Monday, June 15, 2015

پرسی دێمۆکڕاسی و ئێران , هاوپرسەیەک لەگەڵ پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی بۆغازیچی لە ئەستەنبووڵ

  
هاوپرسەیەک لەگەڵ پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی بۆغازیچی لە ئەستەنبووڵ
حەسەن قازی
بینەرانی بەڕێزی بەرنامەی ڕاوێژ ئەم کاتەتان باش! لە بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژدا لەگەڵ بەڕێز پرۆفێسۆر دوکتور عەبباس وەلی مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی بۆغازئیچی لە ئە ستەنبووڵ  لە  تورکییە باسی ئاڵوگۆڕەکانی موحتەمەلی بەرەو دێمۆکڕاتیکبوون لە ئێران دەکەین و هەر وەها لەوەش دەڕوانین گەلۆ مەسەلەی کورد و مەسەلەی گەلانی دیکەی ژێر زۆرداری و ستەم لە ئێران بەرەو کوێ دەچێ و بەگشتی سەبارەت بە مەسەلەی کورد لە ئێران قسە دەکەین. زۆر زۆر بەخێر بێی مامۆستە.
وەلی: زۆر مەمنوون
قازی: بەر لە هەموو شتێک پێم خۆش بوو باسی ئەوە بکەم ئاغای ڕووحانی چەند ساڵ لەوە پێش بەر لەوەی بێتە سەرکار بەرنامەیەکی پێشکێش کرد  ، ئەویش ئەوە بوو کە وەزعی نەتەوەکانی غەیری فارس و هەر وەها ئەوانەی ئەوان بە کەمایەتی ئایینی، کەمایەتی مەزهەبی بە نێوی دەکەن، لە ڕووی بەرنامەیەکەوە ئاڵوگۆڕی تێدا دەکرێ بەڵام، بە پێچەوانەی ئەوە دەبینین لەو ماوەیەدا ئەو زەخت و زۆردارییە لە ڕاستیدا نەک هەر کەمی نەکردووە بەڵکوو ئەو قەول و بەڵێنانەش کە درا بوو هیچی جێ بە جێ نەبووە و بە تایبەتی لە ناوچەی کوردستان و لە وڵاتی کوردان زۆر جار دیتوومانە کە هەم ئێعدامی ڕۆڵەکانی گەلی کورد بەردەوام بووە و هەم زۆر لەو کەسانەی کە لە سەر سنوورەکان لە بەر گوشاری ئابووری کاری کۆڵبەری دەکەن بە شێوەیەکی زۆر نا ئینسانی کەوتوونەتە بەر زەخت و فشار و هەم ئەو ڕووداوەی ئەو دواییانەش لە مەهاباد قەوما؛ ئەویش کووژرانی خانمی “فەریناز خوسرەوانی” بوو کە بە هەر شێوەیەک لێی بڕوانین ئەو وەکوو قوربانییەکی ئەو کارەساتە دەبیندرێ. پێم خۆشبوو بەڕێزت لێکدانەوەیەک بکەی بە گشتی کە چۆنە ئەو بەڵێنیانەی کە درابوون هەتا ئێستا هیچیان جێ بە جێ نەبوون؟
وەلی: بەڵێ دروستە، یانی هاتنی ڕووحانی پڕۆسەی سیاسی سیاسەتی ئێرانێی نیسبەت بە مەسەلەی کوردی بە تایبەتی و بە شێوەیەکی گشتی نیسبەت بە مەسەلەی تەواوی ئەو پێناسانە، ئەو هوویەتانەی کە غەیری هووییەتی حاکمن نەگۆڕییەوە، بەو مانایەی کە چوارچێوەی ئەساسی ئەو سیاسەتەی چوارچێوەیەکی ئەمنی یە و چوارچێوەیەکە دە وێدا قانوون ئەساسەن کار ناکا، دە وێدا قانوون لاچووە جێگاکەی بە زەبرو زەنگی سیاسی گیراوەتەوە، لەبەر وەش ئەو بابەتەیان لە پڕۆسەی سیاسی دەرهێناوە و دە ئیختیاری پڕۆسەی ئەمنی و پاسداران و ئەوانەیان ناوە و هاتنی ڕووحانی ئەو چوارچێوە ئەساسییەی نەگۆڕیوە، ئێستاش مەسەلەی کوردی یا هووییەتی بەلووچی یا تورکەمەن یا عەڕەبی لە ئێرانێ مەسەلەیەکی ئەمنییەتییە، مەسەلەیەکی سیاسی نییە. بۆیە ڕووحانی ناتوانێ قەرار بدا لە سەر وەی بە بێ ئەوەی کە ئەو چوارچێوە بگۆڕدرێ. ئەو چوارچێوەش دە دەستی ویدا نییە، ئەوە دروستە کە لە بەرنامەی هەڵبژاردندا ئەو قەول و قەرارانەیداوە بەڵام بۆخۆشی دەیزانی و ئەلئانیش دەزانێ کە ناتوانێ هیچ کارێکی ئەساسی لە سەر مەسەلەی کوردی، لە سەر حقووقی کوردی، لە سەر پێناسەی کوردی، لە سەر فەرهەنگ و کۆمەڵگای کوردی بکا ئەگەر ئەو کارە یا ئەو سیاسەتە دەگەڵ ئەو بۆچوونە ئەمنییەتییەی حکوومەتێ بۆ مەسەلەی کوردی ئیختیلافی هەبێ. جا لەبەر وەی وەختێکیش کە هات و لە سەر کورسیدانیشت لە پێشدا قەولیدابوو کە وەزیرێکیدابنێ بۆ ئەو کارەی، نەیتوانی ئەو کارەی بکا. تازە ئەگە وەزیریشی دانابایە هەتا ئەو جێگایەی کە ئەو چوارچێوە ئەمنییەتییە بەرقەرارە و مەسەلەی کوردی وەکوو مەسەلەیەکی میللی- ئەمنییەتی دەوڵەتی ئێرانێ دەبیندرێ، نەک مەسەلەیەکی سیاسی و مەسەلەی مافی جەماوەێکی، یان ئی کامیونیتییەکی، هەتا ئەوە نەگۆڕێ ئەگەر وەزیریشیان دانابایە دەسەڵاتی ئەو وەزیرەی و حەوزەی عەمەلی ئەو وەزیرەی زۆر زۆر تەسک دەبوو.

قازی: دیارە کەسێک هەیە وەکوو بەرپرسی ئەو بوارە بەڵام هەتا ئێستا هیچی نەکردووە.
وەلی: بۆ وێنە ساڵ و نیوێک بەر لە ئێستا کە باسی ئەوەیان کرد دەیانەوێ مەسەلەی خوێندنی زمانی کوردی بڕێک ئازادتر بکەن نەک هەر ئەوەی کە موشکیلەی ئەمنییەتی هێنا پێشێ بەڵکوو موشکیلێکی فەرهەنگیشی هێنا پێشێ، بەو مانایەی کە ئەو موشکیلە فەرهەنگییە لە ژێر سەیتەرەی ئەمنییەتیدایە. بو وێنە ئەو ئیعترازانەی لە ئاست فەرهەنگستانی ئێرانێ کران.
قازی: فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی؟
وەلی: بەڵێ! ئەوە نیشان دەدا کە وەختێکی تەماشای مەسەلەی کوردی دەکەین فەرهەنگستانیش دە چوارچێوەی ئەمنییەتیدا وەکوو ئامڕازێکی ستراتێژی ئەمنییەتی حکوومەت کار دەکا. و هەرچی زۆرتر ستراتێژی ئەمنییەتی حکوومەت ببێ بە مەبنای تەفسیری سیاسەت، تەفسیری گوتاری سیاسی لە سەر مەسەلەی کوردی زۆرتر دە ئۆرگانەکانی بە ڕواڵەت غەیری ئەمنییەتی وەکوو فەرهەنگستان و ئەوانە دەوێدا نەهادینە بووە، جا بۆیە ئەوە مەسەلەیەکی سادە بەو شێوەیەی نییە. ئەگەر حکوومەتی ئێرانێ واقیعەن بییەوێ ئەو مەسەلەیەی لە بەرچاو بگرێ و ڕێگا حەلێکی بۆ ببینێتەوە دەپێشدا، پێش ئەوەی کە بێتە سەر ئەوەی کە کوردەکان چییان دەوێ و چییان ناوێ و دەبێ چییان بدرێتێ و چییان نەدرێتێ و چۆنیان بدرێتێ و چۆنیان نەدرێتێ دەبێ لە پێشدا چوار چێوەی ئەساسی ئەو بۆچوونە ستراتێژیکە بۆ مەسەلەی کوردی بگۆڕدرێ.
قازی: باشە مامۆستە مەسەلەیەکیش هەیە، ئەویش ئەوەیە خەباتی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان یانی لەو جێگایانەی کە بەشێک لە کوردستانی تێدا هەڵکەوتووە زۆر لایەنی کوردی باسی ئەوە دەکەن بە هەڵبژاردنی خۆیان نەبووە کە سەرەتییان داوە بە شێوەی خەباتی چەکداری، و لە لایەکی دیکەشەوە باسی ئەوە دەکرێ ڕەنگە ئەو خەباتی چەکدارییە؛ هێندێک لایەن بۆچوونی ئاوایان هەیە، زەمینەی ئەوەی خۆش کرد بێ بۆ ئەوەی کاربەدەستان و فەرمانڕەوایان و لە وانە کاربەدەستانی ئێستای ئێران یان هەیئەتی حاکمەی ئێران بۆیەیە مەسەلەکەی وەک بابەتێکی ئەمنی دەبینن هەمیشە. یانی لە نەتیجەی ئەو فێعل و ئینفیعالەی کە دە بەرابەر یەکتریدا بووە. بە بۆچوونی بەڕێزت ئەو مەسەلەیە تا چ ڕادەیەک دروستە و گەلۆ سەرەتیدان بە خەباتی چەکداری دروستە یا دروست نییە بە لەبەر چاوگرتنی ئەو پێشینەیەی کە باسم کرد؟
وەلی: دیارە وەختێکی کە خەباتی چەکداری دەست پێ دەکا، نوێنەرەکانی کوردی یانی ئەوانەی کە ئەلئان حیزبەکانی کوردی دەگێڕن ئەوانە ئیدیعایان ئەوەیە، بۆچوونەکەشیان ئەوەیە کە خەباتی چەکداری ستراتێژییەک نەبووە کە ئەوان هەڵیان بژاردبێ، ئەوە هەلومەرجی زەمان، شایەدیش زەختی حکوومەت و سەرکوتکردن و سیاسەتی ئینکار و شەڕ و ئەوانە ئەو شێوەیەی تەحمیل کردووە. ئەوە حەقیقەتێکی تێدایە، دیارە ئەگەر تەماشای تاریخی مەسەلەی کوردی پاش شۆڕشی ئێران بکەین دەبینین کوردەکان ئەو دەمی زۆر حەولیاندا بە بەرنامەی ٨ مادەیی، بە بەرنامەی دیکە، بۆچوونی دیکە، تەعامولکردن یا تەنانەت وەختێکی دەبینین مەڕحوومی دوکتور قاسملوو دەیەویست بە شێوەیەکی مەخفی لەگەڵ حکوومەتی ئێرانێ قسان بکا، ڕێگاحەلێکی بۆ مەسەلەی کورد ببینێتەوە. دیارە ئەوە مەنتقێکی تێدایە، حەقیقەتێکی تێدایە کە حکوومەت ویستوویەتی ئەو مەسەلەیەی وەکوو قەیرانێکی ڕا بگرێ لە بەر ئەوەی مەسەلەی ئەمنی، یانی وەختێکی سیاسەتی کوردی، مەسەلەی کوردی دەبێ بە بەشێک لە ستراتێژی حكوومەتی یا دەوڵەتی – میللی ئێرانێ ئەوە دەبێتە سەبەب ئەو کەسانەی کە ئەوەیان دە ئیختیاردایە، عوموومەن سپای پاسداران وڕێکخراوە ئەمنییەکانی دیکە دەیانەوێ ئەو سوڵتەی خۆیان دەوێدا بپارێزن، بۆیە ئەوە دروستە. بەڵام بە باوەڕی من وەزعی خەباتی چەکداری دە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا حاڵەتێکی تایبەتی هەیە، حاڵەتەکەی ئەوەیە کە ئەوە ستراتێژییەکە کە ئەلئانەکە لە ساڵی ١٩٨٥وە یانی سی ساڵە تەقریبەن دە حاڵەتی تەعلیقدایە، ستراتێژییەکە کە بە قسە هەبووە بەڵام دە عەمەلدا نەبووە، لە بەر شەرایتی تایبەتی سیاسەتی کوردی، بە تایبەتی پاش ٢٠٠٣ ی هەرێم دروست کرا وحکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی گرت. ئەوە سیاسەتێکە وەکوو ئەوەی لە سەر تاقەیاندا نابێ. ئەگەر شتێکی وا ببێ بە باوەڕی من ئەوە پێویست بوو هەر ئەو دەمی کە هەرێم سەقامی گرت لە ٢٠٠٣ و ئەوانە ئیدی دەبوو بەسەرداچوونەوەیەکی زۆر دەقیق و زۆر قووڵ لە سەر ئەوەی بکرێ. چون شەڕی چەکداری وەکوو هەموو شەڕێک لە سەروبەندی مۆدێڕندا، دروستە کە نەفەر شەڕێ دەکا، دروستە گرووپ شەڕێ دەکا، دروستە پێشمەرگە شەڕێ دەکا بەڵام زۆرتر ئەوەی کە چارەنووسی ئەو شەڕەی دیاری دەکا لۆجیستیکی ئەو شەڕەیە. شەڕی چەکداریش بە تایبەتی لە جێگایەکی وەکوو ئێرانێ بۆ کوردان، ئێران، عێڕاق، باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا ئەگەر لۆجێستیکی نەبێ ئەو شەڕە ناتوانێ دەوام بێنێ. پاش دامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، مەسەلەی لۆجیستیکی شەڕی چەکداری لە ئێران مەسەلەیەکی کێشەدارە، جا بۆیە پێویست بووە تەنانەت بە حاڵەتی ستڕاتێژیک خودی سیاسەت و هەلومەرجەکە ئەوەی بە حاڵەتی تەعلیق دەرهێناوە. لە ٢٠٠٣ بەم لایەوە دەبوو پێداچوونەوەیەکی زۆر دەقیق و زۆر قووڵ و عەمیق بکرێ لە سەر ئەوەی کە ئایا وجوودی ئەوەی بە شێوەیەکی موعەلەق، سیاسەتێکی تەعلیق کراو، ئەوە دروستە یا دروست نییە؟ ئەو دەمی دەبوو ئەو کارە بکرێ و پێش ویش بە باوەڕی من فورسەتێک هاتە پێشێ، ئەو فورسەتەش وەختێک بوو کە ئیسلاح تەڵەبان هاتنە سەر کار.
قازی: خولی یەکەمی هاتنە سەر کاری خاتەمی!
وەلی: بەڵێ، بەڵێ. ئەو دەمیش دەبوو پێداچوونەوەیەک لە سەر ستڕاتێژی کوردی بکرێ تەوەجوهێ دەکەی! ئەو دەمیش زۆر گوترا، لەوانە خودی من، مومکینە ئەو هەلومەرجە سەر نەگرێ و سەریشی نەگرت، بەڵام بەو مانایە نەبوو کە ئیمکاناتی تازە نەکرابووەوە، بەو مانایە نەبوو کە ئێمە نەدەبوو بە سەر ستڕاتێژی و سیاسەتی خۆماندا نەچینەوە. جا ئەگەر بێینەوە سەر ئەو مەسەلەیەی ئەلئانەکە دەبینین شەڕی چەکداری موعەلەق کرا کە هیچ، لە نەزەر سیاسییەوە حیزبەکانی کوردی ئێرانێ بازنشەستە کران یانی حاڵەتێکی خانەنشینییان پەیدا کرد. سەبەکەشی ئەوە بوو کە دەو وەزعەیدا کە لە دەرەوەی وڵات بوون ئیبتیکاری عەمەلیان لە دەستدا، ئیبتیکاری عەمەلیان کە لە دەستدا بەو مانایەی کە ئیبتیکاری عەمەل وەختێک دەبێ کە ئەتۆ بۆچوون و لێکۆڵینەوە و تەحلیل و شی کردنەوەی دەقیق و عەمیقت لە وەزعی ئێرانێ هەبێ و بزانی کە دەبێ چۆن کار بکەی لەوێ. بە باوەڕی من فکرەکە کۆن بوو، بە باوەڕی من بۆچوونەکە کۆن بوو، بە باوەڕی من بۆچوون و شیکردنەوەی سیاسەتێکی مەفهوومی و تیۆریتیکی تازەدانەندرا. بۆ وێنە دە شەڕایتێکی ئاوادا ئەمن ئەو دەمی موڕەتەب ئیشاڕەم دەکرد کە هێزێکی سیاسی بە بێ ئەوەی کە بتوانێ لە نەزەر فەرهەنگی و لە نەزەر فکرییەوە سەر بکەوێ ناتوانێ ئیدیعای ئەوەی بکا کە سەروەری سیاسی گەلەکەی بە دەست بهێنێ. لە مەیدانی فەرهەنگی و لە مەیدانی گوتاریدا کەمکارییەکی زۆر زۆر کرا. ئەلئانەکە ئەگەر دیقەت بکەین دەو سی و چەند ساڵەیدا بەرهەمی فکری زۆر کەم بووە جا لەو بابەتەوە نەیانتوانیوە بە باوەڕی من کارێکی عومدە بکەن. ئەو کارەش ئەوەیە کە لە جێگایەکی وەکوو ئێرانێدا کە حکوومەتێکی دیکتاتۆری لە سەر کارە و زەخت و زۆرداری هەیە، بە تایبەتی لە کوردستانێ کە سیاسەتی ئەمنی زۆر بەهێز و قایم لەوێدامەزراندراوە، دە حاڵەتێکی ئاوادا یەکێک لە پێویستییەکانی ستراتێژیک لە نەزەر فەرهەنگییەوە ئەوەیە کە دەبێ پانتاییەکی گشتی مەخفی دروست بکرێ، هەر ئەو جوورەی کە بۆ وێنە دە زمانی شایدا هەبوو. ئێمە لە زەمانی شایدا وەختێکی تەڵەبە بووین لە نەزەر فەرهەنگییەوە ئیمکانات زۆر کەم بوو، ئیمکاناتی خوێندنەوە، ئیمکاناتی بەحس کردن و ئەوانە. بەڵام، دە خودی زانکۆکاندا، دە خودی شارەکاندا پانتاییەکی گشتی مەخفی هەبوو کە دەوێدا ئەو دیسکۆرس و گوتارەی کە دە حکوومەتێدا ئیمکانی نەبوو، دەوێدا هەبوو، ئەو تەبادولی فکرییەی کە دەوێدا هەبوو لە دەرەوە نەدەکرا و دەوێدا ئەو ئەدەبییاتەی کە دەسووڕا، دەگەڕا و ئێمە دەمان خوێندەوە، سنوورەکانی ئەو پانتاییە گشتی یە ئەو دەمی جورەیەک لە مارکسیزم دروستی دەکرد، بەڵام ئەو پانتاییە گشتییەی کە پاش ڕووخانی مارکسیزمی یان تەزعیفی مارکسیزمی لە ئێرانێ هاتە پێشێ کەس نەبوو جێگای وەی بگرێتەوە. 


قازی: مامۆستە، مەسەلەیەک لایەنی هەمبەری حاکمییەت لە ئێرانەیە بەڵام، ئەگەر لەلایەکی دیکەش ڕا لە بەر چاو بگرین هەر ئەو ئاڵوگۆڕ و ڕووداوانەی بیست ساڵی ڕابردوو لە بەرچاو بگرین لە بەشەکانی دیکەی کوردستان زۆر ئاڵوگۆڕی گەورە بووە، ئەگەرچی شەڕ و نەهامەتی و ماڵوێرانی و ڕووخانیشی لەگەڵ بووە بەڵام، هەرچۆنێک بووە دەسکەوتی زۆر گەورەش بۆ کورد وەدەست هاتووە چ لە ڕۆژئاوای کوردستان، چ پێشتر لە باشوور و چ هەر وەها لە باکووری کوردستان، تەنیا جێگایەک کە لە حاڵەتی قەتیسماویدا ماوەتەوە دە ڕاستیدا کوردستانی ئێران یا ڕۆژهەڵاتی کوردستانە ئەگەرچی هێندێک لە هێماکانیداوخوازی دێمۆکڕاتیکی کوردان سەرچاوەکەی کوردستانی ئێرانە. باشە، پێت وا هەیە کە دە بەرانبەر ئەوەدا حکوومەتی ئێران، سیستمی مەوجوودی ئێران چەندە دەتوانێ هەر لە سەر ئەو سیاسەتە ئەمنییەتییەی خۆی بەردەوام بێ لە کاتێکدا کە ڕێژیمەکانی دەور و بەری بە خۆشی بێ و بە ناخۆشی بێ مەجبوور بوون هێندێک ئاڵوگۆڕ پێک بهێنن.
وەلی: بە باوەڕی من جواب بۆ ئەو مەسەلەی تەنیا کوردستانێ ناگرێتەوە. سیاسەتی کوردی لە ئێرانێ ستڕاتێژییەکەی چ شەڕی چەکداری بووبێ، چ شەڕی چەکداری نەبووبێ هەمیشە بە تەرتیبێکی زۆر ڕاشکاو و بەهێز دەگەڵ سیاسەتی کولی ئێرانێ تێکەڵ بووە، یانی هەتا ئەو دەمی باسی شوعاری خودموختارییان دەکرد کە خودموختاری بۆ کوردستانێ و دێمۆکڕاسی بۆ ئێرانێ، بەو مانایە بوو کە خودموختاری بە بێ دێمۆکڕاسی نابێ. ئەگەر دێمۆکڕاسیش هەبێ بەتەنێ بە کوردان پێک نایە دەبێ دە سیاسەتێکی گەورەتر و بەرفراوانتردا ئەوە وەدی بێ. بەو مانایەی سیاسەتی کوردی لە ئەوەڵێوە بەشێک لە هەلومەرجی ژیانی ئەو سیاسەتەی لە دەرەوەی ئەو سیاسەتەی بووە یانی لە ستڕاتێژی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانێ بەستراوەتەوە. ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش دوای شۆڕشی ئێرانێ بە شێوەیەکی عەجایییب ڕووخا؛ دروستە ڕووخاندیان بەڵام بۆخۆشی ئەو زەرفییەتەی هەبوو کە بەو هاسانییەی بڕووخێ و ڕووخا. بەو مانایەی کە پشتی جەبهەی کوردان بەتاڵ بوو تەوەجوهێ دەکەی. جا سیاسەتی کوردیش لە ئێرانێ، ئێران وەزعێکی تایبەتی هەیە. سیاسەتی کوردی ئێرانێ هەتا وەختێکی ناوچەیی بمێنێتەوە چ شەڕی چەکداری هەبێ، چ شەڕی چەکداری نەبێ لە یەک حاڵەتدا سەر دەکەوێ ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەو هێزانەی شەڕی چەکداری دەکەن و کردوویانە و بیانەوێ بەردەوام بن ئەو ستڕاتێژییەیان هەبێ کە سیاسەتێکی نیزامی تەنێ بۆ ئەوە بەکار نەهێنن بۆ وێنە تەپەیەک بگرن، قەسەبەیەک بگرن، دییەک بگرن ئەوەندە بچنە پێشی. بەڵکوو ئەو سیاسەتە نیزامییە دەبێ ببێتە ئامرازێک بۆ ئەوەی کە حەڕەکەتێکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، سیاسی لە وڵاتیدا دروست بکا. لێرەدا وەختێکی ئەگەر حەڕەکەتێکی سیاسی ببێتە حەڕەکەتێکی کۆمەڵایەتی ڕووخاندنی زۆر زەحمەتە، لەبەینبردنی زۆر زەحمەتە، بەڵام هەتا وەختێکی حەڕەکەتێکی سیاسی، هەر بەشێوەی نیزامی – سیاسی بمێنێتەوە، بە تایبەتی وەختێکی لە شاخی بێ لە شاری نەبێ بەرتەنگکردنی عەرسەی ئەو حەڕەکەتەی هەمیشە تابیعی حەڕەکاتی نیزامی دەبێ، دەو حەڕەکاتی نیزامیشدا کوردان ئێمە دیومانە کە لە بەر وەزعی جمهووری ئیسلامی ناتوانن لە بڵیند مودەتدا لە سەری بەردەوام بن.                                                                                                  


قازی: مامۆستە، لە پێوەندی لەگەڵ ئەو کرانەوەیە ڕا کە لە زەمانی خاتەمیدا، لە دووی جۆزەردان دەستی پێکرا دیارە لە گەڵ ئەوەشدا کە لە ئازەربایجانی ئێران یا لە ئازەربایجانی جنووبی هێندێک داوخوازی ناسێنەخوازی یان هۆوییەتخوازی هاتە گۆڕێ، دیارە پێشتریش لە زەمانی شەریعەتمەداریدا لە تەورێز داوخوازی ئاوا بەرز کرایەوە.بەڵام دواتر دیارە ئەو داوخوازە هێندێک فۆرموولەتر بوو و ئەوەش لە ڕاستیدا لە سەر ئەساسی ڕەدکردنەوەی ئەوانی دی. لەو گوفتمان و دیسکۆرسەی کە لە وان ڕا دەبیسترێ، زۆربەی تا ڕادەیەک خۆی لە دژایەتی لەگەڵ کورداندا تەعریف دەکا، بەگشتی ئەگەر مرۆڤ بۆی بچێ چونکوو ڕێزپەڕیش هەیە.
وەلی: کێ ئەو کارەی دەکا
قازی: حەرەکەتی ئازەربایجان کە ناسێنەخوازە بەگشتی دەڵێم ئەلبەتە هەمیشە ڕێزپەڕیش هەیە. بەڵام لە عەینی حاڵدا لە نێوان تورکەکانی ئازەربایجان و کوردەکاندا سوننەت و نەریتێکی دۆستایەتی و هاوکاریش هەیە لە لایەکی دیکە ڕا. و بە لەبەرچاوگرتنی وەزنی ئازەربایجانییەکان یان تورکەکانی ئازەربایجان دیارە هەرجۆرێکی کە بۆخۆیان خۆیان دەناسێنن و داوخوازی ناسێنەش دەکەن و لەگەڵ کوردانیش لە زۆر جێگایان دراوسێ و تەنانەت هاو کەوشەنن، پێت وا هەیە چ ڕێگایەک دەبێ ببیندرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەوانە بتوانن هێزەکانیان وێک خەن یا تەفاهوم دە بەینی یەکتریدا دروست کەن و ئەوە ببێتە تواناییەکی زیاتر بۆ پڕۆسەی دێمۆکراتیکبوونی وڵاتەکە بە گشتی؟
وەلی: نێوان ئازەری و کوردەکان؟ بە باوەڕی من دروستە تورکەکانی ئازەری – ئەلئان پێیان ناخۆشە مرۆڤ پێیان بڵێ ئازەری – یان تورکەکان لە ئێران وەکوو کۆمەڵگایەک فەرقی لە گەڵ کوردان زۆر بووە. کوردان لە ساڵی ١٩٠٥وە کە دەوڵەتی تازە لە ئێران دامەزراوە هەتا ئەوڕۆ کوردستان و کۆمەڵگای کوردستانێ وەکوو ناوچەیەکی جیاواز ماوەتەوە. سنوورەکەی ئێتنیکە و سنوورەکەی زمانییە. دروستە ئەرزەکەی بە چەند ئوستاناندابەش کراوە بەڵام سنووری ئێتنیکییەکەی ماوە، سنووری زمانییەکەی ماوە. ئازەربایجان وا نییە. ئازەربایجان بە باوەڕی من پێوەندییەکانی ئابووری و پێوەندییەکانی سیاسی و فەرهەنگی و تەنانەت ئیداری ئازەربایجانێ لە سنوورەکانی ئێتنیکی و زمانی تێپەڕیون. ئازەرییەکان لە ساڵی ١٩٠٥ بەملایەوە دیسان بەشێکی عومدە بوون لە قودرەتی ئێران. بۆیە وەختیکی کە سیاسەتی ئێتنیکی لە ئازەربایجانێ دەستی پێکردووە لەوێ سیاسەتی ئێتنیکی زۆر کەم لە سیاسەتی چینایەتی بە دوور بووە.
قازی: بەڵام وەختێک کە دەفەرمووی بەشێکی بەهێز بوون لە هووییەتی ئێرانی، بەڵام ئەو هووییەتە دەوێدا لە ڕاستیدا هووییەتی ئازەربایجانی نەبووە هووییەوتی ئێرانی بووە
وەلی: وا بووە.
قازی: یانی کابرا لە ڕووی ئێتنیکییەوە لەوانەیە ئازەربایجانی بووبێ یان تەنانەت کورد بووبێ بەڵام بەشداری لە قودرەتدا خۆ بە نێوی ئەو ئێتنیکە نەبووە.
وەلی: باشە. بەڵام لە بەینی کورداندا زۆر کەم بووە بەڵام لە ئازەربایجان ئازەری زۆر بوون، یەکجا زۆر لە سەر دەسەڵات بوون. هەر بۆیەشە ئەگەر دیقەت بکەی لە زەمانی پیشەوەری ڕا تەنانەت پێشتر و پاش ویش گوتاری سیاسی ئازەری هەمیشە جەنبەی زۆر بەهێزی چینایەتی تێدا بووە. ئەوە نیشان دەدا کە مەسەلەی میللی لە کۆمەڵگای ئازەریدا لە بەر پێوەندی وی دەگەڵ کۆمەڵگای ئێرانێ و تەسەلوتی پێناسە و هووییەی ئێرانی بە سەر ئازەریدا خودی کۆمەڵگاکە لە سەر وەیدابەش کراوە بەڵام، لە کوردستانێ وا نەبووە. لە کوردستانێ مەسەلەی هووییەی ئێتنیکی یا میللی زۆرتر بە شێوەیەکی یەکپارچەتر ماوەتەوە و خەتەکانی چینایەتی دەوێدا بەو شێوەیەی نەهاتوونەتە پێشێ ئەگەرچی بەعزێک لە حیزبەکان ویستوویانە ئەو کارەی بکەن. بۆیە ئەمن فکر دەکەم ئەگەر چاو لە سیاسەت و گوتاری ناسیۆنالیستەکانی ئازەری بکەین ئەلئانەکە، ناسیۆنالیزمێکی ئێتنیکی زۆر توندی تێدایە و ئەگەر لە هەلومەرجێکدا لە ئێرانێ ئیمکاناتێک بێتە پێشێ کە ئەو ناسیۆنالیزمە خۆی بەیان بکا دیسان ئەو جۆرەی لێ دێ، ئەو ئازەرییانەی کە لەگەڵ هووییەی ئێرانی بوون لە مەرکەزێ دەبن و ئەوانی دی لە ئازەربایجانێ دەبن و ئیمکانی تەعامول کردنی کوردان لەگەڵ ئەوانە بە باوەڕی من زۆر زەحمەتە ئەگەر ئاوا بمێنێتەوە. ئەگەر گۆڕانکاری بکرێ، ئەگەر ئەوانە ئینعیتافێکی لە خۆیان نیشان بدەن و قەبووڵ بکەن کە ئێتنیسیتەی دیکەش لە ئێرانێ هەیە کە دەتوانێ ببێ بە بێ ئەوەی کە مەرجەکانی ئەوان یان سەروەری ئەوان قەبووڵ بکا، ئەو دەمی ئیمکانی تەعامول هەیە بەڵام، ئێمە تەجروبەی سیاسیشمان هەیە. تەجروبەی مێژووییمان هەیە، ئێمە تەجروبەی مێژوویی چارەنووسی ورمێ و خۆی و سەڵماس مان هەیە لە زەمانی حکوومەتی کوردستان و ئازەربایجاندا کە ئەوە موشکیلەیەکی گەورە بوو. لێرەدا بۆیە هووییەتی کوردی دە ئیرتیبات دەگەڵ هووییەی ئازەریدا فەرقی هەیە لەگەڵ ئیرتیبات لە گەڵ هووییەتی فارسیدا. ئەگەر هەلومەرجێکی ئاوا بێتە پێشێ، بە باوەڕی من ئەگەر ناسیۆنالیزمی ئێتنیکی ئازەری بەو شێوەیەی کە ئەلئان ئازەرییان قسەی لێ دەکەن کە بەشێکی زۆر توندە و بۆ لای ڕاست ئاژۆیی دەڕوا، ئەگەر ئەوە حاکم بێ دەو هەلومەرجیدا بە باوەڕی من سترووکتووری هووییەی کوردی نیسبەت بە ئازەری دەگۆڕدرێ.
قازی: مامۆستە، ڕووداوێکی زۆر گرینگ کە لەو دواییانەدا لە مەڕ ئێران ڕوویدا ئەویش پێک هاتنێکە لە نێوان ئێران و ٥ و یەک و لەوانەیە کە لەمانگی پووشپەڕدا، لە ٩ی پووشپەڕدا ئەو مەودایەی کە بۆ پێکهاتنی تەواو دایانناوە هەموو لایەنەکانی تەواو ببێ سەبارەت بە بەرنامەی چەکی ناوەکی لە ئێران و بەکار هێنانی بە مەبەستی غەیری نیزامی. پێت وایە یەکەم؛ ئیمکانی جێ بە جێ بوونی ئەو تەوافوقە تا چەندەیە؟ یانی ئەوە بە قەتعی پێک دێ یان پێک نایە بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە هەم لە ئەمریکا و هەمیش لە ئێران لە لایەن هێندێک کۆڕوکۆمەڵ موخالەفەت و دژایەتی لەگەڵ ئەو تەوافوقە دەکرێ و دووەم ئەوەی کە هاتوو ئەو پێک هاتنە سەری گرت چ کاردانەوەیەکی دەبێ لە ڕووی نێوخۆییەوە؟ ئایا دەبێتە هۆی توندتر بوونی سیاسەتی ئەمنییەتی و سەرکوتکردنی زیاتر یان ئەوە دەبێتە سەبەبی ئەوەی کە کرانەوەیەک دروست ببێ لە ئێراندا؟
وەلی: بە باوەڕی من قەرایین ئاوا نیشان دەدا، نیشانەکان ئەوەن کە ئەو تەوافوقە کراوە بەڵام، ئاوایە کە ئێران بە پێچەوانەی ئەو هەڵوێستەی کە دەو دەساڵەی ڕابردوودا هەیبووە، نەک هەر ئەوەی کە نەرمی لە خۆی نیشانداوە بەڵکوو ئیمتیازاتی یەکجار زۆریشی داوە، تەڕدید دەوەیدا نییە. جا حاکمینی ئێرانێ بۆ ئەوەی بتوانن شەرعییەتی بدەنێ، تەوجیهی بکەن، دەبێ دەسکەوتێکیان هەبێ بڵێن ئەوەیە. جا موشکیل لە سەر ئەوەیە ئەو شتانەی کە ئەوان پێویستیانە ئۆپۆزسیۆنی ئەو رێکەوتنەی لە ئێرانێ پێ ساکیت بکەن، کە زۆرتر نەهادەکانی ئەمنی و ئەوانەن کە دژایەتی دەکەن. جا بۆیە دەبێ شتێکیان بە دەستەوە بێ کە نیشانی بدەن بەڵام، ئەو شتەی کە دەیانەوێ زۆرتر لەوەیە کە ئەمریکا و ٥ و یەک، یانی ئەوڕووپا بیدەن. جا بۆیە موشکیلەکە لە سەر ئەوەی نییە کە موافەقەت نەکراوە، موشکیلەکە لە سەر وەیە کە چەندە دەبێ ئیمتیازی دیکە بدرێ، چەندە نەدرێ، وەزعەکە چۆنە، چۆن نییە و چ دێتە پێشێ ئەوانە ئاوایە. ئەمن پێم وایە ئیحتیمالی ئەوەی کە ئەو ڕێکەوتنە سەربگرێ زۆرتر لەوەیە کە سەر نەگرێ. ئەمریکاش دە حەقیقەتدا دەیەوێ ئەو کارە ببێ چون ئەمریکا بە دوای ئەوەدایە کە ستراتێژی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی کولی بگۆڕێ و ڕۆلێکی کە ئێران دەبێ لەو ستراتێژییەیدا هەیبێ دەگەڵ وەزعی فێعلی یەک ناگرێتەوە و پێویستە کە ئەو بەرنامەیەی چەکی ئەتۆمی جێ بە جێ بکرێ، ئەوە پێویستە. و ئەوە خوێندنەوەیەکی تازەی دەوێ لە ڕۆڵی عەرەبستانی سعوودی، تورکیا و ئیسرائیل و میسر و ئێران، بە تایبەتی دە ئیرتیبات لەگەڵ قەیرانی سووریا و عێڕاق و تەنانەت ئەفغانستانیشدا. جا بۆیە ئیحتیمالی ئەوە کە غەربیش زۆر زۆر پێی خۆش بێ ئەو کارە ببێ و سەربگرێ هەیە. ئەگەر سەربگرێ ئەوە بەو مەنایە نییە کە لە ئێرانێ فەزای سیاسی فەورەن دەکرێتەوە، بە باوەڕی من ئیحتیمالێک دێتە پێشێ کە ئەو کەسانەی کە دەیانتوانی بیلقووە دە کەمپی ڕێفۆرم و چاکسازی زەمانی ڕێفۆرمیستەکانی ئێران، ئیسلاح تەڵەبەکانی ئێرانێدا بوون، بەشێک لەوان وەزعیان تەقوییەت پەیدا دەکا، نەک ئەوانەی کە ناسراون. بە باوەڕی من ئەوە تەئسیرێک لە وەزعی خاتەمی لە حاڵەتی فێعلیدا ناکا، یان ئەوانەی کە لە پێشدا بە قەولی مەعڕووف کارتی خۆیان سووتاندووە. بەڵام، جەماعەتێکی دیکە لەو ئیسلاح تەڵەبانە بە باوەڕی من دەگەڵ بەشێک لە ئوسوولگەرایانی ئێران وەکوو لاریجانی و ئەو جوورە کەسانە، ئەوانە فەزایەکی دەهێننە پێشێ کە ئەو فەزایە دەبێتە سەبەب کە وەزعی خۆیان دە موقابیلی ئەو سێ کوچکەی ئەمنی و ئیدێئۆلۆژیک و ماڵی کە ئەلئانەکە هەیە کە دە دەورەی تەحریمەکاندا، گەمارۆکاندا زۆر تەقوییەت بووە، لە بەرانبەر ئەوانەدا خۆیان تەقوییەت بکەن. بە باوەڕی من بەرخوردی بەینی ئەوانە فەزایەکی دەکاتەوە، بەڵام فەزایەکی هێندە نییە. مەسەلەی ئەساسیتر ئەوەیە کە مەسەلەی ڕەهبەریی لە ئێرانێ چی لێ دێ. ئەگەر ئەو ئیتیلافی بەشێک لە ئیسلاح تەڵەبان دەگەڵ بەشێک لە ئوسوولگەرایان ئەو جۆرەی کە گوتمان بەرەو ئەوە بچن وەکوو شتێکی کە ڕەفسەنجانی و ئەوان دەیانەوێ واتە شووڕایەکی ڕەهبەریدا بنێن کە لەچەند کەسان پێک هاتبێ و ئەوانە تەسمیم بگرن، ئەو دەمی دەستی حکوومەتی دەکرێتەوە، دەستی حکوومەتی کە کراوە فەزای سیاسیش زۆرتر دەکرێتەوە. بەڵام، ئەمن فکر ناکەم کە شتێکی ئاوا هەر وا بە سادەیی لە لایەن سێ کوچکەی ئەمنی و ئیدێئۆلۆژیکی بەیتی ڕەهبەریی لە گەڵ ئۆلیگارشی ماڵی لە ئێرانێ، ئەوەی بە ڕاحەتی قەبووڵ ناکەن ئیحتیمالی ئەوەی هەیە کە ئەوان بەرەو ئەوەی بچن کە کەسێکی، تەنێ یەک کەسدابنێن، ئەگەر شووڕای ڕەهبەرییدابنێن یەک کەس بێ کە حاکم بێ بە سەر ئەو شووڕایەیدا و ئەو شووڕایە لە ژێر دەستی ئەواندا کار بکا. ئەگەر ئەوە نەبێ بە باوەڕی من ئیحتیمالی ئەوەی هەیە، ئەمن ئەو ئیحتیمالەی بە دوور نابینم پاش ئایەتوڵا خامەنەیی ئەگەر بەرخوردی بەینی ئەو جەبهەیەی لە گەڵ جەبهەی ئیتیلافی ئوسوولگەرا و ئیسلاح تەڵەبی ڕووبدا، ئەو ئیحتیمالە هەیە لە ئێرانێ کودەتایەکی نیزامی پاسداران و نهادەکانی ئەمنی دیکە هەبێ لەگەڵ بەشێک لە سترووکتووری مەزهەبی وەکوو میسباحی یەزدی و ئەوانە.
قازی: ئەوە دەبێتە هۆی سەرکوتی زیاتر وا نییە؟
وەلی: ئەوە دەبێتە هۆی سەرکوتی زیاتر، بەڵام لێرەدا بە باوەڕی من یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو کارەی ئەوە دەبێ کە نەتایجی ئەو پێکهاتنەی نێوان غەرب و ئێران لە بەین بەرن و سیاسەتی ئیفراتی و ئێکسترێمیستی پێشتر وەپێش بگرن و جوورێک بکەن کە ئەو پردەی لە نێوان غەرب و ئوڕووپا و ئێرانێدا ڕایەڵ بووە ئەوە بڕووخێندرێ. بەڵام، ئەمن فکر دەکەم ئەگەر شتێکی ئاواش ببێ ئەمن ئەوەێ بە شتێکی بڵیند مودەت نابینم چون شتێکی ئاوا دەگەڕێتەوە سەر سیاسی کردنی کۆمەڵگای ئێرانێ و دیسان ئیمکاناتی تەداخولی زۆر ڕاشکاوی ئی کۆمەڵگا و حەڕەکەتەکانی وەکوو "حەڕەکەتی سەوز" و ئەوانە لە ئێران بە وجوود دێنێ، بەڵام ئەو جار بە زەبروزەنگێکی یەکجار زۆرتر. بۆیە فکر ناکەم ئەوە ببێ. لێرەدا مەسەلەی سیاسەتی خاریجیش زۆر گرینگە. سیاسەتی خاریجیش ئەوەیە کە ئێران پاش ئەوەی کە مەعلووم بوو ئەو تەوافوقە دەگەڵ غەربی، دەگەڵ ئەمریکایە بە تایبەتی چۆن دەبێ، چ تەئسیرێکی لە سەر سیاسەتی ئێرانێ لە دەرەجەی ئەوەڵدا لە عێڕاقێ و لە دەرەجەی سووریا و لوبنانێدا دەبێ...
قازی: یانی پێش ئەوەش ئەو تەوافوقە بە یەکجاری ببڕێتەوە، یەکلایی بێتەوە ئێستا ئێمە ئەگەر تەماشای شانۆی ناوچەکە بکەین لە هێندێک نموونەدا دەبینین کە سیاسەتی ئێران و ئەمریکا لە هێندێک جێگادا تەتابوقیان هەیە!
وەلی: بەڵێ وایە. قەرایین ئاوا نیشان دەدا ئەمریکا پاش ڕووخانی حکوومەتی شاهەنشاهی لە ئێرانێ، پاش ساڵی ١٩٧٩ی ئەمریکا هیچ وەختێکی ستڕاتێژییەکی یەکگرتوو و موستەمەڕی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبووە و نەیتوانیوە هەیبێ. وای لێ هاتووە کە مەجبوور بووە بۆ خۆی تەداخول بکا. ئەو تەداخولەش نەتیجەکانی زۆر مەنفی بووە. لە ئەفغانستانێ دەیبینین، لە عێڕاقێ دەیبینین. بۆیە ئەمن فکر دەکەم ئەلئانەکە سیاسەتگوزارانی ئەمریکایی ئەوانەی کە تەسمیماتی سیاسی دەگرن جوورێک دەیانەوێ وەزعێکی بهێننە پێشێ ئەو سەباتە سیاسییەی کە هەبوو کە سترووکتووری سەیتەرەی لە سەر چەند پایەیانداندرا بوو لە ئێرانێ، یەکیان دیارە ئێرانێکی باسباتی زەمانی شای بوو، کە هاوکار و ڕەفیق و هاوپەیمانی غەڕب بوو. یەکیان ئیسرائیل و ئەویدی عەڕەبستانی سعودی بوو. عەڕەبستانی سعوودی و حکوومەتە عەڕەبییەکان نیشانیانداوە، بە تایبەتی عەڕەبستان و حکوومەتەکانی خەلیجی نیشانیانداوە ئەو کەیفییەتەیان نییە ڕۆلێکی ئاوا بگێڕن تەوجوهێ دەکەی! دەمێنێتەوە ئێران و ئیسرائیل. بە باوەڕی من ئەلئانەکە دەیانەوێ جوورێک ئەو ستڕاتێژییەدابندرێتەوە، جوورێک سیاسەتی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدابندرێتەوە کە ئێرانێکی کە موشکیلی لەگەڵ غەربێ نییە، غەڕبێکی کە موشکیلی لەگەڵ ئێرانێ نییە، وەزعێک بهێندرێتە پێشێ کە دووبارە ئێران بهێندرێتەوە نێو مەیدانێ. لێرەدا ڕێتۆریکی ئیدێئۆلۆژیک و ئەوانە دە دەرەجەی ئەوەڵدا هێندە موهیم نییە، موهیم ئەوەیە کە مەنافیعی ستڕاتێژیکی دەوڵەتەکەی چۆن دەبێ. جا لێرەدا مەنافیعی ستڕاتێژی دەوڵەتێ هەر حکوومەتەی دەیەوێ بە نەفعی خۆی تەعریفی بکا، بەڵام هێندێک مەسائیل هەیە هەر حکوومەتێکیش هەر چەندی بییەوێ ئەملاو ئەولای پێ بکا دوا جار هەر دەگەڕێتەوە جێی خۆی. بۆ وێنە موشکیلی نێوان عەڕەبستانی سعوودی و ئێران، چ شاهەنشاهی بێ و چ ئیسلامی بێ موشکیلەکە زۆرتر بووە کەمتر نەبووە. لە لایەکی دیکەوەش ئەگەر تەماشای بکەی سەرەڕای ئەو ڕێتۆریکەی کە لە نێوان ئیسرائیل و ئێرانێ هەیە لە نەزەر مەنافیعی ستڕاتێژیک جگە لە موشکیلەی فەلەستینێ، ئەگەر بەدیلی دوو دەوڵەتی قەبووڵ بکرێ، بە غەیری ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمن ئیختیلافی مەنافیعێکی ئاوا لە نێوان ئیسرائیل و ئێرانێ نابینم. لە نێوان ئێران و میسر دەبینم، لە نێوان ئێران و ئۆردۆن دەبینم، لە نێوان ئێران و عەڕەبستانی سعوودی دەبینم، بەڵام بەینی ئێران و ئیسرائیل نابینم تەوەجوهێ دەکەی! جا بۆیە گەڕانەوە بۆ سیاسەتی دوو ئەستوونی ئەمریکایە بە شێوەیەکی دیکە بە باوەڕی من غەیرە موحتەمەل نییە. مونتەها ئەو دەمی دەبێ وەزعەکە لە سووریای بگۆڕدرێ، وەزعەکە لە عێڕاقێ بگۆڕدرێ، وەزعەکە لە لوبنان بگۆڕدرێ. نفووزی ئێرانێ بە ڕەسمییەت بناسرێ بەڵام، تەداخولی نیزامی نەکا لەوێ تەوەجوهێ دەکەی وەکوو تەقریبەن زەمانی شای. چ ئێمە بمانەوێ نەمانەوێ ئێران موخاریجێکی زۆری لە سەر سیاسەتی خاریجیداناوە، بۆ وێنە تورکییە ئەو کارەی نەکردووە و ئەو خەرجەی کە ئێران لە سیاسەتی خاریجی کردووە نەتیجەی ئەوە بووە کە نفووزی یەکجار زۆرە لەوێ. ئەمریکاش ئەو نفووزەی بە ڕەسمییەت دەناسێ.                                                                                                                                                                                
قازی: لێرەدا مەبەستت لە نفووز چییە؟                                                                                                                                                                                                                                                                      
وەلی: بۆ وێنە ئاکترێکی گەورەیە لە سووریای، ئاکترێکی گەورەیە لە عێڕاقێ، ئاکترێکە لە لوبنانێ، ئاکترێکە لە خەلیجی. جا ئەو کارەی کە دەیکا بە شێوەی سیاسەتێکی فەعال دەیکا و پێویستییەکەشیدابین کردووە.
قازی: یانی ئەگەر ئەوە کورت بکەینەوە لە مەسەلەی شەڕی شیعە و سوننەدا، ئەگەر وایدابنێین پێت وایە ئەمریکا لایەنی شیعە دەگرێ یا چۆنە؟
وەلی: بە باوەڕی من ئەو شەڕە بەو شێوەی خەلاس دەبێ تەوەجوهێ دەکەی! یانی ئەو خەتی شیعە و سوننی نابنە خەتی ئەسڵی کە مەسائیلی ستڕاتێژیکی لە سەر دابمەزرێنن. بە باوەڕی من ئەوە یا کەمڕەنگتر دەبێ یا مومکینە ئەساسەن هەر بە شێوەیەکی لە بەین بچێ ئەگەر موشکیلاتی نێوان ئێران و عەڕەبستانی سعوودی و دەوڵەتەکانی خەلیچ جێبەجێ ببێ، تورکیا لەو بارەیەوە زۆر گرینگ نییە. ئەگەر ئێران وەزعی خۆی لە عێڕاقێ تەعدیل بکا، لە سووریای تەعدیل بکا، بە باوەڕی من دەوڵەتەکانی عەڕەبی موشکیلەیەکی وایان لەگەڵی نابێ. زۆربەی ئەوەی کە هووییەی شیعە و سوننیداوە بەو شەڕەی ترسێکی زۆرە کە ئەوانە لە یەکتریان هەیە ئەڵبەتە لەوەدا تەڕدید نییە کە بەشێک لە حاکمییەتی ئێرانێ دەیەوێ هیلالی شیعی دروست بکا هیچ تەڕدید دەوەیدا نییە.
قازی: زۆر باشە مامۆستە، ئیدی وەختەکەمان بەرەو دوایی چوو. زۆر زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لەم بەرنامەیەی ڕاوێژدا،داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
وەلی: زۆر سپاست دەکەم.
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە گەیشتینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان. تا جارێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش!
-----
تێبینی: ئەو هاوپرسەیە لە ئێوارەی یەکشەمە ١٤ی ژووەنی ٢٠١٥ لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەر لە حیسابی "ڕاوێژ" لە تۆڕی کۆمەڵی یووتیووب هەڵێنن




No comments: