Context The Moscow Times
Arts &Ideas
پیاوی ئێمه له ئێران
ئالێکساندر ئیاس که ناردرابووه سه‌ر سنووره‌کانی ئێمپراتۆری ڕووسییه
گه‌مه‌ی گه‌وره‌ی به چاوی خۆی دی و له نزیکه‌وه شاهیدی بوو. ئێستا
به‌ڵگه نایابه‌کانی وی سه‌باره‌ت به سیاسه‌ته‌کانی شایانه له به‌راییه‌کانی
سه‌ده‌ی بیسته‌م دا دیسان دۆزراونه‌ته‌وه.
SAQI BOOKS
نووسینی دان شی
له 11ی ئووتی 2006 بڵاو کراوه‌ته‌وه
وه‌رگێڕ : حه‌سه‌نی قازی
کاتێک کاری جان چالێنکۆ ڕیگه‌ی وی خسته ئێرانێ ، دوایین شت له مێشکی وی‌دا خاڵێک بوو که سه‌ره بڕاوه‌که‌ی خرا بووه پێش ڕیزی ئه‌ڕته‌شێکی تاڵانکه‌ره‌وه.
به‌ڵام ئه‌و چیرۆکانه‌ی به منداڵی له کاتی خه‌وتنان باوکی بۆی گێڕابووه‌وه سه‌باره‌ت به خزمێکی خه‌یاڵی جارێکی دیکه زیندووبوونه‌وه کاتێک چالێنکۆ تێلێگرامێکی ساڵی 1903ی دۆزییه‌وه که له‌لایه‌ن خاڵه گه‌وره‌که‌ی ، ئه‌فسه‌رێکی ئه‌ڕته‌شی قه‌یسه‌ر نیکۆڵای دوویه‌مه‌وه ناردرابوو، ئه‌وه یارمه‌تی دا بۆ ئه‌وه‌ی فه‌سڵێکی شاراوه‌ی مێژووی بنه‌ماڵه‌ی خۆی ساخ کاته‌وه.
ئێستا ، چالێنکۆ – که پسپۆڕی زه‌ویناسی بووله‌رزه‌یه و له له‌نده‌ن داده‌نیشێ و له تۆرمه‌ی ئه‌و موهاجیرانهیه که دوای شۆڕشی ڕووسییه هه‌ڵاتوون - باسی ئه‌و چیرۆکه ده‌گێڕێته‌وه له کتێبێک دا سه‌باره‌ت به خاڵه گه‌وره‌که‌ی ، ئالێکساندر ئیاس که به‌و زووانه بڵاو ده‌بێته‌وه.
ئه‌و کتێبه له سه‌ر بناوانی چه‌ندین ڕاپۆرت و وێنه‌ی که پێشتر بڵاو نه‌کراونه‌ته‌وه گرده‌وه‌کۆیی کراوه ، ئه‌فسه‌رێکی پر به هه‌ست و دڵپاک وێنا ده‌کا که‌له نێو گۆیا " گه‌مه‌ی گه‌وره" دا گیری کردووه ، خه‌باتی ئیمپریالیستی له نێوان ڕووسییه و بریتانیا بۆ کۆنترۆڵی ئاسیای نێوه‌ندی.
ئیاس ، که زمانناسێکی فه‌نلاندی بوو، له ساڵی 1901 دا ناردرا بۆ پۆستی ئێرانی له توربه‌ت و ئه‌رکی پێ ئه‌سپێردرا بۆ کۆنترۆڵی ئه‌و کاروانانه‌ی ڕاده‌بردن نه‌وه‌ک نیشانه‌ی نه‌خۆشی تاعوونیان پێوه بێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بریتانیاییه‌کان دڕدۆنگی ئه‌ویان لێده‌کرد جاسووسیان به‌سه‌ره‌وه بکا. به‌ڵام ئالێکساندر جاسووس بووبێ یان نه‌بووبێ ، له ماوه‌ی بوون و مانه‌وه‌ی له ئێران‌دا چاوی بڕیبووه سه‌ر وردیله‌ی هه‌ره نه‌بیندراویش: ئه‌و له گه‌ڵ خۆی دووربینێکی نوێ مۆدێلی کۆداکی پانۆرامی هێنابوو ، و جگه له وێنه‌گرتنی ژنانی لادێی ، کاروانی وشتران و خزمه‌تکاران که له ده‌ور وبه‌ری ژیانی دابوون ، گوزارشتی زۆر به وردهڕیشالی ده‌نارد بۆ سه‌نت پێترزبوورگ.
یه‌ک له‌و گوزاریشتانه بوو که کارێکی وای کرد چالێنکۆ ئه‌و پیاوه بناسێته‌وه که باوکی وه‌کوو " خاڵه ئالێکس" باسی بۆ کرد بوو.
دوای ئه‌وه‌ی بووله‌رزه‌یه‌ک له ساڵی 1903 ئێرانی هه‌ژاند، ئیاس له سه‌ر ئه‌و ڕووداوه گوزارشتێکی نووسی بۆ باڵاده‌ستانی خۆی له پێته‌ختی ڕووسییه. بریتانیاییه‌کان ئه‌و تێلگرامهیان ده‌ست که‌وت ، و ناردیان بۆ له‌نده‌ن.
شێست و پێنج ساڵ دواتر، چالێنکۆ له هه‌رێمه‌که له بووله‌رزه‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌کۆڵییه‌وه. دوای سه‌فه‌رێک بۆ ئێران ، کاتێک به نێو ئه‌و نووسینانه دا ده‌گه‌ڕا سه‌باره‌ت به چالاکییه‌کانی بناخه‌ی زه‌وی له ئارشیوه‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له له‌نده‌ن گوزارشته‌که‌ی ئیاسی دیته‌وه. بابی چالێنکۆ قه‌ت زۆری باسی بنه‌ماڵه‌ی خۆی بۆ نه‌کردبوو، بۆیه ناوی ئالێکساندر ئیاس چی بۆ ئه‌و زانایه نه‌ده‌درکاند. به‌ڵام ورده ڕیشاڵی و دروستی ئه‌و تێلێگرامه - که به وردی نێوی شوێن و ژماره‌ی خه‌ساره‌کانی تێدا هاتبوو – به مێشکییه‌وه نووسا و له زه‌ینی ده‌رنه‌چوو.
بووله‌رزه‌یه‌کی دیکه له ساڵی 1973 جارێکی دیکه ڕێگه‌ی چالێنکۆی خسته‌وه ئێرانێ ، ئه‌و جار نزیک سنووری ترکییه . چالێنکۆ له کاتێکدا خه‌رێک بوو گوزارشتی له مه‌ڕ بوولهرزهکانی پێشووی له هه‌رێمه‌که دا ده‌خوێندوه، بڕاوه‌ی ڕۆژنامه یه‌کی دیته‌وه سه‌باره‌ت به مه‌رگی ئیاس له ساڵی 1914 دا ، که ئه‌و ده‌می کۆنسوولی ڕووسییه بووه له شاری دراوسێ ساوجبولاغ. ده‌سته‌یه‌ک له کوردانی عوسمانی سه‌ری ئیاس یان بڕیبوو ، سه‌ره‌که‌ی له لایه‌ن بکوژانییه‌وه به دارێکه‌وه کرا بوو و بۆ ته‌ماشا داندرابوو.
چالێنکۆ ده‌ستبه‌جێ زانی که ئه‌و کۆنسووله خاڵه ئالێکسێتی .
چاڵێنکۆ حه‌وتووی ڕابردوو ، به ته‌له‌فۆن له پاریسه‌وه گوتی " ته‌نێ هه‌ر سه‌ریان نه‌بڕیبوو ، به‌ڵکوو به دارێکه‌وه کرابوو و خرابووه پێش ڕیزی ئه‌ڕته‌شێکی په‌لامارده‌ر." من دووم له گه‌ڵ دوو کۆ کرده‌وه و ته‌له‌فونم کرد بۆ بابم له به‌یرووت " .
بابی چالێنکۆ ، کۆنینه ناسێکی دانیشتووی لوبنان ، له به‌ر شه‌ڕی نێوخۆیی که ئه‌و وڵاته‌ی داگرتبوو ئه‌و ده‌می ده‌ستی وێ ڕانه‌ده‌گه‌یشت ، بۆیه چالێنکۆ ته‌له‌فونی کرد بۆ خزمه‌کانی بابی له هێلسینکی. ئه‌وان پشتراستیان کرده‌وه که ئیاس و خاڵه ئالێکس له ڕاستیدا یه‌ک که‌سن و گورج پرێسکهیهکیان بۆ نارد که شته‌کانی کۆنسوولی تێدا بوو و
" زۆریان پێ خۆش بوو هه‌تا زووه له کۆڵی خۆیانی که‌نه‌وه". له‌و پرێسکه گهردگرتووو ده‌ناو شاسیما و مێداڵهکاندا 300 نێگاتیڤی وێنه‌ش هه‌بوو. ئه‌وانه بوون به مۆره‌غه پشتی کتێبه‌که‌ی چالێنکۆ، " وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دوایی، ئێران به چاوی دووربینێکی ڕووسییه‌وه 1901 – 1914."
نێگاتیڤه‌کان به باشی پارێزرابوون . دوای سێ حه‌وتوو له مه‌رگی ئیاس له ساوجبولاغ
[میاندواو – وه‌رگێڕ ] ، ئه‌وان له ته‌رمی سه‌ربازێکی ترک دا دۆزرابوونه‌وه که له شه‌ڕی گێرانی پێته‌ختی هه‌رێمی ، ته‌ورێز دا کووژرابوو.
ڕه‌نگه هه‌لومه‌رج و چلۆنایه‌تی مه‌رگی ئیاس قه‌ت به وردی ڕوون نه‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاشکراو لێبڕاوه ئه‌وه‌یه که عه‌سکه‌ره ترکه عوسمانییه‌کان ، به هاوکاری جه‌نگاوه‌رانی کورد له دیسامبری 1914 دا ساوجبولاغیان گرت . دوای ماوه‌یه‌کی کورت ، ئیاس سه‌ربڕا.
چالێنکۆ پێیوایه که بکوژهرهکان به‌رله هێرش بۆ سهرساوجبولاغ که به مه‌رگی وی ته‌واو بوو سه‌روکاریان له گه‌ڵ ئیاس هه‌بووه. له مانگی ئووتی 1913 دا، ئیاس وێنه‌ی سه‌رۆکی عه‌شیره‌تی پیرانی هه‌ڵگرتبوو که زۆر په‌شێو دیاره له گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک له پیاوانی کوردی مه‌نگوڕ که له پشت سه‌رییه‌وه ڕاوه‌ستاون. ئه‌و دوو عه‌شیره‌ته کێشه‌یان ده نێو دا هه‌بووه ، و ئیاس ئاشتی کردبوونه‌وه. گه‌لۆ ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه ، که له به‌ر دووربینی ئیاس دا مۆن و به په‌شێوی ده‌رکه‌وتوون ، له که‌سێک که ئه‌وه‌نده‌یان باوه‌ر پێکردووه وه‌کوو ناوبژیوانیان بێ هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه و کوشتوویانه ؟
دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌یه ، چالێنکۆ و وهرگێڕهێک به ته‌واوی لێیان ڕوون نه‌بووه که نێوی سه‌رۆک عه‌شیره‌تی مه‌نگوڕ چۆن ده‌نووسرێ ( دوایه ده‌رده‌که‌وێ باییز پاشای مه‌نگوڕه ).
هه‌ر وا به شۆخی ، و به تووڕه‌یی چاڵێنکۆ له گووگل دا به دوای نێوی " مه‌نگوڕ" دا ده‌گه‌ڕێ و ماڵپه‌ڕی فه‌رمی عه‌شیره‌ته‌که ده‌بینێته‌وه.
ئه‌و توانی کوڕه نه‌تیجه‌ی باییز [ باییزپاشا ] ببینێته‌وه ، که له تاراوگه‌ی له‌نده‌ن له گه‌ڵ کچه‌کانی ده‌ژی ، که یه‌کیان دوکتور و ئه‌ویدیکه‌یان ده‌روونناسه. چالێنکۆ و نه‌وه‌ی مه‌نگوڕ
- که هه‌ر دووکیان له نیشتمانی باو و باپیرانی خۆیان هه‌ڵکه‌ندراون – له قاوه‌خانه‌یه‌کی له‌نده‌ن چاویان به یه‌کتری ده‌که‌وێ.
چالێنکۆ سه‌باره‌ت به‌و دیداره ده‌ڵێ " من پێم گوت " ئێوه به‌شداریتان کرد له سه‌ربڕینی خاڵه گه‌وره‌م دا " ، " ده‌بێ له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه به‌لایه‌کدا بخه‌ین "
به‌ڵام ئاشتبوونه‌وه له گه‌ڵ دوژمنانی کۆنینه و له خوێنی ڕژاو خۆش بوون زۆر هاسانتر بوو بۆ چالێنکۆ به به‌راورد کردن له‌گه‌ڵ ده‌رفه‌تی ده‌ستڕاگه‌یشتن به ئارشیوه‌کانی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسییه. کاتێک چالێنکۆ له ساڵی 2002 حه‌ولی دا فایله‌کانی سه‌باره‌ت به خزمه‌که‌ی له‌و وه‌زاره‌تخانه‌یه بدۆزێته‌وه، سه‌ری له دیوارێکی خشت که‌وت.
وڵامه‌که ئه‌وه‌بوو : " که‌س پێی خۆش نییه ئه‌وه هه‌بێ ". کاتێک چالێنکۆ باسی تێلێگرامه‌کانی ئیاسی کرد که له په‌راوێزه‌کانی کتێبی مکاییل لازارۆڤ " دۆزی کورد (1891-1917 ) دا ئاماژه‌یان پێکراوه، جا ئه‌و جار وه‌زاره‌تخانه ڕیگه‌ی دا ته‌ماشای ئارشیوه‌کان بکا.
کاتێک چالێنکۆ گوزارشته‌کانی خوێنده‌وه ، بۆی ده‌رکه‌وت کۆنسوول له‌وه نه‌ترساوه هه‌ڵوێستی خۆی به دژی سیاسه‌تی ببڕه و بسووتێنهی ئه‌مپریالیزمی ڕووسه‌کان ده‌رببڕێ.
ئه‌گه‌رچی ڕووسییه هاوپه‌یمانی ئێران بوو ، به‌ڵام ئیاس په‌سنی توانایی دوژمنه ترکه‌کانی ئه‌وانی ده‌دا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی سنوور: " له‌وه‌تا پاشه‌کشه‌ی ترکه‌کان ، ئه‌و نه‌زمه‌ی ئه‌وان دایانمه‌زراندبوو بزر بووه ، و جێگه‌ی به خه‌سله‌تی ئاسایی هه‌ر ئیداره‌یه‌کی ئێرانی پڕبووه‌ته‌وه که بریتی یه له : سستی ، خه‌مساری ، گه‌وجی و ده‌سته‌وه‌ستانی."
خزمخزمێن _ و به تایبه‌تی دانانی ڕێبه‌ڕێکی گه‌نده‌ڵی ، سه‌ر بهڕووسییهی له گوێن شوجاعوده‌وله وه‌کوو حاکمی گشتی ئازه‌ربایجان _ تێغێکی دیکه بوو له که‌له‌که‌ی ئیاس دا. ئه‌و له گوزارشتیکدا بۆ باڵاده‌سته‌کانی له ژوئه‌نی 1913 وشداری دانێ نه‌هێڵن دراو بکه‌وێته " ده‌ستی چڵێسی شوجاعوده‌وله " ، ئه‌و نووسی : "له‌وه‌تا شوجاعوده‌وله بووه به حاکمی گشتی ئازه‌ربایجان ،... ته‌خشان په‌خشانی مه‌ئمووران گه‌یشتووه‌ته ئاستێکی نه‌دیتراو و بێ وێنه ."
دڵ‌پاکی و ڕاستیی ئیاس هه‌م له وێنه‌کانی و هه‌م له نامه‌کانیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. له جیات ئه‌وه‌ی سووژهکانی بهێنێته نێو ستودیۆ و ئه‌ویدیکه بوونیان گه‌وره کاته‌وه ، بۆ خۆی چووه‌ته نێو بازار ، مهزراو پێده‌شت و شاخان و ئه‌وه‌ی دیتوویه ئاسته‌ی کردووه.
وێنه‌یه‌کی زستانی 1914 – 1913 سێ پیاو و منداڵێک ده‌نوێنێ که به ڕێپێڵگه‌یه‌کی پڕ له قوڕوچڵپاو له ساوجبولاغ دا تێده‌په‌ڕن. یه‌ک له پیاوه‌کان ، پشتێنده‌که‌ی توند ده‌کاته‌وه و چاوی بڕیوه‌ته خوارێ و ئه‌وانی دیکه له سه‌ر ڕۆیشتن به‌رده‌وامن.وێنه‌کانی دیکه، خزمه‌تکاران، تاجران ، میسیۆنێری بێگانه یان ڕاوکه‌ری خۆجێیی نیشان ده‌ده‌ن که به فه‌خره‌وه بازه‌کانیان به ده‌سته‌وه گرتووه.
چالێنکۆ بۆچوونی ئیاس به بۆچوونی کوڕه‌که‌ی خۆی ده‌شوبهێنێ ، لووکه - وێنه‌گر و ئه‌ندامێکی پێشووی ستافی مۆسکۆ تایمز که دوای گه‌مارۆ درانی مه‌دره‌سه‌ی ژماره 1 ناردرا بۆ بێسلان – " لووکه وێنه‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵگرت به‌و جۆره‌ی له ماڵه‌کانیان دابوون . ئیاسیش هه‌ر وای ده‌کرد ، یهکدڵییهک له گه‌ڵ سووژه‌کان له گۆڕێدایه،"
ئه‌مڕۆ ، گۆشه‌وکه‌ناری ئێران و عێراقی هه‌نووکه ، ئه‌و شوێنانه‌ی ئیاس له‌وێ وێنه‌کانی خۆی کێشاوه جارێکی دیکه سرنجی دنیای به‌ره‌و لای خۆی ڕاکێشاوه. چالێنکۆ له‌و باوه‌ره دایه نموونه‌ی خاڵه گه‌وره‌ی ده‌توانێ ده‌رسێکی تێدابێ بۆ سه‌ربازان ، دیپڵۆماتان و سیاسه‌تداڕێژان له سه‌ده‌ی بیستوویه‌که‌مدا.
چالێنکۆ ده‌ڵێ : ئه‌وه گرینگه مرۆ به ته‌واوی ئه‌وه نه‌پارێزێ که به نێوی وڵاته‌که‌ی ده‌کرێ ،
به‌ڵکوو وه‌دووی ئه‌وه که‌وێ که بیری لێده‌کاته‌وه".
" وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دوایی؛ ئێران به چاوی دووربینێکی ڕووسییه‌وه 1901 – 1914 " له کۆتایی ئه‌م مانگه دا له لایه‌ن ساقی بووکس له بریتانیا بڵاو ده‌کرێته‌وه.