Thursday, April 7, 2011

ئاغای پان و حاڵ و ئەحواڵی، نووسینێکی عەلیڕەزای نابدڵ /عەلیڕەزای نابدڵ: ئازەربایجان و کوردستان دوێنێ و ئەمڕۆ، نووسینی دوکتور ئەمیری حەسەنپوور


مهد آزادی آدینە (تەورێز)، ژمارەی ١٢٧٨ ، ٣١ی پووشپەڕی ١٣٤٥ی هەتاوی ، لاپەڕەی ٦ و ٧

نووسینی عەلیرەزای نابدڵ

" ئاغای پان" و حاڵ و ئەحواڵی

" قەت ڕەگەز هۆی هیچ شانازییەک نییە.
ئەوە شانازییەکانن ڕەگەزیان ئافراندووە."
" مەفتوون"

*سەردەمی ڕەگەزی بانتر، مەزەب و مەڕامی بانتر و ... بۆ ئەبەد تێپەڕیوە

** " پان" ەکان قەت ناتوانن گرێیەک لە کاری نەتەوە ئاسیاییەکان بکەنەوە

ئوڕووپا پاش تێپەڕبوونی بیست ساڵ هێشتا نەیتوانیوە بیرەوەری چەپەڵی فاشیزم لە زەینی خۆی دا پاک بکاتەوە و هێشتاش جار و بار بێزاری خۆی بە دژی دڕندەترین زلخوازانی مێژوو بە شێوەی ڕۆمان،شانۆگەری و فیلم دەردەبڕێ. لە گەڵ ئەوەش دا هەموان دەزانن ئەمپریالیزمی ئوڕووپایی ئیدی قەت ناتوانێ بووکە پەڕۆی تازەی وەک هیتلێر جارێکی دیکە بهێنێتەوە سەر شانۆ.
لاوانی ئوڕووپایی ئیدی چ بڕ ئەو پەڵەیە قەبووڵ ناکەن. بەڵام ئەگەر زاڵبوونەوەی دووبارەی فاشیزم بە سەر ئوڕووپا دا لە تراویلکەیەک زیاتر نەبێ،هێشتا لەم بەرەی دنیا گۆڵمەزکاری ئاوا هەن کە زۆریان پێخۆشە تۆوی نئۆ فاشیزم و پرۆ فاشیزم لە زەینی مێرد منداڵانی بە گوڕ و بە ئەنێرژی ئاسیا و ئەفریقا دا بڵاو ببێتەوە. ئەو لاوانە هەر کە چاویان دەکرێتەوە،هەست دەکەن یەخسیری دەستی بێ بەشی زۆر و زەوەندن و کە هێندێک گەورەتر دەبن،لە گەڵ ڕاستیی زۆر دڵتاوێن ناسیاوی پەیدا دەکەن، بۆ وێنە سەبارەت بە دواکەوتوویی، هەڵنەدان، کۆلۆنیالیزم و .....
و " ئاغای پان" ** لە کەشوهەوایەکی ئاوا دا پێغەمبەرێتی خۆی دەردەخا " هاونیشتمانی بە وەج! " نێشتمانی باو باپیران" ی ئێمە سەردەمێک لە دەریای ڕۆژهەڵاتەوە تا دەریای ڕۆژئاوا درێژ دەبووەوە. و ئەژدادی ئێمە بۆ ئەدەب کردنی یەخسیرەکانی سەر بە نەتەوە پەستە کانی تێکشکاو جۆرە شەلاقێکیان لە چەرمی کەرگەدەن ساز دەکرد. هاونیشتمانی بە وەج! شێوەی چاو و کەپۆی تۆ نیشان دەدا لە سەداسەد لە ڕەگەزی پاکی ئەژدادانی چونکە کەپۆی تۆ هەر لە کەپۆی دامەزرێنەری ئیمپراتۆری ئێمە دەکا. هەستە و لە گەڵمان کەوە تا ئەو نەتەوە پەستانەی خوو، زمان و کولتووری چەپەڵی خۆیان بە سەر " خاکی بابوباپیرانی" ئێمە دا سەپاندووە و پێشی بەخۆدا هاتنی ڕەگەزی پاکی ئێمەیان گرتووە و، هۆی هەموو بەدبەختییەکانی ئێمەن،لە ڕووی لاپەڕەی ڕۆژگار پاک بکەینەوە"... چونکە بێ گومان بە نۆرەش بێ نۆرەی ئێمەیە کە حەقی دڕندەیی بستێنین، ووڵاتان بکەینەکۆلۆنی خۆمان و خاوەنی ڕەگەزی بانتر، زمانی بانتر، مەزەب و مەڕامی بانتر و پێشەوای بانتر بین: بەو شێوەیە دەیانەوێ گرێی خۆ بەکەم زانین کە هەتاکوو دوێنێ لایەنێکی تاکی هەبوو، بکەنە " نەتەوە" یی.
"ئاغای پان" هەمیشەبەر لە هەموو شتێک فکری " تازە کردنەوەی چاخی کۆن" دەهێنێتە گۆڕێ.بەڵام نەک هەر ڕووداوە مێژووییەکان و لایەنە ئینسانییەکانی مێژوو.بەڵکوو چیرۆکی کەڵەگایی و زاڵبوونی گۆپاڵ بەدەستانی عەشیرەتەکەی خۆی بە سەر عەشیرەتەکانی دیکە دا دەگێڕێتەوە. بۆ ئاغای پان بوونی حافزەکان، ئیبنی سینا کان، پاستۆرەکان، ڤیکتۆر هۆگۆکان و بێتهۆڤێنەکان شتێکی گرینگ نییە.ڕەنگە تەنێ بۆ سەلماندنی " بڵیمەتیی ماکی" قەومی خۆی ناوی ئەو جۆرە کەسانە بهێنێ.هەر وەها کوشتاری بەکۆمەڵ و تاڵان کردنی نەتەوە یەخسیرەکان و چینە ڕەنج چێشتووەکان بەدەست ئیمپراتۆرەکانی قەومی بانتر( وەک کوشتاری لایەنگرانی مەزدەک) وەکوو " گوێکێشانی سەرهەڵداوان" و " سەرکوت کردنی دوژمنان" باسیان لێوە دەکرێ. ئێستا " پانەکانی" ئانادۆڵی و هەر وەها یۆنان لە سەر کێشەی قیبرس هاواری ئازادی و یەکسانییان گوێی فەلەک کەڕ دەکا و هەرلایەکیان لە فکری "ئازاد کردن"ی براکانی خۆیان دان.لە کاتێک دا هەر لە ڕوانگەی ئەم ئاغایانەوە ئەو شێوەیەی کە ئیمپراتۆرییەکانی یۆنان و عوسمانلی لە گەڵ نەتەوەی شکاو و پچووک جووڵانەوە، بەحەق و ڕەوا بوو، بەڵێ ئەو جۆرە کێشانە گرینگ نین . مەسەلەی گرینگ بۆ " پان ئێرانییەکان" ئەوەیە کە خەشایارشا لە هێرشەکەی دا بۆ سەر یۆنان ( کە بە میلیۆن نەفەری لە عەشیرەتە درندەکان و نیوە دڕندەکان بە دژی یۆنان ساز دابوو) چەند جار بە شەلاق دەریای لەت کرد و جینسی شەلاقەکەی لە گوێن ئاریەنە ڕەسەنەکان لە چەرمی کەرگەدەن بووە یان چەرمی گا. هەر وەها بۆ " پانە ڕۆمییەکان" یش ئەو بابەتە گرینگە کە بزانن ڕۆم لە سەردەمی کامەیەک لە ئیمپراتۆرەکانی خۆی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای باشتر بە زنجیر کێشاوە.
دەنا کەلەپووری حافزەکان و ئیبی سیناکان، داوینچی یەکان و بێتهۆڤێنەکان و تسوایگەکان قەت بۆ پان جێگەی کەلک لێوەرگرتن نابێ چونکە بیری بەرزتر بوونی " ئاریەنە ئێرانییەکان" قەت لە غەزەلەکانی حافز دا دەرناکەوێ و ئیبنی سینا و زەکەریای ڕازی ش شتێکیان بۆ سووک کردن و بە هیچ دانانی نەتەوەی پەستی غەیری ئێرانی دا نەهێناوە. شتێڤان تسوایگ نەتەوەی خۆی زۆر خۆش دەویست و بە ساڵان بۆ گەشە پێدانی ژیاری و کولتووری ئەو نەتەوەیە تێکۆشا بوو. بەڵام لە سەر ئەو باوەڕە نەبوو ئەو هەویرەی لەشی نەتەوەی وی لێ داڕێژراوە لە ئینسانێکی دیکە بەرزتر بێ و ڕێگەی نەدەدا فاشیستەکانی ووڵاتەکەی نەتەوەکانی دیکە بە یەخسیر بگرن.پەژارەی وی ئەوەندە زۆر بوو کە لە گەڵ هاوسەرەکەی چوونە غەریبایەتی و لەوێ خۆیان کوشت.
شووێنیستەکان و پرۆ فاشیستەکان تەشریفیان دژی مەزەبیشە. بەڵام نەک لە بەر ئەوەی کە ماتریالیست بن،نەخێر بەڵکوو لە پاپاش ئیدێئالیستترن. هۆی دژایەتی ئەوان لە گەڵ مەزەب ئەوەیە یەکەم ڕاکێشران بەرەو بیر و ڕای مەزەبی پێشی ئەوە دەگرێ ئەوانەی باوەڕیان بە دین هەیە گوێ بدەنە قسەکانی ئاغای پان. نوختەی دووەم ئەوەیەکە ئیسلام یان مەسیحییەت لە ماوەی سەدەی یەک لە دوای یەک دا ئامۆژگاریان بۆ کردووە، بە هیچ جۆر لە گەڵ قسەی زلخوازانی بەرچاوتەنگ ناسازێ و قسەکانی ئاغای پان لەو ڕووەوە گەڕانەوەی تەواوە بۆ سەروبەندی ڕق و قینی عەشیرەیی و بە جۆرەیەک لە کۆنە پەرستی وەحیساب دێ. لە بەر ئەوەی "پانەکانی" ئەمبەرەی شاخی شتێک دەڵێن و " پانەکانی" ئەو بەری کێوی شتێکی دیکە؛ هەر کامێکیان باسی بانتر بوونی خێڵی خۆیان دەکەن و بەو پێیە گۆی زەوی هەر جێگای "پان"یکی دەبێتەوە. و قەت دوو "پان" بە لانی کەمەوە دە وێشکاڕۆیەک دا لە گەڵ یەکتری هەڵناکەن.
لە کاتێکدا لە ڕوانگەی دنیابینینی ئیسلام یان ناسیۆنالیستە پێشکەوتووەکانی سەدەی بیستەم دا،نەتەوەکان و عەشیرەتەکان ئەو دەروێشانەن کە لە سەر خاک بەیەکەوە دەگونجێن.چونکە هیچ کامیان شاپە و گاپەی خۆبە زلتر زانین لێ نادەن بەڵکوو هەموو دەیانەوێ لە هەلومەرجی یەکسان و بەرانبەر دا، وەک برا بە تەنیشت یەکدییەوە بژین. بەو پێیە شووێنیستەکان و پڕۆ فاشیستەکان قەت ناتوانن تیورییەکی گشتییان سەبارەت بە مێژوو هەبێ. لە ڕوانگەی پانە ئێرانییەکانەوە خەشایارشا بێغەمبەرێک بوو لە کاتێک دا ئەسکەندەر "گێجەستێ /گڵاو" و مەلعوون وە حیساب دێ. لە ڕوانگەی پانە یۆنانییەکانەوە تەواو بە پێچەوانەیە. لە کاتێکدا لە ڕوانگەی ئینسانەکانی ڕووناک بینی سەدەی بیستەمەوە، گشت داگیر کەرانی دنیا دەبێ بە هەمان پێوانە هەڵسەنگێندرێن. بیری زاڵبوون بە سەر نەتەوەی دیکە دا هەمیشە ناپەسند بووە و خۆڕاگری و بەرگری لە ئاست پەلاماردەر کردەوەیەکی باش و نەجیب بووە. کە وا بوو دنیاگران قەت بۆ ئەوە نابن پەسن بدرێن. جا چ سەر بە عەشیرەتی ئێمە بووبن یان عەشیرەتەکانی دیکە.
هەرچۆنێک بێ، پان عەڕەبیستەکان، پان ئێرانیستەکان و پان تورکیستەکان و پانەکانی دیکەی لەم چەشنە قەت ناتوانن گرێیەک لە کاری نەتەوە ئاسیاییەکان بکەنەوە. ئەوانە هێندێک خرکە بەردن لە سەر ڕێبازی کەژاوەی مێژوو و ئەو بی بی جان خانمانەن کە هەڵسووڕێنەرانی شانۆی ڕۆژگار لە هێندێک هەلومەرجی لەبار دا کایەیان پێ دەکەن. لە کاتێک دا مێژوو نە بەقای بۆ هەڵسووڕێنەران و نە بی بی جان خانمەکان دەمێنێ. بەڵام لە ئێرانێ بەداخەوە مەسەلەکە تەنێ بە " پانەڕەسمییەکان" کۆتایی نایە بەڵکوو پاشماوەی شووێنیزم و ناسیۆنالیزمی بە ئەفسانەیی کراو لە سەر زۆرێک لە لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمە دا شوێنی داناوە بەتایبەتی ئەو شوێندانانە لە سەر کولتوور،بەدەرەوەترە.
لە کتێبە ڕەسمییەکانمان دا ئاماژە دەکرێ بە " عەڕەبی مارمێلکەخۆر" و لە ڕاستی دا دەبێ بڵێین کە بەشێک لە هاونیشتمانانی ئێمە لەو مارمێلکەخۆرانەن!هەر وەها بابەتەکانی کتێبە دەرسییەکانی ئێمە لە سەر ویلایەتەکانی دیکەش زیاتر لە سەر بنەمای ئەو شێوە بیرکردنەوەیەن کە لە سەرەوە هێمای پێکرا. ئەو بابەتە ڕێگە دەدا بە قەشمەرێکی نەخوێندەوار بە نێوی ئیبراهیمی سەفایی کە بێ و بۆ وێنە سەتتار خان بەرپەرچ بداتەوە ( چاو لەو ووتارە بکەن کە ئاغای بەیتوڵای جەماڵی لە مهد آزادی دا لەو بارەیەوە نووسیبووی)

=========

* پرو: لایەنگر
** پان: وەک ووشە بە مانای هەمووە و لە مەر نێوی هێندێک لە قوتابخانە سیاسی فەلسەفییەکان وەکوو پێشگر بەکار هاتووە. "پان ئێسلامیزم" یش هەر لەو جۆرە نێوانەیە کە خودالێخۆشبوو دێهخودا لە لۆغەتنامەکەیدا لە بەرانبەری دا ئاوای نووسیوە: " بیری یەکێتی ئیسلامی کە سیاسەتمەدارەکانی ئوڕووپا بە ساڵانی درێژ بەو ووشە بێ مانایە ئوڕووپایان ترساندووە و گۆیا بۆ نەهێشتنی، هەموو جۆرە زوڵم و زۆر و زیادەڕوویی داگیرکەرانەیان لە ڕۆژهەڵات ئەنجام دا
خویشتن نقش دیو میکردند
پس زبیحش غریو میکردند ."
=====================================================================================


ئەمیری حەسەنپوور

عەلیرەزای نابدڵ : ئازەربایجان و کوردستان دوێنێ و ئەمڕۆ

بە بۆنەی دیسان بڵاوکردنەوەی " "آقای پان" و احوالاتش"

" "آقای پان" و احوالاتش"، نووسراوەیەکی کورت و کەمتر ناسراوی عەلیڕەزای نابدڵ، ئێستاش هەر وەک ئەو کاتەی بۆ جاری یەکەم لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی دا بڵاو بووەوە، هەر وا دەدرەوشێتەوە. ئەم نووسراوەیە، لە گەڵ کارە درێژترەکەی " آذربایجان و مسئلەء ملی" (١٣٤٩) و شێعرەکەی " کوردستان" بە زمانی ترکی، چیرۆکی خەبات لە پێناو " مەسەلەی میللی" لە ئێران دەگێڕنەوە، ئەو بەسەرهاتە پڕ لە توندوتیژییەی کە هێشتا نەک تەواو نەبووە بەڵکوو داهاتوویەکی تاریکتریش وێنا دەکا. [١] لەم سێ نووسراوانە دا، نەک شوێنەواری پەڕاگەندە، بە ڕێکەوت و سەربەخۆ بەڵکوو ڕوانگەیەکی یەکپارچە دەبینین کە خەریکی هەوڵدان و بەخۆدا هاتنە. ئەو شوێنەوارانە پەنجەرەیەکن بەرەو ڕەوتی ئاڵوگۆڕەسیاسییەکانی ساڵانی ٤٠ی هەتاوی و پوختەیەکن لە جیهانبینی، ئاسۆ و کردەوەی سیاسی کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ کە لە هەوراز و نشێوی خەبات لە پێناو دامەزراندنی دنیایەکی نوێ دا ئاسۆیەکمان دەخاتە بەرچاو کە وەدیهاتنی ئاواتی خەڵکی زۆرلێکراوی دنیایە.

دەیەی ساڵانی چل سەروبەندی ئالوگۆڕی گرینگ لە ئێران، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەرتاسەری دنیا بوو و وەچەیەیکی نوێ لە تێکۆشەران خەرێکی دۆزینەوەی ڕێگایەک بوون بۆ گۆڕینی ئەو هەلومەرجەی کە ڕابردوو بە سەری دا سەپاند بوون: حەولی تازە بۆ گۆڕینی ئەو بارودۆخەی لە گۆڕێ دابوو و ساز کردنی دنیایەکی بی زۆرداری و چەوساندنەوە. نابدڵ لە سەرەتای ئەو دەیەیە دا دەستی کرد بە خەباتی سیاسی و فکری و دە ساڵ دواتر (١٣٥٠)لە تێکهەڵچوون لە گەڵ هێزەکانی ڕێژیم دا گیرا و زوو ئێعدام کرا. نووسراوەی " " ئاغای" پان و حاڵ و ئەحواڵی" بە ئاشکرا، لە ڕۆژنامەی مهد آزادی دا کە لە تەورێز دەردەچوو بڵاو کراوە. نێوەرۆکی ئەو ڕۆژنامەیە زیاتر دەنگوباس و ئاگاداریی ناوچەیی تەورێز و ئازەربایجان بوو بەڵام، بە دەستپێشخەری دەستەیەک لە ڕووناکبیران – تێکۆشەرانی چەپی تەورێز لەوانە سەمەدی بێهڕەنگی و بێهرووزی دێهقانی و عەلیڕەزای نابدڵ و پەسندی بڵاوکەرەوەکەی، ژمارەکانی ڕۆژانی جومعەی ئەو ڕۆژنامەیە کە نێوی آدینە ی لێ نرابوو تەرخان دەکرا بۆ باسی سیاسی و کولتووری و ڕووناکبیری. مهد آزادی - آدینە وەک زۆرێک لە بلاوکراوەکانی ئەستانەکان لە هەموو ئێران دا بڵاو نەدەبووەوە. من لە نێوان ساڵانی ١٣٤٤-١٣٤٦ لە مەهاباد بووم و بۆ ماوەیەک لە خوێندنگەی ئامادەیی دەرسم دەگوتەوە و،لە ڕێگای هاوکار و دۆستێکی ئازەربایجانییەوە کە لە گەڵ دەستەی سەمەد و بێهرووز و نابدڵ پێوەندی هەبوو بە تێکۆشانی ئەوانم زانی و دوو یان سێ نووسراوەم سەبارەت بە فۆلکلۆری کوردی بە نێوی خواستەمەنی میکاییل ئارامیان بۆ آدینە نووسی.

کەم سەرنج دان بە " " ئاغای پان" و حاڵ و ئەحواڵی" جێی تێڕامانە. حەول دانی من لە ئینترنێت دا بۆ دۆزینەوەی نەگەیشتە هیچ کوێ. لە چەند شوێنێک بە یەک دوو ڕستە هێمای پێ کراوە بەڵام نووسراەکە بۆخۆی لە هیچ کوێ دیار نییە. ئەمن لە ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی، فۆتۆکۆپی ئەو نووسراوەیەم دا بە بڵاو کراوەی رزم دانشجو ( بڵاو کراوەی لێکۆڵینەوەیی ڕێکخراوی خوێندکارانی ئێرانی لە ئەمریکا) و لەوێدا بڵاو کراوە ( ژمارەی ٢، دەورەی دووەم،ساڵی یەکەم، گەلاوێژی ١٣٥٥، لل ٧٣-٧٥) بەڵام تا ئەو جێیەی بزانم ( و ئاشکرایە کە هەموو سەرچاوە چاپییەکانم نەدیوە) لە جێگایەکی دیکە دا دیسان بڵاو نەکراوەتەوە.تەنانەت " آذربایجان و مسئلەء ملی" ش لە سەرچاوەی ئینترنێتی دا دەست ناکەوێ.

لە خەبات بە دژی ڕێژیمی شا، نابدڵ وەکوو تێکۆشەرانی دیکەی ئازەربایجانی و کورد و نەتەوایەتیەکانی دیکە لە گەڵ زۆرداریی نەتەوەیی ڕووبەڕوو بوو. لە نێو نەتەوایەتییەکانی ئێران دا، زۆرداریی نەتەوەیی زۆر کەسی دەکێشایە نێو شانۆی خەباتی سیاسی. خەبات بە دژی زۆرداریی نەتەوەیی لە سەردەمی ڕەزاشا و لە دوای ئەو بە تایبەتی لە ئازەربایجان و کوردستان لە گۆڕێ دابوو و، قورسایی ئەزموونی حکوومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان (١٣٢٥ی هەتاوی) بە سەر شانی ئازەربایجانییەکان و کوردەکانەوە دیارە. لەو دوو بزووتنەوە نەتەوەییە دا کەمتر مەسەلەیەک بە بێ گەڕانەوە سەر ئەو مێژوویە دێتە گۆڕێ. بەڵام لە ساڵانی ١٣٤٠ە کاندا وەچەی تازەی تێکۆشەران و ڕووناکبیران لە گەڵ کێشەی تازە ڕووبەڕوو بوون کە پێوویستییان بە ووڵامدانەوەی نوێ هەبوو . ڕابردوو نەک هەر ووڵامدەرەوەی ئێستا و داهاتوو نەبوو بەڵکوو بۆ هەڵبڕان لە بەرتەنگییەکانی دەبوو بدرێتە بەر ڕەخنە. نابدڵ دە "آذزبایجان و مسئلەء ملی " دا هێمای کردووە بە حەول دانی وەچەی تازەی تێکۆشەران بۆ ڕێگا دۆزینەوە لەو ساڵانە دا. یەكێک لە ئاکامەکانی زۆرداریی نەتەوەیی، جوێ کردنەوە و خستنە ڕووبەڕووی یەکدی خەڵکی ئێرانە لە سەر بنەمای جیاوازییە نەتەوەییەکان. لە بزووتنەوەی نەتەوەیی دا، ناکۆکی سەرەکی لە کۆمەڵی ئێران دا بە ناکۆکی نێوان نەتەوەکان دادەندرێ و لەو ناوە دا ناکۆکی نێوان نەتەوەی فارس و نەتەوەکانی زۆرلێکراو گەورە دەکرێتەوە. بەڵام نابدڵ لەو باوەڕە دا بوو لە ئێرانی چەند نەتەوایەتی دا،کە زیندانی نەتەوایەتییەکانە، " شۆوێنیسمی نەتەوەی فەرمانڕەوا و ناسیۆنالیسمی تیژپەڕی نەتەوایەتییەکانی ژێر دەستەڵات دوو لایەنی ناکۆکییەکی وەکوو یەکن.ئەوە تەنێ پڕۆلێتاریایە کە لە هەلومەرجی وەگەرکەوتنی هەموو هێزە شوڕشگێڕەکانی گەڵ دەتوانێ ئەو ناکۆکییە بەلا دا بخا و هەر دوو لایەنی لە نێو بەرێ. لە نێو بردنی ناسیۆنالیسمی تیژپەڕی هەر نەتەوایەتییەک بە شێوەی سەرەکی لە ئەستۆی پڕۆلێتاریای هەمان نەتەوە دایە." [٢]

نابدڵ بۆ خۆی دەستی کرد بە خەبات بە دژی هەر دوو ڕەوتی– شووێنیسمی نەتەوەی فەرمانڕەوا و ناسیۆنالیسمی تیژپەڕی نەتەوایەتییەکانی ژێر دەستەڵات- . ووتاری " "ئاغای پان" و حاڵ و ئەحواڵی" ڕەخنە گرتنە لە یەکێک لە دەستە نازی- فاشیستەکانی ئێران بە ناوی " حیزبی پان ئێرانیست" کە لە ١٣٤٠ە کاندا بە پەسندی ڕێژیمی شا جارێکی دیکە لە شانۆی سیاسی – حکوومەتی دا چالاک ببووەوە. ئەو حیزبە بانگەشەی دەکرد بۆ ڕەگەزپەرستی "ئاریایی" و بەتایبەتی دژایەتی سامی
( شەڕی عەڕەب و شەری جوولەکە) و شەڕی ترک،لە مەجلیسی شووڕای میللی دا کورسی هەبوو و، لە ڕۆژنامەکەی دا کە ناوی فاشیستی – نازیستی خاک و خون (blut und boden ) یان لێ نابوو بانگەشەی بۆ فاشیسم دەکرد.[٣] نابدڵ لەو نووسراوەیە دا پان ئێرانیسم،پان تورکیسم،پان عەرەبیسم و پان ئیسلامیسم هەر کامیان بە چەشنێک لە فاشیسم دادەنێ. پان ئێرانیستەکان،کە زۆر لەو لەقاودانەی کە نابدڵ کردبووی تووڕە بوون، وەبیر دەستگای ئەمنییەتی ڕێژیمیان هێناوە کە لە سەردەمی بە شکۆی سەلەتەنەتی ئاریامێهری دا نابێ ڕێگا بدرێ بە کۆمۆنیستەکان ڕووبەڕووی پڕوپووچی ئاریایی و فاشیسم ببنەوە. بۆیە زوو بڵاوکردنەوەی مهد آزادی – آدینە ڕاگیرا.

جێی سەر سوڕمان نییە کە پان ترکیستەکانیش بەرپەرچی نابدڵ دەدەنەوە و بە زمان و چەمکی ڕەگەزپەرستانە ئەو بە " دژە ترک " و " بلاوێنی هەرمەنی" نێو زەد دەکەن، " آذربایجان و مسئلەء ملی" بە " کتێبی دژی سەمەدیسم" دادەنێن و، ئیدیعا دەکەن فارسێک (حەمیدی ئەشڕەف) نووسیویە وەک ئەوەی کە گۆیا ترکێک ناتوانێ و نابێ ڕەخنە لە کارنامەی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی بگرێ و سەرکۆنەی بکا.[٤] نابدڵ لەو کتێبە دا لە گەڵ لەقاودانی ئەو زۆردارییە نەتەوەییەی کە بەدەستی سیستمی شۆوێنیسمی فارسەوە بەڕێوە دەچێ ڕەخنە لە ڕێباز و سیاسەتەکانی فیرقەی دێمۆكراتی ئازەربایجان لە ساڵانی ١٣٤٠ ەکان دەگرێ و وەک " فیرقەیی – توودەییە خرۆشچێفییەکان" سەرکۆنەی ڕێبەرانی ئەو فێرقەیە دەکا. ئەو ئاماژە دەکا بە"مرخی تازە لە نێو وەچەی نوێی
[ ئازەربایجانییەکان] بەرەو زمان و ئەدەبییاتی نەتەوەیی کە هەڵگری خەسڵەتی چینایەتی ووشیارانە بوو" و دەنووسێ کە ڕێژیم بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ڕەوتە هێندێک هەنگاوی نایەوە لە وانە ڕێ کردنەوە بۆ هاتنی چاپەمەنی و قەوانی موسیقا لە ئازەربایجانی شووڕەوی ڕا. نابدڵ دڕێژە بە قسەکانی دەدا و دەنووسێ: " لە ڕاستیدا بە پەرەسەندنی ڕێڤیزیۆنیسم و بووژانەوەی کولتووری بورژوازی لە شووڕەوی ئیتر هیچ تایبەتمەندییەکی " بەمەترسی" لە چاپەمەنییە ئەدەبییەکانی ئەو ووڵاتە دا نەبوو، تا پێداویستییەک بۆ پێشگرتن لە هاتنی بۆ ناو ئێران لە گۆڕێ دابێ..." (ل.٣٢). نابدڵ جەختی دەکردەوە کە تێکۆشانی فیرقە و حیزبی توودە و سیاسەتی دەوڵەتی شووڕەوی بۆ پاراستنی ئەو بار و دۆخەی هەیە هاوتەریبن و نیشانی دا کە ڕێژیمی شا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی وەچەی نوێی ئازەربایجانییەکان تەنانەت کەلکی لەو ڕەوتە ناسیۆنالیستییەش وەر دەگرت.بۆ بە گژ داهاتنەوەی سیاسەتێکی ئەوتۆ، نابدڵ بە دوای ئەوەدا بوو ڕزگاریی لە زۆرداریی نەتەوەیی لە ڕووخاندنی ڕێژیم و لە ڕزگاری هەموو گەلانی ئێران لە ژێر ڕێبەریی پڕۆلێتاریای ئێران دا بدۆزێتەوە.(ل ٤ )


پان ترکیستەکان لەجیات ئەوەی بیسەلمێنن کە شۆوێنیست و فاشیست نین تاوانی شەڕی ترک و تەنانەت شەڕی سەمەد وەپاڵ نابدڵ دەدن. بەڵام ئاواتی نابدڵ،کە بە ڕاشکاوی و زۆر جار هاتووەتە گۆڕێ،ڕزگاریی هەموو زەحمەتکێشان و گەلانی زۆرلێکراو بوو. ئەو ئاواتە لە شێعری " کوردستان" دا بە شێوازێکی هونەری – سیاسی وێنا کراوە. نابدڵ، کە بۆ خۆی وەک ئازەرییەک ڕەنجی لە زۆرداری نەتەوەیی دەبرد،چۆن دەیتوانی دژی ترک یان دژی سەمەد بێ؟ ئەگەر پان ترکیستەکان هۆی بوونی خۆیان بە نەفرەت و بێزاری لە گەلانی هەرمەنی و کورد و فارس و گورجی و ڕووس و عەڕەب دەناسێنن، نابدڵ هەبوونی خۆی لە ئەوینی بۆ ئازادیی گەلان و یەکیتیی ئەوان دا دەدی بۆ ڕیشەکێش کردنی زۆرداریی نەتەوەیی و چەوساندنەوەی چینایەتی.بەو پێیە ناکۆکی نێوان پان ترکیسم و جیهانبینی نابدڵ هەموو لایەنەیە.ناکۆکییەکە لە نێوان دوو سیاسەت، دوو کولتوور،دوو چین، دوو ئیدێئۆلۆژی، دوو ئەخلاقیات،دوو فەلسەفە و، دوو وێژمان ە. ئەوەی لەو ناوە دا لە هەموان چاو ڕاکێشترە ناکۆکییە لە نێوان نەفرەت و ئەوین. لە وێژمانی پان ترکیستەکاندا،نەفرەت لە هەرمەنی و کورد و فارس دەبارێ ( دروشمەکەیان ئاوایە: " فارس، کورد، هەرمەنی – ئازەربایجان دوشمانی) و ئاسۆیان پاکسازیی ئێتنیکی و جێنۆساید ە. ئەو پاکسازییە تەنێ ئێتنیکی نییە و وەک هەموو نموونەیەکی دی ئیدێئۆلۆژیکیشە و خەباتگێڕانی ترکی وەک ئیسماعیلی بێشیکچی و عەلیڕەزای نابدڵ و تەنانەت سەمەدی بێهڕەنگی ش دەگرێتەوە. [٥] نابدڵ بە قسەی غوڵامحوسێنی ساعیدی کە لە ڕێگای سەمەدەوە ئەوی ناسیبوو. " زۆر وە سەمەد دەچوو لە ئەوینی بۆ زمانی دایکی و گرینگتر لە هەموان سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتیەکان و زۆرلێکراوییان... زۆری دەنووسی و کەمی چاپ دەکرد، جارێکیان کەشکۆڵێکی زۆر دەوڵەمەندی لە تەورێز وەڕێ خست کە نەیان هێشت لە ژمارەیەک زیاتر بڵاو بێتەوە. بە زمانی دایکی شێعری زۆر دانستەی دەنووسی و، خۆزگە هەموو ئەو شێعرانە کۆ کرابانەوە و بڵاو کرابانەوە..."[٦] بەڵام خۆشەویستی گەلی ترک بۆ نابدڵ، بە پێچەوانەی پان ترکیستەکان، پێویست نەبوو بە مانای دۆژمنایەتی کردن لە گەڵ گەلەکانی دیکە بێ.بە پێچەوانە،لە بەر ئەوەی دڵی بە ڕزگاریی هەموو گەلانی ئێران خۆش بوو، زۆری سەرنج دابووە سەر ئەو خەباتەی کە لەوان ساڵان لە کوردستان دا هەبوو و حەولی دا پێوەندی بەو خەباتەوە بکا - دامەزرانی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ودەستپێکردنی خۆڕاگری چەکدارانەی تێکۆشەرانی وەک سولەیمانی موعینی، شەریفزادە و مەلا ئاوارە. شێعری " کوردستان" دەربڕی هەست و ئاواتەکانی وییە لە پێوەندی لە گەڵ ئەو خەباتە دا. لەو دەربڕینە شاعیرانەیە دا، کوردستان بێگانە نییە، بەشێکە لە خۆی و گۆشەیەکە لە خەبات بۆ ڕزگاریی هەموو گەلانی ئێران. و ئەوە شتێکە کە ڕەگەزپەرستان لێی تێناگەن. ئەو کاتەی کە نابدڵ " آذربایجان و مسئلەءملی" دەنووسی ماوەیەک بوو ئەو بزووتنەوەیە تێک شکا بوو و نابدڵ بۆخۆی لە گەڵ دەستەیەک لە هاوڕێیانی خەریکی ئامادە کردنی خەباتی چەکدارانە بە دژی ڕێژیمی شا بوو و لەو هەلومەرجی دا لە هەڵسەنگاندنی ئەو ئەزموونە دا نووسی:

" ... ئەو ئیدەئالەی کە دەیتوانی ووردە بورژوازی بەرەو لای خۆی ڕاکێشێ – زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی شار نشینی کوردستان بە تایبەتی بە لەبەر چاو گرتنی شوێندانانی گەورەی بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلی کوردیی عێراق – ئازادیی کوردستان بوو. بەڵام داخودا ئەو دەستە لە شۆڕشگێڕە ناسیۆنالیستانە کە تەنێ پشتیان بە پشتیوانی پەڕاگەندەی ووردە بورژوازی شاری بەستبوو لە ژێر ئەو دروشمە و بە ستراتێژی ئازاد کردنی ناوچەیەکی تایبەتی بە شێوەی خۆڕاگری و ئەویش بە بێ ڕێکخستنی جەماوەری دەیانتوانی بە دەستپێکردنی عەمەلییاتی پارتیزانی جوتێرانی کوردستان بەرەو لای خۆیان ڕاکێشن و هیوایان ئەوە بێ عەمەلییاتەکەیان بگاتە ئاستی شەڕێکی جەماوەری؟ لە جێدا داخودا کاتێک دروشمی ئازادیی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ویلایەتێک دا وەکوو دروشمی سەرەکی لە لایەن شۆڕشگێڕانی ناسیۆنالیستەوە دەهێندرێتە گۆڕێ بە بێ ئەوەی کە پێوەندی نیزیکی لە گەڵ خەباتی چینایەتیی پرۆلێتاریا و جووتێرانی سەرتاسەری وولات دا هەبێ و ببێ بە بەشێک لەو تەنانەت ئەگەر پەرەش بستێنێ،
دەتوانێ چارەنووسێکی باشتری هەبێ لەوەی کە لە عێراق و بیافرا دا هەیبوو ؟ (ل٣٠)

لە کۆتاییەکانی دەیەی ساڵانی ١٣٤٠ەکان،کە هێندێک لە شۆڕشگێڕانی ئازەربایجانی وەک نابدڵ لە سازمانی چریکەکانی فیدایی گەل دا دەستیان کرد بە خەباتی چەکدارانە،وەچەی نوێی تێکۆشەرانی کوردیش، بە دوای دابڕان لە پارتی و شێوە نەریتییەکانی خەبات دا بوون. دابڕان لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی نێونەتەوەیی بە ڕێبەریی پارتیی کۆمۆنیستی چین کە کودەتای خرۆشچێفی وەک دەستەڵات بەدەستەوە گرتنی بورژوازی دا دەنا ئاسۆی شۆڕشی تا ڕادەیەک ڕوون کردبووەوە بەڵام ڕێبازی شۆڕش هێشتا پر لە هەوراز و نشێو بوو. ئاسۆ ڕوون بوو بەڵام دوو ڕێیان و چەند ڕێیان هەتا بڵێی زۆر بوون. وەچەی لاوی ڕووناکبیران و تێکۆشەرانی کوردیش خەرێکی ڕێگا دۆزینەوە بوون.لە بزووتنەوەی کوردستانی ئێران دا، بە دوای شکانی خەباتی ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧ ژمارەیەک لە شۆڕشگێران ڕێکخستنێکی نوێیان دامەزراند کە نێوەکەی - کۆمەڵە: ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران - نیشانەی جوێبوونەوەی فکری و سیاسی و رێکخراوەیی بوو لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران.لە کوردستانی عێڕاق لە خۆڕاگرییەکی چەکدارانە دا کە لە ساڵی ١٣٤٠ دا دەستی پێکردبوو و ئامانجی وەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی بوو، سەرۆک عەشیرەت و فێئۆدالەکان لە گەڵ ڕووناکبیرانی شارنشین کەوتنە تەنیشت یەک بەڵام دوای چەند ساڵ لە یەکتر جوێ بوونەوە.بانگەشەی فاشیستی پان ئێرانیستەکان لە کوردستانی ئێران هیچ شوێنێکی لە سەر وەچەی نوێی خەباتگێڕانی کورد دانەنا و ئەوان لە جیات ئەوەی لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستییەوە بگلێن ڕوویان لە خەباتی چینایەتی کرد. بە پێچەوانەی ئێران، لە کوردستانی عێڕاق لە ماوەیەک پێشترەوە دەستەیەکی پچووک لە ناسیۆنالیستە توند ئاژۆیەکان خەریکی کۆ کردنەوە و بانگەشەی فاشیزمی خۆماڵی بوون. خاک و خون (ساڵی چوارەم، ژمارەی ٥٢١، یەکشەمۆ ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٤٨، لاپەڕەی ٤) سەبارەت بە بەشداریکردنی ڕێبەری ئەو دەستەیە لە " کۆنگرەی گەورەی حیزبی پان ئێرانیست لە ئوڕووپا" دەنووسێ"


" ئەوجار سەروەر جەماڵ نەبەز هاو نیشتمانی کوردی ئەو بەری سنوور، بە نیشانەی یەکێتی و یەکایەتی هەموو تیرەکانی ڕەگەزی ئێرانی دەستی بە قسە کرد.سەروەر جەماڵ نەبەز کە یەكێک لە سیما درەوشاوەکانە لە ناو خەباتگێڕانی کوردی ئەو بەری سنوور و ئەمڕۆ لە ئوڕووپا نەبەردێکی هەموو لایەنە دەکا بە دژی تاکوتەرای دژی ئێرانی، باسی هاوپێوەندی لە جیا نەهاتووی تێرە ئێرانییەکانی کرد، لە ڕوخسار و قسەکانی وی دا بوو، کە هەموو ڕەزمکاران، وەدیهاتنی پان ئێرانیسمیان بە شێوەیەکی ئاشکرا بە چاو دیت و بە گوێ بهیست."

ئەگەرچی پڕوپووچ و خورافەی ئاریایی لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانی عێڕاق دا هەمیشە ئامادەییەکی کەم ڕەنگی هەبووە، ئەو دەستە ڕەگەزپەرستە قەت نەیتوانی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی پەیدا بکا. لەگەڵ ئەوەشدا لە وێژمانی پانەکانی ئێرانی و کورد و ترکەوە ڕوون دەبێتەوە کەئەوان چ داهاتوویەکیان بۆگەلانی ناوچە وێنا کردووە:جێنۆساید،پاکسازی ئێتنیکی،زمانکوژی،کولتورکوژیی " ئەوانەی هاو ڕەگەز نین". ئەگەر لە دەیەی ١٣٤٠ەکانەوە بێینەوە ئەمڕۆ، واتە دەسپێکی دەیەی ٩٠ه کان، دەکرێ ببینین کە چ لە ئێران چ لە سەرتاسەی ناوچە (ترکییە، قەوقاس، عێراق) "سیاسەتی ناسێنە" دە بەرگی دین و نەتەوایەتی وئێتنیسیتە دا بە بەربڵاوی ئامادەیە. دوو جەمسەری کوشتار و وێرانی واتە کۆنەپەرستی ( بنچینە گری دینی و نەتەوەیی) و ئەمپریالیسم دەست لە دەستی یەکدیدا و جار جار لە ڕووبەڕوونەوەی یەکتریدا دنیایان کردووەتە کوشتارگەی خەڵکی زۆرلێکراو. ئەگەر لە سالانی ١٣٤٠ەکاندا چ باسێک سەبارەت بە سنووری ئازەربایجان و کوردستان لە گۆڕێ دا نەبوو، لەو ساڵانەی دواییدا شەڕێکی سارد لە نێوان باڵە توندئاژۆیەکانی ناسیۆنالیسمی ئازەری و کورد لە گۆڕێ دا بووە – شەڕ لە سەر دیاریی کردنی سنووری ناوچەی کورد نشین و ترک نشین لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا. ئەو شەڕە ساردە،کە لە بەرژەوەندیی چێنە چەوسێنەرەکان نەبێ شتێک زیاتر نییە، بە هاسانی دەتوانێ ببێ بە شەڕی گەرم. هەر کاتێک کە ڕێژیمی ئیسلامی یان هەر تاک و دەستەیەکی کۆنەپەرست بە پێویست بزانن دەتوانن کوشتاری نەغەدەی ١٣٥٨ بە تەقاندنی چەند گوللە و وەڕێخستنی شەپۆلی بێز و قێزی ئێتنیکی لە ئاستێکی زۆر بەربڵاوتر دا دوو پاتە بکەنەوە. بەڵام پێویستە بگەڕێنەوە سەردەمی ڕابردووی بەر لە نابدڵ یش.

ئەو پڕۆژەیەی کە رێژیمی ڕەزا شا بۆ دابەشکردنی ئیداری (ئەستانەکان و شارستانەکان) بەڕێوەی برد بۆ پان ترکیستەکان پیرۆزە. ئەوان قەرزداری شایانی قاجار و عوسمانی و پەهلەوین کە بەشێک لە سەر زەوییە کورد نشینەکانیان خستە ناو ئەستانی ئازەربایجان و ئامادەن کە بەڕێگای پاکسازیی ئێتنیکی ئەو پڕۆژەیە تەکمیل بکەن. بەڵام ئەو دابەشکردنانە نە لە ڕابردوو و نە لە ئێستا دا هیچ فڕیان بە بەرژەوەندی گەلانی ئازەری و کوردەوە نەبووە.ئەو مێژوویە، واتە مێژووی سنوور ساز کردن و حکومەت کردن بە ڕێگای دووبەرەکایەتی نانەوە، مێژووی گەلانی ترک و کورد نییە بەلکوو مێژووی شایان و سوڵتانانی دژی مرۆیە. ئەو دوو گەلە کاتێک کە لە ساڵی ١٣٢٥ دەرفەتێکیان دەست کەوت لە پاشملەی شایان و سوڵتانەکاندا، دەسەڵاتی خۆیان بەکار بهێنن، مێژوویەکی دیکەیان دروست کرد. لە ساڵی ١٣٢٥ [ی هەتاوی]، لە سەردەمی حکوومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان دا، ئەو میراتەی شایان،واتە مەسەلەی حەد و سەدی کوردستان و ئازەربایجان، هاتە گۆڕێ بەڵام هەر دوو حکوومەتەکان بە ڕێگای وتووێژ کێشەکەیان بەلا دا خست.بە درێژایی ئەو ماوەی یەک ساڵە، دەوڵەتەکانی ئێران وترکییە و عێراق، بە پێی ڕێنوێنییەکانی ئینگلیستان و ئەمەریکا، حەولیان دا بۆ ڕوخاندنی ئەو دوو حکوومەتە خودموختارە شەڕی نێوان کورد و تورک هەڵائیسێنن بەڵام سەرنەکەوتن. لە ڕاستیدا حکوومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان نەک ئەوەی شەڕی کوردستانی نەکرد بەڵکوو سەرەڕای هەبوونی دژواری و گرێ و گۆڵی ئابووری و سیاسی خۆی دەستی لە هیچ جۆرە یارمەتییەک بە کۆماری کوردستان نەگێڕاوە.بۆ نموونە، بەر لە دانانی ستاسیۆنی ڕادیۆ لە مەهاباد، بەشی کوردی ڕادیۆی تەورێز دەوری ڕادیۆی کۆماری کوردستانی وەئەستۆ گرت؛ لەبواری خوێندن و پەروەردە دا،حکوومەتی ئازەربایجان بورسی خوێندنی دا بە قوتابیان و خوێندکارانی کورد و ژمارەیەک بۆ خوێندن ناردرانە تەورێزێ.لە بواری چاپ و کاغەز و بڵاو کراوە و یارمەتی نیزامیش هەر ئاوا بوو. ئەو هاوژینی و هاو تەریبییە لە ڕۆژنامەکانی آذربایجان و کوردستان، ئۆرگانە ڕەسمییەکانی ئەو دوو حکوومەتەکە دا بە ڕوونی ڕەنگیان داوەتەوە. لە بوارەکانی دیکەش، لە پێوەندییە ناحکوومەتییەکانیشدا، دوو گەلی ترک و کورد بەو پەڕی دۆستی و ڕێزەوە هاوژینیان دەکرد. ئەو مێژووە کورت و ڕەنگینە، مێژووی درێژتر و چەپەڵی هەموو ڕەگەزپەرستان و فاشیستەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ بەرپەرچ دەداتەوە.

ئەزموونی مێژووی ١٣٢٥ نیشان دەدا هەبوونی سنوور کێشە نییە و سیاسەتێکی شوڕشگێڕانە کە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی زۆربەی خەڵک داندرابێ قەت ئەو بابەتە ناکا بەكێشە و هەرکاتیش لە بەر هەر هۆیەک بوو بە کێشەو ئاڵۆزی لێ کەوتەوە بە هاسانی جێ بە جێ دەکرێ.بەڵام ئەوەی کە حکوومەتی نەتەوەیی ئازەربایجانیش سیاسەتێکی ئاوای وەبەرگرت بە هێچ جۆر بە هەڵکەوت نەبوو.ئەو سیاسەت و پراتیک و کارە لێگرێدراوەکانی پێویستیان بە شیکردنەوەیە، شیکردنەوەیەک کە بۆ هەلومەرجی ئەمڕۆش گرینگە. ئەگەر بگەڕێینەوە لای نابدڵ، دەبینین کە ئەو جیاوازی دا دەنا لە نێوان فیرقەی دێمۆكڕات و شووڕەوی لە دوو بڕگەی مێژوویی ١٣٢٥ و ساڵانی ١٣٤٠ەکاندا،لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جۆرەی کە دەبێ گرینگی نەدەدا بە هێندێک لە دەستکەوتەکانی ساڵی ١٣٢٥ لەوانە سیاسەت و پڕاتیکی هاوپێوەندی دوو گەل و دوو حکوومەتی خودموختار. ئەو پڕاتیکە بە دەرەجەی یەکەم قەرزداری جیهانبینی و تێگەیشتوویی، کەسایەتی هەڵکەوتووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێبەری فیرقە،بوو. پیشەوەری لە بزووتنەوەی جەنگەڵ و دامەزراندنی کۆماری شووڕەویی گیلان دا بەشداری کرد و لە ڕوانگەی وییەوە کێشەی سەرەکی گەلانی ئێران ڕووخاندنی سیستمی سەلتەنەتی و دامەزراندنی حکوومەتی شووڕایی بوو لە سەرتاسەری ئێران دا. بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ئەوتۆ حکوومەتی وەک گیلان و ئازەربایجان دەبوو دەوری پێگەی شۆڕشیان هەبێ نەک دەوری قەڵایەک بگێڕن بۆ حکوومەتی توێژاڵک و چێنێکی چەوسێنەر. و ئەوە شتێکی نا مومکین نەبوو. لە دوای سەرکوت کرانی شۆڕشی مەشرووتییەت، خۆڕاگری شۆڕشگێڕان لە تەورێز بەو یارمەتییەی کە لە لایەن شۆڕشگێڕانی قەوقاس و ڕووسییە وە پێیان کرا بووە هۆی شکاندنی ئاڵقەی گەمارۆی شاری و ئازەربایجانییەکان بۆ ڕزگاریی شۆڕش بەرەو تاران چوون و هێزەکانی شا و هێزی قازاخی ڕووسییەیان جارێکی دیکە تێک شکاند. پیشەوەری سەر بە مێژوویەکی ئاوا بوو، هەم ئافرێنەر و ئەم ئافرێندراوی ئەو مێژووە بوو.

پێوەندی نێوان حکوومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان ،بە دەرەجەی دووەم لە ژێر کارتێکەری سیاسەتی شوڕەوی دا بوو. ئەگەرچی شوورەوی لە پشتیوانی کردنی ئەو دوو حکوومەتە دا، سیاسەتێکی هەلپەرستانە و ڕێفۆرمیستی وەبەر گرتبوو بەڵام بە ووشیارییەوە پێشی بە گرژبوونەوەی دژایەتی نەتەوەیی و ئێتنیکی و مەزەبی و عەشیرەتی و دینی دەگرت. ئامانجی شووڕەوی هەڵوەشاندنی ئێران، وەسەرخستنی ئازەربایجان بۆ سەر خۆی، یان دەست ڕاگەیشتن بە " ئاوە گەرمەکانی کەنداو" نەبوو. ئەوانە هەموو خیاڵپڵاوی ناسیونالیستە ئێرانییەکان و ئاغا ئەمەریکایی و ئینگلیسییەکانیانە. شوورەوی بە دەم هێرشی ئەڵمانی نازی بە شێوەیەکی ئەوتۆ لەتوکوت کرابوو کە دەستەڵاتی خۆی بە سەر ووڵاتدا بە زەحمەت دابین دەکرد و تەنانەت ئەگەر ئازەربایجان یان تەواوی ئێرانیشیان پێشکێش کردبایە توانایی ڕاگرتنی نەبوو. حەولی شووڕەوی لە چەند ساڵ دوای شەڕ پاراستنی سنوورەکانی خۆی و ووڵاتانی ئوڕووپای ڕۆژهەڵات و بە گژداهاتنەوەی پڕۆژەی گەمارۆدانی کەمپی ساوای سۆسیالیستی لە لایەن ئەمەریکاوە بوو. لەو هەلو مەرجە مێژووییە دا، بەرنامەی پشتیوانی شووڕەوی لە دوو حکوومەتی خودموختار نە لە بەر سیاسەتی پەرە پێدانی شۆڕش و نە لە ئاکامی سیاسەتی داگیرکاری دنیا بوو بەڵکوو بەشێک بوو لە حەولدان بۆ خۆ پاراستن و مانەوە لە دنیای دوای شەڕ دا، لە هەلومەرجی هێرشی ئەمپریالیزمی تازە نەفەسی ئەمەریکا و کەلک وەرگرتن لە دوو کۆمارەکە بۆ سەودا و مامڵە لە گەڵ ئەمەریکا و ئینگلیس. سیاسەتی شووڕەوی لە ڕووبەڕووبوونەوە و بە گژدا چوونی ئەمپریالیزم نەک لە بەر یارمەتی دان بە شۆڕش بەڵکوو لە زۆر نموونان دا بە مەبەستی پێشگرتن لە شۆڕش بوو. شووڕەوی لە پڕۆسەی بەند و بەستی خۆی لە گەڵ ئەمپریالیسمی ئەمریکا،پارتیی کۆمۆنیستی یۆنانی، کە ووڵاتی خۆی،بە دەم یەکێک لە گرینگترین شەڕە پارتیزانییەکانەوە لە دەسەڵاتی فاشیستەکان ئازاد کرد بوو، ناچار کرد چەک لەخۆی داماڵێ، دەستێوەردانێک کە ئاکامی بوو بە قەتڵی عامی کۆمۆنیستەکانی ئەو ووڵاتە. لە هەلومەرجێکی ئاوا ، لە ساڵی ١٣٢٥،لادانی دەسەڵاتی ڕێژیمی پەهلەوی لە ئازەربایجان و بەشێک لە کوردستان لە سایەی بوونی شووڕەوی لە باکووری ئێران نەیدەتوانی ئەو دوو بەشەی ئێران بکا بە پێگەیەکی شۆڕش بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی شاهەنشاهی.لە کاتێکدا کە هەلومەرجی دووپاتە بوونەوەی مێژووی مەشڕووتییەت ( کردنی ئازەربایجان بە پێگەی شۆڕش) ئامادە بوو، بوونی شووڕەوی و ڕێبازە ڕێفۆرمیستییەکەی و پێرۆیی کردنی حیزبی توودە و فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لەو سیاسەتە نە تەنێ وەک بەرهەڵستێک وا بوو لە بەر دەم شۆڕش لە ئێران دا بەڵکوو شکانی پڕۆژەی خودموختاریشی بە دوو دا دەهات.

نابدڵ زیندوو نەبوو " سەرکەوتن"ی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردەکانی عێراق ببینێ – ئەوەی کە ڕێبەرانی کورد لە سایەی دەستێوەردانی بەردەوامی ئەمەریکا لە عێراق و بە دوای دوو شەڕی ئەمەریکایی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ دواجار " حکوومەتی هەرێمی کوردستان"یان دامەزراند، ئەوەی کە ماوەی بیست ساڵە بەشی زۆر گرینگی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی بەعس دەرکەوتووە بەڵام بووە بە پێگەیەکی ئابووری، سیاسی و عەسکەری ئێران و ترکییە و ئەمەریکا و ئیسرائیل؛ ئەوەی کە هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی کورد تەقە لە خۆپیشاندانی سەر شەقام دەکەن و خەڵکی بێ چەک دەکووژن ؛ ئەوەی کە هێزی تایبەتی هێرش دەکەنە سەر ستودیۆی تێلێڤیزیۆن و وێرانی دەکەن، ئەوەی کە هێزی ئاسایشی کورد و هێزی چەکداری تایبەتی پەروەردە دیتوی ئەمەریکا و ئیسراییل بەشێکن لە شانازییەکانی حکوومەتی کورد؛ ئەوەی کە توندو تێژی بە دژی ژنان لە ئاستێکی بەربڵاو دا زیادی کردووە؛ ئەوەی کە ئەو ڕێبەرە سیاسییانەی لە شاخ بوون، ڕێبەرانی هێزی پێشمەرگە، هەر کە سەدام لە کوردستان کشاوە گەڕانەوە شارەکان و ماشێنی دەوڵەتی ئامادەی حیزبی بەعسیان لە باوەش گرت و دەستگای حکوومەتی ناخۆمانەیان کرد بە حکوومەتی خۆمانە؛ ئەوەی کە حکوومەتی کورد هەر لە هەمان هەوێنی حکوومەتە نا کوردییەکان ساز کراوە؛ ئەوەی کە زۆربەی خەڵکی کوردستان، خەڵکی زەحمەتکێش و هەر وەها توێژەکانی مامنێونجی و ژنان و جەوانان، لە هەلومەرجێکی زۆر ناخۆش دا دەژین و ڕاپەڕین بە دژی ئەو بارو دوخەی هەیە لە هەموو جێیەک دەستی پێکردووە. نابدڵ هیچکام لەوانەی نەدی بەڵام کاتێک لەسەرەتای ژیانی سیاسی و ڕووناکبیریی کورتی خۆی دەیگوت مەسەلەی سەرەکی چین ە نە نەتەوایەتی و خوێن و ڕەگەز، گشت ئەو ئاکامانەی پێشبینی دەکرد. ئەو بوونی نەتەوە و مەسەلەی نەتەوەیی بەرپەرچ نەدەداوە بەڵام جەختی دەکردەوە کە دوو ڕێبازی جیاواز بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو پرسە لە گۆڕی دایە و ئەو ڕێگاچارانە چینایەتین.




[١] بۆ دەقی ترکی و وەرگێڕاوی فارسی شێعری " کوردستان" بڕاونە :
http://azernews.org/text.aspx?code=%20858
بۆ دەقی ترکی و وەرگێڕاوی کوردی شێعرەکە بڕوانە یەک لەم ماڵپەڕانەی خوارەوە:
http://ruwange.blogspot.com/2010/05/blog-post_24.html
http://kurdishperspective.com/print.php?id=961
http://www.hawler.in/morew.php?id=1048&nooser=130
بەڕێز یەعقووبی زرووفچی، گۆرانیبێژی ئازەربایجانی،ئاهەنگی بۆ ئەو شێعرە داناوە وبڵاوی کردووەتەوە
A song for Kurdistan in Azerbaijani Turkish
http://www.youtube.com/watch?v=ABTeRij99cE

[٢] علیڕەزای نابدڵ، آذربایجان و مسئلەء ملی،چاپی پووشپەڕی ١٣٥٢، ٤٠ لاپەڕە،لل ٣٩- ٤٠

[٣] بۆ شیکردنەویەکی کورت سەبارەت بە " خاک و خون " بڕوانە:
http://en.wikipedia.org/wiki/Blood_and_soil “Blood and soil, “ Wikipedia
بۆ نموونەی بانگەشەی نازیستی و کەلک وەرگرتنی پان ئێرانیستەکانی ئێستا لە سواستیکا بڕوانە ئێرە:
http://www.khakokhoon.blogspot.com/


[٤] بۆ وێنە بڕوانە نووسراوەی " پرۆفێسۆر زەهتابی بەو تێگەیشتنەی کە لە عەلیرەزای نابدڵی هەبوو..." لە
http://oxtay-turkce.blogspot.com/2007/01/blog-post.html دا

[٥] ئیسماعیڵ بەشیکچی، کۆمەڵناسی ترک، ژیانی سیاسی و ئاکادێمیکی خۆی تەرخان کردووە بۆ بەرگری لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد و بە ڕەسمی ناسینی ژێنۆسیدی نەتەوەی هەرمەنی. ئەو لە سۆنگەی بەرگری لە مافی نەتەوەیی کوردەکان زۆرجار لە بەر پێشێل کردنی " یەکپارچەیی خاکی"ترکییە و لە بن پێ نانی ئەسڵی " لە جیایی نەهاتوویی نەتەوەی ترک" محاکەمە کراوە و بە ١١٥ ساڵ زیندان سزا دراوە کە لەو ماوەیە ١٧ ساڵ لە ژیانی خۆی لە بەندیخانەی جۆر بە جۆر تێپەڕاندووە. بۆ ئاگاداری زیاتر لەو ڕووەوە بڕاوننە ئەم سەرچاوانە:

“Ismail Beşikçi: Turkish sociologist, critic of Kemalism, and kurdologist” Martin van Bruinessen ,
http://www.let.uu.nl/~martin.vanbruinessen/personal/publications/ismail_besikci.htm

American Association for the advancement of Science, “Scientists clash with the state in Turkey: Four
Case Studizs;4. Ismail Besikci,”
http://shr.aaas.org/scws/cs4.htm

[٦] غلامحوسێنی ساعیدی " رویارو یا دوش بە دوش " کتاب جمعە، سال اول، شمارەء ٦، ١٥ شهریور ١٣٥٨، لل ١٤ و ١٦


تێبی ڕوانگە: ئەم دوو ووتارە "حەسەنی قازی " وەری گێڕاون.مامۆستا حەسەنپوور لە ٦ی ئاوریلی ٢٠١١ ئەم ووتارەی نووسیوە. وێنەی شەهید عەلیڕەزای نابدڵ کە دەبێ لە دوایین وێنەکانی بێ وەک دەبیندرێ لە زیندان هەڵگیراوە وبە سپاسەوە لە ماڵپەڕی بی بی سی فارسی وەرگیراوە.تکایە لە کاتی ڕاگوێزانی بابەتەکانی ئەم وێبنوسە، ئاماژە بە سەرچاوە بکەن.

No comments: