Saturday, June 20, 2015

هەدەپە نابێ بهێڵێ مەهەپە ببێ بە " بەرەوە " ی هەڵبژاردنی ٧-ی حوزەیران



هەدەپە نابێ بهێڵێ  مەهەپە ببێ بە " بەرەوە " ی هەڵبژاردنی  ٧-ی حوزەیران
حەسەن قازی
شەمە ٢٠ی حوزەیران ٢٠١٥

ئاکامەکانی هەڵبژاردنی  ٧-ی حوەزەیران جارێکی دیکە سەلماندی پرسی کورد هۆکاری سەرەکی هەموو قەیرانییەکانی سیستمی حکوومەتی ، سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکییەیە و هەتا ئەو پرسە چارەسەرییەکی دێمۆکڕاتیکی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەو قەیرانییانە ئەگەر بۆ ماوەی کاتیش ڕابپەڕێندرێن دیسان سەر هەڵدەدەنەوە.
ئاکامی ئەو هەڵبژاردنە داوخوازی پارتیی داد و گەشە پێدانی بۆ گۆڕینی سیستیمی پارڵمانی  بە سیستمی سەرۆکایەتی شێوازی ئەمێریکا و فەڕانسە وەدواییە داوە و ئەو بابەتە هیچ وێناچێ لەماوەی پێنج ساڵی دابێ دا دیسان بهێندرێتەوە گۆڕێ.
ڕۆژی سیشەمە ٢٣ی حوەزەیران ڕێوڕەسمی کردنەوەی پارڵمان و سوێندخواردنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو  بەڕێوە دەچێ و لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆک و هەیئەتی بەڕێوەبەریی مەجلیس سەرۆک کۆمار داوا لە ڕێبەری ئەو پارتییەی  کە لە مەجلیس دا  کورسی لە هەموان زۆرترە دەکا دە ماوەی ٤٥ ڕۆژ دا کابینەکەی پێک بهێنێ. لە بەر ئەوەی کورسییەکانی  پارتیی داد و گەشە پێدان ( ٢٥٨ ) ناگاتە نیوە لەگەڵ یەکی مەجلیس بۆ ئەوەی بتوانێ حکومەت پێک بهێنێ دەبێ لەگەڵ یەکێک لە سێ حیزبی  جەهەپە ( ١٣٢ کورسی ) ، هەدەپە ( ٨٠ کورسی ) ، مەهەپە ( ٨٠ کورسی) بتوانێ ڕێک کەوێ. ئەگەر ئەوە نەبوو ئەو جار سەرۆک کۆمار دەکرێ داوا لە پارتیی دووەم واتە  جەهەپە بکا حکوومەت پێک بهێنێ و بۆ ئەوەی ئەو پارتییە بتوانێ حکوومەت دامەزرێنێ دەبێ نەک هەر لە گەڵ یەک لە پارتییە خاوەن ٨٠ کورسییەکان بەڵکوو لەگەڵ هەر دووکیان ڕێک کەوێ. دیارە بژارێکی دیش هەیە ئەویش ئەوەیە کە پارتیی داد و گەشە پێدان حکوومەتی کەمایەتی پێک بهێنێ و هیچ پارتییەک لەگەڵی نەچێتە نێو حکوومەت بەڵام پارتییەک لە دەرەوەی حکوومەت ڕا پشتیوانی لێ بکا کە دیارە ئەوە بریتی دەبێ لە حکوومەتێکی لاواز کە هەمیشە ئەگەری کەوتنی هەیە.
مەهەپە لابرانی  " پێواژۆی ئاشتی "  لە بەرنامەی حکوومەتی دابێی کردووەتە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بۆ چوونە ناو کۆالیسیۆن و بەشداریی لە حکوومەت دا و لە بەرانبەر ئەوەشدا درێژە کێشانی " پێواژۆی ئاشتی" و دۆزینەوەی چارەسەرییەکی عادڵانە بۆ پرسی کورد یەک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هەدەپەیە. مەهەپە لە لایەن خۆیەوە ڕایگەیاندووە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە لە کوالیسیۆنێک دابێ کە هەدەپە بەشداری تێدا بکا. لەو ناوەدا جەهەپە سەرەرای ئەوەی کە خاوەن ١٣٢ کورسییە بەڵام  لەو بوارە دا دەوری لاوەکییە و ڕێکەوتنی ئاکەپە لەگەڵ مەهەپە یان هەدەپە دوو بژارن کە دەمێننەوە بۆ ئەوەی حکوومەتی تازە دابمەزرێ.
بێتوو ئاکەپە و مەهەپە پێک بێن، بە لەبەرچاوگرتنی پێکێشی مەهەپە لە سەر دەست هەڵگرتن لە " پڕۆسەی ئاشتی" زەمینەی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی لە تورکییە زیاتر دەبێ و لەوانەیە لە هەڵبژاردنی دابێ دا ببێتە هۆی داشکانی دەنگەکانی مەهەپە. لە لایەکی دیکەش ڕا بە لە بەرچاو گرتنی ئەوەی کە پارتیی داد و گەشەپێدان لەو هەڵبژاردنەی دوایی دا لە بەر سیاسەتەکانی خۆی لە ئاست کۆبانێ و ڕۆژئاوا زۆربەی هەرە زۆری دەنگی کوردەکانی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان لە دەست دا وێناچێ بییەوێ بە دڵی مەهەپە بکا  و بە تەواوی دەست لە " پڕۆسەی ئاشتی" هەڵگرێ.

دەنگدەرانی تورکییە بە دەنگی خۆیان لە ٧-ی حوزەیران یەک لە دروشمە سەرەکییەکانی هەدەپە" ئێمە ناتکەینێ سەرۆک" یان وەدی هێنا. داوخوازێک کە وێناچێ ئاکەپە بیکاتە شەرتی هاوبەندیی لە هیچ ئیتیلافێک دا. دەمێنێتەوە  مەسەلەی گەندەڵی و ناساندنی چوار وەزیری پێشووی ئاکەپە بە دیوانی بەرزی عەداڵەت ، ئازادیی چاپەمەنی و هەر وەها ئامادە کردنی دەقێکی تازەی قانوونی بنچینەیی کە ئەوانە گشتیان دەکرێ لە پارڵمان دا بەگوڕ دمەتەقەیان  لە سەر بکرێ.  هەدەپە بۆ ئەوەی پێش بە مەهەپە بگرێ بۆ تێکدانی " پڕۆسەی ئاشتی " ئەگەر هاتوو ئاکەپە داوخوازە سەرەکییەکانی بەرنامەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هەدەپە پەسند بکا دەکرێ حکوومەتی ئیتیلافی لەگەڵ پێک بهێنێ، ئەو دۆخەش وەک وەدەستهێنانی ٨٠ کورسی لە هەڵبژاردن دا ،دیاردەیەکی تازە دەبێ و بۆ یەکەمجار  کورد  بە نێوی خۆی لە بەڕێوەبەری تورکییە دا هاوبەشی دەکا. هەدەپە بە بوونی خۆی لە حکوومەت دا دەتوانێ گوڕێکی تازە بدا بە جێ بە جێ کردنی پرسی کورد و وەدیهێنانی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانی. ئەگەریش ئاکەپە نەک هەموو ئەوانە ، بەڵکوو  تەنێ ملی بۆ بەشێکیان ڕاکێشا دەکرێ لە دەروەی پێکهاتەی حکوومەت پشتیوانی لە پێکهاتنی بکا و گوشاری بۆ بهێنێ بۆ ئەوەی حکوومەتی ئاکەپە ڕێڕەوی دێمۆکڕاتیک وەبەر بگرێ. هەدەپە نابێ ڕێگا بدا مەهەپە ببێ بە " بەرەوە"ی هەڵبژاردنی  ٧-ی حوزەیران 

No comments: