Wednesday, January 1, 2014

دەنگەکان لە ڕابردووەوە ، دیتنەوەی مووزیکی کوردی دە کەلەپووری ئۆسکار ماندا نووسینی موجته‌با کوولیوه‌ند . وه‌رگێڕان، له‌ ئاڵمانییه‌وه‌: هێدی




دەنگەکان لە ڕابردووەوە
1 January 2014 at 05:50
دیتنەوەی مووزیکی کوردی دە کەلەپووری ئۆسکار ماندا
موجتەبا کۆلیوەند[پسپۆڕی مێژوو و کولتوور کە بە شێوەیەکی زانستی کاری لە سەر کەلەپووری ئۆسکار مان کردووە]
وەرگێڕان، لە ئاڵمانییەوە: هێدی

کەلەپوورەکان وەک جادوویەک بە سەر قۆناغە بەسەرچووەکانی مێژوو دەکشێن؛ ئەو قۆناغانەی تێیاندا هێشتا نامە بە پەڕ و جەوهەر لە سەر کاغەز دەنووسران و بەرهەمی زانستی و هونەری دە قووڵایی بەڵگە ئێلێکتڕۆنییەکاندا ون نەدەبوون.

دە نێو ئەو بەڵگانەی کتێبخانەی نەتەوەیی بێرلیندا کە لە هەزار بەڵگەش تێدەپەڕن، هێندێک بەڵگە لەو سەردەمانە دەردەکەون کە ڕۆژهەڵاتناسی دە ئەوپەڕی گەشەی خۆیدا بوو: لە پەنا ڕۆژهەڵاتناسی نێوبەدەرەوەی وەک یۆهان گۆتفڕید وێتس‌شتاین یان فریدریش ڕووکێرت، ڕۆژهەڵاتناسی کەمتر ئاشنای دیکەی وەک ئۆسکار مانیش(١٨٦٧-١٩١٧) دەردەکەوتن کە سەرەڕای کارە گرینگەکانی لە بواری فیلۆلۆژیی ئێرانیدا، ئەوڕۆ تا ڕادەیەک فەرامۆش کراوە. وەک لێکۆڵەرێکی ڕاسپێردراوی ئاکادێمیی زانستیی پاشایەتیی پرۆیس لە ١٩٠١ تا ١٩٠٧ دوو لێکۆڵینەوەی لە ڕۆژهەڵات وە ئەستۆ گرتن. بەر لە هەموو شتێک، لە ئێرانێ، خۆی بە لێکۆڵینەوەی زمانەوانییەوە خەریک کرد. کاتێک ئۆسکار مان لە یەکەم سەفەریدا تووشی گرانەتێ(تیفووس) بوو و بە زەحمەتێکی زۆرەوە خۆی گەیاندەوە بێرلین، ئەو ڕووداوە دەنگدانەوەیەکی گەورەی دە ڕۆژنامەکانی ئەودەمیدا هەبوو. تەنانەت پاشا بانگهێشتنی کرد و تیتری پڕۆفسۆری پێ بەخشی.

ئۆسکار مان بۆخۆی توانی هەر بەشێک لە لێکۆڵینەوەکانی بڵاو بکاتەوە. بەشێکی زۆری لێکۆڵینەوە و کۆکراوەکانی - ١٦ کارتۆن- ئەوڕۆ لە کتێبخانەی نەتەوەیی بێرلین پارێزراون. دە نێویاندا ئەوانەش دەبیندرێن: کۆمەڵێک نامە، چەند دەفتەری بیرەوەری، کۆمەڵێک وێنە کە دە سەفەرەکانیدا هەڵیگرتوونەوە و کۆمەڵێک وتار کە لە کۆڕ و کۆبوونەواندا خوێندوونیەوە. هەروەها کۆمەڵێک بەڵگەی دیکە، بە تایبەت ئاکامی لێکۆڵینەوەکانی و ئەو دەسنووسانەی لە خەڵکی ئەو ناوچانەی وەرگرتوون، دە ئارشیوی ئاکادێمیی زانستیی بێرلین- براندێنبوورگدا پارێزراون. ئەوەی دەو دوو لێکۆڵینەوانەدا کۆکراونەوە، دە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٢دا، ڕێکوپێک کراون و ئێستا کاری ڕێکوپێک کردنیان کۆتایی هاتووە و بە وردی دە کاتالۆگێکی تایبەت بە کەلەپووردا تۆمار کراون.

دە جەنگەی ڕێکوپێککردنی ئەو کارانەدا، تووشی سەرەداوێکی سەرنجڕاکێش بووین کە بە لاڕێیاندا بەرەو دۆزینەوەیەکی موزیکاڵی بردین؛ ئەوەش گۆرانییەکی کوردیی تۆمارکراو بوو کە یەکێکە لە کۆنترین دەنگە تۆمارکراوەکانی کوردی.

خاڵی سەرەتای ئەو دۆزراوەیە تۆمارکراوەکانی ئۆسکار مان بوون کە بە تەما بووە وێڕای خوێندنەوەی وتارێک بڵاویان بکاتەوە. ئەو وتارەی لە ٤ی پووشپەڕی ١٩٠٨دا، لە کۆبوونەوەی "ڕێکخراوی زەویناسیی بێرلین"، خوێندۆتەوە. ئەو وتارە کە لە ژێر سەردێڕی "سەفەرێک بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر زمانەکانی ڕۆژئاوای ئێران، بە تایبەت زمانی کوردی" خوێندراوەتەوە، بە نیشاندانی وێنەی دیمەن و کەسەکان و دۆزراوە کۆنینەکان کە دە نێو بەڵگەکاندا پارێزراون، تێروتەسەلتر کراوە. ئۆسکار مان، دوای پێشکێشکردنی وتارەکەی، بەو ڕاگەیاندنە زیاتر سەرنجی گوێگرەکانی ڕاکێشا:

"بەختەوەرانە وا هەڵکەوتووە کوردێکی ڕەسەنی سابڵاغی[ئەوڕۆ: مەهاباد لە ئێران- نووسەر(م. ک.)-] کە ئەمن لەوێ، لە ساڵی ١٩٠٣دا، وەک هاوکار بۆ لێکۆڵینەوەکانم دیاریم کردبوو، ئێستا لە بێرلین دەژی. بەو پێیە دەتوانم دوو نموونەی چکۆڵەتان لە گورانیی کوردی پێشکێش بکەم هەتا بیبیسن. پڕۆفسۆر دوکتۆر نۆیهاوس دڵسۆزی نواند و گۆرانییەکانی لە سەر دەزگا تایبەتییەکەی خۆی بە شێوەی فۆنۆگڕافی تۆمار کردن و ئێستاش ئەو زەحمەتە وەبەر خۆی دەنێ ئەو گۆرانییانەتان بەو دەزگایە پێشکێش بکا. یەکیان شێعری شاعیرێکی کلاسیکە و ئەویدیش گۆرانییەکی فۆلکلۆرییە."

"د. نۆیهاوس"  هەر "ڕیشارد نۆیهاوس(١٨٥٥-١٩١٥)"ە کە دوکتۆر و ئانترۆپۆلۆگێکی خەڵکی بێرلینە. ساڵی ١٨٨٠ سەفەرێکی هەراوی باشووری پاسیفیک(ئۆقیانووسی ئارام)ی خستە بەر خۆی. بەرهەمی لێکۆڵینەوەکانی ساڵی ١٩١١ بڵاو کردەوە. نۆیهاوس زۆر هۆگری ئانتڕۆپۆلۆگی و تێكنیکی دەزگاکان و شێوەی کارکردنیان بوو. هەرچەند فۆتۆگڕافی تازە داهاتبوو، بەڵام بۆ سەفەرە زانستییەکەی خۆی بەرەو گینەی نوێ، بیری لە وێنەهەڵگرتنەوە کردەوە. تەنانەت دەزگایەکی فۆنۆگڕافیشی بۆ تۆمارکردنی دەنگ دەگەڵ خۆی برد. ئێدیسۆن داهێنەری ئەو فۆنۆگڕافە بوو کە یەکەم دەزگای تۆمارکردنی دەنگ بوو و یەکەم جار ساڵی ١٨٧٧ بە تاقی کراوە. بۆ تۆمارکردنی دەنگ کەڵک لە لوولەیەک وەردەگیرا کە مۆم یان کەتیرەیان تێهەڵدەسوو. دەسووڕێندرا هەتا ئەو دەرزییەی لێی بەستراوە، خەتی تێخا. وەک سەفحەی قەوانی دەسووڕا و دەنگە تۆمارکراوەکەی لە سەر دەبییسرا. ئەو لوولانە زۆر ناسک بوون و زوو دەشکان، بۆیە کەمیان کەڵک لێ وەردەگیرا. ئەو دوو گۆرانییە کوردییانەی ئۆسکار مان دە وتارەکەیدا ئاماژەی پێ کردوون، نۆیهاوس، لە سەر داوای ئۆسکار مانی، دە مانگی جۆزەردانی ١٩٠٨دا، بە فۆنۆگڕافەکەی خۆی، تۆماری کردوون.

ئێستا با بێمەوە سەر "کوردە ڕەسەنەکە". ئەویش میرزا جەوادی قازییە کە ئۆسکار مان دە یەکەم سەفەری ئێرانێیدا تووشی بوو. ئۆسکار مان دە دەفتەری بیرەوەرییەکانیدا و دەو نامانەدا کە بۆ خزمانی خۆی لە بێرلینێی نووسیون، باسی ئەو ئاشنایەتییەی خۆی و میرزا جەوادی دەکا. قازی کە لە بنەماڵەیەکی بە فەرهەنگ هەڵکەوتووە، ڕەگەڵ ئۆسکار مانی کەوتووە بۆ بێرلینێ. دوایە لەوێ، وەک یەکێک لەو خوێندکارە کوردانەی ئاڵمانێ- ڕەنگە هەر یەکەم خوێندکاری کورد لە ئاڵمان بووبێ-، مافی خوێندووە. دەگەڵ نیگارکێشێکی بێرلینی زەماوەندی کردووە کە بەداخەوە هەتا ئێستا نێوەکەیمان بۆ نەدیتراوەتەوە. دوای وەی کە لێی جوێ بۆتەوە، ساڵی ١٩٢٧، گەڕاوەتەوە ئێرانێ و لە تارانێ لە وەزاڕەتی داد دامەزراوە.

ئاشنایەتیی "بێرلینییە ڕەسەنەکە" و "کوردە ڕەسەنەکە" بوو بە هەوێنی هاوکارییەکی زۆر بەکەڵک. دە ژیانی کوردە لاوەکەدا هەلێکی زۆر نوێ ڕەخسا کە ئەویش ژیان و خوێندن لە غەریبایەتی بوو. ئۆسکار مان زۆری کەڵک لەو هاوکارییەی قازی وەرگرتووە. بەبێ شک بۆ کارکردن لە سەر کۆکراوەکانی خۆی کە زۆر نموونەی دیالێکتە کوردییەکانیان تێدا بوو، زۆری پێویستی بە یارمەتیی لێزانانەی زمانەوانی بوو.

بەو پێیە دەرووی هیوایەک بۆ دیتنەوەی ئەو دەنگانەی بە فۆنۆگڕاف تۆمار کرابوون، بەدی دەکرا. لێکۆڵینەوەکە لێکۆڵەری بەرەو ئارشیوی فۆنۆگڕامی بێرلین برد کە جێی پاراستنی لوولەکانن. ئەوێ یەکێکە لە کۆنترین و گرینگترین ئارشیوی دەنگ لە جیهاندا. ئەو کۆکراوانە ئەوڕۆ لە بەشی "ئێتنۆلۆژیی مووزیک، تێکنیکی میدیا و ئارشیوی فۆنۆگڕامی بێرلین" پارێزراون. ئەوەش بەشێکە لە مۆزەی ئێتنۆلۆژیی مۆزە دەوڵەتییەکانی بێرلین. دە لیستی بابەتەکانی ١٩٣١دا ئاماژەیەک بە دەنگی کوردیی تۆمارکراو لە سەر لوولەی مۆم کرابوو کە بەسترابۆوە بە نێوی ڕیشارد نۆیهاوس. ئەوەش هەر ئەو تۆمارکراوە فۆنۆگڕافییانە بوون کە ئاماژەمان پێ کردن! دیارە دە لیستی بابەتەکاندا ئاماژە بە سێ لوولەی "کوردی" کرابوو کە نۆیهاوس لە بێرلینێ تۆماری کردوون:

١. غەزەلێکی نالی کە میرزا جەوادی قازی بە گۆرانی دەیڵێ.
٢. گۆرانییەکی فۆلکلۆریی کوردی کە ئەوەش هەر میرزا جەوادی قازی بە گۆرانی گوتوویە؛
٣. نموونەی زمانی کوردی بە دەنگ؛ دەقە کوردییەکان میرزا جەوادی قازی خوێندوونیەوە. وەرگێڕانی دەقەکان بە ئاڵمانیش، لە لایەن ئاڵمانییەکەوە خوێندراونەوە.

دیارە ئۆسکار مان هەرسێکیانی بۆ بابەتەکەی خۆی ئامادە کردوون، بەڵام دوایە هەر دوو دانەکەی هەوەڵێی هەڵبژاردوون. بەبێ شک ئەو لوولانە لەو بەڵگە هەرە کۆنانەی کوردین کە دەنگیان لە سەر تۆمار کراوە. ئەوەش سەرچاوەیەکی یەکجار بەنرخە؛ نەک هەر تەنیا بۆ فیلۆلۆگەکان. بەداخەوە ئەوڕۆ لەو سێ بەڵگانە هەر بەڵگەی یەکەم و سێهەم ماون. بە پێی ئاماژەیەک کە دە بابەتە پارێزراوەکانی نێو کارتۆنەکەدا وەبەر چاو دێ، زۆر وێدەچێ لوولەی دووهەم کە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکەی لە سەر تۆمار کراوە و دە بەرنامەکەدا گوێگران بیستوویانە، شکابێ. لوولەی سێهەم بێجگە لە دەنگە کوردییەکە دەنگێکی ئاڵمانیشی لە سەرە. دیارە ناکرێ بە خاترجەمی بیسەلمێنین دەنگە ئاڵمانییەکە دەنگی ئۆسکار مانە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە هەر ئەو ئاشنای زمانی کوردی بوو؛ بەو پێیە زۆر وێدەچێ ئەوە هەر دەنگی ئۆسکار مان بێ.

ئاخری کاتی بیستنی یەکەم جاری تۆمارکراوەکان هات کە زۆری بە تاسەوە بووین: لە باری چۆنێتیی تێکنیکی دەنگەوە کەمایەسییان هەبوو، بەڵام هێشتا تێیاندەگەیشتین. دەنگی خەماویی گۆرانیبێژێکی کورد دێ کە لە بەر دەردی ئەوین دەناڵێنێ:
بۆچی نەگریم سەد کەڕەتم دڵ دەشکێنی
بۆچ مەی نەڕژێ شیشە لە سەد جێوە شکاوە
[تێبینیی وەرگێڕ: میرزا جەواد ئەو بەیتەی نالی بەو شێوەیە دەڵێ: "بۆچی نەگریم سەد کەڕەتم دڵ دەشکێنی// بۆچ مەی نەڕژێ شیشە لە سەد جێوە شکاوە"، بەڵام موجتەبا کۆلیوەند دە وتارەکەیدا بەو شێوەیەی تۆمار کردووە: "بۆچی نەگریم سەد کەڕەتم دڵ دەشکێنی// مەی بۆ نەڕژێ شووشە لە سەد لاوە شکاوە".]

دیارە وتارەکەی ئۆسکار مان کە هاوکات وێنەشی دەگەڵ نیشان دراوە، بە لە بەر چاو گرتنی پێشکێشکردنی دەنگە تۆمارکراوەکانیش، یەکێکە لە هەوەڵ بابەتەکانی مولتی میدیایی کە بۆمان ماوەتەوە. ئۆسکار مانی پسپۆڕ و نۆیهاوسی شارەزای تێکنیک بوونە هاوکار هەتا بابەتێکی زۆر لێزانانەی سەرنجڕاکێش پێشکێشی بەشدارانی کۆڕی "ڕێکخراوی زەویناسیی بێرلین" بکەن.

لە سەر ماڵپەڕی کتێبخانەی نەتەوەیی، لە ڕێگای ئەو لینکەی خوارەوە، دەتوانن گۆرانییەکەی میرزا جەوادی قازی ببیسن:

ــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە:
- ناونیشانی وتارەکە، بە ئاڵمانی:
Stimmen aus der Vergangenheit-Eine kurdisch-musikalische Entdeckung im Nachlass von Oskar Mann- Mojtaba Kolivand.
- ناونیشانی ئەو گۆڤارەی وتارەکەی تێدا چاپ کراوە، وێڕای لینکی سەرجەمی گۆڤارەکە[بڕوانە لاپەڕە ١٧ تا ٢١]:
Bibliotheks-Magazin- Mitteilungen aus den Staatsbibliotheken in Berlin und München, 7. Jahrgang, 21. Ausgabe, Heft 3, seite 17, Oktober 2012, ISSN 1861-8375

ــــــــــــــــــــــــ
وێنەکان:
١. ئۆسکار مان لە دیوی کارەکەیدا، لە کتێبخانەی پاشایەتی.
وێنە:
Nachlass Mann/Hadank, BBAW
٢. ئەو کارتۆنانەی کارەکانی ئۆسکار مانیان تێدا پارێزراوە.
وێنە:
SBB-PK, Handschriftenabteilung
٣. وتارەکەی ئۆسکار مان، بە دەسخەتی خۆی.
وێنە:
SBB-PK, Handschriftenabteilung
٤. ڕیشارد نۆیهاوس
وێنە:
SMB-PK, Ethnologisches Museum
٥. فۆنۆگڕافی ئێدیسۆن(دەوروبەری ١٩٠٥)، لە ئارشیوی فۆنۆگڕامی بێرلین وەرگیراوە.
وێنە:
SMB-PK, Ethnologisches Museum
٦. لوولەی مۆم، تایبەت بە تۆمارکردنی دەنگ، دە قودووەکانیاندا.
وێنە:
SMB-PK, Ethnologisches Museum
٧. دەسنووسەکانی ئۆسکار مان.
وێنە:
SBB-PK, Handschriftenabteilung
٨. ئەو شێعرەی نالی کە میرزا جەوادی قازی بە گۆرانی گوتوویە.

Hedi © ‌هێدی
facebook.com/jh.hedi
ــــــــــــــــــــــــ
لەم پێوەندییەدا:

دەنگی میرزا جەوادی قازی:
یادێک له‌ ئۆسكار مان- هێدی:
كورته‌ی ڕێزمانی زاراوه‌ی موكری- ئۆسکار مان
کردارەکان- ئۆسکار مان:
پێش وتار - سه‌ره‌تا- ئۆسکار مان:
زمانی ژنان- ئۆسکار مان:
بابا تاهیر- کاڕڵ هادانک:
گۆرانی و زازایی كوردین؟- کاڕڵ هادانک:
که‌ندوله‌یی - موکری- کاڕڵ هادانک:
ئارشیوی کارەکانی ئۆسکار مان و کارڵ هادانک:
زاراوه‌ی كورده موكرییه‌كان- ئۆسكار مان:
لێکۆڵینەوە لە سەر کوردان و کەلدانییە ئێرانییەکانی باکوور، ١٨٥٧- ١٨٥٨- پێتێر لێرش:
فەرهەنگی کوردی- ئاڵمانیی ئالبێرت هوتوم شیندلێر، ١٨٨٤:
ئاڵبۆمی وێنەکانی ئۆسکار مان:
دیسان ئۆسکار مان:
وێنەی ئۆسکار مان:
وەفاتی پڕۆفسۆر ئۆسکار مان:





No comments: