Monday, March 7, 2011

ووتاری دوکتور ئەمیری حەسەنپوور لە سێمیناری بڵاوکراوەی شهروند بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی - تۆڕانتۆ ٢٠ی فێڤرییەی ٢٠١١



سێمیناری مافی ئێتنیسیتەکان و نەتەوایەتییەکانی ئێرانی بە دەستپێشخەری بڵاوکراوەی شهروند

ئێران ووڵاتێکی فرە نەتەوەیە. ئاوڕێک وە مافی نەتەواییەتییەکانی ترک، عەڕەب و کورد، ووتاری عەلیڕەزا ئەسغەرزادە، یۆسفی عەزیزی بەنی تۆروف و ئەمیری حەسەنپوور

ڕاپۆرتی: فەڕەحی تاهیری
وەرگێڕان لە زمانی فارسییەوە: حەسەنی قازی
تێبینی: لێرە دا تەنێ ووتار و ووڵامی بەڕێز دوکتور ئەمیری حەسەنپوور وەرگێڕدراوە.

شهروند بە بۆنەی ٢١ی فێڤرییە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، ئەمساڵ کارێکی شایستەی کرد و ڕۆژی یەکشەمۆ ٢٠ی فێڤرییە بە ئامادە بوونی سێ ڕووناکبیر و تێکۆشەری سیاسی سەر بە سێ نەتەوایەتی ترک، کورد و عەڕەبی ئێرانی لە شاری تۆڕانتۆ لە کانادا سێمینارێکی ڕێک خست و بابەتی زۆرداریی نەتەوەیی و مافی نەتەوایەتییەکانی ئێرانی خستە بەر باس.
دوکتور عەلیڕەزا ئەسغەرزادە، یۆسفی عەزیزی بەنی توروف و دوکتور ئەمیری حەسەنپوور لە بەشدارانی ئەو پانێلە بوون. شهروند پێی خۆش بوو کە کەسێک لە ئێتنیکی فارسیش قسە بکا کە بەداخەوە هەڵنەسووڕا
.....وتەدەری دواتر دوکتور ئەمیری حەسەنپوور بوو.دوکتور حەسەنپوور لە مەهاباد لە دایک بووە و لە سەرەتای خوێندن لە زانکۆی تاران تا ئەمڕۆ خەباتی سیاسی و خوێندن و لێکۆڵینەوەی لە یەک جوێ نەکردووەتەوە. ئەو لە ٢٠ ساڵی ڕابردوو، دوای هاتن بۆ کانادا، لە زانکۆکانی ویندسۆر،کۆنکۆردیا و تۆڕانتۆ دەرسی گوتووەتەوە و خەریکی لێکۆڵینەوە بووە و، بەشێک لە کارە ئاکادێمیکەکانی لە بواری ناسیۆنالیزم، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و شۆڕش دا بووە.
دوکتور حەسەنپووریش قسەکانی بە سپاس لە ڕۆژنامەی "شهروند" و دەربڕینی شادی و گەشانەوەی خۆی لە خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەست پێکرد و گوتی" ئەم کات وساتانە زۆرمێژوویین. لە دنیایەک دا دەژین کە پڕە لە غەدر و چەوساندنەوە، برسێتی، قات وقڕی،کوشتار، شەڕی مەزەبی و ڕەگەزی... و ئەمن زۆر خۆشحاڵم کە ژیانم گەیوەتە ئێستا کە ئەم خەباتانە ببینم.
دوکتور حەسەنپوور، لە گەڵ دەربڕینی پێ خۆشبوونی خۆی بۆ بەشداری لە پانێلێک دا لەگەڵ دوو لێکۆڵەرەوە و تێکۆشەری سیاسی ئاگادار و خەباتگێڕ، گوتی: لە ڕوویەکی دیکەوە زۆر خۆشحاڵ نیم کە بۆچی دەبێ کەسێکی کورد، کەسێکی ئازەربایجانی و کەسێکی عەڕەب بێن و سەبارەت بە زۆرداریی نەتەوەیی قسە بکەن. من ئەوە زۆر چاک دەزانم کە ئەو کەسانە دەزانن زۆرداریی نەتەوەیی چییە کە بۆخۆیان تەجروبەیان کردبێ، وەکوو ئەو زۆردارییەی لە ژنان دەکرێ. ژنان زۆر باشتر لە پیاوان دەتوانن لە قووڵایی زۆرداریی بابمەزنی تێبگەن و بکۆڵنەوە و قسەی لێوە بکەن و بە دژی خەبات بکەن. بەڵام زۆرداریی نەتەوەیی دیاردەیەکی سیاسی یە و پێویست ناکا کەسێک کورد بێ و باسی ئەوە بکا. ئەگەر ئەم پانێلە لە ترکییە ڕێک خرابا، دەکرا جۆرێکی دیکە بێ. لە ترکییە کۆمەڵناسی ترک ئیسماعیل بێشیکچی تەواوی ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ خەبات لە پێناو مافی گەلی کورد و مافی دیاریکردنی چارەنووس،١١٥ساڵ زیندانیان بۆ بڕییەوە کە پازدە ساڵی لە زیندان دا تێپەڕاند و ئێستا بەر دراوە، یان تانەر ئاکچەم کۆمەڵناسێکی ترکی گەنجتر کە هەموو ژیانی ئاکادێمیکی خۆی تەرخان کردووە بۆئەوەی ژێنۆسیدی نەتەوەی هەرمەنی لە ترکییە بە ڕەسمی بناسن، بەڵام لە ئێرانێ بە داخەوە ئێمە کەسایەتی وەک ئەوانمان نییە، کەسانێک کە لە نەتەوایەتی فارس بن و تا ئەو ڕادەیە لە پێناو مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوایەتییەکانی ئێران لێکۆڵینەوە و خەباتیان کردبێ.
هەڵبەت بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە مێژ ساڵە مافی دیاریکردنی نەتەوایەتییەکانی ئێرانی بە ڕەسمی ناسیوە بەڵام لێرە قسەی من لە ئاستێکی بەربڵاوتر دایە لە کۆمەڵ دا. ڕەخنە لە ڕێبازێکی سیاسی کە هێشتا لە ئێرانێ دا هەیە و ئەمن نێوی دەنێم بەرنامەی سیاسی میللییەکانی ئێران، بریتین لە توێژاڵکێکی بەربڵاو لە میللییە سکوولارەکانەوە بگرە تا میللی-مەزەبی و تا ڕووناکبیرانی چەپ کە ئێستا بوونەتە ناسیۆنالیست دەگرێتەوە.
ئەمن خۆم باوەڕم بە سنوور نییە، باوەڕم بە سازکردنی دەوڵەتی تازە نییە، باوەڕم بە نیشتمان و ووڵات نییە وپێم وایە بەتایبەتی سنوورەکان دیاردەی دنیای کۆنن. ئاواتی من هەڵگیران و نەمانی هەموو سنوورەکانە. ئەمن زۆر بەوە دڵگرانم کە مرۆڤ بە نەتەوایەتی و قەومی جۆر بە جۆر دابەش کراوە. شانازی بە هیچ نەتەوایەتییەک ناکەم، بە چاوێکی ڕەخنەگرانەش لە ناسیۆنالیسم دەڕوانم چ ئی نەتەوەی زۆردار و چ زۆرلێکراو، ئەگەرچی ناسیۆنالیسمی نەتەوە زۆرلێکراوەکان تۆوێکی دادخوازانەی ڕەوای تێدایە لەبەر ئەوەی کە بەدژی زۆرداریی نەتەوەیی خەبات دەکەن، بەڵام بۆ من ناسیۆنالیسم دیاردەیەکی کۆنە. بەڵام گشت ئەوانە بەو مانایە نییە ئەمن نکووڵی لە هەبوونی نەتەوەکان بکەم، نەتەوەکان و نەتەوایەتییەکان هەن، ناسیۆنالیسم هەیە، سنوور هەیە، ئێستا من خۆم لە ڕووی قانوونییەوە شارۆمەندی کانادام. بەڵام قسەکەی من لێرە دا ئەوەیە کە مرۆڤ زۆر لە مێژە، بەلانی کەمەوە سەد و پەنجا ساڵە، لە ڕووی فکری، زەینی، سۆز و عاتیفی، سیاسی و تیۆری گەیوەتە جێیەک کە دەبێ سنوورەکان نەمێنن. و ئەو سنوورانە کۆسپن لە سەر ڕێگای بەخۆداهاتنی زیاتری مرۆڤایەتی.
باسەکەی من لێرە دا لە مەر دنیابینینی میللییەکان، واتە ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانە کە بەشێوەی سەرەکی یانی ناسیۆنالیستە فارسەکان. و کاتێک ئەوە دەڵێم مەبەستم ئەوە نییە بڵێم تەنێ فارسەکان ئەو جۆرە ناسیۆنالیسمەیان هەیە ، کەسێکی وەک ئەحمەدی کەسڕەوی کە خۆی ئازەربایجانی بوو ناسیۆنالیستێکی توندئاژۆی فارس بوو لە ڕادەی پانئێرانیستێک دا. ئەمن ناسیۆنالیسم وەک دیاردەیەکی سیاسی دەبینم نەک ئەوەی بمەوێ فارسەکان بکەمە سێرەی ڕەخنەکانم.
لە ڕوانگەی منەوە زۆرداریی نەتەوەیی یەکێک لە لەمپەرە هەرە گرینگەکانی سەر ڕێی پەرەگرتنی دێمۆکڕاسییە لە ئێران دا. و دێمۆکڕاسی بۆ من تەنێ هەڵبژاردنی ئازاد ، رێژیمی پارلمانی، ئازادیی چاپەمەنی و ئازادیی مەدەنی نییە. لە ڕوانگەی منەوە دێمۆکراسی دەکارکردنی دەستەڵاتی چینێکە، سوڵتەی نیزامێکە و دێمۆکراسی و دیکتاتۆری وەنەبێ نەکرێ بەیەکەوە کۆ بکرێنەوە. هەر دوویان بەیەکەوە دێن. داخودا بۆچوونی میللیەکانی (ئێران) سەبارەت بە زۆرداریی نەتەوەیی چییە؟ دنیا زۆر گۆڕاوە بەڵام بەداخەوە بۆچوونی میللییەکانی ئێران هیچ نەگۆڕاوە، قسە دەکەن و دەلێن ئێمە لە ئێران دا شتێکمان نییە بە نێوی مەسەلەی نەتەوایەتییەکان، بە نێوی مەسەلەی ئێتنیکی. ئێمەی ئێرانی لە جێدا زۆرداریی نەتەوەیی ناکەین. ئێمەی ئێرانی ڕەگەزپەرستیمان نییە. ئێمەی ئێرانی کۆیلەداریمان نییە. یەكێک لە هاوکارانی من چەند ساڵ لەمەوپێش گوتی ئێمەی ئێرانی لە جێدا بزووتنەوەی جووتێریمان نییە، پێم گوت بۆچێ پێی خۆت دەخەیە کەوشی هەزار ساڵ فێئۆدالیسمی ئێران.
ئێمەی ئێرانی ئاریایین، ئێمە عەڕەب نین، ئێمە ترک نین، ئێمە زەرتەشتین، ئێمە نەوەی ئەهوورامەزداین، ئێمەی ئێرانی نەتەوەی باڵاترین، نەتەوەی بژاردەین، ئێمە دەگمەنی مێژوویین... ئەوە ڕوانگەیەکە کە لە زۆر لە نووسراوەکان و هاوپرسەکییەکاندا دەتوانن بیبینن. ئەوە تەنێ خۆ ڕانان و سپاسی خۆ کردن نییە و لە زاراوەی سیاسی دا پێی دەڵێن شۆڤێنیسمی نەتەوەیی. بۆ وێنە کەسێک بە نێوی تولووعی ئازاد لە ڕۆژنامەی "شهروند" لە قسەکردنێک دا لە گەڵ دوکتور پارسا بناو دا دەڵێ:" ئێمە دە نێو ووڵات دا مەسەلەی نەتەوایەتی مان نییە..." لە بڕگەی دواتر دا دەڵێ : هەر وەها مەسەلەی ئێتنیکی شمان نییە، بەڵام ویستی بەحەقی ئێتنیسیتەکان بۆ دابین کردنی هەلومەرجی بەرابەر مان هەیە لە مافی ئینسانی دا بەڵام نەک تا مافی دیاریکردنی چارەنووس." باسی مافی ئینسانی دەکا نەک مافەیلی نەتەوەیی و زمانی، کەسێکی دیکە دیسان لە قسەکانی هەر لە "شهروند" دا کە یەکەمی ئاوریلی ٢٠١٠ دا چاپ کراوە هێندێک شتی نووسیوە لە سەر نووسینەکانی بەڕێزان بەراهەنی و قەرەجەلو. باسی مەسەلەی کیوبێک بۆ ئێمە زۆر گرینگە ئێمە لە کانادا دەژین و مەسەلەی نەتەوەیی هەیە. لە کیوبێک لەو دەساڵانەی دواییدا حەول دراوە ئەو مەسەلەیە بە ڕێگای دێمۆکڕاتیک و هەموو پرسی و وتووێژ و گەنگەشە جێ بە جێ بکرێ. بە ڕواڵەت نووسەری ئەو ووتارە پێی خۆش نییە لە کانادا شتێکی ئاوا هەیە و لە قسەکانی دا دەڵێ بۆ ئەوکاتەی ژەنەڕاڵ دۆگۆل هات بۆ کانادا و گوتی بژی کیوبێکی ئازاد، دەوڵەتی کانادا دەری نەکرد و زۆر شێرو ڕێوی دیکەش دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی بڵێ نا کاناداش ئەوەندە دێمۆکڕاتیک نییە و بەوشێوەیە لە نرخی ئەو سیاسەتەی کە ئێستا لە کانادا هەیە و دەیەوێ مەسەلەی نەتەوەیی بە شێوەی دێمۆکڕاتیک جێ بەجێ بکرێ کەم بکاتەوە.شتێکی دیکەش لە گۆواری " مهر ایران" یان "مهرنامە" کە پێم وایە سەر بە بزووتنەوەی کەسکە دەگێڕمەوە لەوێدا ووتارێک چاپ کراوە لە ژێر سەرنووسی " ڕێگای دێمۆکڕاسی بە فێدێرالیسم دا تێناپەڕێ" و لە بەڕیز حەمیدی ئەحمەدی پرسیارێکیان کردووە : بۆچی ئێوە باس کردن لە فێدێرالیسم بە باسێکی ئیدێئۆلۆژیکی چەپ دادەنێن؟ ووڵامەکەی ئەوەیە لە بەر ئەوەی وێژمانی ئێتنیسیتە خوازی لە ئێران وێژمانێکی چەپ ئاژۆیە. باس لە مەڕ نەتەوایەتییەکان، گەلان و قەومە ئێرانییەکان لە دڵی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و دوایە حیزبی توودە و دواتر سازمانی چریکەکانی فیدایی گەلەوە هاتە دەرێ.... ئێدی پاشماوەی ئەو قسانەتان بۆ ناخوێنمەوە. بەڵام شتێکی کە هەیە ئەوەیە کە مەسەلەی نەتەوەیی، هەبوونی نەتەوە و مافی دیاریکردنی چارەنووس ئەوانە هیچکام سەرچاوەی سۆسیالیستی یان نییە و بەشێکن لە پڕۆژەی دێمۆکڕاسی بورژوازی یان دێمۆکڕاسی لێبێڕاڵی. ئەگەر بمەوێ نموونەتان بۆ باس بکەم هێندێک لە موستەعمەرەکانی ئینگلیستان لە شوێنێک کە ئێستا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، لە ساڵی ١٧٧٦ سەربەخۆیی خۆیان لە ئینگلیستان ڕاگەیاند بە بێ ئەوەی وتووێژ لە گەڵ ئینگلیستان بکەن، نۆروێژ لە ساڵی ١٩٠٥ هێمنانە لە سوێد جوێ بووەوە. چێک و سڵۆڤاکی ساڵی ١٩٩٢ مان وەبیر دێ کە لە یەکدی جوێ بوونەوە. ئەوە خوارووی سوودانیش کە لەو دواییانە دا جوێ بووەوە و ئەوە کاناداش هەیە کە هیوادارم کیوبێکی لێ جوێ نەبێتەوە.
ئەو قسانەی گێرامنەوە دەبێ بە جیدی وەربگیرێن. میللییەکان زۆرجیدین و ڕەپوڕوو هەڵوێستەکانی خۆیان ئاشکرا دەکەن. واتە ئەوەی ئەگەر ئێمە دەستەڵات بە دەستەوە بگرین مافی زمانی و مافی دیاریکردنی چارەنووس و ئەوانەمان ناوێ. پرسیاری من ئەوەیە.دنیا گۆڕاوە ئەگەر بەیانی، دوو بەیانی خەڵکی کوردستان، بەلووچستان، ئازەربایجان، ئەهواز ویستیان هەموو پرسییەک وەڕێخەن و لە ئێران جوێ ببنەوە، ئەگەر ئێوە هەمان ئەڕتەشی شاتان هەبێ دەینێرن بۆ قەتڵی عامی خەڵک، یان وەک سوودان قۆڵی لە سەر دەکێشن کە نەتەوایەتییەکانی ئێران مافی ئەنجامدانی هەمووپرسییان هەیە؟ و ئەوەی کە بەشێک لە پێواژۆی دێمۆکڕاسی ئاب و ئەژدادی ئێوەی میللییەکان لە ئەمریکا و شوێنی دیکە دووسەد، سێسەد ساڵ لەوە پیش ئەمەیان وەکوو مافێک ناسیوە. Unilateral Declaration of Independence " ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی سەربەخۆیی" لە ئینترنێت دا بگوگلێنن و بزانن چەندە مەملەکەت سەربەخۆ بوون. ئەوە مافێکە و بە ڕەسمی ناسراوە. ساڵی ١٩٩٥ کە لە کانادا ڕێفراندۆم بوو و ئەمن لە کیوبێک بووم و دەنگم دا، هێندەی نەمابوو کە کیوبێک سەربەخۆ بێ. حکوومەتی ئەو دەمی ژان کریتین داوای لە دادگەی بەرز کرد ووڵامی چەند پرسیارێک بداتەوە: داخودا لە قانوونەکانی کانادا دا بنەمایەک هەیە کە کیوبێک یەکلایەنە یانی بە بێ ڕاوێژ لە گەڵ ئۆتاوا سەربەخۆ ببێ؟ داخودا لە حقووقی نێونەتەوەیی دا دەرەتانی ئەوتۆ هەیە بۆ کیوبێک بۆ جوێبوونەوە. ئەگەر لە ئینترنێت دا Reference re Secession of Quebec بگوگلێنن گشت بەڵگەکانی لەو بارەیەوە تێدایە. ووڵامی دادگەی بەرز دوای سێ ساڵ ڕاوێژ لە گەڵ مافناسان ئەوەبوو زەمینەیەک نییە بۆ ئەوەی کیوبێک سەربەخۆ ببێ چونکە زۆرداری لە نەتەوەی کیوبێک ناکرێ و دەرەتانی دیاریکردنی چارەنووسی هەیە و ووڵاتێکی نیوە سەربەخۆیە. بەشێک لە سەفاڕەتخانەکانی کانادا لە مەڕ کیوبێکن و کیوبێک تێیاندا کاربەدەستی هەیە و ڕاستەوخۆ ئەو کەسانەی بیانەوێ کۆچ بکەن بۆ وێندەرێ وەردەگرن. بەڵگە هێنانەوەی دادگەی بەرز ئەوە بوو کە زۆرداریی لە نەتەوەی کیوبێک ناکرێ بەڵام لە ووڵامەکەی دا دەڵێ ئەگەر لە رێفراندۆمێک دا داوای جوێبوونەوەی کرد دەبێ وتووێژی لە گەڵ بکرێ و نەیگوتووە ئەڕتەش بنێرینە وێندەرێ.
قسەی من ڕووی لە میللییە ئێرانییەکانە. تاکوو ئێستا دێمۆکڕاسی بورژوازی دوو ڕێگای بۆ جێ بە جێکردنی مەسەلەی نەتەوەیی هەبووە: یەکیان کوشتار، ژێنۆسید، تواندنەوە، ڕاگوێستنی بەکۆمەڵ و ، یەکیشیان ڕێگای دێمۆکڕاتیک. داخودا ئێوە ڕێگای سێریلانکا وەبەردەگرن کە دەزانین ساڵی ڕابردوو چییان بە سەر تامیلەکان هێنا یان ڕێگای سوودان؟. تا ئەو جێگەی ئەمن لە قسە کانیان دەخوێنمەوە دنیا بینینیان لە نووسراوەکانیان دا وەبەر گرتنی ڕێگای توندوتیژییە. ئەی چارە چییە؟ بە بۆچوونی من چارە ئەوەیە ئەو کەسانەی پێیان وایە ڕێگای نا توندوتیژی دروستە، چ کۆمۆنیست و چ ناکۆمۆنیست ، خەبات بکەن و حەول بدرێ لە کولتووری سیاسی ئێران دا هەلومەرجێک بێتە پێشێ کە ئەو شتانە قەبووڵ بکرێ: ئێران ووڵاتێکی چەند نەتەوایەتییە، نەتەوایەتییەکان زۆرداریی نەتەوەییان لێدەکرێ، نەتەوایەتییەکان خاوەنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانن، لە داهاتوو دا زۆرداریی نەتەوەیی نامێنێ، دەبێ نەتەوایەتییەکان هان بدرێن خەباتێکی یەکگرتوو بکەن بە دژی ئەو سیستمەی کە هەیە و ئێرانێکی دیکە ساز بکەن.
شێوەی کاری دروست چییە؟ شێوەی کاری دروست ئەوەیە من وەکوو کوردێک بانگەشە بۆ جوێبوونەوە نەکەم. دەبێ بڵێم لە گەڵ ئەوەشدا کە باوەرم وایە هەموو نەتەوایەتییەکانی ئێران خاوەنی مافی دیاریکردنی چارە نووسی خۆیانن، بەڵام ئەمن دەبێ پێیان بڵێم لەم مافە کەلک وەرنەگرن، خەباتی یەکگرتوو بکەن بۆ ئەوەی ئەو ڕێژیمە بڕووخێ و ئێرانێکی دیکە دروست بکەن کە تێیدا زۆرداریی نەتەوەیی، دینی، ڕەگەزی، جینسی و چەوساندنەوەی چینایەتی نەبێ. ئەمن وەکوو کوردێک دەبێ بانگەشە بکەم بۆ یەکگرتن و فارسەکانیش دەبێ بانگەشە بکەن بۆ جوێبوونەوە بڵێن ئەوانە نەتەوەی زۆرلێکراون، ئێوە مافی خۆتانە لە ئێران جوێ ببنەوە بەڵام وا باشترە کە جوێ نەبنەوە. بۆچی؟ ئەگەر من هەڵوێستی یەکگرتنم نەبێ، هەڵوێستی من هەر دەبێ بە هەڵوێستی ناسیۆنالیسمی کورد.دوکتور ئەسغەرزادە باسی نموونەی ئەوەی کرد کە بەداخەوە لە نێو نەتەوایەتییەکانیش دا شوڤێنیزم هەیە.ئەمن هیچ چارەیەکەم نییە جگە لەوەی بلێم کە خەڵکی کورد و ئازەربایجانییەکان دەبێ لە گەڵ خەڵکی فارس خەباتێکی یەکگرتوو بکەن و ئەو سیستمە هەڵوەشێنن و بیگۆڕن. ئەگەر فارسێکیش مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان قەبووڵ نەکا ئەمن گومانم هەیە لە باوەڕی وی بە دێمۆکڕاسی.
ئەمن دەڵێم لە ووڵاتێک دا کە ٢٥ میلیۆن ئازەربایجانی مافی ئەوەی نەبێ بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێ باشترە پارچە بێ. (چەپڵەی بەشداران). ڤیرجینیا وڵف ژنێکی ڕۆماننووسی ئینگلیسی بوو کە هەشتا ساڵ لەمەوبەر گوتی " ئەمن وەکوو ژنێک هیچ نیشتمانێکم نییە، نیشتمانێکی کە زۆرداری لە من بکا نیشتمانی من نییە." سەبارەت بە نەتەوایەتییەکانیش هەر وایە. ووڵاتێکی کە بە داری زۆرێ بە میلیۆنان ترک، کورد، عەڕەب و بەلووچ لە مافی سەرەتایی پەروەردە بە زمانی دایکی بێ بەش دەکا چ شانازییەک دەکرێ بە ووڵاتێکی ئاوا بکرێ؟، بە بۆچوونی من لە بەریەک هەڵوەشێ باشترە.



لە ڕوانگەی کۆمۆنیستییەوە ئەو دژوارییە سەرەکییەی کە زۆرداریی نەتەوەیی سازی دەکا بەرتەنگ کردنی دێمۆکڕاسییە بەڵام مەترسی سەرەکی ئەوەیە لە درێژخایەن دا چینی کرێکار و بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی خوێندکاریی لەت و کوت دەکا. زۆرداریی نەتەوەیی لە زۆردارییە بە مەترسییەکان و هەموو لایەنەیە، هەر ئەوە نییە کە تەنێ ئازەربایجان لە ئێران جوێ کاتەوە، بەڵکوو بزووتنەوە جۆر بەجۆرەکان لەت و کوت دەکا. دەبێ ئەو مەسەلەیە بە جیدی وەربگرین.خەبات بۆ ئەوەی کە میللییەکان تەنانەت دە چوارچێوەی دێمۆکڕاسی بورژوازیش دا لە جیات ڕێگای توند و تیژی، ڕێگای تەبایی و ڕێگای دێمۆکڕاتیک وەپێش بگرن، خەباتێکی سەختە و دەبێ حەولێکی زۆر بدرێ. زۆرداریی نەتەوەیی زەبەلاحێکە دەبێ ڕووبەڕووی ببینەوە. ئەمن هیوادارم هەموومان بە یەکەوە بتوانین کولتووری سیاسی ئێران بگۆڕین.
******


دوای پشوویەکی کورت بەشی دووەمی پانێلەکە بە پرسیار و ووڵام دەستی پێکرد. ئەو بەشەی کۆبوونەوەکە حەسەنی زێرێهی سەرنووسەری بڵاوکراوەی "شهروند" بەڕێوەی دەبرد. دوای کۆتایی هاتنی قسەکانی دوکتور ئەسغەر زادە، هێندێک لە ئامادەبوان پرۆتێستیان کرد لە بەرئەوەی لە قسەکانی داپێشنیازی کرد ئینگلیسی ببێتە زمانی هاوبەش یان سەتاسەری. دوایە نۆرە گەیشتە دوکتور حەسەنپوور بۆ ئەوەی ووڵامی ئەو پرسیارانەی لێی کرابوون بداتەوە. ئەو لە سەرەتاوە سەبارەت بە زمانی سەرتاسەری داهاتوو لە ئێران گوتی: ئەمن پێم وایە لە ئێرانێکی دێمۆکڕاتیک دا، زمانی فارسی زمانی هاوبەشی یەکەم دەبێ و نەتەوایەتییەکانی ئێران ئازادییەکانی زمانی خۆیان دەبێ.
لە ووڵامی پرسیارێک دا کە گوتبووی نەتەوەی فارس داوخوازی بەکارهێنانی زۆرداریی نەتەوەییە. حەسەنپوور لە ووڵام دا گوتی: نەتەوەی فارس لە چینی جیاواز پێک هاتووە. دوو جینسییەتی ژن و پیاوی هەیە. لادێیی و شارستانی هەیە. ناکرێ بگوترێ کە نەتەوەی فارس گشتیان زۆرداریی لە نەتەوایەتییەکانی دیکە دەکەن.ئەو زۆردارییە لە زەمانی سەردەمی پەهلەوی بەم لایەوە بە شێوەی سەرەکی لە لایەن دەوڵەتە وە بووە. تاکێکی زەحمەتکێشی شیرازی یان کرمانی لە جێدا دەرفەتی زۆرداریی کردن لە کورد یان ئازەربایجانی نییە و، زۆرداریی نەتەوەیی لە هەلومەرجی ئێستا دا پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە دەستەڵاتی سیاسی. قسەی من ئەوە نەبووە کە نەتەوەی فارس هەمووی زۆرداری لە نەتەوایەتییەکانی دیکە دەکەن.
و ئەوەی کە گوتراوە قسەکانی من بۆن و بەرامەی جیاوازیخوایان لێ دێ. بۆمن جێی سەرسوڕمانە چونکە من گوتم وەک کوردێک نابێ باسی جوێبوونەوە بکەم، دەبێ داوای یەکگرتن بکەم بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە و دروست کردنی ئێرانێکی جیاواز لەوەی ئێستا بەڵام بەداخەوە لە نێو ڕووناکبیرانی فارس دا کەس نییە بێ و ڕەخنە لە ناسیۆنالیسم شۆڤێنیسمی فارس بگرێ.
بەداخەوە لە ڕوانگەی منەوە ئێران ئێستا پارچە کراوە. کوردستان، بەلووچستان، ئازەربایجان و خوزستانێکی کە بە زەبری گوللە و بە زەبری دەستەڵاتی ئەڕتەشی ئیسلامی و سپای ئیسلامی لە ناو دایکی نیشتمان دا ڕایان بگرن لە ڕوانگەی منەوە ئەوە یەکێتی نییە. ئەو ئێرانی داهاتوویەی کە من دەمەوێ ئەوە نییە. ئەوەی هەیە ئێرانی شایانی قاجار، ڕەزا شا، محەمەد ڕەزا شا، خومەینی و خامەنەیی یە. ئەمن باسی یەکگرتنم لە ئاستێکی دیکە دا کرد و دیارە ئەوەش لە گەڵ ڕوانگەی میللییەکان ناگونجێ بەڵام ئەوانیش وەک من دەتوانن فێر بن. منیش لە تافی لاوێنی دا ناسیۆنالیستێکی کورد بووم بەڵام لە ناسیۆنالیسم بە تەواوی جوێ بوومەوە. هێشتا لە مافی نەتەوەی کورد و نەتەوایەتییەکانی دیکەی ئێران بەرگری دەکەم بەڵام لە ڕوانگەی ئەنترناسیونالیستییەوە. ئەمن بۆ دەبێ حورمەت بۆ نیشتمان و سنوور دابنێم، هەموو دنیا نیشتمانی منە. (چەپڵە لێدانی ئامادەبووان).
پرسیارێکی جیدی کردنی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە ناوچەیەکی قەیراناوی کوردەکان و ترکەکانە. بەداخەوە زۆر بە هاسانی ڕێژیمی فەرمانڕەوا دەتوانێ درێژە بە سوڵتەی خۆی بدا هەر ئەوەندە بەسە شتێکی وەک ڕووداوی نەغەدە بخولقێنێ ئەوەی لە ساڵی یەکەمی شۆڕش دا کرا . کەسێک تەقەیەک بکا، ژمارەیەک ترک، هێندێک کورد بکووژن یان هێندێک کورد، ژمارەیەک ترک بکووژن و ئەوە دەبێ بە یوگوسڵاوی.
دۆستان باس ئەوە نییە کە کەنداوی فارسە یان کەنداوی عەڕەبی، ئەوانە جێی گەنگەشە ولێدوانی ئێمە نین. مەسەلەی زۆر جیدی لە گۆڕێ دایە، مەسەلە چلۆنایەتی ئێستای ئێران و خەڵکی ئێرانە. مەردمی دنیا هەستاونە سەر پێیان، ئێمە تا کەنگێ دەبێ درێژە بدەین بەو شێوە بیرکردنەوانەی زەمانی کۆن؟ بەداخەوە ناسیۆنالیسمی کورد و ناسیۆنالیسمی ئازەربایجانی لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا ناکۆکییان لە گەڵ یەکتری هەیە.ئەو ناکۆکییە شتێکی دەستکردە. لە سەروبەندی حکوومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان دا، ئەو دژایەتییانە هەبوون بەڵام ئەودەمی هەر دوولا دژایەتییەکانیان بە شێوەی دێمۆکڕاتیک جێ بەجێ کرد. نیزیکەی چل خوێندکاری مەهابادی و بۆکانی لە تەورێز دەیان خوێند. حکوومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان لە کۆماری کوردستان پێشوەچووتر بوو. لە ڕووی پەروەردەوە یارمەتی دەکرد بە کوردستان، چاپخانەی دەدا، کاغەزی دەدا، لە ڕوی نیزامییەوە یارمەتی دەکرد. من ئەو مێژوویەم دەوێ. مێژووی یەکێتیی دوو نەتەوەی کورد و ئازەربایجان لە ساڵی ١٣٢٤-١٣٢٥، ئەوەیە مێژوو، ئەویتر مێژووی خانی کورد و ترکە کە حەولیان داوە خەڵک بە گژ یەکتری دا بکەن. مێژووی من ئەو یەک ساڵەیە کە ئەو دوو نەتەوەیە یەکێتییان لە ناو دابوو. ئەمن لە سەردەمی حکوومەتی نەتەوەیی دا تەمەنم سێ ساڵ بوو بەڵام دواتر کە گەورە بووم لە مەهاباد هەمیشە باسی ئەو یەک ساڵە بوو. بابم دەیگوت لەو یەک ساڵە دا هەر کاتێک دەچووین بۆ تەورێز بۆ کاری بازرگانی، خەڵکی تەورێز رێزیان لێ دەگرتین. بە ڕووخانی حکوومەتی ئازەربایجان ئەوە گۆڕا. ئەوە چمان پێ دەڵێ؟ ئەوە یانی ئەوەی کە نەتەوەی ئازەری و نەتەوەی کورد هیچ کێشەیەکیان لە گەڵ یەکتری نییە.گشت ئەو شتانەی کە داخودا سەڵماس کوردە یان ترکە یان ئاسۆری، ئەوانە گشتی بە شێوەی دێمۆکڕاتیک جێ بە جێ دەکرێ. بۆ شێست ساڵ لەوە پێش دەکرا بەڵام ئێستا نەکرێ؟

سه‌رچاوه‌ی بابه‌ت و وێنه‌کان ماڵپه‌ڕی شهروند

http://www.shahrvand.com/?p=12923

Wednesday, February 23, 2011

په‌یامی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی یونێسکۆ یای ئیرینا بۆکۆڤا به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی 21ی فێڤرییه‌ی 2011



په‌یامی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی یونێسکۆ یای ئیرینا بۆکۆڤا
به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی 21ی فێڤرییه‌ی 2011

گشت زمانان به‌ ڕێگای بنچینه‌یان‌ و له‌یه‌ک خواستنه‌وه‌یان‌ به‌یه‌کدی به‌ستراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر کامه‌شیان به‌ سه‌ری خۆی سه‌رچاوه‌یه‌کی تاقانه‌ی مانا و واتایه‌ بۆ تێگه‌یشتن، نووسین و ده‌ربڕینی ڕاسته‌قینه‌.

زمانانی دایکی تایبه‌تین به‌وه‌ی ڕا که‌ که‌ره‌سته‌یه‌ک له‌ به‌ر ده‌ستی مرۆ ده‌نێن که‌ جاری یه‌که‌م دنیا به‌ڕێگای ئه‌واندا ده‌نگی ده‌بێ، زمانانی دایکی چاویلکه‌یه‌کن که‌ به‌ڕێگای ئه‌واندا بۆ یه‌کمجار دنیا ده‌بیندرێ. ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی ئه‌و بۆنه‌ تایبه‌تییه‌یه‌ که‌ گرینگی زمانانی دایکی دابگێرێته‌وه‌ و فره‌ زمانێتی و چه‌شناوچه‌شنی زمانی وه‌گه‌ر بخرێ.

زمانانی دایکی، هاو شان له‌گه‌ڵ جۆرواوجۆری زمانی، بۆ ناسێنه‌ی تاکوته‌رایان گرینگن. ئه‌وان سه‌رچاوه‌ی ئافراندن و ئامرازی ده‌ربڕینی کولتوورین، زمانانی دایکی بۆ ساغی کۆمه‌ڵانیش گرینگن و هه‌ر ئاواش زمانان هۆکارێکن بۆ به‌ره‌وپێشچوون و په‌ره‌سه‌ندن.ئێمه‌ ئیدی ئێستا ئه‌وه‌ زۆر باش ده‌زانین که‌ په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی دایکی چه‌ند گرینگه‌ بۆ ئاکامی فێربوون. ده‌رس دادان‌ و په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی دایکی ئامرازێکی به‌هێزه‌ بۆ ده‌گژ ڕاچوونی دووچاوكێتی و گه‌یشتن به‌ دانیشتووانی ده‌په‌راوێزخراو.زمانان وه‌کوو سه‌رچاوه‌ی زانست، نوخته‌یه‌کی ده‌سپێکیشن بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی به‌رده‌وامبوونی پێشوه‌چوون،بۆ باشتر هه‌موار کردنی پێوه‌ندییه‌کانمان له‌ گه‌ڵ ژینگه‌ و له‌ ئاست گۆڕان.

فره‌ زمانێتی و چه‌ند زمان زانین ده‌رفه‌تێکی زۆر چاوڕاکێش ده‌خولقێنێ بۆ گفتوگۆ و حیوار که‌ ئه‌وه‌ش پێویسته‌ بۆ له‌یه‌ک تێگه‌یشتن و هاوکاری. زمانانی دایکی به‌ئاوایه‌کی ته‌کووز له‌گه‌ڵ فێر بوونی زمانانی دی دا ده‌ژین. فه‌زایه‌کی فره‌چه‌شنه‌ی زمانی ‌ ڕێگا ده‌دا به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی جۆراوجۆری بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موان تێیدا شه‌ریک بن. فره‌ زمانێتی ئاڵوگۆڕی زانست و ئه‌زمووون خێراتر ده‌کا. ئه‌وه‌ بابه‌تی سه‌ره‌کی بوو بۆ ساڵی 2010، واته‌ ساڵی جیهانی بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی کولتووران. له‌ سه‌ر بنه‌مای زمانی دایکی،فیر بوونی چه‌ندین زمانان ده‌بێ ببێ به‌ ستوونێکی په‌روه‌رده‌ی سه‌ده‌ی 21.

له‌ هه‌مان کات دا، ئێمه‌ ده‌توانین کاری زۆر زیاتر بکه‌ین بۆ پشتیوانی له‌ پێشوه‌چوونێکی ڕێکی گۆڕان، وه‌کوو کاناڵێک بۆ کرانه‌وه‌ به‌ڕووی جۆراجۆری هه‌ره‌ گه‌وره‌ی زانست و ئه‌زموون له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان دا.

بابه‌تی رۆژی جیهانی زمانی دایکی بۆ ساڵی 2011 بریتی یه‌ له‌ به‌کارهێنانی تێکنۆلۆژی زانیاری و پێوه‌ندی ‌. ئه‌و تێکنۆلۆژییانه‌ش ده‌روازه‌یه‌کی نوێن بۆ گه‌شه‌پێدانی جوراوجۆری زمانی. یونێسکۆ له‌ سه‌ر به‌رعۆده‌یی خۆی بۆ گه‌شه‌پێدانی فره‌زمانێتی له‌ ئینترنیت دا به‌رده‌وام ده‌بێ. ئه‌و ئامانجانه‌ ڕێنوێنی کاری یونێسکۆن بۆ هاوکاریی له‌ گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی ئینترنێتی بۆ په‌ره‌پێدانی ناوان و ژماران.

تیکنۆلۆژی تازه‌ هه‌ر وه‌ها ڕێگای تازه‌شمان له‌ به‌ر ده‌م ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ پێداچوون،تاقیکردنه‌وه‌ و فیر بوونی زمانان. سه‌رکه‌وتوویی چاپی ئانلاینی ئه‌تڵه‌سی زمانانی ژێر مه‌ترسی دنیا له‌ لایه‌ن یونێسکۆ توانایی ده‌سته‌ڵاتی ئینرنێت نیشان ده‌دا بۆ شوێنگێڕیی وه‌زعی زمانان و فره‌ زمانێتی و، به‌ره‌و ژوور بردنی ووشیاری له‌ ئاستی جیهانی دا.

تێکنۆلۆژی زانیاری و پێوه‌ندی به‌تایبه‌تی ده‌کرێ بۆ گه‌شاندنه‌وه‌ی زمانانی دایکی به‌که‌لک بن. ئێمه‌ ده‌بێ ده‌رفه‌تی زیده‌بوونی توانایی پێشکه‌وتن بڕه‌خسێنین بۆ پاراستنی تێڕوانینی جۆراوجۆر له‌ سه‌ر دنیا و په‌ره‌پێدانی هه‌موو سه‌رچاوه‌کانی زانست و شێوه‌کانی ده‌ربڕین.ئه‌وانه‌ تان وپۆی چنینی مافووری چیرۆکی مرۆڤایه‌تین. تازه‌گه‌ریی، ئینعیتاف و ته‌عامولی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ به‌ردی بناخه‌ی تێکنۆلۆژی زانیاری نوێ و پێوه‌ندیین ده‌توانێ پشتیوانی له‌م ئامانجانه‌ بکه‌ن. له‌م ڕۆژه‌ی جیهانی زمانی دایکی دا، بڵا به‌ڵێن بده‌ین له‌و ڕیبازه‌ دا به‌یه‌که‌وه‌ کار بکه‌ین.

ئیرینا بۆکۆڤا‌

Wednesday, February 16, 2011

ویلیام ئیگلتن: شێوه‌ی کار کردن له‌ هه‌نده‌ران زۆر گۆڕاوه‌


گۆڤاری دی میدڵ ئیست کووارتێرلی له‌ ژماره‌ی 4 ،پاییزی 2005 وتووێژێکی دور ودرێژی له‌ گه‌ڵ نه‌مر ویلیام ئیگلتن ‌ سه‌باره‌ت به‌ نیزیکه‌ی 50 ساڵ ئه‌رک و چالاکی وی له‌ بواری دیپلۆماتیک و ئه‌زموونی هه‌ڵسووڕانی له‌ وه‌زاره‌تی کار وباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا دا بڵاو کردووه‌ته‌وه‌. ئیگلتن دوو کتێبی سه‌باره‌ت به‌ کوردستان نووسیوه‌ که‌ هه‌ر دووکیان له‌ دوو بواری جیاواز دا، مێژوی سیاسی کوردستان و هونه‌ری چنین له‌ کوردستان به‌ نرخن. له‌م هاوپرسه‌کییه‌ دا ئیگلتن به‌ کورتی هۆی نووسینی ئه‌و کتێبانه‌ شی ده‌کاته‌وه‌.
ویلیام ئیگلتن له‌ ڕۆژی پێنجشه‌مۆ 27ی مانگی ژانڤییه‌ ی 2011له‌ ته‌مه‌نی 84 ساڵی دا ماڵاوایی له‌ ژیان کرد. ئه‌و، هاو سه‌ری کاتلین ئیگلتن و حه‌وت منداڵ و نیزیکه‌ی بیست نه‌وه‌ی له‌ پاش به‌جێ ماوه‌.بۆ بیره‌وه‌ری وی ئه‌م هاوپرسه‌کییه‌م ‌ له‌ زمانی ئینگلیسییه‌وه‌ وه‌رگێڕاوه‌ و لێره‌ دا ده‌یخه‌مه‌ به‌ر چاوی خوێنه‌ره‌وه‌ی کورد.

حه‌سه‌نی قازی

The Middle East Quarterly

FALL 2005 • VOLUME XII: NUMBER 4
دی میدڵ ییست کوارتێرلی
پاییزی ساڵی 2005 ، خولی 12 : ژماره‌ی 4
لاپه‌ڕه‌ی 77-69

ویلیام ئیگلتن " شێوه‌ی کار کردن له‌ هه‌نده‌ران زۆر گۆڕاوه‌"

سه‌فیر ویلیام ئیگلتن، یه‌ک له‌ پسپۆڕه‌ هه‌ره‌ به‌رچاوه‌کانی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکایه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و زیاتر له‌ 50 ساڵه‌‌ به‌ کارو باری ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته‌وه‌ خه‌ریک بووه‌. ئه‌و له‌ ساڵی 1949 له‌ وه‌زاره‌تی کارو باری ده‌ره‌وه‌ دا ده‌ست به‌ کار بوو، دوای ئه‌وه‌ی پێشتر بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌ هێزی ده‌ریایی ئه‌مریکا دا خزمه‌تی کرد بوو. ئه‌و پله‌وپایانه‌ی له‌و به‌ری ده‌ریایان هه‌یبوو‌ه‌ بریتین له‌: دیمیشق (1951 تا 1953). به‌یڕووت ( 1953 تا 1954)، که‌رکووک (1954 – 1955 )، و ته‌ورێز ( 1959-1961 ). ئه‌و له‌ ساڵی 1962 له‌ مۆریتانیا بوو،له‌ نێوان ساڵانی( 1967-1969)له‌ عه‌ده‌ن له‌ یه‌مه‌نی خواروو شارژ دۆئه‌فێری ئه‌مریکا بوو، (1967- 1969 ) و، دیپڵۆماتی سه‌ره‌کی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ئه‌لجه‌زاییر (74- 1969)، لیبی (80- 1978) و، عێڕاق (84- 1980). دوای ناوبه‌رێکی کورت سه‌فیری ئه‌مریکا له‌ سوورییه‌ ( 88- 1984)، له‌ دوای ئه‌مه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵان وه‌ک جێگری کۆمیساریای نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ کاری وه‌فریاکه‌وتنی په‌نابه‌رانی فه‌له‌ستینی کاری کرد. به‌ دوای ئه‌مه‌ دا وه‌کوو کاربه‌ده‌ستی پایه‌به‌رزی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ بۆسنیا و سه‌حرای ڕۆژئاوا کاری کرد به‌ر له‌وه‌ی له‌ ساڵی 2003 بچێته‌وه‌ باکووری عێڕاق وه‌کوو ڕاوێژکاری وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریکا. ئیگلتن له‌ ساڵی 1948 له‌ زانکۆی یه‌ل ده‌رسی ته‌واو کرد، هه‌ر وه‌ها له‌ ئه‌نیستیووی زانستی سیاسی له‌ پاریس و له‌ مه‌دره‌سه‌ی وودرۆ ویلسنی زانکۆی پرینستنیش خوێندوویه‌تی. ئیگڵتن دوو کتیىی نووسیوه‌، كۆماری کوردیی ساڵی 1946 (1)و ناساندنی مافووره‌ی کوردی.(2) سوزان گێرشۆویتز، یارمه‌تیده‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌نیستیتووی ئینتپرایسی ئه‌مریکایی له‌ 25ی مانگی مارسی ساڵی 2005 به‌ ئی مه‌یل ئه‌م هاوپرسه‌کییه‌ی له‌ گه‌ڵ کردووه‌.

عێڕاق

میدڵ ئیست کووارتێرلی: ئه‌تۆ ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌ندامێکی دیکه‌ی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه زیاتر خاوه‌ن ‌ ئه‌زموون بی سه‌باره‌ت به‌ عێڕاق و تێوه‌گلانت به‌ ئه‌وێوه‌ زیاتر بێ. ژیان له‌ عێڕاق چۆن بوو کاتێک بۆ جاری یه‌که‌م له‌ ساڵی 1954 دا گه‌یشتییه‌ ئه‌وێ ؟
سه‌فیر ویلیام ئیگلتن: ژیان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌ عێڕاق ئاڵ و گۆرێ به‌ سه‌ر دا هاتووه‌. ئه‌وانه‌ی که‌ ته‌مه‌نیان ڕێگه‌یان پێ ده‌دا ساڵی 1954 وه‌بیر بهێننه‌وه‌ به‌ ئاسایی ئه‌و سه‌روبه‌ندی که‌ ژیان هێندێک هاسانتر بوو گه‌وره‌ ده‌که‌نه‌وه‌. حوکمی پاشایه‌تی قه‌بووڵ کرا بوو، به‌ڵان وه‌نه‌بێ خه‌ڵک ئاشقی بووبن، کاتێک پارتییه‌ چه‌پییه‌کان حه‌ولیان دا بۆ ڕێکخستنی ئۆپۆزیسیۆن، شا داوای له‌ سه‌رۆکووه‌زیری کۆنه‌کار نووری سه‌عید کرد بێته‌ مه‌یدانێ ئه‌ویش له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ کوردێکی که‌ حیسابی بۆ ده‌کرا واته‌ سه‌عید قه‌زازی کرده‌ وه‌زیری نێوخۆ. هێرش و ده‌خه‌رکه‌مان نانی ئۆپۆزیسیۆن له‌ لایه‌ن قه‌زازه‌وه‌ له‌ ساڵی 1954 له‌ چاو ئه‌و هێرش و تێکپێچانه‌وانه‌ی که‌ له‌ زنجیره‌یه‌کی یه‌ک به‌ دوای یه‌کی کوده‌تای نیزامی دا قه‌ومان و که‌سانی میانه‌ڕۆیان نه‌هێشت زۆر نه‌رم بوو. له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌و که‌شوهه‌وایه‌ بڵاوکراوه‌ی ڕادیۆیی سه‌رۆک کۆماری میسر جه‌ماڵ عه‌بدولناسر و ده‌نگی ڕادیو عه‌ڕه‌به‌ که‌ی به‌ر گوێیان ده‌که‌وت، که‌ حه‌ولی ڕادیکاڵ کردنی خه‌ڵکی ده‌دا و له‌ هه‌مان کات دا پاشایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی هاشمی شه‌رمه‌زار ده‌کرد [ له‌ عێڕاق و ئۆدۆن] و وه‌ک ده‌ستنێژی بریتانیا و ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌یناساندن.

میدڵ ئیست کووارتێرلی : کۆمه‌ڵی عێڕاق به‌ چ شێوه‌یه‌ک گۆڕابوو کاتێک ئه‌تۆ له‌ ساڵی 1980 دا چوویه‌وه‌ ئه‌وێ دوای هاتنه‌ سه‌رکاری سه‌ددام حوسێن؟

ئیگلتن: سیاسه‌تی به‌رته‌نگ کردنی پێوه‌ندی نێوان عێڕاقییه‌کان و لاوه‌ییان که‌ له‌ لایه‌ن ڕێژیمی سه‌ددامه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چوو. یه‌ک له‌و گۆڕانانه‌ی بوو که‌ من به‌ زه‌قی هه‌ستم پێ کرد.ئه‌و ئه‌مریکاییانه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی 1950کان له‌ عێڕاق بوون میوانداری دۆستانه‌ و کراوه‌یی خه‌ڵکی عێڕاقیان له‌ بیر ناچێ. کاتێک ئه‌من ده‌چوومه‌ باکووری کوردنشین، ده‌متوانی بچمه‌ هه‌ر جێیه‌کی پێم خۆش با و هه‌ر که‌سێکی ویستبام بیبینم. به‌ڵام له‌ ساڵی 1980کانه‌وه‌، حکوومه‌تی عێڕاق سه‌فاڕه‌تخانه‌کانی به‌ته‌واوی له‌ خه‌ڵکی عێڕاق تاق خستبووه‌وه‌، له‌وانه‌ سه‌فاره‌تخانه‌ی ووڵاته‌ عه‌ڕه‌بییه‌کانیش. ئه‌و کاره‌شیان به‌و شێوه‌یه‌ دامه‌زراند، ئه‌گه‌ر موخابه‌رات پێی زانیبا که‌سێک له‌ گه‌ڵ شارۆمه‌ندێکی به‌یانی ده‌پێوه‌ندی دایه‌ ده‌ستبه‌جێ لێیان ده‌پێچاوه‌.دیاره‌ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی لێپرسینه‌وه‌یان له‌ گه‌ڵ ده‌کرا، سه‌ریان تێدا نه‌ده‌چوو، به‌ڵام به‌ ئاسایی ئه‌و لێپرسینه‌وه‌یه‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ر بکرێ که‌ که‌س ئه‌و کاره‌ نه‌کا. له‌ هه‌مان کاتدا،کاردانه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت له‌ عێڕاق،به‌ تایبه‌تی له‌ به‌غدا زۆر به‌ده‌ره‌وه‌ بوو و،تێیدا خانوو وبینای وه‌زاره‌تخانان به‌رز ده‌بوونه‌وه‌ و سه‌ریان له‌ ئاسمان ده‌سوو. له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی نێوان ئێران- عێڕاق له‌ ساڵی 1980، حکوومه‌تی عێڕاق له‌ سه‌ر گه‌نجینه‌یه‌کی داهاتی پاشه‌که‌وتی 40 بیلیۆن دۆڵاری ئه‌مریکایی دانیشتبوو.جا بۆیه‌ به‌لانی که‌مه‌وه‌ له‌ ساڵانی هه‌وه‌ڵی شه‌ڕی ئێڕان- عێڕاق دا ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تی دا به‌ حکوومه‌تی عێڕاق که‌ هه‌م نان و هه‌م تفه‌نگی پێ بکڕێ.

میدڵ ئیست کووارتێرلی: ئه‌تۆ قه‌تت چاو به‌ سه‌ددام حوسێن که‌وت؟ ئه‌و یه‌کی چۆن بوو؟

ئیگلتن:ئه‌من قه‌ت له‌ نیزیکه‌وه‌ و دوو به‌ دوو له‌ گه‌ڵ سه‌ددام دانه‌نیشتم .به‌ڵام له‌ چه‌ندین بۆنه‌ و چاوپێکه‌وتنی ڕه‌سمی دا ئاماده‌ بووم که‌ ئه‌ویشی لێ بوو، له‌وانه‌ دیداری دۆناڵد ڕامسفێڵد (3) و سه‌ددام که‌ ئه‌وده‌می ڕامسفێلد نوێنه‌ری ئیداره‌ی ڕیگان بوو له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و ئێستا وه‌زیری به‌رگرییه‌. هه‌ڵبه‌ت وه‌کوو دیکه‌ش، سه‌ددام هه‌موو ڕۆژێ له‌ تێلێڤیزیۆنه‌وه‌ ده‌بیندرا.له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی عێڕاق- ئێران دا، سه‌ددام به‌ دووی پشتیوانی دا ده‌گه‌ڕا له‌ هه‌ر کوێ ده‌ستی که‌وتبا و بۆ ئه‌وه‌ ده‌بوو سیمای خۆی گه‌وره‌ کاته‌وه‌.ئه‌و خۆی به‌ سه‌ر خه‌ڵک دا ده‌سه‌پاند و پێداهه‌لگوتن و په‌رستنی شه‌خسی وی له‌ زیاد بوون و په‌ره‌گرتن دا بوو، وای لێهات ببوو به‌ نیوه‌ خوڵایه‌ک بۆخۆی. هێندێک له‌ پێهه‌ڵاده‌رانی له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌ی دیپڵۆماتیک دا ئیدیعایان ده‌کرد‌ ئه‌و به‌ڕاستی پیاوێکی دڵ نزم و خۆ به‌ که‌م گره‌ و هیچ به‌و هه‌موو په‌یکه‌ره‌ زه‌به‌لاحانه‌ی لێی ساز کراوه‌ و له مه‌یدانان ڕۆنراوه‌ ‌ و ئه‌و وێنه‌ گه‌ورانه‌ی که‌ بێرو به‌وێ دا هه‌ڵاواسراون ڕازی نییه‌. به‌ڵام، ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ ڕاست با،ئه‌و ده‌یتوانی به‌ فه‌رمانێکی کورت کۆتایی به‌وه‌بهێنێ. ئه‌من وه‌بیر دۆستێکی خۆمان که‌وتمه‌وه‌ که‌ نه‌ققاشێکی دیمه‌نی فۆلکلۆریکی کوردیی و یه‌زیدی (4) بوو که‌ له‌ به‌ر ڕاسپارده‌یه‌کی که‌ بۆ کێشانه‌وه‌ی وێنه‌ی زه‌به‌لاحی سه‌ددام پێی درابوو، تێک چوو و بردیانه‌ نه‌خۆشخانه‌.

میدڵ ئیست کووارتێرلی: که‌نگێ هه‌ستت پێ کرد‌ هێرشی عێراق بۆ سه‌ر ئێڕان له‌ تێکهه‌ڵچوونێکی سووک زیاتره‌؟

ئیگلتن: کاتێک له‌ هاوینی ساڵی 1980 دا گه‌یشتمه‌ به‌غدا، میدیای عێڕاق زۆرجار باسی تۆپ به‌یه‌کدادانیان ده‌کرد له‌ شوێنه‌ جیاوازه‌کانی سنوور له‌ گه‌ڵ ئێران دا. هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بوو که‌ درۆ و ڕاستی ئه‌و خه‌به‌رانه‌ی پێ تاقی بکرێته‌وه‌ چونکه‌ ڕۆژنامه‌ نووسانی لاوه‌یی و دیپڵۆماتی بیانی ڕێگه‌یان نه‌ده‌درا بچنه‌ ئه‌و جۆره‌ شوێنانه‌. دوایه‌ له‌ به‌راییه‌کانی مانگی سێپتامبر دا، له‌ پێش دا له‌ سنووری باکوور، عێڕاقییه‌کان هێرشیان کرد و چه‌ند شوێنێکی پچووکیان گرت که‌ ئێران داگیری کردبوون. ئێمه‌ به‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی که‌م بۆمان ده‌رکه‌وت ‌ به‌ پێی ڕێکه‌وتنی نێوان شا و سه‌ددام له‌ ئه‌لجه‌زاییر له‌ ساڵی 1975 ئه‌و شوێنانه‌ درابوون به‌ عێڕاق. که‌ شه‌ڕ ده‌ستی پێ کرد، بۆ ماوه‌ی حه‌وتوویه‌ک، هه‌موو به‌یانییه‌ک خه‌به‌ری داگیرکردنێکی تازه‌ ده‌درا.کاتێک ئیدی هیچ خاکی وا نه‌مابوو که‌ عێڕاق نه‌ی ئه‌ستێنێته‌وه، عێڕاقییه‌کان به‌ ڕه‌سمی ئه‌و به‌شه‌ له‌ په‌یماننامه‌ی ئه‌لجه‌زاییریان به‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ ڕاگه‌یاند که‌ مافی خاوه‌نه‌تی هاوبه‌شی ده‌دا به‌ ئێران به‌ سه‌ر شه‌تاوی شه‌ته‌لعه‌ڕه‌ب دا ( به‌ ته‌نیشت سنووری ده‌راوی خه‌لیجی فارسه‌وه‌]. له‌و قۆناخه‌ دا بوو که‌ بۆ من و خه‌ڵکی دیکه‌ ده‌رکه‌وت پێداگرتنی عێڕاق له‌ سه‌ر ئه‌و پنکه‌ته‌ شه‌ڕی به‌ دوو دا دێ. ئه‌من پێم وایه‌‌ دوو ڕۆژ دواتر بوو که‌ شه‌ڕ ده‌ستی پێکرد به‌ ئه‌وه‌ی که‌ هێزی هه‌وایی عێڕاق ژماره‌یه‌ک له‌ چاڵه‌ نه‌وتییه‌کانی ئێرانی بۆمباران کرد. به‌ره‌به‌یانی ڕۆژێک دواتر ئێرانییه‌کان به‌ به‌کارهێنانی ئه‌و فڕۆکه‌وانانه‌ی له‌ ئه‌مریکا په‌روه‌رده‌یان دیتبوو و هه‌ر وه‌ها به‌و فڕۆکانه‌ی له‌ ئه‌مریکایان وه‌رگرتبوو به‌غدا، به‌سڕه‌ و نێوه‌ندی دیکه‌یان بۆمباران کرد.

میدل ئیست کووار‌تێرلی: ووڵامی کۆمه‌لی عێراق چ بوو،دژ کرده‌وه‌ی چلۆن بوو؟

ئیگلتن: له ده‌سپێکدا ‌ شه‌ڕ له‌ زۆربه‌ی عێڕاقییه‌کان دوور بوو. له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پشتیوانییه‌کی به‌ربڵاو له‌ شه‌ڕ ده‌کرا، هه‌م سه‌رۆکایه‌تی عێڕاق و هه‌م خه‌ڵک پێیان وابوو ئه‌و شه‌ڕه‌ هه‌ر چه‌ند ڕۆژێک ده‌خایێنێ. هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ ئاگامان له‌وه‌ نه‌بوو که‌ جاده‌کانی شیعه‌ نشین و تاک و ته‌رای ئۆپۆزیسیۆن ده‌ڵێن چی. ئه‌من هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ بووم ‌ خراپ لێکدانه‌وه‌ی سه‌ددام له‌ سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌‌ هه‌ڵنرا بوو که‌ گوشاری ده‌ره‌وه‌یی ده‌بێته‌ هۆی ڕاوه‌ستانی شه‌ڕ له‌ گه‌ڵ ئێران هه‌ر وه‌ک چۆن ئه‌و گوشاره‌ کۆتایی هێنا به‌ تێکهه‌ڵچوونی عه‌ڕه‌ب – ئیسرائیل ته‌نێ دوای چه‌ند ڕۆژێک. به‌ ڕواڵه‌ت سه‌ددام له‌وه‌ تێنه‌گه‌یشتبوو که‌ هیچکه‌س له‌ ڕۆژئاوا هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی له‌وه‌ دا نییه‌ ‌ ئاشتی به‌ سه‌ر هیچ کام له‌ لایه‌نه‌کانی شه‌ڕ دا بسه‌پێنێ.

میدل ئیست کووارتێرلی: چوونه‌وه‌ت بۆ عێڕاق له‌ مانگی مای ساڵی 2003 دا چۆن بوو، ئه‌و ده‌می که‌ وه‌ک ئه‌ندامێکی ده‌سته‌یه‌کی ڕاستی دۆزینه‌وه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی دامه‌زراندنه‌وه‌ی مولک وماڵ چوویه‌وه‌ وێندرێ؟

ئیگلتن: چوونه‌وه‌م بۆ ئه‌وێ دوای دوومانگ له‌ ته‌واو بوونی شه‌ڕ و ڕووخانی ڕێژیم ئه‌زموونێکی زۆر خۆش بوو. ئه‌من توانیم سه‌ردانی زۆر له‌ دۆستی کۆنی خۆم بکه‌م، له‌وانه‌ کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌ت و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان له‌ کوردستانی عێڕاق.جارێکی دیکه ده‌رفه‌تم بۆ هه‌ڵکه‌وت هه‌رکه‌سی پێم خۆش بێ بیبینم به‌ بێ ترس له‌وه‌ی به‌ قیمه‌تێکی گران له‌سه‌ریان بکه‌وێ. هه‌ڵبه‌ت مه‌سه‌له‌ی موڵک و ماڵ، واته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی من بۆ ئه‌وێ ، بابه‌تێکی زۆر حه‌ساس بوو. ئه‌وه‌ کاردانه‌وه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ده‌بێ هه‌م له‌ سه‌ر هه‌رێمی که‌رکووک و له‌ داهاتووش دا ، نه‌ک هه‌ر له‌ سه‌ر کوردستانی عێڕاق، به‌ڵکوو له‌ سه‌ر عێڕاق خۆشی.

میدڵ ئیست کووارتێرلی: پرێزیدێنت بووش عێڕاقی کردووه‌ به‌ چه‌قی حه‌ولدانی خۆی بۆ دامه‌زرانی دێمۆکڕاتی. به‌ بۆچوونی تۆ دێمۆكراسی له‌ ئاستێکی به‌ربڵاوتری ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا ده‌لوێ و ته‌نانه‌ت شان وه‌به‌ردانی کارێکی ئه‌وتۆ ژێرانه‌یه‌؟

ئیگلتن: ئه‌وه‌ پرسیارێکی زۆر باشه‌ و ووڵامێکی ته‌واو زۆر زیاتر له‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێ که‌ ئه‌من بتوانم بیده‌مه‌وه. تا ئه‌وجێگه‌یه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر به‌ کارهێنانی زاراوه‌ی دێمۆکڕاسی به‌ مانای هه‌ره‌ گشتی – واته‌، نه‌ک هه‌ر ته‌نێ کۆپی کردنی سیستیمی ئێمه‌ - زۆر شتی زیاتری دیکه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌بێ بکرێن. ئه‌زموونی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له‌ دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانییه‌وه‌ ئه‌و بووه‌ که‌ پێواژۆیه‌ دێمۆکڕاتیکه‌کان به‌ هاسانی ده‌ستیان تێوه‌رده‌درێ، یان زۆر زوو تێک ده‌شکێن کاتێک ده‌رده‌که‌وێ ‌ ئه‌ڕته‌ش به‌ هاسانی ده‌توانێ ده‌سته‌ڵات به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرێ.له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی سارد دا سه‌روبه‌ندی ئه‌وتۆ هه‌بوون که‌ هه‌بوونی دێمۆکڕاسی زۆر، له‌وانه‌ بوو دۆستان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بخاته‌ ژێر پێ. ئاماده‌یی له‌ ئێمه‌ دا بۆ ئه‌وه‌ی ‌ خۆمان له‌ گه‌ڵ سیستمێکی که‌متر له‌ ته‌واوی "دێمۆکڕاتیک" بگونجێنین له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستا دا بۆچوونێکی له‌بار بێ. ‌

ئێران

میدڵ ئیست کووارتێرلی: ئه‌تۆ میژوویه‌کی درێژیشت له‌ ئێران هه‌یه‌.چلۆنایه‌تی ژیان له‌ لووتکه‌ی شه‌ڕی سارد دا له‌ ته‌ورێز چۆن بوو؟ که‌شوهه‌وای ئه‌و شاره‌ که‌ که‌متر له‌ 100 میل له‌ سنووری سۆڤییه‌تی پێشوو دووره‌ چۆن بوو؟

ئیگلتن: ئێمه‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌ به‌رچاوه‌ی که‌ ته‌رخانمان کرد بوو بۆ کۆنسسولخانه‌ له‌ ته‌ورێزێ‌ به‌وه‌مان پاساو ده‌دا که‌ ده‌بوو‌ " پۆستێکی گوێ هه‌ڵخستن" مان له‌ ته‌نیشت سنووری سۆڤییه‌ت هه‌بێ، که‌ له‌ ئێمه‌وه‌ که‌متر له‌ 100 میل دوور بوو.کۆنسوولخانه‌که‌ی ئێمه‌ له‌ ساڵی 1945 جێیه‌کی به‌ که‌لک بوو ئه‌و کاته‌ی چاومان به‌ سه‌ر حه‌ولی سۆڤییه‌ته‌وه‌ هه‌بوو بۆ زیاد کردنی هێزه‌کانی له‌ ئازه‌ربایجان له‌و زه‌مانی دا که‌ هیزه‌کانی ده‌بوو که‌متر کرابانه‌وه‌. (5) له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کاتێک ئه‌من گه‌یشتمه‌ ته‌ورێزێ، سنووری سۆڤییه‌ت به‌ ته‌واوی هه‌م به‌ ڕووی موسافیران وهه‌م بۆ گۆێستنه‌وه‌ی که‌ل و په‌ل داخرابوو. ئه‌و ده‌می ئه‌من له‌وێ بووم هیچ ڕووسێک له‌ ته‌ورێزێ نه‌بوو و،له‌ سه‌ر سنووریش شتێکی ئه‌وتۆ نه‌بوو که‌ گوێی لێ هه‌ڵبخرێ. وه‌بیرم دا ‌ ڕووسه‌کان له‌ نێو سنووره‌که‌یاندا مووشه‌کێکی بڕی نێوه‌ڕاستیان دامه‌زراندبوو، به‌ ڕواڵه‌ت بۆ کار تێکه‌ری له‌ سه‌ر لایه‌نێک،جا مه‌به‌ست له‌ بێگانان بووبێ یان خه‌ڵکی خۆجێیی و، قه‌تم ئه‌وه‌ بۆ ڕوون نه‌بووه‌وه‌.نه‌ فارسه‌کان و نه‌ ئازه‌ربایجانییه‌کانی که‌ له‌ ئازه‌ربایجانی ئێران ده‌ژیان وێده‌چوو زۆر نیگه‌رانی نیزیکی جوگرافیایی خۆیان له‌ یه‌که‌تی سۆڤییه‌ت بن.

میدل ئیست کووارتێرلی: کاتێک ئه‌تۆ له‌ ماوه‌ی ساڵانی 1990 دا چوویه‌وه‌ ئێران، کۆمه‌ڵی ئێران چ ئاڵوگۆڕێکی به‌ سه‌ر دا هاتبوو؟

ئیگلتن
: له‌ ماوه‌ی ساڵانی 1990کاندا، ئه‌من چوار سه‌فه‌ری کورتم کرد بۆ ئێران. یه‌کیان بۆ به‌شداری کردن له‌ نوێنه‌گایه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی مافووره‌ بوو؛ له‌ سه‌فه‌رێکی دیکه‌یان دا به‌ مه‌به‌ستی یارمه‌تی کۆ کردنه‌وه‌ و باربوو بۆ ده‌زگای نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بوو بۆ وه‌فریا که‌وتنی فه‌له‌ستینییه‌کان، جارێکی دیکه‌ بۆ به‌شداری له‌ کۆنفڕانسێک دا بوو سه‌باره‌ت به‌ سارایێڤۆ که‌ ئه‌و ده‌می من له‌و شاره‌ کارم ده‌کرد. بۆ ئه‌وه‌ی ووڵامێکی باشت ده‌ست که‌وێ ده‌بێ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ که‌سێک بکه‌ی که‌ ماوه‌یه‌کی زۆر زیاتر له‌ من له‌ ئێرانی دوای شوڕش له‌ وێی به‌سه‌ر بردبێ‌.له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌من وای بۆ ده‌چم ‌ ته‌بیعه‌تی ئێرانی زۆر وه‌ک زه‌مانی به‌ر له‌ شۆڕش ماوه‌ته‌وه‌ و گۆڕانێکی ئاوای به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. تاکوته‌را هێشتاش میواندۆست و خوێنگه‌رمن. ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ به‌ سه‌یر دابندرێ که‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ئێستا زۆر له‌ زه‌مانی شا زیاتر له‌ نێو خه‌ڵک دا خۆشه‌ویسته‌، چونکه‌ له‌ زه‌مانی شا دا شانه‌ی هه‌موو که‌مایه‌سییه‌کان له‌ سه‌ری ئه‌مریکا دا ده‌شکا. هێندێک گۆڕان ڕوویانداوه‌، که‌ ئه‌گه‌رچی بانه‌کی و ده‌سکردیش بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرینگن. بۆ نموونه‌، جلوبه‌رگی ئیسلامی بۆ ژنان، که‌ ئه‌من پێم وایه‌ ئێستا به‌رته‌نگی که‌متری له‌ سه‌ره‌ له‌ چاو ئه‌وه‌ی له‌ ساڵانی 1990کاندا هه‌بوو. دیاره‌ شتێکی قۆرسیش هه‌یه‌ که‌ بۆ گاڵته‌ نابێ سه‌باره‌ت به‌ حوکمی ئیسلامی که‌ دیاریی کردن و نێولێنانی زه‌حمه‌ته‌. ئێرانییه‌کان له‌ تاق خستنه‌وه‌ی خۆیان، هه‌ر خۆیان زه‌ره‌ر ده‌که‌ن.

میدل ئیست کووارتێرلی: گه‌لۆ له‌و سه‌فه‌رانه‌ دا ئێرانییه‌کان هه‌ستیان ده‌کرد به‌ مێژوی ڕابردووی تۆ، کارکردنت له‌ وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا و تێکه‌ڵاویت له‌ گه‌ڵ کورده‌کان؟

ئیگلتن: ئه‌وان تا ئاخرین سه‌فه‌ری من بۆ ئه‌وێ له‌ ساڵی 1996 به‌وه‌یان نه‌زانیبوو کاتێک که‌ مه‌ئموورینی ئاسایشتی ئێران پێوه‌ندی منیان به‌ کتێبه‌که‌مه‌وه‌،کۆماری کوردستان بۆ ده‌رکه‌وت. ئه‌وه‌ له‌ مه‌هاباد ڕووی دا. بوونی من و هاوسه‌ره‌که‌م له‌ هۆتێلێکی ئه‌وێ هه‌ستی به‌پرسیاری مه‌ئموورانی ئاسایشتی ورووژاند و بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر من بزانن ده‌ستیان کرد به‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌رگێڕی تاجرێکی مافووره‌ له‌وێ که‌ هاورێیه‌تی ئێمه‌ی ده‌کرد له‌وێ. له‌وێ خه‌ریکی کۆ کردنه‌وه‌ی زانیاری بووم بۆ کۆنفڕانسێکی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ سه‌ر مافووره‌ که‌ له‌ ئه‌ڵمان ده‌به‌سترا.به‌ڵام وه‌رگێڕه‌که‌ له‌ قسه‌کانی دا باسی کتێبه‌که‌ی پێشووی منیشی بۆ کردبوون. له‌و ده‌مییه‌وه‌ ئه‌من چه‌ندین جار داوای ویزای سه‌فه‌رم کردووه‌، به‌ڵام پێیان نه‌داوم. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و بارو دۆخه‌ له‌وانه‌یه‌ هێندێک گۆڕانی به‌ سه‌ر دا بێ. له‌ مانگی فێڤرییه‌ی ئه‌مساڵ ( 2005)، حکوومه‌تی ئێران ڕێگه‌ی دا به‌ چه‌ندین کوردی ئێرانی که‌‌ به‌شداری بکه‌ن له‌ کۆنفرانسێک دا له‌ هه‌ولێر ( له‌ کوردستانی عێڕاق) سه‌باره‌ت به‌ کۆماری کوردستان. ئه‌گه‌ر ئه‌من ئێستا داوای ویزا بکه‌م، پێم وایه‌ وێده‌چێ کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی ئاماده‌ بن ویزام بده‌نێ.

کورده‌کان

میدڵ ئیست کووارتێرلی: چۆن بوو کتێبێکت سه‌باره‌ت به‌" کۆماری کوردی له‌ ساڵی 1946"دا نووسی؟

ئیگلتن: کاتێک ئه‌من له‌ نێوان ساڵانی 1959 و 1961 له‌ ته‌ورێز کۆنسوولی ئه‌مریکا بووم، ناوچه‌ی کونسوولخانه‌که‌ی من هه‌موو کوردستانی ئێرانی وه‌به‌ر ده‌گرت،که‌ نێوه‌نده‌که‌ی شاری مه‌هاباده‌. له‌ ژانڤییه‌ی ساڵی 1946، ئه‌و کاته‌ که‌ مه‌هاباد له‌ نێوان دوو ناوچه‌ی داگیر کراو له‌ لایه‌ن بریتانیا و ڕووسییه‌وه‌ هه‌ڵکه‌وتبوو(له‌ شه‌ڕی دووه‌می جیهانی دا) له‌ ئێران، کورده‌ ناسیونالیسته‌کان له‌وێ کۆمارێکیان ڕاگه‌یاند. (6) ئه‌و کۆماره‌ نه‌ هه‌موو کوردستانی ئێران وه‌به‌ر ده‌گرت و نه‌ ماوه‌یه‌کی درێژیش خۆی ڕاگرت.تا کۆتایی ساڵی 1946،ئه‌رته‌شی سوور ئازه‌ربایجانی ئێرانی چۆل کرد و ئه‌ڕته‌شی ئێران به‌ره‌و ئازه‌ربایجان و کوردستان وه‌ڕێ که‌وت و حکوومه‌ته‌ ناسیۆنالیستییه‌کانی ته‌ورێز و مه‌هابادی تێک ڕووخاند.
ئه‌من نووسینێکی چاو ڕاکێشم له‌ سه‌ر کۆمار خوێندبووه‌وه‌ که‌ له‌ گۆواری میدڵ ئیست جورناڵ دا چاپ کرابوو(7) و لوتێنانت کۆلۆنیڵ ئارچی ڕۆزڤێلت ( ئه‌فسه‌ری ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌ڕته‌شی ئه‌مریکا) نووسیبوی، که‌ له‌ ماوه‌ی ده‌سته‌ڵاتی کۆمار دا سه‌ری له‌ کۆمار دابوو و له‌و نووسینه‌ دا ڕێبه‌ری کورد قازیی محه‌مه‌دی به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر ئه‌رێنی نرخاندبوو. سه‌ردانی من له‌ مه‌هاباد ده‌رفه‌تێکی تایبه‌تی بۆ هه‌ڵخستم بۆ دواندن و وتووێژ له‌ گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ کۆمار دا به‌شدارییان کرد بوو و، هه‌ڵسه‌نگاندنێکم له‌ سه‌ر بنه‌مای قسه‌ و گێڕانه‌وه‌کانی ئه‌وان نووسی. تا ئێستاشی له‌ گه‌ڵ بێ که‌س ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌ست نه‌که‌وتووه‌ به‌شێوه‌یه‌کی تازه‌ و ته‌واو ئه‌و بابه‌ته‌ بنرخێنێ،بۆیه‌ کتێبه‌که‌ی من هێشتاش به‌ سه‌رچاویه‌کی باوه‌رپێکراو و به‌ بڕشت داده‌ندرێ له‌ سه‌ر به‌سه‌رهاتی کۆمار.





میدڵ ئیست کووارتێرلی: باشه‌ چۆن بوو بڕیارت دا له‌ مافووره‌ی کوردی بکۆڵییه‌وه‌؟

ئیگڵتن: سه‌ره‌ڕای به‌رته‌نگی پێک هێنان له‌ پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوی نێوان خه‌ڵکی بێگانه‌ و عێراقییه‌کان، ده‌رگا له‌ سه‌ر دیپڵۆماته‌کان و خه‌ڵکی دیکه‌ ئاواڵه‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیان له‌ گه‌ڵ مافووره‌ فرۆش و بازرگانانی دیکه‌ له‌ سووقی (بازاڕ) به‌غدا دا هه‌بێ. ئه‌من ماوه‌یه‌کی کورت دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشتمه‌ به‌غدا، به‌ ده‌ورو به‌رم ڕاگه‌یاند پێوه‌م بابه‌تێک له‌ سه‌ر چندراوی کوردی بنووسم چونکه‌ ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی سه‌روکاریان له‌ گه‌ڵ مافووره‌ هه‌یه‌ هیچ لایان لێ نه‌کردووه‌ته‌وه‌‌. ئه‌و کاره‌ نه‌ک هه‌ر بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی زۆر دوا نیوه‌ڕۆی خۆش له‌ گه‌ڵ مافووره‌ فرۆشان ڕابوێرم، به‌ڵکوو سۆنگه‌یه‌کیشی بۆ ساز کردم بۆ پاساو دانی زۆر له‌ سه‌فه‌ره‌کانم بۆ باکووری کوردنشینی عێڕاق. ئه‌من ده‌بوو بۆ سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا ئیزنی نووسراوی حکوومه‌تی عێڕاقم هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌و مانا نه‌بوو که‌ دۆسته‌ کورده‌کانم خۆیان له‌ مه‌ترسی ناهاوێن له‌ به‌ر پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ئه‌من هه‌ر که‌ ئه‌من پێم ده‌گه‌یشته‌ باکوور. هه‌رچۆنێک بێ، چاوم به‌ چه‌ندین بنه‌ماڵه‌ی عه‌شیره‌تی که‌وت که‌ زۆریان به‌لاوه‌ گرینگ نه‌بوو پۆلیسی نهێنی دواتر لێپرسینه‌وه‌یان له‌ گه‌ڵ بکا.کاتێک له‌ ساڵی 2003 چوومه‌وه‌ هه‌ولێر، تووشی یه‌کێک له‌و تاجرانه‌ی مافووره‌ هاتم که‌ ئه‌و کاته‌ی له‌ ساڵانی 1980 کاندا سه‌رۆکی ئیداره‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا بووم له‌ به‌غدا زۆر جار چاوم پێی که‌وتبوو. کاتێک وه‌بیرم هێناوه‌‌ دوای هه‌رجاره‌ی که‌ سه‌رم له‌ دووکانه‌که‌ی ده‌دا موخابه‌رات لێپرسینه‌وه‌یان له‌ گه‌ڵ ده‌کرد پێکه‌نی و گوتی: ئه‌وه‌ی ده‌هێنا به‌ له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و دراوه‌ی له‌ فرۆشتنی مافووره‌کان ده‌ستم ده‌که‌وت.




سووریا

میدڵ ئیست کووارتێرلی: با جارێکی دیکه‌ بچینه‌وه‌ دنیای عه‌ڕه‌ب. ئه‌تۆ به‌ ماوه‌یه‌کی کورت دوای کۆده‌تای ساڵی 1951 گه‌یشتییه‌ سووریا ؟

ئیگڵتن: ڕاسته‌. ئه‌و ده‌می به‌ که‌شتی ده‌چووین بۆ شوێنی کارکردمان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست.ئه‌من خه‌به‌ری ئه‌و کۆده‌تایه‌م ئه‌و کاته‌ی له‌ که‌شتی دا بووم پێ گه‌یشت. دیاره‌ ئه‌و ده‌می چاوه‌ڕوانی کوده‌تا نه‌ده‌کرا، چونکه‌ پیاوی به‌هێزی عه‌سکه‌ری ئه‌وده‌می ئه‌دیب شیشه‌کلی (8) ، هه‌موو کارێکی له‌ ڕواڵه‌تێکی دێمۆکڕاتیک دا به‌ڕێوه‌ ده‌برد.

میدڵ ئیست کووارتێرلی: باشه‌ سه‌فاره‌تخانه‌ی ئه‌مریکا له‌وێ چۆنی خۆ له‌ گه‌ڵ دیکتاتۆری عه‌سکه‌ری دا گونجاند؟

ئیگلتن: کارمه‌ندانی سه‌فاره‌تخانه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان کوده‌تاکه‌یان پێ باش بوو و زۆر که‌س هیوایان وا بوو ئه‌وه‌ ببێته‌ هۆی هاتنه‌ مه‌یدانی ڕێژێمێکی زۆر به‌ سباتر و پڕاگماتیک تر. ئه‌زموونی سووریا له‌ مه‌ڕ دێمۆکراسی له‌ دوای شه‌ڕ به‌ ته‌واوی وه‌نه‌بێ ئه‌زموونێکی خۆش بووبێ، خه‌ڵکی گه‌شبین وه‌ک ئاتاتورکێکی (9) موحته‌مه‌لی سووریه‌یی چاویان له‌ شیشه‌کلی ده‌کرد، به‌ڵام خۆشه‌ویستی وی له‌ نێو خه‌ڵک دا به‌ره‌ به‌ره‌ له‌ ته‌نکه‌ی ده‌دا. ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زۆر شتی چاوڕاکێشمان ده‌ وییدا به‌دی کرد. به‌ر له‌ هه‌موو شت، ئه‌و دوژمنێکی توفی ناسیونالیزمی ڕادیکاڵی عه‌ڕه‌ب بوو. دیاره‌ دۆستی شایانی بنه‌ماڵه‌ی هاشمی عێڕاق و ئۆردۆنیش نه‌بوو( که‌ ئه‌وان هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا و بریتانیا بوون). ئێمه‌ که‌ له‌ سه‌فاره‌تخانه‌وه‌ ڕووداوه‌کانمان ده‌شۆپاند، زۆر جار به‌ گومان بووین و دیاره‌ بۆ ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی باشمان به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو.

میدڵ ئیست کووارتێرلی: ئه‌و ده‌می ناسیۆنالیزمی عه‌ڕه‌ب چه‌نده‌ زه‌ق و به‌رجه‌سته‌ بوو ؟

ئیگلتن: ماوه‌یه‌کی کورت دوای کوده‌تای سووریا، جه‌ماڵ عه‌بدولناسر کۆنتڕۆڵی میسری به‌ ده‌سته‌وه‌ گرت. هه‌رێمه‌که‌ له‌ نێوان دوو لایه‌ن دابه‌ش کرابوو ئه‌وانه‌ی پشتیوانییان له‌ ناسیۆنالیزمی عه‌ڕه‌ب ده‌کرد و ئه‌وانه‌ی که‌ دژایه‌تییان ده‌کرد. ده‌سته‌ی دوایی بریتی بوون له‌ حکوومه‌ته‌ پادشاییه‌ خۆ پارێزه‌کان له‌ عێڕاق،ئۆردۆن و عه‌ڕه‌بستانی سعوودی و، زۆربه‌ی عیساییه‌کانی لوبنانی. بۆ ماوه‌یه‌ک وا وه‌به‌رچاو ده‌هات که‌ هیچ ناتوانێ پیش به‌ ناسرو پشتیوانانی بگرێ ، به‌ڵام هێزه‌ دژبه‌ره‌کان ئاخره‌که‌ی توانییان که‌ف و کوڵی ناسیۆنالیستی به‌ر به‌ست بکه‌ن. دیاره‌ سه‌روبه‌ندی واش هه‌بوو ‌ئه‌وان له‌ سه‌رکه‌وتن زۆر نزیک بوون.

میدڵ ئیست کووارتێرلی: بۆ وێنه‌ ؟

ئیگلتن: دوای ساڵی 1958 و شاکوژی له‌ عێڕاق، ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و حکوومه‌تی بریتانیا به‌ په‌له‌ هێزیان برده‌ لوبنان و ئۆردۆن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژیمانه‌ بپارێزن و مه‌عنه‌وییاتی هاوپه‌یمانه‌کانمان له‌ ناوچه‌ که‌ به‌هێز بکه‌ن.

میدڵ ئیست کووارتێرلی: ئه‌تۆ هێندێک باسی " که‌ف و کوڵی ناسیۆنالیستی " عه‌ڕه‌بت کرد. ئه‌و هه‌ستی ناسیونالیسته‌ عه‌ڕه‌بییه‌ له‌ کوێ له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌ک گه‌شتر و گه‌وره‌ترین بووه‌؟

ئیگلتن: دیاره‌ ئه‌و کتێبێکی تێ ده‌بێ ئه‌گه‌ر مرۆ بییه‌وێ به‌شێوه‌یه‌کی له‌بار بار و دوخی ناسیۆنالیزمی عه‌ڕه‌بی له‌ جێگه‌ی جۆر به‌جۆره‌ به‌یه‌که‌وه‌ به‌راورد بکا چونکه‌ هه‌ر ووڵاته‌ی له‌ هه‌لومه‌رجی جیاواز دا سیاسه‌ت و بۆچوونی جیاوازی هه‌بووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌کرێ بگوترێ که‌ چه‌قی ناسیونالیزمی عه‌ڕه‌ب قاهیره‌ بوو.‌

میدڵ ئیست کووارتێرلی:با ئێستا بێینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ کاته‌ی که‌ له‌ سووریا سه‌فیر بووی. حافیز ئه‌سه‌د چ جۆره‌ پیاویک بوو؟ وه‌ک که‌سێکی به‌رده‌نگی وتو ووێژ ؟

ئیگلتن: زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ‌ که‌ ده‌بوو چاویان به‌ ئه‌سه‌د بکه‌وێ و وتووێژی له‌ گه‌ڵ بکه‌ن که‌سایه‌تی وی کاری تێده‌کردن. ئه‌و به‌وه‌ به‌ نێوبانگ بوو که‌ زۆر ئێشک بێ به‌ڵام دڵساف و قسه‌ له‌ رووش بوو. ئه‌و دژبه‌رانی هه‌ته‌ڵه‌ نه‌ده‌کرد، سازانی پێ زه‌حمه‌ت بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڵێنی شتێکی دابایه‌، به‌ ئاسایی قسه‌ی خۆت ده‌پاراست و نه‌ی ده‌شکاند. (10)

میدڵ ئیست کووارتێرلی: ده‌کرێ ئه‌زموونی خۆت له‌ سووریا له‌ گه‌ڵ حافز ئه‌سه‌د به ئه‌زموونی خۆت له‌ عێڕاق له‌ گه‌ڵ سه‌دام حوسێن به‌راورد بکه‌ی؟

ئیگلتن: گوێستنه‌وه‌ له‌ ساڵی 1984 له‌ کاتی شه‌ڕ دا له‌ عێراق بۆ سووریای ئه‌سه‌د له‌ زۆر رووه‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ ده‌چوو مرۆ له‌ تاریکاییه‌وه‌ بێته‌ نێو ڕووناکایی. ئه‌وده‌می شام به‌ نیسبه‌ت کراوه‌ بوو به‌ڕووی بێگانان دا و ئێستاش هه‌ر ئاوایه‌.ئه‌و شک و دڕدۆدنگییه‌ی که‌ له‌ عێڕاق هه‌بوو له‌وێ که‌متر بوو. نوێنه‌ره‌ دیپڵۆماتیکه‌کان ده‌یانتوانی ببن به‌ به‌شێک له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان.ئه‌سه‌د سه‌قامگرتوو به‌ڵام لاواز وه‌به‌رچاو ده‌هات. سه‌دام به‌ پێچه‌وانه‌ی وی بوو، توف بوو به‌ڵام سه‌قامگرتوو نه‌بوو. هه‌ر وه‌ها جیاوازیش هه‌بوو له‌ نێوان بناخه‌ی مۆدێڕن و جار جار چاو ڕاكێشی حکوومه‌تی عێڕاق له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ بینای ئاسایی وه‌زاره‌تخانه‌کانی سووریا که‌ به‌ دیمیشق دا بڵاو ببوونه‌وه‌. دیاره‌ جیاوازییه‌که‌ش له‌ نێو ئه‌وانه‌ دا بوو که‌ له‌ داهاتی نه‌وت دراویان ده‌ست ده‌که‌وت و ئه‌وانه‌ی که‌ ئه‌و سامانه‌یان نه‌بوو. ئه‌گه‌رچی سووریا له‌‌ زه‌مانی حوکمی ئه‌سه‌د دا چه‌ندین ده‌زگای ئاسایشتی و هه‌واڵگری ڕقه‌به‌ری هه‌بوو، به‌ڵام له‌ چاو ئه‌و که‌شو هه‌وا ده‌وڵه‌ته‌ پۆلیسییه‌ی که له‌ به‌غدا هه‌بوو و‌ له‌ ڕاده‌به‌ ده‌ر کۆنتڕۆڵ ده‌کرا هیچ نه‌بوو.

میدیڵ ئیست کووارتێرلی: ئه‌گه‌ر مرۆ هه‌موو هه‌رێمه‌که‌ له‌ به‌رچاو بگرێ، به‌ بۆچوونی خۆت پێت وایه‌ کامه‌ له‌ ڕێبه‌ره‌کان ته‌فاهومیان هه‌بوو به‌ڕانبه‌ر به‌ ڕۆژئاوا به‌گشتی و ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌ تایبه‌تی؟ کامه‌یه‌ک له‌ فه‌رمانڕه‌وایان لانی که‌می ته‌فاهوم و تێگه‌یشتنی هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ چۆن کار ده‌کا؟

ئیگلتن: ده‌کرێ بلێم ناکرێ مرۆ ڕاده‌ی تێگه‌یشتن و ته‌فاهومی تاک تاکی ڕێبه‌ره‌کان سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژئاوا بزانێ.به‌ڵام به‌ گشتی ده‌کرێ بڵێم، ئه‌وانه‌ی ‌ سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌یان ده‌کرد زۆر وێده‌چێ باشترین تێگه‌یشتنیان بووبێ و، ئه‌وانه‌ی که‌ زۆرتر له‌ ووڵاتی خۆیان ده‌مانه‌وه‌ و که‌متر سه‌فه‌ریان ده‌کرد، وه‌کوو سه‌دام و ئه‌سه‌د، ڕه‌نگه‌ لانی که‌می تێگه‌یشتنیان هه‌بووبێ.

لیبی

میدڵ ئیست کووارتێرلی: ده‌ی با بچین به‌ره‌و باکووری ئه‌فریقا. له‌ مه‌ر موعه‌مه‌ر قه‌زافی چت له‌ بیره‌؟، ئه‌و ده‌م گه‌نجێک بوو.

ئیگڵتن: له‌ ماوه‌ی ئه‌و یه‌کساڵ و نیوه‌ی دا که‌ له‌ تریپۆلی به‌رپرسی سه‌فاڕه‌تخانه‌ بووم قه‌ت هه‌ڵنه‌که‌وت جارێک دوو به‌ دوو له‌ گه‌ڵ ڕێبه‌ری لێبی دانیشم. ئه‌گه‌رچی قه‌زافی له‌ هه‌مووجێیه‌ک بوو له‌ خۆپیشاندان دا، له‌ کۆبوونه‌وه‌ی گشتی، کۆنفڕانس و بێ ناوبڕیش هه‌موو شه‌وێ له‌ تێلێڤیزیۆن دا بوو.ئه‌و ده‌ور و به‌ری به‌ هه‌یه‌جان و پڕ له‌ خرۆشی به‌دڵ بوو که‌ وه‌ نێو که‌وێ وئاپۆرای خه‌ڵک وه‌دوای خۆی خا و دروشم بۆ سۆسیالیزم و شۆڕش بده‌ن به‌دژی "کۆنه‌په‌رستی". قه‌زافی که‌سایه‌تییه‌کی ئاڵۆزی هه‌بوو و هه‌یه‌تی. هێندێک گۆیا‌ پسپۆڕ ئه‌و به‌ شێت و شوور داده‌نێن،به‌ڵام قه‌ت به‌وه‌ پێمل نه‌بووم که‌ که‌س ئاگاداری له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌بێ که‌ ئه‌وه‌ چییه‌ ده‌ی بزوێنێ.به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و له‌ گه‌نجێتی خۆیدا وه‌ک ئه‌ندامی هۆزێکی پچووکی به‌ ته‌واوی ته‌ریک له‌ تریپۆلی بێزارییه‌کی تێدا پێک هاتووه‌ له‌ ئاست ئه‌وانه‌ی ئه‌و پێی وابووه‌ خه‌ڵکی ئاسایی ده‌ڕووتێننه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی ئه‌و لێیان به‌ گومان بوو بریتی بوون له‌ دوکانداری ئاسایی و هه‌ر وه‌ها زێڕینگه‌ران.ئه‌و له‌و ده‌سته‌ی دوایی وه‌خۆ که‌وت به‌ داشکاندنی نرخی زێڕ که‌ ده‌کرێ به‌ باییه‌کی که‌متر له‌ بازاڕی جیهانی له‌ لیبی بکڕدرێ. قه‌زافی ئه‌گه‌ر که‌یفی بزووتبا له‌ تێلێڤیزیۆن دا به‌ ڕێکخستنی سێمیناری پچووک له‌ گه‌ڵ لاوان ده‌ستی ده‌کرد به‌ ئاڵ وگۆڕی بیر و ڕا. موشکیله‌ی ئه‌وه‌ بوو ده‌یویست له‌ لیبی گۆڕانی شوڕشگێرانه‌ بکا،به‌ڵام خه‌ڵکی لیبی له‌ جێدا خۆ پارێزن.داوخوازی وی بۆ ئه‌وه‌ی کرێکاران ده‌ست به‌ سه‌ر فابریکان دا بگرن و به‌ شێوه‌ی کۆمیته‌ی گه‌لیی خۆیان ئیداره‌ بکه‌ن وه‌نه‌بێ قه‌ت لایه‌نگری لێ کرابێ.

میدل ئیست کووارتێرڵی: ته‌عامولی قه‌زافی له‌ گه‌ڵ ڕێبه‌رانی دیکه‌ی عه‌ڕه‌ب دا چۆنه‌؟

ئیگلتن: له‌ شانۆی نێونه‌ته‌وه‌یی دا، جاری وایه‌ ده‌ڵێی ئه‌و خه‌ریکه‌ سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ به‌ ده‌ست بێنێێ به‌ڵام له‌ پڕ ئه‌وه‌ له‌ خۆی تێک ده‌دا به‌ جنێو دان به‌که‌سێک که‌ پله‌و پایه‌ی گرینگ بێ.ئه‌و پێی خۆش بوو " ئه‌و جۆره‌ی که‌ هه‌یه‌ بیڵێ" به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر حیسابی که‌سێکی دیکه‌. ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی وورژاندنی سه‌رۆک ده‌وڵه‌تێکی دیکه‌ و، نه‌خشه‌کانی بۆ یه‌که‌تی یان هه‌رچییه‌کی هه‌یه‌ تێک ده‌دا.

میدڵ ئیست کووارتێرلێ: دوای ئه‌وه‌ی قه‌زافی ده‌سته‌ڵاتی به‌ ده‌سته‌وه‌ گرت ساردی و هه‌لپسانێک له‌ پێوه‌ندی نێوان واشنگتن و لیبی دا ساز بوو و ئه‌و له‌ سێپتامبری 1969 فه‌رمانی دا پێگه‌ی هه‌وایی ئه‌مریکا له‌ ویلوس دابخرێ . کاتێک به‌ڕێزت له‌وێ بووی، قه‌زافی هیچ حه‌ولی دا بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ و نزیکایه‌تی له‌ گه‌ڵ ئه‌مریکا؟

ئیگلتن: ئه‌و سه‌روبه‌ندی ئه‌من له‌ تریپۆلی بووم، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ قه‌زافی زۆر به‌ جیدی حه‌ولی ده‌دا پێوه‌ندییه‌کانی له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا باشتر بکا.حه‌وله‌کانی هێندێک سه‌رکه‌وتووانه‌ بوون به‌ڵام هیچی لێ شین نه‌بوو کاتێک ئێرانییه‌کان شۆڕشێکی ڕاسته‌قینه‌یان ده‌ست پێکرد به‌ خوپیشاندانی گه‌وره‌ گه‌وره‌وه‌. قه‌زافی له‌ پێشدا ڕه‌خنه‌ی گرت له‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئێران دیپڵۆماته‌ ئه‌مریکاییه‌کانی به‌ بارمته‌ گرتبوو،به‌ڵام دواتر خۆپیشاندانی زۆر گه‌وره‌ی ڕێک خست بۆ پشتیوانی له‌ ئێران و دوندی ئه‌وه‌ گه‌یشته‌ هێرش کردن بۆ سه‌ر سه‌فاڕه‌تخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ تریپۆلی له‌ دیسامبری ساڵی 1979 دا. ئه‌گه‌رچی ئه‌و ده‌می واشنگتن له‌وانه‌بوو ئاماده‌ بێ که‌ به‌ ڕه‌چاو کرانی هێندێک شه‌رتومه‌رج پێوه‌ندی خۆی له‌ گه‌ڵ لیبی بپارێزێ و نه‌ی پسێنێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ هیچی لێ شین نه‌بوو کاتێک ئه‌و ئاماده‌ نه‌بوو چاوی به‌ من بکه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر شه‌رتومه‌رجه‌کانی ئێمه‌ بدوێین. کاتێک، له‌ مانگی فێڤرییه‌ی ساڵی 1980 دا قه‌زافی هێرشێکی بۆ سه‌ر سه‌فاڕه‌تخانه‌ی فه‌ڕانسه‌ ڕێک خست له‌ کاتێکدا که‌ فه‌ڕانسه‌ییه‌کان که‌لوپه‌لی عه‌سکه‌رییان پێ ده‌فرۆشت، وا بڕیار درا پێوه‌ندییه‌کانمان هه‌ڵپه‌سێرین و سه‌فاره‌تخانه‌ دابخه‌ین.

میدڵ ئیست کووارتێرلی: کاردانه‌وه‌ی ناسیونالیزمی عه‌ڕه‌ب له‌ لیبی و ووڵاته‌کانی دیکه‌ی باکووری ئه‌فریقا که‌ تۆ سه‌رت لێدان چلۆن بوو و چه‌نده‌ به‌هێز بوو؟

ئیگلتن: به‌ درێژایی ساڵان ناسیونالیزمی عه‌ڕه‌ب زۆر له‌ ڕاکێشانی خۆی له‌ ده‌ست داوه‌. قه‌ت له‌ موریتانیا، ئه‌لجه‌زاییر ، یان مه‌راکش ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نه‌بووه‌ له‌ چاو ئه‌و ووڵاتانه‌ی که‌‌ له‌ کێشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست زیاتر نیزیکترن. هه‌لوێستی لیبی له‌و ڕووه‌وه‌ ڕارای پێوه‌ دیاره‌ به‌ پێی ئه‌وه‌ی که‌ قه‌زافی خۆی به‌ عه‌ڕه‌بێک ، ئه‌فریقاییه‌کی باکووری یان ئه‌فریقاییه‌ک دابنێ.

یه‌مه‌نی خواروو

میدڵ ئیست کووارتێرلی: ژیان له‌ ته‌نیا ووڵاتی کۆمۆنیستی دنیای عه‌ڕه‌ب دا چۆن بوو؟

ئیگلتن: ئه‌من له‌ هاوینی ساڵی 1967 دا وه‌ک کونسوولی گشتی ئه‌مریکا گه‌یشتمه‌ وێنده‌رێ له‌ کاتێکدا که‌ بریتانیاییه‌کان خه‌ریک بوون ڕێگایه‌کی ئه‌مین ببینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حکوومه‌ت به‌ جێنشینێکی جێی باوه‌ڕ بئه‌سپێرن. ئێمه‌ هه‌موو باسی ئه‌و ڕۆژه‌مان وه‌ک ڕۆژی "دوایی " ده‌کرد، که‌ له‌ به‌ر هۆی هێمنی ڕۆژێک وه‌پێش خرابوو.(11) ئه‌و ده‌می بریتانیاییه‌کان گه‌وره‌ترین گه‌له‌گه‌می بریتانیایی یان هێنابوو نیزیک ویشکایی که‌ له‌کاتی هاتنه‌ سه‌رته‌ختی مه‌له‌که‌ ئێلیزابێت له‌ ساڵی 1953 وه‌ شتی وا نه‌بیندرابوو.
ئه‌وی شه‌وێ له‌ نۆڤامبری 1967 کاتێک که‌ تازه‌ بریتانیاییه‌کان وه‌ده‌رکه‌وتبوون، له‌ پڕ را سه‌روکه‌له‌ی ژماره‌یه‌ک چینی له‌ ساڵۆنی هۆتێله‌که‌ په‌یدا بوو که‌ ده‌ستیان کرد به‌ ئه‌وه‌ی میداڵی مائوتسێ تونگمان به‌‌ یه‌خه‌ی کۆته‌کانمانه‌وه‌ بلکێنن.یه‌مه‌نی خوراوو که‌ تازه‌ وه‌ک ووڵاتێکی کۆمۆنیست سه‌ری هه‌ڵهێنابوو، به‌ ڕاستی سه‌یر بوو. له‌ ماوه‌ی ئه‌و یه‌ک ساڵ و نیوه‌ی دیکه‌ دا که‌ له‌وێ مامه‌وه‌ ئه‌من ده‌بوو به‌رگه‌ی بیستنی زۆر ووتاری درێژی کۆمۆنیستی بگرم. له‌ هه‌مان کاتدا، باڵێکی چه‌پی پارتییه‌که‌ لایه‌نگری شۆڕشێکی زۆر ڕادیکاڵتر بوو له‌ کاتێکدا زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ حکوومه‌ت دا بوون که‌متر مه‌یلیان له‌ ئیدێئۆلۆژی بوو و زیاتر حه‌ولیان ده‌ دا هه‌ر چونێکه‌ ئه‌و ووڵاته‌ هه‌ژاره‌ ئیداره‌ بکه‌ن. هه‌رچۆنێک بێ، به‌ ڕواڵه‌ت سه‌رۆکایه‌تی گشتیان عه‌ینی ئه‌و کتێبانه‌یان خوێندبووه‌وه‌ که ‌بۆ جیهانی سێیه‌م گه‌ڵاڵه‌ کراون و پڕن له‌ ووشه‌ی وه‌ک " سۆسیالیزمی زانستی" و " کۆمپێرادۆر".

میدڵ ئیست کووارتێرلی: باشه‌ ده‌راوی دم و قسه‌کانی سۆڤییه‌ت هه‌ستی دژی ئه‌مریکایی له‌ یه‌مه‌ن نه‌ده‌گه‌شانده‌وه‌؟

ئیگلتن: هه‌م سۆڤێتێکان و ‌هه‌م ئاڵمانییه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان کاریان ده‌کرد بۆ بنه‌بڕ کردنی نفوزی ئه‌مریکا و بریتانیا له‌ یه‌مه‌نی خواروو. نیزیکه‌ی ساڵ و نیوێکی کێشا که‌ حکوومه‌تی یه‌مه‌نی خواروو بتوانێ بڕیار بدا بۆ پساندنی پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ واشنگتن، که‌ دیاره‌ ئه‌وه‌ش ئه‌وانی ده‌خسته‌ هه‌مان هه‌ڵوێستی ژماره‌یه‌ک له‌ ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ڕه‌بییه‌کان که‌ پێوه‌ندی دیپڵۆماتیکی خۆیان له‌ گه‌ڵ ئه‌مریکا پچڕاندبوو له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی 6 ڕۆژه‌ دا (شه‌ڕی عه‌ڕه‌ب – ئیسراییل له‌ ساڵی 1967).

میدیڵ ئیست کووارتێرلی: یه‌مه‌نییه‌ خوارووییه‌کان چۆنیان چاو له‌ میسر و ناسر ده‌کرد، که‌ ئه‌وانیش لایه‌کی شه‌ڕی خوێناویی نێوخۆیی ببوون له‌ یه‌مه‌نی سه‌روو؟

ئیگلتن: له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پارتییه‌ی که‌ له‌ عه‌ده‌ن ده‌سته‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبوو ( به‌ره‌ی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی) ڕه‌قیبێکی جه‌بهه‌ی ناسریستی بوو، حکوومه‌تی یه‌مه‌نی خواروو میسری به‌ دوژمن داده‌نا و ڕیگه‌ی نه‌ده‌دا به‌ حکوومه‌تی میسر که‌ له‌ عه‌ده‌ن ده‌فته‌‌رێکی هه‌بێ.

وه‌زاڕه‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌

میدڵ ئیست کووارتێرلی: کولتووری کار کردنی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌‌ له‌ ماوه‌ی په‌نجا ساڵی ڕابردوو دا چۆن گۆڕواوه‌؟ پێت وایه‌ ئه‌و دیپڵۆماتانه‌ی ئێستای ئه‌مڕیکا که‌ له‌ هه‌رێم دا کار ده‌که‌ن هه‌مان ئه‌و به‌هره‌ و زانایی زمانییه‌یان هه‌یه‌ که‌ ئێوه‌ په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌تانبوو؟ داخودا ته‌بیعه‌تی ڕاپۆرتی دیپڵۆماتیک نووسین گۆڕاوه‌؟

ئیگڵتن: له‌ ماوه‌ی په‌نجا ساڵی ڕابردوو دا کولتووری وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ زۆر گۆڕاوه‌. ڕه‌نگه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی په‌نجاکان و شێسته‌کان دا گۆڕان زۆر زیاتر بووبێ تا دواتر.له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌ به‌راییانه‌ دا زۆربه‌ی پێوه‌ندییه‌کان به‌ شێوه‌ی ڕاپۆرت و پێوه‌ندیی به‌ نووسراوی دیکه‌ بوو. تێلگراف، که‌ به‌ بێ نیشانه‌ی ناساندن و ووشه‌ی نه‌پێویستی دیکه‌ گه‌ڵاله‌ ده‌کران، ته‌نێ بۆ بابه‌تی کتوپڕ و خێرا به‌کار ده‌هێندرا. دوان و قسه‌ کردن ووشه‌ به‌ ووشه‌ ئاسته‌ نه‌ده‌کران وه‌ک ئه‌و جۆره‌ی له‌ کۆتایی 1960کاندا له‌ زه‌مانی هێنری کیسێنجر دا بوو به‌ باو. ئێستاش له‌ وه‌زاڕه‌تی کارو باری ده‌ره‌وه‌ دا خه‌ڵکی زۆر لێوه‌شاوه‌مان هه‌یه‌ و به‌هره‌ و توانایی زمانی ڕه‌نگه‌ له‌ ڕابردوو باشتر بووبێ . له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ داخستنی زۆر له‌ کۆنسوولخانه‌کان ودامه‌زراندنی ده‌وروبه‌ری هێمنی به‌ ده‌وری میسیۆنه دیپڵۆماتیکه‌کان دا، ده‌ره‌تانی به‌کار هینان و که‌لک وه‌رگرتن له‌ به‌هره‌ و توانایی زمانی که‌متر بووه‌ته‌وه‌. له‌ به‌ر ئه‌و ‌
ڕاستییه‌ی که‌ ڕووداوه‌کان زۆر خێرا تێده‌په‌ڕن زۆربه‌ی کارگێڕانی وه‌زاڕه‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ له‌ هه‌نده‌ران نه‌ کاتی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ و نه‌ به‌رده‌نگیان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ درێژی به‌ کاری شیکردنه‌وه‌وه‌ خه‌ریک بن. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌وانه‌ی ‌ ده‌ستیان وه‌ کاره‌کانی ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی ڕا ده‌گا که‌ له‌ سه‌ر کارو بار له‌ ده‌وره‌ ده‌کۆڵنه‌وه‌ و هه‌ر وه‌ها دامه‌زراوه‌ بیر داڕێژه‌کان که‌ شیکردنه‌وه‌ی به‌که‌لک و به‌ کاتی خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنن له‌ چاو هێندێک له‌ که‌ره‌سته‌‌ ئاکادێمییه‌ به‌راییه‌کان که‌ زۆر جار کۆن ده‌بوون که‌لکیان زیاتره‌.


[1] New York: Oxford University Press, 1963.
[2] New York: Interlink Books, 1988.
[3] The Christian Science Monitor, Dec. 21, 1983.
[4] The Yezidis of Iraq practice a pre-Islamic religion centered upon a cult of angels.—Eds.
[5] See, for example, "Decree of the Central Committee of the Communist Party of the Soviet Union Politburo to Mir Bagirov, Central Committee Secretary of the Communist Party of Azerbaijan, on 'Measures to Organize a Separatist Movement in Southern Azerbaijan and Other Provinces of Northern Iran,'" The Cold War International History Project, Woodrow Wilson International Center for Scholars.
[6] The Mahabad Republic fell to the Iranian army in December 1946.—Eds.
[7] "The Kurdish Republic of Mahabad," July 1947, pp. 247-69.
[8] Adib ash-Shishakli (1909-64). In 1949, he overthrew Col. Muhammad Sami al-Hinnawi, who had seized power four years earlier. As defense minister, Shishakli dominated the civilian government, finally ordering the arrest of Prime Minister Fawzi Salu in November 1951. Overthrown in 1954, Shishakli spent his exile in Brazil.—Eds.
[9] Mustafa Kemal Atatürk is considered the father of modern Turkey.—Eds.
[10] Daniel Pipes gives an alternate assessment in "The Word of Hafez al-Assad," Commentary, Oct. 1999.
[11] Nov. 30, 1967

Wednesday, February 9, 2011

باسی کوردستان له‌ ڕۆژنامه‌ی آذربایجان دا


باسی کوردستان له‌ ڕۆژنامه‌ی آذربایجان دا

3 تێلگرافی پشتیوانی له‌ ده‌سته‌ی نوێنه‌رانی ئازه‌ربایجان – کوردستان

حه‌سه‌نی قازی


له‌وکاتانه‌ دا که‌ ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئازه‌ربایجان- کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تی سه‌رۆکوه‌زیری حکوومه‌تی نیشتمانی ئازه‌ربایجان و ڕێبه‌ری فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان میر جه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری له‌ تاران بوون.(8 تا 22ی بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی ) ڕۆژنامه‌ی آذربایجان له‌ چه‌ندین ژماره‌ی په‌یتا په‌‌یتا دا ده‌قی ئه‌و تێلگرافانه‌ی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ شوێنی جۆر به‌ جۆری کوردستان و ئازه‌ربایجانه‌وه‌ بۆ پشتیوانی له‌ ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی و داگرتنه‌وه‌ی داوخوازییه‌کانی گه‌ڵی کورد و گه‌لی ئازه‌ربایجان بۆ تاران ناردراون . 3 له‌و تێلگرافانه‌ له‌ مهاباده‌وه‌ به‌ڕێ کراون. تێلگرافی یه‌که‌م ئی کۆمه‌ڵێک له‌ سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و تایفه‌ی ده‌وروبه‌ری مه‌هاباد و شنۆیه‌، تێلگرافی دووه‌م له‌ لایه‌ن هه‌یئه‌تی ڕه‌ئیسه‌ی میلی کوردستانه‌وه‌ ناردراوه‌ و تێلگرافی سێهه‌م له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی شاریی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانه‌وه‌ ئێمزا کراوه‌. به‌ ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌و تێلگرافانه‌ به‌ زمانی فارسی نووسراون و آذربایجان وه‌ریگێڕاونه‌ته‌ سه‌ر زمانی ترکی و بڵاوی کردوونه‌ته‌وه‌. لێره‌ دا وه‌رگێڕاوی کوردی هه‌ر 3 تێلگرافه‌که‌ ده‌خوێننه‌وه‌.

آذربایجان، ژماره‌ی 195، جومعه‌ 20ی بانه‌مه‌ڕی 1325

تێلگراف له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ تاران

تاران. جه‌نابی ئاغای پیشه‌وه‌ری سه‌رۆکوه‌زیری ئازه‌ربایجان، ئاغای قه‌وامولسه‌لته‌نه‌ سه‌رۆکوه‌زیری ئێران، ڕوونووس بۆ جه‌نابی ئاغای سه‌دری قازی، نوێنه‌ی به‌ڕێزی کوردستان، محه‌مه‌د حوسێن خانی سه‌یفی قازی، نوێنه‌رانی ئازه‌ربایجان. ڕوونووس بۆ ڕۆژنامه‌کانی رهبر،ایران ما،ظفر،نجات ایران، داریا، کوهستان، فرمان، آزادگان

میله‌تی کورد هه‌تا ئێستا له‌ پێناو پاراستنی خاکی پیرۆزی باب و باپیرانی خۆی و له‌ ڕێگای ئازادی دا فیداکاری له‌ تاقه‌ت به‌ده‌ری کردووه‌ و به‌ میلیۆنان جه‌وانی ئازا و ڕه‌شیدی له‌ ده‌ست داوه‌.
[کورد] هه‌میشه‌ به‌ دژی دیکتاتۆرانی سه‌ره‌ڕۆ و فاشیستانی دڕنده‌ خه‌باتیان کردووه‌. ئێستا به‌ پشتیوانی هێزی چه‌کداری به‌هێزی خۆی ده‌توانێ‌ له‌ هه‌موو کوردستاندا له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و سیاسییه‌وه‌ هێمنی ته‌واو
دابمه‌زرێنێ. بۆ ڕێز گرتن له‌ هه‌ست و سۆزی خه‌ڵکی مه‌مله‌که‌ت داوخوازمان ئه‌وه‌یه‌ که‌ وه‌کوو ئێستا هێزه‌ عه‌سکه‌ری و مه‌ده‌نییه‌کان و پێشمه‌رگه‌ ئازاکانی نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ ئه‌وه‌ی بۆ هه‌میشه‌ ده‌نێو مه‌مله‌که‌تی کوردستان دا بمێننه‌وه‌ جیدییه‌تی پێویست به‌کار بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی نه‌ته‌وه‌ی کورد بریندار نه‌بێ.

له‌ لایه‌ن سه‌رۆکی عێلات و عه‌شیره‌ته‌کانی کوردستان. سه‌رۆکی تایفه‌ی مه‌نگوڕ عه‌لیخانی نه‌وزه‌ڕی- ڕه‌ئیسی تایفه‌ی زه‌رزا، قه‌ره‌نی زه‌رزا- ره‌ئیسی تایفه‌ مووساخانی زه‌رزا – سه‌رۆکی تایفه‌ی چه‌کانی سه‌عید سوڵتان- خاوه‌نموڵکی کیتکه‌ی مه‌نگوڕ عه‌لی بێژه‌ن- سه‌روکی عه‌شاییری مه‌نگوڕ عه‌بدوڵای بایه‌زییدی – مارفی قادری - له‌ سه‌رۆکانی تایفه‌ و عه‌شێره‌ته‌کانی مه‌نگوڕ هه‌مزه‌ی کانه‌بی – سه‌رۆکی عێلی قادریی مامه‌ش کاک مامه‌ندی قادری- بایه‌زیدی- عه‌زیزی – سه‌رۆکی عێلی گه‌ورک کاک ئه‌ڵا – سه‌رۆکی عێلی گه‌ورک آقا خدر- عه‌زیز تاهیر گه‌ورک- حه‌بیبوڵا بوداغی - یۆسف یۆسفی لوو – محه‌مه‌د قه‌سیم – شه‌مسه‌دین – له‌ سه‌رۆکانی عه‌شاییری مه‌نگوڕ حه‌سه‌نی عومه‌ری – له‌ سه‌رۆکانی عێلی مه‌نگوڕ برایمی سالاری – له‌ سه‌رۆکانی عێلی مه‌نگوڕ برایمی بایه‌زیدی.

تێلگرافی دووه‌م ، آذربایجان، ژماره‌ی 195،جومعه‌ 20ی بانه‌مه‌ڕی 1325

تێلگراف له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ تاران

تاران.سه‌رۆکوه‌زیری ئازه‌ربایجان جه‌نابی ئاغای پیشه‌وه‌ری و سه‌رۆکوه‌زیری ئێران ئاغای قه‌وامولسه‌لته‌نه‌، ڕوونووس بۆ نوێنه‌رانی به‌ڕێزی کوردستان جه‌نابی ئاغای سه‌دری قازی و جه‌نابی ئاغای محه‌مه‌دحوسێن خانی سه‌یفی قازی، نوێنه‌رانی ئازه‌ربایجان، ڕوونووس ڕۆژنامه‌کانی رهبر،ظفر،نجات ایران،ایران ما،کوهستان، فرمان، آزادگان،داریا

میله‌تی کوردستان و ئازه‌ربایجان له‌ یه‌که‌تی و یه‌کگرتوویی ته‌واو دا،ئازادیی خۆیان وه‌ده‌ست ده‌هێنن و به‌ ساڵانه‌ له‌و ڕێبازه‌ دا مله‌یان کردووه‌. به‌و ئامانجه‌،بۆ سه‌لماندنی بێزاری خۆیان له‌ خوێنڕشتنی برا به‌ ده‌ست برا ئاماده‌ بوون بۆ هاوکاری له‌ گه‌ڵ حکوومه‌تی نێوه‌ندی و نوێنه‌رانی خۆیان ناردووه‌ بۆ تارانێ. بۆ قه‌بوڵ کرانی داوخوازه‌کانیان که‌ به‌ده‌ستی لاوانی کوردستان وه‌دی هاتوون و سه‌ربازانی ئه‌م سنوورانه‌ هه‌تاکو ئێستا چ چاوه‌دێرێکیان به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بووه‌ و له‌ پێناو پاراستنی زمانی دایکی خۆیان به‌ خوێنی دڵ مه‌دره‌سه‌یان ساز کردوون.
نه‌ته‌وه‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان بۆیه‌ هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مافی ئازادیی ئێمه‌ بپارێزدرێ و بمێنێته‌وه‌.

هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی کوردستان
حوسێنی مه‌جدی موده‌ریس، محه‌مه‌دی لاهیجانی ، سه‌ید عه‌لی [حوسێنی]، هاشمی یۆسفی، حاجی مسته‌فای داوودی، حاجی سه‌ید بابه‌شێخی سیاده‌ت

تێلگرافی سێیه‌م، آذربایجان، ژماره‌ی 197، دووشه‌مۆ 23ی بانه‌مه‌ڕی 1325
تێڵگرافی کۆمیته‌ی شاریی مه‌هاباد- حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان

له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ تاران

سه‌رۆکوه‌زیری ئازه‌ربایجان جه‌نابی ئاغای پیشه‌وه‌ری. ڕوونوس سه‌رۆکوه‌زیری ئێران ئاغای قه‌وامولسه‌لته‌نه‌. ڕوونووس نوێنه‌رانی به‌حورمه‌تی کوردستان جه‌نابی ئه‌بولقاسمی سه‌دری قازی و جه‌نابی محه‌مه‌دحوسێنی سه‌یفی قازی و نوێنه‌ره‌ به‌رزه‌کانی ئازه‌ربایجان.ڕوونووس بۆ ڕۆژنامه‌کانی رهبر، کوهستان،ایران ما،ظفر، آزادگان، فرمان، داریا. نجات ایران

به‌ حورمه‌تێکی زۆره‌وه‌ به‌ عه‌رزتان ڕاده‌گه‌یێنین، هه‌ر وه‌ک بۆ نوێنه‌رانی به‌رز ئاشکرایه‌،چلۆنایه‌تی ژیانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و، هێمنیی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووری وی به‌ ساڵان ده‌ نێو خوێن دا له‌ ژێر په‌نجه‌ی فاشیسته‌کاندا بووه‌.هێنده‌ی نه‌مابوو‌ میله‌تی نه‌جیبی کورد بکه‌وێته‌ دۆڵی فه‌نا و نه‌مانه‌وه‌. نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ مانه‌وه‌ی خۆی به‌ ناچاری ڕێچکه‌ی باب و باپیرانی خۆی گرت و جووڵانه‌وه‌ و خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی ئه‌وانی کرده‌ سه‌رمه‌شقی خۆی و ڕاپه‌ڕی. ئه‌لحه‌مدولیلا به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر چاک مه‌مله‌که‌تی خۆی له‌ چنگی فاشیستانی خوێنڕێز و زنجیری یه‌خسیریی ئه‌وان ڕزگار کرد. و ئێستا ئه‌من و ئه‌مانێک له‌ هه‌موو وڵات دا ده‌سته‌ڵاتداره‌ که‌ تا ئێستا مێژوو به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، ئێستا‌ ڕێکخستن و هه‌ڵسووڕاوانی ڕێگای پێشکه‌وتنیان به‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک نیشان داوه‌ و به‌ره‌و به‌خته‌وه‌ریی هه‌تاهه‌تاییان ده‌به‌ن.هه‌ر بۆیه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی مه‌رامی میله‌ت داوخوازمان سه‌قامگیرکردنی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌‌یه‌ که‌ ئێستا له‌ گۆرێ دایه. به‌ هیواین‌‌ حه‌ول و ده‌رفه‌تی خۆتان ته‌نیا و ته‌نیا بۆ خزمه‌ت به‌ پێشکه‌وتنی ئامانجی گشتی به‌کار بهێنن. چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین هه‌ستی پاکی ئه‌م میله‌ته‌ بریندار نه‌کرێ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک پێش به‌ ڕووداوێکی ئه‌وتۆ بگیرێ

كۆمیته‌ی شاریی مه‌هاباد حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان

وه‌هابی بلووریان – ئه‌حمه‌دی ئیلاهی – مه‌نافی که‌ریمی – حوسێنی زه‌رگه‌ری [زێڕینگه‌ران]- مه‌حموودی وه‌لی زاده‌- سه‌دیقی حه‌یده‌ری

Wednesday, February 2, 2011

حاجی مسته‌فای داودی، ئه‌ندامی هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی ئازەربایجان



حاجی مسته‌فای داودی، له‌ پێشدا ئه‌ندامی هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی ئازەربایجان (مجلس موءسسان آذربایجان) دوایه‌، ئه‌ندامی هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی کوردستان.
به‌شداری کردنی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی مه‌هاباد له‌ مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجان دا

حه‌سه‌نی قازی

نه‌مر مه‌نافی که‌ریمی له‌ چاوپێکه‌وتنێک دا له‌ گه‌ڵ گۆواری دوومانگانه‌ی "ڕوانگه‌" (ژماره‌ی 15، گه‌لاوێژی 1382ی هه‌تاوی/ ژووییه‌ی 2003) له‌ ووڵامی پرسیارێک دا سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ندی مه‌هاباد - ته‌ورێز ده‌ڵێ:
"حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان ده‌یه‌ویست مه‌ڵبه‌ندی موکریان بخاته‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی خۆی و کاتێک ‌ خه‌رێک بوون مه‌جلیسی میللی خۆیان پێک بهێنن وه‌کوو شاره‌کانی دیکه‌ی ئازه‌ربایجان له‌ مه‌هابادیشیان گێڕابووه‌وه‌.بۆ نوێنه‌رایه‌تی مه‌هاباد له‌و مه‌جلیسه‌ دا حاجی مسته‌فای داودی، که‌ریمی ئه‌حمه‌ده‌ین، وه‌هابی بلووریان، من و عه‌لی ڕیحانی هه‌ڵبژێردراین . له‌ ڕۆژی کرانه‌وه‌ی مه‌جلیسه‌که‌ دا نوێنه‌رانی شاره‌کانی ئازه‌ربایجان یه‌ک به‌ یه‌ک قسه‌یان کرد و پێپیرۆزه‌ی خۆیان ڕاگه‌یاند و دوایه‌ ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنیان وا به‌جێ ده‌هێنا که‌ فیدایی و سه‌رله‌پێناوی ئازه‌ربایجان بن و کاتێک نۆره‌ گه‌یشته‌ نوێنه‌ری مه‌هاباد؛ حاجی مسته‌فای داودی هه‌ستا سه‌رپێیان و ڕایگه‌یاند ئێمه‌ پشتیوانی نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ربایجان ده‌بین به‌ڵام سوێندی نه‌خوارد که‌ فیدایی و سه‌رله‌پێناوی ئازه‌ربایجان بێ. بۆ به‌یانییه‌که‌ی بێ ئاگاداری حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان له‌ ته‌ورێزه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ مه‌هاباد و له‌ مه‌هاباده‌وه‌ نامه‌یه‌کمان بۆ ته‌ورێز نارد و ڕامان گه‌یاند ‌ ئێمه‌ به‌شێک نین له‌ ئازه‌ربایجان و ده‌مانه‌وێ خۆمان سه‌ربه‌خۆ بین. هه‌ڵبه‌ت دوای پێکهێنانی مه‌جلیسی میللی ، ئه‌وان ده‌سته‌ی وه‌زیرانی خۆشیان ڕاگه‌یاندبوو و ڕوونووسی نێوی وه‌زیره‌کانیان بۆ تاران و مه‌هاباد و بۆ حیزبی تووده‌ ناردبوو. ئێمه‌ش له‌ مه‌هاباد دانیشتوویه‌کی [دانیشتنێکی] نائاساییمان پێک هێنا و له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ دا ده‌سته‌ی وه‌زیرانی خۆمانمان هه‌ڵبژارد و هه‌ڵبژاردنی وه‌زیره‌کان به‌ ته‌واوی به‌ پێی ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بوو. بۆ وێنه‌ مه‌حموودی وه‌لیزاده‌ که‌ دیپڵۆمی کشتوکاڵی له‌ که‌ره‌ج وه‌رگرتبوو به‌ پێی ڕاوێژی ئه‌ندامانی ئاماده‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ دا، وه‌کوو وه‌زیری کشتوکاڵ هه‌لبژێردرا . ئێمه‌ش ڕوونووسێک له‌ بڕیاره‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ و لیستی وه‌زیره‌ هه‌ڵبژێردراوه‌کانمان بۆ تاران و ورمێ و ته‌ورێز نارد."
له‌ ژماره‌کانی ڕۆژنامه‌ی آذربایجان ئۆرگانی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان دا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رایه‌تی شاره‌کان و پێک هاتنی مه‌جلیس زۆر بابه‌ت بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.پێشتر له‌ "ڕوانگه‌" دا‌ ده‌قی ئه‌و تێلگرافانه‌مان بڵاو کرده‌وه‌ که‌ له‌ کوردستانه‌وه‌(ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی ئازه‌ربایجان)بۆ پیرۆزبایی له‌ دامه‌زراندنی فیرقه‌ی دێمۆکڕات ناردرابوون و ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موویان گرینگترتێلگرافی محه‌مه‌دی یاهوویه‌‌ که‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی بیست هه‌زار نه‌فه‌ر له‌ ئه‌ندامانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ناردوویه‌ و له‌ ژماره‌ی 3ی ڕۆژنامه‌ی آذربایجان،چوارشه‌مۆ 21ی خه‌رمانانی 1324 دا چاپ کراوه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنێ له‌وسه‌ر به‌نده‌ دا حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ڕاگه‌یێندراوه‌، به‌ر له‌وه‌ی که‌ له‌ مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری هه‌مان ساڵ دا یه‌که‌م کۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێ.
له‌ ژماره‌ی 62ی ڕۆژنامه‌ی آذربایجان دا (جومعه‌ 3ی سه‌رماوه‌زی 1324ی هه‌تاوی) چه‌ندین بابه‌ت سه‌باره‌ت به‌ کۆبوونه‌وه‌کانی مه‌جلیسی دامه‌زرێنه‌ران ( مه‌جلیسی موئه‌سیسان) بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. له‌ نووسراوه‌یه‌ک دا له‌ ژێر سه‌ردێڕی " سێهه‌مین کۆبوونه‌وه‌ی کۆنگره‌ی گه‌ل" دا هاتووه‌: " .... ئاغای نه‌وبه‌ری ڕایگه‌یاند ئاغای حاجی مسته‌فای داودی له‌ لایه‌ن کورده‌کانه‌وه‌ وه‌ک نوێنه‌ر هاتوون بۆ لای ئێمه‌ و په‌یمانمان ده‌دنێ و قه‌ولی شه‌ڕه‌ف ده‌دن هه‌ر ده‌قیقه‌یه‌ک هه‌ر پێشهاتێک بۆ ئازه‌ربایجان بێته‌ گۆڕێ ئه‌وانیش ئاماده‌ن. (چه‌پڵه‌یه‌کی زۆر).
دوایه‌ ئاغای داودی هاته‌ ژوورێ ( به‌ چه‌پڵه‌ و ته‌شویقی به‌ گوڕ پێشوازی لێکرا). ئاغای داودی گوتی ده‌مه‌وێ به‌ زمانی نه‌ته‌وه‌یی خۆم، زمانی کوردی قسه‌ بکه‌م و ئاغای پیشه‌وه‌ری گوتیان زۆری پێ خۆشحاڵین، فه‌رموون به‌ زمانی خۆتان قسه‌ بکه‌ن. ئاغای داودی ده‌ستی به‌ قسه‌ کانی کرد ( چه‌پڵه‌ی به‌گوڕی ئاماده‌ بوان بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ). ئاغای نه‌وبه‌ری قسه‌کانی ئاغای داودی وه‌رده‌گێڕا [سه‌ر زمانی ئازه‌ربایجانی].
ئاغای نه‌وبه‌ری: ئێستا ئه‌وه‌ فه‌رمایشاتی ئاغای داودی ته‌رجومه‌ ده‌که‌م. خۆی و هاوڕێکه‌ی میرزا مه‌نافی که‌ریمی ناساند.ئێمه‌ ئێرانین و بە ته‌جزییه‌ی ئێران ڕازی نین. ئێمه‌ له‌ به‌ر زوڵم و گوشاری مه‌ئمورانی ده‌وڵه‌ت ناچار بووین حیزبی خۆمان ساز که‌ین.له‌ پێناو هاوکاریی وحه‌ولی هاوبه‌شی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان دا هه‌میشه‌ هاوفکرتان ده‌بین.....
....دوایه‌ ئاغای پیشه‌وه‌ری ووڵامی پیرۆزبایی نوێنه‌ره‌ کورده‌کانی دایه‌وه‌ و گوتی: کورده‌کان هاوماڵی ئازه‌ربایجانه‌که‌مانن و خێزانێکن له‌و. با که‌س حه‌ول نه‌دا له‌ نێوان ئێمه‌ و ئه‌واندا دووبه‌ره‌کی ساز بکا. سڵاوی ئێمه‌ به‌ ئاغای قازیی محه‌مه‌د و میلله‌تی کورد بگه‌یێنن. " کۆبوونه‌وه‌ی سێهه‌م له‌ 30 مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر سه‌عات 12ی ته‌واو به‌ کۆتا هات."
له‌ ژماره‌ی 63ی ڕۆژنامه‌ی آذربایجان دا (دووشه‌مۆ 4- ی سه‌رماوه‌زی 1324- ی هه‌تاوی) دا به‌یاننامه‌ی مه‌جلیسی موئسیسانی میللی (کۆنگره‌ی میللی) به‌ زمانی فارسی بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ و له‌ 8 ماده‌ دا داواکانی ئه‌و مه‌جلیسه‌ باس کراوه‌. ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ له‌ لایه‌ن هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی کۆنگره‌ی میللی (مجلس موءسسان آذربایجان) ئیمزا کراوه‌ که‌ 16 که‌سن و له‌وانه‌ یه‌کیان حاجی مسته‌فای داودی یه‌.
به‌ پێی نووسینێکی دیکه‌ی ڕۆژنامه‌ی آذربایجان ( ژماره‌ی 64، سێشه‌مۆ 6-ی سه‌رماوه‌زی 1324-ی هه‌تاوی) له‌ دانیشتنی چواره‌می کۆنگره‌ی گه‌ل دا 39 که‌س وه‌کوو هه‌یئه‌تی میللی ئازه‌ربایجان هه‌ڵبژێردراون که‌ له‌ نێو ئه‌واندا نێوی حاجی مسته‌فای داودی وه‌ک نوێنه‌ری مه‌هاباد و ته‌قی خانی بۆزچه‌لوو وه‌ک نوێنه‌ری خه‌ڵکی کورد و عه‌شیره‌تی قه‌ره‌په‌پاغی سندووس یش هه‌یه‌.
له‌و نووسینانه‌ی آذربایجان ڕا ده‌رده‌که‌وێ که‌ له‌ کاتی پێکهاتنی "کۆنگره‌ی میللی یان مه‌جلیسی موئه‌سیسان" و دانانی ڕێو شوێن بۆ هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجان کورده‌کان نه‌کشاونه‌ته‌وه‌ و حاجی مسته‌فای داودی وه‌ک ئه‌ندامی هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی ئازه‌ربایجان هه‌ڵبژێردراوه‌.پاش ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵبژاردن کراوه‌ وا دیاره‌ 5 کورسیش بۆ نوێنه‌رانی کوردستان ته‌رخان کراوه‌ و ئه‌و نامه‌یه‌ی ژێره‌وه‌ که‌ له‌ ژماره‌ی 86- ی آذربایجان دا چاپ کراوه‌ (چوارشه‌مۆ 5-ی به‌فرانباری 1324-ی هه‌تاوی) هه‌ر هه‌مان نامه‌یه‌ که‌ نه‌مر مه‌نافی که‌ریمی له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی له‌ گه‌ڵ بڵاو کراوه‌ی "ڕوانگه‌" دا له‌ ساڵی 2003 باسی لێوه‌ کردووه‌. شایانی باسه‌ نه‌ چاپه‌مه‌نی حکوومه‌تی نیشتمانی ئازه‌ربایجان و نه‌ ئی کۆماری کوردستان له‌ هیچ کوێ باسی کێشه‌کانی نێوخۆیان نه‌کردووه‌ و به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه‌ له‌ سه‌ر یه‌کتری دواون.ته‌نێ بیری وورد ده‌توانی له‌ توێی نووسینه‌کان دا هه‌ست به‌ جیاوازییه‌کان بکا وه‌ک له‌م نامه‌یه‌ی ژێره‌وه‌ دا ده‌بینین که‌ ناڕاسته‌وخۆش بێ قسه‌ی نه‌مر میرزا مه‌نافی که‌ریمی دادگرێته‌وه‌.
نامه‌ی کورده‌کان به‌ زمانی فارسی چاپ کراوه‌ و وه‌رگێڕاوه‌ کوردییه‌که‌ی ئاوایه‌:
" پیرۆزبایی
ئێمه‌ 5 که‌س نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی کوردستان‌ له‌ لایه‌ن حیزبی دێمۆکڕات و جه‌نابی ئاغای قازیی محه‌مه‌د ڕێبه‌ر و پێشه‌وای حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان پێمان ئه‌سپێردراوه‌ که‌ خۆمان به‌ شوێنی پیرۆزی مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجان بناسێنین ‌و له‌وه‌ی که له‌و مه‌جلیسه‌ دا ‌ 5 کورسی بۆ نوێنه‌رانی کوردستان ته‌رخان کراوه‌ له‌ لایه‌ن گشت خه‌ڵکی خودموختاری کوردستانی ئێران و به‌ تایبه‌تی به‌ ناوی حیزبی دێمۆکڕات له‌ قووڵایی دڵه‌وه‌ سپاستان ده‌که‌ین و له‌و خۆش نییه‌تی یه‌ی ئێوه‌ هه‌تا بلێی سپاس وێژین. ئێستا پێمان خۆشه‌ له‌ لایه‌ن هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ به‌ عه‌رزی مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجان ڕابگه‌یێنین که‌ به‌ گیان و ماڵ بۆ هه‌موو جۆره‌ هه‌وڵدانێکی هاوبه‌ش و هاوکاری ئاماده‌ینه‌، هه‌ر وه‌ها داوخوازمان ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌م ڕۆژانه‌ دا که‌ مه‌جلیسی میللی کوردستان ده‌کرێته‌وه‌ له‌ لایه‌ن مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجانیشه‌وه‌ چه‌ند نوێنه‌ر بنێردرێنه‌ مه‌هاباد بۆ ئه‌وه‌ی بۆ پته‌و کردنی پێوه‌ندی کولتووری و ئابووری و بازرگانی دوو لایه‌نه‌ هه‌موو جۆره‌ هه‌ولدانێکی هاوبه‌ش بکرێ و له‌ کۆتایی دا له‌ خودای به‌رز سه‌رکه‌وتن و به‌خته‌وه‌ری مه‌جلیسه‌ پیرۆزه‌ میللییه‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان له‌ ژێرسه‌ربه‌خۆیی یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێران دا به‌ ئاوات ده‌خوازین."
وه‌ک میرزا مه‌نافی که‌ریمی باسی کردووه‌ ئه‌و پێنج نوێنه‌ره‌ بریتی بوون له‌: حاجی مسته‌فای داودی، مه‌نافی که‌ریمی، عه‌لی ڕیحانی، وه‌هابی بلووریان و که‌ریمی ئه‌حمه‌ده‌ین.
دیاره‌ له‌و ناوه‌‌ دا وێڕای پێوه‌ندی ڕه‌سمی هه‌ر دووک لا، حه‌ول دراوه‌ ‌ جگه‌ له‌ کاناڵی ڕه‌سمیش نیشان بدرێ که‌ له‌ کوردستانه‌وه‌ پشتیوانی له‌ پێک هاتنی مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجان ده‌کرێ.
آذربایجان له‌ ژماره‌ی 64 دا (سێشه‌مو 6ی سه‌رماوه‌ز) نامه‌ی که‌سێک به‌ نێوی ئیمامی ( که‌ زۆر وێده‌چێ ئی عه‌بدولڕه‌حمانی ئیمامی له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ژێکاف بێ که‌ له‌ ساڵانی چالاکی ژێکاف دا زۆر جار سه‌ری له‌ ته‌ورێز دا بوو) بڵاو کردووه‌ته‌وه‌. هه‌ر وه‌ها له‌ ژماره‌ی 87 (جومعه‌، 7- ی به‌فرانباری 1324- ی هه‌تاوی) پیرۆزبایی کوردێک له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌م دا به‌ خه‌تی درشت چاپ کراوە.

ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی آذربایجان

تیشکی خۆری ڕۆژنامه‌ی به‌ڕێزتان دوای ساڵه‌های ساڵ له‌ ئاسۆگی خاکی زێڕینی ئازه‌ربایجان دا سه‌ری هه‌ڵدا و گیانێکی تازه‌ی به‌ به‌ر زمانی میللی ئازه‌ربایجانی دا کرده‌وه‌.
ئه‌و بلبله‌ شه‌یدایه‌ ده‌نگی بێستانی ئازادی ئه‌و میلله‌ته‌ نه‌جیبه‌ی له‌ سه‌رتاسه‌ری کوردستان بڵاو کردووه‌ته‌وه‌. به‌ ڕێگه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌ وه‌ له‌ لایه‌ن خۆم و گشت برایان و خوشکانی کورد پیرۆزبایی دامه‌زران و دانانی مه‌جلیسی موئه‌سیسانی ئازه‌ربایجانتان لێ ده‌که‌م و به‌ ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێم. بژی خودموختاری،پایه‌دار بێ زمانی میللی ئازه‌ربایجان .

مه‌هاباد- ئیمامی

پیرۆزبایی

ته‌شکیلی حکوومه‌تی میللی ئازه‌ربایجان و دامه‌زرانی مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجان له‌ دڵه‌وه‌ له‌ ئاغای شه‌بوسته‌ری سه‌رۆکی مه‌جلیسی میللی و ڕێبه‌ری ده‌وڵه‌تی میللی ئاغای پیشه‌وه‌ری پیرۆزبایی ده‌که‌م

عه‌بدوخالیدی که‌رباسیی مه‌هابادی‌

Wednesday, January 26, 2011

په‌نجاوسێ ناقیس یه‌کی ئاڵبانیایی



په‌نجاوسێ ناقیس یه‌کی ئاڵبانیایی
حه‌سه‌نی قازی

به‌ پێی نامه‌یه‌کی کورت، که‌ له‌ ژماره‌ی 19ی ژانڤییه‌ی 2011ی گۆڤاری "Linguist" دا بڵاو بووه‌ته‌وه‌، ژماره‌یه‌ک له‌ ڕووناکبیرانی ئاڵبانیایی، باسی عه‌داڵه‌ت و مافیان سه‌باره‌ت به‌ "زمانی ستاندارد" پێ به‌ بابه‌تێکی بێ جێیه‌ و له‌و ڕووه‌وه‌ هه‌ڵوێستیان له‌ گه‌ڵ هه‌ڵوێستی په‌نجاوسێ ناقیس یه‌که‌کانی هه‌رێمی کوردستان جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی نییه‌.
به‌ڕێز بویار دیبرا که‌ وێده‌چێ لایه‌نگرێکی مافی یه‌کسانیی زمانی بێ له‌ ئاڵبانی له‌ نامه‌یه‌ک دا بۆ "Linguist " ئه‌و بابه‌ته‌ ئاوا باس ده‌کا:
" عه‌داڵه‌ت" له‌ ستاندارد کردنی زمان دا

ده‌سته‌یه‌کی 40 که‌سی له‌ ڕووناکبیرانی نێو به‌ده‌ره‌وه‌ له‌ ئاڵبانی،که‌ هێندێکیان زمانه‌وان و ئه‌وانیدییان نووسه‌ر،وه‌رگێڕ،پرۆفێسۆری زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕووناکبیرن به‌یاننامه‌یه‌کیان بڵاو کردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ئه‌و داوخوازییه‌ی که‌ له‌و کۆنفرانسه‌ی دوایی زماندا کراوه‌ واته داوخوازی ‌" وه‌به‌ر گرتنی سیاسه‌تی پێویست بۆ باشتر کردن و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی زمانی ستاندارد" شه‌رمه‌زار ده‌که‌ن. ئه‌وانه‌ی کۆنفرانسه‌که‌یان ڕێک خستبوو باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن ڕێگایه‌کی ئه‌وتۆ ببیندرێته‌وه‌ بۆ هێنانه‌ نێوی توخمی ئاڵبانیایی ژووروو (Gegh) بۆ نێو زمانی ستاندارد، که‌ به‌ ته‌واوی له‌ سه‌ر بنه‌مای زاراوه‌ی خوارووی زمانی ئاڵبانی واته‌ (Tosc) هه‌ڵنراوه‌. چه‌مکی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی ئه‌ڵبانیایی ستاندارد له‌وه‌تا هه‌ڵوه‌شانی کۆمۆنیزم له‌ به‌رایی 1990کاندا جێی مشتوومڕی به‌رده‌وام بووه‌.

به‌یاننامه‌که‌ له‌ گه‌ڵ شتی دیکه‌ دا ده‌ڵێ:

" ئیدیعای ئاوا ده‌کرێ که‌ له‌ فۆڕم پێدانی زمانی ستاندارد دا له‌هجه‌ی باکووری وه‌پشت گوێیان خراوه‌ و بێ عه‌داڵه‌تی له‌گه‌ڵ کراوه‌. ئێمه‌ لێره‌ دا به‌ ڕوونی ڕاده‌گه‌یێنین " عه‌داڵه‌ت" و "بێ عه‌داڵه‌تی" له‌ بواری دیکه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی دا بۆ پیاده‌ کردن ده‌بن ، نه‌ک له‌ دروست کردنی زمانه‌ ستاندارده‌کان دا." و له‌ سه‌ر ڕوونکردنه‌وکه‌یان به‌رده‌وام ده‌بن و ده‌ڵێن:
" ئه‌وانه‌ی لێره‌ دا باسی " عه‌داڵه‌ت " ده‌که‌ن پێیان وایه‌ ده‌بێ‌ گشت شێوه‌زاره‌ هه‌رێمی و ئه‌ده‌بییه‌کانی له‌هجه‌ی جیاواز که‌متازۆر به‌ شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی له‌ سازکردنی زمانی ستاندارد دا به‌شدار بن یان به‌ تۆبزی تێکه‌ڵ بکرێن و به‌شێوه‌یه‌کی ده‌ستکرد زمانی ستاندارد له‌ له‌هجه‌ی جیاواز ساز بکرێ . کارێکی ئه‌وتۆ سه‌باره‌ت به‌ هیچکام له‌ زمانه‌کانی دنیا نه‌کراوه‌، جا بۆیه‌ له‌ مه‌ڕ نموونه‌ی ئاڵبانیش کاری کرانێ نییه‌."

به‌ڕێز بویار دیبرا له‌ کۆتایی دا له‌ "Linguist" ده‌پرسێ: " پرسیاری من ئه‌وه‌یه‌ : داخودا ئه‌وه‌ ڕاسته‌‌ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی حه‌وڵ دان بۆ ستاندارد کردن یان زمانی ستاندارد بۆخۆی دا بیری "عه‌داڵه‌ت" بیرۆکه‌یه‌کی نه‌بان بێ‌ و شیاوی پیاده‌ کردن نه‌بێ؟"

Saturday, January 22, 2011

نوتقی جه‌نابی پێشه‌وا و ڕه‌ئیس جمهووری به‌رزی کوردستان


نوتقی جه‌نابی پێشه‌وا و ڕه‌ئیس جمهووری به‌رزی کوردستان
[به‌ بۆنه‌ی دووی ڕێبه‌ندان]

کوردستان مه‌وقه‌عییه‌تی جوغرافیاییه‌کی مه‌خسووسی هه‌یه‌ که‌ بێ پسانه‌وه‌ و بێ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ و میلله‌تێکی که‌ له‌ نێویاندا فاسیل و لێکیان بپچڕێته‌وه‌، کورد به‌ سه‌ریه‌که‌وه‌ و پێکه‌وه‌ سکوونه‌تیان تێیدا هه‌یه‌ و دارای مالیکییه‌تی میللین ده‌وێدا. به‌سه‌رهات و سه‌وابیقی تاریخییان یه‌که‌ و عوموومه‌ن تێیدا شه‌ریکن. خاوه‌نی ئاداب و عادات و ڕسوومی میللییه‌کی وان که‌ هیچ جۆره‌ سه‌ده‌مه‌ و حه‌وادسێک نه‌یتوانیوه‌ سستییه‌ک لە‌ بناغه‌ی میللییه‌تی ئه‌واندا په‌یدا بکا.
کورد له‌ قه‌دیم ڕا هه‌زاران پادشا و حوکمدار و ته‌شکیلاتیان بووه‌. هه‌ر له‌م کوردستانی ئازادی ئێستا دا بنه‌ماڵه‌ی ئومه‌رای موکری که‌ سه‌رسلسله‌ی ئه‌وان ئه‌میر سه‌یفودین بووه‌ تا (1020ی کۆچی) بئلئیستیقلال ئه‌میر سه‌یفودین، سارم به‌گ، شێخ حه‌یده‌ر،ئه‌میر به‌گ، ئه‌میر پاشا، تا ده‌گاته‌ قوباد خان به‌ ده‌سته‌ڵات و قودره‌ته‌وه‌ حکوومه‌تیان کردووه‌.
میلله‌تی ڕه‌شید و به‌ غیره‌تی کورد له‌ هه‌موو ده‌ور و زه‌مانێکدا هه‌ر که‌س خه‌یاڵی ئیستیلای نیشتمانی ئه‌وانی بووبێ به‌ره‌نگاری بوون و به‌ربه‌ره‌کانییان کردووه‌ و له‌ هیچ فیداکارییه‌ک ده‌ستیان دانه‌نه‌واندووه‌. له‌ پاش له‌ ده‌ستچوونی سه‌لته‌نه‌ت و حوکمداریشیان بۆ وه‌گیرخستنه‌وه‌ی ئیستیقلال و ئازادی قوربانیان داوه‌ و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌میشه‌ له‌ موباره‌زه‌ و مله‌ دا بوون هیچ جۆره‌ ئه‌زییه‌ت و ئازارێک نه‌ماوه‌ نه‌ی چێژن و نه‌ی بینن.
له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌موو کوێره‌وه‌ری و کوشتن و بڕینێکیان ته‌حه‌مول کردووه‌ و قه‌ت له‌ ئامانج و ئاره‌زووی خۆیان شل نه‌بوونه‌وه‌ و له‌ ڕێی وه‌ده‌ست خستنه‌وه‌ی ئازادیدا ووچانیان نه‌داوه‌، به‌ دڵێکی ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز و عه‌زمێکی هێنده‌ سابیته‌وه‌ تێکۆشاون تا ئێستا هێزێکی وا په‌یدا نه‌بووه‌ بتوانێ تێکڕا خه‌فه‌یان بکا، میره‌ کوێره‌یان کوشتووه‌ بابان سه‌ریان هه‌ڵداوه‌، بابانیان بێده‌نگ کردووه‌ ئه‌رده‌ڵان بڵیند بوون، ئه‌وانیان له‌ عه‌رزی داوه‌ بتلیسی به‌رز بوونه‌وه‌ و هه‌زاری دیکه‌ی وه‌ک ئه‌وان.
تا له‌ودواییانه‌ دا له‌ پاش شه‌ڕی به‌ینولمیله‌لی پێشووه‌وه‌ که‌ دیکتاتۆری ئێران و تورکیا هاتنه‌ سه‌ر کار و زمان و عادات و مه‌زهه‌ب و خسووسییاتی میللی کوردیان به‌ جارێک لاواز و کز و که‌نه‌فت کرد، له‌ هیچ وه‌حشییه‌ت و دڕنده‌ییه‌ک ڕانه‌وێستان، خوێندن و نووسینی زمانی کوردی مه‌منووع و پۆشینی لیباسمان قه‌ده‌غه‌ بوو.
نه‌یان ده‌هێشت له‌ هیچ جۆره‌ مه‌زایا و حقوقێکی به‌شه‌رییه‌ت به‌شمان ببێ، ڕێگای فێر بوونی عیلم و سه‌نعه‌تیان لێ بڕیبووینه‌وه‌. هه‌ر رۆژه‌ به‌ به‌هانه‌یه‌ک و هه‌ر ده‌مه‌ی به‌ ته‌شقه‌ڵه‌یه‌ک ده‌سته‌ ده‌سته‌ و پۆل پۆل کوردی هه‌ژارو به‌دبه‌ختیان حه‌بس و ته‌بعید ده‌کرد و ده‌یان کوشتن و له‌ به‌ینیان ده‌بردن، حاسڵ و ده‌سڕه‌نجی ئه‌و میلله‌ته‌ بێچاره‌یان ده‌برد بۆخۆیان و ئه‌وانیشیان برسی و تینوو ڕووت و قووت ده‌هێشته‌وه‌.
تا له‌ شه‌هریوه‌ری 1320 دا فریشته‌ی ئازادی ده‌زگای دیکتاتۆری و فاشیستی ڕه‌زاخانی تێک شکاند،کورد سه‌ری له‌و هه‌موو فشار و ئه‌زییه‌ته‌ که‌مێ فارغ بوو،فه‌وری ئیحساسی کرد چۆن ده‌بێ له‌ فورسه‌ت ئیستیفاده‌ بکات و ڕێگای سه‌لاح و وه‌ده‌ست خستنی ئازادیی ئه‌و میلله‌ته‌ چییه‌ و چ بکا؟ پیاوانێکی به‌ بیر و هۆش و به‌شه‌ره‌ف که‌ زۆر له‌ مێژ بوو خوێناوی دڵی خۆیان ده‌خوارده‌وه‌ و بۆ زه‌لیلی ئه‌و میلله‌ته‌ دووکه‌ڵ له‌ ده‌روونیان ده‌هاته‌ ده‌رێ زۆر زوو ته‌شخیسیان دا که‌ وه‌ختی کاره‌ و له‌و فورسه‌ته‌ ده‌بێ به‌هره‌ وه‌رگیرێ و ئه‌وه‌ ته‌واو ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ که‌ پشتاوپشتمان چاوه‌ڕوانی بوون. یه‌کجار و خێرا، بێوچان و ڕاوێستان، ده‌ستیان به‌ کار کرد، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانیان ته‌شکیل دا و به‌ ده‌ستوبرد خه‌ریکی کاروباری میللی بوون و به‌چاوێکی وورد و به‌دیققه‌ت ئیحتیاج و پێداویستی کوردیان ته‌شخیس و به‌دی کرد.
له‌ پێش هه‌موو شتێکدا ئیختیلافات و دووبه‌ره‌کانی عه‌شاییری که‌ به‌ ده‌سیسه‌ و حیله‌بازی ئیستیعمارچی و دیکتاتۆران بۆ ئیستیسمار و خواردن و کڕووساندنه‌وه‌ی ئه‌و میله‌ته‌، به‌ قه‌ولی خۆیان( تفرقه‌ بیانداز و حکومت کن ) ده‌به‌ینی خستبوون و تا ئه‌ندازه‌یه‌ک ئه‌و ئاوره‌ بڵێسه‌ی ساندبوو برای دایکوبابی له‌ یه‌ک ترازاندبوو به‌ کولی له‌ گۆڕێ هه‌ڵگیرا و نێوی عه‌شیره‌ت و ته‌وایف و هه‌رچی ئه‌سبابی ئه‌و نیفاق و پڕش و بڵاویه‌ بوو فڕێ درا و عوموومه‌ن له‌ ژێر ناوی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دا کۆبوونه‌وه‌ و یه‌ک دڵ و یه‌ک زمان تێکڕا به‌ره‌و ئامانجی ئازادی که‌وتنه‌ ڕێ.
زمانی زگ ماکمان که‌ له‌گه‌ڵ شیری دایک تێکه‌ڵی خوێن و گۆشتی ئێمه‌ بووه‌ له‌ زه‌مانی دیکتاتۆری دا سه‌خت قه‌ده‌غه‌کرابوو، زمانی فارسی به‌ زۆر ته‌حمیلی ئێمه‌ و منداڵه‌کانمان ده‌کرا و ئه‌و کاره‌ پتر سه‌به‌بی پاشکه‌وتنی کورد بوو، له‌ مه‌داریسدا ڕه‌سمییه‌تمان پێدا و خوێندن و ته‌حسیلمان به‌ سه‌بک و ته‌رتیبی دنیا خسته‌ سه‌رباری کوردی – چه‌ند مه‌دره‌سه‌ی کچان و کوڕانمان کرده‌وه‌،مه‌دره‌سه‌ی شه‌وانه‌مان داییر کرد و کتێب به‌ زمانی کوردی ته‌رجومه‌ کران.چه‌ند سه‌د کوڕ و کچ و پیاوی گه‌وره‌ له‌ مه‌داریسی شه‌وانه‌ و ڕۆژانه‌ به‌ زمانی کوردی ده‌خوێنن له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی شه‌ش حه‌وت ساڵ خه‌ریکی خوێندن و فێربوونی فارسی بن له‌ مانگێک و دوو مانگدا ده‌بنه‌ خوێنده‌وار و هه‌موو شتێک ده‌خوێننه‌وه‌ و ده‌نووسن. بۆ ناساندنی لیاقه‌تی میلی و وه‌ده‌رخستنی حه‌یاتی ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی کورد و بۆ ڕاگه‌یاندنی هاواری خۆمان به‌ گوێی دنیای به‌شه‌رییه‌ت و عه‌داڵه‌ت موحتاجی وه‌سیله‌ی چاپ و بڵاو کردنه‌وه‌ بووین.چاپخانه‌ی زۆر چاک ته‌ئسیس کرا و دامه‌زرا، له‌ شاری خۆماندا، به‌ زمانی خۆمان به‌ چاپخانه‌ی خۆمان گۆوار و ڕۆژنامه‌ ده‌رده‌چێ و بیر و فکر و داخوازی ئێمه‌ له‌ دنیا دا بڵاو ده‌کاته‌وه‌.
حاسڵ و به‌روبووی ئێمه‌ که‌ میقدارێکی زۆر و زه‌وه‌ند و به‌ قیمه‌ت بوو به‌ فیڕۆیی له‌ ده‌ستیان ده‌ر ده‌هێناین و ده‌ستی ئیستیعمار سه‌دێکی له‌ پێش ئێمه‌ و بازاری دنیا دروست کرد بوو، ڕێگای حه‌لمان دییه‌وه‌ و ته‌جاره‌ت و ئیقتیسادییاتی کوردستان زۆر باش ته‌ئمین کرا.
له‌ زه‌مانی دیکتاتۆریدا که‌ هه‌موو عه‌وارزێکیان لێ ده‌ساندین که‌م و زۆر وه‌سیله‌ی له‌ش ساغی و موعاله‌جه‌، نه‌ حه‌کیم، نه‌ دەر‌مان، نه‌ مه‌ریزخانه‌یان بۆ ساز نه‌کردین،ئێمه‌ بۆخۆمان مه‌ریزخانه‌ی زۆر باش به‌و زووانه‌ داییر ده‌که‌ین و له‌ش ساغی ووڵاتمان ته‌ئمین ده‌بێ. هێزێکی میللی مان ته‌شکیل داوه‌ که‌ به‌ شه‌جاعه‌تێکی ته‌واو حازره‌ دیفاع له‌ نیشتمان بکا.
دیاره‌ موه‌فه‌قییه‌تی ئێمه‌ سه‌راسه‌ر له‌ عه‌ینی مه‌ڕامی دێمۆکڕاسی و له‌ نه‌تیجه‌ی فه‌عالییه‌تی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و پشتیوانی عاله‌می دێمۆکڕاته‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ به‌ دڵ و به‌ناو ده‌ڵێین: بژی موئه‌سیسینی دێمۆکڕات.
میلله‌تی کورد هه‌زاران سه‌د و به‌رهه‌ڵستی سه‌خت و سه‌هه‌نده‌ی له‌ ڕێدا بوو. ده‌سته‌ و دایه‌ره‌ی دیکتاتۆری بێ ووچان کارشکێنی ئێمه‌یان ده‌کرد و له‌ هیچ نامه‌ردییه‌ک ڕانه‌ده‌وه‌ستان.ئیجتیلافاتی عه‌شاییر بۆ داخڵیش ئیشکاڵێکی گه‌وره‌ بوو بۆ ئێمه‌.ئه‌مما ئه‌وانه‌ هێچ کامێکیان نه‌یان توانی پێش به‌ ئێمه‌ بگرن، به‌ دڵێکی به‌هێز پایه‌داریمان کرد و ئیدامه‌مان به‌ فه‌عالییه‌تی خۆمان دا تا ئیستیقلال و ئازادی نه‌ته‌وه‌ی کوردمان به‌ ده‌ست هێنا.
دیاره‌ به‌قایایه‌کی ئه‌و خه‌ته‌راته‌ش که‌ ماوه‌ چ له‌ داخڵدا و چ له‌ خارجدا میله‌تی کورد موباره‌زه‌ی خۆی له‌ گه‌ڵیان ئیدامه‌ پێ ده‌دا و به‌ پشتیوانی خودا موزه‌فه‌ر و مه‌نسوور ده‌بێ.
ئه‌و ڕۆ له‌ نمایه‌نده‌کانی ته‌واوی نه‌واحی و نوقاتی کوردستان بێ ڕعایه‌تی ته‌به‌قات ئه‌عه‌م له‌ ئاغا و ڕه‌عێت و گه‌وره‌ و چووک کۆ بوونه‌وه‌ و یه‌ک دڵ و یه‌ک زمان هاواری دێمۆکڕاسی ده‌که‌ن و به‌ ڕێی دێمۆكڕات دا ده‌ڕۆن ، قودره‌ت و قوه‌تی دێمۆکڕات نیشان ده‌دا.
*******
پاش ته‌واو بوومی نوتقی جه‌نابی پێشه‌وا له‌ تریبوون هات بێته‌ خوارێ عه‌بدول که‌رباسی (عه‌بدول ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ ڕۆژی هه‌ڵکردنی ئاڵا گایه‌کی به‌ سه‌د تمه‌ن کڕی و له‌ به‌رامبه‌ری ئاڵا دا کردی به‌ قوربانی) که‌ به‌ ئه‌سله‌حه‌وه‌ له‌ پشت تریبوون ڕاوه‌ستابوو شانی دانواند که‌ جه‌نابی پێشه‌وا پێ له‌ سه‌ر شانی دانێ و بێته‌ خوارێ به‌ڵا له‌ به‌ر خووی ته‌وازوع که‌ له‌ ڕه‌وشتی مومتازی پێشه‌وای به‌رزه‌ قوبووڵی نه‌فه‌رموو و بۆخۆی هاته‌ خوارێ. له‌م کاته‌ دا ته‌واوی عه‌شاییر و خه‌ڵکی شاری هوروژمیان هێنا و هه‌موو ده‌ستیان ماچ کرد و به‌یعه‌تیان ده‌گه‌ڵ کرد، به‌ جۆرێ خه‌ڵک ده‌وره‌یان گرتبوو که‌ ماوه‌ی ساتێک نه‌ده‌بیندرا که‌ جه‌نابی پێشه‌وا له‌ کوێیه‌ و له‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژ مه‌راسیمی به‌یعه‌ت بێ ووچان ده‌وامی بوو.

سه‌رچاوه‌:جێژنی سه‌ربه‌خۆیی و ئیستیقلالی کوردستان یا دره‌وشینی ئه‌ستێره‌ی خۆشبه‌ختی کوردان
کۆکه‌ره‌وه‌: سه‌یید محه‌مه‌دی حه‌میدی
ڕۆژنامه‌ی کوردستان، ژماره‌ی 10، دووشه‌مۆ 15ی ڕێبه‌ندان و ژماره‌ی 11،چوارشه‌مۆ 17ی ڕێبه‌ندانی
1324ی هه‌تاوی / 4 و 6ی فێورییه‌ی 1946ی زایینی.
وێنه‌، له‌ کتێبی: "كوردستان له‌ سێبه‌ری مێژووو دا " وه‌رگیراوه‌، ئه‌ویش له‌ ویلیام ئیگلتن ی کوڕی وه‌رگرتووه‌.

Friday, January 14, 2011

سەفەری دەستەی نوێنەرایەتی ئازەربایجان و کوردستان بۆ تاران


سەفەری دەستەی نوێنەرایەتی ئازەربایجان و کوردستان بۆ تاران
بۆ وتووێژی لەگەڵ دەوڵەتی نێوەندی و کابینەی ئەحمەدی قەوامولسەلتەنە
یەکشەمۆ ٨ی بانەمەڕی ١٣٢٥ی هەتاوی/ ٢٨ی ئاوریلی 1946ی زایینی

حەسەنی قازی

کۆماری کوردستان و حکوومه‌تی نیشتمانی ئازه‌ربایجان له‌ ڕۆژی سێشه‌مۆ 3ی بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی په‌یمانی " یه‌که‌تی و برایه‌تی حکومه‌تی ملی کوردستان و آذربایجان" یان واژۆ کردووه‌. به‌ دوای ئه‌وه‌ دا قازی محه‌مه‌د چه‌ندین ڕۆژ له‌ ته‌ورێز ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ ڕێوڕه‌سمی کرانه‌وه‌ی ڕادیوی ده‌نگی ئازه‌ربایجان دا به‌شداری کردووه‌ و هه‌ر وه‌ها له‌ گه‌ڵ میرجه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری ڕێبه‌ری فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان و سه‌رۆک وه‌زیری حکوومه‌تی نیشتمانی ئازه‌ربایجان مانۆری هێزی فیداییان له‌ شاگۆلی ته‌ورێز به‌ سه‌ر کردووه‌ته‌وه‌.له‌ کاتی سه‌فه‌ری میرجه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری سه‌رۆکوه‌زیری حکوومه‌تی نیشتمانی ئازه‌ربایجان و ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئازه‌ربایجان و کوردستان بۆ تاران، پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی ته‌ورێز پیشه‌وه‌ری و هاوڕییانی به‌ڕێ کردووه‌. به‌ پێی نووسراوه‌یه‌ک ‌ له‌ ژێر سه‌رنووسی " طیاره‌ میدانیندا " ‌که‌ له‌ ژماره‌ی 185ی ڕۆژنامه‌ی آذربایجان ئۆرگانی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان دا بڵاو بووه‌ته‌وه‌ (دووشه‌مۆ 9-ی بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی/ 29-ی ئاوریلی 1946)له‌و ڕێوڕه‌سمه‌ دا هه‌م پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و هه‌م میرجه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری سه‌رۆکوه‌زیری ئازه‌ربایجان قسه‌یان کردووه‌. ڕۆژنامه‌ی ئازه‌ربایجان ووته‌کانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دی به‌م شێوه‌یه‌ بڵاو کردووه‌ته‌وه‌:

.... دوایه‌ ئاغای شه‌بوسته‌ری ڕایگه‌یاند: ده‌رفه‌تی قسه‌ کردن ده‌درێ به‌ ڕێبه‌ری گه‌وره‌ و پێشه‌وای برا کورده‌کانمان جه‌نابی قازی محه‌مه‌د. ئاغای قازی محه‌مه‌د ده‌ناو چه‌پله‌و هه‌ر بژی ئاماده‌بوان دا ده‌ستی به‌ قسه‌کانی کرد و
گوتی: "ئه‌من زۆر به‌ داخه‌وه‌م له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی ئازه‌ربایجانی باش نازانم، له‌و هه‌لومه‌رجه‌ ناسکه‌ دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م نییه‌ به‌و زمانه‌ بۆچوونه‌کانم بڵێم. ئێستا که‌ جه‌نابی ئاغای پیشه‌وه‌ری به‌ نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ربایجان ده‌چێته‌ تارانێ، پێمخۆشه‌ بێڵم‌ به‌ڕێزیان هه‌ر نوێنه‌ری گه‌لی ئازه‌ربایجان نییه‌ به‌ڵکوو نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ی کوردیشه‌( چه‌پڵه‌ لێدان و هوریا کێشان). ئه‌مڕۆ گه‌لی ئازه‌ربایجان و گه‌لی کورد له‌ نێو خۆیاندا یه‌که‌تییه‌کی پته‌ویان دامه‌زراوندووه‌ و ئه‌و یه‌که‌تییه‌ ده‌رفه‌تیان پێ ده‌دا به‌ لێوه‌شاوییه‌وه‌ به‌رگری له‌ مافی یه‌کتری بکه‌ن. له‌و پێوه‌ندییه‌ دا ئێمه‌ش له‌ گه‌ڵ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد دوو نوێنه‌ر ئاغای محه‌مه‌دحوسێن خانی سه‌یفی قازی و ئاغای سه‌دری قازی ده‌نێرینه‌ تارانێ. ئه‌و نوێنه‌رانه‌ له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ ده‌چنه‌ ئه‌وێ و نه‌ته‌وه‌که‌مان داوخوازی به‌رپرسیاره‌تییان لێ ده‌کا. ئه‌وان ده‌بێ به‌ شێوه‌یه‌ک بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئێره‌ که‌ هه‌م ڕێز و حورمه‌تی میله‌ت به‌ره‌و لای خۆیان ڕاکێشن و هه‌م له‌ مێژووش دا نێوێکی گه‌وره‌ بۆ خۆیان وه‌ده‌ست بهێنن. ئه‌من له‌ به‌ر که‌می کات کۆتایی ده‌هێنم به‌ قسه‌کانم و داواتان لێده‌که‌م به‌سڵامه‌تی نوێنه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌کانمان له‌ هوڕا ده‌ن . - ده‌نگی هوڕا و چه‌پله‌ و به‌شینه‌وه‌ی به‌ هه‌زاران ده‌سته‌ گوڵ
میر جه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری له‌و ڕێوڕه‌سمه‌ دا وه‌ک دوایین که‌س قسه‌ی کردووه‌ و له‌ به‌شی کۆتایی ووتاره‌که‌ی دا
ده‌ڵێ: " بابه‌تێکی دیکه‌ی گرینگیش هه‌یه‌ که‌ له‌ ڕوانگه‌ی ده‌سته‌به‌ری بناغه‌ی ئازادییه‌که‌مان، ئابووری، بیروڕا و ئیده‌ئاله‌وه‌ و له‌و ڕێبازانه‌‌ دا یه‌کێک له‌ مه‌سه‌له‌ هه‌ره‌ گرینگه‌کانی ئێمه‌یه‌. ئه‌ویش بریتییه‌ له‌و یه‌که‌تی و یه‌کایه‌تییه‌ی وا‌ له‌ نێوان ئێمه‌ و برا کورده‌کانماندا هه‌یه‌. هه‌تاکوو ئێستا سیاسه‌تی کۆنه‌په‌رستانه‌ هه‌وڵیان ده‌دا‌ دووبه‌ره‌کی بخه‌نه‌ ناو ئه‌و دوو میله‌ته‌ نه‌جیبه‌، ئیدی ئه‌و دووبه‌ره‌کییه‌ نه‌ماوه، برایانی کوردمان به‌ سه‌رنێزه‌کانی خۆیان سنووره‌کانی ئێمه‌ ده‌پارێزن و ئێمه‌ش سنووره‌کانی ئه‌وان ده‌پارێزین. ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ بژین و بمێننه‌وه‌، ده‌بێ یه‌ک بگرن.بنچینه‌ی سه‌رکه‌وتنی ئێمه‌ به‌ یه‌که‌تی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌.ئاغای محه‌مه‌دی قازی پێشه‌وای گه‌لی کورد ئێستا یه‌ک له‌ بڵیمه‌ته‌کانی ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاته‌، به‌ڕێزیشیان له‌و ڕاستییه‌ تێگه‌یشتوون.ئێمه‌ له‌ داهاتوو دا ده‌ست له‌ ده‌ستی یه‌کتری دا نه‌ته‌وه‌ی کورد و گه‌لی ئازه‌ربایجان که‌ به‌ساڵان سووکایه‌تیان پێ کراوه‌ و چه‌وسێندراونه‌ته‌وه‌ به‌ ته‌واوی ئازاد ده‌که‌ین ( چه‌پڵه‌ لێدان و هوریا کێشان)
بژی گه‌لی ئازه‌ربایجان !
بژی ئازادی ! - چه‌پڵه‌ لێدان و به‌شینه‌وه‌ی ده‌سته‌ گوڵ





Friday, January 7, 2011

دەستەی نوێنەرایەتی کوردستان لە تەورێزێ بۆ بەڕێکردنی ئەڕتەشی سوور



بەشداری دەستەی نوێنەرایەتی کۆماری کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە ڕێو ڕەسمی بەڕێ کردنی لەشکری سوور لە تەورێزێ.

حەسەنی قازی

بە پێی ڕێکەوتن و بەیاننامەی هاوبەشی سادچیکۆف سەفیری شووڕەوی لە ئێران و ئەحمەدی قەواموسەلتەنە سەرەۆکوەزیری ئێران کە لە ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٢٥ی هەتاوی ( ٤ی ئاوریلی ١٩٤٦) لە نێوانیان دا ئیمزا کرا، لە گەڵ شتی دیکە دەبوو ئەڕتەشی سوور لە ماوەی ٤٥ ڕۆژان دا خاکی "ئێران" بە جێ بهێڵێ. وەک زیائەدینی ئەلەمووتی لە کتێبی "فصولی از تاریخ مبارازات سیاسی و اجتماعی ایران و جنبشهای چپ. شرکت انتشارات چاپخش،١٣٧٠"دا دەنووسێ:" دوایین بەشی ئەو ئەڕتەشە لە ١٥ی بانەمەڕی ١٣٢٥ی هەتاوی (٥ی مانگی مەی ١٩٤٦) لە تەورێزێ وەرێکەوتن ". به‌ر له‌وه‌ی که‌ دوایین به‌شه‌کانی ئه‌ڕته‌شی سوور خاکی ئازه‌ربایجان به‌ جێ بهێڵن به‌پێی نووسراوه‌یه‌کی ڕۆژنامه‌ی آذربایجان ( ژماره‌ی 186، 10ی بانه‌مه‌ڕی 1325/30 ئاوریلی 1946 دەستەڵاتدارانی حکوومەتی نیشتمانی ئازەربایجان له‌ ڕۆژی 7ی بانه‌مه‌ڕی 1325 ( 27ی ئاوریلی 1946) میواندارییەکی گەورە ساز دەکەن و بە شێوەی ڕەسمی بەڕێیان دەکەن.
دەستەیەکی نوێنەرایەتی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی سەیید محەمەدی تەهازادە معاونی سەرۆکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و سەدیقی حەیدەری مودیری کوللی ئینتیشارات و تەبلیغاتی کوردستان لە گەڵ پەلێک پێشمەرگە دەچنە تەورێزێ و لەلایەن کۆماری کوردستانەوە لەو ڕێو ڕەسمە دا بەشداری دەکەن.
لە ژمارەی ٢٠٣ ڕۆژنامەی آذربایجان دا ( یەکشەمۆ ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٢٥) وێنەی سەید محەمەدی تەهازادە لە جلو بەرگی نیزامی و بە دەرەجەی سەرپۆلی ٢ [ ئەندامانی کۆمیتەی نێوەندی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، کاتێک بەرگی نیزامییان دەبەر کردووە دەرەجەیان سەرپۆلی ٢ بووە] و سەدیقی حەیدەری دەبینین لەوحەیەکیان بە دەستەوەیە کە وێنەی چەندین کەسایەتی نیزامی شووڕەوی لە سەر هەڵکەندراوە. لە بن ئەو وێنەیە نووسراوە." نموونەیەک لەو دییاریانەی کە دراوە بە ئەڕتەشی سوور". لە ژمارەی ٢٠٤ی آذربایجان دا (سێشەمۆ ٣١ی بانەمەڕی ١٣٢٥ی هەتاوی) وێنەی پۆلێک پێشمەرگەی کورد کە لەو ڕێو ڕەسمە دا بەشدارییان کردووە بڵاو کراوەتەوە و لە بنی نووسراوە : " لە دەستە چەکدارەکانی گەلی قارەمانی کورد".
ماڵپەڕی " Critical Past LLC " کە ماڵپەڕێکئ ئەمریکاییە لە ساڵی ٢٠١٠ فیلمێکی بەڵگەیی ٧ دەقیقەیی ڕووسی بڵاو کردووەتەوە کە کشانەوەی ئەڕتەشی سوور لە هێندێک لە شارەکانی ئازەربایجان و هێندێک ناوچەی کوردستان نیشان دەدا. لەو فیلمە دا چەند دیمەن لە و دیمەنانەی کە لە ڕۆژنامەی ئازەربایجان دا بڵاو کراوەتەوە دەبینین لە گەڵ وێنەی کەشەفێکی زێو کە بە نیشانەی سپاس و پێزانی لە لایەن حیزبی دێمۆكراتی کوردستانەوە پێشکێش بە فەرماندەرانی لەشکری سوور کراوە. لە سەر ئەو کەشەفە زێوە بە کوردی و بە ڕووسی ئەم ووتانە هەڵکەندراوە:
" چونکە لە مانەوەی لەشکری سور لە کوردستاندا گەلی کورد لە آکار و پیاوەتی وان زۆر مەمنونە. ئەورۆ کە دەرونەوە ئەوا ئەو دیاریە بۆ بیرەوەری لە لایەن حزب دمکرات کوردستانەوە [ پێشکێش دەکرێ].بەداخەوە لە بەر ئەوەی لە فیلمەکەدا ئەو دیمەنە گشتی دەر ناکەوێ لە وانه‌یە ئەوە هەر بەشێک بێ لە دەقە کوردییەکە.
جێی ئاماژەیە لە دەقی ڕووسی ئەو فیلمە دا بە ڕوونی باسی بەشداری دەستەی نوێنەرایەتی کوردستان لەو ڕێوڕەسمە دا کراوە.ئەم وێنە مێژوویانە برگەیەکی دیکە لە مێژووی کۆماری کوردستانمان بۆ ڕوون دەکەنەوە. لە خوارەوە کۆپی وێنەکانی ڕۆژنامەی آذربایجان و کریتیکاڵ پاست ئێل ئێل سی دەبینن .