سه‌باره‌ت به "زمان" و پێوه‌چاران به شێوه‌زاره کوردییه‌کان ، له سه‌ره‌تای مانگی نۆڤامبری2009 ڕۆژنامه نووس ناسری مه‌نبه‌ری ئه‌م وتووێژه‌ی خواره‌وه‌ی له گه‌ڵ کردم بۆ گۆواری "مه‌تین" که له شاری دهۆک بڵاو دبێته‌وه. گۆواری مه‌تین ده‌قی وتوێژه‌که‌ی له ژماره‌ی 187، ژانڤییه‌ی 2010 به کوردیی سۆرانی بڵاو کردووه‌ته‌وه، بۆ ئاگاداری هۆگرانی بابه‌تگه‌لی له‌مه‌ڕ زمان، پرسیار و وڵامه‌کان وێڕای سپاس له به‌ڕێز مه‌نبه‌ری و گۆواری مه‌تین له ڕوانگه دا بڵاو ده‌که‌مه‌وه.
حه‌سه‌نی قازی
1- پێناسه‌ی ئێوه بۆ زمانی ستانداردی کوردی چییه ؟
- به‌ر له هه‌موو شت ده‌بێ ئاماژه‌ی پێبکه‌م " ستاندارد " زاراوه‌یه‌که له بواری "زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی" Sociolinguistics دا و وه‌ک ده‌زانین له گه‌نگه‌شه و لێدوان سه‌باره‌ت به شێوه‌زاره کوردییه‌کان جار جار له گه‌ڵ پێوانه‌کانی دی تاق و جووت کراوه و ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی سه‌ره‌گێژه‌یه‌کی زۆر و له‌جیات ئه‌وه‌ی ڕێبازی پێوه‌چاران به بارودۆخی شێوه‌زاره کوردییه‌کان ڕوونتر کاته‌وه، باسه‌که‌ی ئاڵۆزتر کردووه.
زانایانی بواری زمان‌ناسی و به‌تایبه‌تی "زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی" به وردی و به کورتی زمانی ستاندارد یان شێوه‌زاری ستاندارد ئاوا پێناسه ده‌که‌ن "شێوه‌زارێک له زمان که پێوه‌ره‌کانی کۆ کرابنه‌وه، قامووس و ڕێزمانی پێ بڵاو کرابێته‌وه، له شێوه‌ی له‌هجه هه‌رێمییه‌کانی تێپه‌ڕاندبێ و له هه‌موو بواره‌کانی پێوه‌ندیی گشتی دا (زمانی خوێندن، زمانی میدیا، زمانی زانستی و هتد دا) به‌کار بهێندرێ و وه‌ک زمانی فێرکردن به‌و بێگانانه به‌کار بهێندرێ که ده‌یانه‌وێ ئه‌و زمانه فێر بن و هه‌ر وه‌ها هه‌بوونی پرێستیژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که له شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌ی جوێ بکاته‌وه و له پێڤاژۆی ستانداردبوون دا له قۆناخی ڕۆنیشتن stabilization ی تێپه‌ڕاندبێ و پێوه‌ره‌کانی بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی زمانی به مه‌رجه‌ع دابندرێن." دیاره ستاندارد هه‌ر له مه‌ڕ "زمانی نووسین" ده‌کار ناکرێ، به‌ڵکوو ده‌توانێ بۆ زمانی قسه پێکردن، بۆ سیستمی ده‌نگسازی و ڕێنووسیش له زمانێکی به‌رباس دا به‌کاربهێندرێ. لایه‌نێکی دیکه‌ی جێی سه‌رنج ئه‌وه‌یه که زمانی ستاندارد یان شێوه‌زاری ستاندارد به ڕاوێژ (accent) نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه. واته مامۆستایه‌کی ئینگلیسی له پۆلێکی زانکۆ دا که به زمانی ستاندارد ده‌رس ده‌ڵێته‌وه ده‌کرێ نێوه‌رۆکی ئه‌و بابه‌ته به له‌هجه‌یه‌ک شی کاته‌وه که له گوێن "ستاندارد" نه‌بێ، واته پێوه‌ندییه‌کی یه‌ک به یه‌ک له نێوان "ستاندارد" و "ڕاوێژ" له گۆڕێ دا نییه.
زمانی ئینگلیسی که یه‌کێک له ستاندارد کراوترین زمانه‌کانی دنیایه،زمانێکی فره نێوه‌ند (polycentric )ه، واته ستانداردی جۆر به جۆری هه‌یه، وه‌ک ئینگلیسیی ئینگلیسی، ئینگلیسیی سکاتله‌ندی، ئینگلیسیی ئه‌مریکایی، ئینگلیسیی ئاوسترالیایی و ئی دیکه‌ش. لایه‌نێکی زۆر گرینگ که زانایانی زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی جه‌ختی له سه‌ر ده‌که‌نه‌وه ئه‌وه‌یه که " زمانی ستاندارد" یان "شێوه‌زاری ستاندارد" له ڕوانگه‌ی زمانناسییه‌وه له شێوه‌زارێک یان له‌هجه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و زمانه به‌رزتر یان باشتر نین، ئه‌و به‌رزی و باشییه یان له به‌ر هۆی ده‌ره‌وه‌ی زمانی، واته هه‌ڵکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تییانه، یان له به‌ر ئه‌وه‌یه که ڕێسا و پێوه‌ره‌کانیان کۆکراونه‌ته‌وه و ڕۆنیشتوون. ئێستا له زۆر وڵاتی ئوڕووپایی ئه‌گه‌رچی زمانه ستاندارده‌کان به شێوه‌زاری جیاواز داده‌ندرێن، به‌ڵام ناکرێ به ئاسایی سنوورێکی ڕوون و ئاشکرا له نێوان ئه‌وان و شێوه‌زاره‌کانی دیکه دا فه‌رقی پێ‌بکرێ، چونکه ستاندارده هه‌رێمییه‌کانیش پێشکه‌توون و به ده‌ره‌جه‌ی جۆر به جۆر کارلێکه‌ریی له‌هجه ناوچه‌ییه‌کانیان پێوه دیاره.
ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌و ناساندنه گشتییانه‌ی سه‌ره‌وه بۆی بچین ده‌توانین بڵێین شێوه‌زاره‌کوردییه‌کان که هه‌موویان سه‌ر به زنجیره‌یه‌کی زمانی (dialect continuum)ن پڕۆسه‌ی به ستاندارد بوونیان له وه‌تا پێ نووسران و بڵاو بوونه‌وه‌یان به‌چاپ کراوی له کوردستان و ئه‌و وڵاتانه‌ی که به‌شێکی کوردستانیان تێکه‌وتووه و له ده‌ره‌وه‌ی کوردستانیش ده‌ستی پێکردووه و ڕه‌نگه جیاوازی له نێوان ئه‌و ستاندارده کوردییانه دا ده‌ره‌جه‌ی ڕۆنیشتنی " stabilisation" پێوه‌ره‌کان له نێوانیان دا بێ. کوردی وه‌ک زۆر زمانی دیکه زمانێکی فره نێوه‌ند" polycentric" ه و تێگه‌یشتن و په‌ژراندنی ئه‌و ڕاستییه ده‌توانێ ئه‌و توانایی و حه‌ولانه‌ی له بواری پێشخستنی به‌کارهێنانی شێوه‌زاره‌کاندا ده‌درێ ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش به که‌لکتر بکا.
لێره دا ئاماژه به خاڵێک له جێی خۆیدایه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که هێندێک له زمانه‌کانی دنیا له ئاکامی پلان داڕشتنی زمانی دا ستاندارد کراون وه‌ک زمانی ئێندۆنێزی که دوای سه‌ربه‌خۆیی له هۆله‌ند شێوه‌زارێک که شێوه‌زاری که‌مایه‌تی بووه به‌پێی پلانی ده‌وڵه‌ت له خۆێندن و په‌روه‌ردا پێش خراوه و هێندێکیشان به بێ ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه و به ڕێبازی خۆڕسکی دا پێش که‌وتوون، وه‌ک ئێنگلیسی. پیاده کردنی نموونه‌ی یه‌که‌م به هیچ شێوه‌یه‌ک له مه‌ڕ شێوه‌زاره‌کانی کوردی ناگونجێ، چونکه به بێ ده‌مکوت کردن و زمان بڕین به‌ره‌و پێش ناچێ و گورزی گران له یه‌کگرتوویی کوردان ده‌دا و په‌ژراندنی نموونه‌ی دووه‌م گه‌شه و نه‌شه‌ی شێوه‌زاره کوردییه‌کان به ڕێبازێکی ئاسایی دا زیاتر خۆش ده‌کا.
2- ئایا ئێوه له‌و باوه‌ڕه دان که پێویسته زمانێکی کوردیی یه‌کگرتوو دروست بکرێت ؟
_ زۆر جار باسی " زمانێکی یه‌کگرتوو"ی کوردی ده‌کرێ و هێشتاش ته‌می بیرێکی به‌ربڵاو، به‌ڵام بانهکی ئه‌وتۆ هه‌یه و نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه که کورد پێداویستی به " زمانێکی یه‌کگرتوو" هه‌یه. ئه‌گه‌رچی ئه‌نگێزه‌ی بۆچوونێکی ئه‌وتۆ له‌وانه‌یه له‌به‌ر دڵ‌پاکی و له پێناو یه‌کێتیی کوردان دابێ، به‌ڵام کۆ کردنه‌وه‌ی هێز و هزر له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته کارێکی بێ که‌لکه و هیچی لێ شین نابێ، چونکه له ڕوانگه‌ی زمانناسییه‌وه شێوه‌زاره کوردییه‌کان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌موویان سه‌ر به زنجیره‌یه‌کی زمانین له ڕووی ڕێزمان، فۆنۆلۆژی و ته‌نانه‌ت هه‌نبانه‌ی ووشانیش، له یه‌ک جیاوازن و ئه‌و حه‌ولانه‌ی به شێوه‌ی میکانێکی دراون بۆ تێکه‌ڵ کردنیان هیچی لێ نه‌که‌وتووه‌ته‌وه و ناشکهوێتهوه. به کورتی "یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی" و " یه‌کگرتوویی زمانی" دوو چه‌مکی جیاوازن. بارودۆخی مێژوویی، جوگرافیایی، سیاسی و هۆکارگه‌لی دیکه ئه‌و شێوه‌زارانه‌ی به‌ره‌و ئه‌وه بردووه ستانداردی له مه‌ڕ خۆیان لێ ساز بێ و ئه‌وه ڕاستییه‌که له به‌ر چاومانه و نکوڵی لێ ناکرێ، به‌ڵام ئه‌و جیاوازییانه‌ی باسمان کردن ئه‌گه‌ر به بۆچوونێکی ئینسانی و به دوور له ده‌مارگرژی لێیان بڕوانین و هه‌موو شێوه‌زاره‌کان به هه‌ڵگر و گوێزه‌ره‌وه‌ی کولتورێکی فره ڕه‌هه‌ند دابنێن که گه‌شاندنه‌وه و پاراستنی به قازانجی هه‌موو ئه‌و کۆمه‌ڵگه ئینسانییانه‌یه که خۆیان به کورد داده‌نێن، ئه‌وده‌می نابنه هۆکاری له یه‌ک دوورکه‌وتنه‌وه و لێره دا جیاوازی زمانی " یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی" بنکۆڵ ناکا. به‌و پێیه ئه‌من چه‌مکی "زمانی یه‌کگرتوو"م پێ نامۆیه و له هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌کی له مه‌ڕ "زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی" به دووی دا بگه‌ڕێی ڕه‌نگه قه‌ت تووشی نه‌یه‌ی.
3- پێتان وایه که زمانی کوردی به هه‌موو زاراواکانیهوه قابلیه‌تی دروست بوونی بۆ زمانێکی یه‌کگرتوو هه‌یه؟
- شێوه‌زاره کوردییه‌کان،هه‌موویان وه‌ک هه‌موو شێوه‌زار و زمانێکی دیکه قابیلییه‌ت و توانایی پێشکه‌وتنیان هه‌یه، به‌ڵام وه‌ک له وڵامی پرسیاری پێشووش دا باسم کرد به خیاڵ دا هاتن یان حه‌ولدان بۆ ئه‌وه‌ی به تێکه‌ڵ کردن و لێکدانی ئه‌و شێوه‌زارانه، شێوه‌زارێکی "یه‌کگرتوو"یان لێ ساز بکرێ – دیاره ڕه‌نگه مه‌به‌ستی ئێوه زمانی نووسین بێ – ئه‌وه کارێکی نادروست و نابه‌جێیه و ئه‌گه‌ر زمانێکی نووسینی ئاواش به شێوه‌یه‌کی مێکانێکی پێش بخرێ و نووسین به‌و ستانداردانه‌ی وا ئێستا هه‌ن و ده‌ژین ڕابگیرێ- که دیاره ئه‌وه کاری کران نییه - دیسانیش زمانێکی ئاوا ده‌بێته چێشتی مجێوری و ئه‌و تام و به‌رامه‌ی له گشت شێوه‌زاره‌کان دا هه‌ن له نێو ده‌با و ناتوانێ چ ئه‌رکێکی ڕاسته‌قینه ڕاپه‌ڕێنێ.
4-هۆکاره‌کانی دروست نه‌بوونی زمانی یه‌کگرتووی کوردی هه‌تا ئێستا له چی دا ده‌بینن ؟
- وابزانم له وڵامی پرسیارێکی سه‌ره‌وه‌تر دا به کورتی ئاماژه‌م پێ‌کرد ڕه‌وتی به‌خۆداهاتن و گه‌شه کردنی شێوه‌زاره‌کان جیاواز بووه. به‌ر له هه‌مووشت له‌وه‌تا زمانی کوردی پێی نووسراوه، ئه‌و پێڤاژۆیه له جوگرافیای جیاواز و له هێندێک بڕگه‌ی مێژوویی له هه‌لومه‌رجی نکوڵی لێکردنی لێبڕاوانه دا پێش که‌وتووه. له به‌ر ئه‌وه‌ی شێوه‌زاره کوردییه‌کان ئێستا له چاو زمانه‌کانی ده‌وروبه‌ریان مێژوویه‌کی نووسراوی کورتتریان هه‌یه، له ڕه‌وتی مێژوویی دا کوردی زیاتر له‌وه‌ی که پێداویستییه‌ک بۆ ڕاپه‌ڕاندنی پێوه‌ندی له بواری جیاواز دا بووبێ بووه به ڕه‌مزی ناسێنه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی که نکوڵی لێکراوه. خوێنده‌وارانی کورد زۆربه‌ی نزیک به ته‌واویان به زمانێکی دیکه خوێنده‌وارتر بوون له کوردی و به‌و زمانانه‌یان نووسیوه، ئه‌وه له لایه‌ک و، ئه‌و ده‌مه‌ی که وشیاری نه‌ته‌وه‌یی که‌وتووه‌ته به‌ستێنی گه‌شانه‌وه زمانی کوردی ئه‌رکێکی تازه‌تری په‌یدا کردووه. کۆمه‌ڵگه‌ی زمانی شێوه‌زاره‌کان له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان به ته‌نیشت یه‌که‌وه ژیاون و جگه له " زازاکی – دملکی " که هه‌ر له کوردستانی ترکییه قسه‌ی پێده‌کرێ و ئێستا ژماره‌یه‌کی زۆر له نووسه‌ران و ڕووناکبیران خه‌ریکن ڕێساکانی گرده‌وه‌کۆیی ده‌که‌ن، شێوه‌زاره‌کانی دی له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان و له شوێنی کوردنشینی دیکه دا هه‌ن و به‌پێی هه‌لومه‌رج ڕه‌وت و ڕێبازی جۆربه‌جۆریان وه‌به‌رگرتووه. له‌وانه بوو ئه‌گه‌ر کورد له جوگرافیایه‌کی تاقانه دا ژیابا، تاقه شێوه‌زارێکی ستانداردی هه‌بایه، به‌ڵام ڕاستی بوونی له شوێنی جیاواز و جیاوازییه ڕێزمانییه‌کان کارێکی وای کردووه که ئه‌و "یه‌کگرتوویییه" له "فرهگرتوویی" دا بێ.
له سه‌ر مێژووی ستاندارده‌کانی کوردی له‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی دا که تا ئێستا کراون، لێره دا پێمخۆشه کورته‌یه‌ک له‌وه بگێڕمه‌وه که له به‌رایی ساڵی 1991 مامۆستایان پرۆفێسۆر یارۆن ماتراس و پرۆفێسۆر گه‌تروود رێرشێمیوس باسیان لێوه کردووه. دیاره له‌و ده‌میه‌وه تا ئێستا زۆر گۆڕانی گه‌وره له‌و ستانداردانه دا هاتوونه‌ته گۆرێ و له هه‌موو بارێکه‌وه گه‌شه و نه‌شه‌ی زیاتریان کردووه، به‌ڵام ئه‌و هێڵه سه‌ره‌کییانه‌ی ئه‌وان له‌و باره‌یه‌وه ده‌ستنیشیان کردووه دیمه‌نێکی گشتیمان نیشان ده‌دا:
" له ئاکامی کۆچ و کۆچباری دا، کوردی نه‌ک هه‌ر له هه‌رێمی کوردستان که له نێوان ترکییه، سوورییه، عێراق ، ئێران و یه‌کێتی سۆڤیه‌ت دا دابه‌ش کراوه قسه‌ی پێده‌کرێ، به‌ڵکوو زمانی نزیک نێوملیۆن موهاجیریشه له ئوڕووپای ڕۆژئاوا. پێڤاژۆی ستاندارد کردنی زمانی کوردی هێشتا زۆر ساوایه، ده ڕاستیدا زۆربه‌ی کورده‌کان له ئێران، سوورییه و ترکییه هێشتا به زمانی بوومیی خویان نه‌خوێنده‌وارن. له‌و وڵاتانه سیاسه‌تی ڕه‌سمی پێشی به به‌ره‌وپێشچوونی شێوه‌زارێکی ئه‌ده‌بیی سه‌ربه‌خۆ گرتووه، به نکووڵی کردن له‌وه‌ی کورده‌کان به زمانی خۆیان په‌روه‌رده بکرێن و مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی که‌ره‌سته‌ی چاپکراویان به زمانی کوردی هه‌بێ. بۆیه پڕۆژه‌ی زمانی و ئه‌ده‌بی ته‌نێ به چالاکیی نهێنی بزووتنه‌وه به‌رهه‌ڵستکاره‌کان سنووردار بووه. له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت و عێڕاق زمانی کوردی، به‌لانی که‌مه‌وه بۆ چه‌ند ساڵان پله‌ی زمانێکی که‌مایه‌تی هه‌بووه، و ستاندارد کردنی زمانه‌که به ڕه‌سمی پشتیوانی لێکراوه. جیاوازیی زۆر و به‌رچاوی ئه‌و شێوه‌زارانه‌ی له باشوور و باکووری کوردستان قسه‌یان پێده‌کرێ و گوشاری کو‌لتووریی هه‌رکام له دا‌و ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کان له سه‌ر زمانی کوردی بووه هۆی په‌یدابوونی پرۆسه‌ی جیاوازی ستاندارد کردن. بۆیه ئێمه ده‌کرێ سێ شێوه‌زاری ئه‌ده‌بیی کوردیی جیاواز له یه‌کتری هه‌ڵاوێرین.
a . شیوه‌زاری سلێمانی
ستانداردێکی چاک دامه‌زراوی ئه‌ده‌بییه. ئه‌و شێوه‌زاره له سه‌ر بنه‌مای له‌هجه‌ی سۆرانیی به‌شه باشوورییه‌کانی کوردستان له عێراق و ئێران داندراوه،به‌و جۆره‌ی که له شاری سلێمانی قسه‌ی پێده‌کرێ. یه‌که‌م چالاکیی ئه‌ده‌بی به‌و له‌هجه‌یه ئه‌و شێعرانه وه‌به‌ر ده‌گرێ که له سه‌ده‌ی 19یه‌مدا بڵاو بوونه‌وه، له کاتێکدا یه‌که‌م ڕۆژنامه و چاپه‌مه‌نی به‌و شێوه‌زاره له کۆتایی ئه‌و سه‌ده‌یه دا ده‌رکه‌وتن. ئیداره‌ی بریتانیا پشتی ستاندارد کردنی زمانی گرت و دنه‌ی دا و له نێو ئه‌و ئیداره‌یه دا حاکمی بریتانیایی و لێکۆڵه‌ره‌وه E.B. Soane که‌سی هه‌ره به‌رچاویان بوو ،وله به‌ر گوشاری بریتانیایییه‌کان له ساڵی 1931 دا سۆرانی وه‌کوو دوویه‌م زمانی ڕه‌سمی له عێراق ناسرا. ئه‌و شێوه‌زاره به ئه‌لفوبێتکه‌یه‌کی ئاڵوگۆڕکراوی عه‌ڕه‌بی – فارسی ده‌نووسرێ و، ڤاوێله‌کان له سیستمێکی ڕێنووسیی فۆنێمیک دا جێیان کراوه‌ته‌وه.سۆرانی زمانی خوێندنگه کوردییه‌کان، ئه‌ده‌بییاتێکی هه‌موو لایه‌نه، مێدیا و ته‌نانه‌ت زانکۆکانیش بوو له هێندێک له به‌شه‌کانی عێراق دا.
b. کوردیی ستاندارد له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت
ئه‌و ستاندارده له سه‌ر بنه‌مای له‌هجه‌ی کرمانجیی باکووری داندراوه، به‌و شێوه‌یه‌ی له به‌شه باشوورییه‌کانی کۆماری هه‌رمه‌نستان قسه‌ی پێده‌کرێ، له ده‌وروبه‌ری شاری یێریوان. بۆ نووسینی کوردی له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت ئه‌لفوبێی سیریلیک به کار ده‌هێندرێ که له ساڵانی 1940کانه‌وه داهاتووه. ئه‌لفوبێی کوردیی سۆڤیه‌ت به یارمه‌تیی کۆمه‌ڵێک له‌و زمانناسانه‌ی که له ئه‌نیستیتووی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئێرانیی لێنینگراد کاریان ده‌کرد گه‌ڵاڵه کرا، و ئه‌و داهێنانه له سه‌ر بنه‌مای لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی چڕ وپڕ بوو سه‌باره‌ت به که‌ره‌سته‌ی له‌هجه‌که، بۆیه حه‌ولیان داوه ده‌نگه‌کان له ڕێنووس دا به ووردی ده‌ربکه‌ون و هه‌ر ده‌نگه‌ی نیشانه‌ی له مه‌ڕ خۆی هه‌بێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌کار هێنانی ئه‌و ڕێنووسه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر هه‌ر به زمان‌ناس و ڕووناکبیران به‌رته‌نگه له نێو به ته‌خمین 100.000 کورد له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت دا.
C. شێوه‌زاری به‌درخان
ئه‌و ستاندارده‌ی نووسینه که به شێوه‌زاری "هاوار"یش ناسراوه یه‌که‌مجار میر جه‌لاده‌ت به‌درخان له وه‌رزنامه‌ی "هاوار"، که له نێوان ساڵانی 1932 و 1943 له دیمیشق و به‌یڕووت بڵاو ده‌بووه‌وه دایهێنا. ئه‌و شێوه‌زاره له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و له‌هجه کرمانجییه‌یه که له ناوچه‌کانی جزیره و حه‌کاری، له سه‌ر سنووری ترکییه - سوورییه و ترکییه- عێراق قسه‌ی پێده‌کرێ. ئه‌و له‌هجه‌یه نه‌ریتێکی دوورودرێژی هه‌یه وه‌ک ئامرازی نووسین و ده‌گاته‌وه داستانه حه‌ماسییه‌کانی سه‌ده‌ی یازده‌هه‌م. سه‌رهه‌ڵهێنان و په‌یدا بوونی وه‌کوو ئامرازێکی ئه‌ده‌بیی مۆدێڕن ده‌کرێ تا ده‌رکه‌وتنی ڕۆژنامه‌ی "کوردستان" له ساڵی 1898 شوێنی هه‌ڵبگیرێ. له سه‌ره‌تاوه ڕووناکبیرانی پاتراوی کورد له قاهیره و ئه‌سته‌نبووڵ به به‌کارهێنانی تیپی عه‌ڕه‌بی "کوردستان" یان بڵاو ده‌کرده‌وه.
ئه‌لفوبێی مۆدێڕنی به‌درخان خه‌تی لاتین به‌کار ده‌هێنێ، به‌و شێوه‌یه‌ی که له ساڵی 1928 به چاکسازیی زمانی ترکی له ترکییه بۆ نووسینی ترکی وه‌خۆ کرا. به‌درخان چه‌ند تیپێکی له‌و سیستمه زیاد کرد. ئه‌و ئه‌لفوبێیه به ڕێگای ژماره‌یه‌ک ڕۆژنامه و بڵاو کراوه له نێو کورده‌کانی ترکییه و سوورییه که له تاراوگه ده‌رده‌چوون بڵاو کراوه، و دواتر له لایه‌ن ڕێکخستنه نهێنییه کوردییه‌کانه‌وه وه‌خۆ کرا که به گژ ئه‌و قه‌ده‌غه ڕه‌سمییه دا چوون که له سه‌ر بڵاوکراوه و چاپه‌مه‌نی به زمانی کوردی داندرابوو....
نه‌بوونی یه‌کێتی به‌رهه‌ڵستێکه له سه‌ر ڕێگه‌ی په‌یدابوونی خوێنده‌وارییه‌کی مۆدێڕنی کوردی، چونکه ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌کی جیدی گۆڕینه‌وه‌ی ئه‌زموون و که‌ره‌سته‌ی ئه‌ده‌بی له نێوان شێوه‌زاره جیاوازه ئه‌ده‌بییه‌کان به‌رته‌نگ ده‌کا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رجی په‌یدابوونیان له وڵاتانی جۆر به‌جۆر دا، مرۆ ده‌بێ به چاوی ڕێزه‌وه له‌و حه‌ولانه بڕوانێ که پلانداڕێژانی زمان ده‌یده‌ن بۆ گونجاندنی هه‌ر کام له شێوه‌زاره ئه‌ده‌بییه‌کان له گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و زمانییه‌کانیان. خوێنده‌واریی کوردی بێ ئه‌وه‌ی خۆی لێ بپارێزدرێ پێوه‌ندی په‌یدا ده‌کاته‌وه به دوو زمانییه‌تی و دوو خوێنده‌وارێتی. زمانی کوردی قه‌ت یه‌که‌م زمانی ئه‌ده‌بی نه‌بووه.
جا بۆیه هیچ کوردێکی تاقه زمانه نییه که ڕه‌وتی خوێندوار بوونی به کوردی بووبێ. خوێنده‌واریی کوردی به ڕێگای خوێنده‌واری له زمانی ڕه‌سمیی ده‌وڵه‌تی دا وه‌ده‌ست دێ و شێوه‌زاره ئه‌ده‌بییه‌کانیش به پێی وڵاتانی سه‌رده‌ست جیاوازن، هه‌م له ڕووی مێژوویییه‌وه (هه‌ڵبژاردنی له‌هجه‌یه‌ک بۆ به‌کارهێنان وه‌کوو شێوه‌یه‌کی ستاندارد و هه‌ڵبژاردنی سیستمێکی نووسین) و هه‌میش له ڕووی هاوزه‌مانییه‌وه (به‌کارهێنانی وشه‌ی خوازراوه) شێوه‌زاری "هاوار" قه‌ت هیچ پشتیوانییه‌کی ده‌وڵه‌تی لێ نه‌کراوه. له درێژخایه‌ن دا چالاکیی ئه‌ده‌بی له هه‌نده‌ران له‌وانه‌یه ببێته هۆی په‌یدا بوونی نوخبه‌یه‌کی سیاسی کولتووری، که، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی بدرێتێ بۆ دامه‌زراندنی ئۆتۆنۆمییه‌کی کولتووری له کوردستان، له وانه‌یه ئه‌و زمانه ئه‌ده‌بییه له گه‌ڵ خۆی بباته‌وه و ئه‌و جۆره ئه‌نیستیتووانه دامه‌زرێنێ که پێویستن بۆ ڕێسادانان بۆ گیروگرفته‌کانی ڕێنووس و وشه سازی.
Yaron Matras and Gertrud Reershemius 1991 دیاره له‌وه‌تا پێشکێش کرانی ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه‌ی سه‌ره‌وه زۆر شت گۆڕاوه و هه‌موو شێوه‌زاره کوردییه‌کان به‌ره‌و پێشکه‌وتن و گه‌شه کردن چوون.
5- ڕه‌وشی ئێستای زمانی کوردی چۆن ده‌بینن ئایا گۆڕانکارییه‌کی تێدا کراوه یان نا؟
- پرسیاره‌که به‌و شێوه‌یه زۆر گشتییه، بۆ ئه‌وه‌ی دیمه‌نێکی ڕوونترمان بێته به‌رچاو ده‌بێ بارودۆخی هه‌ر کام له‌و وڵاتانه‌ی کوردی‌یان تێدا به کار ده‌هێندرێ له‌به‌رچاو بگرین و به‌و شێوه‌یه بتوانین گۆڕانکارییه‌کان هه‌ڵسه‌نگێنین.
له کوردستانی عێڕاق له‌وه‌تا زمانی کوردی په‌یدا بووه تا ئێستا ئێمه گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وتمان هه‌بووه، ئه‌ویش بوونی کوردی به زمانێکی ڕه‌سمی و ده‌وڵه‌تییه و له ڕووی قانوونییه‌وه یه‌كێک له دوو زمانه ڕه‌سمییه‌کانه و له‌به‌ر ئه‌و ده‌سته‌به‌ره قانوونییه پێویسته له هه‌موو بوارێک دا کار بکرێ بۆ ده گیان که‌وتنی ئه‌و ده‌ستکه‌وته. بۆ نموونه له به‌شه عه‌ڕه‌بییه‌کانی عێراقیش دا ده‌بێ زمانی کوردی له سیستمی په‌روه‌رده دا به ڕاستیش جێی بکرێته‌وه، هه‌ر وه‌ک چۆن ده‌بێ له کوردستانی عێڕاقیش ئیهتیمام بدرێ به زمانی عه‌ڕه‌بی. ئه‌وه له کاتێکدایه که هێشتا له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان زمانی کوردی پله‌ی قانوونی نییه. ڕاسته ئیدی وه‌ک پێشوو نکوڵی له زمانی کوردی ناکرێ، به‌ڵام تا ئه‌و کاته‌ی کوردی پله‌ی قانوونی نه‌بێ هه‌ر ده‌رفه‌تێکیشی بۆ بێته گۆرێ ئه‌وه ناتوانێ له درێژخایه‌ن دا یارمه‌تی بکا به ڕۆنیشتنی زمان له بواری جۆر به‌جۆر دا.
له قانوونی بنچینه‌یی ئێران دا بێ ئه‌وه‌ی باسی زمانی کوردی کرابێ، دوو ماده هه‌یه 15 و 19 که له‌وه‌تا دامه‌زرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران به کرده‌وه ڕه‌چاو نه‌کراون. بابزانین ئه‌وه ماده قانوونییانه ده‌ڵێن چی:
"ماده‌ی 15
زمان و ڕێنووسی ڕه‌سمیی ئێران، زمانی هاوبه‌شی خه‌ڵکه‌که‌ی، فارسییه. به‌ڵگه‌ی ڕه‌سمی، نامه‌گۆڕینه‌وه، و ده‌قه‌کان، و هه‌ر وه‌ها ده‌قی کتێبی خوێندن ده‌بێ به‌و زمانه و به‌و ڕێنووسه بێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌کارهێنانی زمانگه‌لی هه‌رێمی و قه‌بیله‌یی له چاپه‌مه‌نی و ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی، و هه‌ر وه‌ها بۆ ده‌رس دادانی ئه‌ده‌بییاتیان له خوێندنگه‌یان دا، به ته‌نیشت زمانی فارسییه‌وه ڕێگایان پێده‌درێ."
"ماده‌ی 19
گشت خه‌ڵکی ئێران، سه‌ر به هه‌ر گرووپێکی ئێتنیکی یان عه‌شیره‌تێک بن، خاوه‌نی مافگه‌لی یه‌کسانن؛ ڕه‌نگی پێست، ڕه‌گه‌ز، زمان و خه‌سڵه‌تی دیکه‌ی ئاوا، نابێته هۆی هیچ جۆره ئیمتیازێک"
به پێی ماده‌ی 15ی سه‌ره‌وه زمانی کوردی به " زمانی هه‌رێمی" یان " زمانی قه‌بیله‌یی" یان هه‌ر دووکیان داندراوه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هێشتا له سیستمی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی دا جێی نه‌کراوه‌ته‌وه و که‌ره‌سته‌ی خوێندن به ڕه‌سمی ئاماده نه‌کراوه. لایه‌نێکی چاوڕاکێش له‌و باره‌یه‌وه ئه‌وه‌یه که هێندێک له‌و نووسه‌رانه‌ی له هه‌لومه‌رجی قه‌ده‌غه و نکوڵی له زمانی کوردی دا به کوردی شێعر و په‌خشانیان نووسیوه جێ ده‌ستیان به سه‌ر گه‌شه و نه‌شه‌ی شێوه‌زاری کوردیی سۆرانی دا ئه‌وه‌نده ئاشکرایه، که هێندێکیان به پێشه‌نگانی نووسینی ئه‌و شێوه‌زاره داده‌ندرێن. یه‌که‌م ڕۆمانی چاپکراو به کوردیی سۆرانی کوردێکی موکریانی نووسیویه. دیاره تێکه‌ڵاوی و هاتوچوو و ژیانی به‌شێک له‌و پێشه‌نگانه به دوای هه‌ڵوه‌شانی ژێکاف و کۆماری کوردستان دا - که ده‌ورێکی بڕیارده‌ریان هه‌بوو بۆ پاراستنی زمانی کوردی – له عێڕاق و کوردستانی عێراق و نووسین و بڵاوکردنه‌وه له‌وێ
هه‌لی گه‌شه کردن و پێشکه‌وتن و شوێن دانان له سه‌ر شێوازی نووسینی کوردی بۆ ڕه‌خساندن. ئێستاش هه‌بوونی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له کوردستانی عێڕاق هه‌یه له‌و باره‌یه‌وه ده‌ور ده‌گێڕێ.
له سۆڤیه‌تی پێشووش ئێستا له هێندێک له مه‌دره‌سه‌کانی هه‌رمه‌نستان و گورجستان به زمانی کوردی ده‌رس ده‌گوترێته‌وه، ئه‌گه‌رچی ژماره‌ی ئه‌و مه‌دره‌سانه زۆر نین و له‌و شوێنانه‌ی شاگردی کورد زۆرن به کوردی ده‌رس داده‌درێن. ئه‌وه به ته‌واوی ڕوون نییه داخودا ڕێنووسی لاتینی جێی ڕێنووسی سیریلیکی گرتووه‌ته‌وه که له سه‌رده‌می سۆڤیه‌ت دا بۆ نووسینی کوردی ده‌کار ده‌کرا. له هه‌رمه‌نستان ئێستاش ڕۆژنامه‌ی "ڕێیا ته‌زه" ده‌رده‌چێ، ئه‌گه‌رچی گیروگرفتی ماڵی هه‌یه. له دوای هه‌ڵوه‌شانی یه‌کێتێی سۆڤیه‌ت ڕۆژنامه‌یه‌کی دیکه‌ش به نێوی " ده‌نگێ ئێزدییا" بڵاو کرایه‌وه، به‌ڵام ئێستا چی دیکه ده‌رناچێ. به پێی هێندێک ڕاپۆرتان ئێستا نزیکه‌ی پێنجسه‌د هه‌زار کوردی ئێتنیکی له کۆماری ئازه‌ربایجان ده‌ژین که له نێو کوردی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان دا له هه‌موو ده‌سته‌یه‌ک زیاتر که‌وتوونه‌ته به‌ر سیاسه‌تی تواندنه‌وه. له‌و ساڵانه‌ی دوایی دا ترووسکه‌ی ژیاندنه‌وه‌ی ژیانی کو‌لتووریی کوردی ده‌نێویاندا به دی ده‌کرێ. له‌وێ هێندێک ڕۆژنامه‌ش هه‌ن و به کوردیش کتێب بڵاو ده‌بنه‌وه، هه‌ر وه‌ها ڕێکخراوی نوێی کولتوریش دامه‌زراون. له گورجستان هێندێک ڕۆژنامه‌ی دووزمانه‌ی کوردی – ڕووسی هه‌بوون، به‌ڵام ئێستا ڕه‌نگه له به‌ر گیروگرفتی ئابووری ڕاگیرابن. دا‌و و ده‌زگا و کۆمه‌ڵه کوردییه‌کان له وڵاتانی پێشووی سۆڤیه‌ت هیچ یارمه‌تی ده‌وڵه‌تی وه‌رناگرن و چه‌رخی کاریان به پشتیوانیی چه‌ند کوردی لایه‌نگری کولتووری کوردی ده‌گه‌ڕێ. له ڕادیۆی ده‌وڵه‌تیی ڕووسییه له مه‌سکه‌وه‌وه ڕۆژانه سه‌عاتێک به‌رنامه به کوردیی کرمانجی و.... بڵاو ده‌کرێته‌وه.
له گورجستان، له شاری تفلیس به زمانی کوردی به‌رنامه‌یه‌کی ڕادیۆیی هه‌یه به نێوی " ڕۆنکایی" ، به‌ڵام ژماره‌ی کورده‌کان له‌وێ زۆر که‌م بووه‌ته‌وه. له هه‌رمه‌نستان ئێستا دوو به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی هه‌یه: " کوردی" و "ئێزیدی".
له‌وێ هێندێک کۆڕ و کۆمه‌ڵی سیاسی هه‌ن که ده‌یانه‌وێ به دابڕاندنی کورده‌کان و پێشخستنی لایه‌نی به‌سترانه‌وه‌ی مه‌زه‌بی به‌شێک له کورده‌کان له درێژخایه‌ن دا ئیدیعا بکه‌ن له وڵاته‌که دا هیچ مه‌سه‌له‌ی کورد نییه و ئه‌وه‌ی هه‌نه "ئێزیدی" ن. [ئه‌من زۆر سپاسی یای دوکتور خانا عومه‌رخاڵی مامۆستای زانکۆی گوێتینگن له ئه‌ڵمان ده‌که‌م بۆ به‌شێک له‌و زانیارییانه ی سه‌باره‌ت به کوردانی سۆڤیه‌تی پێشوو پێی دام، به‌ڕێزیان له نامه‌یه‌ک دا به ڕێکه‌وتی27ی ئۆکتۆبری 2009 وڵامی پرسیاره‌کانی دامه‌وه].
له باکووری کوردستان و ترکییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێندێک قه‌ده‌خه له سه‌ر به‌کارهێنانی زمانی کوردی لاچووه، به‌ڵام هێشتاش زمانی کوردی به ڕه‌سمی ددانی پێدا نه‌هاتووه. بێ گۆمان ده‌رکه‌وتنی یه‌که‌م مانگیله‌ی کوردی له ساڵی 1995 و له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ده‌رکه‌وتنی یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ی کوردی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌وه‌تا ده‌ستپێکردنی زۆر جار پێشی گیراوه و داخراوه ده‌وری زۆر گرینگ‌یان بووه له گه‌شه پێدانی شێوه‌زاری کرمانجیی کوردی دا.
6- ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له پێش زمانی کوردین چین و چۆنیان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن ؟
له‌و ساڵانه‌ی دواییدا بابه‌تێکی که سه‌رنج و توانایی زۆر له زمانناسانی به خۆیه‌وه خه‌ریک کردووه ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌یه که له سه‌ر زمانان هه‌یه و زۆر لێکۆڵینه‌وه ده‌کرێ بۆ ئه‌وه‌ی زمانانی ژێر مه‌ترسی دیاریی بکرێن و به زانیاریی دان، ڕوونکردنه‌وه‌ی پێویست و وه‌گه‌ڕ خستنی بیروڕای گشتی و شوێن دانان له سه‌ر سیاسه‌تی زمانی ده‌وڵه‌تان حه‌ول ده‌درێ ئه‌و مه‌ترسییانه که‌م بکرێنه‌وه. زۆربه‌ی زمان‌ناسان و مه‌ردمناسان له ده‌ستدانی هه‌ر زمانێک به خه‌سارێکی گه‌وره‌ی کولتووری داده‌نێن و له‌و باوه‌ڕه دان ژیان و مردنی زینده‌وه‌ران و زمانان به یه‌کتری به‌ستراوه‌ته‌وه.
له نووسێنێکی ئه‌و دواییانه‌ی تام کۆل به‌ڕێوه‌به‌ری " Today Programme" له ڕادیۆی بی بی سی که له مانگی ئۆکتۆبری ساڵی 2009 دا بڵاو کراوته‌وه هاتووه: "ئێستا به ته‌خمین 7000 زمان له سه‌رتاسه‌ی دنیا قسه‌یان پێده‌کرێ، به‌ڵام وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێ له ساڵانی دادێ دا ئه‌و ژماره‌یه له ته‌نکه‌ی بدا. ئێمه به له ده‌ست دانی زمانێک چ له ده‌ست ده‌ده‌ین؟ له ساڵی 1992 زمانناسێکی هه‌ڵکه‌وتووی ئه‌مریکایی دنیای ئاکادێمیکی هه‌ژاند کاتێک باسی پێشبینیی خۆی کرد که تاساڵی 2100، %90 زمانه‌کانی دنیا نامێنن. ئه‌و پێشبینییه به پێی بۆچوونی زمان‌ناسی هه‌ڵکه‌وتووی فه‌ڕانسه‌یی کلوود هاگێژ به هیچ جۆر دنه‌ی دنیای نه‌داوه پێش به‌و ره‌وته بگرێ. ئه‌و ده‌ڵێ: زۆربه‌ی خه‌ڵک به هیچ جۆر گوێیان به مردنی زمانان نابزوێ، ئه‌گه‌ر ئێمه سڵ له‌و پێشوه‌چوونه‌ی ئینگلیسی نه‌که‌ینه‌وه له وانه‌یه دواجار زۆربه‌ی زمانه‌کانی دی بکوژێ". به پێی بۆچوونی ئێتنۆلۆگ، که ڕێکخراوه‌یه‌کی ئه‌مریکایی گرووپی عیسایی SIL International ه و زانیاری له سه‌ر زمانان له پێگه‌یه‌کی کامپیوتێری جیهانی دا کۆ ده‌کاته‌وه، له حاڵی حازر دا، 473 زمان به زمانی ژێر مه‌ترسی داده‌ندرێن.
له نێو ئه‌و زمانانه دا ئێستا هه‌ر دوو ئاخێوه‌ری زمانی لیپان ئاپاشێن که یه‌ک له زمانه ڕه‌سه‌نه‌کانی ئه‌مریکایه هێشتا هه‌ر ماون، چوار ئاخێوه‌ری زمانی تۆتۆرۆ له کۆلۆمبیا و تاقه ئاخێوه‌رێکی زمانی بیکیا له کامێروون. ئێدیتۆری ئێتنۆلۆگ پاول لێویس ده‌ڵێ: "زۆر دژواره هه‌ژمارێکی ڕاست به ده‌سته‌وه بدرێ به‌ڵام ئیدی ئێستا ئێمه گه‌یشتووینه‌ته لووتکه، و له‌وێوه هه‌تا دێ زیاتر ژماره‌ی که‌مبوونه‌وه‌ی زمانان ده‌بینین." له کاتێکدا گلوبالیزاسیۆن دنیای وه‌به‌رگرتووه، ڕه‌نگه شتێکی خۆزایی بێ که کۆمه‌ڵگه‌ی پچووک و که‌لاکه‌وتوو له قاوغی خۆیان بێنه ده‌ره‌وه و حه‌ولی پێوه‌ندیی دوولایه‌نه له گه‌ڵ دنیایه‌کی به‌ربڵاوتر دا بده‌ن. ژماره‌ی ئه‌و زمانانه‌ی نامێنن له‌وانه‌یه خه‌سارێکی ناخۆش بێ، به‌ڵام چما ده‌بێ شه‌ڕی ئه‌و شه‌پۆلی نه‌هێشتنه بکرێ؟
کلوود هاگێژ ده‌ڵێ: "ئه‌وه‌ی ئێمه به نه‌مانی زمانێک له کیسی ده‌ده‌ین میرات و که‌له‌پوورێکی گه‌وره‌ی کولتوورییه، شێوه‌ی ده‌ربڕینی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خۆڕسک، له گه‌ڵ دنیا، له نێوان خۆیان له چوارچێوه‌ی خێزان دا و له‌گه‌ڵ خزمه‌کانیان. ئه‌وه هه‌ر وه‌ها شێوه‌یه‌که بۆ ده‌ربڕینی ته‌بیعه‌تی خۆیان، ئه‌وینی خۆیان و ژیانی خۆیان. ئه‌وه که‌له‌پوور و میراتێکی کۆمه‌ڵگه ئینسانییهکانه، که هه‌تا بڵێی به‌نرخه، چونکه ئه‌و زمانانه ده‌ربڕی ئه‌و شتانانهن که کۆمه‌ڵگه‌یه‌کانی ئێمه له دنیای مۆدێڕنی پیشه‌سازی دا ناتوانن ده‌ریان ببڕن."
بۆ زمانناسانی وه‌ک کلوود هاگێژ، زمان ته‌نێ بریتی نییه له کۆکراوه‌یه‌ک له وشه و په‌یڤان، به‌ڵکوو زمانان بریتین له ئۆرگانیزمێکی زیندوو که هه‌ناسه ده‌ده‌ن و ئه‌و پێوه‌ندی و تێکهڵاوییانهی که به کو‌لتوور پێناسه ده‌کرێن به یه‌کتری ده‌به‌ستنه‌وه. کاتێک زمانێک ده‌کووژێته‌وه و کپ ده‌بێ، ئه‌و کولتووره‌ش که تێیدا ژیاوه بزر ده‌بێ و نامێنێ، زۆر دژواره نرخی زمان وه‌کوو ده‌سکردێکی کولتووری نکووڵی لێ بکرێ، به‌ڵام داخودا ئه‌وه شتێکی واقعبینانه‌یه داوا له کۆمه‌ڵگه پچووکتره‌کان بکرێ بۆ پاراستنی کولتووری خۆیان؟ زمانناسێک (پرۆفێسۆر سالیکۆکۆ موفوێنێ) له زانکۆی شیکاگۆ گوتوویه هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له نێو هێندێک له گرووپی ئاخێوه‌ری زمانێک دا "گه‌یشتووه‌ته خاڵێکی ئه‌وتۆ که گه‌ڕانه‌وه‌ی نییه"، ئه‌و ده‌ڵێ، به به‌ره‌وپێشچوونی کولتووره‌کان، گرووپان زۆرجار به شێوه‌یه‌کی خۆڕسکی زمانی خۆیان ده‌گۆڕن. داوای پاراستنی ئه‌و زمانانه له وان که ئه‌وان چبڕ ئیدی نایانه‌وێ، زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندیی زمان‌ناسان دایه تا خودی کۆمه‌ڵگه‌کان." له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاول لێویس ئیدیتۆری ئێتنۆلۆگ ده‌ڵێ: باسه‌که زۆر له‌وه زیاتر ده‌هێنێ که لێی بکۆلدرێته‌وه، ئه‌ویش له‌به‌ر پێوه‌ندیی ڕاسته‌وڕاستی نێوان زمان و ناسێنه، ئه‌گه‌ر خه‌ڵک ده‌ست بکه‌ن به وه‌ی وا بیر بکه‌نه‌وه زمانه‌که‌یان بێ نرخه، ئه‌وده‌می ناسێنه‌ی خۆشیان به هیچ دانانێن. ئه‌وه‌ش ده‌گاته چه‌ت و قۆرتی کۆمه‌ڵایه‌تی، خه‌مۆکی، خۆکوشتن و خووگرتن به ماده‌ی هۆشبه‌ر. له به‌ر ئه‌وه‌ی دایک و باوکان ئیدی زمانی خۆیان ڕاناگوێزنه منداڵه‌کانیان، پێوه‌ندیی نێوان منداڵه‌کان و داپیر و باپیریان ده‌پسێ و نرخه نه‌ریتییه‌کان بزر ده‌بن.
لێویس پاوڵ ده‌ڵێ " ده‌رد و ژانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری هه‌ر ده‌مێنێته‌وه، چونکه خه‌ڵک له چه‌ند وه‌چان دا هه‌ست به له ده‌ست دان و بزر بوونی شتێک ده‌که‌ن." ئه‌وه‌ی که هیچکه‌س نکووڵی لێ ناکا ئه‌وه‌یه که نه‌مانی زمانان هه‌میشه خه‌تای زمانه جیهانییه‌کانی وه‌ک ئه‌وانه‌ی ئێمه نییه. کلوود هاگێژ ده‌ڵێ: "ژماره‌یه‌کی له زێده‌ی کۆمه‌ڵگه‌کان به دڵی خۆیان ده‌ست له زمانه‌کانیان هه‌ڵده‌گرن. زۆریان پێیان وایه زمانه‌کانیان چ دادێیهکیان نییه و منداڵه‌کانیان چ کاروپێشهیهکی باشیان ده‌ست ناکه‌وێ ئه‌گه‌ر فێری زمانه عه‌شیره‌تییه‌کانیان کرێن."کلوود هاگێژ لێی زیاد ده‌کا: "ئێمه چمان له ده‌ست نایه کاتێک ده‌ستهه‌ڵگرتن له زمانێک به پێی ئیراده و ویستی خودی خه‌ڵکه‌که ده‌کرێ."
ڕه‌نگه هه‌مووشت بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ زمانه پچووکه‌کان بمێننه‌وه و بیانپارێزن له کیس نه‌چووبێ. هه‌ر وه‌ک ژیاندنه‌وه‌ی زمانی وێڵش له بریتانیا و زمانی مائۆری له نیوزیلاند ده‌یسه‌لمێنێ. کلوود هاگێژ ده‌ڵێ، "ده‌کرێ زمانێک له سه‌ر لێواری گۆڕه‌وه ببووژێندرێته‌وه. عیبری له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 19هه‌مدا زمانێکی مردوو بوو. ته‌نێ وه‌ک زمانێکی نووسراوی زانایانه هه‌بوو. به‌ڵام که‌س نه‌بوو به‌و زمانه بڵێ :" خۆشم ده‌وێی! و "دا زه‌حمه‌ت نه‌بێ ئه‌و خوێدانهم بده‌یه"، ئه‌وانه‌ش ئه‌و پێوه‌رانه‌ن که بۆ زمان‌ناسی فه‌ڕانسه‌یی کلوود هاگێژ ژیانیان پێ ده‌بیندرێته‌وه، به‌ڵام له به‌ر "ئیراده‌ی قایمی" جووله‌که ئیسرائیلییه‌کان زمانه‌که هێندرایه‌وه ئاستی به‌کارهێنانی ڕۆژانه و ئێستا جارێکی دیکه بووه‌ته‌وه به زمانێکی زیندووی هه‌ناسه‌ده‌ر. ئه‌گه‌ر له بریتانیا بڕوانین ، ڕووناکبیرانی کۆڕنیش، که ژیاندنه‌وه‌ی عیبری دنه‌ی دان، له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتن، له سه‌ده‌ی بیسته‌م دا زمانی کۆڕنیش که به ڕواڵه‌ت مردبوو جاڕیکی دیکه به کار بهێننه‌وه. له ساڵی 2002 حکوومه‌تی بریتانیا به ڕه‌سمی وه‌ک زمانی که‌مایه‌تی ددانی به زمانی کۆرنیش دا هێنا.
به‌ڵام بۆ زۆربه‌ی زمانه ڕوو له نه‌مانه‌کان که له په‌راوێزی کولتووری جیهانی دان و له لایه‌ن ژماره‌یه‌کی که‌م له زمانناسانی تێکۆشه‌ره‌وه نه‌بێ پشتیوانی‌یان لێ ناکرێ، وێده‌چێ نه‌توانن به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌یه‌ی بگرن که له سه‌ریانه.
پاول لێویس ئێدیتۆری ئێتنۆلۆگ ده‌ڵێ: " کۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ره پچووک، هه‌ره لاواز و هه‌ره که‌م سه‌رچاوه حهولدهدهن ئه‌و کێشه‌یه وه‌ڕوو خه‌ن و سه‌رنجی به‌لادا ڕابکێشن، و کۆمه‌ڵگه گه‌وره‌تره‌کانیش به گشتی هه‌ر ئاگاشیان له‌و حه‌ولانه نییه. ئێمه دراوێکی زۆر خه‌رج ده‌که‌ین بۆ تازه‌کردنه‌وه و پاراستنی خانووبه‌ره‌یه‌کی کۆن، له به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێکه له که‌له‌پووری ئێمه. ئه‌و زمان و کولتوورانهش هه‌ر ئاوا به‌شێکن له که‌له‌پووری ئێمه و شیاوی ڕاگیران و پارێزگاری لێ کرانن."
به خۆشییه‌وه زمانی کوردی له‌و لیسته‌یه‌دا نییه که "ئێتنۆلۆگ" سه‌باره‌ت به زمانانی ژێر مه‌ترسی بڵاوی کردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه شێوه‌زاره کوردییه‌کان هیچ هه‌ڕه‌شه‌یان له سه‌ر نییه. مه‌ترسی گه‌وره له سه‌ر ڕێی هه‌ر زمان یان شێوه‌زارێکی زیندوو ئه‌وه‌یه که له ده‌ره‌وه‌ی سیستمی په‌روه‌رده دا بهێڵرێته‌وه و پێی نه‌خوێندرێ؛ وه‌ک ده‌زانین نه له ئێران، نه له ترکییه و نه له سوورییه شێوه‌زاره کوردییه‌کان له سیستمی په‌روه‌رده دا نین و وه‌چی ئێستا له‌به‌ر وشیاربوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ناسێنه‌خوازی ئه‌و شێوهزارانهیان پاراستووه، به‌ڵام پاراستنی ڕاسته‌قینه‌یان ئه‌و ده‌می ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ و وه‌دی دی که له سیستمی په‌وره‌ده‌ی گشتی دا جێیان بکرێته‌وه. ئه‌وه سه‌یره له وڵاتێکی وه‌ک سوێد که کو‌لتوور و زمانی کوردی له لایه‌ن ئه‌و کوردانه‌ی له‌وێ نیشته‌جێ بوون ڕاگوێزراوه‌ته ئه‌وێ، هێشتا ده‌ره‌تانی خوێندن به کوردی و چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئازاد به شێوه‌زاره کوردییه‌کان له هێندێک جێی نێشتمانی کورده‌کان خۆیان زیاتره.
لایه‌نێکی دیکه که ده‌کرێ به مه‌ترسی له سه‌ر شێوه‌زاره کوردییه‌کان دابندرێ، نه‌بانی و نامۆ بوونی به‌شێک له کورده‌کان خۆیانه له‌و زمانه. له کاتێک دا که داوای ئازادیی زمانی سه‌رتۆپی هه‌موو داوخوازییه‌کی کورده‌کانه، به‌ڵام له به‌ر هۆکاری جیاواز و له‌وانه سۆسیالێزه بوون به زمانه سه‌رده‌سته‌کان به‌کارهێنانی کوردی له هه‌موو بوارێک دا نه‌بووه به پرێنسیپێکی ڕۆنیشتوو. بۆ وێنه له کوردستانی عێڕاق که زمانی کوردی له هه‌موو جێیه‌ک زیاتر ده‌رفه‌تی هه‌یه، هێشتاش له هێندێک بواری ڕه‌سمی دا سڵه‌ی لێ ده‌کرێ. بۆ وێنه ده‌قێکی ڕه‌سمی به "عه‌ڕه‌بی" ئاماده ده‌کرێ و دوایه ده‌کرێته "کوردی"؛ له کاتێکدا ئه‌وه ده‌بێ به‌پێچه‌وانه بێ و کورد خۆی ده‌بێ ئه‌و ڕێزه له زمانه‌که‌ی بگرێ که به خه‌باتی خۆی له قانوونی بنچینه‌یی دا گونجاندوویه‌تی.
7- مه‌رجی دروستبوونی زمانێکی ستاندارد چییه ؟
ئه‌من له‌و پرسیاره‌تان ئاوا تێده‌گه‌م مه‌به‌ست زمانێکی تاقانه‌ی نووسراو بێ که هه‌موو کوردیی ئاخێوێک لێی بزانێ و پێی بنووسێ. ئه‌وه بۆ ئه‌و شێوه‌زارانه‌ی که له نێو کوردان دا ده‌کار ده‌کردرێن ده‌ست نادا، ئێستا دوو ستانداردی کوردیی سه‌روو و کوردیی نێوه‌ڕاست، واته کرمانجی و سۆرانی،به هه‌موو قۆناخه‌کانی پێویست بۆ ستاندارد بوون (هه‌ڵبژاردنی نۆڕم، قاعیده بۆ دانان و گرده‌وه‌کۆیی (codification) ، و ڕۆنیشتنی نۆڕم (stabilisation) )دا تێپه‌ڕیون و دیاره جێبه‌جێکردن و پێڕۆیی کردن له "شێوه‌زاری ستاندارد" له‌مه‌ڕ هه‌ردووک شێوه‌زاره‌کان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌ڕێوه ده‌چێ. نابێ ئه‌وه‌ش له بیر بکه‌ین ئه‌و پێڤاژۆیه شتێکی چه‌قبه‌ستوو و نه‌گۆڕ نییه و ده‌کرێ بڵێین به گه‌شه کردنی زیاتری میدیای کوردی و زیاتر بوونی ئه‌رکه‌کانی زمان، زمانی ستانداردیش ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بێ. بۆ وێنه ئێستا بۆ نووسینی کوردیی سه‌روو ڕێکه‌وتنێکی گشتی بۆ به‌کارهێنانی "ستانداردی هاوار" له نێو ئه‌و که‌سانه‌ی دا که به کوردیی سه‌روو ده‌نووسن هه‌یه، ئه‌گه‌رچی بۆ ده‌ربڕینی هه‌موو ده‌نگه‌کان له سیستمی ڕێنووس دا ده‌کرێ حه‌وجێ به په‌ره‌پێدانی "ستانداردی هاوار" هه‌بێ.
سه‌باره‌ت به "زازاکی = دملکی" ش له پازده بیست ساڵی ڕابردوو دا حه‌ولێکی به‌رده‌وام بۆ هه‌ڵبژاردنی نۆڕم، قاعیده بۆ دانان و ڕۆنیشتنی نۆرم دراوه، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی مێژووی چاپ و بڵاو کردنه‌وه به زازاکی له کرمانجی و سۆرانی کورتتره و له‌و شوێنانه‌ی به زازاکی قسه ده‌کرێ ئه‌و شێوه‌زاره هیچ پله‌یه‌کی ڕه‌سمی نییه و چاپه‌مه‌نی به‌و زمانه له ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیای ته‌بیعی خۆی گه‌شاوه‌ته‌وه؛ له‌وانه‌یه هێشتا قۆناخی "ڕۆنیشتنی نۆڕمی" تێنه‌په‌ڕاندبێ. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای چلۆنایه‌تیی هه‌ورامیش بکه‌ین و له گه‌ڵ زازاکی به‌راوردی بکه‌ین ده‌توانین بڵێین ئه‌و شێوه‌زاره هێشتا هه‌موو پله‌کانی ستانداردبوونی تێنه‌په‌ڕاندووه. لێره دا نابێ کۆن بوون و له‌مێژینه بوون بکه‌ینه پێوه‌ر، مه‌به‌ستی من زمانی نووسینی په‌خشان، گرده‌وه‌کۆیی ڕێسا و قاعیدهکان، هه‌ڵبژاردنی نۆڕم و په‌سند کردن و ڕۆنیشتنی نۆرمه که له سایه‌ی پێشکه‌وتنی تێکنۆلۆژی و ویستی هه‌ورامی زمانان ئه‌و قۆناخانه ده‌کرێ زۆر به خێرایی تێپه‌ڕێندرێن.
8- هێندێک که‌س بیروڕایان وایه که دوو زاراوای هه‌ورامی و زازاکی زۆر له زمانی کوردی جیاوازترن، واته سه‌ربه‌خۆن له زمانی کوردی، تێڕوانینی ئێوه سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته چییه؟
دیاره ئه‌و پرسیاره پێش داوه‌رییه‌کی تێ ده‌خوێندرێته‌وه، ئه‌ویش دانانی "هه‌ورامی" و " زازاکی" به زاراوا و باس کردن له "زمانی کوردی" که دیار نییه مه‌به‌ست له کام شێوه‌زاره. هه‌رچه‌ند له ڕووی ڕێزمانه‌وه شێوه‌زاره‌کانی "هه‌ورامی"، "زازاکی"، "کرمانجی"، "سۆرانی" و "که‌لوڕی" له یه‌کتریش جیاواز بن هه‌موویان گوێزه‌ره‌وه و هه‌ڵگری به‌شێک له‌و کولتووره فره ڕهههندهن که له کۆمه‌ڵی کوردستان دا به کولتووری کوردی ده‌ناسرێته‌وه. که وابوو دابه‌ش کردنی ئه‌وان به سه‌ر چه‌مکی "زمان" یان ' زاراوا' یان دروستتر " شێوه‌زار" هیچ له‌و ڕاستییه ناگۆڕێ. له ڕوانگه‌ی زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، ئه‌و کۆمه‌ڵگه زمانییانه هیچیان له ئه‌وی دیکه‌یان نه باشترن، نه بانترن و نه خۆشتر یان ناخۆشترن. ئه‌وه زۆر گرینگه له به‌رچاو بگیرێ، ئه‌گه‌ر بۆچوونێکی یه‌کسان له‌و ڕووه‌وه ببێته پرێنسیپ، ئیدی ته‌می ترس و مه‌ترسی له یه‌ک دوورکه‌وتنه‌وه‌ی ئاخێوه‌رانی ئه‌و "شێوه‌زارانه" له یه‌کتری ده‌ڕه‌وێته‌وه و شێوه‌زاره کوردییه‌کانی فره نێوه‌ند (polycentric) به شێوه‌یه‌کی ته‌بیعی درێژه به کارلێکه‌ری له سه‌ر یه‌کتر و ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی یه‌کتری ده‌ده‌ن. پێش گرتن له‌وه‌ی که به " هه‌ورامی" بنووسرێ هیچ جیاوازی نییه له گه‌ڵ ئه‌و "زمانکوژی"یه‌ی که بۆ وێنه له هه‌شتا و چه‌ند ساڵی ڕابردوو دا سیاسه‌تی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌ت بووه له ترکییه له ئاست "کرمانجی" و "زازاکی". چونکه ئه‌گه‌ر زمانی نووسینی هه‌ورامی پێش نه‌که‌وێ و کوێر بێته‌وه ئیدی وه‌چی دادێ له‌وانه‌یه له شێعری "مه‌وله‌وی تاوه‌گۆزی" نهگاو به‌وه‌ش که‌له‌پوورێک له کیس ده‌چێ. هێندێک له زمان‌ناسان به پێی پێوانه‌ی ڕووتی ڕێزمانی باسی ئه‌وه‌یان کردووه که "زازاکی" یان "هه‌ورامی" جیان له کرمانجی و سۆرانی، به‌ڵام به لێخوردبوونه‌وه‌یه‌کی ناپسپۆڕانه‌ش ده‌رده‌که‌وێ ئه‌و شێوه‌زارانه سه‌ر به زنجیره‌یه‌کی زمانین. بۆ وێنه ئه‌گه‌رچی "زازاکی" و "هه‌ورامی" له ڕووی جوگرافیایییهوه که‌وشه‌ن و چۆلی به‌ر درێژ و چیای سه‌رکه‌شیان له نێوان دایه، زۆر خه‌سڵه‌تی هاوبه‌شیان تێدا ده‌بیندرێته‌وه. کوا ئه‌و هاوبه‌شییه له نێوان هه‌ورامی و فارسی، یان زازاکی و ترکی دا هه‌یه؟ ئه‌وه‌ی گرینگ بێ سه‌رچاوه‌ی کو‌لتووریی ئه‌و شێوه‌زارانه‌یه که هه‌موویان هه‌ڵگر و گوێزه‌ره‌وه‌ی ئه‌و کولتوورانه‌ن که له جوگرافیای کوردستان دا هه‌بوون و هه‌ن. زمان‌ناس و دۆستی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد دوکتور لویس. ئولسن. فاسوم له ساڵی 1919 له پێشه‌کی "ڕێزمانێکی کرده‌یی کوردی " دا که به پێی له‌هجه‌ی موکری و به پێوه‌ری زمانی ئینگلیسی گه‌ڵاڵه‌ی کردووه ده‌نووسێ: " هه‌موو لایه‌ک ده‌زانن زمانی کوردی باوه‌ش له چه‌ندین له‌هجان وه‌ردێنێ که به پێی نزیک بوونه‌وه له سنووره‌کانی ناوچه جۆر به جۆره عه‌شیره‌تییه‌کان له یه‌کدی جیاوازن. نزیکه‌ی گشت ئه‌و له‌هجانه، یان ده‌سته‌ی له‌هجان، له لایه‌ن زمانناسانی هه‌ڵکه‌وتووی ئوڕووپایییه‌وه و به پێی ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ی ئه‌و پیاوانه پێیان گه‌یشتوون، هه‌ر وه‌ها به خوێندنه‌وه‌یه‌کی قووڵی ڕیساله‌کانیان، به هیچ جۆر وێناچێ نه‌کرێ له سه‌ر بنه‌مایه‌کی به‌ربڵاوتر بهێندرێنه ته‌نیشت یه‌ک و به یه‌که‌وه کۆ بکرێنه‌وه....
پێشه‌نگی ڕیزمانناسانی کوردی پ.م. گارتسۆنی P.M.Garzoni بوو که وه‌ک میسیۆنێرییه‌ک نزیکه‌ی 20 ساڵ له عه‌مادییه، له ڕۆژهه‌ڵاتی باکووری مووسڵ ژیا. ڕێزمانه‌که‌ی له ساڵی 1779 له ڕۆم چاپ بوو. خۆشبه‌ختانه ئه‌وه یه‌که‌م ڕیساله‌یه له سه‌ر زمانی کوردی که له عه‌مادییه نووسرا، له چوارچێوه‌ی سنووره‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌یدا که، وه‌ک دواتر دۆزرایه‌وه، هێندێک له باشترین له‌هجه‌کانی کوردی قسه‌یان پێ ده‌کرێ.
له سه‌رده‌می گارتسۆنییهوه، زۆر ڕیساڵه‌ی به‌نرخی دیکه هه‌ر له سه‌ر هه‌مان له‌هجه‌کانی عه‌مادییه و له‌هجه‌کانی لای سه‌ره‌وه‌تر به ده‌ست که‌سانی وه‌ک یووستی Justi، لێرخ Lerch و ڕییا Rhea نووسراون. ئێمه هه‌ر وه‌ها ڕیساله‌یه‌کی به‌رزمان به ده‌سته‌وه‌یه له سه‌ر له‌هجه‌کانی کورده به‌به‌کان له ده‌وروبه‌ری سلێمانی که خۆدسکۆ Chodsko نووسیویه؛ و ڕیساله‌یه‌کی دیکه له سه‌ر له‌هجه‌کانی مووسڵ، و له سه‌ر ناوچه کوردنشینه‌کانی خۆراسان که پرۆفێسۆر به‌ره‌سین Beresin نووسیویه. چه‌ند ساڵ لهمهوپێش ئۆسکار مان Oskar Mann کورته‌یه‌کی سه‌باره‌ت به له‌هجه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و نێوه‌ندی کوردستان نووسی. ته‌نێ یه‌ک دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئی.ب. سۆن E.B. Soane ڕیساله‌یه‌کی زۆر به‌هێزی له سه‌ر زمانی کوردی نووسی.
دۆزینه‌وه‌ی باشترین کوردی ده‌ناو ئه‌و هه‌موو له‌هجانه دا ئه‌رکێکی هاسان نییه. لێرخ Lerchده‌ڵێ ئه‌وه کارێکی بێکه‌لکه له کوردان پرسیار بکرێ کامه له‌هجه باشترین له‌هجه‌یه، چونکه له هه‌ر کوردێکی پرسی وڵام ده‌داته‌وه خاوێنترین و باشترین له‌هجه له‌هجه‌که‌ی خۆیه‌تی. زمانناسانیش مه‌یلێکی ئه‌وتۆیان تێدا به‌دی ده‌کرێ هه‌ر وڵامێکی ئه‌وتۆ بده‌نه‌وه: ئه‌و له‌هجه‌یه‌ی ئه‌وان زیاتر لێی ده‌کۆڵنه‌وه "بۆ ئه‌وان" ده‌بێ به پاکترین و باشترین له‌هجه.
پرۆفێسۆر Beresin ده‌ڵێ پاکترین و باشترین کوردی له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی مووسڵ قسه‌ی پێ ده‌کرێ. کر پۆرترKer Porter زۆر نزیک ده‌بێته‌وه له‌و بۆچوونه، کاتێک ده‌ڵێ گرووپی له‌هجه‌کانی ڕه‌واندز یه‌ک له پاکترین و باشترین له‌هجه‌کانن. لێرخ Lerch به به‌روارد کردنی کرمانجییه‌که‌ی له گه‌ڵ له‌هجه‌کانی دیکه ده‌ڵێ: " ئه‌من بۆم ده‌رکه‌وتووه ئه‌و کرمانجییه‌ی ئه‌من فێری بووم، زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گارتسۆنی و به‌ره‌سین باسی ده‌که‌ن یه‌ک ده‌گرێته‌وه." سه‌باره‌ت به له‌هجه‌کانی زیاتر به‌لای باشوور دا ده‌ڵێ: "زمانی کوردیی سلێمانیش به پێی ئه‌و وشانه‌ی ڕیچRich کۆی کردوونه‌ته‌وه سه‌ر به کرمانجییه." به‌و دوو ده‌ربڕینه، لێرخ به کرده‌وه هه‌موو له‌هجه‌کانی ڕۆژئاوا- نێوه‌ندیی کوردستان، له حه‌کارییه‌وه تا سڵیمانی، به گرووپێکی گه‌وره که ئه‌و نێوی لێ ده‌نێ "کرمانجی" داده‌نێ. سه‌باره‌ت به‌و له‌هجانه‌ی له ڕۆژهه‌ڵات – نێوه‌ندیی کوردستان قسه‌یان پێ ده‌کرێ، به ده‌ستپێکردن له ناوچه‌کانی باکوور و ڕۆژئاوای ورمێ و،له‌وێوه به‌ره‌و باشوور به شنۆ، سابڵا‌غ، سه‌رده‌شت و ، سه‌قز دا، تا ده‌گاته ناوچه‌کانی سنه،بیستنی ئه‌وه‌ی میسیۆنێری هۆرنلی Hornly له‌و باره‌یه‌وه ده‌یڵێ زۆر سه‌رنجڕاکێشه. هۆرنلی له ساڵی 1835 سه‌ری له‌و به‌شانه دا و دوو کوردی سۆمای وه‌ک مامۆستا ڕاگرت که له‌هجه‌ی حه‌کاریشیان ده‌زانی، کوردێکی برادۆست که له‌هجه‌ی شکاکی ده‌زانی ،و کوردێکی موکری. جگه له‌وانه خزمه‌تکاری تایبه‌تی خۆی کوردێکی سوار Soarی خه‌ڵکی مێردین بوو.
به له‌به‌ریه‌ک ڕۆنان و به‌راوه‌رد کردنی ئه‌و له‌هجانه، و به‌و حه‌وله‌ی که ئه‌و دای بۆ وه‌رگێڕانی ئینجیلی یوحه‌نای پیرۆز به کوردیی موکری که بکرێ بۆ هه‌موویان به‌که‌لک بێ، میسیۆنێری هۆرنلی Hornly ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی دۆزییه‌وه: " ئه‌من به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه بۆم ده‌رکه‌وت، کورده‌کانی ئه‌و عه‌شیره‌تانه زۆر باش له یه‌کتری تێده‌گه‌یشتن، و له‌وه تێده‌گه‌یشتن که به له‌هجه‌ی موکری بۆم ده‌خوێندنه‌وه." و سه‌باره‌ت به خزمایه‌تیی نزیک له نێوان له‌هجه‌گه‌لی سۆما،برادۆست، شکاک و، موکری ئه‌و قسه‌کانی به‌و وشانه داده‌کووژێنێ:
Ihre zusammenfassung unter einen gemeinschaftlichen Dialekt scheint mir nicht unmöglich
(پێموایه کۆکردنه‌وه‌یان له ژێر له‌هجه‌یه‌کی هاوبه‌ش دا نامومکین نییه)
ئه‌و له‌وه‌ش زیاتر ده‌چێ و ده‌ڵێ گشت زنجیره‌ی له‌هجه کوردییه‌کان ده‌کرێ له دوو گرووپی گه‌وره دا کۆ بکرێنه‌وه، یه‌ک بۆ باکوور، و یه‌ک بۆ باشوور. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، له‌و ده‌ربڕینه دا، بێگومان ئه‌و چاوی له‌و دژوارییه‌ی وا له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ له‌هجه‌کانی گرووپی زازا له‌و په‌ڕی باکوور دا دێته پێشێ هه‌ڵبواردووه.به‌ڵام ته‌نانه‌ت سه‌باره‌ت به‌و کورده زازایانه‌ش، لێرخ، وه‌ک گه‌وره‌ترین خاوه‌نڕا سه‌باره‌ت به‌و گرووپه‌ی له‌هجان، ده‌ڵێ: "به‌گشتی کورده زازاکانیش له کرمانجی تێده‌گه‌ن." سه‌ره‌تای A Practical Grammar of Kurdish language,1919
مه‌به‌ست له گێڕانه‌وه‌ی به‌شێک له بۆچوونه‌کانی ل.ئو.فاسوم لێره دا ئه‌وه‌بوو بڵێم سه‌ره‌ڕای جیاوازیی، شێوه‌زاره کوردییه‌کان له زنجیره‌ی زمانی دا ده‌گه‌نه‌وه یه‌کتری و ئه‌گه‌ر ئاخێوه‌رانی شێوه‌زار و له‌هجه‌ی جیاواز ڕێزی دوولایه‌نه‌ی شێوه‌زاری خۆیان و ئه‌وانیدییان له به‌ر بێ چونییه‌تی پێوه‌چارانیان هاسانتر ده‌بێته‌وه.
9- تێڕوانینی ئێوه سه‌باره‌ت به نووسینی زمانی کوردی به تیپی لاتینی چییه؟ چونکه هێندێک که‌س له‌و بڕوایه دان که پێویسته زمانی کوردی به تیپی لاتینی له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان بنووسرێ؟
به‌ر له هه‌مووشت ده‌بێ ئه‌و خاڵه، ئه‌گه‌ر باسیش کرابێ دیسان دووپاتهبکهمهوه که ئه‌و دوو ستاندارده ڕێنووسه‌ی که ئێستا هه‌ن هه‌م ڕێنووسی ئالوگۆڕکراوی عه‌ڕه‌بی – فارسی و هه‌م ئه‌و ڕێنووسه‌ی له سه‌ر بنه‌مای سیستمی ئه‌لفوبێتکه‌ی لاتینی ڕه‌حمه‌تی جه‌لاده‌ت به‌درخان دایهێنا، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ده‌توانن ئه‌رکی ده‌ربڕینی ده‌نگ بگێڕن. له‌و باره‌یه‌وه هه‌ر دووک ڕێنووسه‌که کێشه‌یان له عه‌ڕه‌بی و ئینگلیسی که‌متره. ئه‌و هه‌را و زه‌نایه‌ی هێندێک که‌س له‌و باره‌یه‌وه ناویانه‌ته‌وه و خه‌تیان کردووه به شتێکی پیرۆز هیچ پێوه‌ندی و فڕی به زانستی زمانناسییه‌وه نییه. له قانوونی بنچینه‌یی ئه‌و وڵاتانه‌ی دا که به‌شێک له کۆمه‌ڵگه‌ی زمانی کوردی‌یان تێکه‌وتووه، له سێ وڵاتیان خه‌تی عه‌ڕه‌بی و له وڵاتێکی دیکه دا خه‌تی لاتینی به ڕه‌سمی ناسراوه. له ڕووی پراتیکی، به‌تایبه‌تی له سیستمی ئینترنێت و بواری تێکنۆلۆژی دا، خه‌تی لاتینی هه‌م به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاوتر و هه‌م له ڕووی تێکنیکییه‌وه هاسانتر کاری پێده‌کرێ. به‌ڵام له ڕوانگه‌ی زمانناسییه‌وه ئه‌و خه‌تانه هیچیان له ئه‌ویدیکه نه باشترن و نه خراپترن. دیاره ئه‌گه‌ر هه‌لی ئاسایی ئه‌وه هه‌بوایه شێوه‌زاره کوردییه‌کان هه‌موویان به ڕێنووسێک نووسرابان، مه‌سه‌له‌ی له یه‌کتری گه‌یشتن زۆر هاسانتر ده‌بووه‌وه، به‌ڵام له هه‌لومه‌رجی ئێستا دا که ده‌ره‌تانی تێکنیکی بۆ ئالوگۆڕ کردنی خه‌ته‌کان به یه‌کتری زۆر هاسانه، ئه‌گه‌ر نووسه‌رێک بییه‌وێ په‌یامی خۆی بگه‌یێنێته خوێنه‌ره‌وه و وه‌رگری به‌ربڵاوتر، ده‌کرێ هاوکات هه‌ر دووک خه‌ت به کار بهێنێ. ئێستا که له کوردستانی عێراق سیستمی په‌روه‌رده به کوردییه، ده‌کرێ هه‌ر وه‌ک چۆن قوتابییان فێری زمانی ئینگلیسی ده‌کرێن، ماده‌یه‌کیش بۆ فێر کردنی نووسین به خه‌تی لاتینی له سه‌ر بنه‌مای ستانداردی هاوار ته‌رخان بکرێ و ڕه‌نگه به هه‌موارکردنێکی که‌می ئه‌و ستاندارده بکرێ وه‌چێکی که به ته‌واوی له هه‌ر دووک خه‌ت ڕابێ په‌روه‌رده بکرێ.
دیاره ئه‌وه له‌وانه‌یه جارێ له ترکییه، واته فێر بوونی خه‌تی کوردیی ئاڵوگۆڕکراوی عه‌ڕه‌بی – فارسی و له ئێران و سوورییه، خه‌تی لاتینیی کوردی به شێوه‌ی ڕه‌سمی ده‌ست نه‌دا، به‌ڵام له نه‌بوونی ئه‌وه‌شدا ده‌زانین که کورده‌کانی سوورییه بۆ نووسینی کوردی رێنووسی ستانداردی به‌درخان به‌کار ده‌هێنن و به‌شێکی زۆریش له‌و کوردانه‌ی که هه‌تا به‌کارهێنانی کامپیوتر قه‌تیان ئه‌و شێوه‌زاره‌ی پێی ده‌نووسن به خه‌تی لاتینی نه‌نووسیبێ، دوای ماوه‌یه‌کی که‌م زۆر به هاسانی ده‌توانن شێوه‌زاره‌که‌یان به خه‌تی لاتینیش بنووسن. له حاڵی حازر دا هه‌بوونی ئه‌و دووخه‌ته ڕاستی ژیانن و بۆ ئه‌وه‌ی ژیان هاسانتر بڕوا بریا هه‌موو که‌س حه‌ولی ئه‌وه‌ی دابا هه‌ر دووکیان فێر بێ.
10 – ئه‌رکی زمان‌ناس و ڕووناکبیرانی کورد سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی زمانی کوردی چییه؟
زمان ئی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵه و ڕاسته‌وڕاست به ناسێنه‌ی تاک و کۆمه‌ڵ به‌ستراوه‌ته‌وه. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌رکی هه‌موانه له سه‌ر ناسێنه‌ی تاک و به کۆمه‌ڵی خۆیان بکه‌نه‌وه. به بۆچوونی من له مه‌ڕ ئه‌و که‌سانه‌ی له کۆمه‌ڵی کوردی دا به شێوه‌ی پیشه‌یی کار به یه‌کێک له شێوه‌زاره کوردییه‌کان ده‌که‌ن، یان بۆ گوێستنه‌وه‌ی به‌رهه‌می هزر و کاری ڕووناکبیرانه‌ی خۆیان که‌لک له یه‌کێک له شێوه‌زاره کوردییه‌کان وه‌رده‌گرن حه‌ق وایه بۆ پێکهاتنی ئازادییه‌کی به‌ربڵاو بۆ هه‌موو شێوه‌زاره‌کان حه‌ول بده‌ن و له ڕێبازی پێکهاتنی زه‌مینه‌یه‌کی پته‌و و سه‌قامگرتوو بۆ ڕێزی دوولایه‌نه و چه‌ند لایه‌نه له نێوان ئاخێوه‌رانی هه‌موو کۆمهڵگهزمانییهکانی کوردستان دا تێ‌بکۆشن. ئه‌من ئه‌وه به ئه‌رکێکی ئینسانی، ئازادیخوازی و دادپه‌روه‌رانه ده‌زانم. له بواری پسپۆڕایه‌تی دا له‌و باوه‌ره‌دام زمان‌زان و زمانناسانی کوردستان ده‌بێ زیاتر له لایه‌ن و بواری "کۆمه‌ڵناسیی زمان" بکۆڵنه‌وه و ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌و بواره هه‌ره گرینگه‌ی زمان‌ناسی بۆ کۆمه‌ڵه زمانییه‌کانی نێو کوردستان زیاتر ڕوون که‌نه‌وه. چونکه هه‌تا زانایی تێئۆری له‌و باره‌یه‌وه زیاتر بێ، هه‌ر ئاواش کێشه و گیروگرفته‌کانیش هاسانتر ڕێگای چاره کردنیان ده‌بیندرێته‌وه. ئه‌من که خه‌رێکی نووسینی ولامی ئه‌و پرسیاره بووم بیستم کوردی فه‌یلی له به‌غدا داوایان کردووه له سیستمی په‌روه‌رده دا جێگه‌ی شێوه‌زاری "که‌لۆری" بکرێته‌وه. پێم وایه ئه‌وه داوایه‌کی به‌حه‌قه و نووسه‌ران و ڕووناکبیرانی نێو کوردستانی عێڕاقیش ئه‌رکی ئازادیخوازی و دادخوازانه‌یان وایان لێ ده‌کا پشتیوانی له داوایه‌کی ئه‌وتۆ بکه‌ن. ته‌فاهوم، دیالۆگ، سه‌لماندن و بۆ سه‌لماندن ئه‌و بواره نێوخۆییانه‌ی کۆمه‌ڵگه زمانییه‌کانی کوردین که ده‌بێ کاریان بۆ بکرێ.
ئێستا ته‌نیا شوێنێک له کوردستان که کوردان بۆخۆیان ده‌توانن له بواری پێوه‌چاران، به بابه‌تی زمان، بڕیار بده‌ن کوردستانی عێڕاقه. ئه‌گه‌ر له سیستمی په‌روه‌رده دا به شێوه‌یه‌کی جیدی حه‌ول بدرێ بۆ پاراستنی هه‌موو شێوه‌زاره‌کان، ئه‌وه کورد ده‌کاته پێشه‌نگی ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ی وا له ئاستی جیهانی دا بۆ پاراستن و مانه‌وه‌ی زمان و کولتووری ژێر مه‌ترسی خه‌بات ده‌که‌ن.