Tuesday, July 27, 2010

ئیسلام له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا ئۆسکار مان


Mohammedanism in Ninetheenth Century
" ئیسلام له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا" نووسینێکی کورت و پوختی ئۆسکارمان ه‌ که‌ له‌ ساڵی 1901 له‌ کتێبێک دا به‌ نێوی:
Great Religions Of The World " دینه‌ گه‌وره‌کانی دنیا" له‌ لایه‌ن وه‌شانخانه‌ی Happer + Brothers له‌ له‌نده‌ن – نیۆیۆرک بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.
ئۆسکار مان ئه‌م بابه‌ته‌ی به‌ زمانی ئینگلیسی نووسیوه‌ و به‌ پاڵپشتی ئه‌و دابه‌شکردنه‌ی که‌ زانایه‌کی ئه‌ڵمانی کردوویه‌تی ده‌نووسێ له‌و 6 دینه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ له‌ دنیا دا هه‌ن، سێیان واته‌ بوودایه‌تی،مه‌سیحییه‌ت و ئیسلام بانگه‌شه‌ و کاری میسیۆنێرییان بۆ ده‌کرێ. دوایه‌ دێته‌ سه‌ر بڵاو بوونه‌وه‌ی ئیسلام له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا و قاره‌ به‌ قاره‌ ئه‌ژماری موسوڵمانان به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌دا،دواتر دێته‌ سه‌ر باسی وه‌هابیگه‌ری له‌ عه‌ڕه‌بستانێ و ده‌ڵێ له‌وێوه‌ له‌ لایه‌ن ئیماندارێکه‌وه‌ به‌ نێوی سه‌ید ئه‌حمه‌د ڕاگوێزراوه‌ بۆ هیندوستان و شه‌ڕی گه‌وره‌ له‌ نێوان موسوڵمان، هیندوو و بووداییان قه‌وماوه‌، سه‌ید ئه‌حمه‌د کووژراوه‌، به‌ڵام له‌وێ ڕێچکه‌ی له‌ نێو موسوڵمانان دا به‌رده‌وام بووه‌.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بێ له‌و نووسینه‌ دا ئۆسکار مان هیچ باسی ڕێڕه‌وی شیعه‌ی نه‌کردووه‌، وادیاره‌ ئه‌و سه‌روبه‌ندی له‌ ئه‌ده‌بییاتی ڕۆژئاوایی دا پێی نه‌زاندراوه‌ یان لێی نه‌کۆڵدراوه‌ته‌وه‌.ئۆسکارمان به‌ کورتی ئاماژه‌یه‌ک ده‌کا به‌ جووڵانه‌وه‌ی بابییه‌کان له‌ ئێران.
لایه‌نی‌ چاو ڕاکێشی ئه‌و نووسراوه‌یه‌ هه‌ر به‌ده‌سته‌وه‌ دانی ئه‌ژمار و هه‌ڵکه‌وتی جوگرافیاییه‌ و چ پێشداوه‌رییه‌کی پێوه‌ دیار نییه‌.ئۆسکارمان ئه‌و نووسینه‌ی به‌ر له‌ سه‌فه‌ر کردنی بۆ کوردستان و ئێران نووسیوه‌، ئه‌و ناساندنه‌ کورته‌ سه‌باره‌ت به‌و شووێنه‌واره‌بۆ زیاد کردن له‌و زانیارییه‌یه‌ که‌ به‌ڕێز هێدی (جه‌عفه‌ری حوسێنپوور)له‌ ساڵی 2004 له‌ سه‌ر کاره‌کانی ئه‌و زانایه‌ی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌.

حه‌سه‌نی قازی

No comments: