یادێک له ئۆسکار مان
ئه‌م بابه‌ته‌ی خواره‌وه به سپاسه‌وه له ماڵپه‌ڕی هێدی (جه‌عفه‌ری حوسێنپور) وه‌رگیراوه و باسی ژیان وکاره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتناسی ئه‌ڵمانی ئۆسکارمان ده‌کا. ئۆسکارمان خزمه‌تی گه‌وره‌ی به ئه‌ده‌بیی فۆلکلۆری کوردی کردووه .
2.2.04
یادێک له ئۆسكار مان
له‌و دوایانه دا تووشی ماڵپه‌ڕێكی "ئاكادێمی زانسته‌كان"ی بێرلین - بڕاندێنبوورگ هاتم. له‌و ماڵپه‌ڕه دا په‌ڕێک ته‌رخان كراوه به" ئۆسكار مان و كاڕڵ هادانک". له سه‌ر ئه‌و په‌ڕه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه كه به كورتی باسی كاره‌كانی ئۆسكار مان كراوه، شوێن و ڕێكه‌وتی له‌دایكبوون و مردنیشی نووسراون، كه تا ئێستا لێمان ڕوون نه‌بوون. به پێویستم زانی ئه‌و زانیارییانه و هێندێک زانیاریی دیكه‌ش بخه‌مه سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی كه پاره‌كه له‌سه‌ر "ئۆسكار مان"م نووسیوه:
ئۆسكار مان(Oskar Mann) له ڕێكه‌وتی 18ی سێپتامبری 1867 له بێرلین له دایک بووه و له ڕێكه‌وتی 5 ی دێسامبری 1917 له بێرلین كۆچی دوایی كردووه. ئۆسكار مان ڕۆژهه‌ڵاتناس بووه و له ساڵی 1890 تا 1917 له كتێبخانه‌ی پاشایه‌تیی بێرلین كاری كردووه. له 1901 تا 1907 و له 1908 تا 1911 بۆ لێكۆڵینه‌وه له زاراوه فارسی - كوردییه‌كان به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست سه‌فه‌ری كردووه. به‌رهه‌می سه‌فه‌ره‌كانی كۆمه‌ڵێک ده‌سنووس و كتێبن كه له ئارشیوی "ئاكادێمی زانسته‌كان"ی بێرلین - بڕاندێنبوورگ پارێزراون.
كاڕڵ هادانک(Karl Hadank) كه مامۆستا و ڕۆژهه‌ڵاتناس بووه و له ساڵی 1945 دا كۆچی دوایی كردووه(ساڵی له دایكبوونی ڕوون نییه)، بۆ ماوه‌یه‌ک له كاری مامۆستایه‌تیی ئازاد ده‌كرێ و له لایه‌ن كۆمیسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاكادێمی زانسته‌كان كاری ساغكردنه‌وه‌ی ده‌سنووسه‌كانی"ئۆسكار مان"ی پێ ده‌سپێردرێ. به‌شێک له‌و ده‌سنووسانه بڵاو ده‌كاته‌وه و به مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر و په‌ره‌پێدانی كاره‌كانی ئۆسكار مان له ساڵی 1932 دا، سه‌ربه‌خۆ به‌ره‌و شام و به‌غدا سه‌فه‌ر ده‌كا. سه‌باره‌ت به لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر زمانه ئێرانییه‌كان كاره‌كانی كاڕڵ هادانک زۆر به‌نرخ و به‌رچاون.
به وته‌ی ئاكادێمی زانسته‌كان كاره‌كانی ئه‌و ڕۆژهه‌ڵاتناسانه(ئۆسكار مان و كاڕڵ هادانک) وه‌ها پێكه‌وه به‌ستراونه‌وه كه لێک جیاكردنه‌وه‌یان ناگونجێ.
من تا ئێستا له به‌رهه‌مه‌كانی ئۆسكار مان هه‌ر فۆتۆكۆپی به‌رگی یه‌كه‌می بهرههمێكیم هه‌بوو كه له لای مه به"توحفه‌ی موززه‌ففه‌رییه" ناسراوه. به‌ڵام له‌و دوایانه دا له عهنتیكهخانهیهكی شاری بێرلین سێ كتێبی ئۆسكار مانم وه‌ده‌ست كه‌وتن و به نرخێكی زۆر كڕیمن. ئه‌و سێ كتێبه بریتین له: 1. به‌رگی یه‌كه‌می "توحفه‌ی موززه‌ففه‌رییه" كه ده وتاره‌كه دا ئاماژه‌م به نێوه‌رۆكه‌كه‌ی كردووه؛ 2. به‌رگی دووهه‌می"توحفه‌ی موززه‌ففه‌رییه" كه وه‌رگێڕدراوه‌ی به‌رگی یه‌كه‌مه به زمانی ئاڵمانیی، له‌و به‌رگه دا هه‌موو به‌یته‌كان وه‌رگێڕدراونه‌وه سه‌ر زمانی ئالمانیی و پێشهكییهكیشی له سه‌ر شێوه و نێوه‌رۆكی به‌یته‌كان تێدایه؛ 3. زاراوه‌كانی گۆران- به‌تایبه‌ت كهندوولهیی، هه‌ورامانی و باجه‌ڵانی. ئه‌و كتێبه دوای ئۆسكار مان له لایه‌ن "كاڕڵ هادانک"ه‌وه ساغكراوه‌ته‌وه و زانیاریی زۆر به نرخی له‌سه‌ر ئه‌و زاراوانه تێدایه. هیچكام له‌و كتێبانه باسی ژیان و به‌سه‌رهاتی ئۆسكار مانیان تێدا نییه، به‌ڵام به وردی ئاماژه به به‌رهه‌مه‌كانی ئۆسكار مان كراوه. به‌و پێیه له به‌شی "به‌رهه‌مه‌كانی ئۆسكار مان" دا باسی كاره‌كانی و شێوه‌ی دابه‌شكردنیان ده‌كه‌م.
ئه‌و وتاره‌ی خواره‌وه له ژماره حه‌وتی "گۆڤاری مه‌هاباد" دا به دهسكارییهكی بێجێوه چاپ كراوه! لێره‌دا، به زیادكردنی هێندێک زانیاریی دیكه و سووكه ئاڵ‌وگۆڕێک، ده‌یخه‌مه‌وه به‌ر چاوان. - هێدی -
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
پاشای پڕۆیس "ویلـهێلـمی دووهه‌م"، كه له سه‌رده‌می ئیمپڕاتۆریی ئاڵمان‌دا(1818 تا 1918)، پاشایه‌تیی كردووه، به‌رنامه‌ی ئۆسكار مان بۆ لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر زمانه ئێرانییه‌كان په‌سند ده‌كا و به یارمه‌تییه‌كی به‌رچاوی ماڵیی پشتی ده‌گرێ. وه‌زاڕه‌تی فه‌رهه‌نگی حكومه‌تی پڕۆیسی ئاڵمانیش مهرهخهسییهكی چه‌ند ساڵه ده‌دا به ئۆسكار مان هه‌تا به شێنه‌یی خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌كانی بێ. ئۆسكار مان ئه‌وده‌م له "ئاكادێمی زانسته‌کان"ی بێرلین كاری كردووه.
ئۆسكار مان ده پێشه‌كییه‌ک دا كه بۆ "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"ی نووسیوه و ده ده‌قی ئاڵمانیی كتێبه‌كه دایه و نه‌كراوه به كوردی، سه‌ره‌ڕای وه‌ی كه سپاسی حكومه‌تی پڕۆیس ده‌كا بۆ یارمه‌تییه به‌رچاوه‌كه‌ی، سپاسی تایبه‌تیش ده‌رده‌بڕێ بۆ "پڕۆفسۆر دوكتور زاخاو" و ده‌ڵێ: "ئه‌و بوو كه هانیدام به شێوه‌ی سیستێماتیک له زاراوه‌كانی كوردیی بكۆڵمه‌وه و له پێناو به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و كاره‌شدا به گیان و دڵ هه‌وڵی دا." - دوكتور زاخاو كه ڕاوێژكاری حوكومه‌تی ئه‌وده‌می ئاڵمان بووه، دوای ئۆسكار مان كۆمیسیۆنێک بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ده‌سنووسه‌كانی ئۆسكار مان پێكدێنێ و وه‌ک به‌رپرسی ئه‌و كۆمیسیۆنه چاوه‌دێری به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كان ده‌بێ.-
پاشان سپاسی یارمه‌تیی دڵسۆزانه‌ی "موزه‌فه‌ره‌دین شای قاجار" ده‌كا كه ده ماوه‌ی سهفهرهكهیدا ئه‌و هه‌له‌ی بۆ ره‌خساندووه كه له رۆژئاوای ئێران‌دا بگه‌ڕێ و به خاترجه‌می كاره‌كه‌ی خۆی بكا.
دیاره هه‌ر بۆ ڕێزلێنان له‌و دڵسۆزیی و یارمه‌تییه‌ی "موزه فهرهدین شا"ش بووه كه نێوی به‌رهه‌مه‌كه‌ی ناوه "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه" و بۆ وی كردۆته دیاریی.
ئۆسكار مان هه‌ر سێ ساڵان (له 1901 ه‌وه تا 1903) له ئێران بووه. ده‌و ماوه‌یه دا زۆر لێكۆڵینه‌وه‌ی به نرخی له سه‌ر زاراوه فارسی و كودییهكان هه‌بووه. بۆخۆی كاره‌كانی خۆی به چوار ده‌سته دابه‌ش ده‌كا:
1. زاراوه‌كانی ئوستانی فارس،
2. ئه‌و زاراوانه‌ی به "زاراوه ناوه‌ندییه‌كان" نێودێر كراون،
3. زاراوه‌كانی لوڕه‌كان،
4. زاراوه كوردییه‌كان.
ئۆسكار مان هه‌موو ده‌سنووسه‌كانی ڕێک و پێک كردوون و به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیی دابه‌شیكردوون. هێندێک له‌و دهسنووسانهی چاپ كراون و هێندێكیشیان به چاپ نه‌كراوی ماونه‌وه. "زاراوه‌ی كورده موكرییهكان" یان به واتایه‌كی دی "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه" به‌شێكی كاره‌كانێتی.
ئۆسكار مان هه‌ر سێ مانگان(ده مانگه‌كانی پووشپه‌ڕ و گه‌لاوێژ و خه‌رمانانی ساڵی 1903 دا) له سابڵا‌غ(مه‌هاباد) بووه و ده‌و ماوه كورته دا به باشی فێره زاراوه‌ی موكریی بووه و ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كۆ كردوونه‌وه:
1. گه‌لێک بابه‌تی رێزمانیی،
2. گه‌لێک وشه كه به تایبه‌ت له ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵک دا به‌كار دێن،
3. نیزیكه‌ی دووسه‌د غه‌زه‌ل و قه‌سیده‌ی شاعیره كورده‌كان،
4. ئه‌و په‌خشان و به‌یت و گۆرانییانه‌ی ده توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه دا چاپ كراون.
