سه‌باره‌ت به وتووێژه‌کانی کۆماری کوردستان و حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان له گه‌ڵ حکوومه‌تی قه‌وامولسه‌لته‌نه
سه‌باره‌ت به وتووێژه‌کانی کۆماری کوردستان و حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان له گه‌ڵ حکوومه‌تی قه‌وامولسه‌لته‌نه
ڕۆنامه‌ی کوردستان یش وه‌کوو ڕۆژنامه‌ی آذربایجان باسی وتووێژه‌کانی کوردستان و ئازه‌ربایجانی له گه‌ڵ حکوومه‌تی نێوه‌ندی بڵاو کردووه‌ته‌وه. له خواره‌وه گوزارشی محه‌مه‌د حوسێنی سه‌یفی قازی که له‌و وتووێژانه دا نوێنه‌ری کوردستان بووه ده‌خوێننه‌وه. بابه‌ته‌که هێنراوه‌ته سه‌ر ڕێنووسی ئێستا. ئه‌م وێنه‌یه‌ی شه‌هید سه‌یفی قازی به سپاسه‌وه له ماڵپه‌ڕی آذربایجان " آذربایجان دموکراتلاری نین اینترنت نشریهسی" وه‌رگیراوه.
حه‌سه‌نی قازی
کوردستان
بڵاوکه‌ره‌وه‌ی بیری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان
ژماره‌ی 50، 2 شه‌مۆ 6ی جۆزه‌ردانی 1325 / 27ی مه‌ی 1946
گوزارشی جه‌نابی محه‌مه‌د حوسێن خانی سه‌یفی قازی وه‌زیری جه‌نگ و نوێنه‌ری کوردستان
جه‌نابی ئاغای محه‌مه‌دحوسێن خانی سه‌یفی قازی وه‌زیری جه‌نگ و نومایه‌نده‌ی کوردستان وه‌کوو له‌ساتی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆی له تارانێ به‌ڵێنی دابوو له میتینگی ڕۆژی 31 – 2 – 1325 دا گوزارشی ژێره‌وه‌ی به ئیتیلاعی عمووم گه‌یاند:
ئه‌من که به ئه‌مری پێشه‌وای موعه‌زه‌م و به دڵگه‌رمی و پشتیوانی برایانی خۆشه‌ویست مه‌ئموور به ئیفتیخاری بۆ حکوومه‌تی تارانێ بووم به پێویست ده‌زانم که شه‌رحی مه‌ئمورییه‌تی خۆم ئیجمالهن به عه‌رز بگه‌یێنم.
ڕۆژی یه‌کشه‌مۆ 8ی بانه‌مه‌ڕ سه‌عاتی 9 و 20 ده‌قیقه له ئیستیگای ته‌ورێزه‌وه ده‌گه‌ڵ نمایهندهگانی ئازه‌ربایجان که عیباڕه‌ت بوون له ئاغای پیشه‌وه‌ری سه‌رۆکی حکوومه‌تی میللی ئازه‌ربایجان و ره‌ئیسی هه‌یئه‌تی نمایه‌نده‌گی و ئاغای سادقی بادگان و ئاغای دوکتور جه‌هانشاهلوو و ئاغای ئیبراهیمی و ئاغای دیلمهقانی و 14 نه‌فه‌ر فیدایی به ریاسه‌تی یه‌ک نه‌فه‌ر کاپیتان حه‌ڕه‌که‌تمان کرد و له ساتی 11 و 20 ده‌قیقه واریدی ئیستگای مێهرئاباد بووین.
له لایه‌ن ئازادیخواهان و ئه‌هالی ئازه‌ربایجانی ساکینی تاران ، با ئینکێ که سه‌عاتێک پێش وارید بوونی مه به وه‌سیله‌ی مه‌ئموورینی ده‌ستگای دیکتاتۆڕی عیباره‌ت بوو له ئه‌فڕادی ژاندارمه‌ری بێ شه‌رمانه مهمانهعهتێکی موسه‌له‌حانه بۆ پێشوازی نه‌کردن له ئێمه به عه‌مه‌ل هاتبوو و دوو نه‌فه‌ر له‌و ئازادی خواهانه کوژرابوون و چه‌ند نهفهرییشیان بریندار کردبوون، دیسان جه‌معییه‌تێکی یه‌کجار زۆر که خۆیان له چه‌نگی موستحهفیزینی ژاندارم خه‌ڵاس کرد بوو به ده‌سکه گوڵه‌وه خۆیان گه‌یاندبووه مه‌یدانی ته‌یاره‌ی، شوور وشهعهف و ئێحساساتێکی وایان به خه‌رج دا که روحی مه‌یان وه‌له‌رزه خست و به ده‌نگێکی بڵیند چه‌پڵه‌یان لێده‌دا و هاواریان ده‌کرد: ئه‌نگۆ ئه‌مه‌و نه‌جات دا!، ئه‌نگۆ خه‌ڵکی ئێرانێو له ئه‌ساره‌ت خڵاس کرد، ئه‌مما ووشیار بن ئیشتیباهێ نه‌که‌ن ئازادیی ئێمه به حه‌ڕه‌کاتی ڕاست و بێ خه‌تای ئێوه په‌یوه‌نده و، هوڕایان ده‌کێشا و لێکڕا ده‌یان کوت: بژی خه‌ڵکی ئازه‌ربایجان، بژی مهشعهلداری ئازادیی ئێمه ئازدیخواهانی کوردستان.
ده واقیعدا، ئه‌و ئێحساساتهی وان ببوه باعیسی سه‌ربڵیندی ئه‌هالی کوردستان و ئازه‌ربایجان و ئه‌وه‌یان به ته‌واوی مه‌علووم ده‌کرد و ده‌یانگه‌یاند که مه‌علوومه کوردستان و ئازه‌ربایجان خۆیان خه‌ڵاس کردووه، به‌ڵکوو لیاقه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌یه که ئازادیی ته‌واوی خه‌ڵکی ئێرانێ وه‌ده‌ست بێنن و سابیتی بکه‌ن. ئاغای موزه‌فه‌ری فیرووز موعاوینی سیاسی نوخست وه‌زیری ئێران و سه‌رتیپ سه‌فاری ره‌ئیسی ته‌شکیلاتی کولی شاره‌وانی له ته‌ڕه‌ف دهوڵهتێوه بۆ ئیستیقباڵ حازر بوون و به شاره‌زایی وان بۆ قه‌سری جه‌وادییه که له دوازده کیلۆمێتری تارانێ یه و له پێشدا بۆ په‌زیرایی حازر کرابوو حه‌ڕه‌که‌تمان کرد. وهساییلی په‌زیرایی،له ته‌ڕه‌ف وه‌زاڕه‌تی ئومووری خاریجه به عه‌مه‌ل ده‌هات.له ڕۆژی دووشهممۆیهوه موزاکه‌ره ده‌ست پێکرا. نومایهندانی ده‌وڵه‌تی تارانێ عیباڕه‌ت بوون له : ئاغایانی موستهشارولدهوله، محه‌مه‌د وه‌لی میرزا فه‌رمانفه‌رماییان، له‌نکه‌رانی،ئیپهکچیان و ئاغای موهریخودهولهی سێپێهر وه‌زیری پیشه‌و هونه‌ر و موزه‌فه‌ری فیرووز موعاوینی سیاسی و پارلمانی نوخست وه‌زیر.
پاش گفتوگۆیه‌کی زۆر له ئه‌تڕافی نێهزه‌تی دێمۆکڕاسی کوردستان و ئازه‌ربایجان داوخواز و ته‌قازای 5 میلیۆن کورد و ئازه‌ربایجانی که به خوێنی هه‌زاران لاو و پیر و جه‌وانی میلله‌تی قاره‌مانی کورد و ئازه‌ربایجان که ساڵه‌های ساڵ له‌و ڕێیه دا له مله و موباره‌زه دا بوون و به ده‌ستیان هێناوه و ده موقابیلی ئیبلاغییه‌ی پووچ و بێ مه‌عنای حهوتگانهی ده‌وڵه‌تی تاران، له به‌ر ئه‌وه‌ی که دونیا بزانێ که میلله‌تی قاره‌مانی کورد و ئازه‌ربایجان حازر به خوێن ڕشتن و براکوژی نین و بۆ له ده‌م دانی ئیرتیجاع و خوێن مژه زاڵم و گه‌وره‌کانی دنیایه که ده‌و ڕێیه دا هه‌زاران ئیفتیرا وبوختانیان بۆ ساز کردبووین، به 33 مادان به ده‌وڵه‌تی تاران پێشنهاد کرا که ئه‌وه بۆ ئاگاداریی ئێوه عه‌رز ده‌کرێن.
پاش گفتوگۆ و کێشه کێشێکی زۆر و چه‌ند ڕۆژ موزاکه‌ره به ئیستینادی درۆ و قسه‌ی پووچی قانوونی ئه‌ساسی و به‌و نه‌وعه‌ی که ئه‌من له نیزیکه‌وه دیومه و لێم مه‌علووم بووه قانوونی ئه‌ساسی به ته‌عبیری ده‌وڵه‌تی تاران عیباڕه‌ته له پاماڵ کردنی حقوقی میلله‌ت و ده‌ست و پێ به‌ستنی وان و به‌ڕه‌ڵا کردن و تێ به‌ردانی عیدهیێکی مهعدوود به عینوانی جوێ جوێی مه‌ئموورینی له‌شکری و کیشوه‌ری و ژاندارم که له پاماڵ کردنی حه‌ق و عه‌داڵه‌ت،که مهزایقی قانوونی ئه‌ساسی حه‌قیقی، به ته‌واوی نه‌ته‌وانی ئێرانی قایل بووه، داندراوه درێغیان نه‌کردووه. هه‌ر وه‌کوو بۆخۆتان دیوتانه له ته‌عه‌روز به گیان وماڵ و حه‌یسییه‌ت و نامووسی نه‌ته‌وانی ئێرانی وهخسووسهن میلله‌تی کوردی ده که‌ماڵی بێ شه‌رمی و بێ حه‌یایی دا له موده‌تی 20 ساڵه‌ی دیکتاتۆری ڕه‌زا خان دا موزایهقهیان نه‌کردووه و ئه‌وان ئێرانی فه‌قه‌ت به تاران ده‌زانن. وه به غه‌یری ئیستیفاده‌ی شه‌خسی و خۆشگوزه‌رانی و ڕاگرتنی مه‌قام و جا وجه‌لالی خۆیان هیچ فکری دیکه‌یان نییه.تارانیش چ تاران مه‌رکه‌ز و بناغه‌ی فه‌ساد و لائوبالیی و بێ عهلاقهیی و بێ خه‌به‌ری و ده حه‌قیقه‌ت دا مه‌رکه‌زێکی زۆر زۆر که‌سیف به قه‌سر و قسووری زۆر عالی و موجه‌له‌ل که به خوێن و زه‌حمه‌ت و ڕه‌نج و ئاره‌قه‌ی نێو چاوانی هه‌زاران هه‌زار به‌دبه‌خت و بێچاره‌ی نه‌ته‌وانی زه‌حمه‌تکێشی ئێرانی بناغه‌ی داندراوه و ڕازاندراوه‌ته‌وه، به هیچ نه‌وعێکی شوعله‌ی ڕووناکایی و ئومێدی ڕزگاری ده‌و عه‌سری ته‌مه‌دون و ئه‌تۆم دا بۆ میلله‌ت و نه‌ته‌وانی ئێرانی وه‌به‌رچاو نایه.
و هه‌تا وه‌کوو ئه‌و سه‌فه‌ره و دیتنی ئه‌و ده‌زگایه‌ی،مه‌عنای که‌لیمه‌ی حکوومه‌تی پووشالیم نه‌ده‌زانی، به‌ڵام له‌و موسافهرهتهی تارانێ دا که به چاوی خۆم ده‌ستگای هه‌ڵسووڕی خوێن مژ و پووچه‌ڵی حکوومه‌تی تارانم دی لێم حاڵی بوو که حکوومه‌تی پووشاڵی ئه‌وه‌یه که ئه‌لئان له تاران به‌رقه‌راره. ئه‌مما ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه ئه‌وڕۆکه ئه‌وه‌ی جه‌نبه‌ی مه‌یدانی سیاسه‌تی به‌ینه‌لمیله‌لی په‌یدا کردووه ده‌ستگای ئیرتیجاعی دونیایه به وه‌سیله‌ی کاسه لێسانی خۆیان بۆ مه‌نفه‌عه‌ت بردن و قازانجی خۆیان دائیما خه‌ریکی ده‌سیسه و ئانتریک و هه‌و و جه‌نجاڵن.
ئه‌مه دووباره له به‌ر ئه‌وه‌ی که دونیا بزانێ غه‌یری حه‌قی حیسابی خۆمان و خوێندن و نووسین به زمانی دایکی و په‌ره پێدانی فه‌رهه‌نگ و له‌ش ساغی و هاتنه‌ده‌ر له غار و ئه‌شکه‌وتی به‌دبه‌ختی و، خۆ گه‌یاندن به عه‌سری ته‌مه‌دون هیچ مه‌نزوور و دهسایسێکی خارجی نییه و بۆ گوزهشتێکی زۆر له‌و حه‌قه‌ی که وه‌ده‌ستمان هێناوه حازر بووین. هه‌ر چه‌ند به سووڕه‌تی زاهیر شه‌خسی ئاغای قه‌وامولسه‌لته‌نه موساعید و تا دهرهجهیێکی حازر بوو که ده موزاکه‌راتی دواییدا که ده‌ست پێ کرابا موافه‌قه‌تی [ده‌کرد]. [له سه‌ر] پێشنهادی خۆیان ده ته‌حتی 14 ماده دا تا ئه‌ندازه‌یێک موافه‌قه‌ت حاسڵ بوو. به‌ڵام چه‌ند نه‌فه‌ر له وه‌زیران که وا مه‌علووم بوو نه‌شه‌یان گوڵی کرد بوو یا به ئیستیناد به فه‌رمایشی ئاغای پیشه‌وه‌ری له ئه‌سه‌ری قانوونی مه‌نعی ته‌ریاک له ئازه‌ربایجانێ دا عه‌سه‌بانی ببوون نه‌یانهێشت که ده‌وڵه‌تی ئاغای قه‌وام له‌و مه‌وقیعه ئیستیفاده بکا و ئه‌و مه‌سه‌له به خۆشی ته‌واو بێ. له به‌ر ئه‌وه ناچار بووین به بێ ئه‌خزی نه‌تیجه ڕۆژی دوو شه‌ممۆ 23ی بانه‌مه‌ڕ هه‌یئه‌تی نمایه‌نده‌گی کوردستان و ئازه‌ربایجان سه‌عاتی 7 و پێنج ده‌قیقه له تاران گه‌ڕاینه‌وه.
و له پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی مه ده‌وڵه‌تی قه‌وامولسه‌لته‌نه ئێعلامییهیهکی له تاریخی 23 / 2 / 1325 ئینتیشار دا ئه‌وا عه‌رز ده‌کرێ. هه‌ر وه‌کوو له ته‌ورێزێ له ته‌ره‌ف هه‌یئه‌تی نمایهندهگییهوه به وه‌سیله‌ی ئاغای پیشه‌وه‌ری ڕه‌ئیسی هه‌یئه‌ت جوابی دراوه‌ته‌وه و ئه‌من نامه‌وێ ده‌و مه‌وزووعه‌ی چیدی بدوێم.
برایانی خۆشه‌ویست! حوسنی ته‌دبیر و ئیراده‌ی پێشه‌وای به‌رز، یه‌که‌تی و برایه‌تی کوردستان و ئازه‌ربایجان و غیره‌ت و شه‌هامه‌ت و جانبازی پێش مهرگانی کوردستان و فیدائییانی ئازه‌ربایجان ده‌ستگای زوڵم و ئیرتیجاعی موتهزهلزیل کرد و لێیان مه‌علووم بووه که ئه‌و نێهزهته که به پشتیوانی ته‌واوی ته‌به‌قاتی میلله‌تی قاره‌مان و ڕه‌شیدی کورد و ئازه‌ربایجان به وجود هاتووه شۆخی پێ ناکرێ و به فشه و گاڵته ناژمێردرێ و ئه‌و دوو میلله‌ته
برا و ڕه‌شیده ده مه‌یدانی موباره‌زه دا خۆیان پێ ناساندوون. ئه‌و حه‌قه‌ی که ئهستاندوویانه ڕای ده‌گرن و لیاقه‌تی ئیداره کردنی خۆیان به دونیای ئه‌وڕۆ سابیت کرد. ئێستاش مه‌رد و مه‌ردانه تێ‌بکۆشن و ئیتمینانوو ببێ حه‌ق به مه‌یه و خودای بێ هاوتا یاری ده‌هه‌نده‌ی مه‌یه.
بژی کورد و کوردستانی گه‌وره.
بژی پێشه‌وای موعه‌زه‌م و مه‌حبووبی مه.
بژی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی کوردستان
به‌رقه‌رار بێ یه‌که‌تی و برایه‌تی کوردستان و ئازه‌ربایجان.
بژی و ڕاوه‌ستاو بن لاوان و جه‌وانانی ڕه‌شیدی کوردستان.
No comments:
Post a Comment