هێندێک تێبینیی زمانی 30
هێندێک تێبینیی زمانی 30
حه‌سه‌نی قازی
'پێشنیار' ، 'پێشنیاز' ، 'پێشنیا ' کامه‌یان ، یان هه‌ر سێکیان ؟
به‌ڕێز خه‌لیلی غه‌زه‌لی له ماڵپه‌ڕی 'هه‌ڵوێست' دا بابه‌تێکی له سه‌ر دوو وشه‌ی 'پێشنیار' و 'پێشنیاز' نووسیوه و هه‌وڵی داوه بیسه‌لمێنێ یه‌که‌میان دروست و دووهه‌میان 'هه‌ڵه'یه و ده‌بێ له زمانی نووسین فت کرێ و به کار نه‌هێندرێ. له کۆتایش دا بانگه‌وازێکی ڕوو وهو ده‌سته‌ڵاتدارانی سیاسی له باشووری کوردستان به‌رز کردووه‌ته‌وه که مشوورێک له زمانی کوردی بخۆن و نه‌هێڵن هه‌رکه‌س چۆنی پێ خۆش بوو بنووسێ.
دیاره ئه‌و نووسراوه‌یه‌ی کاک خه‌لیل زۆر به‌ربڵاوه، له بری ئه‌وه‌ی سه‌راوه‌ردی باسه‌که‌ی به شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو بێژه‌یه به‌رته‌نگ بکا و بڵێ به پێی سه‌لیقه یان واتای زمانی ئی یه‌که‌میان له دوویه‌میان به‌دڵتره، به شێوه‌یه‌کی گشتی وه‌بیر خوێنه‌ره‌وه‌ی هێناوه‌ته‌وه که بهرهواژووی دنیای نووسینی کوردی له شوێنی دیکه، بۆ پێوه‌چاران به زمان و بره‌و پێدان یان فت کردنی وشان 'فه‌رهه‌نگستان' و ' ئاکادێمی' هه‌نه و ئه‌وان ئه‌و ئه‌رکه ڕاده‌په‌ڕێنن و ئاخێوه‌ران و نووسه‌رانیش ئامۆژگارییه‌کانیان ڕه‌چاو ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ له هێندێک وڵاتی ئوڕووپا دا ، به تایبه‌تی بریتانیا، به پێچه‌وانه‌ی فه‌ڕانسه ده‌زگایه‌ک به نێوی 'فه‌رهه‌نگستان' یان 'ئاکادێمی' زمان بوونی نییه‌و هۆیه‌که‌شی ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه‌بێ له کۆنه‌وه و به پێی نه‌ریت وایان داناوه بناخه‌ی ئه‌ده‌بی و توانایی زمانی ئینگلیسی ئه‌و ده‌ره‌تانه‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسێنێ له کارتێکه‌ری ده‌ره‌وه‌ی خۆی نه‌سڵه‌مێته‌وه و ئه‌گه‌ر له زۆر بوار دا بریتانیا نیشانی نه‌ریت پارێزی هه‌ر پێوه مابێ ، له بواری زمان دا خۆی له کۆڵ به ڕێسا کردنی زمان کردووه‌ته‌وه وپێشیش که‌وتووه و ده‌کرێ بڵێین ئێستا بووه به زمانی داپۆشه‌ر له سه‌ر گۆی زه‌وی.
له بواری زمانی ' کوردی' شدا نه‌فسی بوون یان نه‌بوونی 'فه‌رهه‌نگستان ' کێشه‌ی سه‌ره‌کی نییه. له دوای ساڵی 1970 کاتێک 'کۆڕی زانیاری کورد' دامه‌زرا و له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا زۆر کاری گه‌وره‌ی کرد، خۆ کورد نه له عێراق و نه له هێندێک جێی دیکه که زمانی کوردی ده‌کارده‌کردرێ ئه‌و توانا و ده‌سته‌ڵاته‌ی ئێستای نه‌بوو؟
ئه‌ی چ کرده‌ن ؟ با ئه‌وه وه‌کوو بابه‌تێکی دمه ته‌قه بمێنێ و قسه‌ی لێوه بکرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌شمان له بیر بێ ده‌بێ ڕووی ڕه‌خنه و پێشنیار یان پێشنیازمان به پله‌ی یه‌که‌م له‌ولایه‌نانه بێ که گوێزه‌ره‌وه‌ی بیر و په‌یامن بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و ئه‌وه‌ش ناکرێ سیاسییه‌کان بن ، ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه هێزی پاڵپشتی ڕاگهیێنهرهگشتییهکان وه‌کوو ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنی مانگیله ئه‌وان بن، به‌ڵام ڕووی قسه ده‌بێ له‌وانه بێ که‌کار به زمان ده‌که‌ن.
به‌رله‌وه‌ی بێمه سه‌ر شیته‌ڵ کردنه‌وه‌ی 'پێشنیار' و ' پێشنیاز' خراپ نییه ئه‌و پنکتهش باس بکه‌م له هه‌موو زمانان دا دیارده‌یه‌کی هاوبه‌ش هه‌یه پێی ده‌ڵێن 'جیهانیه‌کانی زمانی'، له هه‌موو زمانێک دا وشه و بێژه‌ی ئه‌وتۆ هه‌ن ڕیشه و بناوانیان نابردرێته‌وه سه‌ریه‌ک، به‌ڵام هه‌ن و دهکاریش ده‌کرێن چونکوو له بیر و له دان و ستاندنی ده‌کارهێنه‌رانی زمانه‌که دا جێی خۆیان کردووه‌ته‌وه و ڕۆنیشتوون. وه‌ک به‌رێز غه‌زه‌لیش ده‌ست نیشانی کردووه وشه‌ی 'پێشنیار" له پێشگری پێش + نیار پێکهاتووه. گه‌لۆ ئێمه له کوردیی نێوه‌ڕاست دا چاوگی ' نیاردن' مان هه‌یه به مانای 'دانان'
تا به لکاندنی ڕیشه‌ی ئه‌و چاوگه 'نیار' له پێشگری 'پێش' وشه‌ی لێکدراوی' پێشنیار 'ی لێ ساز که‌ین ؟ به واتای بیرێك ، قسه‌یه‌ک له پێش دانان ؟ ئه‌من چاوگێکی ئه‌وتۆم وه‌به‌رگوێ نه‌که‌وتووه. به‌ڵام ' هه‌مبانه بۆرینه' مانایه‌کی 'نیا' ی وه‌کوو 'له سه‌ردانان' ، 'دانان' ئاسته کردووه و به ده‌سته‌واژه‌ی 'سه‌رنیای گاسن' شیته‌ڵی کردووه‌ته‌وه.ئه‌وه ئه‌و مانایه‌ی ئێمه له ( پێش + نیا ) ی تێدهخوێنینهوه، ده‌گه‌یێنێ: شتێک/ فکرێک که له پێش داده‌ندرێ یان ده‌هێندرێته گۆڕێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو بگیرێ.به‌و پێیه وشه‌ی 'پێشنیا' مان بۆ ساخ ده‌بێته‌وه که هێندێک نووسه‌ر بو وێنه محه‌مه‌دی مه‌لا که‌ریم له بری 'پێشنیار' و 'پێشنیاز' ده‌کاری ده‌که‌ن. هه‌رچی وشه‌ی 'پێشنیار' ه ئه‌من پێم وایه له ' پیشنهاد ' فارسی وه‌رگیراوه پیش + نهاد (نێهاد) که رێشه‌ی چاوگی فارسی ' نهادن ' ه به مانای 'دانان'ی کوردی. دیاره ئه‌وه‌ش ده‌کرێ له لایه‌ن فه‌رهه‌نگستانی ئێران (بۆ زمانی فارسی) وه‌رگێڕانی قه‌رزکراو بێ له پرۆ + پۆزڵ ی ئینگلیسییه‌وه. ئێستا نۆره‌ی 'پێشنیاز' ه که ئاشکرایه له پێشگری پێش + نیاز پێکهاتووه، کوتی 'نیاز' له کوردی دا ڕێشه‌ی فێعلێکی تایبه‌تی نییه، به‌ڵکوو ناوی واتایه به مانای مه‌به‌ست خواست ، ویست. جا ئه‌گه‌ر ئێمه مانای 'نیاز' ی کوردی = مه‌به‌ست، خواست، ویست له گه‌ڵ مانای 'نیاز' ی فارسی= حه‌وجێ، پێداویستی تێکه‌ڵ نه‌که‌ین ئه‌وده‌می له وشه‌ی'پێشنیاز"، به مانای مه‌به‌ستێک که ده‌خرێته پێش ، ویستێک که ده‌خرێته پێش تیده‌گه‌ین و هه‌مان واتاکانی 'پێشنیا' و 'پێشنیار' مان ده‌هێنێته زه‌ینه‌وه. به‌و پێیه ئه‌و سێ وشه‌یه هه‌رسێکیان مانه‌وه‌یان له هه‌نبانه‌ی وشه‌ی کوردی دا جێی مه‌ترسی نییه