌کانی باکووری فه‌ڕانسه به ده‌ست فڕانکه ئاڵمانی زمانه‌کان داگیر کرا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و داگیرکه‌رانه دواجار که‌وتنه نێو پێواژۆیه‌کی زمان گۆڕین و وای لێ هات ئه‌وانیش ده‌ستیان کرد به فه‌ڕانسه‌یی قسه بکه‌ن. هه‌ر به‌و شێوه‌یه، ڤیکینگه‌کانی نۆروێژی ئاخێوه‌ر که ئاخره‌که‌ی به‌شێک له باکووری فه‌ڕانسه‌یان داگیر کرد و له‌وێ دامه‌زران ئه‌و شوێنه‌ی که ئێمه ئێستا پێی ده‌ڵێین نۆرماندی ده‌ستیان له زمانه سکاندیناڤییه‌که‌ی خۆیان هه‌ڵگرت و زمانی فه‌ڕانسه‌ییان وه‌خۆ کرد. چه‌ند وه‌چ دواتر، له ئاکامی داگیر کرانی ئینگلیستان به ده‌ست نۆرمه‌نه‌کان له ساڵی 1066 دا، ئه‌و سکاندیناڤییه‌یانه‌ی پێشوو زمانی فه‌ڕانسه‌ییان له گه‌ڵ خۆیان هێنا بۆ ئینگلیستان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ر که له ئینگلیستان دامه‌زران، ته‌نێ چه‌ندین وه‌چی پێ چوو که تۆره‌مه‌ی نۆرمه‌نه‌کانی داگیرکه‌ر جارێکی دیکه زمانی خۆیان بگۆڕن، ئه‌وجار له فه‌ڕانسه‌ییه‌وه بۆ ئینگلیسی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، جیاوازی ئه‌وده‌می و بارودۆخی مۆدێڕن خێرایی و به‌ردرێژیی گۆڕینی زمانییه که له سه‌رتاسه‌ری جیهان دا ڕووده‌دا. له زۆر نمووناندا، له‌وه‌ش زیاتر، گۆڕینی زمانی ده‌گاته مردنی زمان به ته‌واوی، واته بزر بوونی زمان به ته‌واوی له‌م دنیایه. کاتێک نۆرمه‌نه‌کان ده‌ستیان له قسه کردن به نۆڕوێژی هه‌ڵگرت و زمانی فه‌ڕانسه‌ییان وه‌خۆ کرد، زمانی نۆڕوێژی توانی له زێدی خۆی بمێنێته‌وه و کپ نه‌بێ. به‌ڵام ئێستا ئه‌گه‌ر زمانی ئیرله‌ندی دواجار له ئیرله‌ند بزر ببێ ، که زۆر وێده‌چێ وا بێ به‌ڵام وه‌نه‌بێ پێشی پێ نه‌گیرێ، ئه‌و ده‌می ئه‌وه ده‌بێ به نموونه‌ی مردنی زمان به ته‌واوی.
له ئوڕووپا، ژماره‌یه‌ک له زمانان ته‌نانه‌ت هێنده له مێژ نییه کپ و خامۆش بوون، بۆ نموونه، کۆڕنیش له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م له کۆرنوێل کپ بوو. و زمانی مانکس، که خزمێکی نزیکی ئیرله‌ندییه، دوایین ئاخێوه‌ری خۆی له ساڵانی 1950 کان له Isle of Man له کیس دا. زۆر زمانگه‌لی ئوڕووپایی دیکه ئێستا له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مان دان:
گه‌یلیکی سکاتله‌ندی، برێتۆن له بریتانی، فریسیایی له هۆله‌ند و ئه‌ڵمان، سامی له سکاندیناڤیا، ڕۆمانش له سویس.
له پاشماوه‌ی دنیا گیروگرفته‌که زۆر له‌وه جیدیتره. بۆ نموونه، له ئه‌مریکایه‌کان، له‌کاتی یه‌که‌م پێوه‌ندی ئوڕووپایی له سه‌ده‌ی پازده‌هه‌م دا، به لانی که‌مه‌وه هه‌زار زمانی جیاواز قسه‌یان پێ ده‌کرا. له ماوه‌ی 400 ساڵی ڕابردوو دا، به‌لانی که‌مه‌وه 300 له‌و زمانانه به ته‌واوی مردوون و کپ بوون. له‌و 700 زمانه‌ی ماونه‌ته‌وه، ته‌نێ 17 یان زیاتر له000، 100 که‌س ئاخێوه‌ریان هه‌یه، و ته‌نێ یه‌ک له‌و زمانانه، واته Navaho ناڤاهۆ، له ئه‌مریکای باکوورییه. له هاتنی ئوڕووپاییه‌کان بۆ ئه‌مریکا به‌م لایه‌وه هه‌ر له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا 50 زمان مردوون.
له ناوچه‌ی ئوقیانووسی ئارام، ئه‌و گێر وگرفته ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش جیدی‌تر بێ. ڕه‌نگه یه‌ک چاره‌کی گشت زمانانی دنیا له‌و ناوچه‌یه دا قسه‌یان پێ بکردرێ، و زۆر له‌وان له ڕاستیدا له ژێر هه‌ڕه‌شه دان. بۆ نموونه، له ئاوسترالیا، سه‌رده‌مایه‌ک نزیکه‌ی 200 زمانی بوومی هه‌بوون. هه‌ڵبه‌ت 50 یان مردوون، و 100ی دیکه‌یان له گیانه‌ڵا دان و زۆری نه‌ماوه بکووژێنه‌وه.ڕه‌نگه چه‌ندێکیان، نزیکه‌ی 30 زمانێکیان بتوانن خۆیان بگه‌یێننه سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک.
زمان‌ناسان پێیان وایه که ئه‌وه گیروگرفتێکی یه‌کجار زۆر جیدییه، و پاراستنی چه‌شناوچه‌شنی زمانی له دنیا دا ده‌بێ کارێک بێ که بخرێته به‌ر کاری دیکه هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی که حه‌ول ده‌درێ بۆ پاراستنی چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژیک.
بۆ نموونه، ئاشکرایه، که پێوه‌ندی نێوان زمانان و کولتووران پێوه‌ندییه‌کی نزیکه، و بزر بوونی زمانان له دنیا ده‌توانێ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر پێواژۆی یه‌کده‌ست کردنی (homogenization ) کولتووری خێراتر بکا. دنیایه‌کی ته‌ک کولتووری نه‌ک هه‌ر جێگایه‌کی گیراو وناخۆش ڕه‌نگه جێگایه‌کی زۆر داته‌پیو و بێ بره‌ویش بێ، زمانان وه‌ک به‌شێک له هه‌ڵگرانی ئامرازی پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوی ڕه‌نگه شتی باشیش بن چونکه ئه‌وان کاری ئه‌و کولتوورانه‌ی که له ڕووی ئابوورییه‌وه به‌ده‌سته‌ڵاتن و کۆمه‌ڵه پڕ حه‌شیمه‌ته‌کان زۆر دژوار ده‌که‌ن خۆیان بخه‌نه نێو و جێگای کۆمه‌ڵگه پچووکتره‌کان بگرنه‌وه.
زمانناسانی کۆمه‌ڵناسیزمان، ئی هه‌ره هه‌ڵکه‌وتوویان جۆشوا فیشمه‌ن ی ئه‌مریکایی به دژی ئه‌و پێواژۆیه چاڵاکانه خه‌باتی کردووه.پێشگیریی له گۆڕینی زمان و هۆدانه‌وه‌ی چالاکییه‌کی ئه‌وتۆیه که پێداویستییه‌کی زۆری به ته‌جروبه‌ی کۆمه‌ڵناسیزمان ، زانست و کاری سه‌خت و هه‌ر وه‌ها دراوێکی زۆر هه‌یه. مه‌به‌ست له‌و کاره یارمه‌تی کردنه به‌و کۆمه‌ڵگه پچووکانه‌ی که له ژێر هه‌ڕه‌شه دان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن زمانه‌کانیان بگوێزنه‌وه بۆ وه‌چی دوای خۆیان.دراو بۆ وه‌گه‌ڕخستنی پۆلی ساوایان که تێیاندا زمانی زگماکی به‌کار بهێندرێ ده‌کرێ زۆر گرینگ بێ.ده‌رفه‌تی ماڵی و پشتگیری و ڕه‌خساندنی هه‌لی ئه‌وه‌ش که زمانه‌که له ژیانی ڕۆژانه دا به‌کار بهێندرێ گرینگه. هه‌ر وه‌ها ئه‌وه‌ش پێویسته بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کان که تێبگه‌ن دووزمانایه‌تی ئاسایی و به‌که‌لکه و جۆرێک نییه له لادان و خه‌وش.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه زۆر گرینگتر، بۆچوون و دیتنی خه‌ڵک بێ له سه‌ر زمان. زۆر هۆ هه‌نه، زۆر جاریش هۆی ئاڵۆز و پێچه‌ڵپێچ، که بۆچی زمان گۆڕین ڕووده‌دا.ئه‌گه‌رچی، جاری واهه‌یه، خه‌ڵک ده‌ست له زمانێک هه‌ڵده‌گرن که خه‌زێنه‌ی کو‌لتوور و مێژوویه‌که‌یانه و زمانی چه‌ندین وه‌چی کۆمه‌ڵگه‌که‌یان بووه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به قسه‌پێکردنی هه‌ست به ته‌ریق بوونه‌وه ده‌که‌ن و شه‌رم دایان ده‌گرێ. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی ده‌وڵه‌مه‌ند و به ده‌سته‌ڵات و له ڕووی تێکنۆلۆژییه‌وه زۆر پێشکه‌وتووتر له ئێوه زۆر جار پێتان بڵێن که زمانه‌که‌تان پله‌ی له خواره‌وه‌تره و دواکه‌وتوویه و ئه‌و قسه‌یه زۆر جار دووپاته بکه‌نه‌وه، له‌وانه‌یه بگه‌نه ئه‌وه‌ی که باوه‌ڕیان پێ بکه‌ن و بۆخۆشتان هه‌ر ئاوا بیر بکه‌نه‌وه. هه‌ر وه‌هاش ئه‌گه‌ر ئێوه ببینن ئه‌و خه‌ڵکه‌ی به زمانی ئێوه قسه ده‌که‌ن له به‌ر ئه‌وه به خراپی له گه‌ڵیان ده‌جووڵێنه‌وه و فه‌رق و جیاوازییان له گه‌ڵ ده‌کرێ، ئه‌وه‌ش ئاشکرایه ده‌بێته هۆی پشت ساردبوونه‌وه‌یه‌کی یه‌کجار زۆر به دژی به‌کارهێنانی زمانه‌که.
ئه‌و جۆره نرخاندنه نێگاتیڤانه هه‌ڵبه‌ت هه‌ر سه‌باره‌ت به زمانان ناکرێن. زۆرجاریش له مه‌ڕ له‌هجان ده‌کرێن، هه‌ر وه‌ک لێره دا بینیمان. له‌و بابه‌ته‌شه‌وه بۆچوون و دیتنی ناله‌بار و نامه‌عقوولانه له ئاست شێوه‌زاره ناستاندارده‌کان زۆر باو و به‌ربڵاوه. ئه‌گه‌رچی به هیچ کلوه‌جێ هیچ مانای نییه ئیدیعای ئه‌وه بکرێ که شێوه‌زارێکی، بابڵێین زمانی ئینگلیسی،به پێوانه‌ی زمانی باڵاتر و به‌رزتره له شێوه‌زارێکی دیکه، به‌ڵام له ڕاستیدا زۆر خه‌ڵک هه‌ن پێیان وایه و به پێی ئه‌و بۆچوونه ده‌جووڵێنه‌وه. بۆ نموونه، له دنیای ئینگلیسی زمان دا، ئه‌و شێوه‌زاره‌ی که له خوێندنگه‌یاندا به کار ده‌هێندرێ ئینگلیسی ستاندارده، به‌ڵام زمانی زۆربه‌ی منداڵان، و زمانی منداڵانی چینی کرێکار تا ڕاده‌یه‌کی زیاتر له منداڵانی چینی نێوه‌ڕاست، بریتییه له شێوه جۆربه‌جۆره‌کانی ئینگلیسیی ناستاندارد.
ئاشکرایه له‌وانه‌یه ئه‌وجیاوازییه ببێته هۆی ئاڵۆزی و دژواری په‌روه‌رده‌یی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هۆکارێکی گرینگی که ئالۆزی و دژوارییه‌کی ئه‌وتۆ بۆ منداڵانی چینی کرێکار ساز ده‌کا له‌وانه‌یه له به‌ر بۆچوون و دیتنی ناله‌بار و خراپی هێندێک له مامۆستایه‌کانیان بێ له ئاست له‌هجه ناستاندارده‌کان. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره بۆچوونانه به ئانقه‌ستیش نه‌بن، ده‌توانێ بگاته فه‌رق و جیاوازی له‌گه‌ڵ دانانی نه‌خوازراو به قازانجی له‌هجه و ڕاوێژی منداڵانی چینی نێوه‌ڕاست. به‌ڵگه سه‌باره‌ت به‌و خاڵه له کاری ده‌روونناسان دا ده‌رده‌که‌وێ، که به‌پێی تاقیکردنه‌وه‌ی شکڵی هاوتوانا ( matched guise ) خستوویانه‌ته ڕوو تاچ ڕاده‌یه‌ک شێوه‌ی قسه‌کردنی خه‌ڵک ده‌توانێ کارتێکه‌ری هه‌بێ له شێوه‌ی هه‌ڵس و که‌وت له گه‌ڵ کردنیان دا. له‌و جۆره تاقیکردنه‌وانه دا ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی که تاقی ده‌کرێنه‌وه،گوێ له شریتی ده‌نگی پێنج ئاخێوه‌ری جیاواز ده‌گرن، که هه‌ر کامه‌یان هه‌مان بڕگه‌ی په‌خشانێک ده‌خوێننه‌وه، بۆ نموونه، هه‌مووشیان به ڕاوێژه جیاوازه‌کانی ئینگلیسی. دوایه داوا له بیسته‌ران ده‌کرێ بۆچوونی خۆیان سه‌باره‌ت به‌و پێنج ئاخێوه‌ره ده‌رببڕن، وله تاقیکردنه‌وه دا شیکراوه‌ته‌وه که لێکۆله‌ره‌وه‌کان پێیان خۆشه بزانن بیسته‌ره‌کان ئاستی لێزانیان چه‌نده‌یه سه‌باره‌ت به‌وشتانه‌ی له‌مه‌ڕ خه‌سڵه‌ت و توانایی ئاخێوه‌ره‌کان ده‌یڵێن ته‌نانه‌ت به‌پێی ده‌نگیان. بۆ نموونه، ده‌کرێ له بیسته‌ران پرسیار بکرێ ئاخێوه‌ره‌کان به پێی
ئه‌و نیشانانه‌ی خواره‌وه پۆلین به‌ندی بکه‌ن له ' زۆر ژێر' وه تا ' زۆر ناژیر'، له ' زۆر دۆستانه' وه تا ' زۆر نادۆستانه' ، و هه‌تا دوایی. دوایه زۆر جار ده‌رده‌که‌وێ که بیسته‌ران تا ڕاده‌یه‌کی زۆر هاوڕا و هاوده‌نگن له سه‌ر ئه‌وه‌ی، که، بابڵێین ئاخێوه‌ری 3 زۆر له ئاخێوه‌ری 2 ژیرتره، که ئه‌ویش به نۆره‌ی خۆی که‌متر دۆستانه‌یه له ئاخێوه‌ری 4. نوخته‌ی چاوڕاکێش سه‌باره‌ت به‌و تاقیکردنه‌وانه ئه‌وه‌یه که دوو له ئاخێوه‌ره‌کان له‌و بیسته‌رانه ده‌شاردرێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر یه‌ک که‌سه - واته هه‌مان ئاخێوه‌ر به دوو ڕاوێژی ( accent ) بڕگه‌که ده‌خوێنێته‌وه. جا بۆیه، ئه‌گه‌ر ئاخێوه‌ری 2 و ئاخێوه‌ری 5 هه‌ر یه‌ک که‌س بن و نرخاندنی بیسته‌ران ئه‌وه بێ که ئاخێوه‌ری 2 زۆر له ئاخێوه‌ری 5 ژیرتره، ئه‌و جیاوازی دانانه ده‌بێ له به‌ر ئه‌و شێوه زمانه‌ی بێ که ئه‌و به‌کاری ده‌هێنێ. له ڕاستیدا ئه‌و تاقیکردنه‌وانه‌ی له بریتانیا کراون ده‌ی سه‌لمێنن ئه‌و ئاخێوه‌رانه‌ی ماسکی قسه کردن به شێوه‌ی RP
( ته‌له‌فوزی وه‌خۆ کراو) به‌کار ده‌هێنن به گشتی زۆر به ژێرتر و به خوێنده‌وارتر، به‌ڵام که‌متر دۆستانه و که‌متر خۆشه‌ویستتر، له هه‌مان ئاخێوه‌ران داده‌ندرێن که ماسکی قسه کردن به ڕاوێژێکی ناوچه‌یی به‌کار ده‌هێنن.
ئه‌وه ئه‌و شێوه‌یه نیشان ده‌دا که ئێمه تێیدا پشت به قالبی له پێشدا داڕێژراو ده‌به‌ستین کاتێک بۆ یه‌که‌م جار خه‌ڵک ده‌بینین و پێوه‌ندییان پێوه ده‌که‌ین ( هه‌ر وه‌ک له نموونه‌ی نێو ترێن دا باسمان کرد)، و شێوه‌ی قسه کردنی ئه‌وان به‌کار ده‌هێنین و دیمه‌نێکیان له سه‌ر ساز ده‌که‌ین که پێمان وایه ئه‌وان چ جۆره که‌سێکن. ئاخێوه‌رانی له‌هجه‌ی RP ( ته‌له‌فوزی وه‌خۆ کراو( له وانه‌یه هه‌رکه ده‌ست به قسه کردن ده‌که‌ن بناسرێنه‌وه و له لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ی به RP قسه ناکه‌ن وه‌کوو که‌سانی خۆله‌کن زۆر و نادۆستانه دابندرێن مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێچه‌وانه‌که‌ی له خۆیانه‌وه نیشان بده‌ن. واته ئه‌وان خه‌تاکارن تا ئه‌وه‌ی که پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌سه‌لمێنن و بێگوناهی خۆیان وه‌ڕوو ده‌خه‌ن. هه‌ر ئاواش – هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه زۆر زیاتر جێگای دڵپه‌شێوی یه - ئه‌و منداڵانه‌ی که ڕاوێژ و له‌هجه‌گه‌لی چینی کرێکاریان هه‌یه له‌وانه‌یه له لایه‌ن هێندێک له مامۆستایانه‌وه وا بنرخێندێن که توانایی فێر بوونیان له‌و منداڵانه که‌متره که به ڕاوێژگه‌ل و له‌هجه‌گه‌لی چینی نێوه‌رآست قسه ده‌که‌ن. مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی، ئه‌وانیش ده‌رفه‌تی پێویستیان بدرێتێ پێچه‌وانه‌که‌ی له خۆیانه‌وه نیشان بده‌ن.
هه‌ر وه‌ک سه‌باره‌ت به بابه‌تی مه‌رگی زمان، ئه‌و جۆره بۆچوون و دیتنه نامه‌نتیقی و بێ جێیانه له ئاست شێوه زمانه‌کان، شێوه‌زاره‌کان ده‌توانێ بگاته مه‌رگی له‌هجه. ئه‌و دیارده دڵپه‌شێوکه‌ره خۆی به‌شێکه له حه‌ولی یه‌کده‌ست کردنی زمانی له جیهان دا – به تایبه‌تی ڕه‌نگه له ئوڕووپا دا – هه‌ر وه‌ک له مه‌ڕ مردنی زمان ڕووده‌دا. له زۆر شوێنی جیهان دا هه‌تا دێ جۆره‌جۆره‌یی هه‌ریمی زمان که‌متر ده‌بینین – که‌متر و که‌متریش جۆره‌جۆره‌یی له‌هجه.
ئه‌و بار‌و دۆخه هۆی تایبه‌تی هه‌یه، به تایبه‌تی له چوارچێوه‌ی ئوڕووپا دا، که مرۆ هه‌ستی نیگه‌رانی بکا به کاردانه‌وه‌کانی مردنی له‌هجه. ئه‌وه به تایبه‌تی له به‌رئه‌وه‌یه چونکه زۆر که‌س لا له مردنی زمان ده‌که‌نه‌وه به‌ڵام زۆر که‌متر گوێ ده‌ده‌نه سه‌ر مردنی له‌هجه: له هێندێک ووڵاتی تایبه‌تی دا، وا وێده‌چێ ڕووناکبیران چالاکانه لایه‌نگری مردنی له‌هجه بن.
له‌وانه‌یه ده‌ست به‌جێ بۆ هه‌موان ئاشکرا نه‌بێ که له‌هجه‌گه‌لیش هه‌ر وه‌ک زمانه‌کان پێوه‌ندییه‌کی له جیا نه‌هاتوویان به کولتووره‌کانه‌وه هه‌یه. هه‌ر وه‌ک چۆن کولتووری نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رتاسه‌ری هه‌ن، هه‌ر ئاواش کولتووری ناوچه‌یی، و له‌هجه‌ی ناوچه‌یی هه‌ن که ڕه‌مزی ئه‌و کولتووره ناوچه‌ییانه‌ن و ئه‌وان ده‌پارێزن و به‌رگرییان لێ ده‌که‌ن. له ڕاستیدا، له ئوڕووپای مۆدێڕن دا ده‌کرێ مرۆ بڵێ، هه‌ر نه‌بێ له سه‌ر هێندێک نموونان، که ناسێنه ناوچه‌ییه‌کان به‌و شێوه‌یه‌ی که له‌هجه‌کان ده‌بنه ڕه‌مزیان له راستییدا زۆر به‌دڵترن له ناسێنه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان که زمانه ستاندارده‌کان ڕه‌مزی ئه‌وانن. له هێندێک بار‌و دۆخان دا، له‌هجه هه‌رێمییه‌کان، به ڕاهێزاندنی کولتووره ناوچه‌ییه‌کان و ناسێنه ناوچه‌ییه‌کان، ده‌کرێ وه‌ک هه‌مبه‌رێکی ناسیۆنالیسم بجووڵێنه‌وه.
لێره دا پێویسته جارێکی دیکه سه‌رنجی ئه‌وانه‌ی که ڕکیان له له‌هجه‌گه‌لی هه‌رێمی ده‌بێته‌وه ڕابکێشرێ و لێیان تێ بگه‌یێندرێ که مردنی له‌هجه و ستاندارد کردن له ڕاستیدا ده‌بێته هۆی گیر‌و گرفتی پێوه‌ندی تا ئه‌وه‌ی که ئه‌و گیروگرفته چاره سه‌ر بکا. ئه‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌می دێته گۆڕێ و ڕووده‌دا که له شوێنه‌که زنجیره‌یه‌ک له له‌هجه‌ی جوگرافیایی هه‌بێ. بۆ نموونه، سنووری نێوان هۆله‌ند و ئه‌ڵمان له به‌ر چاو بگرن. هه‌ر وه‌ک ئه‌وی پێشتر دیتمان
( به‌ندی 1ی ئه‌م کتێبه) له‌وێ سنوورێک هه‌یه به بێ ئه‌وه‌ی که سنوورێکی له‌هجه‌یی بێ.ئاخێوه‌رانی ئه‌و به‌ر و ئه‌م به‌ری سنوور به‌و له‌هجانه قسه ده‌که‌ن که وه‌کوو یه‌ک وان یان زۆر وه‌ک یه‌ک ده‌چن. ئه‌وه مانای ئه‌وه یه که به چه‌ندین وه‌چان پێوه‌ندییه‌کی ئاماده و هاسانی سنوور به‌زێن له ئارا دا بووه. بۆ نموونه، چینی کرێکاری هۆله‌ندی خه‌ڵکی نه‌ی مێخن Nijmegen له سنوور ده‌په‌ڕنه‌وه بۆ شاری کلێڤس Cleves له ئه‌ڵمان بۆ سه‌ردان، بۆ شت کڕین و بۆ کار کردن. ئه‌ڵمانییه‌کانی چینی کرێکار به ئاڕاسته‌که‌ی دیکه دا ده‌چن. جا بۆیه، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی که نه‌ته‌وه‌کانی ئوڕووپای ڕۆژئاوا سنووران له نێو خۆیان ناهێڵن بۆ په‌ڕێنه‌وه بۆ گه‌شت و کارکردن، خه‌ڵکی چینی نێوه‌ڕاستی هۆله‌ندی و ئه‌ڵمانی نه‌ی مێخن و کلێڤس ئیدی چبڕ له‌ووزه‌یان دانییه هه‌ر وه‌ک ئاماده‌یی جاران له‌و هاتوو چووی په‌ڕینه‌وه له سنووران دا به‌شداری بکه‌ن. ئه‌وه‌ش له به‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌وان چیدی ناتوانن به له‌هجه‌ی ناوچه‌یی قسه بکه‌ن. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی چینی نێوه‌ڕاستی هۆله‌ندی که ته‌نێ ده‌توانن به هۆله‌ندی ستاندارد قسه بکه‌ن بیانه‌وێ بۆ کارکردن بچنه ئه‌ڵمان، ده‌بێ ئه‌ڵمانی ستاندارد بخوێنن و فێری بن چونکه خه‌ڵکی کلێڤس له هۆله‌ندی ستاندارد تێناگه‌ن. زۆر له خه‌ڵکی هۆله‌ند فێری ئه‌ڵمانی ستاندارد بوون، به‌ڵام زۆر ئه‌ڵمانییه‌کی که‌متر فێری هۆله‌ندی ستاندارد بوون. زنجیره‌ی له‌هجه‌یی که هه‌لی پێوه‌ندی هاسانی ده‌ڕه‌خساند، به‌لانی که‌مه‌وه بۆ ئاخێوه‌رانی چینی نێوه‌ڕاست، به ڕێگه‌ی ستاندارد کردنه‌وه له یه‌ک هه‌ڵبڕاوه و تێک شکاوه.
ئێمه ده‌بێ پێی لێ بنێین له کیس دانی له‌هجه و نه‌مانی له ئوڕووپای مۆدێڕن دا له به‌ر ئه‌و پێواژۆیانه‌یه که پێوه‌ندی به وه‌گه‌ر که‌وتنی جوگرافیایی و شارنشینی په‌یدا ده‌کاته‌وه و جا بۆیه له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵناسیزمانه‌وه ڕه‌نگه پێشی پێ نه‌گیرێ.چ شتێک نییه که ئێمه بتوانین له‌و باره‌یه‌وه بیکه‌ین یان پێمان خۆش بێ بیکه‌ین. ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌توانین به دژی کار و خه‌بات بکه‌ین ئه‌و جۆره له کیس دانه‌ی له‌هجه‌یه که له ئاکامی هۆکارگه‌لی بۆچوون و دیتنه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دا. له زۆربه‌ی ووڵاته ئوڕووپاییه‌کان،ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی دانیشتووان به شێوه‌زاری ستاندارد قسه ناکه‌ن، ئه‌وان به ڕیگای جۆربه‌جۆره‌وه فه‌رق و جیاوازییان له گه‌ڵ ده‌کرێ و وایان لێکردوون هه‌ست بکه‌ن که شێوه‌ی بوومی خۆیان له خواره‌وه‌تره، نه‌ک هه‌ر له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، که به‌داخه‌وه ڕاسته، به‌ڵکوو له ڕووی زمانیشه‌وه، که به دڵنییایه‌کی هه‌ره زۆره‌وه ڕاست نییه و وا نییه. جا بۆیه زه‌حمه‌ته به سه‌یر دابندرێ، ئه‌گه‌ر زۆر له‌وان حه‌ول بده‌ن ده‌ست له شێوه قسه‌کردنی خۆیان هه‌ڵگرن و شێوه‌زاری ستاندارد وه‌خۆ بکه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ریش، له هێندێک ئاستی ویژدانی خۆیاندا، به ڕاستیش نه‌یانه‌وێ ئه‌مه بکه‌ن.
له که‌شوهه‌وایه‌کی ئاوا دا، له‌هجه نه‌ریتییه‌کان یان زمانه نه‌نووسراه‌کان ده‌کرێ به خێراییه‌کی سه‌یر بزر ببن. بۆ نموونه، له‌هجه نه‌ریتییه‌کان که‌متازۆر له زۆر ناوچه‌کانی ئینگلستان بزر بوون – ئه‌گه‌رچی له سکاتله‌ند نا – و له زۆر له به‌شه‌کانی فه‌ڕانسه‌یی زمانی دنیاش دا وه‌زع هه‌ر وایه. هه‌ڵبه‌ت، زۆر جار، پێوه‌ندییه‌کی راسته‌و ڕاست هه‌یه له نێوان ده‌ره‌جه‌ی دۆژمنایه‌تی کردن له گه‌ڵ له‌هجه‌کان و ڕێژه‌ی بزر بوونیان. ڕێگایه‌ک بۆ به‌گژداهاتن و خه‌بات به دژی ئه‌و دۆژمنایه‌تییانه جه‌خت کردنه‌وه و ئاماژه کردنه به‌و کۆمه‌ڵه به‌خته‌وه‌ر و زیاتر به ته‌حه‌مولانه که ڕێزێکی زیاتر له شێوه‌زاره‌کانی زمان ده‌گرن و سه‌رمه‌شقی چاکن بۆ پێرۆیی لێکردن و لاساکردنه‌وه‌یان.
له زۆر له شوێنه‌کانی دژه- له‌هجه‌ی ئوڕووپا، به ئینگلیستانیشه‌وه، دیتن و بۆچوونێکی به‌ربڵاو له گۆڕێ دایه که گۆیا له‌هجه‌کان زه‌مانیان به سه‌رچووه، کۆنن، سه‌ره‌تایی و نه‌خاراون، هۆی دابڕانن و له ڕووی ئابوورییه‌وه به زه‌ره‌رن. بۆ به‌گژداهاتنه‌وه و به‌ربه‌ره‌کانی له ئاست تێڕوانین و بۆچوونێکی ئه‌وتۆ، ئێمه ده‌کرێ ئاماژه به‌م ڕاستییه‌ی خواره‌وه بکه‌ین. له ساڵی 1990، به پێی زۆر ئه‌و پێوانانه‌ی له مه‌ڕ داهاتی سه‌رانه کراون، سێ ووڵاتی هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌ندی ئوڕووپا بریتی بوون له لووگزامبورگ، نۆڕوێژ و سویس؛ هه‌ر سێکیان ئه‌و ووڵاتانه‌ن که به له‌هجه‌یان قسه‌یان تیدا ده‌کرێ.
هه‌ر وه‌ک له به‌ندی 5ی ئه‌و کتێبه دا دیتمان، هه‌موو دانیشتووانی بوومی لووگزامبورگ به له‌هجه‌یان قسه ده‌که‌ن. ئه‌وان ئه‌ڵمانی و فه‌ڕانسه‌یی فێر ده‌بن و به‌کاریان ده‌هێنن، به‌ڵام زمانی زگماکییان لوگزامبۆرگیش/ لێتسێبورگیش ه، که به گشتی به له‌هجه‌یه‌کی ئه‌ڵمانی داده‌ندرێ. نۆروێژیش، یه‌کێک له‌و ووڵاتانه‌ی ئوڕووپایه
که له‌هه‌موو جێیه‌کی دیکه زیاتر به له‌هجه‌یان قسه ده‌کردرێ.هێندێک خه‌ڵک به جۆره‌یه‌ک له نۆڕوێژی ستاندارد قسه ده‌که‌ن، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵک نا، و هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رچییه‌کی ده‌بێ باببێ. خه‌ڵک له ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن دا به له‌هجان قسه ده‌که‌ن، پرۆفێسۆران به له‌هجه ده‌رس ده‌ڵێنه‌وه، و نووسه‌ران شێعر و ڕۆمان به له‌هجه‌یان ده‌نووسن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، لایه‌نی هه‌ره گرینگی هه‌لومه‌رجی زمانی نۆڕوێژی ئه‌وه‌یه، هه‌ر وه‌ک له به‌ندی 7 دا دیتمان، که ته‌حه‌مولێکی که‌ڵان و به‌ربڵاوی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه له‌مه‌ڕ جۆراوجۆری زمانی، و له‌وه‌ش زیاتر، جۆراوجۆریی زمانی له نۆڕوێژ به ڕه‌سمی ناسراوه و به ڕه‌سمی پارێزگاری لێده‌کرێ.ئه‌وه به ڕوونییه‌کی هه‌ره جوان له‌و ڕاستییه دا دیاره و ڕه‌نگ ده‌داته‌وه که له نۆڕوێژ قانوونێک هه‌یه که به‌پێی وی دیاری کراوه مامۆستا و فێرکاران ڕیگایان پێ نادرێ حه‌ول بده‌ن بۆ گۆڕینی شێوه‌ی قسه‌کردنی منداڵان له پۆله‌کانی مه‌دره‌سه دا. ئه‌گه‌ر منداڵان بێنه مه‌دره‌سه و به له‌هجه قسه بکه‌ن، که زۆربه‌یان ده‌یکه‌ن، ئه‌وان ده‌بێ ڕێگایان پێ بدرێ له سه‌ر ئه‌وه به‌رده‌وام بن.( پێچه‌وانه‌یه‌کی تاڵ و وه‌یشوومه‌ی ئه‌و بارودۆخه له بریتانیا ده‌بیندرێ: له ساڵی 1994 وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی بریتانیا ڕایگه‌یاند ده‌بێ هه‌موو منداڵان به ئینگلیسیی ستاندارد قسه بکه‌ن.)
نۆڕوێژ هه‌ر وه‌ها لێی ده‌وه‌شێته‌وه له‌مه‌ڕ هێرش کردنه سه‌ر سووکایه‌تی کردن و به‌که‌م دانی شێوه‌زاره‌کانی ناوچه‌یش سه‌رنجێکی زۆری بدرێته سه‌ری، به وه‌ی ڕا که شێوه‌کانی له‌هجه‌ی چینی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌واو به زاناییه‌وه هێنراونه‌ته نێو زمانه ستاندارده‌کانی نۆڕوێژییه‌وه ( بڕوانه به‌ندی 7ی ئه‌م کتێبه).ئه‌وه‌ش واته، زمانه ستاندارده‌کان، به پێویستی نابێ سه‌رده‌ستانه و ئی نوخبه بن. ئه‌و بارودۆخه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ووڵاتانی دیکه دا ڕوویداوه له به‌ر یه‌ک ڕۆنێن. هه‌ر، له سه‌ده‌ی بیسته‌م دا، کاتێک وا داندرابوو خوێنده‌واری له ئوڕووپا هه‌موو گره‌وه بێ و هه‌موو که‌س خوێنده‌وار بێ، ئێمه هاتووین ئامانجمان وه‌لاناوه به‌وه‌ی ڕا که خوێنده‌واریمان به‌ستووه‌ته‌وه به فێربوونی شێوه‌زاره‌کانی ستاندارد له سه‌ر بنه‌مای له‌هجه‌گه‌لی چینه‌کانی سه‌ره‌وه‌تری کۆمه‌ڵایه‌تی، و به‌و چه‌شنه فێربوونمان بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵک دژوارتر کردووه. ئێوه ڕه‌نگه بتوانن بنووسن، به‌ڵام هه‌تا نه‌توانن به شێوه‌زاری ستانداردی چینی سه‌ره‌وه بنووسن، نووسینه‌که‌تان چ حیسابی بۆ ناکرێ.
سویس یش به فره زمانه بوونی خۆی به‌نێوبانگه و هه‌ر وه‌ها به پاراستنی ڕه‌سمی و به ڕێژه سه‌رکه‌وتووانه‌ی چوار کۆمه‌ڵگه‌ی زمانی جیاواز. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، شتی هه‌ره‌چاوڕاکێشی له‌مه‌ڕ سویس ئه‌وه‌یه که زۆربه‌ی هه‌ره زۆری دانیشتووانی به له‌هجه‌یان قسه ده‌که‌ن. له ناوچه‌ی ئه‌ڵمانی زمانی ووڵاته‌که دا، هه‌موو دانێشتووانی بوومی به له‌هجه‌یان قسه ده‌که‌ن.
هه‌ڵبه‌ت ، دیاره ئه‌وه زۆر زیادی ده‌بێ ئیدیعا بکرێ، که لووکزامبورگ، نۆڕوێژ و سویس له به‌ر ئه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندن چونکه به له‌هجه‌یان قسه‌یان تێدا ده‌کرێ. به‌ڵام ئێمه نابێ ده‌ره‌جه‌ی له خۆ نامۆ بوون به که‌م دابنێین که له‌و هه‌لومه‌رجانه دا دێنه گۆڕێ که خه‌ڵک له‌و شانازییه‌ی که به ئاخافتنی شێوه‌ی ناوچه‌یی خۆیانی ده‌که‌ن بێ به‌ش بکرێن. هه‌ر وه‌ها نابێ قازانجی ئه‌وه‌ش به که‌م دابنێین دانیشتووانێکی ئه‌وتۆمان هه‌بێ که بتوانن به ڕه‌وانی و به جوانی هه‌ست و ڕامانی خۆیان به شێوه زمانه‌کانی خۆیان ده‌رببڕن، به بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌دێری ئه‌وه‌یان به‌سه‌ره‌وه بکرێ ئه‌وان تا چ ڕاده‌یه‌ک به ' دروستی' قسه ده‌که‌ن یان ناکه‌ن.
به‌راوه‌ژووی ئه‌و نموونانه، له دنیای ئینگلیسیی زمان دا ، باوه‌رێکی به‌ڕبڵاو به‌ڵام هه‌تابڵێی هه‌ڵه و ناڕاست له گۆڕێ دایه که له‌هجه‌کان له زنجیره‌یه‌ک له ' هه‌ڵه‌یان' پێکهاتوون و ئینگلیسیی ستاندارد ' دروستی' یان
' ڕوونی' یان ' له‌باری' پێ به‌خشراوه. باوه‌ڕییه‌کی ئه‌وتۆ هه‌یه، له‌هجه‌یان بۆ هێندێک ئه‌رکان ' ناله‌بار' ن و ناکرێ بۆ مه‌به‌ستی په‌روه‌رده و ڕووناک‌بیری به کار بهێندرێن. هه‌ر ئه‌و جۆره دیتن و تێڕوانینه له زۆر شوێنی دیکه‌ش هه‌یه - بۆ نموونه، له فه‌ڕانسه و له‌هیستان. هه‌لومه‌رجی ئه‌ڵمانیی سویس ده‌یسه‌لمێنێ که هیچ شتێک له‌و بۆچوونانه له ڕاستییه‌وه دوورتر نییه. هه‌ڵبه‌ت، ئه‌گه‌ر مرۆ بیه‌وێ له‌سه‌ر بابه‌تێک به باشی و هه‌موولایه‌نه بدوێ و قسه‌ی لێوه‌بکا پێویستی به‌وه هه‌یه زمانی تێکنیکی بابه‌ته‌که - ئه‌و په‌یڤ و بێژانه‌ی پێوه‌ندییان به بابه‌ته‌که‌وه هه‌یه باش بزانێ و هێزی به سه‌ریاندا بشکێ. به‌ڵام ئه‌وه ئاشکرایه، هه‌ر وه‌ک پێشتر دیتمان، که هیچ پێوه‌ندییه‌کی پێویست له نێوان له‌هجه و زمانی تێکنیکی دا نییه. ئه‌وه کاتێک جوان ده‌رده‌که‌وێ ئه‌گه‌ر ئێوه گوێ له قسه کردنی دوو پرۆفێسۆری ئه‌ڵمانیی زمانی سویسی ڕادێرن، با بڵێین کاتێک باسی کاره‌کانی هایدگر ده‌که‌ن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان گشت په‌یڤی فه‌لسه‌فی که بۆ گه‌نگه‌شه‌یه‌کی ئاوا پێویسته به‌کار ده‌هێنن، به‌ڵام به به‌کارهێنانی ته‌له‌فوز و ڕێزمانی له‌هجه‌ی ئه‌ڵمانیی سویسی ( بڕوانه به‌ندی 5). له نۆڕوێژیش هه‌رهه‌مان دیارده ڕووده‌دا.
له بریتانیا که‌سی ئه‌وتۆ هه‌ن که ده‌ڵێن گشت منداڵان ده‌بێ ئینگلیسیی ستاندارد قسه بکه‌ن چونکه ئه‌و منداڵانه‌ی ناتوانن به ئینگیسیی ستاندارد قسه بکه‌ن له وه‌زعێکی لاوازی ئابووری و پیشه‌یی دا ده‌بن و به زه‌ره‌ریان ته‌واو ده‌بێ. به‌داخه‌وه ئه‌وه جێگای داخه به‌ڵام ڕاسته. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که پێیان خۆشه ببنه جووت له‌هجه زان ( بڕوانه خواره‌وه) ده‌بێ دره‌فه‌تی ئه‌وه‌یان بدرێتێ بۆ ئه‌وه‌ی شانسی خۆیان باشتر لێ بکه‌ن به‌و ڕێگایه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به هیچ کلوه‌جێ ئه‌وه هه‌ر هه‌مان شت نییه که بگۆترێ هه‌موو که‌س هه‌میشه و له هه‌موو جێیه‌ک ده‌بێ به عه‌ینی شێوه‌زاری ستاندارد قسه بکه‌ن.
جگه له‌مه، لێره دا لایه‌نێکی ئه‌خلاقی ئاشکراش له‌گۆڕێ دایه له‌مه‌ڕ مافی مرۆیی له‌هجه ئاخێوه‌ران. ئه‌گه‌ر تاک و ته‌رایان به هۆی ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌وه ده‌ردی فه‌رق و جیاوازی له گه‌ڵ دانان بکێشن، ئێمه ناکرێ پێشنیازیان پێ بکه‌ین که ڕه‌گه‌زی خۆیان بگۆڕن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌رچی له شوێنی وه‌ک ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا دا مێژوویه‌کی درێژ و جێی داخی خه‌ڵکی پێست ڕه‌ش هه‌یه که ئه‌وپه‌ڕی حه‌ولی خۆیان ده‌ده‌ن تا ئه‌و جێیه‌ی پێیان ده‌کرێ وه‌ک خه‌ڵکی پێست سپی بچن. ئه‌گه‌ر تاک و ته‌رایان به هۆی جینسییه‌تییه‌وه ده‌ردی فه‌رق و جیاوازی له گه‌ڵ دانان بچێژن، ئێمه پێشنیازیان پێ ناکه‌ین جینسی خۆیان بگۆڕن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌رچی له مێژوو دا نموونه‌ی به‌نێوبانگ هه‌ن که ژنانان له به‌ر هۆی جیاواز خۆیان وه‌ک پیاو نیشان داوه. ئه‌گه‌ر تاکوته‌رایان له به‌ر ئه‌و له‌هجه‌یه‌ی قسه‌ی پێ ده‌که‌ن فه‌رق و جیاوازییان له گه‌ڵ بکرێ، ئیدی ئه‌و ده‌می ئه‌وه فه‌رق و جیاوازی له گه‌ڵ دانانه‌که‌یه که ده‌بێ بخرێته به‌رلینگان و سه‌رکوت بکرێ، نه‌ک له‌هجه‌که، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌رچی ئێمه نابێ پێمان سه‌یر بێ، ئه‌گه‌ر خه‌ڵک کاتێک بیانه‌وێ خۆیان له دژی فه‌رق و جیاوازی له گه‌ڵ کران و دووچاوکی بپارێزن له‌هجه‌که‌یان به فێر بوونی له‌هجه‌یه‌کی دیکه بگۆڕن.
ئه‌وه گرینگه ئێمه له به‌رچاوی بگرین که له‌گه‌ڵ جیاوازی له‌هجه‌یی، و ده‌مارگرژی له‌هجه‌یی، له خوێندنگه‌یه‌کاندا چمان له ده‌ست دێ بیکه‌ین و ده‌بێ چۆن ببزووینه‌وه. له بریتانیا، ڕه‌نگه ڕێژه‌یه‌کی که‌می 12 له سه‌دی منداڵان وه‌ک ئاخێوه‌ری بوومی ئینگلیسیی ستاندارد بێنه نێو مه‌دره‌سه‌کان. ئه‌گه‌ر ئێمه له سیستمی په‌روه‌رده دا داوای بوونی ئینگلیسیی ستاندارد بکه‌ین یان پاداشتی بۆ دابنێین، 88 له سه‌ده‌که‌ی دیکه‌ی منداڵان به‌ڕوونی له هه‌ڵکه‌وتێکی ناله‌بار و به زه‌ره‌ر دا ده‌بن. دهێ ئێمه چده‌که‌ین له ئاست زۆربه‌ی منداڵه‌کان که ئاخێوه‌ری بوومی ئینگلیسیی ستاندارد نین؟ تا ئێستا تا ئه‌وجێگای ده‌رکه‌وتووه سێ بۆچوونی جیاواز بۆ ووڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسه و جێبه‌جێکردنی ڕه‌چاو کراوه. بۆچوونی یه‌که‌م وه‌ک' له‌نێو بردنی شێوه‌ی قسه کردنی ناستاندارد' نێوزه‌د کراوه. له گوێن ئه‌و بۆچوونه، که بۆچوونێکی کۆن و نه‌ریتی یه له زۆربه‌ی به‌شه‌کانی ئینگلیسیی زمانی دنیا و هێشتاش زۆر باوه، له مه‌دره‌سه‌کان دا هه‌موو حه‌ولێک ده‌درێ بۆ ئه‌وه‌ی پێش به منداڵان بگیرێ به شێوه‌زاره‌کانی بوومی ناستانداردی خۆیان قسه نه‌که‌ن و، هه‌ر نیشانه و خه‌سڵه‌تێکی ناستاندارد که مامۆستاکه هه‌ستی پێ بکا قسه‌ی له سه‌ر ده‌کرێ و ' راست' ده‌کرێته‌وه.بۆ نموونه ، به منداڵه‌که ده‌گوترێ ئه‌وه ' هه‌ڵه ' ( یان ڕه‌نگه ته‌نانه‌ت خراپ یان ئابڕووچوون) ێکه ئه‌گه‌ر مرۆ بلێ I done it ، I ain’t got it، یان He a good person. و له لایه‌کی دیکه‌وه، ئینگلیسیی ستاندارد، وه‌ک ' دروست' و ' باش' و وه‌ک مۆدێلێک نیشان ده‌درێ که ده‌بێ به ئامانج دابندرێ. ئه‌و قوتابیانه‌ی که له ئینگلیسیی ستاندارد ڕاده‌ێن و فێری ده‌بن زۆرجار باشتر هه‌ڵسوکه‌وتیان له گه‌ڵ ده‌کرێ له‌وانه‌ی که فێری نابن.
زمان‌ناسان، و زۆر خه‌ڵکی دیکه، له‌و باوه‌ڕه‌دان که ئه‌و بۆچوونه، له به‌ر چه‌ندین هۆیان هه‌ڵه‌یه. یه‌که‌م، له ڕووی ده‌روونناسییه‌وه هه‌له‌یه. زمان، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی دیتمان، ته‌نێ هه‌ر ئامرازێکی پێوه‌ندی گۆڕینه‌وه‌ی په‌یامان نییه. به‌ڵکوو له به‌ر ئه‌وه‌ی که ڕه‌مزێکی ناسێنه و ئه‌ندامه‌تی گرووپیشه گرینگه. گوتنی ئه‌وه به منداڵان که زمانه‌که‌یان، و ئه‌وکه‌سانه‌ی به ئه‌وانه‌وه خۆیان ده‌ناسنه‌وه، به شێوه‌یه‌ک سووکتر و له خواره‌وه‌ترن مانای سه‌رداگیراوی ئه‌وه‌یه که منداڵه‌کان خۆیان له خواره‌وه‌ترن. ئه‌مه‌ش، به نۆره‌ی خۆی یان ده‌کرێ بگاته خۆ به نامۆ زانین له مه‌دره‌سه و نرخه‌کانی مه‌دره‌سه، یان به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه‌ی که منداڵه‌کان سه‌ر به ئه‌وانن. ئه‌و بۆچوونه له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه هه‌ڵه‌یه له‌وه‌دا که ڕه‌نگه به سه‌ر داگیراوی بییه‌وێ بڵێ که گرووپی تایبه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی بایه‌خیان له ئه‌وانیدی که‌متره.ئه‌وه به تایبه‌تی کاتێک نابه‌جێ و ناخۆشه که زمانی منداڵانی پێست ڕه‌شی سه‌ر به چینی خواره‌وه په‌ڵه‌دار ده‌کرێ و ئه‌وه‌ی په‌سنی ده‌درێ هه‌ڵسوکه‌وتی مامۆستایانی پێست سپی سه‌ر به چینی نێوه‌ڕاسته. دواجار، و ڕه‌نگه له هه‌مووی گرینگتر، ئه‌و بۆچوونه له ڕووی کرده‌یی یه‌وه هه‌ڵه‌یه: هه‌ڵه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی نه ئێستا و نه له دادێ دا کاری پێده‌کرێ و هه‌ڵده‌سووڕێ. فێر بوونی زمانێکی تازه ئه‌رکێکی زۆر گرانه، وه‌ک زۆر له خه‌ڵک ده‌زانن و، له زۆر بارانه‌وه ته‌نانه‌ت زۆر دژوارتره که مرۆ له‌هجه‌یه‌کی دیکه‌ی زمانی خۆی فێر ببێ – له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان زۆر وه‌یه‌ک ده‌چن، جیا کردنه‌وه‌یان له یه‌کتری دژواره. ئه‌و ڕاستییه ده‌بێ ددانی پێدا بهێندرێ که، له نموونه‌ی یه‌کجار زۆر دا، ئاخێوه‌ران نایانه‌وێ زمانی خۆیان بگۆڕن – ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆشیان بلوێ. یه‌که‌م، به‌وه چ قازانجێکی پێوه‌ندی وه‌ده‌ست ناخرێ( وه‌ک ئه‌وه‌ی که بۆ وێنه بابڵێین به فێر بوونی فه‌ڕانسه‌یی ده‌ست ده‌که‌وێ) چونکه منداڵه‌که ده‌توانێ هه‌رچونێک بێ له گه‌ڵ ئاخێوه‌رانی ئینگلیسیی ستاندارد پێوه‌ندی دامه‌زرێنێ. دوویه‌م، گوشاری خۆ ناسینه‌وه و خۆ ده‌ربڕینی گرووپی و هاوپێوه‌ندی گرووپی هاوتا یه‌کجار زۆر به‌هێزن. لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانیی نیشانی داوه که گرووپی هاوتای لاو له زۆر نموونان دا کارتێکه‌ری هه‌ره گرینگی زمانی ده‌بێ. منداڵان به‌وشێویه گه‌وره نابن که وه‌کوو دایکوبابه‌کانیان قسه بکه‌ن، و به دڵنیاییشه‌وه ئه‌وان به‌وشێوه‌یه گه‌وره نابن که وه‌کوو مامۆستاکانیان قسه بکه‌ن – قالب و ئۆلگووی زمانیی ئه‌وان بریتییه له‌و شێوه‌یه‌یه‌ی که ئاواڵه‌کانیان قسه‌ی پێده‌که‌ن. به گوتنێکی دی، ئه‌و کاته‌ی له پۆلی ده‌رس دا به‌خت ده‌کرێ بۆ له ڕیشه ده‌رهاویشتن و نه‌هێشتنی قسه کردنی ناستاندارد کاتێکی به فێڕۆ دراوه. ئه‌گه‌ر منداڵان ده‌ردی ئه‌وه بکێشن که به ئینگلیسیی ناستاندارد قسه ده‌که‌ن، چاره‌سه‌ری ئه‌وه نییه که شێوه‌زاره ناستاندارده‌کان نه‌هێڵدرێن.
بۆچوونی دوویه‌م به ' جووت له‌هجه‌یه‌تی' نێوزه‌د کراوه، و له لایه‌ن زۆر له زمانناسانه‌وه به ئاشکرایی پشتیوانی لێکراوه. ئه‌و بۆچوونه فێرمان ده‌کا هه‌موو تاکێک مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌رده‌وام بێ له سه‌ر به‌کارهێنانی له‌هجه‌ی ناستاندارد له ماڵێ دا، له گه‌ڵ دۆسته‌کانی، و له هێندێک هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی له مه‌دره‌سه دا. به‌ڵام، ئه‌و دیتنه له هه‌مان کات دا لایه‌نگری ئه‌وه‌یه ده‌بێ ئینگلیسیی ستاندارد وه‌ک زمانی مه‌دره‌سه فێری منداڵان بکرێ، و وه‌کوو زمانی خوێندنه‌وه و نووسین. ئه‌و دوو شێوه‌زارانه، واته ستاندارد و ناستاندارد، قسه‌یان له سه‌ر ده‌کردرێ و وه‌ک دوو بوونی جیاواز مامڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێ، و جیاوازییه‌کانی نێوانیان وه‌کوو ڕاستییه‌کی سه‌رنجڕاکێش دیاری ده‌کرێ و ئاماژه‌ی پێده‌کرێ. مه‌به‌ست له وه‌دیهێنانی ئه‌و بۆچوونه ئه‌وه‌یه که مه‌یل و مرخی منداڵه‌که‌دا بورووژێندرێ و دنه بدرێ به ڕیگای خوێندنی له‌هجه‌ی خۆی وه‌ک شێوه‌یه‌کی ڕه‌وا و چاوڕاکێشی زمانی و یارمه‌تی کردن به منداڵه‌که بۆ ئه‌وه‌ی توانایی کۆد- گۆڕین ) code – switching )ی زمانیی خۆی پێش بخا- واته گۆڕینی شێوه‌زارێکی زمانی بۆ ئه‌ویدیکه کاتێک هه‌لومه‌رج پێویست بکا ( شتێکی که زۆر له منداڵانی که به ئینگلیسیی ناستاندارد قسه ده‌که‌ن هه‌رچونێک بێ زۆرجار تێیدا کارامه و باشن). ئه‌و بۆچوون و تێڕوانینه به‌جێ بوون و له‌باری شێوه‌زاره ناستاندارده‌کان بۆ تێکه‌ڵاوی گرووپی هاوتا و ئه‌رکی دیکه به ڕه‌سمی ده‌ناسێ، و ڕێز له هه‌ستی منداڵان و زمانه‌که‌یان ده‌گرێ. بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ئاکامی هه‌ره باش پێویست ده‌کا که مامۆستایه‌که هێندێک زانست و ئاگاداری هه‌بێ سه‌باره‌ت به ئه‌و پێوه‌ندییه زمانییانه‌ی توێژبه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌یه‌که‌وه کۆ ده‌کاته‌وه، و هه‌ر وه‌ها له‌هجه‌ی منداڵه‌که. ئه‌و بۆچوونه هه‌ر ئاواش ته‌نێ له سه‌ر خه‌سڵه‌ت و نیشانه‌کانی ڕێزمانی و په‌یڤ
(vocabulary ) ڕاده‌وه‌ستێ. ( هه‌ڵبه‌ت، ڕه‌نگه بایه‌خی خۆی هه‌بێ که منداڵان تێبگه‌یندرێن که هێندێک ڕاوێژ
زۆر له ڕاوێژه‌کانی دیکه به به‌رزتر داده‌ندرێن – و ئه‌و ڕاستییه‌ش که ئه‌وه ڕاستییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی یه، نه‌ک زمانی.)وا وێده‌چێ که ئه‌و بۆچوون و تێڕوانینه له زۆر ڕووه‌وه، ته‌نێ له نووسین دا، سه‌رکه‌وتوو بێ، چونکه نووسین چالاکییه‌کی وووشیارانه و که‌متر ئوتۆماتیکی یه له چاو قسه کردن. به گشتی، ئه‌وه‌ی مامۆستا له پۆلی ده‌رس دا ده‌یکا له مه‌ڕ ئینگلیسیی ستانداردی قسه پێکردن ڕه‌نگه کارێکی خۆڕایی بێ – له به‌ر ئه‌و هۆکارگه‌له کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونناسانه‌یانه‌ی له سه‌ره‌وه دا به کورتی جه‌ختمان له سه‌ر کردنه‌وه.منداڵان ته‌نێ ئه‌و کاته فێری قسه کردن به ئینگلیسیی ستاندارد ده‌بن، که له کۆمه‌ڵه‌ی ئێمه دا له‌هجه‌یه‌که به‌ستراوه‌ته‌وه به گرووپێکی تایبه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌مزی ئه‌و گرووپه‌یه، که ئه‌وان بییانه‌وێ ببن به ئه‌ندامێکی ئه‌و گرووپه و چاوه‌ڕوانییه‌کی مه‌عقوول له ئارا دا بێ که کارێکی ئاوا هه‌ڵده‌سووڕێ، چ له ڕووی ئابووری و چ له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه.
بۆچوون و تێڕوانینی سێیه‌م به ' تێگه‌یشتن و قه‌بووڵی جیاوازییه له هجه‌ییه‌کان' نێوزه‌د کراوه. ئه‌و دیتنه ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر منداڵان له‌به‌ر ناستاندارد بوونی زمانی خۆیان ده‌رد بکێشن، ئه‌وه له به‌ر هه‌ڵوێست و ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵ به گشتی، و ڕه‌نگه ئی مامۆستایان به تایبه‌تی بێ، که له‌ئاست ئه‌و جۆره زمانه هه‌یانه. جا ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئاوا بێ، ئه‌وه هه‌ڵوێست و ڕوانگه‌کانه که ده‌بێ بگۆڕدرێن و، نه‌ک زمانه‌که. به گوتنێکی دیکه، گیر‌و گرفته‌که به هیچ کلوه‌جێ و له ڕاستیدا گیروگرفتێکی زمانی نییه. به پێی ئه‌و دیتنه‌ی سێیه‌م، ئێمه ده‌بێ خوێندنه‌وه‌ی ئینگلیسیی ستاندارد فێری منداڵان بکه‌ین، به‌ڵام، جگه له‌وه، ئێمه ده‌بێ حه‌ول بده‌ین کۆمه‌ڵی خۆمان ئاوا په‌روه‌رده بکه‌ین که وه‌ک تێکه‌ڵاوێکی ئاڵۆزی به‌نرخ، و سیستمێکی له‌باری زمانی ته‌ماشای له‌هجه ناستاندارده‌کان بکه‌ن، ڕێزیان بگرن و ته‌حه‌مولیان بکه‌ن. ڕه‌خنه‌گران ئه‌و بۆچوونه‌یان به خه‌یاڵی و نائومێدانه داناوه.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا، ئه‌گه‌ر زه‌مانی بدرێتێ، له‌وانه‌یه بیسه‌لمێنێ له دوو بۆچوونه‌کانی دی هاسانتر بێ، چونکه له‌وانه‌یه هاسانتر بێ دیتن وڕوانگه بگۆڕدرێن تا قالبه‌کانی قسه‌کردنی بوومی زۆربه‌ی دانیشتوان. په‌روه‌رده به ئامانجی سازدانی ته‌حه‌مول ده‌کرێ له مه‌دره‌سه‌کاندا به‌ڕێوه‌بچێ – به‌ڵام ته‌نێ به ده‌ست ئه‌و مامۆستایانه‌ی که له ڕوانگه‌ی زمانییه‌وه ده‌مارگرژ نین
( که له‌وانه‌یه دواجار بۆیان ده‌رکه‌وێ که زۆر به‌که‌لکتره - ڕه‌نگه له باری ئه‌خلاقییه‌شه‌وه زۆر زیاتر شیاوی به‌رگری لێکردن بێ- له ده‌رس دادانی ئینگلیسیی ستاندارد). لایه‌نگرانی ئه‌و بۆچوونه له درێژ خایه‌ن دا، هیوایان به چلۆنایه‌تییه‌کی ئه‌وتۆیه که تێیدا ئاخێوه‌رانی بوومی ئیدی چبڕ له‌و باوه‌ڕه دا نابن که ئه‌وان ' ناتوانن به ئینگلیسی قسه بکه‌ن'.
ئه‌ی له کورت خایه‌ن دا چی؟ هه‌ر وه‌ک ڕه‌خنه‌گرانی دیکه ئاماژه‌یان پێ کردووه، له کورت خایه‌ن دا ئێمه پێمان ناکرێ بۆچوون و ڕوانگه‌ی جووت له‌هجه‌یه‌تی وه‌لا بنێین. تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌و ئاسته له ته‌حه‌مول پێک دێ که بۆچوونی سێیه‌م به ئامانجی داناوه، زه‌ره‌ر کردنی ئه‌و منداڵانه‌ی که توانایان به ئینگلیسیی ستاندارد ناشکێ هه‌روا درێژه‌ی ده‌بێ. له‌به‌ر ئه‌وه،ته‌نێ پشتیوانیکردن له بۆچوونی سێیه‌م له‌وانه ببێته هۆی ته‌نه‌خی کردن له پێداویستییه‌کانی ئه‌و منداڵانه. جا بۆیه، له ڕوانگه‌ی زمانناسه‌وه،چاره‌سه‌ری هه‌ره جێی ڕه‌زامه‌ندی گیروگرفتی ئاخێوه‌رانی ناستاندارد له کولتوورێک دا که ئینگلیسیی ستانداردی به سه‌ر دا زاڵه ئه‌وه‌یه که له مه‌دره‌سه‌کان دا تێهه‌ڵکێشێک له هه‌ر دووک له بۆچوونه‌کان ، واته جووت له‌هجه‌یه‌تی و تێگه‌یشتن و قه‌بووڵی جیاوازییه له‌هجه‌ییه‌کان ڕه‌چاو بکرێ، به له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی که وا هه‌یه جووت له‌هجه‌یه‌تی به‌شێک سه‌رکه‌وتوو بێ
( ئه‌ویش ڕه‌نگه ته‌نێ له نووسین دا) و له‌وانه به مه‌ترسی بێ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر نه‌زانانه بکرێ، ئه‌وه‌ش له ڕوانگه‌ی بره‌وپێدانی بێ باوه‌ڕی زمانییه‌وه.
ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێ جۆراوجۆریی زمانی له دنیا دا بره‌و پێبده‌ین و بی پارێزین _ و هه‌ڵبه‌ت به ووردی جۆراوجۆریی زمانی چه‌قی بابه‌تی کۆمه‌ڵناسیزمان ه _ ئه‌و ده‌می پێویستیمان به‌وه‌یه گشت ئاخێوه‌رانی گشت زمانان و گشت له‌هجه‌یان به به‌ته‌واوی له‌و دڵنیاییه‌دابن که شێوه‌زاره‌کانی زمانه‌که‌یان گشتی به‌رهه‌مێکی ئاڵۆزی سه‌رنج ڕاکێشی ئینسانه‌کان، کۆمه‌ڵه ئینسانییه‌کان و به ده‌یان هه‌زار ساڵ مێژووی مرۆڤایه‌تییه، و ئه‌وه‌ش که گشت ئه‌و شێوه‌زارانه‌ی زمان نرخی ئه‌وه‌یان هه‌یه ڕابگوێزرێنه ئه‌و وه‌چانه‌ی به‌ڕێوه‌ن بێن .
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م وه‌رگێڕانه به‌ندی 10 و کۆتایی کتێبی:
Sociolinguistics
An introduction to language and society
PETER TUDGILL
Fourth edition 2000, Penguin Books.
Chapter10,PP 185-203
No comments:
Post a Comment