Thursday, April 13, 2017

هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەرگین ئوێپەنگین سەبارەت بە بارودۆخی زمانناسیی کۆمەڵایەتیی زمانی کوردی لە تورکییە

  هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەرگین ئوێپەنگین  سەبارەت بە بارودۆخی زمانناسیی کۆمەڵایەتیی زمانی کوردی لە تورکییە . ئەو بەرنامەیە لە ١٧-ی فێڤرییەی  ٢٠١٣ لە تێلێڤیزۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە

 قازی: بینەرانی بەڕێز ئەم کاتەتان باش، بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ' ڕاوێژ '. لە ڕاوێژی ئەمجارە دا باسی زمانناسیی کۆمەڵایەتی و بە تایبەتیش  باسی ئەو کتێبە دەکەین [ کتێبەکە نیشان دەدا ] کە نووسەرەکەی میوانمانە. ناوی کتێبەکە ئاوایە : ' ڕەوشا کوردییا سۆسیۆلینگویستیک  ل تورکیا ' واتە وەزعی زمانی کوردی لە ڕوانگەی زمانناسیی کۆمەڵایەتییەوە  لە تورکییە  کە  نووسەرەکەی بەڕێز ئەرگین ئوێپەنگین ە زۆر بە خێرهاتنی دەکەین بەر لەوەی کە دەست بە قسەکانمان بکەین بۆ  ئەوەی دەروازەی باسەکە بکەینەوە  با بزانین پڕۆفێسۆر پیتر ترادگیل  یەکێک لە  زمانناسانی گەورەی دنیایە لە بواری زمانناسیی کۆمەڵایەتی دا چۆن زمانناسیی کۆمەڵایەتی دەناسێنێ ؟
 دەنووسێ:  " زمانناسیی کۆمەڵایەتی زاراوەیەکە  بۆ باسکردن و شیکردنەوەی هەموو  بوارەکانی پێوەندی نێوان زمان و کۆمەڵ  ، جگە لەو بوارانەی نەبێ کە  مەبەستیان تەنێ زانستکاری ڕووتە  واتە ئێتنۆ مێتۆدۆلۆژی ، کە وابوو توێژینەوەی زمانناسیی کۆمەڵایەتی  کارێکە بە مەبەستی وەدەستخستنی تێگەیشتنی باشتر  سەبارەت بە تەبیعەتی زمانی ئینسانی  و دەکرێ بەڕێگای لێکۆڵینەوە لە زمان لە چوارچێوەی  کۆمەڵایەتی خۆیدا و یان بۆ وەدەست ‌ هێنانی تێگەیشتنی باشتر سەبارەت بە  پێوەندی و هاوکردەیی لە نێوان زمان و کۆمەڵ دا. زمانناسیی کۆمەڵایەتی ئەم بوارانە وەبەر دەگرێ :  زمانناسیی مەردمناسانە،  لەهجە ناسی ، شیکردنەوەی وێژمان یان دیسکۆرس،  ئێتنۆگڕافی قسە کردن ،  زمانناسیی جوگرافیایی ،  لێکۆڵینەوە لە کۆنتاکتی زمانی ، زمانناسی مەیدانی  ، دەروونناسیی کۆمەڵایەتی زمان و  هەر وەها کۆمەڵناسیی زمان. 

 ئەوجار بابزانین کۆمەڵناسیی زمان چییە ؟ چونکە لە لایەک دەڵێین  زمانناسیی کۆمەڵایەتی  لە لایەکی دیکەش بابەتێک هەیە یان دیسیپلینێک هەیە  بە ناوی  کۆمەڵناسیی زمان ؛ ئەویش لقێکە لە زمانناسیی کۆمەڵایەتی  کە لە ئاستێکی بەربڵاوی زمانەوانی دا یانی  ماکڕۆ لینگویستیک بەو بابەتانەی کە پێوەندییان هەیە بە  هۆکارگەلە کۆمەڵناسییەکان و  زمانەوە، خەریک دەبێ  و بە تایبەتی لەگەڵ ئەو بابەتانەی بە  دەستبژێر کردنی زمان بەستراونەتەوە وەکوو لێکۆڵینەوەی  فرە زمانێتی ، یان پلانداڕشتنی  زمانی  ( لەنگوێج پلانینگ ) ، پاراستنی زمان (لەنگوێج مەینتێننس) ، گۆڕانی زمان ( لەنگوێج شیفت ) و  هەر وەها بابەتەکانی پێوەندیدار وەبەر دەگرێ.
ئێستا بەلەبەرچاو گرتنی ئەو ناساندنانەی کە کردمان دێینە سەر لێکۆڵینەوەی بەڕێزت  کە ئەوە وابزانم تێزی ماسترە کە پێشکێشی زانکۆی  غو-وەن تان کردووە لە فەڕانسە. بەر لە هەمووشتێک پێم خۆش بوو بزانم ئێوە کە خەڵکی ناوچەی حەکاری یان حەق یاری نە – دیارە ئەو زاراوەی ' حەق یاری ' ئەمن لەو دواییانە دا بیستوومە  لە نووسینی زمانناسێکی ئێرانی دا کە باسی ناوچەی حەکاری دەکا وەکوو ' حەق یاری' – ئەوە بۆ من سەرنجڕاکێش بوو.  هەرچۆنێک بێ  ئێوە کە خەڵکی ناوچەی ' شەمزینان ' ن  بەر لەهەموو شتێک پێم خۆش بوو بزانم کە چۆن بوو ئەو عەلاقەتان تێدا پەیدا بوو ، مەیلتان تێدا پەیدا بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر زمان ؟

لە باری شێوەزاری قسە کردنەوە چۆنت پێ خۆشە وا بکە فەرموو!

ئوێپەنگین:  باشە کاک حەسەن گەلێک سپاس بۆ ئەو دەعوەتە ، بۆ ئەو میواندارییە. ئەمن بە کورمانجی قسە دەکەم و هەر وەها سپاس بۆ ئەو  تەعریف و ناساندنەی زمانناسیی کۆمەڵایەتی و  سۆسیۆلۆژی زمانی، ئەتۆ کاری منت زۆر هاسان کردەوە. سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەو بابەتە بۆ هەڵسەنگاندن بێگومان ئەتۆ بۆخۆشت دەزانی  کە زمانی کوردی لە تورکییە ئەوە نزیکەی پازدە بیست ساڵە زۆر زۆر هاتووەتە بەرچاوان و موناقەشەیەکی زۆری لە سەر دەکرێ  ، بەڵام ئەوانە هێشتا لە تێگەیشتنێکی زانستی،  عیلمی، هۆکارگەلی پشت زمانی کوردی  دوورن. ئەمنیش وەک زۆر کەسی دیکە  کەوتمە بەر بای مرخ  لە سەر زمانی کوردی  و پێم وایە زیاتر لە بەر کارتێکەی ئەو دەرسانەی لەمەڕ زمانناسی بوو کە من چەند ساڵ لەوە پێش لە زانکۆ خوێندمن  و کاردانەوەی ئەوان بوو هۆی بزووتنی عەلاقەی من لە سەر زمانناسی.

قازی: ئێوە ئەو وەختەی کە لە تورکییە  و لە باکووری کوردستان بوون لەوێ چوونە زانکۆ ؟

ئوێپەنگین:  بەڵێ، بەڵێ لە ئەستەمبووڵێ من زانکۆم خوێند لە زانکۆی بۆغازیچی .

قازی: ئەو زانکۆی بۆغازیچی وابزانم یەک لە زانکۆی  هەرە باشە لە تورکییە.
ئوێپەنگین: بەڵێ، هەرە باشە و  یەک لە زانکۆیەکانی هەرە لیبێڕاڵە لە تورکییە

 قازی: خوێندن بە ئینگلیزی یە ؟

ئوێپەنگین: بە ئینگلیزی یە  و تەعسوبی مامۆستاکانی هێندە نییە لە سەر تورکێتی، لە سەر قەدەغە کردنی زمانان.  بۆ ئەوان  هەر زمانێک بێ، وەک یەک وان ، لە کاتی خوێندن لەوێ وەبیرم دێ مامۆستاکان باسی زمانی کوردیشیان دەکرد. لە سەردەمێک دا کە ئەتۆ بۆ خۆت دەزانی لە تورکییە، باسکردنی زمانی کوردی ، تەنانەت ناوهێنانی زمانی کوردی  شتێکی بڕێک  بە مەترسی بوو.


قازی
: پاش ئەوەی ئێوە لە وێ خوێندتان دوایە هاتنە فەڕانسە و لە زانکۆی غو-وەن درێژەتان پێدا ؟

ئوێپەنگین: ئێستا ئەگەر لە سەر لێکۆڵینەوەکەم بدوێم.  با بێمەوە سەر ئەو بابەتە.  وەکوو ئەتۆش گوتت  من حەولم دا بزانم ئاخێوەرانی زمانی کوردی، قسەکەرانی زمانی کوردی  لە تورکییە بە تایبەتی لە کوردستانی باکوور، زمانەکەیان چۆن بە کار دەهێننم  چونکە کوردەکانی ئەستەمبووڵ و کوردەکانی  دانیشتووی ڕۆژئاوای تورکییە هێندە لێیان نەکۆڵدراوەتەوە. مخابن ناچار بووم لێکۆڵینەوەکەم هێندێک مەحدوود بکەم، هێندێک سنووردار بکەم. من حەولم دا بزانم کە پێوەندیی خەڵک لەگەڵ زمانی خۆیان چییە؟

 
قازی: دیارە پێش ئەوەی باسی ئەو لایەنە بکەی دەبێ بڵێین کە  ئەوە جاری یەکەمە – بەلانی کەمەوە لە سەر زمانی کوردی -  ئیحتیمالی ئەوە هەیە کە لە تورکییە کاری مەیدانی کرابێ لە سەر زمان بەڵام  لە چوارچێوەی باکووری کوردستان و تورکییە دا  یەکەم جارە کە بەو کارەی ئێوە لێکۆڵینەوەی مەیدانی دەکرێ لە سەر زمانی کوردی.

 ئوێپەنگین: هەر لەبەر ئەوەش کەمایەسی ئەو لێکۆڵینەوەیە گەلێک زۆرە.

 قازی: ئێوە بۆ ئەنجامدانی ئەو لێکۆڵینەوە مەیدانییە چ چوارچێوەیەکتان هەڵبژارد چونکە ئێمە دەزانین کاتێک مرۆڤ تێزێک دەنووسێ دەبێ قالبێکی تێئۆریک ڕەچاو کا.

 ئوێپەنگین : پاشخانێکی تێئۆریک هەبوو.

 قازی: ئەگەر ئیمکانی هەیە دەکرێ باسی ئەو پاشخانە تێئۆریکە بکەی.

ئوێپەنگین:حەول دەدەم زۆر بە کورتی باسی ئەوە بکەم. بۆ تێگەیشتن لەوەی کە خەڵێک چۆن ڕەفتار لەگەڵ زمانی خۆیان دەکەن  گەلێک کۆنسێپت ، چەمک هەن و ناسراون و یەک لەو چەمکانە " ژینداریی زمانییە " . یانی ئەو چەمکە حەول دەدا بزانێ  زمان لە ناو خەڵکی خۆیدا، لە ناو ئاخێوەرانی خۆیدا  ئاخێوەری فەڕزکراو، لە بەر ئەوەی هێندێک لەوان ئیدی ئاخێوەری ئەو زمانە نین ، بە زمانێکی دی قسە دەکەن. ئەو چەمکە حەول دەدا بزانێ  ئەو زمانە تا چ ڕادەیەک بۆ ئاخێوەرەکانی گرینگە. هێندێک لقی ' ژینداری زمانی ' هەن ، یەک لەوان ' ستاتووی زمانی ' یە، مەبەست لە ستاتووی زمانی

قازی : پلەی زمانی

ئوێپەنگین: بەڵێ پلەی زمانی لە ناو خەڵکدا و هەر وەها  لە سیستمی بەڕێوەبەری دا جێگای چییە و هەر وەها ڕێژەی ئەو خەڵکەی کە بەو زمانە قسە دەکەن  ئایا جەماعەتێکی پچووکە، مەزنە یان چۆنە؟  شتێکی دیکەش لە ڕووی دەستگاییەوە، لەوانەیە ئەو زمانە ڕەسمییەتی نەبێ  بەڵکوو ڕەنگە هێندێک ئامراز و  ئیمکانی  دیکە هەبن  بۆ ئەوە زمانە کە بتوانێ پشتگیرییەکی دامەزراوەیی بۆخۆی پەیدا بکا. ئەو هۆکارگەلە هەن، وەکوو دی یەک دوو چەمکی دیکە هەن کە ئەگەر هەر وا بەگشتی بیانڵێم  دیگلۆسی یان دوو زارەتی هەن. جەنابت وەکوو ' دوو زارەتی ' وەرت گێراوە بۆ سەر سۆرانی، ئەمنیش هەر وەک ' دوو زارەتی ' م بەکار هێناوە.

قازی: زەحمەت نەبێ دەکرێ ئەوەش بۆ بینەران شی بکەیەوە کە مەبەست لە ' دوو زارەتی ' چییە؟ بۆ وێنە فەرگوسن لەو بارەیەوە بۆچوونێکی گەڵاڵە کردووە ؟

ئوێپەنگین: سەرەتا لە دەسپێک دا ساڵی  ١٩٥٩ وەک  چەمکێک هاتە گۆڕێ بۆ ئیزاح کردن و ڕوونکردنەوەی جیاوازی لە نێوان دوو لەهجە، دوو شێوەزاری زمانێک. وەکوو عەڕەبی فوسحە و عەڕەبی جڵف. عەرەبی کلاسیک یانی ئەو عەڕەبییەی کە قورئانی پێ نووسراوە، عەڕەبیی نووسین و ڕەسمی و ئەویدیش عەڕەبی ئاخافتن. هەر وەها بۆ زمانی یۆنانیش زۆر بەکار دەهات

قازی: وا بزانم بۆ ئەڵمانیش، وەک ئەڵمانی ئورتریش و ئەڵمانی ئەڵمانێ.

ئوێپەنگین: بەڵێ. یانی هەر دوو ئەو شێوەیانە فۆنکسیۆن و ئەرکی لەمەڕ خۆیان هەیە. عەڕەبی کلاسیک ئەرکێک و عەڕەبیی ئاخافتن یان ڕۆژانە هێندێک ئەرکی دیکەی هەیە. بۆ وێنە بە عەڕەبی ڕۆژانە هەر کەس هەڵناستێ شت بنووسێ. بۆ وەزعێکی ئاوا زاراوەی دیگلۆسیا ساز بوو. پاشان دوای بیست ساڵ لە دوای ئەوە جاشوا فیشمەن گوتی بەڵێ ئەوە کۆنسێپتێکی گەلێک بەجێ یە و ئەمن دەبێ بی گشتێنم لەمەڕ کۆنتێکستی دوو زمانی جیاوازیش بەکاری بهێنم. نەک هەر شێوەزارەکانی زمانێکی تایبەتی بەڵکوو بۆ زمانی جیاوازیش بۆ تەسیبیت کردنی ،

قازی: ببوورە دەکرێ لێرە ئیستێک بگری بۆ ئەوەی بەحسی شتێکی گرینگ بکەم. بینەرانی خۆشەویست لە دواییەکانی ساڵی ٢٠١٢ ڕووداوێکی زۆر گرینگ ڕوویدا ئەویش ئەوە بوو ئەو کەسەی کە ئێستا باسمان کرد کە ئێدیتۆری گۆڤارێکی زۆر گرینگی لە مەڕ  زمانناسیی کۆمەڵایەتی یە بە ناوی " ئینترنەشناڵ جورناڵ ئاف دی سۆسیۆلۆجی ئاف لەنگوێج " یانی ' گۆڤاری نێونەتەوەیی کۆمەڵناسیی زمان " ژمارەیەکی تایبەتی ، ژمارەی ٢١٧ –ی تەرخان کرد بوو  بۆ زمانی کوردی و بەڕێز ئەرگین یش لەوێدا ووتارێکی هەیە ، بە ناوی " سۆسیۆلینگویستیک سیچوەیشن ئاف کوردیش " کە دیارە بەشیکە لەو تێزە کە باسی دەکەین. ئێستا با بگەڕێینەوە سەر قسەکانی پێشوومان. پێم خۆش بوو بینەران بزانن کە جەنابت لە گۆڤارێکی ئاوا بە پرێستیژی جیهانی دا نووسیوتە و دە ڕاستییدا سەری کوردانت پێ بەرز کردووەتەوە.

ئوێپەنگین: زۆر سپاست دەکەم. دەرچوونی ژمارەیەکی تایبەتی ئەو گۆڤارە خۆی لە خۆیدا جێی سەربڵیندی یە نەک ئەوەی کە مەقالەی منی تێدا چاپ بووە.

قازی: ئێستا بێینەوە سەر باسەکەی پێشوو. جەنابت هێندێک چەمکی ' دوو زارەتی ' ت ڕوون کردەوە. لە مەسەلەی 'دووزارەتی ' دا  لە تێزەکەتدا موقایەسەیەکت کردووە لە نێوان کوردی و تورکی کە دوایە دەگەڕێینەوە سەری. بەڵام ئەمن پێم خۆش بوو ئەگەر دەکرێ زیاتر چوارچێوەی تێئۆریکی کارەکەت شی بکەیەوە.

ئوێپەنگین: ' دوو زارەتی ' کاتێک لە پێوەندی دوو زمانی جیاواز دا گشتی کرا و پەرەی پێدرا بەو مانایە بوو کە لە چوارچێوەیەکی دیاری ، لە هەرێمێکی جوگرافیایی دا، دوو زمان، سێ زمان یان چوار زمان هەن و ئەو زمانانە لە ژیانی ڕۆژانە دا کۆنتاکتیان بەیەکەوە هەیە و ڕۆژانە پێوەندییان لەگەڵ یەکدی هەیە ، بەڵام ناچن لە مەیدانی یەکترییەوە. هەر کامێکیان لە مەیدانی خۆی دا بەکار دەهێندرێ.

قازی: یانی لە تورکییەو لە باکووری کوردستانیش پێوەندییەکی ئاوا هەیە لە نێوان تورکی و کورمانجی دا ؟

ئوێپەنگین: ئەوە پرسیارێکی زۆر گەورە و ئاڵۆزە. گریمانە ئەوەیە مرۆڤ لەخۆی دەپرسێ ئایا جیاوازییەکی بەکارهێنان هەیە بەو شێوەیە لە نێوان تورکی و کوردی دا یان نا ؟ بە شێوەیەکی هارمۆنیک، چونکە کاتێک مرۆڤ دەڵێ دوو زار، دوو زمان بە شێوەیەک کە نەکەونە مەیدانی یەکدی ، لە کۆنتێکستێکدا بەکار دەبردرێن ئەوە نیشانەی هارمۆنییە ، چونکە ئەو دوو زمانە ڕێز لە مەیدانی یەکتری دەگرن. بەڵام لە هەمان کاتدا قۆرتێکیش هەیە لێرە دا ئەویش ئەوەیە ئەگەر مرۆڤ بڵێی دیگلۆسیای هارمۆنیک، چونکە جاشوا فیشمەن دەیگوت کە هەبوونی دیگلۆسی، هەبوونی دوو زارەتی دە کۆنتێکستێک دا دەستەبەری پاراستنی زمانی کەمینەیی، زمانی مینۆریتەرە. مەسەلەن ئەگەر کوردی و تورکی لە جێیەکی وەک کوردستانی باکوور ، ئەگەر کوردی هەر لە ماڵێ، لەگەڕەک و بازار دا بەکار دەهێندرێ و دە دەمێک دا کە تورکی لە کۆنتێکستی زیاتر بەرز دا دەکار دەکرێ، لە پەروەردە ، دانوستاندنی ڕەسمی ، نوسراوەی ڕەسمی ، لە مەیدانی ئاوا دا بەکار دەهێندرێ، هەنگێ هارمۆنییەک لە نێوان هەر دووکیان دا ساز دەبێ. بەڵام لە ڕاستییدا قەت ئاوا نییە. بە تایبەتی زمانناسەکانی کاتاڵان کە سەد ساڵە لە سەر ئەو جۆرە دیاردانە کار دەکەن ، چلۆنایەتی ئەوان زۆر نموونەیی یە ، ئەگەر کرا دەکرێ هێندێک باسی ئەوانیش بکەین. بەڵام ئەوان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە قەت دیگلۆسییەکی هارمۆنیک ناکرێ پێشبینی بکرێ.

قازی: یانی لە نێوان زمانی کاتاڵانی و ئێسپانیایی دا ؟

ئوێپەنگین: بەڵێ بۆ نموونە. یان زمانی تورکی و کوردی ئەگەر لە کۆنتاکت دا بن و هەر کامەیان فۆنکسیۆنی جیاوازی لەمەڕ خۆیان هەبێ ، بە هیچ شێوەیەک مرۆڤ ناتوانی بەحسی هاڕمۆنییەک ، یان هاوژینێکی ئاشتییانە لە نێو ئەواندا بکا.

قازی: ئەوە لە حاڵێکدا کە پێوەندیی شێوەزارە عەڕەبییەکان واتە عەڕەبی جڵف و عەڕەبی فوسحە حاڵەتێکی هارمۆنێکی هەبووە.

ئوێپەنگین: بەڵێ، ئەوە هاڕمۆنیک بووە، بەڵام کاتێک باس لە دو زمانە ، کە هەر دووک زمانیش داوخوازی ناسین و کەسێتییەکی زیاتر دەکەن بۆ خۆیان،خۆشمان بێ و ترشمان بێ، بمانەوێ و نەمانەوێ، بە شێوەیەکی کە خۆی لێ ناپارێزدرێ ، کێشە و دوو بەندی ، ناکۆکی لە نێوانیان دا ساز دەبێ  و نموونەی زمانی تورکی و کوردی لەو بارەیەوە گەلێک ئاشکرایە.

قازی: بەڕێزت یەکێک لەو قالبە تێئۆریکیانەی کە بۆ کاری مەیدانی بەکارت هێنا ئی جاشوا فیشمەن بوو ؟

ئوێپەنگین: فیشمەن لە دەسپێک ڕا، بەڵام وەکوو دیکە وەک باسم کرد زمانناسانی کاتاڵان ئەوان هێندێک تێگەیشتنی تازەیان لەو چەمکە زیاد کرد.

قازی: وەکوو چی ؟

ئوێپەنگین: وەکوو  ئەوەی کە دیگلۆسی ، دوو زارەتی قەت هاڕمۆنیک نییە و هەمیشە هێڕارشی ساز دەکا لە نێوان زمانان دا و ئەو شتەی کە ئێمە لە تورکییە دەیبینین خۆی ئەوەیە.

قازی: زۆر باشە، دوایە ئێوە چوونە ناوچەی خۆتان ، ناوچەی شەمزینان ، مانەوە  لەوێ چەند پێ چوو ؟ ئێوە پرسیارنامەیەکتان ئامادە کرد .

ئوێپەنگین: بەڵێ ئانکێتێک بوو.

قازی: بەڵێ ئانکێت. لەو ئانکێتە دا پرسیارەکانی ئێوە چ بوون ؟ ئەو کاتەگۆری لە ئاخێوەر و زانیاریدەران کە ئێوە هەڵتان بژاردن کێ بوون؟ و ئەو شتانە ، ئەگەر بکرێ هێندێک بە دوور و درێژتر باسیان بکەی.

ئوێپەنگین: چوارساڵی لە سەر تێپەڕیوە، ووردە ڕیشاڵی کارەکەم باش وەبیر نایە،بەڵام ئەوەندەی وەبیرم بێ ئەوەیە کە ئەمن سێ کۆنتێکستی لێکۆڵینەوەم، سێ بواری لێکۆڵینەوەم هەڵبژارد بوو. گوند، یانی سێ گوندی شەمزینان بوون ، ئەویدی کۆنتێکستی شار، دیاربەکر بوو ، ناوەندی دیار بەکر بوو . ناوەندی ئامەد بوو. و بوارێکی دیکەش لە نێوان گوند و شار دا بوو. واتە قەزایەک کە بە تەواوی نەبووە بە شار ، بەڵام لە هەمان کاتدا گوندیش نییە. ئەویش شەمزینان بۆخۆی بوو ، ناوەندی شەمزینان. لە هەر کام لەو سێ مەیدانە دا ئەمن ژمارەیەک زانیاریدەرم هەڵبژارد.

قازی: چەند کەس ؟

ئوێپەنگین: ئێستا باشم وەبیر نایە، بەڵام لە هەر کامیان زیاتر لە سی کەس دەبوون. لە هەر کامەیان دا ٤ یان ٥ خێزان بوون.

قازی: لەباری جینسییەتییەوە چۆن بوو ، ژن، پیاو ؟ تکایە ئەوانەش بڵێ،

ئوێپەنگین: لە دواییدا وا دەرنەکەوت کە یەکسان بن. چونکە زەحمەتە مرۆڤ زانیاریدەران تەواو یەکسان هەڵبژێرێ، مرۆڤ لە سەرەتاوە  نازانێ پێکهاتەی خێزانێک چۆنە، مرۆڤ ناتوانێ ئەوە عەیار بکا، بەڵام حەولی من ئەوە بوو ، یەکسانیی جینسییەتی ش لە لێکۆڵینەوەکە دا ڕەچاو بکرێ. بەو شێوەیە ئانکێتێک ئامادە کرا ، بەڵام ئانکێتێک نەبوو هەر بۆ کۆکردنەوەی ئامار بەڵکوو پرسیاری ئاواش هەبوو کە دەبوو شرۆڤە کرابان. بۆ وێنە پرسیاری ئەوەی کە زمانی دایکی بۆ ووڵامدەران مانای چ بوو؟

قازی: چەند لە سەدی زانیاریدەران دەیانتوانی بنووسن و بخوێننەوە؟ و چەندەیان ئوممیی بوون نەخوێندەوار بوون؟

ئوێپەنگین: پێم وایە ژمارەی زانیاردەری نەخوێندەوار کەم بوون ، ئەوانیش لە گوندان و لە چوارچێوەی شەمزینان دا هەبوون. بەڵکوو هەر چەند کەس دەبوون، کەسی زۆر پیر. مرۆڤ دەتوانێ بڵێ سەدی هەشتای زانیاریدەرەکان خوێندەوار بوون.

قازی: پرسیاری سەرەکی چ بوو دە ئانکێتەکە دا ؟

ئوێپەنگین: پرسیارەکان چەند بەش بوون.

قازی : دەکرێ باسیان بکەی ؟

ئوێپەنگین: مخابن ئەویشم باش وەبیر نایە، بەڵام بۆ نموونە یەک لە پرسیارەکان ئەوە بوو ئەو کەسەی کە ئەمن ئانکێتەکەم پێ پڕ دەکردەوە لە کۆنتێکستێکدا بۆ وێنە لە ماڵی خۆی لەگەڵ دایکی خۆی ، بابی خۆی، خوشک و برای خۆی ، ئامۆزای خۆ، کەسێکی نەناسراو ، کەسی ناسیاو، یانی بە پێکهاتەی جیاواز کێهە زمان بە کار دەهێنێ؟ بە چ زمانێک لەگەڵ ئەو کەسانە قسە دەکا. ئەوە یەک لە پرسیارەکان بوو. واتە بەکار‌هێنانی زمان بە پێی ئەو کەسەی لە هەمبەری تۆ دایە. ڕێزە پرسیاری دووەم ئەوە بوو گەلۆ لە کامە کۆنتێکست دا بۆ وێنە لە ماڵێ، لە بازاڕێ ، لە خوێندنگە، لە کۆڵانێ ، لە کاتی کایە کردن دا ، لە شاییان دا ، وابزانم لە پازدە کۆنتێکستی جیاواز دا زانیاریدەر بە چ زمانێک قسە دەکا؟ و ڕێزە پرسیارێکی دیکەش ئەوە بوو کە کاتێک بەحسی بابەتی ئاکادێمیک دەکەن، باسی مژاری پەروەردە ، باسی مژاری ڕۆژانەی کولتووری و قسەی ڕۆژانە ئەو دەمی بە چ زمانێک قسە دەکەن؟ یانی جیاکردنەوەیەکی ئەوتۆ لە پرسیارەکاندا هەبوو بۆ ئەوەی دەرکەوتنی زمانی لە ڕووی زۆر جیاوازەوە ئاستە بکرێ.

قازی: پرسیار و ووڵامەکان بە کوردی بوون یان بە تورکی و کوردی بوون؟

ئوێپەنگین: با من  هێند نەکەومە ناو ووردەڕیشاڵی لێکۆڵینەوەکە بەڵام، ئانکێتەکە هەم بە کوردی هەبوو هەم بە تورکی . بە نووسراو هەر بە تورکی بوو ، چونکە ئێمە دەزانین زمانی کوردی وەکوو زمانی نووسین هێندە بەربڵاو نییە ، لە لێکۆڵینەوەش دا  بەرپرسیارەتی لێکۆلەرەوە ئەوەیە کە هێندێک بێلایەن بێ، حەول بدا لە سەر نەتیجەی ئانکێتەکە حوکمی پێشوەخت نەدا . ئەگەر ئەمن ئانکێتم بە کوردی لە بەر دەم کەسێک دانابا کە لەوانە بوو  جاری یەکەم  با دەقێک بە کوردی ببینێ ئەگەری ئەوە هەبوو  وا بزانێ ئەمن چاوەڕوانی ئێوەی لێ دەکەم بە کوردی و بە پێی دڵی من ووڵام بداتەوە. بەڵام بۆمن وەک لێکۆلەرەوە گرینگ ئەوەیە چلۆنایەتییەکە ئەو جۆری کە هەیە بەشێوەیەکی ئۆبژێکتیڤ ئاستە بکەم. بەڵام دەتوانم بڵێم لە سەدی هەشتای پرسیارەکانم بە کوردی کرد.یانی دانوستاندمان لەگەڵ زانیاریدەرەکان بە کوردی بوو .

قازی: باشە بۆ بڵاو کردنەوەی ئانکێتەکان و وەرگرتنەوەی ووڵامەکان هەموو ئەو کارانە بۆ خۆت کردت یان کەسی ئاواش هەبوون کە یارمەتیت بدەن؟

ئوێپەنگین: بەڵێ ئاوالی ئاوا هەبوون کە یارمەتیان کردم، لێرە دا سپاسی ئەوانیش دەکەم ، بەڵام زیاتر خۆم کارەکەم ڕاپەڕاند.

قازی: باشە، ئاکامی سەرەکی ئەو توێژینەوەیە کە لەم کتێبە دا باست کردووە چ بوو ؟ بە تایبەتی ئەمن لە دوو بوار دا دەمەوێ بزانم. یەک ئەوەی کە تەسەوری زانیاریدەرەکانی تۆ چۆن بوو لە سەر زمانی خۆیان ؟ ئەوە یەک و دووەمیش پێوەندیی کوردی و تورکی؟

ئوێپەنگین:  ئەمن لە بەشی تیوری دا هێندێکم باس نەکرد بەڵام، لەو لێکۆڵینەوانە دا تێگەیشتنێکی گەلێک بنەڕەتیش ئەوەیە کە چاو لە بەکارهێنانی زمانێک دەکا بە پێی کۆنتێکستێک ، بە پێی مەیدانێک. یانی تەماشای ئەوە دەکا لە ناو ماڵ و لە دەرەوەی ماڵ با ئەوەش لەبەڕ چاو بێ و بە پێی ئەوە درێژە بە قسەکانم دەدەم. بەشی لێکدانەوە ئانالیزی ئەو لێکۆڵینەوەیە دوو بەش بوون. یەکیان ئەوەی کە هۆکارگەلی مێژوویی و کۆمەڵناسانە چن؟ یانی ئێمە ناکرێ هەر تەماشای ئەوە بکەین کەسێک لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا تا چ دەرەجەیەک بە کوردی قسە دەکا و تا چ ڕادەیەک بە تورکی دەدوێ و ناکرێ پاشخانی مێژوویی ، سیاسی لەبەرچاو نەگری. هەر بۆیە بەشێکی گرینگ لە کارەکە ئەوە بوو کە ئێمە پاشخانی ، مێژوویی ، سیاسی و  ئاکتوێل بخەینە بەر چاو و بەو پێیە ئەو ئاکامانەی لە ئانکێتەکان دەردەکەون شرۆڤە بکەین. ئەمن زۆر ناچمە سەر ووردە ڕێشاڵ چونکە زەخت و زۆر لە سەر زمانی کوردی و سەرکوتکردنی ئاشکرایە بەڵام شتێک هەیە کە دەبێ باش ڕوون بکرێتەوە ئەویش ئەوەیە بۆ نموونە گەلێک کەس لە قسە کردنی ڕۆژانەش دا بە لێبڕاوی دەڵێن تەنیا ڕێگایەک هەیە بۆ پاراستنی زمان ئەویش ئەوەیە دایکوباب بە زمانی خۆیان لەگەڵ منداڵانی خۆیان قسە بکەن. یانی کوردی فێری منداڵی خۆیان بکەن. بەڵێ ئەوە قسەیەکی ڕاستە، سەر سەر و سەرچاوان بەڵام، چەقی مەسەلەکەش ئەوەیە کە چۆن دایکوبابێکی کە دوای ماوەیەک کوردییەکەیان لە کورتێی داوە و لاواز بووە ، بەڵام هێشتا کوردی دەزانن و خۆیان وەک کورد دەناسێنن و  ناسێنەی خۆیان بە کورد دەزانن بە شێوەیەک منداڵی خۆیان فێری کوردی ناکەن یان ناتوانن فێری کوردییان کەن. جا مەسەلە ڕاست لێڕە ڕا دەست پێ دەکا. دەنا وەکی دیکە ڕاستە ئەگەر تڕانسمیشنی زمانی، گواستنەوەی زمانی  لە نێوان وەچان دا هەبێ ئەوە بۆخۆی دەستەبەری زمانییە.

قازی: دەتوانین بڵێین کە کوردیش لە باکوور هەر بەو شێوەیە ماوەتەوە.

ئوێپەنگین: بەڵێ هەر ئاوایە. لە بەر ئەوەیە کە تێگەیشتنی پاشخانی سیاسی و مێژوویی گەلێک گرینگە. شتێکی کە بۆ ئێمە لە لێکدانەوەی فاکتۆرگەڵ یان هۆکارگەلی سیاسی و مێژوویی دەرکەوت ئەوە بوو گورزی هەرە گەورەی کە وە زمانی کوردی دەکەوێ ئەوەیە کە لە مەیدانی سیاسی ، یان ناساندنی سیاسی بە شێوەیەکی لێبڕاوانە دەر کراوە . هیچ گرینگی و قیمەتی زمانی کوردی لە مەیدانی کەمێک دەرەوەی ماڵێ نییە. لە گوندەکاندا زمانی دانوستاندنێ ، تەنانەت زمانی کڕین و فرۆشتن کوردی یە،

قازی: دیارە لێرە دا مەبەستی ئێوە ئەوەیە لە ڕەسمییەتێ دا کوردی نییە. ئێمە باسی ڕەسمییەتێ دەکەین.

ئوێپەنگین: بەڵێ . لە ڕەسمییەتێ دا بە شێوەیەکی لێبڕاوانە دەر کراوە و زەخت و گوشارێکی زۆری لە سەرە و هێندێک زمانناس بە تایبەتی سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە سەر زمانی کوردی وەک جێنۆسایدی زمانی یان

قازی: زمانبڕین

ئوێپەنگین: زمانبڕین ، بەڵێ ، بەناو دەکەن. یانی لە جێنۆسایدێ دا حەوجێ نییە کە خەڵک هەر بە شێوەیەکی فیزیکی لە ناو ببردرێن چونکە کاتێک ئەساسی ئەو خەڵکە،  ناخی ئەو خەڵکە بە ئانقەست و بە لێبڕاوی لە ناو دەبردرێ ئەوە خۆی دەبێتە مەترسییەک لە سەر هەبوونی ئەو خەڵکە . هەر بۆیەشە لە پەیماننامەی جێنۆساید دا کە کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسندی کردووە . لەوێشدا پێناسەی جێنۆساید ئاوایە. جا بۆیە ئەگەر ئێمە ئەوەی لە بیری خۆمان دا بپارێزین و هەر وەها تەئسیری مۆدێرنیتە – چونکە مۆدێرنیتەش خۆی یەک لە کۆنسێپتە هەرە گرینگەکانە بۆ تێگەیشتنی چلۆنایەتی زمانی کوردی - ، ئەگەر ئێمە وەزعی کوردی لە باکوور لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان موقایەسە بکەین ، بۆ وێنە کوردستانی ئێران،  ئەمن ئێستا لێکۆڵینەوەی دوکتورایەکەم  لە مەهابادێ دەکەم.

قازی: پاشان ئەگەر دەرفەت هەبێ باسی ئەوەش دەکەین

ئوێپەنگین: باشە. ئەمن هەر دەمەوێ چاوەدێری خۆم لەوێ باس بکەم،  بۆ وێنە مەهاباد نا ، مەهاباد سۆرانی زمانە، بەڵام جێیەکی وەکوو ورمێ  کە بۆ خۆی کورمانجی زمانە

قازی : کورمانجی زمانە و تورکی ئازەربایجانی زمان

ئوێپەنگین: دیارە ئەرمەنی و ئاسۆری ئاخێویشی لێیە. ئەگەر مرۆڤ تەماشای بکا کوردەکانی ورمێ ، بە هیچ جۆر لە ماڵێ یان لە گەڕەکی خۆیاندا بە فارسی یان بە تورکی قسە ناکەن. ئیمکانی نییە. کوردیی خۆیان پاراستووە. جا ئەگەر وا بێ بۆچی هەمان زمان لە کۆنتێکستێک دا ڕادەگیرێ و لە کۆنتێکستێکی وەک تورکییە دا زۆر بە زەحمەتر ڕادەگیرێ، یان زۆر بە زەحمەتتر دەگوێزرێتەوە. جا لەو چوارچێوەیە دا کە تێگەیشتنی ئێمە لە چەمکی مۆدێرنیتە دەوری زۆرە.چونکە دەوڵەت – نەتەوە بۆ خۆی لە سەر تێگەیشتنی مۆدێڕنیتە ساز بووە، مۆدێرنیتەش لە تورکییە بە ڕێگای کەمالیزم ڕا هاتووەتە ناو کۆمەڵ. شتێکی کە پێیان دەگوت بە ڕۆژئاوایی کردن یان بە زانستی کردنی هەموو شت. زانستی کردنیش بە مانای هەڵبڕان لە پێوەرەکانی نەریتی و سونەتی دادەندرا.

قازی: باشە ئێمە ئەگەر بێینە سەر نەتیجەی لێکۆڵینەوەکە. لە دوو بوار دا بە چ دەگەین ، یەک ئەوەی کە هەلومەرجی زمانی کوردی چۆنە ، ئێستا بەرەو کوێ دەچێ ؟ و دووش تێگەی زانیاریدەرەکان لە سەر زمانی کوردی بۆخۆیان ؟ هەر پازدە دەقیقەمان وەخت ماوە.

ئوێپەنگین: زۆر بە خێرایی باسی ئەوەش دەکەین. بەڵام با ئەو پاشخانەی مێژوویی و سیاسییەمان لە بیر بێ. شتێکی کە بۆ ئێمە ڕوون بووەوە ئەوە بوو کە بەستراوەتەوە بەوەی کە ئاخێوەر لە گوند دەژی یان لە شار یان شوێنێکی نیوە شاری، هەڵسوکەوتی زمانی بەو پێیە دەگۆڕێ. لە گوندەکان زمانی کوردی باشتر دەپارێزدرێ لە بەر ئەوەی هێشتا زمانی کوردی لە ئاتمۆسفێر و فەزایەکی ڕۆژانە دا خاوەنی شوێنێکی تەبیعی یە. هەر کە زیاتر دێین بەرەو کۆنتێکستی زیاتر شاریانە ئەو تەبیعی بوونەی دانوستاندن بە زمانی کوردی زیاتر دەبێ بە حەولێک لە پێناو ناسنامە دا، چونگە لە چەرخی تەبیعی خۆی دابڕاوە. بەڵام شتێکی دیکەش هەیە ، بەڵام شتێکی کە لە گوند نییە، لە شار زیاتر دەبێ ئەویش زیاتر بوونی خۆناسینی زمانە، واتە نرخی زمانی وەکوو نیشانەی ناسێنەی نەتەوەیی زۆر زیاتر دەبێ لە شاری دا لە بەر ئەوەی لە شاران پۆتانسییەلێکی دیکە هەیە ، چەرخی تەبیعی گواستنەوەی زمانی لە شاران تێک چووە تا ڕادەیەک، بەڵام لەوێ سیاسەت یان شعووری سیاسی ووشیاری ناسێنەیی لە پێشترە و ئەوە کارێکی ئاوا دەکا ئێمە زیاتر هیوادار بین بە پاشەڕۆژی زمانی. وەکوو دی  لە سەر مەسەلەی وەچان، زۆر زۆر ئاشکرا بوو ، و لایەنی هەرە ئاشکرا لای من ئەوە بوو ، لە ناو نەسل یان وەچەی جەوان دا ، نەسلی تازەپێگەیشتوو دا پشکی زمانی تورکی هەتا دێ زیاتر دەبێ.

قازی: یانی جەوانان زیاتر مەیلی ئەوەیان تێدا بەدی دەکرێ بە تورکی قسە بکەن، تورکی بە کار بێنن.

ئوێپەنگین: بەڵێ. ئەگەر پاشخانی سیاسی و مێژوویی لە بەرچاو بگرین ئەوە گەلێک ئاشکرایە. لەبەر ئەوەی کە پەروەردە و بەربڵاو بوونی خوێندنگەی خوێندەواری و سوسیالیزە بوون لە ناو وەچی جەوان دا زیاترە. سێ بەش هەبوون وەچی لە نێوان ٢٠ تا ٤٠ ساڵی، و توێژێک لە نێوان دا و وەچەیەکیش لە ٤٠ ساڵی زیاتر، لە هەر سێک کۆننتێکستان دا زیاتر مرخیان لە زمانی کوردی هەبوو، هەم بۆ توانایی خۆیان، هەم بۆ توانایی زمانی خۆیان و هەم بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانەی زمان و هەمیش بۆ تێگەیشتنی خۆیان یانی بیری وان لە سەر زمانی خۆیان زۆر ئەرێنیتر بوو، پۆزتیڤ تر بوو ، بۆ ئەوان بەهای زیاتر بوو لە وەچەی جەوان.

قازی: باشە، یەک شت لێرە دا بۆ من گرینگە بزانم ئەویش ئەوەیە بە لەبەرچاو گرتنی گەشەیەکی کە لە بزووتنەوەی هووییەتخوازی کوردی دا کە لە باکووری کوردستان دا هەبووە و هەر وەها هەبوونی داو دەستگای کە پەرەیان بە زمانی کوردی داوە ، دەستپێکردنی تێلێڤیزۆنێکی وەک مەد تیڤی لە ساڵی ١٩٩٦. تەئسیری ئەو فاکتۆرانە چەندە بوو لە سەر زانیاریدەرەکانی ئێوە؟

ئوێپەنگین: ئەگەر زۆر بە کورتی بڵێم. ئەو جۆرەی کە دەرکەوت هەموو زانیاریدەرەکان هەستیار بوون لە سەر کوردی، لەناو ئەواندا کەس نەبوو بڵێ کوردی بۆ ئەو گرینگ نییە. تێگەی هەموویان لە سەر کوردی گەلێک ئەرێنی بوو ، لەبەر ئەوەی ئەوە لە خۆناسین ڕا دێ، لە هوویەتەوە دێ.

قازی: باشە، ئەو ئەرێنی بوونە نەک لە بەر هەڵوێستێکە کە کوردی هەیەتی لە کۆمەڵ دا،چونکە کوردی هەڵوێستێکی  ڕەسمی نییە. زیاتر فاکتوری سیاسی هۆی ئەوەیە،

ئوێپەنگین: بەڵێ بەڵێ بە ووردی وایە. مرۆڤ دەتوانێ ئاوای ڕوون کاتەوە، چونکە لە کۆمەڵناسی دا چەمکێک هەیە بەناوی ' سەرمایەی زمانی ' ئەو سەرمایەیەی کە زمان بۆت پێک دێنێ . سەرمایەی زمانی ئەمن دەتوانم بڵێم هەتا چوار پێنج ساڵ بەر لە ئێستا بۆ کورمانجی لە تورکییە هەر نەبوو، هیچ نەبوو ، بەڵکوو پۆتانسییەل هەبوو، کەسانی کە دەیانتوانی پێشبینی بکەن دەیانگوت کە هەتا دە ساڵی دیکە کوردی دەبێتە سەرچاوە و ژێدەری بەرژەوەندییەک ، بەڵام وەکوو دیکە هیچ دەسکەوتێک بۆ ئەوان نەبوو بۆ تەعامول لەگەڵ کوردی. جا بۆیە ئەگەر لەو ماوەیە دا خۆیان لە زمانی کوردی کرد بێ بە ساحێب هەر لە بەر هووییەت بووە. جا ئەو هووییەتە خۆی بیگومان بە سیاسی بوونی کوردان واتە پۆلیتیساتسیۆنی کوردان وەدەست کەوتووە، لە خۆوە پەیدا نەبوو و لەو ڕێبازە دا بێگومان دەوری تێلێڤیزیۆن زۆر زۆرە. ئەگەر وەخت هەبێ ئێمە دەتوانین باسی شێوەی تەئسیری تێلێڤیزیۆنان بکەین.

قازی: کەمێک بە کورتی تکایە دەکرێ باسی بکەی. چونکە هێندێک پرسیاریشمان بۆ هاتووە ئەوانیش دەبێ بهێنینە گۆڕێ.

ئوێپەنگین: تیڵێڤیزیۆن بێگومان وەک من باسی بواری کۆمەڵایەتیم کرد، تێلێڤیزیۆنیش وەک بوارێکی کۆمەڵایەتی، لە بەر ئەوەی مەیدانێکە، کۆنتێکستێکە بۆ بەکارهێنانی زمانی، یەک لە مەیدانە بەرزەکانە. لەناو هێڕارشی بوارەکانی کۆمەڵایەتی، بوارەکانی ژیان دا. لە ناو ئەواندا یەک لە بوارە بەرزەکانە، جا ئەگەر زمانێکی وەک زمانی کوردی، کە کەمینەیە و سەرکوت کراوە بۆ ماوەی سەد ساڵان و بەر لەوەش خاوەنی نەریتێکی نووسراوی زۆر بە هێز نەبووە ، دیاردەیەکی وەکوو تێلێڤیزیۆن، کە نوێنەرایەتی مێدیا لە ئاستی بەرز دا دەکا ، بۆ زمانی کوردی، بۆ زمانێکی کەمایەتی و سەرکوتکراو بێگومان تێگە و باوەڕی ئاخێوەران، باوەڕی خەڵک بە زمانی خۆیان دەژێنێتەوە ، خەڵک باوەری پێ دێنن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئەمن دەمەویست باسی ئەوەش بکەم. شێوەی بەکارهێنانی زمان لە تێلێڤیزیۆنان دا بۆ خۆی چ تەئسیرێکی لە سەر خەڵک بووە؟ ئەویش بە قەدەر تەئسیری ئەرێنی تێلێڤیزێۆن گرینگە، چۆن؟ لە قۆناخی ستاندارد بوونی زمانان دا ، ئەگەر زۆر حەساس نەبن نەتیجەی نێگاتیڤ، نەتیجەی خراپیش دەتوانێ دەرکەوێ. لە نموونەی زمانی تورکی دا شتێکی ئاوا قەوما. لەو سەد ساڵەی دواییدا تورکی ئەستەنبووڵ یا با بڵێین تورکی ستاندارد بە سەر خەڵکی دا سەپێندرا و لەهجە تەنێ وەکوو دیاردەی گوندیانە و فۆلکڵۆری مانەوە. ئینجا بۆ کوردی ئێمە ناتوانین هەمان شت دووپاتە کەینەوە چونکە تورکان دەوڵەتیان هەبوو ، ئێمکانی پەروەردەیان هەبوو، یانی ئیمکانیان لە بەر دەست دا بوو کە ئەو سیاسەتە بە قەتعی داسەپێنن بەڵام بۆ کوردی گەلێک زەحمەتە و بە بۆچوونی من ، ئێمە باسی ئەوەمان دەکرد کە کوردی چۆن دەپارێزدرێ. بە باوەڕی من دوو ڕێگا هەیە: یەکیان ئەوەیە کە زنجیرەی نێوان ماڵبات، گەڕەک ، تاخ، محەلە و بازار ئەو زنجیرە قەت هەڵنەپسێ ، ئەگەر ئەوە داببڕێ نموونەی کۆرسیکا رێفڕانسێکی ئاشکرایە، لەوێ دابڕاوە و ئێستا دوای چەند سەد ساڵ ، بیست ساڵ لەوە پێش بەڕێوەبەرایەتییەکی هەرێمی پێک هات .

قازی: دەتوانی جارێکی دیکە ئەوەی گوتت شی بکەیەوە ، مەسەلەی ئەو درێژبوونەوەیە ، ئەو زنجیرەیە.

ئوێپەنگین: بەڵێ دێمەوە سەر وی. لە کۆرسیکا ئەو زنجیرەیە هەڵبڕابوو ، بەڵام ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکی هەرێمییان هەیە کە ڕێزێکی زۆر لە زمانی کۆرسیکایی دەگرێ و لە ماوەی بیست ساڵان دا سیاسەتێکی زمانی زۆر باشیان وەبەر گرتووە و پێرار لە ساڵی ٢٠١١ تێزێکی دوکتورا لە سەر زمانی کۆرسیکایی لە زانکۆیەکی فەڕانسە پێشکێش کرا و هێندێک قانوونیش لە فەڕانسە قەبووڵ کراون کە زمانە هەرێمییەکانیان تەشویق دەکەن و پشتیان دەگرن. لەگەڵ ئەوەشدا، هەرچەند نوێنەرایەتی زمان لە ئاستی بەرز دا، لە بەڕێوەبەرایەتییەکاندا ، لە نووسین دا ، لە تێلێڤیزیۆنان دا زیاتر بووە و ئێمکانی زمانی زۆر زۆر زیاتر بوون ، بەڵام بەکارهێنانی زمان لە ژیانی ڕۆژانە دا ، دە ناو خێزان و گەڕەک دا ، لە ناو ئەو بیست ساڵانە دا ئەوەندەی دیکەش کەمتر بووەتەوە. یانی هەبوونی پەروەردە بە زمانی کوردی یان هەبوونی داو ودەستگایان بێگومان یەکجار زۆر گرینگە ، تەنانەت خۆی لێ نابوێردرێ، بەڵام گاڕانتی ئەوە نییە کە ئەو زمانە دەپارێزدرێ.

قازی: گاڕانتی ئەساسی زنجیرەکەیە.

ئوێپەنگین: گاڕانتی ئەساسی ئەو زنجێرەیەیە کە هەڵنەبڕێ. ئەوەی کە ئەو زنجیرەیە هەڵنەپسێ ئەوەش شتێکی دیکەیە کە دیارە هێندەمان وەخت نییە باسی بکەین.

قازی: دەکرێ بە کورتی بیڵێی.

ئوێپەنگین: ئەگەر زۆر بە کورتی بیڵێم ، بێگومان ڕێگا زۆرن ، مرۆڤ دەتوانێ سیاسەتێکی باش بۆ پاراستنی زمان ڕەچاو بکا بە کەلک وەرگرتن لە تەجروبەی نەتەوەی دیکە. بەڵام بە باوەری من – ئێستا ئێمە لە سەر ئەکڕانی تێلێڤیزۆنێکین – دەوری تێلێڤیزۆن بۆ خۆی چی بێ ، دەبێ هەموو لەهجەکان، مەبەستم زازاکی ، و کورمانجی و سۆرانی نا، بەڵکوو ئەو لەهجانەی لە ناو کورمانجی دا هەن، با بڵێین دەڤۆکەکان بپارێزدرێن. ئەگەر ئاخێوەرێکی کورمانجی لە شەمزینان بە دەنگو باسی کە لە  ڕۆژ تیڤی، نووچە تیڤی و ستێرک تیڤی بڵاو دەبنەوە لە سەر زمانی خۆی وە شک کەوێ ، هەستێکی ئاوای لا دروست دەبێ کە بەڵێ زمانی ئێمە خراپە ، پێم وا نییە ئەوە ئەوان هێندە تەشویق بکا بۆ بەکارهێنانی زمان.

قازی: بینەر دەبێ خۆی تێدا ببینێتەوە. لەوەیدا کە دەیبینێ و دەیبیسێ

ئوێپەنگین: بەڵێ دەقیقەن. ئەویش کەمێک بەستراوەتەوە بە بەرپرسیارەتیی پەروەردە، بەرپرسیارەتیی ستاندارد کردنی کوردییەوە.

قازی: زۆر باشە ئێستا بگەینە ئەو پرسیارانەی کە بینەران کردوویانە. هاوکارێکمان هەندرێن هەورامی فەرەج کە بۆ خۆی زمانی هەورامییە پرسیاری کردووە. بۆچی ئێوە بۆ لێکۆڵینەوەکەتان بن – زاراوەی حەکاریتان هەڵبژاردووە؟

ئوێپەنگین: وام نەکردووە

قازی: ڕاستە باست کرد چونکە لێکۆڵینەوەکەت لە ناوچەی دیاربەکریش بووە. لە پرسیاری دووەم دا دەپرسێ: لە واقعی ئەمڕۆی کوردستاندا ئایا لە ڕوانگەی زانستی زمانناسیی کۆمەڵایەتییەوە تا چەندە گونجاوە کە زاراوایەک ببێتە زمانی فەرمی یان بە پێی بڕێارێک وەک زمانی فەرمی بسەپێندرێ؟

ئوێپەنگین:بە بۆچوونی من شەرتی فیزیکی، شەرتی مادی نییە بۆ داسەپاندنێکی ئاوا، بەڵام ئەگەر ئەو شەرتانە هەشبن بە بۆچوونی من ئەوە کارێکی هێندە مەعقوول نییە چونکە جیاوازی لە نێوان سۆرانی ، کورمانجی و زازاکی و هەورامی و لەهجەکانی کوردیی باشووری ئەوەندە زۆرن کە ئێمە ناتوانین کورمانجی زمانێکی بە هاسانی بخەینە دەرسێکی کە سۆرانی زمان بێ. یانی خۆی تێدا نابینێتەوە و ئەوە دەبێتە مایە و هەوێنی دووبەندی و کێشەی ناوخۆیی لە نێوان خەڵک دا.

قازی: ئاخر پرسیاریشی ئەوەیە کە ئایا بوونی یەک زمان مەرجە بۆ یەک نەتەوە؟ یانی یەک نەتەوە دەبێ یەک زمانی هەبێ؟ ئەویش مەرج نییە ، وا نییە؟

ئوێپەنگین: بە بۆچوونی من قەت مەرج نییە و کاتێک ئێمە باسی فرە زمانەتی لە نێوان کوردان دا دەکەین، ئێمە باسی هەبوونی فرە لەهجەیەتی دەکەین ، باسی فرە زمانەتی ناکەین، جا بۆیە ئەوانە هەموو ئەو  زمانانە لە بن بانی کوردی دا بەیەک دەگەنەوە و حەوجێ بەوە ناکا.

قازی: بەڕێزێک بە ناوی دیارێ ڕەش دەپرسێ ئایا ڕێک نەکەوتنی زمانناسان یان ئەو کەسانەی حەول دەدەن زمانێکی ستانداردی کوردی دروست بکەن لە نێوان سۆرانی و کورمانجی دا دەگەڕێتەوە بۆچی ؟ یانی چما سەرناکەون. هێندێکت باس کرد، ئەگەر هێندێکی دیکەشی لێ زیاد کەی.

ئوێپەنگین: ئەمن لەوبارەیەوە نەزەرێکم نییە، چونکە نازانم گەلۆ جەماعەتێکی ئاوا هەن کە حەول دەدەن سۆرانی و کورمانجی بکەنە یەک، من ئاگام لێ نییە نازانم.

قازی: بەڕێزێکی دیکە دەپرسێ ، هەنووکە بۆچی هێندێک لە قەڵەم بەدەستانی ئێمە لە نووسینەکانیاندا ووشەی بیانی بەکار دێنن ؟ و هەر لەو پێوەندییە دا دەپرسێ هۆکاری هاتنی بە لێشاوی ووشەی بێگانە بۆ ناو زمانی کوردی چییە؟

ئوێپەنگین: بە بۆچوونی من بۆچی ئەوەند پەیڤ و ووشە دێنە ناو کوردی ئەوە شتێکی گەلێک گەلێک ئاسایی یە چونکە کوردی لە زۆرێک لە بوارە تازەکانی ژیانی مۆدێرن و شارستانی ، تێکنیکی و تێکنۆلۆژیک دا پێشتر تەجروبە نەکراوە و ئەگەر ئێمە بمانەوێ ئەو بوارانە وەخۆ کەین ناتوانین بۆ هەر شتێکی تازە ووشەیەکی تازە دابڕێژین، جا بۆیە زۆر ئاسایی یە کە پەیڤ لە زمانی دیکە وەربگرین و ئەوە بە هیچجۆر نەبێتە هۆی لاوازی زمان ، لە لایەکی دیکەش ڕا ئەمن لەم دوو پرسیارانە لە هەر دووکیان دا فکرێک دەبینم ئەویش فکری پەتیگەری ، پیوریزم و هێندێک موحافەزەکاریی زمانی دەبینم ، بە بۆچوونی من ئەم شتە ئێستا لە مەیدانی کوردی دا زاڵە، یانی زمانی ستانداردی کورمانجی و سۆرانیش ، سۆرانی ڕەنگە تا ڕادەی کورمانجی نەبێ بەڵام حەول دەدەن خۆیان لە ژێر تەئسیری ووشەی عەڕەبی و تورکی و فارسی ڕزگار بکەن ، بە بۆچوونی من ئەوان بۆخۆیان بەو شێوەیە زمانی خۆیان لاواز و کز دەکەن و زۆر جاریش بە هەڵە پەیڤان لێک دەدەنەوە. بۆ نموونە ووشەی ' دین ' ئەوە بۆمن زۆر سەیرە. ووشەی  ' دین'  لە زمانی ئاوێستایی دا، کە یەک لە زمانەکانی پێش کوردی و زمانەکانی دیکەی ئێرانی یە ، لەو زمانەش دا ووشەی
' دین ' بە شێوەی ' دەیەنا ' هەیە ، ئەمڕۆ تەماشا دەکەی لە ناو کورمانجان دا ، دیسان شوکور لە ناو سۆرانییان دا وا نییە و دەڵێن ' ئایین ' و  ' دین ' ، بەڵام لە نێو کورمانجاندا ووشەی ' ئۆل ' هەیە نازانم لە کوێ ڕا هاتووە ، ئەوە گرفتێکی وا نییە بەڵام  ووشەی ' دین '  کە هەموو کەس لێی تێ دەگا ، لە ژیانی هەموو کەس دا جێیەکی گەورەی گرتووە دێن بە ووشەی ئۆل دەیگۆڕن ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئێمە پێمان وایە هەرچییەکی کە لە ئاخاوتنی کورمانجی ئێمە دا زیاتر لە تورکی دوور بێ یان لە فارسی ، لە عەڕەبی دوور بێ ، ئەوە هەرە موعتەبەرە، هەرچەند ئاخاوتنی ئێمە تێکنیکی بێ و ئاڵۆز بێ ، ئەوەندەش کوردی ئێمە باشە لە کاتێکدا شتی وا نییە.

قازی: ئێستا سێ پرسیارمان بۆ هاتووە بە زمانی ئینگلیسی، یەکیان لەلایەن هاوپیشەیەکی بەڕێزتەوە خانمی بیرگویل ییڵماز کە لە زانکۆی سواس ئەویش دوکتورای زمانناسی دەخوێنێ .پرسیارێکی هەیە لە سەر دیالێکتۆلۆژی یانی لەهجە ناسی و دەڵێ لێکۆڵینەوە لە سەر دیالێکتەکان لەکوردی دا بە پێی ڤاریانتی فۆنۆلۆژی چەندە هەیە، ئایا لێکۆڵینەوەی ئاوا کراوە یان نا؟ یانی جۆراوجۆری فۆنۆلۆژی لە ناو لەهجەگەلی کورمانجی لە باکوور.

ئوێپەنگین: تا ئەو جێگایەیەی کە من دەزانم لە سەر فۆنۆلۆژی کورمانجی لە ساڵی ١٩٧٦ لێکۆڵینەوەیەکی مارگارێت خان هەیە ، هەتا بڵێی کارێکی باش و تێئۆریکی کردووە بەڵام باسی جیاوازییەکانی فۆنۆلۆژی لەناو لەهجەکانی کورمانجی نەکردووە و تەنێ لە سەر فۆنۆلۆژی هەرێمێک کاری کردووە. ئەوەی کە ئەمن لە سەری بزانم ئەو لێکۆڵینەوەیەیە.

قازی: بەڕێزیشت لە مانگی سێپتامبری ساڵی ڕابردوو دا لەو کۆنفڕانسەی کە لە زانکۆی ئێگزێتر پێک هات بابەتێکت لەسەر فۆنۆلۆژی کورمانجی پێشکێش کرد.

ئوێپەنگین: بەڵێ ، " ئیزۆگلۆس، لە فۆنۆلۆژی و مۆرفۆلۆژی و سێنتاکسی کورمانجی دا لە کوردستانی باکوور " و لەوێدا ئەو شتەی کە ئێمە دۆزیمانەوە لە ڕوی فۆنۆلۆژییەوە لەهجەی لای ' مەڕەش ' یانی لەهجەی هەرە لای ڕۆژئاوای کورمانجی لە هەموو لەهجەکانی دیکە زۆر جیاوازە و تەنانەت لە ڕووی تیپۆلۆژییەوە هێندێک فۆنێم هێندێک دەنگی سەیریشی تێدایە کە زۆر سەرنجڕاکێشە بۆ زمانناسان. ڕەنگە کات نەبێ زیاتری لە سەر بڕۆین.

قازی: دوکتور کاتارینا بریزیچ کە ئێوە لە زانکۆی وییەن بەیەکەوە کارتان کردووە ئەویش دەپرسێ ئایا تا چ ڕادەیەک دیاسپۆرای کوردی دەتوانێ تەئسیری هەبێ لە سەر وەزعی کۆمەڵناسی زمان لە تورکییە . لەوانە پێواژۆی ستاندارد کردن و هەر وەها تەئسیراتی شێوەزارە جۆر بە جۆرەکان لە سەر یەکتری؟

ئوێپەنگین: ئەوە پرسیارێکی هەتا بڵێی گرینگە تێزێکی دوکتواری لە سەر نووسراوە . مژارێکی زۆر گەورەیە ، بەڵام ئەمن تەنێ بە کورتی دەناو کۆنتێکستێک دا دەتوانم بڵێم هەتا ساڵی ١٩٩٥ هەتا سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ یش ناوەندی ڕەوشەنبیریی کوردی هەر دیاسپۆرا بووە ، چ دەرکردنی گۆڤار بێ چ شێوەی دیکەی کاری ڕووناکبیری لە لایەن دیاسپۆراوە بەڕێوە چوون و ستاندارد کردنی زمانیش تا ڕادەیەکی زۆر چ لە ناو تێلێڤیزیۆنان و چ بە ئامرازی دیکە دا هەر بە ڕێکای چالاکی لە دیاسپۆرایە کراون بو وێنە لە سەر وەرگێڕان من بۆ خۆم لێکۆڵینەوەیەکم کردووە هەتا ساڵی ٢٠٠٥ ناوەندی وەورگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی هەر ئوڕووپایە ، یانی لە ئوڕووپایە زیاتر بابەت وەردەگێردرێن و بە شێوەیەکی جۆر بە جۆرتر، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٥ بەملایەوە هەتا دێ بەشی ئافراندن و بەرهەمهێنان لە کوردستانی باکوور زیاتر دەبێ، لە ئەستەنبووڵ و لە دیاربەکرێ. یانی گۆڕانێکی ئاوا هەیە لە دیاسپۆراوە تەئسیری گەورە لە سەر ناوەوە بوو بەڵام ئێستا ووڵات بۆخۆی میسیۆنی بەربڵاو کردنی ڕووناکبیری وەئەستۆی خۆی گرتووە.

قازی: زۆر زۆر سپاس ڕێزدار ئەرگین ئوێپەنگین . لە ئاخریش دا پێم خۆش بوو ئەوە باس بکەی کە ئێستا بەڕێزت لە زانکۆی پاریسی ٣ خەریکی کاری دوکتوراکەتی. دوکتورایەکەت لە سەر چییە؟

ئوێپەنگین: شتێکی تەواو جودایە، بە کورتی بیڵێم  لە سەر ئەو لەهجە سۆرانییەیە کە لە مەهابادێ قسەی پێ دەکرێ. یانی لەهجەی موکریی سۆرانی.

قازی: گەلێک سپاس بۆ بەشداریت لەم بەرنامەیە دا . هیوادارم دیسان دەرفەت هەبێ بەرنامەیەکی دیکەشمان بەیەکەوە هەبێ.

ئوێپەنگین: لە خزمەت دام.

قازی: زۆر مەمنوون. بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە گەیشتینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی  ' ڕاوێژ ' یش ، تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی : ئەو چاوپێکەوتنە بە شێوەزارەکانی کورمانجی و سۆرانیی کوردی کراوە و لێرە دا هەمووی هێنراوەتە سەر سۆرانی. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم هەڤپەیڤینە لە لاپەڕەی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵی فەیس بووک یان لە یوتیووب دا تەماشا بکەن








No comments: