شوڤینیسمی سۆرانی و ئه فسانه‌کانی
دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور
شوڤینیسمی سۆرانی و ئه فسانه‌کانی
به‌شی یه‌ک: سه‌ره‌تاکان
له دوو ساڵی رابردوودا ئاسۆی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی زمانی ره‌سمیی و ستانداردی کوردی لێڵتربووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کێشه‌ی سۆرانی و کورمانجی شتێکی تازه نییه و له ساڵانی 1931-1932 و 1958-1961دا سه‌ریهه‌ڵدابوو، رێدۆزینه‌وه و رێنوێنییه‌کان، چ ئێسته و چ له رابردوودا، پشت ئه‌ستوور به لێکۆڵینه‌وه و لێکدانه‌وه و جه‌ده‌ل نه‌بوون و زۆرتر وه‌ک بڕیاری سیاسیی و ئیداره‌یی ده‌رده‌بڕدرێن. ئه‌وانه‌ی سۆرانی به زمانی ره‌سمی و ستاندارد داده‌نێن له جه‌ده‌ل ده‌پرینگێنه‌وه و پێیان وایه راستییان دۆزیوه‌ته‌وه و ده‌بێ ئاخێوه‌رانی گشت له‌هجه‌کان گوێڕایه‌ڵییان بکه‌ن. چه‌ند که‌سێکیش سفره‌ی جنێودان و سووکایه‌تیکردنیان راخستووه و خه‌ریکی بانگه‌شه‌ی قینلهدڵیین. به‌ڵام له‌و بارودۆخه ناله‌باره‌دا، بۆچوونه‌کان، روانگه‌کان و رێبازه‌کان شکڵده‌گرن و لێکجوێدهبنهوه.
ئێسته، دوو روانگه یان دوو سیاسه‌تی جیاواز و دژبه‌یه‌ک به‌دیده‌کرێن. روانگهیێک، کێشه‌ی فره‌له‌هجه‌یی وه‌ک کێشه‌ی دێمۆکراسی و مافی زمانیی چاولێده‌کا و داوای به‌رانبه‌ریی له‌هجه‌کان و ئازادی ده‌کارهێنانیان ده‌کا، و بڕوای به‌وه‌یه که دێمۆکراتیکردنی ژیانی ئابووری و سیاسی و کوولتووری به‌بێ دێمۆکراتیکردنی پێوه‌ندی زمانه‌کان (کوردی، عه‌ره‌بی، سوریانی...) و له‌هجه‌کان (کورمانجی، سۆرانی، هه‌ورامی...) پێکنایه. روانگه‌که‌ی دی کێشه‌ی فره‌له‌هجه‌یی ده‌کاته کێشه‌ی نهتهوهڕۆنان و پێی وایه فره‌له‌هجه‌یی سه‌رچاوه‌ی چهندبهرهکییه، و به‌رابه‌ریی کورمانجی و سۆرانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌توکوت ده‌کا، و یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی به‌بێ ره‌سمیکردنی له‌هجه‌ی سۆرانی ناپارێزرێ.
داڕشتنی باسه‌که
له‌و کێشه‌یه‌دا، پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه: له زمانی فرهلههجهی کوردی‌دا، که سێ نه‌ریتی ئه‌ده‌بیی سه‌ره‌کیی (هه‌ورامی، کورمانجی و سۆرانی) و دوو له‌هجه‌ی ستانداردی هه‌یه، زمانی ره‌سمیی "حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان" ده‌بێ به‌کام له‌هجه بێ؟ تا ئێسته دوو وه‌ڵام به‌و پرسیاره دراوه‌ته‌وه : 1- سۆرانی ته‌نیا له‌هجه‌ی ستاندارده و ده‌بێ ببێته زمانی ره‌سمی، و 2- کوردی، وه‌ک زمانی نۆرويژی، دوو له‌هجه‌ی ستانداردی هه‌یه و ده‌بێ هه‌ر دوو له‌هجه سه‌ره‌کییه‌که ره‌سمی بکرێن.
ئه‌و کێشه‌یه ده‌کرێ به گیانی رزگاریخوازی و به سیاسه‌تی دێمۆکراسی چاره‌سه‌ربکرێ. به‌ڵام نه له حکوومه‌تدا نه له نێو کۆڕوکۆمه‌ڵی ناحکوومهتیدا ئاسۆیێکی وا وهبهرچاوناکهوێ. ئه‌وه‌ش نائاسایی نییه. دێمۆکراتیکردنی ژیانی زمانیی ئه‌وه‌نده‌ی دێمۆکراتیکردنی ژیانی ئابووری و سیاسی ئاڵۆز و دژواره. ره‌سمیکردن دیارده‌یێکی سیاسییه به‌و مانایه که کاتێک له‌هجه‌یێک رهسمیدهکرێ ده‌سه‌ڵات ده‌درێ به ئاخێوه‌رانی ئه‌و له‌هجه‌یه و له هه‌مان کاتدا ده‌سه‌ڵات له ئاخێوه‌ری له‌هجه‌ی دی ئینکاردهکرێ، ده‌ستێندرێ، یان که‌م ده‌کرێته‌وه. بۆ وینه ئه‌گه‌ر ته‌نیا سۆرانی ره‌سمی بێ، و کورمانجی-ئاخێوێک و سۆرانی-ئاخێوێک کاریان بکه‌وێته ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی (وه‌کوو دادگا و پۆلیس و نه‌خۆشخانه‌ی ده‌وڵه‌تیی)،له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا یه‌کسان نین و سۆرانی-ئاخێوهکه باشتر ده‌توانێ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بپارێزی.
له کۆمه‌ڵێکی فرهلههجهییدا ره‌سمیکردن، چ ئی لههجههیێک بێ یان دوو له‌هجه، دابه‌شکردنی نابه‌رابه‌رانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زمانیی، سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه، و له بنچینه‌دا کارێکی نادیمۆکراتییانهیه. نابه‌رابه‌ریی زمانیی و له‌هجه‌یی به‌شێکه له نیزامی کۆمه‌ڵایه‌تی که پڕه له ناته‌بایی و ناکۆکی چینایه‌تیی، جینسێتیی، دینیی، ئێتنیک، ره‌گه‌زیی و هتد. ئه‌و نابه‌رابه‌رییانه لێک جوێ نین و به یه‌کتره‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه و پێکه‌وه سیستیمێک پێکدێنن که وێکڕا ده‌یپارێزن. نابه‌رابه‌ریی له‌هجه‌یی/زمانیی به‌رهه‌می ناکۆکییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه به‌ڵام ئه‌و نابه‌رابه‌رییه به نۆبه‌ی خۆی به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی ناکۆکی دیکه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له کۆمه‌ڵی فرهلههجهییدا له‌هجه‌کان نابه‌رابه‌رن، هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌و سیستێمه‌دا ده‌کرێ پێوه‌ندیی زمانیی، به تایبه‌ت پێوه‌ندی له‌هجه‌کان، وا دابڕێژرێ و رێکبخرێ که هه‌ڵاواردنی زمانیی که‌متر بکرێ و ئاخێوه‌رانی له‌هجه ناڕه‌سمییه‌کان مافی زمانیی و مرۆڤییان پێشێلنه‌کرێ.[i] دیاره له چوارچێوه‌ی وڵاتێکی فرهزماندا، پێویسته زمانێکی هاوبه‌ش هه‌بێ که خه‌ڵکی فره‌زمان بتوانن ده‌کاری بێنن و پێی بدوێن، وه ئه‌وه‌ش زۆرتر زمانی ره‌سمی یان زمانێکه که زۆربه‌ی خه‌ڵک پێی ده‌دوێن، به‌ڵام هه‌بوونی زمانێکی "هاوبه‌ش"ی وا ناته‌بایی له‌گه‌ڵ فره‌زمانیی و فره‌له‌هجه‌یی نییه. هه‌روه‌ها، له راده‌ی ناونه‌ته‌وه‌ییدا پێویسته زمانێکی هاوبه‌ش هه‌بێ که گه‌لانی دنیا بتوانن پێکه‌وه بدوێن و له یه‌کتر تێبگه‌ن.
له‌و باسانه‌ی له دوو ساڵی رابردوودا کراون، لایه‌نگرانی سیاسه‌تی "ته‌نیا سۆرانی"، بۆ سه‌لماندنی پرۆژه‌که‌یان سێ گوتار، ئیستیدلال، یان بۆچوونیان هێناوه‌ته‌گۆڕێ: 1- گوتاری یه‌ک نه‌ته‌وه/یه‌ک زمان/یه‌ک له‌هجه (ده‌ڵێن دوو له‌هجه‌یی نه‌ته‌وه دووکوت ده‌کا)، 2- گوتاری زۆریی و که‌میی (ده‌ڵێن سۆرانی-ئاخێو زۆربه‌ی نه‌ته‌وه پێکدێنن و له‌هجه‌که‌یان ده‌بێ ره‌سمیی بێ) و، 3- گوتاری پێشکه‌وتوویی و دواکه‌وتوویی (ده‌ڵێن سۆرانی پێشکه‌وتووتره و ده‌بێ ره‌سمیی بێ). من له‌و زنجیرهنووسراوهدا، ئه‌و بۆچوونانه شیده‌که‌مه‌وه.
لایه‌نگرانی پرۆژه‌ی "ته‌نیا سۆرانی"[ii] کۆمێک یان ده‌سته‌یێکی یه‌ک فکر و یه‌ک ده‌نگ نین. ئه‌و پرۆژه‌یه پرۆژه‌یێکی سیاسییه و سۆرانی-ئاخێوان رێبازی سیاسی جۆراوجۆریان هه‌یه. له‌وانه‌یه کورمانجی-ئاخێوێک لایه‌نگری ئه‌و پرۆژه‌یه بێ و له هه‌مان کاتدا سۆرانی-ئاخێوێک دژایه‌تی سیاسه‌تی "ته‌نیا سۆرانی" بکا. هه‌روه‌ها، لایه‌نگرانی پرۆژه‌که به یه‌ک بۆچوون و تێگه‌یشتنه‌وه له‌و باسانه‌دا به‌شداری ناکه‌ن. من له‌و زنجیره نوووسراوهدا، ته‌نیا باسی رێبازی "شۆڤینیسمی زمانیی" ده‌که‌م. که باسی لایه‌نگرانی "ته‌نیا سۆرانی" یان "سۆرانی‌خواز"ان ده‌که‌م مه‌به‌ستم ته‌واوی لایه‌نگرانی ئه‌و پرۆژه‌یه نییه، و ته‌نیا بۆچوونی شۆڤینیستی لێکده‌ده‌مه‌وه.
شۆڤینیسمی زمانیی
"شۆڤینیسم" دیارده‌یێکی سیاسییه و وه‌ک زاراوه‌یێکی سیاسی ده‌کارهێندراوه[iii]. بۆ وێنه،له زانستیی سیاسه‌ت دا، شۆڤینیسم "وه‌فاداریی له راده‌به‌ده‌ر به گرووپی خۆیی و سووکایه‌تیکردنی شه‌ڕفرۆشانه به گروپی ناخۆییه."[iv] شۆڤینیسمی نه‌ته‌وه‌یی "بڕواکردن به‌وه‌یه که نه‌ته‌وه یان نه‌ته‌وایه‌تیی خۆیی له گشت بارێکه‌وه له گشت نه‌ته‌وه یان نهتهوایهتییهکانی دی به‌رزتره، ئه‌وه‌ش تێڕوانینێکه که خسڵه‌ته‌که‌ی زاڵبوونی خۆههڵکێشانهیه به سه‌ر ئه‌وانه‌ی که گوایه نزمترن."[v] شۆڤینیسمی زمانی بۆچوونێکی سیاسییه که زمان یان له‌هجه‌ی خۆی پێ له زمان یان له‌هجه‌کانی دی باشتر، جوانتر، پێشکه‌وتووتر، ده‌وڵه‌مه‌ندتر، ره‌سه‌نتر، یان رێکوپێکتره. شۆڤینیسم رێبازێک، بۆچوونێک، فکرێک یان تێگه‌یشتنێکی سیاسییه: تاقه‌که‌س شۆڤینیست له دایک نابێ و ته‌نیا له پرۆسه‌ی ژین له کۆمه‌ڵدا، که پڕه له ناکۆکی و نابه‌رابه‌ری و ئیده‌ئۆلۆژی جۆراوجۆر، وه‌دوای فکری شۆڤینی یان هه‌ر بیرێکی سیاسی دی ده‌که‌وێ.
ئه‌و باسه به پێداچوونه‌وه‌یێکی به‌په‌له به شۆڤینیسمی فارسیی و تورکیی و عه‌ره‌بیی دا ده‌ست پێده‌که‌م. زمانی کوردی له هه‌ر چوار وڵات ئامانجی ئه‌و شۆڤینیسمه بووه و کوردی زمانان به ئه‌زموونی خۆیان ده‌یناسن به‌ڵام واهه‌یه باوه‌ڕیان به‌وه‌ی نه‌بێ که شۆڤینیسمی کوردییش له دژی زمانی دی و له دژی له‌هجه کوردییه‌کان له ئارادایه. ئه‌و سێ نموونانه‌ی شۆڤینیسمی زمانیی و نه‌ته‌وه‌یی دیارده‌ی سیاسین و پێوه‌ندییان به تورک بوون یان فارس بوون یان عه‌ره‌ب بوونه‌وه نییه و له‌وانه‌یه، بۆ وێنه، تورکێک دژی شۆڤینیسمی تورکی بێ (وه‌ک ئیسماعیل بێشکچی له تورکییه) یان تورکێک ئاڵای شۆڤینیسمی فارس هه‌ڵبکا (وه‌ک ئه‌حمه‌دی که‌سره‌وی له ئێران).
شۆفینیسمی زمانیی فارسیی، تورکیی و عه‌ره‌بیی
ئه‌و سێ شۆڤینیسمه به په‌یدابوونی ناسیۆنالیسمی فارس و تورک و عه‌ره‌ب له ئاخروئۆخری سه‌ده‌ی نۆزده‌دا سهریانههڵێنا و له سه‌ده‌ی بیست دا له پێشدا له ئێران و تورکییه و دوایه له عێراق و سوورییه بوون به کولهکهیێک له پرۆژه‌ی نهتهوهرۆنان و ده‌وڵه‌تڕۆنان.
سه‌رباقی هێندێک جیاوازی له نێوان ئه‌و سێ پرۆژه ناسیۆنالیستییه‌دا، له ده‌کارهێنانی زمان بۆ داڕشتنی قه‌واره‌ی نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تدا زۆر له یه‌کتر نزیکن. له هه‌ر چواروڵات، له پرۆسه‌ی داتاشینی نه‌ته‌وه‌ی "ئێرانی"، "عێراقی"، "تورک"، و "سوورییه‌یی"دا، زمان ده‌ورێکی گرینگی پێ ئه‌سپێردرا. ئه‌و وڵاتانه گشتییان فره‌زمان و فره‌نه‌ته‌وه و فرهکوولتوورن. سیاسه‌تی هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌بوو که به داسه‌پاندنی زمانێکی ره‌سمی و قه‌ده‌غه‌کردنی زمانه ناره‌سمییه‌کان نه‌ته‌وه‌یێکی یه‌ک زمان و یه‌ک کو‌لتوور و یه‌ک قه‌واره دابڕێژن. حکوومه‌ت بۆ داسه‌پاندنی زمانی ره‌سمی، هه‌م ده‌زگای زه‌بروزه‌نگی وه‌ک پۆلیس، عه‌سکه‌ر، دادگا، و زیندانی وه‌ڕێخست و هه‌م ئامرازی ئیده‌ئۆلۆژیی وه‌ک په‌روه‌رده، راگه‌یاندن، هونه‌ر، زانست و کوولتووری ده‌کارهێنا. ئامانجی ده‌وڵه‌ت، به تایبه‌ت له ئێران و تورکییه و سوورییه، ئه‌وه‌بوو که زمانی ره‌سمیی ببێته زمانی ته‌واوی ئه‌وانه‌ی به زمانی دیکه ده‌ئاخێون. زمانی عه‌ڕه‌بی و فارسی و تورکی بوون به ئامرازی پڕۆژه‌ی زمانکوژی یان ژێنۆسیدی زمانیی.
به‌ڵام یهکزمانیکردنی خه‌ڵکێکی فره‌زمان کارێکی هاسان نه‌بوو و بهربهرهکانییێکی زۆری وه‌ڕێخست. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگ ئامرازی سه‌ره‌کی یهکزمانیکردن بوو، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه به تایبه‌ت ئێران و تورکییه تێکۆشان به هێرشی ئیدهئولوژیی و فکرییه‌وه، زمانی کوردی بێبایه‌خ بکه‌ن و وه‌ک له‌هجه‌یێکی وه‌دواکه‌وتوو و به‌کارنه‌هاتوو بۆ ژیانی کوولتووریی و رۆشنبییریی وه‌لاوه‌ی بنێن.
له تورکییه و ئێران (به تایبه‌ت له حکوومه‌تی ره‌زاشای په‌هله‌وی 1925-1941دا) ده‌کارهێنانی زمانی کوردی له نووسین و خوێندن و ئاخافتن و ته‌نانه‌ت گوێگرتن له رادیۆ و مۆسیقای کوردی له روانگه‌ی قانوونه‌وه جورمێک بوو له دژی ده‌وڵه‌ت، ئه‌ویش جورمی گه‌وره‌ی پێشێلکردنی "ته‌واوێتی ئه‌رزیی" و "یه‌کپارچه‌یی نه‌ته‌وه". له مه‌دره‌سه و زانکۆکان‌دا، یان ده‌بوو باسی کوردی نه‌کرێ یان وه‌ک له‌هجه‌یێکی بێبایه‌خی زمانی ره‌سمی له قه‌ڵه‌م بدرێ.
بۆ وێنه، له ساڵی 1959 دا، کاتێکی نشریه آمار عمومی بۆ هه‌وه‌ڵ جار ئاماری زمان و له‌هجه‌کانی ئێرانی بڵاوکرده‌وه و رایگه‌یاند که له ئێران‌دا ده زمان هه‌یه، چه‌ند مامۆستایێکی زمان‌ناس هه‌ستیان به مه‌ترسی کرد و رایانگه‌یاند که له ئێران یه‌ک زمان زیاتر نییه و ئه‌ویش زمانی فارسییه. بۆ وێنه، صادق کیا، مامۆستای زمانی په‌هله‌وی، له وتوووێژێکدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی کیهان که له ژێردێڕی "در ایران فقط یک زبان وجود دارد" بڵاوبۆوه، کوتی که له ساڵانی رابروودا، حه‌ولدراوه هێندێک "گویش ئێرانی" وه‌کوو کوردی پێیان بنووسرێ و ئه‌ده‌بیاتیان بۆپێکبێنن. کیا کوتی له‌و تێکۆشانه‌دا، که مه‌به‌سته‌که‌ی سه‌رنخوونکردنی ده‌سه‌ڵاتی زمانی فارسییه، ده‌رکه‌وتووه که ئه‌و له‌هجانه توانای دانانی وشه‌ی زانستیی و دینیی و کوولتوورییان نییه و ده‌بێ ئه‌و وشانه له فارسی یان زمانی دیکه وه‌ربگرن:
در چند سال اخیر کوشش شدهاست که برخی از گویشهای ایرانی مانند پشت‌و، بلوچی، کردی شمال عراق در نوشتن به کار رود و صورت ادبی و رسمی پیدا کند.
این کوشش که برای برانداختن زبان فارسی انجام می‌گیرد نشان داده است که گویشهای ایرانی توانائی ساختن واژههای علمی و دینی و فرهنگی را ندارند و برای تکمیل خود باید اینگونه واژهها را از فارسی یا زبان های دیگر عاریه کنند یا به تقلید فارسی و تغییر مختصر در واژههای آن لغات تازهای بسازند....
... از بیش از هزار سال پیش تمام ایرانیان در کارهای علمی و فرهنگی خود یک زبان بکار بردهاند و می برند و آن زبان فارسی است که تمام ملت ایران در آن سهیم است... زبان فارسی یگانه زبان فرهنگی و علمی و معنوی ایرانیان است و زبانی است بسیار ساده و آسان و زیبا و توانا. در این زبان حرف تعریف و مذکر و مونث و خنثی، تثنیه، تغییر پایان اسم و ضمیر و صفت و در حالتهای مختلف و صرف پیچیده و دشوار فعل وجود ندارد...[vi]
له درێژه‌ی ئه‌و قسانه‌دا، کیا دوای ئه‌وه‌ی رایگه‌یاند که کوردی و به‌لووچی زمان نین و "گویشی" (له‌هجه‌ی) فارسین، کوتی عه‌ره‌بی و تورکی و هه‌رمه‌نیش زمان نین و ده‌بێ وه‌ک له‌هجه‌ی فارسی دابندرێن له به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی وشه‌کانیان، به تایبه‌ت وشه‌ی "معنوی و فرهنگی"یان له فارسی وه‌رگرتووه. به‌ڵام ئه‌و ئیدیعایه (تورکی و عه‌ره‌بی و هه‌رمه‌نی وشه‌ی خۆیانیان نییه) وه‌ک فاکت هه‌ڵه‌یه و داتاشراوه، و له هه‌مان کاتدا گاڵته پێکردنه به زانستی زمان‌ناسی (وای داده‌نێ که زمان کۆمه‌ڵێک وشه‌یه). ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌وانه زمان نه‌بن و له‌هجه‌ی فارسی بن، هه‌ر به‌و پێوانه‌یه فارسی ده‌بێ له‌هجه‌یێکی عه‌ره‌بی بێ له به‌ر ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی وشه‌کانی، هه‌م "معنوی" هه‌م "غیر معنوی"، له عه‌ره‌بی وه‌رگیراون.[vii] دوایه‌ش، کیا له "رادیو ایران" له به‌رنامه‌ی "مرزهای دانش"دا ئه‌و قسانه‌ی دووپاته کرده‌وه و کوتی ده‌کارهێنانی له‌هجه‌کان له قسه‌کردنی رۆژانه و کاروباری ماڵبات و "محلی" دا عه‌یبی نییه به‌ڵام حه‌ولدان بۆ دانانی شیعر و ئه‌ده‌بیات و نووسراوه‌ی زانستی به‌و له‌هجانه ده‌بێته هۆی ناکۆکی خستن له نێو نه‌ته‌وه‌دا، و"ته‌عه‌سوبی عێلاتی و قه‌ومیی" وه‌ڕێده‌خا:
بنظر من بکاربردن گویش ها در گفتگوی روزانه و زندگی خانوادگی و محلی عیبی ندارد ولی کوشش در پدید آوردن شعر و ادبیات و نوشته های علمی برای آنها کار بیهوده ای است که جز اتلاف وقت و تفرقه در میان دسته های گوناگون ملت و ایجاد تعصب های ایلی و قومی و بی اطلاع ماندن از ادبیات فارسی و فرهنگ که‌ن مشترک ایرانی که ریخته فکر و کوشش نیاکان همه ما است نتیجه ای نخواهد داشت.
کیا لێره‌دا بانگه‌شه بۆ پڕۆژه و سیاسه‌تی بهلههجهکردنی (dialectization) زمانی غه‌یری فارسی ده‌کا. ئه‌و سیاسه‌ته ژیانی رۆشنبیریی و ژیانی رۆژبهڕۆژیی به‌گوێره‌ی زمان دابه‌شده‌کا و له‌یه‌کتریان داده‌بڕێ: زمانی فارسی ده‌کاته زمانی "کوولتووری به‌رز"، واته زمانی رۆشنبیریی بۆ خوێندن و نووسین، زانست، هونه‌ر، ئه‌ده‌بیات، په‌روه‌رده، و راگه‌یاندن. کوردی و زمانه‌کانی دیش ده‌کاته "گویش"ێک که ته‌نیا شیاوی ده‌کارهێنان له ژیانی رۆژانه‌ن، ئه‌ویش هه‌ر به شێوه‌ی زاره‌کی. ئه‌وه پڕۆژه‌یێکی ناڕۆشنبیریکردنی زمانه که له هه‌مان کاتدا پڕۆژه‌ی "محلی" کردنیشه: فارسی زمانی نه‌ته‌وه‌ییه و زمانه‌کانی دی "گویش محلی"ن. به‌ڵام کیا به محه‌لی کردنیش رازی نییه و پێی وایه نێوی وه‌کوو "کوردی" نادروسته و بایه‌خی "زانستییانه"ی نییه له‌به‌رئه‌وه‌ی که کوردی له‌هجه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه، و ئاخاوتنیان عێل به عێل و گوند به گوند جیاوازه و ناتوانن له یهکهکتری تێبگه‌ن:
... اصطلاحاتی مانند لری و کردی از نظر زبان شناسی ارزشی ندارد و شایسته است که از این پس هر یک از گویشهای آنها را بنام جداگانه‌ای خواند و در بررسیهای علمی فریب این گونه نامها را نخورد. باید دانست که هر یک از این گویش های کردی و لری... در داخل خود از ایلی به ایل دیگر از یک آبادی به آبادی دیگر فرق هائی پیدا می‌کند...[viii]
به کورتی، شۆڤینیسمی فارسیی ئینکاری فره‌زمانی بوونی خه‌ڵکی ئێران ده‌کا و ده‌یه‌وێ به زۆره‌ملی بیسه‌لمێنێ که له ئێران‌دا هه‌ر یه‌ک زمان هه‌یه و ئه‌ویش فارسییه و زمانه‌کانی دی له‌هجه‌ی فارسین. ئه‌و ئیدیعایه هیچ پێوه‌ندییێکی به زمانناسییه‌وه نییه و ته‌نیا خه‌یاڵاتی ناسیۆنالیستێکی توندوتیژه که ده‌یه‌وێ به یهکزمانیکردنی خه‌ڵکی فره‌زمانی ئێران نه‌ته‌وه‌یێکی یه‌کگرتووی فارسی-ئاخێو دابتاشێ. به‌ڵام فارسیش وه‌کوو کوردی و گشت زمانی دی، له‌هجه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه، که گوند به گوند، مه‌ڵبه‌ند به مه‌ڵبه‌ند، شاربه‌شار و جاری وا هه‌یه گه‌ڕه‌ک به گه‌ڕه‌ک جیاوازییان هه‌یه.[ix] هه‌روه‌ها گشت زمانێکی زیندوو وشه ده‌خوازێ و فارسی خۆی له وشهخواستن دا له رێزی ههرهپێشهوهیه. گشت زمانێکیش، چ کوردی و به‌لووچی و چ فارسی و فه‌رانسه‌یی، ده‌زگای وشه‌ڕۆنانی خۆی هه‌یه و وشه‌ی نوێ داده‌نێ. ته‌نانه‌ت وشه‌ی خوازراویش له‌و ده‌زگای وشهڕۆنانهدا کاکڵ و توێکڵی خۆماڵی په‌یداده‌کا. زمانه ئه‌ده‌بییه گرینگه‌کانی دنیا له عه‌ره‌بی و فارسی و چینییه‌وه له رۆژهه‌ڵات ڕا بگره هه‌تا ئینگلیسی و رووسی و ئه‌لمانی له رۆژئاوا هه‌م وشه‌یێکی زور له زمانی دی ده‌خوازن و هه‌م وشه‌ی نوێ داده‌ڕێژن. زمانێکی وشه نه‌خوازێ زمانێکی به‌کار و پێشکه‌وتوو نییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زمان ده‌ورێکی گرینگ له پێکهاتنی نه‌ته‌وه و بیری نه‌ته‌وه‌یی دا ده‌گێڕێ، تاقهزمانیی قه‌ت نه‌یتوانیوه یه‌کگرتوویی ئاخێوه‌ران به‌دیبێنێ یان بیپارێزێ. بۆ وێنه، ئینگلیسی-ئاخێوانی ئه‌مریکا له 1776دا له ئینگلستان جوێبوونه‌وه و وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ، "وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا"یان، دامه‌زراند. هه‌روه‌ها، دوای رووخانی ئیمپراتوریی ئوتریش-مه‌جار له 1918دا، ئه‌لمانی زمانه‌کان نه‌بوون به یه‌ک نه‌ته‌وه و به‌شێکیان نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌تی ئوتریشیان پێکهێنا و به‌شێک بوون به نه‌ته‌وه‌ی ئه‌لمان و به‌شه‌کانی دی وێڕای ئاخێوه‌ری زمانی دی نه‌ته‌وه‌ی سویس، و بلژیک و لوگزامبورکیان دامه‌زراند. له رؤژهه‌ڵات، یه‌کێتی زمانی فارسی کلاسیک و ئه‌ده‌بیاته مه‌زنه‌که‌ی قه‌ت نه‌یتوانی ئاخێوه‌رانی ئه‌و زمانه له یه‌ک وڵات دا کۆبکاته‌وه و بیان کا به یه‌ک نه‌ته‌وه. ئه‌وڕۆ فارسی، له سێ وڵاتی هاوسێ دا به سێ ناوی جیاواز و به سێ ستاندارد (فارسی، ده‌ری، تاجیکی) زمانی ره‌سمیی سێ نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌تی جیاوازه. زمانی عه‌ره‌بی "الفصحی"ش به ته‌واوی صرف و نحو و رێنووسه یه‌کگرتووییه‌که‌ی نه‌یتوانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و نیشتمانه‌که‌ی به‌دی بێنێ و ئێسته به سه‌ر 21 نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌ت دا دابه‌ش بووه و ستانداردی جۆراوجۆری لێ هه‌ڵده‌قوڵێ.
شۆڤینیسمی فارسیی، که صادق کیا یه‌کێک له نوێنهرهکانێتی، ره‌نگه له شۆڤینیسمی تورکیی ئه‌هوه‌ن تر بێ به‌ڵام له باری سیاسی و فکرییه‌وه له یه‌ک ره‌چه‌ڵه‌کن– شۆڤینیسمی نه‌ته‌وه‌یی. له تورکییه، زه‌بروزه‌نگی ده‌وڵه‌ت له دژی زمانی کوردی له ئه‌وپه‌ڕی خۆی دا بوو و قسه‌کردن، چ له مه‌ودای خسووسیی وه‌کوو ماڵ و چ له مه‌ودای گشتیی وه‌کوو مه‌دره‌سه و قاوه‌خانه و کووچه‌وکۆڵان و ئیداره‌دا، قه‌ده‌غه‌کرا. شۆڤینیسمی زمانیی به پرۆپاگاندا له ئامڕازی راگه‌یاندن و له مه‌دره‌سه‌کاندا حهولیدا زمانی کوردی وه‌ها بێبایه‌خ ۆ بێڕێزبکا که کوردی-ئاخێوان شه‌رمه‌زاری زمان و ره‌چه‌ڵه‌کی خۆیان بن و زارۆکان پێیان عه‌یب بێ یان نه‌وێرن به زمانی خۆیان بدوێن. شۆڤینیسته‌کانی تورکییه، وه‌ک ئه‌وانه‌ی ئێران، ده‌یانه‌ویست بیسه‌لمێنن که کوردی زمان نییه و له‌هجه‌یێکی شپڕێوی تورکییه. بۆ ماوه‌ی زیاتر له نیو سه‌ده، ئه‌و ئه‌فسانه‌یان دووپاته کرده‌وه که کوردی رێزمانی نییه و ته‌نیا 8428 وشه‌ی هه‌یه که 300 یان کوردین و ئه‌وانی دی له زمانی جۆراوجۆر وه‌رگیراون. ده‌یانکوت له‌هجه‌یێکی وا دواکه‌وتوو و شپرزه ناتوانی نووسین و ئه‌ده‌بیاتی هه‌بێ و ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه‌تی "بێگانه" بۆی سازکردوون. [x]
ئه‌و شۆڤینیسمه به‌ردی بناغه‌ی سیاسه‌تی زمانیی ریژیمی که‌ماڵیستی بوو. له کاتێکدا ئاخاوتن به کوردی و هه‌رمه‌نی و سوریانی و یونانی و عه‌ره‌بی سه‌رکوت ده‌کرا، له زمانی تورکیشدا وشه‌ی خوازراو له عه‌ره‌بی و فارسی دادهبێژرا و زمانه‌که‌یان په‌تی ده‌کرد. به‌ڵام کاتێکی ئه‌و پڕۆژه‌ی په‌تیکردنه سه‌رنه‌که‌وت، "تێۆری زمانی خۆره‌تاو"یان هێنا گۆڕێ بۆ ئه‌وه‌ی پاکانه بکه‌ن بۆ ئه‌و شکسته. ئیدیعای ئه‌و "تیۆرییه" ئه‌وه‌یه که گشت زمانه‌کان له وشه‌ی تورکی "گوینه‌ش" (خۆره‌تاو) وه‌رگیراون، که‌وابوو ده‌کرا بڵێی هه‌رچی وشه‌ی خوازراوه له بنه‌ڕه‌ت ڕا هه‌ر تورکین. صادق کیاش که نه‌یده‌توانی زمانی فارسی په‌تی بکا، جاڕی دا که هه‌رچی وشه‌ی عه‌ره‌بییه "قه‌لبی" وشه‌ی فارسییه.
بارودۆخی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق و سوورییه له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێران و تورکییه جیاوازبوو. له ئێران و ئیمپراتوری عوسمانی، ناسیۆنالیسمی فارس و تورک له ئاخری سه‌ده‌ی نۆزده‌وه په‌یداببوون و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تییان به‌ده‌سته‌وه‌بوو یان له‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا به‌شدار بوون (له ئێران له 1906 و له عوسمانی له 1908 به‌ولاوه). پێش شه‌ری جیهانی هه‌وه‌ڵ، کاتێکی ناسیۆنالیسته عه‌ره‌به‌کان به هیوای رووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانی عه‌ره‌بی بوون به خه‌یاڵیاندا نه‌ده‌هات نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌که‌یان له‌توکوت بکرێن و بیست ویه‌ک نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تی لێ دابتاشرێ. به‌ڵام به رووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ناسیۆنالیسته‌کان خۆیان بوون به ئامرازی پرۆژه‌ی دابه‌شکردن که ئینگلیس و فه‌رانسه به‌ڕێوه‌یان ده‌برد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دوو ده‌وڵه‌تی ئینتیداب (ئینگلیس و فه‌ڕانسه) عێراق و سووریه‌یان وه‌ک ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بیی دامه‌زراند، نه ناسیونالیسمێکی عێراقی له‌گۆڕێ دا بوو نه ناسیۆنالیسمێکی سوورییه‌یی. به‌ڵام له پڕۆسه‌ی داڕژتنی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته دا، ناسیۆنالیسمی عه‌ره‌بی-عێراقی و عه‌ره‌بی-سوورییه‌یی داتاشرا. بۆ وێنه ابوخلدون ساطع الحصری، که خه‌ڵکی یه‌مه‌نێ بوو و حکوومه‌تی ئینتیداب هێنایه به‌غدایه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته "مودیری مه‌عاریفی عاممی" عێراقێ (1921-1927)، ناره‌زایی خۆی ده‌ربڕی له‌وه‌ی که هه‌م خوێنده‌واران و هه‌م "عامةالناس" وشه‌ی "عرب" به مانای "بدوی" و "فلاح" ده‌کاردێنن. ساطع الحصری به مودیران و مامۆستایانی راگه‌یاند که ده‌کارهێنانی وشه‌ی عه‌ره‌ب به‌و مانایه دژی په‌روه‌رده‌ی نیشتمانپه‌روه‌رانه و نه‌ته‌وه‌ییه و ئه‌رکی مامۆستایان ئه‌وه‌یه که فێری خوێندکاران بکه‌ن که مانای وشه‌ی "عه‌ره‌ب" چینێک له چینه‌کانی خه‌ڵک نییه و به‌ڵکه ته‌واوی ئه‌ندامانی ئوممه‌یه و مامۆستایان خۆیان نابێ هه‌ڵه‌ی وا بکه‌ن و ده‌بێ له ده‌رس و باس‌دا "نێوی ئه‌و ئوممه‌ته گه‌وره‌یه" به دروستی ده‌کاربێنن. ساطع الحصری له "البلاغ العام"ێک دا ئه‌مری کرد که مامۆستا و خوێندکار ده‌بێ وشه‌ی "عه‌ره‌ب" به مانای "نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب" ده‌کار بێنن:
من المعلوم ان عامة الناس قد اعتادوا استعمال کلمة «عرب» بمعنی «بدوي» و «فلاح». فکثیراً ما یقولون مثلاً «ذهب الی العرب» او «کان عند العرب» بمعنی: «ذهب الی البادیة» أو «کان بین البدو»...
لما کان هذا الاعتبار مخالفاً لما تقتضیه التربیة الوطنیة و القومیة کل المخالفة، و لما کان أسمی الغایات التی یجب ان یستهدفها المعلمون في دروسهم و اعمالهم هي بث الاخلاق الفاضلة بصورة عامة، و تقویة الشعور الوطنی و القومي بصورة خاصة، رأینا ان نلفت أنظار جمیع المدیرین و المعلمین الی هذا الاُمر المهم، و نطلب الیهم:
«ان یجتهدوا في ازالة هذا الخطأ بکل ما لدیهم من قوة و نشاط، و ان یفهموا التلامیذ بکل دقة و اعتنأ معنی «الفلاح» و «البدوي» و «العربي»...و یوضحوا له‌م ان کلمة العرب لا تدل علی صنف من صنوف الخلق، بل هي تدل علی جمیع افراد الأمه، و یعودوهم علی استعمالها بهذه الصورة و یجنبوا أنفسهم من الاشتراک فی هذه الغلطة، و استعمال اسم هذه الامة العظیمة التي یجب ان تفتخر فی الانتساب الیها، بهذا المعنی العامي، سوا‌ء أکان في دروسهم، أو في محادثاتهم».[xi]
هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا که ساطع الحصری به ده‌ست تێوه‌ردانی زمانی عه‌ڕه‌بی ده‌یه‌ویست هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی-عێراقی دابتاشێ، رێگه‌ی له ده‌ست تێوه‌ردانی ئه‌لفوبێی کوردی ده‌گرت بۆ ئه‌وه‌ی زمانی کوردی نه‌بێته ئامرازی نهتهوهڕونانی کوردیی. بۆ وێنه، داوای له تۆفیق وه‌هبی کرد که رێزمانێکی کوردی بۆ مه‌دره‌سه سه‌ره‌تاییه‌کان دابنێ به‌ڵام ئه‌و رێزمانه ده‌بوو کوردی له عه‌ڕه‌بی دوورنهکاتهوه. وه‌هبی پێی وابوو، ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی بۆ نوسینی کوردی که‌موکووڕی هه‌یه و ده‌بێ چاک بکرێ و، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، چه‌ند نیشانه‌ی له حه‌رفه عه‌ره‌بییه‌کان زیادکرد. ساطع الحصری به توندی به‌ربه‌ره‌کانی ئه‌و به‌رنامه‌ی کرد و کوتی عه‌ره‌بی زمانی قورعانه و دانانی نیشانه و زیادکردنی نوخته له حه‌رفی عه‌ره‌بی کوفره. وه‌هبی له وه‌ڵامدا کوتی کاتێکی قورعانیان نووسییه‌وه، حه‌رفی عه‌ره‌بی ئیعراب و نوخته‌ی نه‌بوو، و قورعانه ده‌ستنووسه هه‌ره‌کۆنه‌کان نه ئیعرابیان هه‌بوو نه نوخته، و دوای ئه‌وه‌ش که ئه‌و نیشانانه‌یان دانا، زمانی فارسی هه‌م نوخته‌ی لێ زیادکرد و هه‌م نیشانه.[xii]
ئه‌وه‌ی تا ئێسته گێڕاومه‌ته‌وه دڵۆپێکه له ده‌ریایێک گوتار، بۆچوون، سیاسه‌ت و کرده‌وه‌ی شۆڤینیسمی فارسیی و تورکیی و عه‌ڕه‌بیی. له سه‌ده‌ی بیست دا، به تایبه‌تی دوای شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م، گه‌لی کورد و زمانه‌که‌ی ئامانجی سیاسه‌ت و کرده‌وه‌ی ئه‌و سێ شۆڤینیسمانه بوون و ره‌نگه چاوه‌ڕێ بکرێ که قوربانییه‌کانی ئه‌و سێ پڕۆژه‌ی زمانکوژییه خۆیان وه‌دوای سیاسه‌ت و کرده‌وه‌ی وا نه‌که‌ون. به‌ڵام له زۆر بواری زمان و سیاسه‌تی زمانییدا، هێندێک له سورانیخوازهکان به‌و رێیه‌دا ده‌ڕۆن که ئه‌و سێ شۆڤینیسمه خۆشیان کردووه.
شۆڤینیسمی سۆرانی
"شۆڤینیسمی سۆرانیی" له‌هجه کوردییه‌کان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ، نرخیان بۆ داده‌نێ، پله‌به‌ندییان ده‌کا، و نه‌زمێکی به‌رزیونزمێتی (هیرارشی) یان پێ سازده‌کا و وایداده‌نێ که ئه‌و پله‌به‌ندییه سروشتیی و پێویست و نه‌گۆڕه و ده‌بێ بپارێزرێ. له لووتکه‌ی ئه‌و نیزامی به‌رزییونزمییه‌دا، سۆرانی له سه‌ر ته‌ختی حکوومه‌ت داده‌ندرێ هه‌تا له‌هجه‌کانی دی خزمه‌تی بکه‌ن. ده‌ڵێن به‌رزه‌نشینیی سۆرانی له به‌رئه‌وه‌یه که له له‌هجه‌کانی دی باشتر، پێشکه‌وتووتر، ده‌وڵه‌مه‌ندتر، ره‌سه‌نتر و رێکوپێکتره. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی که هیچ بهرزییێک به بێ نزمی به خه‌یاڵدا نایه، بڕوا به به‌رزیی سۆرانی ره‌گه‌ڵ باوه‌ڕێکی دی ده‌که‌وێ: نزمبوون و دواکه‌وتوویی له‌هجه‌کانی دی. لایه‌نگرانی "ته‌نیا سۆرانی" له دوو ساڵی رابردوودا، ئه‌و بۆچوونه‌یان به راشکاوی ده‌ربڕیوه، هه‌م به ئه‌هوه‌نی و هه‌م به توندوتیژی. لێره‌دا، بۆ وێنه چه‌ند رسته‌یێک له‌و بۆچوونه به‌بێ ده‌ستتێوه‌ردان ده‌گێڕمه‌وه:
ئایا دەکرێت هەرێمی کوردستان بکەن بە مۆڵگەی شێوەزارەکان، خەڵک بەگشتی لەو دوو شێوەزارە بێزارە کە لەڕاگەیاندنەکاندا پەیرەو دەکرێن، نۆرەی ئەوەیە هەر شارە و لادێیەک بەشێوەزاری خۆی بخوێنێت! وەک چۆن نها لەدەڤەری بادینان هەنگاوێکی لەو جۆرە نراوە!!!! ئەمە لەکاتێکدا ئەو پێشنیارەنە ئەو تایبەتمەندییەی هەرێم لەبەرچاو ناگیرێت! کە زووربەی زۆری سۆرانیبێژە، لەچوار پارێزگا یەک پارێزگای کە ڕێژەیەکی کەمیش دانیشتوانی هەیە، بە شێوەزاری بەهدینی قسان دەکەن! ئەم هەژموونی شێوەزاری سۆرانییە وای کردووە کە بەهدینیبێژان زۆر باش لەشێوەزاری سۆرانی تێبگەن و بپەیڤن. هاوکات پەیڤینی بەهدینییەکان تێکەلێکە لەسۆرانی و عەرەبی کە وای کردووە، سۆرانیبێژان لەوان زیاتر وەک لەکوردەکانی باکوور و ڕۆژئاوا بگەن.[xiii]
ئه‌وه پاڕاگرافێکه له نووسراوه‌یێکی هه‌شت-نۆ پاڕاگرافی به‌ڵام هه‌ر ئه‌و چه‌ند رسته‌یه بنه‌ماکانی شۆڤینیسم به‌راشکاویی ده‌رده‌بڕن:
1- نووسه‌ر له‌هجه‌ی [شێوه‌زاری] خۆی (سۆرانی) وه‌ک زمان داناوه و ئه‌وانی دی کردۆته له‌هجه و ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر کورمانجی [به‌هدینی] له نووسین و خوێندندا ده‌کاربێ وای لێدێ که "هه‌ر شاره و لادێیه‌ک به شێوه‌زاری خۆی بخوێنێت." له زانستییه‌کانی زماندا له‌مێژه ئه‌و چه‌شنه سیاسه‌تی بهلههجهکردنه وه‌ک بیانوویێک بۆ سه‌رکوتکردنی زمانیی باسی لێکراوه و شیکراوه‌ته‌وه. بۆ وێنه تۆڤه سکووتناب-کانگاس، شاره‌زایێکی مافی زمان، ده‌ڵێ:
گرووپێکی که ده‌سه‌ڵاتی سهرووزیادی هه‌بێ ده‌توانێ به گرووپێکی دی بڵێ: "ئه‌وه‌ی که ئێمه قسه‌ی پێده‌که‌ین زمانه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێوه قسه‌ی پێده‌که‌ن هه‌ر له‌هجه‌ی زمانی ئێمه‌یه. زمانی ئێمه ته‌واو گه‌شه‌یکردووه، مۆدێرنه، ده‌وڵه‌مه‌نده، مه‌نتیقییه. به‌ڵام له‌هجه‌ی تۆ سه‌ره‌تاییی [پریمیتیڤ]، گه‌شه‌نه‌کردوو، سونه‌تیی، وشهههژار، عاتفی، ناعه‌قڵانی، به‌کارنه‌هاتوو بۆ په‌روه‌رده یان کارگێڕی و ئه‌ده‌ب و فکرکردنه‌وه یان شارستانییه‌ته (سه‌رچاوه‌کان...)." ئه‌وه ئه‌و شته‌یه که تورکان به کوردانی ده‌ڵێن: کوردی له‌هجه‌یێکی گه‌شه‌نه‌کردووی تورکییه. نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تی تورکییه بۆ ماوه‌یێکی زۆر به کوردانیان ده‌کوت تورکی کێوی، و به زمانه‌که‌شیان ده‌کوت له‌هجه‌یێکی شێواوی تورکی که به ته‌نیایی له شاخوکێوان گووراوه و هه‌ربۆیه هێندیک روخساری تایبه‌تی هه‌یه که له تورکی راسته‌قینه و ره‌سه‌ندا په‌یدا نابێ (سه‌رچاوه...). کوردی هه‌ڵبه‌ته هیچ په‌یوه‌ندی به تورکییه‌وه نییه، هه‌روه‌ک زمانی له‌هستانی پێوه‌ندی به ژاپۆنییه‌وه نییه. لێره‌دا ئێمهیێک داده‌تاشرێ به‌ڵام دوایه ده‌کرێته به‌رزیونزمێتی (هیرارشی): hierarchized ئێمه وه‌کوو یه‌ک واین، به‌ڵام ئێوه، ئێمهیێکی که‌موکورتن و هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ش بۆ وه‌ی نابن چاره‌نووسی خۆتان دابین بکه‌ن.[xiv]
2- نووسه‌ر ته‌نیا به‌وه رازی نییه که له‌هجه‌ی خۆی به زمان دابنێ و له‌هجه‌کانی دی بخاته پله‌یێکی نزم. ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر بێتوو زمانی کوردی دوو له‌هجه‌ی ره‌سمیی هه‌بێ هه‌رێمی کوردستان ده‌بێته "مۆڵگه‌ی شێوه‌زاره‌کان." که وابوو کوردستان به سۆرانییه‌وه کوردستانه و ئه‌گه‌ر بێتوو کورمانجیش وێڕای سۆرانی ره‌سمیی بکرێ کوردستان ده‌بێته "مۆڵگه‌ی" له‌هجه‌کان. "مۆڵگه" وشه‌یێکی ئابووری ئاژه‌ڵداری سونه‌تیی کوردستانه که له فه‌رهه‌نگه‌کاندا ئاوا ماناکراوه‌ته‌وه: "په‌چه‌ی حه‌یوان( "فه‌رهه‌نگی کشت و کاڵ، به‌رگی دووهه‌م، ل. 114)، "جێگای مۆلدانی ئاژاڵ" (فه‌رهه‌نگی خاڵ)، "مأوی المواشي لیلا و فی الظهر" (فه‌رهه‌نگی مه‌هاباد، ل. 592)، و "جای استراحت گاوان" (عباس جلیلیان، فرهنگ باشور، تهران، انتشارات پرسمان، 1385، ل. 685). ده‌کارهێنانی "مۆڵگه" بۆ ده‌ربڕینی مه‌به‌ستی سیاسی هه‌وه‌ڵ جار له کوردستانی خواروو له ساڵانی 1961-1991دا له ته‌رکیبی "مۆڵگه‌ی جاشان" دا وهسهرزاران که‌وت و ئێسته‌ش لایه‌نگرێکی رێبازی "ته‌نیا سۆرانی" بۆ له‌هجه ناسۆرانییه‌کان ده‌کاریدینێ.
3- هه‌ر له‌و پاڕاگرافهدا، نووسه‌ر ده‌ڵێ له‌به‌ر هێژێمۆنی سۆرانی، "بههدینیبێژان زۆر باش له شێوه‌زاری سۆرانی" تێده‌گه‌ن و قسه‌ی پێده‌که‌ن. جا پێی وایه ئه‌و تێگه‌یشتنه به‌رینه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که "په‌یڤینی بههدینییهکان تێکه‌ڵێکه له سۆرانی و عه‌ره‌بی"، وه‌ها که سۆرانی-ئاخێوان له وان زیاتر تێده‌گه‌ن تا له "کورده‌کانی باکوور و رۆژئاوا". بنچینه‌ی ئه‌و ئیدیعایه بڕوا به سه‌روه‌ریی سۆرانییه: گرینگ ئه‌وه‌یه که سۆرانی-ئاخێوان له خه‌ڵکی بادینان تێبگه‌ن، چونکه خه‌ڵکی بادینان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سۆرانی زمانی راسته‌قینه‌ی کوردییه و تێکه‌ڵاوی عه‌ره‌بی نییه، له سۆرانی تێناگه‌ن و ده‌بێ فێره سۆرانی بکرێن. به‌کورتی، کورمانجی پله‌وپایه‌ی له‌هجه‌یێکی خۆبژیو و خۆبژوێنی نییه و چێشتی مجێوری زمان و له‌هجه‌ی دیکه‌یه. لێره‌دا به پێویستی نازانم ئه‌و بۆچوونه له باری سیاسیی و ئیدهئۆلۆژییهوه هه‌ڵسه‌نگێنم. ته‌نیا پێویسته بڵێم که، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه، له روانگه‌ی زمانناسییه‌وه، زمان له کۆمه‌ڵێک وشه پێکنه‌هاتووه. زمان سیستیمێکی ئاڵۆزی پێکهاتوو له چه‌ند ژێر-سیستێمانه وه‌کوو سیستێمی ده‌نگیی، سیستێمی مۆرفۆلۆژیی، سیستێمی وشه‌یی، سیستێمی رسته‌یی، سیستێمی مانایی، سیستێمی گوتاریی که هه‌رکام له‌وانه‌ش وردهسیستێمی خۆیان هه‌یه و به یه‌که‌وه به‌سترانه‌ته‌وه. جا له‌و سیستێمه ئاڵۆزه دا، ئه‌گه‌ر ئه‌وه راست بێ که کورمانجی-ئاخێوانی بادینان باشتر له سۆرانی تێده‌گه‌ن،[xv] له به‌ر وه‌ی نییه که بادینی تێکه‌ڵاویی سۆرانی و عه‌ره‌بییه. ئه‌گه‌ر "په‌یڤینی بههدینییهکان" تێکه‌ڵاوی عه‌ره‌بی و سورانییه، په‌یڤینی سۆرانیش تێکه‌ڵاوی عه‌ره‌بیی و زۆر زمان و له‌هجه‌ی دیکه‌یه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست زمانی نووسینه، سۆرانی به شێوه‌یێکی سه‌ره‌ڕۆیانه پهتیکراوه و کورمانجیش، هاوکات له گه‌ڵ سۆرانی، به گۆڤاری وه‌کوو هاوار و رۆناهی و رۆژانوو و ستێر و چاپه‌مه‌نی دیکه (هه‌م به ئه‌لفووبێی عه‌ڕه‌بی و هه‌م به لاتینیی) به‌و رێیه‌دا رۆیشتووه. بێجگه له‌وه‌ش، زۆربه‌ی وشه‌ی پهتیکراوی له‌هجه‌یێک ده‌کرێ له لههجهکهیدیدا ده‌کاربێ. له روانگه‌ی زمانناسییه‌وه وشهخواستن له زمانی دی خسڵه‌تی زمان ناگۆڕێ و، به پێچه‌وانه، زمان خسڵه‌تی وشه‌ی خوازراو ده‌گۆڕێ و خۆماڵیی ده‌کا. وه‌رگرتنی وشه له زمانی دیکه یه‌کێک له پرۆسه‌کانی زیندوویی و زیندوومانه‌وه‌ی زمانه به‌ڵام شۆڤینیسمی زمانیی وه‌ک مردنی چاولێده‌کا.
4- نووسه‌ر پێی وایه ئه‌گه‌ر کورمانجی بادینان له باری چۆنێتییه‌وه به کاری هیچ نایه له باری چهندێتییهوهش هیچکاره‌یه: "تایبه‌تمه‌ندێتی هه‌رێم...[ئه‌وه‌یه] که زۆربه‌ی زۆری سۆرانیبێژه، له چوار پارێزگا یه‌ک پارێزگای که رێژه‌یه‌کی که‌میش دانیشتوانی هه‌یه، به شێوه‌زاری به‌هدینی قسان ده‌که‌ن." که‌سێکی بادینانی نه‌دیبێ و له‌و قسانه وردنه‌بێته‌وه، ره‌نگه پێی وابێ بادینان چۆلکراوه. ده‌کرێ بپرسین ئه‌وه راسته که بادینان "رێژه‌یه‌کی که‌می" دانیشتوو هه‌یه؟ ئه‌و رێژه که‌مه ده‌بێ چه‌نده بێ که ئاوا به‌که‌م داده‌ندرێ؟ به کام سه‌رئه‌ژمێری؟ به کام به‌ڵگه؟ پێوانه‌ی که‌میی و زۆریی چییه، کێ دایناوه و له کوێوه هاتووه، و ج پێوه‌ندییێکی به مافی زمانییه‌وه هه‌یه؟ ئه‌وه‌نده روونه که تا ئێسته حکوومه‌تی هه‌رێم ئاماری له‌هجه‌کانی کۆنه‌کردۆته‌وه و دیاره به بێ زانیاری وا خهریتهیێکی رێک‌وپێکی زمانه‌کان و له‌هجه‌کانیش له‌به‌رده‌ست دانییه.
با ئه‌و پرسیاره بکه‌م: ئه‌و رقههڵستانه، ئه‌و بێڕێزیکردنه و سووکایه‌تیکردنه به له‌هجه‌ی دیکه له کوێوه دێ و بۆ کوێ ده‌چێ؟ من له‌و روانگه‌یه (روانگه‌ی یه‌ک زمان/یه‌ک له‌هجه‌ی سۆرانیخوازه‌کان) تێڕانابینم که فره‌له‌هجه‌یی وه‌ک "باغچه‌ی شێوه‌زاره‌کان" یان "گوڵزاری شێوه‌زاره‌کان" تێ‌بگا. به‌ڵام کاتێکی سۆرانیخوازێک نه‌توانێ به زمانێکی تا راده‌یێک بێ لایه‌نانه بڵێ، بۆ وێنه، "موزاییکی شێوه‌زاره‌کان" و له باتیان وهجنێودان ده‌که‌وێ و ده‌ڵێ "مۆڵگه‌ی شێوه‌زاره‌کان"، ئه‌و بۆچوونه ته‌نیا رقلهدڵی و تووڕه‌یی نییه و هه‌ڵوێستێکی سیاسیی و ئیده‌ئۆلۆژییانه‌یه. وادیاره شۆڤینیسمی سۆرانی ناتوانێ له‌و چوارچێوه‌یه بێته‌ده‌ر که شۆڤینیسمی نه‌ته‌وه‌کانی دی دایانڕژتووه. بۆ وێنه، کاتێکی من پێشنیارده‌که‌م که له "حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان" دا ده‌کرێ دوو له‌هجه ره‌سمی بن و به‌ڵگه ره‌سمییه‌کان وه‌کوو پاسپۆرت و پاره به هه‌ردوو له‌هجه بنووسرێن، سۆرانیخوازه‌کان وه‌پێش حاکمه‌کانی به‌غدا ده‌که‌ون و به سه‌رسووڕمانه‌وه ده‌ڵێن شتی وا هه‌رنابێ و به سووکایه‌تیکردنه‌وه ده‌ڵێن ئه‌وه کۆمێدییه.
سنووره‌کانی رهخساویی و نه‌ڕه‌خساویی
ره‌نگه ئه‌وه ئاشکرابێ که له روانگه‌ی ئه‌تاتورک و ره‌زاشا و حاکمانی به‌غدا و زمانناسه‌کانیان نه‌ته‌وه یه‌که و یه‌ک زمانی هه‌یه و زمانه‌که‌ی یه‌ک له‌هجه‌ی ئه‌ده‌بیی و ستانداردی هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی شۆڤینیسته‌کان له خه‌یاڵی خۆیاندا به نه‌ڕه‌خساویی داده‌نێن له مێژه له ژیانی زمانیی و سیاسیی گه‌لانی دنیادا له قه‌ڵه‌مڕه‌وی ره‌خساوییدا وه‌دیهاتوه. ئێسته‌کانێ پاره‌ی کاغه‌زیی ده رووپیی هیندی به حه‌ڤده زمان،[xvi] پاره‌ی چینی به پێنج زمان، پاره‌ی سریلانکا و سویسی هه‌رکامیان به چوار زمان و ناسنامه‌ی سویسی به پێنج زمان ده‌نووسرێن. هه‌روه‌ها له پارلمانی کانادا به دوو زمان و له بلژیک به سێ زمان قسانده‌که‌ن.[xvii]
له کانادا له ساڵی 1965دا، کاتێکی فه‌ڕانسه‌یی کرا به دووهه‌م زمانی ره‌سمیی، هێندێک له ئینگلیسی-ئاخێوان پێیانوابوو شتی وا نابێ و یه‌ک نه‌ته‌وه ناتوانێ دوو زمانی هه‌بێ. ئێستا، دوای 45 ساڵان، ئینگلیسی-ئاخێوێکی بییه‌وێ ببێته سه‌رۆک وه‌زیر یان ببێته ڕابه‌ری حیزبێکی فێدرال ده‌بێ ئه‌وه‌نده فه‌رانسه‌یی بزانێ که له ئاخاوتنی فه‌رانسه‌یی تێ‌بگا و بتوانێ مه‌به‌ستی خۆی به‌و زمانه ده‌رببڕێ. کانادا وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆیه به‌ڵام سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تی کانادا مه‌له‌که ویکتۆریای بریتانیایه و کاتێکی که بۆ سه‌ردان دێته کانادا، له وتاره رهسمییهکانیدا به هه‌ردوو زمانی ره‌سمیی ده‌ئاخێوێ -- چه‌ند رسته به ئینگلیسی و چه‌ند رسته به فه‌ڕانسه‌یی. ئه‌وه‌ی که زه‌لکاوی نامومکینی بوو ئێسته بوه‌ته بواری مومکینیی. وادیاره سۆرانیخوازه‌کان ناتوانن، نه له دنیای فکردا نه له کرده‌وه‌دا، له‌و جه‌غزه‌ی که شۆڤینیسمی زمانیی به‌غدا و ئانکارا و تاران بۆی کێشاون بێنه‌ده‌رێ.
کورتی بکه‌مه‌وه، لایه‌نگرانی پڕۆژه‌ی "ته‌نیا سۆرانی" پێیان وایه بوونی نه‌ته‌وه به زمانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه و زمانی نه‌ته‌وه‌ییش زمانێکی تاق-له‌هجه‌یه و تاقهلههجهکهش له‌هجه‌ی خۆیانه، و ئه‌گه‌ر بێتوو کوردی دوو له‌هجه‌ی ستاندارد یان ره‌سمیی هه‌بێ نه‌ته‌وه له‌به‌ریه‌ک ده‌ترازێ و زمانه‌که‌ی له زمانێتی ده‌که‌وێ. ئه‌و بۆچوونه نه پشت ئه‌ستووره به زانستهکانی زمان (زمان‌ناسی، زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی، کۆمه‌ڵناسیی زمان...) و نه ئاگای له ئه‌زموونی زمانیی گه‌لانی دیکه هه‌یه، و له‌باتیان سیاسه‌ت و پراتیکی زمانیی ناسیۆنال-شۆڤینیسمی تورک و فارس و عه‌ره‌ب ره‌چاوده‌کا. پڕۆژه‌ی "ته‌نیا سۆرانی" پڕۆژه‌یێکی سیاسییه و من چاوه‌ڕێی ئه‌وه نیم ئاڵاهه‌ڵگره‌کانی وه‌دوای زانستی زمان‌ناسی بکه‌ون. ته‌نانه‌ت پێویست نییه لێیان بپرسم چۆن نه‌ته‌وه‌ی نۆروێژی و هه‌رمه‌نی و ئالبانی هه‌رکام دوو له‌هجه‌ی ستاندارد و نه‌ته‌وه‌ی سویسی چوار زمانی ره‌سمی و نه‌ته‌وه‌ی بلژیکی سێ زمانی ره‌سمی ده‌کاردێنن؟ سۆرانیخوازه‌کان ده‌یانه‌وێ له‌هجه‌ی خۆیان به سه‌ر له‌هجه‌کانی دی‌دا دابسه‌پێنن و، ئێسته که ده‌زانن خه‌ڵکی بادینان بڕیاری خۆیان داوه، ده‌یانه‌وێ ده‌سته‌وداوێنی مێژوو بن و بیسه‌لمێنن که سۆرانی له‌هجه‌یێکی پێشکه‌وتووه و کورمانجی دواکه‌وتووه. به‌ڵام کاتێکی ئاوڕ له مێژوو ده‌ده‌نه‌وه، ده‌که‌ونه دنیای خه‌یاڵات و فاکته‌کان وه‌لاده‌نێن و ئه‌فسانان سازده‌که‌ن. له به‌شه‌کانی دی ئه‌و نووسراوه‌دا، باسی ئه‌فسانه‌کانی شۆڤینیسمی سۆرانی ده‌که‌م. به‌ڵام لێره‌دا ده‌مه‌وێ دهستڕاکێشم بۆ به‌دیلی ئه‌و شۆڤینیسمه.
کێشه‌ی دابڕانی نه‌ته‌وه یان کێشه‌ی دێمۆکراسی؟
له سه‌ده‌ی رابردوودا، ئه‌زموونی زمانیی له‌و وڵاتانه‌ی گه‌لی کوردی لێده‌ژی ئه‌زموونی زمانکوژیی، شۆڤینیسمی زمانیی، کوولتوورکوژیی، کۆکوژیی، ژێنۆسید، جینایه‌تی شه‌ڕیی، و جینایه‌تی دژی به‌شه‌رییه‌ت بووه. مارک لێڤین، مێژوونووسێکی ژێنۆسید، ده‌ڵێ عه‌نه‌دۆڵی رۆژهه‌ڵات (که کوردستان و هه‌رمه‌نستان ده‌گرێته‌وه)له ئاخری سه‌ده‌ی نۆزده‌وه تا ئێسته کراوه‌ته "مه‌ڵبه‌ندی ژێنۆسید" (zone of genocide) و گه‌لانی هه‌رمه‌نی و ئاشوڕی و کوردی تێدا تهرتوتوناکراوه. ده‌کرێ بڵێین ئه‌و مه‌ڵبه‌نده، له هه‌مان کاتدا مه‌ڵبه‌ندی ژێنۆسیدی زمانییش بووه. ژێنۆسید ته‌نیا له‌ناوبردنی جه‌سته‌یی خه‌ڵک نییه و کوشتنی زمانییش وه‌کوو فۆڕمێکی ژێنۆسید ناسراوه. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی "مه‌ڵبه‌ندی ژێنۆسید"، که به‌رهه‌می ناسیۆنالیسمی تورک و فارس و عه‌ره‌به، ئه‌رکی سه‌رشانی ئازادیخوازانی ته‌واوی گه‌لانی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌یه، و وه‌لانانی شۆڤینیسمی زمانیی هه‌نگاوێکه به‌ره‌و تێکدانی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده و دیمۆکراتیکردنی ژیانی سیاسی له ناوچه‌دا.
شۆڤینیسمی زمانیی تا کاتێکی له مێشک و بیری تاقه‌که‌س دابمێنیتهوه مه‌ترسییه‌کی زۆری نییه به‌ڵام بێتوو ببێ به سیاسه‌تی حکوومه‌ت، ده‌توانێ پڕۆژه‌ی زمانکوژیی یان ژێنۆسیدی زمانیی وه‌ڕێبخا. لێره‌دا، ئه‌رکی سه‌رشانی سۆرانی-ئاخێوان یه‌کجار گرانه. سۆرانی-ئاخێوان ده‌توانن وه‌دوای سیاسه‌تی سۆرانیخوازیی نه‌که‌ون و به‌رپه‌رچی بده‌نه‌وه و به‌ربه‌ره‌کانی بکه‌ن. سۆرانی، ئێسته له پله‌ی ده‌سه‌ڵاتداریدایه و سۆرانی-ئاخێوان ده‌بێ زیاتر و زووتر له کورمانجی-ئاخێوان و ئاخێوه‌رانی له‌هجه‌کانی دی ئاڵای دێمۆکراسی زمانیی و مافی زمانیی هه‌ڵبکه‌ن، و ئه‌و ناکۆکییه وه‌ک کێشه‌ی ماف و دیمۆکراسی چاولێبکه‌ن نه‌ک وه‌ک کێشه‌ی ده‌م به‌هاوارانه‌ی "چه‌ند پارچه بوونی نه‌ته‌وه". له دنیای زمان و سیاسه‌تدا له سی ساڵی رابردوودا، هه‌نگاوی خێرا به‌ره‌و نیزامێکی زمانیی دیمۆکراتی هه‌ڵێندراوه. بۆ وێنه، له زانستی زمانناسیدا ئێسته باسی "زمانناسیی رزگاریخوازانه" ده‌کرێ و پێوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات و زمان به شێوه‌یێکی به‌رینتر له جاران لێکده‌درێته‌وه و تیۆریزه‌ده‌کرێ.[xviii] له بواری مافیشدا، "مافی زمانیی" ئێسته به شێوه‌یێکی به‌رین و قووڵ وه‌کوو "به‌یانییه‌ی جیهانی مافه زمانییه‌کان" (1996) گه‌ڵاله‌کراوه و له لایه‌ن یۆنێسکۆ، و زۆربه‌ی رێکخراوه و بزووتنه‌وه‌کانی مافی مرۆڤ، و زمان‌ناسان په‌سندکراوه.[xix] ده‌کرێ بپرسین له‌و بڕگه‌ی مێژووی مافی زماندا، سۆرانیخوازیی ماڵی خۆی له کوێ کردووه؟
17
________________________________________
[i] بۆ زانیاری سه بارەت به هەڵاواردنی زمانیی، زوڵمی زمانی، زمانکوژی و ژێنۆسیدی زمانی بڕوانه:
J. Baugh, “Discrimination and language,” Encyclopedia of Language and Linguistics. Second Edition, Vol. 3, 2006, pp. 694-695.
Tove Skutnabb-Kangas, Linguistic Genocide in Education or Worldwide Diversity and Human Rights? Lawrence Erlbaum Asociates, Publishers, 2000.
[ii] پێکهاتەی "تەنیاسۆرانی"م به پێوانەی "تەنیا ئینگلیسی" ("ئینگلیش ئۆنلی" English Only) بەکارهێناوه. له ئه مریکا، "بزووتنه وه ی تەنیا ئینگلیسی" داوا دەکا زمانی ئینگلیسی ببێته زمانی ڕەسمیی.لەو وڵاته، هێچ زمانێک به پێی قانوون یان دەستوور، ڕەسمیی نییه بەڵام ئێسته که ئاخێوەری زمانی ئیسپانی زۆربوون، ئەو بزووتنەوە دەیەوێ ئەو زمانه به بیانووی پاراستنی یەکگرتوویی نەتەوە سەرکوت بکا. "کۆمەڵی زمانناسیی ئەمریکا" ((Linguistic Society of America بۆچوونی ئەو بزووتنەوەیەی سەبارەت بە یەکێتی نەتەوە ویەکێتی زمانی بە هەڵە داناوە. هەروەها، "یەکێتی ئازادە مەدەنییەکانی ئەمریکا "ش (American Civil Liberties Union) ڕایگەیاندووە که ئەو پڕۆژەی ڕەسمییکردنە دەستووری ئەمریکا و مافی بەرابەریی ئەمریکاییان پێشێلدەکا. بۆزانیاری سەبارەت بەو بزووتنەوەیە، بڕوانه: http://en.wikipedia.org/wiki/English-only_movement
[iii] بۆ وێنه بڕوانه وشەی "شۆڤینیسم" له قامووسێکی بیری سیاسی که راجر سکرووتن، مامۆستای کۆنسرڤاتیڤی زانستیی سیاسی، دایناوه:
Roger Scruton, A Dictionary of Political Thought. Palgrave Mcmillan, 2007, p. 89.
[iv] Floyd James Davis, Minority-Dominant Relations: A Sociological Analysis. AHM Publishing Corp., 1978, p. 49.
[v] Thomas Spira, Nationalism and Ethnicity Terminologies: An Encyclopedic Dictionary and Research Guide. Vol. 1, Academic International Press, 1999, p. 66.
[vi] "در ایران فقط یک زبان وجود دارد"، کیهان، دوشنبه 18 بهمن 1338.
[vii] کیا، کە وەک هەر کەسی دی دەیزانی بەشی زۆری وشەی فارسی لە عەڕەبی خوازراوە، حەولیدا لە کتێبی قلب در زبان عربی (انتشارات دانشگاه تهران، شماره 671، 1340) دا بیسەلمێنێ کە زۆربەی وشەی عەڕەبی لە فارسی وەرگیراوە.
[viii] صادق کیا، "گویشهای ایران"، مجله رادیو ایران، شماره 53، دی ماه 1339، ص 35.
[ix] بۆ زانیاری سەبارەت بە لەهجەکانی ئوستانی فارس بڕوانه:عبدالنبی سلامی، گنجینه گویش شناسی فارس، تهران، فرهنگستان زبان و ادب فارسی، گروه نشر آثار، جلد اول 1383، جلد دوم 1384، جلد سوم 1385، جلد چهارم و پنجم 1388.
[x] بڕوانه تێزی دوکتورای سالح ئەکین سەبارەت بە ناولێنانی گەل و وڵات و زمانی کوردی له گوتاری زانستی و سیاسی تورک دا:
Salih Akin, Désignation du people, du territoire et de la langue kurdes dans le discours scientifique et politique turc. Université de Rouen, 1995.
[xi] ابوخلدون ساطع الحصری، مذکراتی فی العراق 1921-1941. الجزُ الاول 1921-1927، منشورات دارالطبیعة، بیروت، 1967، ص. 479-480.
[xii] تۆفیق وەهبی، "حول مقال مسؤولیة الادیب الکردی الکبری"، پەروەردە و زانست،ژمارەی 5، ساڵی 3، بەغدا، 1973، ل. 81-91؛ هەروەها، وتووێژی خۆم لەگەڵ مامۆستا تۆفیق وەهبی،لەندەن، 28/7/1976.
[xiii] بڕوانه سایتی کوردستانپۆست، "ئەمیری حەسەنپوور، دەبێت لێبووردننامە بنووسێت!"، یه‌کشه‌ممه 10.1.2010 http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=962e3250
[xiv] لاپه‌ڕه‌ی 152 کتێبی سکووتناب-کانگاس که له په‌راوێزی 1 دا هاتووه.
[xv] ئەوەش، وەک زۆربەی باسەکانی دی، فڕاوێژێکی بێ لێکۆڵینەوە و بێ بەڵگەیە.
[xvi] بروانه پارەی ده رووپیی هیندی له ویکیپێدیادا که بێجگه له زمانی هیندی و ئینگلیسی به پازده زمان له سەری نووسراوه: http://en.wikipedia.org/wiki/Indian_rupee
[xvii] بڕوانه: یاسای زمانه فەرمییەکان لە چەند وڵاتێکی فرە زماندا ، پێشکەش کردن و ئاماده کردنی طارق جامباز، وەرگێڕانی مەجید ئاسنگەر، لە چاپکراوەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان -- عێراق، لیژنەی کاروباری یاسایی (21)، هەولێر، چاپخانەی شەهاب، 2007.
[xviii] بۆ وێنه بڕوانه دوو نووسراوەی "زمانناسیی رزگاریخوازانه" و "هەڵاواردن و زمان":
I. Signorini, “Emancipatory linguistics,” Concise Encyclopedia of Pragmatics, 1998, pp. 281-283.
J. Baugh, “Discrimination and language,” Encyclopedia of Language and Linguistics, Second Edition, Volume 3, 2006, pp. 694-696.
[xix] بۆخوێندنەوەی Universal Declaration of Linguistic Rights بڕوانه "جاڕنامەی جیهانیی مافی زمانی"، وەرگێڕانی له ئینگلیسییەوه: حەسەنی قازی، له سایتی "روانگه" دا:
http://ruwange.blogspot.com/2010/02/universal-declaration-of-linguistic.html
بۆ خوێندنەوەی مەتنی ئینگلیسی بڕوانه:
http://www.unesco.org/cpp/uk/declarations/linguistic.pdf
* ئه‌م بابه‌ته له ژماره‌ی 22 ی هه‌فته‌نامه‌ی فه‌رهه‌نگ که ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ده‌ریده‌کا ئه‌مڕۆ چوارشه‌مۆ 3ی مارسی 2010بڵاو بووه‌ته‌وه
1 comment:
Min pemwaye ewendey zimanekani dewruberi kurdi wek farsî, erebi u turki sebaret be zimani kurdi birî shovinistiyan heye ewendersh zarawekani kurdi sebaret be pere sendini zaraweyeki tri kurdi berçawtengin. ewe tenya le newan sorani u kormajida bedi nakrê.kormanjekanish jarubar ew heste xo be zil zaniyeyan sebaret be sorani heye.yan sorani sebaret be kormanji u hewrami. here beshxurawekan ne soranin ne kormanjin. hewrami, kirmashani u leki u kelhurin.le halekda yekem yarmetideri peredani zaraweyeki kurdi kurdekan xoyanin.
sebaret be hukumeti heremi kurdistan u boçuni shevenismi sorani lawê, min pemwaye ema tenanet be bergiri kirden le be fermi nasini du zarawey kurdi u bekargirtiniyan le beshekani siasi u aburi u ferhengi natwanin girifti berçawdengi le beshi ziman u zarawe çareser bkein.ziman beshêke le kultur u ferhengi neteweyek.ew beshe le ferheng rastewxo yan narastewxo bestrawetewe be perwerde u radey agadarbun u xendewari u sharezayi mrovekani ew komelgaye. herweha be radey tinu buniyan be ferbun u xo be zil nezani le beramber ewani tirda.
emay kurd nijadperestin.lepeshda sebaret be sharoçke u dehati penay deyakeman.pashan sebaret be zarawe u jil u bergi ewan u dwayesh sebaret be besh kirdeni deselatman legel bra kurdekan.
Post a Comment