Thursday, February 25, 2016

بەیاننامەی هاوبەشی شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی ، فێڤرییەی ٢٠١٦

بەیاننامەی هاوبەشی شاندی  نێونەتەوەیی ئاشتی ، فێڤرییەی ٢٠١٦
ئەستەنبووڵ ١٥- ١٦ ی فێڤرییە
بڵاو کردنەوەی : ژانێت بیەل ، ٢٤ی فێڤرییەی ٢٠١٦
سەرەتا
بار و دۆخ لە تورکییەی ئێستا زۆر هەستیارە، توندتر بوونەوەی کێشە لە سەر دۆزی کورد لەو دواییانە دا پرسی هەرە پڕ لە مەترسی یە. شەڕی سوورییە ئێستا پەڕیوەتە ناو باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییە و دوژمنکاری بەربڵاو ئەوێی داگرتووە. حکوومەتی ئاکەپەی سەرۆک کۆمار ئەردۆغان لە جزیرێ و شار و شارۆچکەی دیکە دا مافی مرۆڤ پێشێل دەکا، ئێستا مەترسییەکی زۆر هەیە کە ئەو توندو تیژییە هەموو ووڵات دابگرێ. زوڵم وزۆری و سوکایەتی پێکردنی دەوڵەت بەدژی ئەو ئاکادێمیسیەن و ڕۆژنامە نووسانەی کە دەنگی خۆیان بە دژی شەڕخوازی بەرز کردووەتەوە بە ئاشکرایی ئەوە دەر دەخا کە پێوەندییەکی نزیک هەیە لە نێوان خەبات لە پێناو چارەسەرییەکی ئاشتییانە بۆ دۆزی کورد و خەبات لە پێناو دێمۆکراسی لە تورکییە دا زۆر بە گشتی تر
تاک هێشتنەوەی عەبدوڵا ئوێجاڵان
توندتر بوونی ئەو کێشەیە هاوکات بووە لەگەڵ تاکهێشتنەوەی تەواوی ڕێبەری بزووتنەوەی ئازادیی کورد، عەبدوڵا ئوێجاڵان.، کە لە قاوشە تاکانەکەی لە زیندانی دوڕگەی ئیمراڵی یەوە یاریکارێکی گرێنگ بووە و بە بەردەوامی دەنگی لە پێناو ئاشتی دا هەڵبڕیوە. بەڵام هەر ئەو ڕاستییەی کە ئوێجاڵان دە زیندان دایە ئەوە بۆخۆی گیرو گرفتێک بوو لەماوەی موزاکەرە دا کە بۆ دوو ساڵ بەردەوام بوو و لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠١٣ دەستی پێکرد. هەلومەرجی زیندانی بوونی ناچاری دەکا لەگەڵ ئەوانەی گرتوویانە موزاکەرە بکا – کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا وەزعێکی نالەبار ە.
لەوەش دەرچێ، لە کاتێکدا ئەو لە زیندان دایە ناتوانێ لەگەڵ ئەوانەی دەنگیان پێداوە و لایەنگری لێ دەکەن ڕاوێژبکا. بەر لەوەی موزاکەراتی هەموولایەنە بتوانێ دەست پێ بکا، دەوڵەت لە پێشدا دەبێ ئەو بەر بدا، هەر وەک ئەوەی کە نێلسۆن ماندێلا بەر لە موزاکەراتی هەموولایەنە بەر درا – نەک دوایە یان لە ماوەی – موزاکەراتی باشووری  ئەفریقا دا. هەتا ئوێجاڵان بەر نەدرێ ، تەنێ موزاکەرە لە سەر موزاکەرە دەکرێ ، ناکرێ موزاکەرەی ڕاستەقینە بەڕێوە بچێ. ماندێلا دایگرتەوە کە تەنێ کەسانی ئازاد و نەک زیندانییەکان دەتوانن، بە نوێنەرایەتی گەلەکەیان، بۆ چارەسەرییەکی سیاسی. موزاکەرە بکەن
 شاندی نێونەتەوەیی دە کەسی ئاشتی
لە ١٤ی فێڤرییە شاندێکی دە کەسی نێونەتەوەیی لە ئەستەنبووڵ کۆ بووەوە بۆ ئەوەی یارمەتی بکا بە دیسان دەستپێکردنەوەی پێواژۆی ئاشتی کورد – تورک، کە لە بەهاری ساڵی ٢٠١٥ وە ڕاگیراوە. سەرۆکی ئەو شاندە ،  عیسا مووسا ، قازیی دادگەی بەرزی باشووری ئەفریقا ،بە نوێنەرایەتی شاندەکە، لە بەرواری ٣-ی فێڤرییە نامەیەکی نووسی بۆ وەزاڕەتی دادی تورکییە و داوخوازی دوو دیداری کرد ، یەکیان لەگەڵ وەزاڕەتخانەکە، بۆ ئاخافتن لە سەر دۆزینەوەی ڕێگا و ئامراز بۆ دەستپێکرانەوەی پێواژۆی ئاشتی لە نێوان حکوومەتی تورک و ئوێجاڵان دا ؛ و دیدارەکەی دیکەش لەگەڵ عەبدوڵا ئوێجاڵان لە زیندانی ئیمراڵی بۆ قسە کردن لە سەر هەمان بابەت. ئێمە داوامان کرد دیدارەکان لە ١٥-ی فێڤرییە ئەنجام بدرێن، کە هاوکاتە لەگەڵ ١٧ هەمین ساڵی گیران و دەستبەسەر کردنی ئوێجاڵان. قازی مووسا، پارێزەری نێلسۆن ماندێلا بوو ، کاتێک ماندێلا لە زیندانی دووڕگەی ڕۆبەن و شوێنی دیکە دا بوو و بەشداری هەبوو لە پێواژۆی موزاکەرە لە باشووری ئەفریقا

تەنیا چارەسەرییەکی مانا
ئێمە بە باوەڕی بەوەی کە نە پارتیی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک.) و نە ئەرتەشی تورکییە قەت دەتوانن بە شێوەیەکی بڕیار دەرانە لە شەڕ دا بە دژی یەکتری سەرکەون و ئەو شەڕە تەنێ دەبێتە هۆی قەیرانی گەورەی ئینسانی لە ووڵات دا، پێمان وایە پێواژۆی ئاشتی تەنیا ڕێگەی چارەسەری یە و ئوێجاڵان ، وەک قسەوێژی سەرەکی بزووتنەوە کورد گرینگە بۆ ئەو پێواژۆیە. ئێمە لەو باوەڕە داین، کە هیچ پێشوەچوونێک بەرەو چارەسەری، بە بێ بەشداری ئوێجاڵان مەیسەر نابێ

داوخوازی دیدار
بە داخەوە مۆڵەتی هیچکام لەو دوو دیدارانە بە شاندەکەمان نەدرا. لە ١٥-ی فێڤرییە وەزاڕەتخانەی داد پشتڕاستی کردەوە کە نامەکەی پێ گەیشتووە و بەڵام گوێی نەدایە ئەوەی بەڕەسمی ذاوخوازەکەی ئێمە پەسند بکا یان وەدوایەی داتەوە. جگە لەو ئاگادارییەی کە نامەکەیان پێ گەیشتووە ، بەر لەوەی تورکییە بەجێ بهێڵین هیچ ووڵامێکیان نەداینەوە، ئێمە زۆر بە پەرۆشین کە ئەو دەرفەتەمان نەدرایە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پێواژۆی ئاشتی نە لە گەڵ وەزیری داد و نە لەگەڵ ئوێجاڵان قسە بکەین
دیداری دیکە
لەو ماوەیەی دا کە لە تورکییە بووین شاندەکەمان چاوی بە نوێنەرانی ژمارەیەکی زۆر لە رێکخستنە جۆر بە جۆرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کەوت کە سەبارەت بە بار و دۆخی هەرە جێی نیگەرانی ووڵات زانیارییان پێ داین. ئێمە هەر وەها  چاومان کەوت بە پارێزەران و کۆمەڵەکانی پارێزەران، کە بە قووڵی بەشدار بوون لە بەرگریکردن لە ئەندامانی بزووتنەوەی ئازادیی کورد دا کە تۆمەتی تاوانکاریان وەپاڵ دراوە، و ئەوان بۆخۆشیان زۆر جار کەوتوونەتە بەر سووکایەتی پێکران و ڕاوەدوونان لە لایەن دەوڵەتەوە
لە ئاشتی یەوە بەرەو شەڕ
گشت ئەو نوێنەرانە بۆیان باس کردین کە هەنووکە لە ماوەی ئەو تاکهێشتنەوەیەی ئێستای ئوێجاڵان دا، لە مانگی ئاوریلی ساڵی ٢٠١٥وە، حکوومەتی ئەردۆغان لە دۆخێکی ئاشتییەوە بەرەو دۆخێکی شەڕ گۆڕاوە، گۆڕان لە ئاشتی ساز کردنەوە بەرەو شەڕ ساز کردن هاوکات بووە لەگەڵ تاکهێشتنەوەی تەواوی ئوێجاڵان. ئویجاڵان لە دەسپێکردنی هەژدەهەمین ساڵی دەستبەسەربوونی خۆی دا ژیانێکی تاکە کەسی بە سەر دەبا. ٥ زیندانی دیکە کە پێشتر بردرابوونە زیندانی ئیمرالی ئێستا لەوێوە گوێزراونەتەوە بۆ زیندانی دیکەی کە بە توندی لە ژێر چاوەدێری ئەمنییەتی دان. تەنیا پێوەندیی ئینسانی ئوێجاڵان لەگەڵ گاردەکانی زیندانە. تەنانەت ئەندامانی بنەماڵەکەشی بۆیان نییە سەری لێ بدەن.
پارێزەرەکانی کە لە ساڵی ٢٠١١ وە نەیاندیتووە، هەر نەبێ حەوتووی جارێک داوای سەرلێدانی دەکەن، و ئەوان تا ئێستا ٦٠٠ جار ئەو داوخوازەیان کردووە و پەیتا پەیتا داوخوازەکەیان بە بیانووی سەیر وەک شکانی لۆتکە وەدوایە دراوەتەوە. لە دوای دوایین دیداری شاندی هەدەپە، لە ٥-ی ئاوریلی ٢٠١٥ ڕێگە بە کەس نەدراوە چاوی بە ئوێجاڵان بکەوێ. لەو دەمییەوە هیچ نامەیەکیش لە لایەن وێڕا نەهاتووە، باری تەندروستی وی باش نییە و دەستڕاگەیشتنی بە چاوەدێریی دەرمانی بەرتەنگە.
لەهەمان کاتدا، بە دوای هەڵبژاردنەکاندا بارودۆخی ووڵات خێرا بەرەو خراپی چوو و پێواژۆی ئاشتی بە گردبڕی کۆتایی پێ هێندرا. ئێمە ئاگادار کراین کە شارەکان بوون بە ناوچەی شەڕ و کەوتوونەتە بەر هێرشی تۆپخانەی قورس و ئاگری تانک. منداڵان کووژراون. دایکوباب و داپیر و باپیری خەڵک لە نێو کۆڵانان تەقەیان لێ کراوە و کووژراون، بەڵام لەبەر حکوومەت نیزام و قەدەغەی هات و چوو ، مەیتەکانیان هەڵنەگیراونەتەوە و هەر لە گٶڕێ بوون. ئێمە ئاگادار کراین کە هێندێک هێزی پۆلیس مۆڵەتی ئەوەیان دراوەتێ هەر کەسی پێیان خۆشە تەقەی لێ بکەن بە بێ ئەوەی هیچ پرسینەوەیەکیان لەگەڵ بکرێ، و هیچ ترسێکیان لە ئاکامی کردەوەی خۆیان هەبێ. ئەو هێزە تایبەتییانە لە ئەمر و نیە ولە ژێر فەرماندەیی والییە جێییەکان دا نین و ڕاستەوڕاست بە حکوومەت بەستراونەتەوە.
لە جزیرێ، خەڵک، کە زۆربەیان کەسانی مەدەنی بوون لە سێ ژێرخانی جۆر بە جۆر دا کوژراون، تەنانەت بە زیندوویی ئاور لە جەستەیان بەر دراوە، و ئێستا دەوڵەت ئەو بینایانە دەڕووخێنێ بۆ ئەوەی ڕچەی هەموو بەڵگەیەک لە ناو بەرێ. توندو تیژی بە دژی ژنان لە زیاد بوون دایە. ژنان دەکووژرین، دوایە ڕووت دەکرێنەوە و سووکایەتیان پێ دەکرێ. ئەوانە هەموو سووچی شەڕ و تاوانکارین بە دژی مڕۆڤایەتی. ئەوە پێشێل کردنی پەیماننامەی سێیەمی ژێنێڤ ە، کە تورکییە واژۆی کردووە ڕەچاوی کا. پێشێل کردنی ئەو پەیماننامە لەگەڵ ئەو پێوانەیەی کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جێنۆسایدی داناوە یەک دەگرێتەوە
تووڕەیی
لە لایەنی کوردی، تووڕەیی لە حکوومەت لە زیاد بوون دایە ، و زۆر کەس بە تەواوی کۆمەڵگەی تورکی جارێک و بۆ هەمیشە بەجێ دەهێڵن. کوردەکان هەست دەکەن شەڕی شارەکان کردن پێوەندی بە ئاکامی هەڵبژاردنەوە هەیە.  لە کاتێکدا کە  سووچی شەڕ و جینایەت دەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا، یەکێتیی ئوڕووپا و ئەمریکا چاویان لێ هەڵبڕیوە. لە ڕووی جیهانییەوە، تورکییە شەپۆلی پەنابەران بۆ ناو ئوڕووپا کۆنتڕۆڵ دەکا ، و ئەوە وەک ئامرازێک بەکار دەهێنێ بۆ هەڕەشە لێکردن و ترساندنی هێزە ئوڕووپاییەکان. ئەو پارتییە ئوڕووپاییانەی کە حکوومەت دەکەن، لە ترسی ئەگەری ئاکامی زێدە بوونی موهاجەرەت و شوێندانانی لە سەر پێواژۆی هەڵبژاردن ، سەبارەت بەو قەتڵی عامەی لە تورکییە دەکرێ بێ دەنگییان لێ ڕاکردووە. ئەمریکاش بە نوورەی خۆی، پەیتا پەیتا هاوپەیمانی نیزامی خۆی لەگەڵ تورکییە لە شەڕ بە دژی داعش دا دادەگرێتەوە، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە بۆ تورکییە دوژمنە سەرەکییەکانی لەو کێشەیە دا داعش نییە ( کە تەنانەت پشتیوانیشی لێ دەکا)، بەڵکوو کوردەکانن لە تورکییە، عێڕاق، و سوورییە و هەر وەها بەشار ئەسەد.
تورکییە ناوچەی شەڕ تا ناو سوورییە درێژ دەکاتەوە
حکوومەتی ئەردۆغان بەردەوامە لە سەر بۆمباران کردنی هێزە کوردەکان لە سوورییە، هەر هەمان ئەو هێزانەی سەلماندوویانە تەنیا هێزی کاریگەرن لە نێو ئەو ئیتیلافەی دا کە ئەمریکا سەرکێشی دەکا لە خەبات بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی دا.تەنانەت باس لە پەلامارێکی زەوینی تورکییە بۆ ناو هەرێمی کوردی لە سوورییە دەکرێ، کە دەتوانێ ببێتە هۆی شەڕ لەگەڵ ڕووسییە، بە ئاکامی نەپێوراو بۆ هەرێم و جیهان. چارەنووسی کوردەکان تا ڕادەیەکی زۆر، بە چارەنووسی ئەو خەڵکانەی دیکەی جیهانەوە بەستراوەتەوە کە داوا لە حکوومەتەکان و داودەستگا نێونەتەوەییەکان دەکەن سیاسەتی خۆیان لەئاست تورکییە بگۆڕن و بە دەنگ کوردە گەمارۆ دراوەکانەوە بێن
بۆچوون سەبارەت بە موزاکەرەی ئاشتی
دوایین کۆبونەوەی ئێمە مێزگردێک بوو لە گەڵ نزیکەی پەنجا ڕووناکبیر، ڕۆژنامەنووس، ڕێبەرانی مافی مرۆڤ، و ئاکادێمیسیەنانی کورد و تورک. هێندێکیان پێداگرییان دەکرد لە سەر پێویستیی دەستەبەجێی دەستپێکرانەوەی موزاکەرەی ئاشتی، لەکاتێکدا هێندێکی دیکەیان بە نائومێدییەوە دەیانگوت کە موزاکەرە ئیدی چ مانای نەماوە لەکاتێکدا خەڵک بە زیندوویی دەسووتێندرێن
بڕیارنامە
بە لەبەر چاوگرتنی ئەوم بارودۆخەی لە گۆڕێ دایە، ئێمە، واژۆکارانی خوارەوە، ئەندامانی شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی، یەک دەنگ ئەوانەی خوارەوە ڕادەگەیێنین:
ئێمە بانگەوازی دەکەین لە حکوومەتی تورکییە و عەبدوڵا ئوێجاڵان دەستبەجێ پێواژۆی ئاشتی دەست پێ بکەنەوە. لە مانگی دیسامبری ساڵی ٢٠١٢، ئۆسقۆفی خانەنشین، دێسمۆند تووتوو وەکوو سەرۆکی ئێڵدرز (بە ساڵداچووان)، کە لەلایەن نێلسۆن ماندێلاوە دامەزرا، لە بیرخەرەوەیەکی شەخسی دا بۆ سەرۆکوەزیری [ئەو کات] ، ڕەجەب تەییپ ئەردۆغان دا گوتی: " ئاشتی لە شەڕ باشترە" و تکای لە سەرۆکوەزیر کرد پێواژۆی ئاشتی لەگەڵ عەبدوڵا ئوێجاڵان دەست پێ بکاتەوە.
بۆ ئەوەی موزاکەراتی ڕاستەقینەی ئاشتی دەست پێ بکا بۆ چارەسەر کردنی دۆزی کورد لە تورکییە، دەبێ عەبدوڵا ئوێجاڵان کە دەورگێڕێکی گرینگە، بێ شەرتو مەرج لە زیندان بەر بدرێ، بۆ ئەوەی بتوانێ جێگای شیاوی خۆی لە دەوری مێزی ئاشتی دا بگرێ بە مەبەستی چارەسەرییەکی مانا بۆ دۆزی کورد لە تورکییە و بۆ دێمۆکڕات کردنی تورکییە.
ئێمە بانگەوازی لە حکوومەتی تورکییە دەکەین زەوینی یاری هەموار بکا، لەگەڵ شتی دیکە، بە ڕێگای قانوونی کردنی پ.ک.ک. و ڕێکخستنە ناقانوونییەکانی دیکە، ئازادیی گشت زیندانییە سیاسییەکان و هێڵانی گەڕانەوەی پاتراوان بۆ تورکییە بۆ بەشداری لە پێواژۆی سیاسی دا.
ئێمە دەبێ لە حکوومەتەکان و ڕێکخستنە ناحکوومییەکانی لەمەڕ خۆمان بخوازین کە گوشار بخەنە سەر حکوومەتی تورکییە بۆ ئەوەی دەستبەجێ پێواژۆی ئاشتی دەست پێ بکاتەوە و لەو ووڵاتانەی دا کە پ.ک.ک. لە لیستی ڕێکخراوەی تێڕۆریست دایە و ناوی عەبدوڵا ئوێجالان وەک تێرۆریست قەید کراوە گوشار بهێندرێ بۆ سەر حکوومەتی ئاوا کە ناویان لە لیستەی ئاوا بستڕنەوە چونکە ئەوان بزووتنەوەیەکی ڕزگاری خواز و شەڕکەرێکی ئازادین بە پێی بەڵگەکانی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ.
ئێمە بانگەوازی دەکەین لە ڕێکخستنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ ، دەستبەجێ، لەو پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ بکۆڵنەوە کە کاربەدەستانی تورک دەیکەن بە دژی خەڵکی مەدەنی لە ناوچەگەلی کێشە و ئەوە هەڵبسەنگێنن و دیاریی بکەن داخودا ئەو پێشێلکارییانە، سووچی شەڕ، تاوانکاری بە دژی مرۆڤایەتی، جێنۆساید و/ یان پێشلکردنی پەیماننامەی ژێنێڤ ن.
