زمان و پێوه‌ندی نووسینی پڕۆفێسۆر پیتر تڕادگیل
9 زمان و پێوه‌ندی
نووسینی پڕۆفێسۆر: پیتر ترادگیل
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
ئێمه له به‌ندی 8 دا باسی به‌کارهێنانی زمانی ئینگلیسیمان کرد وه‌ک زمانی هاوبه‌ش و ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌یێنێته لایه‌نێکی تا ڕاده‌یه‌ک جیاوازی بڵاوبوونه‌وه‌ی جوگرافیایی دیارده‌یه‌کی زمانی. کاتێک زمانی ئینگلیسی وه‌ک زمانی هاوبه‌ش له ئوڕووپا به کار ده‌هێندرێ، که زۆر جار وایه، با بڵێین کاتێک که‌سێکی هۆله‌ندی و که‌سێکی سوێدی ده‌یانه‌وێ قسه له گه‌ڵ یه‌کتری بکه‌ن، زۆر جار ئهوهئنگلیسییهکی ڕه‌وان و پاراو و به ئه‌زموونه، ئه‌وه‌ش به ئاسایی له به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌ساڵان له مه‌دره‌سه به ڕه‌سمی خوێندوویانه. ئه‌گه‌رچیش،هێشتا تا ڕاده‌یه‌ک نائاساییه که مرؤڤ ئاخێوێکی نابوومی ببینێته‌وه که زمانی ئینگلیسی وه‌ک زمانی هاوبه‌ش به‌کار بهێنێ که ده‌توانێ به زمانی ئینگلیسیش قسه بکا و، له زۆر بارودۆخی جیاوازی کۆمه‌ڵایه‌تی دا به‌کاری ده‌هێنێ، تا ئاخێوێکی بوومی ئینگلیسی زمان. به گوتنێکی دی، کاتێک زمانی ئینگلیسی وه‌ک زمانی هاوبه‌ش به‌کار ده‌هێندرێ، ئاسایی وایه که هێندێک ساده ده‌کرێته‌وه و هێندێک شتی لێ که‌م ده‌کرێته‌وه- هه‌ر وه‌ها له‌وانه‌یه هێندێک هه‌ڵه‌شی تێوه‌بێ له ئاکامی خۆتێوه‌ردانی زمانی بوومی ئه‌و ئاخێوه‌ی قسه‌ی پێده‌کا.
به‌ناکۆکی، ساده‌کردنه‌وه، تا ڕاده‌یه‌ک بیرێکی ئاڵۆز و پێچه‌ڵپێچه، به‌ڵام زۆر جار ئاماژه‌یه به خۆ له‌کۆڵ کردنه‌وه‌ی ڕێسای بێ قاعیده، وه‌ک فۆڕمی بێ قاعیده‌ی کرداران،زێدهییهکان، وه‌ک جینسی ڕێزمانی، له زمانی هاوبه‌ش (lingua franca) دا. ئه‌وه به‌ئاسایی بۆیه ڕووده‌دا چونکه، به‌پێچه‌وانه‌ی منداڵی چکۆڵه، گه‌وره‌ساڵان به گشتی زۆر به‌تایبه‌تی فێرخوازی باشی زمان نین.
که‌مکردنه‌وه ئاماژه بۆ سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌یه، که له ئاکامی که‌م بوونه‌وه‌ی ئه‌رکی کۆمه‌ڵایه‌تی دا،ئاخێوانی زمانی هاوبه‌ش له‌وانه‌یه زمان بۆ ڕاپه‌ڕاندنی سه‌ودا و بازرگانی به‌کار بهێنن، به‌ڵام ڕه‌نگه نه‌ک بۆ کایه کردنی فووتباڵ یان بۆ قاپ ششتن و، ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه، که به به‌راوه‌رد کردن له گه‌ڵ به‌کارهێنانی زمان له لایه‌ن ئاخێوێکی بوومییهوه، هێندێک به‌شی زمانه‌که بزر ده‌بێ: په‌یڤ، بناخه‌ی ڕێزمانی، نیشانه‌ی شێواز.
زاراوه‌ی تێکنیکی بۆ ئه‌و پێواژۆیه‌ی که زمانان له‌وانه‌یه له به‌کارهێنان له لایه‌ن ئاخێوانی نابوومی دا، ساده بکرێنه‌وه،که‌م بکرێنه‌وه یان ده‌ستیان تێوه‌ربدرێ پێی ده‌گوترێ pidginization (پیجن کردن). پیجن کردن ده‌کرێ که‌م بێ ( وه‌ک له نموونه‌ی قسه کردنی ئینگلیسی نێوان دوو ئاخێوی خوێنده‌وار و په‌روه‌رده دیتووی هۆله‌ندی و سویدی دا.)له لایه‌کی دیکه‌وه،ئه‌گه‌ر زمانه‌که به ڕه‌سمی و له مه‌دره‌سه نه‌خوێندرابێ یان هه‌ر به خوێندن نه‌خوێندرابێ، ڕاده‌ی ئه‌و پیجن کردنه ده‌کرێ زۆر به‌رفره‌وانتر بێ و؛ کاتێک فێر بوونی زمانه‌که ته‌نێ به ڕێگای کۆنتاکتی جاروبار و به‌رته‌سک دا کرابێ، ده‌ره‌جه‌ی ئه‌و پیجن کردنه ده‌کرێ ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش به‌رفره‌وانتر بێ.ئه‌و پنکته ده‌کرێ له مه‌ڕ زمانی سواحیلی به‌جوانی ده‌رکه‌وێ، که وه‌ک پێشتر باسمان کرد،له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فریقا به به‌ربڵاوی وه‌ک زمانی هاوبه‌ش به‌کار ده‌هێندرێ.له هێندێک له به‌شه‌کانی کناری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فریقا،سواحیلی زمانی بوومی زۆر له دانیشتووانه،که بۆ گشت مه‌به‌ست یان له زۆربه‌ی بواره‌کان دا به‌کاری ده‌هێنن و، دیاره ته‌بیعیشه که زۆر به ڕه‌وانی قسه‌ی پێده‌که‌ن.له به‌شه نێوه‌ندییه‌کانی تانزانیا وه‌ک زمانێکی بوومی به به‌ربڵاوی قسه‌ی پێ ناکرێ،به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو وه‌ک زمانێکی هاوبه‌ش ده‌کار ده‌کرێ.به به‌راوه‌رد کردن له گه‌ڵ ئه‌و سواحیلییه‌ی له کناران قسه‌ی پێده‌کرێ، ئه‌و شێوه‌زاره‌ی که وه‌ک زمانی هاوبه‌ش له به‌شه نێوه‌ندییه‌کانی تانزانیا دا به‌کار ده‌هێندرێ هێندێک نیشانه‌ی ساده‌کردنه‌وه‌ی پێوه دیاره،چونکه وه‌ک زمانی دووهه‌م به‌کار ده‌هێندرێ و، که‌وتووه‌ته به‌ر لێ که‌مکردنه‌وه و، له چاو ناوچه‌ی کنار ده‌ریا له هه‌لومه‌رجی زۆر به‌رته‌سکتر دا ده‌کار ده‌کرێ.له‌ولاتری ناوچه نێوه‌ندییه‌کان، واته له کۆنگۆی ڕۆژهه‌ڵات، شێوه‌زارێکی دیکه‌ی زمانی سواحیلی وه‌کوو زمانی هاوبه‌ش ده‌کار ده‌کرێ.لهونموونهیه دا ته‌نانه‌ت ساده‌کردنه‌وه و لێ که‌مکردنه‌وه‌یه‌کی زۆرتر به‌دی ده‌کرێ.
لێره دا simplification ساده کردنه‌وه ئاماژه‌یه به نه‌بوونی کرداری بێقاعیده،که‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی جۆره‌کانی ناو (جینس) و، خۆپاراستن له به‌کارهێنانی هێندێک بناخه‌ی نه‌حوی ئاڵۆز و پێچه‌ڵپێچ. هه‌ر دووک ئه‌و شێوه‌زارانه‌ی زمانی سواحیلی که وه‌ک زمانی هاوبه‌ش به‌کار ده‌هێندرێن، ئه‌گه‌رچی ئاڵ‌وگۆڕیان تێدا کراوه،به‌ڵام به ئاشکرایی ده‌بێ به زمانی سواحیلی دابندرێن.به ڕواڵه‌ت ، ئاخێوانی کنارئاوان تێ‌یان ده‌گه‌ن و، ئاخێوانی بوومی سواحیلی پێویست ناکا له قسه کردنی خۆیان له‌گه‌ڵ به‌کارهێنه‌رانی زمانی هاوبه‌ش دا گوشارێکی ئه‌وتۆ بۆ خۆیان بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان لێیان تێبگه‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له به‌شێکی دیکه‌ی کۆنگۆ دا، له ناوچه‌ی گوندانه‌ی باکوور،شێوه‌یه‌کی دیکه له‌زمانی هاوبه‌شی سواحیلی له گۆڕێ دایه. ئه‌و شێوه‌زاره‌ش لێی که‌م کراوه‌ته‌وه و ساده کراوه‌ته‌وه،ئه‌و شێوه‌زاره خزمی ئه‌و شێوه‌زاره‌یه که له کنار ده‌ریا قسه‌ی پێده‌کرێ. بۆ نموونه، تێیدا بناخه‌ی کرداران له ڕیشه‌وه ساده‌کراونه‌ته‌وه، هیچ جۆری ناوانی نییه و، ته‌نێ به‌ڕێژه ژماره‌یه‌کی به‌رته‌سکی بناخه‌ی ڕستانی تێدا به‌کار ده‌هێندرێ.ئاکامی ئه‌و ئاسته له لێ که‌مکردنه‌وه وسادهکردنهوانه، ده‌گوترێ، بووه‌ته هۆی ئه‌وه که له‌یه‌ک تێگه‌یشتنی دوولایه‌نه له نێوان ئه‌و شێوه‌زاره و ئه‌و سواحیلییه‌ی له کناران به‌کارده‌هێندرێ لانی هه‌ره‌که‌م بێ.ئه‌و زمانه ته‌نێ وه‌ک زمانی هاوبه‌ش به‌کارده‌هێندرێ و، ئه‌گه‌ر ئاخێوانی بوومی زمانی سواحیلی بیانه‌وێ به‌کاری بهێنن ئه‌وان ده‌بێ فێری بن – به‌لانی که‌مه‌وه تا ڕاده‌یه‌ک. کاتێک پیجن کردن له‌و ئاسته به‌ربڵاو دا ده‌کرێ و کاتێک ئاکامی ئه‌وه ده‌گاته په‌یدا بوونی فۆڕمێکی به‌ڕێژه دامه‌زراوی زمان که به به‌رده‌وامی وه‌کوو زمانێکی هاوبه‌ش ده‌کار ده‌کرێ،ئه‌و شێوه‌زاره‌ی که سه‌ر هه‌ڵده‌دا پێی ده‌گوترێ زمانی پیجن (pidgin language) ( له‌م نموونه‌یه دا ئێمه پێی ده‌ڵێین سواحیلی پیجنی کۆنگۆیی).
که‌وابوو، زمانێکی پیجن، وه‌کوو زمانێکی هاوبه‌ش که هیچ ئاخێوی بوومی نییه،له ڕووی زه‌مانییه‌وه له زمانێکی "ئاسایی" که‌وتووه‌ته‌وه به ڕێگای ساده‌کردنه‌وه، لێ که‌مکردنه‌وه و ده‌ستتێوه‌ردان یان تێکه‌ڵکردن، که زۆرجار، تاڕاده‌یه‌کی زۆر و به‌رچاو له‌و زمان یان زمانانی بوومی ئه‌وانه ڕا که‌وتووه‌ته‌وه که به‌کاری دێنن. به‌تایبه‌تی له ڕووی ته‌له‌فوزکردنه‌وه.به ئاسایی،به‌ڵانی که‌مه‌وه له یه‌که‌م قۆناغه‌کانی به‌ره‌پێشچوونی دا، که ده‌کرێ ئێمه وه‌ک قۆناغی بهرلهپیجن ئاماژه‌ی پێ بکه‌ین، ئه‌و زمانه ته‌نێ له سات و سه‌ودا و بازرگانی یان له هه‌لومه‌رجی زۆر به‌رته‌سکی پێوه‌ندی دا به‌کار ده‌هێندرێ. (ئه‌گه‌ر ئه‌و کۆنتاکت و پێوه‌ندییانه زۆر هه‌میشه‌یی تر بن ، زۆر وێده‌چێ ئاکامی به‌ته‌واوی ببێته فیربوونی زمانێکی دووهه‌م.)
هه‌ڵکه‌وتێکی که ڕه‌نگه ببته هۆی ته‌به‌لوری زمانێکی پیجنی ڕاسته‌قینه له بارودۆخی کۆنتاکی ئه‌و جۆره به‌رته‌نگه دایه له‌نێوان 3 یان زیاتر له ده‌سته زمانییه‌کان: زمانێکی "زاڵ" ( له‌و نموونه‌یه‌ی که هه‌ر ئێستا له مه‌ڕ زمانی سواحیلی باسمان کرد ) و، به‌لانی که‌مه‌وه دوو زمانی "نا زاڵ". ئه‌گه‌ر کۆنتاکت له نێوان ئاخێوانی زمانی زاڵ و ئه‌وانیدی دا به‌رته‌نگ بێ و، ئه‌و ده‌می ئه‌و زمانه زاڵه‌ی که بهچڵونیوهچڵی ده‌زاندرێ له نێو ده‌سته‌کانی نا-زاڵ دا وه‌ک زمانی هاوبه‌ش به‌کارده‌هێندرێ و، لێره دا دژوار نییه ببیندرێ که چۆن زمانێکی پیجن ده‌کرێ په‌یدا بێ. به تێپه‌ڕینی زه‌مان، له قسه کردنی به‌کارهێنه‌رانی زمانی هاوبه‌ش دا، ئه‌و شێوه‌زاره که له‌قۆناغی به‌ر له پیجن دا کۆمه‌ڵێک بناخه و نۆرمی به‌کارهێنان په‌یدا ده‌کا که گشت لایه‌ک قۆڵی له سه‌ر ده‌کێشن. له کامی ئه‌وه‌ی که زمانناسانی کۆمه‌ڵایه‌تی پێی ده‌ڵێن focusing (چڕبوونه‌وه)فۆرمێکی دیاریکراو په‌یدا ده‌بێ که زمان‌ناسان ده‌توانن شی که‌نه‌وه و ڕێزمانه‌که‌ی بنووسن. جا ئه‌و پیجن هی که په‌یدا ده‌بێ جیاوازه له شێوه‌کانی پیجن کراوی زمان، که به‌پێی زه‌مان و به‌پێی ئاخێو جار جار جیاوازه.( هه‌ر هه‌مان پێشوه‌چوون ده‌کرێ ڕوو بدا ئه‌گه‌ر منداڵه مه‌دره‌سه‌ییه‌کی سوێدی و منداڵه مه‌دره‌سه‌ییه‌کی هۆله‌ندی، که هه‌ر کامه‌ی ساڵێکیان زمانی ئینگلیسی خوێندبێ، له دوڕگه‌یه‌کی چۆل دا تاق بخرێنه‌وه: ئه‌وان له‌وێ ڕه‌نگه به‌پێی فۆرمی تاقه که‌سی ئینگلیسی پیجن کراو،پیجنێکی ئینگلیسی هۆله‌ندی – سوێدیی به‌رهه‌م بهێنن وه‌ک ئامرازی پێوه‌ندی نێوان خۆیان.) له‌وه‌ش ده‌رچێ، ئه‌وه‌ش هه‌ڵده‌سووڕێ که هێندێک پێواژۆی جیهانی ساده‌کردنه‌وه بکرێ ده‌ورێک له گرسانی پیجنان دا بگێڕێ. ئێمه له خواره‌وه به کورتی باسی ئه‌و پنکته‌ی دوایی ده‌که‌ین.
ئه‌وه گرینگه بزانین که پیجنه‌کان، ئه‌گه‌رچی تا ڕاده‌یه‌ک له زمانه‌کانی دیکه جوێن، له ڕاستییدا جوێ بوونه‌که‌یان له ئه‌ندازه و ده‌ره‌جه‌ی جوێبوونیان دایه تا جۆری جوێبوونیان. پیجنه‌کان زمانانی ڕاسته‌قینه‌ن به بناخه و تایبه‌تمه‌ندی خۆیانه‌وه وه‌ک زمانه‌کانی دی. ڕه‌نگه فێربوونیان دژوار بێ، ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه هاسانتر بن له زمانه‌کانی دیکه
( به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و ئاخێوانهی که لهگرسانیان دا زاڵ بوون). جابۆیه، پیجنه‌کان – به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که زۆر جار ده‌گوترێ – بریتی نین له تێکهه‌ڵکێش کردنی تێکه‌ڵ پێکه‌ڵ، یان ئه‌وان "خراپ"، "سووک و بێ قیمه‌ت" یان فۆڕمی
"شێوێندراو"ی ئه‌و زمانه نین که لێی که‌وتوونه‌ته‌وه. ئه‌م نموونه‌یه‌ی خواره‌وه‌ی پیجنی دوڕگه‌کانی سوله‌یمانی بریتانیا (British Solomon Islands ) له به‌ر چاو بگرن، که زۆر جار له نێو زمان‌ناسان دا به سوله‌یمانییه‌یی نوێ نێو دێر ده‌کرێ و وه‌کوو زمانی هاوبه‌ش به به‌ربڵاوی له دوڕگه‌کانی سوله‌یمان دا به‌کار ده‌هێندرێ
Mifɛlə i- go go lɔŋ sɔlwater, lʊkautım fiš,nau wın i-kəm. Nau mifɛlə i-go ɔləbaut lɔŋ kinù, nau bıgfɛlə wın ı-kəm nau, mifɛlə i- fafasi ɔləbautə, rɔ tuməs
" We kept gong on the sea, hunting for fish, and a wind arose. Now we were going in canoes, and
An immense wind arose now, and we were thrown around and were moving very fast.”
"ئێمه به سه‌ر ده‌ریا دا ده‌ڕۆیشتین، بۆ ڕاوه ماسی و، بایه‌ک هه‌ڵی کرد. ئێستا ئێمه به کان‌و ده‌چووین، بایه‌کی توند هه‌ڵیکرد ئێستا و، ئێمه‌ی ههڵدهبهزاندهوه و زۆر به خێرایی ده‌مان ئاژۆت."
ڕوونه، ئه‌گه‌ر که‌سێک پێی وابێ ئه‌وه فۆڕمێکه له ئینگلیسی، ئه‌و ده‌می له ڕاستیدا ئه‌وه جۆرێکی زۆرسه‌یری ئینگلیسییه.تێگه‌یشتنی بۆ ئینگلیسیی ئاخێوێک ئه‌گه‌ر نامومکین نه‌بێ زۆر دژواره، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به نووسراو نه‌بیندرێ و هه‌ر ببیسترێ و ئه‌من پێم وایه پێدوایستی به وه‌رگێڕانی هه‌یه. هه‌ر ئاواش، ئه‌گه‌ر به ئاکامی حهولێکیش دابندرێ له لایه‌ن ئاخێوه‌وه بۆ فێر بوونی ئینگلیسی وه‌ک زمانێکی بێگانه، ئیدی ئه‌و ده‌می دیاره که ئه‌وه حه‌ولدانێکی زۆر ناسهرکهوتووانهیه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا،ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌وردی پێناسه‌ی بکه‌ین هێچکام له‌و شتانه نییه که باس کران.لێره دا ئاخێو فێری زمانێکی دووهه‌م بووه، به‌ڵام ئه‌و زمانه دووهه‌مه‌ی که فێری بووه سوله‌یمانییه‌یی نوێ یه، نه‌ک ئینگلیسی. ڕێزمان و گه‌نجینه‌ی په‌یڤی سوله‌یمانییه‌ی نوێ، ئه‌گه‌رچی له زۆر ڕووه‌وه وه ئینگلیسی ده‌چێ به‌ڵام زمانێکی به‌ته‌واوی جوێ یه. بۆ نموونه وشه‌ی kaikai سوله‌یمانییه‌یی نوێ که هاو واتای "خۆراک"، "خواردن" ه، وشه‌یه‌کی ئینگلیسی نییه و؛ پێداویستی ئه‌وه‌ی که کرداره تێپه‌ڕه‌کان به پاشگری – im – له کرداره تێنه‌په‌ڕه‌کان ده‌کرێنه‌وه ( - lukautim له گه‌ڵ go به‌راوه‌رد بکه) له زمانی ئینگلیسی دا ڕێسایه‌کی ڕێزمانی نییه. جا بۆیه ته‌واو به جێیه که ته‌نێ به پێی بناخه‌ی زمانناسانه سوله‌یمانییه‌یی نوێ و شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌ی ئینگلیسیی پیجن به زمانانی ته‌واو جیاواز و جوێ له ئینگلیسی بزاندرێن ( ئه‌گه‌رچی ئاشکرایه که خزمایه‌تییان له گه‌ڵی هه‌یه. هۆیه‌کی دیکه‌ی باشی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌و بۆچوونه ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکێکی زۆر دژایه‌تی پیجنهکانیان کردووه گۆیا له به‌ر ئه‌وه‌ی که "پاکی و پاراوی" ئینگلیسییان شێواندووه ( یان زمانێکی دیکه‌ی ئوڕووپایی). بۆچوونی ئه‌وتۆ زۆر جار کهف وکوڵی "پاکی" ڕه‌گه‌زی و کولتووریشیان له ته‌ک دایه. ئه‌گه‌ر که‌سێک پێی وابێ که زمانێکی پیجن "بێ ڕیشه" یه و شێوه‌یه‌کی نزمتره له ئینگلیسی،له‌وانه‌یه ئه‌وده‌می گه‌لێک بۆی هاسان بێ که ئاخێوهکانیشی، که زۆربه‌یان نائوڕووپایین به "بێ ڕیشه" و به نزمتر بزانێ. خاڵێکی که زمان‌ناس له کاتی تووشهاتنی بیروڕای ئه‌وتۆ ده‌بێ ئاماژه‌ی پێ بکا ئه‌وه‌یه که هیچ شتێک به نێوی زمانێکی "پاک" هه‌ر له کووله‌که‌ی ته‌ریش دا نییه. هه‌موو زمانه‌کان گۆڕانیان به سه‌ر دادێ و، ئه‌وان هه‌موویان به‌رهه‌می کارلێکه‌ری و تێکهه‌ڵکێشان له گه‌ڵ زمانه‌کانی دیکه‌ن. ( هه‌ر ته‌نێ په‌یڤان له به‌رچاو بگرن: له‌و پازده وشانه‌ی که ئه‌من له ڕسته‌ی پێشووی خۆم دا به‌کارم هێنا، حه‌وتیان له ماوه‌ی 1000 ساڵی ڕابردوو دا ئینگلیسی له زمانه لاوییهکانی خواستووه‌ته‌وه.)
زۆربه‌ی ئه‌و زمانه پیجنانه‌ی له جیهان دا باشتر ناسراون ئاکامی سه‌فه‌ری بازرگانان و داگیرکه‌رانی ئوڕووپایین. ئه‌وان له سه‌ر بنه‌مای زمانانی وه‌ک ئینگلیسی، فه‌ڕانسه‌یی و پورتوگالی دامه‌زراون و له سه‌ر ڕێگای سه‌ره‌کی که‌شتی ئاژۆتن و بازرگانی هه‌ڵکه‌وتوون. ئه‌و زمانه پیجنانه‌ی له سه‌ر بنه‌مای زمانی ئینگلیسی گرسان پێشووتر له باکووری ئه‌مریکا، له هه‌ر دووک سه‌ری بازرگانی کۆیله له ئه‌فریقا و کاراییب، له نیوزیلاند و چین هه‌بوون. ئه‌و جۆره زمانانه هێشتاش له ئاوسترالیا، ئه‌فریقای ڕۆژئاوا، دوڕگه‌کانی سوله‌یمان ( هه‌ر وه‌ک له سه‌ره‌وه دا دیتمان) و له گینه‌ی نوێ هه‌ن، که له‌وێ ئینگلیسیی پیجن له لایه‌ن زمانناسانه‌وه زۆر جار وه‌ک Tok Pisin ئاماژه‌ی پێده‌کرێ، واته نێوی زمانه‌که له زمانه‌که خۆی دا. هه‌موو زمانه پیجنه‌کان به‌و جۆره په‌یدا نه‌بوون، ئه‌گه‌ر چی
Kituba که له زمانی Kikongo،یه‌ک له زمانانی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی Bantu، پیجنێکه که له کۆنگۆی ڕۆژئاوا و ناوچه دراوسێیه‌کانی به به‌ربڵاوی ده‌کار ده‌کرێ و، هه‌ر وه‌ها Fanagolo ، که له سه‌ر بنه‌مای زمانی Zulu گرساوه، پیجنێکه که له ئه‌فریقای خوارووه و وڵاتانی ته‌نیشتی به‌کار ده‌هێندرێ، به‌تایبه‌تی له کانگاکان دا. چه‌ندین پیجنی دیکه‌ی ڕه‌سه‌نی خۆجێیی له ئه‌فریقا و شوێنی دیکه‌ش هه‌ن.
ڕه‌نگه Tok Pisin که له زمانی ئینگلیسی که‌وتووه‌ته‌وه له هه‌موو پیجنه‌کانی دیکه زیاتر قسه‌ی پێ‌بکرێ.ئه‌و زمانه له ) Papua New Guineaپاپوای گینه‌ی نوێ) پله‌ی ڕه‌سمی هه‌یه و، له‌وێ له ڕادیۆ، ڕۆژنامه‌کان و، مه‌دره‌سان دا به‌کار ده‌هێندرێ.له حاڵی حازر دا، له ڕاستیدا که‌وتووته به‌ر creolization (کرییۆڵ بوون) ێکی زۆر به‌رچاو. هه‌ر وه‌ک له به‌ندی 3ی ئه‌م کتێبه‌دا دیتمان، زمانه کرییۆڵه‌کان ئه‌و جۆره زمانه پیجنانهن که ئاخێوی بوومییان په‌یدا کردووه. له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌یدا که له ڕووی زمانه‌وه تێکه‌ڵاون و تێیاندا زمانێکی پیجن وه‌ک زمانی هاوبه‌ش ده‌کار ده‌کرێ، له‌وانه‌یه منداڵان وه‌ک زمانی بوومی خۆیان فێری ببن، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر دایکوباوکه‌کانیان به ئاسایی به‌و پیجنه له‌گه‌ڵیان بدوێن. کاتێک ئه‌وه ڕوویدا ئه‌و ده‌می زمانه‌که هه‌موو خسڵه‌ته‌کان به ته‌واوی وه‌خۆ ده‌کا و، ده‌بێ به زمانێکی ناپیجن. ئه‌و جۆره‌ی که زمانه‌که له لایه‌ن ئاخێوێکی باڵغه‌وه قسه‌ی پێده‌کرێ، زمانه‌که به به‌راوه‌رد کردن له گه‌ڵ پیجنی ماک، ده‌بێته خاونی په‌یڤی زیاتر و، هێندێک ده‌ره‌تانی به‌ربڵاوتری نه‌حوی و، گه‌نجینه‌یه‌کی له زێده‌ی شێوازان. هه‌ڵبه‌ت، هه‌ر وه‌هاش بۆ گشت مه‌به‌ستان و له‌ئاستێکی به‌ربڵاوتری هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی دا به‌کار ده‌هێندرێ. واته ئه‌و لێ که‌مکردنه‌وه‌یه‌ی که له قۆناخی pidginization (پیجن کردن ) دا کراوه تێهه‌ڵده‌هێندرێته‌وه، ئه‌گه‌رچی ساده کردنه‌وه و تێهه‌ڵکێش کردن هه‌ر ده‌مێنێته‌وه ( سه‌رنج بده‌ن که simplification (ساده کردنه‌وه) زاراوه‌یه‌کی تێکنیکییه و نابێ مانای بایه‌خی تێبخوێندرێته‌وه. زمانه کرییۆڵه‌کان له هێندێک لایه‌نی ڕووناکبیرییه‌وه له زمانه سه‌رچاوه‌کانیان ساده‌تر نین. به‌ڵکوو ئه‌وان زۆر بهقاعیدهترن و زێده بوونیان که‌متر پێوه دیاره.) ئه‌و پێواژۆیه‌ی که تێیدا لێ که‌مکردنه‌وه به په‌ره‌پێدان " تێهه‌ڵده‌هێندرێته‌وه" به creolization (کریێۆڵ کردن) ناسراوه و یه‌ک له پڕۆسه‌کانی هه‌ره چاوڕاکێش و دڵگری گۆڕانی زمانییه. Derek Bickerton ده‌ڵێ ئه‌و منداڵانه‌ی که پێویستییان به‌وه‌یه که زمانێکی پیجن وه‌ک زمانی بوومی خۆیان به‌کار بهێنن، به که‌لکوه‌رگرتن له سه‌رچاوه‌ی هۆش و زه‌ینی ژێنێتیکی خۆیان که هه‌موو ئینسانه‌کان به زگ‌ماک هه‌یانه - واته قابیلییه‌تی زمانیی ئینسان- په‌ره پێده‌ده‌ن و، به‌و شێوه‌یه creolization په‌نجه‌ره‌کی جوانی دڵگر و نائاساییمان به‌ڕوو دا ده‌کاته‌وه بۆ دیتنی مێشکی ئینسان. به گوتنێکی دی، زمانه کریێۆله‌کان، به ته‌واوی زمانانی ئاسایین – ته‌نێ مێژوویان هێندێک نائاساییه.
له‌و زمانه کریێۆڵانه‌ی که له سه‌ر بنه‌مای زمانه ئوڕووپاییه‌کان گرساون – واته ئه‌و زمانه پیجنانه‌ی که له سه‌ر بنه‌مای زمانه ئوڕووپاییه‌کان هه‌ڵنراون- ئه‌وانی هه‌ره به‌نێوبانگیان بریتین له كریێۆڵی فه‌ڕانسه‌یی، کریێۆڵی ئینگلیسی، کریێۆڵی پورتوگاڵی و کریێۆڵی ئێسپانیایی . کرییۆڵه فه‌ڕانسه‌ییه‌کان له کاراییب و ناوچه‌کانی ته‌نیشتی له‌وانه هاییتی به به‌ربڵاوی قسه‌یان پێده‌کرێ. له هاییتی کرییۆڵی فه‌ڕانسه‌یی هاییتیانه زمانی بوومی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری دانیشتووانه؛ له گینه‌ی فه‌ڕانسه و؛ له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، که له‌وێ له لویزییانا
به‌شێک له ئه‌مریکاییه ئه‌فریقاییه‌کان قسه‌ی پێده‌که‌ن. له ئوقیانووسی هێندیش به کریێۆڵه فه‌ڕانسه‌ییه‌کان قسه ده‌کرێ، به تایبه‌تی له Marritius،Réunion و، له Seychelles. ئه‌م بڕگه‌یه‌ی خۆراوهی پاڕانه‌وه له خوڵای (Lord’s Prayer ) به کریێۆڵی هاییتی ڕاده‌ی پێوه‌ندی نێوان ئه‌م زمانه کریێۆڵه و فه‌ڕانسه‌یی نیشان ده‌دا.
Papa nou, ki nan sièl, ké non ou jouinn tout réspè.Ké règn ou vini. Ké volonté ou akonpli sou tè a tankou nan sièl. Ban nou, jodi a, pin chak jou nou.
زوربه‌ی کریێۆله ئینگلیسییه باشتر ناسراهکان له به‌شه جیاوازاه‌کانی Americans قسه‌یان پێده‌کرێ و، وه‌ک کریێۆڵه فه‌ڕانسه‌ییه‌کان له ئاکامی بازرگانی کۆیله دا ساز بوون. بۆ نموونه Sranan ( سڕانان) کریێۆڵێکی ئینگلیسی یه که له ناوچه کنارییهکانی Surinam (سوورینام) دا به ده‌یان هه‌زار ئاخێوی بوومی هه‌یه و، هه‌ر وه‌ها له لایه‌ن خه‌ڵکی دیکه‌شه‌وه له ناوچه‌که وه‌ک زمانی هاوبه‌ش به به‌ربڵاوی به‌کار ده‌هێندرێ. ئه‌مه‌ی خواره‌وه نموونه‌یه‌کی ئه‌و زمانه‌یه ( هه‌ر وه‌ها بڕوانه لاپه‌ڕه‌ی 57ی ده‌قی ئینگلیسی ئه‌م کتێبه‌ش):
Ala den bigibigi man de na balkon e wakti en. A kon nanga ebn buku na ondro en anu. A puru en ati na en ede, en a meki kosi gi den. Dan a waka go na a djari, pe den gansi de.
" هه‌موو پیاوه گرینگه‌کان له به‌ر بێڵایه چاوه‌ڕوانی وی بوون. ئه‌و هات و کتێبه‌که‌ی له بن هه‌نگڵی دابوو. ئه‌و
کڵاوه‌که‌ی داگرت و کڕنۆشی بۆ بردن. دوایه ئه‌و چووه باغچه که قازه‌کانی لێ بوون."
سڕانان یه‌ک له کریێۆڵه هه‌ره " خۆپارێزه‌کان"ی ئینگلیسی یه، واته زۆر که‌م که‌وتووه‌ته به‌ر کارلێکه‌ری زمانی ئینگلیسی و، نموونه‌یه‌کی باشمان دێنێته به‌رچاو سه‌باره‌ت به ئه‌و ڕاستییه‌ی که کریێۆڵه تاقکهوتووهکانی دیکه له قۆناخه سه‌ره‌تاییه‌کانی مێژووی خۆیاندا ده‌بێ چۆن بووبن.
له به‌شه نێوخۆییه‌کانی سوورینام به کریێۆڵه‌کانی دیکه‌ی ئینگلیسی قسه ده‌کرێ، به گشتی له لایه‌ن تۆره‌مه‌ی ئه‌و کۆیلانه‌ی که توانیان خۆیان ڕزگار که‌ن و په‌نا به‌رنه به‌ر لێڕه‌واره‌کان. کریێۆلی هه‌ره به نێوبانگ له نێو ئه‌وانه‌دا – که به‌ڕواڵه‌ت ئاخێوانی دیکه‌ی سڕانان لێی تێناگه‌ن – Djuka یه. بۆ ئه‌وه‌ی باسه‌که هێندێکی دیکه‌ش قورس‌تر و ئاڵۆزتر که‌ین، به ڕواڵه‌تDjuka ش وه‌ک شێوه‌یه‌کی پیجن کراو قسه‌ی پێده‌کرێ وه‌کوو زمانی هاوبه‌ش له لایه‌ن هێندێک ده‌سته‌ی خه‌ڵکی Americans که له ناوچه‌که دا ده‌ژین. ئه‌م شێوه‌زاره‌ی دوایی مێژوویه‌کی له‌م چه‌شنه‌ی هه‌بووه:
له قوناخی ( pidginization) دا له ئینگلیسییه‌وه به‌ره‌وه پیجنی ئه‌فریقایی ڕۆژئاوایی
(creolization ) بوون به Djuka
(pidginization ) بوون به پیجنی دیوکا (Djuka Pidgin )
نه سڕانان و نه دیوکا له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی و زمانییه‌وه جێی مشت‌ومڕ نین. ئه‌وان له لایه‌ن هه‌موانه‌وه به زمانی کریێۆڵ و وه‌ک زمانانی جوێ له ئینگلیسی داده‌ندرێن. زۆر دژواره مرۆ بتوانێ پاساوی ئه‌وه بدا که ئه‌و نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ی سڕانان جۆره‌یه‌ک له زمانی ئینگلیسی بێ. له‌یه‌ک تێگه‌یشتنی دوولایه‌نه له نێوان سڕانان و ئینگلیسی دا سیفره. له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه هیچ هۆیه‌ک به ده‌سته‌وه نییه که سڕانان به فۆڕمێکی ئینگلیسی دا بندرێ.له سوورینام، هۆله‌ندی زمانی ڕه‌سمییه و، ئینگلیسی خۆی زۆر که‌م به‌کار ده‌هێندرێ.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له به‌شه‌کانی دیکه‌ی دنیا دا، هه‌ڵکه‌وته‌که زۆر که‌متر ئاشکرایه. بۆ نموونه، له هێندێک به‌شی ئه‌فریقای ڕۆژئاوا،ئینگلیسیی پیجن به به‌ربڵاوی وه‌ک زمانێکی هاوبه‌ش به‌کار ده‌هێندرێ و، له هێندێک ناوچان، به تایبه‌تی له هێندێک له به‌شه‌کانی نیجێرییه،بووه به کریێۆل. دژوارییه‌که له‌وێ به پێچه‌وانه‌ی سووڕینام ئه‌وه‌یه، ئینگلیسی له‌وێ زمانێکی ڕه‌سمییه و، وه‌کوو "زمانێکی جیهانی" به پڕێستیژێکی به‌رزه‌وه له هه‌موو بواره‌کان و بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکی جیاواز له هه‌موو وڵات دا به‌کار ده‌هێندرێ. ئاکامی ئه‌و بارودۆخه ئه‌وه‌یه که پیجنی نیجێرییه، ته‌نانه‌ت له فۆڕمی بهکریێۆل کراوی خۆشی‌دا، له ئاست ستانداردی بریتانیایی و/یان ئینگلیسیی نیجێرییه‌یی سه‌ربه‌خۆیی خۆی له کیس داوه و پێوه‌ی به‌ستراوه‌ته‌وه ( بڕوانه لاپه‌ڕه‌ی 4ی ده‌قی ئینگلیسی ئه‌م کتێبه). ئینگلیسیی پیجن که‌وتووه‌ته به‌ر کارتێکه‌رییه‌کی به‌رچاوی ئینگلیسی و، به به‌ربڵاوی ته‌نێ وه‌کوو فۆڕمێکی "خراپ" یان " شێواو"ی ئینگلیسی چاوی لێ ده‌کرێ.
له سیرا لێئۆنSierra Leone یش بارودۆخه‌که هه‌ر ئاوایه، ئه‌گه‌رچێ له‌وانه‌یه زۆر ئاڵۆزتر و به‌گرێ وگۆڵ تریش بێ.
له فریتاون ( Freetown)ی پێته‌خت دا، ده‌کرێ، ڕه‌نگه تاڕاده‌یه‌ک به شێوه‌ی بانهکی، چوار شێوه‌زاری زمانی که جۆره پێوه‌ندییه‌کیان به ئینگلیسییه‌وه هه‌یه له یه‌کتری ههڵباوێردرێن و جوێ بکرێنه‌وه:
1. ئینگلیسیی بریتانیایی؛
2. ئینگلیسیی سیرالێئۆنیانه- که به‌شێوه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌ندامانی سه‌ر به چینی نێوه‌ڕاستی سیرا لێئۆن قسه‌ی پێده‌که‌ن و، هێندێک نیشانه و خسڵه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه له به‌ر کارتێکه‌ری زمانه ئه‌فریقاییه‌کان؛
3. ئینگلیسیی پیجنی ئه‌فریقای ڕۆژئاوایی - که به‌شێوه‌ی سه‌ره‌کی وه‌کوو زمانێکی هاوبه‌شی (بازرگانی) به کار ده‌هێندرێ؛
4. کریۆ Krio
کریۆ کریێۆلێکی ئینگلیسی یه که نزیکه‌ی 30000 ئاخێوی بوومی هه‌یه که له ده‌وروبه‌ری فریتاون دا ده‌ژین. ئه‌و زمانه له کریێۆلێکی ئینگلیسییه‌وه پێش که‌وتووه که ئه‌و کۆیلانه‌ی له جاماییکا، ئه‌مریکای باکووری و بریتانیاوه گه‌ڕابوونه‌وه قسه‌یان پێده‌کرد و، پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وڕاستی به پیجنی ئه‌فریقای ڕۆژئاواییه‌وه نییه. ئه‌م چوار شێوه‌ی هه‌مان ڕسته هێندێک له وه‌یه‌کچوونه‌کان و جیاوازییه‌کانی ئه‌و شێوه‌زارانه ده‌رده‌خا.
ئینگلیسی بریتانیایی: /ɑɪm goʊɪŋ ɫə wɜːk/
ئینگلیسیی سیرا لێئۆنیانه: /ɑim goin to wɔk/
ئینگلیسیی پیجنی ئه‌فریقای ڕۆژئاوایی: /ɑ di go wɔk/
کریۆ: /ɑ di go wok/
وه‌یه‌کچوونه‌کان له‌نێو ئه‌و چوارشێوهزاره دا زۆر له خه‌ڵکی سێرالێئۆنی گه‌یاندووه‌ته ئه‌و ئاکامه که ئه‌وسێ شێوه‌زاره که‌متر به پرێستیژه‌ی خواره‌وتر نیشانه‌ی حه‌ولێکی ناسه‌رکه‌وتوون بۆ لاسایی کردنه‌وه‌ی شێوه‌زاری به پرێستیژ واته ئینگلیسیی بریتانیایی –Krio و Pidgin به‌تایبه‌تی ته‌نێ به " ئینگلیسییه‌کی چڵونیوه‌چڵ" داده‌ندرێن
له هێندێک له ناوچه‌کانی هێندی ڕۆژئاوایی که له ڕابردوو دا له ژێر ده‌سته‌ڵاتی بریتانیا دا بووه هه‌ڵکه‌وته‌که هه‌ر ئاوایه،به‌ڵام ئه‌و گیروگرفتانه‌ی لێیان هاتووه‌ته گۆڕێ تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو جیدیترن. با جاماییکا له به‌رچاو بگرین. هێندێک له زمان‌ناسان وه‌ک ئینگلیسیی جاماییکایی ئاماژه به‌و زمانه‌ی ده‌که‌ن که له‌وێ قسه‌ی پێده‌کرێ ، هێندێکی دیکه، لایان په‌سندتره پله‌ی زمانێکی جوێی بده‌نێ و پێی ده‌ڵێن کریێۆڵی جاماییکایی. ئه‌و ڕێک نه‌که‌وتنه له سه‌ر زاراوه‌یه‌کی یه‌کگرتوو بۆ ئاماژه به‌و زمانه ئاکامی کێشه‌ی لێکهه‌ڵبڕان و به‌رده‌وامێتی یه که له به‌ندی 1ی ئه‌م کتێبه دا ئاماژه‌مان پێ‌کرد (بڕوانه لاپه‌ڕه‌ی 5ی ده‌قی ئینگلیسی). له جاماییکا، ئینگلیسیی ستاندارد زمانی ڕه‌سمییه و توێژی سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، جاماییکایی خوێنده‌وار و خه‌ڵکی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک بریتانیایی قسه‌ی پێ ده‌که‌ن. له‌و سه‌ری دیکه‌ی پێوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی دا، به‌تایبه‌تی له نێو وه‌رزێران له ناوچه ته‌ریککه‌وتووه لادێییه‌کان دا، ئه‌و زمانه‌ی به‌کارده‌هێندرێ کریێۆڵێکه که له سه‌ر بنه‌مای ئینگلیسی هه‌ڵنراوه که ئاخێوانی وی و ئینگلیسیی ستاندارد (یان هه‌ر فۆڕمێکی دیکه‌ی) دوولایه‌نه له یه‌کتری تێ ناگه‌ن.جیاوازییه زمانییه‌کان له نێوانیان دا ئه‌وه‌نده زۆرن که ئێمه ناتوانین بڵێین، که ئه‌و دووشێوهزاره وه‌ک ئی سڕانان وان، به‌ڵکوو کریێۆڵی جاماییکایی زمانێکه که خزمایه‌تی له گه‌ڵ ئینگلیسی هه‌یه به‌ڵام ته‌واو لێشی جوێیه. بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌وه لێره دا ده‌قێکی ئه‌م زمانه کریێۆڵه له زمان زانای کریێۆڵ، Beryl Bailey وه ده‌گێڕینه‌وه:
Wantime, wan man en ha wan gyal-pikni nomo. Im ena wan priti gyal fi-truu.Im neba laik fi taak tu eni an eni man.Im laik a nais buosi man fi taak tu. Im taat tu wan man,bot im get kalops aafta im taak tu di man.
" یه‌ک بوو، یه‌ک نه‌بوو، پیاوێک هه‌بوو که تاقه کچێکی هه‌بوو.ئه‌وکچێکی جوان و سپه‌هی بوو.کچه‌که نه‌یده‌ویست له گه‌ڵ هه‌ر پیاوێکی دێته سه‌ر ڕێی بدوێ،ئه‌و ده‌یه‌ویست له گه‌ڵ پیاوێکی جوان و چاک بدوێ. ئه‌و ده‌ستی کرد به قسه‌کردن له گه‌ڵ پیاوێک، به‌ڵام به قسه له‌گه‌ڵ کردنی دووگیان بوو." (وه‌رگێڕانی Beryl Bailey به جاماییکایی یه تا ئه‌وه‌ی که به ستانداردی ئینگلیسیی بریتانیایی بێ.)
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گرفت ئه‌وه‌یه که له‌نێوان ئه‌و جه‌مسه‌ره دا، واته له شوێنه نێوه‌ڕاسته‌کانی ئه‌و پێوه‌ره کۆمه‌ڵایه‌تییه دا، کۆمه‌ڵێکی زۆر شێوه‌زاری نێوه‌ڕاست هه‌ن که ئه‌و دوو شێوه‌زاره له زنجیره‌یه‌کی له یه‌ک تێگه‌یشتنی دوو لایه‌نه دا به یه‌کترییه‌وه ده‌لکێنن. به گوتنێکی دی، زنجیره‌یه‌کی له‌هجه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه که له ئینگلیسیی ستاندارده‌وه ده‌ست پێده‌کا تا ده‌گاته "قووڵترین" کریێۆڵی جاماییکایی. ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه که گشت شێوه‌زاره زمانییه‌کان له جاماییکا به شێوه‌یه‌ک به ئینگلیسیی ستاندارد به‌ستراونه‌ته‌وه،ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رچی تێگه‌یشتنی دوولایهنهشیان له نێوان دا نه‌بێ.له ڕاستییدا زنجیره‌ی له‌هجه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆخۆی له‌وانه‌یه له جێ‌دا له ئاکامی کارتێکه‌ری ئینگلیسی پرێستیژ به‌رز له سه‌ر کریێۆڵی نزم پله ساز بووبێ:هه‌رچه‌ندی ئهوکارتێکهرییه زۆرتر بووبێ،ئه‌وه‌نده‌ش زیاتر decreolization ( له کریێۆڵ شۆرانه‌وه) ڕووی داوه و کارتێکه‌ری ئینگلیسی هیچ نیشانه‌یه‌کی که‌مبوونه‌وه‌ی پێوه دیار نییه. به دڵنیاییه‌وه، ته‌نانه‌ت کریێۆلی "هه‌ر خه‌ستیش" ، وه‌ک ئه‌و ده‌قه‌ی سه‌ره‌وه نیشان ده‌دا، زۆر زیاتر وه ئینگلیسی ده‌چێ تا سرانان ئه‌و وهیهکچوونهی تێدا به‌دی بکرێ. به پێچه‌وانه‌ی creolization (کریێۆڵ کردن) که ئه‌و که‌مکردنه‌وه‌یه‌ی که له قۆناخی pidginization (پیجن کردن) دا کراوه "تێههڵدههێنێتهوه"، declreolization ( له کریێۆڵ شۆرانه‌وه) پێواژۆیه‌که که هێرش ده‌کاته سه‌ر ساده‌کردنه‌وه و تێهه‌ڵکێش کردن که له قۆناخی pidginization ( پیجن کردن) دا ده‌کرێ. کۆنتاکت له نێوان زمانی سه‌رچاوه ( له‌م نموونه‌یه دا زمانی ئینگلیسی) و زمانێکی کریێۆڵ وه‌کوو کریێۆڵی جاماییکایی ده‌گاته ئه‌وه‌ی که ورده ورده ڕێسا بێقاعیدهکان و شته زیادییه‌کان له زمانی سه‌رچاوه ڕا دێنه نێوی و، به‌ره به‌ره ئه‌و تۆ و وخسڵهتانهی که له‌و زمانانه‌ی که جگه له زمانی سه‌رچاوه ڕا تێوه‌ی هاتوون بزر ده‌بن- له‌و نموونه‌یه دا، وه‌کوو ئه‌و وشانه‌ی که له زمانه ئه‌فریقاییه‌کان وه‌رگیراون.
ئه‌و گیروگرفته‌ی که به زنجیره‌ی ئینگلیسی – کریێۆڵ له جاماییکا ساز بووه و زۆر جار وه‌ک a post-creole continumm ( زنجیره‌یه‌کی دوای کریێۆڵ) نێودێر ده‌کرێ، ته‌واو به‌رچاوه. له به‌ندی 1ی ئه‌م کتێبه دا، کاتێک باسی
زنجیره‌کانی له‌هجه‌ی جوگرافیاییمان ده‌کرد،دیتمان، له نموونه‌ی له‌هجه‌کانی هۆله‌ندی و ئه‌ڵمانی دا، ئه‌وه ده‌ست ده‌دا بڕیار بدرێ (له ڕووی زمانییه‌وه به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌ڕۆیانه) که ئه‌و شێوه‌زارانه له‌هجه‌ی کام له زمانه‌کان بوون، ته‌نێ به به‌کارهێنانی سنووری سیاسی. له جاماییکا،هیچ " سنووری کۆمه‌ڵایه‌تی" ئاوا له گۆڕێ دا نییه: ئێمه ناتوانین هێڵێکی جیاکه‌ره‌وه‌ی ئاشکرا له نێوان کریێۆڵ و ئینگلیسی دا بکێشین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر، له ئاکام دا،وه‌ک زۆر له خه‌ڵک ده‌یکه‌ن، بڵێین که زمانی هه‌موو جاماییکیه‌کان "ئینگلیسی"یه، ژماره‌یه‌ک گیر‌و گرفت ساز ده‌بن.
یه‌که‌م، له جاماییکا بۆچوونێکی زۆر به‌ربڵاو هه‌یه ( وه‌ک شوێنی دیکه له کاراییب) که زۆربه‌ی جاماییکیه‌کان به جۆره‌یه‌ک له ئینگلیسی زۆر سووک و پله دوو قسه ده‌که‌ن ( له به‌ر ئه‌وه‌ی که کریێۆلی جاماییکایی به ئاشکرایی جوێیه له ئینگلیسی). دووهه‌م، ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه که منداڵان فێری خوێندنه‌وه و نووسینی ئینگلیسیی ستاندارد ده‌کرێن؛ هه‌رچۆنێک بێ، "ئینگلیسی" به زمانی ئه‌وان داده‌ندرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌به‌ر جیاوازی گه‌وره‌ی نێوان ئینگلیسی و جۆره زۆر وزه‌وه‌نده کریێۆله‌کان، زۆر له منداڵان قه‌ت له‌وه دا سه‌رناکه‌ون که ئینگلیسی له ئاستێکی باش دا بنووسن و بخوێننه‌وه ولێ‌ی ڕابێن و، ڕێژه‌ی سه‌رنه‌که‌وتنی ئه‌و منداڵانه‌ی که له تاقیکردنه‌وه‌کانی ئینگلیسیی بریتانیایی دا به‌شداری ده‌که‌ن زۆر له سه‌ره‌وه‌یه، به‌له‌به‌رچاو گرتنی سه‌رکه‌وتنیان له بابه‌ته‌کانی دیکه دا.
ته‌نێ له ڕوانگه‌ی زمانناسیی ڕووته‌وه، چاره‌سه‌رییه‌کی به‌جێ و مه‌عقوول بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی له گۆڕێ دایه ده‌کرێ بۆچوونێکی له‌گوێن نۆڕوێژ بێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که دانمارکی ستاندارد وه له‌هجه‌کانی نوڕوێژی ده‌چوو، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که‌له ڕابردوو دا وا هه‌ست ده‌کرا ئه‌وان به دانمارکی به‌سترابێتنه‌وه، نۆڕوێژ دوای وه‌دستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی زمانی ستانداردی له مه‌ڕ خۆی پێش خست. ئه‌و زمانه نوێیه ستاندارده هێشتا وه دانمارکی ده‌چوو،به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ش لێی جیاواز بوو که زۆر زیاتر نزیک بێ له شێوه قسه‌کردنی ڕاسته‌قینه‌ی نۆڕوێژی. له جاماییکا و، شوێنی دیکه ده‌کرێ هه‌مان جۆره شت بکرێ. ده‌کرێ کرویێڵکی ستانداردی جاماییکایی (یان ئینگلیسی) پێش بخرێ – هه‌ر وه‌ک دیتمان خه‌ڵک له دوڕگه‌کانی بریتانیا حه‌ولیان دا له نموونه‌ی سکاتله‌ندی دا بیکه‌ن (به‌ندی 7) – که زۆر له نزیکتره‌وه ته‌بیعه‌تی ئه‌و زمانه‌ی که جاماییکاییهکان قسه‌ی پێ ده‌که‌ن ده‌درکێنێ. زمانێکی ئه‌وتۆ وه ئینگلیسی ده‌چێ، به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به زمانێکی جیاواز داده‌ندرێ.دواتر مرۆ ده‌کرێ فێری ئیمگلیسی بێ، وه‌ک زمانێکی نیوه - بێگانه، واته ئه‌و کاته‌ی که خوێنده واری جێ به جێ کراوه.زۆر وه‌ک ئێستا که چۆن نۆڕوێژییه‌کان فێری خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنی دانمارکی و سوێدی ده‌بن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا،له کرده‌وه دا، ژماره‌یه‌ک به‌رهه‌ڵست هه‌ن له سه‌ر ڕێگای چاره‌سه‌ری ئه‌و جۆره دا. ئینگلیسی زمانێکی به پله‌وپایه‌یه که به‌کارهێنانیشی وه‌ک زمانێکی هاوبه‌ش به‌که‌لکه و، زمانی کولتوورێکه که له جاماییکا به‌ده‌سته‌ڵات و ده‌سترۆیشتووه. بۆیه پێوه‌ندی سیاسی و کولتووری له نێوان کریێۆڵی جاماییکایی و ئینگلیسی دا به ته‌واوی هه‌ر ئه‌و جۆره پێوه‌ندییه نییه که له نێوان دانمارکی و نۆڕوێژی دا هه‌بووه.زۆر که‌م له نۆڕوێژییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م له دڵیان گران ده‌هات ئه‌گه‌ر پێیان بگوترابا ئه‌وان به دانمارکی نادوێن . له لایه‌کی دیکه‌وه، زۆر خه‌ڵک له هیندیی ڕۆژئاوایی له‌وانه‌یه به سووکایه‌تی کردن به خۆیانی بزانن ئه‌گه‌ر پێیان بگوترێ ئه‌وان به ئینگلیسی نادوێن. ئه‌وه‌ش له به‌ر ئه‌وه‌ی (ئا) ئه‌و شێوه‌زارانه‌ی زنجیره‌ی له‌هجه‌یی جاماییکایی نزیک له لووتکه‌ی (کۆمه‌ڵایه‌تی) زۆر زیاتر له ئینگلیسی نزیکن تا کریێۆڵی جاماییکایی – هیچ هۆیه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی زمانی له گۆڕێ دا نییه که پاساوی ئه‌وه بدا ئه‌وان " ئینگلیسی نین" و، (ب) ئه‌وه خسڵه‌تی بۆچوون و زێهنییه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تییه له مهر زمان که ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که کوێرهوهرییکی زۆر له ده‌ست ئه‌و جۆره بۆچوونانه ده‌بینین مه‌یلی ئه‌وه‌یان تێدایه ئه‌و جۆره بۆچوونانه وه‌خۆ که‌ن: ئینگلیسیی ستاندارد له جاماییکا ته‌قریبه‌ن له لایه‌ن هه‌موو که‌سه‌وه وه‌ک شتێکی "باش" په‌ژرێندراوه و قۆڵی له سه‌ر کێشراوه و لێ لادانی به"خراپ" داده‌نرێ.له‌وه‌ش زیاتر، له‌به‌ر پڕێستیژی ئینگلیسیی ستاندارد، ئه‌و که‌سانه‌ی که فێری بوون و به ڕه‌وانی ده‌یزانن هه‌ر وا ئاماده نین ده‌ست له‌و به‌رژه‌وه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تی و داراییانه‌ی هه‌ڵگرن که ئه‌وه بۆی ڕه‌خساندوون. هه‌ر وه‌ها خه‌ڵک سڵیش له مه‌ترسی ئه‌وه ده‌که‌نه‌وه که له باقی دنیای ئینگلیسی زمان تاق بکه‌ونه‌وه و دوور ببنه‌وه. که وابوو، گرفتی سه‌ره‌کی ، ده‌بێ به بۆچوون و تێڕوانینی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵک سه‌باره‌ت به هێندێک شێوه‌زاری زمانی له هێندێک هه‌ڵکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی دا. خوێندنه‌وه‌ی ده‌نگوباس له بی بی سی دا به ڕاوێژی "خه‌ست"ی له‌نده‌ن، بیرمینگام یان گلاسکۆ
ده‌بێته هۆی وه‌پێکه‌نین خستن، تووڕه‌یی و گاڵته پێکردن. هه‌ر ئه‌و جۆره کاردانه‌وه‌یه ده‌کرێ چاوه‌ڕوان بکرێ بێتوو کریێۆڵی جاماییکایی له هه‌ڵکه‌وتی چاوه‌ڕواننه‌کراو دا به‌کار بهێندرێ. دیاره ئه‌وه ده‌کرێ، بێتوو بڕیارێکی سیاسی له پشته‌وه بێ: بیستنی ئینگلیسی له مه‌حکه‌مه‌کانی سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاست دا به شتێکی گاڵته وه‌به‌ر گوێیان ده‌که‌وت و، به شتێکی نابه‌جێ و ناله‌بار داده‌ندرا ئه‌گه‌ر له سه‌روبه‌ندێکی زۆر دواتریش دا ڕیساله‌یه‌کی زانستی به ئینگلیسی بایه؛ هێنده له مێژ نییه هه‌بوونی پارچه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی به زمانی فه‌نلاندی هه‌ر به بیریش دا نه‌هات و به شتێکی نائاسایی داده‌ندرا؛ تا ئه‌و سه‌ده‌یه‌ش به‌کارهێنانی زمانی مه‌قدوونییه‌یی وه‌کوو زمانی پارلمانی به‌کارێکی بێ مانا و محاڵ هه‌ست پێده‌کرا و؛ ته‌نانه‌ت تا ئه‌و دواییانه‌ش ده‌بووه هۆی پێکه‌نین ئه‌گه‌ر له ڕۆژنامه‌یه‌کی ئیرله‌ندی دا ڕاگه‌یاندنی پیشه‌یه‌ک به زمانی سکاتله‌ندی ئالستری بڵاو کرابایه‌وه.
له ڕوانگه‌یه‌کی زۆر ئاشکراتری زمانییه‌وه، یه‌کێک له خسڵه‌ته هه‌ره چاوڕاکێشه‌کانی زمانه کریێۆڵه‌کان به گشتی- به‌لانی که‌مه‌وه له نموونه‌ی ئه‌و کریێۆڵانه‌ی دا که له باری مێژووییه‌وه خزمی زمانه ئوڕووپاییهکانن – راده‌ی ئه‌و وهیهکچوونانهیه که ئه‌وان له ته‌ک یه‌کتری دا هه‌یانه، بێ له‌به‌رچاوگرتنی شوێنی جوگرافیاییان. ئه‌م شێوانه‌ی کردار له‌م نموونانه‌ی خواره‌وه دا له به‌ر چاو بگرن:
کریێۆڵی جاماییکایی : /wɑ de go hɑpm nou/ “What is going to happen now?”
" ئێستا چ ده‌بێ؟ "
سڕانان: /mi de kom/
“I’m coming”
"ئه‌وه دێم"
گولاه : /de də njɑm forə/ “They were eating fodder.”
" ئه‌وان خه‌ریکن ئالیک ده‌خۆن"
کریۆ: /ɑ de go wok/ “I’m going to work.”
" ئه‌من ده‌چمه سه‌رکار"
(له ڕووی جوگرافیاییه‌وه کریێۆڵی جاماییکایی، کاراییبی یه، سڕانان، باشووری ئه‌مریکایی، گولاه ، (بڕوانه لاپه‌ڕه‌ی 57ی ده‌قی ئینگلیسی ئه‌م کتێبه)، باکووری ئه‌مریکایی و؛ کریۆ، ئه‌فریقای ڕۆژئاوایی.) ئه‌م ڕستانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌موو شتێک نیشان ده‌ده‌ن که ئێمه ده‌توانین نێوی بنێین لایه‌نی پێشوه‌چوون یان به‌رده‌وامی: ئه‌وان هه‌ر له سه‌ر کرده‌وه‌یه‌کی کورت خایه‌ن نین، به‌ڵکوو کرده‌وه‌ی ئه‌وتۆن که به‌ڕێژه له ماوه‌یه‌کی درێژی زه‌مانی دا ده‌کرێن.
( ئه‌وه‌ش له وه‌رگێڕانی ئینگلیسی ڕسته‌کان به شێوه‌ی کرداری+ be کردار- ing ده‌رده‌که‌وێ.) ئه‌و وهیهکچوونانهی که ده‌بێ سه‌رنجیان بدرێتێ ئه‌مانه‌ن:
1. گشت ئه‌و کریێۆڵانه ده‌توانن دۆخی به‌رده‌وامی نیشان بده‌ن به بێ نیشان دانی زه‌مان( نموونه‌ی زمانی وه‌ک زه‌مانی ڕابردوو وه‌رگێڕدراوه، به‌ڵام له هه‌ڵکه‌وتی دیکه دا ده‌کرێ بۆ زه‌مانی ئێستاش به‌کار بهێندرێ.)
2. هه‌موو کریێۆڵه‌کان دۆخی به‌رده‌وامی نیشان ده‌ده‌ن، نه‌ک به گه‌ردان کردنی کردار وه‌ک ئینگلیسی، به‌ڵکوو به
Particle (ورده وشه) – وشه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ که ده‌که‌وێته پێش کردار.
3. شێوه‌ی ئه‌م particle ه ته‌قریبه‌ن له هه‌موو نموونه‌کان دا: de,de,də,de وه‌ک یه‌ک وایه.
ئه‌و وه‌یه‌کچوونانه ته‌نانه‌ت زۆر چاوڕاکێشترن ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌رنج بده‌ین ئه‌و کریێۆڵانهش که له سه‌ر بنه‌مای فه‌ڕانسه‌یی گرساون به ته‌واوی هه‌ر هه‌مان ستروکتوری کرداریان هه‌یه:
جێناو + به‌رده‌وامی- ورده وشه‌ی دۆخ + کردار
فه‌ڕانسه‌یی لویزیانا: “I am working “ /mo ɑpe trɑvɑi/
فه‌ڕانسه‌یی هاییتی: /yo ɑpe mɑze/ "They are eating “ فه‌ڕانسه‌یی ماوریتیوس: / ki to ɑpe fer/ "What are you doing “
سه‌رنج بده‌نه ئه‌وه‌ش، لێره‌شدا فۆڕمی particle (ورده وشه) وه‌ک یه‌ک وایه:/ /ɑpe (له باری مێژووییه‌وه خزمی après ی فه‌ڕانسه‌یی یه)، سه‌ره‌ڕای چه‌ندین هه‌زار میل که ماوریتیوس و کاراییب له یه‌کتری دوور ده‌کاته‌وه. کریێۆڵه‌کانی پورتوگالیش هه‌ر هه‌مان بنچینه‌یان هه‌یه:
جێناو+ ورده‌وشه + کردار
کریێۆلی پورتوگاڵی سه‌نت توماس: /e kɑ ndɑ/ "He is going "
داخودا ئێمه چۆن ده‌توانین ئه‌و وه‌یه‌کچوونانه ( هه‌م له بنچینه و هه‌م له فۆڕم دا) له نێو ئه‌و زمانانه دا شی بکه‌ینه‌وه، به‌تایبه‌تی به‌له‌به‌رچاوگرتنی مه‌ودای زۆری که ئه‌وان له یه‌کتری جوێ ده‌کاته‌وه و ئه‌و ڕاستییه‌ش که به‌ڕواڵه‌ت ئه‌وان له زمانانی سه‌رچاوه‌ی جیاوازه‌وه داکه‌وتوون؟ یه‌ک له‌و شی کردنه‌وانه‌ی که هاتووه‌ته گۆڕێ پێداگری ده‌کا له سه‌ر وه‌یه‌کچوونی ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی که بوونه هۆی په‌ره‌سه‌ندنی زمانه پیجنه‌کان ( و هه‌ر ئاواش زمانه کریێۆڵه‌کان). ئه‌و زمانانه به گشتی له‌لایه‌ن ده‌ریاپێوان، بازرگانان و خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی خۆجێیی که خه‌ریکی ساتوسه‌ودا بوون یان له هه‌ڵکه‌وتی دیکه‌ی ئاوادا، پێکه‌وه ساز کران، بۆیه، ده‌گوترێ،سه‌یر نییه که زمانه‌کان وه‌یه‌کتری ده‌چن. ئه‌وه‌ش ڕاسته که پیجنه‌کان له هه‌لومه‌رجێک دا په‌ره‌یان سه‌ند که گواستنه‌وه‌ی زانیاری زۆر دژوار بوو و له‌وانه زۆر به‌که‌لک بووبێ تا ئه‌و جێیه‌ی ده‌کرا زمان ساده بکرێته‌وه وه‌کوو ئامرازێکی به‌کاری پێوه‌ندی. واته، ده‌کرێ پرێنسیپی جیهانی به‌ڕبڵاو بۆ ساده‌کردنه‌وه هه‌بێ – به بزر بوونی خسڵه‌ته زیادییه‌کان و ده‌رهاویشتنی بێقاعیدهییهکان له زمان دا – که هێندێک له بنچینه و قه‌واره‌کانی له ئه‌وانیدی به‌لاوه په‌سندتره.
شیکردنه‌وه‌ی دووهه‌م، به "تیۆری وشه تێوه‌هاتنه‌وه" (relexification theory ) پاساو ده‌درێ. ئه‌و تیۆرییه، به کورتی ده‌ڵێ که یه‌که‌م زمانی به‌ربڵاوی پیجن له سه‌ر بنه‌مای زمانی ئوڕووپایی، پیجنی پورتوگاڵی بوو، که ڕه‌نگه سه‌رده‌مایه‌ک له ماوه‌ی سه‌ده‌ی پازده‌هه‌م دا له کناری ئه‌فریقای ڕۆژئاوا په‌ره‌ی سه‌ند بێ. دوایه پورتهگاڵییهکان ئه‌و زمانه‌یان به شوێنه‌کان و موسته‌عمه‌ره‌کانی دیکه‌ی خۆیان له ئه‌فریقا و ئاسیا دا بڵاو کرده‌وه و، بازرگانانی خه‌ڵکی وڵاتی دیکه‌ش ده‌ستیان کرد به فێربوونی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، کاتێک بازرگانانی فه‌ڕانسه‌یی و ئینگلیسی به هه‌ژماری زۆر هاتنه نێو ئه‌و ساتوسه‌ودا و بازرگانییه‌وه - به‌تایبه‌تی ساتوسه‌ودای کۆیله - ، relexification
( وشه تێوه‌هاتن) بۆ نێو ئه‌و پیجنه پورتوگاڵییه ڕوویدا. ڕێزمانی زمانه‌که وه‌کوو خۆی مایه‌وه، به‌ڵام وشه‌کانی گۆڕان. ئه‌و وشانه‌ی له زمانی پورتوگاڵی وه‌رگیرابوون به‌ره به‌ره وشه‌ی ئینگلیسی، فه‌ڕانسه‌یی، یان هێندێک زمانی زاڵی دیکه‌ی ئوڕووپایی جێی گرتنه‌وه.به‌ڵگه بۆ پاساودانی ئه‌م تیورییه ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
1. هێندێک وشه‌ی پورتوگاڵی هێشتاش له زۆر له زمانه پیجن و کریێۆڵه نا پورتوگاڵییهکاندا ماونه‌ته‌وه، بۆ نموونه, savvy که له وشه‌ی sabe ی پورتوگاڵی وه‌رگیراوه به مانای " ئه‌و ده‌زانێ" و، وشه‌ی piccaninny، له وشه‌ی pequenino، به مانای " پچووک".
2. ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و وشانه‌ی که له زمانه کریێۆڵه‌کان دا هه‌ن ده‌کرێ له زمانه‌کانی ئه‌فریقای ڕۆژئاوایی دا شوێنگێڕی بکرێن. بۆ نموونه، /njɑm/ "خواردن" ( بڕوانه به‌ندی 3ی ئه‌م کتێبه)، که له کریێۆڵی جاماییکایی، گولاه ،سرانان و زمانه‌کانی دیکه دا هه‌یه، ڕه‌نگه له وشه‌ی njɑmi//، وه‌رگیرابێ، که له زمانی Fulani دا، که زمانێکه ئێستا له گینه، گامبییا، سێنێگال و مالی قسه‌ی پێده‌کرێ به مانای " خواردن"ه.
3. ژماره‌یه‌ک وه‌یه‌کچوونی ڕێزمانی له نێوان کریێۆڵه‌کانی ئینگلیسی، فه‌ڕانسه‌یی، پورتوگاڵی و ئه‌وانیدی دا هه‌ن، جگه له‌و وه‌یه‌ک چوونانه‌ی له مه‌ڕ کرداران باسمان کردن. "هه‌مان ڕێزمان به‌ڵام وشه‌ی جیاواز" گریمانه‌یه‌کی ته‌واوه بۆ ئه‌م شیکردنه‌وه‌یه.
4. ته‌بیعه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی وهیهکچوونه ڕێزمانییه‌کان – ئه‌گه‌رچی به‌شێکی ده‌کرێ له به‌ر پرێنسیپی جیهانی ساده‌کردنه‌وه بێ – بیری پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ زمانه‌کانی ئه‌فریقای ڕۆژئاوایی ده‌سه‌لمێنێ. زۆر له‌و زمانانه، وه‌کوو زمانه کریێۆڵه‌کان، لایه‌ن و زه‌مان به‌ڕێگای particle (ورده وشه)ی پێشگر نیشان ده‌ده‌ن، بۆ نموونه له‌مانه‌ی خواره‌وه بڕوانه:
کریێۆڵی فه‌ڕانسه‌یی لویزیانا: /mo to kupe/ " I (past) cut " ئه‌من (ڕابردوو) بڕین"
کڕیێۆڵی پورتوگالی سه‌نت توماس : /e tɑ ndɑ/ " He ( past ) go " " ئه‌و (ڕابردوو) ڕۆیشتن
یورۆبا: /mo ti wɑ/ " I (past) come " ئه‌و (ڕابردوو) هاتن
دوایین کوت له به‌ڵگه‌ی گریمانه‌ی " وشه تێوه‌هاتنه‌وه" ( relexification ) ده‌کرێ له مه‌ڕ زمانی Saramakkan به‌ده‌سته‌وه بدرێ. ئه‌وه‌ش زمانێکی کریێۆڵه که له سوورینام قسه‌ی پێده‌کرێ. به ڕواڵه‌ت وا وێده‌چێ ڕه‌نگه ئه‌و کریێۆڵه به هه‌ڵاتنی کۆیله‌کان بۆ نێو لێڕه‌واران که قسه‌یان پێده‌کرد، ڕاگیرابێ، له نیوه‌ی ڕێگای ئاڵوگۆڕی په‌یڤی له زمانی پورتوگاڵی وه‌رگیراو به په‌یڤی ئینگلیسی. زۆرجار به کریێۆڵێکی پورتوگاڵی داده‌ندرێ، به‌ڵام تۆوی ئینگلیسی له په‌یڤه‌کانی دا یه‌کجار زۆره.
شیکردنه‌وه‌ی سیهه‌م و چاوڕاکێش پێوه‌ندی په‌یدا ده‌کا به کاری Derek Bickerton، که له سه‌ره‌وه باسمان کرد. ئه‌گه‌ر گشت کریێۆڵه‌کان به‌رهه‌می، په‌ره‌پێدانی زمانێکی پیجن بن و؛ ئه‌گه‌ر منداڵانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه جیاوازانه گشتیان ده‌بوا درێژه به زانستی زاتی خۆیان بده‌ن له مه‌ڕ ئه‌وه‌ی که زمانی ئینسانی به گشتی چییه
– به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ر زمانێک به تایبه‌تی- بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه بکه‌ن و؛ ئه‌گه‌ر قابیلییه‌تی زمانی ئینسانی شتێکه که له نێو هه‌موو بنیاده‌مان دا هاوبه‌شه - که به بێ هیچ گومانێک ئه‌وه وایه، ئه‌وده‌می ڕه‌نگه سه‌یر نه‌بێ که کریێۆڵه‌کانی سه‌رتاسه‌ری دنیا بنچینه و قه‌واره‌ی وه‌کوویه‌کیان هه‌بێ.
هه‌ر وه‌ک له به‌ندی 3 دا دیتمان، زۆر له زمان‌ناسان گوتوویانه که شێوه زمانی ئێنگلیسیی ئه‌مریکایی ئه‌فریقایی AAVE له کریێۆڵێکی ڕه‌سه‌ن و ماک ڕا که‌وتووه‌ته‌وه که به‌ره به‌ره له کرۆیێل شۆراوه‌ته‌وه، له ئاکامی به‌سه‌دان ساڵ پێوه‌ندی له گه‌ڵ زمانی ئینگلیسی،جا بۆیه ئیدی ئێستا بۆخۆی به ڕوونی شێوه‌زارێکی ئینگلیسییه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕاست بێ، ئێمه ده‌کرێ بڵێین، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی که زاراوه‌ی دوا کریێۆڵ ( post- creole) مان بۆ ئاماژه به بارودۆخی جاماییکا به کار هێنا،که AAVE کڕیێۆڵێکی وه‌دره‌نگ که‌وتوو یان دوا کریێۆڵێکی له‌پاش به‌جێماوه. وه‌بیر بهێننه‌وه که decreolization ( له کریێۆڵ شۆردنه‌وه) هێرش ده‌کاته سه‌ر ساده کردنه‌وه و تێهه‌ڵکێش که له قۆناغی pidginization (پیجن کردن) دا ڕوو ده‌دا. ئه‌گه‌ر ئێمه پێچه‌وانه‌ی simplification (ساده کردنه‌وه) به complication ( دژوار کردن) دابنێین و به‌راوه‌ژووی admixture (تێهه‌ڵکێش) به purification ( پاککردنه‌وه، په‌تیگه‌ری) بزانین ( سه‌رنج بده‌ن که ئه‌مه زاراوه‌یه‌کی تێکنیکی یه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بایه‌خێک له په‌تیگه‌ری شه‌ته‌ک ده‌ین- purification (په‌تیگه‌ری، پاککردنه‌وه) به هیچ جۆر له به‌که‌لک بوون و به‌دڵ بوونی زمانێک نه زیاد ده‌کا و نه لێی که‌م ده‌کا)، ئه‌وده‌می ئه‌م تابڵو زه‌مانییه‌ی خۆارهوهمان دێته به‌رچاو:
پێواژۆ: سه‌رچاوه
پیجن کردن Pidginization به‌ر له پیجن (Pre-pidgin) ساده کردنه‌وه تێهه‌ڵکێش که‌مکردنه‌وه
چڕبوونه‌وه focusing پیجن
کریێۆڵ کردن creolization کریێۆڵ کردن
چڵونیوه‌چڵ Partial دوا کریێۆڵ دژوار کردن په‌تی کردن
له کریێۆڵ شۆردنه‌وه decreolization
زیاتر further له پاش به‌جێماو دژوار کردن په‌تی کردن
له کریێۆڵ شۆردنه‌وه decreolization دوا کریێۆڵ
هه‌ڵبه‌ت، ئه‌گه‌ر پێواژۆی دژوار کردن و په‌تی کردن دواجار به‌ته‌واوی سه‌ربگرن، ئه‌وده‌می دوا کریێۆڵێکی له پاش به‌جێماوی وه‌ک AAVE شێوه‌زمانی ئینگلیسیی ئه‌مریکایی ئه‌فریقایی ئیدی هیچ نیشانه و خسڵه‌تی کریێۆڵ بوونی تێدا نامێنێ و هیچ سه‌ره‌په‌تێک سه‌باره‌ت به مێژووی کریێۆڵ بوونی خۆی نیشان نادا.
چاوڕاکێشه، له دنیا دا هێندێک زمان هه‌ن که وه زمانانی دوا کریێۆڵ ده‌چن، به‌ڵام ئاوا نین. هێندێک شێوه‌زار هه‌ن که ئه‌گه‌ر له گه‌ڵ سه‌رچاوه‌یان به‌راوه‌رد بکرێن، هێندێک ئاستی ساده‌کردنه‌وه و تێهه‌ڵکێشیان پێوه دیاره. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا،ئێمه به‌و جۆره زمانانه ناڵێێن کریێۆڵ، چونکه ڕاده‌ی ساده کردنه‌وه و تێهه‌ڵکێش تێیاندا یه‌کجار زۆر نییه و، ته‌نانه‌ت به دوا کریێۆلیش نێو دێریان ناکه‌ین چونکه ئه‌وان قه‌ت کریێۆڵ نه‌بوون- و له‌وه‌ش زیاتر چونکه قه‌ت پیجن یش نه‌بوون! ئه‌فریکانس، زمانێکی سه‌ره‌کی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی سپی پێست له ئه‌فریقای باشوور به ته‌نیشت ئینگلیسییه‌وه، له ڕابردوو دا به له‌هجه‌یه‌کی هۆله‌ندی داده‌ندرا، هه‌ر وه‌ک پێشتر له‌م کتێبه دا باسمان کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به ده‌م تێپه‌ڕینی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه سه‌ربه‌خۆیی به ده‌ست هێنا ( بڕوانه به‌ندی 1) و ئێستا ئه‌ده‌بییات، قامووس، کتێبی ڕێزمان و هتاد.ی له مه‌ڕ خۆی هه‌یه. ئه‌گه‌ر له گه‌ڵ هۆله‌ندی به‌راوه‌رد بکرێ، ئه‌فریکانس ڕاده‌یه‌کی زۆر زیاتر له به‌قاعیده بوونی ڕێزمانی نیشان ده‌دا و، تێهه‌ڵکێشێکی زۆری گرینگیش له گه‌ڵ زمانی مالایی، پورتوگاڵی و زمانه‌کانی دیکه، هێشتا ئاخێوێکی ئه‌فریکانس و ئاخێوێکی هۆله‌ندی ده‌توانن دوولایه‌نه له یه‌کتری تێبگه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، خسڵه‌تی گرینگی ئه‌فریکانس ئه‌وه‌یه که،ئه‌گه‌رچی ئێستا هێندێک له‌و ئه‌فریقا باشووریانه قسه‌ی پێده‌که‌ن کهتۆرهمهی ئه‌و جۆره خه‌ڵکن که وه‌ک زمانێکی نابوومی قسه‌یان پێده‌کرد – و هه‌ر وه‌ها کارتێکه‌ری پورتوگالی، مالایی و هتاد.- و که به بێ گۆمان به فۆرمێکی پیجن کراوی pidginized هۆله‌ندی – ئه‌فریکانس قسه‌یان ده‌کرد، نه‌ریتی ئاخێوی بوومی به درێژایی مێژووی خۆی پاراست. زمانه‌که له وه‌چه‌یه‌کی ئاخێوانی بوومی یه‌وه ڕاگوێزرا بۆ ئاخێوانی بوومی وه‌چه‌یه‌کی دیکه؛ له هه‌موو بوار و مه‌به‌ستگه‌لی کۆمه‌ڵایه‌تی دا به‌کار ده‌هێندرا و هه‌ر بۆیه‌ش قه‌ت نه‌که‌وته به‌ر ڕه‌وتی لێ که‌مکردنه‌وه. زمانێکی ئه‌وتۆ که هێندێک
ساده کردنه‌وه و تێهه‌ڵکێش ی پێوه دیاره، به نیسبه‌ت زمانی سه‌رچاوه‌وه، به‌ڵام قه‌ت زمانێکی پیجن یان کریێۆڵ نه‌بووه به‌و مانایه‌ی که هه‌میشه ئاخێوی ئه‌وتۆی هه‌بووه که به شێوه‌زارێکی زمانه‌که قسه‌یان کردووه که قه‌ت نه‌که‌وتووه‌ته به‌ر کارتێکه‌ری لێ که‌مکردنه‌وه ده‌کرێ به زمانی کریێۆلید creolid نێوزه‌د بکه‌ین.
پیجنه‌کان، کرێێۆڵهکان و کریێۆلیدهکان گشتیان ئه‌و جۆره زمانانه‌ن که له‌ئاکامی کۆنتاکتی نێوان زمانان دا ساز بوون و هه‌ر بۆیه‌ش زمانانی "تێکه‌ڵاو"ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گشت ئه‌و زمانه پیجن، کریێۆڵ و کریێۆلیدانهی که تا ئێستا باسمان کردن، هه‌موویان سه‌رچاوه‌یه‌کی تاقانه‌ی سه‌ره‌کییان هه‌بووه. بۆ نموونه، ئاشکرایه که سوله‌یمانییه‌یی نوێ پیچنێکه که له سه‌ر بنه‌مای زمانی ئینگلیسی گرساوه، ئه‌وه‌ش ئاشکرایه که کریێۆڵی هاییتی له سه‌ر بنه‌مای زمانی فه‌ڕانسه‌یی هه‌ڵنراوه، ئه‌وه‌ش دیاره که ئینگلیسیی جاماییکایی زمانێکی دوا کریێۆڵه له سه‌ر بنه‌مای ئینگلیسی و، ئهفریکانسیش زمانێکی کریێۆلیده له سه‌ر بنه‌مای هۆله‌ندی.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، نموونه‌ی زۆر سه‌رنجڕاکێشی دیکه‌ی ئه‌و جۆره زمانانه له گۆشه و کناری دنیا دا هه‌ن که به‌ڕواڵه‌ت دوو زمان سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیانن.ئێمه ده‌کرێ ئه‌و چه‌شنه زمانانه به پیچن، کریێۆل، دوا کرێێۆڵ و کریێۆلیدی جووت سه‌رچاوه dual-source نێودێر بکه‌ین. Russnorsk ( ڕووسیی نۆروێژی) زمانێکی پیجن بوو که له لای هه‌ره سه‌رووی نۆڕوێژ تا ساڵی 1917 قسه‌ی پێده‌کرا، ئه‌وکاته‌ی بازرگانی و ساتوسه‌ودا له نێوان نۆڕوێژ و ڕووسییه له ئاکامی شۆڕشی ڕووسییه دا ڕاگیرا. ئه‌و زمانه زمانێکی که‌مکراوه و ساده‌کراو بوو که تۆوه‌کانی پێکهێنه‌ری بریتی بوون له ڕووسی و نوروێژی هه‌ر به قه‌ده‌ر یه‌کتری. ئاشکرایه که ئه‌و زمانه له ئاکامی کۆنتاکی نێوان ئاخێوانی زمانی ڕووسی و ئاخێوانی زمانی نۆڕوێژی دا په‌یدا بوو، به‌ڵام فۆڕمێکی چڕی به‌کارهێنانی به‌خۆیه‌وه گرت و،ئاخێوانی زمانه‌کانی دیکه‌ش وه‌کوو ئاخێوانی زمانی سامی (لاپله‌ندی)، هۆله‌ندی، ئه‌ڵمانی و ئینگلیسیش فێری ده‌بوون و وه‌ک زمانی هاوبه‌ش (lingua franca) به‌کاریان ده‌هێنا. ئه‌وه ڕه‌نگه گرینگ بێ سه‌رنجی بدرێتێ که په‌یدا بوونی ڕووسیی نۆڕوێژی ده‌رئه‌نجامی بارودۆخێکی کۆلۆنیالی نه‌بوو به‌ڵکوو زه‌مینه‌ی بازرگانی ئوڕووپایی پێکی هێنا که تێیدا هه‌ر دووک زمانانی یارمه‌تیده‌ر له لایه‌ن خه‌ڵکێکه‌وه قسه‌یان پێده‌کرا که سه‌روه‌ت و سامان و تێکنۆلۆژییان ته‌قریبه‌ن یه‌کسان بوو.
دژواره بارودۆخی ئه‌وتۆ به زه‌ین دابێ که تێیدا پیجنه‌کانی جووت سه‌رچاوه بکرێ ببن به تاقه زمانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک و، به‌و شێوه‌یه کریێۆڵیان لێوه په‌یدا بێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ڵانی که‌مه‌وه هه‌ر نه‌بێ بارودۆخێکی ئه‌وتۆ هاتووه‌ته گۆرێ.Pitcairnese ( پیتکایرێنسه‌یی)، زمانێکی دوڕگه‌ی دووره‌ده‌ستی Pitcairn له ئوقیانووسی ئارام، کریێۆڵێکی جووت سه‌رچاوه‌یه که تاقه زمانی بوومی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پچووکه له‌وێ. خه‌ڵکی پیتکایرن زۆربه‌یان تۆره‌مه‌ی ئه‌و ده‌ریا پێوه بریتانیاییانهن که سه‌ربزێوییان کرد و پیاوان و ژنانی Bounty بوونتی و Tahitian تایتییی له گه‌ڵیان که‌وتن و چوون له دوڕگه‌ی پیتکایرن خۆیان له چنگ ئه‌ڕته‌شی ده‌ریایی سه‌لته‌نه‌تی بریتانیا شارده‌وه. زمانه‌که‌یان تێکه‌ڵاوێک و سادهکراوێکی ئینگلیسی و تایتیی یه ( که زمانێکه سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی زمانانی پۆلینێسهیی Polynesian)، هه‌ر وه‌ک له خواره‌وه دا ده‌یبینین:
got ɑ pur?iti fə puŚ em ho? ston - wen em bin put in ɑ weku, hem jʌmu fə plente lif ən pehu ən pehu plente dəː?
گۆچانێک هه‌بوو بۆ لادانی به‌رده داغه‌کان. کاتێک چێشتیان لێ ده‌نا، ئه‌وانیان به گه‌ڵا و خۆڵێکی زۆر دا ده‌پۆشی."
پیتکایرێنسه‌یی له Norfolk Island دوڕگه‌ی نۆرفۆڵک له ناوچه‌ی ده‌ریای ئارامیی ڕۆژئاواش ئاخێوی هه‌یه که ئه‌وانه تۆره‌مه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ن که له پیتکایرنهوه هاتن و له‌وێ دامه‌زران. له دوڕگه‌ی نۆرفۆڵک، زمانه‌که، پێوه‌ندییه‌کی نزیکی هه‌یه له گه‌ڵ ئینگلیسیی ئاوسترالیایی و له ئاکام دا له کریێۆڵ بوون ده‌شۆرێته‌وه ( به‌ره‌و ئاراسته‌ی ئینگلیسی نه‌ک تاییتی). بۆیه ده‌کرێ به دوا کریێۆڵێکی جووت سه‌رچاوه‌ی نێودێر بکه‌ین.
زمانی ئه‌وتۆش هه‌ن که مرۆ ده‌کرێ نێویان لێ بنێ کریێۆلیدی جووت سه‌رچاوه. زمانێکی له‌م چه‌شنه Michif میشیف ه ( که به ئینگلیسی به شێوه‌ی جۆر به جۆری Metsif ، Métis یش ده‌نووسرێ) که ڕیشه‌ی له کانادایه، به‌ڵام زۆربه‌ی ئاخێوه " دووڕه‌گه‌کانی" ئێستا له داکۆتای باکووری، له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ژین. ئه‌و دووزمانه‌ی که ده‌ستیان بووه له گرسانی دا فه‌ڕانسه‌یی و زمانی ڕه‌سه‌نی خۆجێیی ئه‌مریکایی Cree ( کری) بوون. به پێچه‌وانه‌ی زمانی پیتکارێنسه‌یی ، میشیف ساده‌کردنه‌وه‌یه‌کی زۆری تێدا نه‌کراوه.ده‌کرێ به تهخمینهوه بڵێین ئه‌وه‌ش له به‌ر ئه‌وه‌ی که ژماره‌یه‌کی زیاتر له منداڵانی پچووک، له چاو نموونه‌ی زمانی پیتکارێنسه‌یی، ده‌ستیان له گرسانی دا هه‌بووه.( هه‌ڵبه‌ت، منداڵان، زۆر باشتر له که‌سانی باڵغ و گه‌وره ساڵان زمان فێر ده‌بن و، ساده‌کردنه‌وه زیاتر له به‌ر فێربوونی چڵونیوه‌چڵی زمانی سه‌رچاوه‌یه له لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ی که له ته‌مه‌نی چاردهساڵان به‌ره‌ژوو فێری ده‌بن.) له ڕاستییدا، زمانی میشیف له‌وه دا سه‌رنجڕاکێشه که فره‌یزه ناوییهکانی فه‌ڕانسه‌یین و به‌ته‌واوی له گه‌ڵ زایه‌ند و ئاوه‌ڵناو یه‌ک ده‌گرنه‌وه، له کاتێکدا فره‌یزه کردارییه‌کانی ئی زمانی Cree کری ن، له‌وانه مۆرفۆلۆژی پێچه‌ڵپێچی کرداریی ئه‌و زمانه. بۆ نموونه:
La fam ) ژنه‌که، دیارخه‌ری مێینه، فه‌ڕانسه‌یی)li ( دیارخه‌ری مێینه، فه‌ڕانسه‌یی) miçimine:w (هه‌ڵده‌گرێ، زمانی کری) pçi ( ئه‌وی چکۆڵه)
"ژنه‌که منداڵه‌که‌ی به باوه‌شه‌وه‌یه."
سه‌چاوه‌ی ئه‌م وه‌رگێڕانه به‌ندی 9ی کتێبی:
Sociolinguistics An introduction to language and society
Peter Trudgill, Fourth Edition. Penguin books 2000
1 comment:
dast xosh. ew beshey zor bo min serinç rakêsh bu. be taybet beshi englisi surinam.bo min zor wishe wek book yan garden yan big man haman englisi bun harçend tekellian kirdbê legel surinami.
eger le kurdistan zimanêki sadetir u kurtkrawetir wek englisi ewaney englisi ziman nin saz bkrêt çi?shtek le nêwan hemu zarawe kurdiakan ? dekrê yan xeyalle?eger bikrê be sudi zimani kurdi dabê yan na?çunke wa netewekani dikey nakurdish detwanin kurdi qse bken!
Post a Comment