به‌داخه‌وه ئه‌و "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"ی مامۆستا هێمن ساغیكردۆته‌وه كه‌م و كووڕیی زۆر تێدایه! هه‌مووی وهرنهگێڕدراوهتهوه! چه‌ند پێشه‌كیی تێدایه كه هه‌ر یه‌كێكیان له لایه‌ن "دوكتور ناجی عه‌بباس"ه‌وه وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه، ئه‌ویش زۆر به ناته‌واویی! "دوكتور ناجی عه‌بباس" به‌شێكی به‌رچاوی پێشه‌كییه‌كه‌ی ده‌رهاویشتووه! ئۆسكار مان ده به‌شێكی پێشه‌كییه‌كه‌یدا هێرش ده‌كاته سه‌ر "دێ مۆرگان" و هه‌ڵه‌كانی وی، له بواری زمانه‌وانییه‌وه، له قاو ده‌دا، به‌ڵام "دوكتور ناجی عه‌بباس" چونكه پێیوابووه هێرشه‌كه‌ی ئۆسكار مان تونده، وهرینهگێڕاوهتهوه! سه‌ره‌ڕای وه‌ش زۆر شتی به هه‌ڵه وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه! بۆ وێنه ئۆسكار مان باسی "بابامیرییهكان"ی ناوچه‌ی موكریان ده‌كا كه‌چی ئه‌و پێیوابووه باسی "ئه‌ماره‌تی به‌به" ده‌كا! ئه‌وجار پاڕاگڕافی وای تێدایه كه یان به هه‌ڵه وهریگێڕاونهوه، یان هه‌ر وهرینهگێڕاونهوه و دهریهاویشتوون، ئه‌وی وهریشیگێڕاوهتهوه ناته‌واوه!
بابه‌تێكی هه‌ره گرینگیش، كه كورته ڕێزمانێكی زاراوه‌ی موكریانییه و نیزیكه‌ی سه‌ت لاپه‌ڕه ده‌بێ، وهرنهگێڕدراوهتهوه و ده كتێبه‌كه دا نییه! ئه‌وه‌ش به بڕوای من، بۆته هۆی وه‌یكه مامۆستا هێمن ده ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئۆسكار مان دا له زۆر جێیان تووشی هه‌ڵه بێ!
ئه‌گه‌ر مامۆستا هێمن ئه‌و كورته ڕێزمانه‌ی خوێندباوه ده‌گه‌ڵ شێوه‌ی كاری ئۆسكار مان ئاشنا ده‌بوو و به‌یته‌كانی باشتر ساغ ده‌كردنه‌وه. ئۆسكار مان به وردبینییه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌وه ڕێزمانی زاراوه‌ی موكریی نووسیوه و هیچ شتێكی نه‌بواردووه، ئه‌و ڕێزمانهشی به پێی راوێژی خه‌ڵک نووسیوه و به شێوه‌یه‌كی زانستیی دایڕشتۆته‌وه!
مامۆستا هێمن پێیوابووه ئۆسكار مان ده نووسینه‌وه‌ی به‌یته‌كان دا تووشی ههڵهنووسیی بووه! وه‌ک ده لاپه‌ڕه 14 ی توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه دا باس ده‌كا، ده‌ڵێ: ئۆسكار مان له تێكسته‌كاندا زۆر جار پیتی (ش) و (ژ) و (س) و (ز) و (د) و (ت) و (ح) و (ع) ی تێكه‌ڵ كردوون! به‌ڵام له ڕاستیدا وا نییه و ئۆسكار مان چۆنی له خه‌ڵک بیستوون ئاوای نووسیونه‌وه! ده به‌شی ڕێزمانهكهشیدا ئاماژه به‌و وردبینییه‌ی ده‌كا و ده‌ڵێ به ئانقه‌ست، بۆ پاراستنی ئه‌مانه‌ت، وام كردووه. ته‌نانه‌ت له په‌راوێزێک دا لۆمه‌ی خۆی ده‌كا كه له نووسینه‌وه دا زۆر ورد نه‌بووه و له باتی "كرت" نووسیویه "كرد"! به دوور و درێژیش باسی جێگۆڕكێی ده‌نگی "ت" و "د" ده‌كا.
جێگۆڕكێ و ئاڵوگۆڕی ده‌نگه‌کان دیارده‌یه‌كی زمانه و ئێستاش هه‌ر باوه، بۆ وێنه جێگۆڕكێی (ز) و (س) ده وشه‌ی "زگ" و "سک" دا دیاره. ئێستاش له ناوچه‌ی موكریان هێندێک كه‌س ده‌نگی"ع" به"ح" ده‌رده‌بڕن و له‌باتی"عه‌لی" ده‌ڵێن"حه‌لی"، له‌باتی"عاجز" ده‌ڵێن"حاجز"، یان جێ به ده‌نگی "ش" و "ژ" ده‌گۆڕن و له باتی "ده‌شڵێم" ده‌ڵێن "دهژڵێم". نموونه‌ی وا زۆرن؛ ئۆسكار مانیش ویستوویه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه بپارێزێ و زۆریشی پێ گرینگ بووه. بۆخۆی له‌و باره‌وه باسی هاوكاره‌كه‌ی خۆی "میرزا جه‌وادی قازی" ده‌كا و ده‌ڵێ: "میرزا جه‌واد حه‌زی نه‌ده‌كرد به پێی ده‌ربڕینی نه‌خوێنده‌واران ئه‌و وشانه بنووسێته‌وه، به تكا ڕازیم كرد كه نه‌خوێنده‌وار چۆنیان ده‌ڵێن ئاوایان بنووسێته‌وه." به‌و پێیه نه‌ده‌بوو ده توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه دا ئه‌و شوێنانه گۆڕدرابان!
له‌وه‌ش گرینگتر ئه‌وه‌یه كه ئۆسكار مان بۆ نووسینه‌وه‌ی به‌یته‌كان ڕێنووسێكی تایبه‌تیی لاتینی(ئه‌لفوبێی فۆنێتیكی) داهێناوه و ده به‌شی ڕێزمانهكه دا باسی ئه‌و ڕێنووسه ده‌كا. ئه‌گه‌ر وهرگێڕدراباوه ده‌رده‌كه‌وت كه ده‌بێ چۆن بخوێندرێته‌وه! به‌ڵام چونكه مامۆستا هێمن ئه‌وه‌ی نه‌دیوه و باش له خوێندنه‌وه‌ی ڕێنووسهكهش ڕانه‌هاتووه، له زۆر جێیان نووسینه‌كه‌ی ئۆسكار مانی به هه‌ڵه ساغكردۆته‌وه! دیاره "دوكتور ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف"یش ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی مامۆستا هێمنی بۆ ده‌ركه‌وتووه و ده په‌راوێزی كتێبه‌كه‌یدا(رێزمانی كوردی)، كه له ساڵی 1979 دا چاپی كردووه، ئاماژه‌ی پێكردووه. بۆ وێنه: ئۆسكار مان ده‌نووسێ "پادشایێک" به‌ڵام مامۆستا هێمن كردوویه‌ته "پادشایه‌ک"، یان "دێیێكی" بۆته "دێ یه‌كی"، "رێوی یێک" كراوه‌ته "رێویێک"، "پیاڵهیێكی" كراوه به "پیاڵێكی"،...! له‌وانه‌یه ئه‌وانه زۆر گرینگ نه‌یه‌نه به‌ر چاو، به‌ڵام بۆ زمانه‌وانێكی وردبینی وه‌ک ئۆسكار مان گرینگ بوون و زۆری هه‌وڵ داوه وته‌ی خه‌ڵک بێ ئه‌م لاو ئه‌ولا بگوێزێته‌وه. له شوێنێكدا ئۆسكار مان ده‌نووسێ: "هه‌ڵكشا"، مامۆستا هێمن نوسیویه: "هه‌ڵده‌كشا" - بڕوانه به‌یتی "دم دم"، لاپه‌ڕه 215ی توحفه -؛ یان ئۆسكار مان ده‌نووسێ: "ده‌ڵێ به ئیزنی ئه‌ڵڵاهی له‌سه‌ر"، مامۆستا هێمن نووسیویه: "ده‌ڵێ به ئیزنی خوڵای له‌سه‌ر" - بڕوانه به‌یتی "دم دم"، لاپه‌ڕه 217ی توحفه-.
دیاره كاره‌كه‌ی ئۆسكار مانیش وانییه كه هه‌ر هیچ هه‌ڵه‌ی تێنهكهوتبێ. پێویسته به وردبینییه‌كی تایبه‌ته‌وه سه‌یری كاره‌كانی بكرێ. به‌داخه‌وه مامۆستا هێمن له ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئۆسكار مان دا زۆر وردبین نه‌بووه. ئۆسكار مان بۆخۆی له به‌رگی دووهه‌می كتێبه‌كه‌یدا هێندێک هه‌ڵه‌ی به‌رگی یه‌كه‌م ڕاست ده‌كاته‌وه، به‌ڵام مامۆستا هێمن به‌و هه‌ڵانه‌ی نه‌زانیون. ئۆسكار مان له به‌رگی دووهه‌می كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێ: له به‌رگی یه‌كه‌م دا به هه‌ڵه له‌باتی "ناوه" نووسراوه "ماوه". كه‌چی مامۆستا هێمن به‌و هه‌ڵه به‌رچاوه‌ی نه‌زانیوه و هه‌ر له‌و شوێنه‌شدا ده‌سكاری نووسراوه‌كه‌ی ئۆسكار مانی كردووه، ئۆسكار مان ده‌نووسێ: "ئابڕوم" به‌ڵام مامۆستا هێمن كردوویه به "ئابڕوومان"! نووسراوه‌كه‌ی ئۆسكار مان ده‌بوو ئاوا با: "چلۆن ئابڕوم بوو بڵاوه"/"ئیختیارم ده مست كچێ ناوه"؛ مامۆستا هێمن ئاوای نووسیوه‌ته‌وه: "چلۆن ئابڕومان بوو بڵاوه"/"ئیختیارم ده مست كچێ ماوه"!"- بڕوانه لاپه‌ڕه 591ی توحفه، به‌یتی "مه‌حمه‌ڵ و برایمی ده‌شتیان".
ماوه‌یه‌كه خه‌ریكی وهرگیڕانهوهی ئه‌و به‌شانه‌ی "توحفه‌ی موززه‌ففه‌رییه"م كه وه‌رنه‌گێڕدراونه‌وه، یان به ناته‌واوی وه‌رگێڕدراونه‌وه. هه‌م "توحفه‌ی موززه‌ففه‌رییه" و هه‌م كاره‌كانی دیكه‌ی ئۆسكار مان گه‌نجینه‌یه‌كی به نرخی فۆلكلۆر و زمان و ئه‌ده‌بیاتن و پێویسته لێیان ئاگادار بین و بیانپارێزین.
پێموایه ئۆسكار مان ده كاره‌كه‌ی دا زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه و به‌و كاره‌ی خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به كورد كردووه و هه‌تا ئێستاش، سه‌ت ساڵ دوای ئۆسكار مان، ئه‌و كاره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی گرینگی فۆلكلـۆری كورده.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
به‌رهه‌مه‌كانی ئۆسكار مان، به‌و شێوه‌یه‌ی بۆخۆی دابه‌شیكردوون:
1 - به‌شی یه‌كه‌م: زاراوه‌كانی تاجیکیی ئوستانی فارس(سۆمغونی، ماسهرمی، بورنگوونی و هێندێک نموونه له زاراوه‌ی دیكه‌ی ده‌شتی بارم، لاری)، به پاشهكییهكهوه: كهلوون عه‌بدوو، دوورگه‌یه‌كی زمانی(كوردی). ساڵی 1909 چاپ كراوه.
2 - به‌شی دووهه‌م: زاراوه‌كانی هۆزه لوڕه‌كان.(مه‌مه‌سه‌نی و كوهگیلوویی؛ به‌ختییاری؛ فه‌یلی). ساڵی 1910 چاپ كراوه.
3 - به‌شی سێهه‌م: زاراوه‌كانی باكووری ڕۆژاوای ئێران. ساغكردنه‌وه‌ی كاڕڵ هادانک. - ئه‌و به‌شه كراوه‌ته چوار به‌رگ:
- به‌رگی یه‌كه‌م: زاراوه‌كانی خونسار، مه‌حه‌للاتی، نه‌ته‌نز، نایین، سێمنان، سیوهند و سۆ- كۆهروود. ساڵی 1926 چاپ كراوه.
- به‌رگی دووهه‌م: زاراوه‌كانی گۆران. به تایبه‌ت: كهندوولهیی، هه‌ورامانی و باجه‌ڵانی. ساڵی 1930 چاپ كراوه. - ئه‌وه هه‌ر ئه‌و به‌رگه‌یه كه كاڕڵ هادانک ساغیكردۆته‌وه و ئێستا له‌به‌ر ده‌ستمه.-
- به‌رگی سێهه‌م: چه‌ند نموونه له ئه‌ده‌بیاتی گۆرانی.
- به‌رگی چواره‌م: زاراوه‌كانی زازا.
4 - به‌شی چواره‌م: زاراوه كوردییه‌كان. - ئه‌و به‌شه كراوه‌ته چوار به‌رگ:
- به‌رگی یه‌كه‌م: زاراوه كوردییه‌كانی باشوور( له ئوستانی كرماشان): كرماشانی و كه‌لهوڕی، له‌كی، پههرهوهندی، نانه‌كه‌لی، كولیایی.
- به‌رگی دووهه‌م: زاراوه‌كانی ئۆستانی كوردستان. به پاشهكییهكهوه: گه‌ڕووسی و كرندی.
- به‌رگی سێهه‌م: زاراوه‌ی كورده‌كانی موكری. - ئه‌و به‌رگه كراوه‌ته سێ به‌ش:
- به‌شی یه‌كه‌م: كورته‌یه‌ک له‌سه‌ر ڕێزمان، كۆمه‌ڵێک تێكست به ڕێنووسی فۆنێتیكی و به ڕێنووسی فارسی. ساڵی 1906 چاپ كراوه. ئه‌و به‌رگه‌م له‌به‌ر ده‌سته. - ئه‌وه هه‌ر ئه‌و به‌رگه‌یه كه به "توحفه‌ی موززه‌ففه‌رییه" ناسراوه و مامۆستا هێمن ساغیكردۆته‌وه-
- به‌شی دووهه‌م: وه‌رگێڕدراوه‌ی ئاڵمانیی تێكسته‌كان، به پێشه‌كییه‌كه‌وه له‌سه‌ر نێوه‌رۆک و شێوه‌ی به‌یته فۆلكلۆرییه‌كانی كوردی ڕۆژهه‌ڵات. ساڵی 1909 چاپ كراوه. - ئه‌و به‌رگه‌شم هه‌یه.
- به‌شی سێهه‌م: كۆمه‌ڵێک شێعر به زاراوه‌كانی كرمانجیی ڕۆژهه‌ڵات. تێكست و وه‌رگێڕدراوه‌ی تێكسته‌كان.
- به‌رگی چواره‌م: زاراوه‌كانی كرمانجیی ڕۆژئاوا. به‌یتی فۆلكلۆریی و شێعر.
سه‌رچاوه:http://www.hedih.blogspot.com
وێنەی ئۆسکار مان (Oskar Mann)
١٨/٩/١٨٦٧- ٦/١٢/١٩١٧
سەرچاوەی وێنەی ئۆسکار مان: کتێبی "ساوجبلاغ مکری(مهاباد)- تاریخ تحولات اجتماعی، سیاسی، فرهنگی و اقتصادی مهاباد بە روایت اسناد[مهاباد در آیینەی اسناد تاریخی]، گردآوری و تالیف: فریدون حکیمزادە، چاپ "انتشارات رهرو" و "مرکز نشر فرهنگی هیوا"، مهاباد، چاپ اول ١٣٨٩، ٧٣٣ صفحە.
No comments:
Post a Comment