چۆنێتی ئامادە کردنی 'قاموسی زمانی کوردی' لە لایەنی عەبدولرەحمانی زەبیحی یەوە. نامەی حەسەنپوور بۆ زەبیحی و وڵامی زەبیحی بۆ حەسەنپوور
نامەی کاک ئەمیر حەسەنپوور بۆ مامۆستا
زەبیحی و جوابی مامۆستا بۆ کاک ئەمیر
بەڕێز کاک ئەمیر حەسەنپوور لە ساڵی ١٩٧٨
لە ئەمریکاوە لە سەر نووسینی تێزی دوکتۆراکەی نامەیەکی بۆ مامۆستا زەبیحی نووسیوە
و لەو نامەیەدا چەند پرسیارێکی لە بابەت زمانەوانی و قامووس نووسین و... لە
مامۆستا زەبیحی کردووە و مامۆستاش لەگەڵ ئارەزووی سەرکەوتنی کاک ئەمیر لە
پڕۆژەکەیدا جوابێکی تێر و تەسەلی بۆ ناردۆتەوە.
لێرە دا لەگەڵ دووپاتە کردنەوەی سپاسم بۆ
کاک ئەمیر کە ئەو نامانەی بۆ ناردم و یەکەمجارە کە بڵاو دەکرێنەوە، دەیخەمە پێش
چاوی ئێوەی خۆشەویست.
لە سەر تێبینی خودی کاک ئەمیر وشەی
" ئێستاندارد " کە کاک ئەمیر لە نامەکەی خۆیدا بە کاری هێناوە و مامۆستا
زەبیحیش هەر لە سەر نامەکەی کاک ئەمیر عەینی شتی بە کار هێناوە، کراوەتە "
ستاندارد".
عەلی کەریمی، ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمان زەبیحی (مامۆستا عولەما)، چاپی یەکەم، ١٩٩٩، بنگەی چاپەمەنی زاگڕۆس، گوتنبێرگ، سوێد
عەلی کەریمی، ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمان زەبیحی (مامۆستا عولەما)، چاپی یەکەم، ١٩٩٩، بنگەی چاپەمەنی زاگڕۆس، گوتنبێرگ، سوێد
زانای بەڕێز ماموستا ع.زەبیحی
وێڕای سڵاو و ڕێز، خوێنکارێکی کوردم و
خەریکی نووسینی اطروحەم سەبارەت بە زمانی نەتەوەیی کورد. بەشێک لە تێزەکە باسی
فەرهەنگ نوسیی کوردیە. لەو بەشە دا
بێجگەلە باسی فەرهەنگەکان بە تێکڕایی، باسی سێ فەرهەنگ و سێ فەرهەنگ نوس (گیو ،
خاڵ،زەبیحی) دەکەم. تکایە ئەو پرسیارانەم وەڵام بدەوە و هەر شتێکی دیشت بە پێویست
زانی بۆم بنووسە.
١-چ بن لەهجەیێکت بە بنکە یان بناغە داناوە بۆ زمانی ستانداردی کوردی، مەبەستم لە بنکە ئەوەیە کە لە زمانناسی دا پێی دەڵێن نۆڕم (norm)
١-چ بن لەهجەیێکت بە بنکە یان بناغە داناوە بۆ زمانی ستانداردی کوردی، مەبەستم لە بنکە ئەوەیە کە لە زمانناسی دا پێی دەڵێن نۆڕم (norm)
[تێبینی: وا دیارە لە "قاموس"
دا " لەهجەی ناوەندی" ت بە نۆڕم داناوە (لاپەڕيی ٩ -١٠، ٤٠ ) . بەڵام ئەو لەهجەیە خۆی چەند بن لەهجەی هەیە کە
لە لاپەڕەی ٤٢، نێوی حەوتیانت نوسیوە: موکریانی، سۆرانی، سلێمانی، شوانی، جافی،
سنەیی، گەروسی. لەو باسەی کە لە لاپەڕەی ٤٠ و ٩ – ١٠ کردوتە وا دەردەکەوێ کە
" لەهجەی ناوەندی " لە عێڕاق بە بناغەی ستاندارد دا دەنێی. لە
لاپەڕەی ١٠٧ " کورتە نیشانەکانی
ڕێزمان ..." لەهجەی ناوەندیت دیاری نەکردوە بەڵام هەشت بن لەهجەت نیشانە
کردوە – جافی، سنەیی، سلێمانی، شنۆیی، کەرکوکی، کۆیی، موکریانی، هەولێری.]
٢-لە لاپەڕەی ٤٠ نوسراوە: " زمانی یەکگرتوی نوسین.." کە " بە تایبەتی لە کوردستانی عێڕاق ، هەنگاوی باشی بەرەو پێشەوە هەڵێناوەتەوە ..." . ڵاپەڕەی ٩: " ... زمانی کوردی کەوتوتە سەر رچەی (زمانی ئەدەبی) و بەرەو پێش دەچێ... نەمامی ( زمانی کوردی ئەدەبی یەکگرتو) گووراوە و شین بوە.." پرسیاری ١:" قاموس" لە بەرامبەر ئەو زمانە ئەدەبیە یەکگرتوە چ بەرنامە و سیاسەتێکی هەیە؟ "قاموس" چۆن یارمەتی دەدا بە پەرە پێ دان و تثبیتی ئەو زمانە؟ پرسیاری ب: لە بن لەهجەکانی دو لەهجەی دی باکوری و جنوبی – و هەر وەها زازایی و هەورامی چۆن کەلک وەردەگرێ؟ پێوەندی زمانی یەکگرتوی ئەدەبی لەگەڵ ئەو لەهجانەی دی چیە؟ چ وشەیێک لەو لەهجانە لە قاموس دا تومار دەکرێ؟ ملاک و معیاری هەڵبژاردنی ئەو وشانە چیە؟
٣-ئایا ئەو " زمانی یەکگرتوی نوسین "
خۆی لە باری زمانی کومەلایەتی یەوە چەند
نەوع یان شێوەی هەیە یان نا؟ وەک شێوەی ئەدەبی / قسەکردن، رەسمی/ غەیری ڕەسمی ،
عیلمی / غەیری عیلمی و شتی وا.. ئەگەر ئەوانەی هەیە بۆ لە قاموس دا دیاری نەکراون؟
٤-سەبارەت بە تت ( وشەی تازە داتاشراو) چ
سیاسەتێکت هەیە:
ئەلف –چ وشەیێکی تازە داتاشراو توماری دەکەی؟
ب-بۆچی وشەی تت تۆمار دەکەی؟
ج:سەرچاوی ئەو وشانە چن؟
د-ئایا وشەکانی " کۆڕی زانیاری "
دەخەیە نێو قاموس یان نا؟ بۆ؟
ه-ئایا وشە داتاشراوەکانی پێش دامەزرانی کۆڕ
وەک " زاراوەی زانستی کوردی " (نەقابەی ماموستایان) یان "هەندێک زاراوەی زانستی" (جەمال
نەبەز -١٩٦٠) دێنە نێو قاموس؟
٥-وشەکان چۆن کۆ دەکەیەوە؟ نزیکەی ٨٠
سەرچاوەت نوسیوە ( لاپەرەی ١٠١- ١٠٦).
بێجگەلە وانە چون لە زمانی خەڵکی وشە کۆ دەکەیەوە؟ لە فەرهەنگی خاڵ و مەهاباد چۆن کەلک وەردەگری؟
٦-بۆ ڕۆژنامە و گوڤاری کوردی جێگەیێکت داناوە
یان نا؟
٧-لە نوسینی ( کۆکردنەوە تا نوسینی) قاموس
بێجگەلە خۆت کەسی دی بەشدارە؟
٨-بە بێ یارمەتی کۆڕی زانیاری دەت توانی "
قاموس" ەکە دابنێی و چاپی بکەی؟
٩-تکایە
ئەگەر دەکرێ بەسەرهاتی خۆت بە کورتی بنوسە –ئەو شتانەی کە یارمەتی بدا بە
رونکردنەوەی ئەو شتانەی کە لە دانانی
"قاموس" دا تەئسیری هەیە،لە
قاموس" دا زۆر شتت نوسیوە کە بۆ رونکردنەوەی ئەو مەسەلە باشە. بەعزە
شتێک کە نە نوسراوە: لە کوێ دەرست
خوێندوە؟ فەقێیەتی؟ مەدرەسە؟ چ ساڵێک لە لای ماموستا گیو فەڕانسەت خوێندوە؟ بێجگە لە چاپی"نیشتمان" و ئەو قاموسە، لە زمان و ئەدەبیات دا چ
شوێنەوارێکت هەیە – وەک شێعر و چیروک و شتی وا؟
[تێبینی: مەنزور لە بەسەرهات ئەوەیە:
زۆربەی فەرهەنگ نوسی کورد لە روی هەستی نیشتمانییەوە ئەو کارەیان کردوە بۆ پاراستن
و گەشاندنەوەی زمان؛ زۆربەیان بێجگەلە فەرهەنگ نوسی ئیش و کاری دیکەیان بوە –
معلم، مەلا، خەباتی سیاسی و ...]
١٠-پێت وایە دانان و چاپ کردنی تەواوی قاموس چەند ساڵان دەخایێنێ؟
١١-بەرگی ١
قاموس چەند وشەی تێدایە؟
لەگەڵ
سپاسێکی زۆر – چاوەروانی وەلامت دەبم
بە ئاواتی سەرکەوتنت
ئەمیر حەسەن پور
برای بەڕێز و خۆشەویست کاک ئەمیر حەسەن پور
لە پاش عەرزی
سڵاو و ئەحواڵ پرسی، لەم ئەرکە پیرۆزە گرانە دا کە وەئەستۆی خۆتان گرتوە و
دەتانەوی (تێز)ی دوکتورای خۆتان لە سەر زمانی نەتەوەیی کوردی بنوسن داوای
سەرکەوتنتان بۆ دەکەم و لەوەش کە بڕیارتان داوە لە بەشی فەرهەنی (تێز)ەکەتاندا
یادێکیش لە بەندە بکەن سوپاستان دەکەم ئەگەرچی خۆشم بە شایانی ئەو شانازیە نازانم.
نامەکەتانم دە پازدە ڕۆژێکە بە دەست
گەیشتوە، چەند پرسیارێکتان فەرمو بو ئەوا لە خوارەوە وەلامەکانیاتان بە عەرز
دەگەیێنم:
ء-پرسیاری یەکەمتان " چ بن لەهجەییکت
بە بنکە یا بناغە داناوە بۆ زمانی ستانداردی کوردی. مەبەستم لە بنکە ئەوەیە کە لە زمانناسیدا پێی دەڵێن (norm )
١-لە پێش هەموو شتیکدا دەمەوی روونی کەمەوە
کە (بن لەهجە) بۆ ئەوە دەست نادا بە لای منەوە ببێتە نۆڕمی زمانێک بەلکو لەهجەی
سەرەکی لە هەر زمانێکدا دەتوانێ ببێتە بنکەی زمانی ستاندارد، ئەو جار بۆ وەڵامی
پرسیارەکەتان، ئەوەی ڕاست بێ و خۆشتان باش دەزانن کە تەنیا لە (عێڕاق) زمانی کوردی
بە شێوەیەکی هەراو و بەربڵاو پێی دەنوسرێ و هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاقەوە
زمانی کوردی زمانێکی ڕەسمی و قانونییە و بە پێی قانون، ئێستا لە هەرێمی ئۆتۆنۆمی
کوردستان زمانی خوێندن و نوسین و دادگا و دەوایری تری دەوڵەتیشە بۆیە تەنیا ئەو
لەهجەیەی کە نیو قەڕن زیاترە شێوەیەکی رەسمی وەرگرتوە وکەم و زۆر خزمەتی کراوە و
تا رادەیەک گەشەی کردە و پەرەی سەندوە بۆ ئەوە دەبێ ببێتە نۆڕمی زمانی ستانداردی
کوردی ئەویش لەهجەی ناوەندی زمانی کوردییە کە بە غەڵەت لێرە پێی دەڵێن لەهجەی
(سۆرانی) کە ئەمەی دواییان خۆی بن لەهجەیەکی لەهجەی ناوەندی دێتە حیساب و منیش هەر
وەکوو فەرمووتانە ڕاستە لەهجەی ناوەندیم بۆ (نۆرم)ی زمانی ستاندارد داناوە و (قاموس) شایەدی
ئەمەیە، چونکو: " ... هەموو ئەوانە بە تێکڕایی توانایی زمانی لەم مەڵبەندە دا
بۆ گۆڕان و گەشەکردن زیاد کردوە و کۆسپ و بەر هەڵستەکانی سەر ڕێگای ئەم گۆڕان و گەشە کردنەشیان تەخت کردوە.." (قاموس، سەرەتا، ل ٤٨)
٢-لەو تێبینیە کە بۆ پرسیاری یەکەمتان
نوسیوتانە، هەرچەند شێوەی پرسیاری نیە و زیاتر ڕەنگی بیرخستنەوەی هەیە ، بەم
حاڵەشەوە بۆنێکی پرسیاری هەر لێ دێت بۆیە لە خوارەوە چەند شتێکیشتان دەربارەی ئەو
مەبەستانەی کە باست کردون بۆ دەنووسم.
A –من لە قاموسدا ئەوەم کردوە کە لە دەستم هاتوە و
توانیومە و زانیومە لێی بدوێم هەر بۆیەشە کە حەوت بن لەهجە (subdialecte) م دەست نیشان کردوە چونکو هەر
ئەوەندەم زانیوە و ڕەنگە لەو ژمارەیە زیاتر بن.
B –ئەوە مەسەلەیەی کە حەوت بن لەهجەم دیاری کردوە
و کورتە نیشانم بۆ هەشتان داناوە ، بێگومان خۆتان دەزانن کە بن لەهجەکانیش لق و
پۆپیان لێ دەبێتەوە بۆ نموونە بن لەهجەی سۆرانی: (هەولێری) ، (کۆیی)، (خۆشناوەتی)
و ... لێ دەبێتەوە، جانازانم ئەم لق و پۆپی بن لەهجەکانی زمان چیان پێ بگوترێ
باشە؟
من بە ئانقەست بۆ (هەولێری) و (کۆیی) و
(کەرکووکی) کورتە نیشانم داناوە چونکو بە راستی لەو ناوچانە دا تووشی ووشەی ڕەسەنی
کوردی ئەوتۆ دەبین کە لە شوێنەکانی دیکە دا لە بیر چوونەوە، وەکوو ووشەی (ئەزموون)
کە هەر لە ناوچەی خۆشناوەتی دا دەکار دەکرێ. دەبێ ئێوەش هەستتان پێ کرد بێ کە لە
مەڵبەندی بن لەهجەی موکریانیدا شێوەی قسە کردن لە (مەنگوڕایەتی) و (لاجان) و
(محاڵ) و (شاروێران) کەم و زۆر ئەوەندە
لێک جیاوازن کە بۆ ئەوە دەشێن پیاو هەر وا بە سەریاندا تێ نەپەڕێ و هەقی خۆیان
بداتێ. بە کورتی هەڵژماردنی لەهجە و بن لەهجە ( بە لق و پۆپەکانیانەوە)کانی زمانی
کوردی بە لای منەوە کارێکی هێندە هاسان نیە و پێویستی بە گەشت و گێڵ بە ناوچە
جیاجیاکانی کوردستانا و تۆمار کردنی فەرق و جیاوازی ئاخافتن لەو ناوچانەدا هەیە.
ئەم کارەش دەبێ بە شێوەیەکی عیلمی لە لایەن هەیئەتێکەوە بکرێ. چونکو کاری تاقە
ئینسانێک ناتوانێ کەم و کووڕی نەبێ، ئەمەش لە شرایطی ئێستاماندا هەر لە عێراق
ئیمکانی هەیە کە تا ئێستا نەکراوە. هیوام وایە کۆڕی زانیاری کورد لە دواڕۆژێکی
نیزیکا ئەم ئەرکە پیرۆزە ئەنجام بدات.
C-کاتێ ( قاموس)
زۆری لە سەر بنگەی لەهجەی ناوەندی داندرابێ، دیار کردنی کورتە نیشانی تایبەتیم بۆ ئەو لەهجە یە هێندە بە پێویست نەزانیوە ،
سەرەڕای ئەمە دەبوایە هەر بۆی دانێم ، خۆزگە کەم و کووڕی هەر ئەمە بایە ، (قاموس)
گەلێ کەم و کووڕی دیکەشی لەم بابەتە و لە بابەتی فەننی و عیلمییەوە هەیە کە هیوام
وایە لە بەشەکانی دیکە دا بتوانم ئەوەندەی
لە دەستم بێت نەیان هێڵم .
ب – (پرسیاری ٢ / ء) "
قاموس" بەرامبەر ئەو زمانە ئەدەبییە
یەکگرتوە چ بەرنامە و سیاسەتێکی هەیە؟
"قاموس" چۆن یارمەتی دەدا بە پەرەپێدان و تەثبیتی ئەو زمانە؟
١-من کە لە لاپەڕەی ٩ و ٤٠ ی سەرەتای
قاموس باسی زمانی (ئەدەبی) و ( زمانی کوردی
ئەدەبی یەکگرتو)م کردوە مەبەستم ئەو زمانەیە کە لە وەڵامی پرسیاری یەکەمتانا باسم کرد و ئەویش لەهجەی ناوەندی زمانی کوردییە
کە لە ساڵانی سەرەتای ئەم چەرخە ڕا لە کوردستانی عێڕاق بۆتە زمانی ڕەسمی و کتێب و
گۆڤار و ڕۆژنامەی پێ دەنوسرێ و ئەو کوردانەش کە بە لەهجەی باکوری یا جنوبی قسە
دەکەن و لە پێشدا وەک زمانی بێگانە دەهاتە بەر چاویان، ئێستا زۆر لە جاران زۆرتر
کەلک لەم کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤارانە وەردەگرن
کە پێشان ئەمە لە حوکمی (محاڵ) دا بوو ، هەر چەند ئەم دوایانە دە ساڵێک
زیاترە هەندێ ڕۆشنبیر -ئەگەر هەڵبگرێ پێیان بگوترێ ڕۆشنبیر – ی لەهجەی باکوری لە روی تعصبێکی کوێرانەی
غیر عیلمی منطقە پەرەستییەوە ناو بە ناو دەنگیان بەرز دەکەنەوە و بە ناوی ئەوەی
کە:
A –ئەو
کوردانەی بە لەهجەی باکوری قسە دەکەن ژمارەیان گەلێ لە ئی لەهجەی ناوەندی زۆرترە.
B – گۆیا بە قسەی
ئەوان لەهجەی ناوەندی زمانێکی ( مفراش ) ە، وشەکانی لە زمانانی فارسی،
عەڕەبی ، تورکی و تەنانەت ( فرەنسی)ش وەرگیراون.
C –زمانی لەهجەی ناوەندی ( گراماتیکا)ی نیە، مذکر و موءنثی تیذا نیە
( وەکو زمانانی عەڕەبی، فرەنسی، ئەڵمانی و ...
...) لەهجەی باکوری هەیەتی.
داوا دەکەن کە لەهجەی
باکوری بکرێتە باو و ببێتە بناغەی زمانی کوردی ستابدارد، کە ئەم بڕ وبیانوانە
ناتوانن ببنە بناغەی ئەوتۆ بۆ خانوی زمانی ئەدەبی یەکگرتوی کوردی چونکو زۆری
ژمارەی ئەو کەسانەی بە لەهجەیێ لە لەهجەکانی زمانێک قسە دەکەن ، ئەو هەقەیان
ناداتێ تطوری هەزار ساڵ زیاتری لەهجەیەکی دیکەی زمانەکە بستڕنەوە لەهجەکەی خۆیانی لە جێگە دانێن کە هێشتا لە
سەرەتای دروست بوونی خۆی هێندە دور نەکەوتۆتەوە، کە بۆ تەعبیر لە ( خانی دەنگ =
مخرج حرف) کەڵک وەرنەگرێ و چونکو لەهجەی ناوەندی ئەو ( فراش) ەش نیە کە ئەوان باسی
دەکەن بگرە لەم بابەتەوە – خواستنەوەی
ووشەی بێگانە – گەلێ پاک و خاوێنترە و هەر وەک ئێوەش ئاگادارن گەلێ ڕۆژهەڵاتناس بن
لەهجەی موکریانیان – ئەوان بە لەهجەی ناو دەبەن – بە ساف و بێگەردترینی لەهجەکان و
ئەساسی زمانی کوردی داناوە بەڵام ( مذکر)
و (موءنث) - کە لە لەهجەی باکوریدا هەر
وەک زمانی فرەنسی وایە – بە لای منەوە لە هیچ زمان و لەهجەیەک دا ناتوانێ نیشانەی
پێشکەوتنی ئەو زمانە یان لەهجەکە بێت
بەڵکو مەعلولی ئەو عیللەتانەیە کە لە خوارەوە باسیان دەکەم:
یەکەم-مذکر و موءنث لە زمانانی پاشکەوتوی وەکو کوردی دا دەگەڕێتەوە
بۆ : تطور نەکردنی زمانێ یان لەهجەی زمانێک و هەر وەک خۆی مانەوەی کە لە دەورانێکا خەڵک ناچار بون بۆ دقتی تەعبیر
فەرقی ژن و پیاو بکەن، ئەو دەورەش لام وایە ئەو وەختەیە کە ئافرەت لە ناو کۆمەڵی
ئادەمیزاد قەدر و قیمەتی ئینسانی نەبوە و (پیاو) بە نەنگی زانیوە دەگەڵ ژن فەرقی
نەکرێ و چۆن دەگەڵ ژن قسە دەکرێ ئەویش هەر
وا بکرێ ، خۆ ئەوەش دەزانین کە عەڕەب هەر
بۆ ئەوەی سەرشۆڕی هەبوونی ( ئەولادی مێیینە)ی بە سەرا نەیەت کچانی خۆی زیندە بە
گۆڕ دەکرد تا ئیسلام هات و گوتی " و اذا الموءودە سئلت بای ذنب قتلت" و
لەم کارە ناڕەوایەی مەنع کردن.
دوەم-مذکر و موءنث لە
زمانانی پێشکەوتوی وەکو (فرەنسی ) دا – هەبوونی مذکر و موءنث لە هەندێ زمانانی
فەرەنگیدا وەکو ( فرەنسی، ئەڵمانی، عرووسی و ...و ...) هەر وەکو دەشزانن زمانی ئەڵمانی و ڕووسی لە باتی دو
جنس gendre) ) ی نێر و مێ جنسی سێیەمیش ، نە نێر نە مێ ( مخنث neuter )یان هەیە ، ئەم فێنۆمێنە بە لای منەوە لە زمانان دا ئەنجامی ئەوەیە
پێش ئەوەی عیللەتی ئەساسی وجودی مذکر و موءنث ( ئەوەی کە لە – یەکەم – دا باسمان کرد) لە ناو بچێ، ئەوان زمانانە
لە بەر شرایطی تایبەتی میللی کەوتوونەتە قۆناغی یەکگرتن و نوسینیان بە نسیب بوە و
تثبیت بون، لە واقعیدا وجودی مذکر و موءنث لەم چەشنە زمانانە دا (فۆسیل)ێکە لە
دەورانێکی پاشکەوتە ماوەتەوە پا محافظەکاری مانعی ئەوە بوە تطوراتی دوایی کاریان
تێ بکا و لە ناویان بەرێت، هەر وەکو وجودی مذکر و موءنث لە عەڕەبی دا دەگەڕێتەوە
بۆ دینی ئیسلام و قورئان کە پێشی هەمو دەستکارێکی لەم بابەتەی لە زمانی عەڕەبیدا
گرتوە. ئەگەر ئەو زمانانە لە زەمانێکی نسبتا (زوو) نەکەوتبانە حاڵی نووسین و
گراماتیکایان تۆمار نەکرابا، گومانم نیە ئەوانیش وەکو لەهجەی ناوەندی و جنوبی
زمانی کوردی زمانی فارسی و ...و ... و ( مذکر) و (موءنث) پا دەبوونەوە و تەنیا
شوێنەوارێکی بچوکی لێ بە یادگار دەمایەوە، هەر وەک لە سیغەی بانگ هێشتن (vocative) لەهجەی ناوەندی زمانی کوردیدا دەبینرێ و دەڵێن : کوڕە، کچێ،
پیاوەکە، ژنەکێ، هەتیوە، کچەتیوێ.
بەڵام ئەو دەنگە ناسازانەی کە داوا
دەکەن لەهجەی باکوری بکرێتە (نۆرم)ی زمانی ستانداردی کوردی، لە سەر دیواری بەرزی
لەهجەی گەشە کردووی پەرە سەندوو دەبێتە ( عەکسی صدا eco) و دەگەڕێتەوە، بەروبووی تەنیا ئەوەیە ناو بە ناو کتێبێ بە
(باکوری) دەردەچێ یان لە ڕۆژنامەکانا لاپەڕەیەک یا کەمتری بۆ تەرخان دەکرێ،
ئیستگەکانی ڕادیۆ کە بە زمانی کوردی قسە دەکەن ڕەوتی کاریان خزمەتی زمانی کوردی
ناکا و بێ گومان مەبەست هێشتنەوەی فەرق و جیاوازی لەهجەکانی زمانی کوردی و
(کریستالیزە) کردنیانە لەم قۆناغە دا کە کەوتۆتە خۆی و " نەمامی زمانی کوردی ئەدەبی یەکگرتو گووراوە" تا ئەو خەڵفە ساوایەی زمانی کوردی پەرە نەگرێ و
گەشە نەکا و لە ئەنجاما ئیشک ببێ. بۆیە
بە لای منەوە دەبێ هەموو جۆرە هەوڵ و تەقەلایە بدرێت بۆ تثبیتی بەروبوی زیاتر لە
پەنجا ساڵی تطوری زمانی نەتەوەیی کوردی و ئەمە ئەرکێکە زیاتر لە هەمو کەس دەکەوێتە
سەر شانی زانایان و خوێندەوار و ڕوشنبیرەکانی کورد کە ئەوەی پێیان دەکرێ و لە
دەستیان دێ لە پێناو پەرەپێدان و گەشەپێکردنی ئەو
نەمامە ساوایە درێغی نەکەن ئەمە لە لایەک ، لە لایەکی دیکەوە کە خۆشتان باش
دەزانن قوانینی تطور بە شێوەیەکی (جەبری) کاری خۆیان دەکەن و هیچ هێزێ ناتوانێ
ببێتە بەرهەڵست لە سەر ڕێگایان، تەنیا جار جارە نەبێ ئەویش ڕێگایان لێ وەردەگێڕن و
ڕوویان دەکەنە لایەکی ترەوە بەڵام ئەم کارە ناتوانێ هەتا سەر بێ و درەنگ یا زو
دەگەڕێتەوە سەر شا ڕێی تەبیعی خۆیان وکاری خۆیان دەکەن بۆیە من هیچ گومانم لەوە دا
نیە کە زمانی ستانداردی کوردی لە دوا ڕۆژ دا هەر لەهجەی ناوەندی زمانی کوردیە کە
بە تەئسیری قوانینی تطور و یارمەتی و هەوڵ و تەقەلای زانایانی کورد گەشە دەکا و
پەرە دەستێنێ.
ئەو مەبەستە زۆر درێژ بۆوە بەڵام لە سەر فەرموودەی خۆتان کە لە سەرەتای نامەکەتاندا نوسیوتانە : "
هەر شتێکی دیشت بە پێویست زانی بۆم
بنوسە" بە لامەوە پێویست بو لەم مەبەستانەی کە باسم کردوە ئاگادار بی و بزانی
گەشە کردن و پەرەسەندنی زمانی نەتەوەی کورد چ جورە گیروگرفتێکی لە سەر ڕێگایە.
٢-بۆ وەڵامی بەشی دوەمی
ئەم پرسیارەتان، وەکو خۆتان دەزانن کتێبێک چەند دەتوانێ یارمەتی پەرە سەندن و تەثبیتی زمانێک بدات،
"قاموس" یش هەوڵ دەدا ئەو خزمەتە بکات، نیشاندانی حەقیقەت و لێهاتوویی
لەهجەی ناوەندی زمانی کوردی، گەشە کردن و پەرەسەندنی ووشەکانی و لێک و لووس بوونی
تلفظیان و دوورکەوتنەوەیان لە قۆناغی (بەدویی) زمان و زیاتر مطابق بوونی دەگەڵ
قوانینی گۆڕان و گەشە کردنی ئەم قۆناغەی زمانی کوردی، بەرنامەی قاموسە.
ج-پرسیاری ٢/ب ، کە خۆی
دەبێتە چەند پرسیار یان چەند بەش، هەر بەشەی بە جیا وەڵام دەدەمەوە.
١-" لە بن لەهجەکانی
دو لەهجەی دی – باکوری و جنوبی – و هەر وەها زازایی و هەورامی چۆن کەلک
وەردەگری؟" من لام وایە – واقعیش هەر وایە -
کە زۆربەی ووشەکانی سێ لەهجەی زمانی کوردی یەکن و تەنیا تلفظ یان فەرق
دەکا، لە لەهجەی باکورییدا وەکو زمانی عەڕەبی دەنگەکان لە قووڵایی خانی دەنگەوە
(مخرج حرف) دەر دەخرێن و هێندێ دەنگی وەکو (ڤ، ط، ص ، ظ ) ی زۆر تێدایە و لە
لەهجەی ناوەندیدا ئەم دەنگانە گۆڕاون و بوونە (و، ت ، س ، ز ) و لە لەهجەی
هەورامی و زازاییدا کە لە ئەسڵا یەکن هێشتا هێندێ دەنگی ئاوێستایی کە وەکوو ( ث،
ذ) ی ئیمڕۆی زمانی عەڕەبی دەچن ، هەر ماون کە ئەمانەش لە لەهجەی ناوەندیدا بوونە (س) و (ز) کاتێ کابرایەکی هەورامی قسە
دەکا یەکێکی ناشارەزا بێ دەڵێ ئەم پیاوە زمانی (پسک) ە، ئەگەر لە ووشەکانی هەموو
لەهجەکانی زمانی کوردی وورد بینەوە دەگەڵ ئی لەهجەی ناوەندی بەراوەردیان کەین
دەبینین کە:
یەکەم- هەندێک ووشەکانی
باکوری، جنوبی و هەورامی هەر وەکو خۆیانن یا بە کەمێ تطور و گۆڕانەوە لە لەهجەی
ناوەندیش هەن، وەکو: ئاڤ (بک.)، ئوو (جنو.)، ئاو (هو.) ب بەلای منەوە ئەم جورە ووشانە نابێ وەربگیرێن
و بخرێنە زمانی ستانداردەوە و لە "قاموس" یش وەک واحیدێکی سەربەخۆ نایان
نووسم. لایەکی ترەوە هەندێ ووشە کە لە
لەهجەی ناوەندیدا دەنگەکانی تطورێکی زیاتریان هەیە و لە لەهجە و بن لەهجەکانی ترا
بە شێوەیەکی کۆنتر ماونەوە، وەکو: ئاوور، ئاگر (ناوەندی) ، ئایەر، ئاهیر (هو.) بە لای منەوە دەبێ بنوسرێن چونکو یارمەتی زانینی
ڕێبازی گۆڕان و گەشە کردنی دەنگەکان دەدەن.
دوەم- هەندێ ووشە هەن کە
لە یەکێ لە لەهجەکاندا دەبیندرێن و لە لەهجەی ناوەندیدا هەر نین، وەکوو: ئێزنگ
(بک.) ، ئێزم یا هێزم (هو.)= داری سووتەنیی
کە لە لەهجەی ناوەندیدا (دار) ی پێدەڵێن، بە لای منەوە دەبێ (ئێزنگ) بنوسری و (ئێزم یا هێزم) ی
هەورامی بخرێتە پاش گوێ لە بەر ئەوەی بە ڕێبازی تطوری فارسیدا ڕۆیشتوە ، یا :
بژیشک (بک.)= پزشک (فر.) من وای بە ڕاست
دەزانم کە (بژیشک) ی باکوری دەبێ بنوسرێ و (پزیشک) کە هێندێ نوسەر دەینووسن وازی
لێ بهێندرێ چونکو وەک ووشەیەکی فارسی دەقی گرتوە.
سێ یەم- لەهجەی هەورامی بۆ
ضمیری ئیشارە کۆمەڵێ ووشەی وەکو: ( ئیر، یە ...، ...) ه هەیە، هەندێ ووشەشی هەیە
کە نەگەییشتوتە ئەو قۆناغەی نیشانەی مەصدەری وەربگرن بەڵام دەلالەت لە سەر فیعل
دەکەن وەکو: (وانا) بە مانای خوێندن و " وانای وانۆ " = خوێندن
دەخوێنێ بەلای منەوە ئەوانەش نابێ
بنوسرێن چونکو گەڕانەوەیە بۆ پاشەوە. هەر وەها لە لەهجەی باکوریدا ضمیری موءنث مذکر هەیە و ئەسڵەن هەر ووشەیەک یا (مذکر) یا ( موءنث) ە- لە سەرەوە بە درێژی باسم کردوە – ئەوانەش پاش گوێ
خستنیان تطوری زمانی ستانداردی کوردی خێراتر دەکا. لە لەهجەی باکوریدا
کۆمەڵێ ( مصدر جعلیی) هەیە کە لە (ئیسم) یا (ریشەی مەصدەری عەڕەبی) و نیشانەی مەصدەری
کوردی پێکهاتوون وەکو: قوصاندن = تاشین ، هەڵپاچین ، طەمراندن = کوژاندنەوە،
لەبطین = خێرا کردن لە ڕۆیشتنا، ئەو مەصدەرە جەعلیانەش دەبێ وەلا بندرێن.
٢-"پێوەندی زمانی یەکگرتوی ئەدەبی لەگەڵ
ئەو لەهجانەی دی چیە؟" ئەوەی ڕاست بێ لە سەرەتای کارەوە بن لەهجەی سلەیمانی
کە دەتوانین بڵەین تەنیا ئی شاری (سلەیمانی)یە ، وەکو زمانی پێنوسین هاتۆتە مەیدانەوە
، ئەمە ماوەیەک درێژەی کێشاوە، ئەو ڕووداوەش – کە بێ گومان شرایطی سیاسی و مێژوویی
پێکی هێناوە – خۆی بۆتە هۆی ئەوەی کە نیمچە تعصبێک لە لای هەندێ خوێندەواری کوردی
خەڵکی سلەیمانی پەیدا ببێ و هەر بن لەهجەی سلەیمانی بە نۆڕمی زمانی یەکگرتو بزانن
کە لە جێی خۆی نیە. بەڵام چەند ساڵێکە ئیشەکە روی لەوەیە کە ئەم زمانە ئەدەبییە دەبێ بە ووشەی لەهجەکانی دی دەوڵەمەند بکرێ، بە
تایبەتی بن لەهجەی موکریانی زۆر تەئسیری
کردوە و بەرە بەرە ئەو ڕێبازە ئاواڵە بوە کە لە هەمو لەهجەکان کەلک وەربگیرێ و ڕۆژ
بە ڕۆژیش ئەم ئیشە پەرە دەستێنێ. [ تکایە تەماشای شەرەفنامە وەرگێڕانی هەژار ،
ئەفسانەی چیای ئاگری و قەڵای دمدم تەرجومەی شوکور مستەفا بفەرمون'].
٣-"چ ووشەیەک لەو لەهجانە
لە قاموسدا تۆمار دەکرێ؟ ملاک و معیاری هەڵبژاردنی ئەو ووشانە چیە؟ لە سەرەوە
(ج/١) تۆزێ لەو بابەتە دواوم کە چ ووشە گەلێ پێویستە بخرێتە پاش گوێ ، لەوانە
بگەڕێتەوە هەمو ووشەیەک پێویستە بۆ دەوڵەمەند کردنی زمانی یەکگرتوی ئەدەبی کەلکی
لێ وەربگیرێ.دەمێنێتەوە سەر ئەوان
ووشانەی لەهجەکانی دی کە لە قاموسا تۆمار دەکرێن، ئەوەی ڕاست بێ "
قاموس" تۆمار کردنی هەمو (مفردات)
ێکی لە بن لەهجەکانی لەهجەکانی ناوەندیدا هەن – بە پێی لێزانین و زانین – وەئەستۆ
گرتوە و دایناوە ببێتە قاموسێکی (نسبتا) کامڵی ئەم لەهجەیە و هیواداریشم کە
خوێندەوارانی کورد چاکی مەردایەتی بەلا دا بکەن
و قاموسێکی کامڵ بۆ هەر لەهجەیەک
دابنێن تا ببێتە بناغەی دانانی قاموسی یەکگرتوی زمانی کوردی بە هەمو لەهجەکانیەوە، من هەر ووشەیەکی دی کە لەم ماوەیە
دا هێنراوەتە ناو زمانی یەکگرتو ، لە قاموسا تۆمار دەکەم.
کۆڕی زانیاری کورد لە سەرەتای
دامەزرانیەوە ، جێ بە جێ کردنی ئەرکی دانانی قاموسێکی یەکگرتوی گرتۆتە ئەستۆ ،
بەڵام کەنگێ جێ بە جێی دەکا نازانم. ئەوە کارێکە کە لە ووزەی تاقە ئینسانێک دا نیە، هیچ نەبێ من توانستی ئەوە دە خۆم
دا نابینم.
د- (پرسیاری ٣) "ئایا ئەو زمانی یەکگرتوی نوسین خۆی لە
باری زمانی کۆمەڵایەتیەوە ، چەند نەوع یا شێوەی هەیە، یان نا؟ وەک شێوەی ئەدەبی/ قسە کردن ، ڕەسمی / غەیرە
ڕەسمی. / غەیرە عیلمی و شتی وا... ئەگەر ئەمانەی هەیە بۆ لە قاموسدا
نەکراوە؟"
ئەگەر وورد ببنەوە من نوسیومە:
" ...نەمامی ( زمانی کوردی ئەدەبی یەکگرتو) گوراوە و شین بوە" هەر بە
دوای ئەو ڕستەیە دا دەڵێم: " بەڵام هێشتا پێی دەوێ تا دەبێتە درەختێکی خاوەن
سایە و لق و پۆپ داری ئەوتۆ کە پیاو
ماندویی ڕێگای سەختی لە ژێر دا لە خۆی دەرکا و لە بن سێبەریدا بحەسێتەوە" (ل
-٩ ) ئەو قسانە دەگەیێنن کە هێشتا ( زمانی
یەکگرتو) ئەو هەمو شیوە یا نەوعانەی لێ پەیدا نەبوە و نەبۆتە " دارێکی لق و
پۆپ دار" چونکو ئەوانەی ئێوە لە پرسیارەکەتاندا باستان کردوە زمانێکی کامڵە
کە زۆر گەشەی کرد بێ و پەرەی سەند بێ، خۆتان باش دەزانن بە هەر بارێکدا کە لێکی
بدەینەوە ، زمانی کوردی ئەو دەرفەتەی بۆ هەڵ نەکەوتوە تا بگاتە ئەو پلەیەی کە
زمانی نەتەوەکانی دیکەی گەیوەتێ، بۆ زمانی کوردی فارسی کوتەنی: " هنوز اول
عشق است یا علی مددی" سەرەڕای ئەوەش بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵەین ( زمانی
یەکگرتوی نوسین) شێوەی ئەدەبی و قسە کردنی
هەیە.
هء-(پرسیاری ٤)
" سەبارەت بە (تت.) ( ووشەی
تازە داتاشراو) چ سیاسەتێکت هەیە"؟ ئەم پرسیارەتان چەند لقی لێ دەبێتەوە کە
لە شوێنێکی دیکە دا باسیان دەکەم.دەربارەی ووشەی تازەداتاشراو لە قاموسدا (ل/٦١) زۆر بە توندی دواوم ، من مخالفی ئەوەم هەر کەس دەستی قەڵەمی گرت هەق بدا بە
خۆی ووشەیێکی نوێ بۆ زمانی کوردی دابتاشێ، بەڵام تعصبی کوێرانەی میللی لە لایەک و
( اظهار فضل) و ( فضل فروشی) بە سەر
خەڵکا لە لایێکی ترەوە کارێکی وایان کردوە
کە ووشە داتاشین ( بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٥٨ ەوە) چەشنی (وەبا) و (تاعون) بڵاو
بێتەوە و لەم ماوەیە دا بە صەتان ووشەی
ناڕەسەنی بێ سەر و پێی بێ دایک و باب
بپەستێورێنە ناو زمانی کوردی کە لە
(ناڕەسەنی) دا هیچیان لە (بەروار)ەکەی من (تم: قاموس، سەرەتا ، ل/٦١) کەمتر نین. ملاحظە بفەرمون ، ووشەی (باکوور = شمال) کە
بەلای منەوە ووشەیێکی ڕەسەنە و زیندو کراوەتەوە سەر سەر و سەر چاو. بەڵام
نازانم کێ هاتوە لە سەر وەزنی (مشرق، مغرب) لە بەرانبەر (باکوور)ی ڕەسەندا
(باشوور)ی ناڕەسەنی لە باتی (جنوب) داتاشیوە، هەر وەها ووشەگەلی (ڕامیاری =
سیاسەت) و (ڕاژە =خزمەت) ، (وێژە = ئەدەب ، ئەدەبیات) و صەتان ووشەی تری لەم
بابەتە.
کاری داتاشینی ووشەی تازە بۆ هەر زمانێک دەبێ
بەو ڕێبازە مێژوویی یەدا بڕوا کە ووشەکانی ئەو زمانە لە سەفەری تاریخی خۆیاندا
پێیدا ڕۆیشتوون ، هەر وەها رێکخستنی دەستوور بۆ هەر زمانێک دەبێ لە سەر بناغەی ئەو
(قاعدە)انە بێ کە بە تێپەربونی ڕۆژگاران و لە ئەنجامی گەشە کردنی زمانەکەدا بە
شێوەیێکی تەبیعی دروست بوون، بەڵام بە داخەوە هەم داتاشینی ووشە و هەم دانانی
دەستوری زمانی کوردی کەوتۆتە ژێر
تەئسیری بێگانە ، وای دابنێ کە
خوێندەوارێکی کورد زمانی ئینگلیسی باش دەزانێ ئەم خوێندەوارە دێنێ ووشە و اصطلاحاتی زمانی ئینگلیسی تەرجەمە دەکا
بە کوردی و وشەیەک دادەتاشێ ، یا خۆ بابەتەکانی ( گرامر) ی زمانی ئینگلیسی بە
سەر زمانی کوردیدا تطبیق دەکا و دەست دەکا بە گرامر نوسین بۆ زمانی کوردی. یەکێکی دیکە لە زمانی ( فرانسە) یا ( ئەڵمانی) تا (عەڕەبی) شارەزایە، هەقی ئەوە دەدا بە خۆی
کە لەم زمانانە دا – لە ووشە و بابەتەکانی دەستوری زمان – هەرچی عەقڵی گرتی بۆ
زمانی کوردی بخوازێتەوە، لێرە دا من خۆشم بەلاوە نانێم و دەڵێم کە لە لایەن
دەستوری زمانەوە، دەستوری زمانی فارسی تا ڕادەیەک کاری لێ کردوم بەڵام سەرەڕای
خزمایەتی زۆر نیزیکی ( کوردی) و (فارسی)
خۆتان دەزانن کە زانا بەناوبانگەکانی
فارسی زمان لەو باوەڕە دان کە هێشتا ( فارسی) خۆی دەستورێکی کامڵی نیە و هێشتا دە هەوڵی ئەوە دان دەستورێکی ڕێک و
پێکی بۆ دانێن. قسەمان لە سەر ووشەی تازە بو کە کەوتینە باسێکی تری پێوەندی هەیە بەم جورە
ووشانەوە، پرسیارەکەتان دەربارەی ووشەی
(تت.) پێنج پرسیاری فرعی لێ بوونەوە بەم جورە:
ئەلف – چ ووشەیێکی تازە
داتاشراو تۆمار دەکەی؟
ب – بۆچی ووشەی ( تت.)
تۆمار دەکەی؟
ج-سەرچاوەی ئەو ووشانە
چن؟
د-ئایا ووشەکانی "
کۆڕی زانیاری" دەخەیە نێو قاموس یان نا؟ بۆ؟
ه- ئایا ووشە داتاشراوەکانی
پێش دامەزرانی کۆڕ وەک : زاراوەی زانستی" کوردی ،(نەقابەی مامۆستایان) ، یان "هەندێک زاراوەی زانستی" ( جەمال نەبەز – ١٩٦٠ ) دێنە ناو قاموس؟
ووشەی داتاشراو دەکرێنە
چەند بەش:
١-ئەوان ووشانەی کە لە
زمانی کوردیدا هەبون و لەم دوایانە دا ( زیاتر لە کاتی شەری دەوەمەوە) لە لایەن
نوسەران و ئەدەیبانی کوردەوە ، دەلالەتێکی تازەیان بۆ دۆزراوەتەوە و بە مانایەکی
تازە لە نوسین دە کار کراون وەکو:
لێژنە= کۆمەڵێ داری سوتەنی کە لە سەر یەک کەڵەکە
کرابێ . لە مەڵبەندی
شارباژێڕی سلەیمانی کە لێڕەوارە
خەڵکی سادە و نەخوێندەوار
بەو مانایە دەیڵێن، نوسەران و
ئەوانەی بە کاری
سیاسییەوە خەریک بون ، ئەم ووشەیان
لە باتی ( کۆمیتە) یا (
کۆمیسیۆن) دەکار کردوە.
کۆمار= ئەسلا لە ناو خێڵاتی کۆچەری کورد
ووشەی
مرکبی ( سەرکۆمار) بە مانای ڕەئیسی تیرەیەک لە
عەشیرەتێکی کۆچەری کورد ،
دەکار دەکرێ:
(سەر کوماری عێلی ڕوغزایی.
(ڕوغزایی تیرەیەکن
لە عەشیرەتی جاف) ئێستا
ووشەی (کۆمار) لە باتی
ڕێژیمی جەمهوری و (سەرکۆمار) لە
جیاتی(پرێزیدێنت)
دەکار دەکرێ و جێگەی خۆشیان
گرتوە، تەنانەت خەڵکی
نەخوێندەواریش قبووڵیان
کردووە
٢-هەندێک ووشە لە لەهجەکانی دیکە – زیاتر باکوری- خوازراونەتەوە و لە زمانی
یەکگرتوی ئەدەبیدا نە بە مانای خۆی مانایەکی
تر برەویان سەندوە، وەکو:
خەبات= لە لەهجەی باکوریدا بە مانای ( کار، شغل) ە و مەصدەری ( خەبتین )
بە مانای کار کردن ، کە
خوازراوەتەو بۆ زمانی یەکگرتو، مەصدەرەکەی نا بەلکو
( نێوە) ەکەی هاتوە و بە
مانای ( مبارزە سیاسی) دەکار کراوە،
مەصدەری مرکبی
( خەبات کردن) و ( خەباتکەر و خەباتکار)یشی لێ داتاشراوە و
زۆر باش
چەسپیوە و تەنانەت بۆتە
ناو بۆ کوڕان و کچان.
هەڤاڵ= ئەم ووشەیەش لە لەهجەی
باکوریڕا هاتوە و بە مانای ( ئاواڵ)ی
موکریانی خۆمانە، بەڵام
ئێستا تەنیا بە مانای ( رەفیقی حزبی) جێگەی خۆی
کردۆتەوە و هاوتا ناوەندیەکە ئەو مانایە نادات ،
بۆتە ناویش بۆ کوڕان.
مرۆڤ= پیاو، ئینسان ، بەشەر
زۆر ووشەی دیکەش لەم چەشنە
هەن کە خوازراونەوە یا دەلالەتێکی تازەیان بۆ هاتۆتە گۆڕێ و برەویشیان سەندوە و لە ڕێزی ووشە ڕەسەنەکانی کوردیدا
جێگای خۆیان کردوتەوە، ئەو جورە ووشانە لە قاموسدا تۆمار دەکرێن.
٣-هەندێ ووشە و اصطلاحاتی (
زانستی ، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ...) هەن کە ڕاستەوخۆ لە زمانانی ترەوە وەرگێڕدراونە سەر کوردی.و ووشەکانی "زاراوەی زانستی کوردی" (
نەقابەی مامۆستایان) و " هەندێک زاراوەی زانستی" (جەمال نەبەز) و هەر وەها ووشەکانی " کۆڕی زانیاری
کوردی" ، بەشێ لە وووشەکانی "ئەستێرە گەشە" فەرهەنگێکی
کوردی – عەڕەبی ( فاضل نظام الدین) کە وەک
من بیزانم بێ ئەوەی ناوی بێنێ زۆربەی زۆری ووشە زانستییەکانی هەر لە (جەمال
نەبەز) وەرگرتوە و هەر وەها ووشەکانی " فەرهەنگی زانیاری وێنەدار عەڕەبی –
ئینگلیزی – کوردی" ش لە وانەن. و
ووشەگەلێ کە لە سەرەوە باسم کردن و پاشانیش هێندێک نمونەتان عەرز دەکەم زۆربەی زۆریان ڕێگەیان لە "قاموس"
ناکەوێ، چونکو هێندە ناڕەسەنن، هێندە نالەبار داتاشراون کە پاش چەند ساڵێکیش (
هێندێکیان – ئی جەمال نەبەز – نیزیکەی بیست ساڵ) هێشتا نە لە نووسین و نە لە سەر
زاروزمانی خەڵکی نەیانتوانیوە جێگەیەک بۆ خۆیان بکەنەوە، ژمارەیەکی کەمیشیان
لەوانەن کە وەبەر تاریفی ( ١، ٢) دەکەون و
لە قاموسا دەنوسرێن، تکایە سەرنجێکی ئەم ووشانەی خوارەوە بدەن:
بازنە دراوە ، بازنە
دراوەکە = الدائرە المفروضە
بازنەی کارەبایی =
الدورە الدائرە الکهربائیە
بازنەی کەوت،
بازنە لێ کەوتەکە = دائرە القاس
( ئەستێرە گەشە،
ل / ٤١ )
سێ گۆشە = مثلث، سکل ثلاثی
او مثلث الاضلاع
سێ گۆشەی جوت لا = مثلث
میساوی الساقین
سێ گۆشەی جیا لا = مثلث
مختلف الاضلاع
سێ گۆشەی گۆشە تیژ= مثلث
حاد الزاویە
سێ گۆشەی گۆشە کراو = مثلث
منفرج الزاویە
سێ گۆشەی وەستاو = مثلث
قائم الزاویە
سێ گۆشەی یەک لا = مثلث
متساوی الاضلاع
سیانە = الثالوث ، ثلاثی
سیانە جوت باسک = مثلث
متساوی الساقین
سیانەی جیا باسک = مثلث
مختلف الاضلاع
سیانەی یەک باسک = مثلث
متساوی الاضلاع
( ئەستێرە گەشە:
ل ٤٦٠ ، ٤٦٦ ، ٤٦٧)
دەزولکەی خوێنین =
الشعیرات الدمویە ( ڕەگی زۆر باریک)
دەریا لوش = المحیط (
ئوقیانوس)
دڵە ماسولکە = العضلە
القلبیە
ڕە نوس = الرقم ( عدد- فارسی - )
( ئەستێرە گەشە: ل /
٣١٧ ، ٣٦٢)
اکلیل الملک ( crown imperial) کنێرە ، شا
گوڵبەند،
گوڵبەندی شا، حندقوق sweet clover , melilot
سێ پەڕەی
شیرین، کنێرە
( فەرهەنگی زانیاری
وێنەدار، ل ١١ ، ٣٣)
ملاحظە دەفەرموی (
شاگوڵبەند و گوڵبەندی شا) تەرجەمەی ڕاستەو خۆی (crown imperial) و ئەویش تەرجەمەی (اکلیل الملک ) و ( سێ پەڕەی شیرین) یش ئی (sweet clover) ە کە کوردی هیچ کاتێ (گوڵبەند) بە مانای دەسکە گوڵ یا تاج گل (
فارسی) ، کە مانای ( اکلیل) ی عەڕيبییە دەکار نەکردووە.
٤-کۆمەڵێک " ووشەی " دیکە هەن کە " تعصبی میللی کوردانە" و " قیاسی غەڵەت " دایتاشیون و ناچنەوە سەر ئەسڵێکی کە دەگەڵ مانای ئێستایان تەنانەت بۆرە پێوەندیکێشی هەبێ:
ڕاژە= خزمەت: دەبێ لە ( ڕاژاندنی لانک) ەوە
وەرگیرابێ کە گۆیا ئەم ڕاژاندنە خزمەتی منداڵ دەکا!؟
وەرگیرابێ کە گۆیا ئەم ڕاژاندنە خزمەتی منداڵ دەکا!؟
وێژە= ئەدەب، ئەدەبیات: پەیوەندێکی دەگەڵ ( بوێژ =
بڵێ و قسە بکە) هەیە،
بەڵام ئەدەب و ئەدەبیات قسە
کردن نیە.
باشوور= جنوب: لام وایە هەر بۆ ئەوەی دەگەڵ (باکوور)ی
ڕەسەن لە سەر وەزنێک
بن داتاشراوە!
ڕاڤە= شرح، تفسیر: نازانم لە کوێڕا
هاتوە، لە لادێی خۆمان
(ڕاوەک) مان هەیە کە
ماست و دۆ و ...تێدەکەن بەڵام چ
مناسەبەتێک لە نێوان
(پاڵاوتن) و ( شرح و تفسیر ) دا
نابینم .
واتا= مانا، معنی: یعنی ، ئەم ووشەیە و ( واتە)ش بە
مانای ( کە وابێ ، کە
وابوو، ئەگەر بەم جۆرە بێ)یە،
بەڵام بە مانای ( یەعنی؟ ...)
٥-بە مەنزووری لێک نیزیک
کردنەوەی زمانی ( کوردی) و ( فارسی) و بۆ کەم کردنەوە و لە ناو بردنی فەرق و جیاوازی ووشەکانیان ، سەروگوێلاکی هێندێ
ووشەی فارسی یان کوردی ، تێک شکێنراوە، (دەنگ) ە کانیان سەنگ و سوک کراون و بەم جورە کۆمەڵێ ووشەی
ناڕەسەن هاتونە مەیدان و بە ناوی ووشەی زمانی کوردی تۆمار کراون و خوێندەوارانی
کورد وەک ووشەی (ڕەسەن) ی کوردی دەیانقۆزنەوە، " فەرهەنگی آیەاللە
مردوخ" لەم جورە ووشانەی کەم تێدانیە. ئەم دو دەستە لە
( ٥،٤) دا باس کران بەو مانا داتاشراوانەی ئێستایان نانوسرێن و ئەگەر بۆم دەر بکەوێ کە ووشەی ( ڕەسەن) ی کوردین و بە پێی سیاسەت و بەرنامەی " قاموس"جێگەیەکیان دەست بکەوێ، لە شوێنی خۆیاندا تۆمار دەکرێن.
( ٥،٤) دا باس کران بەو مانا داتاشراوانەی ئێستایان نانوسرێن و ئەگەر بۆم دەر بکەوێ کە ووشەی ( ڕەسەن) ی کوردین و بە پێی سیاسەت و بەرنامەی " قاموس"جێگەیەکیان دەست بکەوێ، لە شوێنی خۆیاندا تۆمار دەکرێن.
٦-لەپرسیارە دەر بارەی ووشەی (تت.) پرسیارێکتان (ج –
سەرچاوەی ئەو ووشانە چن) بەلامەوە ڕون نیە
و نازانم مەبەستتان لە ( سەرچاوە) چیە؟
ئەگەر مەبەست ئەوە بێ کە من ووشەی ( تت.) لە کوێ دێنم؟ ئەوا دەبێ بڵێم لەو
سەرچاوانەیان ڕا دێنم کە باسم کردون یا خۆ لە کتێب و ڕۆژنامە و ... لە ڕێگای بیستنەوە دێتە دەستم.خۆ ئەگەر مەبەستیش ئەوە بێ کە ووشەی
(تت.) لە کوێ ڕاهاتون، ئەوا لە سەرەوە
باسم کرد کە ووشەی تازە داتاشراو چۆن پەیدا بون و دەبن و چۆن داتاشینی ووشەی تازە
وەکو (ئاهۆ)یەکی زمانەوانی لێهاتوە و هەر کەس لە بەر خۆیەوە ووشە دادەتاشێ و ئەو
داتاشینە بەشی زۆری دەگەڵ ڕێبازی تطوری
زمانی کوردی ، دەگەڵ شێوەی ئیشتیقاقی لە زمانی کوردیدا و دەگەڵ دەستوری زمانی
کوردی ڕێک ناکەوێ.
و – ( پرسیاری – ٥) ئەم پرسیارەشتان دو بەشە، کە جیا جیا وەڵامیان
دەدەمەوە:
١-ئایا ووشەکان چۆن کۆ
دەکەیەوە؟ نیزیکەی ٨٠ سەرچاوەت نوسیوە ( لاپەڕەی ١٠١ – ١٠٦ ). بێجگەلە وانە چۆن لە زمانی خەڵک ووشە کۆ
دەکەیەوە؟
کاری کۆ کردنەوەی ووشە بەم جورەی خوارەوە ئەنجام دەدەم:
کاری کۆ کردنەوەی ووشە بەم جورەی خوارەوە ئەنجام دەدەم:
A /ئاشکرایە خۆم هێندێک ووشەی کوردی دەزانم .
B / لە سەرچاوەکانی کە باسم کردون کەلک وەردەگرم.
C / لەو مەڵبەندانە کە
گەڕاوم گەلێ ووشەی تر فێر بوم.
لە وانەش بگەڕێتەوە هەمیشە
خەڵکی گەلێ ناوچەی کوردستان دەبینم ووشەیان لێ وەردەگرم بەڵام بەڕاستی ووشە کۆ کردنەوە لە زمانی خەڵکی، بە
تایبەتی خەڵکی سادە و نەخوێندەوار و نیمچە خوێندەوار، زۆر دژوارە، چونکو لە
ووڵاتمان فاسیلەی نێوان خوێندەوار و نە خوێندەوار ( هیچ نەبێ لە بەر چاوی
خوێندەوارەکە) گەلێکە، کابرای نەخوێندەوار لای وایە خوێندەوار هەمو شتێک دەزانێ یا
دەبێ بزانێ، بۆیە کاتێ ووشەیەکی سەرنج ڕاکێش لە دەم کابرایەکی سادە دەر دەچێ و بۆ
ئەوەی چاکتری تێ بگەی لێی دوپاتە دەکەیتەوە ، کابرا دەم و دەست لە دڵی خۆیدا وای
دادەنێ کە دەتەوێ گاڵتەی پێ بکەی، دەنا چۆن تۆ کە خوێندەواری و ( هەمو شتێ دەزانی)
ووشەیەکی کە لای ئەو هیچ نیە ، تۆ نایزانی و لەوی دەپرسیتەوە؟ هەر چەندیش زیاتر تێ
بکۆشی و هەوڵ بدەی تێی بگەیێنی کە بە ڕاستی تۆ ئەم ووشەیە نازانی و مەبەستت
ئەوەیە فێری ببی، کابرا زیاتر وا دەزانێ گاڵتەی پێ دەکەی و
زیاتر دەمی خۆی دادروێ. سەڕای ئەوانە
هەموی، من لە بەر موقعیتێکی کۆمەڵایەتی
تایبەتی کە بۆم ڕەخساوە کۆمەڵێکی زۆر خەڵکی جور بە جور دەناسم کە لە خەڵکی دیکە
هاسانتر بە دەستمەوە دێن، وەڵامی پرسیارم دەدەنەوە، ئەگەرچی گەلێ جار توشی ئەوە
هاتووم کابرا پێم دەڵێ: " قوربان جا
ئەوە چیە،چۆن جەنابت شتی وا نازانی؟ " یا خۆ زەردەخەندەیێکی دێتێ و بێ دەنگ
دەبێ. بەم حاڵەشەوە ئەگەر لە خەڵکی ناوچەیێکی
معینی کوردستان ووشەیێکم بیست و لە وانە بو کە نەیزانم و نەم بیستبێ، لە چەند کەسێکی
دیکەی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەپرسمەوە، کاتێ بۆم دەرکەوت و دڵنیا بوم کە ووشەیێکی
ڕایجی ناوچەکەیە و خەڵک لە قسە کردنا بە کاری دێنن ئەو جار فیشێکی بۆ دروست دەکەم
و لە شوێنی خۆی هەڵی دەگرم، پاشان هەوڵ دەدەم لە شێعری شاعیرانی کۆن ، قسەی نەستەق
و مەتەڵی کوردیدا بیدۆزمەوە. هەر وەها تێدەکۆشم بزانم کە لە چ ناوچە و مەڵبەندێکی
دیکەشا بەکار دێت یان نا؟ ئەسڵ و سەرچاوەی بدۆزمەوە. ووتم کە کۆ کردنەوەی ووشە لە دەم
خەڵکی نەخوێندەوار کارێکی دژوارە، بەڵام لەویش گرانتر و دژوارتر ، کۆ کردنەوەی
ووشە لە خەڵکی خوێندەوارە، چونکو کابرای
خوێندەوار بە ئارەزوی خۆی و لە باری سەرنجی خۆیەوە مانات بۆ لێکدەداتەوە و توشی (
تناقض) ێک دەبی سەرت لێ دەشێوێ و لە وانەشە ووشەیەکی (ڕەسەن)ی کوردی بە جارێک سەری
تێدا بچێ، لە خوارەوە نمونەیەکتان عەرز دەکەم:
لە مەڵبەندێ کە پێی دەڵێن ( بان سیروان) و دەکەوێتە دەورو بەری چۆمی (
سیروان) ی بە ناوبانگ، ( مەلا) یەکی تێگەیشتو بە هۆی دۆستێکی مشترکمانەوە کۆمەڵێ
ووشەی بۆ ناردم کە گەلێکیان لای خۆم تۆمار کرا بون، سەرەڕای ئەوەش من هاتم و
کۆمەڵێ (فیش)ێکی تایبەتیم بۆ هەموو ووشەکانی ساز کرد، چونکو لەو باوەڕە دام کە ئەو
ناوچەیە ( بان سیروان) دەگەڵ مەڵبەندی ( ژاوەرۆ) ی ئەو دیوی سنور لەو شوێنانەن کە
ووشەی کوردی ڕەسەنایەتی خۆی تێدا پارازتوە، هەر وەکو ( هەورامان) نەک هەر
ڕەسەنایەتی ووشە بەلکو شکڵی کۆنی گەڵی ووشەی بەو جۆرەی کە لە دەوروبەری
بڵاوبوونەوەی ئیسلامەتی دا هەیان بوە ڕاگرتوە. لە ناو ئەو ووشانەدا کە نەم بیستبون ووشەی ( بانگەشە) بو کە ماموستا بە (
دعایە) یەعنی ( تبلیغات Propaganda ) مانای لێدابۆوە. خوالێخوش بو مامۆستا ( گیو) یش
ئەم ووشەیەی بە دو شکڵی ( باڵگاشە) و ( بانگاشە) هەر بەو مانایەی نوسیوە ، کە
تەماشای سەر و شکڵی ووشەکەم دەکرد لە وانە
نەبو تازە داتاشراو بێ تا مانای ( پرۆپاگاندە) بدات، چونکو مەفهومی پروپاگاندە خۆی
تازە هاتۆتە ناو کۆمەڵگا و زمانی کوردیەوە و ناچێتە عەقڵەوە ووشەیەکی (کۆن) ئەو
مانا ( تازە)یەی هەبێ، بەڵام لەو باوەڕەش دا بووم کە ئەو ( مامۆستا)یەی ووشەکەی بۆ
ناردووم لە خۆڕا نەینوسیوە و بێ گومان لە مەڵبەندی ( بان سیروان) بە کار دێت بەڵام
بۆچی؟ و بە چ مانایەک؟ ئەوەیان جێگەی دو دڵی
بو. ئەو جار کەوتمە سەروکاری (
تجزیە) ی ووشەکە بەلای خۆمەوە بۆم دەرکەوت کە لەم کەرتانە پێکهاتوە [ بانگ + ا –
ئاش + ە – ئە /ا] کە هاو مانای ( ئاش
بەتاڵ ) ە لە واقعیدا مەدلولێکی پرۆپاگەندەشی هەر تێدایە، ئیتر بە دڵنیایی تۆمارم کرد و لە بەرگی دوەمی قاموسا
( ب) کە هەر ئێستا لە بەر دەستمە
ئامادەی دەکەم بۆ چاپ دەیبینن.
٢-" لە فەرهەنگی (
خاڵ) و ( مەهاباد) چۆن کەلک وەردەگری؟"
ئەم دو قاموسانە کۆمەڵێ
زۆر ووشەیان تێدا تۆمار کراوە، من هیچ ووشەیەک
نانوسم کە تەحقیقم نەکرد بێ . بە ڕاستیش هەڵاواردنی ووشەی ( ڕەسەن) و ( ناڕەسەن) لێکتر خۆی کارێکی دژوارە هیچ،
مەسەلەی کەلک وەرگرتنی لەو دو قاموسانە و هەمو کتێب و نامیلکەیێکی تریش کە بە ناوی
( فەرهەنگ) یا ناوەرۆکی "فەرهەنگ" نوسراون لە دژوارتریش دژوارتر
کردوە. و وەکو دەزانن ئەم دو
قاموسانە لەوانەن کە کردومن بە سەرچاوە بۆ
" قاموس" و سەرچاوەیەکی گەلێ
باشیشن بەڵام لە ووشەی " داتاشراو"
و " نا ڕەسەن" خاڵی نین ، ڕەسەنەکانیان لەوانەن هەمو کوردێک (
کەم یا زۆر) دەیانزانێ و منیش لە لای خۆم نوسیومن، هەندێک ووشەشیان تێدایە کە لە ئاخافتنی
ڕۆژانە دا خەڵک دەکاریان ناکا و بە سەر زمان خەڵکەوە نین من هەمو ئەو جورە
ووشانەیان لێ وەردەگرم و ئەگەر لەوانە بن کە خۆم نەمزانیبن یا بە مەعنایەکیان نەم
بیستبن سەرچاوەکەشیان دیاری دەکەم.
بێجگە لەوانە من بۆ بن
لەهجەی ( سنەیی) لە " فەرهەنگی مردوخ" و بۆ بن لەهجەی سلەیمانی وێڕای ئی
" خاڵ" لە ئی مامۆستا ( تۆفیق
وەهبی)ش کەلک وەردەگرم و هەر بەو جورەی لە سەرەوە باسم کرد کاریان لە سەر دەکەم.
ز-(پرسیاری شەشەمتان)
" بۆ ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی جێگەیێکت داناوە یا نا؟"
ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردیم وەکو سەرچاوەیێکی ثابت دانەناوە چونکو لە بەر دەستم دانین بۆ نمونە گۆڤاری گەلاوێژ کە لە ساڵەکانی پێش شەڕی دوەمەوە تا ١٩٤٩ بە ڕێک و پێکی دەرچوە و یەکەمین گۆڤارێکی ئەدەبی کوردییە کە هەوڵی داوە نوسینی کوردی بخاتە سەر ڕێگەیێکی ڕاست و ڕەوان و چاکترین سەرچاوەیە بۆ ئەم کارە، ئەمەش قەت مانای ئەوە نیە کە من ئەو سەرچاوە گرینگانەم بە لاوە ناوە و هیچ کەلکیان لێ وەرناگرم.
ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردیم وەکو سەرچاوەیێکی ثابت دانەناوە چونکو لە بەر دەستم دانین بۆ نمونە گۆڤاری گەلاوێژ کە لە ساڵەکانی پێش شەڕی دوەمەوە تا ١٩٤٩ بە ڕێک و پێکی دەرچوە و یەکەمین گۆڤارێکی ئەدەبی کوردییە کە هەوڵی داوە نوسینی کوردی بخاتە سەر ڕێگەیێکی ڕاست و ڕەوان و چاکترین سەرچاوەیە بۆ ئەم کارە، ئەمەش قەت مانای ئەوە نیە کە من ئەو سەرچاوە گرینگانەم بە لاوە ناوە و هیچ کەلکیان لێ وەرناگرم.
ح-( پرسیاری حەوتم) ،
" لە نوسینی " کۆ کردنەوە تا نوسین" قاموس دا بێجگە لە خۆت کەسی دی
بەشدارە؟ "
نوسین و ڕێکخستنی "
قاموس" دەبێ بکەینە چەند قۆناغ ، بەم جۆرە:
A-کۆ کردنەوەی ووشە.
B-نوسینەوەی ووشەکان لە سەر (فیش) و جیاکردنەوەی
ووشەکانی هەر دەنگێ
لە دەنگەکانی تر و یێکخستنیان بە
تەرتیبی ئەلف و بێ
.
C –تەحقیق دەربارەی : ڕەسەنی و
ناڕەسەنی ، ئەسڵی
ووشەکە و سەرچاوەی
پەیدا بونی و پێوەندی دەگەڵ زمانە
کۆنەکان .
D-دیاری کردنی هویتی دەستوری هەر ووشەیەک ،
هاوماناکانی لە
لەهجە و بن لەهجەکاندا .
E-مانا لێدانەوەی ووشەکان .
F-تێبینی بۆ هەر ووشەیەکی بە پێویست بزانم (٦،٥،٤
لە سەر (فیش)ی هەر
ووشەیەک دەنوسرێ)
G-نوسینەوەیان بە شکڵی کتێب و ئامادە کردنیان بۆ چاپخانە.
لەو کارانەی سەرەوە ، تەنیا
قۆناغی دوەم، ( نوسینەوەی ووشەکان لە سەر فیش و ...) ه هەر وەکو لە سەرەتای بەرگی
یەکەمی قاموسدا(ل/٩٤) ئیشارە کراوە، کۆنە دۆستێکم یارمەتی داوم و لە (ء-ی) هەموو دەنگەکانی لەبەر ئەو دەفتەرانەی کە
ووشەکانم بە بێ تەرتیب تێدا نوسیبونەوە خستوتە سەر فیش و ئەو جار (فیش)ەکانی هەر
دەنگێکی لێک جودا کردوتەوە و خستویەتە سەر یەک و بەو جورە ٥٢ جلد فیش کە هەر
فیشەی تەنیا ووشەیەکی لە گۆشەیەک لێ
نوسراوە هاتۆتە بەرهەم، لەو قوناغە دا فیشەکانی دەنگی (ء) کە ئێستا بۆتە بەرگی
یەکەمی " قاموس" چوار بەرگ بون کە هەر ووشەی ( بسیط و مجرد) یان تێدا
تۆمار کرا بو ، پاش ئەوەی ئیشیان لە سەر کراوە
و ( مشتقات) ی هەر ووشەیەکیش هاتۆتە گۆڕێ ، فیشەکان لە (٤) بەرگەوە بونە
(١٠) بەرگ و باقی ئیشەکانی ( ٦) قوناغەکەی دی هەموی خوم کردومن و بۆ ئەوەی کاری
قۆناغی حەوتەم وەکو کتێبێکی دەسنوس بمێنێتەوە، جارێکی تر ڕۆژ بە ڕۆژ بو چاپخانە
نوسیومەتەوە ئەوەش پێویستە بڵێم کە دوای نوسینەوەی فیشەکان ، کتێبە دەسنوسەکە
دەدەم بە چەند کەسێکی کوردی زان و هەر کەم و کوڕێکی تێدا بدۆزنەوە ئاگادارم دەکەن.
ط-(پرسیاری هەشتەم) ،
" بە بێ یارمەتی کۆڕی زانیاری دەت توانی "قاموس" ە کە دابنێی و
چاپی بکەی؟"
١-کۆڕی زانیاری هێشتا دانەمەزرابو کە من دەستم کردوە بە قاموس دانان ، یانی (کۆڕ) هەبا و نەبا من
(قاموس)م دا دەنا.
(قاموس)م دا دەنا.
٢-خۆتان دەزانن چاپ کردنی
کتێب پێویستی بە پوڵ و چاپخانە هەیە، ئەگەر ئەو دوانە نەبن هیچ کتێبێ چاپ ناکرێ ،
ئەمن هەر چۆنێ بو پووڵم بۆ چاپی قاموس پێکەوە نا بو، لەم بابەتەوە بۆ چاپی بەرگی
یەکەم (کۆڕ) هیچ یارمەتێکی ماڵی نەداوم، تەنیا دوای تەواو بونی ٢٠٠ دانەیان لێ
کڕیوم ( ئەمە پوڵی کاغەزی بەرگی یەکەمی دەرهێناوەتەوە). بەڵام بۆ مەسەلەی چاپخانە ، ئەگەر چاپخانەی
کۆڕ نەبا لە چاپخانەی دی پوڵی زۆرتری دەویست
لەوەی کە لە چاپخانەی کۆڕ لێیان وەرگرتوم و ئەوەندەش ئازاد نەدەبوم کار لە
سەر فۆڕمەکان بکەم. بەرگی یەکەمی قامووس
لە سەر حیسابی خۆم و لە چاپخانەی کۆڕ چاپ کراوە ئەگەر چاپخانەی کۆڕ نەبا
نەمدەتوانی چاپی بکەم.
[-کۆڕ بڕیاری داوە بەرگی دوەمی قاموس (دەنگی ب) لە
سەر حیسابی خۆی چاپ بکا و
ئێستا خەریکی نوسینەوەم و
ئەمەش بە ئەندازەی بەرگی یەکەم دەبێ.]
ی-"پرسیاری
نۆیەمتان" دەربارەی بەسەرهاتی خۆم،
پرسیارێکە کە من هەمیشە بەرانبەر وەڵامدانەوەی دورەپەرێز ڕاوەستاوم، زۆر کەس
داوایان لێ کردوم بەسەر هات و خاطراتی خۆم بنوسم، بەڵام هێندەم پێ ناخۆشە باسی خۆم
بکەم دەستم ناچێتە قەڵەم.
کاکە گیان دەبێ بەسەرهاتی یەکێکی وەکو من چ
بێ؟ چیرۆکێکی کوردەواری هەیە نابێ نەتان
بیستبێ، دەڵێن کابرایەکی کورد مرد و فرشتەی خوا چون لێیان پرسی: من ربک؟ وەڵامی
دانەوە: چەوەندەرێکم خواردوە هەموی ڕەگ و پوکە! ئەوەندەش کە لە " پێشگوتن"
ی قاموس دا نوسیومە ئەگەر بە پێویستێکی زۆر پێویستم نەزانیبا نەمدەنوسی و
پاش نوسینیش لام وا بو ڕوون کردنەوەی بەسەرهاتی "قاموس" نەک "خۆم" ئەوەندە بەسە. هەر چۆنێ بێ وا لە خوارەوە وڵامی
ئەو ووردە پرسیاری نۆیەمتان پەیدا بون بۆ دەنووسم:
١-"لە کوێ دەرست
خوێندوە؟" پێش ئەوەی بچمە مەدرەسە ئەلف و بێتکە و هەندێ ووردە کتێب و قورئانم
لە کن بابم خوێندوە و پاشان چومە مەدرەسەی ئیبتدایی ( سعادت) لە (سابلاغ) ی ئەو
دەمە و (مەهابات)ی ئێستا، بە پێی یاسای ئەو کاتە ( ١٣٠٦ – شەمسی) سێ کلاسی (
٣،٢،١) ئیبتداییم بە ساڵێک تەواو کردوە و چومە کلاسی چواروم و شەش کلاسەی
ئیبتداییم بە چوار ساڵان ئیمتیحان داوە.
پاش ئەمە هێندێک لە گولستانی سەعدی وچەند لاپەڕەیەک قواعیدی عەڕەبی (صرف میر)م لە مزگەوتی
هەباساغای لای مامۆستا (مەلا بایزی زگ دڕاوی) خوێندوە، لای مامۆستام ( مەلا قادری مدرسی) دەرسی (جەبر)م
خوێندوە هەر ئەو مامۆستایەم هەستی نەتەوە
پەروەریمی وەخەبەر هێناوە ساڵی ١٣١٧ چومە (رضائیە) و دەورەی هەوەڵی دەبیرستانم وەکو داوتەڵەبی
خارجی ئیمتیحان داوە. ئیتر ئاو بێنە و دەستان بشۆ. ئێستا بۆتان مەعلوم بو:
چەوەندەرەکە چەندە ڕەگ وپوک بو.
٢-"چ ساڵێک لای مامۆستا گیو دەرسی
فرانسەت خوێندوە؟" وەک لە بیرم بێ
مامۆستا گیوی ڕەحمەتی ساڵی ١٩٣٢ هاتەوە
مەهاباد و دوکانی عکاسی دانا لە کاروانسەرای سەید عەلی حسینی و کۆمەڵێ لە لاوانی
سابڵاغ فرانسەیان لە لا دەخوێند و منیش بۆ
ماوەی چەند مانگێک دەرسم خوێند و پاشان لای مامۆستا (مەلا قادری مدرسی) درێژەم
پێدا.
پاش ئەمانە لام وایە هەر
ئەوە دەمێنێتەوە کە بڵەین کەرەستە و سەرمایەی منیش بۆ قاموس نوسین وەکو گەلێ لە قامووس نوسانی کورد تەنیا هەستی نیشتمانییە، بەڵام جیاوازێکی
بچکۆڵە هەیە و ڕەنگە ئەوەی بۆ من هەڵ کەوتوە بۆ قامووس نوسانی تر ڕێک نەکەوتبێ،
چونکو:
A-هەستی نیشتمان پەروەری کردومی بە گەڕێدەیەک، کەم مەڵبەندی
کوردستان هەیە نەم دیتبێ یا دەگەڵ خەڵکی ئەوێ ماوەی گفتگۆم بۆ هەڵ نەکەوتبێ.
B- هەر ئەو هەستە وای لێکردوم هەوڵ بدەم ئەوەندەی پێم دەکرێ و بۆم
دەلوێ ئاستی زانینی خۆم بەرز کەمەوە و زانیارێکی گشتی (نسبتا) چاک پەیدا بکەم بۆ ئەوەی لە ڕاست خەباتکارانی دیکە بە خۆم دا نەشکێمەوە.
C-کاری نیشتمانی ماوەی چاوپێکەوتن و دانیشتن و گفتوگۆی دەگەڵ کوردی
دانیشتوی مەڵبەندەکانی کوردستان بۆ ڕەخساندوم و ڕێگای پرسیار هیچ، وەڵام
وەرگرتنەوەشی بۆ تەخت کردوم.
٣-"بێجگەلە چاپی
نیشتمان و ئەو قاموسە، لە زمان وئەدەبیاتدا چ شوێنەوارێکت هەیە و ەک شێعر و چیرۆک
و شتی وا".
لە پێش هەمو شتێکا نابێ
" نیشتمان" بە شوێنەوارێکی ئەدەبی یا هەرچی تری من دابندرێ، چونکو من
تەنیا لێپرسراوی چاپکردنی بوم و وێڕای هاوڕێیانی دی مەقالەشم تێ دا نوسیوە.لە
ڕۆژنامەی "کوردستان" چاپی مەهاباد
( ساڵی ١٩٤٥ -١٩٤٦) ، " کوردستان" و " خەبات" چاپی بەغدا ( لە ساڵی ١٩٥٨-١٩٦٠) و ڕۆژنامەی "النور" ی عەڕەبی و
" ڕوناکی" کوردی چاپی بەغدا ( ساڵی ١٩٦٨ -١٩٧٠) مەقالاتی سیاسی و ئەدەبیم نوسیوە ، ساڵی ١٩٥٩ کۆمەڵە شێعرێکم بە ناوی " ئاشتی خوازی لادێ یی" دەگەڵ کۆمەڵە شێعرێکی دۆستم حەسەن قزڵجی لە یەک نامیلکە دا بڵاو کراوەتەوە، لە ڕۆژنامەی کوردی " هاوکاری" چاپی بەغدا (١٩٧١-١٩٧٤) چەند مەقالەیێکی ئەدەبی و مێژوییم چاپ کراوە.
( ساڵی ١٩٤٥ -١٩٤٦) ، " کوردستان" و " خەبات" چاپی بەغدا ( لە ساڵی ١٩٥٨-١٩٦٠) و ڕۆژنامەی "النور" ی عەڕەبی و
" ڕوناکی" کوردی چاپی بەغدا ( ساڵی ١٩٦٨ -١٩٧٠) مەقالاتی سیاسی و ئەدەبیم نوسیوە ، ساڵی ١٩٥٩ کۆمەڵە شێعرێکم بە ناوی " ئاشتی خوازی لادێ یی" دەگەڵ کۆمەڵە شێعرێکی دۆستم حەسەن قزڵجی لە یەک نامیلکە دا بڵاو کراوەتەوە، لە ڕۆژنامەی کوردی " هاوکاری" چاپی بەغدا (١٩٧١-١٩٧٤) چەند مەقالەیێکی ئەدەبی و مێژوییم چاپ کراوە.
٤-بۆ وەڵامی ( تێبینی) ئەم
پرسیارەتان دەبێ عەرزتان بکەم کە لە ساڵانی گەڕیدەیی و تاربونم لە ووڵات، بێجگەلە
خەباتی سیاسی هیچ کارو پیشەیێکم نەبوە، چوار –پێنج ساڵێک نەبێ کە لە شاری بەغدا لە
ڕەستورانێک و کابارێ یەک شەوانە بە ناوی ( محاسب) ئیشم کردوە.
یا-(پرسیاری دەیەم) پێت وایە دانان و چاپ
کردنی تەواوی "قاموس" چەند ساڵان دەخایێنێ؟
بەو جۆرەی دە توانستی جیسمی و فکری خۆم ڕا دەبینم ، هەر
بەرگێکی " قاموس" کە بە قەد
بەرگی یەکەم ببێ
( نیزیکەی ٢٥٠ لاپەڕە ) بەلانی کەمەوە بۆ دانان و ڕێکخستن و چاپکردنی ( ئەگەر هیچ کۆسپێکی لا بە لای نەیەتە ڕێ) ساڵێکی پتر دەوێ و بەو جورەی بەراوەردم کردوە تەواوی " قاموس" لە دە بەرگ کەمتر نابێ، بەرگێکی چاپکراوە، بەرگی دوەمیش (ب) ئەوا بە دەستەوەیە و ڕەنگە تا یەک دو مانگێکی تر بخرێتە ژێر چاپەوە، بەم حیسابە باقیەکەی دەمێنێتەوە (٨) بەرگ (٨) ساڵی پێدەوێ.
( نیزیکەی ٢٥٠ لاپەڕە ) بەلانی کەمەوە بۆ دانان و ڕێکخستن و چاپکردنی ( ئەگەر هیچ کۆسپێکی لا بە لای نەیەتە ڕێ) ساڵێکی پتر دەوێ و بەو جورەی بەراوەردم کردوە تەواوی " قاموس" لە دە بەرگ کەمتر نابێ، بەرگێکی چاپکراوە، بەرگی دوەمیش (ب) ئەوا بە دەستەوەیە و ڕەنگە تا یەک دو مانگێکی تر بخرێتە ژێر چاپەوە، بەم حیسابە باقیەکەی دەمێنێتەوە (٨) بەرگ (٨) ساڵی پێدەوێ.
یب-(پرسیاری ١١ ەهەم) "
بەرگی ١ی قامووس چەند ووشەی تێدایە"؟
ئەوەی ڕاست بێ من لە پێشدا
ئەو حیسابەم نە کرد بو، کەم و زۆری ووشە بەلامەوە ئەهمیەتێکی دەرەجە دوی هەیە، بە
لای منەوە ئەوەی لە دەرەجەی یەکەمی ئەهمیەت دا دێت ( نوعیت)ی قاموسە نەک (
کمیت). لە سەر پرسیارەکەی ئێوە بژاردم
(١٢٤٩) ووشەی تێدایە.
کاکە ئەمیر گیان
وا دەزانم وەڵامی
پرسیارەکانت تەواو بون، لێم ببورە کە وا وەدرەنگی کەوت بەڵام کاتێ دەیخوێنیتەوە
هەقم بە لا دا دەدەی کە ئەو وەدرەنگی خستنەم بە خۆڕایی نەبوە و دەبێ زۆر سوپاسی
ئەو کچە کوردەش بکەم کە لە نوسینەوەی وەڵامەکاندا یارمەتی دام دەنا هێندەی تر دوا
دەکەوت.
لەم ئاخرو ئۆخری نامەکەم دا
شتێکم لە سەر زمانی یەکگرتو بیر کەوتەوە
لە خوارەوە عەرزتانی دەکەم:
ئاشکرایە زمانی (
نوسین) و ( قسە کردن)ی هەمو نەتەوەیەک کەم و زۆر لێکتر جیاوازیان
هەیە، خۆتان دەزانن ئەو (فارسی) یەی
دەنوسرێ دەگەڵ ئەوەی قسەی پێدەکرێ هێندێک
فەرقیان هەیە بەڵام ئەوەندە زۆر نیە و ئەوە وای لە من کردوە کە بۆ زمانی ( کوردی)
ش هەر سنورێکی ئاوا ڕەچاو بکەم.
کە دێیە سەر زمانی عەڕەبی
مەسەلەکە بە جارێکی دەگۆڕێ چونکو ئەو (عەڕەبی) یەی دەنوسرێ دەگەڵ ئەو (عەڕەبی) یەی قسەی پێدەکرێ ( لە هەر ووڵاتێکی عەڕەبیش بە
شێوەیەکی تایبەتی قسە دەکرێ) زۆر لێک جیاوازن و ئەوە کاری کردۆتە سەر خوێندەواری
کورد لە عێڕاق و لایان وایە زمانی نوسینی کوردی دەگەڵ ئی قسە کردن ئەوەندەی عەڕەبی
یا نیزیک بەو، دەبێ لێک جودا بن. من ئەوە بە ڕاست نازانم و لام وایە کە زمانی
عەڕەبی بە هۆی شرایطێکی زۆر تایبەتی ئەو حاڵەتەی وەرگرتوە کە لە هیچ زمانێکی ترا نابیندرێ و بۆ هیچ زمانێکیش
دوپاتە نابێتەوە.
ئیتر سەرکەوتنتان داوا دەکەم
براتان زەبیحی
٢٠/ ٩/ ٧٨
سەرچاوە: عەلی کەریمی ، ژیان و بە سەرهاتی عەبدولڕەحمان
زەبیحی (مامۆستا عوڵەما) ، چاپی یەکەم ١٩٩٩، بنکەی چاپەمەنی زاگڕۆس، گوتنبێرگ، سوێد لل
٤٦٤ - ٤٩١