Sunday, June 26, 2011

باسی کوردستان له‌ ڕۆژنامه‌ی "آذربایجان" دا - 16



باسی کوردستان له‌ ڕۆژنامه‌ی آذربایجان دا (16)

آذر‌بایجان، ژماره‌ 193،چوارشه‌مۆ 18ی بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی/ 8-ی مه‌ی 1946

"آذربایجان" له‌و ژماره‌یه‌ دا باسی نیشاندانی دوو نمایشنامه‌ و دانانی پێشانگه‌ی کاری ده‌ستی له‌ لایه‌ن خوێندکارانی مه‌دره‌سه‌ی سه‌نعه‌تی ( هونه‌ری) ته‌ورێزی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌. به‌ پێی ئه‌و خه‌به‌ره‌ پێشه‌وا قازیی محه‌مه‌د له‌ ڕۆژی 16ی بانه‌مه‌ڕ ئه‌و نمایشانه‌ی ته‌ماشا کردووه‌ و دوایه‌ سه‌ردانی ‌ پیشانگه‌ی کاری ده‌ستی قوتابیانی مه‌دره‌سه‌ی سه‌نعه‌تی کردووه‌. آذربایجان ده‌نووسێ:

"نیشاندانی نمایش له‌ ساڵۆنی فیرده‌وسی ته‌ورێز

به‌ بۆنه‌ی کرانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی مه‌دره‌سه‌ی سه‌نعه‌تی، به‌ ڕێنوێنی ئاغای به‌راده‌رانی ته‌باته‌بایی قوتابیانی مه‌‌دره‌سه‌ی سه‌نعه‌تی نمایشنامه‌ی سوڵتان مه‌حموودی غه‌زنه‌وی و نمایشێکی ته‌ک په‌رده‌ییی به‌ نێوی (تاجری کووله‌که‌)یان ئاماده‌ کرد و رۆژی 14 و 15ی مانگ بۆ شاگردانی مه‌دره‌سه‌ و له‌ 16ی مانگیش بۆ هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌ت و ڕووناکبیرانی ته‌ورێزیان نمایش کرد.
به‌ر له‌وه‌ی په‌ڕده‌ی شانۆ لابدرێ به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌دره‌سه‌ی سه‌نعه‌تی ئاغای موهه‌ندیس جه‌وادی فه‌لاحی سپاسی هاتنی میوانانی کرد دوایه‌ کورته‌ مێژووی 11 ساڵه‌ی ئه‌و مه‌دره‌سه‌یه‌ی باس کرد. سه‌عات چوار ونیو نمایش ده‌ستی پێکرد. قوتابیان ده‌وری خۆیان زۆر چاک گێڕا و ته‌ماشاچییه‌کان به‌ گه‌رمی‌ ته‌شویقیان ‌کردن.ئه‌و شاگردانه‌ی له‌و نمایشانه‌ دا به‌شدار بون بریتی بوون له‌ بێهرووزی شکووهی، خانمی عالییه‌ی عیبادی، نگینی سه‌ڵماسی، سورخابی، ڕزایی ، فه‌رتاش و مووسه‌وی و چه‌ند که‌سی دیکه‌ که‌ زۆر به‌ سه‌رکه‌وتووانه‌ ده‌وری خۆیان پێشکێش کرد. دوای ته‌واو بوونی نمایشه‌کان، قوتابیان له‌ ئاماده‌ بووانیان گێڕاوه‌ له‌ ساڵۆنێکی دیکه‌ سه‌ردانی پێشانگه‌ی کاری ده‌ستیی ئه‌وان بکه‌ن.
به‌رله‌ هه‌موان جه‌نابی ئاغای قازیی محه‌مه‌د و ئاغای بی ریا و ئاغای که‌بیری چوونه‌ ئه‌و ساڵۆنه‌ و ته‌ماشای ئه‌و کاری ده‌ستییانه‌یان کرد که‌ له‌ پێشانگه‌که‌ دا داندرابوون. له‌ لایه‌ن شاگردانه‌وه‌ قوتووه‌ سیغارێک که‌ به‌ زه‌رافه‌تێکی تایبه‌تییه‌وه‌ ساز کرابوو پێشکێشی جه‌نابی قازی کرا."

تێبینی: پۆرتره‌‌ی پێشه‌وا قازیی محه‌مه‌د به‌ سپاسه‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی " آذربایجان دموکراتلاری اینترنت نشریه‌سی" وه‌رگیراوه‌. ئه‌م لینکه‌ ڕێنوێنیتان ده‌کا بۆ ئه‌و ماڵپه‌ره‌:
http://www.azer-online.com/azer/

Sunday, June 19, 2011

باسی کوردستان لە ڕۆژنامەی آذربایجان دا 15


ڕیزی یه‌که‌م له‌ ڕاسته‌وه:‌ پێشه‌وا قازیی محه‌مه‌د، سه‌ید جه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری، محه‌مه‌د حوسێنی سه‌یفی قازی.ڕیزی دووه‌م: ئه‌مرخانی شه‌ریفی، میرزا عه‌لی شه‌بسته‌ری. ڕیزی سێیه‌م:حاجی سه‌ید عه‌بدوڵا ئه‌فه‌ندی، ؟ ، نووری به‌گی به‌گزاده‌(عه‌بباسی نه‌ژاد)، ؟
شوێن: خانووی مه‌جلیسی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان
به‌روار: سێشه‌مۆ، 3ی بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی/ 23ی ئاوریلی 1946


باسی کوردستان له‌ ڕۆژنامه‌ی "آذربایجان " دا (15)

كرانه‌وه‌ی ڕه‌سمی ستاسیۆنی ڕادیۆی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان

"آذربایجان" له‌ ژماره‌ی 184، 1شه‌مۆ 8ی بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی له‌ ژێر ئه‌م سه‌رباسه‌ی سه‌ره‌وه‌ دا ده‌نووسێ: ڕۆژی جومعه‌ شەشی/2- 1325 لای ئێواره‌ سه‌عات پێنچ و نێو ستاسیۆنی ڕادیۆی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان به‌ ڕه‌سمی کرایه‌وه‌. ئه‌و جێژنه‌ به‌ شکۆیه‌ی کردنه‌وه‌ی ڕادیۆ له‌ نێو هه‌ستی ئاورینی گه‌له‌که‌ماندا له‌ تیاتری ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ چوو.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆکوه‌زیری حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئاغای پیشه‌وه‌ری ناساز بوو، ڕادیۆ به‌ده‌ستی سه‌رۆکی مه‌جلیسی نه‌ته‌وه‌یی ئاغای شه‌بسته‌ری کراویه‌وه‌‌،له‌ خواره‌وه‌ قسه‌کانی ئاغای شه‌بسته‌ری به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ بڵاو ده‌کرێته‌وه‌. ئه‌و نوتقه به‌ چوار زمانی کوردی، فارسی، ڕووسی و فه‌ڕانسه‌یی وه‌رگێڕدرا و به‌ هه‌موو دنیا دا بڵاو کراوه‌."
لێره‌ دا ئێمه‌ ده‌قی قسه‌کانی پێشه‌وا قازیی محه‌مه‌د که‌ له‌و بۆنه‌یه‌ دا به‌شداری کردووه‌ و له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می ئه‌و ژماره‌یه‌ی "آذربایجان" دا چاپ کراوه‌. وه‌رده‌گێڕین. پێویست به‌ گوتنه‌ ڕۆژنامه‌ی کوردستان یش له‌ ژماره‌ی 44، 16ی بانه‌مه‌ڕی 1325 دا ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌ "آذربایجان" وه‌رگێڕاوه‌ و بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌، کە ئەویش بە دوای ئەو بابەتە دا بە مەبەستی بەراوردکاری زمانیانە دەنووسینەوە.

نوتقی جه‌نابی ئاغای قازیی محه‌مه‌د پێشه‌وای موحته‌ره‌می گه‌لی کوردی برامان به‌ بۆنه‌ی کرانه‌وه‌ی ڕه‌سمی ڕادیۆ

ئێستا که‌ ستاسیۆنی ڕادیۆی حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان به‌ ڕه‌سمی ده‌کرێته‌وه‌،له‌ قووڵایی دڵه‌وه‌ پێرۆزبایی و مباره‌کبادی ده‌که‌م له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی ڕه‌شید و ئازدایخوازی ئازه‌ربایجان و، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی کات بۆ ئێمه‌ش دیاریی کراوه‌ که‌ له‌ لایه‌ن کوردستانه‌وه‌ قسه‌ بکه‌ین، به‌پێویست ده‌زانم ئه‌و کردنه‌وه‌یه‌ی ڕادیۆ له‌ نه‌ته‌وه‌ی کوردیش پیرۆزبایی بکه‌م.
هیوا دارم ئه‌و دوو میله‌ته‌ نه‌جیبه‌ که‌ به‌ هۆی دۆستایه‌تی و یه‌کێتی ئازادییان وه‌ده‌ست هێناوه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ ئه‌وه‌ پته‌وتر که‌ن و له‌ سایه‌ی یه‌کێتی و برایه‌تی دا بۆ پاراستنی ئه‌و ئازادییه‌ی وه‌ده‌ستمان هێناوه‌ پیاوانه‌ تێبکۆشین. ده‌ست له‌ هیچ جۆره‌ یارمه‌تی و کۆمه‌گی یه‌کتر نه‌گێڕینه‌وه‌ و، پاشماوه‌ی که‌موکووڕییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نییه‌کان به‌ یارمه‌تی یه‌کتری له‌ گۆڕێ نه‌هێڵین و به‌ خێرایی ته‌واو به‌ره‌و ماڵی به‌خته‌وه‌ری و خۆشبه‌ختی بچین و ده‌بێ حه‌ول و جیدییه‌تێکی ئاوا ده‌کار بکه‌ین که‌ له‌ میله‌تانی پێشکه‌وتووی دنیا وه‌دوایه‌ نه‌که‌وین و هه‌ژاری و ده‌سته‌نگی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ که ‌له‌به‌ر بێ خێوی تووشی هاتبوون به‌ ڕێگه‌ی سنعات و زانسته‌وه‌ نه‌هێڵین. به‌ کورتی، بانگه‌وازی هاوکاری و برایه‌تی بده‌ین به‌ گوێی ئه‌و دوونه‌ته‌وه‌یه‌ دا. ئه‌من له‌و ده‌رفه‌ته‌ که‌لک وه‌رده‌گرم و وه‌بیریان ده‌هێنمه‌وه‌،‌ له‌ دنیای ئه‌مڕۆ له‌ سایه‌ی زانست و ماریفه‌ت دا زه‌وی و ئاسمانیان داگیر کردووه‌ و ئێستا خه‌ریکی دۆزینه‌وه‌ی ڕازی ئه‌ستێره‌کانن. جا که‌وابوو ته‌نیا ڕێگای ڕزگاری ئێوه‌ زانست و ماریفه‌ت و خوێندنه‌. بۆیه‌ هه‌ر چه‌ندی ده‌توانن بخوێنن و ئه‌وه‌نده‌ ووزه‌یه‌ی هه‌تانه‌ له‌ پێناو په‌ره‌پێدانی زانست و ماریفه‌ت دا به‌کاری بهێنن و دڵنیا بن به‌و شێوه‌یه‌ به‌ ئاواتی له‌ مێژینه‌ی خۆتان ده‌گه‌ن.
ده‌مه‌وێ نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌م مه‌سئه‌له‌یه‌ ئاگادار که‌م: له‌و چه‌ند ڕۆژانه‌ دا که‌ له‌ ته‌ورێزێ بووم له‌ گه‌ڵ سه‌رکرده‌ به‌ڕێزه‌کانی ئازه‌ربایجان سه‌ر‌دانی سه‌ربازخانه‌، مه‌دره‌سه‌ وفابریکه‌کانم کردووه‌. نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ربایجان له‌ ڕێگای پێشکه‌وتن و به‌خته‌وه‌ی خۆیدا، هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌ی هه‌ڵهێناوه‌ته‌وه‌ و به‌ چاوی خۆم ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌یم دیوه‌ که‌ لێی ده‌وه‌شێته‌وه‌.
بۆ لابردنی که‌موکووڕییه‌ مادی و مه‌عنه‌وییه‌کان له‌ ته‌ورێز و شار و گونده‌کانی دیکه‌ی ئازه‌ربایجان له‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری دا بزووتنه‌وه‌ی گه‌وره‌ وه‌به‌رچاو دێ.”

‌ڕۆژنامه‌ی کوردستان له‌ ژماره‌ی 44، ساڵی یێکه‌م ، دووشه‌مۆ 16ی بانه‌مه‌ڕی ١٣٢٥ی هەتاوی

" كردنه‌وی ایستاسیونی رادیوی حکومتی ملی آذربایجان

لە روژنامەی آذربایجان

روژی هه‌ینو ٦-٢- ١٣٢٥ ساتی ٥ و نیو ایستاسیونی حکومتی ملی آذربایجان بە رەسمی کرایەوە و بە شانازی ئەم موفقیتە برایانی آذربایجانی هەستیکی لە ئەندازە بەدەریان نواند.
چونکو جەنابی آغای پیشەوری سەروزیری حکومتی ملی آذربایجان کسالەتی هەبوو رادیو توسطی جەنابی آغای شبستری رئیسی مجلسی ملی آذربایجان افتتاح کرا و نطقیکیان ایراد فەرموو کە بە چوار زمان ( کوردی،فارسی، روسی،فرانسە) بە هەموو دنیا ڕاگەیاندرا و بەرنامەی جیژن لە نیو هەست نواندن و هورا کیشانیکی لە ئەندازە بەدەر لە ساتی ٨ دوایی هات.
حضرتی محمد قاضی پیشوای بەرزی کوردستان کە دەجیژنی ئەو برا خوشەویستانەی آذربایجانیدا شرکتی فەرموو بوو بە هوی کردنەوەی رادیوی آذربایجان نطقیکی ایراد فەرموو کە وەرگەراوی ئەو نطقە لە ژیرەوە بە عەرضی خویندەوارانی خوشەویست دەگا:
ایستا کە ایستاسیونی رادیوی حکومەت ملی آذربایجان بە رەسمی دەکریتەوە لە قولایی دلمەوە پیپیروزە و مبارکبادی بە گشت ملتی رشید و آزادی خواهی آذربایجان عەرض دەکەم و چونکو وەخت دیاری کراوە کە لە لایەن کوردستانیشەوە قسە بکری بە پیویستم زانی کە ئەم کردنەوەیە بە ملتی کوردیش تبریک بکەم.
هومید دەدەم کە روژ بە روژ یەکەتی و دوستایەتی ئەم دوو میلتە نجیبە بو وەچەنگ هینانی آزادی محکمتر و قایم تر دەبیت لە سایەی یەکەتی و برایەتیدا بو وەچەنگ هینانی آزادی و راگرتن و پاریزگاری ویی پیکەوە پیاوانە هەول دەدەین نسبت بە یەکتری لە هیچ جورە کۆمەگ و یارمەتی کوتایی نەکەین، باقی نواقصاتی اجتماعی و مدنی بە یارمەتی یەکتری لە نیوان هەلدەگرین و زور بە تالوکە بو لایەن کانونی سعادت و خوشبختی دەچینە پیش وەها سعی و کوشش بە خەرج دەدەین کە لە ملتە سەرکەوتوەکانی دنیا نەمینینەوە. هەژاری و فقیری ییک کەلە بەر بی خاونی داوین گیری ایمە ببوو بە هوی علم و صنعت لای بەرین. بە پوختی، ئەو دوو ملتە بو هاوکاری و برایەتی بانگ دەکەین و لە موقع استفادە دەکەم ئەو مسئلە وەبیر دینمەوە کە دنیای ئەورو لە سایەی زانست و معرفتدا زەوی و آسمانیان تسخیر کردوە و ایستا بە دوزینەوەی اسراری ئەستیران خەریکن کە وا بوو ریگای رزگاری ایوە
( کورد و آذربایجانی) فیربوونی علم و معرفتە لەم صورتە دا هەرچی هەتانە لە ریگای وەچەنگ هینانی علم و معارف و باسواد کردنی خوتاندا خەرجی بکەن و دلنیا بن کە بە آرزوی کونی خوتان دەگەن.
وە دەمەوی ملتی کورد لەو مسئلە خبرداربکەم : لە ماوەی ئەم چەند روژە دا کە هاتوومە تەوریز دەگەل سەرانی آذربایجان پیشمەرگەخانە و مدرسان و کارخانانم چاو پیکەوتوە، ملتی آذربایجان لە ریگای بەرزبونەوە و خوشبەختی خویاندا هەنگاوی گەورەیان هەلیناوە و دیتم کە بوی بەشدار بوون لەم ترقیاتە لیاقەتیان هەیە.
لە تەوریز و باقی گوندەکانی آذربایجان بو لابردنی نواقصاتی مادی و معنوی و بالا بردنی سطحی اجتماعی و اقتصادی جولانەوەی گەورە دەبیندری."

هەژار یش لە "چێشتی مجێور" دا باسی ڕادیۆی حکوومەتی نەتەوەیی ئازەربایجانی کردووە و دەنووسێ: " لە تەورێز ڕادیۆی پیشەورری هەبوو. برێار درا بوو ڕۆژێ نیو سەعات ئێمەش قسەی لە سەر بکەین و بەرنامەی تایبەتی خومان هەبێ.من بۆ ئەو کارە چوومە تەورێز. وەتاغێکم لە ماڵی شازدە خانمی میرپەنج بە کرێ گرت. شەوانە تا نیوە شەو، ڕۆژانە هەر لە بەیانەوە تا نوێژی شێوان بەتەنیا خەریکی بەرنامە نیو سەعاتیەکە دەبووم و دەچووم دەم خوێندەوە.پازدە ڕۆژ ئەو کارەم کرد.ڕۆژێک هاتن بە ترومبیلێکەوە و بردیانمە ئاڵا قاپوو (نشیمەنی پیشەوەری)، کە چووم پیشەوەری لەوێ بوو.
پیشەوەری گوتی: ئێمە نازانین تۆ چدەخوێنییەوە،پێویستە بەرنامەکەت تەرجەمە بکەی و ئێمە بیبینین.
گوتم: من وەمزانی بەرنامەی خۆمانە،ئەگەر بەرنامەی ئێوە بێ من کاری لێ ناکەم.
گوتی: ئاخر نازانی هەر چارەگە سەعاتەی سی تمەن حقوقی گویەندەیە؟!
گوتم: من لە موعامەلەی خۆم زۆر پەیدا دەکەم، ئەو کارە بە کەسێکی دی بسپێرن.
ئیتر تازە نەچوومەوە ڕادیۆ تەورێز. ( چێشتی مجێور، لاپەڕەی ٧٩)

Monday, June 13, 2011

باسی کوردستان له‌ ڕۆژنامه‌ی "آذربایجان" دا - 14، مانۆڕی هێزی فیدایی



باسی کوردستان له‌ ڕۆژنامه‌ی "آذربایجان" دا (14)

ڕۆژنامه‌ ئازه‌ربایجان له‌ ژماره‌ی 184 ی خۆیدا (یه‌کشه‌مۆ 8ی بانه‌مه‌ڕی 1525ی هه‌تاوی) له‌ ژێر سه‌رباسی ده‌نگ و باسی وڵات دا ده‌نووسێ: " سه‌رۆکوه‌زیرمان له‌ گه‌ڵ پێشه‌وای گه‌لی کورد سه‌ر له‌ ته‌شکیلاتی ئه‌ڕته‌ش ده‌دن". ڕۆژی پێنجشه‌مۆ (5ی بانه‌مه‌ڕی 1325) دانی به‌یانی جه‌نابی سه‌رۆکوه‌زیر و پێشه‌وای گه‌لی کورد حه‌زره‌تی ئاغای قازیی محه‌مه‌د له‌ گه‌ڵ سه‌رانی دیکه‌ی فیرقه‌ و وه‌زیره‌کان بۆ سه‌ردان له‌ ته‌شکیلاتی قوشوون ته‌شریفیان بر‌د بۆ شاگۆلی.
له‌ پێده‌شته‌کانی ده‌وروبه‌ری شاگۆلی دا تۆپچییه‌کان مانۆری عه‌مه‌لییاتی شه‌ڕیان به‌ڕێوه‌برد. ئه‌وان له‌ ماوه‌یه‌کی که‌متر له‌ چل ڕۆژ دا ئه‌و سه‌رکه‌وتن و لێزانییه‌یان که‌ له‌‌ بواری تۆپ هاویشتنه‌وه‌به‌ ده‌ستیان هێناوه‌ نمایش کرد.


تۆپچییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، له‌و دواییانه‌ دا ته‌دریبیان ته‌واو کردووه‌ هه‌موو ئه‌و نیشانانه‌ی دایان کردبوو ده‌ئه‌نگاوت و له‌ له‌لایه‌ن ئاماده‌ بوانه‌وه‌ ته‌شویق ده‌کران.
دوای ته‌ماشا کردنی مانۆره‌کان سه‌رۆکوه‌زیر و جه‌نابی ئاغای قازیی محه‌مه‌د له‌ ده‌وری ئه‌و مێزه‌ی که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌و‌ای ئازاد دا ته‌رتیب کرابوو له‌ که‌شوهه‌وایه‌کی سه‌میمی دا دانیشتن و دوای تاوێک حه‌سانه‌وه‌ ته‌ماشای ته‌قه‌ی تۆپچییه‌کانیان له‌و نیشانانه‌ی کرد که‌ له‌ پشت کێوی داکرا بوون.
ئاغای قازیی محه‌مه‌د چالاکییه‌کانی گه‌لی ئازه‌ربایجان و توانایی عه‌سکه‌ریی ئازه‌ربایجانییه‌کانی له‌ ماوه‌یه‌کی ئاوا کورت دا ته‌قدیر کرد و سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی دۆستایه‌تی نێوان گه‌لی کورد و گه‌لی ئازه‌ربایجان و پته‌و کردنی ڕشته‌ی یه‌که‌تی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ نوتقێکی ئیراد کرد.دوایه‌ سه‌ر‌ۆکوه‌زیر و ئاغای قازیی محه‌مه‌د سه‌ریان له‌ مه‌دره‌سه‌ی ئه‌فسه‌ری، فابریکه‌کان و ته‌شکیلاته‌کانی دیکه‌ی ئه‌ڕته‌ش دا."


ڕۆژنامه‌ی کوردستان یش باسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی کردووه‌ و له ‌(ژماره‌ی 44،دووشه‌مۆ 16ی بانه‌مه‌ڕی 1325)دا هاتووه‌ " حه‌زره‌تی پێشه‌وای کوردستان ده‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆک وه‌زیری ئازه‌ربایجان به‌ سازمانی هێز سه‌رکه‌شیان کرد. ڕۆژی 5شه‌مۆ 5-2-25 حه‌زره‌تی پێشه‌وای کوردستان ده‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆک وه‌زیر و باقی وه‌زیرانی ئازه‌ربایجان و سه‌رانی فیرقه‌ی دێمۆکڕات چوونه‌ شاه گۆلی و هێزی ئازه‌ربایجانیان سه‌رکه‌شی کرد."


هه‌ژاریش له‌ "چێشتی مجێور " دا باسی بۆنه‌یه‌ک ده‌کا که‌ هه‌ر ده‌بێ هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ بووبێ: " .... بۆ دووهه‌م جار پیشه‌وه‌ریم دیت. مانۆرێ هیزی ئازه‌ربایجان له‌ نزیک ته‌ورێز بوو، پێشه‌وا منیشی ده‌گه‌ڵ خۆی برد. له‌ ده‌می نیوه‌ڕۆژ خواردندا، من شێعرێکم ده‌رباره‌ی برایه‌تی کورد و ئازه‌ربایجانی خوێنده‌وه‌ که‌ بۆ پیشه‌وه‌ریان ته‌رجه‌مه‌ ده‌کرد. به‌ لایه‌وه‌ خۆش هات، لیوانێک ئابجۆی به‌ ده‌ستی خۆی بۆ هێنام، وه‌رم نه‌گرت که‌ عاده‌تم به‌ مه‌شرووب نییه‌. حه‌مه‌ حوسێن خان لێم تووڕه‌ بوو که‌ چۆن له‌ ده‌ستی پیشه‌وه‌ری وه‌رناگری؟ به‌ڵام فایده‌ی نه‌بوو. وه‌رم نه‌گرت."
( چیشتی مجێور، لاپه‌ڕه‌ی ٧٩)

Thursday, June 9, 2011

باسی کوردستان لە ڕۆژنامەی "آذربایجان" دا -١٣، کورد قارداشما، فەخرەدین مەحزوون



باسی کوردستان له‌ ڕۆژنامه‌ی "آذربایجان" دا (13)

فه‌خره‌دینی مه‌حزوون له‌ شاعیران و نووسه‌رانی سه‌رده‌می حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان بووه‌ و ئه‌و شێعره‌ی بۆ کوردان نووسیوه‌. جێی سه‌رنجه‌ ئه‌م پارچه‌ شێعره‌ ڕۆژی دیداری ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی کوردستان و ئازه‌ربایجان له‌ ڕۆژنامه‌ی آذربایجان دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.

آذربایجان شماره‌ 180، 3شنبه‌ 3 اردیبهشت 1325

کورد قارداشیما

کوردستان ایلینین قهرمان اوغلو
گل ئوپوم آلنیندان اسلان قارداشیم
سئویره‌م سیزلری ئوز گوزیم کیمی
واردی‌ جسمیمیزده‌ بیر جان قارداشیم

***
اوزاقدان یانیردیم سنین حالینا
وورغون اولموش ایدم گل جمالینا
یتیشمک ایسته‌ییردیم تیز وصالینا
خائنلر ویرمیردی امان قارداشیم

***
نه‌ قدر ظلم اتیدی سنه‌ ظالملر
قان توکن جلادلار، کیچن حاکملر
گاه‌ سنه‌ شر آتدی هر جور خادملر
ایتدیلر باغرینی آلقان قارداشیم

***
بیگانه‌ آیریب سیزلری بیزدن
اودور که‌ دوشموشدوک آرالی سیزدن
داها آیریلماریق بیر بیرمیزدن
چون بیله‌ گوستریر زمان قارداشیم

***
دوگوشده‌ قورخمایان جسور ائلین وار
ایندی باغلی دگل آزاد دیلین وار
باغچاندا آچلمیش تاز گولون وار
بلبلم گولونه‌ اینان قارداشیم

***
اوره‌گین اولمیشدی قلبیم تک پارا
چوخداندی آرادق دردینه‌ چارا
الین چاتدی لقمان کیمی بر یارا
تاپیلدی دردینه‌ درمان قارداشیم

***
آزادلیق جامیندان ایچیبن باده‌
یتیشدین کامینه‌، یتیدین مراده‌
فخرایله‌، عمرایله‌، ایندی دنیا ده‌
قورتاریبدر غملی دوران قارداشیم

***
باخ خزان ئوتوشوب تازه‌ بهار در
هر یاندا بر سه‌ونج، بر شادلیق واردر
وطن زندان دگل، دوغما دیار در
ایندی اولوب یوردون جانان قارداشیم

( محزون )

بۆ برای کوردم

ئه‌ی کوڕی قاره‌مانی تایفه‌ی کورد
وه‌ره‌ با ته‌وێڵت ماچ که‌م برای شێرم
ئێوه‌م وه‌ک چاوی خۆم خۆش ده‌وێ
گیانێکین له‌ دوو قالبان دا براکه‌م

له‌ دووره‌وه‌ له‌ به‌ر حاڵی تۆ ئاورم گرتبوو
شێت و شه‌یدای جه‌ماڵی گوڵت بووم
ده‌مه‌ویست زوو به‌ ویسالت بگه‌م
به‌ڵام خائینه‌کان ئه‌مانیان نه‌ده‌دا براکه‌م

بزانه‌ زۆرداره‌کان چه‌نده‌یان غه‌در له‌ تۆ کرد
ئه‌و جه‌لاده‌ خوێنڕێژانه‌، ئه‌و حاکمانه‌ی بۆی ده‌رچوون
جار جار هه‌موو جۆره‌ خزمه‌تکاڕێکیان تاوانبار ده‌کرد
دڵتیان پڕ کرد له‌ خوێن براکه‌م

بێگانه‌ ئێوه‌ی له‌ ئێمه‌ جوێ کردووه‌ته‌وه‌
بۆیه‌یه‌ له‌ ئێوه‌ دوور که‌وتووینه‌ته‌وه‌
به‌ڵام ئیدی له‌ یه‌کدی جوێ نابینه‌وه‌
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زه‌مان وا‌ نیشان ده‌دا براکه‌م

له‌ نه‌به‌رد دا تایفه‌ی نه‌ترسی بوێرت هه‌ن
ئێستا زمانت نه‌به‌ستراوه‌، زمانی ئازادت هه‌یه‌
له‌ باغچه‌ت دا گوڵی تازه‌ پشکووتووت هه‌یه‌
ئه‌من بلبلی گوڵه‌که‌تم براکه‌م

دڵت و دڵم پارچه‌ بوون
له‌ مێژه‌ حه‌ولی چاره‌ت ده‌ده‌ین
ده‌ستت گه‌یشته‌ دۆستێکی وه‌ک لوقمان
ده‌رمان دۆزراوه‌ بۆ ده‌رده‌که‌ت براکه‌م

له‌ جامی ئازادی باده‌ بنۆشه‌
به‌ کاو و به‌ مرادی دڵی خۆت گه‌یشتی
ئێستا به‌ شانازییه‌وه‌، ته‌مه‌نی ده‌ورانی به‌ په‌ژاره‌
‌له‌دنیا دا به‌ کۆتا هاتووه‌ براکه‌م

باخی پاییز تێپه‌ڕێوه‌، تازه‌ به‌هاره‌
له‌ هه‌موو جێیه‌ک، خۆشه‌ویستی و شادییه‌ک هه‌یه‌
نیشتمان زیندان نییه‌، جێگه‌ی لێبوونه‌
ئێستا خاکت بووژاوه‌ته‌وه‌ براکه‌م

(مه‌حزوون)

Sunday, June 5, 2011

باسی کوردستان له‌ "آذربایجان دا" (12) دۆستایه‌تی گه‌لانی ئازه‌ربایجان و کوردستان



باسی کو‌ردستان له‌ ڕۆژنامه‌ی " آذربایجان" دا

آذربایجان ژماره‌ی 93،جومعه‌ 14ی به‌فرانباری 1324 ی هه‌تاوی

دۆستایه‌تی گه‌لانی ئازه‌ربایجان و کوردستان

نووسینی: م.تاهیری

وه‌رگیڕانی: حه‌سه‌نی قازی


له‌ نێوان گه‌لی ئازه‌ربایجان و گه‌لی کورد دا له‌ کۆنه‌وه‌ دۆستایه‌تی هه‌یه‌. ئه‌و دوو گه‌لانه‌ هه‌میشه‌ له‌ ڕۆژانی زۆر ناخۆشیش دا ده‌ستی یارمه‌تیان بۆ یه‌کتری ڕاکێشاوه‌‌.گه‌لی کوردیش وه‌کوو گه‌لی ئازه‌ربایجان قاره‌مانی نه‌ته‌وه‌یی و ڕۆڵه‌ی به‌نامووسی پێشکێشی مێژوو کردووه‌. هه‌ر وه‌ک چۆن گه‌لی ئازه‌ربایجان به‌ دژی دوژمنانی ئازادی، کۆنه‌په‌رستی و داگیرکه‌رانی بێگانه‌ شه‌ڕی خوێناوی کردووه‌، نه‌ته‌وه‌ی کوردیش له‌ئاست گوشار و ده‌ستدرێژی سه‌ره‌ڕۆیه‌کان ساتێک ڕانه‌وه‌ستاوه‌ و شه‌و و ڕۆژ له‌ سه‌ر پشتی ئه‌سپان،به‌رد به‌ده‌سته‌وه‌ یان له‌ سه‌نگه‌ران دا چه‌ک به‌ده‌سته‌وه‌ له‌ پێناو به‌خته‌وه‌ری گه‌له‌کانیان و پاراستنی نیشتمانیان هه‌دایان نه‌داوه‌ و ده‌ستیان له‌ خه‌بات هه‌ڵنه‌گرتووه‌.
گه‌لی کوردیش وه‌ک گه‌لی برای ئازه‌ربایجان به‌ درێژایی مێژوو به‌ ڕێگای قاره‌مانی و خه‌بات دا تێپه‌ڕیوه‌ و سیاسه‌تی نگریسی حکومه‌تی نێوه‌ندیی سه‌ره‌ڕۆی تاران له‌ ئازه‌ربایجان چۆن بووه‌ هه‌ر ئه‌وه‌شی به‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد هێناوه‌.به‌ساڵانی دوور و درێژ ڕۆڵه‌کانی به‌ نامووسی ئازه‌ربایجانی و کورد به‌ تاوانی ئازادیخوازی له زیندانی نگریسی قه‌سری قه‌جه‌ری ڕه‌زا خان دا ڕاگیران.زۆریان له‌ ئاکامی زوڵم و سه‌رنێزه‌،زیندان و دوورخستنه‌وه‌ به‌ ده‌ستی ڕه‌زاخان له‌ نێو چوون به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌،نه‌ته‌وه‌ی قاره‌مانی کوردیش وه‌ک گه‌لی ئازه‌ربایجان له‌ پێناو وه‌ده‌ست هێنانی ئازادی و به‌ دژی زوڵم و زۆری سه‌ره‌ڕۆیی چۆکی دا نه‌دا.ئه‌و هۆگرییه‌ی گه‌لی کوردی برامان به‌ به ‌ووره‌ بوون، بوێری له‌ پێناو دێمۆکراسی و ئازادی دا و ئه‌و خه‌باته‌ی به‌ درێژایی ساڵان به‌ دژی کۆنه‌په‌رستی کردووه‌یه‌ نموونه‌ی زیندووی‌ ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ یه‌. حکوومه‌تی سه‌ره‌ڕۆی ئێران زۆری هه‌وڵ داوه‌ بۆ ساز کردنی دوژمنایه‌تی و دژایه‌تی له‌نێوان ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌برا و دۆسته‌ دا.له‌ ئاکامی سیاسه‌تی نگریسی حکوومه‌تی کۆنه‌په‌رستی دا ته‌نانه‌ت پێش به‌سه‌ردانی گه‌لی کوردی برا له‌ ئازه‌ربایجانیش ده‌گیرا.حکوومه‌تی نێوه‌ندیی تاران هه‌میشه‌ به‌ چاوی سووک ته‌ماشای گه‌لانی کردووه‌،سووکایه‌تی پێکردوون وه‌ک ده‌زانین دوا جار گه‌لی ئازه‌ربایجان هه‌ستا سه‌ر‌پێیان و له‌ ژێڕ ڕێبه‌رایه‌تی فیرقه‌ی دێمۆکرات دا ئازادی وخودموختاری پێک هێنا و گه‌لی برا و دۆستی کوردیشمان له‌ سایه‌ی چالاکییه‌کانی خۆی دا داوای ئازادی ده‌کا.
گه‌لی ئازه‌ربایجان و فیرقه دێمۆكراته‌که‌ی له‌ نێزیکه‌وه‌ دۆستی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان،ڕێبه‌ره‌که‌ی و گه‌له‌ قاره‌مانه‌که‌ین.ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ی نێوان گه‌لانی ئازه‌ربایجان و کورد پته‌و ده‌بێ و باوه‌ڕی به‌ برایه‌تی دڵپاکانه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ به‌هێزتر ده‌بێ. گه‌لی ئازه‌ربایجان له‌ پێناو ئازادی و دێمۆکڕاسی دا ئه‌وه‌نده‌ی پێی بکرێ ده‌ستی یارمه‌تی بۆ گه‌لی کوردی برای راده‌کێشێ.
له‌ 30ی مانگی سه‌رماوه‌زی [1324ی هه‌تاوی] له‌ دانیشتنی مه‌جلیسی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان دا سه‌رۆکوه‌زیری حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی مان رێبه‌ی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان ئاغای پیشه‌وه‌ری له‌ ووڵامی پێرۆزبایی نوێنه‌ری مه‌هاباد ئاغای [مسته‌فای] داودی به‌م ووشانه‌ی خواره‌وه‌ باسی پته‌و کردنی دۆستایه‌تی و برایه‌تی نێوان ئه‌و دوو گه‌لانه‌ی کرد: " هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ هه‌ر ئه‌و ئازادی و خودموختارییه‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ربایجانمان ده‌وێ، پێمان خۆشه‌ له‌ شوێنی دیکه‌ش خه‌ڵک کارو باری نێوخۆیی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن و ئێمه‌ ده‌بێ به‌ وان نیشان بده‌ین ‌ ئه‌وانیش له‌ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری نێوخۆیی خۆیان دا ئازاد بن.ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌ی کوردی برامان به‌ نه‌ته‌وه‌ی هه‌ره‌ تێکۆشه‌ر و هه‌ره‌ به‌قیمه‌ت ده‌ئه‌ژمێرین و پێشوازییان لێ ده‌که‌ین، پێشنیازه‌کانیان له‌ به‌ر چاو ده‌گرین و نوێنه‌رانی خۆمان ده‌نێرین بۆ کوردستان.گه‌لی ئازه‌ربایجان و گه‌لی کورد به‌ یه‌کترییه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌.ده‌وڵه‌ته‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان ناتوانن دژایه‌تیمان له‌ نێواندا ساز که‌ن. ئێمه‌ زۆرمان پێخۆشه‌ هه‌ر که‌س ده‌یه‌وێ ئازادی وه‌ربگرێ له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجان برایه‌تی بکا. و فیرقه‌که‌ی ئێمه‌ش له‌ پێناو ئه‌و ئازادییه‌ دا داوای خودموختاری و ئازادی گه‌لانی ئازه‌ربایجان و کورد ده‌کا."
ئه‌و ڕستانه‌ی سه‌رۆکوه‌زیرمان نیشانه‌یه‌کی زیندووی دۆستایه‌تی نێوان ئه‌و گه‌لانه‌ یه‌.
هه‌ر بژی برایه‌تی و دۆستایه‌تی له‌ پساننه‌هاتووی نێوان گه‌لی ئازه‌ربایجان و گه‌لی کورد. "

هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌ی ئازه‌ربایجان دا سێ وێنه‌ له‌ مه‌ر کوردستان بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ که‌ دوویان لێره‌ دا ده‌بینن و یه‌کیان له‌ پۆستی پێشوو دا بڵاو کراوه‌.