Thursday, August 24, 2017

خەباتی سیاسی هەنووکەیی سەبارەت بە دۆخی زمانی کوردی


دەقی وتەکانی پرۆفێسۆر "ئەمیر حەسەنپوور" لە سێمیناری: خەباتی سیاسی هەنووکەیی سەبارەت بە دۆخی زمانی کوردی ، کتێبخانەی کوردی لە ستۆکهۆڵم ، شەمە 28 -ی ئاوریلی  2012

هەندێک وشە بەکاردێنم کە پێم وابی دەبێ لەبەرچاوتانن بێت. یەکیان "سۆرانی ئاخێو". من سۆرانی ئاخێو بە کەسیک دەڵێم کە بە سۆرانی قسان دەکات، دە ئاخێوێ، وەک من، من ئەلان سۆرانی ئاخێوێکم. "سۆرانی‌خواز"، مەبەستم لە کەسێکە، کە پێی وایە لەهجەی سۆرانی، لەهجەی سەرەکی زمانی کوردیە، لەهجەیی پێشکەوتویی زمانی کوردیە و زمانی ڕەسمی و زمانی ستانداردی کوردی دەبێ سۆرانی بێت. کەوابێ جیاوازی ئەوانەتان لەبەرچاو بێت. من کە سۆرانی‌ئاخێوم، سۆرانی‌خواز نێم. بەڵام هەندێک لە سۆرانی‌ئاخێوەکان، سۆرانی‌خوازن. هەروەها من دەڵێم کوردستانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا، ناڵێم کوردستانی باکوور، باشوور و هتد، لەبەر ئەوەی کە پێوەندی زمانی کوردی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە، بۆ ئەو باسەی کە من دەیکەم گرینگە. باشترە بڵەین کوردستانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا. مەسەلەکە ڕوونتر دەکاتەوە. من هەروەها دەڵێم "کورمانجی"، نەک کوردی باکوور. دەڵێم "سۆرانی" نەک کوردی ناوەڕاست. بۆیە لەپێش دا ئەوانەم باس کرد، چونکە زۆر جار بەعزە کەسێک ڕەخنە دەگرن و دەڵێن بۆچی تۆ دەڵەی کوردستانی عێراق. یا سۆرانی‌ئاخێو و سۆرانی‌خواز تێکەڵاو دەکەی.
لە پێش دا بڵێم کە کوردی لەبارەی نفووسەوە، ژمارەی ئاخێوەران، 40مین زمانی دونیایەیە. لە دنیادا نیزیکەی 6600 تا 7000 زمان هەیە. زمانی کوردی زۆر زۆر لە سەرێیە. 40مین زمانی دنیایە، ئەگەر بە 20 میلیۆنی دابنێین. ئەوە ئامارێکە کە لە ساڵانی 1980 هەبووە کە ئاخێوەرانی زمانی کوردیان بە 20 میلیۆن داناوە. یانی لە سویدی و هولەندی و نۆڕوێژی و ئیرلەندی و ئەوانە لەپێشترە لە باری نفووسەوە. بەڵام لە باری توانایی کولتووری و لە باری ئەوەی کە زانستی پێ بگووترێ، پێی تۆماربکرێ و لێکۆڵینەوەی لێ بکرێ لە تەواوی ئەو زمانانە لە دواترە زمانی کوردی. لە باسی لەهجەکان دا، زمانی کوردی وەک زۆربەی زمانەکانی دنیا فرە لەهجەییە. بەڵام لە زمانی کورد دا مەسەلەی لەهجەکان بۆتە مەسەلەیەکی تەواو سیاسی. ئەوڕۆ باسی سیاسیەتی ئەو لەهجانە دەکەم.
لەهجەی سەرەکی زمانی کوردی، لە باری ئەو کەسانەی کە قسەی پێدەکەن، کورمانجیە کە لە سەتا 70 تا 75ی کورد زمانان بە کورمانجی دەئاخێون. لەهجەی دووهەم سۆرانیە کە لە ئێران و لە عێراق هەیە. کورمانجی لە گشت پارچەکانی کوردستان هەیە. لە قەفقاز، لە تورکیا، لە سووریا. لە سووریا تەنیا کورمانجی هەیە. لە ئێران، لە ئاسیایی ناوەندیش ئەوەندەی کوردی لێ بێ، گشتیان کورمانجی زمانن. بەڵام سۆرانی تەنیا لە ئێران و عێراق قسەی پێدەکرێ. سێهەم دەستە لەهجەیی "هەورامی" و "زازایی"ە. زازایی لە تورکیا هەیە و هەورامیش لە سنووری ئێران و عێراق. ئاخێوەرانی هەورامی کەمترن لە زازایی و لەهجەکانی تر. دەکرێ بڵەین دەستە لەهجەیەکی تر هەیە کە من جار وبار پێی دەڵێم "کرماشانی" کە لە خوارەوەی لەهجەی سۆرانیە و ئەویش زۆرتر لە کرماشان و بەڵام جار جار لەوبەری سنووریش قسەی پێدەکرێ. کۆمەڵە لەهجەن ئەوانە. لەو لەهجانە دا سێ لەهجەی ئەدەبی هەن. "هەورامی" لە سەدەی 16ەوە، "کورمانجی" لە سەدەی 16ەوە و دەستیکردووە بە نووسین و ئەدەبیات. زۆرتریش ئەدەبیاتی شێعری بووە تا پەخشان، "سۆرانی" سێ سەدە دوایی کورمانجی ئەدەبیاتەکەی دەستیپێکرد. لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە دا.
تا ساڵی 1898 کە هەوەڵ ڕۆژنامەی کوردی بڵاوبۆوە، ئەو سێ لەهجانە، هەر کامەی لە ناوچەی خۆی گەشەی دەکرد و پێوەندییەکی بەرین نەبوو لە نێوان ئەو لەهجانەدا. گەرچی پێوەندی نێوان سۆرانی و هەورامی کەمێک زیاتر بوو. لە 1898، کە هەوەڵ ڕۆژنامەی کوردی چاپکرا، ئەو دەمی دیارە کێشەی لەهجە هاتە گۆڕێ بەڵام نەک بە شێوەی سیاسی. ئەوانەی کە ئەو ڕۆژنامەیان بڵاوکردەوە کورمانجی‌ئاخێو بوون و زۆربەی ڕۆژنامەی کوردستان بە لەهجەی کورمانجیە. جار و بار لەو ڕۆژنامانە و گۆڤارانەی کە دواتر بڵاوبوونەوە، ئەوانەی کە سۆرانی ئاخێو بوون، بە سۆرانی شتیان نووسیوە و لەو گۆڤارانەی ساڵانی سەرەتای سەدەی بیست دا دەقی سۆرانیش هەیە. ساڵی 1918 بڕگەیەکی یەکجار گرینگە لە تاریخی زمانی کوردیدا ئەویش تێکچوونی دەوڵەتی عوسمانیە. بەشی هەرە گەورەی کوردستان لە دەوڵەتی عوسمانی دابوو، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوایی ئەو سنوورەی کە ئێستا بەینی عێراق و ئێران و تورکیایە. هەر ئەو سنوورە بەو ئەو زەمانیش. بە تێکچوونی دەوڵەتی عوسمانی، کوردستان دابەشبۆوە و بەشی کوردستانی تورکیا و کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریا پەیدابوون. لێرە بە کورتی دەڵێم تا ساڵی 1918، لە سەراسەری کوردستان، لەهجەی کورمانجی لەهجەی سەرەکی بوو. هەوەڵ ڕۆژنامە بە کورمانجی بوو. کوردستان، 1898. هەوەڵ کتێب بە کورمانجی بوو، "ئەلفبایێ کورمانجی" ساڵی 1909، "خەلیل خەیاڵی مۆتکی"، بڵاویکردەوە. هەوەڵ قەوانی کوردی بە زمانی کورمانجی بوو، هەوەڵ جار کە دەنگ تۆمارکرا، ساڵی 1902، ئەو دەمی دیارە قەوان نەبوو، سیلندر هەبوو،  سێ گۆرانی کوردی تۆمار کراوە کە بە زمانی کورمانجین. یەکێک لەو گۆرانیانە دە دوازدە ساڵ لەوەی پێش ، لە ئاڵمان بڵاوکرایەوە. هەوەڵ فەرهەنگی وشە "نۆبار"ی "ئەحمەدی خانی"، لە سەدەی 17 بە کورمانجی بڵاوکرایەوە. هەوەڵ ڕێزمانی کوردی، ئیتالیاییەک بە ناوی "گارزۆنی" نووسی، کە لە سەدەی 18 دا بوو و بە کورمانجی بوو. هەوەڵ وەرگێڕانی "شەڕەفنامە" بە کوردی، بە کورمانجی بوو، "مەلا مەحموودی بایەزیدی"، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە دا ئەنجامی دا. هەوەڵ وەرگێڕانی ئینجلیلەکان، 1856 بە کورمانجی بوو و بە خەتی ئەرمەنی چاپکرا. هەوەڵ باسی رێفۆرمی ئەلف و بێی کوردی، لە گۆڤارە کورمانجی زمانەکانی سەردەمی عوسمانی بڵاوبۆوە، بە تایبەت لە "ڕۆژی کورد" لە ساڵی 1913 دا، هەوەڵ دیوانی شێعر کە کوردان بۆخۆیان چاپیان نەکرد، ئاڵمانیەک بە ناوی "هارتمەن" لە ساڵی 1906، "دیوانی مەلایێ جزیری" بوو کە چاپی کرد، ئەویش هەر بە کورمانجی بوو. تەواوی ئەو هەوەڵانە بە کورمانجی بوون. لەو ماوەیە دا شتێک بە سۆرانی چاپ نەکراوە. تەنیا یەک شت هەیە، گۆڤاری "پەیژە"، یەک ژمارەی لە ساڵی 1914 لە بەغدایە چاپکراوە، هیچ شتێکی دیکە نەبووە بە سۆرانی.
بەڵام لە ساڵی 1918 دا، پێوەندی لەهجەکان گۆڕا. دابەشبوونی دووهەمی کوردستان، هەر وەک باسم کرد پەیدابوونی تورکیا و عێراق و سووریا، بوو بە هۆی ئەوەی کە لەهجەی کورمانجی، کە لەهجەی سەرەکی بوو، سەرکوت بکرێ، [کورمانجی] بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە، لە ساڵی 1925ەوە سەرکووت کرا، لەهجەی هەرە گەورەی کوردی، لەهجەیەک کە پێشینەی ئەدەبی زۆریش لە سۆرانی زیاتر بوو و ئەو حەموو هەوەڵانەی بوو کە باسم کرد،ئەو لەهجەیە  لە تورکیا سەرکوت کرا. زۆربەی گەلی کورد ئێستاش هەر لە تورکیا، کورمانجی زمانن، بەڵام ڕێژیمی کەماڵیستی تورکیا ئەو لەهجە و زمانی کوردی سەرکوت کرد. لە ئێرانیش، لە ساڵی 1921 بەو لاوە، گشت لەهجەکان سەرکوت کران. لە ئێران گشت لەهجەکان هەن. کورمانجی، سۆرانی، هەورامی، بێجگە لە زازا، لەهجەکانی تر گشتیان هەن. لە ئێرانیش سیاسەتی سەرکوت و زمانکووژی بە تایبەت لە دەورەی پەهلەوی هەوەڵ دا یەکجار زۆر توند و تیژ بوو و لە دەورەی پەهلەوی دووهەمیش دا درێژەی هەبوو.
لە سووریا، کورمانجی، ڕێگەی پێنەدەدرا لە خوێندن و نووسین دا دەکاربێ بەڵام بۆ ماوەیەک بە تایبەت لە شەڕی جیهانی دووهەم دا، سووریە کە لە بەر دەست دەوڵەتی فەڕانسە دابوو، چاپەمەنی کوردی هەبوو، ڕادیۆیی کوردی هەبوو کە گشتی ئەوانە بە کورمانجی بوون.
لە کوردستانی عێراق، لە ساڵی 1918 بۆ ئەولاوە، زمانی کوردی هەلی بۆ هەڵکەوت کە لە خوێندن و چاپەمەنی و ڕادیۆ و دەزگای ئیداری دا بەکاربێ. دیارە لەهجەی سۆرانیان دەکارهێنا. دەوڵەتی بریتانیاکە عێراقی لەبەردەست دابوو، لەهجەی سۆرانی دەکارهێنا، ئەوەیش لەبەر ئەوەی بوو کە دیارە لە کورستانی عێراقا، زۆرتری کوردان بە سۆرانی قسەیان دەکرد، ناوچەی سلێمانی کانگای بزووتنەوەی ناسیۆناڵیستی کورد بوو و شارنشینی لەوێ زۆرتر بوو لە چاو ناوچەی بادینان. ناوچەی بادینان زۆرتر ناوچەیەکی عەشیرەیی بوو و خوێندەواری کەمتر تێدابوو. لە ناوچەی سلێمانی، عوسمانیەکان لە زووەوە، لە ساڵانی 1860ەوە مەدرەسەیەکی عەسکەریان دانابوو کە لەو مەدرەسە عەسکەرییە دا چینیێکی ڕۆشنبیری مۆدێرنی کورد پەیدا ببوو. من پێموایە ئەگەر دابەشبوونی دووهەم نەبا، کوردستانی تورکیا ئاوا دابەش نەبووبا، کورمانجی وەک لەهجەی سەرەکی دەماوە. چ ئازادی نووسینی هەبا، چ نەیبا.
لە کوردستانی عێراق، هەلێک هەڵکەوت بۆ ئەوەی زمانی کوردی دەکار بێ. ڕاستییەکەی ئەوە بوو کە دەوڵەتی عێراق کە ئینگلیز دایمەزراند، زۆری پێ خۆش نەبوو کە زمانی کوردی پەرە بستێنێ، پێیان وابوو زمانی کوردی، ناسیۆناڵیزمی کورد بەرەو پێش دەبا و بە لەگەڵ ئەوەش دا بە پێی بڕیارەکان کە درابوو، دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتی بریتانیا لە عوسبەتەلئەمەمیش بڕیاریان دابوو، دەبوو کوردان ئازادی ئەوەیان هەبێ لە مەدرەسەی سەرەتایی بە کوردی بخوێنن بەڵام لە باشترین وەخت دا، زیاتر لە 15 مەدرەسە نەبوو. ئەویش زۆرتر لە ناوچەی سلێمانی بوو. لە هەولێریش چەند مەدرەسەیەک هەبوو. تەواوی پلەکان و کلاسەکانی ئەو مەدرەسانە بە کوردی نەبوو. چەند پلەیەک بە کوردی بوو و سیاسەتی تەعریب ئەو زەمانیش هەر هەبوو. لە چاپەمەنی دا کتێب زۆر کەم چاپ دەبوو،دوایە بڕێک ئامارتان دەدەمێ،  دەوڵەتی بریتانیا ڕێگەی نەدەدا، ڕۆژنامەی کوردی هەبێ، چون پێیان وابوو، ڕۆژنامەی کوردی، ناسیۆناڵیزمی کورد پەرەپێدەدا بەڵام مەجەلە و گۆڤار هەبوون. بەڵام گۆڤارێک بڵاودەبۆوە و باش ماوەیەک تەواو دەبوو. خوێندەواری زۆر نەبوو و بۆ وێنە گۆڤاری گەلاوێژ کە گۆڤاری هەرەباشی سۆرانی بوو، شەش ساڵان بڵاوبۆوە، زۆر بە زەحمەت دەیتوانی ژمارەی دوایەی بڵاوبکاتەوە. چەند جار گۆڤاری گەلاوێژ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەوانەی پارەی ئابوونە نادەن، ناویان بڵاودەکاتەوە! تکای دەکرد کە پارەی ئابوونە بدەن، کەم کەس پارەی ئابوونەی دەدا، ئاخرەکەشی مەحکەمەی دانا بۆ ئەو کەسانەی کە پارەیان نەداوە و ناوی بەعزە کەسێکیشی نووسی. لە باری کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە، کورد هێشتا کۆمەڵگایەکی دەرەبەگایەتی بوو، خوێندەواری دەورێکی زۆر گرینگی نەبوو و ئەوەندەش کە هەبوو، ناسیۆناڵیستی کورد، ئەوەندەی کە چاپیان پێ خۆش و جوان بوو، بەڵام وەزعەکە ئاوا بوو کە زۆربەی خەڵک لە دێهات دا دەژیان. لە گوندەکانیش دا خوێندەواری و مەدرەسە نەبوو. شارەکانیش، شاری زۆر بچووک بوون. چاپەمەنی هێشتا نەبوو، لە باری ئیقتسادی سەرمایەداریشەوە هێستا وایی لێنەهاتبوو کە وەک دیاردەیەکی سەرمایەداری لە سەر پێی خۆی ڕاوەستێ. لە ئیدارەکانیش دا، لە شارەداری سلێمانی، جار و بار شتێکیان بە کوردی دەنووسی بەڵام ڕاستیەکەی، وەختێکی ئاگەهیان دەدا لە گۆڤارەکان دا، زۆرتر بە عەرەبی بوو تا بە کوردی. لەو باروودۆخە دا دیار بوو، ڕۆشنبیری کورد، کە تازە پێکدەهات، زۆرتر بە زمانی عەرەبی، لە کاری ڕۆشنبیری دابوو. زمانی کوردی، زمانێکی ڕۆشنبیری نەبوو بە ڕاستی .
لە سۆڤیەت، کورمانجی هەلی بۆ هەڵکەوت کە ببووژێتەوە و بە ڕاستیش بووژاوە. لە سۆڤیەت کورد زۆر کەم بوو، نزیکەی 60 هەزار کەسێک بوون، لە هەرمەنستان و لە ئازەربایجان و لە گورجستان، بەشێکیشیان لە ئاسیایی ناوەندی، لە تورکمەنستان بوون. ژمارەیان زۆر کەم بوو بەڵام هەر لە سۆڤیەت، لەهجەی کورمانجی کە بەکارهێنرا و گشت کوردی سۆڤیەت بە کورمانجی قسەیان دەکرد، کتێبێکی زۆر بڵاوبۆوە. کە دەڵێم زۆر، مەبەستم لە "زۆر"ێکی نسیبیە. دواتر باس لە ئامارەکە دەکەم. ڕۆژنامەی "ڕێیا تازە" بڵاوبۆوە کە تا ساڵی 1991، کە لە کوردستانی عێراق هەلێک هەڵکەوت، "کوردستانی نوێ" و "خەبات"، ئۆرگانی  دووحیزبەکان، ڕۆژانە بڵاوبێتەوە، ڕۆژنامەی "ڕێیا تازە" تا ئەو زەمانی، کۆنترین ڕۆژنامەی کوردی بوو کە هەر هەفتە سێ جار بڵاودەبۆوە. زۆرتر لە چوار لاپەڕە دابوو بەڵام جاری وابوو زیاتر لە 4 لاپەڕەش بوو، لە گشت ڕۆژنامەی کوردی، زۆرتر دەوامی بوو و دەورێکی گرینگی بوو لە کۆد کردنی، لەهجەی کورمانجی.
ڕادیۆ ئیرەڤانیش [کە دواتر باسی دەکەم]  دەورێکی یەکجار گرینگی گێڕاوە، شەڕێکی زۆر گەورە سازبوو لە سەر ڕادیۆ ئیرەڤان. نیو سەعات بەرنامەی بوو بە کورمانجی ، دەوڵەتی ئەمریکا و ئینگلیز و فەرانسە و ئێران و تورکیا و عێراق و تەواوی ئەوانە لە سەر ئەو نیو سەعات بەرنامە بە لەهجەی کورمانجی، شەڕیان بوو. ئەڵبەتە هەر لەبەر لەهجەکەی نەبوو، بەڵکوو لەبەر ئەوەش بوو لە ڕادیۆیەکی سۆڤیەت بوو.
باسی سۆرانی‌خوازان ئەوەیە: دەڵێن سۆرانی ئەوەندە وەپێشکەوتووە کە کورمانجی نایگاتەوە، سۆرانی لە عەرشە، کورمانجی لە چاڵاوێک کەوتووە ناگاتەوە ئەو عەرشەی. باسەکەیان ئەوەیە کە سۆرانی وەها پێشکەوتووە کە ئەگەر بشمانەوێ، کورمانجی بۆ ئەوەی نابێ دەکاری بهێنین کە خوێندن و نووسین و کاری پەروەردە و لەکاری ئیداری و ڕۆشنبیری دا. من دەڵێم وا نیە. سۆرانی و کورمانجی لە یەک ڕادە دان. سۆرانی لە ئاسمان نیە. نە سۆرانی نە کورمانجی نەیانتوانیوە بەرەنگاری مۆدێرنیتە بن، بەرەنگاری دنیای مۆدێرن. هەر وەها پێم وایە کە بە گەورە دانان و بە پێشکەوتوو دانانی سۆرانی و بە دواکەوتوو دانانی کورمانجی لە باری سیاسییەوە، سیاسەتێکی شۆڤێنیستیە. مەنزوور لە سیاسەتی شۆڤینسیتی هەر ئەوەیە کە بە گەورەدانانی لەهجەی سۆرانی و بە دواکەوتوو دانانی کورمانجی. من تەنانەت دەتوانم ئەوەش بڵێم، کە لەگەڵ ئەوەشدا، کە لە ماوەی نەوەت ساڵی ڕابردوو دا، سۆرانی هەنگاوی بۆ پێشەوە هەڵگرتووە بەڵام کڵۆڵ کراوە، داماوکراوە، نارۆشنبیر کراوە، یانی بۆتە زمانێک کە بە ئاسانی کاری ڕۆشنبیری پێناکرێ. دواتر زیاتر باس لەوەش دەکەم.لە کوردستانی عێراق سۆرانی ئەو هەلەی بۆ هەڵکەوت کە بنووسرێتەوە و بخوێندرێتەوە لە مێدیا دا دەکاربکرێ بەڵام ئێستا ئەو پرسیارە دێنمە گۆڕ کە زمانی کوردیان چۆن پڕۆبلماتیزە کرد . یانی باش لە کێشەی زمانی کوردی نەگەیشتن، نەک تێگەیشتن بەڵام بە جۆرێک لە کێشەکە گەیشتن کە زمانەکەی کڵۆڵ کرد.
زۆربەی ڕۆشنبیری کورد پێیان وابوو کە کێشەی زمانی کوردی، کێشەی خۆماڵی و بێگانەیە. ئەوەی کە ئەلفو بێ‌یەکە خۆماڵیە یا بێگانەیە، عەرەبیە یا کوردیە، ئەوەی کە وشەکان، کوردین یا بێگانەن، هێنایان کێشەکەیان ئاوا لێکرد، بەڵام ئەوە کێشە نەبوو. کێشە ئەوە بوو کە زمانی کوردی دواکەتبوو لە زمانە ئەورووپاییەکان، ئێستا پێوەندی هەیە لەگەڵ زمانە ئورووپاییەکان، زمانی کوردی و کۆمەڵگەی کوردی لەگەڵ مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، تەنانەت لەگەڵ مۆدێرنیتەی سۆسیالیستیش لە کێشە دایە. دەبێ تەکلیفی خۆی ڕوون بکاتەوە، چ دەکات لەگەڵ دنیایی مۆدێرن؟ ئەوە دەگەڕێتەوە بە تایبەتی سەر مەسەلەی وشەکان. کوردی بە کاری دنیایی مۆدێرن نەدەهات لە ساڵی 1918، ئەمن دەڵێم کە تەنانەت  فارسی و عەرەبی و تورکیش، کە ئەدەبیاتێکی زۆر دەوڵەمەندتر لە کوردیان هەبوو، ئەوانیش ئەو کێشەیان بوو. بەڵام کێشەی زمانی کوردی زۆر جیددی تر بوو. چون زمانی کوردی، ئەدەبیاتی فارسی نەبوو کە هەم پەخشانی هەبوو، هەم شێعر، ئەویش ئەدەبیاتێکی یەکجار دەوڵەمەند و بێ وێنە، زمانی کوردی، ئەدەبیاتی عەرەبی نەبوو. ئەوەیش هەر وا، ئەدەبیاتێکی کلاسیکی بێ وێنە، هەم پەخشان و هەم شێعر و فەلسەفە و مێژوو و ئیقتساد. لە گشت بابەتێک دا، زمانی فارسی و عەرەبی، پێشینەیەکی کلاسیکی دەوڵەمەندیان هەبوو. نەک لە مۆدێرن. تەنانەت تورکی عوسمانیش پێشینەیەکی وای هەبوو، بەڵام کوردی هیچ یەک لەوانەی نەبوو.
لە شەرت و مەرجێکی ئاوادا کە کوردی ئاوا دامابوو، ڕۆشنبیری کورد هاتن لە کوردستانی عێراق کوتیان کێشەی زمانی کوردی ئەوەیە کە ئەلف و بێ یەکەمان عەرەبییە یا کوردی. ئایا هەمزە کوردیە یا عەرەبی! ئەوەیان کردە کێشە، فکری لێ بکەوە، حەرفی هەمزە لە ئەلف و بێی کوردی دا ئایا ئەوە عەرەبییە یا کوردی. هاتن وەختێکی زۆریان دانا، هەڵڵایەکی زۆریان سازکرد لە سەر ئەوەی. بەڵام باسی ئەوەی دەکەم کە چیان لە دەنگەکان و ئەلف و بێ کرد. زەرەرێکی زۆر کە لە زمانی کوردی درا، بەو شێوە زمانەکە هەژار کرا، مەسەلەی وشە لە زمانی کوردی دابوو. لە ئەلف و بێ ڕا جارێ باسی ئەوەی بکەم کە دەستیان کرد بە ئەوەی کە بیکەن بە لاتین بەڵام دە حکوومەتی عەرەبی عێراق دا نەدەکرا. هەوەڵێ دەوڵەتی ئینگلیز بەرنامەی هەبوو کە بیکاتە لاتین بەڵام زۆر زوو لەوەی لایاندا و هەر ئەلف و بێی عەرەبی مایەوە. ڕۆشنبیری کورد، تا ڕادەیەک، ئیمکانی ئەوەی هەبوو کە چاکسازی ئەلف و بێی عەرەبی بکات. ئەو پڕۆسەی کە لە سونەتی "فقه اللغه" دا پێیان دەگووت "ئێعراب" بە حرووف  ئەو کارەیان کرد . ئەو حەرفانەی کە پێیان وابوو عەرەبییە، وەک ص و ض و ئەمانەیان لابرد و هەموویان کردە ئەو حەرفانە کە پێیان وابوو کوردییە. ئەوە شتێکی زۆر خراپ نەبوو بەڵام بە ڕاستی پێویست نەبوو. زمانی عەرەبی ئەو کارەی نەکرد و هیچ موشکلەیەکیشی نیە، زمانی فارسی نەیکرد و هیچ موشکلەی نیە، زمانی چینی کە کۆنترین زمانی دنیایە کە ئەدەبیاتی نەپساوەی هەیە، هەر ئەلف و بێی نیە. زمانی چینی هەر نیشانەی هەیە نەک ئەلف و بێ، زۆریش لە زمانی کوردی، پێشکەوتووتر بووە. هەر ئەوەی دەمەوێ بڵێم کە پێویست نەبوو، ئەلف و بێ ئاوا بگۆڕن. ئەو هیچ، تەنانەت لەو ساڵانەی دواییدا، ڕیزی ئەلف و بێی کوردیش دەگۆڕن. ئێوە فکری لێبکەنەوە لە سوید بیانەوێ ڕیزی ئەلف و بێی سویدی بگۆڕن! حەرفێکی ببنە ئەولاتر، سەر و خواری پێبکەن، نەزمی کۆمەڵگای سوید تێکدەچێ چوونکە گشت شتێک لە سەر ئەساسی ڕیزی ئەلف و بێیە بەڵام لە کۆمەڵی کوردەواری دا ئەوانە گرینگ نین. کۆمەڵێکی دواکەوتووە، بە کەیفی خۆت وەرە بیگۆڕە. چەند کەس لە فەرهەنگەکان دا گۆڕیویانە. هیچیش نەقەوماوە. تەنانەت دەیانویست کە دەنگەکانیش پەتی بکەن و کردیان. دەنگی /ح/، دەنگی /ع/، دەنگی /ق/، دەنگی /غ/، دەیانگووت ئەوانە دەنگی بێگانەن و عەرەبین و دەبێ وەلایان بنێین. بەڵام زمانی کوردی پڕە لەو دەنگانە، ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی پڕە لەو دەنگانە. هەژاری شاعیر لە بەربەرەکانی ئەو بۆچوونە، لە بەرانبەر ئەوانەی کە دەیانگووت دەنگی /ق/  دەنگەکە و حەڕفەکەی عەرەبییە و دەبێ فڕێی بدەی گووتبووی: قورقرۆچکەت بگرم، وەک قشقەڵە وە قڕە‌قڕت خەم؟ [بە پێکەنینەوە]. شتێکی ئاوایی گووتبوو! بەڵام ئەو جوورە ڕەخنانە هیچ فایدەی نەبوو و پەتی‌گەران کاری خۆیان کرد.
هەروەک کوتم، کێشەی سەرەکی کە زمانی کوردی کڵۆڵ کرد، سۆرانی کڵۆڵ کرد، مەسەلەی وشەکان بوو. هەر زمانێکی زیندوو، ئەگەر وشە نەخوازێ لە زمانێکی دی، دەکرێ بڵەین کە زمانێکی زۆر زیندوو نیە. زمانی زیندوو یانی زمانێک کە پێوەندی لەگەڵ زمانەکانی دیکە هەیە و وشە دەخوازێ و وشە دەدا. لە کوردستانی عێراق هاتن، وشەی خوازراوی تورکی و فارسی و عەرەبیان وەلانا بەڵام زۆرتر وشەی خوازراوی عەرەبیان وەلانا. چون عەرەبیان بە دوشمن دادەنا، چون دەوڵەتەکە دەوڵەتێکی عەرەبی بوو.  پێیان وابوو، چون فارس بە ڕەچەڵەک لەگەڵ کورد یەکەن، ئاریایین، کەمتر بەرەنگاری زمانی فارسی دەبوونەوە. تا ڕادەیەک بەرەنگاری تورکیش دەبوون. بەو سیاسەتە، من پێموایە، لە هەر شتێکی کە کردیان خەراپتر بوو، زمانی کوردیان هەر تەواو کۆڵەوار کرد. لێکۆڵینەوەیەک هەیە، "جەمال جەلال عەبدووڵا" کردوویەتی، تێزی دوکتۆرایەتی، لەو لێکۆڵینەوە دا دەرکەوت کە لە ساڵی 1924 تا 1939، وشەی خوازراو لە چاپەمەنی کوردستانی عێراق دا، لە سەدا 46 بووە، چل و شەش خاڵ چوار. لە ساڵی 1939 تا 1958، ئەو لە سەدی چل و شەشە بوو بە سەدی 9. نۆ، خاڵ پێنج، یانی تەواو کەم بۆوە. یانی زمانەکە تا ساڵی 1958 زۆر پەتی کرا. لە ساڵی 1958 تا ساڵی 1973، وشەی خوازراو بوو بە 4.4 لە سەد، یانی زمانەکە یەکجار زۆر پەتی کرا! کەوابوو لە ماوەی ئەو پەنجا ساڵە دا، پەتی کردن بە ڕاستی سەرکەوت بەڵام من پێموایە کە لەو سەرکەوتنە دا تۆوی دواکەوتوویی چاندرا. بە بژارکردنی زمانی کوردی، زمانەکەیان هەژار کرد بە بۆچوونی من.
ئێستا کتێبێکی فیزیک، شیمی، ئیقتساد، بیۆلوژی، ئەنترۆپۆلۆژی، ئەگەر بتەوێ لە ڕادەی زانکۆ دا بە سۆرانی بینووسی، زۆر زەحمەتە، ناکرێ، کارێکی یەکجار سەختە. زمانێکە کە ناڕۆشنبیری کراوە، کراوەتەوە ئەوەی کە دەوڵەتەکان دەیانەویست بیکەن. لە ئێران دەگوترا، لەهجەی کوردی، گویش کوردی، لەهجەی فارسیەوە و هیچ ئیرادێکی نیە با لە قسەکردن دا خەڵک دەکاری بهێنن، لەهجەیی ماڵێیە. ئەوە سیاسەتی ناڕۆشنبیرکردنی زمانی کوردی بوو کە سیاسەتی شایی دووەم بوو. شایی هەوەڵ کە ڕێگەی نەدا قسەشی پێبکرێ. یانی زمانی کوردی زمانی زانست و کاری فکری نەبوو. بە داخەوە، ڕۆشنبیری ناسیۆناڵیستی کورد، تەواو ئەو کارەیان کرد کە دەوڵەتی ئێران دەیەویست بیکا. ئەوەش پێتان وانەبێ تەنیا بیر و بۆچوونی منە. من تا هەفتەیەک لەوە پێش دەمزانی کە گۆرانی شاعیریش وا فکر دەکاتەوە بەڵام بەڵگەیەکی وام نەبوو، هەر لە نووسینەکانی ڕا دەمزانی. هەفتەیەک لەوەپێش ، هەر بە هەڵکەوت، لە کتێبخانەی هەرزان بووم، ئەو کتێبەم دیتەوە، من ئەوەم نەدیتبوو، ئەوە بەرهەمی پەخشانی گۆرانە. بزانین گۆران، لە ساڵی 1960 لە ڕۆژنامەی ئازادی ژمارە 50، تشرینی یەکەمی 1960 چی نووسیوە. گۆران لەوێدا، سۆرانی لە کوردستانی عێراق بەروارد دەکات لەگەڵ کورمانجی لە هەرمەنستان لە یەکیەتی سۆڤیەت و باسی ناتەواوی وشەی کوردی دەکات و دەڵێ: "بەرابەر بەم ناتەواوییەی وشەی کوردییە، خۆپاراستن لەبەکارهێنانی وشەی بێگانە،بەرەو ئەوەی بردووین کە هێزی دەربڕینمان[تەعبیرمان] لە چوارچێوەیەکی تەسکا قەتیس بمێنێ، ئەمە  نەک هەر لە بابەتی زانست و فەلسەفە و بیری زانیاری ورد دا، بەڵکوو لە جەرگەی هونەری وێژەییشدا، کە زۆرتر بەری بیر و هەست و نیازەکانی ناو تاقیکردنەوەکانی مرۆڤ خۆیەتی و ...". گۆران دواتر باسی کورمانجی لە سووریا و سۆڤیەتستان دەکا. گۆران دەڵێ: "بە تایبەتی سۆڤیەتییەکان [مەبەست کورمانجەکانی سوۆڤیەت] ڕێگایەکیان گرتووە بۆ گەشە و پێشخستنی زمان و وێژە، بە تەواوی بە پێچەوانەی هی ئێمەیە. ئەوانە بایەخی زۆریان بە پێشخستنی بیر و ناوەڕۆک داوە، لەباتی بایەخدان بە بژاری زمان، لە وشەی بێگانە. نوسەرەکانی سوریا ئەگەر لە ناوەڕاستا نەختێک مام ناوەنگی ڕاوەستابن، سۆڤیەتییەکان ئەم ئاڕاستەیەیان زۆر بە ئاشکرایی دیارە، سۆڤیەتییەکان هەر وەک وشە باوەکانی کۆنی بێگانەیان دەست لێ نەداوە ، وشوی تازە داهاتووی بێگانەش هەر ئەوەندەی نرخێکی زانستی هەبێ ئەیقۆزنەوە بە کاری ئەهێنن، ئاشکرایە کە لەم ڕێگایەوە بیرو لێکدانەوەی خۆیان لە چاو ئێمە دا لە ناتەواویی وشە ڕزگار کردووە، ئەوەی بە بیریانا دێ بەو زمانە ئەیخەنە سەر کاغەز، کە کەسوکاریان بە وشەی بێگانەکانی تێکەڵ بوویەوە ، قسەی پێ ئەکەن. گرتنی ئەم ئاراستەیە ماوەی دەربڕینی هەرە ورد و لێکدانەوەی هەرە قووڵی – لە چاو ئێمە دا – بۆ ئاسان کردوون. زاڵبوون و پێشکەوتنی کوردە جیڕۆکنووسکانی سۆڤیەتی لە چیڕۆکی کورت و درێژ دا لە وێژەی سەرگوروشتە نووسین  و گەشتنامە دا تا ڕادەیەک لە هەڵبەستیشا ئەشێ جگە لە کۆمەڵە هۆیەکی یارییەدەری تری زانراو، بەڵگەی دروست بۆچوونی ئەم سەرنجە بێ."
بە کورتی گۆران دەڵێ ئێمە لە کوردستانی عێڕاقا هەر بایەخمان دا بە شکڵ، هەر وشەمان کردەپەتی، کردمانە کوردی، ئەو وشانەی کە ببوون بە کوردی و لە زمانەکانی تر خوازرابوونەوە، ئەوانەمان وەدەر نا زمانەکەمان کڵۆڵ کرد. بە کورتی ئەوەی دەڵێ.
جا من چەند نموونەیەکتان بۆ دێنمەوە، تەواوی دەکەم قسەکانم کە ئێوە قسە بکەن. نموونەی وانە چییە ، ئەو بەڵایەی کە لە کوردستانی عێڕاق بە سەر سۆرانییان هێناوە. من سێ وشە دەڵێم کە لە فارسی دا هەیە و لەگەڵ ئەوەش دا لێک نزیکن بەڵام جیاوازن. یەکیان "قاعدە" یە کە بە ئینگلیزی دەبێتە "روول". یەکیان "مقررات" کە بە ئینگلیزی دەبێتە "رێگیولەیشن"، یەکیان "قانون"  بە ئینگلیزی دەبێتە "لا". لە هەڤاڵێکم پرسی ئەوانە بە سویدی دەبنە چی، کوتی قاعده دەبێتە "ڕێگل"، "رێگلێرینگ" و قانوون دەبێتە "لاگ" کە هەر "لا"ی ئینگلیزیە. قاعده، مقررات، قانون، هەرسێکی دیارە عەرەبیە، فارسی ئەو سێ وشەی لە عەرەبی وەرگرتووە، با بزانین فەرهەنگی گیرفانی ئینگلیزی – کوردی جاف چی کردووە لەوەی: هەرسێکی داناوە بە "یاسا"! یاساش لە زمانی موغولی وەرگیراوە. فەرهەنگی جاف، قەبووڵی ناکا، کە قانوون وەک کوردی دابنێ، یاسایی دادەنێ کە موغولییە! بۆچی "یاسا"یی موغولی لە "قانوون"ی عەرەبی باشترە؟ ئەگەر کەسێک ئەوەم بۆ ڕوون کاتە زۆری سپاسی دەکەم! بۆ قانوون کوردی نیە؟ عەرەبی بۆ خۆی لە یونانی وەرگرتووە. وشەیەکی ناونەتەوەییە، لە زۆر وڵاتی دنیا دەکاری دێنن، بۆچی ناسیۆناڵیستی کورد، زمانی کوردی لەو وشەیە مەحڕووم دەکات؟ ئەمن زۆرم پێخۆشە ئەوەی بزانم. یا چەند وشەی دی وەک "جرم، جنایت، جریمه، اتهام"، ئەوانە لێک نزیکن بەڵام جیاوازییان یەکجار زۆرە. بۆ کاری دادگا و عەداڵەت و ئەوانە زۆر موهیمە کە جیاوازی ئەوانە بناسین. زۆربەی ڕۆشنبیری کورد، تەنانەت کتێبکی کە فەرهەنگی وشەی قانوونیە،  لەوێدا گشت ئەوانە بە "تاوان" دادەنێ! شتی وا ئەخر چۆن دەبێ؟ چوونکە ئەوانە عەرەبین، ڕۆشنبیری کورد تەحەمولیان ناکات! لە جیاتی تەواوی ئەوانە "تاوان" دەکاردێنێت، ئاخر ئەوە چ زمانێکە کە نەتوانێ ئەو جیاوازییانەی لەبەرچاو بێ؟
وشەیەکی تازەتر کە لە زمانە ئورووپاییەکان، لە ئینگلیزی دا پەیدا بووە، "جێندر"، زمانی فارسی زۆر زوو، "جنسیت"ی بۆ دانا، با بزانین ڕۆشنبیری کورد چی لێکردووە! ڕۆشنبیری کورد، جێندر دەکاتە ڕەگەز! بەڵام ڕەگەز، نزیکەی حەفتا هەشتا ساڵە لە کوردی دا لە جیاتی "راس" دانراوە کە فارس پێی دەڵێن "نژاد". لەوانەشە "ڕەگەز" و "راس"ی ئورووپایی هاوریشە بن، لە ڕەگەز دا یەک بن مومکینە ئاوا بێ، بەڵام ڕۆشنبیری کوردی کە ناتوانێ "جنسیت" قبووڵ بکات چونکە عەرەبیە، جێندر دەکاتە "ڕەگەز"، دەڵێ ڕەگەزی مێ و ڕەگەزی نێر. ڕەگەز، وەک ڕەگەزی سپی و ڕەش دەکار هاتووە لە کوردی دا بەڵام چونکە هیچ چارەیان نیە و عەرەبیشیان پێ گڵاوە، دەڵێن ڕەگەزی مێ و ڕەگەزی نێر! بۆ وا لە زمانی کوردی دەکەن؟ پرسیاری من ئەوەیە، ڕۆشنبیری ناسیۆناڵیستی کورد بۆ بەربینگی زمانی کوردی بەرنادەن؟
وشەیەکی وەک "ئەبستراکت" واتە "مجرد"، زۆر دەکار دێ، هەر ڕۆژنامەیەکی چاوی لێبکەی، لە ڕەخنەی فیلم ڕا بگرە هەتا شتی تر، وشەی ئەبستراکت، موجەڕەدی  تێدایە. چاو لە فەرهەنگە کوردییەکان بکەن بزانن بۆ ئەبستراکت،مجرد، چ دادەنێن! ڕووت! نەبینراو، نادیار، جیا، جیاواز، ئەوانە هیچیان مانایی  ئەبستراکت نین. چاو لە فەرهەنگە فارسیەکان بکەن بزانن چەندە وشەی باشیان بۆ داناوە. "مجرد"یان بۆ داناوە، مجردیش لە عەرەبی ڕا هاتووە و هیچ ئیرادێکی نیە. موجەرەد، چوونکە کورد دەکاری هێناوە، بۆتە کوردی، عەرەبی نیە ئیدی. هەزار وشەی تر هەیە، وەک ئیمکان، ئیحتمال. ئیمکان چی بۆ دادەنێی؟ چاو لە فەرهەنگە کوردییەکان بکە! زمانی کوردییان کڵۆڵ کردووە.
چاو لە دوو فەرهەنگی گرینگی کوردی بکەن کە لەو ساڵانەی دواییدا بڵاوبۆتەوە. فەرهەنگی ئازادی ئینگلیسی-کوردی، فەرهەنگێکی هەرەگەورەی دوو زمانییە، دوکتور قەرەداخی تەواوی تەمەنی خۆی خەریکی ئەو فەرهەنگە بووە، زیاتر لە پەنجا ساڵە، ئەمن ئاگام لێیە، چەندە خەریکی بووە. فەرهەنگەکەی دی، لە دانیشگای کوردستان بڵاوبۆتەوە لە سێ بەرگ دا، فەرهەنگی فارسی-کوردی، ئەویش لە باری تکنیکی فەرهەنگ نووسینەوە یەکجار پێشکەوتووە. بەڵام بە بۆچوونی من هەردووک فەرهەنگ تووشی کێشەی سیاسەتی پەتی کردن بوون ، بە جۆرێک کە وشەیەک کە کوردی پەتی بۆ نابینرێتەوە دێن تەعریفی دەکەن! تەعریف کردن بۆ فەرهەنگی یەک زمانی دەبێ، وەک فەرهەنگی زەبیحی. فەرهەنگی قامووسی زەبیحی ئەگەر بۆ وێنە چاو لە وشەی "ئاوارە" بکەی، بە کوردی پێت دەڵێ کە ئاوارە یانی چی، تەعریفی دەکا لە ڕستەیەک دا و نموونەیەکیشی بۆ دێنێتەوە. لە فەرهەنگی دوو زمانی دا، قەت نەبووە کە وشەیەکی زمانی ئەسلی کە دەیهێنی، بێی تەعریفی بکەی، دەبێ بەرانبەری بۆ دانێی بەڵام بۆ وێنە فەرهەنگی کوردستان، فارسی-کوردی، کە ئێستا هەیە لە کتێبخانە دا و دەتوانن چاوی لێبکەن،  پۆمپی بێنزینی تێدایە، پۆمپی بێنزین فارسیە و فەرهەنگەکە لە بەرانبەر ئەو وشەیە دا هاتووە تەعریفی کردووە و نووسیویەتی، جێگایەکە کە ماشێن دەچێ و لەوێدا بەنزینی هەڵدەگرێ یا لێیدەدا! شتێکی وا. ئەوە فەرهەنگی دوو زمانی نیە ئیتر، وەک فەرهەنگی یەک زمانی لێکردووە.
تاکتیکێکی دیکە کە دەکاری دێنن، فەرهەنگی ئازادی بۆ وێنە. زۆر جار چەند وشەی هاومانامان هەیە، نزیکن لە مانادا، هەر وەک کوتم وەک جەریمە و جرم و هتد. کاتێک چەند وشەی ئاوا لێک نزیک هەن، فەرهەنگی ئازادی، چوونکە نەیتوانیوە بۆ هەر یەک لەوانە وشەی کوردی پەتی ببینێتەوە، بۆ چەند وشەی جیاواز، یەک وشەی کوردی دەکاردێنێ. لە ڕاستیدا من هەوڵم داوە بۆ نووسینی کوردی و ئینگلیزی ئەو فەرهەنگەی دەکاربهێنم. بەکاری من نەهات. فەرهەنگەکە بێ کەڵکە، بێ فایدەیە. عومرێک هەوڵ و تەقەلای دوکتۆر ڕەشید قەرەداخی بە بۆچوونی من بەفیڕۆ چووە. حەیف بوو، نەدەبوو وایی لێبێ. ئەگەر ئەو سیاسەتی پەتیکردنەوەی وەلانابا، فەرهەنگەکە زۆر سەرکەوتوو تر دەبوو. دیارە ئەمن زۆر باش دەزانم، زمانی کوردی وەک ئینگلیزی و فارسی نابێ. ئەوان وشەیان یەکجار زۆرە، بەڵام دەکرا زۆر وشەی خوازراو کە دوو سەت سێسەت ساڵە بوونە کوردی، دەکرا ئەوانەی تێدا بێ و فەرهەنگەکان باشتر بن. یەک دوو نوختە ماوە ئەویش حەول دەدەم بە کورتی باسی بکەم.
سۆرانی خوازەکان دەڵێن کورمانجی زۆر لە سۆرانی وەدواکەوتووە، لە باری چەندێتیەوە. لە باری ئەوەیکە دەڵێن سۆرانی ئەوەندەی شت پێ چاپ کراوە کە کورمانجی هەر نایگاتەوە. من ڕاستییەکەی ماوەیەکی یەکجار زۆر ئەو ئامارانەم لێک داوەتەوە و وەدوای وەی کەوتووم کە چەندە بە کورمانجی شت چاپ کراوە چەند بە سۆرانی. با بڕێک لەو ئامارانەو پێ بڵێم. لە ساڵی 1920 تا ساڵی  1985یانی لە ماوەی  65 ساڵ دا  لە کوردستانی عێڕاق 918  کتێب بڵاو بووەتەوە  کە زۆربەیان سۆرانی بوون ، تەقریبەن هەر لەو ساڵانە دا، لە ساڵی 1921 تا 1980 یانی لە ماوەی 59 ساڵ دا، لە یەکیەتی سۆڤیەت، زۆرتر لە ئەرمەنستان، 377 کتێب بڵاوبۆتەوە. فکری لێبکەوە لە کوردستانی عێراق، 65 ساڵ، 918 کتێب.  لە سۆڤێتستان دا لە 59 ساڵ دا  377  کتێب. ئەوەشتان لەبەر چاو بێ، نفووسی کورد لە یەکیەتی سۆڤیەت لە ساڵانی 1920 نزیکەی 60 هەزار کەس بووە و لە کوردستانی عێراق نزیکەی نیو میلیۆن بووە. یانی کوردی عێراق، زیاتر لە 10 بەرابەری کوردی سۆڤیەت بوون بەڵام 918 کتێبیان بەرانبەر بە 377 کتێبی سۆڤیەتستان هەبووە. ئەگەر ئامارم هەبا و زانیبام تا ساڵی 1985 چەند کتێبی تر لە یەکیەتی سۆڤیەت بڵاوبۆوە، ڕەنگبوو، ژمارەی کتێبی بە کورمانجی سۆڤیەت ببا بە 400. ئەگەر ئەو کتێبانەی بە کورمانجی و لە سووریا و لە دەرەوەی وڵاتیش بڵاوبۆتەوە، بێنینە سەری، دەبێتە نزیک بە 400 کتێب. لە عێراقیش چەند کتێبێک بە کورمانجی لەو ماوەیە دا بڵاودەبۆوە. بەعزە ساڵێک بوو لە کوردستانی عێراق، کتێب هەر بڵاونەدەبۆوە یا جاری وابوو، هەر یەک یا دوو کتێب بڵاودەبۆوە. لە 1931 تا 1937 لە ئەرمەنستان 163 کتێب بڵاوبۆوە، لە ماوەی شەش ساڵ دا، هەر لەو ماوەیە دا 52 کتێب لە عێراق بڵاوبۆتەوە. بەداخەوە لە ساڵی 37 و 38ەوە، لە یەکیەتی سۆڤیەت، بەشێک لە کوردەکانی قەفقاز ڕاگوێزران بۆ ئاسیایی ناوەندی و چاپەمەنی کوردی لە ساڵی 1938 تا ئاخیری شەڕی جیهانی دووهەم ئیتر نەبوو، لە کوردستانی عێراقیش، لە ساڵانی شەڕ، کتێب زۆر زۆر کەم بڵاودەبۆوە. بەڵام پێوانەیەک بۆ بەرواردکردنی ئەوانە، ئەوەیە کە ژمارەی کتێب بە پێی هەزار کەس بکەین. ئەوە دیققەتێکی زۆرتری هەیە. ئەگەر ژمارەی کتێبەکان دابەشبکەین بە سەر نفووسی کوردەکان، لە 1920 تا 1985 لە کوردستانی عێراق، 2.1 لە سەت کتێب چاپ بووە و لە سۆڤیەت 6.4 لە سەت. شەش لە کوێ و دوو لە کوێ! یانی ئەگەر بە گوێرەی نفووس بەراوەردیان بکەین، لەو ماوەیە دا کە باسکرا، لە کوردستانی عێراق 2 کتێب و لە سۆڤیەت 6 کتێب بڵاوبۆتەوە. بە گوێرەی ڕۆژنامەش هەر وا. لە سۆڤیەتستان، هەر وەک وتم، "ڕێیا تازە"، هەر سێ ڕۆژ جارێک بڵاودەبۆوە و ئەگەر دابەشی بکەین بە سەر نفووسی کوردی سۆڤیەت دا ئەوان زۆرتریان ڕۆژنامە هەبووە تا لە کوردستانی عێراقی.
سۆرانی خوازان لە ساڵانی ڕابردوو دا کوتوویانە کە زۆربەی کوردستانی عێراقێ بە سۆرانی قسە دەکەن و ئەوە دەبێ ببێتە زمانی ڕەسمی و زمانی ستاندراد و ناڵێن کورمانجی نابێ قسەی پێ بکرێ بەڵام دەڵێن دەبێ کورمانجی بۆ ژیانی ڕۆژنامەی ماڵ و بازار و مەزرا و ئەوە باشە هەروەها کورمانجی دەبێ وشەکانی کۆبکرێتەوە بۆ ئەوەی کە سۆرانی پێ دەوڵەمەند بکرێ. تەنانەت ڕۆشنبیرێکی کورد کوتوویەتی کە "ئەگەر کوردی باکوور دەیانەوێ ڕزگار بن، ئازاد بن، دەبێ سۆرانی فێر بن"!. ئەوە زۆر خۆشە ئیدی! بۆخۆتان لێکی بدەنەوە بزانن ئەوە مانای چیە! ئەمن بەو بۆچوونانە دەڵێم "شۆڤێنیزمی سۆرانی"! بە گەورە زانین و بە پێشکەوتوو دانانی سۆرانی و بە دواکەوتوو دانانی کورمانجی و ئەوەی کە بگوترێ کە ئازادی بە زمانی سۆرانی دەبێ ئەوە ئیتر یەکجار شۆڤێنسیتیە!
ساڵی 1991 گۆڕانێکی گرینگ بوو لە زمانی کوردی دا. لەو ساڵە دا دەوڵەتی تورکیا ئیجازەی دا کە کوردی تورکیا، جا چ زازا و چ کورمانج، لە ماڵی خۆی بە زمانی خۆی قسە بکات بەڵام قسە کردن لە پارلەمان و لە کاروباری حیزبی و سیاسی قەدەخە بوو. بەو خەباتەی کە کوردی تورکیا کردیان، نەک لەبەر ئەوەی کە سۆرانیان دەزانی، بۆ ئەوەی خەباتەی کە لەبەر مافی زمانی کردیان، ئێستا لە تورکیا چاپەمەنییەکی یەکجار زۆر بڵاودەبێتەوە بە زمانی کورمانجی، مۆسیقای کوردی بە گشت لەهجەکان، یەکجار زۆر بەرهەم هێنراوە، ڕادیۆ هەیە، تلویزیۆن هەیە، یەکەم تلویزیۆنی سەتەلایتی کوردی بە کورمانجی بوو. لە خۆراسان، لە ئێرانێ، بە کورمانجی دەنووسن، لە سووریاش تا ڕادەیەک شت بڵاودەبێتەوە. 1991 هەر ئەو ساڵە بوو کە سۆڤیەت تێکچوو، کورمانجیش نوشستێکی زۆری بوو. شتێک کە گۆڕاوە ئەوەیە کە تێکنۆلۆژی تازەی زمان پەیدابووە، گشتتان ئاگادارن، زۆربەی ئێمە دەکاری دێنین، ئینتێرنێت و ئەو جۆرە تەلەفۆنە تازانەی کە پەیدابوون، کە گشت کارێکیان پێدەکرێ و بۆخۆشیان کامپیوتێرن و هتد. تێکنۆلۆژی تازەی زمان، هیچ حەدێکی نیە، لە 10 ساڵی داهاتوو دا، دەکرێ زۆر هاسان، مەتنێکی کوردی کە بە سۆرانی[ئەلف‌وبێی عەرەبی] نووسراوە، زۆر ئاسان دەتوانی بیکەی بە خەتی لاتین و بە پێچەوانەوە، تێکنۆلۆژییەکە کە هیچ سنوورێک ناناسێ. وەزعی زمان لە تەواوی دنیا دا دەگۆڕێ و لە کوردستانیش دەگۆڕێ، بەڵام ئەو کێشە سیاسییانەی کە کوتم دەبێ خەباتی سیاسی لە سەر بکرێ و دەبێ بکرێ.
شتێکی کە سۆرانی‌خوازەکان دەیڵێن ئەوەیە کە "ئەگەر لە کوردستانی عێراق، کە لە ساڵی 2005 لە قانوونی ئەساسی عێراق دا، زمانی کوردی بۆتە زمانی رەسمی سەراسەری عێراق، ئەوەش ڕووداوێکی گرینگە، ئەوان دەڵێن ئەگەر کوردی، هەم سۆرانی و هەم کورمانجی، لەهجەی ستاندارد و  ڕەسمی بن، ئەو ڕەسمییەتە[لە عێراق] تێکدەچێ، دەڵێن تەنانەت نەتەوەی کورد دەبێتە دوو نەتەوە و دابەش دەبێ! من تەنیا یەک شت دەڵێم و تەواوی دەکەم. زمانی سێربی-کرواتی هەبوو، لە یۆگۆسلاوی پێشوو، لە کورمانجی سۆرانیش لە یەکتر نزیکتر بوون، زمانی چێک-سڵۆڤاکی هەبوون، ئەوانە لێک جودا بوونەوە و بوون بە دوو نەتەوەیی جودا. من دەڵێم ئیمکانی ئەوەی هەیە کە کورمانجی و سۆرانی لێک جودا ببنەوە بەڵام شتێکی کە زۆر ئەوەی هان دەدات کە لێک جودا ببنەوە، هەر ئەو سیاسەتی سۆرانیخوازییە. ئەوەی کە بە زەبر و زەنگ، سۆرانی دابسەپێنی بە سەر کورمانجی زمانانی بادینان. ئەوە ئەوان هان دەدا بەرەو جوێبوونەوە نەک سیاسەتێکی دێمۆکراتیک. هەتا سیاسەتی زمانی دێمۆکراتیزە تر بێ، ئیمکانی یەکگرتنی گەلان، ئیمکانی یەکگرتنی چینی کرێکار، ئیمکانی یەکگرتنی زەحمەتکێشان زیاتر دەبێ. هەتا زۆرتر بڵەی نەتەوە، یانی یەک زمان، یەک وڵات، یەک لەهجە، زۆرتر، دووبەرەکی و سەد بەرەکی درووست دەبێ. ڕێگا دێمۆکراتیزە کردنە. کەسێکی کە عەقیدەی بە دێمۆکراتیزەکردنی ژیانی خەڵک بێ لە کوردستان دا  یا لە ناوچە دا، دەبێ لە باری زمانی دا و هەروەها لە باری سیاسی دا، دەبێ سیاسەتێکی تەواو دێمۆکراتیکی هەبێ. ئەگەر نەیبێ، شۆڤێنیزم سەردەکەوێ. من بە هیچ جۆرێک ناڵێم هەر کەسێکی کە تا ئێستا کوتوویەتی  سۆرانی دەبێ ڕەسمی بێ و دەبێ زمانی ستانداردی بێ شۆڤێنسیتە، من ئەوەی ناڵێم، بەڵام ئەوەی دەڵێم کە کەسێکی پێی وابێ کورمانجی دواکەوتووە و سۆرانی ئەوەندە وەپێش کەوتووە کە هەموو کورمانجی ئاخێوەران دەبێ سۆرانی بکەنە زمانی کولتوری و ئەدەبی و ڕۆشنبیری، من دەڵێم ئەو سیاسەتە، سیاسەتێکی شۆڤێنیستیە. زۆر کەسیش کە ئەو سیاسەتەی ڕەچاو دەکا، نازانێ خەتەری ئەو سیاسەتەی چیە و نازانێ کە ئاڵتێرناتیڤی دی هەیە.
زۆر سپاستان دەکەم و ئومێدەوارم ڕەخنەم لێ بگرن.


بەڕێوەبەری سێمینار: کتێبخانەی کوردی ستۆکهۆڵم/ 28 ی ئاپریلی 2012
تۆمارکردنی دەنگ: کەریم مەرەسەنە
وێنە: چالاک محەممەد
نووسینەوەی تێکست: مەسعوود مەناف
پێداهاتنەوەی دەنگی دابەزێندراو و تەکمیل کردنی: حەسەن قازی
24-ی ئووتی 2017






No comments: