Saturday, June 20, 2015

هەدەپە نابێ بهێڵێ مەهەپە ببێ بە " بەرەوە " ی هەڵبژاردنی ٧-ی حوزەیران



هەدەپە نابێ بهێڵێ  مەهەپە ببێ بە " بەرەوە " ی هەڵبژاردنی  ٧-ی حوزەیران
حەسەن قازی
شەمە ٢٠ی حوزەیران ٢٠١٥

ئاکامەکانی هەڵبژاردنی  ٧-ی حوەزەیران جارێکی دیکە سەلماندی پرسی کورد هۆکاری سەرەکی هەموو قەیرانییەکانی سیستمی حکوومەتی ، سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکییەیە و هەتا ئەو پرسە چارەسەرییەکی دێمۆکڕاتیکی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەو قەیرانییانە ئەگەر بۆ ماوەی کاتیش ڕابپەڕێندرێن دیسان سەر هەڵدەدەنەوە.
ئاکامی ئەو هەڵبژاردنە داوخوازی پارتیی داد و گەشە پێدانی بۆ گۆڕینی سیستیمی پارڵمانی  بە سیستمی سەرۆکایەتی شێوازی ئەمێریکا و فەڕانسە وەدواییە داوە و ئەو بابەتە هیچ وێناچێ لەماوەی پێنج ساڵی دابێ دا دیسان بهێندرێتەوە گۆڕێ.
ڕۆژی سیشەمە ٢٣ی حوەزەیران ڕێوڕەسمی کردنەوەی پارڵمان و سوێندخواردنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو  بەڕێوە دەچێ و لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆک و هەیئەتی بەڕێوەبەریی مەجلیس سەرۆک کۆمار داوا لە ڕێبەری ئەو پارتییەی  کە لە مەجلیس دا  کورسی لە هەموان زۆرترە دەکا دە ماوەی ٤٥ ڕۆژ دا کابینەکەی پێک بهێنێ. لە بەر ئەوەی کورسییەکانی  پارتیی داد و گەشە پێدان ( ٢٥٨ ) ناگاتە نیوە لەگەڵ یەکی مەجلیس بۆ ئەوەی بتوانێ حکومەت پێک بهێنێ دەبێ لەگەڵ یەکێک لە سێ حیزبی  جەهەپە ( ١٣٢ کورسی ) ، هەدەپە ( ٨٠ کورسی ) ، مەهەپە ( ٨٠ کورسی) بتوانێ ڕێک کەوێ. ئەگەر ئەوە نەبوو ئەو جار سەرۆک کۆمار دەکرێ داوا لە پارتیی دووەم واتە  جەهەپە بکا حکوومەت پێک بهێنێ و بۆ ئەوەی ئەو پارتییە بتوانێ حکوومەت دامەزرێنێ دەبێ نەک هەر لە گەڵ یەک لە پارتییە خاوەن ٨٠ کورسییەکان بەڵکوو لەگەڵ هەر دووکیان ڕێک کەوێ. دیارە بژارێکی دیش هەیە ئەویش ئەوەیە کە پارتیی داد و گەشە پێدان حکوومەتی کەمایەتی پێک بهێنێ و هیچ پارتییەک لەگەڵی نەچێتە نێو حکوومەت بەڵام پارتییەک لە دەرەوەی حکوومەت ڕا پشتیوانی لێ بکا کە دیارە ئەوە بریتی دەبێ لە حکوومەتێکی لاواز کە هەمیشە ئەگەری کەوتنی هەیە.
مەهەپە لابرانی  " پێواژۆی ئاشتی "  لە بەرنامەی حکوومەتی دابێی کردووەتە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بۆ چوونە ناو کۆالیسیۆن و بەشداریی لە حکوومەت دا و لە بەرانبەر ئەوەشدا درێژە کێشانی " پێواژۆی ئاشتی" و دۆزینەوەی چارەسەرییەکی عادڵانە بۆ پرسی کورد یەک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هەدەپەیە. مەهەپە لە لایەن خۆیەوە ڕایگەیاندووە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە لە کوالیسیۆنێک دابێ کە هەدەپە بەشداری تێدا بکا. لەو ناوەدا جەهەپە سەرەرای ئەوەی کە خاوەن ١٣٢ کورسییە بەڵام  لەو بوارە دا دەوری لاوەکییە و ڕێکەوتنی ئاکەپە لەگەڵ مەهەپە یان هەدەپە دوو بژارن کە دەمێننەوە بۆ ئەوەی حکوومەتی تازە دابمەزرێ.
بێتوو ئاکەپە و مەهەپە پێک بێن، بە لەبەرچاوگرتنی پێکێشی مەهەپە لە سەر دەست هەڵگرتن لە " پڕۆسەی ئاشتی" زەمینەی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی لە تورکییە زیاتر دەبێ و لەوانەیە لە هەڵبژاردنی دابێ دا ببێتە هۆی داشکانی دەنگەکانی مەهەپە. لە لایەکی دیکەش ڕا بە لە بەرچاو گرتنی ئەوەی کە پارتیی داد و گەشەپێدان لەو هەڵبژاردنەی دوایی دا لە بەر سیاسەتەکانی خۆی لە ئاست کۆبانێ و ڕۆژئاوا زۆربەی هەرە زۆری دەنگی کوردەکانی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان لە دەست دا وێناچێ بییەوێ بە دڵی مەهەپە بکا  و بە تەواوی دەست لە " پڕۆسەی ئاشتی" هەڵگرێ.

دەنگدەرانی تورکییە بە دەنگی خۆیان لە ٧-ی حوزەیران یەک لە دروشمە سەرەکییەکانی هەدەپە" ئێمە ناتکەینێ سەرۆک" یان وەدی هێنا. داوخوازێک کە وێناچێ ئاکەپە بیکاتە شەرتی هاوبەندیی لە هیچ ئیتیلافێک دا. دەمێنێتەوە  مەسەلەی گەندەڵی و ناساندنی چوار وەزیری پێشووی ئاکەپە بە دیوانی بەرزی عەداڵەت ، ئازادیی چاپەمەنی و هەر وەها ئامادە کردنی دەقێکی تازەی قانوونی بنچینەیی کە ئەوانە گشتیان دەکرێ لە پارڵمان دا بەگوڕ دمەتەقەیان  لە سەر بکرێ.  هەدەپە بۆ ئەوەی پێش بە مەهەپە بگرێ بۆ تێکدانی " پڕۆسەی ئاشتی " ئەگەر هاتوو ئاکەپە داوخوازە سەرەکییەکانی بەرنامەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هەدەپە پەسند بکا دەکرێ حکوومەتی ئیتیلافی لەگەڵ پێک بهێنێ، ئەو دۆخەش وەک وەدەستهێنانی ٨٠ کورسی لە هەڵبژاردن دا ،دیاردەیەکی تازە دەبێ و بۆ یەکەمجار  کورد  بە نێوی خۆی لە بەڕێوەبەری تورکییە دا هاوبەشی دەکا. هەدەپە بە بوونی خۆی لە حکوومەت دا دەتوانێ گوڕێکی تازە بدا بە جێ بە جێ کردنی پرسی کورد و وەدیهێنانی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانی. ئەگەریش ئاکەپە نەک هەموو ئەوانە ، بەڵکوو  تەنێ ملی بۆ بەشێکیان ڕاکێشا دەکرێ لە دەروەی پێکهاتەی حکوومەت پشتیوانی لە پێکهاتنی بکا و گوشاری بۆ بهێنێ بۆ ئەوەی حکوومەتی ئاکەپە ڕێڕەوی دێمۆکڕاتیک وەبەر بگرێ. هەدەپە نابێ ڕێگا بدا مەهەپە ببێ بە " بەرەوە"ی هەڵبژاردنی  ٧-ی حوزەیران 

Monday, June 15, 2015

پرسی دێمۆکڕاسی و ئێران , هاوپرسەیەک لەگەڵ پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی بۆغازیچی لە ئەستەنبووڵ

  
هاوپرسەیەک لەگەڵ پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی بۆغازیچی لە ئەستەنبووڵ
حەسەن قازی
بینەرانی بەڕێزی بەرنامەی ڕاوێژ ئەم کاتەتان باش! لە بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژدا لەگەڵ بەڕێز پرۆفێسۆر دوکتور عەبباس وەلی مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی بۆغازئیچی لە ئە ستەنبووڵ  لە  تورکییە باسی ئاڵوگۆڕەکانی موحتەمەلی بەرەو دێمۆکڕاتیکبوون لە ئێران دەکەین و هەر وەها لەوەش دەڕوانین گەلۆ مەسەلەی کورد و مەسەلەی گەلانی دیکەی ژێر زۆرداری و ستەم لە ئێران بەرەو کوێ دەچێ و بەگشتی سەبارەت بە مەسەلەی کورد لە ئێران قسە دەکەین. زۆر زۆر بەخێر بێی مامۆستە.
وەلی: زۆر مەمنوون
قازی: بەر لە هەموو شتێک پێم خۆش بوو باسی ئەوە بکەم ئاغای ڕووحانی چەند ساڵ لەوە پێش بەر لەوەی بێتە سەرکار بەرنامەیەکی پێشکێش کرد  ، ئەویش ئەوە بوو کە وەزعی نەتەوەکانی غەیری فارس و هەر وەها ئەوانەی ئەوان بە کەمایەتی ئایینی، کەمایەتی مەزهەبی بە نێوی دەکەن، لە ڕووی بەرنامەیەکەوە ئاڵوگۆڕی تێدا دەکرێ بەڵام، بە پێچەوانەی ئەوە دەبینین لەو ماوەیەدا ئەو زەخت و زۆردارییە لە ڕاستیدا نەک هەر کەمی نەکردووە بەڵکوو ئەو قەول و بەڵێنانەش کە درا بوو هیچی جێ بە جێ نەبووە و بە تایبەتی لە ناوچەی کوردستان و لە وڵاتی کوردان زۆر جار دیتوومانە کە هەم ئێعدامی ڕۆڵەکانی گەلی کورد بەردەوام بووە و هەم زۆر لەو کەسانەی کە لە سەر سنوورەکان لە بەر گوشاری ئابووری کاری کۆڵبەری دەکەن بە شێوەیەکی زۆر نا ئینسانی کەوتوونەتە بەر زەخت و فشار و هەم ئەو ڕووداوەی ئەو دواییانەش لە مەهاباد قەوما؛ ئەویش کووژرانی خانمی “فەریناز خوسرەوانی” بوو کە بە هەر شێوەیەک لێی بڕوانین ئەو وەکوو قوربانییەکی ئەو کارەساتە دەبیندرێ. پێم خۆشبوو بەڕێزت لێکدانەوەیەک بکەی بە گشتی کە چۆنە ئەو بەڵێنیانەی کە درابوون هەتا ئێستا هیچیان جێ بە جێ نەبوون؟
وەلی: بەڵێ دروستە، یانی هاتنی ڕووحانی پڕۆسەی سیاسی سیاسەتی ئێرانێی نیسبەت بە مەسەلەی کوردی بە تایبەتی و بە شێوەیەکی گشتی نیسبەت بە مەسەلەی تەواوی ئەو پێناسانە، ئەو هوویەتانەی کە غەیری هووییەتی حاکمن نەگۆڕییەوە، بەو مانایەی کە چوارچێوەی ئەساسی ئەو سیاسەتەی چوارچێوەیەکی ئەمنی یە و چوارچێوەیەکە دە وێدا قانوون ئەساسەن کار ناکا، دە وێدا قانوون لاچووە جێگاکەی بە زەبرو زەنگی سیاسی گیراوەتەوە، لەبەر وەش ئەو بابەتەیان لە پڕۆسەی سیاسی دەرهێناوە و دە ئیختیاری پڕۆسەی ئەمنی و پاسداران و ئەوانەیان ناوە و هاتنی ڕووحانی ئەو چوارچێوە ئەساسییەی نەگۆڕیوە، ئێستاش مەسەلەی کوردی یا هووییەتی بەلووچی یا تورکەمەن یا عەڕەبی لە ئێرانێ مەسەلەیەکی ئەمنییەتییە، مەسەلەیەکی سیاسی نییە. بۆیە ڕووحانی ناتوانێ قەرار بدا لە سەر وەی بە بێ ئەوەی کە ئەو چوارچێوە بگۆڕدرێ. ئەو چوارچێوەش دە دەستی ویدا نییە، ئەوە دروستە کە لە بەرنامەی هەڵبژاردندا ئەو قەول و قەرارانەیداوە بەڵام بۆخۆشی دەیزانی و ئەلئانیش دەزانێ کە ناتوانێ هیچ کارێکی ئەساسی لە سەر مەسەلەی کوردی، لە سەر حقووقی کوردی، لە سەر پێناسەی کوردی، لە سەر فەرهەنگ و کۆمەڵگای کوردی بکا ئەگەر ئەو کارە یا ئەو سیاسەتە دەگەڵ ئەو بۆچوونە ئەمنییەتییەی حکوومەتێ بۆ مەسەلەی کوردی ئیختیلافی هەبێ. جا لەبەر وەی وەختێکیش کە هات و لە سەر کورسیدانیشت لە پێشدا قەولیدابوو کە وەزیرێکیدابنێ بۆ ئەو کارەی، نەیتوانی ئەو کارەی بکا. تازە ئەگە وەزیریشی دانابایە هەتا ئەو جێگایەی کە ئەو چوارچێوە ئەمنییەتییە بەرقەرارە و مەسەلەی کوردی وەکوو مەسەلەیەکی میللی- ئەمنییەتی دەوڵەتی ئێرانێ دەبیندرێ، نەک مەسەلەیەکی سیاسی و مەسەلەی مافی جەماوەێکی، یان ئی کامیونیتییەکی، هەتا ئەوە نەگۆڕێ ئەگەر وەزیریشیان دانابایە دەسەڵاتی ئەو وەزیرەی و حەوزەی عەمەلی ئەو وەزیرەی زۆر زۆر تەسک دەبوو.

قازی: دیارە کەسێک هەیە وەکوو بەرپرسی ئەو بوارە بەڵام هەتا ئێستا هیچی نەکردووە.
وەلی: بۆ وێنە ساڵ و نیوێک بەر لە ئێستا کە باسی ئەوەیان کرد دەیانەوێ مەسەلەی خوێندنی زمانی کوردی بڕێک ئازادتر بکەن نەک هەر ئەوەی کە موشکیلەی ئەمنییەتی هێنا پێشێ بەڵکوو موشکیلێکی فەرهەنگیشی هێنا پێشێ، بەو مانایەی کە ئەو موشکیلە فەرهەنگییە لە ژێر سەیتەرەی ئەمنییەتیدایە. بو وێنە ئەو ئیعترازانەی لە ئاست فەرهەنگستانی ئێرانێ کران.
قازی: فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی؟
وەلی: بەڵێ! ئەوە نیشان دەدا کە وەختێکی تەماشای مەسەلەی کوردی دەکەین فەرهەنگستانیش دە چوارچێوەی ئەمنییەتیدا وەکوو ئامڕازێکی ستراتێژی ئەمنییەتی حکوومەت کار دەکا. و هەرچی زۆرتر ستراتێژی ئەمنییەتی حکوومەت ببێ بە مەبنای تەفسیری سیاسەت، تەفسیری گوتاری سیاسی لە سەر مەسەلەی کوردی زۆرتر دە ئۆرگانەکانی بە ڕواڵەت غەیری ئەمنییەتی وەکوو فەرهەنگستان و ئەوانە دەوێدا نەهادینە بووە، جا بۆیە ئەوە مەسەلەیەکی سادە بەو شێوەیەی نییە. ئەگەر حکوومەتی ئێرانێ واقیعەن بییەوێ ئەو مەسەلەیەی لە بەرچاو بگرێ و ڕێگا حەلێکی بۆ ببینێتەوە دەپێشدا، پێش ئەوەی کە بێتە سەر ئەوەی کە کوردەکان چییان دەوێ و چییان ناوێ و دەبێ چییان بدرێتێ و چییان نەدرێتێ و چۆنیان بدرێتێ و چۆنیان نەدرێتێ دەبێ لە پێشدا چوار چێوەی ئەساسی ئەو بۆچوونە ستراتێژیکە بۆ مەسەلەی کوردی بگۆڕدرێ.
قازی: باشە مامۆستە مەسەلەیەکیش هەیە، ئەویش ئەوەیە خەباتی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان یانی لەو جێگایانەی کە بەشێک لە کوردستانی تێدا هەڵکەوتووە زۆر لایەنی کوردی باسی ئەوە دەکەن بە هەڵبژاردنی خۆیان نەبووە کە سەرەتییان داوە بە شێوەی خەباتی چەکداری، و لە لایەکی دیکەشەوە باسی ئەوە دەکرێ ڕەنگە ئەو خەباتی چەکدارییە؛ هێندێک لایەن بۆچوونی ئاوایان هەیە، زەمینەی ئەوەی خۆش کرد بێ بۆ ئەوەی کاربەدەستان و فەرمانڕەوایان و لە وانە کاربەدەستانی ئێستای ئێران یان هەیئەتی حاکمەی ئێران بۆیەیە مەسەلەکەی وەک بابەتێکی ئەمنی دەبینن هەمیشە. یانی لە نەتیجەی ئەو فێعل و ئینفیعالەی کە دە بەرابەر یەکتریدا بووە. بە بۆچوونی بەڕێزت ئەو مەسەلەیە تا چ ڕادەیەک دروستە و گەلۆ سەرەتیدان بە خەباتی چەکداری دروستە یا دروست نییە بە لەبەر چاوگرتنی ئەو پێشینەیەی کە باسم کرد؟
وەلی: دیارە وەختێکی کە خەباتی چەکداری دەست پێ دەکا، نوێنەرەکانی کوردی یانی ئەوانەی کە ئەلئان حیزبەکانی کوردی دەگێڕن ئەوانە ئیدیعایان ئەوەیە، بۆچوونەکەشیان ئەوەیە کە خەباتی چەکداری ستراتێژییەک نەبووە کە ئەوان هەڵیان بژاردبێ، ئەوە هەلومەرجی زەمان، شایەدیش زەختی حکوومەت و سەرکوتکردن و سیاسەتی ئینکار و شەڕ و ئەوانە ئەو شێوەیەی تەحمیل کردووە. ئەوە حەقیقەتێکی تێدایە، دیارە ئەگەر تەماشای تاریخی مەسەلەی کوردی پاش شۆڕشی ئێران بکەین دەبینین کوردەکان ئەو دەمی زۆر حەولیاندا بە بەرنامەی ٨ مادەیی، بە بەرنامەی دیکە، بۆچوونی دیکە، تەعامولکردن یا تەنانەت وەختێکی دەبینین مەڕحوومی دوکتور قاسملوو دەیەویست بە شێوەیەکی مەخفی لەگەڵ حکوومەتی ئێرانێ قسان بکا، ڕێگاحەلێکی بۆ مەسەلەی کورد ببینێتەوە. دیارە ئەوە مەنتقێکی تێدایە، حەقیقەتێکی تێدایە کە حکوومەت ویستوویەتی ئەو مەسەلەیەی وەکوو قەیرانێکی ڕا بگرێ لە بەر ئەوەی مەسەلەی ئەمنی، یانی وەختێکی سیاسەتی کوردی، مەسەلەی کوردی دەبێ بە بەشێک لە ستراتێژی حكوومەتی یا دەوڵەتی – میللی ئێرانێ ئەوە دەبێتە سەبەب ئەو کەسانەی کە ئەوەیان دە ئیختیاردایە، عوموومەن سپای پاسداران وڕێکخراوە ئەمنییەکانی دیکە دەیانەوێ ئەو سوڵتەی خۆیان دەوێدا بپارێزن، بۆیە ئەوە دروستە. بەڵام بە باوەڕی من وەزعی خەباتی چەکداری دە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا حاڵەتێکی تایبەتی هەیە، حاڵەتەکەی ئەوەیە کە ئەوە ستراتێژییەکە کە ئەلئانەکە لە ساڵی ١٩٨٥وە یانی سی ساڵە تەقریبەن دە حاڵەتی تەعلیقدایە، ستراتێژییەکە کە بە قسە هەبووە بەڵام دە عەمەلدا نەبووە، لە بەر شەرایتی تایبەتی سیاسەتی کوردی، بە تایبەتی پاش ٢٠٠٣ ی هەرێم دروست کرا وحکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی گرت. ئەوە سیاسەتێکە وەکوو ئەوەی لە سەر تاقەیاندا نابێ. ئەگەر شتێکی وا ببێ بە باوەڕی من ئەوە پێویست بوو هەر ئەو دەمی کە هەرێم سەقامی گرت لە ٢٠٠٣ و ئەوانە ئیدی دەبوو بەسەرداچوونەوەیەکی زۆر دەقیق و زۆر قووڵ لە سەر ئەوەی بکرێ. چون شەڕی چەکداری وەکوو هەموو شەڕێک لە سەروبەندی مۆدێڕندا، دروستە کە نەفەر شەڕێ دەکا، دروستە گرووپ شەڕێ دەکا، دروستە پێشمەرگە شەڕێ دەکا بەڵام زۆرتر ئەوەی کە چارەنووسی ئەو شەڕەی دیاری دەکا لۆجیستیکی ئەو شەڕەیە. شەڕی چەکداریش بە تایبەتی لە جێگایەکی وەکوو ئێرانێ بۆ کوردان، ئێران، عێڕاق، باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا ئەگەر لۆجێستیکی نەبێ ئەو شەڕە ناتوانێ دەوام بێنێ. پاش دامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، مەسەلەی لۆجیستیکی شەڕی چەکداری لە ئێران مەسەلەیەکی کێشەدارە، جا بۆیە پێویست بووە تەنانەت بە حاڵەتی ستڕاتێژیک خودی سیاسەت و هەلومەرجەکە ئەوەی بە حاڵەتی تەعلیق دەرهێناوە. لە ٢٠٠٣ بەم لایەوە دەبوو پێداچوونەوەیەکی زۆر دەقیق و زۆر قووڵ و عەمیق بکرێ لە سەر ئەوەی کە ئایا وجوودی ئەوەی بە شێوەیەکی موعەلەق، سیاسەتێکی تەعلیق کراو، ئەوە دروستە یا دروست نییە؟ ئەو دەمی دەبوو ئەو کارە بکرێ و پێش ویش بە باوەڕی من فورسەتێک هاتە پێشێ، ئەو فورسەتەش وەختێک بوو کە ئیسلاح تەڵەبان هاتنە سەر کار.
قازی: خولی یەکەمی هاتنە سەر کاری خاتەمی!
وەلی: بەڵێ، بەڵێ. ئەو دەمیش دەبوو پێداچوونەوەیەک لە سەر ستڕاتێژی کوردی بکرێ تەوەجوهێ دەکەی! ئەو دەمیش زۆر گوترا، لەوانە خودی من، مومکینە ئەو هەلومەرجە سەر نەگرێ و سەریشی نەگرت، بەڵام بەو مانایە نەبوو کە ئیمکاناتی تازە نەکرابووەوە، بەو مانایە نەبوو کە ئێمە نەدەبوو بە سەر ستڕاتێژی و سیاسەتی خۆماندا نەچینەوە. جا ئەگەر بێینەوە سەر ئەو مەسەلەیەی ئەلئانەکە دەبینین شەڕی چەکداری موعەلەق کرا کە هیچ، لە نەزەر سیاسییەوە حیزبەکانی کوردی ئێرانێ بازنشەستە کران یانی حاڵەتێکی خانەنشینییان پەیدا کرد. سەبەکەشی ئەوە بوو کە دەو وەزعەیدا کە لە دەرەوەی وڵات بوون ئیبتیکاری عەمەلیان لە دەستدا، ئیبتیکاری عەمەلیان کە لە دەستدا بەو مانایەی کە ئیبتیکاری عەمەل وەختێک دەبێ کە ئەتۆ بۆچوون و لێکۆڵینەوە و تەحلیل و شی کردنەوەی دەقیق و عەمیقت لە وەزعی ئێرانێ هەبێ و بزانی کە دەبێ چۆن کار بکەی لەوێ. بە باوەڕی من فکرەکە کۆن بوو، بە باوەڕی من بۆچوونەکە کۆن بوو، بە باوەڕی من بۆچوون و شیکردنەوەی سیاسەتێکی مەفهوومی و تیۆریتیکی تازەدانەندرا. بۆ وێنە دە شەڕایتێکی ئاوادا ئەمن ئەو دەمی موڕەتەب ئیشاڕەم دەکرد کە هێزێکی سیاسی بە بێ ئەوەی کە بتوانێ لە نەزەر فەرهەنگی و لە نەزەر فکرییەوە سەر بکەوێ ناتوانێ ئیدیعای ئەوەی بکا کە سەروەری سیاسی گەلەکەی بە دەست بهێنێ. لە مەیدانی فەرهەنگی و لە مەیدانی گوتاریدا کەمکارییەکی زۆر زۆر کرا. ئەلئانەکە ئەگەر دیقەت بکەین دەو سی و چەند ساڵەیدا بەرهەمی فکری زۆر کەم بووە جا لەو بابەتەوە نەیانتوانیوە بە باوەڕی من کارێکی عومدە بکەن. ئەو کارەش ئەوەیە کە لە جێگایەکی وەکوو ئێرانێدا کە حکوومەتێکی دیکتاتۆری لە سەر کارە و زەخت و زۆرداری هەیە، بە تایبەتی لە کوردستانێ کە سیاسەتی ئەمنی زۆر بەهێز و قایم لەوێدامەزراندراوە، دە حاڵەتێکی ئاوادا یەکێک لە پێویستییەکانی ستراتێژیک لە نەزەر فەرهەنگییەوە ئەوەیە کە دەبێ پانتاییەکی گشتی مەخفی دروست بکرێ، هەر ئەو جوورەی کە بۆ وێنە دە زمانی شایدا هەبوو. ئێمە لە زەمانی شایدا وەختێکی تەڵەبە بووین لە نەزەر فەرهەنگییەوە ئیمکانات زۆر کەم بوو، ئیمکاناتی خوێندنەوە، ئیمکاناتی بەحس کردن و ئەوانە. بەڵام، دە خودی زانکۆکاندا، دە خودی شارەکاندا پانتاییەکی گشتی مەخفی هەبوو کە دەوێدا ئەو دیسکۆرس و گوتارەی کە دە حکوومەتێدا ئیمکانی نەبوو، دەوێدا هەبوو، ئەو تەبادولی فکرییەی کە دەوێدا هەبوو لە دەرەوە نەدەکرا و دەوێدا ئەو ئەدەبییاتەی کە دەسووڕا، دەگەڕا و ئێمە دەمان خوێندەوە، سنوورەکانی ئەو پانتاییە گشتی یە ئەو دەمی جورەیەک لە مارکسیزم دروستی دەکرد، بەڵام ئەو پانتاییە گشتییەی کە پاش ڕووخانی مارکسیزمی یان تەزعیفی مارکسیزمی لە ئێرانێ هاتە پێشێ کەس نەبوو جێگای وەی بگرێتەوە. 


قازی: مامۆستە، مەسەلەیەک لایەنی هەمبەری حاکمییەت لە ئێرانەیە بەڵام، ئەگەر لەلایەکی دیکەش ڕا لە بەر چاو بگرین هەر ئەو ئاڵوگۆڕ و ڕووداوانەی بیست ساڵی ڕابردوو لە بەرچاو بگرین لە بەشەکانی دیکەی کوردستان زۆر ئاڵوگۆڕی گەورە بووە، ئەگەرچی شەڕ و نەهامەتی و ماڵوێرانی و ڕووخانیشی لەگەڵ بووە بەڵام، هەرچۆنێک بووە دەسکەوتی زۆر گەورەش بۆ کورد وەدەست هاتووە چ لە ڕۆژئاوای کوردستان، چ پێشتر لە باشوور و چ هەر وەها لە باکووری کوردستان، تەنیا جێگایەک کە لە حاڵەتی قەتیسماویدا ماوەتەوە دە ڕاستیدا کوردستانی ئێران یا ڕۆژهەڵاتی کوردستانە ئەگەرچی هێندێک لە هێماکانیداوخوازی دێمۆکڕاتیکی کوردان سەرچاوەکەی کوردستانی ئێرانە. باشە، پێت وا هەیە کە دە بەرانبەر ئەوەدا حکوومەتی ئێران، سیستمی مەوجوودی ئێران چەندە دەتوانێ هەر لە سەر ئەو سیاسەتە ئەمنییەتییەی خۆی بەردەوام بێ لە کاتێکدا کە ڕێژیمەکانی دەور و بەری بە خۆشی بێ و بە ناخۆشی بێ مەجبوور بوون هێندێک ئاڵوگۆڕ پێک بهێنن.
وەلی: بە باوەڕی من جواب بۆ ئەو مەسەلەی تەنیا کوردستانێ ناگرێتەوە. سیاسەتی کوردی لە ئێرانێ ستڕاتێژییەکەی چ شەڕی چەکداری بووبێ، چ شەڕی چەکداری نەبووبێ هەمیشە بە تەرتیبێکی زۆر ڕاشکاو و بەهێز دەگەڵ سیاسەتی کولی ئێرانێ تێکەڵ بووە، یانی هەتا ئەو دەمی باسی شوعاری خودموختارییان دەکرد کە خودموختاری بۆ کوردستانێ و دێمۆکڕاسی بۆ ئێرانێ، بەو مانایە بوو کە خودموختاری بە بێ دێمۆکڕاسی نابێ. ئەگەر دێمۆکڕاسیش هەبێ بەتەنێ بە کوردان پێک نایە دەبێ دە سیاسەتێکی گەورەتر و بەرفراوانتردا ئەوە وەدی بێ. بەو مانایەی سیاسەتی کوردی لە ئەوەڵێوە بەشێک لە هەلومەرجی ژیانی ئەو سیاسەتەی لە دەرەوەی ئەو سیاسەتەی بووە یانی لە ستڕاتێژی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانێ بەستراوەتەوە. ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش دوای شۆڕشی ئێرانێ بە شێوەیەکی عەجایییب ڕووخا؛ دروستە ڕووخاندیان بەڵام بۆخۆشی ئەو زەرفییەتەی هەبوو کە بەو هاسانییەی بڕووخێ و ڕووخا. بەو مانایەی کە پشتی جەبهەی کوردان بەتاڵ بوو تەوەجوهێ دەکەی. جا سیاسەتی کوردیش لە ئێرانێ، ئێران وەزعێکی تایبەتی هەیە. سیاسەتی کوردی ئێرانێ هەتا وەختێکی ناوچەیی بمێنێتەوە چ شەڕی چەکداری هەبێ، چ شەڕی چەکداری نەبێ لە یەک حاڵەتدا سەر دەکەوێ ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەو هێزانەی شەڕی چەکداری دەکەن و کردوویانە و بیانەوێ بەردەوام بن ئەو ستڕاتێژییەیان هەبێ کە سیاسەتێکی نیزامی تەنێ بۆ ئەوە بەکار نەهێنن بۆ وێنە تەپەیەک بگرن، قەسەبەیەک بگرن، دییەک بگرن ئەوەندە بچنە پێشی. بەڵکوو ئەو سیاسەتە نیزامییە دەبێ ببێتە ئامرازێک بۆ ئەوەی کە حەڕەکەتێکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، سیاسی لە وڵاتیدا دروست بکا. لێرەدا وەختێکی ئەگەر حەڕەکەتێکی سیاسی ببێتە حەڕەکەتێکی کۆمەڵایەتی ڕووخاندنی زۆر زەحمەتە، لەبەینبردنی زۆر زەحمەتە، بەڵام هەتا وەختێکی حەڕەکەتێکی سیاسی، هەر بەشێوەی نیزامی – سیاسی بمێنێتەوە، بە تایبەتی وەختێکی لە شاخی بێ لە شاری نەبێ بەرتەنگکردنی عەرسەی ئەو حەڕەکەتەی هەمیشە تابیعی حەڕەکاتی نیزامی دەبێ، دەو حەڕەکاتی نیزامیشدا کوردان ئێمە دیومانە کە لە بەر وەزعی جمهووری ئیسلامی ناتوانن لە بڵیند مودەتدا لە سەری بەردەوام بن.                                                                                                  


قازی: مامۆستە، لە پێوەندی لەگەڵ ئەو کرانەوەیە ڕا کە لە زەمانی خاتەمیدا، لە دووی جۆزەردان دەستی پێکرا دیارە لە گەڵ ئەوەشدا کە لە ئازەربایجانی ئێران یا لە ئازەربایجانی جنووبی هێندێک داوخوازی ناسێنەخوازی یان هۆوییەتخوازی هاتە گۆڕێ، دیارە پێشتریش لە زەمانی شەریعەتمەداریدا لە تەورێز داوخوازی ئاوا بەرز کرایەوە.بەڵام دواتر دیارە ئەو داوخوازە هێندێک فۆرموولەتر بوو و ئەوەش لە ڕاستیدا لە سەر ئەساسی ڕەدکردنەوەی ئەوانی دی. لەو گوفتمان و دیسکۆرسەی کە لە وان ڕا دەبیسترێ، زۆربەی تا ڕادەیەک خۆی لە دژایەتی لەگەڵ کورداندا تەعریف دەکا، بەگشتی ئەگەر مرۆڤ بۆی بچێ چونکوو ڕێزپەڕیش هەیە.
وەلی: کێ ئەو کارەی دەکا
قازی: حەرەکەتی ئازەربایجان کە ناسێنەخوازە بەگشتی دەڵێم ئەلبەتە هەمیشە ڕێزپەڕیش هەیە. بەڵام لە عەینی حاڵدا لە نێوان تورکەکانی ئازەربایجان و کوردەکاندا سوننەت و نەریتێکی دۆستایەتی و هاوکاریش هەیە لە لایەکی دیکە ڕا. و بە لەبەرچاوگرتنی وەزنی ئازەربایجانییەکان یان تورکەکانی ئازەربایجان دیارە هەرجۆرێکی کە بۆخۆیان خۆیان دەناسێنن و داوخوازی ناسێنەش دەکەن و لەگەڵ کوردانیش لە زۆر جێگایان دراوسێ و تەنانەت هاو کەوشەنن، پێت وا هەیە چ ڕێگایەک دەبێ ببیندرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەوانە بتوانن هێزەکانیان وێک خەن یا تەفاهوم دە بەینی یەکتریدا دروست کەن و ئەوە ببێتە تواناییەکی زیاتر بۆ پڕۆسەی دێمۆکراتیکبوونی وڵاتەکە بە گشتی؟
وەلی: نێوان ئازەری و کوردەکان؟ بە باوەڕی من دروستە تورکەکانی ئازەری – ئەلئان پێیان ناخۆشە مرۆڤ پێیان بڵێ ئازەری – یان تورکەکان لە ئێران وەکوو کۆمەڵگایەک فەرقی لە گەڵ کوردان زۆر بووە. کوردان لە ساڵی ١٩٠٥وە کە دەوڵەتی تازە لە ئێران دامەزراوە هەتا ئەوڕۆ کوردستان و کۆمەڵگای کوردستانێ وەکوو ناوچەیەکی جیاواز ماوەتەوە. سنوورەکەی ئێتنیکە و سنوورەکەی زمانییە. دروستە ئەرزەکەی بە چەند ئوستاناندابەش کراوە بەڵام سنووری ئێتنیکییەکەی ماوە، سنووری زمانییەکەی ماوە. ئازەربایجان وا نییە. ئازەربایجان بە باوەڕی من پێوەندییەکانی ئابووری و پێوەندییەکانی سیاسی و فەرهەنگی و تەنانەت ئیداری ئازەربایجانێ لە سنوورەکانی ئێتنیکی و زمانی تێپەڕیون. ئازەرییەکان لە ساڵی ١٩٠٥ بەملایەوە دیسان بەشێکی عومدە بوون لە قودرەتی ئێران. بۆیە وەختیکی کە سیاسەتی ئێتنیکی لە ئازەربایجانێ دەستی پێکردووە لەوێ سیاسەتی ئێتنیکی زۆر کەم لە سیاسەتی چینایەتی بە دوور بووە.
قازی: بەڵام وەختێک کە دەفەرمووی بەشێکی بەهێز بوون لە هووییەتی ئێرانی، بەڵام ئەو هووییەتە دەوێدا لە ڕاستیدا هووییەتی ئازەربایجانی نەبووە هووییەوتی ئێرانی بووە
وەلی: وا بووە.
قازی: یانی کابرا لە ڕووی ئێتنیکییەوە لەوانەیە ئازەربایجانی بووبێ یان تەنانەت کورد بووبێ بەڵام بەشداری لە قودرەتدا خۆ بە نێوی ئەو ئێتنیکە نەبووە.
وەلی: باشە. بەڵام لە بەینی کورداندا زۆر کەم بووە بەڵام لە ئازەربایجان ئازەری زۆر بوون، یەکجا زۆر لە سەر دەسەڵات بوون. هەر بۆیەشە ئەگەر دیقەت بکەی لە زەمانی پیشەوەری ڕا تەنانەت پێشتر و پاش ویش گوتاری سیاسی ئازەری هەمیشە جەنبەی زۆر بەهێزی چینایەتی تێدا بووە. ئەوە نیشان دەدا کە مەسەلەی میللی لە کۆمەڵگای ئازەریدا لە بەر پێوەندی وی دەگەڵ کۆمەڵگای ئێرانێ و تەسەلوتی پێناسە و هووییەی ئێرانی بە سەر ئازەریدا خودی کۆمەڵگاکە لە سەر وەیدابەش کراوە بەڵام، لە کوردستانێ وا نەبووە. لە کوردستانێ مەسەلەی هووییەی ئێتنیکی یا میللی زۆرتر بە شێوەیەکی یەکپارچەتر ماوەتەوە و خەتەکانی چینایەتی دەوێدا بەو شێوەیەی نەهاتوونەتە پێشێ ئەگەرچی بەعزێک لە حیزبەکان ویستوویانە ئەو کارەی بکەن. بۆیە ئەمن فکر دەکەم ئەگەر چاو لە سیاسەت و گوتاری ناسیۆنالیستەکانی ئازەری بکەین ئەلئانەکە، ناسیۆنالیزمێکی ئێتنیکی زۆر توندی تێدایە و ئەگەر لە هەلومەرجێکدا لە ئێرانێ ئیمکاناتێک بێتە پێشێ کە ئەو ناسیۆنالیزمە خۆی بەیان بکا دیسان ئەو جۆرەی لێ دێ، ئەو ئازەرییانەی کە لەگەڵ هووییەی ئێرانی بوون لە مەرکەزێ دەبن و ئەوانی دی لە ئازەربایجانێ دەبن و ئیمکانی تەعامول کردنی کوردان لەگەڵ ئەوانە بە باوەڕی من زۆر زەحمەتە ئەگەر ئاوا بمێنێتەوە. ئەگەر گۆڕانکاری بکرێ، ئەگەر ئەوانە ئینعیتافێکی لە خۆیان نیشان بدەن و قەبووڵ بکەن کە ئێتنیسیتەی دیکەش لە ئێرانێ هەیە کە دەتوانێ ببێ بە بێ ئەوەی کە مەرجەکانی ئەوان یان سەروەری ئەوان قەبووڵ بکا، ئەو دەمی ئیمکانی تەعامول هەیە بەڵام، ئێمە تەجروبەی سیاسیشمان هەیە. تەجروبەی مێژووییمان هەیە، ئێمە تەجروبەی مێژوویی چارەنووسی ورمێ و خۆی و سەڵماس مان هەیە لە زەمانی حکوومەتی کوردستان و ئازەربایجاندا کە ئەوە موشکیلەیەکی گەورە بوو. لێرەدا بۆیە هووییەتی کوردی دە ئیرتیبات دەگەڵ هووییەی ئازەریدا فەرقی هەیە لەگەڵ ئیرتیبات لە گەڵ هووییەتی فارسیدا. ئەگەر هەلومەرجێکی ئاوا بێتە پێشێ، بە باوەڕی من ئەگەر ناسیۆنالیزمی ئێتنیکی ئازەری بەو شێوەیەی کە ئەلئان ئازەرییان قسەی لێ دەکەن کە بەشێکی زۆر توندە و بۆ لای ڕاست ئاژۆیی دەڕوا، ئەگەر ئەوە حاکم بێ دەو هەلومەرجیدا بە باوەڕی من سترووکتووری هووییەی کوردی نیسبەت بە ئازەری دەگۆڕدرێ.
قازی: مامۆستە، ڕووداوێکی زۆر گرینگ کە لەو دواییانەدا لە مەڕ ئێران ڕوویدا ئەویش پێک هاتنێکە لە نێوان ئێران و ٥ و یەک و لەوانەیە کە لەمانگی پووشپەڕدا، لە ٩ی پووشپەڕدا ئەو مەودایەی کە بۆ پێکهاتنی تەواو دایانناوە هەموو لایەنەکانی تەواو ببێ سەبارەت بە بەرنامەی چەکی ناوەکی لە ئێران و بەکار هێنانی بە مەبەستی غەیری نیزامی. پێت وایە یەکەم؛ ئیمکانی جێ بە جێ بوونی ئەو تەوافوقە تا چەندەیە؟ یانی ئەوە بە قەتعی پێک دێ یان پێک نایە بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە هەم لە ئەمریکا و هەمیش لە ئێران لە لایەن هێندێک کۆڕوکۆمەڵ موخالەفەت و دژایەتی لەگەڵ ئەو تەوافوقە دەکرێ و دووەم ئەوەی کە هاتوو ئەو پێک هاتنە سەری گرت چ کاردانەوەیەکی دەبێ لە ڕووی نێوخۆییەوە؟ ئایا دەبێتە هۆی توندتر بوونی سیاسەتی ئەمنییەتی و سەرکوتکردنی زیاتر یان ئەوە دەبێتە سەبەبی ئەوەی کە کرانەوەیەک دروست ببێ لە ئێراندا؟
وەلی: بە باوەڕی من قەرایین ئاوا نیشان دەدا، نیشانەکان ئەوەن کە ئەو تەوافوقە کراوە بەڵام، ئاوایە کە ئێران بە پێچەوانەی ئەو هەڵوێستەی کە دەو دەساڵەی ڕابردوودا هەیبووە، نەک هەر ئەوەی کە نەرمی لە خۆی نیشانداوە بەڵکوو ئیمتیازاتی یەکجار زۆریشی داوە، تەڕدید دەوەیدا نییە. جا حاکمینی ئێرانێ بۆ ئەوەی بتوانن شەرعییەتی بدەنێ، تەوجیهی بکەن، دەبێ دەسکەوتێکیان هەبێ بڵێن ئەوەیە. جا موشکیل لە سەر ئەوەیە ئەو شتانەی کە ئەوان پێویستیانە ئۆپۆزسیۆنی ئەو رێکەوتنەی لە ئێرانێ پێ ساکیت بکەن، کە زۆرتر نەهادەکانی ئەمنی و ئەوانەن کە دژایەتی دەکەن. جا بۆیە دەبێ شتێکیان بە دەستەوە بێ کە نیشانی بدەن بەڵام، ئەو شتەی کە دەیانەوێ زۆرتر لەوەیە کە ئەمریکا و ٥ و یەک، یانی ئەوڕووپا بیدەن. جا بۆیە موشکیلەکە لە سەر ئەوەی نییە کە موافەقەت نەکراوە، موشکیلەکە لە سەر وەیە کە چەندە دەبێ ئیمتیازی دیکە بدرێ، چەندە نەدرێ، وەزعەکە چۆنە، چۆن نییە و چ دێتە پێشێ ئەوانە ئاوایە. ئەمن پێم وایە ئیحتیمالی ئەوەی کە ئەو ڕێکەوتنە سەربگرێ زۆرتر لەوەیە کە سەر نەگرێ. ئەمریکاش دە حەقیقەتدا دەیەوێ ئەو کارە ببێ چون ئەمریکا بە دوای ئەوەدایە کە ستراتێژی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی کولی بگۆڕێ و ڕۆلێکی کە ئێران دەبێ لەو ستراتێژییەیدا هەیبێ دەگەڵ وەزعی فێعلی یەک ناگرێتەوە و پێویستە کە ئەو بەرنامەیەی چەکی ئەتۆمی جێ بە جێ بکرێ، ئەوە پێویستە. و ئەوە خوێندنەوەیەکی تازەی دەوێ لە ڕۆڵی عەرەبستانی سعوودی، تورکیا و ئیسرائیل و میسر و ئێران، بە تایبەتی دە ئیرتیبات لەگەڵ قەیرانی سووریا و عێڕاق و تەنانەت ئەفغانستانیشدا. جا بۆیە ئیحتیمالی ئەوە کە غەربیش زۆر زۆر پێی خۆش بێ ئەو کارە ببێ و سەربگرێ هەیە. ئەگەر سەربگرێ ئەوە بەو مەنایە نییە کە لە ئێرانێ فەزای سیاسی فەورەن دەکرێتەوە، بە باوەڕی من ئیحتیمالێک دێتە پێشێ کە ئەو کەسانەی کە دەیانتوانی بیلقووە دە کەمپی ڕێفۆرم و چاکسازی زەمانی ڕێفۆرمیستەکانی ئێران، ئیسلاح تەڵەبەکانی ئێرانێدا بوون، بەشێک لەوان وەزعیان تەقوییەت پەیدا دەکا، نەک ئەوانەی کە ناسراون. بە باوەڕی من ئەوە تەئسیرێک لە وەزعی خاتەمی لە حاڵەتی فێعلیدا ناکا، یان ئەوانەی کە لە پێشدا بە قەولی مەعڕووف کارتی خۆیان سووتاندووە. بەڵام، جەماعەتێکی دیکە لەو ئیسلاح تەڵەبانە بە باوەڕی من دەگەڵ بەشێک لە ئوسوولگەرایانی ئێران وەکوو لاریجانی و ئەو جوورە کەسانە، ئەوانە فەزایەکی دەهێننە پێشێ کە ئەو فەزایە دەبێتە سەبەب کە وەزعی خۆیان دە موقابیلی ئەو سێ کوچکەی ئەمنی و ئیدێئۆلۆژیک و ماڵی کە ئەلئانەکە هەیە کە دە دەورەی تەحریمەکاندا، گەمارۆکاندا زۆر تەقوییەت بووە، لە بەرانبەر ئەوانەدا خۆیان تەقوییەت بکەن. بە باوەڕی من بەرخوردی بەینی ئەوانە فەزایەکی دەکاتەوە، بەڵام فەزایەکی هێندە نییە. مەسەلەی ئەساسیتر ئەوەیە کە مەسەلەی ڕەهبەریی لە ئێرانێ چی لێ دێ. ئەگەر ئەو ئیتیلافی بەشێک لە ئیسلاح تەڵەبان دەگەڵ بەشێک لە ئوسوولگەرایان ئەو جۆرەی کە گوتمان بەرەو ئەوە بچن وەکوو شتێکی کە ڕەفسەنجانی و ئەوان دەیانەوێ واتە شووڕایەکی ڕەهبەریدا بنێن کە لەچەند کەسان پێک هاتبێ و ئەوانە تەسمیم بگرن، ئەو دەمی دەستی حکوومەتی دەکرێتەوە، دەستی حکوومەتی کە کراوە فەزای سیاسیش زۆرتر دەکرێتەوە. بەڵام، ئەمن فکر ناکەم کە شتێکی ئاوا هەر وا بە سادەیی لە لایەن سێ کوچکەی ئەمنی و ئیدێئۆلۆژیکی بەیتی ڕەهبەریی لە گەڵ ئۆلیگارشی ماڵی لە ئێرانێ، ئەوەی بە ڕاحەتی قەبووڵ ناکەن ئیحتیمالی ئەوەی هەیە کە ئەوان بەرەو ئەوەی بچن کە کەسێکی، تەنێ یەک کەسدابنێن، ئەگەر شووڕای ڕەهبەرییدابنێن یەک کەس بێ کە حاکم بێ بە سەر ئەو شووڕایەیدا و ئەو شووڕایە لە ژێر دەستی ئەواندا کار بکا. ئەگەر ئەوە نەبێ بە باوەڕی من ئیحتیمالی ئەوەی هەیە، ئەمن ئەو ئیحتیمالەی بە دوور نابینم پاش ئایەتوڵا خامەنەیی ئەگەر بەرخوردی بەینی ئەو جەبهەیەی لە گەڵ جەبهەی ئیتیلافی ئوسوولگەرا و ئیسلاح تەڵەبی ڕووبدا، ئەو ئیحتیمالە هەیە لە ئێرانێ کودەتایەکی نیزامی پاسداران و نهادەکانی ئەمنی دیکە هەبێ لەگەڵ بەشێک لە سترووکتووری مەزهەبی وەکوو میسباحی یەزدی و ئەوانە.
قازی: ئەوە دەبێتە هۆی سەرکوتی زیاتر وا نییە؟
وەلی: ئەوە دەبێتە هۆی سەرکوتی زیاتر، بەڵام لێرەدا بە باوەڕی من یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو کارەی ئەوە دەبێ کە نەتایجی ئەو پێکهاتنەی نێوان غەرب و ئێران لە بەین بەرن و سیاسەتی ئیفراتی و ئێکسترێمیستی پێشتر وەپێش بگرن و جوورێک بکەن کە ئەو پردەی لە نێوان غەرب و ئوڕووپا و ئێرانێدا ڕایەڵ بووە ئەوە بڕووخێندرێ. بەڵام، ئەمن فکر دەکەم ئەگەر شتێکی ئاواش ببێ ئەمن ئەوەێ بە شتێکی بڵیند مودەت نابینم چون شتێکی ئاوا دەگەڕێتەوە سەر سیاسی کردنی کۆمەڵگای ئێرانێ و دیسان ئیمکاناتی تەداخولی زۆر ڕاشکاوی ئی کۆمەڵگا و حەڕەکەتەکانی وەکوو "حەڕەکەتی سەوز" و ئەوانە لە ئێران بە وجوود دێنێ، بەڵام ئەو جار بە زەبروزەنگێکی یەکجار زۆرتر. بۆیە فکر ناکەم ئەوە ببێ. لێرەدا مەسەلەی سیاسەتی خاریجیش زۆر گرینگە. سیاسەتی خاریجیش ئەوەیە کە ئێران پاش ئەوەی کە مەعلووم بوو ئەو تەوافوقە دەگەڵ غەربی، دەگەڵ ئەمریکایە بە تایبەتی چۆن دەبێ، چ تەئسیرێکی لە سەر سیاسەتی ئێرانێ لە دەرەجەی ئەوەڵدا لە عێڕاقێ و لە دەرەجەی سووریا و لوبنانێدا دەبێ...
قازی: یانی پێش ئەوەش ئەو تەوافوقە بە یەکجاری ببڕێتەوە، یەکلایی بێتەوە ئێستا ئێمە ئەگەر تەماشای شانۆی ناوچەکە بکەین لە هێندێک نموونەدا دەبینین کە سیاسەتی ئێران و ئەمریکا لە هێندێک جێگادا تەتابوقیان هەیە!
وەلی: بەڵێ وایە. قەرایین ئاوا نیشان دەدا ئەمریکا پاش ڕووخانی حکوومەتی شاهەنشاهی لە ئێرانێ، پاش ساڵی ١٩٧٩ی ئەمریکا هیچ وەختێکی ستڕاتێژییەکی یەکگرتوو و موستەمەڕی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبووە و نەیتوانیوە هەیبێ. وای لێ هاتووە کە مەجبوور بووە بۆ خۆی تەداخول بکا. ئەو تەداخولەش نەتیجەکانی زۆر مەنفی بووە. لە ئەفغانستانێ دەیبینین، لە عێڕاقێ دەیبینین. بۆیە ئەمن فکر دەکەم ئەلئانەکە سیاسەتگوزارانی ئەمریکایی ئەوانەی کە تەسمیماتی سیاسی دەگرن جوورێک دەیانەوێ وەزعێکی بهێننە پێشێ ئەو سەباتە سیاسییەی کە هەبوو کە سترووکتووری سەیتەرەی لە سەر چەند پایەیانداندرا بوو لە ئێرانێ، یەکیان دیارە ئێرانێکی باسباتی زەمانی شای بوو، کە هاوکار و ڕەفیق و هاوپەیمانی غەڕب بوو. یەکیان ئیسرائیل و ئەویدی عەڕەبستانی سعودی بوو. عەڕەبستانی سعوودی و حکوومەتە عەڕەبییەکان نیشانیانداوە، بە تایبەتی عەڕەبستان و حکوومەتەکانی خەلیجی نیشانیانداوە ئەو کەیفییەتەیان نییە ڕۆلێکی ئاوا بگێڕن تەوجوهێ دەکەی! دەمێنێتەوە ئێران و ئیسرائیل. بە باوەڕی من ئەلئانەکە دەیانەوێ جوورێک ئەو ستڕاتێژییەدابندرێتەوە، جوورێک سیاسەتی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدابندرێتەوە کە ئێرانێکی کە موشکیلی لەگەڵ غەربێ نییە، غەڕبێکی کە موشکیلی لەگەڵ ئێرانێ نییە، وەزعێک بهێندرێتە پێشێ کە دووبارە ئێران بهێندرێتەوە نێو مەیدانێ. لێرەدا ڕێتۆریکی ئیدێئۆلۆژیک و ئەوانە دە دەرەجەی ئەوەڵدا هێندە موهیم نییە، موهیم ئەوەیە کە مەنافیعی ستڕاتێژیکی دەوڵەتەکەی چۆن دەبێ. جا لێرەدا مەنافیعی ستڕاتێژی دەوڵەتێ هەر حکوومەتەی دەیەوێ بە نەفعی خۆی تەعریفی بکا، بەڵام هێندێک مەسائیل هەیە هەر حکوومەتێکیش هەر چەندی بییەوێ ئەملاو ئەولای پێ بکا دوا جار هەر دەگەڕێتەوە جێی خۆی. بۆ وێنە موشکیلی نێوان عەڕەبستانی سعوودی و ئێران، چ شاهەنشاهی بێ و چ ئیسلامی بێ موشکیلەکە زۆرتر بووە کەمتر نەبووە. لە لایەکی دیکەوەش ئەگەر تەماشای بکەی سەرەڕای ئەو ڕێتۆریکەی کە لە نێوان ئیسرائیل و ئێرانێ هەیە لە نەزەر مەنافیعی ستڕاتێژیک جگە لە موشکیلەی فەلەستینێ، ئەگەر بەدیلی دوو دەوڵەتی قەبووڵ بکرێ، بە غەیری ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمن ئیختیلافی مەنافیعێکی ئاوا لە نێوان ئیسرائیل و ئێرانێ نابینم. لە نێوان ئێران و میسر دەبینم، لە نێوان ئێران و ئۆردۆن دەبینم، لە نێوان ئێران و عەڕەبستانی سعوودی دەبینم، بەڵام بەینی ئێران و ئیسرائیل نابینم تەوەجوهێ دەکەی! جا بۆیە گەڕانەوە بۆ سیاسەتی دوو ئەستوونی ئەمریکایە بە شێوەیەکی دیکە بە باوەڕی من غەیرە موحتەمەل نییە. مونتەها ئەو دەمی دەبێ وەزعەکە لە سووریای بگۆڕدرێ، وەزعەکە لە عێڕاقێ بگۆڕدرێ، وەزعەکە لە لوبنان بگۆڕدرێ. نفووزی ئێرانێ بە ڕەسمییەت بناسرێ بەڵام، تەداخولی نیزامی نەکا لەوێ تەوەجوهێ دەکەی وەکوو تەقریبەن زەمانی شای. چ ئێمە بمانەوێ نەمانەوێ ئێران موخاریجێکی زۆری لە سەر سیاسەتی خاریجیداناوە، بۆ وێنە تورکییە ئەو کارەی نەکردووە و ئەو خەرجەی کە ئێران لە سیاسەتی خاریجی کردووە نەتیجەی ئەوە بووە کە نفووزی یەکجار زۆرە لەوێ. ئەمریکاش ئەو نفووزەی بە ڕەسمییەت دەناسێ.                                                                                                                                                                                
قازی: لێرەدا مەبەستت لە نفووز چییە؟                                                                                                                                                                                                                                                                      
وەلی: بۆ وێنە ئاکترێکی گەورەیە لە سووریای، ئاکترێکی گەورەیە لە عێڕاقێ، ئاکترێکە لە لوبنانێ، ئاکترێکە لە خەلیجی. جا ئەو کارەی کە دەیکا بە شێوەی سیاسەتێکی فەعال دەیکا و پێویستییەکەشیدابین کردووە.
قازی: یانی ئەگەر ئەوە کورت بکەینەوە لە مەسەلەی شەڕی شیعە و سوننەدا، ئەگەر وایدابنێین پێت وایە ئەمریکا لایەنی شیعە دەگرێ یا چۆنە؟
وەلی: بە باوەڕی من ئەو شەڕە بەو شێوەی خەلاس دەبێ تەوەجوهێ دەکەی! یانی ئەو خەتی شیعە و سوننی نابنە خەتی ئەسڵی کە مەسائیلی ستڕاتێژیکی لە سەر دابمەزرێنن. بە باوەڕی من ئەوە یا کەمڕەنگتر دەبێ یا مومکینە ئەساسەن هەر بە شێوەیەکی لە بەین بچێ ئەگەر موشکیلاتی نێوان ئێران و عەڕەبستانی سعوودی و دەوڵەتەکانی خەلیچ جێبەجێ ببێ، تورکیا لەو بارەیەوە زۆر گرینگ نییە. ئەگەر ئێران وەزعی خۆی لە عێڕاقێ تەعدیل بکا، لە سووریای تەعدیل بکا، بە باوەڕی من دەوڵەتەکانی عەڕەبی موشکیلەیەکی وایان لەگەڵی نابێ. زۆربەی ئەوەی کە هووییەی شیعە و سوننیداوە بەو شەڕەی ترسێکی زۆرە کە ئەوانە لە یەکتریان هەیە ئەڵبەتە لەوەدا تەڕدید نییە کە بەشێک لە حاکمییەتی ئێرانێ دەیەوێ هیلالی شیعی دروست بکا هیچ تەڕدید دەوەیدا نییە.
قازی: زۆر باشە مامۆستە، ئیدی وەختەکەمان بەرەو دوایی چوو. زۆر زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لەم بەرنامەیەی ڕاوێژدا،داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
وەلی: زۆر سپاست دەکەم.
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە گەیشتینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان. تا جارێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش!
-----
تێبینی: ئەو هاوپرسەیە لە ئێوارەی یەکشەمە ١٤ی ژووەنی ٢٠١٥ لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەر لە حیسابی "ڕاوێژ" لە تۆڕی کۆمەڵی یووتیووب هەڵێنن




Tuesday, June 2, 2015

هەڵبژاردنی گشتی لە تورکییە



                                   هاوپەیڤین لەگەڵ پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی، مامۆستای بەشی کۆمەڵناسی لە  زانکۆی بۆغازیچی ئەستەنبووڵ                                                                                                                
هەڵبژاردنی گشتی لە تورکییە!
حەسەن قازی
بینەرانی بەڕێز بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لەم بەرنامەیە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز عەبباس وەلی پڕۆفێسۆری کۆمەڵناسی لە زانکۆی بۆسفۆر ( بۆغازیچی) لە ئەستەنبووڵ. لەم بەرنامەیە دا باسی هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکییە دەکەین کە حەوتووی داهاتوو بەڕێوە دەچێ. بە پێی لێکدانەوە و بۆچوونی زۆرێک لە کارناسان و چاودێرانی سیاسی ئەو هەڵبژاردنە بە یەکێک لە گرینگترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی کۆماری تورکییە وە حیساب دێ لە چەند ڕووەوە هەم لە ڕووی ئەوەوە کە حیزبی داد و گەشەپێدان کە نیزیکەی ١٣ ساڵ لە سەر حوکم بووە دەیەوێ سیستمی سیاسی تورکییە بە تەواوی بگۆڕێ؛ لە سیستمی پاڕڵمانی یەوە بیکاتە سیستمی سەرۆکایەتی و لە لایەکی دیکەشەوە لە ڕوانگەی کوردانەوە کە بۆ یەکەم جار پارتیی ذێمۆکڕاتی گەلان کە نوێنەرایەتی کوردانیش دەکا و لەگەڵ زۆر توێژی دیکە دا، بۆ ئەوەی کە مەنفەعەت و بەرژەوەندی ئەوانیش بپارێزێ ئیتیلافی کردووە، یەکەم جارە کە وەک پارتی سیاسی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دا بەشداری دەکا. بۆ لێکدانەوەی ئەو مژارە بە تایبەتی لە ڕوانگەی سیاسییەوە بانگهێشتنی بەڕێزیانمان کردووە کە لەو بارەیەوە بەیەکەوە بدوێێن.
قازی: زۆر بەخێر بێی بەڕێز وەلی!
وەلی: زۆر سپاس
قازی: لە سەرتاوە باسی ئەوە بکەین گەلۆ ئێوەش لەگەڵ ئەو لێکدانەوەیە هەن کە ئەوە گرینگترین هەڵبژاردنە کە لە دیرۆکی کۆمار دا دەکرێ یان نا؟
وەلی: بەڵێ، ئەوە جێی گومان نییە. چاودێرانی سیاسی چ چەپ بن، چ ڕاست بن، چ دە ناوەڕاستی مەیدانی سیاسی دا بن باوەڕیان بەوەی هەیە کە ئەوە گرینگترین هەڵبژاردنی کۆماری تورکییەیە لە ساڵی ١٩٢٤ بەملایەوە و سەبەبەکەشی ئەوەیە کە هەر بەوجۆرەی کە ئەلئانەکە بۆخۆتان ئاماژەتان پێ کرد حیزبی عەداڵەت و گەشەپێدان، بە تایبەتی سەرۆکی  پێشتری ئەو حیزبەی کە سەرۆک کۆمارە و لە واقیع دا ئێستاش سەرۆکی واقیعی حیزب هەر ئەوە و ئێستا سەرۆک کۆماری تورکییەیە دەیەوێ سیستمی حکوومەتی بگۆڕێ لە سیستمی پاڕڵمانتارییەوە بۆ سیستمی سەرۆککۆماری، ئەویش بە شێوەیەک  کە دیار نییە ئەو سیستمە سەرۆککۆمارییە کە ئەو دەیەوێ واقیعەن چییە ؟ یانی وەک ئەمریکا نییە، وەک فەڕانسە نییە ، دەڵێ شێوەیەکی تایبەتی تورکییەیە. یەکیش ئەوەیە کە لە ساڵی ١٩٢٤، بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٨٠وە کە حەدی نیساب یان باراژی سیاسی داندراوە بۆ ئەوەی کە جەماعەتێکی کە هووییەیان لەگەڵ هووییەی حاکم یەک نییە نەتوانن لە پاڕڵمان دا بێن لە مەیدانی سیاسییەوە. ئەلئان بۆ جاری ئەوەڵ هێزێکی سیاسی  دەیەوێ ئەو سیستمەی بشکێنێ ، ئەو باراژەی بشکێنێ بێتە ژوورێ. جا ئەوە لەو بابەتەیەوە گرینگە.
قازی: ئەگەر جارێ لێرە ڕابوەستین. پرسیارێک دێتە گۆڕێ ؛ ئەویش ئەوەیە دیارە بەرەی موخالەفەتیش باسی ئەو مەسەلەیان کردووە چونکە دەزانین ئەو کاتەی کە پارەکە  هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کرا، ئەردۆغان هەڵبژێردرا. لەو کەمپەینەی هەڵبژاردنەی ئێستا دا ئەو بێ لایەن بوونی خۆی وەک سەرۆک کۆمار نەپاراستووە  و دەچێ لە زۆر جێگا لە میتینگ و لە کەمپەینی هەڵمەتی هەڵبژاردن دا بەشداری دەکا و تێیاندا لایەنگری دەکا لە پارتیی داد و گەشە پێدان و پێش ئەوەی کە سیستمی حکوومەتی گۆڕا بێ، یا پاڕڵمان دەنگی لە سەر دا بێ یان  ڕێفراندۆم کرا بێ  ئەو لە ئێستاوە وەک سەرۆک کۆمار لە سیستـیکی سەرۆکایەتی یا ڕیاسەتی  دا دەجووڵێتەوە  و قسە دەکا . بە بٶچوونی تۆ چۆنە کە ووڵاتانی دەرەوە، هەم ئەمریکا و هەم ووڵاتانی ئوڕووپاییش کە چاویان لە سەر مەسەلەکەیە ، کابرا ئاوا بێ پەروایانە هەڵسوکەوت دەکا هیچ ناڵێن ؟
وەلی: یەکێک لە ئامانجەکانی حیزبی عەداڵەت و گەشە پێدان بە تایبەتی خودی شەخسی سەرۆک کۆمار جەنابی ئەردۆغان ئەوەیە کە قانوونی بنچینەیی، قانوونی ئەساسی  تورکییەی بگۆڕێ. بەڵام ئەو قانوونە هێشتا نەگۆڕدراوە. ئەو قانوونەی کە ئەلئان هەیە ئەو قانوونەیە کە لە ساڵی  ١٩٨٢ داندراوە پاش کودەتای ساڵی ١٩٨٠ی.

قازی: بە پێی ویش ئەرکەکانی سەرۆک کۆمار دیاری کراوە.
وەلی : بەڵێ. جا دەو قانونەی دا دیارە لە ساڵی ٢٠١٠ی دا هێندێک گۆڕانکاری کراوە بەڵام، ئەساسەن ڕۆڵ و کارەکان و دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار دەوێدا مەعلوومە. لە سەر بنەمای ئەو قانوونە ئەساسییە ئەو کارانەی کە ئەلئانەکە سەرۆک کۆمار دەیکا، ئەوانە غەیری قانونی یە. یانی هەر حەڕەکەتێکی کە دەیکا ئەوە بە تەرتیبێکی ئەو قانوونە ئەساسییەی دەشکێنێ، جا لە بەر ئەوەی لە نەزەر قانوونییەوە ئەوە کارێکی دروست نییە کە ئەو دەیکا، بەڵام بەشێکی زۆریشی کە ئەو ئەلئانەکە بە شیدەت ئەو کارەی دەکا لە بەر ئەوەیە ترسێکی زۆر ئەوانەی دا گرتووە، ئەو ترسەش ئەوەیە کە ئەگەر حیزبی هەدەپە، پارتیی دێمۆکراتیکی گەلانی تورکییە، ئەگەر ئەو لەو حەدی نیسابەی، لەو باراژەی ڕەد ببێ  پڕۆژەکانی ئەردۆغانی تێک دەچێ. یانی ئەگەر هەدەپە لەو باراژەی ڕەد ببێ ئیحتیمالی ئەوەی کە ئەردۆغان ٣٣٠ کورسی بێنێتەوە کە لازمە بۆ ئەوەی بە ئەندازەی کافی نوێنەری لە پارڵمانی هەبێ کە بتوانێ ڕێفراندۆم بکا بۆ ئەوەی کە قانوونی ئەساسی بگٶردرێ، بۆ ئەوەی کە سیستمی حکوومەتی بگۆڕدرێ ئەگەر هەدەپە بتوانێ لەو باڕاژەی ڕەد ببێ ئیحتیمالی ئەوەی کە ئەردۆغان بتوانێ ٣٣٠ کورسی لە مەجلیسێ هەبێ، یانی حیزبی عەداڵەت و گەشە پێدان هەیبێ، نییە. ئەوە مانای ئەوە دەبێ کە پڕۆژەکەیان چەتی تێدەکەوێ و ئەگەر دەنگەکانی پارتییەکەی ئەردۆغان لە سەدی چل کەمتر بێ موشکیلەی زیاتر دەبێ. جا ئێستا ئەو کارانەی کە دەیکا بەشی زۆری زەختەکەیان، ئامانجەکەیان لە سەر هەدەپەیە بۆ ئەوەی هەدەپە نەتوانێ لەو باراژەی ڕەد ببێ، یانی ئەوان جەخت و گوشاریان لە سەر جەهەپە ( حیزبی جمهووری گەل) ، یان مەهەپە ( حیزبی حەڕەکەتی نەتەوەیی) نییە، بەڵکوو لە سەر هەدەپەیە.  شتێکی دیکەش کە ئەمن دەمەویست ئاماژەی پێ بکەم کە بۆچی ئەوە لە نەزەر تاریخییەوە زۆر گرینگە لە بەر ئەوەیە کە بۆ جاری ئەوەڵ هێزێکی کوردی کە توانیوێتی خۆی بکاتە هێزێکی گشتی تورکییەی، یانی بەرژەوەندی و ئینرێستی ئەوان دە خۆی دا نیشان بدا، بۆ جاری ئەوەڵ ئەو حیزبە دەتوانێ بەشێوەیەکی سازمان دراو، ئۆرگانیزە بێتە نێو پڕۆسەی سیاسییەوە.
قازی: ئەگەر ئیزنت لە سەر بێ دەمەوێ لێرە ڕابوەستین. ئەویش ئەوەیە لە بەر ئەوەی کە خەباتی گەلی کورد لە بەشەکانی کوردستان بە ساڵان بەڕێوە چووە  و زەمینەیەکی ئاواش نەدیتراوەتەوە کە لەگەڵ هێزە سەرتاسەرییەکان لە چوار چێوەی جوغرافیای هەر یەک لەو ووڵاتانەی کە کوردی  لێیە پلاتفۆڕمێکی ئاوا هابەش ببیندرێتەوە بۆ جێ بە جێ کردنی مەسەلەی کورد لەوانەیە تەسەوراتێکی ئەوتۆ لێر و لەوێ هاتبێتە گۆڕێ  کە دامەزرانی دێمۆکڕاسی لە مەرکەزی ئەو ووڵاتانە، لە سیستمی حکوومەتی ئەو ووڵاتانە دا یارمەتی ناکا بە جێ بەجێ کردنی مەسەلەی کورد. بەڵام، وەک ئێستا دەبیندرێ بە تایبەتی لە تورکییە ، هەر ئەوەی باستان کرد کە پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان، هەدەپە توانیویەتی بە شێوەیەک لە شێوەکان بێتە نێو مەیدانی سیاسەتێکی گەورەترەوە لە تورکییە و ئەوە  دەتوانێ ئەو فکرە بە ڕاستی بنکۆڵ بکا، یانی بەو مانایە بنکۆڵی بکا کە جێ بەجێ بوونی مەسەلەی کورد جیا نییە لە مەسەلەی دامەزرانی دێمۆکڕاسی لەو ووڵاتانە دا. مەبەستم لەو پرسە ئەوە بوو ئەو بابەتە هێندێک زیاتر شی بکەیەوە.
وەلی: ئەوە دروستە. وەختێکی کە هێزێکی سیاسی دەڵێ ئەمن ئۆتۆنۆمییەکی دێمۆکڕاتیکم دەوێ بەو مانایەیە  کە دامەزرانی ئەو ئۆتۆنۆمییە هەلومەرجی هەیە.هەلو مەرجەکە یەکیان ئەوەیە بۆ ئەوەی سەر بگرێ دەبێ سیستمێکی دێمۆکڕاتیک لەو ووڵاتەی هەبێ کە بتوانێ ئەو ئۆتۆنۆمییەی و تایبەتمەندییەکانی ئەو ئۆتۆنۆمییەی بتوانێ قەبووڵ بکا. جا لە بەر وەی حیزبێکی کوردی کە حیزبێکی ناوچەیی یە ناتوانێ بە بێ ئەوەی کە خۆی فرەوان بکاتەوە و ئینترێستەکانی خۆی لە ئینترێستی جەماعەتێکی گەورەتر لە تورکییە دا نیشان بدا، دە وێدا ئارتیکیولەی بکا (دەری ببڕێ)، ناتوانێ بە مەبەست بگا، لە بەر ئەوەی داواکەی بەشێک لە پڕۆژەیەکی گەورەترە بۆ ئەوەی کە ئۆتۆنۆمی جێی خۆی بگرێ یان تەنانەت بتوانی باسی بکەی؛ بۆ نموونە یەکێک لە بڕۆژەکانی ئۆتۆنۆمی ئەوەیە، ئەمن هەمیشە باسم کردووە کە ئەگەر لە تورکییە ویست ئەوە بێ کە شتێکی وا بکرێ دەبێ وەک سیستمی سكاتلەندی لێ بکەن. بەو شێوەیە کە دەبێ دوو نوێنەرایەتی دوولایەنەی هەبێ ، یانی ئەوانەی کە هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەوەی بۆ نموونە بچنە پارڵمانی کوردی لە دیار بەکری، ئەوانە عەیننەن دەبێ لە ئانکارا یەش لە پارڵمانی فرە نەتەوەیی تورکییە دا ببن. جا بۆ ئەوەی ئەو نوێنەرایەتییە دوولایەنە ببێ  پێویستە کە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیکی سیاسی زۆر بەرفرەوانتر بکرێتەوە و ئەوەش بە حیزبێکی ناوچەیی هەر چەندێکی  مەحبووبییەتی هەبێ ، هەر چەندێکی قودرەتی هەبێ لە ناوچەی خۆی، یانی لەو مەنتەقانەی کە ئێمە بە کوردستانی تورکییەی ، بە باکووری دەناسین ، هەرجەندێکیش لەوێ هێزی هەبێ ناتوانێ  ئەو پڕپژەویەی بەرێتە پێشێ ئەگەر لە ئەستەنبووڵ و ئیزمیر و ئانکارا و لە مێرسین و ئادانا و ئەوانەش نوێنەرایەتی نەبێ. جا مومکینە لە شارێکی کەم بێ، لە شارێکی زۆر بێ  بەڵام ، دەبێ وەکوو حیزبێکی فرە نەتەوەیی بێ و حیزبێک بێ تەواو ووڵاتی داپۆشێ. ئەلئانەکە دە سیاسەتی تورکییەی دا تەنیا یەک حیزب هەیە کە تۆ دەتوانی بڵێی کە حیزبی سەرتاسەریی تورکییە یە ئەویش حیزبی عەداڵەت و گەشە پێدانە کە لە هەموو مەنتەقەکانی تورکییەی نوێنەرایەتی هەیە . جەهەپە حیزبی جمهووری گەل کە لە ساڵی ١٩٢٤وە تا ساڵی ٢٠٠٢ ی زۆر جار حیزبی حاکم بووە یان لە ئیتیلاف دا یان زۆر جاران بە تەنێ  ئەلئانەکە بووەتە حیزبێکی ناوچەیی ، ئەگەر تەماشای بکەی لەو جێگایانەی کە ئەو دەنگ دەهێنێتەوە لە بەشی ڕۆژئاوای تورکییە کە بەشێکی سیکولار و ئەوانەیە ، ئەوە لەوێ دەنگ دەهێنێتەوە، بەڵام بۆ وێنە لە کوردستان دەنگی نییە، لە جنووب نییەتی، لە بەشی باکووریش زۆر کەمە لە ناوچەی  دەریای ڕەش، یانی لە ڕاستیدا بووەتە حیزبێکی ناوچەیی. حیزبی حەڕەکەتی میللی ش  ، مەهەپەش هەر وایە. بەڵام ئێستا ئەگەر هەدەپە لەو باراژای تێپەڕێنێ ، سەدی دەی دەنگان  بهێنێتەوە، ئەوە مانای ئەوەیە کە حیزبێکی سەرتاسەریی دیکەش لە تورکییەی پەیدا بووە . جا لە بەر ئەوەی ئاکەپە یان حیزبی حاکمی تورکییەی ، حیزبی عەداڵەت و گەشە پێدان لەو بابەتەوەش خۆی  دە خەتەر دا دەبینێ.
قازی: پێش ئەوەی بێینە سەر بەرنامە و ئەو پێشنیارانەی هەدەپە دەیانکا و دەڵێ ئەگەر بتوانێ باراژەکە تێپەڕێنێ جێ بە جێ یان دەکا، بەڕێزت ئەگەر قەیرانییە سەرەکییەکانی کۆمەڵەی تورکییە بە گشتی دەستنیشان بکەی، موشکیلەی هەرە گەورەی تورکییە بە چی دەزانی؟ تورکییە لەگەڵ چ ڕووبەڕووە چ قەیرانی نێوخۆیی و چ لە  دەرەوە؟
وەلی: گەورەترین موشکیلەی تورکییەی ئێستاش بە باوەری من مەسەلەی کوردە. ئەگەرچی دیسان بە باوەڕی من سەرۆک کۆماری تورکییەی هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد ئەویش ئەوە بوو لە بەر مەسەلەیەکی تاکتیکی ئی هەڵبژاردنی خۆی هات ئەو سیاسەتەی کە لە ٥ ساڵان دا وەپێشی گرتبوو کە هووییەی کوردی بناسرێ ، لە گەڵ سەرۆکایەتی حەڕەکەی کوردی دابنیشن موزاکەرات بکەن بۆ جێ بە جێ کردنی مەسەلەی کورد و مەسەلەی کوردی بەشێوەیەکی سیاسی هێنا دە نێو پڕۆسەی سیاسییەوە ، هات گوتی ئێمە مەسەلەیەکمان نییە بە نێوی مەسەلەی کوردی. ئەو ئینکارەی کە کردی بە باوەڕی من خەتایەکی ستراتێژیکی زۆر گەورە بوو و نەتیجەی ئەو خەتا ستراتێژییەی گەورەیەش ئەوەیە ئەگەر هەدەپە لەو باراژەی تێپەڕ ببێ ئەو دەمی ئەردۆغان لەو مەسەلەیەی دا دەمێنێتەوە کە " مەسەلەی کوردی مان نییە"، چونکە ئەلئان ئەو مەسەلەیە دەبێ جێ بە جێ بکرێ. ئەو خەتا ستراتێژیکەی کە کردوویە بە باوەڕی من نەتیجەکانی بۆ ئەردۆغان زۆر خراپە. ئەلئانەکە زۆر کەسی کە تەماشای وەزعی سیاسی تورکییە دەکەن چاودێری دەکەن ئەو هەڵوێستەی ئەردۆغانیان پێ خەتایەکی زۆر گەورە بوو، هەر کاتێک کە سیاسەتمەدارێک دێ لە بەر بەرژەوەندیی ئانی ، لە بەر حەڕەکەتێکی تاکتیکی و لە بەر ئەوەی دێ مەسەلەیەکی ستراتێژێکی کە ئی حکوومەت نییە ، بەڵکوو مەسەلەیەکی ستراتێژی دەوڵەتە – لێرە دا ئەمن دەڵێم بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ مەسەلەی کورد گرینگ نییە کێ لە سەر کار بێ -  ئەوە مەسەلەیەکی ستراتێژیکی دەوڵەتێ یە ئی حکوومەت نییە ؛ بەڵام ئەردۆغان نکووڵی لەوە کرد و تێکی دا. بە باوەڕی من نەتیجەی ئەو هەڵوێستە بۆ حیزبەکەی زۆر خراپ دەبێ، بە تایبەتی وەختێکی هەدەپە لە باراژەکە تێپەڕێ!
قازی: باشە، بێجگەلە مەسەلەی کورد وەکوو باستان کرد مەسەلەی سەرەکییە بۆ تورکییە، بێجگەلەوە مەسەلەی دیکەش هەن . فەرقی دەوڵەمەند و هەژار و وەزعی ئابووری ووڵات و هەر وەها سیاسەتی دەرەوەیش زۆر گرینگە،،

وەلی: ئەو دوانە هەن، بەڵێ وایە
قازی: دەزانین کە لە سیاسەتی دەرەوە دا تورکییە سەرەڕای ئەوەی کە نیشان دەدا تورکییە زۆر سەرکەوتوو نەبووە و دەکرێ بڵێین سیاسەتێکی فاسیلی دەرەوەیشی هەیە.
وەلی: یەکێک لە هێزەکانی پۆزیتیڤی حیزبی عەداڵەت و گەشە پێدان ئەوە بوو کە مودیرییەتی ئابووری تورکییەی، ئیقتیسادی تورکییەی لەو دوازدە سێزدە ساڵەی دا باش  کرد بوو ، ئەڵبەتە بەشێک لە جەماعەتێکی تورکییەی نەزەریان ئەوەیە کە وەختێکی هاتە سەر کار ، ئیقتیسادەکە بەرەو باشی هەر دەڕۆیی ، کەماڵ دەروێش و ئەوانە بە تەرتیبێکی ئەو کارەیان کرد بوو و ئەوان ئەو ئیرسە، ئەو میراسەیان پێ گەیشت. هەر چۆنێکی بێ ئەوە بەحسێکە، بەڵام قسە لە سەر ئەوەیە کە  لە ٢٠٠٢ یەوە هەتا ٢٠١٢ بە تەدریج ئیقتیسادی تورکییەی بەرەو سەرەوە ڕۆیی ، بەڵام ئێستا ئەو ئابوورییە تووشی ڕکوودێکی بووە و زۆر کەسان  باوەڕیان ئەوەیە ئەگەر ئەو ڕکوودە بەردەوام بێ ، بۆ وێنە لە ساڵی دیکە دا مومکینە ڕوشدی ئیقتیسادی تورکییەی  لە سەدی یەک زیاتر نەبێ، ئەوە بۆ خۆی نوختەیەکی مەنفی یە چونکە یەکێک لە سەبەبەکانی ئەسڵی کە چینی ناوەندیی تازەی تورکییەی، ئەوانەی پێیان دەڵێن  بەبەرەکانی ئانادۆڵی ( ئاناتۆلییەن تایگرز ) ، ئەوانە پشتیوانیان لە حیزبی عەداڵەت و گەشە پێدان کرد لە بەر ئەوە بوو کە وەزعی ئیقتیسادی باش بوو، بۆ وێنە وەختێک ئوڕووپا قەیران گرتی ، ئەمرێکا قەیران گرتی، تورکییە توانی خۆی بپارێزێ و لەو پاراستنەی دا سوودێکی زۆری برد، بەڵام ئەلئانەکە ئەو  بونیە و ئەو سیحەی ئیقتیسادییە  بەو شێوەیەی نەماوە ئەو یەک ، مەسەلەی دووەم کە موشکیلەی بۆ تورکییە هێناوەتە پێشێ سیاسەتێکی خاریجی تەقریبەن غەیری فەعال بووە ، سیاسەتی دەرەوەییان لە عێڕاقێ نیسبەت بە ئێرانێ ، بە تایبەتی لە سوورییەی، هەر واتر لە میسرێ ، لە لیبی شکستی هێناوە. ئەلئانەکە موشکیلەی  ئەساسی لە سوورییەی ئەوە بووە کە سیاسەتەکەیان یەکەم یەک ئامانجی نەبووە، دووەم لە بەر ئەوەی کە بتوانن لەگەڵ ئێرانێ رەقابەتێ بکەن و بۆ ئەوەی کە لەوێ نەهێڵن لە مەنترقەی ڕۆژئاوای حەڕەکەتێکی کوردی و حکوومەتێکی کوردی بێتە سەر کار  نەزەریان ئەوە بووە کە بتوانن هەرچی زۆرتر قەیرانی سوورییەی بەربڵاوتر و بەرفرەوانتر بکەن. ئەڵبەتە ئەوەش عەینی ئەو کارەی بوو کە ئەسەد بۆخۆی دەیەویست. بەشار ئەسەد هەمیشە نەزەری ئەوە بووە ئەگەر بتوانێ قەیرانی سوورییەی لە قەیرانێکی نەتەوەیی سوورییەی ڕا بکاتە قەیرانێکی ناوچەیی – ڕۆژهەڵاتی، مووەفەق دەبێ کە  حکوومەتەکەی بەردەوام بێ، چون ژمارەی ئەو کاراکتێرانەی کە لەو قەیرانەی دا بەشدار دەبن مەنافیع و ئینترێستی زۆر جیاوازیان هەیە ، عەڕەبستانی سعوودی، قەتەر، تورکییە، ئێران بە تەرتیبێکی ئۆردۆن؛ ئەمریکا، ڕووسییە ئەوانە هەر کامەی بەرژەوەندییەکیان هەیە، جا دەو کارەی دا ئەلئانەکە دیتراوە کە ئەسەد پاش چوار ساڵان لە سەر کارە و ئەلئانیش کە مەجبوور بوون کە سیاستەکەی بگٶڕن. ئەلئان کە دەبینین لە سوورییەی سیاسەتەکە تۆزێک گۆڕدراوە  بە دژی ئەسەدی ، لە بەر ئەوەیە کە عەڕەبستانی سعوودی و تورکییە و قەتەر پێک هاتوون و بۆ جاری یەکەم چەکی قورسیان داوە بە ئۆپۆزیسۆنێ بە تایبەتی  بە جەبهەی نوسرە و ئەوانە کە بتوانن پاشە کشە بە ئەسەدی بکەن ، مەسەلەن ئیدلیبی بگرن بچنە پێشێ بۆ لای حەڵەب و پاشان بچن بۆ لای دیمشق و ئەو ناوانە . مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەو سیاسەتە، ئەو  ئابجێکتیڤانەی کە بۆی داندرا بوو بە دەستی نەهێناوە، لە خودی ناوخۆی تورکییەی دا، لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی تورکییە دا ئەوە بۆ خۆی بووەتە مەسەلە. لە لایەکی دیکەوە دانەری ئەو سیاسەتەی داوودئۆغڵوو بووە کە ئەلئانەکە سەرۆک وەزیرانی تورکییەیە. ئەو سیاسەتە لە میسرێش فەشەلی هێناوە ،،
قازی: لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی ئەندامەتیی لە یەکێتیی ئوڕووپاش دا، بابەتەکە چەقی بەستووە.
وەلی: ئەوە لە جێدا وەپاش کەوتووە . بە باوەڕی من پاش ئەوەی کە ئەردۆغان، یانی حیزبی عەداڵەت و گەشە پێدان یانی حکوومەتەکەی تەئکیدی کردە سەر ئەو سیاسەتەی کە هێندێک پێی دەڵێن نیوو ئۆتمانیسم واتە  عوسمانی گەری تازە لەوێ کە بتوانن عەزەمەت و هێز و دەسەڵاتی زەمانی عوسمانی بتوانن بە تەرتیبێکی زیندوو بکەنەوە لە شەرقی ئەوسەت دا،  لە ڕۆژهەڵاتی نێوە ڕاست دا، ئەوە بووە هۆی ئەوەی لە ئوڕووپایە وە دوور کەوت. دووەمیش ئەو سیاسەتە دژی دێمۆکڕاتیکانەی بوو کە وەبەری گرت. لە هەمووی موهیمتر بوو کە بوو بە سەبەب ئوڕووپا لێی دوور کەوێتەوە، بۆ وێنە لە بەر سیاسەتی تاحەدێکی زۆر نیسبەت بە سیاسەتی کوردی، نیسبەت بە مەسەلەی ئەرمەنی، نیسبەت بە مەسەلەی سیاسەتی حکوومەت لە ئاست دەسەڵاتی داد و قەزایی و پاشانیش ئەو موشکیلاتەی کە لە ساڵی ٢٠١٣ی هاتە پێشێ ، مەسەلەی فەساد و بەرتیل و ڕیشوە و ئەوانە کە لە ٧ی دیسامبر و دیسان لە ٢٥ئ دیسامبری ساڵی ٢٠١٣ هاتە پێشێ، حکوومەت نەک هەر ئەو شتانەی قەبووڵ نەکرد و چاکسازی نەکرد بەڵکوو ئەوانەشی ئینکار کرد ، قانوونی گۆڕی ئەندامەکانی هێزی قەزایی گۆڕی، کاری وای کرد کە بەشێوەیەکی زۆر زەق و دیتراو و ڕاشکاو  کاری غەیرە دێمۆکڕاتیکی کرد و ئەوە بوو بە سەبەب  تا حەدێکی زۆر ئەو پڕۆژەیەی ئوڕووپایە  کە لە پێشدا یەکێک لە لایەنەکانی پۆزتیڤی ئاکەپەی بوو کە بەڵێنی دەدا بچێتە نێو یەکێتیی ئوڕووپایە ئەلئانەکە ئەو پڕۆژەیە تەقریبەن وەلاندراوە.
قازی: ئیستا ئەگەر بکرێ هێندێک لە سەر سیاسەتەکانی هەدەپە بدوێین. یانی لە بەرانبەر ئەوە قەیرانەی دا کە هەیە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دا پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان پڕۆژەی خۆی پێشکێش کرد و هەڵمەتی هەڵبژاردن لە مانگی ئاوریل دا دەستی پێکرد  و ئێستا ئەوە دەکەوینە حەتووی کۆتاییەکەی، جوان دیارە کە ئیمکاناتی لایەنی ئۆپۆزیسیۆن و بە تایبەتی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ئەگەر بەراوەردی بکەی لە گەڵ ئی ئاکەپە زۆر لاوازترە یانی ئیمکاناتێکی کەمتری بە دەستەوەیە؛ وەکوو باس دەکرێ نزیکەی ٦٠٠ دەزگای بڵاو کردنەوە و میدیایی جۆر بە جۆر  خزمەت دەکەن بۆ سەرکەوتنی ئاکەپە لەو هەڵبژاردنە دا، لە بەرانبەر ئەوەشدا هەدەپەش بەرنامەکانی خۆی هێناوەتە گۆڕێ. پێت وا هەیە ئەو پڕۆگرامەی کە هەدەپە کاری بۆ دەکا و بەرێز سەلاحەدین دەمیرتاش و بەڕێز فیگەن یوکسەک داغ زۆر جار باسی ئەوە دەکەن کە شەخسییەتەکان گرنگ نین بەڵکوو بەرنامەکە گرینگە ،،



 وەلی: دروستە
قازی: ئەو بەرنامەیە لە حاڵەتی ئێستا دا تا چ ڕادەیەک دەتوانێ ووڵامدەرەوەی ئەو موشکیلاتە بێ کە لە کۆمەڵی تورکییە دا هەیە؟
وەلی: بە باوەڕی من ئەوە دروستە کە بەرنامە گرینگە. بەرنامە بۆ بەشێک لە جەماوەری تورکییەی کە دە فەرهەنگێکی سیاسی تایبەتی دا گەورە بووە و لە سەر بنەمای پێوەری سیاسی ئەو بەرنامەیەی هەڵدەسەنگێنێ ئەو بەرنامەیە گرینگە. بۆ وێنە بۆچوونیان بۆ مەسەلەی ژنان زۆر زۆر پۆزیتیڤە، بۆ مەسەلەی تەندروستی  زۆر زۆر پۆزیتیڤە، مەسەلەی ئەوەی کە دەیانەوێ وەزاڕەتی کارو باری دیانەت لا دەن ئەوە زۆر پۆزیتیڤە. یان ئەوەی کە تەنیا حیزبێکە کە دەیەوێ بە شێوەیەکی قانوونی و موشەخەس ئۆتۆنۆمی ئەڕتەش مەحدوود بکا. ئەوانیدی لەو بارەیەوە هیچیان لە پڕۆگرامەکەیان دا نییە. ئەوانە  شتی زۆر ئەساسین. ئەوە دەتوانێ و دەکرێ بڵێین توانیویەتی دە بەینی چینی ناوەندیی مۆدێڕنی تورکییەی کە تەنانەت بەشێک لەوانە بە شێوەیەکی سونەتی ، هەم بۆ خۆیان و هەم تایفەکەیان؛ باب و باپیریان دەنگیان داوە بە جەهەپەی، ئەوانە ئێستا هەڵوێستیان گۆڕاوە. لە ناو ژنان دا، بە تایبەتی ژنی تەحسیلکەردە واتە ئەوانەی کە تەحسیلاتی بەرز و زانکۆییان هەیە ئەوە گۆڕانی هێناوەتە پێشێ. بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەبێ تەئکید بکەم  کە لە جێگایەکی وەکوو تورکییەی مەسەلەی شەخسییەت، خودی ئەو شەخسەش کە دیفاع لە سیاسەتێک دەکا موهیمە. بۆ وێنە لە ٢٠٠٢ یەوە هەتا ئەمڕۆ کاراکتێر و پێرسۆنالیتی ئەردۆغانی شتێکی پۆزیتیڤ بووە بۆ حیزبی عەداڵەت و گەشە پێدان، بەڵام ئەوە نزیکەی دوو ساڵە کە ئەوە جەنبەی نێگاتیڤی پەیدا کردووە لە بەر ئەوەی کە لە حدوود و سنووری قانوونی زۆر چووەتە دەرێ، سیاسەت و دەسەڵاتی زۆر شەخسی و پێرسۆنەڵایز کردووە و ئەلئانەکە لە موقابیلی ئەوەی دا ئێمە دەبینین ڕێبەرایەتی هەدەپەش  توانیویەتی بۆ جاری یەکەم  پێرسۆنالیتی ئاوایان هەبێ کە خەڵک نەک هەر ئەوەی کە لە نەزەر سیاسییەوە پشتیوانیان لێ بکەن، بەڵکوو  باوەڕیشیان پێ بکەن. بۆ وێنە خودی شەخسی جەنابی دەمیرتاش  لەو بارەیەوە زۆر پۆزیتیڤ بووە ، بە تایبەتی دە بەینی ئەو قیشرەی دا ، ئەو لایەنە یان ئەو چینانەی دا ، یان دەو مەیدانە سیاسییەی دا کە سیاسەتی  پڕۆگراماتیک، یانی ئەوەی کە هێندە تەئکید ناکەن لە سەر ثرۆگرام و شتی بەڵکوو حیزبەکەی بە نوێنەر و بە ڕێبەر و بە سەرۆکەوە دەناسن دە بەینی ئەوانە دا تەئسیری زۆر بووە و ئەوە بۆخۆشی سەبەبێک بووە  کە ئاکەپە ترساوە لەوەی. بۆ جاری ئەوەڵ سیاسەتمەدارێکی کورد لە تورکییەی پەیدا بووە کە لە ماڵباتێکی زۆر ئاساییەوە دێ  و لە عەینی حاڵ دا توانیویەتی سنوورە ئێتنیکییەکان بشکێنێ. دروستە کە لە تورکییەی سیاسەتمەداری ئاوا هەبوو کە دە بەینی  کوردان دا مەحبووبییەتی هەبووە، و خەڵک باوەریان پێ کردووە خەڵک وەدوای کەوتوون ،،

قازی: دیارە لێرە مەبەستت لە سیاسەتی " قانوونی " دایە، نەک لە حەڕەکەتی چەکداری دا ؟
وەلی: نا، نا. مەبەستم ئەوەیە کەسێکی وەک دەمیرتاش توانیویەتی ئەو سنوورانە لە نەزەر ئێتنیکییەوە بشکێنێ. ئەمن بۆ خۆم لەوێ بە تەرتیبێکی ئاگام لێیە جەماعەتێکی بە نیسبەت زۆر لە شاری دا، دەبەینی ئەوانەی دا کە عەرزم کردی ، دە بەینی چینی ناوەندیی مۆدێڕن دا زۆر موعجیبی ئەو کاراکتێرەی بوون و ئەوە بۆیان گرینگ و پۆزیتیڤ بووە.
قازی: شتێک سەرنجی منی ڕاکێشاوە. ئەمن کەمپەینی هەڵبژاردنی پارتییەکان هەم ئی پۆزیسیۆن کە ئاکەپە بێ و هەم ئی پارتییەکانی دیکە لە ڕێگای چاپەمەنی و لە ڕێگای مێدیات تورکی ڕا تەعقیب دەکەم. شتێکی کە تایبەتییە بە  کاربەدەستانی  هەدەپە و بە تایبەتی بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش ئەویش تەوازوع و دڵنزمییەکی زۆری تێدا دیارە وەختێک کە قسە دەکا. یانی  کەمتر سیاسەتمەداری ئاوام دیوە لە تورکییە کە لە بەرانبەر موخالیفەکانی ئاوا بە دڵێکی گەورە و بە حورمەت و ڕێزەوە قسە بکا، تەنانەت لە سەر مەهەبەش کە دەزانین ئەو پارتییە قەت هەڵوێستێکی دۆستانەی نەبووە لە ئاست کوردان. دەمیرتاش لە بەرنامەکانی هەڵبژاردن دا زۆر بە حورمەتەوە باسی هەمبەرەکانی دەکا . پێم وایە ئەوە زۆر تازەیی هەیە لە کەشوهەوای سیاسی تورکییە دا.
وەلی: ئەوە زۆر گرینگە. لێرە با ئاماژه بە خاڵێکی ئاکادێمیک بکەم ئەویش ئەوەیە کە بە ئاسایی سیاسەتمەدارێک کە ئاوا سەردەکەوێ خەڵک دەڵێن ئەوە کاریزمای هەیە. ئەوە لە نەزەر تیۆری کۆمەڵناسییەوە دروست نییە دەزانی؟ کاریزما ئەوەیە کە جەماعەتێک بێن باوەڕ بکەن کە شيخسێک ئەو قابلییەتەی هەیە کە کاری فەوقولعادە، خاریقولعادە بکا کە خەڵکی دیکە پێیان ناکرێ.واتە ئەو کاپاسیتەیەی هەبێ، نەک ئەوەی بۆ خۆی هەیبێ بەڵام گرینگ ئەوەیە خەڵک باوەڕ بکەن کە ئەو تواناییەی هەیە . ئەوە زۆر گرینگە تەوەجوهێ دەکەی! بەڵام ئەوە لە سەر بەعزە سیسەتمەدارێکی هەبووە شتی ئاوا. ئەو ئەو زەرفییەتە، ئەو تواناییەی هەیە کە کاری خاریقولعادە بکا کە خەڵک باوەڕی پێ بکەن. جا ئەوە چ ئەو تواناییەی هەبوو بێ یان نا. مومکینە ئینسانێکی زۆر ئاساییش بووبێ بەڵام خەڵکەکە باوەڕیان پێی بوو بێ. بەڵام لە سەر نموونەی ئێستا دا وەکوو لە مەڕ دەمیرتاش بە پێچەوانەیە. خەڵکەکە زۆر باوەریان وایە کە ئەو زۆر کەسێکی ئاساییە ، وەکوو خۆیانە، خاکەڕایە ، وەکوو خۆیان قسان دەکا بۆ ئەو شتانەی کە دەیانەوێ، بەڵام لە عەینی حاڵ دا ئەو قابیلییەتەی هەیە بتوانێ داواکانیان دەرببڕێ یانی هەم ئۆتۆریتەیەکی پاپیولاری
( خۆشەویستی جەماوەری) پەیدا کردووە و هەم حاڵەتێکی نیوە کاریزماشی هەیە. یانی کاریزما بەو شێوەیەی نییە. بۆ وێنە دەیانگوت ئەردۆغان ئاوا بوو. ئەردۆغانیش ئەلئان جەماعەتێکی زۆر کە فکریان دەکردەوە قابیلییەتی ئەوەی هەیە کە چاکسازیێ بکا، قابیلییەتی ئەوەی هەیە کە قانوونەکانی زۆر فەشەل هێناوی تورکییەی ، کۆنی تورکییەی، ئەوانە فڕێ بدا بیانگۆڕێ، ئەو کارانەی نەکرد هەتا ئەو جیگایەی لازمی بوو ئەو قانوونانەی هێشتەوە. ئەردۆغان پێش ئەوەی کە لە ٢٠٠٢ی بێتە سەرکار بۆ خۆی موخالیفی ئەو باراژەی بوو. کە هاتە سەر کار ئەو باراژەی ڕاگرت.
قازی: بە تێخوێندنەوەی ئەو هەلومەرجانەی کە ئێستا هەیە جەنابت چۆنی دەبینی؟ ئیمکانی ئەوەی کە هەدەپە لەو باراژەی تێ بپەڕێنێ هەیە؟ چۆنی لێک دەدەیەوە، چۆنی دەخوێنییەوە؟
وەلی: ئەگەر تەمەشای میدیای تورکییەی بکەی ئەوانەی کە دەچن نەزەر لە خەڵک دەپرسن، ئەگەر تەمەشای ئەوێ بکەی دیار نییە یانی هەمیشە  پەنجا پەنجایە. جەماعەتێک پێشبینی دەکەن ئیحتیمالی زۆری هەیە دەنگی هەدەپە تا سەدی سێزدەش بڕوا، جەماعەتێکیش دەڵێن نا ئەوە هەتا  بۆ وێنە نۆ و نۆ و نیو و هەتا ئەوەندەی دەڕوا وەکوو زەمانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دا. ئەمن کە بۆ خۆم کە لەوێ دەبینم لەگەڵ خەڵکی قسان دەکەم  بەو نەتیجەی گەیشتووم کە تا حەدێکی زۆر ئەو پڕۆسەیە بە سودی هەدەپەی هەڵسووڕاوە. ئەگەر دوو مانگ لەوەی پێش. مانگ و نیوێک لەوەی پێش ئەگەر لە منت پرسیبا دەمگوت بەڵێ بە باوەڕی من  پەنجا پەنجا مومکینە دروست بێ تەوەجوهێ دەکەی! ئەلئان زۆرتر بەرەو ئەوەی دەڕۆم کە بڵێم  پەنجا و پێنج بە چل و پێنج و تەنانەت  لە بەعزە لایەنێکەوە بڵێم مومکینە کە بڵێم بڕێکیش لە پەنجا و پێنجی زۆرتر بهێنێتەوە. ئیحتیمالی ئەوەی هەیە. ئەڵبەت حەفتەیەک وەخت ماوەتەوە، دەڵێن حەفتەیەک دە سیاسەتێ دا زۆرە، ئەو ڕێژەیەش کە ئەوەندە هاتووەتە پێشێ ئەوەش زۆر گرینگە لەو بابەتەیەوە کە تەواوی تەبلیغاتی حیزبی حاکم و دەوڵەتێ بە دژی هەدەپەیە ، بە دژی پارتییەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن بەو شێوەی نییە دەزانێ کە ئەوان بیبەنەوە یان نەیبەنەوە ئاڵوگۆڕێکی بەو شێوەیەی لە وەزعی سیاسی دا ناکا. بۆ وێنە ئەگەر جەهەپە لە سەدی بیست و حەوتی ڕا ببێتە سەدی بیست و نۆ ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ لە سیاسەتی تورکییە دا پێک نایە، بەڵام ئەگەر هەدەپە لە سەدی نۆی ببێتە سەدی دوازدە تەغییرێکی ئەساسی دێتە پێشێ، لە بەر ئەوەی کە پڕۆژەکانی ئاکەپەی یانی ئی حیزبی حاکم  بە تایبەتی ئی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکییەی تێک دەچێ.

قازی: زۆر باشە، ئێستا ئێمە هێندێک لە ئەگەری ئەوە بکۆڵینەوە بڵێین لە ئەگەری سەرکەوتنی هەدەپە دا و دەرباز کردنی ئەو باراژی دە لە سەد دا و هاتنی هەدەپە بۆ نێو پارڵمان و زیاد کردنی نوێنەرانی کورد و بەرەی چەپ ، ئەو بەرەیەی کە دیفاع دەکەن لە پرێنسیپە ئینسانییەکان ، ئەو سەرکەوتنە لە کورت خایەن دا چ ئاڵوگۆڕێک لەگەڵ خۆی دێنێ  لە کۆمەڵگەی تورکییە لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد ، مەسەلەی ژنان، گەلی بە ژمارە پچووکتری ئەرمەنی و هەموو موشکیلە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و لە پێوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان و ووڵاتانی  دەر و جیرانیش دا؟
وەلی: لە خودی تورکییەی دا ئەوڵین تەئسیری ئەو سەرکەوتنە ، ئەوڵین ئاکامی ئەوە دەبێ کە مەسەلەی کورد بە شێوەیەکی زۆر بەهێز  دێتەوە ناوەڕاستی مەیدانی سیاسەتی تورکییەی و لە سەر ئەساسێکی تازە دەبێ تەمەشای پرسی کورد بکەن تەوەجوهێ دەکەی. مەسەلەی دووەم ئەوەیە کە حەڕەکەتی کوردی لە تورکییەی  ئیمکانی زۆرتر دەبێ کە لە تورکییەی مەشڕووعییەتی قانوونی پەیدا  بکا یانی شەرعییەتی قانوونی پەیدا بکا، ئەوە زۆر گرینگە. ئەگەرچی دەزانین کە ئەو حەڕەکەتە لە نێو کوردان دا ئەو شەرعییەتەی هەیە بەڵام گرینگ ئەوەیە کە لە چوارچێوەی تورکییەی دا ئەو شەعییەتەی پەیدا بکا. ئەوە زۆر زۆر گرینگە لەو بابەتەیەوە ، لە دوایە ئەوەیە کە حیزبی حاکم ناتوانێ تەنیا هێزێک بێ کە قانوونی بنچینەیی، قانوونی ئەساسی تورکییەی بەو شێوەیەی کە بۆ خۆی دەیەوێ بیگۆڕێ. دەبێ دابنیشن هەدەپە، حیزبەکانی دیکە ؛ بەحسێک بێ لە سەر ئەوەی کە قانوونی ئەساسی چۆن بگۆڕن ، ئەو گۆڕانە دەبێ چۆن بێ و دەو قانوونە ئەساسییە دا ڕۆڵی سەرۆک کۆمار دەبێ چۆن بێ. ئایا سیستمی پاڕڵمانی دەمێنێتەوە یان نا لە  حەقیقەت دا لەوەی بەستراوەتەوە. خاڵێکی دیکە ئەوەیە ئەلئانەکە مەسەلەیەکی عومدە لە تورکییە ئەوەیە کە قووەی قەزائییە ئەوە دەبێ گۆڕانکارییەکی زۆر یانی گۆڕانکارییەکی قووڵی تێدا بکرێ. بەو شێوەیەی کە حیزبی حاکم دەچێتە پێشێ ئەگەر ئەوان ئەو قانوونە ئەساسییەی بنووسن دیارە ئەو گۆڕانکارییە ناکرێ، ئەگەر بکرێ زۆرتر لەو ڕووەوە دەبێ کە ئەوەی بهێننە ژێر سەیتەرەی سەرۆک کۆماری. دروستە کە ئەردۆغان تا حەدێکی دەسەڵاتی نیزامیانی کەم کردەوە ، یانی ئەوانەی هێنا نێو پڕۆسەیەکی سیاسی کە دە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی دایە. لە سەر ئەو کارەی بەردەوام دەبێ. بە باوەڕی من هاتنی هەدەپەی بۆ پاڕڵمانێ زۆر گرینگە  بۆ گەشە پێدان بە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک لە تورکییەی . ئەوە زۆر زۆر گرینگە، دروستە هەدەپە حیزبێکی چکۆڵەترە بەڵام دەو هەلومەرجە سیاسییە دا کە هاتووەتە پێشێ بووەتە هۆی ئەوەی کە وەزنی واقعی، وەزنی پۆتنشیاڵی هەدەپەی، ئەو وەزنەی کە ئەلئانەکە پەیدای کردووە دە چوار چێوەی سیاسەتی تورکییەی دا زۆر لە وەزنی واقعی  خۆی زۆرترە و ئەگەر لەو باراژەی ڕەد ببێ ئەو  واقعییەت و پۆتنشیاڵە دەتوانێ یەکتر بگرێتەوە. بە باوەری من ئەگەر ڕۆژی ٧-ی مانگی حوزەیرانێ یانی ٧ ڕۆژی دیکە کوردان لەو باراژەی ڕەد ببن قەدەمێکی تاریخی زۆر گەورەیە  چ بۆ ئەو کوردانەی کە مووافیقی هەدەپەن و چ بۆ ئەوانەی کە موخالیفی هەدەپەن. ئەوانەی کە موخالیفن بە باوەڕی من بە باشی لە ئەهەمییەتی تاریخی ئەو هەنگاوەی ناگەن. بە باوەڕی من ئێستا وەختێکە کە ئیختیلافاتی ناوچەیی لە سەر دەسەڵاتی ناوچەیی ، یا لە سەر ئیختیلافاتی قەدیمی عەشیرەیی ، ئیختیلافاتی قەدیمی حیزبی و حیزبایەتی  دەو چوارچێوەیە دا وەلا بنێن . بە باوەڕی من گرینگە کە هەدەپە ، ئەگەر تێپەڕینی هەدەپەی لەو باراژەی بۆ دێمۆکڕاتێکی تورک گرینگە کە بۆیە ڕەئی دەداتێ ئەوە دەبێ بۆ دێمۆکڕاتێکی کوردیش دوو ئەوەندە گرینگ بێ ئەگەرچی دەگەڵ هەدەپەش یەک نەبێ، ئەگەرچی دەگەڵ حەرەکەتی کوردیی چەکداریش یەک نەبێ ، تەوەجوهێ دەکەی. ئەلئان ئەوە مەسەلەیەکی ئەساسی ستراتێژیکی کۆمەڵگای کوردی یە. هەر واتر ئەوانەی کە لە پشت سەری تەبلیغات دەکەن بە دژی هەدەپە. ئێمە دەبینین  بۆ نموونە لە باشووری،،


قازی: لە بەشێک لە مێدیای باشوور دا
وەلی: بەڵێ، لە بەشێک لە مێدیای باشوور دا، بە باوەڕی من هەڵەیەکی گەورە دەکەن ، چون ئەگەر ئەو گۆڕانکارییە لە تورکییەی بکرێ تەئسیری پۆزیتڤی لە سەر باشووریش یەکجار زۆر دەبێ ، وەزنی سیاسی باشووری دە سیاسەتی تورکییەی دا دەباتە سەرێ. یانی هەر حکوومەتێک بێ چ هەدەپە دەو حکوومەتەی دا بەشدار بێ یا نەبێ ، بەڵام ئەوەی کە هەدەپە ببێ بە بەشێک لە سیستمی قانوون دانان، ئەگەر ببێتە حیزبێکی سەرتاسەری بە باويڕی من وەزنی سیاسەتی باشووری لە سیاسەتی تورکییەی دا زۆر دەبێ. هەر واتر بۆ ئێرانێ. ئێران بە باوەڕی من ، ئەلئانەکە وەزعی باشووری ئاوایە، ئەگەر لە باکووریش ، لە تورکییەش کوردان لەو باراژەی تێپەڕن  و وەکوو حیزبێک بە هووییەکی موشەخەسی دێمۆکڕاتیک ، وەکوو حیزبێکی گشتی تورکییەی واریدی سیاسەت بن تەئسیری موسبەتی دەبێ لە سەر ئێرانێ. دیارە مومکینە تا چەند مانگێک ئێران ئاوا شیدەت بدا بە سەرکووب و ئیختیناق بەڵام دە ئەسڵ دا دەبێ دە موحاسەباتی سیاسی خۆی لە سەر مەسەلەی کوردی ئەوەی لە بەر چاو بگرێ کە ئەلئانەکە لە عێڕاقێ ئاوایە، ئەلئانەکە لە تورکییەی ئاوایە ، لە سوورییەی ئاوایە، لە ئێرانیش دە – دوازدە میلیۆن کوردی لێیە، ئەو دوازدە میلیۆن کوردە دەو سی و چەند ساڵەی ئینقیلابێ دا  گۆڕانکاری گەورەی بە سەر دا هاتووە و هەستیان گۆڕاوە لەو بابەتەیەوە و گەشەی پەیدا کردووە، ویستەکانیشیان ئێستا لەگەڵ ڕابردوو ئێستا فەرقی کردووە.
قازی: لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی ڕۆژئاواش چونکە دەزانین کە ڕۆژئاوا و بە تایبەتی خۆڕاگری کۆبانی تەئسیراتی زۆر ڕاستەو ڕاستی هەبووە لە سەر وەزعی کورد  لە باکووری کوردستانیش. لە پێوەندی لە گەڵ سەرکەوتنی هەدەپە دا ئەو مەسەلەیە چۆن خۆی نیشان دەدا؟
وەلی: تەئسیری کۆبانی زۆر بووە. لە پێشدا ئەوەی بڵێم تەئسیری کۆبانی لە کوردستانی باکوور زۆر بووە بە تایبەتی لە سەر دوو لایەن. ئەو جوورەی کە من خوێندوومەتەوە و ئەو جوورەی کە هاوکارانی من لەوێ لێکۆڵینەوەی مەیدانی دەکەن لە ناوچە کوردییەکان، کۆبانی بووتە سەبەب کە بەشێک لە عەشیرەتە کوردییەکان کە بە شێوەیەکی سوننەتی  ڕەئیان داوە بە ئاکەپەی  تەوەجوهێ دەکەی، ئەوانە ئەلئان هەڵوێستیان گۆڕاوە دەیانەوێ ڕيئی بدەن بە هەدەپەی. عەشیرەتەکانی دەور و بەری باتمانێ، ئی سیرت و ئەوانە ئاڕاستەی دەنگ دانیان گۆڕاوە و لە سەر ئەو بابەتە نووسراوە. وەختێکی دەنگی عەشیرەتیش بگۆڕدرێ بە مانای یەک ڕەئی، دوو ريئی نییە ، بە مانای چەند هەزار ڕەئی یە، تەوەجوهێ دەکەی.ئەوە یەک، دووەم ئەوەیە کەکۆبانی تەئسیری لە سەر بەشێک لە کوردە ئیسلامییەکان هەبووە ، تەوەجوهێ دەکەی. تەئسیری پۆزیتیڤی لە سەر ئەوان هەبووە و سیاسەتی ئەردۆغانیان  لە مەڕ سوورییە بە تایبەتی  سیاسەتی  حکوومەتی ئاکەپە لە سەر ڕۆژئاوا بە سیاسەتێکی غەڵەت زانیوە و لێی بێزار بوون. ئەوە تەئسیری وێ بووە لەو بابەتەوە. بەڵام با بگەڕێینەوە سەر پرسیارەکەی ئەنگۆ ؛ دیارە ئەوەی کە لە ڕۆژئاوا کراوە ، کانتۆن دامەزراوە و دەیانەوێ حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیکی خۆ بەڕێوەبەریی  دابمەزرێنن ، ئەوە دیارە فۆرموولێکی هەیە بەرنامەیەکی هەیە ئەوە  دە میقیاسێکی گەورەتر دا ، بەلانی کەمەوە بەشێک لەو بەرنامەیە ، بەشێکی ئەساسی لەو بەرنامەیەی  حەڕەکەتی کوردی دەیەوێ لە تورکییەش ئیجڕا بکرێ جا بۆیە ئەوەی کە لە ڕۆژئاوا ی کراوە وەکوو مۆدێلێکی چکۆڵەیە کە ئەلئان دە عەمەل دا کراوە، خاریجیان دەچن دەیبینن ، بەڵام دیسان دەڵێم مومکینە یەکێک لە گەڵ سیاسەتێکی ئاوا یەک نەبێ بەڵام ناتوانێ ئینکار بکا کە ئەو کارانەی لەوێ کراون هەتا ئێستا پۆزیتیڤ بوون . جا بۆیە بە باوەڕی من ئەگەر کوردەکان و هەدەپە بە شێوەیەکی گشتی سەر بکەوێ پشتیوانێکی زۆر گەورە دەبێ بۆ ڕۆژئاوا ، ئەوە یەک، دووەمیش ئەوەیە کە حکوومەتی تورکییەی ناتوانێ بەو سادەگییەی ، بە بیانووی دروست کردنی مەنتەقەیەکی حائیل  ئەو تەجروبە و ئەزموونی کوردی لە ڕۆژئاوای لە بەین بەرێ.
قازی: باشە ئێستا ئێمە کاتمان زۆر کەم ماوە، بەڵام وەکوو باسیشت کرد هێشتا حەوتوویەک ماوە بۆ هەڵبژاردن. پێر وا هەیە کە لە ماوەی ئەو حەوتوویە دا ئەوانەی کە لە کەمپەینی هەڵبژاردنی هەدەپە دا بەشدارن چ بکەن بۆ ئەوەی دەنگ زیاتر کەن؟ بۆ ئەوەی دەنگ زیاتر بێ و بە شێوەیەک لە شێوەکان گارانتی تێپەڕ بوون هەبێ لەو باراژە لەو حەوتووە دا کە کات ماوە.
وەلی: بە باوەڕی من یەکێک لە لایەنەکانی پۆزیتیڤی هەڵمەتی هەڵبژاردنی  هەدەپەی ئەوە بووە کە  ئێکسترێمیزم و ئیفڕات و خوشوونەت و زەخت و ‌هەڵا و مەعرەکە و ئەوانەی تێدا نەبووە، ئەگەر هەدەفی هەدەپەی ئەوە بووبێ کە سیاسەتەکەی بەرفرەوان بکاتەوە  و بچێتە بەشەکانی دیکەی تورکییەی ، هەر تەنێ کورد نەبێ، بە باوەڕی من دەبێ لە سەر ئەو سیاسەتەی بەردەوام بێ. دەبێ نەهێڵێ پڕۆڤۆکاسیۆن بکرێ، نەهێڵی کار بکێشرێتە لێدان و کوتان و ئەوانە. نەهێڵێ وەزعێک پێک بێ کە دەو وەزعەی دا توند و تیژی بێتە گۆڕێ. چونکە ئەو بەشەی تورکییەی کە ئەوان دەیانەوێ کاریان لە سەر بکەن یانی غەیری کوردەکان هاتوون بەو نەتیجەی گەیشتوون کە مەسەلەی ئێتنیکی ئەلئانەکە لە مەسەلەی دێمۆکڕاتیک ئەهەمییەتی کەمترە؛ ئێمە ڕەئی دەدەین بە هەدەپەی دەزانین کە ناوەرۆکی وەی ئەساسێکی کوردی هەیە بەڵام دەنگی دەدەینێ لە سەر مەسەلەی دێمۆکڕاتیک، جا هەدەپە دەبێ کارێکی بکا  کە ئەو باوەڕە نەشکێ. ئەلئانەکە تەئکید لە سەر سیاسەتی ئێتنیک بە باوەڕی من دروست نییە . لە مەناتیقی کوردی دەبێ ئارامش بەرقەرار بێ و ئەوە کۆنتڕۆڵ بکرێ تەوەجوهێ دەکەی، ئیفڕاتێ نەکەن و دەبێ ئەو باوەڕەی گەشە پێ بدەن کە ئەو حیزبە حیزبی هەموو شارومەندانی ، هەموو سیتیزنەکانی تورکییەیە . بۆیە دەبێ خۆیان لە سیاسەتی زەقی ئێتنیک بپارێزن ، ئەوە مەعلوومە کە ئەوان مافی کوردانیان دەوێ، دە عەینی حاڵ دا حقووقی ئەرمەنیانیشیان دەوێ ، حقووقی لازیشیان دەوێ، داوای ئازادیی مەزهەبی جوولەکان، ئی مەسیحییان دەکەن ، دەبێ سیاسەتەکەیان لە سەر ئەو پلاتفۆرمە بەردەوام بێ. ئەوە زۆر زۆر گرینگە. یەک ئەوە، دووەم ئەوەیە کە دەو حەفتەیەی دا دەبێ حەول بدەن کە ئە کەمپەینەی کە ئاکەپە دەیکا و دەڵێ کە هەدەپە دژی ئیسلامییە ، دەبێ نەیەڵن ئەوە گەشە بستێنێ، بە تایبەتی ئەوە زۆر موهیممە چون بەشێک لە ئەساسی ئەو کارەی دەگەڕێتەوە خودی مەنتەقەی کوردستانی. ئەگەر لە مەنتەقەی کوردستانێ هەرچی زۆرتر لەو کوردانەی کە شەخسەن ئیسلامی سیاسی نین ، ئیسلامیی کولتوورین ، ئیسلامیی شەخسین، ئیسلامیی سوننەتین ئەوانە ئەگەر باوەڕ بێنن کە هەدەپە حیزبێکی زیدی مەزهەبی نییە ، زیدی ئیسلامی نییە  ئەوە زۆر زۆر گرینگە، جا بۆیە  ئەمن لێرە تەئکید دەکەم بەو جوورەی کە چوونە پێشێ کوتوویانە مەسەلەی دێمۆکڕاتیک لە تورکییەی مەسەلەی هەموو کەسە، مەسەلەی کوردیش بەستراوەتەوە لە جێ بە جێ بوونی مەسەلەی دێمکڕاتیک لە تورکییەی، دەبێ لە سەر ئەو سیاسەتەی بەردەوام بن و نەش هێڵن تەبلیغاتی ئاکەپەی ئەوەی کە هەدەپە حیزبێکی چەپی، و مارکسیست و کۆمۆنیستە و نازانم زیدی ئیسلامی و ئەوانەیە . نابێ بهێڵن ئەو سیاسەتە جێ بگرێ.
قازی: باشە مامۆستە! وەختمان تەواو بوو، ئەگەر دەکرێ بە کورتیش بێ ئەگەر پەیامێکتان هەبێ بۆ ئەو کوردانەی کە مافی دەنگدانیان نییە و خەڵکی وێ نین بەڵام لە باری ڕووحی یەوە چ جۆرە پشتیوانییەک دەتوانن بکەن؟
وەلی: بە باوەڕی من ئەوەڵەن ئەوان نابێ کارشکەنی بکەن وەکوو  بەعزێک لە میدیا دەیکەن ئەلئانەکە، ئەوە کارێکی خراپە، دەبێ دە مەیدانێکی فکری ستراتێژیک و بەرفرەوانتر دا فکر بکەنەوە. ئەو مەسەلەیە هەر مەسەلەی هەدەپە نییە ، مەسەلەی حیزبێکی تایبەتی نییە ، ئەوە مەسەلەی کوردی یە لە تورکییە. جێ بە جێ بوونی مەسەلەی کورد دە چواچێوەیەکی دێمۆکڕاتیک دا ، تەنانەت بۆچوون بەرەو جێ بە جێ کردنی مەسەلەی کورد لە چوارچێوەیەکی بەرفرەوانتری دێمۆکڕاتیک دا تەئسیری ئەساسی و باندۆری ئەساسی لە سەر هەم باشوور دەبێ ، هەم ڕۆژهەڵات و هەم ڕۆژئاوا. هەموان دەبێ بەشێکی زۆری وەک ئی خۆیان بزانن. ئەمن ناڵێم بە شێوەیەکی عاتیفی بەڵام بە شێوەیەکی  ڕاسیۆناڵ و عەقڵانی فکر لەو دیاردەیە بکەنەوە.
قازی: گەلێک مەمنوون مامۆستە، بۆ بەشذاریتان لە  : ڕاوێژ " دا
وەلی: زۆر سپاس
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەم جارەشمان. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش
--------------------------------------------------------------
 تێبینی: ئەو هاوپەیڤینە  لە ئێوارەی یەکشەمە  ٣١ی مەی ٢٠١٥ لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەر لە حیسابی " ڕاوێژ " لە تۆڕی کۆمەڵی یووتویووب هەڵێنن