Wednesday, May 30, 2018

بەڵگەیەکی مێژوویی کۆمەڵەی ژ.ک کە بۆ جاری یەکەم بە زمانی کوردی بڵاو دەبێتەوە


 بەڵگەیەکی مێژوویی کۆمەڵەی ژ.ک کە بۆ جاری یەکەم بە زمانی کوردی بڵاو دەبێتەوە
تێبینی: ڕەحیم قازی لە کتێبەکەیدا  ' بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوایەتیی گەلی کورد و قازی محەمەد ١٩٤١-١٩٤٧(چاپی یەکەم  ٢٠١٢، هەولێر، دەزگای چاپ و بڵاو کردنەوەی ئاراس) ، لە پەراوێزی لاپەرەی ١٢٥ دا دەنووسێ: "ڕوونووسێکی زۆری بەڵگە و سەنەدەکانی مەربووت بە مێژووی کۆمەڵەی ژ-ک کە هەمووی دەستنووسن و لە کاتی خۆیدا بۆ نوێنەری سۆڤیەت ناردراون لە لای نووسەرە و بۆ نووسینی مێژووی بەسەرهاتەکانی لەمەڕ کۆمەڵەی ژ-ک لەم دەستنووسانە سوود وەرگیراوە. بەشی زۆری ئەم بەڵگانە لە لایەن ڕەحمانی زەبیحییەوە نووسراون کە ئەو حەلە نوێنەری کۆمەڵە بووە بۆ پێوەند ڕاگرتن  لەگەڵ نوێنەرانی سۆڤیەت."
ڕەحیم قازی کۆپی ئەو بەڵگانەی داوە بە چەند پەنابەری کورد لە باكۆ و هێندێک لەوان لە چەند کتێباندا بڵاو بوونەتەوە.

حەسەن قازی
٣٠ی مەی ٢٠١٨                                                                                                              

 لە سەر کاغەزی ڕەسمی کۆمەڵەی ژ. ک .
 بژی کورد و کوردستانی گەورە
کۆنسوولی گشتی یەکەتیی شووڕەوی مەزن – لە شاری تەورێز
 بە حورمەتەوە لە پەیوەستی ئەم نامەیە دا ئەو زانیاریانەی لە سەر کۆمەڵەکەمان داواتان کرد بوو پێشکێش دەکرێ
 لەلایەن ئیدارەی ناوەندی کۆمەلەی " ژ – ک " ەوە.

کورتە مێژووی تەشکیلاتی کۆمەڵەی ئێمە
      بناغەی تەشکیلاتی ئێمە لە مانگی ئەییون (سێپتامبر) ی ساڵی ١٩٣٨ داندراوە ، بەڵام لەبەر چاوەدێری حکوومەتی ئێران زۆر کەم چالاکی دەکرا و ئەگەر متمانەیەکی زۆر بە کەسێک نەبووبایە پێشنیاری ئەندامەتی بە هیچ کەس نەدەکرا. لە مانگی مەی ١٩٣٩ کوردەکانی عێڕاق پێوەندییان بە ئێمەوە کرد و لە هەمان مانگ دا کەسێک لە ئەندامانی ئێمە چووە  سنووری عێڕاق – ئێران و لەوێ چاوی کەوت بە دوو ئەفسەری کوردی عێڕاقی و لەوێ بڕیار درا بۆ پەرە پێدانی چالاکییەکان. لەو کۆبوونەوەیە دا دوو کوردی  مەدەنیش بەشدار بوون . لە ئاکامی خیانەتی یەک لەو ئەفسەرانە ( فایق ئەمین) ، حکوومەتی عێڕاق بە ناوەرۆکی قسەکانی ئەو کۆبوونەوەیەی زانی و لە چوارچێوەی پەیمانی سەعدئاباد دا ئەو زانیارییەی دا بە حکوومەتی ئێران و لە بەشی کوردستانی ئێران حکوومەتی ئێران دەستی کرد بە هەنگاوی ئیحتیاتی و فەرمانی دا لە بەشی ئیستیخبارات و شوێنە گرینگەکان دا کار نەدرێ بە سەربازە کوردەکان و بە دوای ئەو هەنگاوانە دا گشت ئەو کەسانەی گومانیان لێ دەکرا کە لە هەموو بەشی کوردستانی ئێرانەوە چووبن بۆ ووڵاتی عێڕاق دوور خرانەوە بۆ شوێنی دووردەست و لە ناو ئەو پاتراوانە دا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی ئێمە هەبوون ، ئەو هەنگاو و کردەوە ناڕەوایەی حکوومەت گورزێکی سەخت بوو لە حیزبی ئێمە درا و  بووە هۆی بەرفراوان کردنی تەبلیغاتی ئێمە بەدژی حکوومەت. لە جێدا گەل لە حکوومەت بێزار بوو و دەرفەتی ئەوە ساز بوو بۆ وەڕێکەوتنی هەموو جۆرە حەڕەکەتێک.
      لە ساڵی ١٩٣٩ دەنگۆی ئەوە ساز بوو کە یەکەکانی ئەڕتەشی شوورەوی لە سەر سنوورە باکوورییەکانی ئێران کۆبوونەتەوە و پلانی هاتنە ناو ئێرانیان هەیە، تەگبیرە عەسکەرییەکانی حکوومەتی ئێڕانیش لە دووی ئەو دەنگۆیەیان دەدا  و ئەوە مزگێنییەکی گەورە بوو بۆ کۆمەڵەی ئێمە بەڵام وەدی نەهات.
       کەسێکی کە لە ئیدارەی ماڵییە کاری دەکرد وخاونی بیری بەرز بوو سەبارەت بە حکوومەتی یەکێتیی شووڕەوی زانیاری باش و بەربڵاوی هەبوو و لە کاتێکدا ئەو زانیارییانەی لە بەر دەست ئێمە دەنا متمانەی ئێمەی بەرەوخۆی ڕاکێشابوو – ئەو هێندێک جار باسی ئەوەی دەکرد دەتوانێ پێوەندی نێوان ئێمە و ئەو مەئموورە سیاسییانەی شووڕەوی کە لە ئێران کاریان دەکرد پێک بێنێ ، بەڵام حکوومەت لێی کەوتە گومانەوە و لە ناوچەی مەهاباد دووریان خستەوە.
        لەو ناوە دا وەزاڕەتی جەنگ و وەزاڕەتی ناوخۆی ئێران بۆ دۆزینەوەی تەشکیلاتی  کۆمەڵەی ئێمە  دەستیان کرد بە حەول دان. لە مەهاباد ئەڕتەشی ئێران بە ڕێگای سەرۆکی بانکی میللی لە مەهاباد [ دوو ووشە ناخوێندرێتەوە]  بە کەسێکی خەڵکی مەهابادیان پێشنیار کردبوو پارەی بدەنێ بۆ دۆزینەوەی تەشکیلاتەکەمان . ئەو کەسە ئەندامی کۆمەڵەی ئێمە بوو خەبەری بە ئێمە دا و لەوەی دواوە ئێمە ئیحتیاتی پێویستمان ڕەچاو کرد و ئەگەر هەوا خۆش بایە لە شاخەکان و لە مزگەوتەکان کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەکەمان ئەنجام دەدا.
        حکوومەت بۆ  واق وڕمانی ئێمە و پووچەڵ کردنەوەی تەگبیر و ئیحتیاتەکانمان لە مانگی مەی ساڵی ١٩٤١ – لە ٧ی مانگی مەی ساڵی ١٩٤١ – بە ڕێگای ئیدارەی شارەبانی (پۆلیس) مەهابادەوە ٧ کەسی گرت کە لە ناو ئەواندا ئەندامانی  کۆمەڵەکەی ئێمەش هەبوون ، لە کاتی گەڕانی ماڵەکانیان حکوومەت بەڵگەیەکی وەدەست هێنا بوو . ئەندامەکانی ئێمە تا هاتنی ئەڕتەشی سوور لە زیندانی شارەکانی ورمێ و مەهاباد دا مانەوە. بە هاتنی ئەڕتەشی سووری قارەمان ئەو کەسانەی دە زیندان دا بوون بەر دران و ئازاد بوون.
    کۆمەڵەکەمان بە بۆنەی هاتنی ئەڕتەشی سوور بۆ مەهاباد بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە لەو بەیاننامەیە دا هاتبوو کە  هاتنی ئەڕتەشی سوور بە مانای ئازادیی گەلی گوردە  و هەر وەک دەزاندرێ دوای هاتنی ئەرتەشی سوور بۆ ئێران پێشرەوی ئەو ڕێکخستنانەی کە بە دژی فاشیستەکان خەبات دەکەن کۆمەڵەی ئێمەیە.
        دوای هاتنی ئەڕتەشی سوور بۆ ئێران حکوومەتی ئێران کە دژی  کۆمەڵەکەمان بوو لاواز بوو و دژی  ئێمە  چی لە دەست نەدەهات بەڵام سەرۆک عەشیرەتەکان و ئاغاکان و دەستوپێوەندەکانی ئەو حکوومەتە هەڵبەتە دەرفەتیان بۆ ڕەخساند- حکوومەتی ئێران بە هەست کردن بە تەماع و چلێسی ئاغاکان پووڵ و قەندی دانێ و ئەوانی بە دژی ئێمە ورووژاند. لە ساڵی ١٩٤٣ لە مانگی  سێپتامبر دا ٣ کەس لە ئەندامانی  کۆمەڵەکەمان بە دەست ئاغاکان  لە مەهاباد زیندانی کران و لە ئاکامی حەولدانی  کۆمەڵەکەمان دوای سەعاتێک ئازادیان کردن – لە دژی ئەو ئاغایانە و بۆ پێشگرتن لە کروکاش و هەنگاوەکانیان  بە کەلک وەرگرتن لە ڕستەی  " دژە میکڕۆب لە ناو خۆی دایە " دەستمان کرد بە ڕاکێشانی لاوانی عەشیرەتەکان بەرەو  کۆمەڵەکەمان و دوای جێ بە جێ کرانی ئەو فەرمانە هەتا دەهات ئاغاکان لاوازتر دەبوون  و ئێستا ئاغاکان زۆر کەم دەتوانن بە دژی ئێمە بجووڵێنەوە ، ناوی ئەوانیش لە پەیوەست بەم نامەیەدا پێشکێش دەکەین .
 بەرنامەی ئێمە – بەرنامەی بە ووردەڕیشاڵمان پێشتر پێشکێش کردوون لێرە دا دەمانەوێ کورتەی ئەوەتان بە عەرز بگەیێنین " بەرنامەی ئێمەبریتی یە لە یەکخستەوەی هەموو پارچەکانی کوردستان ، ئازاد کردنی گەلی کورد لە یەخسیریی بێگانان  و خزمەت بە دنیای شارستانی و گەلان  " .
 لقەکانی حیزبەکەمان -  لقەکانی حیزبەکەمان لە کوردستانی ئێران و لە کوردستانی عێڕاق هەن. لە عێڕاق لە شارەکانی  ' هەولێر '  و ' سلێمانی '  و لە ئێران لە شارەکانی   شنۆ ، نەغەدە ، بۆکان ، سەردەشت  و کرماشان  ئیدارەی ناوچەیی مان هەیە – ئەو ئیدارە ناوچەییانە لە شوێنەکانی ژێر ئیدارەی خۆیاندا بۆیان هەیە ئیدارەی فەرعی ساز کەن-  بە پێی ئەو نامەیەی لە ئیدارەی  کۆمەڵەکەمان لە کرماشانەوە بە دەستمان گەیشتووە ، بۆ ناوچەی "لورستان"  مەئمووریان دیاری کردووە بە دوای ئەوە دا جگە لە پارچەکانی کوردستانی ئێران و کوردستانی عێڕاق  لە زۆر شاراندا، یەک بە یەک  بەشێوەی پەڕاکەندە زۆر ئەنداممان هەیە. مەئموورمان ناردووە  بۆ ناوچەی ورمێ و  لە ئیدارەی ناوچەیی شنۆ سەرنجی زۆر دراوەتە سەر کارەکانمان و زۆر هەڵسووڕاوی بۆ نێردراوە.
 پێوەندیمان لە گەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان جگە لە ئێران   -  لە عێراقێ جگە لە ئیدارەکانی تەشکیلاتەکانی ئێمە  تەشکیلاتی پارتییەکی دیکە هەیە بە ناوی ' هیوا' کە بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد خەبات دەکا. چەند لە ئەندامانی ئەو پارتییە سەر بەئێمەن و لەو چەند مانگەی دواییدا  ئەو پێوەندییە ناڕەسمیانە لە ئەساسنامە دا لە لایەن ئەوانەوە ڕەسمییەتی پەیدا کردووە. لە بەرنامەی ئەوانیشدا مادە ئەساسییەکانی وەک بەرنامەی ئێمە وایە، جیاوازییەکەمان لە شەرتومەرجی ئەندامەتی و لە سیستمی تەشکیلاتی دایە .
لە " هەولێر" ێ بە پێی نامەی ئیدارەی محەلیمان بەو دواییانە لاوانی کوردی عێراق تەشکیلاتێکی کۆمۆنیستییان دامەزراندووە و دەیانەوێ لەگەڵ ئێمە پێوەندی بگرن و بۆ ئەو مەبەستە دەیانەوێ نوێنەری خۆیان بنێرنە لامان.
 بە پێی ئەو زانیاریانەی لە عێڕاقەوە بە دەستمان گەیشتووە هەم لە لایەن ئیدارەی تەشکیلاتەکەمان لەوێ و هەم لە لایەن 'هیوا '  کە پێوەندی لەگەڵ ئێمە هەیە تەشکیلاتی گەلی کورد لە سووریا داوای کردووە کە پێوەندییە ناڕەسمییەکانی ئێستامان شێوەی ڕەسمی بەخۆیەوە بگرێ
 ژمارەی ئەندامانی حیزبەکەمان
  بە لەبەر چاوگرتنی سیستمی خێزانی لە کوردستان ئەگەر مەزنی خێزانەکە بەشدار بێ، هەموو ئەندامانی خێزانەکەش بەشداری دەکەن بە کەلک وەرگرتن [ .................... ] ( چەندین ووشە ناخوێندرێتەوە)
 فۆرماسیۆنی حیزبەکەمان
 ئەندامانی تازەی  کۆمەڵەکەمان لە لایەن ئەندامانی کۆنەوە دەناسێندرێن، ئەندامی کۆن لەهەموو ڕوویەکەوە ئەندامی نوێ دەستەبەر دەکا.ئەندامی تازە دەبێ  خاوەن ڕابردوویەکی خاوێن بێ، [...]  بە  پەسند کردنی پڕۆگرام  ڕێز لە بریارەکانی کۆمەڵە بگرێ – سەر بە هیچ تەشکیلاتی سیاسی دیکە نەبێ ( ئەگەر بێتوو سەر بە حیزبێکی دیکە بێ لەوە کۆمەڵە ئاگادار دەکا ئەگەر پێویست بێ پێوەندی خۆی دەپچڕێنی یان درێژەی پێ دەدا). بۆ ئەوەی کەسێک ببێ بە ئەندام دەبێ بە قورئان سوێند بخوا نیسبەت بە کۆمەڵە وەفادار دەبێ و نهێنییەکانی کۆمەڵە لای هیچ کەس نادرکێنێ (تەنانەت لای باوک و دایکیشی)، و بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵە هەموو دەرفەتێک بەکار دەهێنێ و ئەو فەرمانانەی پێی دەدرێ بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە  جێ بە جێیان دەکا، بە بێ ئیزنی کۆمەڵە لەگەڵ حیزبەکانی دیکە یان کەسانی سیاسی دی پێوەندی ناکا و بەرعودە دەبێ بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵە و ئەندامانی کۆمەڵە ڕەچاو بکا.
      هەیئەتی ناوەندی و ئیدارەی ناوەندی کۆمەڵە لە شاری مەهابادە – لە لایەن کۆمەڵەوە لە هەموو ناوچەیەکی کوردستان ئیدارەی محەلی دادەمەزرێندرێ . ئەندامانی کۆمەڵە لەو ناوچانە دا بۆ کاروبارەکانیان سەر لەو ئیدارە محەلییانە دەدەن – هەر ناوچەیەی سەر بەو ئیدارە محەلییانەن و  بۆ هەر کوتلەیەک کە لە ٥٥ ئەندام پێک بێ ئیدارەی فەرعی دەکرێتەوە. هەر ئیدارەیەکی فەرعی بە پێنج بەش دابەش دەکرێ، بەو شێوەیە  بەشەکان، ئیدارە فەرعییەکان، ئیدارە ناوچەییەکان و ئیدارەی ناوەندی کۆمەڵە. تەشکیلاتەکان وەک یەک وان، هەر کامێکیان ڕێداکتۆر، سکرتێر، سەدری هەیئەتی ئیستیشاری ، خەزێنەدار و هەیئەتی ئیستیشارە یان دەبێ. هەموو کارەکان بە ڕاوێژ ڕادەپەڕێندرێن .
      کاروباری ناوخۆیی کۆمەڵە و کێشە و خیلافی ناوخۆیی ئەندامان هەیئەتی ئیستیشارە یەکلایان دەکاتەوە.
      لە ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵە دا ئیدارە محەلییەکان لە ناوچەکانی خۆیان کۆنفڕانس پێک دەهێنن و نوێنەرانی ئەوان لە ناوەندی کۆمەڵەکەماندا مەجلیسی بەرزی ئیستیشارە یان دەبێ. لەو کۆنفڕانسانە دا  کاروبارەکانی ساڵی پێشوو هەڵدەسەنگێندرێن و بەرنامەی کار بۆ ساڵی دادێ دیاری دەکرێ.
    بێ لە بەچاوگرتنی ئێمتیاز و باڵادەستی ئەندامانی کۆمەڵەکەمان لە دەرەوەی کۆمەڵە، لە ناوخۆی کۆمەڵە دا ئەندامان بە ڕێگای کاروتێکۆشانیان ڕا دەکرێ یەک لە یەک باڵاتر و هەڵکەوتە تر بن.
    ئەندامانی کۆمەڵە دەبێ هەموو مانگێک ١٠ ڕیاڵ دراو بدەن بە خەزێنەی کۆمەڵە جگەلەوە ئەو ئەندامانەی وەزعی ماڵییان باشە بە پێی توانای خۆیان کۆمەڵە باربوو دەکەن.بۆ هەر دراوێکی کە وەردگیرێ قەبزی ڕەسمی دەدرێ.
 داوخوازەکانی کۆمەڵەکەمان لە حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی مەزن
    -بەپێی مادەی ١٢٩هەمی قانوونی بنچینەیی حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی ئێمە ئەم داخوازانەی خوارەوەمان هەیە.
١-ناسینی کۆمەڵەکەمان بە شێوەی ڕەسمی
٢-یارمەتی کردن بۆ پەرەسەندنی کۆمەڵەکەمان
٣-پێشگرتن لە هاتنەوەی ئەرتەشی ئێران بۆ سەربازخانەی مەهاباد
٤-لەلایەن فەرماندەرانی ئەڕتەشی سوور بەعەشێرەتەکان و ئاغاوەت بگوترێ بە گوێی ئێمە بکەن یان ئەوەی لە هەرێمی جێی نفووزی ئێمە دا بێدەنگ دانیشن و دەست لەکاروبار وەرنەدەن
٥-دابین کردنی پێداویستییەکانی ئێمە لە ڕووی ئامرازی فەنییەوە
٦-دوای پەرەسەندی کافی کۆمەڵەکەمان ناوچە کوردەکانی سەردەشت، بۆکان، میاندواو، مەهاباد، نەغەدە، شنۆ و ورمێ لە تەشکیلاتی ئیداری حکوومەتی ئێران پاک کردنەوە و بۆ ئەو مەبەستە دانی یارمەتی پێویست
٧-ئەو هەرێمە ناوی بنرێ کوردستانی ئازاد و لە ئێران و عێڕاق و سووریا و لە کوردەکانی دیکەی عالەم  کابینەیەکی حکوومەتی کاتی پێک بهێندرێ و لەو ناوچانەی لە سەرەوە ناو بردران کار بکرێ بۆ بەڕێوەچوونی پڕێنسیپەکانی ئیداری و ئابووری ئەو حکوومەتە تازەیە
٨-بە پێی بەندی ' پێ ' ی مادەی ١٤ هەمی قانوونی بنچینەیی حکوومەتی یەکەتیی شوورەوی مەزن ئەگەر ئەو حکوومەتە کاتییە دامەزرا دەناو یەکەتیی کۆمارەکانی شووڕەوی مەزن دا جێی بکرێتەوە و ئەندامەتییەکەی پەسند بکرێ
٩-بۆ ئازاد کردنی پارچەکان و لایەکانی دیکەی کوردستان حکوومەتی شووڕەوی مەزن ئەو گەڵالەیە پەرە پێ بدا
١٠-بۆ وەدیهێنانی گشت ئەو کاروبارانە لە لایەن حکوومەتی شووڕەوی مەزنەوە دوو یان سێ کەس ڕاوێژکار بدرێ بە ئێمە
 بە ناوی ئینسانییەت و شارستانییەت تکا دەکەین لە حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی  مەزن و هیوادارین کە وەک نەتەوە لاوازەکانی دیکە گەلی کوردیش لە عەداڵەت و فەیزی ئەو حکوومەتە مەزنە بێ بەش نەبێ
بژی لایەنگری نەتەوە لاوازەکان حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی مەزن
 بژی سەرکردە مێهرەوان و بدەری نەتەوە لاوازەکان مارشاڵ ستالینی ئازیز
 بژی برایەتی گەلی کورد و یەکەتیی کۆمارەکانی شووڕەوی
 لە لایەن ئیدارەی ناوەندی کۆمەڵەی " ژ-ک " وە
 لە ١٢-ی مانگی مەی ١٩٤٣ دا کۆمەڵەکەمان سەبارەت بە حکوومەتێکی بێگانە  لە شاخێک بە ناوی " قەڵای سارم "  کۆبوونەوەیەکی ڕێک خست بە بەشداری ٢٥ ئەندام. لەو  کۆبوونەوەیە دا بەرنامەی کۆمەڵەکەمان لەگەڵ قانوونی بنچینەیی حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی مەزن بەراوەرد کرد و بڕیار درا . بە پێی ئەو بڕیارە کۆمەڵەکەمان دەبێ لەگەڵ حکوومەتی شووڕەوی پێوەندی دامەزرێنێ و بۆ گەیشتن بەو مەبەستە پێداگری کرا لە سەر ملە و خەباتی ئەندامان. لە دوای ئەو بەروارە  ژمارەی یەکەمی گۆوارەکەمان " نیشتمان " دەرکەوت. لەو ژمارەیەدا و لەوی دواوە کۆمەڵەکەمان بۆ وەدیهێنانی ئەو بڕیارە تا دەکرێ ئەوپەڕی حەولی خۆی دەدا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی مەزن و بە سەداقەتەوە ئەوە ئەنجام دەدا.

  ******************************************* 
 ٢٣ /  ١٢ / ١٩٤٤
١٣٢٣
کۆنسوولی گشتی یەکەتیی شووڕەوی  مەزن لە تەورێز
 داواتان کرد بوو چەند کەس  لە ئەندامانی  چالاکی کۆمەڵەکەمانتان پێ بناسێنم کە لە ڕێگای بیروباوەر دا تێ دەکۆشن.
 لە خوارەوە ناوەکانتان پێشکێش دەکەم:
١-قاسم قادری قازی     لە مەهابادە      پیرە
٢-عەلی ڕیحانی          لە مەهابادە      پیرە
٣-عەبدولڕەحمان کەیانی   لە مەهابادە    گەنجە
٤-مەناف کەریمی         لە مەهاباد ە       گەنجە
٥-محەمەد یاهوو          لە مەهاباد ە       گەنجە
٦-محەمەد دڵشاد[ڕەسووڵی] لە مەهابادە  گەنجە
٧-سەدیق حەیدەری     لە مەهابادە         گەنجە
٨-محەمەدئەمین شەڕەفی         لە مەهابادە  گەنجە
 ٩-ڕەحمان  ئێلخانیزادە    لە بۆکان ە         گەنجە
 ١٠-عەبباس حەقیقی    لە بۆکان ە          گەنجە
 ١١-ڕەحمان شەڕەفکەندی   لە بۆکان ە    گەنجە
 ١٢-مامەند قادری              لە نەغەدە یە  پیرە
١٣-مەجید خوسرەوی         لە نەغەدە یە   گەنجە
١٤-محەمەد قادری             لە شنۆ یە       گەنجە
١٥-نافع                           لە سەقز ە       گەنجە
١٦-محەمەد سەعید حافدی   لە کرماشان ە   گەنجە
١٧-تاهیر هاشمی             لە کرماشان ە    گەنجە
١٨-عوسمان دانش           لە سلێمانی یە لە عێڕاق   گەنجە
١٩-قادر دەباغی              لە سلێمانی یە                گەنجە    خەڵکی سەقزە
٢٠-محەمەد سەعید مەلا عەلی   لە هەولێر ە   گەنجە
٢١-فەتتاح غانمی             لە سەردەشت ە     گەنجە
 ٢٢-محەمەدئەمین شێخولئیسلامی   لە مەهابادە   گەنجە
بەڕێوەبەری چاپەکانی کۆمەڵەی  " ژ-ک "

 وەرگێڕان لە زمانی تورکی ئازەربایجانییەوە: حەسەن قازی
سەرچاوە: حامید گەوهەری، کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان ، ستۆکهۆڵم ١٩٩٩ ،  لاپەڕەکانی   ٢٢٧،   ٢٢٨ ، ٢٢٩، ٢٣٠،  ٢٣١ ، ٢٣٢

وێنەیەکی حوسێن فرووهەر (حوسێنی زێڕینگەران) کاتی دوورخرانەوەی بۆ شیراز . لە پشت ئەو وێنەیە بە دەستخەتی خۆی بە فارسی ئاوای نووسیوە:
مهاباد
نوریچشمان  عزیزم ‌آقای ابراهیم فروهر
اینک محض یادبود عکس خود را در تاریخ ١٩ فروردین ماە سال ١٣٢٠ کە بشیراز تبعید نمودە بودند یادگاری فرزند عزیز و ارجمندم آقای ابراهیم زردشت فروهر بوسیلەء پست توسط مادرم بانو رعنای فروهر ارسال گردید و سلامتی شما را با عموم خانوادە و عموزادگان ‌‌آقایان زرگری و امامی از خداوند متعال خواستارم
امضاء حسین فروهر
٢١/١/٢٠
وەرگێڕانی کوردی
نووریچاوانی خۆشەویستم ئاغای براییمی فرووهەر
ئێستا بۆ بیرەوەری وێنەی خۆم کە لە بەرواری  ١٩ی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٠ کە دوور خرابوومەوە بۆ شیراز  وەکوو یادگاری بۆ ڕۆڵەی خۆشەویست و بەڕێزم ئاغای برایمی زەردەشت فڕووهەر بە پۆست لە ڕێگای دایکمەوە یای ڕەعنای فڕووهەر  نارد و لەشساغی ئێوە و گشت بنەماڵە و ئامۆزاکان ئاغایانی زەرگەری و ئیمامی لە خوڵای بەرز داوا دەکەم.
ئیمزا:حوسێن فرووهەر

٢١/١/٢٠


ئەندامان و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵەی ژ.ک  دانیشتوو لە ڕاستەوە: نەجمەدین تەوحیدی، قاسم ئێلخانیزادە، عەبدولڕەحمان ئیمامی، ڕاوەستاوان لە ڕاستەوە : مەحموود وەلیزادە، سماییل خانی فەڕوخی، عەبدولڕەحمان زەبیحی و وەهاب بلووریان

 لە ڕاستەوە محەمەد دڵشاد ڕەسووڵی، قاسم قادریی قازی و حوسێن فڕووهەر. فڕووهەر بە دەستی خۆی تاریخی گرتنی ئەو وێنەیەی نووسیوە، وێنەکە ئی سەردەمی کۆماری کوردستانە وبە تاریخی زایینی لە ٢٤ی مەی ١٩٤٦ گیراوە


یەک لە دوایین وێنەکانی عەبدوڵڕەحمان زەبیحی ( ع، بیژەن - ٢ ) یەک لە ئەندامە هەرە هەڵسسوڕاوەکانی کۆمەڵەی ژ.ک ،
گەڕێنەندەی نیشتمان 

Sunday, May 20, 2018

بەشێک لە قسەکانی ژەنەڕاڵ مایۆر روپێرت جۆنس : ژەنەڕاڵ مەزلووم فەرماندەی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە) هێزی بڕیاردەر بوو

شاهیدی دانی زارەکی لە کۆمیتەی کارو باری بەرگری پاڕڵمانی بریتانیا ( هاوس ئاف کامنس)
سەبارەت بە : ئۆپێڕاسیۆنەکانی مووسڵ و ڕەققا
سێ شەمۆ  ١٥-ی مەی ٢٠١٨
شاهیدەکان: ژەنەڕاڵ مایور جۆنس ، جێگری سەرۆکی ستادی ئەڕتەشی بریتانیا، وەزاڕەتی بەرگری و جێگری پێشووی فەرماندەی ( ستڕاتێژی و پشتیوانی) هێزی هاوبەشی – ئۆپێڕاسیۆنی ئینهێرنت ریزاڵڤ ( چارەسەری زاتی) ؛ سپاسالاری هەوایی جانی سترینگر، سەرۆکی ستادی هێزەکانی فەرماندەیی هاوبەش، وەزاڕەتی بەرگری و فەرماندەی پێشووی بەشی هەوایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەشێک لە قسەکانی ژەنەڕاڵ مایۆر روپێرت جۆنس
ژەنەڕاڵ مەزلووم فەرماندەی هێزەدێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە) هێزی بڕیاردەر بوو

......
سەرۆکی کۆمیتەی کارو باری بەرگری پارڵمان دوکتور جولیان لویس:  ئایا دەکرێ هێندێک زیاترت لێ بپرسم سەبارەت ئەو تەعامولە سیاسییانەی ئێوە لە هەر کام لە ووڵاتەکان [ عێڕاق و سوورییە] هەتانبوو. تۆ گوتت  لە عێڕاق لە نزیکەوە تێکەڵاویتان هەبوو لەگەڵ حکوومەت. لە سووریا، ئاشکرایە ئەوە ناکرێ، بەڵام گوتت  لە سوورییە ئێوە لە نزیکەوە هاوکاریتان دەکرد  لەگەڵ سەرۆکایەتی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی ( قەسەدە) سووریا، ئایا هیچ ئاکتۆرێکی سەرەکی دیکە هەبوو لە سووریا کە ئێوە بەو شێوەیە هاوکارییان بکەن یان بە دەرجەی یەکەم ئێوە هاوکاری هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی (قەسەدە) سووریاتان دەکرد؟
ژەنەڕاڵ مایۆر روپێرت جۆنس: بۆ تێکشاندنی داعش لە سووریا، ماوەیەکی کەمی پێ چوو بۆ ئەوەی ئێمە ئەو شەریکانەی  کە بکرێ باوەڕیمان پێیان هەبێ بناسین. کە ئامانجی بە کەلکیان هەبێ و توانایی ئەوەیان هەبێ بۆ ئەوەی پێویست بوو بکرێ. هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) بە ڕوونی تۆوی زاڵ بوون لە ناو شەریکەکاندا، کە ئەمن ئێستا کەمێکی دی دێمەوە سەری.  بەڵام هێندێک هێزی شەریکی پچووکتریش هەبوون  کە ئێمە لە خوارووی سووریا کارمان لەگەڵ دەکردن.  گوتم  "ئێمە" – مەبەستم هێزەکانی ئیتیلاف بوو، نەک بە تایبەتی ئێمەی بریتانیایی. هێزی ئیتیلاف لەگەڵ هێندێک هێزی شەریک لە باشووری سووریا هاوکاری دەکرد.....  بەڵام لە سەرەوە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فرات، ئەو خاکەی سەرنجی لە سەرە و ئەو خاک و کەوشەنەی دەگاتەوە ڕەققا، مەیادین، دەیرەزوور  و جێگای تر، بە ئاشکرایی لەو شوینانە هێزەدێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە)  هێزی یەکەم و سەرەکی بوون.

باشە ئێمە سەر و کار و تێکەڵاویمان لەگەڵ کێ بوو لە سووریا؟  ئێمە لە ئاستی عەسکەری دا پێوەندیی و تێکەلاویمان هەبوو لەگەڵ کەسێک بە ناوی ژەنەڕاڵ مەزلووم.  ژەنەڕاڵ مەزلووم فەرماندەی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا( قەسەدە) یە. ئەو وەک پێشینە کوردە. ئەمن دڵنیام  ئێوە دەزانن کە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە) لە دوو بەش پێک دێ: لایەنی زاڵی کورد لەو هێزە دا ، پەپەگە یە، و ژەنەڕاڵ مەزلووم پێشینەی یەپەگەی هەیە ، و ئیتیلافی عەڕەبی سووریایی . ئەوەی ژەنەڕاڵ مەزلووم توانی بیکا ئەوە بوو کە دەورێ بڕیاردەری گێڕا و ئەو گرووپانەی لەدەوری یەک کۆ کردەوە. 
 ئەو کاتەی کە ئێمە لەگەڵ هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) قووڵتر بەرەو ڕەققا دەچووین ، هەتا دەهات لە ڕووی نەریتییەوە لە ناوچەی عەڕەب  نزیکتر دەبووینەوە و ئەوە ئاشکرا بوو کە شەڕڤانان دەبوو زیاتر و زیاتر لە عەڕەبان پێک بێن. ئەگەر ئەتۆ بتەوێ  دێیەکی عەڕەب ڕزگار کەی ، ئەوە دەبێ شەڕڤانە عەڕەبەکان ئەوە بکەن بە چوونە ناومان بۆ ناو ڕەققا لەگەڵ هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) نزیکەی %٨٠ شەرڤانان لە ئیتیلافی عەڕەبی سووریایی پێک دەهات و ئەویتری هێزە کوردەکان بوون.
جا دەبێ بڵێم، ئێمە زۆر لە نزیکەوە دانوستاندمان هەبوو لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزلووم و لایەنگرانی وەکوو هێزی شەڕڤان.  ئێمە هەر وەها تێکەڵاوییەکی زۆریشمان لە تەک ئەنجومەنە خۆجێیەکاندا هەبوو لە نەبوونی حکوومەتێکی سەروەر دا ، بە تایبەتی لەگەڵ ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققا، کە پێک هات بۆ ئامادەیی بۆ ڕزگار کردنی ئەستانەکە، بۆ ئەوەی دەست بکا بە ئیدارەی شوێنەکە .
سەرۆکی کۆمیتە دوکتور جوولیان لویس: لە لووتکەی خۆیدا، کاتێک ئێوە لە سووریا ئۆپێڕاسیۆنتان دەکرد بە هێرشی هەوایی هەتا مانگی مارسی ئەمساڵ، ئێمە ٣٣٣ پەلاماری هەواییمان هەبووە لە سووریا  ئایا بەڕێزت پێت وایە کە بەشی هەرە زۆری ئەو پەلامارانە بۆ پشتیوانی لە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) بووە؟
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس : ئەوە پرسیارێکی زۆرباشی بریتانیاییە . جا ئەمن حەواڵەی هاوکارە بریتانیاییەکەمی دەکەم ووڵامی بداتەوە.     


سپاسالاری هەوایی سترینگر:  بە گرد بڕی وایە. سەرۆک، ئەگەر ڕێگام هەبێ  من هەتا ١٧ی ئۆکتۆبر [ ٢٠١٧] باس دەکەم چونکە ئیدی من هەڵبڕام. بە گردبرێ وایە ، پەلامارە هەواییەکانی ئێمە لە سووریا بۆ پشتیوانی بوو لە قەسەدە لە سەر زەوی.
..........................
فیل ویلسۆن: ئەمن پێم خۆشە  سەبارەت بە ڕەقەمی لەگۆترەی خەساری خەڵکی مەدەنی بپرسم. ئێوە چتان دەکرد بۆ ئەوەی لە کاتی پەلاماری هەوایی دا دەست لە خەڵکی مەدەنی و خەساری غەیرە نیزامی بپارێزن؟
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس: ...................
دەمەوێ هەمان شت سەبارەت بە سووریاش بڵێم. هەر ئەو ژەنەڕاڵ مەزلوومەی کە باسم کرد هەتا بڵێی وورد و لە سەرەخۆ بوو کاتی چوون بەرەو ڕەققا چونکە زیاتری دانیشتوونی ئەو شارە عەڕەب بوون. ئەوە بووە هۆی ئەوە ژەنەڕاڵ مەزلووم ئەوەندەی دیکەش بە ئیحتیات بجووڵێتەوە، ئەگەر ئەو عەڕەبێک بووبایە ڕەنگە هەستی کردبا  دەستی کراوەترە و بڵێ  " ئەمن عەڕەبێکم، و ئەوەش شارێکی عەڕەبی یە. ئەوە شاری منە، جا بۆیە من دەکرێ زیاتر شەڕانی بم. " بەڵام ئەو هەڵوێستێکی ئاوای نەگرت و تەواو پێچەوانەکەی کرد. ئەو گوتی: " ئێرە شارێکی عەڕەبە، ئەمن کوردم، بۆیە دەبێ تەنەنات زۆر ووردتر بم لە نزیکبوونەوەی خۆم دا ". شەریکەکانی ئێمە ئەو شێوە هەڵسوکەوتە درەوشاوەیان زۆر بە دڵ بوو. .....
..........
گراهام پ. جۆنس: دەکرێ بە کورتی هێندێک باسی  پێشمەرگە بکەی، چونکوو ئاشکرایە ئەوە بابەتێکە لە ناو عێڕاق دا، باشە تێکەڵی تۆ لەگەڵ پێشمەرگە چۆن بوو ؟ کە ئاشکرایە ئەوان ڕێکخستنێکی حکوومەتن  بەڵام هێندێک لە بەغدا  دوورن؟
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس : ئەوە لە دوو ئاست دایە. یەکەم ئەوەیە کە بەگردبڕی ئێمە هەمیشە ئەو تێکەڵی و دانوستاندنەمان بە ئاگاداری سەرۆک وەزیر عەبادی دەکرد. سەرۆکوەزیر  قەوارەی حوکمداری لە هەولێر بە ڕەسمی دەناسێ بەڵام ئەو هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەیە ئەوە لە دەرەجەی یەکەم بە ڕێگای بەغدا دا بێ. و ئەمەش شەریکی بووین و ئێمە بە گردبڕی بە قسەمان دەکرد.
لەگەڵ ئەوەشدا، بە ئاگاداری تەواوی سەرۆکوەزیر عەبادی، ئێمە زۆر لە نزیکەوە کار لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی دەکەین لە هەولێر، بۆ جێ بە جێ کردنی ئۆپێڕاسیۆنی ئینسانی و هەر وەها جێ بە جێ کردنی هەموو  تۆوەکانی دیکەی ئۆپێڕاسیۆنەکە. هەر وەک گوتم، ئەوە بە گردبڕی بە هەم ئاهەنگی تەواوەوە بوو لەگەڵ سەرۆکوەزیر عەبادی.  لە ڕاستیدا، وەزیرە کوردەکان بۆ نەخشە داڕشتن دەهاتنە بەغدا، وبە ئاگاداری لە ئاڵنگارییەکانی ڕێفراندۆم، کوردەکان و عێڕاقییەکان دەڵێن ئەوان قەت هاوکارییەکی ئاوایان نەدیتووە لە نێوان هەولێر و بەغدا دا، ئەو جۆرەی کە ئەو هاوکارییەیان دیت لە نەبەردی ڕزگار کردنی مووسڵ دا .
تا ئەو جێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر لایەنی عەسکەری کارو باری پێشمەرگە، ئێمە هەر ئەو جۆرەی کە پێشمەرگەمان پەروەردە دەکرد و ڕادەهێنا هەر ئەو جۆرەش  پاشماوەی هێزە ئەمنییەکانی عێڕاقمان پەروەردە دەکرد و بریتانیاییەکان دەورێکی گرینگیان لەو بارەیەوە گێڕا.
...................
کاک فڕانسوا: باشە، دەکرێ بگەڕێینەوە سەر ڕەققا؟ ئەتۆ زۆرت باسی ئەو ئالنگارییە نیزامیانە کرد کە لە بەر دەم ئۆپێڕاسیۆنی مووسڵ دا هەبوون. ئەو ئالنگاریانەی وا لە بەر دەم ئۆپێڕاسیۆنە نیزامییەکانی ڕەققا دا هەبوون چ بوون؟
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس: با ئەمن دەست پێ بکەم و جانی [ سپاسالاری هەوایی سترینگر] جیاوازییەکەت بۆ باس دەکا لە ڕوانگەی هەواییەوە. یەکەم. ڕەققا شارێکی زۆر جیاوازە. زۆر لە مووسڵ چکۆڵەترە ، دانیشتوانی نزیکە ی ٢٥٠.٠٠٠ ە بەڵام باوەکوو ئەوەش  ناوچەیەکی گەورەی شارانەیە. هەڵکەوتی شارەکەش لەگەڵ مووسڵ جیاوازە. بەرزتر هەڵکەوتووە، خانووی گەورە و بەرزی لێیە. ئەوەش ئالنگارییەکی زۆر گرینگ ساز دەکا لە بەردەم مانۆڕدان و جووڵەی هێزی زەوینی. ئاڵنگاری و جیاوازییەکی دیکەش لە مەر ئەو ڕاستی یەیە لەوێ حکوومەتێکی سەروەر لە گۆڕێدا نەبوو . ئێمە باسی ئەوەمان کرد و ئەوەش گیرو گرفتێک بوو.
سەبارەت بە پێوەندیی و گرێدراوی ئێمە بە فەرماندەی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) ژەنەڕاڵ مەزلووم  و ئەنجومەنی مەدەنی شاری ڕەققا، هێندێک لا هێندێک نیگەرانییان هەبوو سەبارەت بە دەسەڵاتی ئەوان . هێندێک ئالنگاریی ئیدارە کردن و حوکمداری لە گۆڕێ دایە..............
جیاوازی لە نێوان شەریکەکانیش هەیە. پێشتر باسم کرد ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی عێڕاق ٩٤٠٠٠ کەسن. هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە) ئەوەندە نابن. و ئەرتەشی دەوڵەتێکی سەروەر نین کە تانک و تۆپخانەیان هەبێ و گشت ئەو شتانەی کە ئەڕتەشەکان هەیانە. ئەوان هێزێکی میلیسیایی سووکن ، بە ژمارەیەکی بە نیسبەت کەم بە پەروەردەیەکی کەمەوە، و هەر بۆیەش، ئەو شێوەیەی کە دەبوو ئێمە لە شەڕ دا پشتیوانییان لێ بکەین جیاواز بوو.  ئەو شێوەی ئەوان لە مەیدانی شەڕ دا شەڕیان دەکرد جیاواز بوو و ئێمە دەبوو  شێوەی پشتیوانیکردنی خۆمان لەوان ئەوەندە زیاد بکەین بۆ ئەوەی بتوانن لە مەیدانی شەڕ دا هەڵسووڕێن. .......
................ 
سەرۆکی کۆمیتە دوکتور جولیان لویس: ببوورن ، لەبەر ئەوەی کاتمان کەمە دەبێ موداخەلە بکەم و بە خێراتر بدوێین. ئەوەی من دەمەوێ لێی تێبگەم ئەوەیە : هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا – ئێوە لە ماوەی ئەو دوو سەعاتەی دا کە بەیەکەوە دەدوێین زۆر جار ئاماژەتان بەوان کرد – و هەر وەها بە گرووپێک لە خوارووی سووریا  کە وە ئەو دەچێ، تا ئەو جێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر شەریکەکانمان لە سووریا
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس: بەرەو ڕۆژئاوای ڕەققا بەولاتر هێزی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای میانەڕۆی ئەوتۆ هەبوون کە هێزی ئیتیلاف لە سەروبەندی جیاواز دا کاری لەگەڵ کردوون.
دوکتور جولیان لویس: باشە ئەوان قەت هیچ خاکیان ڕزگار کردووە؟
ژەنەڕاڵ جۆنس: بەڵێ، بە گردبڕی، لەوانەیە ئاگادار بی لەو ئۆپێڕاسیۆنەی کە تورکیا کردی بەرەو ئەلباب.  تورکیا ئەوەی بەهاوکاری هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کرد.
دوکتور جولیان لویس: ئەمن نامەوێ لە دەرەوەی بواری عەسکەری پرسیارت لێ بکەم. بەڵام بە بەربڵاوی ڕاپۆرتی ئەوتۆ بڵاو بوونەتەوە کە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا، جگە لە کوردەکان نەبێ ، لە ڕێباز و ئاڕاستە دا ئیسلامیستن. ئایا ئەوە هۆکارێکە کە دەبێ مرۆڤ لەبەرچاوی بگرێ کاتێک بڕیار دەدا لەگەڵ کێ هاوکاری عەسکەری بکا؟
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس: ئەمن بە تەواوی لەو ناساندنە تێ ناگەم. بە دڵنیاییەوە بێ سێودوو قسەکەت ڕاستە کە مرۆڤ دەبێ بە ووردی و ووشیارییەوە شەریکەکانی هەڵبژێرێ.  بە دڵنیاییەوە گرووپی ئیسلامیست هەبوون لەوێندەرێ کە ئێمەنامانەوێ شەریکایەتیان بکەین و نەشمان کردووە . و تەنێ کوردەکانیش نەبوون کە شەریکایەتیمان لەگەڵ کردوون. بە چوونە ناو خاک و کەوشەنی عەڕەب ، تا ئاستێکی گرینگ، شەڕڤانانی عەڕەب کاری ڕزگاری ئەو شوێنانە ڕادەپەڕێنن ، و ئەوان  ئیسلامیست نین .
دوکتور جولیان لویس: ڕاستە ، ئەوان ئەو شەڕڤانە عەڕەبانە بوون لە ژێر سەیوانی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) ، کە کوردەکان ڕێبەرایەتی دەکەن. چاوەدێرەییەکانت سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا چییە؟  هەر ئەو هێزانەی کە وا وەبەرچاو دێ  هاوپەیمانانی سەرەکی ئێمە بووبن لە سەر زەوی لە سووریا ئێستا وێدەچێ تووشی کێشەی توند هاتبن لەگەڵ تورکیا.
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس: ئەمن پێم وایە ئەو پەیامەی کە ئێمە هەموومان وەک ئیتیلاف پێمان خۆشە بینێرین بۆ شەریکەکانمان  - قەسەدە – و تورکیا ئەوەیە، : با حەول بدەین یەکێتیی بپارێزین و با سەرنج و هێزی خۆمان لە سەر تێکشاندن و بە چۆک داهێنانی داعش کۆ کەینەوە.  ئەمن پێم وایە ئەوە هەڵوێستی حکوومەتی بریتانیایە – ئەوە خەڵکی دی دەبێ قسەی لێوە بکەن – ئەویش ئەوەیە کە تورکیا هێندێک بەرژەوەندی مەشڕووعی هەیە لە ناوچە سنوورییەکانی.  تا ئەو جێگای پێوەندی بە شەڕ بە دژی  داعش  پەیدا دەکاتەوە، ئێمە پێمانخۆشە هەموو لایەک سیلەی چاویان لە سەر ئەو خەڵاتە بێ. ئەو خەڵاتەش  تێکشکاندنی داعش ە . ئەمن دەبێ ئەوە دابگرمەوە ئێستا هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) لە سەرەتای ئەو مانگەوە بە تەواوی و پتەوی هاتووەتەوە بەرەی پەلامار بۆ سەر داعش لە ناوچەی دۆڵی ناوەڕاستی چۆمی فرات.
دوکتور جولیان لویس: هەر لە حاڵی حازر دا ، تورکەکان و هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە) بە گرد بڕی لە تێکهەڵچوونێکی تەواو دان، وا نییە؟
ژەنەڕاڵ ماتۆر جۆنس: ئەمن نامەوێ بکێشرێمە باسی ئەوەی کە لە عەفرین چ ڕادەبرێ. ئەوە بەشێک لەو شەڕە نییە کە ئەمن بەرپرسیاری بووم.  ئەوە دەگاتە ئەو نوختە ئاڵۆزەی کە جانی [ سپاسالاری هەوایی ستینگر] باسی کرد ؛ ئێمە دەزانین کە تورکەکان دژوارییەکی زۆریان هەیە لەگەڵ یەپەگە وەکوو گرووپێک و ئەو ئیدیعایانەی وا سەبارەت بە پێوەندییەکانی لەگەڵ پ.ک.ک دەکرێ. بە ڕوونی، پ.ک.ک گرووپێکی تێرۆریستە  کە هەڕەشەیەکی گرینگە لە سەر تورکیا. یەپەگە  سەربەخۆ بوونی خۆی لە پ.ک.ک ڕاگەیاندووە . یەپەگە دەڵێ ئیدی چ بڕ هیچ پێوەندییەکیان نییە. ئێمە وەک ئیتیلاف بەوە ڕازی بووین. ئێمە دەزانین کە تورکیا ، وەکوو ئەندامێکی ئیتیلاف، ڕوانگەیەکی دیکەی هەبوو لەو بارەیەوە. ئێمە بەردەوام بووین لەسەر قسەکردن لەوبارەیەوە لەگەڵ تورکیا ، بەشێوەیەکی زۆر هاوکارانە.
................
دوکتور جولیان لویس: بە لەبەرچاو گەتنی شیکردنەوەی پەلامارە هەواییەکان ، دەکرێ بگوترێ ئەو هێزانەی کە ئەو جۆرە پشتیوانییەیان لێکراوە بە شێوەی سەرەکی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە) بووە؟
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس: بەڵێ، گورزی هەرە قایم لە سووریا لە لایەن هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە) وە داعش کەوتووە.
............................

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی










Sunday, May 6, 2018

ئیسلام و سیاسەت لە کوردستانی ئێران لە سەروبەندی شۆڕش دا: ژیانی ئەحمەد موفتی زادە


ئیسلام و سیاسەت لە کوردستانی ئێران لە سەروبەندی شۆڕش دا:
 ژیانی ئەحمەد موفتی زادە
نووسینی: مارتین ڤان بڕاونێسن
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
لێکدانەوەی کتێبی :  عەلی عێزەت یار ، دوایین موفتی کوردستانی ئێران – کاردانەوە ئێتنیکی و دینییەکان لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە،  نیویۆرک :  وەشانخانەی پاڵگرەیڤ مەکمیلان ، ٢٠١٦
Ali Ezzatyar, The Last Mufti of Iranian Kurdistan - Ethnic and Religious Implications in the Greater Middle East, New York: Palgrave Macmillan, 2016. xv + 246 pp., (ISBN 978-1-137-56525-9 (hardback), 978-1-137-56324-8 (e-Book)).
بۆ  ماوەیەکی کورت لە ساڵی ١٩٧٩، کاتێک کوردەکان دەستیان کرد بە بە گژداچوونەوەی ڕێژیمی نوێی شۆڕشگێڕی ئیسلامی ئێران  و داوای ئۆتۆنۆمی و مافی کولتوورییان بەرز کردەوە، ئەحمەد موفتی زادە  یەک لە پیاوە هەر بەهێزەکان بوو لە کوردستانی ئێراندا.
ئەو تەنیا ڕێبەری کورد بوو کە لەگەڵ باوەڕی ڕێژیمی نوێ بوو کە دەکرێ نەزمێکی عادڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە سەر بنەماکانی ئیسلامی دابمەزرێندرێ. بزووتنەوە کوردەکانی دیکە بە توندی لائیک بوون ، هەرچەند زۆر لە لایەنگران و پشتیوانیان بە شەخسە موسوڵمانی سەر لەپێناو بوون. لە مەهاباد ، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران  ( حدکا)  کۆنتڕۆڵی شارەکە و سەربازخانەی نیزامی بە دەستەوە  گرت و  پشتیوانیی جەماوەری هەبوو . لە سنە ( سەنەندەج) ، شاری موفتی زادە، کۆمەڵە کە چەپی ڕادیکاڵ بوو حەولێکی ناسەرکەوتووانەی دا بۆ دەست بەسەر داگرتنی سەربازخانە، و ئەوە هۆی هێندێک لە تێکهەڵچوونە بەراییەکان لەگەڵ ڕێژیم بوو. چینە ناوەڕاستەکانی شارنشین  پشتیوانیان لە  موفتی زادە کرد  کە سەر بە بنەماڵەیەکی زۆر بەڕێزی نەجیوزادەی دینی بوو کە لە سەر ئەو باوەڕە بوو سازان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نەک ڕووبەڕووبوونەوەی کارێکی ئەوتۆ دەکا بتوانێ ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان  وەدەست بێنێ. بەڵام تێکهەڵچوونی بە زەبروزەنگی لە زێدەی  ئەو ساڵە  موفتی زادەی خستە پەراوێزەوە و هەڵوێستی کۆمەڵەی لە شاری دا (سنە)  بە‌هێزتر کرد.
بەر لەوەی ئەو ساڵە ( ١٩٧٩) کۆتایی بێ، موفتی زادە ناچار بوو سنە بە جێ بێڵێ و لە شاری کوردی شیعەی کرماشان دابمەزرێ، بەڵام دەستی لەوە گێڕاوە لەگەڵ دەستەی ' پێشمەرگەی موسوڵمان '  بکەوێ  کە حکوومەت ڕێکی خستبوون بۆ شەڕی کوردە لائیکە ناسیۆنالیستەکان. موفتی زادە بە دامەزراندنی پلاتفۆرمێکی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵگە سوننیەکانی دیکە ( بە شێوەی سەرەکی بەلووچەکان بەڵام هەر وەها تورکەمەنانیش)   بەردەوام بوو لە سەر داوا کردنی مافی یەکسان بۆ سوننیەکانی ئێران ، و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بە خێرایی نێوانی لەگەڵ ڕێژیم ناخۆش بێ. لە ساڵی ١٩٨٢ موفتی زادە گیرا و بە بێ ئەوەی موحاکمە بکرێ  بۆ ماوەی دە ساڵی دواتر لە بەندیخانەدا ڕایان گرت. لە ساڵی ١٩٩٣ ، ماوەیەکی کورت لە دوای بەر بوونی لە زیندان ، لە بەر ئەو  نەخۆشیانەی لە ژێر ئەشکەنجە سەخت دا تووشی هات بوو  کۆچی دوایی کرد.
ئەمن لە بەهاری ساڵی ١٩٧٩ چاوم بەموفتی زادە کەوت و وتووێژم لەگەڵ کرد. بەڵام ئەو دەمی بە ئاستی خەسڵەتی ڕووناکبیری ئەو پیاوەم نەدەزانی. ئەو لە لایەن هاوڕێ چەپەکانم  وەکوو کەسێکی کۆنە پارێزی دینی بە من ناسرا بوو ، کە لە ئەلئەزهەر دەرسی تەواو کردووە و ، موسڵمانێکی سەر بە ئیخوانە (گشت ئەوانە دەرکەوتن ڕاست نەبن) و هەر وەها وەکوو تاقە چەند کەسێک کە وێراویە لە زەمانی ڕێژیمی شا دا دەنگ هەڵێنێ ( کە ئەوەیان تا ڕادەیەک ڕاست بوو). موفتی زادە بە منی گوت، بە فەخرکردنی ئاشکرا بە نەریتی کوردی، زانستی ئیسلامی لە کوردستانی عێڕاق و لە زانکۆی تاران خوێندووە  و حەوجێی بەوە نەبووە بچێتە ئەلئەزهەر. ئەو لە قسەکانی دا گوتی چەمکە ئیسلامییەکانی وەک شووڕا ( ڕاوێژ پێ کردن ) بنچینەی زۆر پتەوتر بۆ دێمۆکڕاسی و ئۆتۆنۆمی دادەنێن لە چاو ئەوەی مارکسیسم بەڵێنی دەدا ، و باوەڕی تەواوی هەبوو  دەتوانێ ڕێبەرانی ئیسلامی لە تاران پێمل بکا ڕادەیەکی بەرز لە ئۆتۆنۆمی بدەن بە کوردەکان لە سەر بنەمای پڕێنسیپە ئیسلامییەکان ، و هەموو جۆرە سازان و هاتنە ڕەدایەی لەگەڵ ڕقەبەرە " کۆمۆنیست " ە  ناوچەیەکانی بەرپەرچ دەداوە، دوای بزر بوونی لە شانۆی [ سیاسی]،  لە لایەن ئەو ڕقەبەرانەوە گاڵتەی پێ دەکرا و لە لایەن ڕێژیمەوە بێدەنگ کرا. هێندەی پێ نەچوو بە تەواوی لە دەرەوەی کۆڕ و کۆمەڵە ئیسلامییەکان، لە بیر کرا، جگە لە لە پەراوێزی بابەتگەلێکی کەم نەبێ کە لە سەر کوردستانی ئێران بڵاو بوونەتەوە لەوەتا شۆڕشی ئیسلامی.
موفتی زادە دەستەیەک لایەنگری فیداکاری هەبوو کە سەرەڕای چەندین شەپۆلی سەرکوت و زۆرداری بیرەکانی موفتی زادە و ئەو بزووتنەوەیەی ئەو دای مەزراندبوو بە زیندوویی ڕاگرت ، ئەو بزووتنەوەیە ، مەکتەبی قورئان بوو. موفتی زادە وەکوو کەسایەتییەکی جێی ڕێز چاو لێ دەکرێ هەم لە ناو دەستە کوردە موسڵمانەکانی دیکە و هەم لە ناو بەلووچە موسوڵمانەکاندا. هەم مەکتەبی قورئان و هەم پلاتفۆرمی ناوکۆیی سوننی شەمس ' شورای مرکزی اهل سنت' جار و بار لە ئەدەبییات دا ئاماژەیان پێ کراوە بەڵام نەبوون بە بابەتێکی هەموو لایەنەی لێکۆڵینەوە جگە لە دوو ووتاری کورت نەبێ کە لەو دواییانە دا نووسراون موفیدی(٢٠١٥) و خوسرەوی و ئەوانیدی. ( ٢٠١٦). [١]
کتێبی عەلی عێزەت یار یەکەمین حەولە بۆ نووسینی ژیاننامەیەکی هەموولایەنەی موفتی زادە و لێکۆڵینەوەی بیرە دینی و سیاسییەکانی، لە بەستێنی بەرەوپێشچوونە سیاسییەکان لە ئێران و لە کوردستان لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم دا.  نووسەری کتێب ، کە وێدەچێ بە ڕەچەڵەک کوردی ئێران بێ بەڵام لە ووڵاتانی ڕۆژئاوایی گەورە بوو بێ ئێستا دانیشتووی پاکستانە، بەڵام زۆر کەم باسی خۆی و پێوەندی خۆی بەو بابەتەوە دەکا کە لێی دەدوێ. ئەو لە ساڵانی ١٩٩٠ کاندا، لە ئەمریکا خوێندکار بووە؛ دایکوباوکی " لە کێشەکانی سەردەمی گەنجی خۆیان پاراستوویانە "، و وا دەردەکەوێ لە سەردەمی ساڵانی سەرۆک کۆمارێتی خاتەمی ( ٢٠٠٥ – ١٩٩٧) مەیلی تێدا پێک هاتبێ  سەبارەت بە موفتی زادە و بارودۆخی کوردەکانی ئێران بە گشتی، کاتێک لە تاران لە شەریکەیەکی تایبەتی ڕاوێژکاری دا خەریکی کارفێربوون بووە.
یەکەم بەندی کتێبەکە، کە باسی بەستێنی مێژوویی سەرهەڵێنانی ئیسلامیسم و ناسیۆنالیسم لە کوردستان دەکا،بە شێوەی سەرەکی لە سەر بنەمای ئەو نووسراوە و ئەدەبییاتەیە کە بە ئینگلیسی لە بەر دەست دان. پاشماوەی کتێبەکە بە تەواوی تازەیە، و تا ڕادەیەکی زۆر لە سەر بنەمای گفتوگۆی دوور و درێژ بە فارسی و بەکوردی لەگەڵ خزم و کەسوکار و هاوکارانی پێشووی موفتی زادە هەڵنراوە ، و گفتوگۆی تەلەفۆنی لە گەڵ هێندێک زانیاریدەری دیکەی سەرەکی، پێداچوونەوە بەو نامانەی دا کە موفتی زادە لە زیندانەوە نووسیونی و مەکتەبی قورئان پاراستوونی. نووسەر سیمایەکی لایەنگرانە لە موفتی زادە دەکێشێتەوە وەکوو ڕووناکبیرێکی موسوڵمان و سیاسەتمەدارێکی کەم ئەزموون، بەڵام ئەو لایەنگرییەی وەنەبێ ڕەخنەگرانە نەبێ. جەخت کردنی لە سەر ئیسلام و پەرۆشییەکانی موسوڵمانی لە میژووی کۆمەڵایەتی کوردستاندا ، فاکتۆرێکی بەنرخی ساخکردنەوەی ڕیوایەتی زاڵە کە بە پێی ئەو دەگوترێ ئیسلام بە شێوەی سەرەکی فاکتۆرێکی پێشگێڕەوە بووە لە خەبات و ملەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا.
موفتی زادە لە ناو بنەماڵەیەکی هەتا بڵێی بەڕێز و ناسراو چاوی بە دنیا پشکووت؛ عێزەت یار گرینگی پێشینەی بنەماڵەکەی بۆ نفووز پەیدا کردن  و قسە ڕۆیشتوویی وی دادەگرێتەوە و هەر وەها لە بەر هەڵبڕان  لە نەریت بە وەدوادانەوەی پایە و پلەیەک کە هەر بە چاو هەڵێنانی لێی دەوەشایەوە.
چاوەدێرییەکانی ئەو کتێبە سەبارەت دەوری گرینگی کۆمەڵایەتی بنەماڵە خاوەنموڵکەکان و نەجیوزادە دینییەکان زانیاری بە دەستەوە دەدا سەبارەت بە ڕەهەندێک لە مێژووی کۆمەڵایەتی هەرێمەکە کە کەمتر لێی کۆڵدراوەتەوە. ئەو بنەماڵە نەجیوزادانە ڕەچەڵەکی خۆیان دەبردەوە سەر نفووز و دەستەڵاتی رێبەرێکی دینی، زیاتر شێخێکی تەریقەت، یان دانی  دەستەڵاتی سیاسی و مافی ڕەنێوهێنانی زەوی لە لایەن کاربەدەستانی دەوڵەتەوە بە سەرۆک عەشیرەتەکان. زۆربەی نەجیوزادە دینییەکان سەر بە تەریقەتی سۆفی نەخشبەندی یان قادری بوون و هۆی پرێستیژی خۆیان دەبەستەوە بە ئامۆژگارە ڕوحییەکانی ئەوان و باوەڕی جەماوەری  بە دەستەڵاتی ئەوپەڕ سروشتییان تا لە بەر فێرکردە زانستییەکانیان.  ئەندامانی بنەماڵەی نەجیوزادەی دینی ئاوا ، هەم لە نموونەی عەشیرەتی – فێئۆدالی  و هەم لە نموونەی دینییان دا ، دەوری بەرچاویان گێڕاوە  لە بزووتنەوەی نەتەوەیی دا و هەر وەها لە تێکۆشان بۆ یەکانگیر کردنی کۆمەڵی کورد  لە دەوڵەت نەتەوەی ئێراندا.
بنەماڵەی ئەحمەد موفتی زادە جۆرەیەکی جیاواز لە نەجیوزادان بوون. ئەو بنەماڵەیە ڕەچەڵەکی خاوەنموڵکێتی زەوی هەبوو بەڵام ناوبانگی زانایی دینی بڵاو ببووەوە ، دەوڵەت ددانی پێدا هێنا، ئەوەش بوو بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ پرستیژەکەی. نموونەیەکی پێ زاندراوی بنەماڵەیەکی دیکەی ئاوا بنەماڵەی قازیی محەمەد، سەرۆکی کۆماری کوردی ساڵی ١٩٤٦ ە ، کە باب و باپیرانیان بۆ چەندین وەچە حاکمی ئیسلامی یان قازی ئەوتۆ بوون کە دەوڵەت پەسندی کردبوون لە مەهاباد.  (قازیی محەمەد بۆ خۆی دوایین کەس لە بنەماڵەکەیان بوو کە لە مەدرەسە (حوجرە) پەروەردەی دیتبوو). بنەماڵەی موفتی لە سنە  ئاوا ئیدیعا دەکرێ کە تاقە بنەماڵە بووە لە کوردستانی ئێران  کە بە ڕەسمی وەک موفتی ناسراون ( موفتی کەسێکە لێی دەوەشێتەوە ووڵام بداتەوە بە پرسیارەکانی لەمەڕ قانوونی ئیسلام بە ڕێگای دەرکردنی فەتوا). ئیمپراتۆری عوسمانی بۆ ناوچەکانی هەموو ئەستانەکان موفتی دا دەنا، و لە هێندێک شوێن ئەو پلەیە لە ناو هێندێک لە بنەماڵەکاندا ئیرسی بوو، بەڵام لە ئێرانی شیعە دا هیچ پلەیەکی ئاوای پسپۆڕایەتی نەبوو بۆ دەر کردنی فەتوا و فەتوا دان ئیمتیازێکە بۆ توێژی سەرەوەی کەڵەکەبەندنی پیاوە ئاینییەکان وەک حوجەتولئیسلامەکان و ئایەتوڵاکان. باپیرە گەورەی  ئەحمەد، عەبدوڵا لەوە ڕێزپەڕ بوو؛ بە پێی نەریتی بنەماڵەیی بەو شێوەیەی عێزەت یار کورتی کردووەتەوە، شای قاجار ناسرەدین شا ، مەلا عەبدوڵا بانگ دەکا بۆ دەربار بۆ ئەوەی بۆچوونی سەبارەت بە کێشەیەکی دینی بزانێ کە زانا شیعەکان لە سەری تەبا نەبوون.دەستێوەردانی مەلا عەبدوڵا بە دڵی هاوکارە شیعەکانی بوو و شا دواتر کردی بە موفتی بۆ سونییەکانی ئێران ، بە ڕواڵەت مەبەست ئەوە بوو ئەو پلەیە یەکسانی پلەی ئایەتوڵای شیعە بێ بۆ سوننییەکان. هیچ بەڵگەیەکی نووسراو سەبارەت بەو پلە پێ دانە بە دەستەوە نییە، کە دەبێ لە ساڵی ١٨٩٥ی زایینی دا کرابێ، بەڵام عێزەت یار فەرمانێکی ساڵی ١٩٠٧ لەکتێبەکەی دا دەهێنێ کە بە پێی ئەو مەلا عەبدوڵا موفتی ئەرکی دراوەتێ  گەورەترین مزگەوتی سنە واتە ، دارولئیحسان ئیدارە بکا.لە ماوەی درێژەی سەردەمی قاجار و لە زەمانی سەلتەنەتی سیلسیلەی پەهلەوی دا، مەلا عەبدوڵا و لە دوا بەجێماوانی بە ڕەسمی وەک موفتی دەناسران و دارولئیحسانیان بەڕێوە دەبرد. بنەماڵەیەکی دیکەی نەجیوزادە کە لەم  کتێبە دا دەورێکی هەیە بنەماڵەی خاوەنموڵکی ئێلخانیزادە یە ( کە لە ناوەکەیان ڕا دیارە سەردەمێک لە ئاغاوەتی عەشیرەتی بە ڕەسمی ناسراو بووبن)، ئێستا زیاتر بە ناوی موهتەدی دەناسرێن. عەبدولڕەحمان ئێلخانیزادە وەزیر بوو لە کۆماری مەهاباد دا. لە ساڵانی ١٩٥٠ کان ، ئێمە دەیبینین ، لە کاتێک دا ناوی بنەماڵەیی گۆڕیبوو و کردبوویە موهتەدی ، لە زانکۆی تاران دەرسی ئیلاهیاتی (سوننی) دەگوتەوە. لەو سەردەمی دا دوو عالمی ئیسلامی سوننی لە زانکۆی تاران دەرسیان دەگوتەوە کە هەر دوویان کورد بوون، مەلا مەحموود موفتی ، کوڕە گەورەی عەبدوڵا موفتی واتە باوکی ئەحمەد. ئەو دوو پیاوە لە یەک نزیک بوون و کاتێک ئەحمەد موفتی زادە بە دوای باوکی دا لە ساڵی ١٩٥٨ چووە تاران ، ئەویش پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بنەماڵەی موهتەدی پەیدا کرد و دواجار کچی عەبدولڕەحمان واتە خەجیجەی خواست ، و بەم پێیە هەودای پێوەندیی دوو بنەماڵەکە کرژتر بوو. کوڕانی عەبدولڕەحمان سەلاح و عەبدوڵا کە لە تاران گەورە ببوون ، بەرە بەرە لە دین دوور کەوتنەوە و بەرەو مارکسیزم چوون. دوا جار ئەوان بوونە رێبەرانی بزووتنەوەی چەپی ڕادیکاڵی کورد کۆمەڵە، کە لە ساڵی ١٩٧٩ لە گەڵ موفتی زادە تێکهەڵچوون.
ئەحمەد لەو ساڵانەیدا کە لە تاران دەژیا (٦٥-١٩٥٨) ناسیۆنالیستێکی بە گوڕ بوو و ئیدیعا دەکرێ لە ریزی ڕێکخراوی نهێنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دا چالاک بوو بێ ( هێندێک لە سەرچاوەکانی عێزەت یار تەنانەت ئیدیعا دەکەن ئەو ڕێبەری لقی ئەو حیزبە بووە لە تاران). بە پێچەوانەی برایانی موهتەدی، ئەو قەت بەرەو بیری چەپ ڕانەکێشرا و مرخێکی پتەوی تێدا پێک هات سەبارەت بە فێرکردە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسلام. ئەو دەرسەکانی باوکی لە زانکۆ دەشۆپاند و هێندەی پێ نەچوو یارمەتی دەکرد بە باوکی بۆ دەرس وتنەوە و جێی ئەوی پڕ کردەوە کاتێک باوکی نەخۆش کەوت. موفتی زادە لە ساڵی ١٩٦٤  لەگەڵ چالاکانی دیکەی کورد گیرا و وەکوو زیندانی سیاسی چەندین مانگ لە زیندان  دا بوو.
لە زیندان  لەگەڵ چەند تێکۆشەری شیعە دۆستایەتی پەیدا کرد کە دوای ئعترازەکانی ١٩٦٣ گیرا بوون و پاشان دەوری سەرەکییان گێڕا لە شۆڕشی ئیسلامی دا.  باوەریی وی کە دەتوانێ تاران دنە بدا ئۆتۆنۆمی بدا بە کوردەکان لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی دا  لە سەر بنەمای ئەو دۆستایەتییە بوو کە لەگەڵ شۆڕشگێڕە سەرەکییەکان  ئایەتوڵا بەهەشتی و ئایەتوڵا جەواد باهونەر لە ڕۆژەکانی زیندان دا دایمەزراند بوو، و هەر وەها باوەڕی موفتی زادە بەوەی کە لە چوارچێوەی حوکمێکی ئیسلامی شۆڕشگێڕانە دا  ئەوان ڕوانگەیەکی هاوبەشیان هەیە لەمەڕ مافی یەکسان.
ئەحمەد مودتی زادە ئامادە نەبوو وەک موفتی جێی باوکی بگرێتەوە کاتێک ئەو لە ساڵی ١٩٦٣ کۆچی دوایی کرد، و ئەو پلەیەی  بۆ مامی بە جێ هێشت. لە ساڵی ١٩٦٥ گەڕایەوە سنە و ژیانێکی سادەی دەست پێ کرد و جاروبار دەرسی ئایینی دەگوتەوە؛ لە ساڵی ١٩٧٥وە موفتی زادە لە ڕادیۆی ناوچەییەوە بابەتی دینیی پێشکێش دەکرد کە ئەو بەرنامانە زۆر بە دڵی گوێگران بوو. ئەو بە یارمەتی هاوکارانی لە مەریوان مەدرەسەیەکی دینیی ساز کرد بە ناوی مەکتەبی قورئان و دوایە ئەو ناوە بە سەر بزووتنەوە دینییەکەشی دا بڕا. موفتی زادە زانایەکی ئیسلامی نەبوو بە پێی قالبی کلاسیک وەک ئەو جۆرەی باوکی و مامی بووبوون بەلکوو بیرمەندێکی  موسوڵمان بوو کە جەختی دەکردەوە لە سەر گونجانی نرخە ئیسلامییەکان لەگەڵ گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکانی هاوچەرخ. وەک عێزت یار دەڵێ بیرو ڕا دینییە کۆمەڵایەتییەکانی، کە ئەوە تەنانەت زۆر ڕوونتر لە کورتەی ئەو نامانەی ڕا کە موفتی زادە لە زیندانەوە نووسیونی دەردەکەوێ، وە بیرو بۆچوونەکانی ڕووناکبیرانی زۆر بەناوبانگتری شیعە لە ئێران مێهدی بازرگان و عەلی شەریعەتی دەچێ. جا بۆیە، ئەوە بە هەڵکەوت نییە موفتی زادە ، لە دوای یەکەم هێرشی نیزامی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان و دوای دیدارە هیوابڕاوەکانی لەگەڵ خومەینی و ڕێبەرانی دیکە کە تەنانەت بیری ئۆتۆنۆمی و مافەکانی دیکەشیان بەرپەرچ دەدایەوە، ناوەندی کولتووری شیعەی هەڵبژارد، کە شەریعەتی و بازرگان مەوعیزەیان تێدا کرد بوو و هەر لەوێدا بازرگان مەوعیزەی هەرە بە ناوبانگی خۆی کرد و بۆ یەکەم جار بە ئاشکرایی ڕەخنەی لە خومەینی گرت و باوەریی ویلایەتی فەقیهەکەی وی و حوکمی تاقە کەسی شای وەک یەک دانا. ( عێزەت یار بەشێک لەو ووتارە گرینگە دەگێڕێتەوە.)
ئەو کەسانەی زانیارییان داوە بە عێزەت یار پێکێشی دەکەن موفتی زادە هیچ بیرمەندێکی تایبەتی موسوڵمانی نەکردبووە ڕێنوێنی خۆی بەڵکوو جگە لە بیرو ڕامانی زانایانی موسوڵمانی ئێرانی و ڕووناکبیران کە لە تاران دەیناسین، مامۆستا بەراییەکانی لە کوردستانی ئێران و کوردستانی عێڕاق ، بیرمەندانی عەڕەب کە ئەو کارەکانی خوێندبوونەوە و  لە بیر و ڕامانی زنجیرەیەک ' ئینسانی عاقڵ ' کەلکی وەرگرتووە. ئەوە ئەو پرسیارانە دەهێنێتە گۆرێ سەباڕەت بە ئیخوانولموسلیمین و تەئسیریان لە سەر موفتی زادە و مەکتەبی قورئان. عێزەت یار ئاماژە دەکا بەو ئیدیعایانەی کە موفتی زادە لە ڕاستیدا سەر بە ئیخوان بووە،یان لە نزیکەوە هاوکاری لەگەڵ کردوون، بەڵام عێزەت یار ئەو ئیدیعایانە وەدوایە  دەداتەوە، و شیکردنەوەی ئەو نووسینانەی موفتی زادە لە زیندان نووسیونی بە ئاشکرایی نیشان دەدا ئەو چ بیرمەندێکی سەربەخۆ بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە وانەیە لە سەردەمی لاوێتی دا چاوی بە چالاکانی ئیخوانولموسلیمین کەوتبێ، ژیاننامەکەی بە لانی کەمەوە ئاماژە دەکا بە ئەگەری چەند دیدارێک لەگەڵ ئیخوان. هەر وەک عێزەت یار  باسی دەکا ، مزگەوتی دارولئیحسان لە سنە زۆر جار زانای میسری ئەلئەزهەری لێ بووە ( ووڵاتێک کە سەردەمایەک لەوێ ئیخوان لایەنگری زۆر بوو)  کە ماوەیەک  بۆ دەرس دادان و عیبادەت سەریان لەوێ داوە. لەوەش دەرچێ ، دوو شوێن لە عێڕاق کە موفتی زادە لەوان دەرسی خوێند بوو ، هەڵەبجە و بەغدا ، بە ووردی ئەو شوێنانە بوون کە لقی عێڕاقی ئیخوان تێیاندا زۆر بەهێز بوون. [٢]
بە دڵنیاییەوە ئیخوانولموسلیمین بەوەیان زانیوە موفتی زادە قسەوێژی هەرە پایە بەرزی موسوڵمانی سوننی بووە لە دوای شۆڕش لە ئێران. ئیخوانولموسلیمین بە گشتی پشتیوانیان کرد لە شۆڕشی ئێران ، سەرەڕای جیاوازییەکانی نێوان سوننی – شیعە ، و لە ساڵی ١٩٨٠، کاتێک موفتی زادە لە کرماشان خۆی شاردبووەوە و هەستی دەکرد  هەم لە لایەن پێشمەرگەی چەپ و هەم سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە گەمارۆ دراوە ، لە ڕاستیدا حەولێکی دا بۆ ئەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران ئاشت بێتەوە. ئەو داستانە لە ڕیوایەتی ناوبژیوانێک دا هاتووە بە ناوی یۆسف نەدا، کە زانیاری چاو ڕاکێشی تێدایە و لە زانیارییەکانی ئەو کتێبەی عێزەت یاری زیاد دەکا. [٣]
نەدا، کە بازرگانێکی میسری بوو و لەگەڵ خەڵکێکی زۆر پێوەندی هەبوو زۆر جار بە نوێنەرایەتی ئیخوانولموسلیمین بە ڕاسپاردەی تایبەتی و جێی باوەڕ دەچووە هەندەران و، ئامادەیی نیشان دا وەک ناوبژیوانێک خزمەتی ئەبولحەسەن بەنی سەدر سەرۆک کۆماری ئێران بکا. نەدا باوەڕی زۆری ڕێژیمی نوێی بەدەست هێنا بوو بە ڕێگاخۆشکردن بۆ تێپەرینی باری پۆڵا و گەنم بە پێشاوبڕدانەوەی ئەو سزایانەی ئەمریکا لە سەر ئێرانی دانابوو. لەوەش زیاتر ئەو بەشەخسە لە نزیکەوە بەنی سەدری دەناسی لە دوایین سەروبەندی بوونی لە پاریس، و ئەو هەر وەها ڕاوێژکاری بەنی سەدر بۆ کاروباری کورد  موزەفەر پەرتەوماهیشی دەناسی، کە زانستکارێکی پەروەردە دیتوو لە ئەمریکا بوو و خۆی سەر بە ئیخوانولموسلیمین بوو. هەر دوویان ڕیکەوتن لە سەر ناوبژیوانی کردنی وی. نەدا لەو جێیەی موفتی زادە خۆی شاردبووەوە چاوی پێی کەوت و داوای لە هەر دوو لا کرد حەولی هاتنە ڕەدایە بدەن لە لایەن سوننی و شیعەیانەوە و لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەشی موسوڵمانان دا . ئەو  مەئموورییەتە سەری نەگرت ، و دوای دەسپێکرانی شەڕی عێڕاق – ئێران ئیخوانولموسلیمین هەر نفووزێکی لە ئێران هەیان بوو لە کیسیان دا. ڕیوایەتی نەدا بە ڕوونی تووڕەیی موفتی زادە لە کۆمۆنیستەکان و ناسیۆنالیستە لائیکەکان نیشان دەدا کە لە سنە دەریان پەڕاندبوو  و هەستێکی ورووژاویش لە ئاست ڕێژیم کە خیانەتی پێ کرد بوو. [٤]
هەر ساڵێک پێشتر ، موفتی زادە بە سەرکەوتووییەوە حەولێکی تێکشکاوی بەنی سەدری لە سنە تێپەڕاند بوو کە ویستبووی دەست لە کارو باری ئەوێ وەردا لەمەر ئەو خەباتەی لە سەر دەستەڵات لەگۆڕێ دابوو ( عێزەت یار بە ووردە ڕیشاڵ ئەوە باس دەکا).  دوای یەکەم تێکهەڵچوونە چەکدارییەکان لە نێوان شۆڕشگێڕانی کورد و ئەڕتەشی ئێران لە بەهاری ساڵی ١٩٧٩، دەستەیەکی نوێنەرایەتی بەرز لە تارانەوە کە بەنی سەدریشی تێدا بوو هەر وەها ئایەتوڵا بەهەشتی و ئایەتوڵا  تالەقانی سەری سنەیان دا. بەنی سەدر پێشنیازی پێکهاتنی شووڕایەکی ٥ کەسی کرد بۆ بەڕێوەبردنی شار ، کە بریتی بێ ئەو کەسەی ئەو بە شەخسە داینابوو پەرتەوماه لەگەڵ دوو لە لایەنگرانی  موفتی زادە و دوو کەس سەر بە چەپەکان، ئەوەش وەک حەولێک بۆ ئەوەی ئەو دوولایەنە کە دوژمنی یەکتری بوون کاری یەکتری پووچەڵ کەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پەرتەوماه، کە هیچ پشتیوانی ناوچەیی نەبوو  نەیتوانی هیچی لە دەست بێ ، و لەو هەڵبژاردنانەی دا کە دواتر لەو ساڵە دا کران ئاکامی ئەوە بوو شووڕای شار تا ڕادەیەکی زۆر کەوتە دەست فڕاکسیۆنی موفتی زادە.
بیرو ڕامانە دینی و سیاسییەکانی موفتی زادە  لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا دەکرێ هێندێک وە ئی ئیخوانولموسلیمینەکان چووبێ ، بۆ نموونە جەخت کردنەوە لە سەر شووڕا ( ڕاوێژ) وەک شێوەی دێمۆکڕاسی  ئیسلامی، بەڵام بۆ ووڵامدانەوەی بارودۆخی سیاسی بیر و باوەڕەکانی ئالۆگۆڕی سەرەکییان تێدا پێک هات. وا وێدەچێ ڕامانە دینییەکانی گەیشتبنە ترۆپکی پێگەیشتن و بەرەوپێشچوونی خۆیان لەو ساڵانەی دا کە لە زیندانی جمهووری ئیسلامی دابووە، ئەوەش بە ئیلهام وەرگرتن  لە تەجروبەی شۆڕشی ئیسلامی و هەڵبەت دیارە ناڕەزایەتی لێی. ئەو بەندە لە کتێبی عێزەت یار کە سەبارەت بە نامەکانی موفتی زادەیە  کە لە زیندانەوە بۆ خزم و کەسوکاری و بۆ لایەنگرانی نووسیوە  لە ڕوانگەی منەوە بەشی هەرە سەرنجڕاکێشی کتێبەکەیە. وا وێدەچێ ئەو سەربەخۆیانە گەیشتبێتە هەمان هەڵوێستی  کە بیرمەندانی دوای شۆڕشی ئیسلامی  وەک عەبدولکەریم سڕووش پێی گەیشتوون، ئەگەرچی زۆر زووتر.مژاری سەرەکی لەو نامانەیدا کە عێزەت یار دەیانناسێنێ بریتییە لە بۆچوونی موفتی زادە لە مەڕ قورئان وەکوو دەقێکی زیندوو ، کە مانایەکی دەق گرتووی نییە بۆ هەموو ساڵ و زەمانێک بەڵکوو  دەبێ بە پێی گۆڕانی هەلومەرج لێک بدرێتەوە؛ سیستمی شووڕایی حوکمات کردن ؛ پێداویستی جوێ کردنەوە دین و سیاسەت؛ بێ زەبروزەنگی لە ئیسلام دا؛ ڕاهێزاندنی ژنان؛ و دەربردن و تەحەمول لە ئاست بیروڕای جیاواز.
ئەو نامانە روحانییەتی ئیسلامی دەخاتە سەرەوەی ووردە ڕیشاڵی لێکۆڵینەوەی بەرعۆدە دینییەکان ( فیقه) ، ئەمر دەکا بە ڕێزگرتن لە دینەکانی دیکە و هەموو جۆرە تۆبزێتی لە دین دا بەرپەرچ دەداتەوە. ژنان دەبێ بە شێوەیەکی یەکسان لە بریاردان دا بەشدار بن ، و دەبێ هەمان مافی تەڵاقیان هەبێ کە بۆ پیاوان هەیە . لە شاییە نەریتیە کوردییەکاندا ئەوان بۆیان هەیە لە دەستی پیاوان دا هەڵپەڕن. لە کاتێکدا لە دیداری لەگەڵ یۆسف نەدا لە ساڵی ١٩٨٠ وا وێدەچێ موفتی زادە کین و بێزارییەکی زۆری لەمەڕ ڕقەبەرە چەپەکانی لە دڵ دا بوو بێ، نامەکانی زیندان پیاوێک نیشان دەدەن کە دەست دەگێڕێتەوە داوەری لە سەر خەڵکی دیکە بکا و تەنانەت قسەیەکی توند لە سەر ئەشکەنجەدەرەکانی خۆشی ناکا.
بزووتنەوەی مەکتەبی قورئان ، سەرەڕای چەندین شەپۆلی گیرانی ئەندامەکانی، وەکوو گرووپێکی ئیسلامی کوردی لەمەڕ خۆی ماوەتەوە، لە سەر بنەمای پەرستنێکی فیرقەئامالی موفتی زادە و ڤیزۆنێکی تەقدیریانەی ڕووحانییەتی ئیسلامی. لەگەڵ ئەوەشدا هیندێک لە هاوڕێیانی هەرە نزیکی پێشوو لەو گرووپە دوور کەوتوونەتەوە و بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو سەرنەکەوتنی موفتی زادە دەبەستنەوە بەو ناکۆکییە سەرەکیانەی کە ئەوان پییان وایە لە پڕۆژەیەکدا هەبووە لەمەڕ ئیسلامێتییەکی پێشکەوتوو کە بتوانێ داوخوازە نەتەوەییەکانی کوردی دەخۆیدا بحاوێنێتەوە.عێزەت یار قسەی هاوکارێکی نزیکی موفتی زادە ئاوا دەگرێتەوە: " کەمایەسی هەرە گەورەی موفتی زادە ئاواتی قوولی بوو لە مەڕ ئەوەی ئیسلام دەبێ لێبراڵ و دێمۆکڕاتیک بێ، و یەکخەر بێ (...) ئەو حەولی دەدا ڕامانی ئیسلام بە شێوەیەکی وا هەڵگڵۆفێ کە ئەو ئاکامەی لێ بکەوێتەوە بەڵام (...) ئەو دوو ڕامانە لەگەڵ یەکتر نەدەگونجان بەو شێوەیەی کە ئەو دەیەویست... ئەو ئەوەندەی پێی دەکرا حەولی دەدا بەشە تاڵەکانی قورئان [ وەکوو بڕینەوەی دەست ولاق بە تاوانی دزی] باس نەکا. چوار بنەمای ئیسلامی ئەمڕۆ بۆ موفتی زادە زۆر بەرتەسک بوون (...) ئەو زۆر لەوە گەورەتر بوو لە چوارچێوەی قالبی ئیسلام جێی بێتەوە . بەڵام حەولی دەدا لەو قالبە دا خۆی بگونجێنێ ، و حەول بدا بیڕەوێنێتەوە و گەورەتری کا، بەڵام دوا جار ئەوە زۆر پتەو بوو و نە دەڕەوییەوە."
عێزەت یار دەڵێ هەتا ئەمڕۆش موفتی زادە وەکوو کەسایەتییەکی جیاکەرەوە لە کوردستان ماوەتەوە، هێندێک لایەن بە خائینی دادەنێن لەبەر پشتیوانییە بەراییەکانی لە کۆماری ئیسلامی و هێندێک لایەنی دیکەش بە سیاسەتمەدارێکی ساویلکە و نییەت باشی بێ تەجروبەی دەژمێرن. عێزەت یار دەڵێ شکانی موفتی زادە بەمانای شکانی ئیسلامی سیاسی بوو  وەکوو بەدیلێکی جێی ئعتیبار لە کوردستانی  ئێران، بەڵام هەر وەها ئەوەش دەلێ موفتی زادە وەکوو سیمایەکی گەورە ماوەتەوە نەک هەر بۆ مەکتەبی قورئانی ناسیاسی بەڵکوو بۆ زۆر لەئیسلامیستە سیاسییەکان لە ئێران و عێڕاق. لەو چاوەدێریانەی عێزەت یار دەکرێ ئەوەی لێ زیاد کەین کە لە ناو چالاکانی موسوڵمان لە کوردستانی تورکیاش موفتی زادە لە دوای مردنی هێندێک ناوبانگی دەر کرد لە بەر بیرەوەرییەکانی یاکوپ ئەسڵان چالاکێکی ئیسلامیست  کە دوای کودەتای ساڵی ١٩٨٠  لە تورکیا هەڵات. ئەسڵان ماوەیەکی لەناو دەستە شۆڕشگێڕەکانی ئێران و موجاهیدەکانی ئەفغانی تێپەڕ کرد بەڵام هێندەی پێ نەچوو لە هەر دوو دەستەکە ناهومێد بوو و دواجار فەزایەکی زۆر دۆستانەتری لە ناو دەستەی مەکتەبی قورئان دا دۆزییەوە. [٥]
کتێبەکەی عێزەت یار  یارمەتییەکی بەکەلکە بە  ئەدەبییاتی لەمەڕ شوێنی دین لە کۆمەڵی کوردی و پێشوەچوونەکان لە کوردستانی ئێران لە ژێر حوکمی پەهلەوییەکان و کۆماری ئیسلامی دا.  ئەو کتێبە بە شێوەی جێی قەبووڵ نیشان دەدا ئەحمەد موفتی زادە لێی دەوەشێتەوە بیرەوەری بکرێ وەکوو یەک لە بیرمەندە هەرە گرینگ و خۆماڵییەکانی موسوڵمانی کورد لە سەدەی ڕابردوو دا .
مارتین ڤان بڕاونێسن ، زانکۆی ئوترێخت
پەراوێزەکان

[١] Sabah Mofidi, “Religion and politics in Eastern Kurdistan (with a focus on Maktab Qur’an during Iranian Revolution, 1979)”, Journal of Politics and Law 8(3), 2015, pp. 36-50;
Jamal Kosravi, HosseinAghapouri, and LoghmanHamehmorad, “The Islamist Maktab Quran in Iran and its challenges for Kurdish nationalism”, Journal of Ethnic and Cultural Studies 3(1), 2016, pp. 59-73.Both articles can be found online.
تێزی دوکتورای بڵاو نەکراوەی ستێفان ئەی. دۆدیگنۆن زانیاری زۆر چاورآکێسی تێدایە سەبارەت بە شەمس و باسی ڕیز و حورمەتی هەمیشەیی موفتی زادە دەکا لە ناو بەلووچەکان دا.
Stéphane A. Dudoignon, ‘Marginal Hegemons: The Baluch, Sunnism and the State in Iran’ (Paris: EHESS, 2014)

 [٢]Basim al-`Azami, ‘The Muslim Brotherhood: genesis and development’, in: Faleh A. Jabar (ed.), Ayatollahs, Sufis and Ideologues: State, Religion and Social Movements in Iraq. London: Saqi Books, 2002, pp. 162-176;  MichielLeezenberg, ‘Political Islam among the Kurds’, in: Faleh A. Jabar and HoshamDawod (eds), The Kurds: Nationalism and Politics, London: Saqi, 2006, pp. 203-230.

  [٣] یۆسف نەدا  لەگەڵ داگلاس تامپسۆن 
Youssef Nada with Douglas Thompson, Inside the Muslim Brotherhood: The Authorised Biography of Youssef Nada, John Blake Publishing Ltd, 2012.

 [٤] نەدا لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ سەردانێکی کورت چووە تاران. لەوێ کە بیستی موفتی زادە تازە لە زیندان بەر بووە توانی بە ڕێگای ئەو پێوەندییانەی کە لەگەڵ کەسانی ناوچەیی سەر بە ئیخوانولموسلیمین هەیبوو موفتی زادە بدۆزێتەوە، تەواو تووشی شۆک بوو کاتێک بینی موفتی زادە لە بەر ئەشکەنجەی قورس ئاهی دەبەر دا نەماوە، و بە پێی ئەو دەنگۆیانەی بیستوویەتی باسی ڕاوەدونران و کووژرانی لایەنگرانی موفتی زادە دەکا.

[٥] یاکۆپ ئەسڵان، دوای بیرەخەوێک ، لە ڕاستیدا شۆڕشێکی بێدەنگ
Yakup Aslan, Bir rüyanın ardından gerçekle en sessiz devrim. Istanbul: OzanYayıncılık, 2014.

تێبینی ئەو لێکدانەوەی کتێبە لە گۆڤاری لێکۆڵینەوەی کوردی ، ساڵی پێنجەم ژمارەی ١ ، ٢٠١٧ ، لاپەڕەی ٨٧ - ٨٠  دا بڵاو بووەتەوە