نامەیەکی ڕەحیمی قازی بۆ عوسمان دانش
نامەیەکی ڕەحیمی قازی بۆ عوسمان دانش
ڕۆژی ٩ی مەی ٢٠١١، بیست ساڵ لە مەرگی ڕەحیمی قازی ڕادەبرێ. ئەم نامەیە لە ئارشیڤی تایبەتی وی وەرگیراوە. ڕەحیمی قازی لە باکۆ وه ووڵامی نامه‌ی نەمر عوسمان دانشی داوەتەوە که له سلێمانییه‌وه بۆی ناردووه. عوسمان دانش له تێکۆشه‌رانی باشووری کوردستان بووه و لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا چووه‌ته مه‌هاباد وچالاکانه له بواری فه‌رهه‌نگی دا خزمه‌تی کردووه.
کورته‌یه‌ک له ژیانی به قه‌ڵه‌می یه‌کێک له کوڕه‌کانی ئاوایه:
" عوسمان کوڕی شه‌ریف کوڕی سه‌عیده. "شه‌ریف ئه‌فه‌ندی" ی باوکی ، که‌سێکی ناسراوی خه‌ڵکی سلێمانی و موختاری گه‌ڕه‌کی "گۆیژه" ؛ حه‌فسه محه‌مه‌د ئه‌فه‌ندی " دایکیشی ، له بنه‌ماڵه‌یه‌کی دیاری شار بووه. ساڵی 1920 له دایک بووه . به منداڵی چووه‌ته قوتابخانه،تا پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندیی ته‌واو کردووه. له لاوی‌دا، هه‌ر زوو تێکه‌ڵی سیاسه‌ت و چالاکی حیزبی بووه. پێش دامه‌زرانی لقی کوردستانی عێراقی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.کاف/ پێوه‌ندیی پێوه هه‌بووه.كه حکوومه‌تی کوردستان له مه‌هاباد دامه‌زرێندرا،چووه‌ته ئه‌وێ و بووه به مامۆستا له قوتابخانه‌ی گه‌لاوێژ. دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سلێمانی، درێژه‌ی به تێکۆشانی سیاسی خۆی داوه و هه‌میشه له به‌ره‌ی گه‌ل و نیشتمان دا ماوه‌ته‌وه.سه‌رده‌می ڕێژیمی پاشایه‌تی له به‌ر شێعری نیشتمانی خوێندنه‌وه به‌ند کراوه، له گولله بارانی ساڵی1953ی به‌ندیخانه‌ی (کووت) به‌ر که‌وتووه.
ناسناوی دانش، له کۆماری کوردستان پێی به‌خشراوه،وه‌ک ئینسانێکی کوردپه‌روه‌ری دڵپاک و ساده و خۆش مه‌شره‌ب و بێ ته‌ماع بووه، حه‌زی له کتێب و خوێندنه‌وه کردووه. له "ژیان" و "ژین" یشدا نووسین و شێعری بڵاو کردووته‌وه. عوسمان دانش لە ساڵی ١٩٧٠ لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا لە سلێمانی ماڵاوایی لە ژیان کردووە. *
27/9/1966
ماموستای به‌ریز و خوشه‌ویست کاک عوسمان دانش!
گه‌لیک به‌ختیار بوم به وه‌رگرتنی نامه‌که‌ت و بیستنی خه‌به‌ری ساغ و سلامهتیت. به راستی چاوم رون بووه و دلم گه‌شاوه چون له میژ بو ئاگام له وه‌زع و حالتان نه‌بو و نهم ئه‌زانی له شاری سوله‌یمانی نیشته‌جین!
کاکه، باوه‌ر پکه له قولایی دله‌وه له لای من خوشه‌ویست و بهریزن و هیچ کاتیک له بیر ناچی. یه‌که‌مین له به‌ر پیاوه‌تی و روح سووکی و چاکەی خوت،دووهه‌مین له به‌ر ئه‌وه‌ی که تاقه ماموستای کورد ویژی کومارهکهمان بوی، خوشه‌ویستی پیشه‌وا و گه‌له‌که‌مان بوی و ئه‌بی بلیم دانه‌ری به‌ردی بناغه‌ی قوتابخانه‌ی کوردی بوی له نیشتمانهکهمانا. نازانی له‌م غهریبایهتیه دا نامه‌ی هاوری و هاوکاری له‌میژینه تا چ راده‌یه‌ک کار ئه‌کاته سه‌ر پیاو! به راستی جیگه‌ی شانازی و به‌ختیاری یه بونی هاوری و هاوکاری دلسوز.
کاکه گیان! وه‌زع و کاروباری من زور باشه و وه‌کی ئاگاداری به کاری لیکولینهوهی زانستی یه‌وه خه‌ریکم و موتالا ئەکه‌م له سه‌ر میژو و رابردوی گه‌له‌که‌مان. وه‌زعی سلامهتیم هیندیک تیک چو بو و له ماوه‌ی ئه‌م ن‌و مانگه‌ی سالی 66 دا نیزیکه‌ی چوار مانگ له خه‌سته‌خانه که‌وتبوم و گورچیله‌کانم به‌ردی تیا بوو، به‌لام به بی پیداویستی چه‌قو به‌رده‌کان به هوی دا‌و وده‌رمان و ئاو هاتنه ده‌ری و ئه‌وا دو مانگه باشترم!
له مهر حه‌سه‌ن ئاگادارم و وه‌کی بیستوومه به‌م زوانه خه‌ریکی زه‌ماوه‌ند و شایی ئه‌بی،خوا موباره‌کی کا و له دوره‌وه پیرۆزبائیم لی کردوه.ئیتر ئه‌مه نموونه‌ی پیری یه و پیم خوش بی و پیم ناخوش بی ئیتر قهدهریکی دیکه ئه‌بمه باپیر. نازانم ماموستا گیان ئه‌تو باپیرت لی هاتووه یا نا؟ تو خوا له لایه‌ن منه‌وه لاجانگی منداله خوشهویستهکانت ماچ که و زور به‌ختییار ئه‌بم که مامی دورکهوتوی خویان له بیر نه‌به‌نه‌وه.به‌لام هه‌ر چه‌ند بیرم کرده‌وه تی نه‌گه‌یشتم ئه‌م ناوانه چن له‌و مندالانهت ناوه. مه‌گه‌ر ناوی کوردی برا بوو که ناوی نه‌خچه‌وان و یهرهڤان و برافدایان لی بنی ی؟ به خوا بشم کوژی له سه‌ر ئه‌م ناوانه له گه‌لتا نیم جا ئیتر که‌یفی خوته. منیش لیره دووکچم هه‌یه ناویان مه‌ریه‌م و که‌تانه یه و ده‌سته‌کانت ماچ ئه‌که‌ن و سلاویان هه‌یه بو تانیا گه‌ل و یهرەڤان گه‌ل. به‌ریزی هه‌موو لایه‌کمان بو برا ژنمان. ره‌جا ئه‌که‌م سلاوی نه‌سرین فه‌خری و عه‌دنان بگه‌یه‌نه و پییان بلی بوچی نامه‌م بو نانوسن و هیچ وه‌بیر ناخه‌نه‌وه.
کاکه گیان! چه‌ند سالیکه خه‌ریکی کو کردنه‌وه‌ی پولم < پولی پوسته >. جا ئه‌گه‌ر بوت هه‌لکه‌وت پولی عیراق و وهلاتهکانی تری عه‌ره‌بیم بو بنیره، به تایبه‌تی هی کویت و عه‌ده‌ن و هتد. بی‌شک مور کراو، و ئه‌گه‌ر هه‌لکه‌وت هی مور نه‌کراو. نازانم تاقه پولیکی زه‌مانی شیخ مه‌حموود وه‌چه‌نگ ئه‌که‌ویت یا نا؟
ئه‌گه‌ر خوت و یا منداله‌کان پولی سوڤیه‌ت کو ئه‌که‌نه‌وه بوم بنوسه.هیچ باسی هه‌ژار نی یه.ئه‌گه‌ر ئاگات لی هه‌یه بوم بنوسه به‌خته‌وه‌ر ئه‌بم. هه‌ر وه‌ها له ساغوسلامهتی شیخ له‌تیف ئاگادارم که. به هه‌ویام ساغوسلامهت بی، زورم به‌ریزی بوی هه‌یه. داخوا روژنامه و کتیبی کوردی چاپ ئه‌کرێت یا نا؟ و هه‌لی ئه‌مه هه‌یه که پیاو کتیبی کوردی بنیری بو چاپ کردن؟
براکه‌م، ره‌جا ئه‌که‌م زو زو نامه‌م بو بنووسه. نامه‌ی برای دلسۆز روحی پیاو ئهبوژینیتهوه. جا له دوستایه‌تی و به‌راده‌ری دوره که پیاو ئه‌م کاره‌ی نه‌کات.
وه‌زعی کاک مه‌مه‌د و براکه‌ی باشه و له باغیکی زور خوش نیزیک به باک‌و نیشته‌جین. کاک عه‌لی سلاوی هه‌یه و سولتانیش له مه‌سکه‌وه و بی شک سلاوت لی ئه‌کا له قولایی دله‌وه.
له‌مه‌و لا نامه‌کانت به‌م عینوانه بنیره
[....]
ئیتر به خوات ئه‌سپیرم و چاوه‌ریی نامه‌تم
برای پچووکت
ره‌حیم
* ئەو ژیاننامە کورتە و وێنەی عوسمان دانش لە سەرەتای کۆکراوەی ژمارە بەردەستەکانی "کوردستان" وەرگیراوە. کاک سدیق ساڵح لەوبارەیەوە دەنووسێ:" چوار لاپەڕەی دەستخەتی کاک ئاشتی عوسمان دانش سەبارەت بە باوکی کە بە داوای بەندە نووسیویە،سوپاسی ئەکەم." ( ڕۆژنامەی کوردستان مەهاباد ١٣٢٤-١٣٢٥(١٩٤٦) ئامادکردنی ڕەفیق ساڵح، سدیق ساڵح، پڕۆژەی هاوبەشی بنکەی ژین، ئاراس. ساڵی ٢٠٠٧)
هێندێک زانیاری له سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی له نامه‌که دا باسیان هاتووه
1- دوکتوری نه‌سرین فه‌خری و عه‌دنان خوێندکار بوون له سۆڤییه‌ت.
2- مه‌به‌ست له شێخ له‌تیف، شێخ له‌تیفی به‌رزنجی کوڕی شێخ مه‌حمووده.له ساڵی 1972 شێخ له‌تیف بۆ ته‌داوی هاتبووه له‌نده‌ن، له گه‌ڵ چه‌ند خوێندکاری کورد بۆ به‌خێرهاتنی چووینه ئەو هۆتێلەی لێی دابەزیبوو، هه‌ر که چاوی به من که‌وت گوتی ئه‌وه ببێ و نه‌بێ کوڕی ڕه‌حیمی قازی یه، " هه‌ر ئه‌ڵێی به ده‌م دایناوه".
3- مه‌به‌ست له کاک مه‌مه‌د و براکه‌ی. فه‌رمانده‌ی به وه‌جی سه‌رده‌می کۆمار حه‌مه‌دی مه‌ولووده چرچی و برایه‌که‌ی حه‌مه‌ده‌مینی مەولوودە ،که وا دیاره له‌و ساڵه دا هێشتا ئازاد بووە . کاک حه‌مه‌د له کوتایی ساڵانی 1960 کاندا لە باکۆ سه‌ری نایه‌وه و کاک حه‌مه‌ده‌مینیش دوای هه‌ڵوه‌شانی سیستمی سۆڤییه‌ت له ساڵی 1991 یان 1992 چووه‌ته‌وه سابڵاغێ.
4- مه‌به‌ست له کاک عه‌لی، دوکتور عه‌لی گه‌لاوێژ و مه‌به‌ست له سوڵتان، دوکتور سوڵتانی وه‌ته‌میشی یه.
No comments:
Post a Comment