ئێمە بانگەوازی دەکەین لە کۆمیتەی پاراستن لە ئاست ئەشکەنجە، ڕەفتاری نائینسانی یان ڕەفتاری سوووک یان سزا دانی شووڕای ئوڕووپا ( سی پی تی ) ، دەستبەجێ و بەپەلە، لە زیندانی دوڕگەی ئیمراڵی چاوی بە عەبدوڵا ئوێجاڵان بکەوێ، بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکرانی مافەکانی، ئەو جۆرەی پەیماننامەی ئوڕووپایی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان پێش بینی کردووە بۆ زیندانییەکی سیاسی وەکوو (ئا) مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرەکانی کە ئەوە ٥ ساڵە پێشێل دەکرێ؛ (بێ) مافی دەستڕاگەیشتنی بە ئەندامانی بنەماڵەکەی کە ئەوە ١٤ مانگە پێشێل کراوە؛ (پێ) مافی ئەو کە بەتەواوی تاک نەهێشترێتەوە لە پێوەندیی کۆمەڵایەتی کە بۆ ماوەی نادیار پێشێل کراوە ؛ و (تێ) مافی وی بۆ دەستڕاگەیشتن بە دوکتوران و/یان موعالەجەی پزیشکی ؛ و دەستبەجێ ڕاپۆرتی ئەوەی دیتوویانە بدەن بە شووڕای ئوڕووپا، حکوومەتی تورکییە و بە عەبدوڵا ئوێجاڵان و پارێزەرەکانی.
ئێمە بانگەوازی دەکەین لە خوشکوبرایەتی ئاکادێمیکی نێونەتەوەیی کە پشتیوانی خۆیان لە ئاکادێمیسیەنە دژبەرەکان لە تورکییە دەرببڕن لە پێناو و لە بەرژەوەندی ئازادیی ئاکادێمیک دا و یارمەتی ئەخلاقی، مادی، فیزیکی و ئاکادێمیکییان پێ بکەن.
ئێمە بانگەوازی دەکەین لە ئەندامانی شاندەکەمان ئەم ڕاپۆرتە بە شێوەی هەرە هەراو بڵاو بکەنەوە و بینێرن بۆ سەرانی دەوڵەتان، وەزیری دەرەوە، سەفیران، کاربەدەستان، میدیای ئەلێکتڕۆنی و چاپی، ڕێکخستنەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخستنە نا حکوومییەکان لە ووڵاتانی لە مەڕ خۆمان.
واژۆکاران:
ئاندرێی هونکۆ ، نوێنەری پارڵمان سەر بە پارتیی چەپ ، ئاخێن ، ئەڵمان
دیمیتری ڕۆسۆپۆلۆس، هاودامەزرێنەری ئەنیستیتووی ئەوپەڕ نەتەوەیی ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی، مۆنترێئال، کیوبێک، کانادا
ئێریک ئێگلاد، نووسەر و وەشانگەر ، نیو کۆمپاس پرێس، نۆڕوێژ
دوکتور ئێلی فان دوسل ، حەکیم، بێلژیک
قازی عیسا مووسا ( سەرۆکی شاند ) دەستپێشخەری نێونەتەوەیی ئاشتی و ئاشتبوونەوە، باشووری ئەفریقا
فێدێریکۆ ڤێنتوورینی ، مەدرەسەی جوگرافیا، زانکۆی لیدز؛ ئەندامی ڕاوێژکاری دەستەی بەڕێوەبەری ئەنیستیتوی ئەوپەڕ
نەتەوەیی ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی ، شانشینی یەکگرتوو
فڕانسیسکۆ ڤێڵاسکۆ، وەزیری پێشووی کولتوور ، ئێکڤادۆر
ژانێت بیەل، نووسەری سەربەخۆ؛ ئەندامی ڕاوێژکاری دەستەی بەڕێوەبەری ئەنیستیتووی ئەوپەڕ نەتەوەیی ئێکۆلۆژی
کۆمەڵایەتی، دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
جۆ ڕایان، سەرۆکی کۆمیستۆنی ئاشتی عەداڵەتی ڤێستمینستر ، شانشینی یەکگرتوو
دوکتور توماس جێفری میلی ، وانەبێژی کۆمەڵناسیی سیاسی، زانکۆی کێمبریج، شا نشینی یەکگرتوو

بۆ زانیاری زیاتر لە سەر شاندەکە تکایە پێوەندی بکەن بە 
Kariane Westrheim of the EUTCC (EU Turkey Civic Commission):
Essa Moosa (Head of the International Delegation)
Estella Schmid
E-mail: estella24@tiscali.co.uk

Coordinator Elly van Reusel: imralivisit2016@gmail.com, +32-0-487-285075
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

No comments: